text
stringlengths
35
170k
category
stringclasses
15 values
url
stringlengths
43
117
گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوان ناڕازین لەو جیاکارییەی تورکیا بەرامبەر بە کورد لەو وڵاتە دەیکات و پێویستە ئەنقەرە رێز لەو بەهایانە بگرێت کە یەکێتیی ئەوروپا بە گرنگییەوە لێیان دەڕوانێت. لەبارەی پرسی کۆچبەرییشەوە دەڵێت، کۆچبەری ئاڵنگارییەکی گەورەیە رووبەڕووی وڵاتانی ئەوروپا بووەتەوە. پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئەوەی ئاشکرا کرد، هەر کاتێک بە شێوەیەکی نایەکسانانە مامەڵە لەگەڵ کورد لە تورکیا دەکرێت، ئەوان لە یەکێتیی ئەوروپا پەیوەندی بە بەرپرسانی تورکیاوە دەکەن و ناڕەزایەتیی بڕۆکسل بە تورکەکان دەگەیێنن. لەبارەی قەیرانی کۆچبەران لە ئەوروپا پیتەر ستانۆ رایگەیاند، کۆچبەری ئاڵنگارییەکی گەورەیە رووبەڕووی وڵاتانی ئەوروپا بووەتەوە و تووندکردنی سنوورەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ ئەو قەیرانە دەبینن. گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا باسی لەوەش کرد، بازرگانیی ئەو کەسانە دەبڕن کە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەکەن و بەهۆی دۆخی نالەباری مرۆڤەوە پارە کۆدەکەنەوە. لە ماوەی رابردوودا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا چەندین رێکاریان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکانیان، ئەمەش لە دوای زیادبوونی ژمارەی کۆچبەری نایاسایی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، کە زۆرێک لەو کۆچبەرانە هاونیشتمانی باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتیانی عێراق و ئێران و سووریان. ئەو هەنگاوەی یەکێتی ئەوروپا، لەدوای دروستبوونی قەیرانی ئابووری لەو کیشوەرە دێتم کە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا، دروست بووە. بۆ قسەکردنی زیاتر لەسەر قەیرانی کۆچبەری و سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە عێراق و سووریا و تورکیا، لە برۆکسلەوە، پیتەر ستانۆ گوتەبێژی، بەرپرسی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا میوانمە.... دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا: رووداو: بەڕێز ستانۆ زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.. بڕیاربوو ساڵی رابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام دواخرا. ئێستا بڕیارە لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت، بەڵام تائێستا پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە هەیە، هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو پرسە چییە؟ پیتەر ستانۆ: هەڵبژاردنەکان لە روانگەی ئەوروپاوە هەمیشە بە پەیڕەوکردنێکی گرنگی مافەکانی خەڵک دادەنرێن بۆئەوەی نوێنەرە سیاسییە رەواکانی خۆیان هەڵبژێرن؛ بۆیە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، رەوایەتیی هەر ئیدارەیەک لە هەڵبژاردنی متمانەپێکراوەوە سەرچاوە دەگرێت. بێگومان نایاب دەبێت ئەگەر رێز لە سووڕی هەڵبژاردن بگیرێت و پارێزگاریی لێ بکرێت، ئەگەرنا، ئەگەر پێویستبوو لەبەر هەر بارودۆخێک دوابخرێن، ئەوا بە بڕوای من، لە بەرژەوەندیی هەر ئیدارەیەکدا دەبێت هەرکات کرا، هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدات. پێویستە ژینگەیەکی سەلامەت هەبێت، پێویستە ژینگەیەکی یاسایی هەبێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی دادپەروەرانەی راستەقینە لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدرێت و لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵکی عێراق بێت، بۆئەوەی خەڵک بتوانن رای راستەقینەی خۆیان دەرببڕن و نوێنەرانی سیاسیی خۆیان هەڵبژێرن. رووداو: مانگی سێی ئەمساڵ، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی بۆ تورکیا بە هەنگاوێکی نادەستووری ناوبرد و لەوکاتەشەوە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیراوە. یەكێتیی ئەوروپا چۆن دەڕوانێتە ئەو بڕیارە؟ پیتەر ستانۆ: من پسپۆڕی پرسەکانی نەوت و وزە نیم. ئەرکی من روونکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپایە، بەڵام بەگشتی بۆ یەکێتیی ئەوروپا، ئەگەر بڕیاری دادگەیەک هەبێت، یان ئەگەر دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی بڕیارێک دەربکات، ئەوا پێویستە رێزی لێ بگیرێت. یەکێتیی ئەوروپا رێکخراوێکە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانانەوە دامەزراوە، واتە پێویستە رێز لە یاساکان بگیرێت، بۆیە ئەگەر بڕیارێک لەلایەن دامەزراوەیەکی سەربەخۆوە درابێت، ئەوا پێویستە جێبەجێ بکرێت. رووداو: ئەوە ئاشکرایە کە یەكێتیی ئەوروپا سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سوپای پاسدارانی نەخستووەتە نێو لیستی تیرۆری یەکێتییەکەوە. ئەمە بۆچی؟ پیتەر ستانۆ: دوو پرس هەن پێویستە لەبیرمان بن کاتێک باس لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و ئێران دەکەین. بەڵێ، ئێمە پێشتر چەندین جار سزامان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان چەوساندنەوەی بەردەوامی خۆپێشاندەرانی دانیشتووی ئێرانە کە داوا دەکەن رێزی زیاتر لە ماف و ئازادییەکانیان بگیرێت. هۆکاری دووەمی سەپاندنی سزایە بەسەر ئێراندا، کە ئەگەر پێویست کرا بەردەوامیش دەبین لە سزادانی، بریتییە لە پشتیوانیکردنی ئێران لە دووژمنکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا. هۆکاری سەرەکیی ئەمەی دووەمیان دابینکردنی درۆنی ئێرانییە بۆ رووسیا، کە رووسیا لە هێرشەکانیدا بۆسەر ئامانجە سڤیلەکانی ئۆکراینا بەکاریان دەهێنێت، کە ئەمە قبووڵ ناکرێت. ئەوەی پەیوەستە بە سوپای پاسدارانەوە، پێویستە لەبیرمان بێت کە ئێمە پێشتریش سزامان بەسەر سوپای پاسدارانی ئێران و ئەندامەکانیدا سەپاندووە کە لە ژمارەیەک سزا پێکدێن، بەڵام بۆئەوەی دامەزراوەیەکی وەکو سوپای پاسداران بخەینە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاوە، لە رێوشوێنەکانماندا لەنێو یەکێتیی ئەوروپا، سەرەتا پێویستمان بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتێک دەبێت، تەنیا ئەو کاتە یەکێتیی ئەوروپا وەکو پێکهاتەی 27 وڵاتە ئەندامەکە دەتوانێت دەست بە گفتوگۆ بکات لەسەر ئەوەی کە ئایا ئێمە دەتوانین هەمان شت بکەین یاخود نا. بەڵام بۆئەوەی دامەزراوەیەک بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دابنێین، سەرەتا پێویستمان بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەریی یەکێک لە 27 وڵاتە ئەندامەکە دەبێت، تەنیا ئەو کاتە یەکێتیی ئەوروپا دەتوانێت بڕیار بدات کە ئایا دەتوانین کەسێک بخەینە لیستی تیرۆرەوە یان نا. رووداو: لە چەند ساڵی رابردوودا، بە هەزاران کۆچبەر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و زۆربەشیان لە رێگەی یاسایی یانیش نایاسایی بێت، خۆیان گەیاندووەتە ئەوروپا، یەکێتی ئەوروپا چۆن دەیەوێت کێشەی کۆچبەران چارەسەر بکات و هەنگاوەکانی داهاتووی چی دەبن؟ پیتەر ستانۆ: کۆچ یەکێکە لە ئاڵنگارییە هەرە گەورەکان بۆ یەکێتیی ئەوروپا، هەروەها لە چەند روویەکەوە، یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشەکان، بەتایبەتیش کۆچی نایاسایی مەترسیی ئەوەی هەیە کەسانی نیاز خراپ بێنە نێو یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەندێک ئامانج کە رەنگە لە دژی ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا بن. بەڵام بەگشتی، کۆچبەرەکان تەنیا ئەو کەسانە نین کە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دێن، بەڵکو خەڵکێکی زۆر لە ئەفریقاشەوە دێن و هەوڵدەدەن بگەنە کەنارەکانی ئەوروپا. ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە و یەکێتیی ئەوروپا سیاسەتێکی سێکوچکەیی بۆ ئەم پرسە هەیە: یەکەمیان بێگومان ئەوەیە کە ئێمە سنوورەکانی خۆمان دژی هەر هاتنەژوورەوەیەکی نەخوازراو دەپارێزین. دووەم، ئێمە بازرگانیی ئەو کەسانە لەنێودەبەین کە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەکەن و لەسەر ئەرکی نەهامەتیی خەڵک پارە کۆدەکەنەوە. سێیەمیش، ئێمە لەگەڵ وڵاتانی (ترانزێت) پێداگوزەر بەتایبەتیش وڵاتانی سەرچاوەی کۆچبەران کار دەکەین بۆئەوەی هۆکارە ریشەییەکانی کۆچکردن نەهێڵن، چونکە ئەو کەسانە زۆربەیان لە ململانێ هەڵنەهاتوون، یاخود لەڕاستیدا پەنابەر نین و وەکو ئەو خەڵکە نین کە لە ئۆکراینا هەڵدێن، چونکە لە ژیانیان دەترسن. بەڵکو زۆربەی کۆچبەران ئەوانەن کە بەدوای ژیانێک دەگەڕێن لەڕووی ئابوورییەوە خۆشتر بێت. بۆیە پێویستە لە وڵاتانی خۆیان دەرفەتیان بۆ دروستبکەین، بۆئەوەی کاریان هەبێت و ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان فەراهەم بکەن و ناچار نەبن بەنێو بیابان و چەندین وڵاتدا بڕۆن و ژیان و تەندروستیی خۆیان بخەنە مەترسییەوە تاوەکو بە نایاسایی خۆیان بگەیێننە نێو یەکێتیی ئەوروپا. رووداو: ئەگەر شەپۆلی چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەردەوام بێت، ئایا دەسەڵاتدارانی ئەوروپی ناچار دەبن رێکاری تووندتر بگرنەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکانیان؟ پیتەر ستانۆ: بەشێوەیەکی گشتی، کۆچبەرە نایاساییەکان رێگەیان پێ نادرێت بچنە نێو وڵاتەکانەوە. هەموو وڵاتێک سنووری خۆی دەپارێزێت، هەربۆیە سیستمی ڤیزە و دەروازەی سنووریی پەیوەندیدارمان هەیە. چۆن بۆ کەسێک شیدەکەیتەوە کە بیەوێت وەکو گەشتیار بێتە یەکێتیی ئەوروپا کە پێویستە داوای ڤیزە بکات و 40 یان 60 یۆرۆ بدات بۆئەوەی ڤیزەکە وەربگرێت و بە رێوشوێنی گونجاوی دەروازە سنوورییەکاندا بڕوات و پاسپۆرتەکەی بپشكنرێت. بێگومان هەموو وڵاتێک خاکەکەی لە چوونەژوورەوەی مۆڵەتپێنەدراوی نایاسایی دەپارێزێت، وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاش هەر ئەم شتەیان کردووە و دەیکەن، بۆئەوەی سنوورەکانیان بپارێزن، بەڵام لە هەمان کاتدا، بە رێگەی گونجاو هەوڵی چارەسەرکردنی کۆچکردن دەدەین، بەتایبەتیش هۆکارەکانی کۆچکردن و چۆنێتیی رێگەگرتن لە کەسانی شەڕانگێز، بۆئەوەی هیوای ئەو خەڵکە بۆ ژیانێکی خۆشتر لە قازانجی خۆیان بەکارنەهێنن بۆ بەدەستهێنانی پارە و ئەو خەڵکە نەقۆزنەوە، فێڵیان لێ نەکەن، درۆیان لەگەڵدا نەکەن و قاچاخچێتییان پێوە نەکەن. واتە ئەمە روانگەی یەکێتیی ئەوروپایە؛ تەنیا یەک رێکار نییە، بەڵکو کۆمەڵێک رێکارە بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە ریشەییەکان، بۆ پاراستنی سنوورەکان، هەروەها بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیە کەمانەی کە لەڕاستیدا مافی وەرگرتنی پەنابەرێتییان هەیە، چونکە پەنابەری راستین و بەهۆی هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان پێویستە وڵاتەکانیان جێبهێڵن. رووداو: ئایا هیچ ئامارێکی فەرمیتان لایە، کە ئاماژە بێت بەوەی لە 12 مانگی رابردوودا چەند کۆچبەر هەوڵیانداوە بچنە نێو سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە؟ پیتەر ستانۆ: ئەم ژمارەیە لای وڵاتانی ئەندامە، چونکە کۆچبەران هەوڵدەدەن لە سنووری وڵاتانی جیاجیا بپەڕنەوە. لەنێو یەکێتیی ئەوروپا، پاراستنی سنوورەکان و تۆمارکردنی ئەم ئامارانە، ئەرکی وڵاتانی ئەندامە، بەڵام هەزاران کەس ساڵانە هەوڵدەدەن ئەو کارە بکەن، واتە ئەمە دیاردەیەک نییە تایبەت بە ئەمساڵ بێت، بەڵکو دیاردەی چەندین ساڵی رابردووە. بێگومان پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان ئەوەی باس لە کام ئاراستە دەکەین، خەڵکانێک لە ئەفریقا و لە باشوورەوە دێن، خەڵکانێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دێن، بەڵام هەروەها لە رۆژهەڵاتی خۆشمانەوە دێت، لە وڵاتە دراوسێکانمانەوە، لە ئۆکرایناوە. لە 12 مانگی رابردوودا، هەشت ملیۆن کەس لە ئۆکراینا هەڵاتوون و پەڕیونەتەوە نێو یەکێتیی ئەوروپا. چوار ملیۆنیان لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا ماونەتەوە، چوار ملیۆنەکەی دیکەش یان رۆیشتوونەتە شوێنێکی دیکە، یانیش گەڕاونەتەوە ئۆکراینا. واتە ساڵانە ژمارەیەکی زەبەلاحی خەڵک هەوڵدەدەن بگەنە یەکێتیی ئەوروپا. رووداو: با بچینە سەر پرسی تورکیا. رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە هەڵبژاردنەکانی تورکیای بردە، وەکو دەشزانین سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ ئەوروپا هەیە. یەكێتیی ئەوروپا چۆن دەڕوانێتە ئەو سەرکەوتنەی ئەردۆغان، بەتایبەتی کە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو ئەوروپا دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەردۆغان بکات؟ پیتەر ستانۆ: خەڵکی تورکیا بڕیاری خۆیان دا. بژاردەی خۆیان دیاریکرد. یەکێتیی ئەوروپا هەمیشە رێز لە بڕیاری خەڵک دەگرێت. ئێمە پیرۆزبایی لە سەرۆک ئەردۆغان دەکەین بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی. ئەو بەرپرسیارێتیی گەورەی هەیە، ئەرکەکانی نێو کۆمەڵگەی تورکیا گەورەن. یەکێتیی ئەوروپا بەرژەوەندیی ستراتیژیی هەیە لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکی زۆر هاوکارانە کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت، لەگەڵ تورکیا و خەڵکەکەیش. ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە، ئەوان دراوسێی ئێمەن. تورکیا وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە و بۆ سەقامگیریی ناوچەکە گرنگە. تورکیا ئەندامی ناتۆیە. تورکیا هێشتاش وڵاتێکی بەربژێرە بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا. تورکیا دەیەوێت بە شێوەیەکی فەرمی ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بۆیە زۆر هۆکار هەن کە وامان لێبکەن حەزمان لە پەیوەندییەکی هاوکارانە بێت کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت. هەموو هەوڵێکیشمان دەدەین، بۆئەوەی ئەو جۆرە پێکەوە کارکردنە بەدیبهێنین، بەڵام بێگومان هەموو پەیوەندییێک بۆ ئەوەی کار بکات، پێویستی بە دوو لایەن هەیە. یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیە لەگەڵ تورکیا کاربکات، بۆئەوەی ئەم هاوبەشییە بونیادنەرە بەرەو پێش ببات، چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە، بەڵام بێگومان دەمانەوێت ئەو کارە لەسەر بنەماکانی وەکو سەروەریی یاسا، مافەکانی مرۆڤ، رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و سەقامگیریی هەرێمی بکەین، چونکە تەنیا بەو جۆرە دەتوانێت سوود بە هاووڵاتییان بگەیێنێت، لەنێو تورکیا و لە یەکێتیی ئەوروپاش. رووداو: لە ماوەی رابردوودا، یەکێتی ئەوروپا رەخنەی لە سیاسەتەکانی تورکیا بەرامبەر بە کورد گرتووە و چەندین سیاسەتڤان و چالاکڤان و رۆژنامەڤانی کوردی دەستگیر کردووە، هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپا بە دیاریکراوی لەسەر ئەو پرسە چییە؟ پیتەر ستانۆ: یەکێتیی ئەوروپا هەرگیز دوودڵ نییە لە دەربڕینی ناڕەزایی، کاتێک کە شتێکی لەم شێوەیە روودەدات و خەڵک بەهۆی بیروڕای سیاسی یان نەتەوەییانەوە بکرێنە ئامانج. ئەمە شتێک نییە لەگەڵ بەهاکانمان بگونجێت، بۆیە هەر کاتێک شتێکی لەو جۆرە لە تورکیا رووبدات، کاتێک کە کەمینە کوردییەکان جیاکارییان بەرامبەر دەکرێت، یانیش بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و نایەکسانانە دەچەوسێندرێنەوە، یەکێتیی ئەوروپا ناڕەزایی دەردەبڕێت چ بە شێوەیەکی ئاشکرا بێت لە رێگەی راگەیێندراوەوە، یانیش لە رێگەی پەیوەندیکردنی راستەوخۆوە بێت بە هاوتا تورکییەکانمانەوە، کە زۆرجار ئەوە دەکەین و پێیان دەڵێین، کە ئێمە چاودێریی چی دەکەین، داوایان لێدەکەین هۆکارەکەی روونبکەنەوە، داوایان لێدەکەین روونکردنەوە بدەن، هەروەها هەڵوێست و چاوەڕوانییەکانمان پێیان دەگەیێنین، چونکە لە کۆتاییدا، وەکو گوتم، تورکیا وڵاتێکە لە پڕۆسەی بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپادایە و ئەگەر بیانەوێت ببنە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، ئێمە هەمیشە ئاماژە بە بنەما و بەهاکانی یەکێتیی ئەوروپا دەکەین کە دەبێت رێز لە ئازادییە سیاسییەکان و مافە سەرەتاییەکانی ئازادیی خەڵک بگیرێت، بەبێ رەچاوکردنی نەژاد، ئایین، نەتەوە یان ئەو زمانەی بەکاریدەهێنن. رووداو: لە چەند مانگی رابردوودا، حکومەتی سووریا لەلایەن کۆمکاری عەرەبییەوە پێشوازیی لێکرایەوە و ئەندامێتیی لەو رێکخراوە کارا کرایەوە. ژمارەیەک لە وڵاتانیش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا ئاسایی کردووەتەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکە ئەمریکا دژیەتی و چەندجارێکیش هاوپەیمانەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو هەنگاوە نەگرنەبەر. هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو پرسە چییە؟ پیەر ستانۆ: تێبینیی بڕیاری وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبیمان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامێتیی سووریا. ئەوە بڕیاری خۆیانە. ئێمە بێگومان قسە و راوێژ لەگەڵ هاوبەشە عەرەبەکانمان دەکەین بۆئەوەی بزانین بە دیاریکراوی هۆکاری بڕیارێکی لەو شێوەیە چییە و چ چاوەڕوانییەک لەو بڕیارە دەکرێت، بەڵام هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا زۆر روونە. رژێمی ئەسەد هیچ رەوایەتییەکی نییە. بەهۆی ئەو کارانەی لە دژی خەڵکی خۆی کردوونی، رژێمەکە لە چاوی خەڵکی سووریادا هەموو رەوایەتییەکی لەدەستداوە. رژێم هیچ یەک لەو پرسانەی چارەسەر نەکردووە کە بوونە هۆی سەرهەڵدانی ململانێکە. رژێم وەکو پێویست کار ناکات بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتەوایی و گۆڕانکاری کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکردایەتیی دەکات؛ بۆیە لای خۆمانەوە، ئێمە هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، چونکە ئەگەر هیچ گۆڕانێکی بەرچاو لە رەفتاری رژێمی ئەسەددا نەبێت، هەڵوێستمان وەکو خۆی دەمێنێتەوە. ئێمە هێشتاش یارمەتیی خەڵکی سووریا دەدەین. یەکێتیی ئەوروپا گەورەترین کۆمەکبەخشی پێداویستییەکانی خەڵکی سووریا و پەنابەرانی دەرەوەی وڵاتەکە و ئاوارەکانی نێو وڵاتەکەیە، بۆیە ناتوانین بڵێین پەیوەندیمان بە خەڵکی سووریاوە نییە. بەڵام کاتێک قسە دێتە سەر پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سیاسی کە بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی ئەم خەڵکە دەکات، هەڵوێستمان نەگۆڕاوە. لەبیرتان بێت کە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی پێشهاتە نوێیەکانی ناوچەکە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا، هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا نەگۆڕاوە و ئێمە پشتیوانی لەو پڕۆسەیە دەکەین کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکردایەتیی دەکات، بەڵام رژێم هیچ سازشێک ناکات و هیچ ئامادەییەک بۆ بەرەوپێشچوون و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی خۆڕاگر بۆ قەیرانی سووریا پێشان نادات. رووداو: جگە لەپرسی کۆچبەری، پرسێکی دیکە کە رووبەڕووی ئەوروپا بووەتەوە، قەیرانی وزەیە و بەتایبەتیش لەدوای جەنگی ئۆکرایناوە. لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان بە سامانی سرووشتی دەوڵەمەندە، ئایا یەکێتیی ئەوروپا بیری لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بکاتە جێگرەوەی رووسیا بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی؟ پیتەر ستانۆ: یەکێتیی ئەوروپا بڕیارێکی زۆر روونی داوە و خۆمان لە سووتەمەنییە بەردیوەکانی رووسیا دابڕاندووە، ئەمەش دوو هۆکاری هەیە؛ یەکێکیان درێژخایەنە، کە هەمیشە ویستوومانە ئەوە بکەین، بۆئەوەی بگوازرێینەوە بۆسەر وزەی سەوز. دەمانەوێت ماڵئاوایی لە سووتەمەنییە بەردیوەکان بکەین، چونکە پیسن، بۆ سرووشت و ژینگەکەمان باش نین. بەڵام بڕیاری پووتین بۆ داگیرکردنی نایاسایی ئۆکراینا وایکرد بڕیارەکەمان خێراتر بکەین. بۆیە دەستبەرداری خەڵووزی رووسیا بووین، دەستبەرداری نەوت و زۆربەی گازی رووسیا بووین. ئێمە سەرچاوەی جێگرەوەمان بۆی دۆزیوەتەوە. تاوەکو سەرچاوەی متمانەپێکراوتریشمان هەبێت، باشتر دەبێت بۆ یەکێتیی ئەوروپا. ئێمە هەمیشە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێین بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە. ئەمەی کە هەیە، قەیرانی وزە نییە، چونکە کەمیی وزەمان نییە، بەڵکو قەیرانی نرخی وزە هەبوو، کە ئەوەشمان کەمکردووەتەوە، چونکە توانیمان کێشەکە چارەسەر بکەین، بەڵام ئەگەر نەوتی کوردستان یان گازی کوردستان یەکێک بێت لە بژاردەکان، ئێمە هیچ شتێک بەدوور نازانین. بەڵام دووبارە، بۆ ئێمە، عێراق وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە و هاوبەشێکی زۆر گرنگە بۆئەوەی پێکەوە کار لە چەندین بواردا بکەین، لەنێویاندا لەسەر گواستنەوە بۆ سەر وزەی پاک، چونکە کاتێک دێت کە عێراقیش پێویستی بەوە دەبێت سووتەمەنییە بەردیوەکان لەکۆڵبکاتەوە. ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک بژاردە بکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان، بە جۆرێک کە لەگەڵ چوارچێوە یاساییەکانی ئێستادا بگونجێت. ئامانجی سەرەکیش ئەوەیە بگوازرێینەوە سەر وزەی سەوز بۆ ئەوەی ژینگەکەمان پیس نەکەین، دووەمیشیان بڕینی هەر داهاتێکی رژێمی پووتینە بۆئەوەی نەتوانن دووژمنکاریی نایاسایی خۆیان لە دژی ئۆکراینا پارەدار بکەن. رووداو: پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا زۆر سوپاس. پیتەر ستانۆ: سوپاس بۆ ئێوەش.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/130620231
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، ترسی پەرەسەندنی ئاگری شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە پێی نایە مانگی سێیەمەوە، ناوچەکەی داگیرکردووە. گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکاش دەڵێت، ئێستا ئیدارەی بایدن نایەوێت گرژییەکان فراوان ببن و لەم کاتەدا کە بەرەو هەڵبژاردنە، سەرنجیان لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت. جگە لە پرسە جیهانییەکان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسی هێرشەکانی سەر ئەمریکا لە عێراق و سووریا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و چاکسازییەکانی پێشمەرگە و هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەم لەگەڵ کۆلۆنێڵ جۆو بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا تاوتوێکرد. جۆو بوچینۆ گوتی، ئەمریکییەکان نیگەرانییان لە کاریگەریی ئێران و حەشدی شەعبی لەسەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەیە و "پێم وایە نیگەران دەبم ئەگەر ئیدارەیەکی دیکە لە واشنتن بێتە سەر حوکم و ئەو هێزانە لە عێراق بکشێنێتەوە. ئێستا بە راستی دەبینیت کاریگەریی ئێران زیاد بووە. یان یەکێک لەو هێرشە مووشەکییانەی بۆ سەر عێراق کارەسات و قوربانیی لێ کەوتووەتەوە. جا لێرە لە کۆنگرێسیش دەنگێک هەیە کە هێزەکانی ئەمریکا بکشێنرێنەوە کە ئەوە زیاتر دەستی ئێران لە بەغدا کراوەتر دەکات و رێیان دەدات کاریگەرییان زیاتر بکەن." لەسەر پرسی یەپەگە، هەسەدە و تورکیا، جۆو ئاماژەی بەوەکرد، هەرجارێک بە باشی باسی یەپەگە بکەین، تورکیا لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە داوای سڕینەوەی راگەیێندراو و پۆستەکانمان لە سۆشیاڵ میدیا دەکات. ئەمریکاش بۆیە گوشار لە تورکیا ناکات، چونکە لە شەڕی ئۆکراینادا پێویستی بە تورکیایە. هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆلۆنێڵ جۆو بوچینۆ، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رووداو: زۆر سوپاس. کۆلۆنێڵ، تۆ کە گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بوویت تاوەکو مانگی ئابی ئە مساڵ، سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و بنکەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبینیت؟ پێت وایە کە سیاسەتێکی بەهێز بێت؟ جۆو: نەخێر، وای هەڵناسەنگێنم کە کاریگەر بێت. ئێمە کەلوپەل و ئامێرمان بردووەتە دەریاوە، دوو کۆمەڵە فڕۆکەهەڵگرمان بردووە کە خۆیان لە سەدان کەشتی و فڕۆکە و هەزاران سەربازدا دەبیننەوە. کەچی هێشتا هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپە شیعەکانەوە بەردەوامە. کەمنەبوونەتەوە، بەڵکو لە راستیدا بەرەو دەریای سوور فراوان بوون. ئێستا دەبینیت ئەم گرووپانە لە دەریای سووردا هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان. رووداو: هیچ شتێک هەیە وا لە ئەمریکا بکات کە رووبەڕووی ئەو گرووپانە نەبێتەوە؟ چونکە ئەمریکا دەڵێت ئێمە پەیامێکی زۆر بەهێزمان ناردووە بۆ ئەو گرووپانە کە شەڕەکە فراوان نەکەن؛ هێرش نەکەنە سەر هێز و بنکەکانمان. کەچی لە لایەکی دیکەوە دەبینین رۆژانە ئەم هێرشانە روو دەدەن، بە تایبەتی لە عێراق و لە یەمەن لەلایەن حووسییەکانەوە. تەنانەت لە عێراق هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا. جۆو: راستە. ئەوە هێرشێکی هەڵکشاوی بەرچاوە کە پێرێ شەو لە بەغدا کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، کەچی ئەمریکا هیچی نەکرد. جا من نامەوێت کارێک بکەم کە وەک رێگەچارەیەکی زۆر سادە دەربکەوێت، چونکە وەک هەرشتێکی ئەو بەشەی جیهان، ئەوە زۆر ئاڵۆزە. لەگەڵ ئەویشدا ئەوی کردوومانە و دەیکەین هێرشکردنە سەر هەندێک بینا و کوشتنی هەندێک چەکداری پلەنزم و لێدان لە هەندێک جبەخانەیە لە سووریا. جا ئێرانیش ئەو شتانەی بە لاوە گرنگ نییە. ئەوان بایەخیش بەم شتانە نادەن، چونکە دەزانن یان باوەڕیان وایە کە ئیدارەکەی بایدن نایەوێت بەکارهێنانی کەشتییە بارهەڵگرە جەنگییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە ئێرانییەکان، بۆ سەر سوپای پاسداران لە سووریا یان لەناو ئێراندا زیاد بکات. رووداو: ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ئەمریکا نیگەرانە لە روودانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی ئێران و دوودڵن لە بەئامانجگرتنی بەرپرسانی ئەو گرووپانە، یاخود هەندێک شتی دیکە هەن کە وا لە ئیدارەی بایدن دەکەن خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە بەدوور بگرێت؟ جۆو: چەند شتێکن. یەکێکیان تۆ ئاماژەت پێ دا. راستییەکەی، ئیدارەی بایدن دەیەوێت ئەمە بە سەرنراوەیی بمێنێتەوە، سەری گرژییەکان بنێتەوە، نایانەوێت بەرەو لوبنان و ناو دەریای سوور فراوان ببن. لە راستیدا ئیدارەکە نایەوێت شەڕێکی بەرەفراوان لەگەڵ ئێراندا بکات، بە دڵنیاییشەوە ئێرانیش ئەوەی ناوێت. جا ئەوە یەکێکە لە خاڵەکان. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئیدارەی بایدن لە راستیدا نایەوێت هەواڵەکان سەرنجیان لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. ئێستا ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنەوە و ئیدارەکە پێی خۆشە هەواڵەکان سەرنجیان لەسەر کێشە ناوخۆییەکان و راپۆرتەکانی کار و هاوکاریی ئۆکراینا و کاروبارەکانی زەریای هێمن-هیندستان بێت. بۆیە ئیدارەکە هیوادارە هەموو ئەمانە خۆیان چارەسەر ببن یان بڕەوێنەوە. رووداو: پێت وایە ئەمە یارمەتیدەرە؟ جۆو: نەخێر، یارمەتیدەر نییە. رووداو: بەشێک لەو هێزە میلیشیایانەی لە عێراق هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی باڵی سیاسییان هەیە و باڵە سیاسییەکانیان بەشێکن لە حکومەت، بەڵام ئەمریکا هیچ سەرزەنشتێکی حکومەتی عێراق ناکات کە بەرەنگاری ئەم گرووپانە ببێتەوە. ئایا شتێک هەیە ئەمریکا لێی دوودڵ بێت بۆ سەرزەنشتکردنی حکومەتی عێراق؟ بۆچی نایکات؟ چونکە ئەم گرووپانە بەشێکیان لەلایەن حکومەتی عێراق و ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن؟ جۆو: دۆخی ئەمریکا لە عێراق زۆر لاوازە، چونکە لەم یەک-دوو ساڵەی دواییدا ئەمریکا لەسەر لێواری کەندەڵان بووە و حکومەتی عێراق دەڵێت دەمانەوێت هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە. با بچنە دەرەوە، بەڵام ئێمە ئەوەمان ناوێت، چونکە ئەوە دەرگا بۆ ئێران واڵا دەکات کە بە تەواوەتی کاریگەریی خۆی لەسەر عێراق دابنێت و پاشان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاژاوە بگێڕێت. رووداو: ئەمە لەبەر ئێرانە یان لەبەر ئەو هەڕەشانەن کە لە لایەن داعش و گرووپەکانی دیکەوە هەن؟ جۆو: لەبەر ئێرانە. ئێمە هەزاران سەرباز لە عێراق و 900یش لە سووریا لەگەڵ هەندێک سەربازی دیکەدا دەهێڵینەوە و قسەی لەسەر ناکەین، بەڵام لەوێ دەیانهێڵینەوە تا ئەوە بکەن کە بە راستی بۆ شەڕی دژی داعش باشە. جا ئەوە کەی تەواو دەبێت؟ نازانم! هەرگیز وا دیار نییە تەواو ببێت. رووداو: ئەی کاریان چییە؟ جۆو: ئەوە پرسیارێکی باشە. بە روواڵەت، ئەرکیان دابینکردنی سەقامگیرییە بە رووبەڕووبوونەوەی داعش و بەهێزکردنی کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ لەناوبردنی داعش. هەروەها دەمانەوێت دڵنیایی بۆ جێپەنجە و ئامادەیی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەستەبەر بکەین. چونکە ئەمە جۆرێکە لە خۆپارێزی و بەربەست دژی دەسەڵاتی تەواوەتی ئێران کە دەیەوێت لەو دوو وڵاتەدا کاریگەریی تەواوی هەبێت و لەوێوە کاریگەریی خۆی بۆ دەرەوەی ناوچەکە فراوان بکات. رووداو: ئەگەر حکومەتی عێراق داوا لە ئەمریکا بکات عێراق بە جێ بهێڵن، ئایا ئەمریکا ئەمە دەکات؟ جۆو: ئەمریکا ئەوێ جێ بهێڵێت؟ بەڵێ. رووداو: بەڵام هەوڵ دەدەن ئەو شتە روو نەدات؟ جۆو: ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان لەو دۆخە بە دوور بگرین، چونکە ئێمە دەمانەوێت هەندێک کاریگەریمان لەسەر بەغدا و حکومەتی عێراق هەبێت و شوێنپێمان لە عێراق قایم بکەین. جا بیر لەوە بکەرەوە کە ئێمە لە عێراق بێینە دەرەوە، باشە ئەوە هاتینە دەرەوە، ئەی پاشان چی روو دەدات؟ داعش خۆی دەخزێنێتە ناوەوە و ئەوەیش رێگە دەدات ئێران شوێنپێی لەوێ قایم بکات، دواتر دیسان دەبێت هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەوێ بگەڕێنینەوە. هەر بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان لەوە بپارێزین. لە کاتێکدا من لەم هەڤپەیڤینە کورتەدا ئەم شتانەت بۆ باس دەکەم، لەوێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە. قەرەبوو هەیە. مەترسی هەیە. هیچ یەکێک ڤڤلەم شتانە ئاسان نین. کەچی ئەو پەیامانەی لە واشنتنەوە دێن ورد نین و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لایەنی ئەوەی کە بە راستی خەریکین چی دەکەین و بۆچی لەوێ دەمێنینەوە، کەمێک فریودەرن. رووداو: با بچینە سەر شەڕی حەماس و ئیسرائیل. پێت وایە کە سوپای ئیسرائیل بتوانێت لە باشووری غەزە هاوشێوەی باکوور ئۆپەراسیۆن بکات؟ چونکە لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و موسڵمانەوە گوشارێکی زۆر هەیە و ئێستایش ئەمریکا گوشار لە ئیسرائیل دەکات کە ئۆپەراسیۆنەکەیان لە باشوور بە جۆرێک بێت کە زیانی خەڵکی سڤیل کەم بکەنەوە. پێت وایە کە ئیسرائیل ئەم کارە بکات؟ جۆو: من پێم وا نییە ئەوە بکەن. پێم وایە بۆ ئیسرائیل زۆر قورس دەبێت کە لەم کاتەدا ئەوە بکات. ئەوان رێڕەوی مرۆییان کردووەتەوە و بە خەڵک دەڵێن بەو رێڕەوە مرۆییانەدا بڕۆن. هەروەها داوایان لە خەڵکی غەزە کردووە باکوور جێ بهێڵن و بچن بۆ باشوور. ئێستا لە باشوور خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکەوەن، کەچی بۆردوومانی دەکەیت و کاولکاری دەکەیت. رووداو: بەڵام رێگەیان پێ نادەن بگەڕێنەوە بۆ باکووریش. جۆو: بەڵێ، رێگەیان نادرێت بگەڕێنەوە باکووریش. رووداو: دەرچەیەکیش نییە بۆ میسریش. جۆو: راستە. ئەوان ئەم خەڵکەیان قفڵ کردووە و ئۆپەراسیۆنیش دەکەن … من نازانم … ئیدارەی ئەمریکا لێرە لە واشنتن دەستبەجێ هات و ناتانیاهۆی لە باوەش گرت و لە پشتی ئیسرائیل وەستا. کەچی ئێستا بامانداوەتەوە و هەوڵ دەدەین گوشار لە ئیسرائیل بکەین و دەڵێین ئێمە حوکمێکی مرۆییانەترمان لەم شەڕە دەوێت. رووداو: ئامانجی ئیسرائیل لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چییە؟ ئەمریکا دەڵێت، "کە شەڕەکە کۆتایی هات نابێت لە داهاتوودا هیچ هێزێکی ئیسرائیلی لە غەزە بمێنێتەوە." پێت وایە ئیسرائیل بتوانێت بە یەکجاری حەماس لەناو ببات، لە کاتێکدا حەماس بەشێکە لە خەڵکی غەزە. پێت وایە بتوانن ئەمە بکەن و لە داهاتوودا رێگری لە هێرشێکی وەک ئەوەی حەوتی ئۆکتۆبەر بکەن؟ جۆو: بەو جۆرە ناتوانن بیکەن کە ئێستا دەیکەن. بەو جۆرەی حوکم لەسەر ئەم شەڕە دەدەن، ناتوانن بیکەن. پێم وانییە بتوانن. پێم وایە دەتوانن هەموو توانا سەربازییەکانی حەماس لەناو ببەن. پێم وایە ئەوە یان شتێکی نزیک لەوە روو دەدات و دەتوانن هەموو تونێلەکان بڕووخێنن. بیرۆکەکە ئەوەیە ئەمە بکرێت. دەتوانن هەموو فەرماندەکانی حەماسیش بکوژن. بەڵام ئەگەر بیرت بێت، حەماس لە بنچینەدا بزووتنەوەیەکی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتییە. حەماس لە شێوەی حکومەت و پەروەردەدا پەلی هاویشتووە. حەماس "رێپێوانی گەورەی گەڕانەوە"ی رێکخست کە ناڕەزایەتییەکی ئاشتییانە بوو. جا ئەوانە توخمەکانی حەماسن، بۆیە ناتوانیت لەناویان ببەیت، ناتوانیت بۆردومانیان بکەیت. من لە بارەی ئەوەوە نیگەران دەبم کە ئیسرائیل گورزێکی وا بەهێز بوەشێنێت. ئەو ڤیدیۆیانەمان بینیوە کە پیاوانێک جلیان لە بەر داکەنراوە و سووکایەتییان پێ دەکرێت. باشە ئەوە چ پەیامێکە بۆ خوای دەنێرن؟ ئەوە تەنیا بزووتنەوەی بەرەنگاری گڕ دەدات. بزووتنەوەی بەرەنگاری دژی ئیسرائیل گڕ دەدات. ئەگەر ئیسرائیل لەودیوەوە بێت و بڵێت، "باشە، ئێستا ئێمە حکومەتین و سەرپەرشتیی ئێرە دەکەین"، ئەو کاتە دەستبەجێ غەزە دەبێتە گرتووخانە و بزووتنەوەی بەرەنگاری گڕ دەدات کە ئەوەیش ئەو شتەیە حەماس لەسەری دەژی. رووداو: ئیسرائیل کار لەسەر ئەوە دەکات لەنێو غەزەدا ناوچەیەکی سەر بە خۆی دروست بکات. ئەوەی من لە وەزارەتی دەرەوەم پرسیوە، ئەمریکایش دەڵێت ئێمە پشتیوانی لەو بیرۆکەیە ناکەین. لە هەمان کاتدا گڵۆپی سەوزیان هەڵنەکردووە. پێت وایە ئیسرائیل بتوانێت بەبێ رەزامەندیی واشنتن ئەو ناوچەیە دروست بکات؟ جۆو: پێم وا نییە. پێم وانییە زۆر بخایەنێت. چونکە سوپای ئیسرائیل دەبێت خۆی لە حیزبوڵڵای لوبنانی بپارێزێت کە زۆر لە هێزەکانی حەماس بەتواناترە کە ئێستا لاواز بوون. لەم شەڕەدا هەزاران سەربازی یەدەکیان هەیە. پێم وانییە بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ ئەم ناوچە دابڕێنراوە بەڕێوە ببەن. رووداو: بەرپرسانی ئێرانی، لە ناویاندا سەرۆککۆمار و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، هەمیشە دەڵێن، ئەگەر ئەمریکا لە پشتیوانییەکانی بۆ ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئەم شەڕە فراوان دەبێت. ئێوە هیچ نیگەرانییەک لە واشنتن دەبینن کە ئەم شەڕە فراوان ببێت و بە ناوچەکەدا بڵاو ببێتەوە بۆ حووسییەکان لە یەمەن و حیزبوڵڵا لە لوبنان و بۆ گرووپە چەکدارەکان لە عێراق؟ جۆو: نیگەرانیی راستەقینە هەیە. هەر بۆیە دەبینیت بلینکن، وەزیری دەرەوە سەردانی ناوچەکە دەکات و لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی عەرەبیدا دادەنیشێت. لەبەر ئەوەیە ئەمە دەبینین. بەم تازەکییانەیش هێنری کیسنجەر مردووە کە ئەمەیش. ئەمە دیپلۆماسیەتی نێوانگیرانەیە (الدبلوماسية المكوكية) کە ئەو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێی کرد. سەردانی سەرۆکی وڵاتانی دەکرد و هەوڵی دەدا وەک هێورکەرەوەیەک لەسەر ئەم شتانە خزمەت بکات. پێم وایە، ئەو گرووپانەی باسیان دەکەیت، ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەکان هیچ کامیان شەڕێکی بەرەفراوانیان ناوێت. ئەم گرووپانە، گرووپە شیعییەکان، تەنیا دەیانەوێت ئیسرائیل قوفڵ بکرێت و ببەسترێتەوە و لەگەڵ حەماسدا شەڕ بکات و وا بکەن بەردەوام لە باکوورە چەند مووشەکێک بگرنە ئیسرائیل و بەردەوام سوپای ئیسرائیل سەرنجی لەسەر ئەمە بێت. بەڵام پێم وایە هیچ کامیان شەڕی بەرەفراوانیان ناوێت. ئەوەی ئێستا لە بارەیەوە نیگەرانم ئەوەیە ئاماژەت پێی دا: ئێمە کۆمەڵێک کەشتیی جەنگیی فرۆکەهەڵگرمان هەیە و، ئێرانیش خەریکە پەیامەکانی زیاد دەکات. پەیامناردن هەیە. هەروەها هەندێک حساباتی هەڵەی ستراتیژی هەن، رێک وەک ئەوانەی جەنگی یەکەمی جیهانییان هەڵگیرساند. ئەو کاتە دەکەوینە جەنگێکی کارەساتاوییەوە کە هیچ کەسێک نایەوێت. ئێمە رێک دەکەوینە ناویەوە. ئەوە ئەوەیە کە لە بارەیەوە نیگەران دەبم. رووداو: ئەی لە بارەی ناوچە ئاوییەکانەوە چی؟ ماوەیەک بەر لە ئێستا بینیمان سوپای پاسداران دوو بەلەمیان گرت، حووسییەکانی یەمەن دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرت. ئێستا ئەمریکا هەوڵ دەدات جۆرێک لە هاوپەیمانێتییەکی نێودەولەتی هەبێت تا ئاسایشی ناوچە ئاوییەکان بپارێزێت. پێت وایە ئەمریکا بتوانێت ئەمە بکات بەبێ ئەوەی پەیامێکی زۆر توند بۆ حووسییەکان و ئێران بنێرێت؟ جۆو: پێم وایە دەبێت هەندێک وەڵام بۆ ئەو هێرشانە هەبن. ئێمە هیچمان بۆ هێرشەکەی حووسییەکان نەکرد. لە ناوچەکەدا روون نییە کە ئەم کۆمەڵە کەشتییە فڕۆکە هەڵگرە جەنگییانە لە دەریای سووردا چی دەکەن. من خەڵکی ناوچەکە ئەمەی پێ گوتووم. ئایا لەوێن بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان؟ ئایا لەوێن بۆ پاراستنی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا؟ ئایا ئەگەر پێویست بێت هێرش دەکەنە سەر ئێران؟ ئایا ئەگەر پێویست بێت هێرش دەکاتە سەر سووریا؟ دەزانی، ئەوە روون نییە. راگەیەنراوی سەرکردایەتیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا زۆر لێڵە. پێم وایە ئەوە یارمەتیی دۆخەکە نادات. پێم وایە وەڵامی زۆر بەهێزی واشنتن بۆ هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور رێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکان دادەخات. ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە بڵێن ناتوانین کەشتییەکانمان لەوێ بخەینە مەترسییەوە، بە راستی بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر بازرگانیی جیهانی و سەقامگیری جیهانی دەبێت. رووداو: پێت وایە ئێران ئەم هەلە دەقۆزێتەوە؟ ئایا پەیامەکانی ئەمریکایان بە جددی وەرگرتووە کاتێک دەڵێت بەشدار مەبن، بەڵام ئەوان دەیکەن؟ جۆو: خۆت وەڵامی پرسیارەکەتت دایەوە. ئێران ئەو راگەیەنراوانە بە جددی وەرناگرێت. رووداو: ئایا ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە؟ جۆو: بەڵێ، ئێستا زۆر وایان کردووە. رووداو: ئەی بۆچی ئەمریکا بڕیاری داوە بێدەنگ بێت و چاوەکانی دابخات بەرامبەر ئەو بەڵگانەی لە ناوچەکەدا هەن؟ جۆو: کاتێک لە دیدگای جیاوازەوە سەیری ئەمە دەکەم کە یەکێکیان بەکاربردنی هەواڵەکانە لەم وڵاتەدا. پێم وا بوو هێرشەکانی دەریای سوور هەواڵی گەورە بوون. ئەو گرژییە گەورەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەواڵێکی گەورە بوو. نزیکەی شەش کاژێر هەواڵی ئەمریکا بوو. بەیانیی یەکشەممە بوو، کە یەکشەممە تەواو بوو، ئیدی لە هەواڵەکاندا نەبوو. دەزانی، ئەم شارە زۆر بۆ پەخشی هەواڵی تەلەڤزیۆنەکان زۆر گونجاوە، چونکە هەواڵی تەلەڤزیۆنی لەم شارەدا واشنتن پۆست و نیویۆرک تایمز دەجووڵێنن. پێم وایە، پێیان باشە خەڵک، خەڵکی دەنگدەر، زیاتر سەرنجی لەسەر کێشە ناوخۆییەکان بێت. نایانەوێت [لە دەرەوە] شتێک بکەن کە سەرنجی خەڵک بۆ ئەوە رابکێشن. رووداو: ئەی پێت وایە کاتێک ئەمریکا قسە لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باکووری سووریا دەکات، زۆر جددییە کە ئەو هێرشانە هاوپەیمانەکانی ئەمریکای بۆ تێکشکاندنی داعش لاواز کردووە؟ جۆو: ئێمە لە پابەندبوونمان بە هێزەکانی سووریای دیموکراتدا جددیین. پێم وایە ئێمە هێزەکانی سووریای دیموکراتمان دروست کرد بۆ شەڕی داعش. لە پنتاگۆن بە راستی پابەندبوون بە هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە هەیە. رووداو: ئەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەسەدە هەن؟ جۆو: هەڕەشە لەلایەن کێوە؟ رووداو: لەلایەن تورکیاوە. جۆو: من نامەوێت ئەمە سادە بکەمەوە -، بەڵام ئەوە قورسە، چونکە ئێمە تورکیامان وەک توخمێکی ناتۆ دەوێت کە ئەم شەڕە دژی رووسیا تەواو بکات کە ئێستا پرسی رووسیا-ئۆکراینا چەقی بەستووە. ئێمە تورکیامان لەوێدا دەوێت. جا هەرچۆنێک ئەو شتە چارەسەر ببێت. ئێمە دەمانەوێت تورکیا لەوەدا بەشدار بێت. بەڵام دەبینیت تورکیا دژی هەسەدەیە. جا کاتێک لە فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا بووم، تورکەکان زۆر دژایەتییان دەکرد کە هەر جارێک بە ئاشکرا ستایشی هەسەدەمان بکردایە. بۆیە دەترسم … رووداو: کاتێک بە باشە باسی هەسەدە دەکەن، ئەوان پەیوەندیتان پێوە دەکەن؟ جۆو: لە رێگەی باڵیۆزخانەوە. رووداو: لە رێگەی باڵیۆزخانەوە. جۆو: ئێمە ستایشی هەسەدەمان دەکرد کە هاوبەشمانە، وەک هاوبەشێک دەماننرخاندن، کەچی تورکەکان، باڵیۆزخانەی تورکیا، پەیوەندییان دەکرد: "دەکرێت ئەو توویتە بسڕنەوە؟ دەکرێت فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ئەو قسەیە لا ببات؟" رووداو: ئەمە شتێکم بیر دەخاتەوە: هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی راگەیەنراوێکی لەسەر هەندێک هێرش لە سووریا هەبوو، کەچی دوای ماوەیەکی کەم ئەو توویتەیان سڕییەوە. ئەمە لەسەر داوای تورکیا بوو؟ جۆو: من بە دروستی و تەواوەتی ئەوەیانم بیر نییە. رووداو: ئەو کاتە بوو کە ئەمریکا لە سووریا درۆنێکی تورکیای خستبووە خوارەوە، چونکە درۆنەکە لە بنکەیەکی ئەمریکا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا نزیک بووبووەوە. جۆو: زۆر راستە، بەڵێ راستە. بەڵێ، ئەوەم بیر کەوتەوە. رووداو: تورکیا داوای لێ کردن کە ئەم پۆستە لە تویتەر بسڕنەوە؟ جۆو: بیرمە کە لەو باریەوە پۆستێکمان کردبوو، بیرم نایەت سڕیبێتمانەوە، بەڵام بیرمە لە ساتێکی دیاریکراودا لە لایەن وەزارەتی دەرەوە ئاگادار کراینەوە کە واز لە باسکردنی هەسەدە بهێنین. مەبەستی ئێمە ئەوە بوو کە هەسەدە لە شەڕی داعشدا هاوبەشمانە و تەنیا وەک هاوبەشێک دەماننرخاندن. دۆخێکی زۆر ئاڵۆز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. لە کاتێکدا تورک ئەوەندەی بتوانن هەرچی سوودە لە پشتیوانیی ئەمریکای وەردەگرن، ئەوەندەی بتوانن هەرچی سوودە لە ئەندامێتییان لە ناتۆی وەردەگرن. رووداو: ئایا هیچ هەوڵێکی دیپلۆماسی لەلایەن ئەمریکاوە هەیە کە وا لە تورکیا بکات بەرامەبەر بە هەسەدە هێندە توند نەبێت؟ جۆو: پێم وایە پەرژینی دژی ئەوە ئەوەیە کە ئێمە هێزەکانی ئەمریکامان لەگەڵ هەسەدەدا جێگیر کردوون و، تورکیایش ئەوە دەزانێت. ئەگەر هێرش بکەنە سەر هەسەدە … ئەوە هیچ کە ئەوان ناتوانن ئەمریکییەک، سەربازێکی ئەمریکی، بکوژن، چونکە ئەوە بۆ تورکیا دەبێتە کارەسات. رووداو: با بگەڕێینەوە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان. چ نیگەرانییەکتان لە هێزەکانی پێشمەرگە هەیە؟ کاتێک خۆیشت لە فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا بوویت، دەزانیت کە ماوەیەکی زۆرە دەستیان بە پرۆسەیەک کردووە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی بەرخەستە نین، بۆچوونی تۆ لەسەر ئەمە چییە؟ جۆو: خۆی بە هیچ شێوەیەک هیچ شتێک روون نییە. هیچ شتێک پتەو نەکراوە. لە راستیدا هەرگیز گەشەی نەکردووە و هەرگیز ئاشکرا نەکراوە. هەموو کاروبارەکان لەناو عێراقدا زۆر ئاڵۆز بوون. هاوکات ئێران لەوێ کاریگەریی هەیە. تورکیایش کاریگەریی هەیە. ئینجا پێشمەرگە هەیە کە تا ڕادەیەک کە عێراق وەک وڵاتی خۆیەتی، بەڵام هەرگیز بە تەواوەتی ئەوە روون نەبووە. رووداو: لە پرسی شەڕی داعشدا ئاستی هاوئاهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە چۆنە؟ هەروەها هەڵوێستتان لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانتان لە هەرێمی کوردستان چییە؟ جۆو: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی شەڕی داعش کار لەگەڵ پێشمەرگەدا دەکات، بەڵام فەرماندەیی بەش بەش بووە. خۆی پێشمەرگە یەک پێکهاتەیە. یەک توخمە کە فەرماندەیی کاری لەگەڵدا دەکات. فەرماندەیی لەگەڵ سووریایشدا کار دەکات. لەگەڵ هەسەدەیشدا کار دەکات. لەگەڵ بەغدایشدا کار دەکات. لەگەڵ وەزارەتی بەرگرییشدا کار دەکات. بۆیە لە بابەتی شەڕی داعشدا، فەرماندەیی زۆر بەش بووبوو. تەنیا چەند هەزار سەربازێک لە عێراق بوون. پێشتر باسی 900 سەربازمان لە سووریا کرد. پێم وایە سیاسەتێکی ستراتیجیی راستەقینە نەبوو بۆ ئەوەی لە عێراق و سووریا چی دەکەین. رووداو: ئێوە هیچ نیگەرانییەکتان هەیە لە بارەی کاریگەرییەکانی ئێران و حەشدی شەعبی لەسەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق کە ئێوە خۆتان پەیوەندییەکی زۆر باشتان لەگەڵیاندا هەیە؟ جۆو: ئەوە هەمیشە مایەی نیگەرانی بووە. نیگەرانی بووە لە حکومەتی عێراق. پێم وایە پەرژینی خۆپارێزی لەوە ئەوەیە ئۆپەراسیۆنی هەبێت، هێزەکانمان لەوێ بن، فەرماندەییەکی سەربازیمان لە بەغدا هەبێت و ئەو پەیوەندییە بەردەوام بێت. پێم وایە نیگەران دەبم ئەگەر ئیدارەیەکی دیکە لە واشنتن بێتە سەر حوکم و ئەو هێزانە لە عێراق بکشێنێتەوە. ئێستا بە راستی دەبینیت کاریگەریی ئێران زیاد بووە. یان یەکێک لەو هێرشە مووشەکییانەی بۆ سەر عێراق کارەسات و قوربانیی لێ کەوتووەتەوە. جا لێرە لە کۆنگرێسیش دەنگێک هەیە کە هێزەکانی ئەمریکا بکشێنرێنەوە کە ئەوە زیاتر دەستی ئێران لە بەغدا کراوەتر دەکات و رێیان دەدات کاریگەرییان زیاتر بکەن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/121220231
جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی وەکو دەنگێکی زۆر گرنگی ژیری و دانایی لە کوردستان و تەواوی عێراق دەبینین. کەسایەتییەکەی، ژیری و داناییەکەی، هەستە مرۆییە گرنگ و ناوازەکەی بەڕاستی جێگەی سەرنجە." خەلیل شیرغولامی، جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان، عێراق، ئێران و ناوچەکە قسەی کرد. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خەلیل شیرغولامی، جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رووداو: ئەگەر لە گوتارەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دیداری سلێمانی دەستپێبکەین، بە دڵنیاییەوە گوێتان لێ بوو باسی لە فەلەستینی کرد و گوتی، هەرێمی کوردستانی عێراق پشتیوانی لە دەوڵەتێکی فەلەستینی دەکات. ئەم هەڵوێستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی چۆن دەبینیت؟ خەلیل شیرغولامی: بەر لە هەر شتێک، دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ بەڕێز سەرۆک د. بەرهەم ساڵح دەربڕم بۆ بانگهێشتەکەی و رێکخستنی میواندارییە ناوازەکەی لەم کۆنفرانسه زۆر نایابەدا. ئەمە زەوینەیەکی باشە بۆ کۆبوونەوە و قسەکردن لەگەڵ یەکتردا سەبارەت بە بابەتە زۆر گرنگەکان لە کاتێکی زۆر گرنگدا. لەبارەی گوتەکانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەر لە هەر شتێک دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێمە نێچیرڤان بارزانی وەکو دەنگێکی زۆر گرنگی ژیری و دانایی لە کوردستان و تەواوی عێراق دەبینین. کەسایەتییەکەی، ژیری و داناییەکەی، هەستە مرۆییە گرنگ و ناوازەکەی بەڕاستی جێگەی سەرنجە. حەز دەکەم جەخت لەو راستییە بکەمەوە کە ئێمە لە ئێران بەڕێز بارزانی بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی دەناسین. ئەو لەنێو رای گشتیی ئێران و سیاسەتڤاناندا زۆر بەنێوبانگە. ئەوە لە سەرەتاوە دەبێت جەختی لێ بکرێتەوە. ئینجا سەبارەت بە گوتارەکەی و ئەو بەشەی لەسەر پرسی فەلەستین؛ دەزانیت پرسی فەلەستین بۆ هەموو موسڵمانان جێی نیگەرانییە. زیاتر لە حەوت دەیەیە و لەو رۆژانەی سەرەتاوە کە فەلەستین لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە داگیر کرا، جێگەی نیگەرانی بووە و برینێکی خوێناوییە بۆ هەموو موسڵمانان لە هەر شوێنێک و لەنێویشیاندا عێراقییەکان و ئێرانییەکان، لە هەموو شوێنێک. دەزانیت ئەزموون ئەو راستییەی سەلماندووە تاوەکو مافە سەرەتاییەکانی گەلی فەلەستین نەپارێزرێن، هیچ چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە درێژخایەنە نابێت کە ئەوە هۆی بنچینەیی چەندین ناسەقامگیری و ململانێیەکانی ناوچەکەمانە. ئینجا ئەم رۆژانە، دوای ئەوەی لە 7ی ئۆکتۆبەردا روویدا و هەروەها دوای خوێنڕێژی و کارە دڕندانەکانی رژێمی زایۆنی لە غەززە، ئەوە بزاوتێکی نوێی لەنێو گەلەکانی ئێمەدا بە دۆزی فەلەستین بەخشی. راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستیمان بەوەیە بیر لە دۆزی فەلەستین بکەینەوە و پێویستە یارمەتی فەلەستینییەکان بدەین تاوەکو بتوانن ئەوە بەدەستبێنن کە شایەنیانە، ئەوەش شتێکی زۆر سەرەتاییە و بنەمای بیرکردنەوەیە لە هەندێک شت بۆ دانانی چارەسەر بۆ ئەم قەیرانە درێژخایەنە. دەزانی، بەربەست لەبەردەم دەوڵەتی فەلەستیندا خودی فەلسەفەی سیاسیی زایۆنیزمە، کە وەکو مرۆڤ سەیری فەلەستینییەکان ناکات و هیچ مافێک بۆ ئەو خەڵکە بە رەوا نابینێت، لە کاتێکدا خاکەکەیان داگیر کردوون و رۆژانە دەیانکوژن. هیچ مافێکیان بۆ بە رەوا نابینن. ئینجا تاوەکو ئەم جۆرە دۆخانە و ئیدارەیەکی جووی تووندڕۆمان لە تەلئەڤیڤ هەبێت، کە هانی ئەوە دەدات دۆزی فەلەستینییەکان و سەرهەڵدانیان وەلابنرێت، هیچ چارەسەرێک لەسەر زەوی نابێت. ئەمەش ئەو شتەیە کە لە هەموو شوێنێکی ناوچەکەماندا پێی دەگەین. ئینجا ئەوەی لە گوتارەکەی بەڕێز بارزانییەوە بیستم و تێیگەیشتم هەمان جەختکردنەوەیە لە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی فەلەستین. رووداو: کاتێک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی باسی ئێرانی کرد، گوتی ئێران دراوسێیەکی دۆستە و ئێرانی بە دۆستی هەرێمی کوردستان ناوبرد. ئێستا پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران چۆنە؟ خەلیل شیرغولامی: دەزانی، ئێمە هەمان نەتەوەین و ساڵەهای ساڵە رەگ و ریشەمان لە مێژوودا داکوتاوە و زۆر شتی هاوبەشمان هەیە. زۆر نەریت و لایەنی فەرهەنگیی هاوبەشمان هەیە. چێژمان بینیوە لە پەیوەندییەکی زۆر باش لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق. ئینجا ئێمە نەتەوەی براین و هاوکاریی یەکدیمان کردووە، لە زۆر کێشەدا یارمەتیی یەکترمان داوە لە زۆر سەردەمی گرنگی مێژووەکەماندا. ئەوە راستییە و هۆی ئەوەیش کە هەندێک جار بەرزی و نزمی لە پەیوەندییەکانماندا دەبێت، دەکرێت کێشەی بچووک بن یان هەڵەتێگەیشتن بێت لە پەیوەندییە زۆر ناوخۆیی و دۆستانەییەکانمان. ئێمە پێویستیمان بەوەیە سەرنج بخەینە سەر ئەو بوارانەی دۆستایەتی و برایەتی نێوان هەردوو نەتەوەمان. ئەمە زۆر گرنگە. هەروەها هەوڵبدەین لە رێگەی دانوستاندن و داناییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو بوارانە بدرێت کە هەندێک جار ناکۆکی بچووکیان لەسەر دروست دەبێت. ئەمە زۆر گرنگە. ئێمە لەگەڵ برایانی کوردمان لێرە لە کوردستان هاوسۆزین. هەمان هاوسۆزیی ئەرێنیمان بەرامبەریان هەیە. وەکو دەزانن، زۆر کەناڵی هاوکاریمان هەیە. گەلی ئێمە و گەلی ئێوە زۆر کەناڵی پەیوەندیکردنیان هەیە. هەندێک جار هەمان خێزانیان هەیە. هەندێک جار زۆر بواری پەیوەندیکردنیان هەیە. ئینجا دۆخەکە لەو لایەنەوە زۆر ئەرێنییە. بۆیە گرنگە ئەم پەیوەندی و دۆستایەتییە بەرز بنرخێنرێت و هەوڵبدرێت لە لایەنە جیاوازەکانەوە پەیوەندییەکان بەهێز بکرێن، لەنێویشیاندا قووڵتر لە یەکتر تێگەیشتن، ئەوە زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی لێکتێگەیشتن کرۆکی مامەڵەکردن و کرۆکی هاوئاهەنگییە. بەدیاریکراوی پێویستیمان بەوەیە یارمەتی نەوەی نوێمان لە ئێران و کوردستان بدەین تاوەکو یەکدی بناسن بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە مامەڵە بکەن. ئەوە زۆر گرنگە. وەک ئەوەی ئێستا هەیە. ئەوەی پێویستمانە ئەوەیە ئەم پەیوەندییانە بە باشی بەهێز بکەین. رووداو: وەکو گوتت، هەندێک جار لەم پەیوەندییانەدا بەرزی و نزمی دەبێت. ئێمە لە بەرزییەکەداین یان لە نزمیەکەدا؟ لەبەرئەوەی رەنگە ئێستا پەیوەندییەکە لە باشترین دۆخدا نەبێت کە هەردوولا دەیانەوێت. پرسیارەکەم ئەوەیە ئێستا بەربەستی بەردەم پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران چییە؟ ئەو هاوڕانەبوون و بەربەستە چییە؟ خەلیل شیرغولامی: دەزانیت، لە لایەنی ئێرانەوە هەندێک نیگەرانیی ئەمنی لەبارەی هەندێک چالاکیی هەندێک گرووپی تیرۆریستی هەیە، کە هەندێک جار دزە دەکەنە نێو ئێران و هەندێک چالاکیی نایاسایی یان کردەی تیرۆریستی لەنێو وڵاتەکەمان دەکەن. ئەمە چەند جارێک بابەتی پەیوەندیی نێوان بەرپرسانی ئێرانی و بەرپرسانی کوردستان بووە. من باوەڕی تەواوم هەیە کە دەتوانین چارەسەر بۆ ئەمە بدۆزینەوە. رەنگە لێکدانەوەی جیاوازمان بۆ کێشەکە هەبێت. لە هەمان کاتدا شتێکی باش دەبێت کە هەوڵبدەین نیگەرانییەکان و نیگەرانییە ئەمنییەکانی یەکتر بڕەوێنینەوە. هەروەک چۆن بۆ زۆر کێشەی دیکە بە هەمان شێوە بووە. دەزانی، هەندێک هەڕەشەی هاوبەشی ئەمنی لەسەر کوردستان و ئێران هەبوون، بەتایبەتی داعش. خۆت ئاگاداری ئەزموونە مێژووییەکەی هاوکاری و هاریکاری نێوان هەردوو گەلمانن لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا. بۆیە پێموایە دەتوانین لە رێگەی مامەڵەی پەیوەندیکردن و هەوڵدان بۆ قسەکردن لەگەڵ یەکتردا ئەنجامی باش بەدەستبێنین. ئەوە شتێک نییە کە بتوانێت رێگە لە پەیوەندییەکانمان بگرێت. پێم وایە ئەوە شتێکە دەتوانرێت لە رێگەی دانوستاندن و مامەڵەی قووڵتری نێوان هەردوولاوە چارەسەر بکرێت. رووداو: بۆچوونی تۆ لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەوە لە رێگەی دانوستاندنەوەیە. راستییەکەی من هەمان بۆچوونیشم لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانەوە بیستووە. پرسیارەکەم ئەوەیە، لە کاتێکدا هەردوو لایەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق هەمان بۆچوونیان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان و هەڵە تێگەیشتنەکان هەیە و وەکو گوتت هەندێک جار لێکدانەوەی جیاواز هەیە بۆ نیگەرانییەکان، بۆچی هەندێک جار دانوستاندن سەرناگرێت و سەر دەکێشێت بۆ ئامرازی دیکەی وەکو هێرش و بەکارهێنانی هێزی سەربازی؟ خەلیل شیرغولامی: ئێران هەرگیز هێزی سەربازیی دژی دۆستە کوردەکانمان بەکارنەهێناوە. خاڵەکە ئەوەیە.. بەڵێ، وەک پێم گوتی، رەنگە بەڵگەی جیاواز لای هەردوولا هەبێت، بەڵام ئەوەی لە پێشوودا روویداوە هەڕەشەی نزیک لە روودان بوون دژی ئێران لەلایەن هەندێک فاکتەری دەرەکییەوە کە مەرج نییە لە سوودی هەرێمی کوردستانیش بووبێت. بۆیە ئێران دۆستەکانمانی نەکردووەتە ئامانج، مەبەستم حکومەت و خەڵک لێرە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام خاڵەکە ئەوەیە کە دەکرێت و دەبێت هەندێک بنەمای لێکنزیکبوونەوە هەبن کە ببنە بابەتی دانوستاندنی نێوان هەردوولامان، لەنێویاندا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق. لەوانەیە بتوانین لەسەر بنچینەی ئەو رێککەوتنە ئەمنییە هەرێمی کوردستانی عێراقیش بابەتێکی هاوکارییەکان بێت. پێموایە دەکرێت ئەوە ببێتە خاڵی دەستپێک و وەرچەرخانی دانوستاندنەکانمان و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە نیگەرانییەکانی یەکدی و هەوڵبدرێت کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکرێن. من تەواو متمانەم هەیە کە ئەمە شتێک نییە هاوکارییەکانمان لەداهاتوودا سنووردار بکات، لەبەر ئەو راستییەی کە دۆستایەتیمان هێندە رەگی لە مێژوودا داکوتاوە و زۆر بواری بەرژەوەندی هاوبەش و بەهای هاوبەشمان هەیە کە بە ئاسانی دەتوانین ئەم دۆخە تێپەڕێنین. رووداو: گوتت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نایەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی جەنگ، بەڵام رەنگە کەسێک لە هەرێمی کوردستان بپرسێت بۆچی ئێران لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندینجار هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەگەر ئێران نایەوێت ئەم هەرێمە و ئەم وڵاتە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ؟ خەلیل شیرغولامی: بەڵێ، زۆر گرنگە لە لایەنەکەی دیکەشەوە تێگەیشتن بۆ ئەم بابەتە هەبێت. دەزانیت من باسی ئەو راستییەم دەکرد کە لەنێو عێراقدا هەندێک جووڵەی نێوخۆیی وداگیرکاری هەن. سەرچاوەی زۆر لە کێشەکان لە ناوچەکەماندا دووداگیرکارین. یەکەمیان، داگیرکردنی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە. دووەمیشیان کە زۆر بێزاری لە ناوچەکەمان بە تایبەت لە عێراقدا دروست دەکات، هەبوونی ئەمریکییەکانە لێرە لە عێراق و لە هەندێک شوێنی ناوچەکە کە سەرچاوەی ئاسایش و سەقامگیری نییە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەی ناسەقامگیری، کاتێک کە لێی دەڕوانین.. بۆیە لەسەر بنەمای ئەوە، پێم وایە سەرەتا پێویستە لە داینامیکی بنەڕەتی نێو هەر وڵاتێک سەبارەت بە دیاردە سیاسییەکان تێبگەین. بۆ نموونە، لەنێو عێراقدا زۆر بیانوو دژی ئێران هەن لەبارەی دروستکردنی گرووپی بەرهەڵستکاری و بەرەنگاربوونەوە (موقاوەمە)، کە ئەمەش بەو جۆرە نییە، لەبەر ئەو راستییەی کە ئەوە رەگی لەنێوداینامیکی ناوخۆیی و خۆجێیی کۆمەڵگەی عێراقدایە. سەیری هەندێک لەو شتانە بکە کە بەهۆی سەرهەڵدانی داعشەوە بەسەر عێراقدا هاتن و ئەوەی دژی گەلی عێراق کردی کە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بوو بۆ هەموو عێراقییەک. لەسەر ئەو بنەمایە، عێراقییەکان بڕیاریاندا بەرەنگاری ببنەوە و سنوور بۆ ئەو هەڕەشە راستەخۆیە دابنێن کە خەریکبوو کاریگەری لەسەر هەموو شوێنێکی عێراق دابنێت، تەنانەت لە کوردستانیش وەک دەزانیت. بۆیە ئەمە ئەو راستییەیە کە هەندێک داینامیکی نێوخۆیی لەنێو عێراقدا بۆ هەبوونی ئەو کەسانە هەن کە تێڕوانینی خۆیان لەبارەی کێشە و ئاڵنگارییەکانی وەک داگیرکاری یان هەبوونی هێزی دەرەکی لەم ناوچەیەدا هەیە. سەبارەت هەرێمی کوردستان، وەک پێم گوتی، ئێمە تێڕوانینی خۆمان هەیە و هەندێک بەڵگە هەن و لەلایەنی ئێرانەوە هەندێک نیگەرانی رژدی ئەمنی هەبوون سەبارەت بە ئیسرائیلییەکان کە دەیانەوێت لەم هەرێمەدا کاریگەری دابنێن و هەندێک شت دژی ئێران بکەن کە هەندێک بەڵگە و دۆکیۆمێنت لەوبارەیەوە هەن. بۆیە پێموایە باشترین رێگە بۆ چارەسەری هەموو ئەم کێشانە لە رێگەی دانوستاندن و هەڵوێستی ئەرێنی هەردوولاوەیە، متمانەی زۆریشم هەیە کە دەتوانین بە دانایی هەردوولا ئەم رێگەیە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان بگرینەبەر. رووداو: ئایا ئێران ئەو بەڵگەنامانەی داوەتە عێراق یان کوردستان کە بەلای ئێوەوە پاساوی هێرشەکانی دەسەلمێنن؟ خەلیل شیرغولامی: من لەو پێگەیەدا نیم، چونکە، وەکو دەزانیت، ئەمە بابەتێکە دەبێت ئەو کەسانەی بەرپرسیارن قسەی لەسەر بکەن و روونی بکەنەوە. من لەو پێگەیەدا نیم، بەڵام دەتوانم ئەوەتان پێ بڵێم کە زۆر گەڕی پەیوەندیکردن لەنێوان هەردوولادا هەبوون. وەک پێم گوتی، رەنگە لێکدانەوەی جیاوازمان بۆ دۆخەکە هەبێت. ئەگەر ئەمە بەم جۆرە بێت، واتای ئەوە نییە کە ناتوانین هیچی دیکە بکەین. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بەشداری ئەرێنیی خۆمان لە پەیوەندی دۆستانەدا هەبێت و هەوڵبدەین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین. پێم وایە ئەوە شتێکە کە دەکرێت لە رێگەی کەناڵی هەمەچەشنی پەیوەندی نێوان هەردوو گەلەکەمانەوە چارەسەر بکرێت، وەک کەسانی ئەمنی و سیاسەتڤان و هەروەها کەسانی دیکەشەوە. رووداو: رێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان ئێران و عێراق هەیە و هەرێمی کوردستانیش لەو رێککەوتنە ئەمنییەدا بەشدارە. ئایا هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی عێراق بە تەواوی پابەندی ئەو رێککەوتنەن؟ خەلیل شیرغولامی: عێراق وەکو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەر و سەربەخۆ، مەبەستم ئەوەیە وەکو دەوڵەتێکی نیشتمانی، گشتگیرییەکی هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە، بێ گوێدانە سیستمی سیاسی و سیستمی فیدراڵی و هەموو شتەکانی دیکە، ئەمە پابەندێتیی حکومەتی عێراقە. ئەوە رێککەوتنێکی دوو قۆڵییە. بێ لەبەرچاوگرتنی هەموو وردەکارییەکان یان بوارەکانی ناکۆکیی نێوخۆی عێراق، ئێمە حکومەتی عێراق وەک هاوبەشی ئەو رێککەوتننامەیە دەبینین. هەروەها حکومەتی عێراقیش هەر جۆرە ناکۆکی و گرژییەکی نێوخۆیی عێراق لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر دەکات و هەوڵدەدات ئەوە لەنێو وڵاتەکەدا سەربگرێت. ئێمە وا بیر دەکەینەوە. رووداو: ئایا عێراق پابەندی ئەم رێککەوتنەیە؟ وەکو ئەوەی تۆ ئەم رێککەوتنە هەڵدەسەنگێنیت، کاتێک باسی رێککەوتن دەکەین، لەنێوان دوو لایەندایە و دەبێت هەردوولا پابەندی بن. ئایا تا ئێستا عێراق پابەند بووە؟ خەلیل شیرغولامی: حکومەتی عێراق چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە پابەندە. هاوکات هەندێک کێشەی تەکنیکی لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەدا هەبوون لەلایەن عێراقەوە. لە راستیدا ئەوە بابەتی دانوستاندنی نێوان هەردوو وڵاتە و کاتێک حکومەتی عێراق دەڵێت و جەخت دەکاتەوە کە پابەندی ئەو رێککەوتنەیە، ئەوا پێم وایە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە یان بۆ جێبەجێکردنی هەموو وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە دەتوانین پێکەوە کار بکەین و هەوڵبدەین ئەو کێشە تەکنیکییانە چارەسەر بکەین کە هەمانن. رووداو: لە دوایین هێرشی ئێراندا بۆ سەر هەولێر بازرگانێک کوژرا، هەروەها هاوڕێیەکی و کچە تەمەن یەک ساڵانەکەی. حەز دەکەم هەڵوێستی تۆ لەوبارەیەوە بزانم. ئایا نوێنەرەکانتان لە هەولێر، لە کۆنسوڵخانەی ئێران، سەردانی ئەو خێزانەیان کردووە؟ خەلیل شیرغولامی: دەزانی، خاڵەکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستە لە هەڵوێستی یەکتر تێبگەین، کاتێک لە هەر دیوێکەوە سەیری دۆخەکە دەکەین. تۆش دەتوانیت سەیری ئەوە بکەیت کە لە کرمان لە ئێران روویدا، بەپێی هەندێک بەڵگە هەندێک لایەنی دەرەکی تێوەگلاون، زیاتر لە 100 کەسی بێتاوان کوژران، لە کەمتر لە کاژێرێکدا. بۆیە ئەمانە ئەو خاڵانەن کە دەکرێت ببنە بابەتی دانوستاندن و مامەڵەکردن لەنێوان هەردوولادا. تێدەگەم کە تێڕوانین هەیە. تێڕوانینی هەڵە هەیە و هەندێک جاریش هەڵەتێگەیشتن هەیە. دەکرێت ئەوە هەندێک لێکەوتەی کردەیی نەرێنیشی لای هەردوولا هەبێت، بەڵام ئەوە گرنگە زۆر بە رژدی و بە هەڵوێستێکی ئەرێنییانەوە بیر لە نیگەرانییەکانی هەردوولا بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی ئەم مامەڵەیەوە بگەینە چارەسەرێک. ئەمە شتە گرنگەکەیە بۆ داهاتووی پەیوەندییەکان. رووداو: بۆ من تۆ لایەنەکەی دیکەیت، چونکە من لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەواڵەکان دەبیستم. پەیوەندیی نێوان ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان چۆنە؟ خەلیل شیرغولامی: دەزانی، ئەوە پرسێکی ئاڵنگاریی هەڵگر بوو، لەبەر ئەو راستییەی کە بابەتی ناکۆکی هەیە، بابەتی جیاوازی هەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە بەگشتی بەرامبەر کوردستان بیری لێدەکەینەوە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان گەلێکی دۆستە، گەلێکی دۆستی ئێرانییەکان و ئێمەش هەمان هاوسۆزی و هەڵوێستی ئەرێنیمان بەرامبەریان هەیە. بۆیە پێم وایە بەبێ گوێدانە دابەشکارییە جیاوازەکان، ئێمە پێویستە سەیری کۆی گشتیی بابەتەکە بکەین، واتە رێبازی گشتگیرانە بەرامبەر یەکدی، چونکە لە رێبازی گشتگیرانەدا زۆر لایەنی گرنگی لێکنزیکبوونەوە و بابەتی هاوبەشمان هەیە کە ئەم رێبازە دەتوانێت یارمەتی چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک بدات، نەوەک ئەوەی سەرنج بخرێتە سەر بابەتی جیاوازییەکان. بابەتی جیاوازییەکانیش لای هەر لایەک گرنگە، بەڵام رێگەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان هەمیشە ئەوە نییە زەقبکرێتەوە، بەڵکو ئەوەیە هەوڵی گرتنەبەری کەناڵیکی گونجاوی پەیوەندیکردن لەنێوان هەردوولادا بدرێت تاوەکو هەوڵبدەن لێیەوە بگەنە ئەنجامێکی باش. رووداو: بەگشتی کێشەکە ئەوەیە کە دەنگدانەوەی هەر کێشەیەک زۆر گەورەترە لە دەنگدانەوەی هەموو شتە هاوبەشەکان. خەلیل شیرغولامی: وایە. دەزانیت ئەوە هەمیشە بۆ هەموو بابەتە سیاسییەکان وایە. رووداو: دەتوانیت یەک کێشەی سەرەکیم پێ بڵێیت کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا لەسەری ناکۆکن؟ خەلیل شیرغولامی: دەزانی، من ناچمە نێو وردەکارییەکانەوە لەبارەی بابەتی جیاوازییەکانەوە، چونکە هەروەک ئەوەی هەوڵدەدەم بۆتی روون بکەمەوە، ئێمە بەنیاز نین جەخت لەسەر بابەتی جیاوازییەکان بکەینەوە. با هەوڵبدەین ئەرێنی بین. با هەوڵبدەین ئەرێنییانە بیر بکەینەوە و بۆ داهاتوومان بە رێگە ئەرێنییەکەدا بڕۆین. رووداو: ئەمە بۆ بینەرانم گرنگە، من وەک خۆم لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە عێراقیش ئەمە زۆر دەبیستم، کەسانێکی ئەکادیمی و سیاسی دەڵێن، "ئێران دژی هەرێمی کوردستانی عێراقە"، "ئێران حکومەتی عێراقی کۆنترۆڵ کردووە و لە رێگەی حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵیی عێراقەوە هەوڵدەدات دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمەکە لاواز بکات"، لەوبارەوە چ دەڵێن؟ خەلیل شیرغولامی: ئەمە پەیوەندی بە زانیاریی ناڕاست و هەڵمەتی زانیاریی هەڵەوە هەیە کە هەندێک جار هەندێک لایەنی دەرەکی دەستیان تێیدا هەیە. با لە ناخی دڵمەوە پێت بڵێم، ئەمە بەو جۆرە نییە. ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە لە زۆر لایەنەوە، وەک بابەتە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و هەروەها مامەڵەی گەل لەگەڵ گەل. هەروەها ئێمە وەک ئاسایشی خۆمان لە ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراقمان روانیوە. ئێوە ئاگاتان لە چیرۆکی داعشە کە چۆن ئێران ئەرێنییانە بەشداری کرد تاوەکو بەرەنگاری ئەو ئاڵنگارییە ببێتەوە لە تەواوی عێراق و لە هەرێمی کوردستانیشدا هەبوو. ئەوە لەنێو ئەو سەردەمە زۆر گرنگەدایە کە خەڵکی کوردستان پێویستی بە یارمەتیمان بوو و ئێمەیش یارمەتیمان دان، چونکە ئێمە وەک گەل و خەڵکی خۆمان سەیریان دەکەین. ئەمانە هەندێک تێڕوانینی هەڵەن، چونکە عێراق بۆ ئێران زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی دراوسێی نزیکمانە. هەر کێشەیەک لە عێراق راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئێرانیش دەبێت. لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنە، لە لایەنی ئێرانەوە پێمان وایە هەر کێشەیەک لە هەر لایەکی عێراقەوە دەکرێت ببێتە کێشە بۆ ئێرانیش. بەداخەوە، لە چوار- پێنج ساڵی رابردوودا، چەند ساڵێکی وا، هەڵمەتی پڕوپاگەندەی دژ بە ئێران و عێراق هەیە، نەوەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە دیوە عەرەبییەکەی عێراقیش. ئاگاداریت چی روویدا پێشتر کە هەندێک لایەن هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر کۆنسووڵخانەکەمان لە کەربەلا و لە نەجەف. ئەو ماوەیەت بیرە، ئەوە پەیوەندی بە لایەنی دەرەکییەوە هەیە کە هەوڵدەدات کاریگەری دابنێت و هەوڵدەدات کاریگەرییەکی رووخێنەری لەسەر پەیوەندییە زۆر باشەکەمان هەبێت. بۆیە پێم خۆشە جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێمە هاوسۆزی زۆرمان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها بۆ ئیدارەکەی لێرە لەم هەرێمە، ئەوە شتێکە کە هەندێک کێشەی بچووک ناتوانێت کاریگەری زۆری تێبکات. بۆیە ئەمانە زانیاری هەڵە و هەڵەتێگەیشتنن. لەبەرئەوە پێویستمان بە پەیوەندی و تیکەڵاوی زیاترە لە کەناڵی هەمەچەشنەوە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/230420241
دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات. گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت: "چاوەڕوانین لەم رۆژانەدا وادەی کۆبوونەوەکان دەستنیشان بکرێت." مایڵز کاگینز، گوتەبێژی دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "خاڵێکی بەسوودی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ عێراق ئەوەیە کە بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان رێڕەوی دووەم دەڕەخسێنێت بۆ نەوت تاوەکو بگاتە بازاڕەکانی جیهان، بازاڕەکان لە رابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکان لە ئۆکراینا شڵەژان، هەروەها رەوشی ئەمنی لە دەریای سوور، بۆیە عێراق بەهێزتردەبێت کاتێک دوو خاڵی هەناردەکردنی هەیە." لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، گوتەبێژی دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان باسی خواستی کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و گرفت و کێشەکانی ئەو دۆسیە و زیانەکانی راگرتنی کرد چ بۆ عێراق و چ بۆ کۆمپانیاکانی نەوت. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان: رووداو: راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتت بینیوە، دەمەوێت بپرسم بە بۆچوونی خۆت پێتوایە حکومەتی عێراقی جیددییە لەبارەی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟ مایڵز کاگینز: راگەیێندراوەکەی بەغدا لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆرەوە پێشوازی لێکرا، ئێمە ئەو کاتە دەزانین کە جیددین کۆبوونەوەکان بە راستی دەکرێن، تەنیا رۆژێکە کە راگەیێندراوەکە بڵاوکراوەتەوە و هەندێک کاتی پێدەچێت بۆ دانانی کاتی کۆبوونەوەکە و یەکلاکردنەوەی شوێن و کاتەکە و هاوئاهەنگی لەنێوان هەشت کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکەی ئەندامی ئەپیکۆر لەگەڵ بەرهەمهێنەری دیکەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کاتی پێدەچێت تاوەکو کۆبوونەوەکە رێکدەخرێت، بەڵام خۆشحاڵین کە دەبینین وەزارەتی نەوت راگەیێندراوی گشتی بڵاودەکاتەوە لەبارەی گرنگیی کۆبوونەوەکان و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەکەوە. رووداو: بێگومان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان خۆشحاڵن بەم راگەیێندراوە، چونکە وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی عێراق لانیکەم لە چەند مانگی رابردوو ئامادە نەبوو گفتوگۆ بکات، بە بۆچوونی تۆ چی وا لە حکومەتی عێراق یان لانیکەم لە وەزارەتی نەوت دەکات بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەکی وا بکات؟ مایڵز کاگینز: پێمانوایە وەزارەتی نەوت بە چەند هۆکارێک ئەم بڕیارەی داوە. با روونیبکەمەوە، یەکەم، وەزارەتی نەوت و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا تێدەگەن بۆ ئەوەی عێراق ئەوپەڕی گەشەی هەبێت دەبێت بەرهەمهێنانی نەوت لە هەموو ناوچەکانی وڵاتەکە هەبێت. دەبێت بەرهەمهێنان لە باشوور هەبێت لە بەسرە، هەروەها لە میسان و بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوەڕاستی عێراق، بێگومان بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستانیش. ئەمەش پرسێکی ئابوورییەوە، بەڵام هەروەها گوشاری دەرەکی هەبوو، حکومەتی ئەمریکا لەنێویاندا سەرۆک بایدن و سەرکردەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و وەزارەتی وزەی ئەمریکاش، ئەمان گوشاریان لە سەرۆکوەزیران سوودانی و حکومەتی عێراق دەکرد بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە بۆرییەکەوە. هەروەها ئێمە بیستمان کە گوشاری دەرەکی دیکە لە وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوتەوە هەبووە کە پەیامێکی هاندانیان بە بەغداوە داوە و گوتوویانە؛ بڕوانە، پێویستە کەرتێکی بەهێزی نەوت و گازمان هەبێت لە وڵاتەکەتدا لە عێراق، چونکە وەبەرهێنانی دەرەکی زیاتر و زیاتر رادەکێشێت و هێزی زیاتر بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری ئۆپێک دروستدەکات. رووداو: ئاماژەت بە ئۆپێک کرد، هەفتەی داهاتوو بە دیاریکراوی 2ی حوزەیران، کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس هەیە، بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس و ئەو سنوورانەی بۆ عێراق داندراون لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، پێتوانییە بەشێوەیەک ئەمە دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی دەستبکاتەوە بە هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە؟ مایڵز کاگینز: ئۆپێک مێژوویەکی بەهێز و کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر بازاڕە جیهانییەکانی نەوتدا هەیە. ئۆپێک لە عێراق دامەرزرا، یەکەم کۆبوونەوەی چەندین ساڵ پێش ئێستا لە بەغدا کرد، ئێستاش عێراق دووەم بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئۆپێک پڵەس، ئەندامانی ئەپیکۆر بڕوایان وایە ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت دەبێتە بخرێتە نێو پشکی عێراقەوە لە ئۆپێک، لە درێژخایەنیشدا، وەزیری نەوتی عێراق عەبدولغەنی گوتی کە ئەو دەیەوێت عێراق ببینێت کە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەمبێنێت، ئێستا بەرهمهێنان نزیکەی سێ ملیۆن و نیو بەرمیلە لە رۆژێکدا، هەرێمی کوردستانیش دەبێتە بەشدارێکی گرنگ لە بەرهەمهێنانی تێکڕای نەوت لە عێراق. رووداو: نزیکەی 18 مانگ پێش ئێستا هەڤپەیڤینێکمان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کرد، کاتێک پرسیارمان لێکرد لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو گوتی بە جۆرێک ئەوە بۆ ئەوان لە وەزارەتدا شتێکی ئەرێنی بووە، چونکە کاتێک نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرا ئێمە لەلایەن ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسەوە رەخنەمان لێدەگیرا کە ناتوانین پابەندی سنووری بەرهەمهێنان بین، بەڵام ئێستا کە رۆژانە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل کەمترمان هەیە، ئێستا ئاسوودەین چونکە پابەندییەکانمان جێبەجێ دەکەین، چیت هەیە لەبارەی ئەم قسەیەوە؟ مایڵز کاگینز: وەزیری نەوت پیاوێکە کە لەم پیشەسازییە تێدەگات و بێگومان لە رۆڵی جیهانیی عێراق تێدەگات بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان روودەدات، پێویستە ئەوە لەخۆبگرێت کە چۆن بەرهەمهێنانی ئێمە بەشێکە لە پشکی ئۆپێک، خاڵێکی بەسوود هەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەو سوودەش ئەوەیە کە بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان رێڕەوی دووەم دەڕەخسێنێت بۆ نەوت تاوەکو بگاتە بازاڕەکانی جیهان، بازاڕەکان لە رابردوودا شڵەژا بەهۆی ئاڵۆزییەکان لە ئۆکراینا، هەروەها رەوشی ئەمنی لە دەریای سوور، بۆیە عێراق بەهێزترە کاتێک دوو خاڵی هەناردەکردنی هەیە، هەر ئەمەش هۆکارە کە دەبینین حکومەتی عێراق سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر بۆری کەرکووک، بۆریی کەرکووکیش نەوت دەباتەوە بەندەی جەیهان لە تورکیا، بۆیە هەموو ئەم بەرهەمانە سوودی بۆ عێراق هەیە. رووداو: ئێستا کۆبوونەوەیەک هەیە کە دەکرێت، لانیکەم لە چەند رۆژی داهاتوودا، وەکو ئەپیکۆر ئەو مەرجانە چییە کە هەتانە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت؟ مایڵز کاگینز: ئێمە لەبارەی مەرجەکانمان زۆر روون بووین. یەکەم، دەمانەوێت دڵنیابین کە هەر گۆڕانکاری و هەموارێک لە گرێبەستەکاندا دەکرێت رێککەوتن لەخۆدەگرێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراق. دووەم، دەمانەوێت دڵنیاییمان هەبێت لەبارەی پێدانی پارە، دەمانەوێت بزانین چۆن و کەی حەقدەستەکانی رابردوومان وەردەگرین لەگەڵ حەقدەستەکانی داهاتوومان، دەشمانەوێت کە هەمان مەرجە بازرگانییەکانمان بمێننەوە کە ئێستا هەمانە لەژێر گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەروەکو لە دوایین راگەیێندراومان بڵاومانکردەوە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆر کراوەن و ئامادەین گۆڕانکاری لە گرێبەستەکانماندا بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەکەوە. رووداو: وەکو گوتت کۆمپانیا نێدەوڵەتییەکانی نەوت لە کوردستان حەقدەستەکانی رابردوویان دەوێت هەروەها گەرەنتییەک بۆ حەقدەستەکانی داهاتوویان، لێرە بە بۆچوونی تۆ، ئەگەر نەوت نرخی 100 دۆلار بێت بۆ هەر بەرمیلێک، پێویستە چەند بدرێتە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی، یەکەم قازانج بکەن، دووەمیش، قەرەبووی زیانەکانیان بکەنەوە؟ مایڵز کاگینز: با ئەم دوو بابەتە جیابکەینەوە، من سەرەتا باسی زیانەکان دەکەم، ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندرا لەنێوان ئۆکتۆبەری 2022 و ئاداری 2023، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆر حەقدەستی خۆیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەرنەگرتووە کە ملیارێک دۆلارە، بەڵام کاتێک دەچینەوە پێشەوە و هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە مەرج نییە کە داواکاری هەبێت ئەو ملیار دۆلارە بە کاش بدرێت پێش ئەوەی هاردەکردن دەستپێبکاتەوە، بەڵام هەر رێککەوتنێک بکرێت پێویستە ئەوەی تێدا لەبەرچاو بگیرێت کە چۆن و کەی ئەو ملیار دۆلارە دەدرێت بۆ ئاییندەش پێویستە بزانین کە دڵنیایی هەیە بۆ پێدانی حەقدەست، ناتوانین لە کاردا بەردەوام کە تێیدا ئێمە نەوت بەرهەمدێنن و نەوتەکەش دەفرۆشرێت و ئێمە پارەکەمان دەستناکەوێت ئیتر ئەگەر لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت یان حکومەتی عێراق، ئەمە بنەما سەرەتاییەکانی بازرگانییە، فرۆشیار و کڕیار و ئاڵوگۆڕی پارە هەیە، پێویستە ئێمە بزانین کەی پێدانی پارەکە کەی دەبێت و چۆن دەبێت. رووداو: بە گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق بە بۆچوونی تۆ، پێتوایە بۆچی پار لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا حکومەت وەڵامی داوا و داخوازییەکانی ئیپیکۆری نەدایەوە؟ مایڵز کاگینز: کە دادگایی ناوبژیوانێتیی نێوان تورکیا و بەغدا دەستی پێکرد، ئەوە چارەسەر کرا و لە ئەنجامدا حکومەتی تورکیا لە تشرینی یەکەمی 2023دا دوای بوومەلەرزەکە رایگەیاند کە بۆرییەکە بۆ هەناردەکردنی نەوت ئامادەیە. بەڵام لەو کاتەوە ناسازگاریی سیاسی هەبووە رەنگە من ئەمە بە شێوەیەکی جیاواز بڵێم حکومەتی فیدراڵیی عێراق نەیویستووە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە پرۆپۆزەڵەکان بخاتە روو و داوای کۆبوونەوە بکات بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت گەلێک چالاکییان هەبووە و حکومەتی ئەمریکاش چالاکیی هەبووە کە هانی بەغدای داوە کارە راستەکە بکات و، کارە راستەکەیش ئەوەیە کە هەموو خەڵکی عێراق لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا بن. کارە راستەکە ئەوەیە ئەوە رابگیردرێت کە مانگانە ملیارێک دۆلار لەدەست بدرێت، لەبەر ئەوەی بۆرییەکان داخراون کارە راستەکە ئەوەیە کە بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ خەڵک و ئەو کۆمپانیایانەدا بکرێت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن کە خەڵک و کۆمپانیا کارکەرەکان لە سنووری حکومەتی فیدراڵیی عێراقدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت جا ئێستا کارە راستەکە بۆ بەغدا ئەوەیە کۆبوونەوە لەگەڵ هەرسێ لایەندا بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بەم گرفتی بۆری نەوتە بهێنن. رووداو: تێچووی بەرهەمهێنان یەکێکە لە گرفتەکان بە گوێرەی زانیاریی تۆ و ئەو کۆبوونەوانەی لە بەغدا و شوێنەکانی دیکەی وەک ئیمارات کران، ئایا هیچ رێکارێک هەیە یان ئایا هیچ لێکتێگەیشتنێک لەنێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی عێراقدا هەیە و ئایا حکومەتی عێراق بە هیچ جۆرێک ئامادەیە لەم بارەیەوە دانوستاندن بکات؟ مایڵز کاگینز: ئەوەی ئێمە چاوەڕێی دەکەین بانگهێشتی راستەقینە و فەرمیی کۆبوونەوەیە تاوەکو لەبارەی دەستکردن بە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە گفتوگۆ بکەین. هیوادارین ئەجێندایەکمان بەدەست بگات و دەمانەوێت بزانین چ بابەتێک گفتوگۆی لەسەر دەکرێت هەروەها پێشوازی لە وەزارەتی نەوت دەکەین بۆ ئەوەی پرۆپۆزەڵێکی نووسراو بخاتە روو کە کۆمپانیاکانمان بتوانن هەڵیبسەنگێنن. کاتێک ئێمە ئەو خاڵانە و ئەو پرۆپۆزەڵە رەشنووسەمان لە بەردەستدا بوو، ئەو کاتە دەتوانین دەست بکەین بە شیکاریی ئەگەری تێچووی هەر بەرمیلێک. رووداو: کەواتە تاوەکو ئێستا هیچ بانگهێشتێکی فەرمی نییە بۆ ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هیچ ئەجێندایەکیش بۆ ئەو کۆبوونەوەیە نییە؟ مایڵز کاگینز: نەخیر، بەڵام مەرج نییە ئێمە پێشبینی ئەوە بکەین کە لەگەڵ راگەیاندنی ئەو کۆبوونەوەیەدا لە 24 کاژێردا ئەو ئەجێندایە بێتە بەردەستمان، چاوەڕێ دەکەین، رەنگە سبەی یان دوو سبەی شتێک روو بدات. رووداو: وەک ئەپیکۆر پێشبینیی چی لەو کۆبوونەوەیە دەکەن یان دەتانەوێت لەو ئەجێندایەدا چی هەبێت، بۆ نموونە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بڵێن "باشە، ئەمە ئەو کۆبوونەوەیەیە کە گرفتەکان چارەسەر دەکات"؟ مایڵز کاگینز: ئەوەی ئێمە حەز دەکەین لەم کۆبوونەوانەدا بیبینین چوارچێوەیەکی کارە بۆ پێداچوونەوە و ئەگەری دەستکاریکردنی گرێبەستەکان. دەمانەوێت بزانین ئەم گفتوگۆیانە چۆن بەڕێوە دەچن، هەروەها دەبێت کات و وێستگەی دیاریکراویشی هەبێت کە خاڵی بڕیاری گرنگی تێدا بێت و لەلایەن هەرسێ لایەنەوە پابەندێتی هەبێت کە زنجیرە کۆبوونەوە بکەن تا بە خێراترین شێوە کۆتایی بەم گرفتە بهێنن. وەزارەتی نەوت لە راگەیاندنەکەیدا دەڵێت کە ئەوان دەیانەوێت پەلە بکەن و بە خێرایی ئەم گرفتە چارەسەر بکەن و نەوت بچێتەوە بۆرییەکان. ئێمە پشتیوانیی ئەوە دەکەین و دەمانەوێت ئەم گرفتە بە زوویی چارەسەر ببێت. رووداو: لەبارەی دەستکاریکردنی گرێبەستەکانەوە، ئایا ئەمە بژارەیەکە کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئامادەن گفتوگۆی لەسەر بکەن؟ مایڵز کاگینز: کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور ئامادەن گفتوگۆ لەسەر دەستکاریکردنی گرێبەستەکان بکەن، بەڵێ. رووداو: ئەی چ خاڵێک لە گرێبەستەکاندا ئامادە نین قسەی لەسەر بکەن؟ مایڵز کاگینز: من ناتوانم بە ناوی هەر یەکێک لە کۆمپانیاکانەوە قسە بکەم. بەڵام وەک بنەمایەک دەڵێم کە ئەوە بۆ کۆمپانیاکانمان گرنگە سێ مەرجی پێشوەختەیان هەبێت: یەکەم، هەر گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکاندا بە رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێککەوتن بێت، دەبێت گەرەنتی پێدانی پارەکانی رابردوو و داهاتوو بکات کە حەز دەکەین هەمان مەرجی دارایی بپارێزن، بەڵام رەنگە جیاوازی هەبێت لەبارەی بڕی پێدانی پارەوە. ئیدی چ پارەکە لەلایەن هەولێرەوە بدرێت یان لەلایەن بەغداوە. رەنگە لە هەندێک دۆخدا هەندێک باج هەبێت کە بەغدا بەرژەوەندیی تێیدا هەبێت. نازانین، بەڵام ئێمە سەیری ئەم پرۆپۆزەڵانە دەکەین و لە کۆبوونەوەی گونجاودا دانوستاندنیان لەسەر دەکەین. رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە کوێی هەموو ئەمانەدان؟ مایڵز کاگینز: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و د. ئومێد تیمێکی زۆر زیرەکن من لە پشتی پەردەوە زۆر هەوڵم داوە و کۆبوونەوەی زۆرم کردووە و گفتوگۆم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکاندا کردووە و ئەوانیش لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان کردووە بەڵام من لەبری ئەوان قسە ناکەم بۆیە داوات لێدەکەم کە پرسیارەکەت ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و گوتەبێژەکەیان بکەیت جا من تەنیا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هاوبەشێکی باش و سەرڕاستی ئەو کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییانە بووە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. کۆمپانیا نەوتییەکانیش دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە کە هەر گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکاندا بە بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بێت. رووداو: ئایا دانوستاندن و کۆبوونەوەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا جیایە لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان؟ ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم دانوستاندنانە و ئەوانەی پێشتر بەشدارن یان ئەم دانوستاندنانە بەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن و دانوستاندنێکن لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن؟ مایڵز کاگینز: وەک لە ئەپیکور گوتوومانە، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا کۆببینەوە. راگەیێندراوەکەی دوێنێی وەزارەتی نەوتیش دەڵێت کە کۆبوونەوەی سێقۆڵی دەبێت کە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدا دەبێت. ئەمە گرنگە کە هەمووان هاوکات لە ژوورێکدا بن و لە ژینگەیەکی پیشەییانە و متمانەدا گفتوگۆی روون بکەین ئەوە دەبێت باشترین رێگەی گەیشتن بە ئەنجامی خێرا و رێککەوتنی خێرا. رووداو: ئایا گەشبینیت کە ئەمجارە ئەم گرفتەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت؟ مایڵز کاگینز: دەمەوێت بە پارێزەوە گەشبین بم کە ئەمە بەمزووانە چارەسەر دەبێت، بەڵام تاکە شتێک کە من وەک خۆم و کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکوریش بە رێژەیەکی زۆر هەمانە، هیوایە. ئێمە هیوامان هەیە کە چارەسەرێک بۆ گرفتی هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە هەبێت و هیوادارین هەموو لایەنەکان قایل ببن و هاوکاری بکەن، چونکە ئەمە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستە پیشەسازیی نەوت و گاز شادەمارە و پارەیەکی زۆر دەخاتە سەر ئابووری. زیاتر لە 80٪ی ئەو پارەیەی دێتە هەرێمی کوردستان لە رێگەی نەوت و گازەوەیە و هیوادارین بەمزووانە دەست بکەینەوە بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/290520241
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وەبەرهێنان دەڵێت، پلانێکی "ورد"یان داناوە بۆ راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی بۆ عێراق و لە پرۆژەیاسای بودجەشدا سندووقێکی تایبەت بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنان دانراوە. محەممەد نەجاڕ، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وەبەرهێنان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی بنیادنانی ژینگەیەکی گونجاو بۆ راکێشانی وەبەرهێنەر یان ژینگەیەکی باشتر بۆ وەبەرهێنان کار دەکات، لەو رووەشەوە رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ دەبینەوە، هەندێک لە یاساکان کۆنن و لەسەر بنەمای هاوبەشی دانراون، هەندێکی دیکەیان شەفاف نین و بیرۆکراتین. بەگوتەی راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "ئێستا زۆربەی وەبەرهێنەرە کوردەکان ئاراستەی کارکردنیان بەرەو نێوەڕاست و باشووری عێراقە" و دەڵێت: ئێمە وەک عێراقی سەیریان دەکەین نەک وەک کورد یان عەرەب، بۆ نموونە، چۆن هانی وەبەرهێنەری بیانی دەدین بێت بۆ عێراق، ئەویش مافی خۆیەتی کار بکات و کارئاسانی دەکەین بۆ وەبەرهێنەرە کوردەکان لە چوارچێوەی وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی عێراقدا. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد نەجاڕ، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وەبەرهێنان رووداو: پلانی حکومەتی عێراق چییە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی؟ محەممەد نەجاڕ: ئەزموونی عێراق لە هێنانی وەبەرهێنان ئەزموونێکی نوێیە، لە رووی مێژووییەوە ئێمە وڵاتێکین کە بەرهەمی نەوتمان هەبووە، زۆرینەی ئەو وەبەرهێنانەی کراون وەبەرهێنانی حکومی بوون، هەندێ جاریش کەرتی تایبەتمان هەبووە، دوای ئەوەی گەمارۆ خرایە سەرمان هەموو ئەمانە راوەستان، حکومەتی ئێستا لە چوارچێوەی بونیادنانی ژینگەیەکی گونجاو بۆ راکێشانی وەبەرهێنەر یان ژینگەیەکی باشتر بۆ وەبەرهێنان [کار دەکات]، لەم رووەشەوە رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ دەبینەوە، هەندێک لە یاساکان کۆنن و لەسەر بنەمای هاوبەشی دانراون، هەندێکی تریان شەفافییەتیان تێدا نییە و بیرۆکراتین، بوونی گەندەڵیش لە هەندێک کاتدا، بەڵام هەموو ئەمانە ئێستا خراونەتە پلانەوە بۆ دانانی ستراتیژێکی راستەقینە و داڕشتنی سیاسەتێکی وەبەرهێنان. پێشتر یاسای وەبەرهێنان لایەنی جێبەجێکردنی دامەزراندبوو بۆ وەبەرهێنان کە دەستەی وەبەرهێنان بوو لەگەڵ دەستەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگاکاندا ئەمە بۆ بەرەوپێشبردنی بابەتەکان بوو لەسەر کاخەز، بەڵام وەکو حکومەت بۆشایمان هەبوو لە نەبوونی ستراتیژی وەبەرهێنان و چۆنێتی هاندانی وەبەرهێنان لەسەر بنەمای کەرتە دیاریکراوەکان، ئێمە ئێستا لە تەواوکردنی ئەو ستراتیژەداین پشتیوان بە خودا و پێمانوایە بەشی یەکەمی ئەو وەبەرهێنەرانەی دەهێنرێن بۆ عێراق لە وڵاتانی دراوسێوە دێن، ئەوەش بەهۆی نزیکییان و ئاسانی زمان و شارەزاییان لە بازاڕی عێراقدا، لە ساڵی داهاتووشدا هەوڵ دەدەین بۆ راکێشانی وەبەرهێنەرانی جیهانی بۆ عێراق. رووداو: ئایا ژینگەی سیاسی کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر هێنانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ عێراق؟ محەممەد نەجاڕ: ئێستا لە راستیدا خواستێکی زۆر هەیە لەلایەن زۆربەی وەبەرهێنەرانەوە، وەک راوێژکاری وەبەرهێنان پێشوازی لە زۆر لەو شاند و وەبەرهێنەرانە دەکەم و خواستێکی زۆر هەیە، بەڵام تۆ دەزانی کە ئەو دۆخەی ئێمەی تێداین تەمەنی 6 مانگە سەقامگیری و ئاسایش هەیە سوپاس بۆ خودا، زۆرینەی ئەوانەی ئێستا هاتوون لە قۆناخی کێوماڵکردندان و خواستیان هەیە بۆ جێبەجێکردنی وەبەرهێنان، کارتێکەرە سیاسییەکان و نەبوونی سەقامگیریی پاشەکشێیان کردووە لەم 6 مانگەدا بەتایبەت دوای ئەوەی عێراق ئاراستەیەکی ئابووری گرتووە و ئەو سەردانە رێکخراوانەی کە بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەنجامیان دەدات و میحوەری سەرەکییان ئابوورییە، وڵاتانی دراوسێ خواستێکی زۆریان هەیە کە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ عێراق ببێتە بەشێک لە پەیوەندییە گشتییەکان وەک ئەو پەیوەندییانەی کە وڵاتانی ئەوروپایی هەیانە واتا خواستێکی تەواوکاریی هەیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە جا نێوان عێراق و سعودییە بێت یان عێراق و تورکیا و ئێران و ئەوانی دیکە. رووداو: ئایا عێراق رووبەڕووی کێشە بووەتەوە لە هێنانی وەبەرهێنان، لە رووی جیۆسیاسییەوە ئێمە لە ناوچەیەکی زۆر هەستیارداین، بابەتی هاوسەنگی کێشەی لێدەکەوێتەوە؟ محەممەد نەجاڕ: زۆر گونجاوە کە بنەمای کارکردن ئابووری بێت، چونکە ئەمڕۆ قەبارەی ئەو دەرفەتانەی لە عێراق هەن لە هیچ وڵاتێکی دیکە نین، ئێمە سەردەم بەجێی هێشتین وەک ئەوەی خۆتان دەزانن بۆ ماوەی نزیکە 40 ساڵ، ئەگەر ساڵانە 40 ملیۆنمان دابنایە ئێستا 400 ملیارمان هەبوو، واتا ئێستا عێراق 400 ملیاری ئامادەکردبوو بۆ جیهان لە کۆتایدا. هاوکات ئێستا دەوڵەتەکان تایبەتمەندییان وەرگرتووە، من لە چین ئەزموونێکی تایبەت دەهێنم، ئەزموونێکی تایبەت بۆ بوارێکی تایبەت لە ئەمریکا دەهێنم، وەبەرهێنان لە وڵاتانی کەنداوەوە دەهێنین، مادام بنەمای سەرەکی پەیوەندییەکان ئابوورییە کەواتە لێکتێگەیشتن دەبێت لە بوارە جیاوازەکاندا و بازاڕێکی گەورە هەیە کە خزمەتی هەمووان دەکات بۆیە ئەم ئاڵنگارییانە زۆرینەیان تیۆرین وەک ئەوەی بەرجەستە بن، لە زۆربەی ئەم گرفتانە دەترسن بەڵام لە واقیعدا هەستمان بە هیچ نەکردووە لە هیچ وڵاتێکی نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاواییەوە کە پێچەوانە بێت لەگەڵ پلانی ئابووری و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا. رووداو: قەبارەی وەبەرهێنانی جیهان ئێستا لە عێراق چەندە؟ محەممەد نەجاڕ: قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی پشکی زۆری لە بواری وزەدایە، ئەوە شتێکە کە کۆتایی هاتووە کە دەڵێین بیانی بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبن، بەشی عەرەبی کەنداو و بەشی ئەوروپی و بەشێکیش چینی با بڵێین، پشکی گەورە وەک گوتم لە بواری وزەدایە، ئێستا سەقامگیرییەک هەیە لەم 6 مانگەی دوایدا لە زۆربەی کەرتەکانی دیکەوە خواست لەسەر وەبەرهێنان هەیە، داواکاریمان پێدەگات بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی ئاو بۆ نموونە، هەندێکی دیکەیان داوادەکەن شاری پیشەسازیی بونیادبنێن یان کرانەوە بەڕووی کەرتەکانی دیکەدا، بەڵام وەک ژمارە ژمارەم لەبەردەستدا نییە ئێستا.. لە راستیدا وەک گوتم ئێمە زۆرینەی وەبەرهێنانەکامان لە بواری وزەدایە. رووداو: گرنگیپێدانتان بە وەبەرهێنان یان بونیادنانی وەبەرهێنانی نوێ، گرنگیپێدانە بە هێنانی وەبەرهێنانی بیانی یان گرنگیپێدانیشە بە ناوخۆ؟ محەممەد نەجاڕ: گرنگیپێدانی یەکەم و بنەڕەتیمان وەبەرهێنی عێراقییە چونکە ئەو وەبەرهێنە ئازایە و لە هیچ دۆخێکدا هیچ وەبەرهێنێک نییە لە جیهاندا پەراوێزی بخات متمانەی ئێمە بە وەبەرهێنی عێراق و پشتیوانیمان بۆیان کاری یەکەممانە، تێڕوانینی کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنانی رۆژئاوا یان رۆژهەڵاتدا لەو کەرتانەدایە کە وەبەرهێنەری عێراقیمان نییە کاری تێدا بکات ئێمە ئێستا لەسەر شێوازێکی نوێ کاردەکەین کە وەبەرهێنەری بیانی لە رێگەی وەبەرهێنەری عێراقییەوە بێتە ناو کارەکان بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ بکات لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراقدا ئێمە وەک دەوڵەت زۆر بە جیدی پشتیوانییان دەکەین، دەمانەوێت ئەو ئەزموونەی وەبەرهێنەرێکی بیانی دەیهێنێت لە بوارێکدا ئێمە پارێزگاری لێبکەین، ئەگەر هاوبەشییەکمان دروستکرد لەنێوان کەرتی تایبەتی عێراق و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە بیانییەکاندا، ئەوا ئێمە وەک عێراق زانیارییەکی زۆرمان دەستکەوتووە و سوودمان لێوەرگرتووە، ئێمە نامانەوێت وەبەرهێنەرێک بێت و پرۆژەیەک جێبەجێ بکات و بڕوات و هیچی لێ بەجێنەمابێت بۆ وڵاتەکەمان، ئێمە دەمانەوێت هەموو وەبەرهێنانەکان کاریگەرییان هەبێت لەسەر سەرچاوەی مرۆیی و پشکی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانی تێدا بێت، دەمانەوێت پارەدارکردنی کۆمپانیاکان بەرفراوانتر بکرێن. رووداو: لەم ساڵانەی دوایدا ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا لە بوارە جیاوازەکاندا لە هەرێمی کوردستان ئەزموونی زۆریان پەیدا کردووە، هیچ گرنگیپێدانێکتان هەیە بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕووی ئەو کۆمپانیایانەدا تا تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا نەبن و ئەزموونەکەیان بگوازنەوە بۆ باشوور و ناوەڕاستی رۆژئاوای عێراق؟ محەممەد نەجاڕ: لە راستیدا ئێمە وەک کوردستان و عەرەبستان سەیر ناکەین و بەوجۆرە لێیان ناڕوانین، ئێمە وەک هاونیشتمانی عێراقی سەیری هەمووان دەکەین، بە پێچەوانەوە ئەمڕۆ ئەگەر خاوەنکارە کوردەکان دەبینیت لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق کاردەکەن، بە پێچەوانەوە ئێمە وەک وەبەرهێنانی عێراقی تەماشای دەکەین نەک وەک بەشێک لە عێراق، ئێمە دەوڵەتێکی فیدراڵین، سەرمایە مافی ئازادی جووڵەی هەیە، ئێستا زۆربەی برا وەبەرهێنە گەورەکان بوونیان هەیە لە عێراق وەک کۆمپانیای کار کە یەکێکە لە سپۆنسەرەکانی ئەم کۆنگرەیە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق کاردەکات، پێموانییە کە کۆمپانیایەکی کوردی یان وەبەرهێنەرێکی گەورە تەنیا لە کوردستان کاربکات، ئێمە وەک عێراقی لێیان دەڕوانین نەک شتێکی دیکە، بۆ نموونە چۆن هانی وەبەرهێنەری بیانی دەدەین بێت بۆ عێراق، ئەویش مافی خۆیەتی کار بکات. رووداو: رۆتین گەورەترین کێشەیە کە رووبەڕووی ئابووری و وەبەرهێنان دەبێتەوە، دەگوترێت رۆتینێکی کوشندە هەیە لە عێراق، چۆن دەڕواننە ئەم بابەتە؟ محەممەد نەجاڕ: ئەمە کاتی دەوێت، ئێمە میراتێکی بیرۆکراتیمان بۆ جێماوە میراتێک کە لە دوای 1958ـەوە بۆمان ماوەتەوە لەو کاتەوە تا ئێستا واتا دەوروبەری 65 ساڵ ناتوانرێت بە شەو و رۆژێک کۆتایی پێبهێنرێت بە دڵنیاییەوە رێکارەکانی ئێمە ئێستا بە ئاراستەیەکە لەسەر سێ هەنگاو کاردەکەین؛ هەنگاوی یەکەم بە ئەلیکترۆنیکردن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە مامەڵەکانی حکومەتدا ئەمە گۆڕانکاری دەکات یان با بڵێین رۆتین کەمدەکاتەوە لە قۆناخی یەکەمدا، کاری دووەممان ئەوەیە هەوڵ دەدەین بگەینە ئەو توێژانەی کە دیاریکراون و کارئاسانییان بۆ بکەین بۆ وەرگرتنی قەرز ئێستا پلانمان هەیە بۆ ئەوە لە رێگەی سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان، لەگەڵ سندووقی پەرەپێدانی وەبەرهێنان، شتی سێیەمیش کە ئێستا لەگەڵ کۆمپانیا بچووکەکان کاری لەسەر دەکەین سەرمایەی مرۆییە، ئەوەی کە گەنج توانای دەستپێشخەری هەبێت و کۆمپانیاکەی گەورە بکات تا ئاستێک کە رانەوەستێت، هەوڵ دەدەین دەرفەت بۆ ئەو ئەزموونانە بڕەخسێنین کە لە سنوورێکی بچووکدا نەمێننەوە و گەورە ببن، ئامانجی ئێمە لە راستیدا کاراکردنی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانە وەک وەبەرهێنەر، وەک بازرگان، وەک خاوەن دوکان و بازاڕی کار، بیرۆکەی بنەڕەتی ئەوەیە کە مێشکت تا چەند کاردەکات ئێمە پشتیوانی ئەوە بکەین و دەرفەتی بۆ بڕەخسێنین، واتا بۆ نموونە فەیسبووک بیرۆکەی خوێندکارێکی زانکۆ بوو ئەمڕۆ داهاتی بۆ ئەمریکا 150 بۆ 180 ملیار دۆلارە، دەمانەوێت پشتیوانی ئەم جۆرانە بکەین کە زیاترە لە داهاتی نەوتی عێراق، من لەسەر ستەیج گوتم، ئەگەر 5 کۆمپانیا کۆببنەوە دەتوانن سەرمایەکەیان بگەیێننە 300 ملیار دۆلار لە رێگەی چییەوە، لە رێگەی ئەو گەنجانەی کە ئێستا ئێمەش دەمانەوێت پشتیوانی و دەستگیرۆییان بکەین، بەڵام بابەتەکە ئەوەیە ئێمە ئێستا 6 مانگە خەریکین، گۆڕانکاریی گەورە دەبینین پشتیوان بە خودا لە کۆتایدا. رووداو: سندووقی پەرەپێدان کەی دەبێتە واقیع؟ محەممەد نەجاڕ: لە راستیدا ئەوە بەشێکە لە بودجە، بەپێی مادەی 45، چاوەڕوانی تێپەڕینی بودجە دەکەین پشتیوان بە خودا لە ئامادەکردنیدا ژمارەیەکی زۆر دەوڵەت هاریکارییان کردووین کە سندووقێکی راستەقینە بێت و توانای هەبێت وەبەرهێنەران رابکێشێت و لایەنە ئابوورییەکان بەرفراوان بکات. رووداو: واتا هەموو، هەرێم و هەموو پارێزگاکان دەتوانن پێشکێشی بکەن، لە چ بوارێکدا زیاتر هەوڵ دەدەن وەبەرهێنان بکەن، کاری لەپێشینە چییە؟ محەممەد نەجاڕ: ئێمە هەوڵ دەدەین لە رێگەی سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان مێشکی کراوە رابکێشین، ئێمە نامانەوێت وەک دەوڵەت بڵێین دەبێ ئەمە بکرێت و ئەمە نەکرێت، ئەو سیاسەتە شکستیهێناوە ئەمڕۆ بیرۆکەیەکی دیاریکراو هەیە بیرۆکەیەک کە کاری لەسەر بکرێت دەبێتە راستی کە تۆ خەڵک بخەیتە سەرکار، خەڵک باج بدات و کارەکان بڕۆن، ئێمە سەرنجمان لەسەر کەرتێک نییە، کەرتەکان بەپێی ئەو کەسانە دەگۆڕێن کە دێن کاربکەن، کەسێک کەرتی کشتوکاڵی دەوێت و کەسێک کەرتی پیشەسازی و تا دوایی، هەندێک سندووقی تایبەتمەند هەن وەک سندووقی ژینگە، سندووقی پیشەسازی، سندووقی کشتوکاڵ، سندووقی نیشتەجێبوون و سندووقی پەروەردە، هەر بیرۆکەیەک هەبێت یەکێک لەم سندووقانە هاوکاریی دەکەن. رووداو: وەک گوتت گرێبەستی کۆمپانیای تۆتاڵ گەورەترین گرێبەستی بیانییە لە عێراق، بەڵام دەزانین کە هەندێک کۆسپ هەیە لەبەردەمی ئەو گرێبەستەدا لە داهاتوودا هیچ بەرەوپێشچوونێک دەبینین لەو بوارەدا؟ محەممەد نەجاڕ: ناتوانم لەبارەیەوە هیچ بڵێم، لە راستیدا وەزارەتی نەوت و کەسانی پسپۆڕی بواری وزە دەتوانن قسەی لەسەربکەن، چونکە ئەوە رەهەندی زۆریی هەیە و لە دەرەوەی چوارچێوەی کاری منە، وەک وەبەرهێنان شتێکی زۆر باشە و ژمارەیەکی زۆر دەرگا دەکاتەوە، بەڵام وەک خۆتان دەزانن لەو قەبارە گەورەیەی وەبەرهێناندا وردەکارییەکان زۆر زۆرن زۆرکات لە قۆناخەکانی کۆتایدا هەست بە هەندێک وردەکاریی دەکرێت. ئەوە رێککەوتنی دەوڵەتە لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکەدا، لایەنی باشی تێدایە لەکاتێکدا ئەگەر لە چوارچێوەیەکی باشدا بەکاربێت و بۆ پێداویستی دروست بەکاربهێندرێت، ئێستا نازانم و زانیاریم لەبارەیەوە نییە، ئایا پارەی تێدایە پێموایە پارەی تێدابێت، بەڵام من زانیاریم لەبارەیەوە نییە، من پسپۆڕییەکەم لە مایکرۆئیکۆنۆمیدایە واتا ئابووریی تاک، گەنجان کە خوازیارن کار بکەن و پەرەیان پێبدرێت ئەوە پسپۆڕی منە. رووداو: کۆمپانیاکان بە گەورە و بچووکەوە ترسیان هەیە لە دەستوەردان، دەستوەردانی سیاسی یان دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان لە وەرگرتنی پشک و رێژە لە وەبەرهێنەران، چۆن گرێنتی دەدەن بە وەبەرهێنەران جا گەورە بن یان بچووک؟ محەممەد نەجاڕ: یەکەمین دەستپێشخەری جەنابی سەرۆکوەزیران ئەوەبوو کە ئاوەڵناوی "پەتای گەندەڵی" بەکارهێنا تێیدا ئێستا هەوڵ و لێپێچینەوە هەیە بە ئاشکرا کە بە ئاراستەی راگرتنی زۆربەی ئەو حاڵەتانە هەنگاوی ناوە، ئەوە لەپاڵ دەستەکانی چاودێریی دیکەدا کە ئێستا دۆخێکی دڵنیاتر هەیە بۆ وەبەرهێنەران لە رێگەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەتوانن ئەگەر دەستدرێژی و پێشێلکارییەک هەبێت لە کارەکانیاندا راستەوخۆ بێن و باسی بکەن، ئەگەر لە رێگەی لایەنەکانی چاودێرییەوە گرفتەکەیان چارەسەر نەکرا، ئەم دەستپێشخەرییە بەشدار دەبێت لە چارەسەری کێشەکە نەک چارەسەری کێشەکە دەکات پێموایە تا ساڵی داهاتوو ژمارەیەک لێپێچینەوە دەکرێت کە رۆڵی زۆریان دەبێت لە کەمکردنەوەی ئەم حاڵەتانەدا.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/23052023
باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق دەڵێت، ساڵانێکی زۆرە بوونیان لە عێراقدا هەیە و بە شێوازی جیاواز یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەن. دەشڵێت، هەوڵدەدەن خوێندکاری کورد و عێراقی زیاتر بچنە زانکۆکانی ئیتاڵیا و بخوێنن. ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نمە نەبەز، پێشکێشکاری رووداو، ئەم قسانەی کرد. ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بۆ لەنێوبردنی داعش و پێیوایە کە چیدیکە مەترسی نییە لەسەر عێراق و "ئێستا ئەو رێکخراوە شکێندراوە". لە هەڤپەیڤینەکەدا تیشک دەخاتە سەر چەندین پرس، باسی عێراق، هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە، زەمالەی خوێندن لە ئیتاڵیا و براندە ئیتاڵییەکان لە عێراق دەکات. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق رووداو: سڵاوتان لێ بێت، نمە نەبەزم. ئەمڕۆ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بەڕێز ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراقم لەگەڵە. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. زۆر خۆشحاڵم و سوپاس کە وەڵامی داواکەمت دایەوە. ماوریزیۆ: خۆشحاڵم. رووداو: دەمەوێت بە هەندێک پرسیاری ئەمنی دەست پێبکەم. وەک دەزانین، ئیتاڵیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە دژی داعش. ئێوە وەک ئیتاڵیا پێتان وایە هێشتا داعش هەڕەشە بێت لەسەر ناوچەکە، بە تایبەتی بۆ عێراق و سووریا؟ ماوریزیۆ: ئێمە هەر لە سەرەتای 2014وە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشین. بەڵام بە هێزی سەربازی و تەناهیمانەوە ساڵانێکی زۆرە لە 2003ـوە لە عێراقین و بە شێوازی جیاواز یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین. لە 2014یشەوە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا هاتینە ئێرە و هێشتا هەر لێرەین. پێموایە کارێکی باشمان لەگەڵ هێزی تەناهیی عێراق و پێشمەرگە و هەموو هێزەکانی دیکەدا کردووە. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شکستپێهانانی داعشدا کاری زۆر باشی کرد وەک هەموومان دەزانین ئێستا شکێنراوە. هێشتا هەندێک خانەی نووستوو ماون کە لە هەندێک ناوچەدان، بەڵام ئیدی ئەو گژنێ (تەحەدا)یە نین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەگەر هێشتا هەڕەشە بن، ئەوە راستییەکەی کاری ئەنجوومەنی سەربازیی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزە تەناهی و سەربازییەکانی عێراقە لەناویشیاندا پێشمەرگە. ئێستا گفتوگۆی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی لەنێو کێشەکانی دیکەی تایبەت بە داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقدا ئەمە بە تەواوەتی لێیبکۆڵرێتەوە. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان کە گفتوگۆی دەکەن ئەوەیە کە ئایا داعش هێشتا هەڕەشەیە؟ ئەی دەبێت لەو بارەوەیەوە چی بکرێت؟ رووداو: ئیتاڵیا چۆن دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا باشتر بکات؟ بۆ نموونە، ئەگەر سەیری وڵاتانی دیکەی بیانی بکەیت، ئەوانەی لە عێراق نوێنەرایەتییان هەیە، بۆ نموونە ئەمریکا، ئەوان رێککەوتنێکی ستراتیجیی درێژخایەنیان لەگەڵ عێراقدا هەیە بۆ گەشەدان بە بازرگانی و پەیوەندییە سیاسییەکان و زۆر شت. ئیتاڵیا چۆن دەیەوێت پەیوەندییەکەی لەگەڵ عێراقدا باشتر بکات؟ ماوریزیۆ: ئێمە پەیوەندییەکی درێژی بەردەواممان هەیە کە هاوڕێیەتییەکی نزیکە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا. لە 2003وە لەم وڵاتەدا شتی زۆری وەبەرهێنانی ئابووری و هاوکاریی گەشەپێدان و تەناهی و بەرگری و فەرهەنگی و کاری شوێنەوارناسیمان کردووە. ئێمە پەیماننامەیەکی هاوڕێیەتی و هاوکاریکردنمان لەگەڵ عێراقدا هەیە کە ساڵی 2007 واژۆ کراوە. بەڵام حەز دەکەین زیاتر بکەین بۆ ئەوەی شتێک بکەین زیاتر گشتگیر بێت و هەموو شتانە لە خۆ بگرێت کە دەیانکەین. لەناو ئەو شتانەدا ئێستا گفتوگۆی رێککەوتنێکی تازەی دووقۆڵی دەکەین کە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ عێراقدا لە پرسەکانی بەرگری و تەناهیدا. ئێمە تامەزرۆین و ئامادەین ئەو هاوکارییانە بۆ عێراق دابین بکەین کە تا ئێستا هەمانن. ئێمە زۆر دڵخۆشین بەوەی لەگەڵ هێزە تەناهییەکانی عێراق و پێشمەرگەدا دەیکەین و لەوە بەردەوام دەبین. رووداو: لێرە لە هەرێمی کوردستان بازاڕ خواستێکی زۆری بۆ بەرهەمە ئیتاڵیاییەکان هەیە، هەر لە کەلوپەلە تەکنەلۆجییەکانەوە بیگرە تا بەرهەمەکانی پاراستنی پێست و ئەو شتانە. ئایا هیچ پرۆژەیەکی تایبەتتان کردووە؟ یان ئایا هیچ پلانێکی تایبەتتان بۆ باشترکردنی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە؟ ماوریزیۆ: بەڵێ، ئێمە وەک باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانە گشتییەکەیشمان لە هەولێر، باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین تا یارمەتیی کۆمپانیاکانمان بدەین. کۆمپانیاکانمان هەر خۆیان زۆر چالاکن. وەک گوتت، ئەگەر پیاسەیەک بە هەولێر یان سلێمانیدا بکەیت، گەلێک دوکانی براندنی ئیتاڵیایی دەبینیت. جا ئەوە بۆ من وەک باڵیۆزی ئیتاڵیا مایەی خۆشحاڵییە. کۆمپانیاکان گەلێک کاری بازرگانی بۆ بازرگانی دەکەن، بەڵام ئێمەیش وەک حکومەت هەوڵ دەدەین ئەوەندەی بتوانین یارمەتییان بدەین تا وەبەرهێنانی ئیتاڵیایی بهێننە ئێرە و ئاسانکاری دەکەین بۆ پەیوەندیی نێوان کۆمپانیا کوردی و عێراقییەکان لەگەڵ ئیتاڵیاییەکاندا. ئێمە کار لەسەر ژمارەیەک بەرنامە دەکەین. هەروەها بەرنامەگەلێک بۆ دڵنیایی متمانە کە هەمیشە بەسوودە. بەو جۆرە. بەڵی، ئێمە زۆر چالاکین. رووداو: باشە. ئیتاڵیا لە رابردوودا بەرپرسیارێتیی چاککردنەوەی بەنداوی موسڵتان پێ سپێردرابوو. پێم خۆشە زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە بزانم ئەگەر هیچت لابێت. ماوریزیۆ: دەڵێم ئەمە پرسیارێکی روونە، چونکە کۆمپانیای ترێڤیی ئیتاڵیایی لە ساڵی 2016 بۆ 2019وە لەو ماوە هەستیارەدا کاری لەسەر بەنداوی موسڵ کرد. ئەوەیش لەسەر داواکاریی حکومەتی عێراق و هێزی سەربازیی ئەمریکا، چونکە بەهۆی کردەوەکانی داعشەوە مەترسییەکی زۆر هەبوو کە بەنداوەکە دابڕمێت. وەک دەزانین، بەنداوی موسڵ لە عێراقدا گەورەترین و گرنگترین بەنداوە و داڕمانی دەبێتە مایەی زنجیرەیەک کارەسات. جا ئەم کۆمپانیایە سێ ساڵ کاری لەسەر هەیکەلەکەی کرد و توانییان چاکی بکەنەوە و کارەکە تەواو بوو. ئێستا دەزانین کە هێشتا پێویستی بە چاککردنەوە هەیە و داوایەکمان لە وەزارەتی ئاوی عێراقەوە پێگەیشتووە تا بگەڕێینەوە و کاری لەسەر بکەین. ئێمە هێشتا گفتوگۆی ئەم پرسە دەکەین. بۆیە داوای لێبووردن دەکەم کە زانیاریی نوێم لا نییە، بەڵام ئەمە ئێستا لە گفتوگۆدایە. رووداو: باشە. وەک پێشتر لە قسەکانتدا ئاماژەت پێ دا، ئێوە لە هەولێر کۆنسوڵخانەتان هەیە. پێم خۆشە بزانم چۆن باسی پەیوەندیی ئێستای نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستانم بۆ دەکەیت؟ ماوریزیۆ: خۆشحاڵم کە پێت بڵێم بەم تازەییانە کۆنسوڵخانەکەمان کرد بە کۆنسوڵخانەی گشتی، چونکە وامان هەست کرد کە ئەمە ئاستێکی گونجاوە بۆ پەیوەندییەکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. جا کۆنسوڵخانە گشتییەکەمان لێرە زۆر چالاکە. پەیوەندییەکەمان زۆر باشە و هەست دەکەین پەیوەندییەکە لەنێوان خەڵکی ئیتاڵیایی و کورددا زۆر نزیک و بەسۆزانەیە. ئەمەیش لە کارەکەمدا شتێکی زۆر خۆشە. هەروەها کاری کۆنسوڵ ئەوەیە ئەمە باشتر بکات. رووداو: ئەوە هەوڵێکی زۆر باشە. خەڵکێکی زۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن حەز دەکەن لە ئیتاڵیا خوێندنی باڵا بخوێنن، وەک بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا. لە ئەرکەکەتاندا لە عێراق چۆن یارمەتی بۆ ئەو خوێندکارانەی عێراق و هەرێمی کوردستان دابین دەکەن کە حەز دەکەن لە ئیتاڵیا درێژە بە خوێندن بدەن؟ ماوریزیۆ: ئێمە ژمارەیەک سکۆلارشیپمان بۆ خوێندکارانی عێراقی و کورد هەیە. هاوکارییەکی بەهێز لەنێوان زانکۆکانی ئێتاڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە. پێم وایە زیاتر لە 30 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنمان لەنێوان زانکۆکاندا هەیە. جا ئێمە هەوڵ دەدەین ئەمە سەر بگرێت تا خوێندکاری کورد و عێراقیی زیاتر بچنە ئیتاڵیا. زیاتر لە 20 تیمی شوێنەوارناسیمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە کە 11یان لە هەرێمی کوردستانن کە لێرەیش لە سلێمانی هەن. رووداو: راستییەکەی، دەمەوێت لەبارەی کاری شوێنەوارناسییەوە بپرسم ئەگەر لەبارەیانەوە وردەکاریی زیاترم پێ بڵێیت. کەی دەستتان پێکردووە؟ چەند تیم و لە کوێ خەریکی کارن؟ ماوریزیۆ: بەڵێ، وەک گوتم زیاتر لە 20 تیم کە وا بزانم 22 تیم لە عێراق و هەرێمی کوردستانن. 11یان لە هەرێمی کوردستانن و هەندێکیان لە چەند شوێنێکی دەوروبەری سلێمانین وەک پەیکوڵی و سەرقەڵا. بۆ نموونە ئەگەر بچیت بۆ مۆزەخانەی شوێنەواری سلێمانی رێڕەوێک هەیە کە ئەو شوێنەوارانەی تێدایە ئیتاڵیاییەکان لە پەیکوڵی دەریانهێناون. ئێمە ئەم تیمانەمان لە سەرانسەری عێراقدا هەن، لە باشوور کە لە رابردوودا نیشتمانی سۆمەرییەکان بووە، لە ناوەڕاست و باکوور و هەرێمی کوردستانیش. زۆربەیان لە زانکۆکانی ئیتاڵیاوە هاتوون کە لە لێکۆڵینەوەی دێرینەناسیدا و بە تایبەتی لە بواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی نزیکدا زۆر چالاکن. زۆر شوێنەوارناسمان دێن بۆ ئێرە. هەندێک کاتی ساڵ، وەک بەهاران و پایزان و ئەو کاتانەی هەوا خۆشە ژمارەیەکی زۆر شوێنەوارناسی ئیتاڵیایی دێن. کە ئەوەیش شتێکی زۆر باشە. شان بە شانی شوێنەوارناسە عێراقی و کوردەکان کاردەکەن. پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵیاندا هەیە و لە ئیتاڵیاوە خوێندکار دەهێنن و ئەوانیش لەگەڵ خوێندکارانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. ئەمەیش رێگەیەکی باشە بۆ ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و زیادکردنی پەیوەندی لەگەڵ گەنجاندا. رووداو: بەڕێز گرێگانتی، من دڵنیام کە ئیتاڵیا بۆ زۆر کەس لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان خەونێکە بۆ ئەوەی بە گەشت بۆی بچن، بەڵام دیار پێویستمان بە زۆر شتی فەرمی دەبێت پێیاندا بڕۆین تا ڤیزای شنگن یان ئیتاڵیا وەربگرین. ئایا هیچ پلانێکتان هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیی ئەو کەسانە بدەن کە دەیانەوێت بە گەشت سەردانی ئیتاڵیا بکەن؟ هیچ پلانێکتان هەیە کە سەردانیکردنی ئیتاڵیا ئاسانتر بکات؟ ماوریزیۆ: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە کەسانی عێراقی و کورد بۆ گەشت و بۆ مەبەستی دیکە دێن بۆ ئیتاڵیا. وەک گوتت، ئێمە ڤیزا دەدەین، ڤیزای شنگن کە رێگەت دەدات هەر کە گەیشتیتە ئیتاڵیا ئازادانە بە هەموو وڵاتانی شنگندا گەشت بکەیت کە بە گشتی زۆربەی ئەوروپا دەکات. هەروەها ڤیزای نیشتمانییش دەدەین کە بۆ کەیسی تایبەتە و تەنیا بۆ چوون بۆ ئیتاڵیایە. عێراقی و کورد بەخێربێن و هەموو زانیارییەکان لە ماڵپەڕی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی هەولێردا هەن. جا ئێمە لە خزمەتتانداین و بەخێربێن. رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز ماوریزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. خۆشحاڵ بووم. ماوریزیۆ: زۆر بەخێرهاتن، زۆر سوپاس. رووداو: زۆر سوپاس کە بینەر بوون.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1904202421
د. ئەحمەد فەرهادی، پڕۆفیسۆری زمان و مامۆستای زانکۆی نیویۆرک لە ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ رووداو باسی دۆخی ئێستای زمانی کوردی دەکات و چەندان چارەش؛ بۆ چاکترکردن و پاراستنی زمانی کوردی بە پاکی دەخاتەروو. فەرهادی لەبارەی ئەو برینانەی ئێستا بە جەستەی زمانی کوردییەوە هەیە، دەڵێت: "ئێستا دۆخی زمانی کوردی خراپە، گەر وەها بەردەوام بێت خراپتریش دەبێت. ئێستا دیاردەیەکی زۆر خراپ رووی لە زمانی کوردی کردووە، دیاردەکەش ئەوەیە تا پێیان دەکرێت وشەی بێگانە دێننە ناو زمانی کوردی، بە تایبەتیش وشەی ئینگلیزی لە شوێنی وشەی رەسەنی کوردی بەکاری دێنن. ئێمە کە وشەی گۆممان هەبێت بۆچی وشەی پۆند بەکار بێنین؟". د. ئەحمەد فەرهادی خەڵکی شاری هەولێرە و لەگەڵ عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر، بەیەکەوە لە قوتابخانەی "جمهووری"ـی هەولێر کە ئەوسا ناوی ناوەندی (هەولێر) بوو لە یەک پۆل خوێندوویانە. فەرهادی دوای ئەوەی قۆناخی ئامادەیی تەواو دەکات، دەچێتە بەغدا و لەوێ زانکۆ دەخوێنێت. دواتر لە رێگەی بریتیش کاونسڵ، دەچێتە بەریتانیا و لەسەر ئەرکی ئەوان ماستەر دەخوێنێت. دواتر دەگەڕێتەوە کوردستان و لە زانکۆی سلێمانی دەبێتە مامۆستا. بەڵام دوای ماوەیەک زانکۆی سلێمانی دادەخرێت، ئەویش دەچێتە ئەمریکا بۆ خوێندنی دکتۆرا. د. ئەحمەد فەرهادی ساڵی 1996 لە زانکۆی نیویۆرک دەبێتە مامۆستا. هەر لەو زانکۆیەش خەڵاتی زێڕینی مامۆستای نێویۆرکی پێبەخشرا. جگە لە زانکۆی نیویۆرکیش لە هەمان ئەو زانکۆیەی ئەنیشتاین وانەی لێ دەگووتەوە، ئەویش وەک مامۆستا وانەی لێ گوتووتەوە. جگە لەمانە یەکەم کەس بووە زمانی کوردی بۆ بەشی خزمەتگوزارییەکانی زمانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زیاد کردووە. هەروەها کاری وەرگێڕانی بۆ چەندان سەرۆکی ئەمریکا کردووە، لەوانە جۆرج دەبلیوو بووش، باراک ئۆباما و جۆ بایدن و چەندان بەرپرسی دیکەی باڵای ئەمریکی، بەتایبەتیش لە سەردانی شاندە باڵاکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەکانیان لە کۆشکی سپی. د. ئەحمەد فەرهادی لە بارەی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ئاریشەیەی لە دۆخی زمانی کوردیدا هەیە، دەڵێت: "راگەیاندنەکانمان لە ساڕێژکردنی برینەکانی زمانی کوردی رۆڵێکی باڵایان دەبێت، گەر بیانەوێت کار لەسەر چاکتر کردنەوەی زامەکانی زمانی کوردی بکەن. وەک چۆن بۆ دۆزینەوەی وشەی بێگەردی کوردی، دەبێت سوود لە زمانی کەسانی دانیشتووی لادێکان و ئەو کەسانە ببینین کە هێشتا زمانیان خاوێنە و وشەی بێگانەی نەهاتووەتە ناو".
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/30052024
فۆکۆ یاما، بیرمەندی بەنێوبانگی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، دەبێت لە هەرێمێکی وەک کوردستان ناوەندەکانی وەک دەستەی دەستپاکی هێزیان پێبدرێت و سیاسییەکان دەسەڵاتی تەواویان پێبدەن، نەک دەستبخەنە نێو کاروبارەکانیانەوە، بەو شێوەیە دەتوانن رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە. فۆکۆ یاما، سیاسەتڤان و نووسەری ئەمریکی لە کۆڕبەندێکی تایبەت لە واشنتن لەبارەی گەڕاندنەوەی متمانەی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی قسەی بۆ رووداو کرد. ئەو پێی وایە، یەکێک لە رێگە هەرە کاریگەرەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە کوردستان ئەوەیە کە "دەوڵەتێکی خۆتان لە کوردستان هەبێت،" لە بوونی دەوڵەتیش مەبەستی لە خەڵکە، "خەڵکانێک پڕ لە زانست و بەهرە کە ئێمە پێی دەڵێین توانای دەوڵەت، ئەو خەڵکانەش نابێت بەشێکبن لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵکو خەڵکانێکی تەکنۆکراتبن و پێویستە لەسەر بنچینەی بەهرە و تواناکانیان وەربگیرێن، زانیارییان هەبێت کە چۆن بتوانن دامەزراوەیەکی دەوڵەت بەشێوەیەکی کاریگەرانە بەڕێوەببەن." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فۆکۆ یاما رووداو: زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەدایت، پرسیارەکەم ئەوەیە هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستان لەنێو دەوڵەتی عێراقدا، چۆن دەتوانێت بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە کە خۆت دەزانی گەندەڵی هەموو شوێنێکی گرتووەتەوە؟ فۆکۆ یاما: پێموایە یەکێک لە رێگە هەرە کاریگەرەکان ئەوەیە کە دەوڵەتێکی خۆتان لە کوردستان هەبێت، لە دەوڵەت مەبەستم لە خەڵکە، خەڵکانێک پڕ لە زانست و بەهرە، کە ئێمە پێی دەڵێین توانای دەوڵەت، ئەو خەڵکانەش نابێت بەشێکبن لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵکو خەڵکانێکی تەکنۆکراتبن و پێویستە لەسەر بنچینەی بەهرە و تواناکانیان وەربگیرێن، زانیارییان هەبێت کە چۆن بتوانن دامەزراوەیەکی دەوڵەت بەشێوەیەکی کاریگەرانە بەڕێوەببەن کە پێموایە ئەمە شوێنی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سیاسییەکان کەسانێکی سەر بە خۆیان دادەنێن، ئەمەش لەو شوێنانەی وەک کوردستان هەن.'' رووداو: هەرێمی کوردستان دەستەی دەستپاکی هەیە، بەڵام پێتوایە هەبوونی دەستەیەک بەسە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستانی عێراق؟ فۆکۆ یاما: ئەمە دەگەڕێتەوە سەر سیاسییەکان، دەتوانیت دەستەیەکت هەبێت، بەڵام ئەگەر هێزی راستەقینەی نەبێت تاوەکو خەڵک رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی بکاتەوە، هەبوونی دەستەکە زۆر کاریگەر نابێت، زۆربەی کاتیش سیاسییە خاوەن دەسەڵاتەکان نایانەوێت ئەو جۆرە دەستانە دەسەڵاتیان هەبێت، بۆیەش دەسەڵاتی دادوەرییان پێنادەن و دەبێت پەناببەیتە لای داواکاری گشتی کە رەنگە ئەمەش ئەوانەی دەتەوێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەیت دۆستی سیاسییەکان بن و ئەمەش وابکات سزایەکی سووک یان شتێکی لەم جۆرەیان بۆ دابندرێت، بۆیە ئەمە دەگەڕێتەوە سەر ئەو هاوسەنگییە سیاسییەی لەنێو خودی وڵاتەکەدا هەیە.' رووداو: باشترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چییە، لە خوارەوە بۆسەرەوە یانیش لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەستپێبکرێت باشە، هەرێمەکان و وڵاتەکانی وەک عێراق چۆن دەتوانن رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە و بنەبڕی بکەن؟ فۆکۆ یاما: پێموایە دەبێت لە هەردوولایەوە بێت، لە خوارەوە دەستپێبکەیت کە رەنگە هەندێک خەڵک هەبن بێزاربووبن لە گەندەڵی و هەروەها لە سەرەوەش سەرکردایەتییەکت هەبێت بۆ ئەم بێزارییە، کاتێکیش ئەم دووانەش یەکدەگرن، ئەوکاتە پێموایە کاریگەردەبن.' رووداو: دڵنیام لە دۆخی ئێستای عێراق ئاگاداریت، گرووپ و لایەنی جیاوازی هەن، گرووپی لێییە لەژێر کاریگەریی وڵاتانی دیکەدان، تاوەکو چ ئاستێک گەشبینیت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق؟ فۆکۆ یاما: پێموانییە بەرەوپێشچوونی باش لەو بوارەدا بکرێت، چونکە هەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری دەدەن بە هەندێک گرووپ کە چۆن بیانەوێت گەندەڵی بکەن، بەڵام پێموانییە لە کوردستان پێویستان بەوەبێت زۆر سەرنج بخەنە سەر ئەمە، بەڵکو دەبێت سەرنجتان لەسەر دامەزراوەکانی خۆتان و توانای خۆبەڕێوەبردنی خۆتان هەبێت. رووداو: ئەی تاوەکو چەند پشتیوانی لەوە دەکەیت کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە و رۆڵیان هەبێت و بەشداربن لە کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی هاوشێوەی ئەم کۆنفرانسە و لە شوێنەکانی دیکەش؟ فۆکۆ یاما: پێموایە زۆر گرنگە، خۆت دەزانی کوردستان دەوڵەتی خۆی نییە، بەڵام گرنگە کە خەڵکتان هەیە لە رێکخراوی بانکی جیهانی، پێموایە ئەوان هاوکاری زۆرتان پێشکێش دەکەن. رووداو: زۆر سوپاس، سوپاس کە میوانی رووداو بوویت فۆکۆ یاما: سوپاس بۆ ئێوەش
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/05072023
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، کارئاسانی زۆریان بۆ راییکردنی مامەڵەی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی کردووە و ئاماژە بەوەش دەکات کە هەبوونی چەندین پێکهاتە لە عێراق ئاماژەی دەوڵەمەندییە. زێدان خەلەف، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی زۆر مژار دایەوە و لەبارەی پێکهاتەکان گوتی، "سەرۆکوەزیران بەرێز محەممەد شیاع سوودانی هەمیشە ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی ئەو فرەڕەنگییە سەرچاوەی هێزە بۆ عێراق. ئەم پەیامە بەردەوامەی بەرێز سەرۆکوەزیران ئاماژەیەکی روونە کە جیاکاری بەرامبەریان ناکرێت". زێدان خەلەف لە بابەتی مادەی هۆشبەردا گوتی، "بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە عێراق بووەتە دیاردە. پێشتر عێراق رێڕەوێک بوو بۆ مادە هۆشبەرەکان، بەڵام بە داخەوە ئێستا بەکارهێنانیشیان زۆر تەشەنەی سەندووە". راوێژکارەکەی سوودانی گوتیشی، "نزیکەی سێیەکی سزادراوانی عێراق لە زیندانەکاندا سزادراوی مادە هۆشبەرەکانن. ئێستا لە عێراق نزیکەی 63 هەزار سزادراومان هەیە و سێیەکیان بەهۆی مادە هۆشبەرەکانەوە سزادراون". بە گوتەی زێدان خەلەف، ئێستا لە زۆرێک لە کافتریاکانی بەغدا و هەندێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بڕێکی کەم لە مادە هۆشبەرەکان تێکەڵی نێرگەلە دەکرێت بە ئامانجی ئەوەی کەسێک ئالوودە بکرێت بێ ئەوەی ئاگادار بێت. هەر لەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵ رووداوی ئەمڕۆ، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی رەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق کرد و پێیوایە زانیارییەکانی نێو ئەو راپۆرتانە دروست نین و گوتی، "رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ هیچ ئۆفیسێکی لە عێراق نییە و هەربۆیە پشت دەبەستێ بەوەی لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە، ئەوەش رێگەیەکی دروست نییە. پێویستە ئۆفیسیان هەبێت و لەو ئۆفیسانەدا راپۆرتەکان ئامادەبکرێن". دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ زێدان خەلەف، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری مافی مرۆڤ: رووداو: کۆڕبەندێک هەبوو لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان. بە گشتی لە روانینی دەوڵەتەوە، مەترسیداریی مادە هۆشبەرەکان لە چ ئاستێکدایە؟ زێدان خەلەف: بە دڵنیاییەوە شتێکی شارەوە نییە کە ئێستا مادە هۆشبەرەکان لە عێراق بوونەتە دیاردە. پێشتر عێراق رێڕەوێک بوو بۆ مادە هۆشبەرەکان، بەڵام بە داخەوە ئێستا دیاردەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان زۆر تەشەنەی سەندووە لە عێراق، ئینجا لە هەرێمی کوردستان بێت یان ناوچەکانی دیکە. تەنانەت لە بەغدا دوو هەفتەیەک لەمەوبەر پزیشکێک دەستگیرکرا لە ناوچەی جادرییە لە نێوجەرگەی بەغدا کە مادە هۆشبەرەکانی چاندبوو. ئەم بابەتە زۆر مەترسیدارە. لە بەدواداچوونەکانماندا بۆ گرتووخانەکانی عێراق کە ئێستا من سەرپەرشتیاری دۆسیەکەم، ژمارەیەکی زۆر لەو بەندکراوانەی لە گرتووخانەکاندان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون. ئەم بابەتە پێویستی بە چارەسەرە. هەربۆیە بەرێز سەرۆکوەزیران گرنگی زۆر بە بابەتی مادە هۆشبەرەکان دەدات و فەرمانی کردووە کە چەند سەنتەرێکی چارەسەریی تایبەت بە ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان بکرێنەوە، چونکە چ سوودێکی هەیە کە ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیربکرێن و بخرێنە زیندانەوە، بەڵکو دەبێت چارەسەر هەبێت. لەبەرئەوە بەرێز وەزیری ناوخۆ و ئێمەش بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین و دەبێت سەنتەرەکانی چارەسەر بکرێنەوە. لە چەند رۆژی داهاتوودا سەنتەرێکی چارەسەر لە بەغدا دەکەینەوە و ئێستاش سەنتەرمان هەیە لە هەندێک لە پارێزگاکان. هاوکات پێویستمان بە چارەسەری دۆخی سنوورەکان هەیە. بەرێز وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتیی بابەتی مادە هۆشبەرەکان دەکات و گرنگی زۆری پێدەدات. پێشتر وەکو خۆتان دەزانن، عێراق رێرەوێک بوو بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتانی دراوسێوە، بەڵام ئێستا بووەتە پەناگە و بازرگانییەکی زۆری پێوەدەکرێت. ئێستا بۆ نموونە لە سنوورەکانی عێراق و ئێران زیاتر لە 70 ملیار دیناری عێراقی تەرخانکراوە بۆ دانانی کامێرای گەرمبین و تاوەرەکانی چاودێری لە پێناو چاودێری سنوورەکان. لە سنوورەکانی عێراق و تورکیاش بە هەمان شێوە. بەپێی ئەو توانا داراییەش کامێرای گەرمبین و تاوەرەکانی چاودێری لە هەموو سنوورەکان دادەنرێن بۆ رێگری لە دزەکردنی قاچاخچیانی مادە هۆشبەرەکان. بەپێی ئەو هاوئاهەنگییەی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا هەمانە، ئێستا بڕێکی زۆری مادەی هۆشبەر لە عێراقدا هەیە کە بە چەندین تۆن دادەنرێت. هاوکات، نزیکەی سێیەکی سزادراوانی عێراق لە زیندانەکاندا سزادراوی مادە هۆشبەرەکانن. ئێستا لە عێراق نزیکەی 63 هەزار سزادراومان هەیە و سێیەکی ئەو سزادراوانە بەهۆی مادە هۆشبەرەکانەوە سزادراون. هەربۆیە ئێستا بە رژدی کاردەکرێت لەسەر ئەم بابەتە بۆ قۆناخی داهاتوو. هیواخوازین هەمووان هاوکاربن. رووداو: ئایا مەشق و راهێنان یان پەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەکان لە عێراق بۆ نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان هەیە؟ زێدان خەلەف: بە دڵنیاییەوە، لەگەڵ کەسانێک مامەڵە دەکرێت کە مادە هۆشبەرەکان بە قاچاخ دەهێننە عێراق و ئەوان هەر رێگەیەکی نوێیان هەبێت پێویستە ئێمەش هەمانبێت، بەڵام وەکو گوتم، بەرێز سەرۆکوەزیران گرنگییەکی تایبەت بەو پرسە دەدات. وەزارەتی ناوخۆ، دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق پلان و پرۆگرامی پێویستیان لەوبارەیەوە هەیە. لەبارەی راهێنانەوە، بەڵێ، مەشق و راهێنانی چڕ هەیە بۆ ئەو هێزانەی کە تایبەتن بە رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان. من دیداری بەردەوامم هەیە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و زۆرێک لە پارێزگاکان و هەندێک کات راستەوخۆ ئەو کەسانەم بینیوە کە دەستگیردەکرێن و چاودێری لێکۆڵینەوەکانم کردووە. تەنیا لەوەدا هاوڕا نیم کە دەڵێیت مادە هۆشبەرەکان ئاسان دەست دەکەون لە شەقامەکان. بەڵێ هەن و شێوازی جیاواز بۆ بڵاوکردنەوەیان جێبەجێ دەکرێت. ئێستا لە زۆرێک لە کافتریاکانی بەغدا و هەندێک لە پارێزگاکان بڕێکی کەم لە مادە هۆشبەرەکان تێکەڵی نێرگەلە دەکرێن بە ئامانجی ئەوەی خەڵک ئالوودە بکرێت بێ ئەوەی ئاگادار بێت. هەربۆیە ئێستا تیمێکی زۆر گەورەمان هەیە لە دەزگای هەواڵگری، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی ناوخۆ کە راستەوخۆ لەلایەن بەرێز عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆوە سەرپەرشتی دەکرێن کە لێرەوە رێز و سڵاوم بۆی هەیە بۆ ئەنجامدانی کاری گەورە لەم بوارەدا. بابەتەکە بە جیدی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و پلان و پرۆگرام و دیدگایەکی ورد هەیە. ستراتیژییەتێکی ورد لای حکومەت هەیە بۆ داهاتوو. رووداو: رێگەکانی بەئامانجگرتنی گەنجان و ئالوودەکردنیان بە مادە هۆشبەرەکان چین؟ ئەو ئامرازانە چین کە بازرگانەکان بەکاریان دەهێنن؟ زێدان خەلەف: ئامرازەکان هەمەجۆرن. لە رێگەی کافتریاکانەوە یان لە رێگەی هاوڕێکانەوە. گرفتی گەورە ئەوەیە ئێستا هەر کەسێک ئالوودەی مادەی هۆشبەر بێت، پێویستی بە پارەیەکی زۆرە تا بیكڕێت و بۆ ئەوەی پارەش پەیدا بکات، گەنجە هاوڕێکانی خۆی ئالوودە دەکات یان لەرووی دەروونییەوە کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات و پێیان دەڵێت خواردنەوە کحوولییەکان نەخۆنەوە و بەو ئاراستەیە بڕۆن کە مادەی هۆشبەر شتێکی چێژبەخشە و مێشک ئارام دەکاتەوە. هەندێک کات هەندێک لەو شۆفێرانەی لەنێوان پارێزگاکاندا هاتووچۆ دەکەن هەندێک مادەی هۆشبەر لەگەڵ خۆیان دەبن تا نەخەون بۆ ماوەی دوو رۆژ و سێ رۆژ چونکە کاریان هەیە. ئەمە روانینێکی زۆر هەڵەیە. ئەمڕۆ بەشێک لەو تاوانە گەورانەی کە ئەنجام دەدرێن لەلایەن ئالوودەبووانەوەیە کە بوونەتە مەترسی؛ هەربۆیە ئێمە لە رێگەی ئەم مینبەرەی ئێوەوە داوا لە هەموو خێزانەکان دەکەین کە زۆر ئاگاداری منداڵەکانیان بن. پێویستە باوک لە کوڕەکەی بپرسێتەوە کە ئێواران بۆ کوێ دەچێت و تا درەنگانی شەو ناگەڕێتەوە، چونکە ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان زۆر مەترسیدارە. ئێستا ئەرکی هەموومانە رووبەڕوویان ببینەوە. گرنگیپێدانی تۆڕی میدیایی رووداو بەم پرسە جێگەی سوپاس و پێزانینە، چونکە پێویستمان بە هەڵمەتێکی میدیایی گەورە هەیە بۆ هۆشیاری لەم بوارەدا. هەندێک لەو ئالوودەبووانەی کە لە سەنتەرەکانی چارەسەرن کاتێک باسی چیرۆکی خۆیان دەکەن زۆر ئازاربەخشە. کەسێک هەبوو کە من خۆم چاودێریی دۆخەکەیم دەکرد و 3 دووکانی گەورەی ماسی فرۆشتنی هەببوو و رۆژانەی 150 بۆ 200 هەزار دینار داهاتی بوو، دوای ئالوودەبوون و دوای ئەوەی هاوڕێ خراپەکانی گیرۆدەی هۆشبەرەکانیان کرد، ئیدی دوکانەکانی فرۆشتبوو، لە هاوژینەکەی جیاببووەوە، هەموو ژیانی سەرەوبن بوو. ئەمە هەمووی بەهۆی هاوڕێی خراپەوەیە؛ بۆیە داوا لە هەموو باوکان دەکەین ئاگاداری ئەم بابەتە بن. لەپاڵ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی کۆتایی پێهێنانیدان، هاوکات دەزگا میدیاییەکان بە سوپاسەوە تیشک دەخەنە سەر ئەم بابەتە مەترسیدارە. رووداو: ئێستا چەند سەنتەری چارەسەرکردن هەن؟ زێدان خەلەف: لە راستیدا لە ئاستی پێویست نییە و زۆر کەمن. لە بەغدا نەخۆشخانەیەکمان هەبوو، نەخۆشخانەی ئیبن نەفیس. بەرێز سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە کە چەند سەنتەرێکی چارەسەری راستەوخۆ هەبن لەنێو هەندێک لە گرتووخانەکانیشدا. ئێستا ژماری بەندکراوەکان زۆرە؛ هەربۆیە بەرێز وەزیری ناوخۆ، سەرۆکوەزیران و بەڕێوەبەری رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان هەوڵ دەدەن بۆ کردنەوەی سەنتەری چارەسەری نوێ لە هەموو پارێزگاکان. هێشتا ژمارەکە دیار نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەکی زۆر سەنتەر دەبن تا لە ئاستی ئەو ژمارە زۆری ئالودەبوواندا بن. رووداو: هیچ جیاکارییەک لە گرتوخانەکاندا هەیە لە نێوان ئەو کەسانەی بەکارهێنەری تاوانی مادە هۆشبەرەکان بوون لەگەڵ بەندکراوەکانی دیکە؟ زێدان خەلەف: نەخێر، لە چوارچێوەی سەردانم بۆ گرتوخانەکاندا بۆم دەرکەوت کە کێشەی گەورەمان لە گرتوخانەکانی وەزارەتی داد قەرەباڵخییە. ئێستا قەرەباڵخی گرتووخانەکان 300٪ـە، توانای لەخۆگرتنمان لە 20 بۆ 25 هەزار بەندکراوە، بەڵام زیاتر لە 63 هەزار بەندکراومان هەیە. لەلایەکی دیکەوە ئەو ژینگەیەمان نییە بۆ پرۆگرامی چاکسازیی تایبەت بە ئالوودەبووان؛ بۆیە هەموویان پێکەوەن. بە دڵنیاییەوە بەپێی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 2018 پێویستە هەمووان جیابکرێنەوە، ئەوەش بەپێی تەمەن و جۆری تاوانەکانیان. رووداو: راپۆرتەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و ئەو راپۆرتانەی ساڵانە لەبارەی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاودەکرێنەوە، تێبینیی جیدییان لەبارەی مافی مرۆڤ لە عێراق تێدایە. چۆن رووبەڕووی ئەو تۆمەت و خاڵە جدییانە دەبنەوە لەبارەی ناوبانگی عێراق لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا؟ زێدان خەلەف: بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتییانە بە گرنگ وەردەگرین، بەتایبەت ئەوانەی رێکخراوەکانی هیومان رایتس وۆچ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو راپۆرتانە ساڵانەن. لە بابەتی هیومان رایتس وۆچدا من پەیوەندیم پێوە کردن و راستەوخۆ وەڵامم دانەوە لەبارەی ئەو راپۆرتەی ساڵی 2022 بڵاویانکردبووەوە. لە راستیدا رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ هیچ ئۆفیسێکی نییە لە عێراق و پشت دەبەستێ بەوەی لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە، ئەوەش رێگەیەکی دروست نییە. پێویستە ئۆفیسیان هەبێت و لەو ئۆفیسانەدا راپۆرتەکان ئامادەبکرێن. لە یەکێک لە دیدارەکانم لە گەڵیاندا بانگهێشتم کردن کە سەردانی عێراق بکەن و زۆریان پێخۆشبوو و گوتیان ئەوە یەکەمجارە ئەم حکومەتە بەراورد بە هەموو کابینەکانی پێشوو بانگهێشتی فەرمی بنێرێت بۆ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی تا سەردانی عێراق بکەن و راپۆرتەکانیان ئامادە بکەن. دوای ئەوەی کە وەڵامی راپۆرتەکەیانمان دایەوە، زۆر بڕگە و بەشی راپۆرتەکەیان داڕشتەوە. لەلایەکی دیکەش پێمان وایە ئەو راپۆرتەی کە هیومان رایتس وۆچ بڵاوی کردەوە بێلایەن نەبوو لەبارەی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، چونکە ئەگەر پێشێلکارییەکیش هەبێت لە عێراق بە بەرنامە نییە و بەرێز سەرۆکوەزیران پارێزەری سەرەکی مافەکانی مرۆڤە. لەبارەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لیژنەیەکی باڵا پێکهێندرا لە وەزارەتەکانی داد و دەرەوە و وەڵامی راپۆرتەکە درایەوە. دوای ئەوەی راپۆرتەکە بڵاوکرایەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پێوەندییان پێوەکردم و ئاگاداریان کردمەوە کە ئەو راپۆرتە باس لە رەوشی مافی مرۆڤ دەکات پێش دەستبەکاربوونی کابینەکەی بەرێز سوودانی. لەم رۆژانەشدا پەیوەندییان پێوەکردم کە سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتی 2023ن و باسیان لەوەکرد کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق پێشڤەچوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەوپێیەی کە نووسینگە و راوێژکاری سەرۆکوەزیران بەشێوەی مەیدانی بەدواداچوون دەکەن بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئینجا لە ئاستی ئاوارەکان بێت یان گرتووخانەکان یان ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان. من ئەندامی نووسینەوەی پلانی نیشتمانیم بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەموو راسپاردەکان بە جیدی وەردەگرین. ئێمە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی پێشبکەوین لەو بوارەدا. هێشتا رێگەیەکی دوور و درێژمان لەبەردەمە و ناڵێین هەموو شتێک نموونەییە، بەڵام هەوڵ دەدەین و ئێستا سەرۆکوەزیران هەموو تواناکانی خستووەتەگەڕ بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق. رووداو: پێکهاتەکانی کریستیان، کوردانی ئێزدی و کاکەییەکان، بەردەوام سکاڵا دەکەن لەبارەی مافەکانیان، یان باس لە جۆرێک لە جیاکاری دەکەن. پلانی حکومەت لەمبارەیەوە چییە؟ زێدان خەلەف: لە راستیدا سەرۆکوەزیران لەبارەی پێکهاتەکان، وەک ئەوەی تۆ گوتت، ناڵێین کەمینەکان، چونکە ئەوان پێکهاتەی رەسەنن لە عێراق، ئینجا کاکەییەکان بێت یان زەردەشتییەکان، سوپاس بۆ خودا عێراق دەوڵەمەندە لەو فرەرەنگییەدا. ئەگەر تۆ بڕوانیتە هەموو گوتارەکانی سەرۆکوەزیران بەرێز محەممەد شیاع سوودانی، هەمیشە ئاماژە بەوە دەکات کە بوونی ئەو فرەڕەنگییە سەرچاوەی هێزە بۆ عێراق. ئەم پەیامە بەردەوامەی بەرێز سەرۆکوەزیران ئاماژەیەکی روونە کە جیاکاری ناکرێت بەرامبەریان. ئێستا عیراق و حکومەتەکەی بەرێز سوودانی هەوڵ دەدەن مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت. بە دڵنیایی من وەکو سەرپەرشتیاری دەشتی نەینەوا کاری زۆرم هەیە و سەردانی کریستیانەکان، شەبەک و زەردەشتییەکان و هەموویان دەکەم. لە زیاتر لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی پێکهاتەکان ئامادەبووم لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا. ئێمە کە ئێستا لە سەروبەندی جەژنی جەماین 6 رۆژ پشوومان راگەیاند بۆیان؛ بڕیارمان دەرکردووە بۆ رادەستکردن و بەناوکردنی زەوییەکانیان کە لە ساڵی 1957ەوە بڕیارێکی وا تایبەت بۆ ئێزدییەکان دەرنەکراوە. لە بابەتی ئاوارە گەڕاوەکان لە ئێزدییەکان و ئەوانی دیکە، بۆ زیاتر لە 3 هەزار خێزان پارەی گەڕانەوەیانمان دابینکردووە و وەریانگرتووە. 3 هەزار خێزانمان تۆمارکردوون لە چاودێری کۆمەڵایەتی لە دەشتی نەینەوا و ئاوارەکان. لەلایەکی دیکەوە بەڕێز سەرۆکوەزیران گرنگییەکی زۆر دەدات بە کەمینەکان و لە راستیشدا تێڕوانینی سەرۆکوەزیران بۆ گەلی عێراق لە زاخۆ تاوەکو فاو، تێڕوانینێکی باوکانەیە و هیچ جیاوازییەک ناکرێت لەنێو پێکهاتەکان و بە سەرچاوەی هێزیان دادەنێت. رووداو: ئەو ژن و کچە ئێزدییانەی کە ئازادکراون، سکاڵا دەکەن لە بوونی ئاستەنگ لەبەردەم راییکردنی مامەڵەکانیان. هۆکاری ئەو ئاستەنگییانە چین؟ زێدان خەلەف: لە راستیدا دوای وەرگرتنی دۆسیەی شنگال، بەهەمان شێوە من بەرپرسم لە دۆسیەی ژن و کچە رفێندراوە ئێزدییەکان و پەنابەرەکان بەپێی یاسا، بینیم ئاستەنگی زۆر هەیە. لەلایەنی ئەمنییەوە وردبینییەکی ئەمنی تووند هەبوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکێشکردبوو بۆ وەرگرتنی قەرەبوو، چ لەسەر ئاستی ماڵ و کەسوکاریان و چ لەسەر ئاستی ئازادکراوەکان؛ رۆتینێکی زۆر هەبوو. بەرێز سەرۆکوەزیران لەسەر داواکاریی ئێمە فەرمانێکی دەرکرد کە وردبینی ئەمنی زۆر پوخت و دیاریکراو بێت لە نەینەوا. پێش ئەوە هەرکەسێک داواکاریی پێشکێش بکردایە دەیانناردە دادگە و دادگە دەیناردە بەغدا و لە بەغداوە دەنێردرایەوە بۆ لێکۆڵینەوە و دادپەروەری و هەموو دەزگا ئەمنییەکان. ئێستا ئەوە نەماوە. ئێستا تەنیا دوو دەزگا کارەکە دەکەن کە ئەوانیش دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری ناوخۆیین بۆ وردبینی ناوەکان و لەماوەی هەفتەیەکدا مامەڵەکە تەواو دەبێت. لە راستیدا بابەتی ئازادکراوان ئەو ژمارەیەی کە پێشکێشکراوە زیاتر لە 13 هەزار ناوە. هەمووان دەزانن ئەو ژن و کچانەی رفێندران ژمارەیان لە 3 هەزار کەس تێناپەڕێت؛ هەربۆیە وردبینی پێویستە. ئەمە بابەتێک. بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە هەموو رفێندراوەکان لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەکان سکاڵایان کردووە لە دهۆک و دۆسیەی تەواویان هەیە. دادوەری نەینەوا هیچ بەڵگەیەکی ئەوانەی لەبەردەستدا نییە؛ هەربۆیە زیاتر لە جارێک بە نووسراوی فەرمی داوامان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە بەڵگەنامەکان بنێرێت بۆ دادگەی پێداچوونەوەی نەینەوا لەبارەی ئەو رفێندراوانە و دۆسیەکانیان. کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان تاوانی دژی مرۆڤایەتییە. بە داخەوە تا ئەم ساتە ناو و دۆسیەکان ئاراستە دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەینەوا نەکراون، وێڕای چەند جارێک داواکردنمان و من بە زۆرینەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانم گوتووە. هەربۆیە جارێکی دیکە لەرێگەی ئەم کەناڵە بەڕێزەی ئێوەوە داوادەکەین کە ئەو ناوانە بنێرن بۆ دادگەی نەینەوا بۆیە کارەکان خێرا بکرێن، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ 13 هەزار ناوت بۆ بێت و تۆش راتگەیاندبێت کە ژمارەیان ناگاتە 3 هەزار کەس، چۆن دەتوانی پۆلێنیان بکەی؟ ئەوە جگە لەوەی ئێستا ژمارەیەکی زۆر لەو ئازادکراوانە لە دەرەوەی عێراقن بەتایبەت لە ئەڵمانیا و کەنەدا و زۆرینەی وڵاتانی جیهان، بۆیە پێویستە بێن و داوا تۆماربکەن. رووداو: دۆسیەی هەنووکەیی دۆسیەی حەمدانیەیە. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان گومانێکی زۆری لەسەرە لەلایەن خەڵکەوە. عێراق رێگە دەدات لایەنی نێودەوڵەتی بێتە نێو لێکۆڵینەوەکانەوە؟ زێدان خەلەف: پێم وانییە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کەمتەرخەم بێت لەم دۆسیەدا. ئێمە ئەو خەم و ئازار و کارەساتە گەورەیە دەبینین کە بەسەر خوشک و برا کریستیانەکانمان هاتووە لە حەمدانیە. سەرۆکوەزیران خۆی سەردانی کرد و وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی و هەموو بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی نارد. لە سەرەتاوە داواکاریی زۆر هەبوون کە لێکۆڵینەوەکان زۆر خێرا بن و زوو ئەنجام دەربکەوێت. پێشتر هەر رووداوێک روویدەدا تێڕوانینمان وابوو کە بۆیە لێکۆڵینەوەکان دووربن لە هەموو شتێک لیژنە پێکدەهێنرا و چاوەڕوان دەکرا تا لێکۆڵینەوەکان تەواودەکران، ئێستا سەرۆکوەزیران کارێکی باشی ئەنجامداوە کە گوشاری کرد لەماوەی 72 کاژێردا راسپاردەکان دەربچن و زۆرێک لەوانەی گومانیان لەسەر بوو ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەریی کران. ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە؛ بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەنجامەکانی رابگەیەنێت. ئێمە متمانەمان بە دەسەڵاتی دادوەریی خۆمان هەیە و پێم وایە پێویستمان بە دەستوەردانی نێودەوڵەتی نییە بۆ وەرگرتنەوەی مافی منداڵ، خێزان و خوشک و براکانمان. ئێستا عێراقییەکان خۆیان لە هەموو کەسێک زیاتر رژدن بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشەوە. رووداو: گومان دەکرێت کە ئاگرەکە هەڵگیرسێندرابێت. هیچ بەڵگەیەک هەیە لەمبارەیەوە؟ زێدان خەلەف: راستی ئەو قسەیە قسەی خەڵکە. ئێمە دەبێت چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکان بکەین تا بتوانین دادوەریی بکەین. رەنگە رووداوەکە ئاسایی بێت. ئێستا ژمارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق ژمارەیەکی زۆرن و بۆیە یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی بەرێز سەرۆکوەزیران ئەوەیە کە پێداویستی لۆجستی و ئۆتومبیلی نوێ بۆ بەرگریی شارستانی دابینبکرێت و هەڵمەتێک دەستپێکراوە لە هەموو عێراق بۆ بەدواداچوونی ئاستی پاراستنی سەلامەتی لە پرۆژەکان، لە مۆڵەکان و سینەماکان و هەر شوێنێک هەبێت لە عێراق دەخرێتە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەوە. رووداو: هەزاران هاوڵاتی عێراقی هەن بەتایبەت لەو ساڵانەدا لەدایکبوون کە داعش کۆنترۆڵی رووبەرێکی زۆر لە خاکی عێراقی کردبوو، هیچ بەڵگەنامەیەکیان نییە. رێکاری چارەسەرکردنی کێشەکە چییە؟ زێدان خەلەف: لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسێیە، ئینجا لە کەمپی جەدعە یان هۆل یان هەرشوێنێک بێت، ئێمە لیژنەیەکی باڵامان پێکهێناوە و منیش ئەندامم تێیدا. ئەم لیژنەیە بۆ پێدانی بەڵگەنامەیە بەو کەسانە و زیاتر لە 15 هەزار بەڵگەنامەی فەرمی حکومەتی عێراقمان داوە بەو خێزانانەی کە هیچ بەڵگەنامەیەکیان نەبوو. هەندێ گرفت هەن. کەسی وا هەیە هەر بە رووخساریدا دیارە کە عێراقی نییە و خەڵکی ناوچەکانی قەوقازە. لەلایەکی دیکەوە دەبێ دڵنیایی پشکنینی دی ئێن ئەی هەبێت. هیچ وڵاتێکی جیهان بەڵگەنامەی فەرمی نادات بە کەسێک سنووری بەزاندبێت. دەبێت دڵنیابین لە بابەتی دی ئێن ئەی. هاوئاهەنگییەکی گەورەمان هەیە لەگەڵ ئەو باڵیۆزخانانەی لە عێراق هەن لەپێناو پێدانەوەی منداڵەکانیان و زیاتر لە هەزار منداڵمان گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتان کە عێراقی نەبوون. ناکرێت تۆ پێناسی نیشتمانی بدەیت بە کەسانێک کە خەڵکی وڵاتەکەت نین. ئەو منداڵانەی کە باوکیان دیار نییە زۆرن؛ هەندێکیان منداڵانی داعشن، هەندێکیان رفێندراون؛ چیرۆکەکان زۆرن؛ هەربۆیە هەوڵ دەدەین بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ لیژنەیەکمان هەیە کە فەرمانگەی باری شارستانیی بەغدا تێیدا بەشدارە و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن و بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی باری شارستانی خۆی لە لیژنەکەدایە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/231020231
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیایە و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ راوێژکاری ئەو وڵاتەدا کۆببێتەوە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان دەکات لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دەیەوێت پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات. دەشڵێت، پێشوازیی راوێژکاری ئەڵمانیا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی گەورەیە بۆ ئەوانەی هەوڵی سنوورداکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان دەدەن. دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، باسی لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ و درەوە لە ئەرکەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و سەردانەکەشی لەو چوارچێوەیەدایە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی، ماوەیەکە و بەتایبەت دوای گفتوگۆی پەسندکردنی یاسای بودجە هەوڵێک بۆ پیشاندانی سنووردانان بۆ پێگە و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام سەردانی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا وەڵامێکی "زۆر گەورەیە" بۆ ئەو هەوڵانە. دڵشاد شەهاب گوتی، "ئەڵمانیا خاوەنی پێگەیەکی بەهێزی جیهانییە و پێشوازیکردنی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باڵاترین ئاستدا کە راوێژکاری ئەڵمانیایە، بە یەک کۆپلە دەبێتە وەڵامێک [بۆ ئەوانەی هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەدەن] کە هێشتا هەرێمی کوردستان بەهێزە و هەنگاو دەنێت بۆ بەهێزتربوون". گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان سەرەتا لەنێوخۆوە دەستیپێکرد و لەنێوخۆدا "هەموو هەوڵێکی داوە بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان". دڵشاد شەهاب ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکومەتی عێراق کرد و گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێکتێگەیشتنێکی باشی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا دروستکردووە. گوتیشی، "پێشتر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەڵمانیای کردبوو و پێش سەردانەکە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردبوویەوە؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئەوی لەم گەشتەی ئاگادار کردووەتەوە". گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەری گەلی کوردستانە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و بە پەیوەندی و سەردانەکانی بۆ وڵاتان، پارێزگاری لە هێشتنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات و بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە. هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: رووداو: گرنگیی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا بۆ ئەڵمانیا چییە؟ دڵشاد شەهاب: بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا بەرپرسیارە لە پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەوە ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەوە. بێگومان یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پارێزگاریکردن لە پێگەی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بەهێزکردنی پێگەکەی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانە. لە کاتێکی وەک ئێستادا بەتایبەتی کە ماوەیەکە بە لایەنی کەمەوە لە رووی راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی هەندیک لێدوان لێرە و لەوێ لە دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی عێراق، هەوڵیک بۆ نیشاندانی سنوورداربوونی هەرێمی کوردستان لە رووی پێگە و دەسەڵاتەوە هەیە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە بەرلین روودەدات، بەتایبەت کە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز راوێژکاری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، خۆی وەڵامێکی زۆر گەورەیە. ئەڵمانیا وڵاتێکی خاوەن پێگەی بەهێزی جیهانییە و پێگەیەکی کاریگەری گەورەی لەنێو ئەوروپا، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. پێشوازیکردن لە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باڵاترین ئاستی سیاسی، دیپلۆماسی و بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن راوێژکاری ئەڵمانیاوە بەو واتایەیە کە هەرێمی کوردستان هێشتا و لە داهاتووشدا هەنگاو دەنێت بەرەو پێگەیەکی بەهێزتر؛ ئەوە وەڵامدەرەوەی کۆمەڵێک پرسیارە، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و لە دەستووری عێراقیشدا هەرێمێکی فیدراڵییە و دانی پێدانراوە. مامەڵەکردنی وڵاتانی زلهێزی وەکو ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە کە ئەمڕۆ ئەڵمانیا بابەتە، خۆی وەڵامدەرەوەیەکی گرنگە بۆ قۆناخی ئەمڕۆی پارێزگاریکردن [لە هەرێـمی کوردستان]. رۆڵی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە و پارێزگاریکردن لە پێگەی هەرێمی کوردستان، بێگومان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووە و لەدەستپێکیشەوە تاوەکو ئێستا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەوڵی جیدی داوە و لەوەی هەموو توانایەکی بخاتەگەڕ کۆڵی نەداوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە نێوخۆدا کێشە و گرفتەکانی چارەسەر ببن. ئێستاش بەڕێزیان لە هەنگاوی جیدیدایە بۆ ئامادەسازیی هەڵبژاردنی داهاتوو، لێکنزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان و ئامادەبوونێکی بەهێز لە بەغدا کە لەماوەی رابردوودا هەموو لایەنێک شاهیدی ئەوە بوون، بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی هەوڵی رێکخستنی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی فیدراڵی داوە و لێکتێگەیشتنێکی باشیشی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە؛ ئەمانە هەموویان زنجیرەیەکن بەیەکەوە پەیوەستن و ئەو هەنگاوانەن کە پارێزگاری لە بەهێزبوون و هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان وەکو کارەکتەرێکی زیندوو دەهێڵنەوە؛ بۆیە من بەپێی هەموو ئەو تێڕوانینانەی کە هەن، ئەم هەنگاوانە و ئەم دیدارە بە دیدارێکی زۆر گرنگ دەزانم و بێگومان دواجاریش ئەمە پشتیوانییە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان. بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو ناوەندە نێودەوڵەتییانەدا نوێنەری گەلی کوردستانە و بێگومان هەر بەرەوپێشچوونێک رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە نێوخۆی عێراق، ناوچەکە، پەیوەندییە هەرێمییەکان و نێودەوڵەتییەکاندا جێدەهێڵێت. رووداو: ئەم سەردانە یان سەردانەکانی داهاتوو وا دەکات جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان، وەک کاتی پەراوێزخستنەکەی 16 ئۆکتۆبەر، وەکو قەوارەیەکی سیاسی-دەستووری بباتەوە سەر گۆڕەپانی دیپلۆماسیی جیهانی؟ دڵشاد شەهاب: بە بۆچوونی من ئەم بەراوردکارییە رەنگە دوو حاڵەتی زۆر جیاواز بن و هەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناخی پەراوێزخستندا نییە، بەڵکو چووەتە قۆناخێکی دیکە کە [پێشتر] لەگەڵ دەسەڵاتەکانی فیدراڵی لە ململانێی تووندی کۆمەڵێک ناکۆکییدا بووین و ئەو کات کە سزای ئابووری خرایەسەری و قووتی خەڵکی کوردستان بڕدرا و تەنانەت هێرشی سەربازیش کرایە سەر هەرێمی کوردستان، ستەمێکی زۆری لێکرا. ئەو کات دەبوایە هەموو رێگەیەک بگیرێتەبەر بۆئەوەی ئەو پیلانانەی دژی بچوککردنەوە، سنووردارکردن و تەنانەت لە خەیاڵی هەندێک لە ناحەزانیدا نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستانیش هەبوون، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە سەرکەوتین بە خۆڕاگریی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لەو دۆخە قورسەی کە هەبوو؛ هەروەها بە خۆڕاگریی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە هەرێمی کوردستانی خستە نێو بازنەیەکی پەیوەندییەکان و بەرەیەکی جیهانی دژی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هەموو ئەو کێشە رەوایانەی کە هەرێمی کوردستان هەیبوون، ئەو زوڵمەی کە لەسەر گەلی کوردستان هەبوو و ئەو هەڵوێستە دیپلۆماسییە دروستەی کە بۆ شکاندنی ئەم گەمارۆیانە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەیبوو، شتێکی بەڵگەنەویستن و سەرجەم خەڵکی کوردستان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە سیاسەت و رێگەی دیپلۆماسییەتی دروست، پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و واقیعبینی لە سیاسەتکردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بوون بە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک قۆناخی سەخت بەڕێبکات. ئێستا و دوای ئەو رووداو و ئاڵۆزییانەی کە هەبوون، بەشداریی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، خواستی هەموو دۆستانی ئێمەیە. ئێمە قۆناخێکی نوێمان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی فیدراڵی دەستپێکردووە؛ ئێستا هەرێمی کوردستان بە هێزەوە لە بەغدایە و بەشدارییەکی کارای لە حکومەتی فیدراڵی و رێککەوتنی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت هەیە؛ بەڕێز سوودانیش تاوەکو ئێستا پابەندبوونی تەواوی بەو رێککەوتنانەوە هەبووە و پەیوەندییەکی زۆر باشیشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەگەر وردببینەوە، یەکێک لەو پرسانەی کە جێگەی باسە لە بەرلین، پشتیوانیکردنی ئەو هەنگاوانەیە کە لە سەردانی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بۆ ئەڵمانیا هەیبووە و کۆمەڵێک رێککەوتن و لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە. پارێزگاریکردن لە پێگەی هەرێمی کوردستان لەو رێککەوتنە نێودەوڵەتییانە و لەو بوارانەی کە گرنگیان بۆ عیراق هەیە، ئەوانەی لە راپۆرتی ئێوەشدا ئاماژەی پێکرا؛ جیا لەمانەش ئێستا هەندێک پرس هەن کە بوونەتە پرسی جیهانی، ئەوە نییە کە ئەگەر لە شوێنێکدا روویدا، پەیوەندی بە شوێنێکی دیکەوە نەبێت؛ پرسی ئاسایش پرسێکی جیهانییە، هەبوونی تیرۆر لەم ناوچەیە کە دواجار بازنەکەی لە داعشدا بوو ؛ بۆیە ئێستا سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەکو هەرێمێکی فیدراڵی کە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی دەکات، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت و هیچ بەراوردکارییەک نییە لە نێوان ئەو دۆخانەی کە باس کران کە هەرێمی کوردستان لە ئەزمەیەکدا بێت، بەڵکو ئێستا هەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی نوێدایە و بەشدارییەکی کاریگەر و کارای هەیە. رووداو: مەبەستم ئەو هەوڵە بوو کە ئێستاش بۆ لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا هەیە. دڵشاد شەهاب: لەوەشدا من تێبینیم هەیە، لە هەفتەی رابردووشدا شاندی باڵای ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی دۆست، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدان. ئێمە لە قۆناخێکی نوێداین، ئەویش قۆناخی بەشداریکردنێکی کارا و گەرەنتیکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدایە بەپێی دەستوور. کاتێک دەڵێم قۆناخێکی نوێ، [مەبەست ئەوەیە] ئەمڕۆ لە دەستەڕاستی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی عێراق دانیشتووە، ئەمە خۆی لە خۆیدا قۆناخێکی نوێیە و جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە لەگەڵ ئەو رۆژانەی لەگەڵ بەغدا لە ململانێیەکی توونددا بووین. ئێمە هەنگاومان ناوە و دۆستانی ئێمە، بۆ نموونە ئەڵمانیا لە رێگەی کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەی خۆی لە عێراق، یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەی هەموو کات هاریکار و رێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی راست و دروست لە چوارچێوەی دەستووردا لە نێوان هەرێمێکی فیدراڵی و حکومەتێکی فیدراڵی هەبێت. ئێستا ئێمە بە بۆچوونی خۆمان و لەسەر داخوازیی هەموو دۆستانی خۆمان، ئەو هەنگاوەمان ناوە و پێم وایە هەنگاوێکی سەرکەوتووە و هەرێمی کوردستان لە ناسەقامگیریی پەیوندی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا هەبوو، دەرباز دەبێت و ئەڵمانیاش هەمیشە پشتگیر و پشتیوانی ئەم پرسە بووە، بۆیە من پێم وایە ئەمە دیدارێکی گرنگە، دوای ئەوەی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لە بەغدا بە ئاراستەی جێبەجێکردنی دەستوور و رێکخستنی پەیوەندییەکی دروستی نێوان هەرێمێکی فیدراڵی و دەسەڵاتە ناوەندییەکان هەنگاو دەنێن. لە هەمانکاتیشدا ئەو پەیوەندییە دروستەی کە ئێستا لە نێوان جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پۆستە باڵاکانی دەسەڵات لە بەغدا هەیە، راشکاوانەتر بڵێم بەڕێز سوودانی سەردانی ئەڵمانیای کرد، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگادار بوو؛ کاتێک بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش سەردانی ئەڵمانیا دەکات، بەڕێز سوودانی ئاگاداری ئەم سەردانەیە، واتە دەمانەوێت پێ بنێینە قۆناخێکی نوێ کە ئەویش جێگیرکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاوی نوێی دیپلۆماسیی کوردستانە کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات؛ هەروەها پشتیوانی و چاوخستنەسەری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، وڵاتە زلهێزەکان و دۆستانی ئێمەیە بۆ پارێزگاریکردن و جێبەجێکردنی فیدراڵییەتێکی راستەقینە، چونکە لەومەودوا، شەڕی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر جێبەجێکردنێکی دروستی فیدراڵییەت دەبێت، چونکە تاوەکو ئێستا هەڵبەزین و دابەزینێکی زۆر لە پەیوەندییەکاندا هەبووە. هەنگاوی دروست لە هەرێمی کوردستان نراوە و بە جیدی بەنیازین بەشدارییەکی کارامان لە عێراقدا هەبێت و دەبێ هەموو توانای خۆشمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی، هەرێمایەتی، نێوخۆیی عێراق و بەر لە هەمووانیش نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە و پارێزگاریکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا [بەدەست بهێنین]. رووداو: پرسی وزە لەم کۆبوونەوەیەدا باس دەکرێت؟ دڵشاد شەهاب: من هەست دەکەم بابەتی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەندێکجار، خوێندنەوەی لایەنێکی دیکەی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان مافی بەرهەمهێنان یان هەناردەکردنی نەوتی نەبێت؛ دەمەوێت ئەمە زۆر بە روونی بخەمەڕوو، ئەو بڕیارەی دەستەی نێوبژیوانی کە بارەگاکەی لە پاریسە، لەسەر ناکۆکییەکی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیایە، ئەویش لەسەر شێوازی مامەڵەکردن و هەناردەکردن؛ ئەو بڕیارە لەسەر یاساییبوون و نایاساییبوونی مافی هەرێمی کوردستان نییە لە بەرهەمهێنانی نەوت؛ ئەمە دوو بابەتی جیاوازن. بەپێی دەستوور، هەرێمی کوردستان مافی بەرهەمهێنانی نەوتی هەیە و نەوت لە نێو هەرێمی کوردستان بە قەتیسکراوی نامێنێتەوە و یەکێک لەو گوتانەی کە لەلایەن شارەزایان و پسپۆڕانی وزەش هەیە ئەوەیە کە نەوت و وزە رێگەی خۆیان دەدۆزنەوە. ئێمە ئێستا چاوەڕوانی ئەو هەنگاوانە دەکەین و هەوڵێکی جیدیشمان داوە بۆ ئەوەی بەشێک لە چارەسەر بین و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بدەین. ئەم پرسە لە رووی ئابوورییەوە کاریگەرییەکانی بەسەر عێراقەوە زۆر گەورەن و بەپێی یاسای بودجە، عێراق ئەرکدارە بە دابینکردنی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان، ماف و شایستە داراییەکانی، واتە هەر رۆژێک نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، زیانێک بەر بودجەی عێراق دەکەوێت، ئەوە نییە کە بڵێین، تەنیا زیان بە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکەوێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە؛ بۆیە دڵنیام پرسی وزە ئێستا پرسێکی گرنگی جیهانییە، بەتایبەتی دوای شەڕی ئۆکراینا و رووسیا کە بێگومان قەیرانێکی گەورە لەسەر پرسی وزە لە جیهان دروست بووە. بۆیە دڵنیام ئەمە بابەتێکی گرنگە و چاوەڕوانیش دەکرێت بابەتی باسکردن بێت، بەڵام ئەم بابەتە تەنیا پەیوەست نییە بەوەی کە بڵێین گەمارۆیەک لەسەر هەرێمی کوردستان دانرابێت، بەپێچەوانەوە ئەمە پرسی نێوان عێراق و تورکیایە کە جێگەی گرنگیپێدانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ چارەسەرکردنی.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2606202311
ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی دەڵێت، ئەوان لە هەموو هەوڵێک بەشدارن بۆ لێکتێگەیشتن و راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان. ئەحمەد ئەبو غێت لە دووبەیەوە قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، ئێستا جیهان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی؛ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کارێکی پێویستە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو ململانییە. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غێت: رووداو: کاریگەریی کۆمکاری عەرەبی چییە و چەندە رۆڵی لە راگرتنی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە هەیە؟ ئەحمەد ئەبو غەیت: ئێمە، لە هەموو هەوڵێکی عەرەبی کە ئامانجی یەکەم و سەرەکی گەیشتنە بە ئاگربەست، بەشدارین و دواتر لێکتێگەیشتن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان، دیلە فەلەستینییەکان لە بەندیخانەکانی ئیسرائیل و دیلە ئیسرائیلییەکان لە بەندیخانەی فەلەستنییەکان، پاشان دەست دەکەین بە پرۆسەیەکی سیاسی کە هەڵوێستێکی سیاسی راستەقینە بێت بۆ گەیشتن بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین و پاشان پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی فەلەستین. رووداو: بەڕای تۆ رێگە چییە بۆ ئەوەی هەردوولا رێکبکەون؟ ئەحمەد ئەبو غەیت: ئێستا جیهان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی؛ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی کارێکی پێویستە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو ململانییە، کاتێک شەڕ راگیرا، ئەوسا کاردەکرێت بە ئاراستەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستن. رووداو: ئایا تاوەکو ئێستا دەستێک هەیە بۆ کۆچپێکردنی خەڵکی غەززە و چۆڵکردنی؟ ئەحمەد ئەبو غەیت: بە دڵنیاییەوە، نازانم مەرامی لە لێدوانە شێتانەکانی وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل چییە لەبارەی دەرکردنی فەلەستنییەکان. رووداو: چۆن تەماشای بارودۆخی عێراق و پەیوەندیی عێراق و ئێران دەکەن؟ ئەحمەد ئەبو غەیت: ئێستا کاتی باسکردنی ئەم بابەتە نییە، ئەمە پرسێکە عێراقییەکان خۆیان لە دۆخی وڵاتەکەیان باشتر دەزانن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/14022024
تۆم توگێنتهات، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا، دوای ئەوەی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەرێگەی رووداویشەوە باسی ناوەڕۆکی کۆبوونوەکانی کرد. تۆم توگێنتهات، لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی رێگریکردنە لەو تۆڕە قاچاخچییانەی خەڵک لێرەوە دەبەنە بەریتانیا و گوتی: "یەکمانگرتووە و رێککەوتووین کە بەیەکەوە کار بۆ تێکشکاندنی ئەو گرووپە تاوانکارانە بکەین." وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا سەبارەت بە ئاییندەی هەرێمی کوردستان گوتی "دڵنیام، کوردستان دەبێتە ناوچەیەکی زۆر راستەڕێ و سەرکەوتوو. گەشەکردن و هەلی زیاتر دەبینین لە داهاتوودا بۆ خەڵکی گەنج." دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: گفتوگۆکانتان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن بوون و، چ رێککەوتنێکتان لەگەڵ کردن؟ تۆم توگێنتهات: ئێمە چەند گفتوگۆیەکی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا و لێرە، لە هەولێر کرد، قسەشمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆک و ئەوانی دیکە کرد. گفتوگۆی سەرەکی بریتیبوو لە سوپاسکردنی زۆر بۆ شەڕەکەیان لەگەڵ داعش و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەیان لە تێکشکاندنی گرووپەکەدا لە چەندین ناوچە. هەروەها هێشتا هۆشداری هەیە کە داعش وەک هەڕەشەیەک لە چەند ناوچەیەک ماوەتەوە، بەڵام ئەو ئەرکەی ئێمە دەمانەوێت بیکەین و من بۆ کردنی هاتووم ئەوەیە؛ نەک تەنیا بەیەکەوەکارکردنمان لەو شەڕەدا هەبێت، بەڵکو شەڕە لەدژی ئەو تاوانە رێکخراوانەی سووریا، کە دەبینین بەداخەوە عێراقی و کوردەکان قاچاخچیێتییان پێوە دەکرێت و وەکو کۆیلە دەفرۆشرێن؛ هەروەها زۆر بەداخەوە هەندێکجار لەسەر رێگە نایاساییەکان بۆ ئەوروپا و بەریتانیا دەمرن. بۆیە یەکمانگرتووە و رێککەوتووین بەیەکەوە کاربکەین بۆ تێکشکاندنی ئەو گرووپە تاوانکارانە، بۆ وەستاندنی پارەکەیان و کارە نایاساییەکەیان. رووداو: بەریتانیا گرنگییەکی بەرچاو بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەدات، زیادبوونی بەرهەمهێنانی کێپتاگۆن لە سووریا و بازرگانیکردنەکەی تاوەکو چەند جێگەی نیگەرانییە؟ تۆم توگێنتهات: رژێمی بەشار ئەسەد ئێستا بووەتە یەکێک لە گەورەترین قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر. ئەمە گۆڕانێکە لە دیمەشق کە سەر بۆ ئازار و ناخۆشییەکی زۆر دەکێشێت لەنێو خێزانەکانی کوردستان، عێراق، ئوردن و تەواوی ناوچەکەدا. ئەمە هەڕەشەیەکی راستەقینەیە لەسەر ئاسایشی هەمووان و هەموومان بەیەکەوە کاری لەسەر دەکەین، چونکە هەر هەمان ئەو گرووپە تاوانکارانە کە قاچاخچیێتی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن، زۆربەی کات قاچاخچیێتی بە مرۆڤیشەوە دەکەن. خەڵک لە کۆمەڵگەکانی ئێرە، کوردستان و عێراقەوە دەبەن و درۆیان لەگەڵدا دەکەن و پێیاندەڵێن کار و هەل لە بەریتانیا و شوێنی دیکە هەیە، بەڵام نییە. بۆیە دواتر وەک کۆیلە دەیانفرۆشن. رووداو: ژمارەیەکی زۆر گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە رێگەی کۆچی نایاساییەوە چوونەتە بەریتانیا، ئێستا چی چاوەڕێی ئەم گەنجانە دەکات؟ ئایا داواتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە تاوەکو هاوکاربن لە گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە لە بەریتانیا؟ وەڵامی ئەوان چی بووە بۆتان؟ تۆم توگێنتهات: بەریتانیا رێکارەکانی لە چەند هەفتە و مانگی رابردوودا تووندوتۆڵ کردووەتەوە، بۆیە چیدیکە رێی تێناچێت لە بەریتانیا بە نایاسایی کاربکەیت و وەک پێشووتر مامەڵەت لەگەڵدا بکرێت. هەر کۆمپانیایەک یان کەسێک کە کرێکارێکی نایاسایی دادەمەزرێنێت، دەکەوێتە ژێر مەترسیی پێبژاردنێکی گەورە و لەوانەشە زیندانی بکرێن. ئەمەش واتای وایە ئەوانەی بە نایاسایی کاردەکەن، لە مەترسییەکی گەورەدا کاردەکەن و تەنیا بۆ تاوانباران کاردەکەن؛ ئەمەش گۆڕانێکی گەورەیە. ئەوانەش، کە دەبرێنە بەریتانیا یان بەشەکانی دیکەی ئەوروپا و پێیانگوتراوە هەلەکان بە هەمانشێوەی پێشوون، درۆیان لەگەڵدا کراوە. ئەوانە قاچاخچیێتیان پێوەدەکرێت و لە دۆخێکدا دەفرۆشرێن، کە زۆر بە ئاسانی دەکرێت ببنە کۆیلە و زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. رووداو: ئەگەر باسی پەیوەندییەکانتان بکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئایا پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا زیاتر پەرەدەسەنن؟ تۆم توگێنتهات: سەیرکە، من زۆر بەهیوام کە زۆر لە نزیکەوە بەیەکەوە کاربکەین، لەو بابەتانەدا کە بۆ هەردوولامان گرنگن، چونکە پاراستنی خەڵکی کورد کە بە جیهاندا دەگەڕێن، بەشێکی گرنگی کاری حکومەتە و بەرپرسیاریێتییە. هەروەها بۆ ئێمەش گرنگە خەڵک بەقاچاخ نەبرێن بەنێو ئەوروپاوە بۆ بەریتانیا. ئێمە زۆر رژدین لەسەر تێکشکاندنی ئەو گرووپە قاچاخچیێتییانە و زیاتریش رژدین لە دەستگیرکردنی ئەوانەی قاچاخچیێتی بە مرۆڤەوە دەکەن. هەروەها بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانیان و تێکشکاندنی بازرگانییەکەیان. ئێمە لە ئێستاوە بەیەکەوە کاردەکەین و لەودوا لە نزیکتریشەوە کاردەکەین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێکشکاندنی ئەو دیاردەیە، پاراستنی خەڵک لە کوردستان و پاراستنی بەریتانیا. رووداو: لە ماوەی سەردانەکەت کاتت لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەسەربرد، لەو سەردانەدا بە گشتی هەرێمی کوردستان و عێراقت چۆن بینی؟ تۆم توگێنتهات: من زۆر کەم لێرە بووم و ئەمە یەکەم جارمە دوای 20 ساڵ بێم بۆ ئێرە. زۆر جێگەی دڵخۆشییە کە ئەو گۆڕانکارییە دەبینم و ئەو هەلە زۆرە دەبینم کە لەبەردەست خەڵکێکی زۆردان. زۆریش دڵنیام کوردستان دەبێتە ناوچەیەکی زۆر راستەڕێ و سەرکەوتوو. گەشەکردن و هەلی زیاتر دەبینین لە داهاتوودا بۆ خەڵکی گەنج.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/23082023
دانیمارک و دەزگای روانگە بە هاوبەشی پڕۆژەیەک جێبەجێدەکەن بۆ هاوکاریکردنی ئەو گەنجانەی لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە، تاوەکو بە ئاسانی کاریان دەستبکەوێت یان ببنە خاوەن کاری خۆیان. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن حکومەتی دانیمارکەوە پارەدار دەکرێت و لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن دەزگای روانگەوە جێبەجێ دەکرێت، تاوەکو ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت. ئامانج لە پڕۆژەکە هاوکاریی ئەو کەسانەیە کە لە ئەوروپا پەناخوازن و داواکانیان رەتدەکرێتەوە، دەتوانن لە رێگەی روانگەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و سوودمەندبن لە خزمەتگوزارییانەی کە لە رێگەی ئەو پڕۆژەیە پێشکەش دەکرێت. پیتەر سۆرێنسن، نوێنەری دانیمارک لە پڕۆژەی یەکخستنەوەی گەڕاوەکان لە گفتوگۆیەکەدا لەگەڵ بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، وردەکاریی پڕۆژەکە دەخاتەڕوو و زانیاریی دەدات لەبارەی مەرجەکان و ئەو کەسانەی کە دەتوانن سوود لە پڕۆژەکە ببینن. نوێنەری دانیمارک لە پڕۆژەکە، باس لە دۆخی پەناخوازان لە دانیمارکیش دەکات، بە تایبەتی پەناخوازانی کورد و دەڵێت، ئەو کەسانەی کە داواکاری پەناخوازییان لە دانیمارک رەتدەکرێتەوە، دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئەگەر ئارەزوومەندانە بە بڕیارەکەی دادگە رازی بن و خۆیان بگەڕێنەوە ئەوا هاوکاری دارایی وەردەگرن، ئەگەرنا بە زۆر لەلایەن پۆلیسەوە دەگەڕێندرێنەوە. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پیتەر سۆرێنسن، نوێنەری دانیمارک لە پڕۆژەی یەکخستنەوەی گەڕاوەکان پیتەر سۆرێنسن، نوێنەری دانیمارک لە پرۆژەی یەکخستنەوەی گەڕاوەکان رووداو: خۆشحاڵم کە لێرەی و بەخێربێیت بۆ کوردستان پیتەر سۆرێنسن: زۆر سوپاس، خۆشحاڵم کە لێرەم رووداو: سوپاس، بە کورتی، دەکرێت باسی ئەم پرۆگرامەم بۆ بکەیت؟ پیتەر سۆرێنسن: ئەم پرۆگرامە زیاتر لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەیە کە لە ئەوروپا دەگەڕێنەوە بە دیاریکراوی. هەروەها ئەو پەناخوازانەی کە لە ئەوروپا داواکانیان رەتکراونەتەوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بێگومان پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە بۆ ئەوەی تێکەڵی ئەو کۆمەڵگەیە ببنەوە کە بۆی دەگەڕێنەوە، پرۆگرامەکە تەنیا پاڵپشتی نییە بۆ ئەوانەی کە داوای پەناخوازییان رەتدەکرێتەوە، بەڵکو پاڵپشتییە بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی تێیدا دەژین، بۆیە ئێمە باسی هاوکاریی دارایی ناکەین، چونکە بۆ ئەم ساتە ئەوە لە رێگەی بەرنامەکەی یەکێتیی ئەوروپاوە دەکرێت و پارەدار دەکرێت، کە پێی دەگوترێت پاڵپشتی تێکەڵکردنەوەی هاوبەش، ئەم بەرنامەیەی ئێمە پاڵپشتییە بۆ ئەو بەرنامەیەی یەکێتیی ئەوروپا، بەرنامەکەی ئێمە بە دیاریکراوی هەریەک لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، نەینەوا، بەغدا و ئەنبار دەگرێتەوە و لەلایەن دەزگای روانگەوە جێبەجێ دەکرێت و لەبارەی ئەوەیە کە چۆن دەکرێت ئاسانکاری بکەین بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانە، دەتوانین بڵێین ئەو کەسانەی کە هەوڵیاندا بگەنە ئەوروپا، کاتێک گەیشتنە ئەوروپا، ئێستا کە دەگەڕێنەوە لە ئاستێکی باشتردان بەراورد بەو کاتەی کە هاتن، بۆیە دەتوانین بڵێین لە رووی کولتوورییەوە وەکو شۆکێک وایە بۆیان کە رابێن لەگەڵ بارودۆخەکە، ئێمە هەوڵ دەدەین لە رێگەی ئەم کارانەوە دڵنیابینەوە کاتێک ئەم کەسانە دەگەڕێنەوە توانای ئەوەیان هەیە کە تێکەڵی کۆمەڵگەکانیان ببنەوە و لە جیاتی ئەوەی ببنە ئەرک لەسەر عێراق، ببنە بەهایەک بۆ عێراق. رووداو: ئەندامێکی کارای کۆمەڵگە، باشە، کاتێک ئەم پرۆگرامەتان دەستپێکردووە، مەبەستم دانیمارکە، بێگومان هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆتان هەیە لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟ پیتەر سۆرێنسن: بێگومان ئاڵنگاری زۆر هەن لێرە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرفەتی زۆر لێرە هەن و هێچ گومانێکی تێدا نییە کە عێراق پێویستە بە دەرفەتی کارە، پێویستی بە خەڵکە گەنجەکەیەتی کە بگەڕێنەوە و بەشداربن و رۆڵیان هەبێت. دەتوانین بڵێین زۆری ئەو خەڵکانەی لە ئەوروپان و داوای پەنابەریی دەکەن و داواکانیان رەتکراونەتەوە لە پڕۆسەکەدا، لەوێ بەهرە و توانای باشیان بەدەستخستووە لەو کاتەی کە لەوێ بوون، ئەوان شتیان لە کولتووری جیاجیاوە وەرگرتووە و زمانی جیاواز فێربوون و چارەسەری جیاواز بۆ کێشەکان فێربوون، ئیتر بەو شێوەیە. ئێستاش کە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا رەتکراونەتەوە و دەگەڕێنەوە، توانایەکی زۆر هەیە کە دەکرێت زیاتر بونیاد بنرێت و بۆ ئەوەی پڕۆسەکە لە عێراق خێراتر بکرێت. رووداو: کەواتە ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە دانیمارک دەیەوێت ئەو پەناخوازانە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق؟ پیتەر سۆرێنسن: نەخێر ئەوە هۆکارەکە نییە، دەزانیت ئەوان بە پڕۆسەیەکی زۆر گشتگیردا تێپەڕیون و چەندین مەرج هەن کە دەبێت لە کەسەکەدا هەبن بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی یاسایی لە وڵاتەکەدا بمێنێتەوە، ئەم کەسانەش هەموو ئەو مەرجانەیان تێدا نەبووە، هەموو ئەو مەرجانە هۆکارن کە حکومەت پێی گوتوون بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان، چونکە پێیوستییان پێیان نییە لە ئەوروپا بمێننەوە. رووداو: خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان، هیچ چانسێکیان هەیە کە مافی پەنابەریی وەربگرن لە دانیمارک؟ پیتەر سۆرێنسن: ئەگەر مەرجەکانیان تێدا بێت ئەوا بێگومان بەڵێ، بەڵام دەتوانین بڵێین دۆخی عێراق رۆژانە دەگۆڕێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا دۆخێکی زۆر جیاواز هەبوو، ئەوە دۆخێکی تایبەت بوو، بەڵام ئێستا عێراق وڵاتێکی زۆر کارایە لە زۆر رووەوە، دۆخەکەش گۆڕاوە، بۆیە زۆربەی پەناخوازەکان پێویست ناکات لە ئەوروپا بن تاوەکو بە سەلامەتی بژین، بۆیە ئەمە بەشێکە لە هۆکارەکە کە پێیان دەگوترێت بچينەوە وڵاتی خۆتان. رووداو: ئایە ئەم پڕۆگرامە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە داوای پەناخوازییان رەتکراوەتەوە یان ئەوانەشی کە مافی پەنابەرییان وەرگرتووە؟ پیتەر سۆرێنسن: پێویست ناکات داوا پەنابەریت رەتکرابێتەوە تاوەکو بتوانێت سوود لە هەندێک لە بەشەکانی ئەم پرۆگرامە وەربگریت، لێرەدا دەکرێت تۆ هاووڵاتییەک بیت لەو ناوچانەی ئاماژەمان پێدان، هەولێر، سلێمانی، دهۆک، نەینەوا و بەغدا و ئەنبار، ئەگەر بتوانیت سوود لە هەر کام لەو خزمەتگوزارییانە ببینیت کە دەزگای روانگە پێشکەشیان دەکات ئەوا بێگومان دەتوانن داوا پێشکەش بکەیت و ئەگەر هەیە سوود لەو خزمەتگوزارییانە ببینیت، بۆیە هانی خەڵکی ئەو ناوچانە دەدەم کە ئاماژەمان پێکرد، پەیوەندی بە روانگەوە بکەین و پرسیاریان لێبکەن کە ئایە بە دیاریکراوی هیچ شتێک هەیە لەم پرۆگرامەدا ئەوان بتوانن سوودی لێ ببینن. رووداو: کەواتە دەکرێت هاووڵاتیی ئاسایی بن و هێشتا سوود لەم پرۆگرامە ببینن و بگەڕێنەوە ئەو شارانەی کە ئاماژەت پێدان لە عێراق و هەرێمی کورستان؟ پیتەر سۆرێنسن: گومانی تێدا نییە، چونکە ئەگەر تەماشای ئەو خزمەتگوزارییانە بکەیت کە دابینیان دەکەین، چەندین خزمەتگوزارین، ئەگەر خەڵکێک هەبن لەو ناوچانە و پێویستیان بە راهێنان بێت لەبارەی ئەوەی چۆن بزنسێکی بچووک بکەنەوە یان چۆن سوپەرمارکێتێک بکەنەوە یان شوێنکارێک یان شتێکی لەو شێوەیە و نازانن چۆن بیکەن، نازانن رێکارە یاساییە پێویستەکان چین و لەم کاتەدا ئەو توانایەیان نییە کە پلانی بزنسێکی بچووکی لەو شێوەیە دەستپێبکەن، ئەوە یەکێک دەبێت لەو بەشانەی کە روانگە دەتوانێت پاڵپشت بێت تێیدا. رووداو: ئایا ناوتۆمارکردن بۆ ئەم پرۆگرامە دەستیپێکردووە یان نا؟ پیتەر سۆرێنسن: ناو تۆمارکردنی تێدا نییە، بەو واتایەی هیچ پرۆسەیەکی فەرمیی ناوتۆمارکردن نییە، بەڵام من هانیان دەدەم پەیوەندی بە دەزگای روانگەوە بکەن و پرسیاریان لێبکەن و پێیان بڵێن کە کێن و لەکوێ دەژین و بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ کەسەکان لە ئۆفیسەکە، ئەو کاتە دەتوانن بزانن دەتوانن بەشداربن یان نا. رووداو: کەواتە لایەنی سەرەکی پەیوەندی روانگەیە، ئەم هاوئاهەنگییە لەنێوان دانیمارک و روانگە چۆنە؟ رۆڵی دانیمارک چییە و رۆڵی دەزگای روانگە چییە؟ پیتەر سۆرێنسن: بەشێوەیەکی سەرەکی، پرۆپۆزەڵێکی دیاریکراو هەیە کە لەلایەن دانیمارکەوە قبووڵکراوە، ئەوەش واتای ئەوەی دانیمارک روانگە پارەدار دەکات بۆ ئەوەی هەموو کارانە بکات کە لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی واژۆکراوە، ئاماژەی پێدراوە. رووداو: ئایە دیارە ئەم پرۆگرامە چەند کەس دەگرێتەوە و دەکرێت سوودی لێ ببینین، هیچ ژمارەیەک هەیە؟ پیتەر سۆرێنسن: بە ئەگەرەوە باسی چەند سەد کەسێک دەکەین، سەدانن، بەڵێ، دەکەوێتە سەر ئەوەی خەڵک بە دوای چ جۆرە خزمەتگوزارییەکدا دەگەڕێن. رووداو: ئەوانەی کە داوای پەنابەرییان رەتکراوەتەوە و بەشدار نابن لەم پرۆگرامە و پەیوەندی بە روانگەوە ناکەن، ناشیانەوێ بگەڕێنەوە، دۆخیان لە دانیمارک چۆن دەبێت، ئەگەر بەزۆر دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان؟ پیتەر سۆرێنسن: ئەگەر تەماشای سیاسەتە فەرمییەکە بکەیت، هەر کەسێک پڕۆسەی داوای پەنابەریی تەواو بکات و هەر کاتێک کە بڕیارێکی کۆتایی هەبێت لەبارەی کەیسەکەیەوە لەلایەن دادگەی دانیمارکەوە، تەنیا دوو جۆر بڕیار هەن، یان ئەوەیە کە وەکو پەنابەر قبووڵ دەکرێیت ئەوەش واتای ئەوەی بە یاسایی دەتوانیت لە دانیمارک بمێنیتەوە، ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا دەنێردرێیت بۆ یەکێک لە شارەوانییەکان لە دانیمارک و بەرنامەیکی سێ ساڵەی تێکەڵبوون دەستپێدەکەن لەگەڵت، بەڵام ئەگەر کەسێکی بێ بەخت بیت و رەتبکرێیتەوە، ئەو کاتە راستەوخۆ لە دوای دوایین رەتکردنەوە، لەلایەن ئاژانسی گەڕاندنەوەی دانیمارکییەوە کە بەشێکی لە وەزارەتی کۆچ و تێکەڵبوونی دانیمارک پەیوەندیت پێوە دەکرێت و رێنمایی دەکرێیت و هەوڵ دەدەن قایلت بکەن کە باشتر بڕیارەکەی دادگە قبووڵ بکەیت و بگەڕێیتەوە، ئەگەر ئەوە بکەیت دەتوانیت هاوکاری دارایی لە رێگەی سیستمی یەکێتیی ئەوروپاوە وەربگریت، هەروەها ئەو پرۆگرامە پاڵپشتییانەی کە هەن وەکو خزمەتگوزاری لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام ئەگەر بڵێیت نەخێر و نامەوێت بڕیارەکە قبووڵ بکەن و دەمەوێت بمێنمەوە بەهەر شێوەیەک، ئەوکاتە مافی دەسەڵاتی دانیمارکییە دیپۆرتت بکاتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین بنەماکە هەمیشە ئەوە دەبێت ئەگەر داوای پەناخوازی رەتبکرێتەوە، پێویستە دیپۆرت بکرێیتەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتووی. رووداو: هیچ پەناخوازێک هەیە کە داواکەی لە دانیمارک رەتکراوەتەوە و دیپۆرتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرابێتەوە؟ ئایە ئەو پرۆسەیە ئێستا جێبەجێ دەکرێت؟ پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ ئەم پرۆسەیە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەوەت بیربێت ژمارەی ئەو کەسانەی لە دانیمارکەوە دەگەڕێنەوە زۆر کەمن ئەگەر تەماشای بکەی، چونکە ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لە دانیمارکن زۆر کەمن ئەگەر بەراوردی بکەی بکە وڵاتانی دیکەی گەورەی ئەوروپا. رووداو: بەگشتی لە دانیمارک چەند پەناخواز هەن؟ پیتەر سۆرێنسن: هەموو ژمارەکانم لەیاد نییە، بەڵام ئەگەر لێم بپرسی چەند پەناخواز هەن لە عێراقەوە کە لە سیستمی دانیمارکدا رەتکراونەتەوە، ئەوە باسی کەمتر لە 100 کەس دەکەین. رووداو: کەمتر لە 100؟ پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ. رووداو: ئەی ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لە عێراقەوە دێن زۆرن؟ پیتەر سۆرێنسن: نەخێر، مانگانە نزیکەی 5 بۆ 6 کەس هەن، شتێکی لەو شێوەیە. رووداو: زۆرترین پەناخواز لە چ وڵاتێکەوەن کە دێن بۆ دانیمارک؟ پیتەر سۆرێنسن: ئەفغانستانە، ئینجا سووریا. ئێران، دەتوانیت بچیت تەماشای ماڵپەڕە فەرمییەکە بکەیت لەوێ دەتوانیت هەموو ئامارەکانی حکومەت وەربگری لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەت، بەڵام بۆ ئێستا ئەوانە ئەو وڵاتانەن کە لە سەری لیستەکەدان. رووداو: پەناخوازەکانی عێراق، زۆربەیان لە کوێوەن، ئایە لە ناوچەکانی عێراقەوەن یان هەرێمی کوردستان؟ پیتەر سۆرێنسن: ئەو ئامارە دیاریکراوەمان نییە، چونکە سیستمی پاراستنی داتای گشتیی دانیمارک زۆر کۆسپی هەیە لەبەردەم ئەو جۆرە داتایانەی بۆمان هەیە وەریبگرین، بۆیە ناتوانم بە دیاریکراوی بڵێم چەندە، بەڵام لەو بڕوایەدام کە نزیکەی نیوە بە نیوەیە، شتێکی لەو شێوەیە. رووداو: ئەم پرۆگرامە، بۆ نموونە ئەوانەی پەناخوازبوونە لە دانیمارک و ئێستا گەڕاونەتەوە و لێرەن، دەتوانن سوود لەم پرۆگرامە ببینن یان تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە پەناخوازن و ئێستا لە دانیمارکن؟ پیتەر سۆرێنسن: گرنگ نییە کەی گەڕاویتەتەوە بۆ عێراق و پێویستە ناکات لە دانیمارکەوە گەڕابیتەوە بە دیاریکراوی، دەکرێت لە بەلجکیا یان نەمسا گەڕابیتەوە یان هەر وڵاتێکی دیکە، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەگشتی، بۆیە دەیڵێمەوە، ئەگەر هەر پرسیارێک لەبارەی پرۆگرامەکەوە هەیە، تکایە پەیوەندی بە ئۆفیسی روانگەوە بکەن و پرسیاریان لێبکەن کە بە دیاریکراوی کە دەتوانن سوود لەو خزمەتگوزارییانە ببینن کە دابینی دەکەن. رووداو: کەواتە کەسێک کە داوای پەناخوازی لە دانیمارک رەتکرابێتەوە و ئێستا گەڕابێتەوە، هێشتا دەتوانێت سوود لەم پرۆگرامە ببینێت؟ پیتەر سۆرێنسن: هەمیشە چانس هەیە، هەمیشە هەیە، گرنگیش نییە پێشتر چەند هاوکاریت وەرگرتووە، چونکە ئەمە پرۆگرامە پاڵپشتییە بۆ پرۆگرامەکانی پێشوو، وەکو پێشتر گوتم. پێویست ناکا کەسێک بیت کە داوای پەنابەریت رەتکراوەتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت ئەم پاڵپشتییە وەربگریت، بەشێکی گەورەی ئەم هاوکارییە بۆ ئەو ناوچانە دەچن کە پرۆگرامەکە دەیانگرێتەوە. رووداو: حکومەتی دانیمارک بە بڕی چەند ئەم پرۆگرامە پارەدار دەکات؟ پیتەر سۆرێنسن: بۆ ئەم پرۆگرامەی ئێستا 10 ملیۆن کرۆنی دانیمارکی خەرج دەکەین. رووداو: بە دۆلار چەند دەکات ئەگەر بیگۆڕین؟ پیتەر سۆرێنسن: دەکاتە نزیکەی 1.7 ملیۆن دۆلار یان بڕێکی نزیک لەوە. رووداو: ئەم پاڵپشتییە، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت سوود لەم پرۆگرامە ببینن لە رێگەی روانگەوە، ئایە پاڵپشتییەکە دارایی دەبێت یان بەشێوەی دیکە؟ پیتەر سۆرێنسن: نەخێر، بە دیاریکراوی هاوکاریی دارایی پێشکەش ناکەین. رووداو: کەواتە پارە بە کاش نادەن؟ پیتەر سۆرێنسن: نەخێر! پارە بە کاش نادەین، ئێمە تەنیا راهێنانی پێویست دابین دەکەین و بە کارەکانەوە گرێت دەدەین، لە هەندێ کەیسی دیاریکراویشدا روانگە دەتوانێت بڕە پارەیەکی کەمت پێبدات بۆ ئەوەی شوێنکارێکی بچووک دەستپێبکەیت یان شتێکی لەو شێوەیە، بۆیە کەیس بە کەیسە، بەڵام بەگشتی پارە نادەین، هەموو راهێنانە پێویستەکان دابین دەکەین، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە تەماشای ئەو هاوکارییانە بکەیت کە خەڵک وەریانگرتووە، پێشتر بڕە پارەیەکیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە. رووداو: کەواتە پاڵپشتییەکە بۆ راهێنان و پێشخستنی تواناکانیانە بۆ پڕۆژەکانیان، نەک پارەی راستەوخۆ؟ پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ، وایە. پارە نییە. رووداو: ئایا هیچ ژمارەیەکی ئەو عێراقییانە هەیە کە داوای پەنابەرێتییان کردووە و بۆ نموونە لە 2023دا گەڕاونەتەوە بۆ عێراق یان گەڕێندراونەتەوە؟ پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ، بەڵام ئێستا ئەو ئامارانەم لەلا نییە. دەیڵێمەوە، رێنوێنیتان دەکەم بۆ ئاماری دەزگا فەرمییەکان کە لە ئینتەرنێتدا بەردەستە. بچن بۆ دەزگای گەڕاندنەوەی دانیمارکی ئەگەر دەتانەوێت هەموو ئەو ئامارانە لە دانیمارک ببینن، نەک تەنیا بۆ خەڵکی عێراق بەڵکو بۆ خەڵکی هەموو وڵاتێکە و مەبەستم لە زیاتر لە 15 وڵاتە. رووداو: ئەم پشتیوانییە بۆ گەڕاوەکانە؟ سنوورەکەی چییە؟ بۆ نموونە ئەگەر ئێوە حەز بکەن ئەوان سوود لەم پڕۆژەیە وەربگرن، ئایا هیچ سنوورێکی هەیە؟ پیتەر سۆرێنسن: نەخێر، لە بنەمادا، ئەوان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر وەربگرن. ئەوان هەر خۆیان لە بەرنامەکەدا بەردەستن. بەڵام دەیڵێمەوە، ئەوەی هەوڵ دەدەین بیکەین ئەوەیە کە ئێمە بە شێوەیەکی سادە دەڵێین کە هەموو مرۆڤایەتی پێویستییان هەیە، بەڵام پێویستیی هەموویشیان جودایە. بۆیە ئەوە مانای وایە کە تۆ پێویستیی جددیت هەیە و کەسێکی دیکەیش پێویستیی دیکەی هەیە. منیش زۆر پێویستیم هەیە و هەموومان دەمانەوێت لەسەر پێی خۆمان بووەستین. بۆیە هەموومان دەمانەوێت رێگەیەک بدۆزینەوە لەپێناو ئەوەی پێی بگەین. بۆیە ئەگەر یەکێک لە هۆیەکان ئەوە بێت کە خەڵک دەڵێن، "پێویست ناکات بگەڕێنەوە، ئەوەیە کە بۆ نموونە ئەوان کاریان نییە تا بۆی بگەڕێنەوە." روانگە پەیجێکی هەیە کە لە بەردەم خەڵکدایە و دەست بە پرۆسەکە دەکات و دەتوانێت بچیتە ناویەوە و دەتوانێت ئەو وێنەیەت دەست بکەوێت کە بە راستی لە عێراق چ کارێک بەردەستە. رووداو: کەواتە کە دەگەڕێنەوە، دەرفەتێکیان هەیە؟ پیتەر سۆرێنسن: لە راستیدا دەتوانیت پێشتر داوای کارەکانمان بکەیت. دەیشتوانیت یاریدەدەرت دەست بکەوێت بۆ ئەوەی سی ڤی ـیەکەت رێک بخات و دەتوانیت یارمەتیدەری جیاواز دەست بخەیت بۆ ئەوەی داواکاری و ئەو شتانە پێشکەش بکەیت. بۆیە رووانگە پێکهاتەیەکی داناوە کە تێیدا ئەگەر زۆر بەختیار بن، دەتوانن بەر لەوەی دەست بکەن بە کارەکانی گەڕانەوە، داواکاری بۆ کار و پێگەیەک پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی کە کەسەکە گەڕایەوە کاری لەبەردەستدا بێت. جا دەیڵێمەوە، ئەمە هەر زۆر گونجاوە و دەرفەتێکت بۆ گەڕانەوە هەیە تا خۆت بونیات بنێیتەوە و لە عێراق ژیان دەست پێ بکەیتەوە. رووداو: کەواتە ئەوانەی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە و داواکاری پێشکەش دەکەن، ئەوانیش بە پرۆسەکەدا دەچن و سوودی لێ وەردەگرن. ئەی ئەوانە چی کە خۆیان نایانەوێت خۆویستانە پڕی ناکەنەوە و نایانەوێت بگەڕێنەوە و دەگەڕێنرێنەوە؟ ئایا هێشتا دەتوانن سوودی لێ ببینن یان نا؟ پیتەر سۆرێنسن: کاتێک سەیری بەرنامەکە دەکەین، لێرە لەلایەن رووانگەوە جێبەجێ دەکرێت. لە راستیدا چ خۆویستانە بێت یان بە زۆر گەڕێنرابنەوە، جیاکاری ناکرێت. جیاوازییە گەورەکە ئەو کاتەیە کە بە پرۆسەی یەکێتیی ئەوروپادا دەچیت. ئەو کاتە دەکرێت جیاوازیی هەبێت. ئەو کاتە بڕێکی ماددی بە خەڵک دەدرێت کە خۆیان بڕیارەکە قبووڵ دەکەن و قبووڵی دەکەن خۆیان کاروباری گەڕانەوەیان رێک بخەن. رووداو: کەواتە بە لای کەمەوە ئەوانەی خۆویستانە دەگەڕێنەوە دەتوانن سوودی زیاتری لێ وەربگرن و لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پشتیوانیی دارایی دەکرێن. پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ، وایە. جا دانیمارک بە گەرموگوڕییەوە هانی پشتیوانیی گەڕانەوەی خۆویستانە دەدات، چونکە ئەگەر کەسەکە خۆی بیەوێت، ئەوا ئێمە زۆر بەهێزتر دەتوانین پشتیوانیی بکەین. رووداو: دوای پشتیوانیی ئەوانەی دەگەڕێنەوە، ئایا هیچ بەرنامەیەک هەیە کە بەدواداچوونیان بۆ بکات و ئاگاداریان بێت بزانێت کە ئاخۆ سوودیان لە پشتیوانییەکانی پڕۆژەکە وەرگرتووە و کەڵکی هەبووە یان نا؟ ئایا شتی وا هەیە؟ پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ، ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێرییان دەکەین. هاوکات ئەگەر ببینین شتێک هەیە، پێویستمان بەوە دەبێت کە بەرنامەکە رێک بخەین و پاشان ئەوە بکەین بۆ ئەوەی ئەوپەڕی سوودی لێ وەربگرین. بۆیە پرۆسەیەکی چاودێریکردنی ورد هەیە. رووداو: ئایا دانیمارک پەناخوازە سووری و ئێرانییەکان بۆ سووریا و ئێران دەگەڕێنێتەوە؟ پیتەر سۆرێنسن: نەخێر، لەم ساتەدا هیچ گەڕاندنەوەیەکمان بۆ ئەو وڵاتانە نییە. رووداو: نییە؟ پیتەر سۆرێنسن: بەڵێ. رووداو: باشە. دەمەوێت پرسیار لەبارەی ئەوەوە بکەم کە هۆکاری سەرەکیی داواکردنی پەنابەرێتی لەلایەن ئەو پەناخوازانەوە چییە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دێن؟ بیانووەکەیان چییە؟ هۆکاری داراییە؟ سیاسییە؟ یان ئەمنییە؟ پیتەر سۆرێنسن: ئەگەر لەو رووانگەیەوە سەیری بکەیت کە کێن ئەوانەی داوای پەنابەرێتی دەکەن؟ ئەوا بە گشتی پیاوانی گەنجن. جا دەیڵێمەوە، ئەوانە هۆکاری کەسیی خۆیانیان هەیە کە نایانەوێت لە وڵاتی خۆیاندا بمێننەوە. ئیتر بەهۆی ئەوەوە لە ناکاو بڕیاریان داوە کە دەیانەوێت کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکی ئەوروپا. بۆیە هەموویان هۆکاری خۆیانیان هەیە. ئەمەیش ئەو شتەیە کە دادگە بەدوایدا دەگەڕێت کاتێک ئەوان بەو پرۆسەیەدا دەچن تا بزانێت ئایا هیچ هۆیەکی تایبەت هەیە کە کەسێک پەنابەرێتیی بدرێتێ یان نا، بەڵام دەیڵێمەوە، پێم وا نییە بتوانرێت بگوترێت چ هۆکارێکی تایبەت هەیە. هەمیشە توخمێک لە هۆکاری دارایی هەیە. هەروەها هۆکاری کەسی و کێشەی ئەمنییش هەن، بەڵام ئەوە نییە کە هەموو کەسێک هەمان هۆکاری هەبێت. لە کەیس بۆ کەیس دەگۆڕێت. رووداو: بەڵێ. بەڵام ئەگەر کەسێک هۆکارەکەی دارایی بێت، دادگە و حکومەتی دانیمارک کە زانیاری و هەڵسەنگاندنی خۆیانیان لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئابوورییەکەیانەوە هەیە، ئایا ئەوە دەتوانێت بەپێی پێویست بۆ دادگە قایلکەر بێت بۆ بەدەستهێنانی پەنابەرێتی؟ پیتەر سۆرێنسن: لە دۆخی ئاساییدا نەخێر. دەبێت هەندێک هۆکار و پاساوی دیکە هەبن بۆ ئەوەی مافی پەنابەرێتیان بدرێتێ. رووداو: هیچ کەسێک وەردەگرن کە داوای مافی پەنابەرێتیی سیاسی بکەن؟ پیتەر سۆرێنسن: من ناتوانم بە تایبەتی ئەوە بڵێم، چونکە من لەو پرۆسەیەدا نیم. بۆیە نازانم. رووداو: بەڵێ، دەمەوێت بپرسم: ئایا ئەمە پڕۆژەیەکی ئەزموونییە کە لە داهاتوودا لە ئێران و سووریایش بیبینین؟ پیتەر سۆرێنسن: لە دیدگایەکەوە دەتوانین بڵێین کە ئێمە هەمیشە هەوڵ دەدەین بزانین کە ئاخۆ لە وڵاتێکدا لەگەڵ ئەم بەرنامە جیاوازانەدا سەرکەوتوو دەبین. جا لە ناکاو لە وڵاتێکی دیکەدا شتانێک دەکەین. بۆیە ئێمە هەمیشە هەوڵ دەدەین لەو ئەزموونانەمانەوە سوود وەربگرین. بۆیە لەو دیدگایەوە دەتوانیت ئەو وشەی "پڕۆژەی ئەزموونی" بە کار بهێنیت یان دەکرێت وا بێت، بەڵام هاوکات زۆر سەخت دەبێت کە بەرنامەکان دانە بە دانە کۆپی بکەیتەوە. هەمیشە پێویستت بەوەیە کە بەرنامەکە بەپێی بەستێنی ناوخۆیی ئەو وڵاتە رێک بخەیت کە تێیدا جێبەجێی دەکەیت، لەبەر ئەوەی هەموو وڵاتەکان جودان. رووداو: ئایا دانیمارک سیاسەتێکی دژەپەناخوازی جێبەجێ دەکات؟ پیتەر سۆرێنسن: دژە؟ رووداو: سیاسەتێکی دژەپەناخوازی. پیتەر سۆرێنسن: کاتێک سەیری پرۆسەکە دەکەم، دەڵێم نەخێر، بەڵام دەیڵێمەوە، کاتێک سەیری راگەیاندنەکان دەکەیت، ئەو کاتە لەسەر ئەوە بەندە کە تۆ چۆن شتەکان دەخوێنیتەوە. وایە؟ بەڵام گوێ بگرە، من سیاسەتی حکومەتی فەرمیی دانیمارک جێبەجێ دەکەم. ئەوە کاری منە. بۆیە هەوڵ دەدەم دڵنیایی بدەم کە بڕیارە ئەو خەڵکانە سوود لەو پرۆسەی پشتیوانییە وەربگرن کە دامانناوە و لە راستیدا هەموو ئەو کەسانە سوودی لێ وەردەگرن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/21012024
مەریەم، کچە کوردێکی ئێزدییە، تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ بوو کە لە شنگال کەوتە دەستی داعش، لە تەمەنی 10 ساڵیدا لە شاری رەققە لە چەکدارێکی داعش مارە دەکرێت و دوای ماوەیەک دەبێتە دایکی کوڕێک. ئەو دەڵێت، ناخۆشترین ساتەکانی ژیانی لە نۆ ساڵی رابردوودا دەستدرێژیی ئەو چەکدارەی داعش بۆ سەری و لەدایکبوونی کچەکەی بووە لەنێو ئۆتۆمبێلدا. مەریەم کە ئێستا لە گوندێکی فەلەستینە و رووداو قسەی لەگەڵ کردووە، دەڵێت، زۆر بیری کەسوکارەکەی دەکات، بە تایبەتی دایکی. دەشڵێت قسە لەگەڵ دایک و باوک و براژنەکانی دەکات، بەڵام لەگەڵ براکانی نا، چونکە بە گوتەی خۆی، لەسەر ئەوەی بووەتە موسڵمان قسەی لەگەڵ ناکەن. سەبارەت بە گوزەرانی لە فەلەستین دەڵێت، لە خانوویەکی کرێ دایە، ژنێکی خێرخواز کرێی خانووەکەی بۆ دەدات، هەر ئەو ژنەش پارەی خەرجییەکانی دیکەی بۆ دابین دەکات. خەون و خۆزگەی مەریەم ئەوەیە بگەڕێتەوە نێو کەسوکارەکەی، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، جارێ نا، چونکە هەندێک کاری ماون لە فەلەستین دەبێت تەواویان بکات، کە پەیوەندییان بە ئایندەی دوو منداڵەکەیەوە هەیە. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەریەم رووداو: ئەم کاتەت باش لۆسیا، با یەکەم جار گۆیمان لە چیرۆکی تۆ بێت، ئەگەر لە بیرت بێت تەمەنت چەند ساڵ بوو و لەگەڵ کێ کەوتییە دەستی داعش، لە خزمەکانتان چەند کەس بوون و چەند کەستان کەوتنە دەستی داعش؟ مەریەم: ئێمە نۆ کەس بووین، من و براکانم لەگەڵ ماڵی خاڵمان بووین و ئێمە لەگەڵ ئەوان کەوتینە دەستی داعش. بنەماڵەی من رزگار ببوون، بەڵام من و براکانم لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراین، دوای ئەوە نزیکەی ساڵێک لە ماڵێکدا بووین، دواتر براکانی منیان برد و لەوێ دەرچوون و رزگار بوون. دوای ئەوەی من لە براکانم جیاکرامەوە، کاریگەری زۆری لەسەر من دروستکرد، من دەمویست لەگەڵ براکانم بم. دواتریش منیان لەگەڵ خالۆژنم و کەسانی دیکە برد. رووداو: دەتوانی بۆمان باس بکەی کە چۆن لە هەردوو برات جیاکرایتەوە، ئەوکات ئێوە لە کوێ بوون، ئایا لە شنگال بوون، لە تەلعەفەر بوون لە کوێ بوون، چوون دوای ساڵێک لە براکانت جیاکرایتەوە؟ مەریەم: ئێمە لە تەلەعفەر بووین، ئەوان هەردوو برای منیان برد، نازانم چییان لێکردن. رووداو: تەمەنیان چەند ساڵ بوو ئەو کاتەی بردیانن؟ مەریەم: یەکێکیان لە خۆم بچووکتر بوو، من ئەو کات هەشت ساڵ بووم، ئەوی دیکەیان دوو ساڵ لە خۆم گەورەتر بوو، هەر یەکیان دوو ساڵ لە خۆم بچووکتر و گەورەتر بوون، بەمشێوەیە بوو. رووداو: بە چ شێوەیەک براکانت لێت جیا بوونەوە و ئەوان هاتن؟ تۆیان بۆ کوێ برد؟ مەریەم: ئەوان (داعشەکان) ئێمەیان بردە شوێنێکی وەکو قوتابخانە، کچەکانیان برد، کوڕەکانیان برد، گەورەکانیان برد هەموویانیان جیاکردەوە و دوای ئەوە کچەکانیان بە جیا برد. دواتر پەیوەندیم کرد بەدایک و باوکمەوە و گوتیان براکانت هاتوونەتە لای ئێمە. منیش هەوڵمدا هەڵبێم بەڵام نەمتوانی، من بچووک بووم. رووداو: چۆن بوو ئێوەیان لە تەلعەفەر گواستەوە، چەند کەس بوون و ئێوەیان بردە کوێ؟ مەریەم: ئێمەیان برد بۆ قوتابخانەیەک و هەر جار کەسێکیان دەهات کچێکیان هەڵدەبژارد و لەگەڵ خۆی دەبرد. رووداو: لە کوێ بوو؟ ئەو شوێنەی کە کچەکانیان بۆ گواستبووەوە کوێ بوو، لە سووریا بوو یان لە عێراق، بە چ شێوەیەک دەهاتن و کچەکانیان هەڵدەبژارد؟ مەریەم: ئەو کاتەی ئێمەیان لە تەلعەفەر گواستەوە، ئێمەیان بردە شوێنێک وەکو زیندان بوو، نازانم لە کوێ بوو، پێموایە ناوی بادۆش بوو، لەوێ ئێمەیان بردە رەققە، دوای رەققە هەندێکیان بردە نۆفێ، هەندێکیان بردە شوێنی دیکە، بەمشێوەیە ئێمەیان بڵاوەپێکرد، هەر کەسێک کچێکی بۆ خۆی دەبرد. دواتر من نزیکەی دوو ساڵ لە زیندان بووم و دوای دوو ساڵ بە منیان گوت تۆ گەورە بوویت و پێویستە شوو بکەیت. رووداو: ئەو کات تەمەنت چەند ساڵ بوو؟ مەریەم: 10 ساڵ. رووداو: دواتر کە گوتیان هەر دەبێ شوو بە کەسێک بکەی، چی روویدا؟ مەریەم: ئەو کاتەی منیان برد، لە دەستپێکدا کەسێک منی بەخێو کرد (لە لای کەسێک بوو) کە خەڵکی تورکیا بوو، لە لای ئەو و ژنەکەی بووم تاوەکو ئەو کاتەی گەورە بووم، دوای ئەوەی کە گەورە بووم بە منیان گوت پێویستە شوو بکەیت، من پێمگوتن ئێستا نا، ئەوان گوتیان دەبێ شوو بکەیت و ئەگەر رازی نەبی بە زۆر بە شوو دەدرێیت. رووداو: ئەو کاتی گوتیان دەبێ شوو بکەیت، تەمەنت چەند بوو، یەکەم جار لەگەڵ کێ بە شوو درای، بە بێرت دێت کێ بوو ئەو کەسە، تەمەنی چەند بوو و خەڵکی کوێ بوو؟ مەریەم: ئەو کاتەی گوتیان دەبێ شوو بکەیت، تەمەنم نزیکەی 10 ساڵ بوو و کەسێکی قەڵەو بوو، پرچی درێژ و ریشێکی درێژی هەبوو، بۆیەش من زۆر ترسام، ئەوەندە دەترسام کە خەونم پێوە دەبینی. دوای ئەوەی زانیان کە ترساوم گوتیان پێویستە بیفرۆشین. منیان بردە میوانخانەیەکی تایبەت بە فرۆشتن، کەسێک هات کە زۆر باش بوو و گوتی من دەیبەم و وەک کچی خۆم بەخێوی دەکەم تاوەکو گەورە ببێ و دواتر بە شووی دەدەم. ئەو کەسە منی برد و نزیکەی دوو ساڵ منی بەخێو کرد و من گەورە بووم، شێخ و ئەمیری گەورەیان گوتی دەبێ ئەو کچە شوو بکات، تەنانەت کە خۆشی نەیەوێت، هەر دەبێ بە شوو بدرێت. رووداو: پرسیارەکەم ئەوەیە، تەمەنت چەند بوو کە تۆیان بە شوودا؟ 10 ساڵ بووی؟ گوتت دوو ساڵ لای کەسێک مایتەوە. واتە تۆ 12 ساڵ بووی یان 10؟ چۆن بوو؟ کەسەکە خەڵکی کوێ بوو؟ تۆ لە کوێ بووی؟ پرۆسەکە چۆن بوو؟ تۆیان لە خانووێکدا بینی؟ هاتن بتبینن یان دوو ساڵ لای کەسێک مایتەوە و دوای باڵقبوون تۆیان مارەکرد؟" مەریەم: من بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لای ئەو پیاوە بووم کە منی بەخێوکرد. دواتر کەسێک هات گوتی دەمەوێ ژن بێنم. کەسێکی گەنج بوو. بەڵام دایکی رێگەی پێ نەدا، چونکە ئێمە کەنیزەک بووین و رێگەی نەدا ژیانی هاوژینی لەگەڵ کەنیزەکێک پێکبێنێت. ئەوەیان کەسێکی سووری بوو. دوای ئەوە، کەسێکی فەلەستینی هات و پێیگوتم پێویستە گوێم لێ بگری. دواتر منی مارەکرد و ئێمەیان برد بۆ ئەوەی خوێنمان بپشکنن کە ئایا لەگەڵ یەک دەنگونجێین یان نا. پاشان بردیانین بۆ لای دادوەر. لای دادوەر پرسیان تەمەنم چەندە، گوتیان 16 ساڵە، چونکە ئەگەر گوتبام 10 ساڵانم، رێگەیان پێ نەدەداین لەو تەمەنەدا هاوسەرگیری بکەین. بۆیە گوتیان تەمەنی 16 ساڵە بۆ ئەوەی مارە بکرێم. دواتر گرێبەستی هاوژینییان نووسی و منیان بردە بازاڕ و سوپاس بۆ خوا زێڕ و هەموو شتێکیان بۆ کڕیم. هەروەها مارەییشیان پێ دام. رووداو: بۆچی لە بەرامبەر دادوەر نەتگوت 10 ساڵانم کاتێک کە ئەوان گوتیان 16 ساڵیت؟ بۆچی رازیبوویت شوو بەو فەلەستینییە بکەیت؟ تەمەنی چەند ساڵ بوو؟ مەریەم: تەمەنی 24 ساڵ بوو. تەمەنی منیش 10 ساڵ بوو. ئەوان منیان ترساند و گوتیان نابێت بڵێیت تەمەنت چەند ساڵە. منیش زۆر بە باشی نەمدەزانی تەمەنم چەندە. بۆیە منیان ترساند بۆ ئەوەی نەڵێم تەمەنم چەندە. رووداو: زمانی ئەوانت نەدەزانی؟ لە زمانی عەرەبی تێنەدەگەیشتی بۆیە؟ مەریەم: عەرەبیشم بە باشی نەدەزانی. تەنیا هەندێکم دەزانی. تازە فێری هەندێ عەرەبی ببووم. هەر نەمدەزانی دادوەر چییە، نەمدەزانی ژیانی هاوژینی چییە. تەنانەت نەمدەزانی دەمبەنە کوێ، نەمدەزانی بەشووم دەدەن. رووداو: کاتێک بردیانی بۆ ئەوەی زێڕ و جلت بۆ بکڕن، تۆیان بۆ کوێ برد؟ کوێی سووریا بوو؟ لە بیرتە؟ ئایا شاییان بۆ کردی؟ ئەو رۆژە چۆن بوو؟ مەریەم: بەڵێ لە بیرمە. من و یەکێک لە ژنەکانیان بووین. ئێمەیان بردە بازاڕ. زێڕ و جلیان بۆ کڕیم. پارە و هەموو شتێکیان پێدام. لای ئەوان ئەم شتانە شەریعەتن. بۆیە پێویست بوو ئەو شتانەم پێ بدەن. ئەمە لە شەریعەتی ئەواندایە. لە بازاڕی رەقە جل و شتەکانم کڕین. رووداو: رۆژی گواستنەوەکەت لەبیرە؟ ئایا ئاهەنگیان بۆ رێکخستی؟ هەستت چۆن بوو؟ ئایا بە دڵت بوو تۆ وەک کەسێکی 10 ساڵی و پیاوەکەش 24 ساڵی؟ ئەگەر تۆ شووت بەو نەکردبا، لە چی دەترسایت، لەوەی کە کەسێکی گەورەتر بێت و بتبات؟ مەریەم: شایی و میوزیک و ئەو شتانە لای ئەوان حەرامن.. بە منیان گوت ئەگەر بمەوێت جلی سپیی بووکێنی لەبەربکەم، بەدڵم بوو بەڵام نەک لەبەر هیچ شتێک، بەڵکو لەبەر ئەوەی نەمدەزانی شایی و ئەو شتانە چین. لەبەر ئەوەی زۆر بچووک بووم. دواتر منیان بردە ماڵێک. لەو ماڵەدا پیاوەکە تەماشای منی دەکرد و منیش تەماشای ئەوم دەکرد. نەمدەزانی. شتێکی نامۆ هەبوو. نەمدەزانی چی هەیە. نەمدەزانی هاوسەرگیری چییە. دواتر ئێوارە داهات و ئەو دەیزانی چیدەکات، بەڵام من نەمدەزانی چی هەیە. هەستم دەکرد شتێکی نائاسایی هەیە، بەڵام نەمدەزانی چییە. دواتر بوو ئێوارە و پێیگوتم وەرە بنوو. منیش چووم. شتێکی زۆر نامۆیە. زۆر زەحمەتە. هەستم زۆر ناخۆش بوو. رووداو: چەند ساڵ لای مایتەوە؟ چ شتێکی بە زۆرەملێ لێی کردیت و چی بەسەرتهێنا؟ دووچاری چ نەهامەتیێک هاتی لای ئەو؟ لە کوێ بوون، ئایا لە رەقە بوون؟ ئایا هیچ منداڵێکت لێی هەبوو؟ مەریەم: ئێمە لە رەققە بووین. دوای ساڵێک دووگیان بووم. دواتر منداڵەکەم بوو، کە کوڕێک بوو. ناوی خەتابە. دوو مانگ دوای ئەوەی کە خەتابم بوو، ژنێکی دیکەی هێنا، بەڵام ژنی دووەمی عەرەب بوو، وەکو ئێمە نەبوو. دوای ئەوە زۆر کێشەمان لە نێواندا دروستدەبوون و زۆر لە منی دەدا. ئەو ساڵە زۆر نەهامەتیم چەشت. دوو مانگ دوای ئەوەی کە ئەو ژنەی هێنا، دووبارە دووگیان بوومەوە، واتە دوو مانگ دوای منداڵەکەم، دووگیان بوومەوە بە کچەکەم کە ناوی جەنایە. کاتێک کە دووگیانبووم، دووبارە کەوتینە ژێر گەمارۆ و خواردن و ئەو شتانەمان پێ نەدەگەیشت. گەمارۆ هەبوو. بۆردوومان هەبوو. رووداو: لە کوێ بوون؟ تۆ هێشتا لە رەققە بوویت؟ مەریەم: نەخێر لە رەققە رۆشتم. لە ناوچەیەکی پێش باغۆز بووم... سووسە. دواتر لە سووسەوە چووینە باغۆز. رووداو: چەند لەو شوێنانە مانەوە کە بۆردوومان دەکران؟ بۆ ماوەی چەند ساڵ لەگەڵ ئەو پیاوەدا مایتەوە؟ مەریەم: من دوو ساڵ و نیو لای مامەوە. یان دوو یان سێ ساڵ لای ئەو بووم. ئێمە هاوژین بووین. دواتر هێشتا بە کچەکەم دووگیان بووم، ئێمەیان بردەدەرەوە. ئاگربەست رایگەیێندرا. ئێمەیان لە باغۆز بردە دەرەوە و ئێمەیان بردە کەمپی هۆل. رووداو: کە تۆ چوویتە کەمپی هۆل، ئەویشت لەگەڵ بوو؟ چەند ساڵ لەوێ مانەوە؟ چی بەسەر پیاوەکە هات؟ کوژرا؟ مەریەم: تەنیا ژن و بریندارەکانیان لە باغۆز بردە دەرەوە، بەڵام ئەو لەگەڵم نەهات. بە منی گوت: "تۆ بڕۆ. کە تۆ بە سەلامەت دەرچووی، دواتر من دێم." دواتر من چوومە کەمپی هۆل و دوای دوو مانگ یان شتێکی وا من چوومە دەرەوە و هێشتا لەگەڵ ئەودا لە پەیوەندیدا بووم. واتە قسەمان لەگەڵ یەکدیدا دەکرد. دوو مانگ لە کەمپی هۆل بووم. زۆر بێ ئۆقرە بووم، بۆیە لە کەمپەکە چوومە دەرەوە. منداڵم لەگەڵ بوو و نەمدەتوانی پارەیەکیان بۆ خەرجبکەم. دوای ئەوەی کە دەرکەوتم، چوومە ئیدلب. لە ئیدلب پەیوەندیمان بڕا. چوومە فەلەستین، دوای ئەوە، ڤیدیۆیێکی ئەویان بڵاوکردەوە، گوتیان کوژراوە. رووداو: چۆن لە ئیدلبەوە چوویتە فەلەستین؟ هیچ کچێکی دیکەی ئێزدیت لەگەڵ بوو لە کەمپی هۆل؟ کەست دەناسی؟ کەی چوویتە فەلەستین؟ مەریەم: 2019 ئێمە لە کەمپی هۆل چووینە دەرەوە و رۆیشتین بۆ ئیدلب. من لە مانگی منداڵبوونەکەمدا بووم. بە رێگەوە، لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا منداڵەکەم بوو. نەخۆشخانە و دکتۆر نەبوون. رێگەکەش چۆڵەوانی بوو. منداڵەکەم پەیدابوو. زۆر ئازار و ژانم هەبوو. لەو ماندووبوون و دوای ئەو هەموو رێکردنە، منداڵەکەم لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا پەیدا بوو. منداڵەکانم بردن و لەگەڵ قاچاخچیێک چووین بۆ ئیدلب. نزیکەی سێ مانگ لەوێ بووم. من هیچ کچێکی ئێزدیم نەدەناسی و خۆم تێکەڵ بە کەس نەدەکرد. دواتر لە ئیدلبەوە رۆشتم بۆ تورکیا. ماوەی 30 کاژێر بە پێ رۆشتم لە کاتێکدا کە تازە منداڵەکەم ببوو. زۆر زەحمەت بوو. رووداو: چۆن لە ئیدلبەوە 30 کاژێر بە پێ رۆشتی بۆ تورکیا؟ چۆن لەوێوە چوویتە فەلەستین؟ ئایا بە قاچاخ رۆیشتی یان پاسپۆرتتان یان وەڵاتینامەتان هەبوو؟ مەریەم: نەخێر، بە قاچاخ بوو. پاسپۆرت و هیچمان نەبوو، بەڵام کە رۆیشتینە تورکیا بۆ ماوەی هەشت مانگ لە تورکیا ماینەوە. دواتر ئێمەیان بردە میسر و لەوێشەوە بۆ فەلەستین. رووداو: مامەڵەی ئەوان لەگەڵ تۆ چۆن بوو؟ ئەوان دایکوباوکی ئەو پیاوە داعشە بوون کە لە سووریا کوژرا؟ دایکوباوکی چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردی؟ ئێستا لای ئەوانی یان چوویتە شوێنێکی دیکە؟ مەریەم: ئەوان باش بوون. هیچ کەموکورتییان نەدەکرد، بەڵام گەنجەکانیان هەندێک ناخۆشییان بۆ دروستکردم بۆیە لە ماڵیان چوومە دەرەوە و سوپاس بۆ خوا خەڵکی باش بوون و ماڵێکیان بۆ بەکرێ گرتم و هەموو خەرجیێکیان بۆ دابینکردم. رووداو: ئەمە چەندە لای ئەوان رۆشتیت؟ ئێستا لە کوێی فەلەستینیت و چۆن دەژیت؟ مەریەم: ئێمە لە نابلسین، بەڵام ئەوان لە ناوچەیەکی دیکە بوون. رێگەی نێوان من و ئەوان نیو کاژێرە. ئێستا من و کچەکەم لە ماڵی خۆمانداین و بەتەنیاین. سوپاس بۆ خوا خەڵکی خێرخواز لە هیچ شتێک درێغیمان لەگەڵدا ناکەن. رووداو: کێ یارمەتیی ئێوە دەدات؟ چۆن دەژین؟ کێ شیر و خواردن و شتتان بۆ دێنێت؟ کێ یارمەتیتان دەدات؟ تۆ هیچ کارێک دەکەیت؟ مەریەم: نەخێر، من هیچ کارێک ناکەم. منداڵەکانیشم گەورەن و پێویستیان بە شیر و دایبی نییە. خواردن دەخۆن، بەڵام سوپاس بۆ خوا، ئەو ژنە هەموو شتێکم بۆ دێنێت. خواردن دێنێت، ئاو و هەموو شتێک دێنێت، تەنانەت خەرجییەکەشم پێ دەدات. رووداو: کام ژن خواردنت بۆ دێنێت؟ مەبەستت کێیە؟ مەریەم: ژنێکە. ژنێکی خێرخوازە. رووداو: لە کەیەوە پەیوەندیت لەگەڵ ماڵەوەتان لێرە دروستبووە؟ تۆ لەگەڵ هیچ کەس لە ئەندامانی خێزانەکەت لێرە لە کوردستان لە شنگال قسە دەکەیت؟ مەریەم: من لەگەڵ دایکم قسە دەکەم. لەگەڵ براژنەکانم قسە دەکەم، کەمێکیش لەگەڵ باوکم قسە دەکەم، بەڵام لەگەڵ براکانم نا. رووداو: بۆچی ناگەڕێیتەوە؟ دایک و باوکت پێتناڵێن وەرەوە؟ بیری کێ دەکەیت لێرە؟ زیاتر بیری کێ دەکەیت؟ مەریەم: دایکم. رووداو: دایکت؟ مەریەم: بەڵێ. زۆر بیری دەکەم. رووداو: کە قسەی لەگەڵ دەکەی، دڵتەنگ نابیت؟ مەریەم: بەڵێ، زۆر دڵتەنگ دەبم. کاتێک دەبینم کچێک لای دایکیەتی، من زۆر خەمگین دەبم، چونکە شتێکی وام نییە پێی ئاسوودە بم. زۆر خەم دەخۆم. رووداو: بۆچی ناتەوێت بگەڕێیتەوە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کەس یارمەتیت نادات؟ کەس پێتناڵێت وەرە؟ هۆکار چییە کە ناگەڕێیتەوە؟ مەریەم: دەمەوێت بگەڕێمەوە بەڵام نەک ئێستا، چونکە هەندێ کارم هەیە دەبێت تەواویان بکەم و دواتر بێم. هەر کە لە سەلامەتیی منداڵەکانم دڵنیابوومەوە دێم. رووداو: تۆ حەز دەکەیت بگەڕێیتەوە؟ ئەگەر هەندێ کەس هەبن لێرە بیانەوێت یارمەتیت بدەن، دەتوانیت بگەڕێیتەوە؟ مەریەم: بەڵێ، بەڵام نەک ئێستا. تەنیا تاوەکو ئەو کاتەی لە منداڵەکانم دڵنیادەبمەوە و بزانم منداڵەکانم سەلامەت دەبم، ئەو کات دەگەڕێمەوە. رووداو: بۆچی ئەم پەچەیە (نیقاب) دەکەیت؟ مەریەم: کاتێک کە منیان بردە نێو ئایینی ئیسلامەوە، گوتیان پێویستە عەبا لەبەرکەی. ئەم عەبایە کە هەموو لەش دادەپۆشێت و ئەم پەچەیەش دەموچاو دادەپۆشێت. دەڵێن پێویستە خۆمان داپۆشین، چونکە هاوژینی پەیامبەر وایکردووە و بۆ ئەوەی کەس نەمانبینێت. واتە ئەو کاتەی چوومە نێو ئیسلام، ئەم جلەیان لەبەرکردم. رووداو: دایک و باوکت ناڵێن بگەڕێوە؟ تۆ چییان پێ دەڵێی؟ دەتەوێت بگەڕێیتەوە؟ ئەگەر کەسێک یارمەتیت بدات کەی دەگەڕێیتەوە؟ مەریەم: ئەوان زۆر پێمدەڵێن. دەڵێن وەرەوە بگەڕێوە، بەڵام هەندێ شت لە مێشکمدان، هەر کە تەواومکردن ئەگەر خوا حەزبکات دێم. من بەڵێنم بە دایکم داوە کە دەگەڕێمەوە. رووداو: واتە تۆ حەزدەکەیت بگەڕێیتەوە و دایک و باوک و کەسوکارت ببینی؟ مەریەم: بێگومان. رووداو: وێنەی تۆمان بینین. جلی پزیشکت پۆشیوە. بۆچی ئەو جلانە دەپۆشی؟ هیوا و ئومێدەکانت چین دوای ئەو ناخۆشیانەی کە پێیدا تێپەڕبووی، خەونەکانت چین؟ مەریەم: لەو کاتەوەی کە هاتوومەتە فەلەستین و خۆمم لە قوتابخانە ناونووسکردووە، تەنانەت لەو کاتەوەی کە منداڵیش بووم، خەونم ئەوە بووە ببمە پزیشک، چونکە زۆر ناخۆشیم بینی. دەمەوێت ئەوانەی بریندار دەبن و یان نەخۆشن تیماریان بکەم و چارەسەریان پێ بدەم و خزمەتیان بکەم. رووداو: ئێستاش هەر موسڵمانی و نوێژەکانت دەکەیت؟ چونکە بە زۆرەملێ ئایینەکەتیان پێ گۆڕی و دەزانی کە چەند ستەمیان لێ کردیت؟ هەندێ کەس تۆیان بە ناوی ئیسلامەوە ئازاردا و لە چەندین کاتدا زۆریان بەسەردا هێنایت. لە تەمەنی 10 ساڵیان تۆیان بەشوودا کە ئەوە لە ئایینی ئیسلامدا نییە کەسێک لە 10 ساڵییدا بەشوو بدرێت. دوای بینینی ئەمانە، تۆ هێشتاش موسڵمانی؟ هێشتا نوێژ دەکەیت؟ مەریەم: ئایینی ئیسلام لەگەڵ ئەوەدا نەبوو ئەو ستەمە لە من بکرێت، چونکە ئایینی ئیسلام پێویستی بەوە نییە یەکێک بە زۆرەملێ ببێتە موسڵمان، ئەمە هەرگیز قبووڵ ناکرێت. بەڵام تەنیا داعش وا بوون و گوتیان پێویستە ببێتە موسڵمان؛ ئەگەر نەبێتە موسڵمان لێیدەدەین. رووداو: بۆچی پەچەکەت لێ ناکەیتەوە و بێ پەچە قسەمان بۆ بکەیت؟ پێتوایە گوناهە؟ چونکە پێتگووتم حەرامە ژن و پیاو قسە لەگەڵ یەک بکەن، بۆچی پەچەکەت لانابەیت و بەو شێوەیە قسەمان بۆ بکەی؟ مەریەم: ناتوانم. رووداو: حەرامە یان ناکرێت یان بۆچی؟ مەریەم: مەبەستت بۆچی من پەچەکەم لانابەم؟ رووداو: بەڵێ، بۆچی بێ پەچە قسە ناکەی؟ بۆ ئەوەی ئێمە و خەڵکیش تۆ ببینین مەریەم: نەخێر، ناتوانم. ئەمە بە دەستی خۆم نییە و ناتوانم لایبەم. رووداو: لەبەر ئەوەی گوناهە و حەرامە یان لەبەر چی؟ مەریەم: من زۆر شتم لێرە بینیون کە زۆر باشن، نەک لەبەر ئایینی ئیسلام، بەڵام زۆر شت زۆر باش بوون. تەنانەت هەندێکیان لای ئێمە هەبوون و لای ئەوانیش هەبوون، کە شتی باشن. بەڵام لەبەر ئایینی ئیسلام نییە کە ئەم شتەم پۆشیوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە خۆم لە خەڵکەکەیان بپارێزم. رووداو: دەبینین لە وێنەکانتدا دەردەکەوێت نینۆکەکانت درێژن و بۆیە کراون، ئایا لە ئایینی ئیسلامدا ئەوە رێگەپێدراوە؟ مەریەم: نەخێر، ئەمە قبووڵکراو نیە، تەنانەت لە نوێژەکانیشیاندا رێگەی پێ نادرێت، بەڵام من حەزم لێیەتی. رووداو: دەتوانیت نینۆکەکانت پێشانمان بدەیت؟ درێژن؟ مەریەم: بەڵێ. رووداو: بۆچی کورتیان ناکەیتەوە؟ واتە ئەم پەچەیەت تەنیا بۆ خۆپاراستنە؟ مەریەم: نەخێر. بەڵام نینۆک شتێکی باش نییە. کورتیان دەکەم بەڵام هەندێ جار حەزم لێیە بیانهێڵمەوە. رووداو: ئەگەر رێگەیەک هەبێت، کەی دەگەڕێیتەوە؟ ساڵێکی دیکە بۆ نموونە یان کەی؟ تۆ گوتت تاوەکو لە منداڵەکانت دڵنیادەبیتەوە، ئەوە دوو ساڵی دیکەیە؟ مانگێکی دیکەیە؟ یان چۆن؟ تۆ دەزانی دایکت و ماڵەوەتان هەموویان چاوەڕێی تۆن و ماڵباتەکەت هەموویان حەز دەکەن بگەڕێیتەوە؟ ئێستا دایکت بۆت دەگریت؟ مەریەم: بەڵێ، دەگریێت، زۆر فرمێسک دەڕێژێت، بەڵام من گوتم کاتێک کە لە منداڵەکانم دڵنیابوومەوە ئەو کاتە دێم، واتە نامەوێت گوناهیان لە ملمدا بێت. هەتا لێیان دڵنیانەبمەوە ناگەڕێمەوە، ناشزانم ئەمڕۆ دەبێت، مانگێکی دیکە دەبێت یان ساڵێکی دیکە، نازانم. بەڵام هەر کە لێیان دڵنیابووم، بە پشتیوانیی خودا دێم. رووداو: تۆ دەزانی کە ئێستا نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە و تائێستا نزیکەی چوار هەزار کەسی رزگار کردووە و پشتیوانیی کردوون، ئەگەر پشتیوانیی تۆش بکرێت، ئامادەیت رۆژێک بگەڕێیتەوە؟ پێویستت بە شتێک هەیە بۆ ئەوەی خۆت رزگار بکەیت و بگەڕێیتەوە؟ مەریەم: من پێشتریش گوتم، هەر کە لە سەلامەتیی منداڵەکانم دڵنیابوومەوە، وەک چۆن پەیوەندیم بە ئێوە کردووە، دووبارە پەیوەندیتان پێوە دەکەم و دەڵێم یارمەتیم بدەن و دەگەڕێمەوە، بەڵام ناتوانم بە تەنیا بێم. رووداو: تۆ هیچ لە بارەی کچە ئێزدییەکانی دیکەی وەکو خۆت دەزانیت؟ بۆ نموونە ئەگەر لە تورکیا مابن؟ لەوێ لە فەلەستین و وڵاتەکانی دیکە چەندیانت بینی؟ ئاگاداری هیچ کەسی؟ زانیاریت لایە کەسانی دیکەی وەک خۆت هەبن؟ مەریەم: لە کەمپی هۆل دەمبینین، بەڵام نەمدەناسین. رووداو: زۆر بوون؟ مەریەم: نەخێر دوو سێ کەس بوون. تەنیا رۆژێک ئەوانم بینی. هەر هێندەم زانی کوردن. دواتر لەو کەمپە دەرکەوتم و هیچم لەبارەیانەوە نەزانی. رووداو: لە تورکیا کەسی دیکە نەبینی، لە فەلەستین یان لە وڵاتانی دیکە؟ مەریەم: نەخێر، لە تورکیا خۆم تێکەڵ بە هیچ کەس نەکرد. هەوڵمنەدەدا هیچ کەس بناسم و هیچ کەسێکی ئێزدیی لەو جۆرە ناناسم. تەنانەت لێرە لە فەلەستینیش هیچ کەسی وا نییە. من نازانم منیش چۆن دەرچووم. رووداو: ئێستا تێکەڵیت لەگەڵ کێ هەیە؟ چ کارێک دەکەیت و چۆن رۆژەکانت بەسەردەبەیت؟ ئایا لە خانووی کرێی یان لە شوققەی؟ کێ کرێ و خەرجییەکانت بۆ دابیندەکات؟ تو گوتت ژنێکی خێرخواز ئەو کارە دەکات؟ ئایا بەشی پێویست پارەت دەداتێ بۆ کرێ و هەموو شتێک؟ مەریەم: پارەی کرێکە بە پیاوەکە دەدات نەک من، بەڵام خەرجی و خواردن و ئەوانی دیکە بە منیان دەدات. پێم دەڵێت هەرچی ویستت بۆ خۆتی بێنە، بەڵام کاتێک کە پارەم پێ دەدات، دەڕۆمە بازاڕ و بۆ خۆم هەموو شتێک دێنم. رووداو: هیچ کەسێکی کوردی ئێزدی لە فەلەستین نابینی؟ مەریەم: نەخێر هیچ کوردێک لێرە نییە. هەرگیز. رووداو: پێتوایە چەند کچی دیکەی وەک تۆ مابن کە لە فەلەستین، سووریا یان تورکیا بن و نەگەڕابێتنەوە؟ واتە ئەوانەی کە ئایینیان گۆڕدراوە؟ بە بۆچوونی تۆ زۆرن؟ مەزەندە دەکەیت چەند بن؟ مەریەم: رەنگە 150 کەس یان شتێکی لەو بابەتە بن. رووداو: واتە مەزەندە دەکەی تاوەکو ئێستا 150 مابن؟ مەریەم: بەڵێ، بە نزیکەیی. رووداو: تەماشای کوردستان و شنگال دەکەیت؟ تەلەڤزیۆن هەیە؟ یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیانبینی؟ حەزدەکەی کێ ببینیت، تەنیا دایکت و کەسی دیکە نا؟ مەریەم: حەزدەکەم هەموو کەسوکارم ببینم: براکانم، باوکم... هەموویان، بەڵام زۆر زۆر بیری دایکم دەکەم. رووداو: چ شتێکی ناخۆشت لەم 10 ساڵەدا بەسەرت هاتووە کە لەبیرتنەکردبێت و لەبەری بگریێیت لە کاتێکدا کە تۆ هێشتاش نەبوویتە 18 ساڵ؟ مەریەم: زۆر ئازارم چەشت. زۆر زۆر. لەبەر ئەو نەهامەتییەی کە بینیومە، پێمدەڵێن تۆ تەمەنت 17 ساڵ نییە. دەڵێن تەمەنت نزیکەی 25 یان 26 ساڵە لەبەر ئەو زانینەی کە هەمە. ئەو نەهامەتی و دەردەسەریەی کە بەسەرم هات وایکرد تەمەنم ببێتە 25 یان 26 ساڵ. رووداو: گوتت ئێستاش هەوڵدەدەی بخوێنیت، دەتەوێت بەردەوامی بە خوێندن بدەیت؟ دەڕۆیتە قوتابخانە؟ مەریەم: بەڵێ من دەچمە قوتابخانە و مانگێکی دیکە ئەزموونمان دەبێت. من دەخوێنم. رووداو: پاسپۆرت، وەڵاتینامە و ڤیزە لە فەلەستین بۆتان دروستکراوە؟ هیچتان هەیە؟ مەریەم: نەخێر ئەو شتانەم هێشتا ئامادەنەبوون، بەڵام داواکاریم پێشكێشکردووە و چاوەڕێم دەرکەون و دواتر هەر کوێم ویست دەتوانم گەشتی بۆ بکەم. رووداو: دەزانی کە ئێستا کەسوکارەکانت و ناسیاوەکانت هەموویان چاوەڕێن جارێکی دیکە بگەڕێیتەوە و بێیتەوە ئێرە، هیچ شتێکت هەیە لێرەوە بە کەسوکارت بڵێی یان پەیامێکت هەبێت بۆیان؟ ئایا رۆژێک دێت بێ پەچە بتبینین؟ مەریەم: بێگومان، ئەگەر گەڕامەوە، دەکرێت پەچەکەم لاببەم، بەڵام شاڵێک لە بری ئەوە لەبەردەکەم، واتە شتێک کە دامبپۆشێت. رووداو: واتە ئەگەر ئێستا لێرە رێگەت پێ بدەن بە داپۆشراوی و بە موسڵمانی بگەڕێیتەوە، ئامادەیت بگەڕێیتەوە؟ مەریەم: نەک لەبەر موسڵمانێتی، بەڵام وەکو گوتم، کە کارەکانم تەواوکرد، بە موسڵمانی بێت یان ناموسڵمانی، دەگەڕێمەوە. لێرە هیچ کەسم نییە. لەبەر کێ بمێنمەوە؟! رووداو: تۆ دەتەوێت بگەڕێیتەوە بەڵام چاوەڕێی هاتنی کاتەکەی دەکەیت؟ مەریەم: بەڵێ، زۆر حەزدەکەم بگەڕێمەوە، بەڵام دوای تەواوکردنی کارەکانم. هیوادارم هەموو خەڵکی کوردستان یارمەتیی من بدات بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە... خەونەکەم بهێننە دی.. زۆر حەزدەکەم. رووداو: لە بارەی ئایینی ئیسلامەوە فێری زۆر شت کراویت بە زۆرەملێ، بەڵام لە بارەی ئایینەکەی خۆتەوە هیچ نازانیت، چونکە ئەو کاتەی کە رۆیشتی منداڵ بوویت، وایە؟ مەریەم: هەندێ شتی کەمم لەبیرە. بەڵام ئایینەکەمم زۆر نەدیت. رووداو: تۆ بۆچی بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ براکانت ناکەیت؟ گوتت تەنیا لەگەڵ دایک و براژنەکانت قسە دەکەیت، بۆچی؟ مەریەم: راستە. من قسە لەگەڵ ئەوان دەکەم. پێمدەڵێن لەبەر ئایین... رووداو: بۆچی لەگەڵ براکانت قسە ناکەیت؟ مەریەم: ئەوان نایانەوێت. دەڵێن تۆ موسڵمانی بۆیە. رووداو: هەر بە پەچەوە قسە لەگەڵ ماڵەوەتان دەکەیت؟ مەریەم: نەخێر، شتێکی حەڵاڵە کە براکانم بمبینن. رووداو: بەڵام پێتوایە ئێستا حەرامە خەڵک بێ پەچە بتبینێت؟ مەریەم: بەڵێ، خەڵکی نەناسیاو بێ پەچە نامبینن. من تەنیا بۆ خۆپارێزی پەچە بەکاردێنم. ئەوانەی ئێرە ئەوانی دەرەوەی گوندەکەیان بەدڵنییە. منیش تەنیا دەمەوێت خۆم بپارێزم. رووداو: ناخۆشترین رووداو لەم 9 ساڵەدا چیبووە کە بەسەرت هات کە لەبیری ناکەیت؟ مەریەم: هاوسەرگیریی زۆرەملێ و ئەوکاتەی کە کچەکەمم بوو، ئەمانە هەرگیز لەبیرناکەم. رووداو: مەبەستت ئەو کاتەی کچەکەت هاتە سەر دونیا؟ مەریەم: بەڵێ، زۆر زەحمەت بوو. هیچ دکتۆرێکم لا نەبوو. منداڵەکەم پەیدا دەبوو و پێویستم بە هاوکاری بوو، کەسم لەگەڵدا نەبوو جیا لە ژنێک و چوار پیاو. چۆن دەتوانم منداڵەکەم بێنمە سەر دونیا؟ زۆر ئازارم بینی. نەخۆشخانە نەبوو. لەنێو ئۆتۆمبێلدا منداڵەکەم بوو. رووداو: واتە هیچ دکتۆر و هیچ شتێک نەبوو جگە لە ژنێک و 4 پیاو؟ مەریەم: نەخێر، نەبوو. ئێمەیان بردە شوێنێک وەکو مزگەوت وابوو، لەنێو مزگەوتەکەدا کورد هەبوون.. کوردی شيعە بوون. کاتێک کە ئێمەیان بینی، کە ئەوانەی لەگەڵ ئێمە سوننە بوون، گوتیان ئێوە قبووڵناکەین. تەنیا دەمانویست لەو مزگەوتە بمێنینەوە تا ئەو کاتەی منداڵەکەم دەبوو و دواتر دەچووینە دەرەوە، بەڵام رێگەیان نەدا. پاشان سوپاس بۆ خوا لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا منداڵەکەم بوو. رووداو: شتێک ماوە کە نەمانپرسیبێت و بتەوێت باسیبکەیت؟ مەریەم: بەڵێ، تەنیا دەمەوێت ئەو کاتەی دەگەڕێمەوە، خەڵک یارمەتیم بدەن بۆ ئەوەی خەونەکەم بەدیبێنم. رووداو: زۆر سوپاس. هیوادارین رۆژێک لەم ستۆدیویە هەڤپەیڤینت لەگەڵدا بکەین. مەریەم: بە پشتیوانیی خوا. رووداو: تۆ نەتویست ناوت ئاشکرابکەیت و ناوێکی دیکەت هەڵبژاردووە، مەریەم یان لوسیا؟ مەریەم: مەریەم، بەڵێ. رووداو: زۆر سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/04082023
سیاسەتڤانێکی ئایسلاندی دەڵێت، "بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان واتە بەهێزبوونی دۆزی کورد لە ئێران، تورکیا و سووریا" و ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت کورد زمان و کولتووری خۆی بپارێزێت. ئۆگموندور یۆناسون، سیاسەتڤانی ئایسلاندی کە لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین پۆستی باڵای لە وڵاتەکەی هەبووە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی هۆکاری گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات، کورد بە پاراستنی کولتوور و زمانی خۆی دەتوانێت بگات بە سەربەخۆیی. یۆناسون لە میانی بەشداریکردنی لە رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "کوردستانێکی عێراقی دیموکراسی و بەهێز، پرسی کورد بەهێزتر دەکات لە هەموو شوێنێک؛ لە تورکیا و سووریا و ئێران. لەبەر ئەوەیە ئەم هێرشانە لە ئێرانەوە دەبینین؛ لەبەر ئەوەیە ئەو گوشارانە دەبینین لە تورکیاوە دەخرێنە سەر کوردستانی عێراق. لەبەر ئەوەشە دەبینین بەغدا دەیەوێت کوردستانی عێراق لاواز بکات. ئەو هەنگاوانە بۆ لاوازکردنی ئێرە نین تەنیا، بەڵکو لەبەر رۆڵی هەرێمی کوردستانە لە پرس و دۆسیەی کورد لە هەموو ناوچەکەدا". دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئۆگموندور یۆناسون، سیاسەتڤانی ئایسلاندی: رووداو: چۆن بە پرسی کورد ئاشنا بوویت؟ ئۆگموندور یۆناسون: لە راستیدا هەمیشە سەرنج و ئاشنایەتی بۆ پرسی کورد لە ئایسلاند هەبوو. ئێمە وەکو ئایسلاندییەکان بەشێک بووین لە شانشینی دانیمارک و دەمانویست سەربەخۆ بین و ئەوە بوو لە 1944 سەربەخۆییمان وەرگرت. ئێمە سەربەخۆیی خۆمان لەسەر بنەمای جوگرافیا و کولتوور جێگیرکرد و تێگەیشتنی باشمان بۆ هەموو کەسێک هەیە کە ئێستا هەمان شتی دەوێت. کاتێک گەنج بووم زۆرم لەبارەی پرسی کوردەوە دەخوێندەوە. ئەو کاتە چەند کەسێکی ئایسلاندیش هەبوون لە هەموو ئاسۆ جیاوازەکانی سیاسەتدا لە راستەوە بۆ چەپ کە بانگەوازیان بۆ پرسی کورد دەکرد. یەکێکیان برای باپیرم بوو کە نەریتخواز بوو؛ ئینجا رۆژنامەڤانێکی چەپمان هەبوو کە زۆری لەبارەی کوردەوە دەنووسی؛ دواتر ئیرلاندەر هارالدسۆنمان هەبوو. رووداو: ئێمە باسی چ ساڵێک دەکەین؟ حەفتاکان؟ ئۆگموندور یۆناسون: شەستەکان. من لە 1948 لەدایکبووم؛ بۆیە ئەوە کاتێک بوو کە خولیام بۆ هەموو شتێکم هەبوو. ئیرلاندەر هارالدسۆن کە دواتر لە زانکۆی ئایسلاند بووە مامۆستا، بووە یەکێک لە گوتەبێژەکانی کوردانی عێراق لە ئەڵمانیا لە ساڵانی شەستەکاندا، سەردانی بارزانیشی کرد و بووە دۆستی، لە چیاکان سەردانی کرد، کتێبێکی نووسی و منیش کتێبەکەم خوێندەوە، زۆر گوتاریشم دەخوێندنەوە، بەو شێوەیە ئاشنا بووم. کاتێکیش ئیرلاندەر هارالدسۆن گیانی لەدەستدا، من یەکێک بووم لەو کەسانەی کە تابووتەکەیم هەڵگرت کاتێک بەخاکسپێردرا؛ هەردووکمان یەکگرتوو بووین لە یەک شت؛ هەردووکمان پاڵپشتی کوردمان کرد؛ بۆیە پاڵپشتیکردنی کورد و تێگەیشتن لە کێشەی کوردی هەمیشە لەگەڵمان بووە لە ئایسلاند. رووداو: کەواتە جوگرافیایەک کە ناوی کوردستانە شوێنێکی ئاشنایە بۆ خەڵکی ئایسلاند؟ ئۆگموندور یۆناسون: بەڵێ ئاشنایە. ئەو شێوەیەشی من مامەڵەم لەگەڵ پرسی کورد کرد لە ساڵانی رابردوودا، ئەوە لە رێگەی کارکردنمەوە بوو لە ستارسبۆرگ و ئەنجوومەنی ئەوروپا؛ لەوێ خەڵکی کوردی زۆرم بینی کە زۆرینەیان خەڵکی بەشی تورکیا بوون؛ لەوێ بوومە بەشێک لە دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتی: ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئاشتی لە کوردستان. ئەو کاتە چەندین جار سەردانی تورکیام کرد؛ پێنج جار لەو چوارچێوەیەدا سەردانم کرد و زۆر کەسم ناسین کە کاریان بۆ پرسی کورد دەکرد. ئێستا لێرەم لە کوردستانی عێراق لەسەر بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد – کەنەکە. لێرە سەردانی زۆر لایەنی سیاسیمان کرد و پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکان کرد. من لێرەم تاوەکو لەبارەی سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە تێبگەم، هەروەها ئاڵۆزییە جیوگرافییەکانی. ئەمەش زۆر جێگەی سەرنج بووە بۆ من کە ئەمەم کردووە. رووداو: کەواتە مەبەستی سەردانەکە دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان. لەگەڵ هەموو حیزبە سیاسییەکان کۆبوویتەوە؟ ئۆگموندور یۆناسون: بەڵێ، هەروەها بۆ تێگەیشتن لە رەوشەکە. دەزانیت، ئەوەی کە لە تورکیا بینیمان زیندانیکردنی هەزاران خەڵکە؛ کەسانی ئەکادیمی، پارێزەر، رۆژنامەڤانان بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی کورد. ئێستاش بەم دواییانە زیادبوونی تووندوتیژی لە رۆژئاڤا و لە سنوورەکانی کوردستانی عێراق و تورکیا دەبینین و زۆر نیگەرانین لەمبارەیەوە و دەمانەوێت تێبگەین چۆن دەکرێت ئەمە بوەستێندرێت، چونکە ئەمە بێگومان تەنیا هەڕەشە نییە لەسەر ئەو خەڵکەی لەژێر هێرشەکەدان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە هەڕەشەیە. لەبەر ئەوە لێرەین تاوەکو لە ئاڵۆزییە جیوپۆلەتیکییەکان تێبگەین. رووداو: لە گفتوگۆکانت لەگەڵ پارتە سیاسییە جیاوازەکان کە هەر یەکێکیان سیاسەت و روانینێکی سیاسیی جیاوازی هەیە، پێتوایە هەرێمی کوردستانی عێراق لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە؟ هەستت بەوە کرد لە گفتوگۆکانت؟ ئۆگموندور یۆناسون: بەڵێ زۆریش. پێم وایە ئەوە جەوهەری کێشەکەیە. هەموو ئەوانەی کە بینیمانن ئاشتییان دەوێ؛ هەمووان کۆتاییەکیان بۆ دڕندەییەکان دەویست کە سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان ئەنجامیان دەدات، ئیدی ئێرە بێت یان رۆژئاڤا. بەڵام ئیدی کەسێک هەنگاو بە هەنگاو لەبارەی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە فێردەبێت. ئەوەی دەیڵێم ئەوەیە کە هەمووان دەزانن کوردستانێکی عێراقی دیموکراسی و بەهێز پرسی کورد بەهێزتر دەکات لە هەموو شوێنێک، لە تورکیا و رۆژئاوا و لە ئێرانیش، لەبەر ئەوەیە ئێمە ئەم هێرشانە لە ئێرانەوە دەبینین؛ لەبەر ئەوەیە ئەو گوشارانە دەبینین لە تورکیاوە خراونەتە سەر کوردستانی عێراق. لەبەر ئەوەیە دەبینین بەغدا دەیەوێت کوردستانی عێراق لاواز بکات؛ ئەوە بۆ لاوازکردنی ئێرە نییە، بەڵکو لەبەر رۆڵییەتی لە پرس و دۆسیەی کورد لە هەموو ناوچەکەدا. رووداو: کەواتە ئامانجەکە تەنیا ئەم پارچەیە نییە؟ ئۆگموندور یۆناسون: پێم وایە کە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئێمە چۆن لەم چەقبەستووییە تێدەگەین. پێم وایە کە ئەم چەقبەستووییەی ئێستا هەیە، زۆر خراپە؛ خراپە بۆ ئەو کەسانەی کە هێرشیان دەکرێتە سەر و لەژێر هەڕەشەدان؛ خراپە بەو واتایەی کە هەڕەشە لە سەقامگیری تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها جیهانیش دەکات؛ لەبەر ئەوە کارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە چۆن لەم چەقبەستووییە رزگارمان ببێت. ئەگەر سەیری رابردوو بکەین لە ساڵانی 2013 و 2015 پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەدەچوو، دەرگای زیندانی ئیمراڵی کرایەوە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی کرد، من پێم وایە کە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ بکرێتەوە، ئەوا پرۆسەکە کاریگەری دەبێت و کاریگەری دەکاتە سەر ناوچەکانی دیکەش لە ناوچەکە. پێم وایە کە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی تاکە رێگەی رزگاربوونە لەو چەقبەستووییەی ئێستا هەیە. پێم وایە کە کێشەی کوردستان کێشەیەکی جیهانییە بۆ کوردەکان و بۆ ناوچە کوردییەکان. رووداو: لێرە لە کوردستان. تۆ باسی هێرشەکانت کرد. ئێران بە پاساوی بێ بنەما هێرشە دەکاتە سەر کوردستان؟ ئۆگموندور یۆناسون: بەڵێ رووداو: دەکرێ چی بکرێت بەتایبەتی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ رێگریکردن لەوەی جارێکی دیکە ئێران هێرشی لەو شێوەیە بکات؟ ئۆگموندور یۆناسون: دەبێت ئەوە بزانین کە تورکیا تاکە لایەن نییە کە دەبێت لۆمەی بکرێت، بەڵکو هەموو بەرەی رۆژئاوایی، ناتۆ، یەکێتی ئەوروپا، ئەمانە هەموویان دەستیان لەمەدا هەیە. ئێمە باسی ئیمراڵی دەکەین کە چارەکە سەدەیەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی زیندانی کردووە؛ ئەمە رێگەیەکە تاوەکو بە خەڵکی کورد بڵێت، دەکرێت ئەمە بەسەر تۆشدا بێت؛ دەکرێت ئەوە بەسەر هەموو ئەوانەدا بێت کە لەگەڵماندا نین. پێم وایە یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکییەکان و ناتۆ هەموویان رۆڵیان هەیە کە لێرەدا دەیگێڕن، چونکە دەکرێ ئەمە هەڵبچێ بۆ دۆخێکی زۆر جیددی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جێگەی سەرنجە کە بەم دواییانە لەبارەی هێرشی ئێرانەوە دەبیستین و بە فراوانی رووماڵ کرا لە میدیاکانی رۆژئاوادا، بەڵام ئەوەی کە رووماڵ نەکرا ئەم جۆرە هێرشانە بوون لە مانگەکانی رابردوودا. لەبارەی ئەوەوە هیچمان پێ ناڵێن کە چۆن بەغدا رێکار دەگرێتەبەر بۆ لاوازکردنی سەروەریی کوردستانی عێراق و پێمان ناڵێن لەبارەی ئەو گوشارەی لەلایەن تورکیاوە خراونەتە سەر ئەم وڵاتە، هەموو ئەمانە دەبێت باس بکرێن و پێویستە رۆژئاوا ئەوە بزانێت کە ئەمە بەرپرسیارییەتی ئەوە... دوایت ئایزنهاوەر سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە ساڵی 1952 گوتارێکی دا کە تێیدا گوتی، شتێک کە دەبێت بە باشی ئاگات لێی بێت ئەوەیە کە کۆنترۆڵی کۆمەڵگەی دامەزراوە و پیشەسازیی سەربازیی لەدەست نەدەیت. ئێستا ئێمە کۆنترۆڵی ئەوە لەدەست دەدەین و حوکمڕانی جیهان دەکات و پێویستە رابگیرێت. ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ ئەوروپا و منیش دەگەڕێمەوە ئایسلاند و ئەم قسانە بەنێو خەڵکدا بڵاودەکەینەوە کە بەرپرسیاتێتییەکە هی هەموومانە. رووداو: کاتێک دەڵێین ئایسلاند، ئێوە گەلێکی بچووکن، بەڵام سەرکەوتوو بوون لە بەرگریکردن لە خۆتان. چ ئەزموونێک هەیە کە دەکرێت کورد لە ئایسلاندییەکانەوە وەریبگرێت؟ ئۆگموندور یۆناسون: ئەوەی ئێمەی بەهێزکرد باوەڕ بەخۆبوونمان بوو. ئێمە تەنیا 400 هەزار کەسین، بەڵام هیچ کات بە تەواوی دڵنیا نین ئایا ئێمە 400 هەزار یان 400 ملیۆن کەسین. دەزانین کە گرنگ نییە. دەزانین ئەوەی گرنگە بڕابوونمانە بە خۆمان؛ دەشڵێم ئەو گەلەی کە کولتوور و زمانی دەپارێزێت و کار بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات هەرگیز نابەزێت. بەڵام ئەگەر رێگە بدەیت کەسێک کولتوورەکەت لێ بدزێت، زمانەکەت لێ بدزێت و کەلەپوورەکەت لێ بدزێت، ئەو کاتە دەکرێ ببەزیت. رووداو: کولتوور و زمانی کوردی هێشتا رووبەڕووی هەڕەشە و قەدەخە دەبێتەوە. بۆ نموونە لە ئێران، تورکیا، لە سووریا بەگوێرەی دەستوور خوێندنی زمانی کوردەی قەدەخەیە. لە ئایسلاند وەکو گەلێکی بچووک، چۆن توانیتان کولتوور و زمانی خۆتان بپارێزن؟ ئۆگموندور یۆناسون: ویستمان بیپارێزین. دەزانیت شتەکان لە خۆیانەوە روونادەن، بەڵکو هەمیشە کەسێک هەیە کە دەیانکات؛ هەمیشە کەسانێک هەن کە شتەکان دەکەن؛ هەتا بڕوات وابێت کە تۆ کردە و کار بۆ شتێک دەکەیت، دەبێت ئەو شتە بکەیت. پێم وایە شتێکی دیکە کە بۆ ئێمە گرنگ بوو یەکگرتووییە لەنێو کۆمەڵگەکەدا؛ لە 2008 و 2009 قەیرانێکی گەورەی بانکییمان هەبوو و ئێستا لێی دەرچووین. چۆن؟ ئێمە لە ئایسلاند پەندێکمان هەیە دەڵێت ئەگەر لەنێو دەریا لە کاتی کەشوهەوای دژوار کەوتنە نێو کێشەوە پێویستە پێکەوە سەوڵەکان بگرن و بەو شێوەیە رزگارتان دەبێت، بەڵام پێویستە لەنێو هەمان بەلەم بن. پێویستە هەمووان لەنێو هەمان بەلەم بن، بۆیە ئەمە هەرگیز کە بیرۆکەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی جیانابێتەوە، بۆیە دەبێت ئەوە بەشێک بێت لە پاکێجەکە. رووداو: ئێوە دەوڵەتتان هەیە و کورد دەوڵەتی نییە. کورد چۆن دەتوانێت زمان و کولتووری خۆی بپارێزێت لە کاتێکدا دەوڵەتی نییە؟ ئۆگموندور یۆناسون: کورد لە رابردوودا دەوڵەتی نەبووە و توانیویەتی بیپارێزێت، بێ دەوڵەت توانییان ئەوە بکەن. بەڵام هۆکارەکە کردارەکانی کورد خۆی نییە کە زمان و کولتووری خۆیان لەدەستدەدەن بەڵکو ئەوانی دیکەن کە زۆرەملێ و گوشار دەکەن؛ هەربۆیە دەبێت ئەوەش بوەستێندرێت. لێرەدا هەموو جیهان بەرپرسیارییەتی هەیە. من جارێکیان چاوم بە هەندێ چالاکڤان کەوت لە ئامەد. ئەوە لە 2017 بوو، یەکێکیان شتێکی گوت کە لە یادم ناچێ و گوتی، "خەمی ئێمەت نەبێ. ئێمە رزگارمان دەبێت و تا کۆتایی دەجەنگین. ئێمە نادۆڕێین. خەمی خۆتان بخۆ. خەمی ئەوروپا بخۆ. خەمی بەشەکانی دیکەی جیهان بخۆ و لە زەلیلی رزگاری بکەن". بۆیە لەپێناو رزگارکردنی لە زەلیلی، ئێمە لێرەین و ئەم قسانە بڵاودەکەینەوە و هەر هەوڵی ئەوەشمان داوە لە ساڵانی رابردوودا. من کۆبوونەوەی زۆر زۆرم هەبوون لە ئایسلاند. کۆبوونەوەی گشتی کراوە، زۆر بابەتم نووسیون، خەڵکی دیکەش ئەوەیان کردووە. ئێستا پێم وایە شتێک وا دەگۆڕێت، وای دەبینم، پێم وایە ئەگەر تەماشای ئیسرائیل و فەلەستین بکەیت، ئەگەر تەماشای ئۆکراینا بکەیت. دەبینیت تاوەکو ئێستا پێمان دەگوترا مێژوو لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد لەگەڵ داگیرکارییە بێ پاساوەکەی رووسیا، وەکو خۆیان ناوی دەنێن. مێژوو نییە لە ئیسرائیل و لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە، بەڵام هەموو کەسێک مێژوویەکی هەیە، جووەکان مێژوویان هەیە و فەڵەستنییەکان مێژوویان هەیە؛ ئۆکرایناش مێژووی هەیە. ئێستا کە شتەکان زۆر جیدی بوون لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئۆکراینا، خەڵکی زیاتر سەرنجی لەسەر مێژووە و گرنگی پێدەدات. ئێستا خەڵکی زیاتر باسی سیڤەر دەکات. خەڵکی زیاتر باسی لۆزان دەکات، تەنانەت لە 1920 زیاتر لە جاران. دەزانیت جیهان وا بەخەبەردێتەوە لەبارەی گرنگیی مێژوو و ئەمەش بۆ کورد و پرسی کورد باشە. ئەگەر بزانین کورد چ گەلێکی گەورەیە و چۆن ناچار دەکرێن، پێم وایە ئەو کاتە شتەکان دەگۆڕدرێن. ئێستا لە هەموو کاتێک دیکە زیاتر چانسێکی باشتر هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆرتر گرنگە، زۆر ریشەییە کە بەهۆش بێینەوە لەبارەی پێویستی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشی. رووداو: هیچ چانسێک لە تورکیا دەبینیت بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد؟ ئۆگموندور یۆناسون: پێم وایە پێویستی بە گوشارە لە دەرەوە. پێم وایە پێویستی بە گوشارە لە ئەوروپاوە، لە ئەمریکاوە، لە ناتۆوە. دەزانیت کاتێک دڕندەییەکان لە 2015 و 2016 دەستیانپێکرد ناتۆ لە برۆکسل لە کۆتایی هاویندا کۆبوونەوەیەکی کرد و ئەوەی من تێیگەیشتم گڵۆپی سەوزی پێکرد بۆ ئەوەی کە روویدا و دواتر بینیمان کە چی روویدا. تۆ دەزانیت چی روویدا، منیش دەزانم چی روویدا، بەڵام ئەوانی دیکە لە جیهان نازانن. ئەوە پێویستی بە دادگاکەی گەل بوو؛ دادگاکەی خەڵک لە پاریس کە خەڵک لەوێ کۆبوونەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو پرسە بوەستێت و لە دڕندەییان بپێچنەوە. من لەوێ بووم لە تورکیا، بۆ ماوەی دوو رۆژ لەوێ بووم و وێرانکارییەکەم بینی، نیو ملیۆن خەڵک دەربەدەر بوون و ئەو کاتە بەڵێنم بە خۆم دا کە هەرگیز نەوەستم تاوەکو ئەوە دەکەمە شتێکی گشتی و دوای ئەوەی هەندێ کەس کە شایەدحاڵ بوون بانگهێشتم کردن بۆ ئەوەی بێنە ئایسلاند و بۆمانی روون بکەنەوە، بەڵام جیهان بێدەنگ بوو، بێدەنگ بوو، بۆیە ئەرکەکە ئەوەیە کە ئەو شتانەی روودەدەن بزاندرێن و ئێستاش دەمانەوێت ئەوە بزانرێت کە چی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی عێراق روودەدات، چی لە رۆژئاڤا روودەدات بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە. بە یەکێتی ئەوروپا بڵێین، بە ناتۆ و ئەمریکا بڵێین، هەروەها خەڵکی ئەوروپا، کە ناکرێت ئەمە قبووڵ بکرێت، چونکە گوشارەکە پێویستە لە خەڵکەوە بێت. رووداو: ئاییندەی رۆژئاڤا چۆن دەبینیت؟ ئۆگموندور یۆناسون: ئەگەر پێت بڵێم کە ئاییندەی رۆژئاڤا چۆن دەبینم هەروەها ئاییندەی کوردستان بە گشتی لە تورکیا، لێرە، رۆژئاڤا و ئێران، من زۆر گەشبینم بۆ کورد، زۆر گەشبینم، بەڵام کاتی دەوێت، ساڵانێکی دەوێت، بەڵام دەکرێت شتەکان خێرا رووبدەن، دەکرێت زۆر بە خێرایی شتەکان بگۆڕێن و پێم وایە ئەگەر بتوانین پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبکەینەوە، پێشتر من باسی تیۆری دۆمینەم کرد، لێرەوە دەستپێدەکەیت و ئینجا ئەوی دیکە، دەزانیت کە ئەوە کاریگەرییە و دەڕوا، بە دیاریکراویش نازانیت چی روودەدات، بەڵام باشتر دەبێت، باشتر دەبێت بۆ هەموو کەسێک. رووداو: ئەگەر شتێک هەبێت وەکو ئامۆژگاری بیدەیت، ئەو ئامۆژگارییە چییە کە کورد دەکرێت لە ئەزموونی ئایسلاندەوە وەریبگرن؟ ئۆگموندور یۆناسون: ئەوەی پێشتر گوتم لەبارەی کولتوور، زمان و کەلەپوور؛ مەهێڵن لێتان بدزن، ئەو کاتە نەبەز دەبن. هەروەها بێگومان یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەمووان دەخاتە سەر یەک کەشتی. رووداو: ئەم پرسیارەم پەیوەندی بە پرسی کوردەوە نییە، بۆچی وڵاتەکەت، ئایسلاند، ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا نییە؟ ئۆگموندور یۆناسون: زۆرینەی خەڵکی ئایسلاند دژی ئەوەن. ئێمە نامانەوێ ببینین کە ماسیگرتنمان بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەوروپاوە و دەمانەوێت پشکەکان بۆ خۆمان بهێڵینەوە؛ ئەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان. بەڵام هۆکاری دیکەش هەن، دەزانیت یەکێتی ئەوروپا لە هەموو کاتێک زیاتر ناوەندیی - مەرکەزی بووە. بە بۆچوونی من، لە رادەبەدەر لەسەر بنەمای بەبازاڕکردن داکوتراوە؛ بەبازاڕکردنی ئابووری. بەبازاڕکردنیش کۆمەڵگە لە دیموکراسی دووردەخاتەوە. دیموکراسی ناهێڵێت یان کەمی دەکاتەوە. ئەوروپا زۆر ناوەندیی بووە و زۆر لەسەر بنەمای بازاڕە. خراپترین بیرۆکە لە یەکێتی ئەوروپا کە من پێم وابوو زۆر باشە، بیرۆکەی هەرێمەکانی ئەوروپا بوو، هەرێمەکانی ئەوروپا، نەک ئەوروپای وڵاتان و ناوچەکان، دەکرا ئەم بیرۆکەیە زۆر کێشە چارەسەر بکات، کێشەی کەتەلۆنیا، کێشەی باسک و سکۆتلاند. ئەوە دەرگای نوێی کردەوە. ئەگەر یەکێتی ئەوروپا لەسەر بنەمای هەرێمەکان بووایە ئەو کاتە وابەستە دەبوون کە کولتوور، زمان و ویستی خەڵکەوە. ئەوە جۆرە ئاییندەیەک دەبێت کە من پشتگیری لێدەکەم، بەڵام ئەمەی ئێستا کە بچینە نێو کۆمپانیایەکی بازاڕی ناوەندیی، نەخێر.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/05022024
پارێزەری کەسوکاری دەستگیرکراوانی داعش دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەتوانێت داعشە بەندکراوەکان دادگایی بکات، بەڵام ئەو دادگەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی متمانەپێکراو نییە، بۆیە بڕیارەکانی هیچ نرخێکی نابێت. دەشڵێت، داعشە بەندکراوەکان کێشەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. ماریا دۆسێ، پارێزەری کەسوکاری دەستگیرکراوانی داعش لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، فەرەنسا دەیەوێت منداڵە بێ دایک و باوکەکان لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان بگەڕێنێتەوە، بەڵام گەڕاندنەوەی داعشە بەندکراوەکان بۆ وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە، چونکە "رای گشتیی فەرەنسا دژی گەڕاندنەوەی داعشە بەندکراوەکانە". ئەو پارێزەرە باسی لەوە کرد، داعشە بەندکراوەکان کێشەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. گوتیشی، فەرەنسا ناتوانێت بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناچار بکات ژن و منداڵە بە رەچەڵەک فەرەنسییەکانی داعش بگەڕێنێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "نزیکەی 100 منداڵ و 60 بۆ 70 ژنی فەرەنسی لە رۆژهەڵاتی باکووری سووریان." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پارێزەری کەسوکاری چەکدارانی داعش: رووداو: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەتوانێت دادگەیەک دروست بکات و ئەو داعشانەی لای ئەوان دەستگیرکراون تێیدا دادگایی بکات؟ ماری دۆزێ: کێشەکە ئەوەیە... ئەو دەتوانێ بیکات، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەتوانێ بیانییە ئەوروپییەکان دادگایی بکات کە ئێستا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زیندانی کراون، بەڵام پرسیارێک کە دەبێت بکرێت ئەمەیە، بڕیارەکانی ئەم دادگەیە تا چەند نرخیان دەبێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە دەرەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هێزی یاساییان تا چەند دەبێ؟ بەداخەوە هیچ نرخێکیان نییە، لەبەر ئەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نییە. بۆیەش دەسەڵاتدارانی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەتوانن ئەم زیندانییە بیانییانە دادگایی بکەن، بەڵام لە دەرەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بریارەکانی هیچ نرخێکیان نابێت و، ئەمەش زەحمەتییەکی راستەقینە دروستدەکات. توانای دادگاییکردن شتێکە، بەڵام لەبەر ئەوەی دادگە لە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نییە، بڕیارەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە دەرەوەی سنووری هەرێمەکە بێ نرخ دەبن. ئەمە کێشەیەکی راستەقینەیە. رووداو: هەندێک لە دەستگیرکراوە داعشەکان لە دادگەیەک لە رۆژئاوای کوردستان دادگاییکران، تۆ دادگایی کردنەکەت پێ چۆن بوو، ئایە بە دادوەرانەبوو؟ ماری دۆزێ: من بەرگری لە بەشێکی زۆر لەو ژنانە دەکەم کە چەندین ساڵە لەگەڵ منداڵەکانیان دەستگیرکراون، هەندێکیان زیاتر لە پێنج ساڵە کە لە کەمپەکانی رۆژئاوادان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کوردی هیچ کات نەیویستووە ئەو ژنانە دادگایی بکات، پێویستە ئەم ژنانە لە فەرەنسا دادگایی بکرێن. لە فەرەنسا تەنیا چوونی بۆ نێو داعش لە ساڵانی 2013، 2014 و 2015 بەپێی یاسا کارێکی تیرۆریستییە، بۆیە پێویستە ئەو ژنانە بگەڕێندرێنەوە فەرەنسا و لەوێ دادگایی بکرێن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کوردی هیچ کاتێک نەیویستووە لێرە ئەوانە دادگایی بکات. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەر لە سەرەتاوە دەڵێت کە پێویستە ئەو ژنانە بگەڕێندرێنەوە فەرەنسا. لەبارەی پیاوان، ئەوان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە زینداندان، بەڵام هیچ زانییەکم نییە کە تەنیا فەرەنسییەکیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کوردییەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دادگایی کرابێت. شتێکی لەمجۆرە رووینەداوە. ئەوان لە کاتی کەوتنی باغۆزەوە لە شۆباتی 2019ـەوە گیراون، هەندێکیان پێشتر لەوەش، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی ئەو کەسانەوە نەدراوە. جارێکی دیکە دەڵێم کە کوردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا داوا لە وڵاتان دەکەن کە پیاوانیش بگەڕێننەوە و بە فەرمی داوای ئەوەیان کردووە. رووداو: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەمیشە داوا لە وڵاتان دەکات کە ئەو داعشانەی هاووڵاتیی ئەوانن بیانبەن و لە وڵاتەکانی خۆیان دادگاییان بکەن، بەڵام ئەو وڵاتانە ئەو داواکارییە جێبەجێ ناکەن هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێننەوە؟ ماری دۆزێ: بەڵی، سەردەمێک فەرەنسا رەدی دەکرد کە ئەو زیندانییانە وەربگرێت و بە تایبەتیش ژنان و منداڵان. ئەو (فەرەنسا) تەنیا ئەو منداڵانەی یەتیم و تەنیا بوون گەڕاندنەوە. دواتر فەرەنسا لە لایەن کۆمیتەی نێودەوڵەتیی مافی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە شەمەزار کرا، هەروەها لە لایەن کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگەی ئەوروپاشەوە. دوای ئەم سێ شەرمەزارکردنانە، فەرەنسا هەڵوێستی خۆی گۆڕی و لە تەممووزی ساڵی 2022 بەدواوە دەستی بە پرۆسەی گەڕاندنەوە کرد. چوار پرۆسەی گەڕاندنەوە بەڕێوەچوون و ئەوەی ئەمدواییە پێش چەند رۆژێک بوو. دوای ئەم چوار پرۆسەیە، فەرەنسا رایگەیاند چیتر ناتوانێت هیچ ژن و منداڵێک بگەڕێنێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو ژن و منداڵانەی لە کەمپەکانن، رەتیدەکەنەوە بگەڕێندرێنەوە و ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە کە دەگەڕێینەوە سەری. لەبارەی پیاوانەوە، فەرەنسا رەتیدەکات بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ بکات، ئەو رەتیدەکاتەوە ئەو پیاوانە بگەڕێنێتەوە کە دادوەرەکانی دژەتیرۆری فەرەنسی چاوەرێی ئەوان دەکەن و ئەمە کێشەیەکی ئەمنیی راستەقینە بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دروست دەکات. ئێمە بینیمان کە داعش هەوڵیدا ئەو کەسانە لە زیندان رزگار بکات، بۆیە ئەو زیندانییانە فەرەنسی و ئەوروپییانە کە هێشتا گیراون، کێشەیەکی راستەقینەن بۆ دەسەڵاتی کوردەکان لە سووریا، لەبەرئەوەش پێویستە ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات و ئەو کەسانە وەربگرێت بۆ ئەوەی لە فەرەنسا دادگایی بکرێن و زیندانی بکرێن. رووداو: بۆچی داعشە دەستگیرکراوەکان لە رۆژئاوای کوردستان نایانەوێ بیانگەڕێننەوە وڵاتەکانی خۆیان؟ ماری دۆزێ: بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەوان رەتیدەکەنەوە بیانگەڕێننەوە، چونکە لە رای گشتی دەترسن. بە تایبەت لە فەرەنسا، ئێوە دەزانن کە لە فەرەنسا لە ساڵی 2015 تووشی چەندین هێرش ببوو، بە تایبەت هێرشەکانی باتاکلان، هێرشەکانی 13-11-2019، هەروەها هێرشی سەر شارلی ئیبدۆ هەبوون. لەبەر ئەمانە خەڵکی فەرەنسا و بە تایبەت رای گشتیی فەرەنسی لە دژی گەڕاندنەوەیان دەبێت، بە تایبەت کە ئێستا ئەو پیاوانە لە فەرەنساوە دوورن، بەڵام من بە تەواوەتی لە دژی ئەم هەڵوێستەم. ئێمە باش دەزانین کە داعش لێرەیە و ئەوە بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی کوردی نییە کە لەگەڵ هەڕەشەی هاووڵاتییانمان رەفتار بکات، جا فەرەنسی بن یان ئەوروپی. ئەمە ئەرکی ئێمەیە. ئەم خەڵکە فەرەنسین و، لە فەرەنسا بوون بە تووندڕەو و پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، ئەمڕۆ لە سووریا زیندانی کراون، ئەرکی وڵاتانی ئەوروپایە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. ئەرکی دەسەڵاتی کوردی نییە ئەم هەموو بارگرانییە هەڵبگرێت، بۆیە من پێم وایە ئەگەر فەرەنسا رەتیبکاتەوە ئەو پیاوانە بگەڕێنێتەوە، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە فەرەنسا لە رای گشتی دەترسێت کە دژی گەڕانەوەیانە. رووداو: بۆچی وڵاتانی ئەوروپا دادگایێک لە رۆژئاوای کوردستان دروست ناکەن بۆ ئەوەی داعشە دەستگیرکراوەکان تێیدا دادگایی بکرێن؟ ماری دۆزێ: بەڵێ، بەڵام دەبێت واقیعبین بین. دادگەیەکی نێودەوڵەتی کە پێنج ساڵە باسی لێوە دەکرێت، بێگومان هیچ دەقێکمان نەبینیوە لەبارەی دامەزراندنی ئەم دادگەیە. سووریا، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەرێمێکە و ئەم هەرێمە و تەنانەت دەوڵەتانی دەوروبەریشی رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی ئەمنی بوونەتەوە، ئەمەش بۆ دادگەیەکی نێودەوڵەتی ناگونجێت. ئەم ناوچەیە رووبەڕووی چەندین هەڕەشەی ئەمنی بووەتەوە، کە رێگە نادات دادگەیەکی نێودەوڵەتی لەوێ دابمەزرێت. ئەم بیرۆکەیە پێنج ساڵە باسی لێوە دەکرێت و لەو ماوەیەدا بەشێک لە ژنەکان لە کەمپەکان هەڵهاتن و داعش توانی بەشێک لە دیلەکان ئازاد بکات. ئێمە زۆر باش دەزانین کە دامەزراندنی دادگەیەکی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ شتێکی واقیعی نییە. 5 ساڵ لەمەوبەر وا نەبووە و ئێستاش بەم شێوەیە نییە. جگە لەوەش هیچ دەستپێشخەرییەک لەم بارەیەوە نییە و ئەوەندەی باس لە دامەزراندنی ئەم دادگە نێودەوڵەتییە گریمانەییە دەکرێت، دۆخی ئەمنی لەو ناوچەیەدا خراپتر دەبێت. کەواتە لەبیرمان نەچێت کە دۆسیەی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە لە وڵاتەکانیان هەیە، هەربۆیە چارەسەر هەیە، ئەویش گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان و دادگاییکردنیان و بڕیاردان لەسەریان و زیندانیکردنیان، ئەگەر دادگەیەکی نێودەوڵەتی دامەزرا، کەس نازانێت کەی دەبێت، ئایا دەبێتە 5 ساڵ، 10 ساڵ، 15 ساڵ، کەس نازانێت. رووداو: چارەنووسی داعشە دەستگیرکراوەکان چی دەبێت و داهاتوویان چۆن دەبێت؟ ماری دۆزێ: باشە جارێکی تر دەڵێم ئەگەر ئەم زیندانییانە بگەڕێنەوە فەرەنسا، یەکسەر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، وەکوو ئەنجامدەری کردەوەی تیرۆریستی، رەنگە هەندێکیان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجامدابێت، وەکوو نموونە ئاوارەکردن، ئەشکەنجەدان، بەکۆیلەکردن، دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی ئێزیدی. بە هەرحال، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر تاوان. ئەو زیندانییانە لەسەر ئەو تۆمەتانە لەلایەن دادگەی تایبەت لە فەرەنسا دادگایی دەکرێن، ئەگەر رۆژێک ئەم زیندانییانە لەلایەن کوردانی سوریاوە دادگایی بکرێن، کێشەکە لەوەدا دەبێت کە ئەم حوکمە لە دەرەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هیچ بەهایەکیان نابێت، بۆیە کاتێک دەگەڕێنەوە فەرەنسا دوای تەواوکردنی حوکمەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەو بڕیارەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بسەپێندرێت، هیچ بەهایەکی لە فەرەنسا نییە. ئەمەیە کە من ویستم لەم بارەیەوە بڵێم. رووداو: ئایا وڵاتێکی سێیەم هەیە بۆ ئەوەی ئەو داعشە دەستگیرکراوانە ببردرێن بۆ ئەوێ؟ ماری دۆزێ: نەخێر، ئەمە مومکین نییە. وڵاتی سێیەم ناتوانێت زیندانییەک دادگایی بکات کە هیچ تاوانێکی لەسەر خاکەکەی ئەنجام نەدابێت و هەڵگری وڵاتینامەی خۆی نەبێت. لە لایەکی دیکەوە دەگەڕێمەوە سەر مژاری ئەو ژن و منداڵانەی کە لە کەمپی رۆژدان. ئەم ژنانە کە رەتیدەکەنەوە بگەڕێندرێنەوە، ناتوانرێت ناچار بکرێن بگەڕێنەوە بۆ فەرەنسا. بۆچی؟ تەنها لەبەر ئەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نییە، فەرەنسا ناتوانێت ناچاری بکات پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت. ناتوانێت داوای دەرکردنیان لێی بکات، چونکە دەوڵەتی خاوەن سەروەری لەو هەرێمەدا نییە، بۆیه ئەوەی پێویسته بکرێت ئەوەیه ئەو ژنانەی که ئاماده نین لەگەڵ منداڵەکانیان بگەڕێندرێنەوه، لەلایەن دەسەڵاتی کوردی سووریاوە دەربکرێن و رەوانەی وڵاتی سێیەم بکرێن، بۆ نموونه دەتوانرێت بنێردرێن بۆ کوردستانی عێراق، دەسەڵاتدارانی فەرەنساش لەسەر سنوور چاوەڕوان بن بۆ ئەوەی بیانگەڕێننەوە فەرەنسا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکەن و بیانخەنە زیندانە کاتییەکانەوە و منداڵەکانیان وەربگرن. ئەمە یەک لە چارەسەرەکانە. رووداو: دەرفەتی دادگاییکردنی داعشە دەستگیرکراوەکان لە باشووری کوردستان هەیە؟ ماری دۆزێ: ئەمە دەکرێت، بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە زۆربەی ئەو ژنانە نەچوونەتە عێراق و لە فەرەنساش دۆسیەی یاسایی لەسەریان هەیە، کاتێک رەوانەی کوردستانی عێراق بکرێن و دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا چاوەڕێیان دەکات لەبەر ئەوەیە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بگەڕێندرێنەوە فەرەنسا، نەک کردنەوەی دۆسیەی یاسایی بەرامبەریان لە عێراق کە پێشتر لە فەرەنسا کراوە. رووداو: چەند دەستگیرکراوی داعشی فەرەنسی لە رۆژئاوای کوردستان هەن؟ ماری دۆزێ: بەڵێ، ژمارەیەکی روونم هەیە سەبارەت بە ژنان، بەڵام سەبارەت بە پیاوان (ژمارەیەکم) نییە. سەبارەت بە ژنان دەزانم نزیکەی 100 منداڵ و لەنێوان 60 بۆ 70 ژن هەن. ئەمانە فەرەنسین. ئەوەی دەزانین زۆرترین ژمارەی ئافرەتان لە فەرەنساوە چوونەتە سووریا و لە دوای ئەویش ئینگلتەرا دێت، بەڵام تائێستا زۆرێک لە ژن و منداڵی فەرەنسی لە کەمپی رۆژدا ماونەتەوە. سەبارەت بە پیاوە زیندانییەکان، لە ئێستادا دەیان فەرەنسی لە کەمپی رۆژدا هەن. لێرەدا پرسیاری مێرمنداڵان دێتە ئاراوە. ئەو مێرمنداڵە فەرەنسییانەی لە ساڵی 2019 گەیشتوونەتە ئەم کەمپە تەمەنیان لە نێوان 8 بۆ 10 ساڵ بووە، ئەمڕۆ تەمەنیان 12-13 و 14 ساڵانە. دەسەڵاتی کوردی سووریا دەیانگوازنەوە بۆ ناوەندەکان و دوای سێ ساڵ دەیانبەن بۆ زیندانەکان، ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە، چونکە ئەو منداڵانە بە ئارەزووی خۆیان لەگەڵ دایک و باوکیان نەچوونەتە سووریا، قوربانیی دایک و باوکیانن و لەبری ئەوەی لە کەمپەکاندا بمێننەوە، خۆیان لە زیندان دەبیننەوە، بۆیە پێویستە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان و وڵاتانی ئەوروپی بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ. رووداو: لەو زیندان و کەمپانە دۆخی ژن و منداڵی داعشەکان چۆنە و ئایا تۆ لە دۆخیان ئاگاداری؟ ماری دۆزێ: کۆمیتەی نێودەوڵەتیی مافی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو منداڵانە لە کەمپەکاندا لە دۆخێکی خراپی مرۆڤایەتیدان. هەروەها کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و، دادگەی ئەوروپاش. هەلومەرجی ژیان لەو کەمپانەدا دیارە. منداڵان ناتوانن بخوێنن، ناتوانن پەروەردە وەربگرن، ناتوانن خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکان وەربگرن. بەشێک لە منداڵان بە برینداری گەیشتنە ئەو کەمپانە، بەتایبەتی لە باغۆزەوە و بەپێی پێویست چارەسەری برینەکانیان نەکرابوو. ئەوان تووشی شۆک بوونە و پزیشکی دەروونی نییە، لەم کەمپانەشدا منداڵان لە هەموو شتێک کەمیان هەیە. لەم دواییانەدا ئاوی خواردنەوە لە کەمپی رۆژ بۆ ماوەی سێ رۆژ کەم بوو. بێگومان ئەم منداڵانە لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین. رووداو: بە بۆچوونی ئێوە دادگاییکردنی دەستگیرکراوە داعشەکان چۆن بەڕێوەدەجێت و پێتوایە چەند درێژە بکێشێت؟ ماری دۆزێ: بەڵێ، لە فەرەنسا هەر کەسێک کە لە کەمپەکە دەگەڕێتەوە سەرەتا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و بۆ لێکۆڵینەوەکە بە شێوەیەکی کاتی دەستگیر دەکرێت. لێکۆڵینەوەکان لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە چووەتە سووریا، دادوەرەکانی دۆسیەکانی تیرۆر لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکەن لەوکاتەوەی کە چوونەتە سووریا. ئیتر کاتێک کە دەگەڕێنەوە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، بە شیوەی کاتی دەستگیر دەکرێن تاوەکو لێکۆڵینەوەکە تەواو دەبێت، دواتر لەبەردەم دادگەی تاوانەکان دادگایی دەکرێن. هەندێک ژن لە تورکیا دیپۆرتکرانەوە، ئێوە دەزانن دوای ئەوەی هەندێک ژن کەمپەکانیان بەجێهێشت و لە تورکیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا، لە تورکیا دیپۆرتکرانەوە و رەوانەی فەرەنسا کران. هەندێک لەو ژنانە دادگایی کران و لە فەرەنسا سزای تووندیان بەسەردا سەپێنراوە. 10 ساڵ زیندانی، 12 ساڵ زیندانی. ئەمانە ژنن. ئەمانە لەو ژنانە نین کە شەڕیان کردووە، کەسیان نەکوشتووە، کەسیان ئەشکەنجە نەداوە، کۆیلەی ئێزدییان لە ماڵەکانیاندا نەهێشتووەتەوە. ئەم ژنانە حوکمی تووندیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەو پیاوانەی گەڕاونەتەوە فەرەنسا هێشتا سزا نەدراون، چونکە هیچیان لە زیندانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەڵنەهاتوون، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە تاوەکو 30 ساڵ زیندانیکردن لەلایەن دادگەوە بەسەریاندا بسەپێنرێت بەهۆی ئەو کارانەی کە لە سووریا کردوویانە کە ئەمەش سزایەکی قورسە لەلایەن دادگەی تاوانەکانی فەرەنساوە دەدرێت. رووداو: چۆنە ئێوە بوونەتە پارێزەری ژن و منداڵی داعشەکان؟ ماری دۆزێ: لەڕاستیدا من پارێزەری داپیرە و باپیرە و خاڵۆزا و مامی ئەم منداڵانەم لە فەرەنسا. مەبەستم ئەوەیە، من پارێزەری ئەو خێزانانەم کە کاریان کردووە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەچنە سووریا و هەوڵیانداوە منداڵەکانیان نەبن بە تووندڕەو، ئەوانیش زۆر دڵتەنگن بەم شتە. ئەوکەسانەی ئێستا نەوەکانیان لەوێن و هەوڵی دوورخستنەوەیان دەدەن لە ناو داعش، ئەمڕۆش کار بۆ گەڕانەوەی نەوەکانیان دەکەن بۆ فەرەنسا. واتە، من پارێزەری ژمارەیەک خێزانم کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەڕاندنەوەی نەوەکانیان بۆ فەرەنسا، چونکە خۆیان قوربانین و کاتێک دەگەڕێندرێنەوە بێگومان من بەرگری لە قوربانییەکان دەکەم لەبەر خێزانەکانیان و هەندێکجاریش لەبەر ئەو ژنانە کە چوار ساڵە دەیانەوێت بگەڕێندرێنەوە و دەبێت بەرپرسیارێتی ئەوە هەڵبگرن کە پێم بڵێن کە چ هەڵەیەکیان کردووە. بەڵێ، ئێستا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە من بەرگریم لە چەکدارەکان نەکردووە، من تەنیا بەرگری لە ژن و منداڵ دەکەم. رووداو: ئایا هیچ ژنێکی داعشیت بینیوە پەشیمان بووبێتەوە؟ ماری دۆزێ: من دەڵێم، چەند هەڵوێستێک هەن. هەندێک ژن هەن کە پەشیمان بوون لە رۆیشتنیان و، بەڕاستی پەشیمان بوونەتەوە. هەندێک ئافرەت هەن لە تەمەنی 14 ساڵیدا رۆیشتبوون و، ئێستا تەمەنیان 20-21-22 ساڵە، بەڵام لە تەمەنی 14 ساڵیدا رۆیشتبوون. هەندێک ژن هەن کە لەگەڵ دایک و باوکیان چووبوون و ئەوکات تەمەنیان 12 ساڵان بووە و ئێستا تەمەنیان 20 ساڵانە و هەندێک ژن هەن کە هێشتا زۆر تووندڕەون، زۆر زۆر تووندڕەون و من باوەڕم وایە کە پێویستە سەرەتا ئەم ژنانە بگەڕێندرێنەوە، چونکە مەترسیی هەڵهاتنیان لە کەمپەکان هەیە و دەتوانن ببنە مەترسی. ئەوانەی پەیوەست بوون بە داعش دەبێت بدرێنە دادگە، چونکە ئەگەر هەڵهاتن بەدڵنیاییەوە دەچنە ناو ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە سووریا و ئەمەش لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە، نە کوردەکانی سووریا و نەش فەرەنسا. مەبەستم ئەوەیە من بەرگری لەو ژنانە دەکەم کە لە هەڵەکانیان گەیشتوون و پەشیمانن لەوەی کردوویانە، ئەوان بەرپرسیارن لە کارەکانیان، بەڵام پەشیمان بوونەتەوە، بێگومان ئەوانەی نایانەوێت بگەڕێنەوە و دەیانەوێت بچنە ناو داعش و پابەندبن بە عەقڵی تووندڕەوییەوە، بێگومان من وەک پارێزەریان هەڵنابژێرن. رووداو: هەوڵتداوە بچیتە رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی وەک بریکاردەری ژن و منداڵی داعشەکان کاربکەی؟ ماری دۆزێ: بەڵێ، سێ جار هەوڵمدا بچمە ئەوێ. یەکەمجار لەگەڵ رێکخراوی ناحکومی، پارێزەرانی بێ سنوور بوو. لەو کاتەدا، من دەستنیشانکرام بۆ نوێنەرایەتیکردنی پارێزەران، لەلایەن سەندیکای پارێزەرانی پاریسەوە. ئێمە نەمانتوانی سنووری نێوان کوردستانی عێراق و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ببڕین، چونکە کۆنسوڵخانەی فەرەنسا چوونمانی قەدەخە کردبوو. جاری دووەم هاتمەوە بە 2 تۆڕی ناحکومی و هەندێک کۆمەڵە، دیسان نەمانتوانی بچین. جاری سێیەم، لەگەڵ هەندێک پەرلەمانتاری ئەوروپا و هەندێک سیناتۆر هاتمەوە، ئەو کات چاوپێکەوتنێکمان هەبوو لەگەڵ ئێوەش وەک لەبیرمە. ئێمە دەمانتوانی بچینە ئەو دیوی سنوورەوە، بەڵام فەرەنسا رەتیکردەوە زیاتر لە چەند کیلۆمەترێک لە سنوورەوە بچین. فەرەنسا نەیدەویست بچینە ناو کەمپی رۆژەوە و سەختییەکەی لێرەدایە. سەختییەکەی ئەوەیە کە هیچ کەسێک بۆی نییە بگاتە ئەو کەمپانە، نە رێکخراوە ناحکومییەکانی فەرەنسی، نە پارێزەری فەرەنسی، نە پەرلەمانتاری فەرەنسی یان پەرلەمانتاری ئەوروپی فەرەنسی. هەندێک وڵاتی تر رێگە بە کۆمەڵە، رێکخراو و، پزیشکی دەروونی دەدەن بچنە ئەوێ، بەڵام فەرەنسا نا. فەرەنسا هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی نەگەینە ئەو کەمپانە و ئەمە بەڕاستی ئاڵنگارییە. رووداو: زۆر سوپاس
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/08082023
عوسمان نووری کاباکتەپە، سەرۆکی لقی ئیستەنبووڵی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، "ئێمە پرسی کورد لە ئیستەنبووڵ و تورکیاش بە پرسێکی بنچینەیی دەبینین." سەرۆکی لقی ئیستەنبووڵی ئاکپارتی کە لە نووسینگەکەی لە ئیستەنبووڵ رۆژی 27ـی ئادار قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێت، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەربژێری پارتی گەلی کۆماری بۆ سەرۆک شارەوانی ئیستەنبووڵ، کەسێکە بەڵێنەکانی لەبیر دەکات. هەروەها سەبارەت بە دەنگی کورد دەڵێت، "لە ئیستەنبووڵ زۆرترین دەنگی کورد بۆ ئێمەیە... چونکە ئێمە ناوچە ناوچە و سندووق سندووق لێکدانەوە بۆ ئەو دەنگانە دەکەین." سەبارەت بە دەنگەکانی دەم پارتیش دەڵێت، "دەم پارتی راستە بەربژێریان هەیە لە ئیستەنبووڵ بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی، بەڵام هەندێک هەن لەنێو دەم پارتی دا پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەکەن، هەندێکیش باس لەوە دەکەن دەبێ دەنگ بە بەربژیری خۆمان بدەین." دەنگەکانی کورد لە ئیستەنبووڵ دەنگی یەکلاییکردنەوەی براوەی سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵە، لەبەرئەوە هەردوو پارتی ئاکپارتی و جەهەپە زۆر بایەخ بە دەنگی کورد دەدەن. سەرۆکی لقی ئاکپارتی لە ئیستەنبووڵ دەڵێت، "هەست دەکەی بانگەشەی دەم پارتی گەرم و تووند نییە. بۆیە هەست دەکرێت لایەنی یەکەم ئەوەی لەگەڵ ئیمامئۆغڵوە زیاتر باڵادەستە بەسەر پارتەکەدا". هەروەها دەڵێت، "دەم پارتی نزیکەی 8٪ دەنگی ئیستەنبووڵی هەیە... ئەگەر دەنگی لە 8٪ کەمتر بوو، بەو مانایە دێت کە دەنگی ئەوانە زاڵە کە پشتیوانی لە ئیمامئۆغڵو دەکەن، ئەگەر 8٪ بێنن دیارە دەنگی ئەوانە زاڵە کە داوای دەنگ بۆ بەربژێرەکەی خۆیان دەکەن." دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو : گرنگترین پڕۆژەی ئاکپارتی بۆ ئیستەنبووڵ چییە؟ عوسمان نووری: بەر لەوەی پڕۆژەیەک ئامادە بکەین، لە هەموو رووێکەوە توێژینەوەی ورد بۆ پێداویستییەکان و کێشەکانی شارەکە دەکەین و چاوەڕوانییەکانی خەڵکی ئیستەنبووڵ چین و چاویان لە جێبەجێکردن و ئەنجامدانی چ جۆرە پڕۆژەیەکە؟ کاتێک لەم روانگەیەوە سەیری ئیستەنبووڵ دەکەین، دوو خاڵی گرنگی لە پێشینە دێنە بەرچاو، کە بریتین لە هاتووچۆ و بەهێزکردنی بەرگەگرتنی ئیستەنبووڵ بۆ ئەگەری هەر بوومەلەرزەیەک. ئەم دوو هۆکارە زۆر گرنگە زۆرترین تیشکیان دەخەینە سەر. جگە لەم دوو هۆکارە زۆر گرنگە، هەشت مژاری دیکەی سەرەکیشمان هەن، کە بەپێی بایەخ و پێویستییەکەی پۆلێن کراون، کە پەیوەندییان بە کولتوور، هونەر، ژن، لاوان و چەندین بابەتی دیکەوەیە. بەڵام بەپێی پرسیارەکەتان، سەرەتا بایەخ بەم دوو مژارە زۆر گرنگە دەدەین. زۆر گرنگە لەڕووی گۆڕینی شارسازییەوە بایەخی زۆر بە تۆکمەکردنی ژێرخانی ئیستەنبووڵ بدەین بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن ژێرخانێک بەرگەی هەموو جۆرە بوومەلەرزەیەک بگرێت. هەروەها پرسی هاتووچۆ لە ئیستەنبووڵ، کێشەیەکی درێژخایەنە و بەرۆکی ئیستەنبووڵییەکانی گرتووە و هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ چارەکردنی. رووداو: ئێستا ئیستەنبووڵ وەک جاران جوان نییە و پاکوخاوێن نییە، هۆکاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆچی؟ ئەگەر دەسەڵاتی ئیستەنبووڵ وەربگرنەوە چی دەکەن بۆ پاکڕاگرتنی ئیستەنبووڵ؟ عوسمان نووری: شارەکان وەک زیندەوەرێکن پێویستیان بە خزمەتە، بەپێچەوانەوە بایەخی پێنەدرێت و ئامادەکاری و پلانی باشی بۆ دانەڕێژرێت، شارەکان بێگومان جوانییەکەیان لەدەست دەدەن، ژینگە پیس دەبێت، کاریگەرییەکانی لافاو هەمیشە وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام دەمێنێتەوە، پارکی شار کە بەگشتیی ژنان و منداڵان رووی تێدەکەن، جوانییەکەی لەدەست دەدات. ئێمە ئەم پێنج ساڵەی رابردوو بە سەردەمی نەبوونی خزمەتگوزاری دەناسێنین. بۆیە بەتایبەتی ئیستەنبووڵ هاوشێوەی هەموو شتێکی زیندوو پێویستی بە چاودێری و خزمەتی بەردەوامە و هەر کاتێک ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت فەرامۆش بکرێت، بە دڵنیاییەوە زیانی بەردەکەوێت و رووخسارێکی ناشیرین نمایش دەکات. بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی ئەو خزمەتگوزارییانەی دەستنیشانمان کردوون، زیاتر لە 100 پڕۆژەمان لە چوارچێوەی کارنامەکانمان دا ئامادەن بۆ گەڕاندنەوە و بەخشینی جوانییەکی تایبەت بە ئیستەنبووڵ. ئیستەنبووڵییەکان شایەنی ژیانێکی زۆر باشترن لەو ستاندەردەی ئێستا بەدی دەکرێت و ئێمەش دەست بۆ هەموو چین و توێژەکان و هەموو تەمەنە جیاوازەکان دەبەین کە پێویستیان بەم خزمەتگوزارییانە دەبێت، کە لەم ماوەیەدا دەستیان پێنەگەیشتووە. لەمبارەیەوە هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە و شەونخونی بۆ دەکەین و دڵنیابن باشترین خزمەتگوزاری پێشکێشی ئەم شارە دەکەین، چونکە ئێمە ئەزموونێکی 15 ساڵیمان لەم بوارەدا هەیە. هاووڵاتیان پرسیارمان لێدەکەن و پێمان دەڵێن، ئێوە ئێستا باس لە هەندێک کێشەی ئیستەنبووڵ دەکەن، لەکاتێکدا 15 ساڵ ئەم شارەتان بەڕێوەبردووە بۆچی پێشتر خۆتان نەتانکردووە؟ یاخود ئەم کێشانەی ئێمە دەیورووژێنین لە سەردەمی دەسەڵاتی شارەوانیی ئاکپارتی دا هەبوون؟ لە وەڵام دا ئێمەش زۆر بە تێروتەسەلی و زۆر بەڕوونی بۆیان روون دەکەینەوە و جیاوازییەکانی سەردەمی ئێمە و سەردەمی ئەوان بەشێوەیەکی زانستیانە بەراورد دەکەین بەتایبەتی لەڕووی باشتربوون یان خراپتر بوونییەوە. ئێمە تەنیا بانگەشە بۆ ئەوە ناکەین کە تەنیا ئیستەنبووڵ دەڕازێنینەوە، یان بە تەنیا خزمەتی دەکەین، بەپێچەوانەوە پێداگری خۆمان لە چارەکردنی کێشەی هاتووچۆ دەخەینەڕوو. پێیان دەڵێین کە لەم ناوچەیە میترۆ دروست دەکەین و لەم ناوچەیەدا بەرزەپرد یان تونێل و بۆ ئەم ناوچەیەش بیرۆکەی دیکە دەخەینەڕوو. لەپاڵ ئەمەش دا پارکی گەڕەکەکان و پارکی میللی و باخچەی کۆڵانەکان و پڕۆژەکانی دیکەشیان یەک دوای یەک بۆ روون دەکەینەوە و بەم شێوەیە دەچینە بەردەم گەل. رووداو: بەپێی راپرسییەکان، دۆخی ئێوە و جەهەپە چۆنە؟ عوسمان نووری: هەفتەی رابردوو، موراد کورووم، کە بەربژێری ئێمەیە بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، خۆی ئەنجامی دوایین راپرسی ئیستەنبووڵی بڵاوکردەوە کە ئێمە بە دوو خاڵێک لە پێشەوەی بەربژێری جەهەپەین. ئێوەش دەزانن، لەنێو پرۆسەی هەڵبژاردن دا بەردەوام راپرسی لەلایەن چەندین کۆمپانیای جیاوازەوە دەکرێت. تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیاش لە ساڵی 2023دا بینیمان کە بە دەیان و سەتان راپرسی کران و تێیدا تابلۆی گشتیی دیاریکرا. هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە کران. بەشێک لە راپرسییەکان ئەنجامەکانیان پێکا و بەشێکی دیکەشیان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێچەوانەی بوون . ئیدی میللـەت دەزانێت کامە کۆمپانیا بۆ چ ئامانجێک راپرسی دەکات و بەشێکیان ئاراستەکراون و بەشێکیشیان بە دروستی و رەوایی کارەکانیان دەکەن. هەروەها بینیمان هەندێک کۆمپانیا لە راپرسییەکان دا باسیان لەوە دەکرد کە بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆماری لەلایەنی بەرامبەر بە رێژەی 60٪ دەباتەوە، کەچی پێچەوانەکەیمان بینی و شایەتی دۆڕانیان بووین. ئێمەش راپرسی خۆمان دەکەین و راستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتیان گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بکەین و بزانین لە چ ئاستێکداین و لەکوێ کەموکوڕیمان هەیە. هەندێک پێش ئێستا باسم لەوە کرد کە دوایین راپرسیمان کردووە و بەڕێز موراد کورووم ئەنجامەکەی لە یەکێک لە گردبوونەوە جەماوەرییەکاندا بڵاوکردەوە. بۆیە بەپشت بەستن بەو ئەنجامانەی لە راپرسییە مەیدانییەکان بۆمان هاتوون، پێمان دەڵێن ئێوارەی رۆژی 31ی ئادار، گوێمان لە هەواڵی دڵخۆشکەری بردنەوەی بەڕێز موراد کورووم دەبێت. پشت بەخوا لەم چەند رۆژەی داهاتوودا ئەم هەواڵەش دەبێتە راستی. رووداو: بە قسەی ئێوەبێت، ئەم جارە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەبەنەوە دوای ئەوەی پێنج ساڵ پێش ئێستا جەهەپە بردییەوە. پێتانوایە دوای پێنج ساڵ، دووبارە خەڵکی ئیستەنبووڵ متمانەتان پێدەدات و سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵتان بۆ دەگەڕێنێتەوە؟ عوسمان نووری: لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوودا بۆمان دەرکەوت، لە ساڵی 2024دا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ دەبەینەوە. وەک گوتم، راپرسییە مەیدانییەکان و ئەوەی دید و بۆچوونە و ئەو توێژینەوانەی کردوومانن و ئەنجامەکەی بۆمان گەڕاوەتەوە پێمان دەڵێن کە ئێمە لایەنی براوە دەبین. لە پاڵ ئەمەش دا گەورەترین و راستەقینەترین راپرسی رۆژی 31ی مانگ دەبێت، میللـەت پێمان دەڵێت کێ براوە و کێ دۆڕاوە. ئەو داتایانەی بەردەستن بە روونی پێمان دەڵێن، جەهەپە لایەنی دۆڕاو دەبێت، چونکە ئیستەنبووڵ هەموو شتێکی بینی و جەهەپە چیدی بانگەشەی هەڵبژاردن ناکات و ئەو توانایەی نەماوە، هەرچەندە هەوڵدەدات درێژە بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بدات، بەڵام ئیستەنبووڵییەکان درکیان بەوەکرد، کە ئەو لایەنەی خزمەتی ئیستەنبووڵ دەکات و لە خەمی ئیستەنبووڵدایە سەرۆکێکی ئاکپارتییە. تەنانەت برا و خوشکەکانمان ئەوانەی ئەندامی جەهەپەن بەردەوام باس لە شکستە بەردەوامەکانی بەرپرسانیان دەکەن لە خزمەتکردنی ئیستەنبووڵ دا. بۆیە خەڵک زۆر هۆشیارە و ئەم جارە دەنگ بە لایەنێک دەدات کە سەری زمان و بنی زمانی ئیستەنبووڵە و باش دەزانن کە ئاکپارتی زۆر شارەزا و دانایە لە دەستنیشانکردنی کێشە و چارەسەرییەکانی ئەم شارەدا. لە بەرامبەردا بەربژێرێک هەیە، پێیوایە ئەم جارەش گەرەنتی کردووە کە شارەوانیی ئیستەنبووڵ بەدەستبێنێت بۆیە هێندە لووتی بەرزبووە و لە ئێستاوە چاوی لە هەڵبژاردنی 2028ی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە و پێیوایە دوای سەرکەوتنی لەم هەڵبژاردنەدا ئیدی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش دەردەچێت. بە واتایەکی دیکە ئەمانە تەنیا چاویان لە پلە و پۆست و نێوبانگە و، ئیستەنبووڵ وەک پەیژەیەک دەبینێت بۆ گەیشتنە هەرەمی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە. نەخێر، ئیستەنبووڵ پێویستی بە سەرۆکێک هەیە هەموو وزە و تواناکانی بۆ خزمەتکردنی ئیستەنبووڵ خەرج بکات بۆیە پێمانوایە رۆژی 31ی ئادار، وەڵامێکی زۆر بەهێزی ئەو کەس و لایەنانە دەدەینەوە کە پێیانوایە دیسان دەتوانن ئیستەنبووڵ ببەنەوە. هاووڵاتیانی ئیستەنبووڵ ئەم هەڵبژاردنە بە چارەنووسساز بۆ ئایندەی خۆیان دەبینن، بۆیە دەنگ بەو کەسانە نادەن کە تەنیا لە خەمی گەیشتنن بە پلە و پۆستی باڵایان هەیە. چیدی دەنگدەری ئیستەنبووڵ رێگە بەم کەسانە نادەن. رووداو: لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەڕێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو زۆر قسەی خۆشی کرد و بەڵێنی زۆری بە کوردیش دا، بەڵام دوای هەڵبژاردن کوردانی دانیشتووی ئیستەنبووڵ دەڵێن قسە و کردارەکانی وەک یەک نەبوون. ئێوە خۆتان دەزانن زیاتر لە پێنج ملیۆن کورد لە ئیستەنبووڵ دەژین، پەیامی ئێوە بۆ کوردانی ئیستەنبووڵ چییە؟ عوسمان نووری: دەمەوێ ئەوە بڵێم بەڕێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو خووی لەبیرچوونەوەی ئەو بەڵێنانەی هەیە کە لە تەلەڤزیۆن و گۆڕەپانەکاندا داویەتی. تەنانەت لە بەرنامەیەکدا پرسیارێکیان لێکرد لەبارەی چەند بەڵێنێکی هەڵبژاردن بە خەڵکی ئیستەنبووڵ داویەتی و لە وەڵام دا گوتبووی لە یادم نەماون. بۆ نموونە چەندین بەڵێنی لەبارەی گەنجان، کوردان، هاتووچۆ، خۆشگوزەرانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری ریز کردبوو. بەڵام وەک لە بەرنامەکەدا رایگەیاندبوو کە ئەو بەڵێنە بەو کۆمەڵانەی داون لەیادی نەماون. ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان بۆ ئەوەیە کە جێبەجێ نەکات و تەنیا بۆ فریودان بووە و هۆکاری دووەمیشیان هەر بەڕاستی تەنیا بۆ ریزکردنی رستە و وشەکان بووە، خۆی لە خۆیدا ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە زۆر بەڵێن دەدات و جێبەجێی ناکات. ئیدی هاووڵاتی خۆی بڕیار دەدات کامە هۆکارە وایکردووە بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات؟ بەڵام هەمووان باش دەزانن لە بەرنامەیەکی راستەوخۆیدا کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی 2019، خۆی گوتی: لە یادم نەماوە چیم گوتووە و چ بەڵێنێکم داوە. ئیدی گەل دەتوانێت باجی ئەم قسانەی پێبدات کە چیدی لەسەر ئەوە رانەیێت کە بەڵێنی بێ کردار بدات. ئیستەنبووڵ ناوازەترین شاری تورکیایە، ناکرێت کەسێک هەموو شتێک بە سیاسەت گرێبدات و بیر لە خزمەتکردن نەکاتەوە. تەنانەت بەڵێنە سیاسییەکانیشی بۆ کورد، تورک، چەرکەز، لاز، بۆشناک، ئەلبانی و هەموو پێکهاتە 85 ملیۆنییەکەی تورکیاش جێبەجێنەکردووە و نایکات. ئیدی ئێمەش وەک هەموو پێکهاتەکانی تورکیا هەڵسەنگاندن بۆ بەڵێنە بێ کردار و قسەکانی ئەم بەڕێزە دەکەین. ئەگەر باس لە سیاسەت بکەین، ئاکپارتی گەورەترین پارتی سیاسی کوردییە هەروەها گەورەترین پارتی سیاسیی تورک و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی تورکیایە و لە ئازادییەکانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە ئابووری و تەندروستی و گەشەپێدان، زۆرترین خزمەتگوزاریی بەم تورکیایە گەیاندووە. هیچ کەسێک لەکاتی لەدایکبوونییەوە نەتەوە و زمانی خۆی هەڵنەبژاردووە، بەڵام خۆمان ئەو کەسانە هەڵدەبژێرین کە نوێنەرایەتی ئێمە دەکەن و خزمەتمان دەکەن و رێز لە زمان، کولتوور، نەتەوە و ئایین و تەنانەت جۆر و ستایلی جلوبەرگیشمان دەگرن. ئاکپارتی کۆتایی بە هەموو ئەم بەربەستانە هێنا و هەمیشە لە خەمی ئەوەداین ئازادییەکان بە راددەیەک فراوان بکەین کەس هەست بە فەرامۆشی نەکات یان پێیوابێت رێزی لێ نەگیراوە. لە دوو رۆژی رابردوودا هاوڕێیەکم پێی راگەیاندم بەڕێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە بانگەشەی هەڵبژاردن دا گۆرانییەکی کوردی بڵاوکردووەتەوە و لە گۆڕەپانەکاندا بەکاری دەهێنێت. منیش پێم گوت، دۆخێکی جوانە، بزانە ئاکپارتی کەشوهەوایەکی ئازادی فەراهەم کردووە و هەر کەس بۆی هەیە گۆرانییەکی کوردی بۆ بانگەشەی خۆی دروست بکات. بۆیە ئەو ئازاداییەی هەیە هەوڵدەدەین مەوداکەی لەمەش زیاتر فراوان بکەین. ئێمەش لە ئاکپارتی کار بۆ بەربژێری سەرۆک شارەوانییەکانمان، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و شارەوانییەکانی دیکەی شارۆچکە و شارەدێیەکانیش لەگەڵ برا کوردەکانمان دەکەین و وەک یەک تیم کار دەکەین. کورد یەکێکە لە کۆڵەگە هەرە سەرەکییەکانی دامەزراندنی ئاکپارتی. هەروەها یەکێک لە فەلسەفە سیاسییەکانی ئاکپارتی ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بابەتەی باسی دەکەم کەمێک لە دەرەوەی بازنەی بابەتەکەمانە، بەڵام بۆ روونکردەوە دەمەوێ تیشکی بخەمە سەر. لە فەلسەفەی سیاسی ئاکپارتی دا هەر مرۆڤێک کە لە دایک دەبێت، دایک و باوکی خۆی هەڵنابژێرێت. وەک چۆن ئەو مرۆڤە دایک، باوک، وڵات، شار و گوند و گەڕەکی خۆیشی هەڵنابژێرێت، بە هەمان شێوە لە پرۆسەی خۆ پێگەیاندنیشی دا ئاکپارتی ئەمە بەسەر ئەودا ناسەپێنێ. بە یەکسانی لەدایکبووین، بە یەکسانی دەژین و بە یەکسانی تەمەنمان کۆتایی پێدەهێنین و بەم فەلسەفەیە هەنگاو دەنێین. لەسەر ئەم بنەمایەش خزمەتی یەکسان و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەر 16 ملیۆن هاووڵاتی ئیستەنبووڵ دەکەین. بەهیچ شێوەیەک جیاوازی لەنێوان کورد، تورک، لاز، چەرکەز و هتد.. ناکەین، هەمووان پێکهێنەری سەرەکیی ئەم خاک و نیشتمانەن و مافیان هەیە بە یەکسانی خزمەت بکرێن. رووداو: باسی کولتوور و زمان و پەروەردەت کرد، هاووڵاتیانی کورد لە ئیستەنبووڵ هاووڵاتی تورکیان، لەڕووی کولتوور و زمانی دایک و پەروەردەوە چ بۆ کورد دەکرێت؟ عوسمان نووری: ئێوەش دەزانن گفتوگۆکردن بە زمانی کوردی و گۆرانی چڕین و میوزیکی کوردی و پەروەردە بە زمانی کوردی و دیاریکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بە زمانی بژاردە و بوونی زمانی کوردی لە قوتابخانە تایبەتەکاندا هەروەها بایەخدان بە زمانی کوردی هەموو ئەمانە لە سەردەمی ئاکپارتی دا دروست بوون. هەروەها لەم بارەیەوە هیچ کێشەیەکمان نەبووە لە تورکیا. ئەمڕۆ داواکارییەکی هاووڵاتییەک جێبەجێ دەکەیت، سبەی ئەم داواکارییە رەنگە ببێتە پێویستییەکی زۆر گرنگ، بۆ ئەمەش کاری لەسەر دەکەیت و بایەخی زیاتری پێدەدەیت. لە پاڵ ئەمەشدا هەوڵدەدەین کە گەشەی پێبدرێت. ئاکپارتی سەرجەم بەربەسەتەکانی بەردەم زمانی عەرەبی و کوردی هەڵگرت. دەزانن لە قوتابخانەکانماندا زمانی کوردی دەخوێندرێت، بەشەکانی زمانی کوردی لە زانکۆکانماندا کراونەتەوە. لە سەردەمی پێش ئێمەدا میوزیکی کوردی و هونەری کوردی بە هەموو شێوەزارەکانییەوە کەس بۆی نەبوو بەرهەمی بێنێت. ئەو کارانە بە ئینگلیزی ئاسایی بوون، بەڵام بە کوردی ئاسایی نەبوو. ئاکپارتی هات و سەرجەم ئەم قەدەخانەی هەڵوەشاندەوە و کۆتایی پێهێنا و بەربەستەکانی لادا. گومان لەوەدانییە پرۆسەکە بەردەوامە و لەگەڵ خواستی زیاتریش فراوانتر دەکرێت و هەر داخوازییەک لەلایەن هاووڵاتیانەوە بێت، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها تەنیا زمانی کوردی لە تورکیا قەدەخە نەکرابوو، بەپێچەوانەوە زمانی دیکەش قەدەخە کرابوون، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان کە هاتە سەر دەسەڵات و لە سەردەمی سەرۆکایەتیکردنی ئاکپارتی دا، دواتر لە سەردەمی سەرۆکوەزیرایەتی و پاشان سەرۆککۆمارییەوە هەموو ئەم بەربەستانەی لادان. ئیدی کێشەیەکی بەوشێوەیەمان نییە، واتە نە لەڕووی زمان و نە لەڕووی پەروەردە و کردنەوەی قوتابخانەکاندا هیچ کێشەیەکمان نییە. وەک گوتم، لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکانیشدا وانەی زمانی کوردی دەخوێندرێن و هەموو ئەم کێشانە تێپەڕێندراون. ئەوەی ماوەتەوە لە کەشێکی دیموکراسی دا لە پەرلەمان دەتوانرێت ئەم بابەتانە چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە لە چەند رۆژی رابردوودا هاووڵاتییەکی نیڤشکان سەردانیکردم، بۆ وەرزشکردن داوای گۆڕەپانی تایبەتی تۆپی پێی کرد. پێنج ساڵ بەر لە ئێستا خواستێکی وەها لە ئارادا نەبوو، ئەمڕۆ هەیە و خستمانە کارنامە و رۆژەڤمانەوە. هاوکات ئاکپارتی بەردەوام خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا دەگونجێنێت جا لەڕووی سیاسەت بێت یان ئابووری و کۆمەڵایەتیی و هەر بوارێکی دیکەدا. ئیدی بە پێی ویست و خواستی گەل خۆی سیاسەت دەکات و درێژەی پێدەدات. ئەم سیاسەتەی لەگەڵ کورد، عەرەب، لاز، چەرکەز ئەنجام دەدات. ئەمڕۆ کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی فەرمی بە زمانی کوردی هەیە. لە کاتێکدا لە سەردەمی پێش ئاکپارتی لەنێو ئۆتۆمبێلی خۆشتدا بۆت نەبوو گوێ لە گۆرانییەکی کوردی بگریت، کەچی ئەمڕۆ دەوڵەت کەناڵی فەرمی بە زمانی کوردی هەیە. ئەمانە شۆڕشن و دڵنیابن بەمەش ناوەستین و درێژەی پێدەدەین. رووداو: باستان لەوە کرد لەسەردەمی ئاکپارتی کرانەوەیەکی زیاتر بەڕووی کورددا هەبوو، ئەگەر ئێوە سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ ببەنەوە، سەردەمێکی نوێی دیکە بۆ پرسی کورد دێتە پێشەوە؟ عوسمان نووری: وەک گوتم ئەوە بۆ هەموو هاووڵاتیانمان دەڵێم، ئێمە پرسی کورد لە ئیستەنبووڵ و تورکیاش بە پرسێکی بنچینەیی دەبینین. هەموو شتێک پێکەوە دەکەین. ئەمڕۆ لەنێو رێکخستنەکانی ئاکپارتی و شارەوانییەکانیشی دا چەندان برای کوردمان هەن و پێکەوە کار دەکەین. ئێمە لە کاری شارەوانی دا، چاوەڕوانییەکانی گەلەکەمان دەکەینە سیاسەتی کاری خۆمان و کاریان لەسەر دەکەین. بۆ نموونە داواکاری خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و چەندان داوای دیکە هەن. ئێمە ئەو داواکاریانەمان لە شارەوانی ناوچەکان کردووە لە ئیستەنبووڵ، دەمانەوێت لە سەرۆکایەتی شارەوانیش بیکەین. بۆ نموونە داواکاری ئەوە هەیە چالاکی هوونەری و کۆمەڵایەتی و کولتووری بکەن بۆ پاراستنی فەرهەنگی تایبەت بە خۆیان. ئەوە نەک هەر لە شارەوانییەکانی سەر بە ئێمە دەکرێت، بەڵکو زۆر جار چووینە و لە گوندەکانەوە دیکۆمێنتەریشیمان لەسەر وێنە گرتوون. بۆ نموونە ئێمە زۆر جار لێرەوە ستافمان ناردووەتە گوندەکانی وان و ئامەد و چەندان شاری دیکە، بۆ وێنەگرتنی ئەو چالاکیانەی باسمکردن. دەبێ هاووڵاتیانیشمان ئەوە بزانن و ئەوە ببینن، لەسەر ئاستی تورکیا و ئیستەنبووڵیش، خزمەتی هەموو برایانمان دەکەین لەسەر ئەو ئاستەی باسمکرد لە رێگەی شارەوانییەکانمانەوە، جا ئەو برایانەشمان بەشێکن لە ئاکپارتی. لەگەڵ برایانی کوردمان و براکانی دیکەشمان بەهەمان شێوە کار دەکەین. بۆیە بەردەوام ئەو جۆرە خزمەتگوزاریانەمان زیاتر و زیاتر دەکەین. رووداو: ئەو پرسیارەم بۆ ئەوە کرد، دەنگۆی ئەوە هەیە ئەگەر ئاکپارتی سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ بباتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە سەردەمێکی تازە بۆ کێشەی کورد دەست پێبکات. هیچ شتێکی تازە هەیە لەوبارەیەوە؟ عوسمان نووری: دەمەوێ ئەوە بڵێم، ئاکپارتی کورد بە بەشێکی جیا لە ئاکپارتی و تورکیا نابینێت. کورد بەشێکی رەسەنن لەنێو ئاکپارتی و تورکیادا، ئەوان دامەزرێنەرانی ئەو پارتە و ئەو وڵاتەن. بە قەد تورک، عەرەب، لاز و چەرکەز خاوەنین. ئەگەر ئەمڕۆ کورد نەتوانێت قسە بکات، عەرەب و لازیش ناتوانن قسە بکەن. هەموو ئەوانەی باسم کردن، لە خاوەنە رەسەنەکانی تورکیا و ئاک پارتین، بۆیە ئێمە بەهەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ بەهاناوە چوونی هەموو کێشە و گرفتێکی برا کوردەکانمان، وەک چۆن بەهەمان شێوە بەهانای کێشە و گرفتی برا عەرەب و لاز و چەرکەزەکانیشمانەوە دەچین. هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەمەدا نییە. ئەمەشمان بە هەموو هاووڵاتیانی تورکیا گوتووە. بۆیە ئێمە هیچ کات رێگەمان نەداوە کە کورد و عەرب و نەتەوەکانی دیکە پەراوێز بخرێن و لە داهاتووش دا بەردەوام دەبین لەسەر ئەو کارەمان. داواکارییەکان چی بن، گوێی بۆ دەگرین و دادەنیشین و قسەی لەسەر دەکەین. جا ئێمە ئێستاش ئەو کارە دەکەین، بۆ نموونە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، لە ناوچەی توزلا، لەگەڵ رێکخراوی شارەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا دانیشتووم. لەگەڵ برایانی جۆلەمێرگ دانیشتین و باسی ئەوەمان کرد لە ئیستەنبووڵ دەتوانین چی بکەین و چۆن کار بکەین. گوێمان لە داواکارییەکانی ئەوان گرت. جگە لە پرسی خزمەتگوزاری دۆخێکی سیاسیش هەیە ئێستا لە وڵاتەکەمان. راستییەکەی من پرسیارەکەم زیاتر لە چوارچێوەییەکی کارگێڕی خزمەتگوزاری لێکدایەوە. بۆیە باسی ئەو وردەکاریانەم کرد، بەڵام پرسە سیاسییەکە ئەوە شتێکی دیکەیە. بۆیە من زیاتر ویستم لەسەر ئاستی ئیستەنبووڵ باسی پرسەکە بکەم. بۆیە ئێمە پێکەوە دەتوانین ئیستەنبووڵ بەڕێوە ببەین. رووداو: لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا دەنگێکی زۆری کورد بۆ ئێوە بوو، لەم هەڵبژاردنەدا بوونی بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ، کاریگەری لەسەر رێژەی دەنگەکانی ئێوە دەکات؟ عوسمان نووری: ئیمە وەک ئاکپارتی لە ئیستەنبووڵ زۆرترین دەنگی کورد بۆ ئێمەیە، چونکە ئەگەر سەیری ئەنجامی سندووقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی رابردوو بکەین، ئەوە زۆر راست نییە کە دەم پارتی زۆرترین دەنگی کوردی ئیستەنبووڵی بردبێت. چونکە ئێمە ناوچە ناوچە و سندووق سندووق لێکدانەوە بۆ ئەو دەنگانە دەکەین. بۆیە لە زۆر ناوچەدا کە ژمارەی کوردیان لێ بەرزە، یان یەکەمین یان دووەم. دەم پارتی راستە بەربژێریان هەیە لە ئیستەنبووڵ بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی، بەڵام هەندێک هەن لەنێو دەم پارتی دا پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵوو دەکەن، هەندێکیش باس لەوە دەکەن دەبێ دەنگ بە بەربژیری خۆمان بدەین. بەڵام ئەم دوو لایەنە چ کاریگەریان بەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی دەم پارتییەوە هەیە؟ ئەمە گرنگە. بۆ نموونە هەست دەکەی بانگەشەی دەم پارتی گەرم و تووند نییە . بۆیە هەست دەکرێت لایەنی یەکەم ئەوەی لەگەڵ ئیمامئۆغڵۆیە زیاتر باڵادەستە بەسەر پارتەکەدا. ئەمەش ئەو هەستە دروست دەکات، کە رێککەوتنێکی پەردەپۆشکراو هەبێت لەنێوان جەهەپە و دەم پارتی دا، لەلایەکی دیکەشەوە داوای دەنگ دەکەن بۆ بەربژێرەکەیان. چونکە دەم پارتی نزیکەی 8٪ دەنگی ئیستەنبووڵی هەیە. لە هەڵبژاردنی رابردووش دا لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا دەنگیان نزیکەی 12٪ بوو. بۆیە ئەگەر دەنگی لە 8٪ کەمتر بوو، بەو مانایە دێت کە دەنگی ئەوانە زاڵە کە پشتیوانی لە ئیمامئۆغڵوو دەکەن، ئەگەر 8٪ بێنن دیارە دەنگی ئەوانە زاڵە کە داوای دەنگ بۆ بەربژێرەکەی خۆیان دەکەن. بۆیە ئێمە وەک ئاکپارتی، دەنگی دەنگدەری کورد دەهێنین، هەروەها لەو باوەڕەدام بەشێک لە دەنگدەرانی دەم پارتیش دەنگ بە موراد کورووم دەدەن کە بەربژێری ئاکپارتییە. رووداو: لە دوا پرسیارم دا، لە ئیستەنبووڵ دوور دەکەومەوە، بۆیە دەمەوێ پەیوەندی ئێستای نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانتان لێ بپرسم؟ عوسمان نووری: پەیوەندییەکی درێژخایەنمان هەیە، بەڕاستی لە خاڵێکی ئەرێنیداین، هەروەها دەبێت هەوڵبدەین بۆ ئەوەی زیاتریش ئەو پەیوەندییە فراوان بکەین. چونکە ئێمە دەزانین، هێزی پێکەوە کارکردن لەو ناوچەیە، تەنیا لەناوخۆی وڵاتەکەمان نییە، بەڵکو بەشێک لەوانە وڵاتانی دراوسێمانن. جا کاتێک سەیری دۆخەکە دەکەین، وەک تاکێک هەروەها وەک ئیستەنبووڵێیەک، هەمیشە وەک تورکیا دەبێت ئەو پەیوەندییە زیاتر بەرەوپێش ببەین. ئەو بەرەوپێشبردنەشمان پێ کارێکی راستە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/29032024
تیمی "هەژماری من" لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دا دەڵێت، "پڕۆژەی (هەژماری من) بەشێکە لە میکانیزمی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و، هەمان پڕۆژەیە لەگەڵ پڕۆژەی تەوتین،" بەڵام "جیاوازیی بنەڕەتی هەیە لە سوود و شێوازی جێبەجێکردنی"دا. تیمی هەژماری من لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە شێوەی نووسراو وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی داوەتەوە، دەڵێت، "پڕۆژەی (هەژماری من) تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لە تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت." بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق رازی نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی (هەژماری من)ەوە بدات، بەڵام لە دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بانکی بازرگانیی عێراق TBI، دواتر فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازادە لەوەی حیسابەکەی لە TBIـەوە ببەستێتەوە بە (هەژماری من)ەوە. دەقی پرسیار و وەڵامەکانی تیمی هەژماری من و رووداو: رووداو: جیاوازیی نێوان (هەژماری من) و (توطین الرواتب)ی عێراق چییە؟ تیمی (هەژماری من): پڕۆژەی (هەژماری من) بەشێکە لە میکانیزمی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و، هەمان پڕۆژەیە لەگەڵ پڕۆژەی تەوتین. لە کاتێکدا، تەوتین و هەژماری من هەمان ئامانج و دیدگایان هەیە، جیاوازیی بنەڕەتی هەیە لە سوود و شێوازی جێبەجێکردنی وەکو ئەوەی لەم خشتەی خوارەوەدا ئاماژەی پێدراوە: رووداو: ئەگەر هەژماری من بۆ دابەشکردنی مووچە قبووڵ بکرێت، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن قەرزی بانکی لە بانکەکانی نێو پڕۆژەی (هەژماری من) وەربگرن؟ ئەگەر وەڵامەکەی بەڵێ یە، رێژەی سوودی قەرزەکە چەند دەبێت؟ دەتوانن چەند قەرز وەربگرن (بڕەکەی)؟ قەرزەکە تەنیا بۆ مووچەخۆر دەبێت یان خانەنشین و هاووڵاتیی ئاسایی کە مووچەخۆر نەبن لێی سوودمەند دەبن؟ تیمی (هەژماری من): ساڵێک لەمەوپێش، پڕۆژەی (هەژماری من) لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە فەرمی و نووسراو رەزامەندیی لەسەر درا و پەسند کرا، سەرجەم بانکە بەشداربووەکانیش نووسراو (کتاب)ی پەسندکردنی پڕۆژەکەیان لایە. بەڵێ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چ فەرمانبەری مەدەنی چ پێشمەرگە بێت، لە رێگەی بانکە بەشداربووەکانی (هەژماری من) لەژێر رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندی قەرز دەبەخشن و هەر بانکێک و رێژەی سوود و جۆری قەرزی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام مەرجی سەرەکی شیاویی مووچەی فەرمانبەرە بۆ وەرگرتنی قەرز، بڕی قەرزەکەش دەوەستێتە سەر رێژەی مووچەی فەرمانبەر و هەروەها قەرزەکە بەبێ بوونی وەکیل و رەهن دەدرێت. رووداو: لە 13 ساڵی رابردوودا، مووچەی خانەنشینان لە رێگەی چەند بانکێکی ئەهلییەوە و بە کارتی بانکی دەدرا، بەڵام یەکێک لە بانکەکان ئیفلاسی کرد و کێشە بۆ خانەنشینان دروست بوو، مەترسی نییە ئەم ئەزموونە دووبارە ببێتەوە لە کاتێکدا هەر شەش بانکەکەی پڕۆژەی (هەژماری من) بانکی ئەهلین؟ ئەگەر مەترسی نییە، گەرەنتییەکە چییە؟ تیمی (هەژماری من): رێنوێنییەک هەیە بەناوی (ضمان الودائع المصرفية رقم 3) بۆ ساڵی 2016، کە ئامانج لێی ئەوەیە لە رێگەی کۆمپانیای گەرەنتیی سپاردنی پارە سامانی بەکارهێنەرانی بانکەکان زامن بکات و رێگری لەوە دەکات حاڵەتی ئیفلاسبوونی بانک رێگربێت لەوەی کە فەرمانبەر زیانی پێبگات، ئەمەش بەشێکە لە میکانیزمەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی بۆ پاراستنی سامانی مووچەخۆران. بەم شێوەیەش سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی (هەژماری من) لەژێر چەتری ئەم کۆمپانیا هاوبەشەی نێوان حکومەت - کەرتی تایبەت گەرەنتیی سەلامەتیی سامانی مووچەخۆر دەکەن. رووداو: هەر بانکێک کە دادەمەزرێت، بڕە پارەیەک وەکو سەرمایەی دامەزراندن لە بانکی ناوەندیی عێراق دادەنێت، لە ئەگەری قبووڵ کردنی (هەژماری من)، ئەو بڕە پارەیەی دەخرێتە سەر حیسابی بانکەکان بۆ مووچە، زیاتر نابێت لەو بڕە پارەیەی کە وەکو سەرمایە دایانناوە لە بانکی ناوەندی؟ بۆ نموونە، ئەگەر بانکێک بە سەرمایەی 500 ملیار دینار دامەزرابێت، ئەو بڕە پارەیەی بۆ دابەشکردنی مووچە دەخرێتە سەر حیسابەکەی زیاتر نابێت لەو بڕەی پێی دامەزراوە؟ تیمی (هەژماری من): بەپێی رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بانکەکان مەرجی هەبوونی سەرمایەی پێویستیان بۆ دانراوە کە بریتییە لە 250 ملیار دینار بەلایەنی کەمەوە، بەڵام بانکی ناوەندی ئەوەشی بە بانکەکان راگەیاندووە کە تاوەکو کۆتایی ساڵ پێویستە ئەم سەرمایە بگەیێننە 400 ملیار دینار. ئەمەش یەکێکە لە هەرە گرنگترین سوودەکانی پابەندبوون و کارکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی، کە دڵنیایی دەدات لەوەی بانکەکان پابەندن و خۆیان بەدوور دەگرن لەو مەترسییانەی کە دەبنە هۆی مایەپووچی. کەواتە بانکی ناوەندیی عێراق کۆمەڵێک رێسای روون و تایبەتی هەیە دەربارەی پارێزراویی سپاردە و سیولە لە بانکەکان دا. رووداو: ئەگەر هەژماری من قبووڵ بکرێت، چەند کاتتان دەوێت بۆئەوەی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی کە ماون هەژمارەکەیان بۆ دروست بکەن؟ تیمی (هەژماری من): پڕۆژەی (هەژماری من) تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لە تۆمارکردنی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/04052024
3 Letters minimum required كوردى Kurdî English Türkçe عربي Facebook Twitter Youtube Instagram Snapchat Snapchat Snapchat Snapchat Snapchat Search Search Radio TV TV Audio کوردستان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جیهان ئابووری هەڤپەیڤین پۆدکاست بیروڕا کولتوور تەندروستی وەرزش مەڵتیمیدیا بەرنامەکان دۆکیۆمێنتاری هەڵەیەک روویدا! دووبارە هەوڵبدە Tweet Facebook Share this selection Tweet Facebook
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/29052023
یاریدەدەری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا دەڵێت، لە کێڵگەوە بۆ چەتاڵ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی کوردستان دەکەن. بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک کە لە 12 کۆمپانیای ئەمریکی پێکهاتوون هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو؛ ستیڤ لوتس، یاریدەدەری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، یەکێک لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەبەرهێنانی ئەمریکی، "نەبوونی سیستمێکی بانکیی پێشکەوتووە." جەختیشی لەوە کردەوە، دەبێت متمانەی هاووڵاتییان بە بانک هەبێت تا پارەکانیان لە بانک دابنێن. ستیڤ لوتس دەشڵێت، "هەنگوین و هەناری کوردستانم تامکردوە، سەرنجڕاکێش بوون، دڵنیام ئەوانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان تاقییان کردووەنەتەوە، بەڵام ئەوانەی نەهاتوون پێشنیازیان بۆ دەکەم بێن." هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ستیڤ لوتس، یاریدەدەری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا رووداو: بەڕێز لوتس بەخێربێت بۆ کوردستان جارێکی دیکە، دەمەوێت بۆم باسبکەین بیرتە یەکەمجار کەی بوو هاتیتە کوردستان؟ ستیڤ: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، محەممەد کە لە رووداو میوانداریتان کردم. پێم وا بێت زیاتر لە دەیەیەک لەمەو پێش بوو، بیرم نەماوە رێک چ ساڵێک بوو. بەڵام شانازی دەکەم بڵێم زۆر جار لێرە بووم کە پێموایە نازانم چەند جارە. رووداو: ئەو کاتەی کە هاتی یەکەمجار هەر وەک بزنسمان یان وەک دیپلۆماتکار هاتی بۆ کوردستان؟ ستیڤ: بەڵێ، من لێرە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی بازرگانی دەکەم. رووداو: مەبەستم یەکەمجارە کە هاتی بۆ کوردستان؟ ستیڤ: بەڵێ، وەک بازرگان هاتم. نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی بازرگانیم دەکرد. رووداو: ئەمە بۆ چەندەمین جارە سەردانی کوردستان دەکەیت؟ ستیڤ: دوای کۆرۆنا ئەمە یەکەم سەردانە. بەر لەوە رەنگە 10-12 جار هاتبم. دەیڵێمەوە، زۆر جار هاتووم. پێموایە رێک بیرم نەماوە ژمارەکە چەندە. رووداو: با باسی سەردانی ئەمجارەتمان بۆ بکەیت، ئەمجارە بۆچی هاتووی؟ کێت بینی؟ لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لەسەر چی قسەتان کرد، لەسەر چی رێککەوتن؟ ستیڤ: پرسیارێکی زۆر گرنگە. ئێمە لێرە چاومان بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو بازرگانانە دەکەوێت کە دەتوانن بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدان و فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا لە کەرتی کشتوکاڵ و خۆراک و تەواوی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئیکۆسیستمی خۆراکدا کار بکەن. رووداو: کە باسی کشتوکاڵ دەکەن، هەرکەسێک بێت، بەتایبەت وەبەرهێنانی بییانی، من زۆر کەیف خۆش دەبم چونکە دەمانەوێت سوود لە ئەزمونی ئێوە وەربگرین لە بواری کشتوکاڵدا، ئێوە دروشمێکتان هەیە، "لە کێڵگە بۆ چنگاڵ"، دەتانەوێت ئەمە چۆن جێبکنەوە لەناو وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ؟ دەتانەوێت چی بکەن لەناو کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان؟ ستیڤ: پێمان وایە ئەوە لۆگۆیەکی زۆر باشە، درووشمێکی باشە، چونکە پێمان وایە رەنگدانەوەی توانایییەکە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاوکاریی نێوان بازرگانیی ئەمریکا و بازرگانی و حکومەتی ئێرە پێش بکەوێت. راستییەکەی، هاندەری هێنانی ئەم شاندەی "کێڵگە بۆ چنگاڵ"ـە لە گفتوگۆیەکەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیراندا کردمان. بەڕێز سەرۆکوەزیران دیدگەیەکی بۆ فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان خستەڕوو لە کەرتی کشتوکاڵدا کە یەکێکە لەو بوارانەی هانی داین سەرنجی بخەینە سەر. جا بە کارکردن لەگەڵ کۆنسوڵخانەی گشتیی [ئەمریکا] لێرە ئەم شاندەمان پێکهێنا. ئینجا ئێوەیش کۆمپانیاتان هەن کە لە کێڵگە و تۆو و پاراستنی دانەوێڵە و ئامێری کشتوکاڵدا کار دەکەن. ئێوە ئەوانەتان هەن کە لە کۆگەکاندا خەریکی کارن. هەروەها ئەوانەیشتان هەن کە بەرهەمی کۆتایی دەگەیەننە بازاڕ و چێشتخانەکان. ئەوەیش زنجیرەی بەرهەمهێنانە لە کێڵگەوە بۆ چنگاڵ. رووداو: بۆ ئەمە داواکاریتان چیە لە هەرێمی کوردستان؟ هەرێمی کوردستان چیتان بۆ بکات، وە ئێوە چی دەکەن؟ ستیڤ: پێم وایە بەختەوەرین کە لە هەرێمی کوردستان حکومەتێک هەیە کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بە هەندێک رێکخستن و بەربەستی سیاسییەوە هەیە کە رەنگە لە رابردوودا تووشیان بووبێت، وەڵامگۆی پێویستییەکانی کەرتی تایبەتە. ئێمە لە دیداری "ئینڤێنت کوردستان" بووین و ئەوەی بیستمان ئەوەیە حەزێک بۆ ئاسانکاری و نەهێشتنی بەربەستەکانی پێشوو هەیە تا وەبەرهێنان و بازرگانی زیاد بکرێت. بۆیە هیوادارین ئەو کۆمپانیا ئەمریکاییانەی لێرەن، وەک پێپسی، کاری زیاتر بکەن، وەبەرهێنانەکەیان فراوان و قووڵتر بکەن. ئینجا هەندێک لەو کۆمپانیایانە بۆ یەکەم جارە لەگەڵ ئێمە هاتوون، ئەمە یەکەم جاریانە پێیان خستووەتە هەرێمی کوردستان، ئەم شاند و سەردانە دەبێتە مایەی هاوبەشایەتی و وەبەرهێنان و بازارگانیی نوێ. ئێمە پێمان وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازیی کردووە و پابەندە بە چاکسازییەکەوە کە ژینگەیەکی زۆر لەبار بۆ وەبەرهێنان دروست دەکات. رووداو: لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گفتووگۆمانکرد، ئەو باسی لەوەکرد لەگەڵ شاندەکەی ئێوە باس لەوەکراوە کە دەتانەوێت وەبەرهێنان بکەن لە جۆرێک لە بەروبوومی کشتوکاڵی شلیک، هەروەها وەبەرهێنەرێکتان باسی لەوە کردووە دەیانەوێت گەورەترین کارگە دابنێن لەبواری بەهاراتدا، کە خاوەنی وەبەرهێنانێکی گەورەن لە بواری بەهاراتدا، ئەمە چۆن چۆنییە، دەتانەوێت لەمبوارە چی بکەن؟ ستیڤ: لە رێگەی لایەنی جۆراوجۆرەوە گرنگی بە ئیکۆسیستەمی کشتوکاڵ دەدرێت. پێم وایە هەندێکیتان لە کاڵا دەرەکییەکاندا بینیوە، وەک رووەکە کشتوکاڵییەکان و گەنمەشامی. هەروەها ئێوە بە تەواوەتی گرنگی بە توو و شلیک و توودڕک دەدەن. پێموایە لە زۆر ناوچەی جیاواز گرنگییان پێدەدرێت. هەروەها گرنگی بە هەڵگرتن و چارەسەرکردن و تۆو دەدەن. ئەوە پاراستنی تۆو و دانەوێڵەن کە وادەکەن ئەم شتانە هەبن. بۆیە دەیڵێمەوە، ئەوەی لێرە تیشکی دەخەینە سەر ئەوەیە کۆمپانیا ئەمریکاییەکان گرنگی بە کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان دەدەن. رووداو: بەڕێز لوتس با باسی رۆڵی ژووری بازرگانی ئەمریکا بکەین لە هەرێمی کوردستان، وە باسی ئەوە بکەین ئێمە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3000 کۆمپانیای بیانی هەن بە خۆیان و لقەکانیانەوە، بەڵام دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان باس لەوە دەکات ژمارەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە هەرێمی کوردستان 200 کۆمپانیایە. هەست ناکەیت رۆڵی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان کاڵ و کرچە؟ چۆن هەوڵدەدەن ئەمە زیاد بکەن؟ دەتوانی بۆم باسبکەیت ژمارەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان چەندە، قەبارەی بازرگانی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان چەندە لە هەرێمی کوردستان؟ ستیڤ: لەم شاندەدا زیاتر لە 12 کۆمپانیامان لەگەڵدایە کە نزیکەی 30 نوێنەر دەبن. نەمانتوانیوە زیاتر رازی بکەین، ناتوانین لەو جێیەدا بمێنینەوە کە تێیداین. ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە ئامادەیی بازرگانیی ئەمریکایی گەشە پێبدەین، نەک تەنیا لە کشتوکاڵ و خۆراکدا، بەڵکو لە تەواوی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا. بەشێکی بەربەستەکە دوورییە کە هاتنە لە ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان. هاتن لە وڵاتانی دراوسێ و تەنانەتە لە ئەوروپایشەوە زۆر ئاسانە. بەڵێ، دووری. هۆیەکی گەورەی دیکەیش ئەو راستییەیە کە ئەمریکا خۆی بازاڕێکی هەر زۆر گەورەی هەیە، بە جۆرێک جار هەیە خۆمان ئەگەر لە تەکساسەوە بۆ نیویۆرک بچین، وەک ئەوەیە بۆ وڵاتێکی دیکە بچین. بۆیە بازدان بەسەریدا بۆ ئێرە، بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەرێمی کوردستان، لەلایەن ژووری بازرگانیی ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی ئێرەوە هەوڵێکی زۆری دەوێت کە بێن سەردان بکەن و گفتوگۆ دروست بکەن و هۆشیاری لەبارەی دەرفەتەکان لە کشتوکاڵ و خۆراک و پیشەسازی و بەرهەمهێنان و تەکنەلۆجیا و تەندروستی و وزەی ئێرەدا زیاد بکەن. بۆیە ئێمە کە گەڕاینەوە ئەرکی زۆرمان لەسەر دەبێت کە بەردەوام بین لە زیادکردنی هۆشیاری لەنێو کۆمپانیا ئەمریکاییەکاندا لەبارەی ئەو دیدگەیەی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان و نوێگەرییەوە لە هەرێمی کوردستان هەیە. رووداو: هیچ خەمڵاندنێکتان لایە زانیارییەک قەبارەی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان چەندە لە هەرێمی کوردستان؟ سەرماییەی وەبەرهێنان چەندە؟ ستیڤ: ئێمە وەک ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا جوداین. ئەوان بەدواداچوون بۆ زانیاریی زۆر تایبەتی بازرگانی دەکەن. ئەوان لەو بوارەدا شارەزان. ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی نێوان کۆمپانیا ئەمریکاییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەتی ئێرە دەکەین. جا دوای ئەوەی ئەوەی یارمەتیی بونیاتنانی ئەو پەیوەندییانەمان دا، دەکشێینەوە و لێدەگەڕێین بازرگانەکان ئەوە بکەن کە دەیکەن کە وەبەرهێنان و چاوەڕێکردنی داهاتی ئەو وەبەرهێنانەیە. جا خۆشبەختانە ئەوە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە گەشەدان بە بازرگانی و وەبەرهێنان. رووداو: هیچ بەربەستێک هەیە لەبەردەم چالاکیی زیاتری بازرگان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان؟ چی هەیە وا رێگربێت لە ئێوە کە ئەو گلەییەتان لێبکرێ کە وەک پێویست لە هەرێـمی کوردستان وەبەرهێنان و بازرگانی ناکەن؟ ستیڤ: پرسیارێکی زۆر گرنگە. پێموایە شتێک کە گرنگە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە یەکێک لە هۆیە سەرەکییەکان تەنیا هەبوونی هەستێکی گشتیی متمانەیە بە سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش لە عێراق بە گشتی بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بۆیە ئاگامان لەو پەیوەندییانە لە ئاستی سیاسیدا هەیە و لە بیرمانە کە ئێمە بازرگانین. جا ئێمە ئەم کارانە دەکەین، بەڵام گرنگە تێبگەن لێرە هەستێکی سەقامگیری لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا هەیە، چونکە ئەمە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر متمانەی ئەو وەبەرهێن و بازرگانانە هەبێت کە دێنە ئێرە. بۆیە ئەوە هۆیەکە. ئینجا بە دڵنیاییەوە یاسای 101ـی بازرگانی هەیە کە هەندێک جار رووی لە کڕیارە و هەندێک جاریش رووی لە رێساکانە و دڵنیایی دەدات کە گرێبەستەکان رێزیان لێ بگیردرێت، ئەوەیش بۆ کاتێک کە پرسیارێک هەبێت لەسەر ئەوەی دادگەکان چۆن حوکم دەدەن. هەروەها شتانێکمان بۆ خاوەندارێتیی هزری هەن. گەلێک لە کۆمپانیا ئەمریکاییەکان بە ملیۆنان و بگرە ملیاران دۆلار لە لێکۆڵینەوە و پەرەپێداندا وەبەرهێنان دەکەن. جا ئەوە گرنگە ئەو هەستەیان هەبێت کە خاوەندارێتییە هزرییەکەیان، بەڵگەنامەی داهێنانەکانیان، رێزیان لێ دەگیرێت و دەپارێزرێن. ئەوانە هەندێک لەو هۆیانەن کە دەزانم کۆمپانیا ئەمریکاییەکان چاویان لێیانە. رووداو: باشە، بەڵام تا چەندێک نەبوونی سیستمێکی بانکی پێشکەوتوو رێگر بووە لە چالاکیی کۆمپانیا و بازرگانانی ئەمریکی؟ بۆ خۆتان هەوڵنادەن کەناڵێکی دارایی، کەناڵێکی بانکی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی خۆتان پارەداربکەن؟ پارەدانە، پارەوەرگرتنە. ستیڤ: بە راستی ئەمە خاڵێکی گرنگە کە باست کرد. نەبوونی ئەو سیستەمە هاوچەرخە بانکییە بە تەواوەتی کێشەیە. ئێستا ئێمە وەک ژووری بازرگانیی ئەمریکا وەک پردی پەیوەندی لێرەین. ئێمە وەبەرهێنی راستەقینە و کۆمپانیا نیین. ئەوەی دەمانەوێت بیکەین ئەوەیە وەڵامگۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران بین کە باسی هەوڵەکانی حکومەتی بۆ هاوچەرخکردن و هێنانی جۆرێک سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنیی بۆ هەرێمی کورستان کرد. ئەمانە شتانێکن کە ئێمە بە دڵنیاییەوە هانیان دەدەین، چونکە ئەوە متمانە و باوەڕ بە وەبەرهێنە نێودەوڵەتی و کۆمپانیا ئەمریکاییەکان دەدات کە بێنە هەرێمی کوردستان. تێپەڕین لەو ئابوورییە نەختینەییە و ئەو کۆمەڵگە نەختینەییە زۆر گرنگە بۆ گەشەپێدانی زیاتری درێژمەودا لە ئابووریی هەرێمی کوردستاندا. جا ئەوە لە زۆر ئاستی جیاوازدا کاریگەریی دەبێت. خەڵک پێویستیان بەوەیە متمانەیان بە سیستمی بانکی هەبێت کاتێک پارەی تێدا دادەنێن یان پارەی لێ دەردەهێنن و بزانن کە پارەکەیان لەوێدا دەبێت. هەروەها هەبوونی سیستمی ئەلیکترۆنی هەموو جۆرە ئامڕازە داراییەکان بەردەست دەکات کە ئێستا کۆبوونەوەیان لەسەر دەکەین، کە نین یان زۆر بە کەمی هەن، وەک قەرزدان و توانای وەرگرتنی پارەی نەخت بۆ ئەوەی بتوانیت وزە بە وەبەرهێنان بدەیت کە ئەوەیش چالاکیی ئابووریی رادەکێشێت. رووداو: بە دیاریکراوی ئێستا ئەگەر ئێوە وەبەرهێنان و بازرگانی بکەن لە کوردستاندا ئەو کەناڵە داراییە کامەیە کە ئێوە کاروباری دارایی و پارە وەرگرتن و پارەدانی خۆتان لە رێگەیەوە دابین دەکەن چییە؟ ستیڤ: دەیڵێمەوە، پێموایە ئەوەی دەبێت بیکەین ئەوەیە هۆشیاری زیاد بکەین و بە خەڵکی بناسێنین و ئەو پەیوەندییانە لە ژووری بازرگانیی ئەمریکادا بونیات بنرێن. دەکرێت وێنای بکەیت، ئێمە لە ئەندامەکانماندا هەندێک بانکی بەناوبانگمان هەیە. دەزانم هەندێکیان لە عێراقن و پێموایە قسەکردن لەگەڵیان و یارمەتیدانیان بۆ تێگەیشتن لەوەی هەندێک دەرفەت بۆ فراوانکردنی [پەیوەندییەکان] هەن. جا رەنگە هێنانی هەندێک بانک و کۆمپانیای خزمەتگوزاریی دارایی کە لێرە نین، بۆ سەیرکردنی دەرفەتەکان لە هەرێمی کوردستان بێت. ئینجا بەشێکیشی دەکەوێتە سەر حکومەت کە چاکسازی بکات و ئەو رێکارانە دابنێت کە هاوتەریبی رێکارە نێودەوڵەتییەکانن، بۆ ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکاییەکان بزانن کە ئەگەر هاتن متمانە و باوەڕیان دەبێت. ئەوان لەگەڵ سیستەمدا مامەڵە دەکەن، لەگەڵ چوارچێوەیەکدا کە هاوتەریبی سیستەمی بانکیی جیهانی بێت. ئەمانە هۆی زۆر گرنگن. رووداو: با باسی بابەتێکی دیکە بکەین؛ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دروشمێکی هەیە "کوردستان سەرزمینی دەرفەتە نەگوراوەکانە". ئەمەوێت لەمەوە بچینە ناو بابەتێکەوە، ئەویش پەیوەندی بە وەبەرهێنانەوە هەیە لە وزەی سەوزدا. دەمەوێت باسی رۆڵی کۆمپانیا و بازرگان و وەبەرهێنی ئەمریکا کە ئەزمونێکی زۆر سەرکەوتووتان هەیە لە ئەمریکا بکەین، هیچ پلانێکتان هەیە لەناو ئەو گایدەی وەبەرهێنادا خۆتان جێبکەنەوە، وەبەرهێنان لە وزە نوێبوەکاندا بکەن؟ ستیڤ: من لە ئیڤێنتی وەبەرهێنان لە کوردستاندا زۆر پیرۆزباییم لێیان کرد و پێشنیازم ئەوە بوو کە دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی بە راستی باسی ئەم هەموو دەرفەتانە لە هەرێمی کوردستان بۆ خەڵک بکەین نامانەوێت پێیاننەگوترابێت. دەمانەوێت ئاگایی زیاد بکەین، چ لە بواری وزەی نوێبووەوە و پاکدا بێت چ لە بەشەکانی دیکەی ئابووریدا. پێم وایە دەرفەتی زۆر هیوابەخش و بەرهەمدار هەن لە بواری وزەی نوێبووەوە و بەرنامەی درێژخایەندا کە دەتوانیت لە تەواوی ئابووریدا بیبینیت، لە پاراستنی ئاو و تەواوی لایەنە جیاوازەکاندا. پێموایە لە بواری وزەی نوێبووەوەدا ئەوە گرنگە بیری هەمووانی بهێنمەوە کە [ئەمساڵ] کۆنفرانسی کەشووهەوا لە دوبەیی ئیماراتی نزیکتان ساز دەکرێت. تەواوی جیهان سەرنجی لەسەر ئەوگفتوگۆیانەی تایبەت بە گۆڕانی ئاو و هەوا و گرنگیی هێنانی وزەی نوێبووەوەی زیاتر دەبێت. بە راستی دەرفەتێکیش بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی هەیە کە رۆڵی تێدا بگێڕن. دەیڵێمەوە، دەمانەوێت کۆمپانیای ئەمریکی زیاتر بهێنینە سەر مێزی گفتوگۆ تا لەو دەرفەتانە تێبگەن. رووداو: باشە، بەڵام تۆ چۆن کۆمپانیا، بازرگان و وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان رازی دەکەیت کە بێن لە کورستان وەبەرهێنان بکەن؟ وە ئەمە زۆر قازانجێکی باشی تێدایە چۆن دەتوانن وەک بزنزێکی باش سەرنجی بدەن هاوشێوەی وەبەرهێنان لە وزە نەریتییەکان مەبەستم نەوت و گازی سرووشتی و ئەوانەیە چی بکەین ئەویش وەکو ئەوە گرنگبێت بۆ ئێوە؟ ستیڤ: یەکەم شت، بەشێکی ئەوەیە کە بێن و سەرەتا ببینن. پێموایە کە لە فڕۆکە دادەبەزیت و سواری ئۆتۆمبێل دەبیت، بە هەرێمی کوردستاندا دەگەڕێیت، سەرەتا شتانێک دەبینیت. دەبێت بێیت و لە بارەی بازرگانی و پەرەپیدانی پەیوەندییەکانەوە قسە لەگەڵ دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارانی حکومی بکەیت. ئەوەی هەمیشە پێشنیازی دەکەم، ئەوەیە ئێوە قسە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکاییانەدا بکەن کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خەریکی بازرگانین. ئەوانە رەنگە لە میسڕ، سعودیە یان ئیماڕات بن. ئێوەش یەکێکن لە وڵاتانی دیکە. جا ئەوان بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاشنان. ئینجا هەوڵ بدەن رایانکێشن و کۆیان بکەنەوە و بیانهێننە هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ ئەوەی سەرەتا دەرفەتەکان ببینن و دەست بە پەرەدان بەو پەیوەندییانە بکەن. ئەوە ئەو خاڵەیە کە دەمانەوێت لەو کۆمپانیایانەوە دەست پێبکەین کە بە فراوانی لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا ئامادەن. بە دڵنیاییشەوە ئێمە دەمانەوێت لە ئەمریکاشەوە کۆمپانیا بهێنین. ئەم شاندانە، وەک ئەوەی ئێمە کە لێرەین بۆ کەرتی کشتوکاڵ بۆ بەرنامەی "کێڵگە بۆ چنگاڵ" زۆر گرنگن. ئەوەی ئاخۆ لە داهاتوودا شتێک لە بارەی وزەی نوێبووەوە و پاکەوە دەکەین، لە راستیدا ئەگەرێکە، چونکە بۆ پەرەدان بەو پەیوەندییانە هیچ شتێک لە هاتن و بینینی شتەکان لە سەرەتادا بە چاوی خۆت گرنگتر نییە. رووداو: باشە بەڕێز لوتس با من راوێژێک بە بەڕێزتان بکەم، بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە لە هەرێمی کوردستاندا بە هاوبەشی کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەگەڵ کۆمپانیاییەکی خۆماڵی کاربکرێت یان هاوبەشێتی تایبەتی گشتی بە چ شێوازێک کاربکەین گەرەنتی سەرکەوتنی پرۆژەیەکی وەبەرهێنان و بازرگانییە لە هەرێمی کوردستان؟ ستیڤ: ئێمە وەک ژووری بازرگانیی ئەمریکا هەوڵ دەدەین ئەو پەیوەندییە سەرەکییانە دروست بکەین و ئاگایان لەو دەرفەتانە بێت. کاتێک بابەتەکە پەیوەندەیی بە دانوستاندنەوە لەسەر رێککەوتنێکی تایبەت هەبێت، ئیتر هاوبەشایەتیی تایبەتی گشتی بێت یان رێککەوتنی گەرەنتیکراو، ئێمە لەناو وردەکارییەکاندا نابین. ئێمە لێ دەگەڕێین کۆمپانیاکان بۆ دانوستاندن کار لەگەڵ هەر کەسێکدا کە هاوبەشیانە. ئەوان ئازادن کە بەدوای ئەو دەرفەتەدا بگەڕێن کە بە دڵیانە. بە دڵنیاییەوە ئێستا شێوازی جۆراوجۆر بە کاردەهێنرێن کە بۆ کۆمپانیاکان باشترن. بۆیە ئێمە هەوڵ نادەین ئەوە بسەپێنین کە پێمان وایە دروستە. لێ دەگەڕێین هەر کۆمپانیایەک لای خۆیەوە بڕیار لە شایستەیی دەرفەتی رێککەوتنەکە بدات و لەسەر بنەمای "هەر بابەتێک بەپێی پێویستیی خۆی" دانوستاندن بکات. رووداو: پرسیاری پێش کۆتایم، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەردەوام ساڵانە هەڵسەنگاندن دەکات بۆ یاسای وەبەرهێنانی عێراق و هەرێمی کوردستان. تۆ ئاگاداری یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانیت؟ هەست دەکەیت تاچەند دەرفەتی وەبەهێنانی گونجاندووە بۆ وەبەرهێنانی بیانی؟ تۆ وەک و بازرگانێکی ئەمریکی کاتێک کە تەماشەی یاسای وەربەرهێنانی کوردستان دەکەیت هەست دەکەیت سەرنجت رادەکێشت کوردستان شوێنێکە گونجاوە بۆ وەبەرهێنان؟ ستیڤ: پێموایە ئەوە بە تەواوەتی رێگە خۆش دەکات و دەرفەت بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان دەڕەخسێنێت. ئێمە لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا هیوادارین بەهۆی ئیڤێنتەکەی "وەبەرهێنان لە کوردستاندا"وە جۆرێک لە جۆرەکان بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە. وەک دەڵێن "تا ورد بکرێتەوە، کێشەی زیاتری لێ دەکەوێتەوە". بۆیە دەمانەوێت تایبەتمەندییەکانی ئەو شتانە ببینین کە لە ئیڤێنتەکەدا خراونەتە روو. بەڵام بە دڵنیاییەوە پێموایە هەبوونی پلاتفۆرمێکی وەک یاسای وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان هاندەرە، بەڵام خاڵ بە خاڵ هەڵیدەسەنگێنین و سەیری دەکەین، پاشان فیدباکی خۆمان و هەر بیرۆکە و پێشنیازێکمان هەبێت دەدەین. شتە باشەکە ئەوەیە پێموایە لە محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێز سەرۆکوەزیرانمان بیست کە ئەوان بە رووی ئەو بیرۆکە و پێشنیازانەدا کراوەن کە دەکرێت ئێمە وەک کەرتی تایبەتی ئەمریکا بیانبەینە سەر مێزی گفتوگۆ. رووداو: پرسیاری کۆتاییم، ئێمە چەند رۆژێک لەوبەر لە عێراق بودجەی سێ ساڵمان پەسەندکرد، پەسەندکردنی بودجەی عێراق 200 ترلیۆن دینارە زیاتر لە 130 ملیار دۆلار بۆ یاریدەدەری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چ مانایەکی هەیە کە وەبەرهێنان دەکەن لە عێراق، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و هەرێمی کوردستان؟ هەولێر و بەغدا لەیەکەوە نزیکبوونەتەوە. بودجە پەسەندکراوە. چۆن دەتوانن ئەمە وەک دەرفەتێک وەک بزنس وەک بازرگانی وەکو وەبەرهێنان سەرنج بدەن؟ ستیڤ: بەڵێ، ئاگامان لە هەواڵەکان. جا ئەوە شتێکی باشە دەبینین کار لەسەر بودجە دەچێتە پێشەوە. ئێمە لەم دیدار بۆ ئەو دیدار و لەم کۆڕبەند بۆ ئەو کۆڕبەند چووین، کەچی دەرفەتمان نەبووە وردەکارییەکان وەک خۆیان وەربگرین. جا هەمیشە بەر لە هاتنم حەز دەکەم وردەکارییەکانی هەر رێککەوتنێک و هەر بەشێکی یاسایی وەک بودجە بزانم و تێیانبگەم. پێموایە بڕی دۆلار زۆر گرنگە و ئاماژەیەکە بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییەکان کە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بازرگانی ئامادەن. جا ئەوەی پێویستمانە ئەوەیە ... دەیڵێمەوە، کە بەردەوام دووپاتی دەکەمەوە، چونکە خاڵێکی گرنگە، ئەویش ئەوەیە لەبارەی دەرفەتەکانەوە بۆ هاتن و بازرگانیکردن لە ئابووریدا ئاگایی زیاد بکەین. ئێمە لێرەین سەرنجمان لەسەر کشتوکاڵە، بەڵام دەزانین لە زۆربەی کەرتەکانی دیکەدا ئەو دەرفەتانە هەن. ئێمە دەزانین کە ئەمە هەر سەردانێک نییە، لە هەمان کاتدا کار دەکرێت بۆ بەرەوپێشچوون. ئێمە کاتێک سەیری داهاتوو دەکەین، بە راستی پابەندین بەوەی هەوڵ بدەین هەندێک لەو چالاکییە تازانە بهێنین. زۆر تامەزرۆین بگەڕێینەوە و قسەتان لەگەڵ بکەین و هیوادارین هەندێک بەرەوپێشچوون لە کشتوکاڵ و خۆراک و هەندێک لەم بوارانەدا هەبێت. رووداو: زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز لوتس، من زۆرخۆشحاڵ بووم گفتووگۆم لەگەڵ تۆ کرد، تۆم بینی. هیوادارم، تەبعەن خۆشحاڵتردەبم کە جارێکی دیکە هاتیتەوە بە کۆمەڵێک پرۆژە لەبارەی خۆراک، دیجیتاڵ بانکینگ، وزەی نوێبووە و لەم بوارانەدا، جارێکی دیکە هاتیتەوە بۆ کوردستان بە کۆمەڵێک پرۆژەی زۆر باش بێیتەوە، بەخێربێتەوە بۆ کوردستان بەخێر بچێتەوە بۆ ئەمریکا زۆر زۆر سوپاست دەکەم. ستیڤ: دەبێت بڵێم، بەر لەوەی بێینە ئەم ستۆدیۆیەوە، نموونەیەکمان لە هەنگوینی خۆش و هەناری بەتام وەرگرت. ئەوە سەرنجڕاکێش بوو. دڵنیام ئەوانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان تاقییان کردووەتەوە، بەڵام ئەوانەی نەهاتوون، پێشنیازیان بۆ دەکەم تاقیی بکەنەوە. رووداو: نۆشی گیانت بێت زۆر زۆر بەخێربێیت، سوپاست دەکەم. ستیڤ: زۆر سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/240620231
بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاو و ئاوەڕۆ لە رێکخراوی یونیسێف دەڵێ عێراق لە کۆی 163 وڵات، لە ریزبەندی 160ـەمینە کە مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر منداڵان هەیە و، 50٪ـی قوتابخانەکانی عێراق ئاوی خواردنەوەیان بەردەست نییە. عەلی خەتیب، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاو و ئاوەڕۆ لە رێکخراوی یونیسێف لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ دلبخوین دارای پێشکێشکاری رووداو، کە شەوی (25-9-2023) بڵاوبووەوە، کۆمەڵێک داتای سەبارەت بە کارەکانیان، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق و کوالێتیی ئاو ئاشکرا کرد. یونیسێف، بەگوتەی عەلی خەتیب لە ساڵی 2021 بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان، رووپێویەکی بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە نۆ هەزار قوتابخانە لە هەموو ناوچەکان کردووە و دەرکەوتووە '50٪ـی قوتابخانەکان ئاوی خواردنەوەیان لێ بەردەست نییە.' بەردەستنەبوونی ئاوی خواردنەوە بەپێی یونیسێف بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆربەی باڵەخانەی قوتابخانەکان کۆنن و زیاتر لە یەک دەوامیان تێدا دەکرێت. لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاو و ئاوەڕۆ لە یونیسێف بە رووداوی گوت "عێراق کە بە کۆمەڵگەیەکی گەنج دادەنرێت لە پلەی پێنجەمدایە لەڕووی کاریگەریی کەمبوونی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما." جەختیشی کردەوە لەوەی، پاشماوەی ئاوەڕۆ بەشێوەیەکی راستەوخۆ فڕێدەدرێتە نێو رووبارەکان بۆیە "ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات پیسن، هەروەها رێژەی پیسبوونی ئاو لە بەنداوی دووکان و دەریاچەی دووکان بەرزە." دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ عەلی خەتیب، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاو و ئاوەڕۆ لە رێکخراوی یونسێف: رووداو: عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی زۆری لەسەر داناوە، زیانەکانی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر منداڵان چەندە؟ عەلی خەتیب: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەو میواندارییە، بە نوێنەرایەتیی رێکخراوی یونیسێف، زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ ئەو میواندارییە، هەروەها سوپاستان دەکەم بۆ تیشک خستنەسەر ئەو کارانەی یونیسێف لە عێراق دەیانکات. سەبارەت بە پرسیارەکەت لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر منداڵان لە عێراق، دەمەوێت بڵێم؛ بەپێی راپرسییەکان عێراق لە ریزبەندیی 160ـەمیندایە لەنێو 163 وڵات کە مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر منداڵان و گەنجانی هەیە بەپێی داتاکانی یونیسێف. هەروەها بەپێی بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی سەر ژینگە لە جیهاندا، عێراق لە پلەی پێنجەمدایە لەڕووی کاریگەریی کەمبوونی ئاو و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەکانی گەرما. ئەوانە هەموویان کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر منداڵان و گەنجانی عێراق دەردەخەن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوایین راپرسییەکان کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی رێژەی دانیشتووان بڵاویکردووەتەوە، دەبینین 60٪ـی خەڵکی عێراق تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمترە، لەبەرئەوە کۆمەڵگەی عێراق بە کۆمەڵگەیەکی گەنج دادەنرێت. لەبەرئەوەیە گۆڕانی کەشوهەوا و توێژینەوە لە کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵان و گەنجانی عێراق گرنگە. کاریگەرییەکان لەسەر سێ لایەنی سەرەکین؛ یەکەمیان تەندروستی و گەشەی جەستە، دووەمیان؛ پەروەردە و فێرکردن و سێیەمیان گرنگیی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ئەم کۆمەڵگەیە. لەو روانگەیەوە رێکخراوی یونیسێف توێژینەوەیەکی فراوانی لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر گەنجان و منداڵان کردووە. چەندین پێشنیاز لەنێو یونیسێفدا کراون لەسەر گرنگیی رێکخستنی ستراتیجیەتی یونیسێف لە عێراق بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانەکانی کەشوهەوا و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو بگونجێت. هەروەها پشتیوانییەکی تەواوی بە حکومەتی عێراق پێشکێش کردووە لەسەر گرنگیی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیی گەلی عێراق و بەتایبەتی لەسەر منداڵان و ژنان لە عێراقدا. رووداو: رێکخراوەکەی ئێوە باڵاترین رێکخراوە کە گرنگی بە منداڵان دەدات، ئایا عێراق دەتوانێت ئاوی پاک بۆ منداڵان دابین بکات؟ چونکە ئاوی پاک بۆ منداڵان بەردەست نییە. عەلی خەتیب: یونیسێف بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق کاردەکات بۆ رووپێویکردن. گرنگی ئەو رووپێوییانە لەوەدایە داتابەیسێکمان پێدەدات بۆ پلاندانان و پێشکێشکردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ گەلی عێراق بە گشتی. ساڵی 2022 رێکخراوی یونیسێف بە هاوکاریی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و وەزارەتی شارەوانی و نیشتەجێبوون، هەروەها وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، رووپێویی گشتی بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق کە 18 پارێزگان کرد. ئەنجامی ئەو رووپێوییە دەریخست 84٪ـی خەڵکی عێراق دەستیان بە ئاوی خواردنەوە دەگات. هەر بەپێی ئەو رووپێوییە دەرکەوت، نایەکسانییەکی گەورە لەنێوان دابینکردنی خزمەتگوزاری لەنێو شارەکان و ناوچە گوندنشینەکاندا هەیە. ئەگەر تێبینی بکەین؛ دەبینین ئاوی خواردنەوە تەنیا بۆ 91٪ـی شارنشینەکان بەردەستە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆر کەمی گوندنشینەکان ئەو خزمەتگوزارییەیان بەردەستە. کەواتە 84٪ـی خەڵکی عێراق دەستیان بە ئاو و خزمەتگوزاریی تەندروستی دەگات، بەڵام تەنیا 60٪ـیان دەستیان بە ئاوی خواردنەوە دەگات. دەبینی 20٪ـی جیاوازیی هەیە لەنێوان ئەو ئاوەی دابین دەکرێت و ئەوەی بەکەڵکی خواردنەوە دێت. ئەمە ئەو خاڵەیە یونیسێف جەختی لێدەکاتەوە، کە دەبێت دابینکردنی ئاو بەو کوالێتییە بێت کە زیانی تەندروستی نەبێت. رووداو: ئەوە رێژەیەکی زۆری منداڵانە کە ئاوی پاکیان بەردەست نییە، ئەو ناوچانە کامانەن لە عێراق کە ئاوی پاکیان ناگاتە منداڵان؟ عەلی خەتیب: بەگوێرەی ئەو رووپێوییانەی ساڵی 2022، دەبینین پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەتایبەتی ئەو پارێزگایانەی پشت بە ئاوی رووباری فورات دەبەستن. هۆکاری ئەوەش ئەوەیە؛ ئاستی ئاوی رووباری فورات بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ئەنبار، دیوانیە، موسەننا و زیقار، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە کەمبوونەوەیەکی بەرچاو هەیە لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارێزگای هەولێر کە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت. دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی کاریگەریی کردووەتەسەر دابینکردنی بەردەوامیی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە پارێزگای هەولێر. رووداو: ئاوی رووباری فورات ئاوێکی پیسە؟ عەلی خەتیب: بەڵێ، ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات پیسە، ئەوەش بەهۆی کارنەکردن و چاککنەکردنەوەی وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو لە پارێزگای بەغداوە تاوەکو پارێزگای بەسرە، هەروەها نەبوونی وێستگەی پاککردنەوەی ئاو لە هەندێک پارێزگا لەسەر ئاستی قەزا و ناحیەکان، هەروەها هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە، پاشماوەی ئاوەڕۆ بەشێوەیەکی راستەوخۆ فڕێدەدرێتە نێو رووبارەکان، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پیسبوونی بایۆلۆجی رووبارەکان کە سەرچاوەی ئاون. تێبینیمان کردووە لە هەرێمی کوردستانیش رێژەی پیسبوونی ئاو لە بەنداوی دووکان و دەریاچەی دووکان بەرزە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی رێوشوێنی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ بەپێی پێویستییە ژینگەییەکان لە پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی. رووداو: ئەمساڵ کەشوهەوا گەرم بوو، ئاوی پیسیش دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ئاوی پیس بڵاودەبنەوە لە عێراق کامانەن؟ عەلی خەتیب: یەکێک لە دەرهاویشتەکانی پیسبوونی ژینگەی رووبارەکان، زیادبوونی پیسبوونی بایۆلۆجی ئەو سەرچاوە ئاوییانەیە، لەبەرئەوە دەبنە ژینگەیەکی گونجاو بۆ بڵابوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ئاوی خواردنەوەوە پەیدا دەبن، بەتایبەتی ئەگەر سەیری بڵاوبوونەوەی سکچوون و کۆلێرا بکەین، دەیبینین لەو ناوچانەدا بڵاودەبنەوە، کە چارەسەری ئاوەڕۆیان تێدا ناکرێت، چونکە ئەو ناوچانە گونجاون بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو بەکتریایە، ئەوەش دەبێتە هۆی تووشبوونی منداڵان و ژنان و گەنجان بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و کۆلێرا. ئەوانەش بەربەست و مەترسیی گەورەن لەبەردەم پێگەیشتنی منداڵان بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە 5 ساڵ کەمترە. رووداو: وەکو دەزانن ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکردووە و منداڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانەکان، ئایا ئاوی پاک دەگاتە هەموو قوتابخانەکان؟ یاخود چەند قوتابخانە لە عێراق لە ئاوی پاک بێبەشن؟ عەلی خەتیب: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. ئێمە لە یونیسێف زۆر بۆمان گرنگە چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە بکەین لە قوتابخانەکانی عێراق پێشکەش بە منداڵان دەکرێن. لەبەرئەوە ساڵی 2021 یونیسێف بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە لە حکومەتی فیدراڵ، بە هاوئاهەنگیی تەواوی وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی ناوەندیی ئامار لە وەزارەتی پلاندانان، رووپێوییەکی تەواومان بۆ هەموو خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە 9 هەزار قوتابخانە لە هەموو ناوچەکان کرد. قوتابخانەکان بەسەر هەموو ئاستەکاندا دابەش بوون؛ لە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی. بەپێی ئەنجامی ئەو رووپێوییە، دەرکەوت ئاوی خواردنەوە بۆ 50٪ـی قوتابخانەکان بەردەست نییە. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بینای زۆربەی ئەو قوتابخانانە، زیاتر لە دەوامێکیان تێدا دەکرێت و نزیکەی هەزار قوتابی لەنێو بینایەکدا دەخوێنن و ئاوی خواردنەوە بۆیان بەردەست نییە. لەو روانگەیەوە یونیسێف بە هاوئاهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کەمیی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ بۆ قوتابخانەکان کرد، چونکە ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی وازهێنانی قوتابیان لە تەواوکردنی خوێندن بەتایبەتی کچان. نەبوونی تەوالێتی خاوێن و سەلامەت یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنانی کچان لە خوێندن بەتایبەتی کچانی قوتابی لە تەمەنی هەرزەکاریدا لە ئاستی ناوەندی و دواناوەندی. رووداو: وەکو گوتتان نەک تەنیا کەمە بەڵکو 50٪ـی قوتابخانەکان ئاوی پاکیان بەردەست نییە و قوتابیان بەتایبەتی کچان واز لە خوێندن دەهێنن بەو هۆیەوە، ئێوە چەند پرۆژەی دابینکردنی ئاوتان بۆ قوتابخانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە؟ عەلی خەتیب: یونیسێف پلانێکی پێنج ساڵەیی هەیە کە هاوتەریبە لەگەڵ پلانی پێنج ساڵەی حکومەتی عێراق کە هەموو پێنج ساڵ جارێک جێبەجێی دەکات، بە هاوکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ. پلانەکە کەرتە جیاوازەکانی تەندروستی، پەروەردە و پاراستنی منداڵان دەگرێتەوە، هەروەها دابینکردنی ئاو و پاک و خاوێنی ژینگە. ئەمساڵ لە پلانەکەدا زیاتر لە 300 پرۆژە لەسەر ئاستی قوتابخانەکان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە هەن، بەشێوەیەک ببێتە هۆی بەردەوامیی منداڵان بۆ تەواوکردنی خوێندنیان لە ئاستە جیاوازەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی. لەنێو ئەو پرۆژانەدا دابینکردنی ئاوی خواردنەوە هەیە لەڕێگەی سیستمی (ئاڕ ئۆ- R.O) یاخود هۆشیارکردنەوەی بەکارهێنان. هەروەها دانانی سیستمی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی رووناکیی بەردەوام و سیستمی هەواگۆڕکی لەنێو هەندێک لە قوتابخانەکانی عێراق، کە گەرەنتیی بەردەوامبوونی قوتابیان دەدات. ئەمساڵ کار لەسەر زیاتر لە 250 قوتابخانە دەکەین و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 قوتابخانەمان تەواوکردوون، کە بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار،کەرکووک، نەینەوا و هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەشبوون. ئومێدمان وایە هاوکاریی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین لەسەر گەیشتن بە زۆربەی قوتابخانەکان لە تەواوی عێراق. جگە لەوەش پڕۆژەی پێشەنگ هەن لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی ئاو بە ئامانجی پڕکردنەوەی بیرەکان لە هەولێر و سلێمانی و کەرکووک. تاوەکو ئێستا یونیسێف 6 پرۆژەی پێشەنگی جێبەجێکردووە ، سێ پرۆژە لە هەولێر و سێ پرۆژەش لە پارێزگای دهۆک. پرۆژەی کۆکردنەوەی ئاو یارمەتی زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی دەدات، هەروەها دەبێتە هۆی جێگیرکردنی دانیشتووان لە ناوچەکانی خۆیان و هاوکاری کردنی جووتیاران بۆ کشتووکاڵکردن و ژیاندنەوەی ناوچەکە و دروستکردنی ژینگەیەکی خۆش بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و دەوروبەری. رووداو: ژمارەیەکی زۆری منداڵانی رۆژئاوای کوردستان لە کامپەکاندان، لەنێو کامپەکانیشدا ئاوی خاوێن نییە. ئایا هیچ پرۆژەیەک بۆ منداڵانی پەنابەر هەیە؟ عەلی خەتیب: هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی دۆخی سووریا لە دەستپێکی ساڵی 2013 و هاتنی زیاتر لە 500 هەزار پەنابەری سووری بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، یونیسێف بە هاوکاری حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کامپی دروستکردن. هەروەها لە ساڵی 2014 لەکاتی پەیدابوونی داعش، ژمارەی کامپەکان لە هەموو عێراق زیادبوون و گەیشتە 175 کامپ کە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەغدا و پارێزگاکانی باشوور دابەش ببوون. سوپاس بۆ خودا دوای کۆتاییهێنان بە داعش و بڕیاری حکومەتی ناوەند بە داخستنی کامپی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ شار و گوندەکانی خۆیان، سەرنجی بەردەواممان هەبوو لەسەر کامپی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان. دوای 9 ساڵ لە کارکردنی بەردەوامی یونیسێف بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لە فەرمانگەکانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ و خولی راهێنانی کارمەندانی ئەو فەرمانگانەمان لەسەر شێوازی بەڕێوەبەردن و کارکردن کردووەتەوە و راهێنانمان پێکردوون. ئامانجمان ئەوەبوو بەردەوامبین لە دابینکردنی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و پاشماوەی رەق. لێتان ناشارمەوە ئێمە بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە بەردەوامین لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەوەی منداڵانی پەنابەر بتوانن خوێندن تەواو بکەن. ژمارەیەک قوتابخانەی تایبەتیش بە منداڵانی سوورییەکان لەنێو کامپەکاندا هەن. رووداو: لەماوەی رابردوودا نەخۆشیی کۆلێرا بڵاوبووەوە و زیانێکی زۆری بە منداڵان گەیاندووە، رێنمایی ئێوە لەو دۆخەدا چییە؟ چۆن دەتوانن رێگری لەو نەخۆشییە بکەن؟ عەلی خەتیب: وەکو دەزانن کۆلێرا یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان لە عێراق. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1967 لە عێراق پەیدابوو. لەڕاستیدا لەڕێگەی کەڵەکەبوونی ئەزموون و پشتیوانیکردنی یونیسێف و هاوئاهەنگی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، هەندێک پارێزگا هەن کە ئەگەری سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرایان زۆرە. ئەو پەتایەش خوولییە و هەموو دوو ساڵ یاخود سێ ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە. ئەو وەرزانەی کە چاوەڕواندەکرێت تێیاندا بڵاوببێتەوە بریتین لە وەرزی پاییز و بەهار. هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بە پلەی یەکەم بریتییە لە پیسبوونی ئاو، هەروەها بە پلەی دووەم پیسبوونی خۆراکی بەکارهاتوو بەتایبەتی ئەو خۆراکانەی بە گەرمیی چارەسەر ناکرێن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/26092023
تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکەم میدیای کوردی بۆ یەکەم جار دیبەیتێکی کراوەی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی و چالاکوانی کوردی فەیلی لە سوێد کرد. ئەوان باسی دۆخی خۆیان کرد و دەڵێن، زیاتر لە 5 هەزار کوردی فەیلی لەو وڵاتە دەژین کە بەشێکیان بەهۆی هەڕەشەکانی دەسەڵاتی پێشووی عێراق وڵاتەکەیان جێهێشتووە. هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا لە 'ماڵی کوردی فەیلی' لە ستۆکهۆڵم میوانداریی هەریەک لە فوئاد چراخوانی، کارساز. خانم لەیلا سەلمان، هاوژینی شەهید. موحسین سەلمان، پیشەگەر. ساڵح جادری، یەکێک لە کۆنترین کوردی فەیلی لە سوێد و کەسایەتییەکی ناسرا کرد. هەروەها ئیبراهیم جازگیر، چالاکڤانی مەدەنی و عیسا فەیلی، کەسایەتی سیاسی دوو میوانی دیکەی دیبەیتەکە بوون. بەپێی ئامارەکان لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو زیاتر لە 22 هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێنکران، 5000 کاسبکار و بازرگانی فەیلی زیندەبەچاڵ کراون. هەروەها 600 هەزار کوردی فەیلی لە عێراق بۆ ئێران دەرکران، ئەوە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کەسیان لە رێگەی دەربەدەریدا. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 500 ھەزار کوردی فەیلی لە بەغدا و خانەقین دەژین، بەڵام بەردەوام ژمارەیان لە کەمبوونەوەدایە و هەمیشە 'هەڕەشەی کوشتن'یان لێدەکرێت. دوای جینۆسایدی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، بەشێکی زۆریان روویان لە ئەوروپا کرد و زۆربەیان لە سوێد نیشتەجێبوون، ئێستا ئەوان ماڵێکیان دروستکردووە بە ناوی 'ماڵی کوردی فەیلی لە ستۆکهۆڵم' و ژمارەیان لەنێوان 5 بۆ هەشت هەزار کەس دەبن و زۆربەیان خاوەنی بڕوانامەی بەرزن. بەرنامەی دیاسپۆرا بۆ ئەم هەفتەیە چووەتە ماڵی کوردی فەیلی لە ستۆکهۆڵم و لەوێ لەگەڵ چەندین کەسایەتی و چالاکڤانی کوردی فەیلی بەرنامەیەکی لەشێوەی دیبەیت کردووە، ئەوان باسی مەینەتیی ژیانی خۆیان لەکاتی حکومەتی بەعس دەکەن و باسی راگواستن و دەرکردنیان و جینۆسایدکردنی کەسوکاریان دەکەن، هەروەها باسی ژیان و رۆڵی خۆیان دەکەن دوای ئەوەی گەیشتوونەتە سوێد. دەقی دیبەیتەکە کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی کرد: رووداو: بینەر و بیسەری رووداو ئەم کاتەتان باش، بەرنامەی ئەمجارەی دیاسپۆرا لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێدە، بەرنامەیەکی تایبەتە، تایبەت بە کوردی فەیلی، دیاسپۆرای کوردی فەیلی لە ستۆکهۆڵم، وەک دەزانن فەیلییەکان لە مێژووی کوردستاندا بەتایبەتی لە مێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا لە 100 ساڵی رابردوودا رۆڵی زۆر گەورەیان هەبووە لە باشووری کوردستان بەتایبەتی، لە دامەزراندنی ئەو پارتە گەورانە کە ئێستاش لە کوردستاندا هەمیشە رۆڵی گەورەیان هەبووە و هەیە، ئەوان دیاسپۆرایەکی گەورەیان هەیە و بەزۆر لە هەشتاکان و حەفتاکان و پێشتریش لە عێراق و کوردستان راگوێزراون، دیاسپۆرایان هەبووە لە دەرەوەی کوردستان و عێراق، بەڵام لە دوای راپەڕینیشەوە بەتایبەتی لە ئەوروپا دیاسپۆرایەکی گەورەی فەیلی دروست بووە، بۆ یەکەمجارە لە تەلەڤیزیۆنێکی کوردییەوە کوردی فەیلی باسی کیشەکانی خۆیان و باسی ژیانی خۆیان دەکەن لە بەرنامەی دیاسپۆراوە لە سوێد. میوانداریی هەریەک لە بەڕێزان فوئاد چراخوانی، کارساز. خانم لەیلا سەلمان، هاوژینی شەهید. موحسین سەلمان، پیشەگەر. ساڵح جادری، یەکێک لە کۆنترین کوردی فەیلی لە سوێد و کەسایەتییەکی ناسراوە لێرە. هەروەها ئیبراهیم جازگیر، چالاکڤانی مەدەنی و کاک عیسا فەیلی، کەسایەتی سیاسیم کردووە. هەمووتان بەخێربێن و پێم خۆشە گفتوگۆیەکی زۆر راشکاومان هەبێت بەیەکەوە باسی کۆمەڵگەی کوردی فەیلی دەکەین لە سوێد، بەڵام بێگومان دەبێت باسی کوردستانیش بکەین و باسی بەغداش بکەین بەحوکمی ئەوەی دەزانین کاریگەریی کوردی فەیلی لە 50 بۆ 70 ساڵی رابردوودا لەسەر بەغدا چۆن بوو، چۆن هەوڵدرا بگۆڕدرێن. بە حوکمی ئەزموون و تەمەنەوە بە کاک ساڵح جادری دەستپێدەکەم، کە کەسایەتییەکی ناسراوی فەیلییە، کاک ساڵح جەنابت کۆنترین کوردی فەیلی لە سوێد وایە؟ ساڵح جادری: تەنیا یەک کوردی فەیلی پێش من لە ساڵی 1956 هاتووەتە سوێد لە باشووری سوێد نیشتەجێبووە، بەڵام من لە ساڵی 1971 هاتوومەتە ئێرە. رووداو: دوای ئەوە کەی کۆمەڵگەی کوردی فەیلی لێرە فراوان بوو و وردە وردە خەڵکی دیکەی فەیلی هاتن و تاوەکو چەند ساڵ تەنیا هەر ئەو دوو کەسەبوون؟ ساڵح جادری: ئێمە وردە وردە زیادبووین و بووین بە حەوت بۆ هەشت کەس، کاک حەمید نەورۆز و کاک عیسا و چەند کەسی دیکە، تەقریبەن بووین بە 30 کەس، ئێستاش نزیکەی 5 هەزار کەسین لێرە. واتە 5 هەزار کوردی فەیلی لێرە دەژین و هەمووشیان لە ستۆکهۆڵم و دەوروبەری ستۆکهۆڵم نیشتەجێن. رووداو: بۆچی سوێدت هەڵبژارد و بۆچی هاتی بۆ سوێد؟ ساڵح جادری: حکومەتی بەعس و رژێمی سەدام حوسێن دەستیان کرد بە هێرشکردن بۆسەر نەتەوەی کورد، بەتایبەتی فەیلییەکان، چونکە بازرگانی عێراق هەمووی بەدەست فەیلییەکان بوو، خانووە گەورەکان و شوێنە گرنگەکان بەدەست فەیلییەکان بوو، هۆکارەکەش ئەوەبوو یەکەم وایان حیساب دەکرد فەیلییەکان پشتیوانی لە شۆڕشی کورد دەکەن و پارە کۆدەکەنەوە بۆ جەنگی ئازادی، ئەم تووڕەییە لەسەرمان بوو، بۆیە ئەوکات خەڵکێکی زۆرمان لێگرا، بەڵام ئەوکات کوشتن کەم بوو، وەک ئیستا نەبوو، دواتر کوشتن دەستیپێکرد و لە پێشمەرگە و جوانانی کورد لە ساڵی 1963 تاوەکو ساڵانی حەفتاکان، بەڵام لە ساڵی 1969 بۆ سەرەوە هەزاران کوردی فەیلی زیندانی کران و کوژران و لە وڵات دەرکران، من ئەوەم بەچاوی خۆم دیوە، دواتر کوشتنی بە کۆمەڵ دەستیپێکرد، کاتێک سێ گەنجی کوردی فەیلی لە بەغدا دەستگیرکران لە ناوەندی نیزاڵ لە بەغدا کە تەمەنیان 16 ساڵان بوون، هەریەکەیان حەوت گولـلەیان لێدرا و کوژران و دواتر لاشەکانیان لەسەر شەقام فڕێدران، یەکێکیان لە بەغدا و دووانی دیکەش لە دیالە، ئیتر لەوکاتەوە دەستیان بە هێرشکردن کرد بۆسەر فەیلییەکان، خانووەکانیان لێسەندن و هەروەها مافی بازرگانیان لێوەردەگرتنەوە، دەیانویست دەریان بکەن و ژمارەیان کەمبکەنەوە، ئەمەش دوو هۆکاریان هەبوو، یەکەمیان کوردایەتی بوو، بۆ ئەوەبوو کە یارمەتیی شۆڕشی کورد نەدەن کە هەمیشە لە کوردستان شۆڕش هەر هەبووە، جەنابی بارزانی خوا لێخۆش بێت چوار شۆڕشی کردووە و ئینجا شێخ مەحموودی حەفید و ئەوانی دیکە بەم شێوەیە دەستیپێکرد. رووداو: پرسیارەکەی من ئەوەبوو بۆچی هاتی بۆ سوید؟ ساڵح جادری: بۆیە هاتم بۆ سوێد، چونکە فەرمانی دەستگیرکردنم بۆدەرچوو بوو، لەلایەن نازم گزارەوە داواکرابووم کە ساڵح جادری بە مردوویی یان زیندووی بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا، بۆیە من ماوەی شەش مانگ لەژێر چاودێریی ئەمن و هەواڵگریی عێراقدا بووم، دواتر منیان دۆزییەوە و تەقەیان لێکردم و منیش دەمزانی کەس نییە رێگەیان لێبگرێت و دەکوژرێم، ئینجا چوومە لای ساڵح یوسفی خوا لێیخۆش بێت و بابەتەکەم تێگەیاند و پێی گوتم 'کوڕم خۆت بڕیاربدە'، منیش گوتم رادەکەم و دەچم بۆ سوێد دواتر پەیوەندییان بە جەمال عەلەمدار کرد کە نوێنەری پارتی بوو لە سوێد گوتی 'با بێتە سوێد'، منیش وێنەکانی خۆم لە خۆپێشاندانەکانی بەغدا نارد، چونکە من سەرکردەی خۆپێشاندانەکانی بەغدا بووم، لەگەڵ برادەرانی کوردی خۆمان ئیتر وەرگرتنی ڤیزاکەم ئاسان بوو، بە ڤیزای گەشتیاری هاتم بۆ سوێد و دواتر چوومە لای پۆلیس و هەموو بەڵگەکانی خۆم پێدا و ئەوانیش قبووڵیان کرد و وەک پەنابەر وەرگیرام. رووداو: خانم لەیلا سەلمان وەک هاوژینی شەهید لێرەی، شەهیدی کوردستان دەزانم برین کوڵاندنەوەیە و ناخۆشە، بەڵام پێش بەرنامە بە منت گوت کە 40 ساڵ ئەم جلە رەشانەم دانەناوە چیرۆکی تۆ چییە؟ لەیلا سەلمان: ساڵی 1982 ئێمەیان راگواست، سەرەتا لە بەغدا زیندانییان کردین بۆ ماوەی مانگ و نیوێک و ژن و پیاوەکانیان لێکتر جیاکردنەوە، دواتر ئێمەیان ئاودیوی سنووری ئێران کرد و پیاوەکانیشیان هێشتەوە، من ماوەی 15 ساڵ لە ئێران مامەوە پیاوەکەم و براکەی کە پێشمەرگەبوون لەگەڵ دوو برای دیکە واتە چوار کەس بوون هیچ هەواڵێکمان لێیان نەبوو، تاوەکو دوای کەوتنی رژێم لە 2003 گوتیان لە سێدارەدراون و نەماون. رووداو: هاوژینەکەت پێشمەرگە بوو؟ لەیلا سەلمان: بەڵێ پیشمەرگە بوو، هەروەها حاکم بوو لە ناوچەی خانەقین لە ساڵی 1982. رووداو: هاتنت بۆ سوێد بڕیارێکی باش بوو، سوێد وڵاتێکە باشە بۆ ئەوەی تێیدا بژی؟ لەیلا سەلمان: 15 ساڵ لە ئێران مامەوە زۆر زەحمەت بوو، هەروەها وڵاتینامەیان پێنەداین و گوزەرانمان زۆر خراپ بوو، بۆیە ناچاربووین هاتمە سوێد و لێرە باشە منداڵەکان توانیان زانکۆ بخوێنن و خاوەن کار و کەسابەتی خۆیانن. رووداو: یەکێک کە زۆر زانیاری نەبێ دەڵێت خۆ ئێران وڵاتێکی موسڵمانە و هاوسێی کوردستان و عێراقە، سوێدێکی سارد و دوور کە کۆمەڵگەیەکی کریستیانی بووە پێشتر بۆچی ئێرە باشتر بوو لە ئێران بۆ ئێوە؟ لەیلا سەلمان: چونکە ئێران وڵاتینامەیان پێنەداین و تەنیا کارتێکی سەوز نەبێت، منداڵەکانیش کاتێک خوێندن تەواو دەکەن مافی کارکردنیان نەبوو، سەرچاوەی بژێویی ژیانمان لە ئێران نەبوو، بۆیە ناچاربووین بێین بۆ سوێد. رووداو: کاک فوئاد چراخوانی، کارساز، فەیلی بەناوبانگن بەتایبەتی کاتێک جوو لە عێراق نامێنن، ئابووریی عێراق دەکەوێتە دەستی فەیلییەکان بەتایبەتی بەغدا وەک ناوەند، یەکێک لەو هۆکارانەی کە بووە هۆی جینۆسایدکردنی فەیلییەکان ئەوەبوو کە ئابووریی عێراقیان بەدەستەوە بوو و، لێیان دەترسان، جەنابت کارسازی بەو عەقڵییەتە بازرگانییە کەلەوێوە هاتن بۆ ئێرە، کوردی فەیلی توانیویانە لێرەش لەڕووی ئابوورییەوە وەک رۆژانی زێڕین کەلە بەغدا هەیان بوو لێرەش دروستی بکەنەوە؟ فوئاد چراخوانی: راستە بەهەمان عەقڵییەتی بازرگانی بەغداوە هاتینە ئێرە و لێرەش بەرەوپێشچووین و ئێمە بەردەوام بووین و لێرەش وەک عەرەب و فارس نەبووین کە نەدەهاتنە نێو بازرگانیکردنەوە، سوپاس بۆخوا توانیمان بەردەوام بین، من ئەوکات لە بەغدا تەمەنم 15 ساڵ بوو، باوکم بازرگانی دار بوو، بەڵام بازرگانیکردنی لە عێراق و سوێد جیاوازە تەنانەت لە ئەوروپاش کەمن ماوەیەک لە هۆڵەندا ژیاوم، لێرە یارمەتی بازرگانان دەدرێت و هاوکارییان دەکەن وەک عێراق نییە، کاتێک لەوێ پارەت نەمێنێت ئیتر تەواو ناتوانیت کار بکەیت، بەڵام لێرە باوەڕ و متمانەت پێدەکەن و باوەڕ بە عەقڵییەتی بازرگانیکردنت دەکەن و ئامۆژگاریت دەکەن و بانکەکان هاوکاریی باشیان دەکەن و پێیان دەڵێن فەرموو کاربکەن، ئێمەی فەیلییەکان سەرکەوتووترین لە کەسانی دیکە لە عێراق. رووداو: مەبەستت ئەوەیە کوردی فەیلی ئێرە سەرکەوتووترن لە فەیلییەکانی عێراق؟ فوئاد چراخوانی: نا مەبەستم ئەوە نییە، ئێمەی فەیلییەکان لە جووەکان فێری بازرگانیکردن بووین، پێشتر ئێمە چەند ماڵباتێکی دەوڵەمەندمان هەبوو خەڵکی دیکە وانەبوون، بەڵام ئێمە عاقڵ و زیرەکین و توانیمان خۆمان پێشبخەین و بەرەوپێش بچین، ئێمە لە جووەکان فێربووین و ئیتر گوتمان بۆچی خۆمان کاری بازرگانی نەکەین لە جیاتی کرێکاری، خۆ خوا ئەو عەقڵەی بە جووەکانی داوە بە ئێمەشی داوە، عەقڵمان بەکارهێنا و ئەزموونمان پەیداکرد، وەک هۆڵەندییەکان دەڵێن ئەزموون، بۆیە توانیمان بازرگانی عێراق بەدەستبهێنین و ئەمەش وایکرد سەدام حوسێن رامانگوێزێت. رووداو: کاک موحسین سەلمان لێرە کاری خۆتت هەیە و کار دەکەی؟ موحسین سەلمان: لێرە لە کۆمپانیایەکی سوێدی کارمکرد بۆ ماوەی 25 ساڵ، لە بەغدا ئاسنگەربووم و لە کوردستانیش زۆر کاری ئاسنگەرییم کردووە، بەتایبەت لە تانکیی ئاوی ماڵان کە 25 مەتر بەرزبوون، ئەو کار و ئەزموونەم سوودی زۆری بۆمن هەبوو لە سوێد. رووداو: لە سەرەتای بەرنامەکە ئەو پرسیارەم کرد بۆ چی ئێوەی کوردی فەیلی سوێدتان هەڵبژارد، لەکاتێکدا ئێوە گەرمیانین و هی شوێنی گەرمن، بۆچی سوێدت هەڵبژارد؟ موحسین سەلمان: وەڵڵا خۆ هەر خۆمان خوێنمان گەرمە.. ئەوەی نەمانناسێت دەڵێت کەسێکی تووڕەیە، وەک کاک ساڵح باسی کرد کە ئەو دوو کەسە خزممان بوون جەبار قەمبەر عەلی کوژرا، هەروەها سالم سادق کە کوژران، ئێمە نەمانزانی چییان بەسەرهاتووە دواتر پێیان گوتین سالم لە نەجەف کوژراوە و جەباریش لە دیالە ئەمە ئەمین عەبوڵڵا ئەمین بۆی باسکردین، کە چووینە سەر تەرمەکانیان، سەیری تەرمی جەبارمان کرد کە گولـلەیەکی لە کەلـلەی سەری درابوو لە خوار چەنەگەی دەرچووبوو. رووداو: هەرچەندە سوێد وڵاتێکی پێشکەوتووە و شەڕی تێدانییە، هەروەها چەند ساڵێکە کە ژیانێکی ئارامتان لێرە هەیە، بەڵام هەست دەکەم ئەوەی بەسەرتان هاتووە هێشتا لە هزر و بیرکردنەوەتاندا ماوە و زیندووە لەگەڵتانە و کاریگەری خراپی هەیە؟ موحسین سەلمان: راستە بەڵام کاریگەریی خراپی نەبووە، بۆ نموونە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئەوانی دیکە کە لێرە لەنێو کوردی فەیلیدا نەبووە، نییە هەرچەندە لێرە ئازادیی زۆریش هەیە، بەڵام کوردی فەیلی دەستی بۆ نەبردوون. رووداو: کەواتە ئەو گوشارە دەروونییە و ناخۆشییەی بەسەرتان هاتووە، هەر توانیوتانە خۆتان راگرن. کاک عیسا فەیلی، کاک ساڵح گوتی پێنج هەزار کوردی فەیلی لە سوێد دەژین، بەڵام دەگوترێت ژمارەکە زیاترە، ئایە جەنابتان هیچ ژمارەیەکی فەرمیتان لایە چەند کوردی فەیلی لە سوێد دەژین؟ عیسا فەیلی: بەڕاستی تاوەکو ئێستا ئامارێکی تەواو نییە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە زۆر زیاترە وەک کاک ساڵح گوتی کە پێنج هەزار کەس بن، لەوانەیە ژمارەکە لە نێوان پێنج هەزار بۆ هەشت هەزار کەس بێت، نەک تەنیا لە ستۆکهۆڵم لە هەموو شارەکانی سوێد کوردی فەیلی هەن، تەقریبەن پەیوەندیمان لەگەڵ هەموویان هەیە، کوردی فەیلی زۆربەیان خزمی یەکن و یەکدی دەناسن و زیاتر لە پێنج هەزار کەسن و پێموایە دەگاتە هەشت هەزار کەس. رووداو: ئەو کوردە فەیلییانەی لێرە دەژین زۆربەیان گەنجن یان بە تەمەنن؟ عیسا فەیلی: زۆربەیان گەنجن و ئەوانەی بەتەمەنن زۆربەیان دەگەڕێنەوە، زۆربەی گەنجەکانمان لە دەزگا و دامەزراوەکانی سوێد کاردەکەن و بەشێکیان بە سەربەخۆ کاردەکەن، پزیشک، ئەندازیار و ئابووریناس و هەموو جۆرە پسپۆڕییەکمان هەیە، حکومەتی سوێدیش هاوکارە، ئێمەی دایک و باوکانیش لە سوێد کاریگەریی زۆرمان بەسەر منداڵەکانمان هەیە ئێستا ئەوان گەیشتوون بە قۆناخێک کە ئێمە شانازییان پێوە دەکەین، لەکاتێكدا ئێمە ناخۆشیی زۆرمان چەشت، بەتایبەت کە حکومەتی بەعس لە عێراق دەریکردین ئەمە کاریگەریی خراپی دەروونی بەسەر هەموو کوردی فەیلی دروستکردبوو، بەتایبەت کە زیاتر لە 20 هەزار کوردی فەیلی بێسەروشوێن بوون و چارەنووسیان نادیارە، ئەمە کاریگەریی دەروونی خراپی هەبوو، بەڵام منداڵەکانمان گەیشتن بە قۆناخێک شانازییان پێوە بکەین و کورد شانازییان پێوە بکات و ئەوان کە قسە دەکەن دەڵێن کوردین، هەرچەندە کوردی فەیلی، سۆرانی، بادینی هەورامیش هەن، بەڵام ئێمە هەمیشە خۆمان بە کورد ناساندووە، سەیرە کە کوردی فەیلی شیعەن کە دەچنە نێو مەوکبێکەوە دەنووسن مەوکبی کوردی فەیلی، یاخود کە تیپێکی تۆپی پێ دروست دەکەن، هەمیشە ناوێکی کوردی پێوە دەلکێنین، ئێمە شانازی بەو شتەوە دەکەین. رووداو: لە سوێد هەمیشە ناوی کورد لەگەڵ فەیلی بەیەکەوە دێت؟ عیسا فەیلی: بەڵێ هەمیشە. ساڵح جادری: دەمەوێ ئیزافەیەک بکەم، ئێمە بووین بە حەوت کوردی فەیلی لە ئۆبسالا، لە هەر ژوورێک کە تێیدا دەژیاین ناوی کوردستانی لێ نووسرابوو، بۆ نموونە ساڵح ئەلجادری- کوردستان، یان سەمیر شاکر کوردستان، لە هەر حەوت ژوورەکە ناوی کوردستان بەهەموویانەوە لێکێنرابوو، تەنانەت خەڵک لەسەر سەقامەکانیش کە دەیبینین پێیان دەگوتین کوردستان و بەدەستیان ئاماژەیان بۆ خانووی ژمارە 15 دەکرد، چونکە کاتێک ئێمە لەوێ نیشتەجێبووین لەژێر ناوی هەریەکێکمان نووسرابوو کوردستان، نەک بنووسرێت فەیلی یان شتێکی دیکە ، تەنیا کوردستان بوو. رووداو: دەمەوێ بە بینەرانم بڵێم ئەو خانووەی لێتانەوە دیارە لە پشتی میوانەکان ئەمە ماڵی کوردی فەیلییە لە سوێد، ئەو رۆژانەی کە هاتین سەردانمان کرد لە ژوورەوە بینیمان وێنەیەکی مەلا مستەفای بارزانی لێیە، ئەو بەڕێزانەی کە لەوێ پێشوازییان لێکردین پێیان گوتین ئەوە وێنەی موللایە، ئەوان وایان دەگوت بە رێبەری شۆڕشی کوردستان، گوتیان لە حەفتاکانەوە ئەم وێنەیە لێرەیە، لەم ماڵەدا ماوەتەوە. کاک ئیبراهیم بازگیر، خۆت گوتت من چالاکوانی مەدەنیم چ شتێکی فەیلییەکان هەیە لە سوێد کە چالاکی بۆ بکرێت؟ ئیبراهیم بازگیر: کاتێک ئێمە باسی چالاکییەکان دەکەین، هەمیشە داوا لە منداڵەکانمان دەکەین بخوێنن و چالاکی بکەن و تێکەڵاوی یەکدی بن و یەکتر بناسن، من هەمیشە گوتار دەنووسم و مێژوو دەنووسم و زۆربەیان نازانن مێژوومان چۆنە من فێریان دەکەم و شارەزایان دەکەم. رووداو: ئایە سوێدییەکان دەزانن کە کوردی فەیلی لە عێراق چییان بەسەرهاتووە؟ ئیبراهیم بازگیر: وابزانم دەزانن و ناکرێت نەیزانن و دەزانن. رووداو: هەمان پرسیار لە کاک ساڵح جادری دەکەم وەک دووەم کوردی فەیلی نیشتەجێێ سوێد، ئایە سوێدییەکان دەزانن کوردی فەیلی چییان بەسەرهاتووە؟ ساڵح جادری: کاتی خۆی لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی سوێد گوتارم نووسیوە و بە چوار لاپەڕە چیمان بەسەرهاتووە هەموویم نووسیوە و بڵاوکراونەتەوە، هەروەها لە کاتی راگەیاندنی رێککەوتننامەی 11ی ئازار لەگەڵ دوو رۆژنامەڤانی سوێدی دانیشتبووین و هەموو چیرۆکی خۆمان و کوردم بۆ گێڕانەوە، یەکەمجار لە رۆژنامەی ئۆبسالا بڵاوکرایەوە لە ساڵی 1984 جارێکی دیکە گوتارم بڵاوکردەوە، هەروەها لەکاتی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم خۆپێشاندانمان کرد و ئەوەی بۆمان کراوە کردوومانە بۆ ناسینی کورد و مەینەتییەکانی بڵاومان کردووەتەوە، تەنانەت جیاوازیی نێوان کوردی پارچەکانیشمان نەدەکردووە و هاوکاریمان دەکردن بەبێ جیاوازی. رووداو: خاتوو لەیلا هەمیشە لە کۆنگرە و کۆبوونەوەکان لە ئەوروپا و برۆکسەل بەشداری دەکەی؟ پێتوایە گرنگیدان هەیە بەوەی کە کوردی فەیلی چییان بەسەرهاتووە؟ لەیلا سەلمان: هەر کۆنگرەیەک میوانداریمان بکەن بێگومان رۆیشتووین و بەشداریمان کردووە، پێموایە بە کەمی بایەخ بە نەهامەتییەکانی کوردی فەیلی دەدرێت، بۆنموونە لەو کۆنگرەی کە مانگی پێنج کاک مەسعود داوای کرد قوتابخانەیەک بە کوردی فەیلی دروست بکرێت، ئەوە راستە بەڵام کێشەکە ئەوەیە کەس بەدواداچوونی بۆ ناکات، ئێمە دەمانەوێ بەدواداچوونەکان جیددی بن. رووداو: کاک فوئاد دەمەوێ باسی منداڵەکانیشتان بکەم، سەرەتا چوویە هۆڵەندا دواتر هاتیەوە سوێد یان بە پێچەوانەوە؟ فوئاد چراخوانی: من ساڵی 1980 لە هۆڵەندابووم، دواتر هاتمە سوێد، سوێدم پێ لە هۆڵەندا باشتر بوو، چونکە لەسوێد زۆر گرنگی زیاتریان بە منداڵ دەدا، بۆ نموونە کاتێک ئێمە کاردەکەین ئەوان گرنگی زۆر بە منداڵ دەدەن لە مامۆستا و خوێندن و پەروەردە، بۆ نموونە لە هۆڵەندا بایەخی زۆر و رێکلامی زۆر ئەو کات بۆ جگەرە دەکرا، منیش پێم قبوڵ نەبوو، بۆیە هاتمە سوێد و لێرە کارمکرد و زیاتر بایەخم بە پەروەردەی منداڵەکانم دا. رووداو: هەندێکجار دەگوترێت سوێد بۆ بابەتی منداڵ باش نییە، وایان لێدەکەن زۆر لە ژێر کۆنترۆڵی دایک و باوکیان نەبن، بەڵام تۆ پێچەوانەکەی باس دەکەی ئەمە چۆنە؟ فوئاد چراخوانی: نا زۆر گرنگیان پێدەدەن، ئێستا ئازای کوڕم راوێژکاری وەزیری دادی سوێدە، هەروەها راگری شاری هۆدێنگە سەر بە وەزارەتی داد، کوڕەکەی دیکەم زانای فیزییە و ئێستا لە کامبریج لە بەریتانیا دەخوێنێت و ئەمە بەرهەمی پەروەردەی سوێدییە. رووداو: کاک موحسین تۆ گوتت نا زۆر باشە، بەڕاستی زۆر باشە بۆ منداڵەکانتان؟ موحسین سەلمان: بەڵێ زۆر باشە، بەڵام دەبێت دایک و باوکیش زۆر ئاگاداریان بن، منداڵێکم مامۆستایە و ئەوانی دیکەش خوێندیان تەواوکردووەو کاری خۆیان دەکەن و رێزیان لێدەگرن. رووداو: لەیلا خانم وەک دایکێک لێرەیە باوکەکان زۆر رازین، لە کورد دا شتێک هەیە دایکان دەڵێن باوک کوا ئاگای لە مناڵە و لە دەرەوە خەریکی ئیش و کارە دەردەکە لای منە؟ ئایە سوێد بۆ منداڵەکانتان باشە؟ لەیلا سەلمان: بەڵێ زۆر باشە، خانەوادەی ئێمە و نزیکەکانمان زۆربەیان خوێندیان تەواوکردووەو زۆربەیان پزیشکن، منداڵی خوشکم و براکانم، هەموویان بروانامەی بەرزیان هەیە، ئێمە لێبووینەوە، بەڵام ئەوان بەدەستیان هێناوە. رووداو: کاک ساڵح ئەمساڵ لە کوردستان کۆنگرەیەکی گەورە لەبارەی فەیلییەکان کرا، لە بەرامبەردا باسی مێژووی جوانی فەیلییەکان کرا و کاریگەرییان بەسەر شۆڕشەکانی کوردستانیش کرا، چ شتێک پێویستە لە هەولێرەوە لە کوردستانەوە بکرێت بۆ کوردی فەیلی؟ ساڵح جادری: ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بوونی پەیوەندییەکی بەهێزە، بۆ نموونە پەیوەندی نێوان کوردی فەیلی لەگەڵ سۆرانی و کورمانجی و ئەوانی دیکە وەک پێویست بەهێز نییە و دەبێت بەهێز بکرێت و نابێت مەزهەب ببێتە هۆی نەبوونی ئەو پەیوەندییە، هەر کەسێک نوێژ بکات یان یادی ئیمام حوسێن بکات سەرچاوم، بەڵام دەبێت ئاڵای کوردستان لە هەموو بۆنەکان ئامادەبێت و ئێمە یەک نەتەوەو یەک گەلین، ئێمە دژی ئەوانە نین و نابێت رێگە بە کەسان بدرێت ناکۆکی بخاتە نێوانمان لە رێگەی جیاکاریی مەزهەبییەوە، کورد مێژووی میدیای هەیە و هەریەکە و بە شێوەیەک باسی دەکەن، لوڕ، کەڵهوور، میدیا و زۆری دیکە، پێویستە ئێمە پەیوەندی بەهێزمان لە نێواندا هەبێت و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە بدات ئەمە بەلای ئێمەوە گرنگە. رووداو: رەنگە ئێستا لە کوردستانیش بیر لەوە بکەنەوە بڵێن کوردی فەیلی لە دەرەوە چ هێزێکی مرۆییان هەیە کە سوودی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت و دەتوانین سوودیان لێببینن؟ ساڵح جادری: هەموو ئەوانەی لێرەن دەیانەوێ یارمەتی وڵاتی خۆیان کوردستان بدەن، نموونەیەکت بۆ بێنمەوە، برادەرێک لێرەیە ناوی سەعدون مورادە و پرۆفیسۆرە، لە سوێد و ئەبوزەبی و تەواوی ئیمارات، هاتەوە کوردستان و ویستی هاوکاری کوردستان بکات، بەڵام گەڕایەوەو نەیکرد، بەهۆی گەندەڵی ئیداری و دارایی، پرۆفیسۆری دیکەشمان هەیە، ئێستا چووەتە ئێران وانە دەڵێتەوە، زۆر پزیشکی دیکەمان هەیە لە ئەوروپا و کوردستان دەتوانێت سوودی زۆریان لێوەربگیرێت و هیوام وایە سوودی باشیان لیوەربگیرێت. رووداو: کاک ئیبراهیم جاران دەگوترا سەددام کوردی فەیلی جینۆساید دەکات بەهۆی کوردبوون و شیعەبوون، عێراقی دوای سەددام عێراقێکی جیاوازە، هیچ نەبێت بۆ لایەنی مەزهەبی دەبێت بۆ کوردی فەیلی لە ناوەوەو دەرەوە زۆر باش بێت، بەغدا چۆنە بۆ کوردی فەیلی؟ ئیبراهیم بازگیر: ئەسڵەن لە عێراق عەرەب نەبوون، ئەوان لە دوای فتوحاتی ئیسلامییەوە هاتوونە عێراق، پێشتر هەموویان کلد و ئاشووری و کورد بوون. رووداو: ئێستا حوکمی عێراق شیعەیە و فەیلیش شیعەن، ئەوان بۆ ئێوە چۆنن؟ ئیبراهیم بازگیر: کێشەکە ئەوەیە کۆمەڵگەی کوردی فەیلی یەکگرتوونین، کێشەکە ئەوەنییە کوردن یان شیعەن، بڕیار هەیە لەکاتی سەدام حوسێن دەرچووە کە ماڵ و سەروەت و سامانی فەیلییەکان دەستی بەسەردابگیرێت، ئێستا شیعەکان بڕیاری ئەوە نادەن کە ماڵ و سامانی شیعەکان کە سەددام دەستیبەسەرداگرتبوو هەڵبوەشێتەوە، راستە بەهۆی کوردبوونمانە، بەڵام سەرپەرشتێکمان نییە. رووداو: جارجار بەرپرسانی عێراقی دێنە سوێد و لەگەڵ رەوەندی عێراقی کۆدەبنەوە، ئایە لەگەڵ ئێوە کۆدەبنەوە؟ عیسا فەیلی: ئەوانەی دێینە ئێرە باسی کوردی فەیلی ناکەن، مەسەلەکەش سیاسییە و گفتوگۆی لەسەر ناکەن، لەکاتێکدا زۆر کێشەمان لە عێراق هەیە چارەسەر نەبووە، ئێمە سوپاسی سەرکردایەتی کورد دەکەین لەکاتی نووسینەوەی دەستوور ئەوان نەبوونایە ناوی کوردی فەیلی لەناو دەستوور نەدەبوو، چونکە دان بە ئیمەدا نانێن، حکومەتەکانی عێراق لە ساڵانی سییەکانەوە تاوەکو هەشتاکان خەریکی دەرکردنی کوردی فەیلین لە عێراق، واتە حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق دژی کوردی فەیلی بوون، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی شیعەن، سەیرکە 65٪ی دانیشتووانی عێراق شیعەن، بۆچی سەددام ئەوانی لە عێراق دەرنەکرد، بەڵای ئێمەی دەکرد، بەهۆی ئەوەی کورد بووین، بەهۆی ئەوەی لە بەغدا بەهێزبووین و ئابووری عێراق بەدەست ئێمەوە بوو و کوردە فەیلییەکان بەشداربوون لە دامەزراندنی حیزبە کوردستانییەکان. رووداو: خاتوو لەیلا چارەنووسی کوردە فەیلییەکانی بێسەروشوێنکراو بەتایبەت دوای ئازادکردنی عێراق چیلێهات و بەغدا چیتان پێدەڵێت؟ لەیلا سەلمان: هیچمان پێناڵێن، نازانین لە کوێ لە سێدارەدراون یان زیندەبەچاڵکراون، هیچ نازانین و هەرچەندە هەرێمی کوردستان هاوکاری کردین بۆ ئەوەی لە دادگا بەشداربین، بەڵام هیچمان دەستنەکەوت. رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئێوەو ماڵی کوردی فەیلی کە هاوکارمان بوون لە تۆمارکردنی ئەم بەرنامەیە لێرە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/08092023
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ "هەوڵ هەیە بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ئەم هەوڵە چڕتریش بووەتەوە". لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو، هۆشیار زێباری باسی پێگەی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دادگای فیدراڵی، هەڵبژاردن و زۆر بابەتی دیکەش دەکات لەگەڵ ئەو "لوغمانەی" لەنێو بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دانراون، جەختیش دەکاتەوە لەوەی "بودجە پڕە لە ئەلغام بۆ هەرێمی کوردستان". سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، هۆشیار زێباری ئاشکرای دەکات "داواکارییەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەیە بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی کە لەم نزیکانەدا کۆببینەوە". هۆشیار زێباری دەڵێت هەوڵێک هەیە بۆ بچوککردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و یەکێتی نزیکە لەو بۆچوونەی دەیەوێت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: ماوەیەکە هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق هەیە، بۆچوونی ئێوە چییە؟ هۆشیار زێباری: هۆکار زۆرن، بەڵام پرسیارێک، بە رەخنەی وەرمەگرە، ئێوە لە رووداو هەست دەکەن ئەم شتە هەیە؟ رووداو: بە دڵنیاییەوە هۆشیار زێباری: ئەم هەوڵە هەیە و چڕتر بووە، لە راستیدا زۆر هۆکاریش هەن، بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەوەیە بەداخەوە ئەمانەی لەسەر دەسەڵاتی عێراقن ئێستا، بە ناوی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان بە ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعی، ئەو پابەندبوونانەی بە نووسراو رێکککەوتنی لەسەر کرابوو، وەکو بڕیارێکی سیاسی بۆ دامەزراندنی ئەم حکومەتەی سوودانی، پابەندی نەبوون. دووەم، رێککەوتنێکی دیکە لەسەر ئاستی هەردوو حکومەت کرابوو کە بەویشەوە پابەند نەبوون، ئەو وادەیەی بە سەرکردایەتیی ئێمە درا پێیەوە پابەند نەبوون، لەبەرئەوە کاتێک بودجە چووە پەرلەمان و دەنگی لەسەر درا، روونبووەوە کە بەداخەوە خاوەنی پابەندیی خۆیان نین، ئەمە ئاماژەیەکی بەهێز بوو بۆ ئێمە، کە دەبێت خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی خۆمان بکەین. مەسەلەی بودجە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە و قسەم زۆر لەسەر بودجە هەیە، بەڵام ئەو بەشەی دەستنیشانی کردووە بۆ هەرێمی کوردستان، پڕە لە ئەلغام (مین)، یانی وا بە سادەیی چاوی لێ ناکەین و نایخوێنینەوە، چونکە بە خوێندنەوە و بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کردوویانە، دەزانن چی دەکەن؟ هەر وەکو جەنابت فەرمووت، ئەم هەوڵانەی هەر لە سەرەتاوە بەردەوامبوون، دەگەڕێنەوە سەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم هەرێمە بە خەبات و خوێنی زۆر دروستبووە، ئاکامیشی ئەوە بووە مافەکانی ئێمە لەم دەستوورەدا دەستنیشانکران، رەوایی تایبەتی فیدراڵی چییە؟ هی هاوبەش چییە؟ هی هەرێمی کوردستانیش چییە؟ هەموو ئامانجەکان ئەوەیە ئەم دەستوورە بگۆڕن، چونکە بۆچوونیان ئەوەیە؛ نابێ عێراق بە دەسەڵاتێکی فیدراڵی بەڕێوەبچێت، دەبێت بە دەسەڵاتێکی ناوەندی بێت، یانی ئەو خەبات و ئەو کارەی کاتی خۆی کردمان، بۆ ئەوە کردمان عێراق جارێکی دیکە نابێ بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرییەت، تاکڕەوی، یەک کەسی، یەک حیزب و یەک نەتەوە، بەڵام بەڕاستی ئەم بۆچوونە بەرەو ئەوە دەچێت لە بەغدا. هۆکارێکی دیکە ئەوەیە؛ ئەم گوشارە هەر لێرە ناوەستێت، لە بودجە، نەوت، بابەتی دەرمان و شایستە داراییەکانی جووتیاران کە سەرەتاییترین شتن، جیاوازی دەکەن، یان مەسەلەی دەرمان ئەگەر پرسیار لە وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بکەن، دەبینن جیاوازی هەیە، هەموو ئامانجیان ئەوەیە؛ ئەم قەوارەیە پووچەڵ یان کەم بکەنەوە، چونکە بە بۆچوونی هەندێکیان نەک هەموویان، بۆچوونێکی وا هەیە دەسەڵات ئێستا کەوتووەتە دەست ئێمە، سوننە لاواز و بڵاو بووە، تەنیا لایەنێک کە جۆرێک دژایەتی دەکات، بەرامبەرمان دەوەستێتەوە، ئەوە هەرێمی کوردستانە. هۆکارێکی دیکە، ناکۆکیی کوردە؛ کە بێگومان کەڵکیان لەم بۆشاییە وەرگرتووە و لایەنێکی ناوخۆ بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی دووبارە هەرێمی کوردستانی پێ لاواز بکەن، بەداخەوە کاتێک تەماشا دەکەین، دەبینین بۆ ئەوەیە ئەم قەوارەیەی هەرێمی کوردستان پەرت و بڵاو بێت، یەکگرتوو نەبێت و هەوڵی ئەوەش دراوە و دانی پێدا دەنێن. بەداخەوە ئەمە جێگەی داخە، وەکو کوردێک دەڵێم. خاڵیکی دیکە ئەوەیە؛ ئێمە جاران لە بەغدا بەهێز بووین، دەنگمان هەبوو، رەنگمان هەبوو، بڕیارمان هەبوو و خاوەن بڕیار بووین، ئێستا ئەو پێگەیە لاواز بووە، مەسەلە پۆستەکانیش نییە، بەڵام ئەم رۆڵەی لە بەغدا دەگێڕدرا بەهێزتر بوو، ئەو کات کەس بۆی نەبوو باسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بکات، هێڵی سوور بوو، ئێستا دێنە وردەکارییەکانیش، جاران بڕگەیەک لەسەر بودجە هەبوو، ئێستا دوو لاپەڕەیان پڕکردووەتەوە و پڕیشە لە ئەڵغام (مین) و کێشە، جا ئەو بۆچوونە هەیە بەداخەوە، بێگومان رێگەی دەربازبوون لەمانە چییە؟ دەبێ ئێمە نێوماڵی خۆمان رێکبخەینەوە ئەوە بەرچاوترین راستییە. خاڵێکی دیکە ئەوەیە؛ رەوایی بدەینەوە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەویش تەنیا بە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکرێت، بەڵام بە بۆچوونی من، ئەم هێرشە بەردەام دەبێت و لێرە ناوەستێت. رووداو: پێشبینی شتی زیاتر دەکەن لە بەغداوە؟ هۆشیار زێباری: بەڵێ، پێشبینی شتی دیکەش دەکەم کە سبەی دەروازە سنوورییەکان کە ئەویش تابعەی ئێمە دەبێت، دەروازە سنوورییەکان نە رێگەی هاتوچۆ لە سنوورەکان، هەتا فڕۆکەخانەکانیش بە دەروازەی سنووری دەزانن. رەنگە سبەی بڵێن دەبێ سوپا هەموو سنوورەکان بگرێت، چونکە مەسەلەیەکی سیادییە و زۆر شتی دیکە، یەک بەدوای یەکدا، بێگومان دادگە بەکاردەهێنن دژی هەرێمی کوردستان، بینیمان چەندین خاڵی نادادپەروەرانە و نادەستوورییان لە دژی هەرێمی کوردستان دەرخست، ئامێرێکە بەدەستیانەوە، چۆنیان بوێت کاری پێ دەکەن، لەوەش کێشەمان هەیە، جا دۆخی ئێمە راستە رەنگە تووشی گوشارێکی زیاتر ببین، بەڵام چارەسەریش هەیە وەکو باسم کرد، هەوڵبدەین نێوماڵی کورد رێکبخرێتەوە، نزیکتر ببینەوە و دووبارە بەرەو هەڵبژاردن بڕۆین، لە راستیدا تەنیا ئەم دوو چارەسەرەم لەبەرچاوە کە دۆخی هەرێمی کوردستان باشتر دەبێت و خەڵکیش متمانەی زیاتر بە هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی دەکەن. رووداو: لە هەمووی مەترسیدارتر ئەو ناکۆکییە نییە، کە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەکێتی؟ هۆشیار زێباری: بێگومان، رێگەیان خۆش کردووە، بەداخەوە برادەرانی یەکێتیش زۆر لەو بۆچوونەی بەغدا نزیکن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. رووداو: یانی یەکێتی ئەوەی دەوێت؟ هۆشیار زێباری: وا پێ دەچێت، کرداریان (وایە) کە وردەکارییەکەی نازانم، یانی جاران هەر وەکو باسمان کرد، کێشە و گەنگەشەمان هەبوو، بەڵام هەندێک هێڵی سوور هەبوون کە نە پارتی و نە یەکێتی دەرباز نەدەبوون لێی، ئەویش بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، قەوارەکەی و یەکگرتوویی ئەم هەرێمە بوو، ئێستا هەوڵ هەیە ئەمەش نەهێڵن. مانای ئەوە نییە کە دەرفەت نییە رێککەوتن لەگەڵ برادەرانی یەکێتی بکرێت، لە قۆناخی داهاتوودا و پاش ئەم رووداوانە، داواکارییەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەیە بۆ مەکەتەبی سیاسیی پارتی، کە لەم نزیکانەدا کۆببینەوە. رووداو: داوایان لێکردوون؟ هۆشیار زێباری: بەڵێ، لەو ماوەیەدا ئینشائەڵڵا لەگەڵیاندا دادەنیشین، سەرجەم کێشەکان باس دەکەین، دەیخەینە سەر مێز، خەڵکی ئێمەش وریایە و هۆشیارە، بەدواداچوون دەکات، دەزانێت کێشەکە چییە، چارەسەرکردنەکانیش ئەمانەن، ئەگەر دێن وەرن پێکەوە با لە چارەسەر بگەڕێین، ئەگەر نا ئەم کێشانە هەر بەردەوامن. رووداو: مەبەستت یەکێتی بوو کە دەڵێیت ئەوانیش لایەنێکی نێوخۆیی بەکاردەهێنن بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان؟ هۆشیار زێباری: بەڵێ، روونە زۆر، یانی ئەوان ئەو ناکۆکییەی پارتی و یەکێتییان پێخۆشە، لەبەرئەوە دەبێ ئەم رێگەیەیان پێنەدرێت. رووداو: جەنابت ماوەیەکی زۆر وەزیری دەرەوەی عێراق بوویت و ماوەیەکیش وەزیری دارایی، هەست دەکەیت لە بودجەی عێراقدا ستەم لە هەرێمی کوردستان کراوە؟ هۆشیار زێباری: ئەمە لەسەر من تۆمار بکە کە پێش دوو رۆژ لەگەڵ هەندێک لە پسپۆڕانی وەزارەتی داراییش باسمکرد، ساڵی 2015 بوو، من چووم بۆ پەرلەمان و بودجەم پێشکێشی ئەندامانی پەرلەمان کرد، لەوێ تۆمارم کردووە کە حکومەتی فیدراڵی بە 15 ملیار دۆلار قەرزداری حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ساڵی 2015، جا بزانە دوای ئەمە چەندە زەرەرمەند بووە. رووداو: ئەم قەرزە چی بوو؟ هۆشیار زێباری: کەڵەکەبوون (تەراکوم) بوو، شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان بوو کە دەبوایە بیدەن، بەشی هەرێمی کوردستان بوو، ئەو رێککەوتنانەی هەمانبوون، هەمووی حیساب کرابوون و ئەمە بەڵگەنامەیەکی فەرمییە کە بە ناوی وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان لە پێش هەموو دونیا (خرایەڕوو). زۆر ستەم لە ئێمە دەکەن. رووداو: ئەی ئەو ئەڵغامە چییە لە یاسای بودجەدا؟ هۆشیار زێباری: لوغمەکە (مین) هەمووی سزادانە، هەمووی مەرجدارە، تۆ وا نەکەی، وات لێدەکەم، ئەمە جێبەجێ نەکەی ئەم رێکارە دژی تۆ دەگرمەبەر. رووداو: بۆچی رازی بوون؟ هۆشیار زێباری: دەبێت پرسیار لەو برادەرانە بکەیت کە دانوستاندنیان کردووە لە بەغدا، ئەندامانی ئێمە لە پەرلەمان و بەرپرسانی ئێمە لەوێ. رووداو: ئایا نوێنەرانی ئێوە نەدەگەڕانەوە بۆ حیزب و ئێوە لە مەکتەبی سیاسی؟ هۆشیار زێباری: هەندێک جار دەگەڕانەوە، بەڵام هەندێک جاریش بە شێوەیەکی کەسی دەڕۆیشتنە پێشەوە، ناڵێم خەتای ئەوانە، بەڵام فێڵیان لێکردن، تاوەکو چاوبەستنێک هەبوو؛ تاوەکو دەنگدان لەسەر بودجە، چەند کەسێکی خۆیان تەحریکیان کرد، ئەمە خوویانە، لە ئاستی سیاسی دەڵێت، لەسەر ئەم شتە هاوڕاین، بەڵام لە ئاکامدا دەڵێت، ئەندامانی پەرلەمان ئازادن بۆ دەربڕینی رای خۆیان و هەموویشی هی ئەوانە. رووداو: یانی ئەوە کاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو؟ هۆشیار زێباری: سەت لە سەت. رووداو: پەشیمان بوونەوە لەو رێککەوتنانەی پێشتر هەبوون؟ هۆشیار زێباری: بێگومان، خۆ رێککەوتنەکان نووسراون و زارەکی نین، بە واژۆی خۆیانن. رووداو: بۆچی هەموو جارێک ئەو کاتەی پێویستیان بە کوردە رێککەوتن لەگەڵ کورددا دەکەن و دوایی پەشیمان دەبنەوە. بۆچی کورد وانە لەو ئەزموونانە وەرناگرێت؟ هۆشیار زێباری: وانەمان هەبوو. وانەمان وەردەگرت، بەڵام لەسەر کەسەکانیش دەمێنێتەوە، یانی لە کوێ پێدادەگیرێت؟ لە کوێ دەڵێیت ناتوانم ئەمە قبووڵ بکەم؟ بە بۆچوونی ئەوان، ئێستا هەرێمی کوردستان، لە هەرێمیش لە راستیدا پارتی پێیان دەڵێت نا. رووداو: یەکێتی ناڵێت نا؟ هۆشیار زێباری: تائێستا نەمبیستووە، نەیگوتووە، بە ئاشکرا ئەم شتانەی پشتڕاست دەکردەوە (لایەنگری دەکرد) کە دژی هەرێمی کوردستانن. رووداو: ئەوان دەڵێن بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لەوەدایە کە ئێمە کردوومانە. هۆشیار زێباری: بەخوا پرسیاری هەر چاودێرێکی سەربەخۆ بکەیت، دەڵێت هیچ بەرژەوندییەکی ئێوە نییە کە ئەم هەرێمە لەت بکەن. رووداو: سەرۆککۆماری عێراق دەتوانێت رێگری بکات بۆ ئەم گوشارانەی دەکەونە سەر هەرێمی کوردستان؟ هۆشیار زێباری: ئێمە سەرۆککۆماری بە شوێنێکی کەم دەزانین، بەڵام بەپێی دەستوور شوێنێکی زۆر گەورە و گرنگە. هاوبەشە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە حکومەتدا، پارێزەری دەستوورە، بێگومان سەرۆککۆمار مافی خۆیەتی ئەگەر سبەی پەرلەمان یان دادگەی فیدراڵی بڕیارێک دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بدات، بڵێت ئەمە نادەستوورییە. رووداو: یاسا رێگەی پێ دەدات بۆ ئەمە لە بودجەدا؟ هۆشیار زێباری: بێگومان دەتوانێت، لە دانوستاندنەکانیشدا. جاران کە مام جەلال لە بەغدا بوو، وامان دەکرد، هیچ بڕیارێک دەرباز نەدەبوو ئەگەر دەنگمان لەسەر نەدابووایە، ئەگەر رایەک چەندە بەرژەوەندیی عێراقی تێدابووایە، چەندە پەیڕەوی دەستوور بووایە، پەیڕەوی یاسای بووایە، قبووڵمان نەدەکرد. ئەم ساڵانەی دوایی بەداخەوە دۆخەکە بەو شێوەیە نییە. رووداو: سەرۆککۆمار ئێستا دەتوانێت چی بکات؟ هۆشیار زێباری: دەتوانێت گوتارێکی هەبێت. رووداو: گوتار چارەسەری کێشەکە دەکات؟ هۆشیار زێباری: نانا، هەڵوێست وەربگرێت. رووداو: هەڵوێست وەربگرێت ئێستا لە بەغدا گوێی لێ دەگیرێت؟ هۆشیار زێباری: سەرۆککۆمارە، بێگومان تۆ گوێی لێ دەگریت، راگەیاندنەکانی عێراق گوێی لێدەگرن، لە دەرەوە گوێی لێدەگرن، وانییە کە بێدەسەڵات بێت. رووداو: پێشتر هەر شاندێک سەردانی بەغدای دەکرد، دەهات بۆ هەرێمی کوردستانیش، ئێستا بۆچی ئەمە کەمتر دەبینرێت؟ هۆشیار زێباری: دوێنێ شاندێکی گەورەی ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە هەولێر بوو و دەچیتە سلێمانیش. شاندەکان دێن، سەردانیش هەیە، بەپێی زرووفە، ئێستا بەشێوەیەکی گشتی دونیا دوای کۆرۆنا، دوای دۆخی ئۆکراینا، دوای ئەم گەنگەشە و ململانێیە جیهانییە لەنێوان ئەمریکا، چین و رووسیا، بە شێوەیەکی گشتی گرنگییان (ئیهتمامیان) بە کێشەکانی دەرەوە کەمتر بووە، نەک تەنیا لەلای ئێمە. بە شێوەیەکی گشتی هاوپەیمانیی نوێ دروست دەبن، دۆخێکی نوێیە لە هەموو جیهاندا، دۆخێکی نوێیە یانی بەپێی عەقڵییەت و حوکمدانی پێشوو، ئێستا کار ناکات، کەمبوونەوەی شاندەکانیش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، هۆکاری خۆیان هەیە بێگومان، بەڵام دۆخی جیهانی و گرنگیدانی دونیاش گۆڕدراوە، بەڵام شاندەکان بەردەوامن. رووداو: بەڵام کەمتر بوونەتەوە! هۆشیار زێباری: ئاخر لە کاتی شەڕی داعشدا گەرمتر بوو، لە راستیدا هەرێمی کوردستانیش بەهێزتر بوو و هاوسۆزییەکی زیاتر هەبوو لەگەڵ ئێمەدا، ئەم ناکۆکییانەی نێوخۆ بێگومان خەڵکیان دڵگران کردووە، مرۆڤ راستییەکەی بڵێت. رووداو: ئەوەش کاریگەری هەبووە لەسەر پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان؟ وڵاتان لەو ناکۆکییە نیگەران نین؟ هۆشیار زێباری: تاوەکو ئێستا نا، تاوەکو ئێستا دۆستانی ئێمە لە دەرەوە لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی کوردستان بەهێز بێت لەنێو عێراقێکی بەهێزدا، تاوەکو ئێستا درووشمیان ئەوەیە، بەڵام ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، بەرهەمهێنان نەبێت، بەرژەوەندیی ئابووری نەبێت، ئیهتمامی دونیا کەمتر دەبێتەوە. رووداو: ئەوان ماندوو نەبوون لەوەی هێندە داوا لە یەکێتی و پارتی بکەن؟ هۆشیار زێباری: هەوڵدەدەن، هەوڵەکانیان بەردەوامن و رۆڵی باشیش دەبینن. لە راستیدا هەموو دۆستەکانی ئێمە بەپەرۆشن کە بتوانین هەرچەندە نابینە یەک و دوو حیزبی جیاوازین، دوو سەرکردەی جیاوازین، دوو عەقڵییەتی جیاوازین [لێکنزیکبوونەوەمان هەبێت]، ئەگەر یەک بووباین، دەبووایە ببینە یەک حیزب، ئەوە نەبووە، بەڵام بە مانای ئەوە نییە ناتوانین پێکەوە کار لەسەر هەندێک بەرژەوەندیی باڵای هەردوولا بکەین، بەڵکو ئەوە مومکینە. تەنانەت کاتی خۆی باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی و سەرکردایەتیی یەکێتیدا هەبوو، ئەو گەنگەشە حیزبییەش هەر هەبوو، بەڵام لەسەر کێشە سەرەکییەکان و لە بەغدا هەڵوێستمان یەک بوو. رووداو: پێشتر ناکۆکیی یەکێتی و پارتی نەدەگەیشتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئێستا بۆ وای لێهاتووە؟ هۆشیار زێباری: دەبێت پرسیار لەو لایەنە بکەیت کە ئەوە دەکات، وەکو یەک تەماشای هەموو لایەک مەکە. رووداو: لایەنێکی ناکۆکییەکە ئێوەشن. هۆشیار زێباری: دەزانم، بەڵام کێ کێشەکانی نێوخۆ دەباتەوە نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێ کێشەکانی نێوخۆ دەباتەوە لای حکومەتی بەغدا؟ منم؟ رووداو: کێیە؟ هۆشیار زێباری: تۆ دەزانی، من پرسیارت لێ دەکەم. رووداو: یەکێتیش گلەیی لەم بابەتە هەیە. هۆشیار زێباری: رێککەوتنمان هەیە، ئەو کێشانە هەموو چارەسەر دەکرێن، وابزانم لەم دوواییانەدا ئەو کاتەی تیمی یەکێتی لە حکومەت کشانەوە بۆ شەش مانگ، حکومەتەکە پەکی نەکەوت، بەردەوام بوو. رووداو: بەڵام کێشەش هەبوو. هۆشیار زێباری: دەزانم، کێشەکان چارەسەر بوون، هەر لەنێو حکومەت چارەسەر بوون، لەو کاتەش پێمان دەگوتن، وەرن با چارەسەری بکەین، حکومەت ئەو شوێنەیە چارەسەری زوڵم و نادادپەروەری تێدا دەکرێت، دواتر ئەوەش کرا. رووداو: ئەوە راستە کە ئێوە ستەم لە سلێمانی دەکەن؟ هۆشیار زێباری: ئێمە حکومەتێکمان هەیە، ئەم حکومەتە یەکێتش تێیدا بەشدارە، گۆڕان بەشدارە، وەک لە سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی حکومەتم بیستووە ئەوە ستەم نییە لە سلێمانی دەکرێت، ناکۆکییە، بۆچوونە، یانی ستەمەکە بەوە چارەسەر دەبێت بە بۆچوونی من ئەگەر لێم وەربگرن، کە ئەگەر کێشەی ئابووری هەبێت، ستەمیان لێ دەکرێت، وەرن با بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین. رووداو: ئێستا کە پەرلەمان نییە، دەتوانن بودجە ئاوا دابین بکەن؟ هۆشیار زێباری: کاتی خۆی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، کارا دەکرێتەوە، هەڵبژاردنیش دەکەین، وەرن با بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین کە نە زاخۆ نە هەڵەبجە، نە سلێمانی، نە دهۆک و نە هەولێر گلەیی نەبێت، دادپەروەری تێدا بێت. رووداو: بۆچی پارتی دژی ئەو بڕگەیە لە یاسای بودجەیە کە باسی مامەڵەی راستەخۆ لەگەڵ بەغدا دەکات؟ هۆشیار زێباری: چونکە ئەوە دابەشت دەکات، دەبێت عێراق وەکو یەک کیان مامەڵە لەگەڵ قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات، کاتێک تۆ پارێزگایەکی لێ دەکەیتەوە، ئەوە نامێنێت. رووداو: مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت؟ هۆشیار زێباری: نا خۆ ئەو بڕگەیەی بودجە، لەراستیدا بڕێک بە شارەزایی نووسراوە، دەبێت دادپەروەری تێدا هەبێت و ئەگەر وەکو ئەگەرێک مافەکانی سلێمانی نەدرا، ئەو کاتە دەگەڕێنەوە بۆ سەرۆکوەزیران و پەرلەمان. رووداو: قابیلی جێبەجێکردن نییە ئەو مادەیە؟ هۆشیار زێباری: ئەگەرە، یانی وەکو ئەگەرێک داندراوە، بەڵام باش نییە، شتێکی خراپە. رووداو: دەرگە دەکاتەوە بۆ شتی دیکە؟ هۆشیار زێباری: رەنگە دەرگە بکرێتەوە بۆ شتی دیکە، ئەمە پێگەی تۆ لاواز دەکات، نموونەت بۆ دێنمەوە چونکە لە نێودا بوومە و دەزانم، ئەگەر دەستوور هەمووار بکرێتەوە، لەوێ بڕگەیەکمان داناوە، ئەگەر سێ پارێزگا دژی بوون ئەم هەمووارکردنەوەیە ناکرێت، ئەمە ئەم مافە لە تۆ وەردەگرێتەوە، سبەی دەستووریش هەموار بکەنەوە بە بەرژەوەندیی خۆیان، تۆ ئەم ڤێتۆیەت نییە لەسەر ئەوە. رووداو: بەدەستتانەوە نەماوە ئەم ڤێتۆیە؟ هۆشیار زێباری: نا ئەمە ئاماژەیە (موئەشەر) تۆ بۆ لە من تێناگەی، یانی شتێکی خراپە زۆر تەنانەت لە نێوەڕۆکیش. رووداو: زۆربەی ئەوانەی ئێستا روودەدەن، پارتی خستوویەتییە ئەستۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا پارتی پێویستی بەوە نییە دەرگایەکی نوێ بە رووی یەکێتیدا بکاتەوە؟ هۆشیار زێباری: بە جەنابتم گوت، پێش دوو رۆژ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی، داوای لە مەکتەبی سیاسیی پارتی کردووە کۆببینەوە، ئێمەش کۆدەبینەوە و باسی ئەم کێشانە دەکەین. رووداو: نەرمتر لە جاران گفتوگۆ دەکەن؟ هۆشیار زێباری: کاکە گفتوگۆ هەر هەبووە، گفتوگۆ ئەبەدەن نەبڕاوە. رووداو: بەڵام زۆرجار گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام؟ هۆشیار زێباری: هەموو گفتوگۆیەک سەت لە سەت ناگاتە ئەنجام، بەڵام نیەتی پاک لە هەردوولا هەیە، کە هەوڵبدەن کێشە نێوخۆییەکان لەسەر هەندێ بنەما چارەسەر بکەن، گوتمان وەرن با چارەسەری کێشە نێوخۆییەکان بکەین کە قابیلی چارەسەرن، ئەگەر بمانەوێ هەرێمی خۆمان بپارێزین و پەرە پێبدەین و شەرعیەتی بپارێزین، دەبێ بچین هەڵبژاردن بکەین. رووداو: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت بۆ هەڵبژاردن شەش بۆ حەوت مانگمان دەوێ، پێتوایە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت؟ هۆشیار زێباری: دەکرێت، بەپێی زانیاریی ئێمە دەکرێت، بەڕاستی ئەویش یارییەکی سیاسییە، بەپێی شارەزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان یوونامی، مومکینە بکرێت، زیاتر ئەولەویەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت نەک ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەمە پشتگیریی باشی لە دەرەوە و لە یووئێن هەیە، "دەبێت ئێوە جارێکی دیکە شەرعیەت بدەنەوە بە دامودەزگەی خۆتان و هەڵبژاردنێکی دیکە بکەن" مومکینە.. رووداو: ئەمساڵ مومکینە؟ هۆشیار زێباری: بەڵێ! ئەگەر لە 8ـی 11ـش نەکرا، لە مانگی 12ـدا دەکرێت. رووداو: کۆمیسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخات؟ هۆشیار زێباری: خۆیان دەیانەوێت دوای بخەن، حکومەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی هاوڕانین لەسەر ئەو هەڵبژاردنە، لەبەرئەوە ئەگەری زۆرە پاڵی پێوە بنێن بۆ ساڵی داهاتوو. رووداو: ئێستا لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ هەیە؟ هۆشیار زێباری: ئێمە لایەن نین، ئەوان لەنێوان خۆیاندا ناکۆکن. رووداو: مەبەستم ئەوەیە، ئەو هەڵبژاردنە دوابخرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت؟ هۆشیار زێباری: نا نا، بەپێی ئەو دانیشتنەی دوایینجار کە کۆمیسیۆن و یوونامی لەلای سەرۆکی هەرێم بوون، وابزانم جەختیان لەوە کردەوە ، ئەولەویەت بۆ هەڵبژاردنی هەرێمە. رووداو: ئەمە وا دەکات کێشەکانی پارتی و یەکێتی چارەسەر ببن، یان کە کەوتنەوە نێو هەڵمەتی هەڵبژاردن، کێشەکان سەرهەڵدەدەنەوە؟ هۆشیار زێباری: ئاساییە کاکە، هەڵمەتی هەڵبژاردنە و هەریەکە و بانگەشە بۆ خۆی دەکات، ئەوە زۆر ئاساییە، ئەو دەڵێت، من باشم. ئەوی دیکە دەڵێت، من باشم. رووداو: دەشڵێن تۆ (بە حیزبی بەرامبەر) خراپی! هۆشیار زێباری: رەنگە ئەویش ببێت، بەڵام ئەمە ئازادی رادەربڕین و دیموکراسییەتە، هەڵمەتی بانگەشە هەیە و شتێکی زۆر ئاساییە. رووداو: جەنابت ئەزموونی دەرەوەت زۆر بینیوە، ئەم بانگەشانە زۆرجار لە چوارچێوەی بانگەشە دەرناچن؟ هۆشیار زێباری: نا نا، من چەندینجار لە هەڵبژاردنەکان چاودێر بووم، لە ساڵی 1992ـوەوە چ لە عێراق بووبێت یان لە هەرێم، لەو چوارچێوە و مەرجانە، ئەگەر سکاڵا هەبێت، دەرگا کراوەیە و خەڵک دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات. رووداو: ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە کۆمیسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات؟ هۆشیار زێباری: تاوەکو ئێستا؛ بەڵێ. رووداو: بە یاسا کۆنەکە؟ هۆشیار زێباری: پێویستە وابێت. رووداو: بە یاسا کۆنەکە؟ هۆشیار زێباری: بێگومان، ئەگەر یاسای نوێ لە پەرلەمان دەرنەچێت، کار بە یاسای کۆن دەکرێت. رووداو: یەکێتی لە دادگەی فیدراڵی تانەی لەو یاسایە داوە! هۆشیار زێباری: تانەکان لە دادگەی فیدراڵی زۆرن، ئەمڕۆش تانەیەک دەدەن، ماشائەڵلا ئێستا دەرگاکە (دەرگای تانە) بۆ نەوەی نوێ کراوەیە. رووداو: بۆ بە پێکەنینەوە وا دەڵێیت؟ هۆشیار زێباری: ئێ وایە کاکە، روونە. رووداو: ئەگەر دادگەی فیدراڵی تانەکانی یەکێتی بە هەند وەربگرێت، کێشە بۆ یاساکەش دروست نابێ؟ هۆشیار زێباری: ناوەڵڵا دروست نابێت، بە بۆچوونی من ئەمە تەحەدایەکە، جەمپێکی سیاسی هەیە، ئەسڵەن تێبینی هەن لەسەر دامەزرانی ئەم دادگەی فیدراڵییە، کە نە بەپێی دەستوورە و نە بەپێی یاسایە، زۆر قسەمان هەیە... رووداو: بۆ ئەو بڕیارەی تایبەتە بە پەرلەمانی کوردستان، تەواو پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشایەوە؟ هۆشیار زێباری: کاکە ئەمانە راست ناکەن ئەزیزم، ئەمانە بە کەیفی خۆیان تەفسیری یاسا دەکەن. درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ساڵێک، گوتیان نایاساییە. باشە جەناب خۆت دروستبوونی حکومەتەکەت ساڵێک دواکەوت، بۆ نەتگوت ئەمە نایاساییە؟ وەنەبێت ئێمە بیانوومان نەبێت، لۆژیک و قسەمان نەبێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە وایە. رووداو: هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی لەسەر بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی نەبووە، ئەم بێدەنگییە قبووڵکردنە؟ هۆشیار زێباری: بە پێداگریی ئێمە لەسەر هەڵبژاردن، ئەمە رەت دەبووەوە. رووداو: پێتوایە جارێکی دیکە عێراق بیەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بازاڕەکانی جیهان؟ هۆشیار زێباری: یارییەکی گەورە دەکەن، خۆیان زەرەر دەکەن و زەرەریش لە هەرێم دەدەن، بەڵام مادام زەرەر بە هەرێم دەکەوێت موشکیلەیان نییە، خۆ بەپێی حیسابات 2.2 ملیار دۆلار زەرەریان کردووە، ئێستا لەگەڵ حکومەتی تورکیا دانوستاندنیان هەیە، تەنانەت دوێنێ شاندێک لە بەغدا بووە، ئەمڕۆ (20-06-2023) جەنابی کاک مەسرور، سەرۆکی حکومەت لەسەر ئەم کێشانە چووەتە ئەنقەرە و لەوێ پێشوازییەکی باشی لێکرا، هەندێک کێشەی تەکنیکی هەن، قەرەبوو لە تورکیا وەربگرن و جارێکی دیکە کێشە تەکنیکییەکانی هەناردەی نەوت. بەڵام بە بۆچوونی من قابیلی چارەسەرن، بە بڕوای من ئەم دواخستنە زیاتر سیاسییە، بۆیە بڕیارێکی سیاسیی پێویستە. رووداو: لە تورکیاوە یان عێراق؟ هۆشیار زێباری: سەرەکیتر لە عێراق، بەڵام ئەوانەی زەرەرمەندن ئومێدەوارم هەست بەوە بکەن، چونکە تەنانەت ئەم بودجەیەی پێشکێشیان کردووە بەڕاستی واقیعییانە نییە، بەپێی شارەزاییم لە بودجە، شتی خەیاڵییان داناوە کە قابیلی جێبەجێکردن نییە، بەڵام کێکەکەیان بەباشی لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە، هەریەکە و پشکی خۆی، بەڵام هەندێک هۆی دیکە هەن کە گەورەترن لەوان؛ نرخی نەوت، ئەو خەڵکەی دایانمەزراندوون، جیاوازی و کورتهێنانی گەورەیان هەیە، لە هەموو بوارێکدا زوڵم لە هەرێم کراوە، تەنانەت لەو قەرزانەی لە هاوکاریی دەرەوە بۆیان دێت، جاران پێداگریمان دەکرد پشکی هەرێمی دەبێت 17٪ بێت، ئێستا رێژەیەکی زۆر زۆر کەمیان بۆ هەرێم داناوە، بەڕاستی لە هەموو بوارێکدا زوڵمێکی زۆر لە ئێمە کراوە. رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا شارەزایەکی ئابووری میوانی ئێمە (رووداو) بوو و گوتی: راستە زەبەلاحترین بودجەی عێراقە، بەڵام خراپترین بودجەی عێراقیشە. هۆشیار زێباری: راستە، خراپە و لۆژیکی نییە شتەکە، پێشتر وەسفم کرد، ئەوان نرخی نەوتیان بە 70 دۆلار حسابکردووە، سادەترین شت؛ باشە؟ ئێستا بەپێی نرخی جیهانی نەوت بە 75 دۆلارە، هەمیشە عێراق نەوتی خۆی 5-6 دۆلار کەمتر دەفرۆشێت، سبەی نرخی نەوت بۆ 50 و 60 دۆلار دابەزێت، تەنانەت مووچەیان پێنادرێت. کورتهێنانەکە زیاتر دەبێت، ئەمە سادەترین شتە لە بودجەدا، هەرچەندە هەموو بودجەکە گریمانەییە، بەڵام بەڕاستی شتی نالۆژیکییان تێکردووە و لەنێوانی خۆیاندا دابەشیانکردووە؛ ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە لە بەغدا. هەریەکە و پشکی خۆی برد. رووداو: مەبەستت چی بوو لەوەی کە کێکەیان جوان دابەشکردووە لەنێوان خۆیان؟ هۆشیار زێباری: کاکە پشکی من؛ ئەوەندە پرۆژە بۆ پارێزگاکانی من، ئەوەندە بۆ وەزارەتی من، ئەمەندە بۆ فڵان سەرۆکایەتی، ئەمە و ئاوا دابەشیان کرد. رووداو: کێکەکە بە کەسی (شەخسی) دابەشکراوە؟ هۆشیار زێباری: نانا، بۆ ئەوان، ئەوانەی باڵادەستن لەناو حکومەت. رووداو: پارچەیەکی بچووکی کێکەکە دراوە بە هەرێمی کوردستان؟ هۆشیار زێباری: بەداخەوە شتێکی بچووک بە هەرێم دراوە، بەداخەوە زۆر... رووداو: کێشەکە ئەوەیە بۆ سێ ساڵە، یانی تا سێ ساڵ ئەمە بەردەوامە؟ هۆشیار زێباری: ئەمەش کێشەی هەیە، لە هەموو دونیادا بودجە ساڵانەیە، بەڵام ساڵی داهاتووش پێداچوونەوە بە بودجەدا دەکرێت، وەنەبێت ئەم بودجەیە بۆ سێ ساڵ بەردەوام بێت، رەنگە ساڵی داهاتوو گۆڕانکاریی بکرێت، بەڵام باوەڕێک بە خەڵک دەدات کە رەنگە ئەمە بەردەوام بێت، خەڵکانێکیش هەن، پێیان خۆشە ئەم بودجەیە دووبارە ببێتەوە، یان چانسی ئەوەیان هەبێت هەر لەجێی خۆی بێت. رووداو: ئێوە بەشێک بوون لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئێستا بۆچی هاوپەیمانەکان بەو جۆرە مامەڵە دەکەن؟ هۆشیار زێباری: لە سەرەتاوە وەڵامی ئەوەم دایەوە، پابەند نەبوون بە بەڵێن و رێککەوتنی خۆیان. رووداو: پەشیمان بوونەتەوە؟ هۆشیار زێباری: نازانم، بەڵام راستگۆ نەبوون لەگەڵمان. رووداو: ئێوە لە سەرەتاوە زۆر گەشبین بوون! هۆشیار زێباری: لە سەرەتاوە زۆر گەشبین بووین، رۆڵمان هەبوو، جەنابی سەرۆک رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو کە ئەم حکومەتە دابمەزرێت و پشتگیریی لێکرا و بەشدار بووین، لەسەر ئەم کێشەی بودجە کە لای خەڵک بابەتێکی زۆر هەستیارە، بەڕاستی راستگۆ نەبوون. رووداو: پێمخۆشە رای جەنابی بزانم (سەرۆک بارزانی) نیگەرانە لەوەی لە بەغدا روودەدات؟ هۆشیار زێباری: بە دڵنیایی زۆر... بێگومان. رووداو: نیگەرانە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی؟ هۆشیار زێباری: بێگومان، خۆ لە بەیاننامەکەشدا زۆر روون بوو، زۆر ناڕەحەتە لەوان. رووداو: لەدوای ئەوەوە هیچ پەیوەندییەک نەبووە؟ هۆشیار زێباری: من، لە دەرەوە بووم، ئاگام لێی نییە. رووداو: لەگەڵ سەرکردە شیعەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی قسە نەکراوە؟ هۆشیار زێباری: هەیە، بەڵام دەڵێن ئێمە بڕیارمان دا، بەڵام پەرلەمانتارەکان بە قسەی ئێمەیان نەکرد. رووداو: جا ئەوە راستە؟ هۆشیار زێباری: نەخێر کاکە، ئەمە تاکتیکێکی روونە، بەڕاستی یارییەکی ئاشکرایە. رووداو: پەرلەمانتار دەتوانێت بەبێ حیزب و سەرکردەکەی بڕیار بدات؟ هۆشیار زێباری: رەنگە هەندێکیان، بەڵام مادام پابەندی هەبێت؛ نا. مادام پابەندی هەبووە، دەبێت پابەند بن. ئێ ئەوان نایکەن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/22062023
جێگری پارێزگاری نەینەوا لەبارەی ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال رەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت، لە کاتێکدا گەورەترین کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکە روویداوە، بەڵام بەداخەوە حکومەت تەنانەت 0.5%ی بودجەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە تەرخان ناکات و چەندین ساڵە خەڵکەکەی لەنێو کەمپ و لەژێر خێوەتدا دەژین. دەشڵێت، یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار پڕۆژەیان لە شنگال هەیە. عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری رێکخراوەکان و ئاوارەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین لەگەڵی کردووە، رایگەیاند، هەندێک پڕۆژە لە شنگال جێبەجێ کراون، کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پارەی بۆ تەرخان کراوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا نزیکەی 330 خانوو دروستکران لە سێ ناوچە، لە قەزای بەعاج لە کۆمەڵگەی گرعوزێر، لە قەزای شنگال لە هەردوو کۆمەڵگەی تەل بەنات و تەل قەسەب، هەروەها لە تەلعەفەر؛ بۆ نموونە لە تەلعەفەر 110 خانوو، لە تەل بەنات 110 خانوو و لە گرعوزێر 96 خانوو بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستکران. بە گوتەی عەلی عومەر، چەندین پڕۆژەی دیکەش لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە لە شنگال جێبەجێ کراون، وەکو دروستکردنی بازاڕ و یاریگەی وەرزشی لە ناوەندی قەزای شنگال، دروستکردنی قوتابخانە، جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ئاوی خواردنەوە لە گرعوزێر، دروستکردنی قوتابخانەیەک و یاریگەیەکی وەرزشی لە قەزای تەلعەفەر. جێگری پارێزگاری نەینەوا باسی لەوەش کرد، بڕی پارەی تەرخانکراو لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە 165 ملیۆن دۆلار بووە و ماوەی سێ ساڵە کار لەسەر ئەو پڕۆژانە دەکرێت. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا زۆرینەی ئاوارەکانی شنگال نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و دەڵێت، 26 هەزار خێزانی ئاوارەی شنگال کە سەرووی 130 هەزار کەس دەکات، لە هەرێمی کوردستان و لەنێو کەمپەکاندا دەژین، هەروەها 109 هەزار کەسیش لە دەرەوەی کەمپەکانن، بەمپێیەش نزیکەی 60%ی ئاوارەکان هێشتا نەگەڕاونەتەوە شنگال. جێگری پارێزگاری نەینەوا باسی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەید غوڵام، جێگری جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بە بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوتووە، وڵاتێک ئەگەر رێز لە هاووڵاتییانی بگرێت، ناهێڵێت هاووڵاتییانی بۆ ماوەی 10 ساڵ لەژێر خێوەتدا بژین. رەخنەش لە حکومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت، بەداخەوە حکومەتی عێراق تەنانەت 0.5%ی بودجەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان تەرخان ناکات. بە ئاماژەکردن بە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شنگال ئەوەی خستەڕوو، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە پڕۆژەی زۆری لەبەردەستە بۆ ناوچەی شنگال. عەلی عومەر گوتیشی، "بڕیارە یو ئێن دی پی 100 تاوەکو 200 خانوو لە تل عوزێر، سیبا شێخ خدر و گرزەرێک نۆژەن بکاتەوە، نزیکەی دوو ساڵە بەرنامەیەکمان هەیە لەگەڵ ئای ئۆ ئێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان و تائێستا 180 خێزانیان گەڕاندووەتەوە، چاوەڕوانیمان ئەوەیە نزیکەی 500 تاوەکو 600 خێزانی ئاوارە بگەڕێننەوە. ئای ئۆ ئێم خانوو بۆ ئاوارەکان دروست دەکات، مینحەیەکی 1040 دۆلاری دەدەنە هەر خێزانێکی ئاوارە، هەروەها دەرفەتی کاریشیان بۆ دابین دەکەن." گوتیشی، بەڵام پرۆژە گەورەکە لەلایەن یو ئێن ئۆپسەوە جێبەجێ دەکرێت، "ئەم رێکخراوە سەرەتا پڕۆژەی دوو بیری ئاوی خواردنەوە لەگەڵ راکێشانی بۆریی ئاو بۆ دوو گوندی ناوچەکەی جێبەجێ کرد، دواتر لە قۆناخی دووەمدا بڕیاریان دا کارەکانیان لە سنووری شنگال فراوانتر بکەن و 3 ملیۆن دۆلاریان بۆ دروستکردنی خانوو و پڕۆژەی رووناککردنەوەی شەقامەکان تەرخانکرد و بە سەرکەوتوویی پڕۆژەکانیان جێبەجێ کرد. لە قۆناخی سێیەمدا بە ئێمەیان راگەیاند، بە بڕی 10 ملیۆن دۆلاری دیکە پڕۆژەیان لە شنگال دەبێت، کە تایبەت دەبێت بە دروستکردنی 200 خانوو، جێبەجێکردنی 9 پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و دروستکردنی ژمارەیەک قوتابخانە. چەند رۆژێک لەمەوبەریش قۆناخی چوارەمی کارەکانیان لە شنگال راگەیاند و لەو چوارچێوەیەدا 22 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی جیاواز لە ناوچەکە لەلایەن رێکخراوەکەوە تەرخان کراوە." لە درێژەی قسەکانیدا جێگری پارێزگاری نەینەوا گوتی، نیوەی ئەو پارەیە کە دەکاتە 11 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی 600 - 700 خانوو تەرخانکراوە و نیوەی دیکەی پارەکەش بۆ پڕۆژەکانی ئاو، قوتابخانە و کارەبا خەرج دەکرێت. عەلی عومەر دەڵێت، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 رێکخراوی یو ئێن ئۆپس هەموو ئەو پڕۆژانە تەواو بکات و رادەستیان بکات، بۆ ئەوەی بتوانن ئاوارەکان بگەڕێننەوە زێدی خۆیان. سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری لە ناوچەکەش، عەلی عومەر ئەوەی خستەڕوو، ئەوان بەردەوامن لەسەر پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵک و هەوڵدەدەن باشتری بکەن، بۆ نموونە، کارەبای گرعوزێر 100% چاککراوە، لە سیبا شێخ خدر نزیکەی 70% تۆڕی کارەبا چاککراوەتەوە، بەڵام لە گرزەرێک هێشتا کێشە هەیە و کارکردن تێیدا بەردەوامە. ئەو بەرپرسەی پارێزگای نەینەوا پێیوایە، کێشەی سەرەکی لە شنگال ململانێی سیاسییە، "شنگال بووەتە قوربانیی جوگرافیای خۆی، لە شنگال ململانێی کوردی - کوردی هەیە، ململانێی عەرەبی - عەرەبی هەیە، ململانێی سوننە - شیعە هەیە، ململانێی عەرەبی - کوردی هەیە، ململانێی تورکی، ئێرانی و ئەمریکی هەیە لەسەر جوگرافیایەک کە بۆ هەندێک خەڵک بووەتە زێڕ و بۆ خەڵکەکەشی بووەتە کێشە. بەداخەوە خەڵکی شنگال بووەتە قوربانیی ئەو ململانێ سیاسییە." سەبارەت بە رێککەوتنی شنگال کە ساڵی 2020 لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق واژۆ کراوە، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە، جێگری پارێزگاری نەینەوا پێیوایە، رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێت لەبەر ئەوەی هەردوو لایەنی رێککەوتنەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی بەغدا، بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان چاوەڕێی یەکدین و تائێستا هیچ بەندێک لە رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە. عەلی عومەر دەڵێت، نیگەرانیی خەڵکی شنگال ئەوەیە کە هەم حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسەلەی شنگال وەکو کارتێکی گوشار لە دژی یەکدی بەکاردەهێنن و لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی ساڵی 2020 جیددی نین. بە گوتەی عەلی عومەر، لە شنگال کێشەی ئەمنی نییە و ناوچەکە لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیرە، بەڵام لەنێوان لایەنە جیاوازەکانی خاوەن بەرژەوەندی لە ناوچەکە کێشەی سیاسی هەیە و خەڵکەکە بووەتە قوربانیی ئەو کێشە سیاسییانە. سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکەش دەڵێت، راستە تورکیا هەندێکجار بە درۆن هێرش دەکات، بەڵام هێرشەکان سنووردارن و بۆ ئامانجی دیاریکراون، بۆیە کاریگەریی ئەوتۆیان بۆ سەر دۆخی ئەمنیی شنگال نابێت. لەبارەی کێشەی دانانی قایمقامێک لەلایەن یەبەشەوە بۆ شنگال، جێگری پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، ئەوان وەکو ئیدارەی فەرمیی پارێزگای نەینەوا بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان لەگەڵ ئەو کەسە نەبووە و نابێت. جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان بۆ کاروباری فەرمیی شنگال، تەنیا پەیوەندی بە قایمقامی فەرمیی قەزاکە نایف سەیدۆوە دەکەن. عەلی عومەر پێیوایە، دەبوایە قایمقام هەر لەنێو شنگال بێت و لەوێ کاروباری خەڵکی راپەڕاندبا، نەک لە شوێنی دیکە و لە دەرەوەی سنووری قەزاکە. دەشپرسێت، "بۆچی قایمقامی زوممار، قایمقامی مەخموور و بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک هەر لە شوێنی خۆیانن و تەنیا ئەوانەی شنگال بارەگایان گواستەوە؟" باسی ئەوەش دەکات، ئەوان وەکو ئیدارەی مەدەنی و خۆجێیی نەینەوا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ هێزەکانی یەبەشە نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی بەشێکە لە دامەزراوەی سەربازیی عێراق، ئەوان ناچارن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/31082023
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، هێشتنەوەی پارە لە دەرەوەی بانکەکان یەکێکە لە کێشەکانی بەردەم سیستمی بانکی. دەشڵێت، بانکی ناوەندیی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، پەرە بە پارەدانی ئەلیکترۆنی دەدات. عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵی ئەنجامی دا، رایگەیاند، زۆر فاکتەر هەن وا دەکەن خەڵک پەنا نەبەنە بەر بانکەکانی عێراق، لەوانەش فاکتەری ئایینی و دەروونی. دەشڵێت، بەدەمەوەچوونی خەڵک بۆ بانکە ئیسلامییەکانیش وەک پێویست نییە. خەڵەف باس لەوەش دەکات، بانکی ناوەندی لەم رووەوە مۆڵەتی داوەتە ژمارەیەک کۆمپانیا کە دەتوانن ئاسانکاری بکەن لە بابەتی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی. هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق: رووداو: بەگوێرەی دوایین راپۆرتی بانکی ناوەندیی عێراق، 59 ترلیۆن و 900 ملیار دینار لە دەرەوەی سیستمی بانکییە؛ خەڵک لە ماڵ و کۆمپانیاکانی خۆیان دایانناوە، ئێوە چ پلانێکتان هەیە بۆ هێنانەدەرەوەی ئەو پارانە و خستنەنێو بانک و بازاڕەکان؟ عەمار خەڵەف: زۆر سوپاس، ئەمە یەکێکە لە کێشەکانی بەردەم سیستمی بانکی و بەڕاستیش کێشەیەکی کۆنە و نوێ نییە. خەڵک وا راهاتوون پارەکانیان لە ماڵەکانیان بپارێزن لەبری ئەوەی لە بانکەکان دایبنێن. بانکی ناوەندی لەم رووەوە ستراتیژییەتێکی هەیە، کە تایبەتە بە پەرەپێدانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و دەیەوێت پارەدان لە رێگەی کارتە ئەلیکترۆنییەکان بەرفراوانتر بکات هەروەها لە رێگەی پێشکێشكردنی هەندێ خزمەتگوزاریی حکومی بەهۆی کەرتی تایبەتەوە. پێمانوایە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی قەبارەی کاش لە دەستی هاوڵاتییان. جگە لەوە، راستیی دیکەش هەن، وەکو فاکتەری دەروونی و ئایینی، کە کاریگەرییان هەیە و وا لە هاونیشتمانییان دەکەن خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بانک بەدووربگرن، بەهۆی بابەتی سوودی بانکییەوە. لەبەرئەمە، بەداخەوە چەندی دیکە بتوانن، خۆیان لە بانکەکان بەدووردەگرن، تەنانەت ئەگەر بانکی ئیسلامیش بن. دەزانن کە زۆر بانکی ئیسلامی هەن، بەڵام بەداخەوە تێبینی دەکەین بەدەمەوەچوونی خەڵک بۆ ئەو بانکانەش لاوازە لە ترسی ئەوەی لەڕووی ئایینییەوە کێشەیان بۆ دروست نەبێت. رووداو: ئایا ژینگەی عێراق لەبارەی بۆ ئەوەی بانکی دیجیتاڵی بنیاتبنرێت؟ خەڵک لە عێراق تا چەند متمانەی بە سیستمی بانکی هەیە کە خەڵک واز لە کاش بهێنێت و بە مۆبایلەکەی ئیشی بازاڕ بکات؟ جا گرێبەستی گەورە بێت یان تەماتە و خەیاری پێ بکڕێت. عەمار خەڵەف: بەڵێ، راستییەکەی بانکی ناوەندی لەم رووەوە مۆڵەتی داوەتە ژمارەیەک کۆمپانیا کە دەتوانن ئاسانکاری بکەن لە بابەتی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی، جا لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنیی ئاساییەوە بێت یان تەنانەت لە رێگەی بەکارهێنانی مۆبایلەوە بێت. بانکی ناوەندی هەروەها لەم رووەوە رێنمایی زۆری دەرکردووە بۆ ئاسانکاری ئەو خزمەتگوزارییە و ئێستا کەوتووەتە کار، بەڵام هێشتا لە ئاستێکی سنوورداردایە. رووداو: ئێوە هیچ کارئاسانییەکتان کردووە بۆ بانکەکان کە بەمجۆرە کاربکەن؟ عەمار خەڵەف: بەڵێ، ئێمە وەکو بانکی ناوەندی رێکارەکان ئامادە دەکەین، هەروەها ژێرخانی ئەو کارە کە هاوکاری کۆمپانیاکانی پارەدارکردنی ئەلیکترۆنی و بانکەکان دەکات، بۆ ئەوەی ئەو خزمەتگوزارییانە بخەنەکار. ئەوەی لەدەست بانکی ناوەندی دەمێنێتەوە کۆنتڕۆڵەکەیە لە رێگەی بنیاتنانی ژێرخانێکی دارایی بەهێز و کڕینی ئەو ئامێرانەی کە کارئاسانی دەکەن بۆ ئەم خزمەتگوزارییانە. رووداو: پێشبینیی گەشەی ئابووریی عێراق چەندە؟ هیچ پلانێک هەیە؟ بانکی ناوەندیی عێراق بەرچاوی روونە و ستراتیژییەتی دیارە کە گەشەی ئابووریی عێراق لە چەند ساڵی داهاتوودا دەگاتە چەند؟ عەمار خەڵەف: وەک دەزانن ئابووریی عێراق، پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، بۆیە هەر گەشەیەک لەم ئابوورییە دەوەستێتە سەر ئاستی گەشە و بووژانەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، ئەمەش بەشێوەیەکی ئەرێنی کاردانەوەی لەسەر ئابووریی نێوخۆیی دەبێت. رووداو: گۆڕانکارییەکی زۆر لە بازاڕەکان روویداوە؛ نرخی کاڵا و شتومەک بەرزبووەتەوە، هەڵاوسان هەیە بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی. چ پلانێکتان هەیە بۆ ئەوەی بازاڕ کۆنترۆڵبکەن؟ یەکێک لە کارەکانی بانکی ناوەندی لە بازاڕ بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان. عەمار خەڵەف: بەڵێ راستە، سەرچاوەکانی هەڵاوسان زۆر و فرەچەشنن. ئەوەی تایبەت بێت بە ئابووریی عێراق، بە مەزەندەی ئێمە، هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک کاڵای بنچینەیی، بەرزبوونەوەی نرخەکانیانە لە بازاڕەکانی جیهان. وەک دەزانن ئابووریی عێراق ئابوورییەکی بچووکە و پشتی بە هاوردە بەستووە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی نێوخۆ. کەواتە هۆی سەرەکیی بەرزبوونەوەی هەندێ لەو شتومەکانە، بەرزبوونەوەی نرخەکانیانە لە بازاڕەکانی جیهان. یەکێک لە کارە بنچینەییەکانی بانکی ناوەندی بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی تێكڕای هەڵاوسان، سەقامگیرکردن و پاراستنی بەهای دراوە لە بازاڕی نێوخۆییدا.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/210620231
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەڵێت، دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان "مایەی نیگەرانییانە و نیگەرانن هەرێمێک نەتوانێت پرۆسەیەک ئەنجام بدات کە کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەی دیموکراتییە." هاوکات دەڵێت، چاکسازییەکانی پێشمەرگە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و هیواخوازن وڵاتەکەیان بتوانێت بەردەوام بێت لە هاوئاهەنگی و هاریکاریی هێزەکانی پێشمەرگە. کریستیان هۆمان دێنهاردت، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا؛ باس لە دۆخی سیاسی، ئاسایشی ئێستای عێراق، هێرشی گرووپە چەکدارەکان و ئاییندەی پەیوەندییەکانی بەرلین و بەغدا دەکات. لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەڵێت، "عێراق زیاتر دەوڵەتێکی ناوەندییە نەک فیدراڵی و پاراستنی مافی هەرێمەکان." لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێت، "پێویستە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکەن بۆ راگرتنی هاوسەنگی تاوەکو خەڵک هەست بە خۆشگوزەرانی بکەن." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کریستیان هۆمان دێنهاردت، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق: رووداو: وەکو دیپلۆماتکارێک، هەست بە ئاسایش دەکەیت بەهۆی هێرشەکانی گرووپە میلیشیا شیعەکان و وەڵامەکانی ئەمریکاوە لە عێراق؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێویستە بڵێم بەڵێ هەست بە ئاسایش دەکەم، چونکە لە ساڵی رابردوودا پەرەسەندنمان لە دۆخی ئەمنیدا بینی، بەتایبەتی وەکو دەزانیت زۆربەی کات من لە بەغدا دەژیم، لەوێ بە شێوەیەکی بەرچاو دۆخەکە ئارامتر بوو، هەروەها هەڵکشانێکی کەمی هێرشی میلیشیاکانمان هەیە بۆسەر دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، وەڵامیش بۆیان هەیە. بەڵام بەگشتی پێموایە دۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە، ئەوەش بۆ هەموومان گرنگە. رووداو: دۆخی ئێستای عێراق نیگەرانت دەکات؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: نەخێر نیگەرانم ناکات، ئەوە شتێکە پێموایە دەکەوێتە سەر سیاسەتڤانان کە لەڕاستیدا چۆن بتوانن لایەنە جیاوازەکان کۆبکەنەوە و چارەسەرێک بدۆزنەوە. رووداو: چۆن دەڕوانیتە هێرشەکان بۆسەر هەولێر لەلایەن ئەو گرووپە شیعانەی خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: خاڵەکە بۆ من ئەوەیە کە هەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان لێرە لە عێراق، یەکەمجار لەڕاستیدا بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم وڵاتەیە، بۆئەوەی بەهێزتر بێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت، لەبەر ئەمەیە کە پاڵپشتیی پێشمەرگە دەکەین، هەروەها ئەو پاڵپشتییەی لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا پێشکێش دەکرێت، هەروەها پێدانی راوێژ، مەشقپێکردن و دابینکردنی کەرەستە و هەموو ئەمانە، بۆیە ئەمە دووژمنەکە نییە، لەڕاستیدا ئێمە لێرەین بۆئەوەی یارمەتیی عێراق بدەین بۆئەوەی هەتا دەکرێت بەهێز بێت. رووداو: دەوترێت دۆخی ئەمنیی ئێستا، رەنگدانەوەی دۆخی سیاسییە لە ناوچەکەدا بەگشتی، ئایا ئەوە هیچ کۆسپێکی لەبەردەم پاڵپشتییەکانتان بۆ عێراق دروستکردووە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: لەڕاستیدا نەخێر، بە پێچەوانەوە، ئەوە تەنانەت هۆکارێکی زیاترە کە ئێمە دەبێت پاڵپشتیی عێراق بکەین، چونکە ئەوەی کە هاوبەشە بۆ هەموومان، ئەوەیە کە دەمانەوێت خۆمان لە هەڵقوڵانی بەدوور بگرین. دۆخێکمان هەیە کە ئاڵۆزی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەرزە و عێراقیش دانەبڕاوە لەم ناوچەیە، بۆیە لەڕاستیدا گرنگترە بۆ بەهێزترکردنی عێراق و دامەزراوەکانی عێراق تاوەکو لەسەر پێی خۆیان بوەستن، بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکەن و دۆخی ئەمنی لەم وڵاتەدا لەژێر کۆنترۆڵدا بهێڵنەوە. رووداو: ئایا داعش هێشتا هەڕەشەیە لەسەر عێراق؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: لەژێر جۆرێک کۆنترۆڵدان، بەڵام ون نەبوون و پێموایە ئەمە گرنگترینە بۆ هەمووان، بۆئەوەی چاوکراوە بن، پێموایە ئەو هێرشەی هەفتەی رابردوو روویدا وەبیرهێنانەوەیەکی باشە، لەکاتێکدا جەنگی دژی داعش رەنگە لە 2017 برابێتەوە، بەڵام هێشتا دۆخەکە لە رەش و سپییەوە دوورە، هێشتا شانەمان هەن کە چالاکن، ئەمەش واتای ئەوەی دەبێت چاوکراوە بمێنینەوە و کاردانەوەمان هەبێت. رووداو: ئەڵمانیا بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، بەڵام لەم رۆژانەدا دەنگی زیاتر دەبیستین لە لایەنە سیاسییە شیعەکان و تەنانەت سەرۆکوەزیرانی عێراقیش. محەممەد شیاع سوودانی، کە داوای دەرکردن و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکات، بۆچوونتان لەمبارەیەوە چییە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێش هەموو شتێک، هێزەکان بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق هاتن؛ دووەمیش، لە یەکەم رۆژەوە ئەوە روون بوو کە نەهاتوون بۆ تاهەتایە لێرە بمێننەوە و کۆتاییەک هەیە بۆ مانەوەی سەربازە نێودەوڵەتییەکان. پرسیارەکە ئێستا ئەوەیە، ئەم دەرچوونە چۆن بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت و هێزە ئەمنییەکانی عێراق چۆن کارەکان دەگرنە دەست؟ پێموایە ئەمە هەموو ئەو شتەیە کە کاری لەسەر دەکەین و ئێستا زیاتر لە ساڵێکە کاری لەسەر دەکەین. رووداو: پێتوایە ئێستا دۆخەکە لە ناوچەکە بەگشتی گونجاوە بۆ هەنگاوێکی لەم شێوەیە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێوایە ئەمە لەسەر پسپۆڕە تایبەتەکانە، کە بەڕاستی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، دۆخێکمان هەیە کە هێزە ئەمنییەکان ئێستا مەشقیان پێدەکرێت و پڕچەک و کەرەستە دەکرێن تاوەکو ئامادەبن بەرپەرچی دۆخێک بدەنەوە لەوەی کە گەشە بکات، بۆیە خاڵێک هەیە کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ناتۆش، ئەو نێردانەی لە وڵاتەکەدان، لێرەن تاوەکو پێویستبوونی مانەوەی خۆیان نەهێڵن، ئەوەی ئێستاش پرسی کاتەکەیە کە ئەمە چۆن روودەدات و لە کوێ روودەدات بە دیاریکراوی؟ بەڵام پێویستمان بە گفتوگۆیە تاوەکو ببینین و ئەمە بکەین بەبێ ئەوەی بۆشاییەک لە دۆخی ئەمنیی وڵاتەکەدا دروستبکەین، ئەمە ئەو شتەیە کە کەس نایەوێت، چونکە ئامانجی سەرەکیی هەبوونی عێراقێکی سەقامگیر و سەرکەوتووە، هەمووان هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئەوە دەدەین. رووداو: لایەنە سیاسییە شیعەکان گوشار لە حکومەت دەکەن بۆ کشانەوەیەکی خێرا، وەکو گوتت، ساڵێکە گفتوگۆ لەمبارەیەوە هەن تاوەکو کشانەوەکە بە شێوەیەک بێت، بۆشایی دروست نەبێت وەکو ئەوەی لە 2011 روویدا. پێتوایە ئەمە هەڕەشە دروستدەکات کە رەنگە کشانەوەکە لەژێر گوشار و بە خێرایی رووبدات بۆشایی رووبدات؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: ناتوانم بڕیار بدەم کە ئایا مامەڵەیەکی دروستە لەلایەن حکومەتەوە یان نا، بەداخەوەش گۆچانی سیحریم نییە تاوەکو پێتبڵێم دۆخی ئەمنی لە ماوەی شەش مانگ یان هەشت مانگدا چۆن دەبێت، مەبەستەکە ئەوەیە کە ئێمە دەبێت پێکەوە ئەم کارە بکەین، هەردوولا، هێزە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی عێراق باشترین رێگە بدۆزنەوە و بە باشترین هەڵسەنگاندن، کە دەکرێت دۆخی ئەمنی چۆن بێت و بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات، پێموایە ئەمە بەرپرسیارێتییەکە کە هەموومان بەرامبەر عێراق و هەروەها خەڵکی عێراق هەمانە. رووداو: ئەڵمانیا لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش، بەشێکن لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، چۆن دەڕواننە ئەم پرۆسەیە و هەڵیدەسەنگێنن، پێتوایە پرۆسەکە خاوە یان بەو شێوەیە دەڕوات کە پلانی بۆ دانراوە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: بۆ ئێمە بەو شێوەیە دەڕوات کە پلانی بۆ دانراوە، چونکە مەبەستەکە قورسکردنی ئەرکی سەرشانی پێشمەرگە نییە، چونکە ئەمە راهێنان و کەرەستە و هەموو ئەو شتانەیە و پێویستت بە کاتە، بە دوو یان سێ کاژێرێک فێری شت نابیت، بۆیە پێویستی بە راهێنانە و پێویستی بە دووبارەکردنەوەیە.. هتد. بۆیە ئەمە شتێکە وەکو پڕۆسە دەیبینین و بە شەو و رۆژێک ناتوانین شت بکەین، ئێمە بەرەوپێشچوونێکی گەورەمان کردووە و هاوئاهەنگییەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. هیوادارین بتوانین بەردەوام بین لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە. رووداو: لەڕووی ئابوورییەوە، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و عێراق چۆنە ئێستا؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: زۆر چڕە، مەبەستم ئەوەیە کە ساڵی رابردوو چڕتر بوو، ئێمە ساڵیادی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران سوودانی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا شۆڵتز لە بەرلین دەکەینەوە، کە هەردووکیان لەسەر ئەجێندایەکی کارکردنی زۆر ئاواتخواز رێککەوتن، کە بەشێکە لە پلان و ئاواتەکانمان، کە چۆن دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بنەخشێنین، ئەوەش لە هاوئاهەنگییەکی سیاسیی نزیکترەوە دەستپێدەکات تاوەکو قسەکردن لەبارەی کێشانەوەی جێی نیگەرانیی هەردوولان، گۆڕانی کەشوهەوا دەگرێتەوە. بەڵام هەروەها سیاسەتی هەرێمی و هاوتاکردنی سیاسەتەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە، بەو شێوەیە.. بەڵام زۆرینەی لەبارەی پەرەپێدانی ئابوورییە، چونکە ئەمە وەکو گەورەترین ئاڵنگاری بۆ عێراق دەبیندرێت، کە چۆن کار دروستبکەین بۆ ئەو هەموو خەڵکەی بەشوێن کاردا دەگەڕێن. رووداو: بێگومان کاتێک باسی ئەڵمانیا و عێراق دەکەین، رێککەوتنی حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سیمینسمان بۆ دابینکردنی کارەبا دێتەوە یاد، بەڵام لەڕووی کردارییەوە رێککەوتنەکە لە چ قۆناخێکدایە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: چەند گرێبەستێک هەن، هەندێکیان واژۆکراون و هەندێکیان لە پرۆسەی تەواوکردندان، ئەمە بەرنامەیەکی زۆر گشتگیرە و تەنیا یەک دانە نییە، کارکردن هەیە لەسەر هێڵەکانی کارەبا، هەروەها بگۆڕەکان، بۆ یەکەم جار کارکردنیش دەبێت لەسەر گازی هاوەڵ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەو گازەی دەردێت، کە ئێستا تەنیا دەسووتێندرێت. رووداو: ئێستا چەند کۆمپانیای ئەڵمانی لە عێراقدا هەن، هیچ ژمارەیەکت لایە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: جیاوازی هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی وڵاتەکە، بەڵام ئێستا کە قسە دەکەین، زیاتر لە 100 کۆمپانیا هەن، زۆرینەیان کۆمپانیای بچووک و مامناوەندن، کە چالاکن، هەر لە دراوی عێراقەوە کە لەڕاستیدا لە ئەڵمانیا بەرهەم دەهێندرێت، تاوەکو پاسپۆرت و ناسنامەکەت کە لە بەغدا بەرهەم دەهێندرێت لە پڕۆژەیەکی هاوبەشدا. هەروەها کۆمپانیای دەرمان و بەرهەمی بیناسازی، بەو شێوەیە. رووداو: پلانت چییە بۆ بەرزکردنەوەی ئەم هاوبەشییە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە ئەمە هاوبەشییە لەنێوان حکومەتی عێراق و ئێمە وەکو باڵیۆزخانە و من وەکو باڵیۆز، کە بچمەوە ئەڵمانیا و لەوێ بانگەشە بۆ ئەو دەرفەتانە بکەم کە لێرەدا کراونەتەوە، لەبەر ئەمەشە کە دۆخی ئەمنی زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر تۆ بازرگانێک بیت و بڕیار بدەیت ئایا دەتەوێت خەڵکەکەت بنێریت بۆ شوێنێک و بتەوێت وەبەرهێنان بکەیت، پێویستت بە هەلومەرجە بۆ ئەوە، ئاسایشیش یەکەم و لەپێش هەموویانەوەیە. بۆیە ئەمە بۆ ئێمە هاوبەشییەکی دوولایەنەیە، کە پێیان بڵێین، وەکو دەشزانیت ئەم هەفتەیە لە بەغدا پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەڕێوەچوو، لێرەدا 20 کۆمپانیای ئەڵمانیا هاتن و مەراقێکی زۆر هەیە، پرسیارمان لێدەکرێت ئایا بەڕاستی سەلامەتە بێین بۆ ئەوێ، ئیدی بەم شێوەیە، ویستەکە گەورەیە، ئێستا دەبێت دڵنیابین ئەو ویستە گەشە بکات و پرۆژە و بازرگانیی راستەقینە ببینین. رووداو: هیچ ژمارەیەکت لایە لە 2023 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئەڵمانیا چەند بووە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: بەداخەوە دوایین ئاماری ساڵی رابردوومان نییە، بەڵام لە ساڵی 2022 زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بوو. رووداو: پێشبینی دەکەیت ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوو، بەرهەمی زیاتری کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا ببینی لە بازاڕەکانی عێراق؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: دڵنیا نیم ئەوە دەبینین، بازاڕێکی گەورەیە، هەروەها دەکەوێتە سەر بەکاربەران کە خواستی چی دەکەن، مەبەستم ئەوەیە کە... بازاڕێکە کە ئێستا پەیوەندییەکی بەهێزی بەکاربردنی بەرهەمی بە ئاڕاستەی تورکیادا هەیە، هەروەها وڵاتانی کەنداو، پێویست دەکات بەکاربەران بە بەرهەمی جیاواز رابێن، بەتایبەتی لە بەرهەمە بەکاربەرییەکاندا، هێشتا کۆمپانیام نەبینیوە کە ئامادەکاری بکات بۆ هەناردەکردن بۆ عێراق، بەڵام هەرگیز ناڵێین هەرگیز. رووداو: چۆن دەڕواننە دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە، هەمیشە جێی خەمبارییە ئەگەر هەرێمێک نەتوانێت شتێک بکات، کە پێموایە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئەویش ئەوەیە خەڵک بتوانن ویستی خۆیان دەرببڕن، ئەمە ئەوەیە کە دەیکەن کاتێک دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.. بۆیە بەداخەوەم کە جارێکی دیکە دواخرا و هیوادارم ببینین ئەم هەڵبژاردنە لە 2024دا بکرێت، چونکە ئەمە زیندووییە، هەر وەکو تۆ چۆن ئاڵنگاری دەکەیت یان چۆن زیندووێتیی کۆمەڵگە دەبینیت، هەروەها ئەمە دەبینیت لەڕێگەی ئەوەی خەڵک ویستی خۆیان دەرببڕن، سیاسەتڤانان دەبنە نوێنەر، نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک، ئەمەش بەشێکی دەرکەوتنی دیموکراسییە. بۆیە بۆ ئێمە ئەمە دەربڕینێکی بنچینەییە، هەربۆیە بەڵێ، دەمانەوێت ئەم هەڵبژاردنانە ببینین کە دەکرێن. رووداو: چۆن دەڕوانیتە دۆخی دامەزراوەکان و ئازادیی سیاسی و رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە ئەمە پەرەسەندنێکی گشتییە لە عێراق وەکو وڵات، بە هەرێمەکانیەوە، شتێکە کە هەنگاو بە هەنگاو پەرەسەندنت دەبێت، بۆیە بێگومان بەرەوپێشچوونت هەیە کە کراوە، رووداویشمان هەن کە بەرەپێشچوونەکان پاشەکشێیان کردووە. دووبارە، دەزانین هەندێک ئاڵنگاری هەن، بە دیاریکراوی بۆ رۆژنامەڤانان، بۆئەوەی کار بکەن و ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، لەڕاستیدا دەبێت ئەوە بەهێزیی هەر کۆمەڵگەیەک بێت کە میدیاکان میدیایەکی ئازاد بن، بۆیە ئەوە یەکێکە لە ئاڵنگارییەکان لێرە، بەڵام ئاڵنگاریی دیکەمان هەن لە مافەکانی مرۆڤ، تووندوتیژیی خێزانی کێشەیەکە لە سەرانسەری وڵاتەکە، ئاڵنگاری هەن، بەڵام هیچ کۆمەڵگەیەک بێ کێشە نییە، تەنانەت کۆمەڵگەی ئەڵمانیاش، بۆیە پێموایە ئەمە جۆرێکە لە شتێک کە ببینین بەرەوپێشچوون روودەدات، پێویستیشە هەموو ئەو دەستکەوتانەی پێی گەیشتوون پتەویان بکەین، هەڵنەوەشێنەوە و پاشەکشێ نەکرێت، دەبێت تەنیا باشتر بکرێن نەک خراپتر. رووداو: لە ساڵانی رابردوودا هەندێک رەخنەمان بینی کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە لەبارەی ئازادییەکان، ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی سیاسی و هتد، تەنانەت کۆنسوڵی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر چەمکی پاشەکشێی بەکارهێنا بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئایا ئێوە هیچ نیگەرانییەکتان هەیە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: هەمیشە نیگەرانیمان هەن، ناڵێم پاشەکشێ، بەڵام هەمیشە نیگەرانیمان هەن کە بە بەهێزی کۆمەڵگە، جا ئەگەر هەرێم بێت یان هەموو وڵاتەکە، دەکەوێتە سەر ئەوەی دانیشتووان چۆن دەتوانن بەشداری بکەن و نوێنەرانی دانیشتووان چۆن دەتوانن باسی دۆخی خۆیان بکەن، بۆیە دیموکراسی دەمرێت کاتێک ناتوانیت ئازادانە دەربڕین بکەیت و ئەگەر بەڕاستی نەتوانیت مافەکانت پەیڕەو بکەیت، بۆیە ئەمە ئاڵنگارییە بۆ هەمووان. رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، جارێک لە دیداری مێری باسی دیداری خۆی و راوێژکاری ئەڵمانیای کرد، گوتی تەنیا داوای ئەوەم لێکردووە هاوکاری و پاڵپشتیمان بکات لە رێکخستن و جێبەجێکردنی فیدراڵییەت و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان، ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا سێ مووچەی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، حکومەتی عێراق لە رێگەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریسەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، بەشی هەرێمی کوردستانیش لە بودجەی فیدراڵی نادات، تۆ لە وڵاتێکەوە دێیت کە یەکێکە لە پێشکەوتووەکانی جیهان لەڕووی سیستمی فیدراڵی و پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان، ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم دۆخە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: پەیکەربەندییەکانی فیدراڵی هەمیشە ئاڵنگارین و ئێمە لە ئەڵمانیا لە کۆتایی ساڵانی چلەکانەوە ئەمە پەیڕەو دەکەین، بەڵام دەتوانم پێت بڵێم هیچ کات ئاسان نەبووە، بۆیە بەڵێ، پەیکەربەندییەکی سەرەکیمان هەیە؛ هەروەها بودجە چۆن باڵانس دەکرێت و پارەکان چۆن دابەش دەکرێن، بەڵام ئەگەر چاودێریی سیاسەتە نێوخۆییەکانی ئەڵمانیا بکەیت، هەموو ساڵێک لەسەر دابەشکردن شەڕە، مەبەستەکە ئەوەیە کە پێویستە بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێت، تاوەکو بگەیتە ئەنجامێک و ببیتە یەک، کە وڵاتەکە بەهێزتر بکات و لاوازی نەکات، پێموایە ئەمە گەورەترین شتە، ئەوە نییە کە نەتوانیت گفتوگۆ بکەیت چی باشترین رێگەیە و چۆن رێکبخرێت، بەڵام دەبێت بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێت کە عێراقێکی گەشەسەندوو و پڕ ئاشتیت دەوێت، کە خەڵک بتوانن گوزەرانیان دابین بکەن، باشە چۆن ئەمە رێکدەخەیت؟ ئەمە ئاڵنگارییەکەیە بۆ هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە باڵانسی ئەمە بکەن، چارەسەرێکی خێرا نییە و ئەوەش نییە بڵێیت سیستمی ئەڵمانی هەیە و وەکو سیستمی ئەڵمانی بکەیت، ئەوە بۆ ئەڵمانیا کار دەکات، بەڵام خۆ لە نەمسا جیاوازە، کە ئەویش وڵاتێکی فیدراڵییە، بۆیە هەر وڵاتێک پێویستە رێگەی تایبەتی خۆی بدۆزێتەوە کە چۆن جێبەجێی دەکات؛ بەڵام پرەنسیپەکە هەمیشە ئەوەیە کە دەتەوێت کار بکەیت بۆ بەهێزترکردنی هەمووان لە رێگەی پێشخستنی هەموو شتێک. رووداو: چۆن عێراق دەبینیت، وەکو دەوڵەتێکی فیدراڵی یان زیاتر ناوەندی؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: زیاتر دەوڵەتێکی ناوەندییە، کە پەیکەربەندییەکی هەیە هەرێمی کوردیی تێدایە، کە مافی زیاتری هەیە، بۆیە ئەمە جۆرێکە کە دەتەوێت ناوی بنێیت ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی، ئەمە شتێکە دەبێت خۆتان لەسەری رێکبکەون، بەڵام خاڵەکە ئەوەیە، بێگومان قەوارەیەکی تایبەتت هەیە لێرە و بە هەر شێوەیەک ئەمە پێشبخەیت و چۆن باڵانسی ناوەند و هەرێم دەکەیت، شتێکە پێویستە لە نێوخۆدا شەڕی بۆ بکرێت، بەڵام بە وشە، نەک بازوو. رووداو: ساڵی رابردوو 210 کۆچبەر کە مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە بۆ عێراق، ئەو پرۆسەی ناردنەوەیە چۆن دەکرێت؟ ئایا ئەڵمانیا ئێستا سیاسەتێکی دیاریکراو دژی کۆچبەران پەیڕەو دەکات؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: با لە دووەمەوە دەستپێبکەم، نەخێر؛ چونکە دەتوانیت داوای پانەبەری لە ئەڵمانیا بکەیت، بۆیە دەرگاکان کراوەن، خاڵەکە ئەوەیە، کاتێک داواکارییەکەت بۆ پەنابەری رەتکرایەوە، هەنگاوە یاساییەکانت بڕی، چونکە هێشتا دەتوانی تانەی لێ بدەیت و جارێکی دیکە پرۆسەکە دەکرێتەوە، کاتێک هەموو ئامرازە یاساییەکان بەکاردەهێنیت، بۆ ئەوەی پێی بڵێیت شایەنی پانەبەرییت و ئەوە رەتبکرێتەوە، ئەو کاتە ناچاری وڵاتەکە جێبهێڵیت، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە حکومەت گوتی، باشە پێویستە لەوە دڵنیابین کە ئەوانەی پێویستە ئەڵمانیا جێبهێڵن، چونکە چیدیکە هیچ دۆخێکی یاساییان نییە وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەمە ئەوەیە کە زیاتر جەختی لێکراوەتەوە و ئێستا جێبەجێ دەکرێت، بۆیە خەڵک هێشتا دەتوانن داوا پێشکێش بکەن. رووداو: ئایا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیان گوتوون کە رازین ئەو پەناخوازانە وەربگرنەوە کە دیپۆرت دەکرێنەوە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێویستە هەمیشە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بکەیت کە وەریاندەگرێتەوە، چونکە هەنگاوێک هەیە تەنانەت پێشتریش، چونکە پێویستە نووسراوی ناسنامە بۆ ئەو کەسانە دەربکرێت، بۆیە بێگومان ئەمە شتێکە کە هاوئاهەنگی دەکەیت و گفتوگۆی لەبارەوە دەکەیت. رووداو: خەڵکێکی زۆر هەن لە عێراقەوە دەیانەوێت لە ئەڵمانیا بخوێنن یان کار بکەن، چۆن بە رێگەی یاسایی ئەمە دەکرێت؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: دەتوانیت لە ئەڵمانیا بخوێنیت و داوا پێشکێش بکەیت بە زانکۆیەک، بەداخەوە پێویستە زمانی ئەڵمانی بزانیت، بۆیە ئاڵنگارییەکە هەیە، بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت فێری زمانی ئەڵمانی ببن، پێویستە لێرە بچیتە پەیمانگەیەک. دەرفەت هەیە و دەتوانیت داوای دەرفەتی جیاوازی خوێندن بکەیت ئەگەر بتەوێت بخوێنیت، هەروەها دەتوانیت بچیت و راهێنانی پیشەیی وەربگریت، ئەمە دەکەوێتە سەر ئەوەی کە گرێبەستت هەبێت، ئەگەر خاوەن کارێک هەیە بیەوێت داتبمەزرێنێت، دەتوانیت داوای ڤیزا بکەیت لە بەشەکانی پێدانی ڤیزا. رووداو: پێدانی ڤیزا بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆنسوڵخانەکەتانەوە زۆر زەحمەت بووە، رەتکردنەوە زۆر بووە و ئەوانەی وەریشی دەگرن بۆ ماوەیەکی کەم پێیان دەدرێت، بۆچی؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: لەبارەی ماوەی کەمەوە، ئێمە جۆرێک لە هەرەممان هەیە، پێویستە چەند ڤیزایەکی ماوە کورتت هەبێت پێش ئەوەی بتوانیت ڤیزای درێژخایەن وەربگریت. ئەمە دەکەوێت سەر ئەوەی لەڕاستیدا دەبێت بیسەلمێنیت کە ویستت هەیە بۆ گەڕانەوە، لەبەر ئەمەشە سەرەتا ڤیزای کورتمەودا دەدرێت، بەڵام دوای ئەوەی چەند ڤیزایەکی کەم وەردەگرێت، ئەوکاتە دەتوانیت ڤیزای درێژخایەن وەربگریت و ژمارەیەک کەسمان هەن لێرە کە ئەو ڤیزایە وەردەگرن. رووداو: ئەی هۆکاری زۆر رەتکردنەوەی داواکارییەکانی پێدانی ڤیزا چین، ئایە رێنوێنییەکانتان گۆڕیون؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: نەخێر، سیاسەتەکە هەر وەکو خۆیەتی، لەڕاستیدا ئەوەی من ئاگادارم ژمارەی ئەو ڤیزایانەی بە خەڵکیان دەدەین زیادیان کردووە، هاوکات ژمارەیەکی زیاتریش خەڵک داواکاری پێشکێش دەکەن بۆ وەرگرتنی ڤیزا، رەنگە پێشبینییەکە ئەمە بێت، بەڵام ژمارەی ئەو ڤیزایانەی دەیاندەین زیاترن لە دوو ساڵ پێش ئێستا و ئەمە ئەگەریشە کە خەڵک بەدوای کاردا بگەڕێت لە ئەڵمانیا و ئینجا بێت ڤیزا وەربگرێت بۆئەوەی بچێتە ئەڵمانیا، هەموو ئەمانە رێیان تێدەچێت و زانراون. رووداو: پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی بە جینۆساید ناساند و بڕیاریدا یارمەتیی ئێزدییان بدرێت، ئێستا ئێوە بە کردەوە چی بۆ کوردانی ئێزدی دەکەن و چیتان کردووە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: هەر لێرە جێبەجێ دەکرێت لە عێراق، بە دیاریکراوی بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان، یارمەتی دراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، هەروەها ئەو یارمەتییەی کە دەیدەینە یونیتاد، کە دامەزراوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەڵگەنامە کۆدەکاتەوە بۆ شوێنکەوتن و دادگاییکردنی ئەو تاوانانەی کراون، پێمانوایە ئەوانەی جینۆسایدەکەیان کرد، دەبێت سزا بدرێن. رووداو: لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی شنگالەوە، رووبەڕووی هیچ ئاستەنگێک دەبنەوە بەهۆی ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنییەی لە شنگال هەیە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: تاوەکو ئێستا هەوراز و نشێوی تێدا بووە. دەتوانین پڕۆژەکانمان جێبەجێ بکەین و هەندێک ئاڵنگاریمان هەبوون، بەڵام لەڕاستیدا کەس پێشبینیی نەکرد ئەمە پڕۆسەیەکی ئاسان بێت، دەزانین دەچینە ناوچەیەک کە وێران بووە بەهۆی شەڕەوە و ئەمەش پرۆسەیەکی ئاسان نییە کە بونیادی بنێیتەوە و خەڵکەکەی بگەڕێنیتەوە شوێنی خۆیان، بەڵکو بەشێکی زۆر لەوەی کە هەیانبوو، ئەو شوێنانەی تێیدا دەژیان، چیدی نەماون. رووداو: زۆرینەی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیان، هەندێکیان کاروباری کۆکردنەوەی خێزان لە هەولێر دەکەن، ئێستا ئەو پڕۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: هیچ کات پڕۆسەیەکی خێرا نییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری مامەڵەی کۆکردنەوەی خێزانمان هەن، تەنانەت لە عێراقیشەوە کە دەچنە ئەڵمانیا، کارەکە دەکرێت، بەڵام هەر کەیسێک بە جیا، هەر یەکێکیان دەبێت بە تەنیا کاری تێدا بکرێت و دەبێت تەماشای ئەوەش بکرێت کە دەتوانن لە کوێی ئەڵمانیا بگیرسێنەوە و بەو شێوەیە. بۆیە پرۆسەیەکی خێرا نییە، داوای لێبووردن دەکەم، بەڵام روودەدات و دەکرێت. رووداو: ئەڵمانیا لە چەندین بواری جیادا هاوکاریی عێراق دەکات، هەروەها هاوکاریی دارایی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق دەکات، لە ساڵی 2023 بە بڕی چەند هاوکاریتان پێشکێش بە عێراق کردووە؟ کریستیان هۆمان دێنهاردت: لە 2023 حەفتا ملیۆن یۆرۆ.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/09012024
د. چۆمان هەردی، نووسەر و چالاکی بواری جێندەری دوای ئەوەی خەڵاتی فەرەنسی – ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ و سەروەری یاسای پێ بەخشرا بە رووداوی گوت بەردەوام دەبێت لە خەباتکردن لەپێناو مافەکانی ژنان و، پەیامیشی بۆ ژنان و کچان ئەوەیە "زۆر گرنگە تا ئەو شوێنەی دەتوانیت لێی بەردەوامبیت. لە مافەکانی خۆت خۆش نەبیت." ئەم خەڵاتەی بە د. چۆمان هەردی بەخشرا، بە هاوبەشیی فەرەنسا و ئەڵمانیا بە کەسایەتییە کاریگەرەکان دەبەخشرێت. چۆمان هەردی، لەو هەڤپەیڤینەدا باس لە هۆکارەکانی پێبەخشینی خەڵاتەکە و پلانی داهاتووی دەکات و دەڵێت؛ "قەت بیرم لەوە نەکردووەتەوە، رۆژێک لە رۆژان خەڵاتی نۆبڵ وەربگرم، بەڵام لە هەوڵ و خەباتم لەپێناو مافی ژنان بەردەوام دەبم." دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: چۆن بوو چۆمان هەردی لەنێو کۆمەڵێک ژندا بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە هەڵبژێردرا؟ چۆمان هەردی: ماوەی 22 ساڵە لە بواری مافی ژناندا کار دەکەم و لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەم کردووە و نامەی دکتۆرا و پۆست دکتۆراکەم و... چەند لێکۆڵینەوەیەکی دیکەم لەم بوارەدا کردووە و، وەکو مامۆستا وانەم گوتووەتەوە، هاوکات وەکو راهێنەرێک کارم کردووە. یەکەم خوێندن لەبواری جێندەر لە ساڵی 2011 لە زانکۆی سلێمانی بوو، ساڵی 2015 لە زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی سۆران سەنتەری جێندەرمان دامەزرا، بۆ ئەوەی مافی ژن بکرێتە پرۆگرامێکی خوێندنی زانکۆ، بەخۆشییەوە ئێمە لە زانکۆکەی خۆمان توانیمان نۆ وانەی تایبەت بە مافی ژن بخەینە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە و بەو بۆنەیەشەوە بووین بە خاوەنی یەکەمین پرۆگرامی خوێندنی جێندەر. لە خوێندنی ئەمریکا مرۆڤ دەتوانێ هەم پسپۆڕی یەکەمی هەبێت کە وانەکەیەتی، لەپاڵ ئەویشەوە پسپۆڕی دووەمی هەبێت کە مادەیەکی بچوکترە. ئێمە لەو بوارەدا نۆ وانەمان هەیە کە قوتابیان دەتوانن بیخوێنن. جگە لەوەی ساڵانێک کارم کردووە لەو بوارە، بەخۆشییەوە توانیومە هەندێک راپۆرتی زۆر گرنگ لەسەر نوێنەرایەتیی ژن لەنێو پرۆگرامی خوێندنی پۆلی سەرەتایی تاوەکو پۆلی نۆ و تەنانەت لەسەر چۆنیەتی نوێنەرایەتیکردنی میدیا بۆ ژن لە میدیای کوردی و عێراقی، هەروەها چەمکی پیاوێتی و پیاوبوون لەنێو کۆمەڵگەی کوردی و لە چەند بوارێکی دیکەیشدا کارم کردووە و خولی راهێنانم هەبووە و وانەم گوتووەتەوە. رووداو: مەرجەکان چی بوون بۆ ئەوەی ببیتە بەربژێر بۆ ئەم خەڵاتە؟ چۆمان هەردی: مێژووی کەسەکە، چەند ساڵە لەم بوارەدا کار دەکات و چی کردووە و چۆن بەردەوامبووە لەسەر کارەکەی، وەکو لە مەرجی پێبەخشینی خەڵاتەکەشدا دەڵێت، ئەو کەسانەی لە شوێنێکی سەختدا یان لە بوارێکدا رووبەڕووی سەختیی دەبنەوە، هێشتا پێداگری دەکەن و بەردەوامدەبن لەسەر خەباتەکەیان، ئەو کەسانە زیاتر هەڵدەبژێردرێن بۆ پێدانی خەڵاتەکە. پێشتر د. نەغم نەوزاد کە چالاکڤانێکی ئێزدییە، یەکەم براوەی ئەو خەڵاتە بووە لە عێراق و، من دووەم کەسم وەریدەگرم کە هەردووکمان ژنە کوردین. رووداو: تۆ زیاتر وەکو شاعیر و نووسەر ناسراوی، چۆن خەڵاتێکت لەبواری مافی مرۆڤدا وەرگرت؟ چۆمان هەردی: من، لە ئەدەبیاتدا ئەوەی نووسیومە زیاتر بە زمانی ئینگلیزی بووە، لە دەرەوەی وڵات من زیاتر وەکو نووسەر ناسراوم، پێنج کتێبم بە زمانی ئینگلیزی هەن، کە رۆمان، شیعر و کتێبی ئەکادیمین، جگە لەوەی هەندێک لە شیعرەکانی من لە ساڵی 2010ـەوە لە پرۆگرامی خوێندنی بەریتانیادا دەخوێندرێن، بۆیە لەوێ زیاتر وەکو ئەدیبێک ناسراوم، بەڵام تەنانەت نووسینی شیعر و ئەدەبیاتەکەشم زۆر پەیوەندی بە مافی ژنانەوە هەیە. بۆ نموونە لە دوایین رۆمانمدا کە ساڵی 2023 چاپ بوو، هەوڵمداوە زیانەکانی پیاوسالاری، نەک تەنیا بۆ ژنان، بەڵکو بۆ پیاوانیش وێنا بکەم، بۆ نموونە زۆرجار پێداگری دەکەینەوە لەسەر ئەوەی ژنان لە سیستمی پیاوسالاریدا زەرەرمەندن، تەنانەت ئەو پیاوانەش کە لەژێر گوشاردا هەندێک جار هەندێک هەڵە بەرامبەر خۆشەویستەکانی خۆیان دەکەن، جا خوشکیان بێت، دایکیان بێت یان هاوسەریان بێت، دوایی تووشی کێشە دەبن. هەوڵمداوە ئەزموونێکی وا بگێڕمەوە، کە پیاوێک خۆی قوربانی سیستمی پیاوسالارییە و بەو شێوەیە پەروەردە کراوە و چۆن زەرەرمەند بووە لەو سیستمە. تەنانەت لە رووی ئەدەبیشەوە بواری مافی ژنان هەمیشە بۆ من ناوەند بووە، لە لێکۆڵینەوەکانیشم و لە وانەکانیشمدا، لەو مەنهەجەشدا کە دروستمان کردووە هەر ژن سەنتەر بووە. رووداو: هەنگاوی دوای وەرگرتنی ئەم خەڵاتەت چی دەبێت؟ چۆمان هەردی: لەسەر کاری خۆم بەردەوام دەبم، چەند لێکۆڵینەوەیەکی دیکەم بەدەستەوەیە، کە هیوادارم لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو تەواویان بکەم. یەکێک لەوانە رۆڵی ژنە لە شۆڕشی کورد، بەتایبەت دوا قۆناخ کە ساڵی 1976 بۆ 1990ـە. جگە لەوەش هەندێک پرۆژەی ئەدەبیم بەدەستەوەیە. هیوادارم بتوانم لەبواری وانەگوتنەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامبم. رووداو: تۆ کچی ئەحمەد هەردی، شاعیری ناوداری کوردی، خۆشت لەبواری مافی ژناندا زۆر کارت کردووە و خەڵاتی زۆریشت وەرگرتووە، پەیامی تۆ بۆ ژنانی کورد چییە، پێویستە چی بکەن بۆ ئەوەی زیاتر مافەکانیان بەدەستبهێنن؟ چۆمان هەردی: هەمیشە بە قوتابییە کچەکانیشم دەڵێم، هەندێک شت هەیە زۆر گرنگە و ئێمە دەتوانین لە لای خۆمانەوە کاریان لەسەر بکەین، زۆر گرنگە خۆمان پەروەردە بکەین، تۆی ئافرەت، تۆی کچ زۆر گرنگە خوێندەوار بیت و خوێندنەوەت هەبێت بۆ بارودۆخی خۆت لەنێو کۆمەڵگەکەتدا و تێگەیشتنت بۆ بارودۆخی کۆمەڵگەکەت هەبێت و داکۆکی لە مافەکانی خۆت بکەیت. واتا یەکەم شت خۆپێگەیاندنە و لەبواری خوێندندا، زۆر گرنگە کە تا ئەو شوێنەی دەتوانیت لێی بەردەوامبیت. لە مافەکانی خۆت خۆش نەبیت، بە مەرجێک خۆت دوور نەخەیتەوە لە کۆمەڵگە. من یەکێک بووم لەوانەی لە تەمەنێکی زۆر زووەوە بە بەردەوامی خەریکی دانوستان بووم لەگەڵ دایکم و خوشکەکانم. زۆر گرنگە لەنێو خێزانەکانماندا ئەگەر هەست بە نادادپەروەری دەکەین، قسە بکەین و گفتوگۆی لەسەر بکەین. جاری وا هەیە گەنجەکان دەترسن لەوەی رووبەڕووی کێشە ببنەوە، دەترسن ئەگەر بێنە بواری مافی ژنانەوە و کار بکەن، رووبەڕووی کۆسپ و ناوزڕاندن و هێرش و پەلامار ببنەوە. مێژوو پێمان دەڵێت، بەبێ ئەو کەسانەی شەڕیان کردووە بۆ دادپەروەری و هەندێک جار بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، گۆڕانکاری دروست نابێت. گرنگە لەسەر دادپەروەری پێداگربین، جا ئەگەر پەیوەندی بە مافی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە هەبێت، پەیوەندی بە چینی هەژارەوە هەبێت یان مافی ژنانەوە. واتا چ بابەتێک بۆ ئێوە گرنگە داکۆکی لێ بکەن. دڵنیابن ئەگەر لەسەر کارەکەتان بەردەوام بن، دانپێدانانی گەورەش وەردەگرن و سەرکەوتوو دەبن. رووداو: دوای ئەوەی ئەو خەڵاتەت پێشکەش کرا، ئاخۆ کار بۆ ئەوە دەکەی لە داهاتوودا خەڵاتی نۆبڵ بەدەست بهێنیت؟ چۆمان هەردی: ئەوە بابەتێک نییە خۆم کاری لەسەر بکەم. بە بڕوای من ئەمە شتێکی دوورە، لە خەیاڵی خۆمدا بە هیچ جۆرێک بیرم لەوە نەکردووەتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە، ئەوەیە؛ بتوانم لە کارەکەی خۆم بەردەوامبم. زۆر جار هەیە بەتایبەت کە رووبەڕووی هێرش دەبینەوە، خەڵکی دیکە پێمان دەڵێن ئەوە تۆ هێشتا لێرەی؟ هێشتا ماوی؟ بەڵێ من هێشتا لێرەم و لە کارکردنم بەردەوامم، خەبات لە پێناو مافی ژنان یەکێکە لەو بابەتانەی کە من بۆی دەژیم و ئەگەر وازی لێ بهێنم، چیدیکە نابم. پێویستە ئامادەیی ئەوەشمان هەبێت لە پێناو ئەو خەباتەی دەیکەین قوربانی بدەین و بەردەوامبین تاوەکو سەرکەوتن بەدەست دەهێنین.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/090120247
رێکخەری هەرێمی بۆ کاروباری کەشوهەوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەر بە نووسینگەی رۆژئاوای ئاسیا رایگەیاند، "هیچ هاوکارییەکمان لە بواری وزەی نوێبووەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە." ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ عێراق کار لەسەر پلانێکی نیشتیمانی دەکەن بۆ ژینگە و "پلانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق پێویستی بە 4 ساڵە." لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە نمە نەبەز لەگەڵی کردووە، تاریق خوری، رێکخەری هەرێمی بۆ کاروباری کەشوهەوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەر بە نووسینگەی رۆژئاوای ئاسیا، باسی پرسی گۆڕانی کەشوهەوا کرا، کە بووەتە پرسێکی جیهانی. ئەو بەرپرسە دەڵێت، "دەوڵەتان هاندەدەین بۆئەوەی رۆڵێکی کەمتریان لە دەردانی گازەکاندا هەبێت." تاریق خوری دەڵێت، "بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە عێراق کاریگەری دەخاتە سەر ئاسایشی کشتوکاڵ و ئاو." لەبارەی هاوکارییان لە بواری وزەی نوێبووەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، لەو بوارەدا هیچ هاوکارییەکیان نییە، "کوردستان لەو ناوچانەیە کە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا." رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان چ رێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە سەرانسەری جیهان سەبارەت بە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا کە زۆر گرنگ بێت بۆ چارەسەرکردنی؟ تاریق خوری: سوپاس بۆ ئەم میواندارییە.. بێگومان مەسەلەی گۆڕانی کەشوهەوا بووە بە مەسەلەیەکی جیهانی و بەگشتی هەموو رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتیش پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە لە کارو چالاکیی بەردەوامدان بۆئەوەی تیشک بخەنە سەر ئاسەوار و کاریگەرییە گەورەکانی گۆڕانی کەشوهەوا چ لەسەر ئاستی جیهانی و چ لەسەر ئاستی ناوچەکان و وڵاتان بەگشتی. لە چوارچێوەی مەنزومەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ژینگە رێککەوتننامەیەکی دیاریکراومان هەیە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، ئەویش تەرخانکردنی پرۆگرامێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە تەنیا لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا کار دەکات و میوانداریی چالاکییەکانی تایبەت بەو کێشەیە دەکات لەسەر ئاستی جیهان و لەسەر ئاستی هەرێمەکان، لەوانە هەفتەی هەرێمایەتی گۆڕانی کەشوهەوا کە میوانداری خەڵکێکی زۆری کرد، کەواتە لە چوارچێوەی ئەم پرۆگرامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەوڵی دروستکردنی دیالۆگ دەدەین سەبارەت بەو باسە.. زۆر کاری با بڵێین ئەم پرۆگرامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە ئەوەیە کە دەیەوێ رۆشنایی بخاتە سەر بابەتەکانی ژینگە لە کێشەیەکی دیاریکراودا، بۆ نموونە کەمکردنەوەی دەردانی گاز کە ساڵانە بڵاوکراوەی لەوبارەوە هەیە و بڕی گازی دەردراو دەخاتەڕوو، هەروەها ئەوەی کە پێویستە ئەو بڕە بۆ چەند کەم بکرێتەوە لەپێناوی زیندوو راگرتنی رێککەوتننامەی پاریس. جگە لەوەش راپۆرتی جۆراوجۆر دەردەکەین کە پەیوەندییان بە جیاوازییەکانەوە لە مەسەلەی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، وەکو راپۆرتی درز و کەلێنەکانی خۆگونجاندن، بە کورتی چەندین راپۆرت و پرۆگرامی لەوجۆرەمان هەن. ئامانج لەم کارانەش هاوکاریکردنی دەوڵەتانە بۆئەوەی پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن و هاوکاربن لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و هەروەها هاندانی دەوڵەتان بۆئەوەی رۆڵێکی کەمتریان لە دەردانی گازەکاندا هەبێ و بتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم رەوشە نوێیە بگونجێنن. رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان چ ستراتیژییەتێکی تایبەتی هەیەو بەکاری دەهێنێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و گازە زیان بەخشەکان، یاخود رێنمایی دان بە ولاتانی دیکە کە کاربون و گازە زیانبەخشەکان کەمبکەنەوە بەگوێرەی هەندێک ستراتیژی تایبەت کەلەلایەن نەتەوەکەگرتووەکانەوە دەربچێت. تاریق خوری: ئەمە پرسیارێکی گرنگە. مەسەلەی کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان کە دەتوانین بڵێین هۆکاری سەرەکی گۆڕانی کەشوهەوایە و ئەم گۆڕانەش بێگومان کاریگەریی گەورەی لەسەر هەموو وڵاتان داناوە، ئەو کارانەی بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازەکان دەکرێن، پێویستە دەوڵەتەکان خۆیان بە گوێرەی پلانی خۆیان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان سەرکردایەتی بکەن. ئەو پەراوێزەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەمێنێتەوە، یان با بڵێین ئەم پرۆگرامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە، بریتی دەبێ لە یارمەتیدانی دەوڵەتان لە دەستەبەرکردنی زانیاری، بنیاتنانی تواناکانی ئەو کەسانەی بڕیاربەدەستن، یان ئەو تەکنیکییانەی لە وەزارەتە پێوەندیدارەکاندا کار دەکەن، وەکو ژینگە و پلاندانان و هەتا دوایی، بۆئەوەی بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلانە بکەن، جا بە بەخشینی زانیاری بێت یان توانادارکردنیان لە بابەتی کەمکردنەوەی دەردانی گاز یان خۆگونجاندن. بۆ ئەوانەش پرۆگراممان هەن، بۆ نموونە کە باسی عێراق دەکەین، ئێستا پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە، لەگەڵ عێراق کار لەسەر پلانێکی نیشتیمانی دەکات بۆ خۆگونجاندن، ئەمە کارێکە پێویستی بە سێ چوار ساڵ هەیە و چەندین چالاکی لەخۆدەگرێ. پرۆژەیەکە تێچووەکەی نزیکەی سێ ملیۆن دۆلارە و ئامانجەکەی دانانی پلانێکی نیشتیمانیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەخشینی زانیاری و پایەدارکردنی سیاسەتەکانی و دەستنیشانکردنی کەلێنە یاساییەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەمە یەکێکە لە نموونەکان. رووداو: باست لەو پلانە نێودەوڵەتییە کرد کە عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دایدەنێت، ئەو پلانە بە وردەکاری چ هەنگاوێک و چ پرۆژەیەک لە خۆ دەگرێت کە باست لەوە کرد نزیکەی سێ ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج دەکرێت؟ تاریق خوری: تێچووی ئەم پلانە لەلایەن سندووقی ژینگەی سەوز دابین دەکرێ نە لەلایەن حکومەتی عێراق، ئەمە تەنیا بۆ روونکردنەوەیە. ئامانجی ئەم پلانە بەشێوەیەکی گشتی یارمەتیدانی عێراقە بۆ سازکردنی کار و چالاکی و بەرنامەگەلی تایبەت بە خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەو ئاسەوارانە چین؟ ئاسەوارەکانی لە ناوچەی عەرەبیدا بەگشتی دیار و بەرچاون. بە نیسبەت عێراق، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەری دەخاتە سەر ئاسایشی ئاو، سەر کشتوکاڵ، ئەمەش دووبارە کاریگەری دەبێت لەسەر زیاتر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی دیاردەکانی خۆڵبارین. پلانی نیشتیمانی بۆ خۆگونجاندن کە ئێمە خەریکین لەو رووەوە هاوکاریی عێراق دەکەین، کۆمەلێک کار و چالاکی لەخۆدەگرێت. یەکێک لەوانە بەهێزکردنی توانای دامەزراوەکانە. بەهێزکردنی هاوکارییە لەنێوان هەموو لایەنەکانی عێراق بۆئەوەی درک بە گرنگیی ئەم خۆگونجاندنە بکەن و پلانی بۆ دابنێن. هەروەها کار لەسەر پایەدارکردنی چەمکی خۆگونجاندن دەکات لە هەموو کەرتەکانی دەوڵەتدا. دیاریکردنی پەیوەندی لەنێوان کارەکانی تایبەت بە خۆگونجاندن لەگەڵ رێککەوتننامەکانی تایبەت بە ژینگە. هەروەها پێداچوونەوە بەو یاسایانەی پەیوەندییان بە بەرنامەکانی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا هەیە. لە کۆتاییشدا ئامانجەکە دانانی پلانێکی نیشتیمانییە بۆ خۆگونجاندن کە دەبێ بچێتە نێو هەموو کەرتەکانەوە جا کەرتی وزە بێت، کشتوکاڵ بێت یان چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک و هەتا دوایی. رووداو: لە ماوەی رابردوو چەند ئامرێک هەبوون لەلایەن هەندێک رێکخراوی نێودەوڵەتی لەوانە رێکخراوی پەنابەرانی نەرویجی کە باس لەوەدەکەن لە چەند ساڵی داهاتوو، یاخود چەند ئامێرێکیان بۆ ساڵانی رابردوو خستووەتەڕوو بەشێک لە گوندەکانی عێراق و خەڵەکەکەی بەهۆی بەبیابانبوون و وشکەساڵی و توانای نەمانی کشتوکاڵکردن و ئاژەڵدارییان نامێنێت لە ناوچەکاناین ناجاردەبن کۆچ بکەن و ئاوارە دەبن لە ناوخۆی عێراقدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هێج ئامارێکی تایبەت بە ئاوارەبوونی دانیشتووانی عێراق ناوخۆی ئەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆرانی کەش وهەوا لەلا هەیە؟ تاریق خوری: ئەو راپۆرتەی بەڕێزت باست کرد، زۆر مومکینە رووبدات ئەگەر هیچ کارێک نەکەین. کەسمان نازانین لە داهاتوو چی روودەدات، چونکە ئەمە دەوەستێتە سەر رێکارەکانی کەمکردنەوەی دەردانی گاز لەسەر ئاستی جیهان، چونکە مەسەلەی گۆڕانی کەشوهەوا مەسەلەیەکی جیهانییە و هیچ سنوورێک ناناسێ. بۆیە ئێمە با بڵێین لەو راپۆرتە نێودەوڵەتییەدا کە ژمارەیەک لە پسپۆڕانی کەشوهەوا ئامادەمان کردووە، پێنج سیناریۆمان لەسەر ئاستی جیهان هێناوەتە بەرچاو کە بڕی تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای بەگوێرەی بڕی گازی دەردراو بۆ ناو هەوا مەزەندە کردووە. ئەگەر هیچ نەکەین و هیچ لە سیاسەتەکانی ئێستا نەگۆڕین، رەنگە تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بگاتە چوار پلە. رووداو: ئامارێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان نییە کە پیشانی بدات کە چەند کەس لە چەند گوند لە عێراقەوە بەهۆی کاریگەری گۆرانەکانی کەشو هەوا چ وشکەساڵی یاخود بە بیابانبوون یاخود هۆکارەکانی دیکە ئاوارەبووبن و ناچاربن شوێنەکانیان جێبهێڵن و روو لە شوێنی دیکە بکەن؟ تاریق خوری: نەخێر.. نا.. چونکە هەمووی دەوەستێتە سەر چۆنێتی کاردانەوەی ئێمە و ئایا لە ئێستادا چ رێکارێک دەگرینەبەر. بەڵام لە چوارچێوەی ئەو پلانە نیشتیمانییەی باسمان کرد، سیناریۆ و مەزەندەی خۆمان دیاری کردووە کە پلەی گەرما چەندە بەرز دەبێتەوە. بەگوێرەی یەکێک لە سیناریۆکان یەک پلە و نیو، بەگوێرەی یەکێکی دیکەیان 2.6 لە سەت و هەتا دوایی. بێگومان هەر سیناریۆیەک دەکرێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی دیاریکراوم لەبەردەست نییە.. بەڵام وەکو کاری خۆمان ئەو سیناریۆیانەمان داناون و دەتوانین دواتر بیدەینە ئێوەش. رووداو: لەسەر عێراق بەردەوام دەبین مادام بابەتەکە هاتە سەر عێراق، نەتەوەکەگرتووەکان باست لەوەکرد خەریکی پلانێکی نەتەوەیین لەگەڵ عێراقدا بەدرێژایی چەند ساڵێک و پرۆژەیەک و چەند پلانێک لەخۆدەگرێت، بەڵام جگە لەوە لە بواری وزەی نوێبووەوە هیچ هاوئاهەنگییەکتان لەگەڵ عێراق یاخود حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە کار لەسەر وزەی نوێبووەوە بکەن؟ تاریق خوری: ئێستا و لەم ساتەدا هاوکارییەکی لەوجۆرەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری وزەی نوێبووەوە نییە، چونکە فۆکەسی ئێمە زیاتر لەسەر بابەتی خۆگونجاندنە بەشیوەیەکی گشتی. هەمیشە لە کاری ژینگەییدا دوو شتمان هەن: خۆگونجاندن و کەمکردنەوەی گاز. پشکی عێراق لە دەردانی گاز لەسەر ئاستی جیهان سفر پۆینت شەش لە سەدە. بێگومان دەبێ کارکردنمان لە بواری کەمکردنەوەی گاز هاوشان بێ لەگەڵ کارکردنمان لە بواری خۆگونجاندن، بەڵام حاڵی حازر لەسەر داوای حکومەت ئەولەویەتمان بە خۆگونجاندن داوە. بێگومان ئەم پلانی نیشتیمانییە بۆ خۆگونجاندن پلانێکە بۆ هەموو عێراق، بەڵام لەم کاتەدا هیچ پرۆژەیەکمان نییە تایبەت بە کەمکردنەوەی دەردانی گاز و تەنیا لە بواری خۆگونجاندن کاردەکەین. پرۆژەیەکی دیکەشمان هەیە پەیوەندی بە شەفافیەتەوە هەیە. رووداو: بەگوێرەی زانییارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چ ناوچەیەک لە عێراق ، کە عێراق یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشو هەوای لەسەر دەرەکەوێت لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام لە ناو عێراق چ ناوچەیەکن کە زۆرترین کاریگەریان لەسەر دەرەکەوێت، هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو ناوچانەی کە مەترسیدارن، لەڕووی کاریگەرییەکانی کەش و هەوا؟ تاریق خوری: بەڵێ.. بێگومان. راستە، ناوچەی کوردستانیش لەو ناوچانەیە کە دەکەونە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەر لەسەر ئاستی جیهان کاری جدی بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نەکرێ. عێراق بەگشتی لەو رووەوە کاریگەر دەبێ نە تەنیا هەر ناوچەیەکی دیاریکراوی، بەڵام بەتایبەتی لەو ناوچانە زۆرتر دەردەکەوێ کە کێشەی کەمئاوییان هەیە. مەسەلەی ئاسایشی ئاو لە عێراق زۆر بە توندی بە مەسەلەی گۆڕانی کەشوهەواوە گرێدراوە. کێشەی خۆڵبارین هەروەها کە ناوچەی کوردستانیش دەگرێتەوە. کشتوکاڵ هەروەها بەو گۆڕانە کاریگەر دەبێ و دەشزانم کە ناوچەی کوردستان زۆرتر پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێ. رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر زانیارییەکی راگەیاندبوو کە تاوەکو ساڵی 2025 رێژەی ئاو لە عێراق 20٪ کەم دەکات خۆشت باست لە ئاساییشی ئاو کرد لە عێراق کە یەکێکە لە کێشەکان ئ/ێوە چۆن هاوکاری عێراق دەکەن لەمبواردەدا و چ پرۆژەیەکتان هەیە بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایشی ئاو لە عێراق و چۆن ئامۆژگاری حکومەتی عێراقی دەکەن کە مامەڵەی لەگەڵ بکات؟ تاریق خوری: مەسەلەی ئاسایشی خۆراک وەکو خۆت گوتت لە گرنگترین ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت لەسەر عێراق. یەکێ لە گرنگترین کارەکانی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم ئاسەوارە، چونکە بە ئاسەوارێکی گۆڕانی کەشوهەوا دادەنرێ، بریتییە لە کارکردن لەسەر باشترکردنی ژێرخانی تۆڕی ئاو، جا ئاوی خواردنەوە بێت یان ئاوی قورس. کارکردن لەسەر خاوێنکردنەوە و پاڵاوتنەوەی ئاو بەو شێوازانەی لەگەڵ ژینگە دەگونجێن. گرنگترین شتیش کارکردنە لەسەر کەمکردنەوەی داخوازی لەسەر ئاو، ئەوەش بۆ پاراستنی ئەو برە ئاوەی لەبەردەستە. بێگومان چۆن دەتوانین ئەم داخوازییە لەسەر ئاو کەم بکەینەوە؟ دەکرێ کار لەسەر مەسەلەی ئاودێری بکرێ لە بواری کشتوکاڵدا و رێگەی نوێ بۆ ئاودێری بگیرێتەبەر و تەکنۆلۆژیای ساز لەگەڵ ژینگە بەکاربهێنرێ. چاککردنی تۆرەکانی گواستنەوەی ئاو لەپێناوی کەمکردنەوەی ئاوی بەفیڕۆچوو، کەواتە هەر شتێک هاوکاریمان بکات لە کەمکردنەوەی داخوازی و رێگرتن لە بەفیڕۆچوونی ئاو، ئەوە دەبێتە کارکردن بە ئاراستەی خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە بواری ئاسایشی ئاو. رووداو: ئێوە هیچ هاوکاری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن لەڕووی کشتوکاڵەوە کەبە شێوەیەکی ژینگەدۆستانەتر بکرێت وەکو باست کرد کە ئامێری تەکنەلۆژی پیشکەوتوو بەکاربهێندرێت کە ژینگە دۆستن، ئێوە هیچ لەو ئامێرانە دەدەن بە عێراق و هەرێمی کوردستان یاخو هاوکارییان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی؟ تاریق خوری: بەداخەوە نەخێر، پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە کاری تەکنیکی دەکات لەسەر ئاستی سیاسەتەکان و ستراتیژییەکان و پڕکردنەوەی کەلێنەکان لەڕووی زانیاری لە هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە. پێموایە رێکخراوی فاو زیاتر لەو پرۆژانەدا کار دەکات، بەڵام بەداوای لێبوردنەوە من زۆر شارەزای کارەکانی ئەوان نیم. هاوکارەکانمان لە رێکخراوی جیهانیی خۆراکیش لەو بوارەدا کار دەکەن. رووداو: باست لە راوێژکاری سیاسی کرد لەو ڕووەوە کە ئیوە زیاتر هاوکاری عێراق دەکەن و کارەکانی نەتوەیەکگرتووەکان لە عێراق بەمشێوەیەیە زیاتر، ئەگەر وابێت بەم دۆخەی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان لەڕووی کاریگەرییەکانی گۆرانی کەش و هەوا لەسەریان چ ئامۆژگارییەکتان هەیە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن و بە چ سیاسەتەێک مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆرانکارییانە بکەن؟ تاریق خوری: گرنگترین شت ئەوەیە کە لەبارەی ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە هۆشیاریمان هەبێ. دەستنیشانی کێشەکان بکەین و پۆلێنیان بکەین. ئێمە لە چوارچێوەی پلانی نیشتیمانی خۆگونجاندندا کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەو ئاسەوارانە دەستنیشان بکەین. بنیاتنانی توانا لەسەر ئاستی ئەوانەی سیاسەت دادەڕێژن، بە جۆرێک کە تێگەیشتنێکی دروستیان لەبارەی ژینگە و فاکتەرەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هەبێ، ئەمە زۆر گرنگە. بۆ عێراقی ئێستا، لەگەڵ توندبوونەوەی قەیرانی، یان لە جیاتی قەیران با بڵێم ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، زۆر گرنگە لە چۆنێتی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم دیاردەیە تێبگەن و پلانی گونجاو لەسەر ئاستی ناوچەکان و ئاستی نیشتیمانی دابنێن و پشتیوانی لەوانە بکەن کە بەهۆی ئەم ئاسەوارانەوە زەرەرمەند بوونە، وەکو جووتیاران و ئەوانەی لەڕووی دارایی و ئابوورییەوە ئەڵقە لاوازەکەن و بەشە فشۆڵەکەی کۆمەڵگە پێکدێنن. هەروەها گرنگیشە کە بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ کارەساتە سروشتییەکان بکەین. بۆ تێگەیشتن لەوەی کە دەبێ ئەو کارەساتانە چی بن، بێگومان باسی ئەوانە دەکەین کە پەیوەندییان بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە. دەکرێ کار لەسەر دامەزراندنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت بکرێ بۆ سەرانسەری عێراق. واتە بتوانی پێشبینی کارەساتی سروشتی بکەی و بزانی چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەی و پێش ئەوەی رووبدات خۆتی لەگەڵ رابهێنی. رووداو: دۆخی دارخورماکان لە عێراق، کە سیمبولی ئەو وڵاتەن بەشێوەیەکی گشتی لەلایەن خەڵک ئامار و ژمارە هەبوو کە پێشتر خرابووە روو کە دەیگوت بەرهەمهێنانی خورما لە عێراق بەهۆی وشکەساڵی و پێنەگەیشتنی دارخورماکان کەمیکردووە هیچ ئامارێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بەفەرمی لەسەر دۆخی دارخورماکان لە عێراق هەیە؟ تاریق خوری: بەداخەوە ئامارم لەبەردەست نییە، بەڵام ئەوە بۆ خورما و بۆ هەر بەرهەمێکی دیکە راستە کە بڕی بەرهەمهێنان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دابەزیوە، گرنگترین خاڵیش لەم بوارەدا ئاوە، هەروەها گۆڕان لە کواڵیتی خاک بەهۆی خۆڵبارین و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و هەتا دوایی، کەواتە لێرەدا بیرۆکەیەکمان هەیە سەبارەت بە قەبارەی ئەو زیانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە عێراق کەوتووە، لەوانە کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵ و بەتایبەتیش خورما. ئەوە راستە. رووداو: زۆر لە ناوچە لە جیهان ئێستا کێشەی سەرەکییان ئێستا رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا نییە، لەبەر ئەوەی زۆرێک لە ناوچەکان شوێنی جێناکۆکن یاخود شەڕیان تێدایە ، شەڕی ناوخۆیان تێدایە بۆ نموونە سووریا و رۆژئاوای کوردستان کە جگە لەوەی بەدەست کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا دەناڵێنن و وشکە ساڵی لەو ناوچانەدا هەیە لەهەمان کاتدا ناتوانن راستەوخۆ سیاسەتێکی رێکوپپێک رووبەڕوویان ببنەوە چۆن هاوکارییان دەکەن لەمڕووەوە؟ تاریق خوری: بێگومان ئێمە وەکو پرۆگرامێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە، مەسەلەی ململانێ و جەنگ کارەکانمان راناگرن، چونکە ژینگە جیاوازی ناکات لەنێوان کەسەکان. لە سووریاش وەک چۆن لە عێراق کاردەکەین، لەوێش خەریکی خستنەڕووی پیشنیازێکین بۆ دانانی پلانێکی نیشتیمانی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئێستا لە قۆناغی کۆتایی ئەو کارەداین. هەر لە سووریا کارمان لەسەر مەزەندەکردنی رەوشی ژینگە کردووە، راستە کاری لەپێشین دەبێ هاوکاریی ئەوانە بێت کە زەرەرمەند بوونە لەو جەنگەی هەیە، بەڵام بابەتی ژینگەش شتێک نییە پشتگوێ بخرێ. بێگومان زۆر رێکخراوی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەن کە لەناو سووریا لە بواری مرۆیی کاردەکەن، بەڵام بە نیسبەت ئێمە وەکو پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە، گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی نووسینەوەی راپۆرتی ژینگە و پشتیوان بە خوا لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەست بە پلانی نیشتیمانی بۆ خۆگونجاندن دەکەین. بێگومان لەگەڵ حکومەتیش لە پەیوەندیداین. رووداو: هیچ پرۆژەیەکی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆرانی کەش و هەوا لە باکوور و رۆژهەڵاتیی سووریا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە جێبەجێدەکرێت؟ تاریق خوری: ئێستا نەخێر.. ئێمە مامەڵە لەگەڵ حکومەت دەکەین. بێگومان ئێمە کە سەیری بابەتی ژینگە دەکەین سەیری هەموو سووریا دەکەین وەکو ناوچەیەک. رووداو: باسێک لە دەریاچەی ورمێ بکەین لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی زۆری وشک بووەو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ناوچەکانی دەوروبەری دروستکردووە ئێوە لەگەل حکومەتی ئێران هیچ دانوستانێک و گفتوگۆیەکتان لەبارەی دۆخی دەریاچەی ورمێ کردووە؟ تاریق خوری: دەبێ بمبوورن زانیاریم لەوبارەوە نییە. ئێمە وەکو نووسینگەی هەرێمایەتی تەنیا رووماڵی ناوچەکانی رۆژئاوای ئاسیا دەکەین، هاوکاری دیکەمان هەن لە نووسینگەی ئاسیا کە ئەو کارە دەکەن، بۆیە داوای لێبوردن دەکەم. رووداو: سوپاس بۆ ئێوەش.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/12102023
سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق دەڵێت، "زۆر ئەستەمە" بەهای دۆلار بگاتە 200 هەزار دیناری عێراقی و لەمەودوا بەهای دینار بەرز دەبێتەوە نەک دابەزێت. وەک فەیسەڵ ئەلهەیمەس دەڵێت، لە کۆی نزیکەی 71 بانکی کارا لە عێراق، 18یان قەدەخەی مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ قەدەخەکراوە. دەشڵێت، "راگرتنی مامەڵەکانی 14 بانکەکە زەنگی مەترسییە بۆ عێراق." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەیسەڵ ئەلهەیمەس، سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق رووداو: لە چەند رۆژی رابردوو بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زۆر دابەزی هەندێک کەس هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ سزادانی ئەو چواردە بانکەی عێراق کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بەسەریان سەپێندرا، کە بە زەنگێکی مەترسیدار دایدەنێن، جەنابت لەم بارەیەوە چی دەڵێی؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، سوپاس بۆ میوانداریکردنم و پێدانی ئەم دەرفەتە. ئێوەش دەزانن، ئێمەی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان، لایەنی پەیوەندیدارین بە بازاڕی پشکەکان و قەواڵەکانی عێراق. بابەتی دۆلار ئێوەش دەزانن بابەتێکی راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە بانکی ناوەندیی. بەڵام وەک وەڵامێک بۆ پرسیاری بەڕێزتان، رێگریکردن لەم 14 بانکە بۆ دەستبردن بە سەکۆی مامەڵەکردن بە دۆلار، بەدڵنیاییەوە کاریگەری بەسەر سروشتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و دینار دەبێت. ئێمەش لە ماوەی رابردوودا ئەمەمان بەدیکرد. بەڵام ئێوەش دەزانن هەوڵی حکومی هەیە بە چاودێری بانکی ناوەندی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ دانانی نەخشەڕێگایەکی دیاریکراو بۆ کەرتی بانکی. لە چەند رۆژی رابردووشدا بینیمان هەڵمەتێک لە دژی قاچاخچییەکانی دۆلار لەناو بازاڕەکاندا دەستیپێکرد. پشت بەخوا ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ رێکخستنی کاری بانکی لە عێراق و پرۆسەی کارکردن لە سەکۆی دراوەکان. دەرەنجام کار بۆ ئەوە دەکرێت سەقامگیری بۆ دۆخی ئابووری و بەهای ئاڵوگۆڕی دراوەکان بەدی بکرێت. هاوکات رێگری لە هەڵاوسان بکرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان کە راستەوخۆ قووتی هاووڵاتییان بە ئامانج دەگرێت. رووداو: پێتوایە سزادان و لابردنی ئەو چواردە بانکەی عێراق زەنگێکی مەترسیدارە؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: بەدڵنیاییەوە، ئێوەش دەزانن ئەمڕۆ لە عێراق ئێمە لە ساڵی رابردوودا بینیمان چوار بانک لە عێراق مامەڵەکردنیان بە دۆلار قەدەخەکرا. بەمدواییانەش 14 بانکی دیکە قەدەخەکران و لە کۆی نزیکەی 71 بانکی کارا لە عێراق، 18یان قەدەخەی مامەڵەکردن بە دۆلار بەسەریاندە سەپێندرا. ئەم جۆرە رێکارانە، بەگوێرەی روونکردنەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیارەکە بۆ تۆکمەترکردنی پرۆسەی کاری بانکی لە عێراق دەکات. هەروەها جەختیان لەوەکردەوە، کە ئەم رێکارانە سزا نین، بەڵکو تەنیا مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ قەدەخەکردووە. بانکی ناوەندیی عێراقیش تاکە لایەن و سەرچاوەیە بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن بە بانک و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی سیاسەتی دارایی و بانکی عێراق کاربکەن. هەر خۆیشی دەسەڵاتی قەدەخەکردن و هەڵوەشاندنەوەشی هەیە. ئەم بڕیارە، قەدەخەکردنێکی کاتییە بۆ گەیشتنیان بە پرۆسەی مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنی دراوەکان. ئەگەر بێتوو بانکەکان خۆیان رێکخستەوە و پابەندی تەواوی رێنماییەکان بوون، دەکرێ دووبارە بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان لە کڕین و فرۆشتنی دۆلار. رووداو: لەڕووی پڕاکتیکیەوە جیاوازی چییە لەنێوان ئەوەی ئەو چواردە بانکەی خرانە لیستی رەشەوە یان دەرهێندرابن لە لیستی پێدانی دۆلار چ جیاوازییەکی هەیە، بۆ پێتوایە کە ئەمە کاتییە؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: نەخێر، بابەتەکە روونە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بانکی ناوەندیی روونیکردەوە. پێموایە ئەمە بابەتێکی کاتییە، بۆ ئەوەی بانکەکان کارەکانیان سەرلەنوێ رێکبخەنەوە و لەگەڵ رێنماییەکانی کڕینی دۆلار خۆیان بگونجێنن کە دەبێ تەنیا لە چوارچێوەی شەرعییەوە بکرێت و بازرگانیی یاسایی و رەوایی پێ بکرێت. بەدڵنیاییەوە پێویستە بانکەکان زانیاری زۆر وردیان هەبێت لەبارەی کارەکانیان و رەزامەندیی لایەنە فەرمییەکانیان پێ ببەخشرێت و ئاگاداری ورد و درشتی هەموو هەنگاوەکانی ناو ئەم پرۆسەیە ببن. دەکرێ ئەم بانکانە چاو بە رێکارەکانیانەوە بخشێنن و دەست لەسەر هەڵەکان دابنێن بۆ دووبارە نەکردنەوەی. رووداو: پرسێک هەیە لە داهاتوودا دە بانکی دیکەش کارکەنار بکرێن و بخرێنە لیستی ئەو بانکانەی دۆلاریان پێنادرێت، هیچ مەترسییەکی لەو جۆرە لە ئارادایە یان تەنیا پڕوپاگەندەیە؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: دوای دەرچوونی بڕیاری راگرتنی مامەڵەکردن لە سەکۆی کڕینی دۆلار بۆ ئەم 14 بانکە، زۆر کەس دەستیان بەقسەکردن کرد و پروپاگەندەی جیاواز سەریهەڵدا و ئەمەش وایکرد بەهای دۆلار بەرامبەر دینار هەڵبکشێت. گومان لەوەشدا نییە، زۆر کەس سوود لە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە دەبینن. پێموایە زێدەڕۆیی بۆ ئەم بابەتە دەکرێت. پێویستە ئەم بابەتە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بهێڵدرێت بەتایبەتیش بانکی ناوەندی و کەرتی بانکی و حکومەت بۆ ئەوەی کارەکانیان بە باشترین شێوە بکەن بە ئاراستەی دروست رێکبخرێتەوە. گرنگ ئەوەیە بەهای دینار سەقامگیر بکرێت بەو ئاست و ئاراستەیەی بانکی ناوەندیی دەیەوێت بە ئامانجی بگرێت. ئەم هەنگاو و کارانەش لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و لە سوودی هاووڵاتییانی ئاسایی دەبێت. رووداو: ناوبەناو حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت کە دەستیان گرتووە بەسەر باندێکی یارییکردن بە دۆلار یان قاچاخچیەتی کردن بە دۆلار و دینار کە هۆکاری پشێوی بازاڕەکان بوون، ئەو باندانە چ شێوازێک دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە دروستکردنی پشێوی بە دۆلار و دینار، تاچەند ئەمە متمانە بە بازاڕی دراو دەگەڕێنێتەوە؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، ئێوەش دەزانن لە ماوەی رابردوودا ئەم باندانە بڕێکی زۆر دۆلاریان بۆ وڵاتانی دراوسێ و نزیکی عێراق گواستەوە. ئەم کردەوانە زیانی زۆری بە ناوبانگی کەرتی بانکی عێراقی گەیاند و دەرەنجام وەک باسمان کرد، بووە هۆی راگرتنی چالاکییەکانی 14 بانکی ناوخۆ بوو بۆ مامەڵەکردنیان لە سەکۆی دراوە بیانییەکان. ئەم رێکارانە لە راستیدا رێکاری زۆر پێویستن، چونکە بەر لە هەر جۆرە بەقاچاخ بردنی دراوەکان دەگرن کە بە رێگای نایاساییەوە ئەم کارە دەکەن. مەرجە حکومەت بەرپەرچیان بداتەوە و ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە و چارەسەری بکاتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیی لەم نێوەندەدا سوودمەند بێت، نەوەک چەند کەسانێک بە رێگەی نایاسایی سوودمەند بن. رووداو: لە ماوەی رابردوو بانکی ناوەندیی عێراق دەیان رێوشوێنی گرتووتەبەر بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بازاڕ بکات، بەڵام تا ئێستا ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە حکومەتی ناوەندی تائەندازەیەک زۆر سەرکەوتوو نەبووە، پێتوایە بانکی ناوەندی تاوەکو چەند سەرکەوتوو بووە لە رێکارەکانی؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: ئێوەش دەزانن، بەمدواییانە بانکی ناوەندی پاکێجێکی نوێی رێنماییەکان بڵاوکردەوە کە پەیوەندییان بە بازرگانە بچووکەکانەوە هەیە بەبێ ئەوەی خاوەن کۆمپانیا بن و بەشداریکردنیان لە سەکۆی کڕینی دراو بۆ ئەوەی دۆلاریان دەستبکەوێت بۆ پارەدارکردنی بازرگانیە دەرەکییەکانیان، پێموایە ئەم رێکارانە بۆشایی نرخەکان پڕدەکاتەوە لەنێوان نرخی فەرمیی و نرخی بازاڕی رەش. ئەم رێکارانەش وەک باسمکرد، بانکی ناوەندی دەستنیشانی دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لەم کارەیاندا. رووداو: بازرگانە بچووکەکان شێوازی سوودمەندبوونیان چۆن چۆنییە بتوانن 100 هەزار دۆلار وەربگرن لە مانگێکدا، ئەو بەڵگەنامە و پێداویستییانە چین کە پێویستە پێشکەشی بکەن؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: بانکی بازرگانیی عێراق، دەستپێشخەرییەکی بۆ بازرگانە بچووکەکان هەیە بۆ ئەوەی دۆلاریان دەستبکەوێت ئەویش لە رێگەی پێشکێشکردنی بەڵگەنامەکانی وەک پسوڵەی کڕین و فرۆشتنی کاڵاکان و تۆماری ئەندامێتییان لە ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی عێراق لەو پارێزگایەی تێیدا دەژیت. هەروەها بازرگانەکە لە رێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە دەتوانێت دراوی بیانی و دۆلاری لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق دەستبکەوێت. رووداو: هیچ مەترسی نییە کە ئەمەش دیسان بەهەدەردان و گەندەڵی تێبکەوێت؟ کۆمەڵێک کەس کە بازرگان نین و بە ناوی بارزگان بێنە نێو بازاڕەکەوە و دۆکیۆمێنتی ساختە پێشکەش بکەن؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: نەخێر نەخێر پێموانییە، بانکی بازرگانی عێراق (تی بی ئای) یەکێکە لە بانکە هەرە بەهێزەکان و تۆڕێکی زۆر فراوانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەیە. هەروەها پابەندییەکان بۆ ئەم بانکە لە ئاستێکی زۆر باڵادایە و رێکار و رێوشوێنەکانی زۆر سەخت و چڕن. هەموو ئەمانە وایکردووە لەو توانایەدا بێت ئەم کارە ئەنجام بدات. ئەو بازرگانانەی مامەڵە لەگەڵ ئەم بانکە دەدەن گەواهی رێکارە توندەکانی دەکەن. ئەمە جگە لەوەی بانکەکە رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکی زۆری ئابووری بۆ دەوڵەتی عێراق. رووداو: پێتوانییە حکومەتی عێراق، بانکی ناوەندی و دامەزراوە داراییەکان پێداچوونە بکەن لە شێوازی خستنەڕوو و فرۆشتنی دۆلار؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: نەخێر، ئێوەش دەزانن، رێککەوتنێک لە نێوان بانکی ناوەندی و بانکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکی هەیە بۆ کارکردن لە رێگەی سەکۆکان. پرۆسەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و لە راستیدا باشترین رێگایە بۆ پارەدارکردنی بازرگانە شەرعییەکان بە دراوی بیانی، بە مەبەستی هاوردەکردنی کاڵاکانیان بۆ ناو بازاڕەکان. ئەمڕۆ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی هەیە، رێککەوتنی لەگەڵ بانکی ناوەندی کردووە بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵە بازرگانییەکانی بازرگانەکان و ئەمەش رێگەخۆش دەکات بۆ پارەدارکردنی بازرگانەکانی عێراق بۆ کڕینی کاڵاکان و هاوردەکردنیان و پێموایە ئەمە باشترین رێگایە بۆ ئەم جۆرە مامەڵانەی دەیکەن. هەروەها ئەم کارانە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی ئابووری و بازرگانیی عێراق کراون. رووداو: چی بکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین بازرگانی راستەقینە دەستی بگات بە دۆلاری هەرزان بۆ ئەوەی کاڵا و شمەک بە هەرزان هاوردە بکەن؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: نەخێر، لەم بابەتەدا لەگەڵ بەڕێزتان هاورانیم، لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەم سەکۆیەدا سوودمەند دەبن، بەوەی ژمارەی بازرگانەکان لەم بوارەدا کەمە. دەبێ ئەوە لەیاد نەکەین، سەرجەم بانکە ناوخۆییە چالاکەکان ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ سەکۆکە دەکەن، لە هەرێم کوردستانیش هەن، وەک چۆن لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەشدا هەن. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی مامەڵە لەم سەکۆیەدا بکەن و رۆژانە مامەڵەکانیان بکەن. وەک روونە بانکی ناوەندیی رۆژانە لەنێوان 200-220 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت. ئەمە ژمارەیەکی زۆر گەورەیەو دەرخەری ئەوەیە کە ئەم سەکۆیە، پلاتفۆرمێکی شەرعییە و پێداویستییەکانی بازرگانان بەدی دەکات لە کڕینی کاڵاکانیان لە دەرەوە و هاوردەکردنیان بۆ عێراق. رووداو: بۆچوونێک هەیە بەهای 100 دۆلار بگاتە 200 هەزار دینار، پێتوایە مەترسییەکی وەها لە ئارادابێت؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: سەیرکە، ئەو رێکارانەی بووە هۆی راگرتنی مامەڵەی کاری ئەم 14 بانکە، بەدڵنیاییەوە کاریگەری خستە سەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار. ئەمەش لە ئەنجامی ئەو سوپرایزە بوو سەریهەڵدا. لە پاڵ ئەمەش ئەو پشێوی و پرۆپاگەندانەی کە باسمان کرد رۆڵی خۆیان گێڕا بۆ ئەوەی بەهای دینار دابکشێت. لە دوو رۆژی رابردوودا بینیمان دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی، بەهای لەدەستدا. پێموایە هاوئاهەنگیی زۆر لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراقی و حکومەتی عێراقی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکی و بانکی فیدراڵی ئەمریکی هەیە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن. من لە راستیدا گەشبینم و راستییەکان دەبینم بەوەی زۆر ئەستەمە بەهای دۆلار بگاتە 200 هەزار دیناری عێراقی. ئەمە بە دوور دەزانم، رەنگە ناسەقامگیری دروست ببێت، بەڵام ناگاتە ئەم ئاستە و حکومەت و بانکی ناوەندی هەمیشە لە هاوئاهەنگیدان بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە کە رێگەدەدەن بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابکشێت. رووداو: پێشبینی دەکەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کەمێکی دیکە داببەزێت، بۆ نموونە 100 دۆلار ببێتە 160 هەزار دینار ؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: سەیرکە، ئێستا لەرینەوە و ناسەقامگیری بەهێز هەیە، لە دابەزین و هەڵکشاندا. پێموایە ئەو رێکارانەی بانکی ناوەندی گرتوویەتە بەر، رێگەخۆش دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییانە. بۆیە پێموایە لەمەودوا داکشان روو دەدات، نەک هەڵکشان. رووداو: رۆڵی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق چییە لە هاوسەنگکردنی بازاڕی دینار و دۆلار و لە رێکخستنی کاروباری بازرگانان؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: ئێمە، وەک بەڕێزتان دەزانن دەستەکەمان رۆڵی چاودێر بەسەر بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراقدا دەگێڕێت. هاوکات سەرپەرشتیی کارەکان و پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕیان دەکەین. هەوڵیش دەدەن پەرەی زیاتری پێبدەین و هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لقەکانی دەستەکەمان لە سەرجەم پارێزگاکاندا بکەینەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەفتەی رابردووش، شاندێکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق بەمەبەستی کاری هاوبەش و ئەنجامدانی هاوئاهەنگیی، سەردانی سلێمانیمان کرد بۆ دروستکردنی هۆڵێکی ئاڵوگۆڕکردن لە سلێمانی و پشت بەخوا بەدواداچوون بۆ ئەم هەوڵانە دەکەین بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا بوونمان هەبێت لەپێناو پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانمان لە هەرێمی کوردستان، بۆ دەستکردن بە مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراوەکان لە سلێمانی. رووداو: کەی ئەم بازاڕە لە سلێمانی دەکرێتەوە؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: پشت بەخوا، پێش کۆتایی ساڵ، خوا یاربێت. رووداو: کردنەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە هەولێر بە کوێ گەیشت؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: لە راستیدا ئێمە لە ساڵی 2014دا مۆڵەتی کارمان بە هەولێردا بۆ ئەوەی ئەوانیش بنکەیەک بکەنەوە و بەفەرمی کاربکەن و لایەنە فەرمییەکانیش لە هەولێر دەستپێشخەربوون بۆ کردنەوەی کۆمپانیایەک بۆ بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکان و ئێمەش مۆڵەتمان پێدان. زۆر بەداخەوە رووداوەکانی موسڵ و سەرهەڵدانی داعش و قەیرانەکان وایکرد ئەم کارانە دوابکەوێت. ئێستاش لەگەڵ برایانمان لە هەولێر پەیوەندیمان هەن، ئەمڕۆش پێویستمان بەوەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێم کاربکەین بۆ کاراکردنەوەی ئەم بازاڕە. رووداو: هەست دەکەن بێ ئومێد بوون لە دەستەی کاخەزە داراییەکانی هەولێر بۆیە لە سلێمانی دەیکەنەوە؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: نەخێر نەخێر، هێشتا ماوە و پێشوازی دەکەین لەوەی بازاڕێکمان هەبێت لە هەولێر و سلێمانیش بەهەمان شێوە، بەڵام بەمدواییانە داوایەکمان پێشکێش کرا بۆ ئەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە سلێمانی بکەینەوە. لەسەر خواستی ئەوان، ئێمەش دەستمان بەرێکارەکان کرد بۆ ئەوەی پێگەمان لە هەریمی کوردستانیش هەبێت کە سوودی بۆ هاووڵاتییانمان دەبێت لە هەرێمی کوردستان. رووداو: کردنەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە عێراق لە هەولێر و لە سلێمانی چ سوودێکی بۆ هاووڵاتییان هەیە؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: ئێوەش دەزانن، بۆ مامەڵەکردن لە بازاڕی ئاڵوگۆڕکردن بە پشک و قەواڵەکان پێویستی بە هەژماری وەبەرهێنەر هەیە. هاووڵاتییەک ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بیەوێت هەژمارێک بکاتەوە بۆ دەستکردن بە مامەڵەکردن، دەبێ سەردانی بەغدا بکات و لەوێ ئامادە بێت بۆ ئەوەی مامەڵەی کردنەوەی هەژمارەکانی رایی بکات. کردنەوەی ئەم بازاڕە، کۆتایی بەم رێکارە قورس و سەختە دەهێنێت و ئاسانکاری زۆر بۆ برایانمان لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی بچنە بازاڕەکان یان لقی دەستەکە لە هەولێر و سلێمانی بۆ کڕینی پشک و قەواڵەکان. ئێوەش دەزانن کڕینی پشک و قەواڵەکان پرۆسەیەکە لە کاتی دابەشکردنی قازانجەکان، وەبەرهێنەریش سوود لە قازانجەکان وەردەگرێت. بە هەڵکشانی پشکەکانیش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی بەهاکانی زیاد بکات. رووداو: ژمارەی ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی لە دەستەی کاخەزە داراییەکان چەندن کە تۆمارکراون و چالاکییان هەیە؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: ئێستا ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی لە دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق تۆمارکراون و لەناو پڕۆسەی کڕین و فرۆشتنی پشک و قەواڵەکاندا کاردەکەن، 103 کۆمپانیان. رووداو: چالاکترین کۆمپانیا چ کۆمپانیایەکە و چ کەرتێکە؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: زۆرن، وەک ئاسیا سێل وەک کۆمپانیای بەغدا بۆ خواردنەوە گازییەکان. بانکەکان و زۆر کۆمپانیا هەن بەشدارن. هەروەها پێنج پارێزگای بیانیشمان هەن و بەشدارن لە پرۆسەی وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی عێراق کە رۆڵیان هەیە بۆ بازاڕکردن و قەبارەی وەبەرهێنانەکان دەگەنە 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. رووداو: دیارترین ئەو بانک و دامەزراوە بیانییانە کامانەن کە پەیوەندیتان هەیە و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن؟ فەیسەڵ ئەلهەیمەس: لەبارەی بانکەکان، پێنج بانک هەن لەسەر ئاستی هەرێمی بەشدارن وەک بانکەکانی ئوردنی، ئیماراتی، قەتەری و بەحرەینی. ئێمەش وەک دەستە چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەدای کارەکانیان دەکەین. لەبارەی پەیوەندییە دەرەکییەکانمان، ئێمە ئەندامی دەستەی کاخەزە داراییەکانی عەرەبین. هەروەها ئەندامی دەستەکانی کاخەزە داراییە نێودەوڵەتییەکانین (ئەیاسکۆ) هەروەها چالاکی و هاوئاهەنگی زۆر باشمان هەیە بەتایبەتی لەبارەی ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان و گرتنەبەری پێوەر و ستاندەری نوێخوازی زیاتر و پێشکەوتوو لەسەر ئاستی جیهان. هەروەها خولی راهێنانی هاوبەشی بەردەوامیش لەنێوانماندا هەیە. ئەم هاوئاهەنگییانە بەردەوامن و ئێمەش هاوکات ئەندامین لە لیژنەی هاوبەشی کاری عێراقی، ئوردنی، میسری لەبارەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی نێوانمان. جگە لەمەش ئەندامی لیژنەی هاوبەشی کار و هاوئاهەنگین لەگەڵ سعودیە. رووداو: سوپاس فەیسەڵ ئەلهەیمەس: سوپاس بۆ ئێوەش.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/07082023
کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "گەرەنتیکردنی ئازادیی رادەربڕین یەکێکە لە گرنگترین ئەو هۆیانەی لە پێشخستنی فەرهەنگدا رۆڵی هەیە. بۆیە گەرەنتیکردنی ئازادیی رادەربڕین زۆر گرنگە." چۆکی جۆنگ، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە رۆژان ئەبوبەکر لەگەڵیدا ئەنجامیدا باسی لە زمانی کۆری، خوێندن لە وڵاتەکەی، خاڵە هاوبەشەکانی نێوان کوردستان و کۆریا، ئازادی رادەربڕین و سەربەخۆیی دادگەکان کرد. سێیەمین فیستیڤاڵی کۆری بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت. چۆکی جۆنگ باسی لەوە کرد، خوێندکارانی کوردستان داواکاری "زۆر" پێشکێش دەکەن تاوەکو سکۆلارشیپی خوێندن رابگەیێنن تاوەکو لە زانکۆکانی کۆریا دەرفەتی خوێندیان هەبێت، بەڵام "بەداخەوە توانای بودجەکەمان سنووردارە." لە هەڤپەیڤینەکەدا چەند گەنجێکی کورد کە زمانی کۆری دەزانن ئامادەبوون و باسیان لە ئەزموونی خۆیان لەبارەی چۆنیەتی فێربوونی زمانی کۆری کرد. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ چۆکی جۆنگ، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان رووداو: چۆکی جۆنگ بەخێربێیت سوپاس کە لە نووڕۆژ میوانیت. چۆکی جۆنگ: زۆر سوپاس بۆ رێکخستنی ئەم هەڤپەیڤینە گرنگە. رووداو: زۆر سوپاس، مەبەستتان لە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە لەم هۆڵە چییە؟ چۆکی جۆنگ: بە دڵنیاییەوە ئەمە بۆنەیەکی زۆر مانادارە بۆ پێشخستنی هاوڕێیەتیی نێوان گەلی کۆریا و هەرێمی کوردستانی عێراق. هەر وەک ئێوە بە باشی ئاگاتان لێیە، نزیکەی 20 ساڵ پێش ئێستا هێزی زەیتوونی کۆری هاتنە ئەم هەرێمە و چوار ساڵ مانەوە، جا ئەمەیش خاڵی دەستپێکی پەیوەندیی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستانی عێراق بوو.، وێڕای ئەوەش، پێموایە ئێمە لە رێگەی رێکخستنی دیداری فەرهەنگییەوە لە بەرەوپێشبردنی هاوڕێیەتییەکە بەردەوامین، یەکەم و دووەمیان لە ساڵانی 2018 و 2019دا لە سلێمانی ساز کران، بەڵام وەک دەزانیت بە هۆی کۆرۆناوە لە سێ ساڵی رابردوودا نەمانتوانیوە ئەم دیدارە فەرهەنگییە گرنگە ساز بکەین، زۆر خۆشحاڵم کە ئەمساڵ و لەمڕۆدا ئەم دیدارە ساز دەکەین. رووداو: زانیاریتان هەیە لە هەرێمی کوردستان چەند کەس زمانی کۆری دەزانن؟ چۆکی جۆنگ: راستییەکەی، ئەوە پرسیارێکی باشە، بەڵام بە داخەوە ناتوانم بزانم چەند کورد دەتوانن بە کۆری بدوێن. بەڵام دەتوانم بڵێم کوردێکی زۆر دەتوانن بە زمانی کۆری بدوێن. بۆ نموونە، مانگی حوزەیرانی رابردوو پێشبڕکێی ئاخاوتنی زمانی کۆریمان ساز کرد و زیاتر لە 40 کەس بەشدار بوون. ئەوەیش مانای وایە کە کوردی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا هەن کە دەتوانن بە کۆری بدوێن. رووداو: خوێندکارانی کوردستان لە رێگەی ئێوەوە داوا دەکەن بچن لە کۆریا بخوێنن؟ چۆکی جۆنگ: بە دڵنیاییەوە داواکاریی زۆر بۆ کۆنسوڵخانەکەمان دێن کە هەندێک سکۆلارشیپی خوێندن رابگەیێنین تاوەکو لە زانکۆکانی کۆریا دەرفەتی خوێندیان هەبێت، بەڵام بەداخەوە توانای بودجەکەمان سنووردارە، بەڵام کۆنسوڵخانەکەم هەوڵدەدات دەرفەتەکان فراوان بکات تا ئەوپەڕی هەل بۆ خوێندکاران بۆ خوێندن لە کۆریا بڕەخسێنێت. رووداو: بێگومان ئەوەی کە دەچێتە کۆریا بۆ خوێندن هەم حەزی لەوەی فێری زمانەکەتان بێت هەم سیست می ئەوێشی بەدەڵ دەبێت، فێربوونی زمانی کۆری لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان وا دەکات تێکەڵاوییەکی زیاتر لە نێوان هەردوولا دروستبێت؟ چۆکی جۆنگ: بە دڵنیاییەوە، فێربوونی زمانی کۆری تەنیا بۆ ئاخاوتن بە کۆری نییە، خۆی قسەکردن بە زمانێکی بیانی لەوە زیاترە کە هەر ئاخاوتن بێت، ئەوان دەبێت بە رەوانی بە زمانێکی بیانی بدوێن، دەبێت فێری فەرهەنگ و سیستم و زۆر زانیاری ببن، پێموایە ئەگەر خوێندکارانی کورد فێری کۆری ببن، ئەوە بە شێوەیەکی گەورە دەبێتە هۆی پێشخستنی پەیوەندیی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستان. رووداو: باسی زمانمان کرد با پرسیارەکانی دیکە نەکەم و دوور نەکەوینەوە، ئەم خوێندکارانەی لێرەن بەشێکیان زۆر بەباشی دەتوانن بە زمانی کۆری قسە بکەن و خوێندکاری زانکۆی کوردستانن، حەزدەکەم بزانم چۆن فێری کۆری بوون، بەخێربێی شازە، تۆ بەزمانی کۆری زۆرباش دەتوانی قسە بکەیت چۆن فێربوویت؟ شازە، خوێندکار: سەرەتا حەزبوو لە منداڵییەوە، بە تەماشاکردنی دراما کۆری بە دۆبلاژی کوردی پێشتر ئەو شتە زۆر باوبوو، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە. رووداو: ئەوە یەکێکە لە پرسیارەکانم. شازە: بەڵی گۆرانی کۆریش رۆڵی سەرەکی هەبوو لە فێربوونم. رووداو: مادام باسی درامای کرد ئێستا کەمتر درامای کۆری دەکرێنە کوردی، ئێوە هیچ پلانێکتان هەیە بۆ زۆرترکردنی سەبتایتڵکردن یان دۆبلاژکردنی دراما کورییەکان بۆ کوردی؟ چۆکی جۆنگ: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. وەک گوتم، ساڵی داهاتوو دەبێتە 20ـەمین ساڵوەگەڕی هاتنی هێزی زەیتوونی کۆریا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، ئێمە ئامادەکاری بۆ زنجیرەیەک ئاهەنگ دەکەین، وەک بەشێکیش لەو ئاهەنگانە پلان دادەنێین بۆ ناساندنی هەندێک درامای کۆری بە خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، با چاوەڕێ بین بزانین ساڵی داهاتوو چی دەبێت. رووداو: گەشبین، تۆش بەخێربێی تۆ تاوەکو چەند حەزت لەوەیە بەتەواوی وەک چۆن ئینگلیزیی و کوردییەکەت باشە کۆرییەکەشت ئاوا زۆر باش بێت؟ گەشبین: زۆر حەز دەکەی فێری شتێک بیت ئەگەر بەردەوام بیت لەسەری و پەرەی پێبدەی کە زمانێک دەخوێنی پێویستە سەرەتا بناخەکەی دابنێیت، واتە لە ئەلف و بێوە دەستپێبکەی، ئەگەر بناخەت تەواو بێت دەتوانی بەرەبەرە باشتر ببیت، ئەگەر نا لە نیوەی رێگە بەجێ دەمێنیت، نەک ئەوەی زمانێک فێرببیت و بگەرێتەوە سەرەتا بزانی ئەو پیتە چی بوو، خۆشە ئەگەر زمانێک فێربووی بناخەکەی بزانیت، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەکت لە زمانەکە نەبێت و وەک زمانی خۆت بیزانیت. رووداو: تۆ لەچ قۆناخێکی فێربوونی زمانی کۆریت؟ گەشبین: لەقۆناخی نیوەم، جاری بەتەواوی فێرنەبووم هەوڵدەدەم باشتر پەرەی پێبدەم و کێشەم تووش نەبێت. رووداو: تۆش هەروەکو شازە لە رێگەی دراماوە فێربووی؟ گەشبین: بەڵێ دراما و گۆرانی و ئەو شتانە زۆر لە مێژە تەماشای ئەوانە دەکەین. رووداو: باشە، دراما کۆرییەکان کە سەیری دەکەیت رەنگە زۆر قورس بێت تێگەیشتنی، چۆن وادەکەیت لە درامایەکی کۆرییەوە فێری زمانی کۆری بیت؟ گەشبین: کە تەماشای درامایەک دەکەت بێگومان بە ژێرنوس تەماشای دەکەیت من کە تەماشای درامایەک دەکەم دوو سێجار لەوانەیە لەبەر وشەیەک لەبەر رستەیەک دووبارەی بکەمەوە بۆ ئەوەی بزانم مانای چییە یان لای خۆم دەینوسمەوە و ماناکەی وەردەگێڕم بۆ ئەوەی لەبیرم نەچێت و جارێکی دیکە تەماشام کردەوە بزانم ئەو رستەیە مانای چییە. زیاتر ئاوا فێردەبم رووداو: ئاشنا تۆش بەهەمان شێوەی؟ ئاشنا: سەرەتا سڵاو، من خۆم هەشت ساڵ لەکۆریا ژیاوم خوێندنم لەوێ تەواو کردووە رووداو: هەشت ساڵ لە کۆریا ژیاوی؟ ئاشنا: بەڵێ. رووداو: لە کام تەمەن؟ ئاشنا: من لەسەرەتای سییەکانم تەمەنم 31 ساڵە. یانی ئێستا؟ رووداو: مەبەستم ئەوەیە لەساڵی چەند لەوێ ژیاوی؟ ئاشنا: تەمەنم نزیکەی 22 یان 23 ساڵ بوو رۆیشتم. رووداو: بۆ ژیان یان بۆ خوێندن؟ ئاشنا: بۆ خوێندن رۆیشتم، لەوێ دکتۆرام تەواو کرد و هەشت ساڵ لەوێ ژیام. رووداو: لە چ بوارێک. ئاشنا: پەیوەندییە گشتییەکان، ساڵی یەکەم تەنیا کۆریمان خوێند، دواتر دەستم بەخوێندن کرد. رووداو: وڵاتێکی خۆشە کۆریا؟ ئاشنا: من زۆر بەلامەوە خۆشە. سەرەتا کە رۆیشتیشم زۆر زانیاریم لەسەری نەبوو، بەڵام خەیاڵێکم هەبوو لەسەری. زۆر زۆر دڵخۆشم کە رۆیشتم بۆ ئەوێ. رووداو: زۆر باشە هانا، تۆ؟ هانا: منیش هەروەکو هاوڕێکانم سەرەتا وەک حەز دەستپێدەکات، هەروەها دراما کۆرییەکان بەڕاستی زۆر یارمەتی دەرمانن هەروەها کەی پۆپیش، میوزیک، سەرەتا هەر حەزێک لە کولتوورەشیاندا هەیە بۆ فێربوونیش کە تەماشای دراما کۆرییەکان دەکەی بە سەبتایتڵ دەتوانی فێری دوو زمان بیت لەیەک کاتدا، بۆ نموونە ژێرنوسی ئینگلیزی یارمەتیدەرە هەم بۆ فێربوونی ئینگلیزی و کۆریش. رووداو: باشە دەستانخۆشبێت. رووداو: بەڕێز چۆکی جۆنگ گرووپە نێودارەکانی کۆریا بۆ نموونە وەکو بی تی ئێس هەواداری زۆریان هەیە لە کوردستان، وایە؟ بەتایبەتی گەنجەکان ئێوە پلانێکاتان نییە یان بیرتان لەوە کردووەتەوە ئەگەر کۆمپانیایەک بیەوێت ئەم گرووپە میوزیکیانە بێنێت بۆ کوردستان لێرە کۆنسێرت و چالاکیان هەبێت و هاوکارییان بکەن؟ چۆکی جۆنگ: بی تی ئێس دەتوانن بێن بۆ هەرێمی کوردستان، بەوە زۆر خۆشحاڵ دەبم، چونکە من هەوادارێکی بی تی ئێسم، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی دۆخەکە، پێموایە ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، بۆیە بەرپرسی حکومی و حکومەت ناتوانن زۆریان لێ بکەن بێن یان پێیان بڵێن بڕۆن، بەڵام هەرچۆنێک بێت، هیوادارم ساڵی داهاتوو بێن و لە 20ـەمین ساڵوەگەڕی هێزی زەیتووندا لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاهەنگ بگێڕن، ئێمە هەوڵدەدەین هەندێک تیمی فەرهەنگیی کۆری بانگهێشت بکەین هەر بۆ ئەوەی کارەکانیان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بەش بکەن ئەوەیش باش دەبێت. رووداو: ئەگەر بتوانن گرووپی بی تی ئێس بێننە کوردستان دڵی گەنجێکی زۆر خۆش دەکەن، چونکە من زۆر گەنج دەناسم زۆر سەرسامی ئەندامانی گرووپی بی تی ئێسن و حەزیان لە دەنگیانە و بەردەوام چاودێرییان دەکەن. چیتان کردووە بۆ ئەوەی کولتووری کوردستان و هەرێمی کوردستان بە کۆریا بناسێنن؟ چۆکی جۆنگ: بە کۆرییەکان. پێموایە ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی باشە بۆ ناساندنی توانایی فەرهەنگی کوردی بە خەڵکی کۆری، بە دڵنیاییەوە ئێمە دیدارەکە لە ماڵپەڕەکەماندا دادەبەزێنین و خەڵکی کۆری سەرنجی دەدەن و هەموو بابەتەکانی فەرهەنگی کۆریا لەلایەن تیمە فەرهەنگییە کوردییەکانەوە دەناسێنرێن. جا ئەوانیش دەزانن کە خەڵکی کورد فەرهەنگیان خۆش دەوێت و ئاستێکی بەرزی توانایی فەرهەنگییان هەیە. جا ئەمە شێوازی ئێمەیە بۆ ناساندنی فەرهەنگی کوردی بە کۆرییەکان. رووداو: بەڕێز چۆکی جۆنگ ئێستا لەوانەیە ئەوانەی کە تەماشامان دەکەن بڵێن ئەم ئامێرە جیاواز و تایبەتە چییە لە پشتیان دانراوە حەز دەکەم بۆم باس بکەی ئەمەش ئەمڕۆ نمایشی پێدەکرێت؟ چۆکی جۆنگ: پێموایە ئێوە دەرفەتتان هەیە چێژ وەربگرن لە دەهۆڵی نەریتیی کۆریا. وەک دەزانن، ئێمە لە کۆریا گەلێک جۆری جیاوازی دەهۆڵی نەریتیمان هەن و ئەو دەهۆڵانە بۆ زۆر مەبەست بەکاردەهێنرێن. بۆ نموونە، لە سەربازیدا بۆ دەستپێکی شەڕ بەکارهێنراوە، هەروەها لە بواری رێوڕەسمە فەرمییەکاندا ئەگەر دەهۆڵ بکوتین، مانای وایە رێوڕەسمەکە دەست پێدەکات. جا ئەمە یەکێکە لە دەهۆڵە نەریتییە کۆرییەکان و قەبارە مامناوەندە، ئەم دەهۆڵی لەم قەبارەیە بە تایبەتی بۆ چالاکییەکان بەکاردەهێنرێت، لە نموونەی چالاکیی میوزیکی و سەماکردن. رووداو: دیاری شارەزاییت هەیە لێی، ئەمە لە دەهۆڵی خۆمان دەچێت بەس بە پێوە، دەتوانیت بۆمان تاقی بکەیتەوە؟ چۆکی جۆنگ: بۆ ئەوەی دەهۆڵی نەریتی بەکاربهێنیت، دەبێت زۆر مەشق بکەیت. بەڵام من لە دەهۆڵکوتیندا زۆر باش نم، بەڵام بۆ ناساندنی هەوڵدەدەم. رووداو: لەوە زیرەکتری فەرموو. چۆکی جۆنگ: بەڵی، زۆر باشە. وەک پێم گوتن، ئەمە دەهۆڵێکی قەبارە مامناوەندی نەریتییە و ئەمە بۆ چالاکیی میوزیکی و سەماکردنە. جا دەکەوێتە سەر ئەوەی چ بەشێکی دەکوتیت. جا دەکرێت گوێت لە دەنگی جیاواز ببێت. بۆ نموونە، ئەگەر ناوەڕاستەکەی بکوتیت … ئەم جۆرە دەنگانە دەبیستیت و تۆزێک تەپەی دێت. ئەگەر ئەم بەشە بکوتیت … ئەمەیان دەنگی رێک تەختەیە. بۆیە زۆر میوزیسیان و سەماکار بە بەکارهێنانی ئەم بەشە جیاوازانەی دەهۆڵی نەریتی دەتوانن بەرهەمیان هەبێت. رووداو: جۆرەکانی ئەو تەپڵە کە باستکرد لە ناوەڕاست و لەکۆتایی هەریەکە و بۆ بۆنەیەکی تایبەتە؟ چۆکی جۆنگ: نەخێر، ئەمە بۆ هەمان چالاکییە، بەڵام بۆ بەخشینی دەنگی جیاوازە. بەڵێ. رووداو: دەستخۆش، زۆر سوپاس. چۆکی جۆنگ: زۆر سوپاس. رووداو: زۆر سوپاس فەرموون، ئینجا ئەم خوێندکارانە پێیان خۆشە کە هەریەکەیان پرسیارێکت لێبکەن، بزانین کە پرسیارەکانیان چین لە تۆ، شازە، کە بە زمانی کۆری لێت دەپرسن. چۆکی جۆنگ: خۆشحاڵ دەبم وەڵامیان بدەمەوە. شازە: سڵاوت لێبێ بەڕێز چۆکی جۆنگ چ هەستێکت بۆ دروست بوو کاتێک بینیت کەسێکی کورد بە زمانی کۆری قسە دەکات؟ چۆکی جۆنگ: سەرەتا کە هاتم بۆ کوردستان زۆر زانیاریم نەبوو لەسەر ئەوەی کە خەڵکی کورد دەتوانن بە زمانی کۆری قسە بکەن، بەڵام کاتێک زانیم خەلکێکی زۆری کورد شارەزاییان هەیە لەو زمانە بەڕاستی سەرسامبووم و، زیاتر بە تەماشاکردنی درامای کۆری و گۆرانی کۆری فێربوونە. دیارە زۆر هەوڵیانداوە بۆ فێربوونی زمانی کۆری. زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەوانەی کە خۆیان فێری زمانی کۆری کردووە. رووداو: من ئێستا بەس گوێ دەگرم دواتر بزانم پرسیاری چی لێکردووی، ئەگەر پرسیارتان هەیە بە کورتی بپرسن و بە کورتیش وەڵامتان بداتەوە. هانا: زیاتر کام شاری کوردستانت بەلاوە خۆشە؟ چۆکی جۆنگ: بەڕاستی کوردستان زۆر شاری هەیە ، بێگومان لەبەرئەوەی لەهەولێر نیشتەجێم بەڕاستی شارێکی زۆر جوانە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە تایبەتن وەک پارکی سامی. دواتریش چەند جارێک سەردانی سلێمانیم کردووە بەڕاستی شارێکی زۆر پێشکەوتوو دیارە، بەتایبەتی خۆم زۆرلام شارێکی خۆشە. .چەند جارێکیش سەردانی دهۆکم کردووە، بەڕاستی بڵێم لای من وادیارە کە چیاکان و گوندەکانی کورد خۆشترن لە ناو شار. رووداو: جا ئێوە ئەگەر بتوانن یەکێکتان پرسیار بکەن چونکە من پرسیارم ماوە و کاتم زۆر کەمە. ئاشنا: بەڕێز جۆنگی جۆنگ ئەو شتانەی کە هاوبەشن لەنێوان کورد و کۆریادا چین؟ چۆکی جۆنگ: ساڵێک دەبێت من لێرە نیشتەجێم، خەڵکی کورد لەگەڵ کۆری بەڕاستی زۆر شتیان بەیەک دەچن وەکو کاتێک گۆرانی دەڵێن لەگەڵیشی سەما دەکەن وەک خەڵکی کۆریان، ئەوانەی چوونەتە کۆریا تێبینی ئەوەیان کردووە کە لەو رووەوە زۆر لە یەک دەچن. رووداو: باشە با بێ دڵی و نەکەم تۆش پرسیارەکەت بکە، بەس پێشی بڵێ بە کورتی وەڵامتان بداتەوە بۆئەوەی کاتم هەبێت پرسیارەکانی خۆشم بکەم. گەشبین: بەڕێز جۆنگی جۆنگ ئایا خواردنی کوردیت تاقیکردووەتەوە؟ ئەگەر تامتکردبێت کامیان بەلاتەوە زۆر تایبەتە؟ چۆکی جۆنگ: بێگومان لێرە خواردنی کۆری نییە و حەزم دەکرد هەبووایە، تاوەکو ئێستا تەنیا یەک شوێن هەیە کە بتوانێ خواردنی کۆری تێدا تاقیبکەیەوە و تاوەکو ئێستاش لەوێش تاقیمنەکردووەتەوە. گەشبین: خواردنی کوردیت تاقیکردووەتەوە؟ .چۆکی جۆنگ: لە خواردنی کوردی بەلای منەوە دۆڵمە لە هەمووی خۆشتر بووە، حەزم لێیە لەبەر ئەوەی سەوزەی زۆری تێدایە. رووداو: دەستانخۆش بێت و دەستی تۆش خۆش بێت، جەنابی کۆنسوڵ لەسەر بەرهەمی کۆریا لە هەرێمی کوردستان پرسیارم هەیە، ئێستا بەرهەمی کۆریا لە هەرێمی کوردستان هەیە؟ زانیاریتان هەیە چەند کۆمپانیای کۆری لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن؟ چۆکی جۆنگ: ناتوانم پێت بڵێم چەند کۆمپانیای کۆری لێرەن، بەڵام گرنگترین کۆمپانیای کۆری لێرەیە، لە نموونەی ئێڵ جی و سامسونگ و دوسان. ناوە گەورەکانی کۆریا و کۆمپانیا گەورەکانی کۆریا لێرەن. جا وەک دەزانن، ئەم فێستیڤاڵە فەرهەنگییە لەلایەن کۆمپانیای خۆشناوەوە سپۆنسەری دەکرێت کە کۆمپانیای خۆشناو لێرە لە هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقدا بەرهەمەکانی ئێڵ جی دەخاتەڕوو. رووداو: کۆریا بە ئاشتی و سەقامگیری بەناوبانگە، خۆت دەزانی ئێستا لە عێراق بە گشتی ناکۆکی زۆرە، ئەگەر بێینە هەرێمی کوردستان سەیربکەن ململانێکان زۆرن چۆن دەتوانین ئێمە لەو سەقامگیری و ئاشتی و کۆمەڵایەتییە وەربگرین لە کۆریا؟ چۆکی جۆنگ: خۆی یەکێکی دیکە لە لێکچوونەکان لە نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە ئێمەیش بە شەڕی ناوخۆدا تێپەڕیوین و کوردستانیش بە زۆر شەڕی دیکە تێپەڕیوە. جا ئێمە ماوەیەکی زۆرە لە مێژووی خۆماندا ئاشتی و سەقامگیریمان پاراستووە. سەرباری دۆخی جیۆسیاسی کە لە ناوچەکەماندا هەمانە، توانیومانە و باشترین هەوڵی خۆمانمان داوە تا پەیوەندییەکی باشمان لە پێش هەمووانەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و وڵاتانی دراوسێماندا هەبێت. جا پێم وایە پاراستنی پەیوەندییەکی باش، پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێماندا زۆر گرنگە. رووداو: جەنابی کۆنسوڵ لە هەرێمی کوردستان ئازادی رادەربڕین و سەربەخۆیی دادگەکان بووەتە جێگەی مشتومڕ، لەکۆریای باشوور چۆنە؟ چۆکی جۆنگ: کۆریا وڵاتێکە کە ئازادیی رادەربڕین دەنرخێنێت. لە ئەمڕۆدا کۆریا وەک هێزێکی فەرهەنگی لە ئاستی جیهانیدا دەرکەوتووە. بۆیە گەرەنتیکردنی ئازادیی رادەربڕین یەکێکە لە گرنگترین ئەو هۆیانەی لە پێشخستنی فەرهەنگدا رۆڵی هەیە. هەر بۆیە گەرەنتیکردنی ئازادیی رادەربڕین زۆر گرنگە. رووداو: بەڕێز چۆکی چۆنگ کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان زۆر سوپاس کە لە نوورۆژی رووداو بەشدار بووی، زۆر سوپاس بۆ ئەو گەنجانە و (کام سەمیدا) بۆتۆ و بۆ ئێوەش زۆرسوپاستان دەکەم و بەخێربێن. چۆکی چۆنک: زۆر سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/25072023
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 77ـەمین فێستتیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، رووداو گفتوگۆیەکی لەگەڵ لویس کۆڤۆسی، دەرهێنەری فەرەنسی ئەنجامداوە، کە بە فیلمی "مانگای پیرۆز" لە فێستیڤاڵەکە بەشدارە و کاری دەرهێنانی بۆ ئەو فیلمە کردووە. لە گفتوگۆکەدا کۆڤۆسی، باس لە چیرۆکی فیلمەکەی دەکات و دەڵێت، پێشبینی ئەوەی نەدەکرد فیلمەکەی لە کان وەربگیرێت. ئەو دەرهێنەرە پێشتریش بە فیلمی "مونۆ مونۆ" لە کان بەشداربووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە. رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە بۆ گفتوگۆ لەسەر فیلمەکەت. دەمەوێت لە چیرۆکی فیلمەکەتەوە دەست پێبکەم. ئایا دەتوانیت باسی چیرۆکەکەمان بۆ بکەیت؟ لویس کۆڤۆسی: چیرۆکەکەی باسی پیاوێکی گەنج دەکات بە ناوی "تیتان" کە تا رادەیەک لە ژیانیدا ون بووە و باوکی لە رووداوێکی هاتووچۆدا دەمرێت. بۆیە دەبێت ئاگای لە خوشکە بچووکەکەی بێت کە حەوت ساڵانە. جا لەگەڵ نزیکترین هاوڕێیدا هەوڵ دەدەن خەڵاتی زێڕینی باشترین پەنیر لە هەرێمەکەیاندا ببەنەوە کە ناوی "کونتی"یە، پەنیرەکە هی هەرێمی "یورا"یە کە منیش خەڵکی ئەوێم. ئیدی هەردووکیان پێکەوە دەیکەن. فیلمەکە سەرگوزەشتەی ئەم هاوڕێیانە و کچە بچووکەکەیە هەوڵ دەدەن لە رێگەی ئەم خەڵاتەوە هەندێک پارە بە دەست بخەن. رووداو: باشە چۆن ئەم چیرۆکە بە خەیاڵتدا هات؟ ئایا هیچ جۆرە پاشخانێکی راستەقینەی هەیە؟ لویس کۆڤۆسی: راستییەکەی من خۆم لەو ناوچەیە گەورە بووم، بۆیە ویستم فیلمێک لەسەر ئەو کەسانە دروست بکەم کە لەگەڵیاندا گەورە بووم. جا ئەوە دەستپێکی بیرۆکەکە بوو، پاشان چیرۆکەکە بە هەموو شتەکانی نێویەوە گەشەی کرد، وەک ئەم پەنیرە و شتەکانی دیکە. جا من ویستم فیلم لەسەر خەیاڵێکی راستەقینە دروست بکەم. بۆیە سەرگوزەشتەیەکە لە ناوچەیەکی بچووکدا. من ویستم باسی ئەم خەڵکانە بکەم، بەڵام بە چیرۆکێکی خەیاڵیی راستەقینە. رووداو: ئەو پەیامە تایبەتییە یان مەبەستە سەرەکییە چییە کە دەتەوێت بینەران لەم فیلمەوە وەریبگرن؟ لویس کۆڤۆسی: راستییەکەی، دەمەوێت باسی ئەو کەسانە بکەم کە زۆر باسیان ناکەین. مەبەستم ئەوەیە فیلمی زۆر لەسەر ئەم گەنجانە نییە کە لە ناوچەکەماندان. هەندێک هەن، بەڵام زۆر نین. ئەم کەسانە لە سینەمادا زۆر نوێنەرایەتی نەکراون. ئەمە فیلمە دەیەوێت تیشک بخاتە سەر ئەم کەسانە. رووداو: دەبینم لەم فیلمەدا پەیامی هیوا وازی لێ نەهێنراوە، ئایا راست دەکەم؟ لویس کۆڤۆسی: بەڵێ، زۆر گرنگە بەهێزیی ئەم کەسانە ببینرێت. لە ژیانیاندا زۆر شتیان لە دەست داوە و لە راستیدا لە ژیانیاندا لە شوێنێکی باشدا نەژیاون، کەچی هێشتا هێزی بەردەوامییان تێدایە و هێزیان هەیە لە ژیانیاندا شتێک بکەن. ئەوەیش جۆرێکە لە پەیامەکەی. رووداو: ئێمە لەیەکێک لە بەناوبانگترین فێستیڤاڵەکانی ئەوروپا و تەنانەت دەتوانین بڵێین جیهانیشین. بۆ نمایشی فیلمەکەت لە کان چ هەستێکت هەیە؟ لویس کۆڤۆسی: زۆر خۆشە و بۆ فیلمەکەیش ناوازەیە، چونکە وا دەکات رووناکیی زۆر بکەوێتە سەر فیلمەکە. زۆر کەس دەتوانن بیبینن. بۆیە زۆر خۆشە. هەینی پەخشی دەکەین. بەڵێ زۆر دڵم بە فیلمەکە خۆشە. راستییەکەی زۆر باش چووەتە پێش. بۆیە ئەوە بۆ من زۆر باشە. بۆ ئەکتەرەکان و فیلمەکەیش زۆر باشە. دەرفەتێکی سەرنجڕاکێشە؟ رووداو: پێشتر پێشبینیت دەکرد کە فیلمەکەت بێتە "کان"ـەوە یان نا؟ لویس کۆڤۆسی: پێشبینیم نەدەکرد بێتە کانەوە. رووداو: دەتوانیت باسی بکەیت چۆن هاتە کان. لویس کۆڤۆسی: تۆزێک مایەی سەرسووڕمان بوو. نەماندەزانی. ئێمە هەمیشە هیوامان دەخواست بچینە فێستیڤاڵی کان. جا ئەمەیان باشترین بژاردە بوو، چونکە فیلمەکە لەسەر ئەو بابەتەیە و هەڵبژاردنێکی هەر زۆر باشە. بەڵێ، ساتێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە ئەوەمان بیست ئێمە هەڵبژێردراوین و بە ئەکتەرەکانمم گوت ئەکتەری پیشەگەر نەبوون. بۆ ئەوان یەکەم جار بوو و زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە هەموو شتێک لێرە دەربکەوێت. رووداو: بەڵام پێشتر تۆ لە کان بوویت، وایە؟ لویس کۆڤۆسی: بەڵێ، بۆ من یەکەم جار نییە، چونکە کورتەفیلمێکم هەبوو بە ناوی "مانوا مانوو" کە خەڵاتی یەکەمی بردەوە. بۆیە بەڵێ ئەمە دووەم جارمە. رووداو: دەتوانیت پێم بڵێیت کاتێک ئەم پرۆژەیەت هێنایە ناو ریزبەندییەکەوە تووشی چ ئاڵنگارییەک بوویت و چۆن بەسەریدا زاڵ بوویت؟ لویس کۆڤۆسی: ئاڵنگاریی زۆرمان هەبوو. بۆ نموونە لە فیلمەکەدا مانگای زۆرمان هەبوو، لەبەر ئەوەی لە کێڵگەدا بوو. بۆیە دەبوو لەگەڵ ئاژەڵەکاندا خۆمان بگونجێنین و هەندێک جار دیمەنی وامان هەبوو کە دەبوو مانگایەک عەرەبانەیەکی منداڵان بگەیەنێت. بۆیە دەبوو بوەستین بە دیاری مانگاکەوە تا بیگەیەنێت و دەبوو ئەکتەرەکانیش ئامادە بن. دیمەنەکە زۆر خێرا بوو و دەبوو لە حەوت خولەکدا وێنەی بگرین. ئاڵنگاریی زۆرمان لە بەردەمدا بوو، بە تایبەتی کە کار لەگەڵ کەسانێکدا بکەیت پیشەگەر نەبن و دەرهێنانیان لەگەڵ بکەیت تا ببنە کارەکتەرێکی دروست. بەڵێ، فیلمێک بوو دروستکردنی قورس بوو، بەڵام فیلـێکی زۆر باش دەرچوو. رووداو: چەندە بەم پرۆژەیەوە خەریک بوون؟ لویس کۆڤۆسی: بە گشتی نزیکەی پێنج ساڵ. سێ ساڵ خەریکی نووسین و دۆزینەوەی پشتیوانی دارایی، پاشان وێنەگرتنی لە دوو مانگدا، دواتر ئیدیتکردنی بە شەش مانگ و هەموو ئەو کارانە. رووداو: ئەی هیچ شتێکی وەک یادگارییت لە کاتی دروستکردنی فیلمەکەدا هەیە بیرت نەچێتەوە؟ لویس کۆڤۆسی: زۆریش. بۆ نموونە، دەبوو لە پێشبڕکێیەکی ئۆتۆمبێلدا وێنە بگرین. بە راستی لە پێشبڕکێیەکی راستەقینەی ئۆتۆمبێلدا بووین، دەبوو وەک شتی راستەقینەی سەرنجڕاکێش بکەن و، بە جۆرێک لە جۆرەکان مەترسیدار بوو و هەموو ئەکتەرەکان تۆزاوی بووبوون، ئەوە ساتێکی خۆش بوو و گەلێک ساتی دیکەی وامان هەبوو. رووداو: با بچینە سەر فێستیڤاڵی کان. ئەم فێستیڤاڵە چۆن دەبینیت و چۆن دەتوانێت ببێتە پشتیوانییەکی گەورە بۆ دەرهێنەرە گەنجەکان و ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری بکەن؟ ئینجا ئامۆژگاریت چییە بۆ ئەو کەسانەی حەزیان لە دەرهێنانە؟ هەموو ئەوانەی لە سینەمادا کار دەکەن خەون بەوەوە دەبینن بچنە کان، جا وەک ئافرەتێکی فەرەنسی ئامۆژگاریت چییە؟ چی بکەن بۆ ئەوەی بچنە کان؟ لویس کۆڤۆسی: راستییەکەی، پێموایە شتەکە نابێت ئەوە بێت بتەوێت بچیتە کان. بەڵکو دەبێت کارەکە جیددی و راستەقینە بێت و ئەو بابەتەی هەڵیدەبژێریت دەبێت وەک راستی بمێنێتەوە و تۆیش لەگەڵ فیلمەکەدا بە راستی بمێنیتەوە. دەبێت ئەمانەت هەبێت و بە راستی لەگەڵیاندا بمێنیتەوە، چونکە فیلمەکە کاتێکی دوورودرێژ دەخایەنێت و بە راستی بزانیت بۆچی ئەم چیرۆکە دەگێڕیتەوە و دانەیەکی دیکە ناگێڕیتەوە. دەبێت تا کۆتایی بەرگریی لێبکەیت. ئا بەم جۆرە زۆر بە خەستی دەچیتە ناو بابەتەکەوە و بەم جۆرە بەر خەڵک دەکەویت. رووداو: ئایا دەتوانیت بە کورتی بەرکوڵێکمان بدەیتێ لە بارەی ئەوەی کە پرۆژەی داهاتووت چی دەبێت؟ ئایا هیچ هەیە؟ لویس کۆڤۆسی: راستییەکەی، تازە ئەمەم تەواو کردووە. هەر سێ رۆژێک بەر لەوەی بێم بۆ کان بە تەواوەتی پرۆژەکەمان تەواو کرد. جا کاتێک من فیلمێک دروست دەکەم، بە تەواوەتی و 100٪ لەنێو فیلمەکەدا دەبم. بۆیە دەبێت ئەمە تەواو بکەم، بۆ ئەوەی بیر لە دانەیەکی دیکە بکەمەوە. جا بیرۆکە و شتم هەیە، بەڵام پرۆژەی راستەقینە نییە. رووداو: ئایا حەزت لە چیرۆک لە دەرەوەی فەرەنسا هەیە؟ بۆ نموونە، بیرت لەوە کردووەتەوە لە وڵاتی دیکە چیرۆک پەیدا بکەیت، وەک وڵاتە گەشەکردووەکان کە وەک دەزانیت چیرۆکی زۆریان هەیە؟ لویس کۆڤۆسی: راستییەکەی ئەو چیرۆکەی بۆم دێت دەکرێت زیاتر لە شێوەی ئەو کورتەفیلمەدا بێت کە دروستم کرد و لە فەرەنسا نەبوو، بەڵکو فیلمێکی نێودەوڵەتی بوو، چونکە ئەو ئەکتەرانەی هەڵمبژاردن خەڵکی ئەمریکا و ئیتاڵیا و زۆر وڵاتی جیاواز بوون. فیلمێکی نێودەوڵەتی بوو کە لە فەرەنسا بەرهەم هێنرا. بۆیە دەتوانم وێنای هەموو شتێک بکەم. رەنگە ئەگەر شتێکم هەبێت بۆ گوتن لە بارەی شوێنێکی دەرەوەی فەرەنساوە، ئەوا حەز دەکەم بیکەم. ئەوە بیرۆکەیەکە کە دەکرێت کاری لەسەر بکەم. رووداو: دواین پرسیارم تۆزێک قورس دەبێت: ئایا لەم دانیشتنەدا پێشبینیی خەڵات دەکەیت؟ لویس کۆڤۆسی: بیر لە خەڵات ناکەمەوە. بۆ من ئەوە زۆر گەورەیە کە لێرە فیلمەکەم پیشان بدەم. جا دواتر هەرچی روو بدات زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت. ئەگەر خەڵاتیش ببەمەوە ئەوا زۆر خۆش دەبێت. رووداو: تەنانەت بەبێ بردنەوەی خەڵاتیش لە کان بوون بۆ خۆی شتێکی باشە. زۆر سوپاس خاتوو لویس کۆڤۆسی بۆ ئەم دەرفەتە. لویس کۆڤۆسی: سوپاس
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/23052024
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە دەڵێت، "وێنە فراوانەکەی ئەو هێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە". ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق میوانی هەڤپەیڤینێکی تایبەتیی شاهۆ ئەمینە، تێیدا باس لە تێڕوانینی وڵاتەکەی لەبارەی بارودۆخە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر دەڵێت، "خەڵکی هەرێمی کوردستان لە شۆکی هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندان. هێرشەکە قورس بوو، بێباکانە و تەواو نادادپەروەرانە بوو. هێرشەکانی سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەولێر هەوڵی کوشتنن و پەیام نین، وێنە فراوانەکەی ئەو هێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە". ئەو باڵیۆزە هەبوونی پلانێک دەخاتەڕوو بۆ تێکدانی ئارامیی هەرێمی کوردستان، "هەولێر بەشێکە لە پلانێک بۆ ئەوەی سەقامگیریی ئەو هەرێمە تێک بدرێت". شەوی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و زیاتر لە نیوەیان بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، بەهۆیانەوە پشڕەو دزەیی، منداڵێکی و هاوڕێیەکی گیانیان لەدەستدا، بەپێی لێدوانی بەرگریی شارستانیی هەولێریش، چارەنووسی دایەنەکەی ژینە نادیارە تاوەکو پشتڕاست دەکرێتەوە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، هەروەها 17 کەسیش بریندار بوون. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بینەری رووداو، لە هەولێرەوە هاتوومەتە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا، مەبەستمە دوای گەرماوگەرمی ئەو رووداوانەی بۆردوومانی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە، لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا ئەم گفتوگۆیە بکەم. رووداو: ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا، خۆشحاڵم بە بینینت. ستیڤن هیچن: منیش خۆشحاڵم. رووداو: سوپاس. ستیڤن هیچن: لە کاتێکدا من لێرەم، هێشتا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە شۆکی هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندان و، بە درێژایی رێگەکە لە هەولێرەوە بۆ ئێرە من و تیمەکەم باسی ئەم شۆکەمان دەکرد. رووداو: دەمەوێت لێت بپرسم کە تەنیا دوای رۆژێک لە هێرشەکە، چی تۆی بردە هەولێر؟ ستیڤن هیچن: دوێنێ سەردانی هەولێرم کرد، لایەنێکی لەبەر ئەوە بوو ویستم لە مزگەوت سەرەخۆشیی خۆم دەرببڕم و کردم. لایەنێکیشی ئەوە بوو ویستم سەرکردایەتیی کوردستان ببینم تا لەم ساتە زۆر سەختەدا هاوسۆزیی خۆمان بۆ گەلی کورد دەرببڕین. هێرشەکە قورس بوو. بێباکانە و تەواو نادادپەروەرانە بوو. بۆیە هەستم کرد گرنگە کە لە ٢٤ کاژێری یەکەمدا بێمە هەولێر تا هاوسۆزی و هاوەڵێتیی بەریتانیا بۆ حکومەت و گەلی کورد دەرببڕم. رووداو: تەنیا بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بوو، یان زیاتر لەوە بوو؟ ستیڤن هیچن: لە سەردانێکی سەرەتاییدا لە 24 کاژێری یەکەمدا هەر ئەوە دەکەین. بە دڵنیاییەوە من وەک باڵیۆز هاتبووم کە ئەوەیش هێمای ئەو هاوسۆزییەیە. بە دڵنیاییەوە کە من وەک باڵیۆزێک دێمە ئەوێ، ئەوە هێمای ئەو هاوسۆزییەیە. بەڵام پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستاندا دوور و درێژ و قووڵن. گەلێک لایەنی هەیە، لە نێویاندا سەربازی و هاوکاریی تەناهی. بەڵام ئێمە لە 24 کاژێری یەکەمدا بە شتێکی نوێ وەڵام نادەینەوە، بەڵام ئەوەی ویستمان بیکەین ئەوە بوو بچینە ئەوێ و خەڵک ببینین و قسەیان لەگەڵ بکەین و سەرەخۆشیی خۆمان بۆ خێزانەکە دەرببڕین. رووداو: بەڕێز باڵیۆز، تۆ چاوت بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت. دەمەوێت لەبارەی گفتوگۆکەتانەوە بزانم. بە لاتەوە چۆن بوو؟ ستیڤن هیچن: من زۆر بەختەوەر بووم کە لەم چەند رۆژەدا دوو جار ئەوم بینیوە. لە بەغدا بینم، وا بزانم شەوی دووشەممە بوو. دوێنێیش جارێکی دیکە لە هەولێر بینیم. هەمیشە لە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا سوود وەردەگرم، هەر وەک چۆن سوودم لە گفتوگۆی سەرکردەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان وەرگرت کە دوێنێ بینیمن. دیارە ئێستا سەرۆکوەزیران لێرە نییە، بەڵام سەرۆک نێچیرڤان لەم هەرێمەدا ئەزموونێکی جوانی هەیە و هەر کاتێک دەیبینم، شتی زیاتر لەبارەی دۆخی کورد یان عێراق یان ناوچەکەوە دەزانم. بۆیە من سوود لەوە وەردەگرم. رووداو: رۆڵی ئەو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ململانێکانی نێوانیان هەولێر و بەغدادا چۆن دەبینیت. ستیڤن هیچن: بە دڵنیاییەوە ئەو زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی دیکەدا کار دەکات. پێموایە بەهرەیەکی زۆر باشی بۆ کردنی ئەو کارە هەیە. لەگەڵ مەسروور بارزانیی سەرۆکوەزیراندا پەیوەندی و ئەزموونێکی زۆر قووڵیان هەیە. دڵنیام پێکەوە بەهرەیان هەیە کە لە ناوخۆی کوردستان و لەگەڵ بەغدایش بگەنە چارەسەری دروست. رووداو: بەڕێز باڵیۆز، حکومەتی بەریتانیا ساڵی 1991 رۆڵێکی گرنگ و گەورەی لە دروستکردنی هێڵی دژەفڕیندا گێڕاوە و هەروەها لە ململانێکانی ساڵانی نەوەدەکاندا نێوەندگیریی کردووە. پێشتر رۆڵی حکومەتی بەریتانیا زۆر لە ئێستا زیاتر بوو. بۆچی ئێستا حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا وەک جاران نییە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گەلێک کێشە دەبێتەوە؟ ستیڤن هیچن: خۆی سرووشتی پەیوەندییەکانمان دەگۆڕێت، بەڵام هاوڕێیەتییەکەمان بە جێگیری دەمێنێتەوە. جا من لە شەش مانگی سەرەتامدا 11 بۆ 12 جار هاتووم بۆ هەرێمی کوردستان، کەواتە زۆر زووزوو دێم. ئێمە ئەو پەیوەندییە زۆر بە جددی وەردەگرین و، لە گفتوگۆکانمدا لە لەندەن لەگەڵ سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵادا کورد زۆر لە نزیکەوە رەچاوی کورد دەکەین. هەروەها دەڵێم کە باشترە زۆر کاری دیپلۆماسی بە نهێنی بکرێت تا بە ئاشکرا. بۆیە ئێوە هەموو ئەو شتانە نابینن کە دەیانکەین، چونکە ئەوە سرووشتی پەیوەندییەکانی حکومەتە. پێموایە سرووشتی پەیوەندییەکە دەگۆڕێت. بۆیە وەک گوتت، ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ 1990 و 1991، بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکادا پشکی گەورەی لە دروستکردنی هێڵی دژەفڕیندا هەبوو. ئێوە لەو کاتەدا لەلایەن حکومەتەکەتانەوە رووبەڕووی جینۆساید دەبوونەوە. جا پێموایە هەموو شتەکانی دواتر بە راستی لەو ساتە بە دواوە دەستیان پێکرد. ئاشکرایە کە هێرشی 2003 پێگەی ئێوەی بەهێز کرد تا بتوانن خۆتان بپارێزن و لەناو کوردستانی عێراقدا گەشە بە حکومەت بدەن کە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد رەچاو بکات. ئینجا 2014یش لە سەردەمی داعشدا گەڕاینەوە. پێموایە ئێستا گژنێیەکان جودان و دۆخی ئێوەیش جودایە. لەگەڵ ئەوەیشدا هاوڕێیەتییەکەمان وەک خۆیەتی، بەڵام بە شێوەیەکی جودا پیشانی دەدەین. ئێمە هاوکاریی تەکنیکی پێشکەشی حکومەتەکەتان و هاوڕێکانمان لە هەولێر دەکەین، هەر بەو جۆرەی لە بەغدا دەیکەین. بەڵام ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە وا لە گەلی کورد بکەین لەسەر پێی خۆی رابوەستێت و ئیتر ئێمە وەک 1990 و 2003 و 2014 نەگەڕێینەوە. دەمانەوێت گەلی کورد و خەڵكی عێراق بە گشتی بتوانن لەو رێیەدا بەبێ یارمەتیی رۆژئاوا بدرەوشێنەوە. کەواتە ئەوەی دەیکەین هاوکارییەکی زۆر زۆرە بە شێوەی تەکنیکی لە پشتی پەردەوە نەک دەستتێوەردانی گەورەی سەربازی. رووداو: بەپێی روونکردنەوەکانت یان وەڵامەکانت، ئێوە یارمەتیی گەلی کوردتان داوە کە لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بەڵام پێت وایە ئێستا ئەوان لە دۆخێکی باشدان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەهێزی لەسەر پێیەکانی دەوەستێت؟ ستیڤن هیچن: پێموایە هێشتا رووبەڕووی زۆر گرفت دەبنەوە. ئەوە ئاشکرایە و من بەو گرفتانە رازی و بێهەڵوێست نیم. بەڵام ئەگەر دۆخی 1990 بەوەی ئێستا بەراورد بکەیت ... بە دڵنیاییەوە ئێستا بێکەموکوڕی نییە و گەلێک گرفتتان هەیە ... بەڵام لە چاو ئەوانەی لەو سەردەمەدا رووبەڕووتان دەبوونەوە، ئێستا زیاتر گرفتی سیاسی و ئابوورین. خۆی من نامەوێت لە گرفتەکانی ئێستا کەم بکەمەوە، بەڵام پێموایە رێڕەوێکی ئەرێنی بۆ هەرێمی کوردستان و بە دڵنییایەوە تەوای عێراقیش هەیە. رووداو: فڕۆکەخانەی هەولێر بەردەوام لەلایەن میلیشیاکانی ناو عێراقەوە، کە خۆیانیان ناو ناوە بەرگریی ئیسلامی یان مقاوەمەی ئیسلامی، دەکرێتە ئامانج. ئەمە چۆن دەبینیت؟ ستیڤن هیچن: ئەو هێرشانە بێپاساون. ئینجا ئێوە لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی جۆراوجۆر بوونەتەوە و پێموایە سێ جۆری جیاوازن. هێرشی مووشەکی ئەوەی دوو شەو لەمەو بەر، هێرشی بەردەوام بۆ سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەولێر کە هاوپەیمانانی لێیە و هەروەها هێرشیش کراوەتە سەر پێشمەرگە. ئاشکرایە هەڕەشەیەکی هاوبەش لە پشتی ئەو هێرشانەوەن. هێرشەکانی سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەولێر بە تەواوەتی بێپاساون. ئێمە وەک میوانی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی کورد بۆ شەڕی داعش لێرەین. دەتوانین بێین و لە کاتێکدا باسی کۆتاییهێنان بەو ئەرکە بکەین، بەڵام ئێمە میوانی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی کوردین و 10 ساڵە یارمەتیتان دەدەین. بۆیە ئەو هێرشانە بێپاساون. خۆشبەختانە لە بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەولێر نەبوونەتە مایەی کوژرانی هیچ کەسێک، بەڵام دەبێت بە جددی وەریانبگرین؛ ئەوانە هەوڵی جددیی کوشتنن. پەیام نین. بێزارکردن نین. تۆ بە 25 کیلۆگرام تەقەمەنیی بەهێزەوە پەیام نانێریت. ئەوە هەوڵی جددیی کوشتنی خەڵکە و دەبێت بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. جا پێیشم وایە وێنە فراوانەکەی ئەو هێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. هەولێریش بەشێکە لە پلانێک بۆ ئەوەی سەقامگیریی ئەو هەرێمە تێک بدرێت و بۆ ئەوەی گژنێی ئێمەیش بکرێت وەک هاوڕێی ئێوە. رووداو: باشە. ئایا پێت وایە رێکار هەبن کە بتوانرێت بۆ سنووردارکردنی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بگیردرێنە بەر؟ چین؟ ستیڤن هیچن: پێموایە شتێکی ستراتیجی و شتێکی تەکتیکی هەن. ئاستە تەکتیکییەکە ئەوەیە کە ئاشکرایە هاوپەیمانان بۆ پاراستنی خۆیان رێکار دەگرنە بەر. دەکرێت بە مەتەرێزی بەرزی فەردە خۆڵ بێت، دەکرێت بە تەگبیری تەکنیکیی دژ بەم هێرشانە بێت. هەروەها لەم ناوچەیەدا وێنەیەکی فراوانتر هەیە کە هەوڵ دەدات ئەم گرژییانە نەهێڵێت. ئێمەیش وەک دیپلۆمات ئامانجی سەرەکیمان خاوکردنەوەی گرژییەکانە لە ناوچەکەدا، ئەمەیش یەکێکە لەوانە. رووداو: ئەم هێرشانە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر چ مەترسییەک بۆ سەر هێزەکانتان دروست دەکەن؟ ستیڤن هیچن: مەترسیی راستەقینە. ئەمانە بۆمبی راستەقینەنە کە دەتەقێنرێن. لە شەوێکەوە بۆ شەوێکی دیکە دەگۆڕدرێن، بەڵام ئەو مووشەکانە و ئەو درۆنانە بڕێکی زۆر تەقەمەنیی بەهێزیان هەڵگرتووە. بۆیە هەموو شەوێک مەترسیی راستەقینە لەسەر سەربازەکانمان لەوێ و هاوڕێیانمان لە هاوپەیمان دروست دەکەن. رووداو: دەکرێت پێم بڵێت ئێستا چەند سەربازتان لە هەولێرن؟ ستیڤن هیچن: ئەو ژمارەیە رۆژانە دەگۆڕێت، ئەگەر ئەمڕۆ ژمارەیەکت بدەمێ، رەنگە سبەینێ جودا بێت ... رووداو: ژمارەی ئەمڕۆم بەرێ. ستیڤن هیچن: ... چەند سەدێکن. رووداو: ئەیە رۆڵیان لەوێ چییە؟ ستیڤن هیچن: گەلێک ئەرکیان هەیە کە دەیکەن. ئەوان بەشێکن لە ئەرکی دژ بە داعش کە هۆکاری لەوێبوونیان ئەوەیە. لەوێن بۆ ئەوەی مەشق بدەنەوە و هاوکاری بکەن. گەلێک رۆڵیان هەیە. باشترە کە لەسەر تەلەڤزیۆن نەچمە وردەکاریی هەموو ئەو شتانەوەی ئەوان دەیکەن. بەڵام هەمووی بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ هاوپەیمانان و دەسەڵاتی کوردی و حکومەتی عێراقدا. رووداو: جارێکی دیکە دەچمەوە سەر هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر یان شوێنەکانی دیکەی کوردستان، مەبەستم ئەو هێرشانەیە کە هاوپەیمانان دەکەن ئامانج. ئایا پێت وایە کە ئەم هێرشانە مەترسیی راستەقینە بۆ هێزە جیهانییە تەناهییەکان دروست بکەن یان وایان لێ بکەن کە هەست بە ئاسوودەیی نەکەن کە بێن بۆ هەرێمی کوردستان؟ ستیڤن هیچن: نا، من ئەوەندە دوور ناڕۆم. ئەوە 10 ساڵە لەم ئەرکەداین. دژ بە داعش زۆر باش بەرەو پێش چووین. نامانەوێت هەڵەکانی 10 ساڵ لەمەو پێش بکەین کە عێراقمان جێ هێشت کە کێشەی داعش سەری هەڵدا. دەمانەوێت ئەرکەکەمان تەواو بکەین و دوای هاوپەیمانییش لە داهاتوودا پەیوەندی هەبێت. هیچ کاممان نامانەوێت کە هاوپەیمانی ببێتە سیمایەکی هەمیشەیی، بەڵام دەمانەوێت لە هەندێک خاڵدا بیگۆڕین بۆ پەیوەندیی بەهێزی هاوبەشی تەناهی لەناو عێراقدا، چونکە کێشەی داعش ناڕەوێتەوە و ئێوە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکەدا بە سەختی دەژین. بۆیە کۆتاییهاتنی هاوپەیمانان مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندییە تەناهییەکانمان نییە. زیرەکییەکە ئەوەیە کە چۆن لە شتێکەوە بیگۆڕین بۆ شتێکی دیکە. رووداو: بەڕێز باڵیۆز، لەو کاتەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستی پێ کردووە، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاد بوون. ئایا پێت وایە گرووپە میلیشیاییەکان هەوڵ بدەن عێراق رابکێشنە نێو ململانێی حەماس و ئیسرائیل؟ ستیڤن هیچن: نازانم ئەگەر ئامانجیان ئەوە بێت. بەڵام رەنگە ئەوە ئەنجامەکەی بێت کە بکەونە ناو ململانێیەکی نێودەوڵەتی و پڕکێشییەکی راستەقینەیە ئەگەر هەر کارێک دژی ئیسرائیل بکەن، چونکە ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە. ئەو کاتە ئێوە لە دۆخێکی سەختدا دەبن. جا ئەگەر ئەوە پلانیان بێت یان نا، نازانم، بەڵام ئمە یەکێک لە پڕکێشییەکانی ئەوەی ئەوان میلیشیان و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدان ئەوەیە حکومەت ئەو بڕیارە لە دەست دەدات کە ئاخۆ ئێوە لە شەڕدان یان نا. رووداو: باشە. دەمەوێت لەبارەی داعش و عێراق و هەرێمی کوردستانەوە قسە بکەین. ئایا هێشتا داعش لە رووی کردەییەوە لە عێراق و کوردستان چالاکە؟ لە کاتێکدا حکومەتی عێراق دەڵێت: "نەخێر، تەواو لاوازن و بە پێچەوانەوە وەک پێشتر مەترسی نین." ئایا پێت وایە هێشتا داعش هەڕەشەیەکی گەورە بێت لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان؟ ستیڤن هیچن: پێموایە هەڕەشەی راستەقینەیە. وا نازانم هەڕەشەیەکی وجوودی بێت. 10 ساڵ لەمەو پێش هەڕەشە بوو لەسەر حکومەت و دەیتوانی لە بەغدا حکومەت لەناو ببات، دەیتوانی لە هەولێر حکومەت لەناو ببات، کە ئەوە هۆکاری خۆهەڵقورتاندنمان بوو. ئێستا دۆخەکە وا نییە. خەڵکی عێراق و پێشمەرگە بۆ ئەوەی لە رووی سەربازییەەوە داعش بشکێنن قوربانیی گەورەیان دا، بەڵام ئەوان هێشتا سەرچاوەی هێزیان هەیە لە دوو شوێن: یەکەمیان لەناو سووریایە کە لەسەر سنووری ئێوەیە. حکومەتی سووریا دەسەڵاتی بەسەر هەموودا سووریادا ناشکێت. بە شێوەیەکی سەربازی لەگەڵ هێزی ئاسمانیی رووسیادا کۆنترۆڵی دەکات، بەڵام لە ناوەوە بەڕێوەی نابات. ئەوەیش خزمەت ناکات، هەر بۆیە شوێن هەیە کە داعش دەتوانێت تێیدا بۆ هێرشکردنە سەرتان خۆی رێک بخات. ئێستا ئەوان قووڵایی ستراتیجییانەیان هەیە. گرفتی دووەم لەناو عێراقدایە. هێشتا شوێن هەن کە لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندان کە دەتوانن خۆیانیان تێدا رێک بخەن. پێموایە گژنێیە درێژخایەنەکە ئابوورییانە و گەشەی کۆمەڵایەتییە، چونکە داعش لەو شوێنانەدا گەشە دەکات کە خەڵک پەراوێز دەخرێن و دەرفەتیان نییە. بۆیە بەهێزترین ئامڕازی بەرەنگاربوونەوەی داعش سەربازییانە یان تەناهییانە نییە، بەڵکو ئابووری و کۆمەڵایەتییە. رووداو: دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت کە فەرمانبەران مووچەیان نادرێتێ و هەناردەکردنی نەوت راگیراوە و هێشتا گەلێک قوتابخانە لە سلێمانی و هەڵەبجە و چەند شوێنێکی کوردستان داخراون و، حکومەتی عێراقیش بەشە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نادات؟ جا ئەمانە هەموویان گەلێک گرفتی ئابوورییان بە دوای خۆیاندا هێناوە. ستیڤن هیچن: دۆخی ئێوە زۆر سەختە و هاوسۆزی خەڵکی کوردم. دۆخەکە قورسە و بە کەمی نازانم. چوارپێنج مانگ لەمەو پێش لە بارەی مووچەوە راگەیێندراوێکم بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە و گوتم هیوادارین ئەمە خێرا چارەسەر بکرێت و هەر فەرمانبەرێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە چ شوێنێکی عێراقە، لە کۆتایی مانگدا شایانی وەرگرتنی مووچەیە. من خۆم لە کۆتایی مانگدا چاوەڕێی مووچەکەم دەکەم و هەر کەسێکیش کە کار بۆ حکومەت دەکات وایە. لەسەر ئەوە گەلێک رەخنەم لێ گیردرا، پێیان وا بوو خۆهەڵقورتاندنە. من ئەو قسەیەم بۆیە کرد، چونکە فەرمانبەرانی حکومەت مووچەیان نەدرێتێ، ئەوا دواجار مەترسیی لەسەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت. بە لای منەوە ئەوە گرفتێکی جددییە. جا کاتێک پرسیار دێتە سەر سەقامگیری، پێموایە لە دوای مێژوویەکی نزیکەوە ئێمە لەم وڵاتەدا بەرژەوەندیمان هەیە، هەر بۆیە ئەو راگەیێنراوەم بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە. پێموایە لەم چەند رۆژەی دواییدا هەنگاوی بۆ نراوە. هیوادارم بتوانین بۆ ئەو ژێشەیە بگەینە چارەسەرێکی هەمیشەیی. رووداو: تا ئێستا دوو جار هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوو جار دوا خراوە، بڕیار بوو 25ی شوبات بکرێت، بەڵام جارێکی دیکە دوا خرا. پرسیارەکەم ئەوەیە، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ دیموکراسیی دەوڵەت و لایەنی دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان چییە؟ ستیڤن هیچن: ئێمە دەمانەوێت هەرچی زووترە ئەو هەڵبژاردنە بکرێت. ئێمە دەزانین کە دۆخی بەریتانیا و هەریمی کوردستان جودان. ئێوە دیموکراسییەکی تازەتان هەیە و ئێمە دیموکراسییەکی زۆر دێرینمان هەیە. بۆیە ئێوە رووبەڕووی زۆر قەیران بوونەتەوە کە هاتوونەتە رێی هەڵبژاردنەکان و ئاڵۆزیی جۆراوجۆر لەسەر هەڵبژاردن هەبووە. بەڵام دیموکراسییەکی تازە دەبێت لەسەر ئەو رێی هەڵبژاردنە بەردەوام بێت. ناکرێت شتێکی ئاوارتە بێت، دەبێت شتێکی هەمیشەیی رۆتینی بێت. بۆیە هیوادارین هەرچی زووترە ببینین ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت. ئێمە لە ئاڵۆزییەکان دەگەین. پێموایە بەبێ هەڵبژاردن هەمیشە گومان لەسەر رەوایەتیی حکومەت دەبێت. ئێستا دڵنیام خەڵکی کورد هێشتا حکومەت بە رەوا دەزانن، بەڵام بە هەڵبژاردن ئەوە بۆ هەمووان تازە دەبێتەوە. رووداو: بەڕێز باڵیۆز، لە بارەی هێزەکانی پێشمەرگەوە، حکومەتی بەریتانیا چالاکانە خەریکی رێکخستنەوەیانە تا یەکیان بخات. پرۆسەکە چۆن دەبینیت؟ ئایا بە پرۆسەکە دڵخۆشیت یان نا؟ ستیڤن هیچن: دەڵێم ئەوە وێنەیەکی تێکەڵە. بەرنامەیەکی چوار ساڵە هەبوو، پرۆسەکە لە یەکەم ساڵەوە تێکەڵ بووە. ئێمە خۆشحاڵ بووین کە شۆڕش ئیسماعیلی وەزیر گەڕایەوە بۆ وەزارەت. دیارە ئەوە پێشکەوتنێکە. وا هەست دەکەم پێشمەرگە گرنگتر لە هێزێکی سەربازییە. پێشمەرگە هێمای گەلی کوردە. دەکرێت ببێتە هێمای یەکگرتوویی گەلی کورد. ئێمە زۆر پشتیوانیی یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 دەکەین و دەمانەوێت لە داهاتوودا ئەوە ببینین. پرۆسەکە خاو بووەتەوە. پێموایە ئێستا لە شوێنێکی باشترداین. هەموومان هیوادارین لە ساڵانی دواتردا خێرا ببێت، رێک بەو جۆرەی کە هیوادارین پلەیەکی بەرزتری یەکگرتوویی لەنێوان حیزبەکانی هەرێمی کوردستاندا ببینین. رووداو: دوای سەردانی وەزیری ئاسایشی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ گفتوگۆی کێشەکانی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە بۆ بەریتانیا، ئێستا ئەنجامەکانی ئەو سەردانە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ ستیڤن هیچن: زۆر باشە. وەزیر تووگنهات کە هات لەگەڵ بەڕێز رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆدا لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ کرد، ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو بۆ ئێمە. ئێمە دەمانەوێت بە هاوکاریی راستەقینە و بەهێز بەردەوام بین. لێکتێگەیشتن بەس نییە. ئەمە پەیوەندیی بە کاری راستەقینەوە هەیە. ئێوە رووبەڕووی کێشەی تازە دەبنەوە کە ماددەی هۆشبەرە لە کۆمەڵگەکەتاندا، بەڵام ئەوە بۆ ئێمە کێشەیەکی کۆنە. جا هیوادارم ئێوە لە ئەزم و هەڵەکانی ئێمەوە فێر ببن. ئاشکرایە بە درێژایی ساڵان لە چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا هەڵەمان کردووە و، هیوادارم دەسەڵاتدارانی کورد لە ئەزموونەکانمانەوە فێر ببن، بە ئەرێنی و نەرێنییانەوە. هەروەها لە بارەی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، ئەوە شتێکە کە بە وردی کاری لەسەر دەکەین. ئەوە شتێکی ناخۆشە کە وا لە خەڵک بکەیت پارەت بدەنێ و لە بەرامەبەردا بەڵێنی ژیانێکی باشتریان بدەیتێ، بەڵام لەو رێگەیەدا ناپاکییان لێ بکەیت. ئەوە شتێکە کا ری لەسەر دەکەین. رووداو: بەڕیز باڵیۆز، ژمارەیەکی بەرچاو گەنجی عێراقی و کورد ساڵانە و مانگانە یان هەفتانە بە قاچاخ دەچنە بەریتانیا. داهاتووی ئەم خەڵکانە لە بەریتانیا چی دەبێت؟ ستیڤن هیچن: سوپاس کە ئەم پرسیارەت لێ کردم. حەز دەکەم بە هەموو ئەو کەسانە بڵێم کە سەیری ئەم هەڤپەیڤینە دەکەن و دەیانەوێت پارە بە قاچاخچی بدەن، نابێت باوەڕ بەوە بکەن کە پێیان دەگوترێت. پارەیەکی زۆر دەدەن لە پێناو ئەوەی بە قاچاخ ببرێنە شوێنێک و، زۆر کەسیش دەرناچن. زۆر کەس ناگەنە جێ. لەلایەن قاچاخچییەکانەوە ناپاکییان لێ دەکرێت. رێگەیەکی مەترسیدارە. زۆر کەس لەو رێیەدا دەمرن. زۆر کەس خنکاون. ئەو قاچاخچییانە خەڵک دەقۆزنەوە و بەڵێنی درۆیان دەدەنێ و، ئەو گەنجانەی خەون بە شتێکی باشترەوە دەبینن پێی ناگەن. بەو کەسانەی بیر لەوە دەکەنەوە دەڵێم: ئەوە نەکەن. لە ماوەی جیاوازدا خەڵکێکی زۆر کورد هاتوون و ئێستا کۆمەڵگەیەکی گەورەی کورد لە بەریتانیا هەیە کە زۆربەیان هیی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانن و مافی پەنابەرێتییان وەرگرتووە، چونکە لەلایەن سەدامەوە جینۆسایدیان بەرامبەر کراوە و بە شێوەی باوەڕپێنەکراو چەوسێنراونەتەوە. من ناڵێم ئێستا لە هەرێمی کوردستان یان عێراق هەموو شتێک بێکەموکوڕییە، بەڵام زۆر لە هەشتاکان و نەوەدەکان جیاوازە کە خەڵک جینۆساید دەکران. رووداو: ئەی پلانەکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەناخوازانەوە چییە؟ ئایا داواتان لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە کە کە بیانگەڕێننەوە؟ ستیڤن هیچن: ناچمە وردەکاریی ئەمەیانەوە، چونکە ئێمە لەسەر ئەم بابەتە لە نزیکەوە هاوکاری دەکەین و لەگەڵ هەولێر و بەغدادا لە گفتوگۆی بەردەوامداین. رووداو: ئەی وەڵامەکەی؟ ستیڤن هیچن: پێموایە دەبێت لەوان بپرسیت. ئێمە لەگەڵ ئەواندا لە گفتوگۆداین. ئەرێنییە، بەڵام نامەوێت نامەوێت بچمە وردەکارییەوە. رووداو: هەر زۆر باشە. ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، زۆر سوپاس. ستیڤن هیچن: سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/23012024
بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت، هەولێر، بەغدا و بەسرە بەرزترین رێژەی پیسبوونی هەوایان هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 40 هەزار خێزان لە ناوچەکانی باشووری عێراقەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە. جاسم فەلاحی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە گرفتەکانی ژینگە، مەترسیی پیسبوونی ئاو، هەوا و خاک دەکات بەهۆی کارتێکەرە ژینگەیی و کیمیاییەکان و تیشک و تەقەمەنییەکانەوە. بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت، "ئێستا تەنیا 40%ی پشکی ئاوی خۆمان لە تورکیا و ئێرانەوە پێدەگات" و باس لەوەش دەکات، دەتوانرێت لە رێگەی دروستکردنی ژمارەیەک بەنداوەوە هەرێمی کوردستان بکرێتە کۆگای ئاوی هەموو عێراق و بەو جۆرەش ئاسایشی ئاو پارێزراو بێت. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جاسم فەلاحی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق: رووداو: کۆنفرانسی ژینگە لە بەغدا بەڕێوەچوو. دۆخی ژینگە لە عێراق، بەتایبەت دۆخی ئاو چۆنە؟ جاسم فەلاحی: بە دڵنیاییەوە هەبوونی کۆنفرانس وێستگەیەکی گرنگە لە رێڕەوی کاری ژینگەیی. ئەمە کۆنگرەی چوارەمە لە ساڵی 2021ەوە دەبەسترێت. بیرۆکەکە هی وەزارەتی ژینگە و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بوو، کە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاو ببەسترێت. ئاسایشی ئاو بابەتێکی گەورەیە و تەنیا پەیوەندیی بە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانەوە نییە، بەڵکو تێڕوانینی دەوڵەتە. ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو کاری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانە، هەربۆیە هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ رێکخستنی ئەو تێگەیشتنە، چونکە ئاسایشی ئاو پەیوەندیی بە ژیان، تەندروستی و ئاییندەی نەوەکانی داهاتوومانەوە هەیە و بەدواداچوون بۆی کاری دەوڵەتە. کاری هەموو دامەزراوە، کەس و وەزارەتەکانە لەگەڵ کۆمەڵگە، رێکخراوە ناحکومییەکان، ناوەندە زانستییەکان، راگەیاندن، رۆشنبیری، ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و ئاینییە، لەکاتێکدا عێراق زیانمەندترین وڵاتی ناوچەکەیە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. پێویستە زۆر هۆشیار بین و زیرەکانە مامەڵە بکەین؛ نابێت دەرهاویشتەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەموویان لە کەمبوونەوەی ئاو کۆبکەینەوە کە ئێمە بەدەستیەوە دەناڵێنین، بەڵکو ئەوە سیاسەتی وڵاتانی خاوەن سەرچاوەکانی ئاوە. ئەوە هۆکاری سەرەکیی کەمکردنی داهاتە ئاوییەکانمانە. لەپاڵ ئەوەشدا گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و بەرزبوونەوەی بێوێنەی پلەی گەرما و کراوەیی رووبارەکانمان کە زیانەکەی چەندین ملیار مەتر سێجایە بەهۆی بەهەڵمبوون، لەگەڵ پیسبوونی سەرچاوەکان لە نێوخۆدا کارتێکەرن بۆ زیادبوونی کاریگەریی کەمئاوی، بەتایبەت لە پارێزگەکانی باشووری عێراق. ئەم تێگەیشتنانە دەبێت روون بن، چونکە دەڵێن ئێمە پشکی پێویستی ئاو دەدەین بە عێراق، بەڵام بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئیدارە نادرێت و کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە. بەڵێ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زاراوەیەکی جیهانییە، بەڵام بە رێژەی دیاریکراو. ئێمەش پۆلێنکراوین لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کە لەو 5 وڵاتەی جیهانین زۆرترین زیانمان بەرکەوتووە لە بابەتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. رووداو: سەرۆککۆماری تورکیا گوتی ئێمە پشکی ئاو دەدەین. گرفتی ئاو لە عێراق گرفتی ئیدارەدانیەتی لە نێوخۆدا نەوەک ئەو پشکەی بەردەدرێتەوە. ئێستا عێراق چەند مەتر سێجا ئاو لە تورکیا وەردەگرێت و پێشتر چەند بوو؟ جاسم فەلاحی: ئێمە پێویستمان بە نزیکەی 50 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ هەموو چالاکییە جیاوازەکان؛ ئاوی خواردنەوە 9% بۆ 10% دەبات لە کۆی داهاتی ئاویمان؛ لە راستیدا زیاتر 85% داهاتی ئاویمان دەڕوات بۆ کشتوکاڵ. کێشەی راستەقینە کە دەبێت سەرنجی بخەینەسەر ئەوەیە چۆن ئەم داهاتە ئاوییانە بە رێگەیەکی دروست دابەشبکەین. رێگەی دروست ئەوەیە ئێمە بەشێوەیەکی دروست کشتوکاڵ بکەین. ئایا بەهەدەردان لە ئاودێری هەیە کە هێشتا بە شێوازی باوباپیرانمان لە سۆمەرییەکان ئاودێری دەکەین؟ ئەو کشتوکاڵەی 90%ی داهاتی ئاوی تێدا بەکاردەهێنین، ئایا ئاسایشی خۆراکی دابینکردووە و عێراقی لە هاوردەکردن راگرتووە؟ ئێمە رۆژانە دەبیستین کە بەروبووم و سەوزە بە بەهای چەندین ملیار هاوردە دەکرێت. پێویستە ئامانجی سەرەکیمان وەکو ستراتیژ بۆ عێراق ئەوەبێت ئەو پشکە ئاوەی پێمان دەگات بەجۆرێک بەکاربهێنین لانیکەمی ئاسایشی خۆراکمان بۆ دابینبکات، لەگەڵ پێداویستییە مرۆییەکانی دیکە لە بەکارهێنانی ئاو، چونکە ئێستا لە عێراق هیچ کەسێک ئاوی بەلوعە بۆ خواردنەوە بەکارناهێنێت. بە دڵنیاییەوە پێویستمان بە ئاو دەبێت لە پڕۆژە پیشەسازییەکان، لە ساردکردنەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. پێویستمان بە ئاوە لە پرۆژە گەورەکانی پیشەسازی، ئابووری و گەشەپێدان؛ بۆیە دەبێت پلانی گەشەپێدان جێبەجێبکرێت و ئەنجامەکەی ببینین. پارێزگاکانی بەسرە، میسان، زیقار و موسەننا ئەو پارێزگایانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە بابەتی جۆر و بڕی ئاو. ئێمە باس لە جۆری ئاو دەکەین. ناکرێت و ناگونجێت هەر بوونی رووبار و رێڕەوە ئاوییەکان بە نیشانەی بوونی ئاو بزانین، پێویستە جۆری ئەو ئاوە لە جۆرێکی باش بێت، بەپێی پێوەرە جیهانییەکان. ئێمە 40%ی پێداویستییەکانمان لە ئاو دەستدەکەوێت لە پشکەکەمان، واتە ئەگەر پشکەکەمان 100 ملیار مەتر سێجا بێت، ئێمە 40 ملیار مەتر سێجا وەردەگرین، 90%ی داهاتە ئاوییەکانمان لەودیو سنوورەکانی خۆمانن، زیاتر 80%ی لە تورکیای دراوسێوە دێت، 8% بۆ 12%ی داهاتمان لە ئێرانی دراوسێوە دێت. دەزانن کە پارێزگای دیالە پارێزگەی پشتپێبەسراوی ئێمەیە بەشێوەیەکی سەرەکی لە داهاتە ئاوییەکانمان لە رووبارەکانی ئەڵوەند، دیالە و زێی بچووک لەلایەنی ئێران. شەتولعەرەبیش بەهەمانشێوە کە دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی رووباری کەرخە و رووبارەکانی دیکە؛ بۆیە دۆخی ئاو لەرووی جیۆسیاسیی بابەتی ئاو و ئاسایشی ئاو پەیوەندیدارە بە جوگرافیای سیاسی. کێشەی راستەقینەمان ئەوەیە ئێمە لەرووی جیۆسیاسییەوە وابەستەین بە دراوسێکانمان. یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە وڵاتانی خاوەن رووبار پابەند بکات بۆ پاراستنی پشکی وڵاتانی دیکە لە ئاو. کێشەیەکی دیکەشمان ئەوەیە ئێمە هەڵکشانێکی بێ وێنەمان هەیە لە ژمارەی دانیشتووان، لەگەڵ پاشەکشێی کشتوکاڵ. تۆ ناتوانیت ئاسایشی خۆراک بپارێزیت ئەگەر داهاتی پێویستی ئاوت نەبێت و رووبەرێکی باشی کشتوکاڵیت نەبێت. ئێمە رووبەڕووی کەمبوونەوەی داهاتە ئاوییەکانمان بووینەتەوە لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و لەدەستچوونی نزیکەی 68%ی زەوی کشتوکاڵی، لەگەڵ زیادبوونی ملیۆنێک و 300 هەزار کەس ساڵانە لە ژمارەی دانیشتووان. بۆ زانیاریتان ئێمە لە بەرزترین ئاستداین و لە پلەی یەکەمداین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەم بابەتە لە راستیدا پێویستی بە لەسەر راوەستانە و پێویستە بەرێز سەرۆکوەزیران لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانەی کراون رەزامەندی نیشانبدات بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی باڵا بۆ دانانی سیاسەتی دانیشتووان. پێویستمان بە تێڕوانینێکی نوێیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو زیادبوونەی دانیشتووان بەجۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی ئاسایشی خۆراک بگونجێت کە پشت دەبەستێت بە زەوییە گونجاوەکان بۆ کشتوکاڵ. بە دڵنیاییەوە هیچ وڵاتێک سەربەخۆ نابێت ئەگەر سەربەخۆیی ئابووری و سەربەخۆیی وزەی نەبێت و ئاسایشی خۆراکی پارێزراو نەبێت. هیچ وڵاتێک ناتوانێت سەربەخۆبێت ئەگەر لە دابینکردنی خۆراک سەربەخۆ نەبێت و لە کەرتی وزە و کەرتە ئابوورییەکانی دیکەدا سەربەخۆ نەبێت. لەبەرئەوە ئێمە مژدانەی خۆش دەبینین لە سەردانەکەی ئەم دواییەی جەنابی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و ئەو گفتوگۆ باشانەی ئەنجامی دان لەگەڵ بەرێز سەرۆکوەزیران و بەرێز سەرۆککۆمار و چاومان لەوەیە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکان کە پێویستە پەیوەندیی مێژوویی بن؛ پەیوەندی دراوسێیەتی، زمان، ئایین و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان. ئەگەر ئەم بابەتانە قورساییان نەبێت، ئەوە بەرژەوەندییەکانمان پارێزراو نابن. بە دڵنیاییەوە رێگەی گەشەپێدان لەگەڵ تورکیای دراوسێ و ئێرانیش دەبێت ببێتە هۆی پاراستنی پشکی ئاوی عێراق کە لەگەڵ پێداویستییەکانمان بۆ گەشەپێدان بگونجێت. ئێستا شۆڕشێکی گەشەپێدانمان دەستپێکردووە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە وەکو بەرێزتان دەزانن سیاسەتی حکومەتی فیدراڵی ئێستا پەرەپێدانی ستراتیژی ئاوە لەگەڵ سەرنج خستنە سەر کوردستان. من هەمیشە دەڵێم کاتێک پێویستت بە دانانی تانکی ئاو دەبێت، پێویستە لە بەرزترین خاڵی ماڵەکەتدا دایبنێیت لە نهۆمی سەرەوە. کۆگای ئاوی عێراقیش دەبێت لە هەرێمی کوردستان بێت، چونکە لەرووی دیمۆگرافییەوە ئەو ناوچەیە گونجاوە بۆ کۆکردنەوە و کۆگاکردنی ئاو تێیدا. بە دڵنیاییەوە روانینێکی ئایندەیی زۆر گرنگمان هەیە بۆ پەرەپێدان، هەروەها رەنگە ببێتە هۆی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی ئاو لە وڵاتەکەمان. رووداو: باست لە بەکارهێنانی ئاو بۆ کشتوکاڵ کرد. پێتانوایە لە ناوچەکانی باشوور باشترە برنج نەچێندرێت؟ هاوردەکردنی برنج بۆ عێراق باشترە لەوەی بچێندرێت و بڕێکی زۆر ئاوی تێدا خەرج بکرێت؟ جاسم فەلاحی: با راشکاو بم. ئێمە ئێستا سەرنجمان لەسەر شتێکە پێی دەڵێن کشتوکاڵی زیرەک. کشتوکاڵی زیرەک ئەو بەروبوومانەیە کە دەگونجێن لەگەڵ ژینگەی عێراق، بەرگەی دۆخی کەشوهەوا دەگرن و ئاوێکی زۆریان بۆمان پێویست نییە. تۆ باسی برنجی عەنبەری عێراقی دەکەیت. عەنبەر گوزارشتە لە بەشێکی کوولتووری ئێمە و پارێزگاکانی فوراتی نێوەڕست شانازیی پێوەدەکەن، بەڵام ئێمە ناتوانین پشت بە عەنبەر ببەستین تاوەکو خۆبژێوییمان لە برنج بۆ دابینبکات. دەبینن کە سەدان هەزار تۆن برنج لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکەین. بە دڵنیاییەوە من لەگەڵ رێگری لێکردنی نیم. ئەو جووتیارەی ئابوورییەکەی پشت دەبەستێت بە کشتوکاڵ، کشتوکاڵەکەشی لە باپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە، من دەڵێم کەمبکرێتەوە لەبەر رۆشنایی توانا ئاوییەکانمان. ئەگەر ئاوی زیادەمان هەبێت با سێ ملیار دۆنم بچێنن، چونکە ئەگەر ئاوی زیادەمان هەبێت، دەتوانین گۆلاوی زیاتر دروستبکەین و برنج پێویستی بە گۆلاوە. بۆیە بە دڵنیاییەوە ئێمە سەرنجمان لەسەر گەنمە؛ سەرنجمان لەسەر جۆیە؛ سەرنجمان لەسەر گەنمەشامییە کە زۆر گرنگن بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، ئەوەش لەبەرچاو دەگرین ئەگەر ئاوی زیادەمان هەبێت دەتوانین بەرەو بەرهەمی زیاتر بڕۆین، دەتوانین راهێنان بە جووتیاران بکەین کە ئێستا لەسەر چاندنی یەک جۆر بەرهەم راهاتوون، بۆ نموونە چاندنی عەنبەر و دەتوانین بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕۆن کە بەشێک لە زەوییەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی برنجی عەنبەر بەکاربێنن و لە بەشەکەی دیکەشدا هاوکاریان دەبین لە دابینکردنی سیستمی ئاوپرژێنی سەردەمیانە تاوەکو بەروبوومی دیکەی لێ بەرهەمبێنن کە رەنگە سوودی لە بەرهەمی برنجی عەنبەر زیاتر بێت بۆیان. رووداو: لەم ساڵانەی دواییدا چەمکێکی نوێ دەبیستین ئەویش کۆچکردن بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، خۆشت ئاماژەت بە بە بیابانبوون لە عێراق کرد، کام ناوچانەی عێراق زیاتر مەترسیی ئاوارەبوونی ناوخۆییان لەسەرە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا؟ جاسم فەلاحی: رەنگە من یەکەم کەس بووبم کە چەمکی "ئاوارەبوون بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا"م بەکارهێنابێت. زۆنگاوەکانی عێراق کە هەوڵێکی زۆرماندا لەو دۆخەی تێیاندا بوو دەربچن، سامانی نیشتمانیین و شانازییان پێوەدەکەین، چونکە لە شتە دەگمەنەکانی جیهانن و هەندێک تایبەتمەندییان هەیە لە هیچ شوێنێکی جیهان نین. رووبەڕووی بەبیابانبوون و کەمبوونەوەی شێ بووەتە هۆی کەمی ئاو. لەم ساڵانەی دواییدا دەیان هەزار خێزان ئاوارەبوون. ئێمە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران داتاکانمان کۆکردووەتەوە و لە ساڵی 2021 زیاتر لە 40 هەزار خێزان کۆچیان کرد لە پارێزگاکانی زیقار و میسان بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو. لەرووی ئابوورییەوە خەڵکی نیشتەجێی زۆنگاوەکان پشتدەبەستن بە راوەماسی، لەگەڵ بەخێوکردنی گامێش و کشتوکاڵ، هەموو ئەوانەش پەیوەستن بە بوونی ئاوەوە، کەواتە نەبوونی ئاو ژیانی ئەوان تێکدەدات و ناچارن ئاوارەبن و بڕۆن بۆ شارەکان. ژمارەی دانیشتووانیش لە شارەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی زیاد دەکات و بەهۆیەوە رێژەی هەژاریی بەرزدەبێتەوە، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و رێژەی جیابوونەوە زیاد دەبێت، ژمارەی تاوانەکان زیاد دەبێت، بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان تەشەنە دەکات، تەنانەت بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانیش رەنگە ئەو دۆخە گونجاو بێت. نەوەک تەنیا ئاوارەبوونی ناوخۆیی، بەڵکو بەپێی ئەو زانیارییانەی لامانە ئەو بابەتە یەکێکە لە هۆکارەکانی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، بوونە قوربانی باندەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤ و خنکان لە دەریا و زەریاکان، نیشانەی نەمانی هیوا و ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراکن. رووداو: ئاوارەبوون یان هێڵی ئاوارەبوون ئێستا لە عێراق لە گوندەکانەوەیە بەتایبەت لە پارێزگاکانی باشووری عێراق بۆ شارەکان و بەرەو باکوور؟ جاسم فەلاحی: تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش کەمبوونەوەی ئاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەریی زۆریان لەسەر خەڵک دروستکردووە. ئێمە ناتوانین بڵێین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەرووی ئاوەوە تەواو ئاسوودەن یان لەرووی کشتوکاڵ و ئابوورییەوە بێ کێشەن، ئەوانیش دەناڵێنن بەدەست ئەم گرفتانەوە بەڵام بە رێژەیەکی کەمتر، بەڵام پارێزگاکانی خوارووی عێراق گرفتیان زۆر زیاترە بەتایبەت ناوچەکانی دەوروبەری زۆنگاوەکانی عێراق. رووداو: عێراق لە ریزبەندی ئەو 5 وڵاتەیە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. ئایا عێراق هاوکاری نێودەوڵەتی پێویستی پێدەگات بۆ رووبەڕووبوونەوە یان خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا؟ جاسم فەلاحی: بە دڵنیاییەوە عێراق کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکی گەورەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. ئەو کاریگەرییانەش رۆژانە هەستی پێدەکرێت. من هەمیشە دەڵێم ئێمە قوربانین، چونکە زیاتر لە 300 ساڵە چالاکی پیشەسازیی هەیە و ئەو وڵاتانەی کەمتر گەشەیان کردووە زیانمەندبوون لە دیاردەی قەتیسبوونی پلەی گەرما لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەو ئامێر و ئامرازانەی لە وڵاتانی پیشەسازی رێژەیەکی زۆر کاربۆن دەردەدەن. رێککەوتنێک هەیە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە پێی دەگوترێت مادەی 6؛ هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی مێژوویی لەبارەی دیاردەی قەتیسبوونی پلەی گەرما. لەو مادەیەدا هاتووە ژە بەرپرسیارێتی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە، بەڵام بە رێژەی جیاواز. پێویستە هەموومان رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببینەوە، چونکە هەموومان لەسەر هەمان هەسارە دەژین، بەڵام بە دۆخی جیاواز. ناکرێت ئەو کەسەی هۆکارە لەگەڵ قوربانییەکە هاوتا بن؛ ناکرێت قوربانی و تاوانبار هاوتابن؛ بۆیە رێکاری قەرەبووکردنەوە دەستنیشانکراوە لە رێککەوتننامەی پاریس بەناوی سندووقی ژینگەی سەوز کە 100 ملیار دۆلاری تێدایە و پێویستە وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی گەورە دابینی بکەن بۆ بونیادنانی ئەو پرۆژانەی هاوکار دەبن لە کەمکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەهێزکردنی ژێرخانی وڵاتانی کەم گەشەسەندوو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەریان، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە دەستپێشخەرییەکان شەرمنانەن. ئەوەی ئێستا هەیە لە ئاستی خواستدا نییە و رەنگە ئەگەر پێشکەوتنی گەورە روویدابێت دوای رێککەوتننامەی پاریس، ئەو پێشکەوتنە بێت کە لە دوبەی هەیە لە کۆپ 21 لە دوبەی کە بڕیاری پێکهێنانی سندووقی زیانەکان درا، ئەوەش زۆر گرنگە بۆ وڵاتانی کەم گەشەسەندوو و رەنگە بتوانین ناوچەکانی زۆنگاوەکانی عێراق بە نموونە وەربگرین و بڕی ئەو زیانانە دەستنیشانبکەین کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە پێیانگەیشتووە وەک کەمبوونەوەی ئاو و بەبیابانبوون و خۆڵبارین و نەبوونی ئاسایشی خۆراک. دەکرێت ئەو زیانانە بکرێنە زمانی ژمارە و هەموو ئەو زانیارییانە بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی پێشکێشبکرێن لەرێگەی کەناڵی فەرمی پەیوەندیکردنەوە بەرزبکرێنەوە بۆ سکرتارییەتی جیهانیی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە من پەیوەندییەکە رێکدەخەم و لەوێوە بگەینە سندووقی زیانەکان کە 30 ملیار دۆلاری تێدایە، کەواتە ئەم ئامرازانە بە دڵنیایی ئامرازگەلێکن کە رەنگە بتوانین سوودیان لێوەربگرین، بەڵام تاوەکو ئێستا هەست بە سیاستێکی دوو پێوانەیی دەکەین لە دەستنیشانکردنی بنەماکان وەکو هەمیشە بۆ بوونی هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی پیشەسازیی گەورە و نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتانی کەم گەشەسەندوو. ئێمە لە هەموو ئەو کۆنفرانسانەی کە بەستراون داوامان کردووە لە کۆپ پاریسەوە لە ساڵی 2015 تاوەکو ئێستا داوای دادپەروەریی ژینگەیی دەکەین کە ئەوە زۆر گرنگە بۆ ژیانی خەڵک، چونکە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەریی هەیە لەسەر ژیان و تەندروستیمان. ئێمەش لەسەر ئەم هەسارەیە دەژین، کەواتە قەرەبوومان بکەنەوە. ئەوان دەیانەوێت خۆشگوزەرانییان بەردەوام بێت لەسەر حیسابی ژیانی ئێمە و تەندروستی هاوڵاتییانمان. ئەوان نایانەوێت چالاکییە پیشەسازییەکانیان کەمبکەنەوە کە رێژەیەکی زۆر کاربۆن دەردەدەن، بەڵام داوا لە وڵاتانی کەم گەشەسەندوو دەکەن بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە، لەکاتێکدا ئێمە نەوت بەرهەمدەهێنین، بەڵام نایسوتێنین. ئەوان بەکاری دەهێنن لە پیشەسازییدا. من بە راشکاویی دەڵێم ئێمە و عەرەبستانی سعودیە رابەرایەتی تیمێکی زۆر بەهێزمان کرد، بەڵام شکستمان هێنا چونکە ئەوەی کۆنگرەکە دەیویست خۆلادان بوو لە لێدانی بیرەنەوتییەکان. ئێمە پێداویستیمان هەیە. عێراق بە 5 دەیە لە جەنگ و ناسەقامگیریی ئاسایش و ناسەقامگیری سیاسیدا تێپەڕیوە و بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان رووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە و هەربۆیە پێویستمان بە پارەی زۆرە تاوەکو ژێرخانی داڕماومان بونیادبنێینەوە، تاوەکو بتوانین هانی کەرتە جیاوازەکانی بەهێزکردنی ئابووری بدەین. ناکرێت ئابورییەکەمان تەنیا پشت بە نەوتی خاو ببەستێت؛ پێویستمان بە کشتوکاڵی زیرەکە، پێویستمان بە پیشەسازیی دۆستی ژینگەیە، پێویستمان بە هاندانی گەشتوگوزاری ئایینی و گەشتیاری ژینگەیی و رۆشنبیرییە. عێراق هەمووی وەکو مۆزەخانە وایە لە دهۆکەوە تاوەکو بەسرە. ئەمانە پێویستیان بە پارەیە تاوەکو ژێرخانەکەیان بونیادبنرێن، ئیدی چۆن بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەینەوە کە تاکەسەرچاوەی ئابووریمانە. بە راشکاویش بڵێم حکومەتی عێراق زۆر پشتیوانی تیمی دانوستاندنکار بوو و سەرۆکوەزیران سوپاسنامەی پێشکێشکردین بۆ سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە و وەزیری ژینگە بەدڵنیایی لەگەڵمان بوو. شاندەکە ئێستا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ کۆنفرانسی داهاتوو لە باکۆ. ئێمە وڵاتێکی زیانمەندین، روانینێکی روونمان هەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ئەوانیش هاوبەشمانن لە هەموو پلانە ستراتیژییەکان، چونکە بابەتی ژینگە لە عێراق کێشەی هەموو عێراقە. رووداو: کاتێک باسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یان ژینگە دەکەین سەرنج لەسەر بەبیابانبوونە، بەڵام دەمەوێ پرسیارت لێبکەم لەبارەی هەوا، دۆخمان چۆنە لەرووی پیسبوونی هەوا لە عێراق، رێژەکەی چەندە؟ جاسم فەلاحی: پیسبوون یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانمان، ئاڵنگاریی زۆرمان لەپێشە بەڵام پێویستە کارە لەپێشینەکان دەستنیشان بکەین، کاری لەپێشینە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە، وشکهەڵاتنی زەوی، خۆڵبارین، کەمبوونەوەی ئاو و پیسبوون، پیسبوونیش بریتییە لە پیسبوونی هەوا، پیسبوونی ئاو، پیسبوونی خاک، بە پیسبوونی کیمیایی، پیسبوونی تیشک، پیسبوون بە مین و تەقەمەنییەکان ئەمانە پیسبوونن، ئێمە یەکێکین لە پیسترین وڵاتەکانی جیهان لەهەموو ئەم بابەتانەدا، لەبارەی پیسبوونی هەوا پێوانەیەک هەیە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی رێژەی تەنە نەبینراوەکانی ناو هەوا، بە دڵنیایی چەند رێژەیەکی هەن کە نابێت تێبپەڕن، چونکە ئەگەر لە رێژەی خۆی تێپەڕی دەرهاویشتەی خراپی دبێت بەتایبەت لەسەر نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان لەسەر کەسانی بەتەمەن و منداڵان، بە پێی ئەو پشکنینانەی هەمانن بەغدا و بەسرە و هەولێر لەو شارانەن کە رێژەی پیسبوون بەرزە تێیاندا، کاتێک دەڵێم رێژەی پیسبوونیان بەرزە بە دڵنیایی وێستگەمان هەیە بۆ پێوانی پیسبوونی هەوا چونکە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لەو ناوچانە زۆر بەرزە بەغدا بۆ نموونە دروستکراوە بۆ لەخۆگرتنی 3 ملیۆن کەس، بەغدا ئێستا 9 ملیۆن کەسی تێدایە، لەگەڵ 2 ملیۆن کەس کە بە رۆژ دێنە ناوی و ئێواران دەردەچن، لەگەڵ زیدبوونی بێ شووماری ئۆتومبێل، رەنگە ئێستا بزانن پرۆژەکانی رێگریی لە خنکانی هاتوچۆ کە بەرێز محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتی دەکات کە ژمارەیەکی زۆر شەقام و پرد ئەندەرپاس دروستکراون کە زۆر رۆڵیان هەیە لە کەمبوونەوەی خنکانی هاتوچۆ بەڵام ئێمە لەساڵی 2003 سنووری 400 هەزار ئۆتومبیلمان هەبوو، ئێستا سنووری 7 ملیۆن ئۆتومبیلمان هەیە ئەمە بە دڵنیایی لەگەڵ پاشەکشێی ژێرخان لە شەقام و بەرزەپرد و ئەندەرپاس بووەتە هۆکاری قەرەباڵخی زۆر، هەمیشە گازە کاربۆنییە ژەهراوییەکان پێچەوانی جوڵەی ئۆتومبیلن، چەند رێگەکە کراوەتر بێت و ئۆتومبیلەکە خێراتر بڕوات گازە دەردراوەکانی کەمتر دەبنەوە چەند قەرەباڵخی هاتوچۆ زیاتر بێت رێژەی پیسبوون زیاتر دەبێت، ئەگەر لێم بپرسی رێژەی پیسبوونەکە چەندە، پیسبوون بە یەک رێژە ناپێورێت، پیسبوون بەپێی ناوچەکان دەپێورێت، بۆ نموونە، ئەو ناوچانەی کە پیشەسازیی نەوتیان تێدایە لە بەسرە ناوچەکانی پیشەسازیی نەوتی وەکو نەهران عومەر و گورنە و ئەو ناوچانەی دیکە کە بەرهەمی نەوتیان تێدایە زۆر پیسترن لەرووی پیسبوون بە تەنە نەبینراوەکان لەکاتێکدا ناوچەکانی دیکە رێژەی پیسبوونیان لەو ناوچە نەوتییانە کەمترە بەڵام مانای وا نییە کە پیس نین، کەواتە ژێرخان و سەلامەتی ژێرخان و دووبارە بونیادنانەوەی فاکتەری یەکەمن بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا چونکە وادەکەن ئەو پیسبوونە قەتیس نەبێت لە ناوچەیەکی دیاریکراو، ئەگەر لە پارێزگای نەینەوا پیسبوون رووبدات بە دڵنیاییەوە هەولێر و سەلاحەدین دەکەوەنە ژێر کاریگەرییەکەی، هەستمان بەوەکرد کاتێک تیرۆریستانی داعش کەتێک کارگەی کبریتی میشراقیان تەقاندەوە و کێڵگە نەوتییەکانی گەیارەیان سووتاند، پیسبوونی هەوا گەیشتە 200 کیلۆمەتری گرتەوە و گەیشتە سنووری ئێران، گەیشتە پارێزگای سلێمانی کەواتە کاتێک باس لە پیسبوونی هەوا دەکەین پێویستە ئیدارەدانێکی تەواو هەبێت لە ژێرخانەوە دەستپێبکات کە زۆر کۆنن و تەکنەلۆژیای بەکارهێنراو تێیاندا زۆر کۆنن تاوەکو دەکاتە بەکارهێنانی ئامرازی نوێ، ئێستا پرۆگرامێکی پەرەپێدانی ژێرخانی تاقیگەییمان هەیە کە پرۆژەیەکی زۆر گەورەیە و پشتیوان بە خودا دەستمان پێکردووە، هاوکات ناوەندی نیشتمانیمان هەیە بۆ کەشناسی و هەستکردن بە مەترسییە ژینگەییەکان کە ئێستا دەستمانکردووە بە بونیادنانی کە بابەتێکی گرنگە و زانیاری 100%مان دەداتێ کەبارەی بوونی ئاماژەکانی پیسبوونی مەترسیدار کە رەنگە کاریگەریی دروستبکات لەسەر تەندروستی گشتی و کە شیکاریان دەکات و دەیاننێرێت بۆ لەیەنە پەیوەندیدارەکان.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/03052024
بە جلێکی رەش و روویەکی خۆشەوە، لەسەر قەڵای هەولێر، تەمبوورەکەی لە کۆشی خۆی دانابوو، دوای چڕینی گۆرانییەک، دڵبخوین دارا ویستی بیناسێنێت، بەڵام پەشیمان بووەوە و گوتی: پێویست ناکا، هەمووان ئاینوور دۆغان دەناسن. ئاینوور (دۆغکان)، خانمە گۆرانیبێژی کورد، خەڵکی دێرسمی باکووری کوردستانە. خۆی دەڵێت: لە هۆزی شکاکم. ئێستا لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا دەژی. ئاینوور: لە ماڵباتێکی کۆچەری لەدایکبووم ئاینوور دۆغان، میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو لە هەولێر، لە ئێوارەیەکدا لەسەر قەڵای هەولێر، دڵبخوین دارا، پێشکێشکاری نێوداری تۆڕی میدیایی رووداودا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کرد. دەسپێکی هەڤپەیڤینەکە ئاوا دەستیپێکرد رووداو: چۆنی ئاینوور؟ ئاینووری دۆغان: باشم، مادام لە کوردستانم زۆر باشم. رووداو: من زۆر حەزم دەکرد لە نزیکەوە ئاینوور ببینم، لە دوورەوە دەیناسم، چەند خۆشە لە نزیکەوە بتناسین! ئاینووری دۆغان: ئێمە لە دڵەوە یەکدیمان دەناسی رووداو: دەنگی تۆ هەمیشە بڵندە و خەمگینیشی تێدایە ئاینووری دۆغان: دەنگی من دەنگی گەلی کوردە، دەنگی برینەکانی کوردە ئاینوور دۆغان: زۆر بیری چیا، داپیرم و منداڵیی خۆم دەکەم ئاینوور لەبارەی ژیانی خۆی و ماڵباتەکەیەوە گوتی: "لە ماڵباتێکی کۆچەری لەدایکبووم، رانی مەڕ و ماڵاتمان هەبوو، بەهاران دەچووینە سەر چیای مونزور لە دێرسم بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات." ئەو خانمە هونەرمەندە، نزیکەی 30 ساڵە گوندەکەی جێهێشتووە و باس لەوە دەکات، کە "ئێستا زۆر بیری چیا دەکەم، بیری داپیرم، منداڵیی خۆم و گفتوگۆی جاران دەکەم." لەبارەی ماڵباتەکەشی دەڵێت: "ئێمە لە ماڵەوە بە کوردی گفتوگۆ دەکەین. بەردەوام لەگەڵ خوشکەکم ئایسوون بەیەکەوەین، نزیکەی 20 ساڵە بەیەکەوە کاردەکەین." "بە گۆرانی کچا کوردانم ناسرام" ئاینوور دەیان گۆرانی بە زمانی کوردی و تورکی هەیە، بەڵام دەڵێ: بە گۆرانی "کچا کوردانم" ناسرام. ئەو کاتێک دەچێتە سەر سەکۆ هەست بە دڵخۆشی دەکات. "چونکە دەتوانم ئەوەی لە دڵمدایە دەریبڕم و هەست بە ئازادی دەکەم." ئەو هەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیگوتن بووە، "کاتێک منداڵ بووم، لاسایی دەنگی کەو و باڵندە و ئاوم دەکردەوە. زۆر هەستێکی هونەریم هەبوو، خەونی ئەوەم بۆ دروستبوو کە ببمە هونەرمەندێکی جیهانی و گۆرانی لە وڵاتانی جیهان بڵێم، ئەوەشم کرد." ئەو خانمە هونەرمەندە، لەگەڵ زۆر هونەرمەندی بیانی کاری کردووە، لە ئەمریکا، ئوسترالیا، سەنگاپوور و زۆر وڵاتی ئەورووپا کۆنسێرتی کردووە. "بە کوردی باشتر دەتوانم هەستی خۆم دەربڕم" ئاینوور دەڵێت: "گۆرانی تورکیشم گوتووە، گۆرانی تورکی و کوردی جیاوازییان نییە، بەڵام من کوردم، دڵی من بۆ کورد دەسووتێ و بە کوردیی گەورەبووم، بۆیە کوردی بۆ من خۆشترە و زیاتر دەتوانم باشتر هەستی خۆم دەربڕم." لەنێو ماڵباتەکەیدا، دایکی ئاینوور دەنگی خۆشە: "دایکم دەنگی زۆر خۆشە و پڕە لە هەست." ئاینوور دۆغان ساڵی 1994 چووەتە ئیستەنبووڵ، لە ساڵی 1995 بڕیاریداوە دەست بە کاری هونەری بکات. "سەرەتا لە تەمبوورەوە دەستمپێکرد. لە ساڵی 2004 ناسرام و سەرەتاکەش بە گۆرانی کچا کوردان بوو." ئاینوور زیاتر گوێ لە دەنگی هونەرمەندە کۆنەکان دەگرێت، لەوانە شاکرۆ، خان ئەزیزی، مەریەم خان، کاوێس ئاغا "ئەمانە لەنێو میوزیکی کوردی زۆر تایبەتن، شاکرۆ بولبولی کوردستانە. گوێ لە گۆرانییە نوێیەکانیش دەگرم، بەڵام دەنگیان کاریگەرییان لەسەرم نابێ."
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/05062024
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "جێبهجێنهكردنى فيدراڵى سهرچاوهى كێشهكانى عێراقه"، لەبارەی دۆخی ئەمنیشەوە دەڵێ لەکاتی داعشدا سەنگەرەکان دیار بوون، بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر سەختترە چونکە هەڕەشەکە لە دەرەوە نییە بەڵکو لەنێو عێراقەوەیە. ئێوارهى ئهمڕۆ (چوارشهممه، 21-2-2024) كهناڵى عهرهبيى (الحدث) ديدارێكى تهلهڤیزيۆنیی لهگهڵ نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان دهربارهى دۆخى ئهمنى و سياسيى عێراق و ههرێمى كوردستان و كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا و پێشهاتهكانى ناوچهكه بڵاوكردهوه. لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی "بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکدارەکان ئەرکی حکومەتی عێراقە، ئهركى سەرۆك وەزیرانی عێراقە وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان. مادام ئێمە لە جوگرافیای عێراقدا دەژین و بەشێكین لەم وڵاتە، پاراستنی هەرێمی كوردستانیش دەبێت بەشێكی بنەڕەتی بێت لە سیاسەت و روانگهى بەغدا.". دەقی هەڤپەیڤینەکە: پرسیار: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بە دوا پێشهاتەكان لەگەڵتاندا دەستپێدەكەین. ئێستا دانوستان بۆ كۆتاییهێنان به ئەركەكانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە عێراق ههيه، نوێنەرانی هەرێمی كوردستانیش لەم دانوستانهدا بەشدارن. بە بۆچوونی بهڕێزتان مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێويستييهكه بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان؟ نێچيرڤان بارزانى: هێزەكانی هاوپەیمانان لەسەر داوای حكومەتی عێراق بۆ یارمەتیدان لە دژی تیرۆرستانی داعش هاتنە عێراق. بێگومان لە ساڵى 2014ـهوه تائێستا كاتێكى زۆر تێپهڕيوه، ئێستاش زۆر ئاسایيە جارێكی ديكه دانوستان بكرێت بۆ دیاریكردنی شێوەی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و بەغدا، لەسەر ئەو بنەمایهش بڕیار بدرێت ئاخۆ شێوەی پەیوەندیی داهاتوو، چۆن دەبێت و ئایا عێراق پێویستی بە یارمەتی هەیە یان نا. پرسیار: بەڕێزتان گوتتان ئەم هاوپەیمانییە ساڵی 2014 بوو، كە ئەوكات داعش هەبوو، گوتتان ماوەیەكی زۆری بەسەردا چووە، كه دهكاته نزیكەی 10 ساڵ، ئێستا دۆخی داعش لە عێراق چۆن دەبینن؟ نێچيرڤان بارزانى: بە ڕای ئێمە، پرسی داعش تەنیا پەیوەندیی بە عێراقەوە نییە، بهڵكو پرسێكه پهيوهندیی به سەقامگیریی سووریاشهوە ههيه. پێمانوایە تاوەكو دۆخی ئاسايش لە عێراق و سووریا بەم شێوەیە بێت، داعش هێشتا تا ڕادەیەكی زۆر ههڕهشهيه لهسهر عێراق. پرسیار: ئایا هەرێمی كوردستان جوگرافیای جێگرەوهی عێراق دەبێت بۆ بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا؟ نێچيرڤان بارزانى: لەم بابەتەدا ئێمە هەرێمی كوردستان بە جیاواز لە عێراق نابینین. سیاسەتی ئێمە ئەوەیە؛ هەر بڕیارێك كە بدرێت لە چوارچێوەی جوگرافیای عێراقدا دەبێت، هەرێمی كوردستانيش وەك بەشێك لە عێراق پابەند دەبێت بەو بڕیارەی عێراق بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ئەم بابەتە دەیدات. پرسی ئێمە پرسێكی سۆزدارى نییە لەگەڵ ئەمریكادا، زیاتر بۆچوون و دیدی ئێمە ئەوەیە: ئاخۆ ئێمە پێویستیمان بە یارمەتی هەیە یان نا؟ با نموونەیەكتان بۆ بهێنمەوە، ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمریكا عێراقیان بەجێهێشت و چوونه دهرهوه، ساڵی 2014 بەپەلە عێراق نامەی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان نووسی و داوای یارمەتی كرد. بەڕاستی بەبێ یارمەتیی هێزەكانى هاوپەیمانان و ئەمریكا بۆ عێراقییەكان لەو كاتەدا، بە هیچ شێوەیەك نەیاندەتوانی هێزەكانی تیرۆریستانی داعش رابگرن. هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بڕیار دەدات و بڕیارێكی سەربەخۆی نییە، چونكە بەشێكە لە عێراق و لەو چوارچێوەیەدا بڕیار دەدات. پرسیار: چۆن هەڵوێستەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرامبەر هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان هەڵدەسەنگێنن؟ نێچيرڤان بارزانى: ئەوان بە پەیام و راگەیەنراو پشتگیرییان كردووە. سهركۆنهى ئەو كردهوانهيان كردووە، كە تائێستا روويانداوه. بە شێوەیەكی گشتی ناتوانم بڵێم ئەو هەڵوێستانەیان له سهدا سهد هەرێمی كوردستانیان پاراستووە، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەوەی كە پێیانكراوە، كردوویانە. پرسیار: پێتانوایە كشانهوهى ئەمریكا لە عێراق، بههانهى گرووپه چەكدارهكان ناهێڵێت بۆ هێرشكردنه سهر بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان؟ نێچيرڤان بارزانى: با لهوەوە دەستپێبكەم، بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق وەسفێكی بۆ ئەو كارانەی ئەو گرووپانە كرد و بە كردەوەی تیرۆریستی ناوی بردن. ئەوەی ئەم گرووپانە دەیكەن، یەكەمجار پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە، هیچ مەعقوول نییە عێراق خۆی داوای لە هێزێك كردووە بێت یارمەتی بدات، ئينجا ئێستا بە ناردنی درۆن و هەڕەشە، داوا دەكات ئەم هێزە بچێته دهرهوه، یان لێره نەمێنێت. ئەمانە هەمووی بیانوون، ئەگەر ئەمریكا چووه دهرهوه، چ گهرهنتييهك هەیە ئەم هێزانە هەڕەشەی زیاتر نابن بۆ هەرێمی كوردستان، يان هەڕەشەی زیاتر نابن بۆ پێكهاتەكانی دیكەی عێراق؟ یان كێ دهڵێ هەڕەشە نابن بۆ شێوەی حوكمڕانی لە بەغدا؟ ئەم هێزانە هيچ روانگهيهكى روونيان نييه و لە تاریكیدا ماونەتەوە. ئەمانە دەیانەوێ عێراق بەرەو كوێ ببەن؟ بهدڵنياييهوه دەمەوێ ئەوەش بڵێم ئەگەر پرسەكە سەروەریی عێراقه، بێگومان ئەمانە له سەرۆك وەزیرانی عێراق عێراقيتر نین. سەرۆك وەزیرانی عێراق دەزانێت بەرژەوەندیی عێراق بە چ شێوەیەكە و لە كوێدايه؟ بە بۆچوونی من هیچ پاساوێك نييه بۆ ئەم كردەوە خراپانەی ئەو گرووپانە ئەنجامی دەدەن. پرسەكە ههر ئەوە نيیە كە هەڕەشەیان لە ئەمریكا كردووە، بەڵكو لە هێزی پێشمەرگەیان داوە، لهكاتێكدا هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سيستمى بهرگريى پاراستنى عێراق، ههروهها لە هاووڵاتيانى سڤیلیشیان داوە. پێشتریش هەوڵیان داوە، دەبێت سنوورێك بۆ ئەمە دابنرێت. زۆر باسی سەروەريی عێراق دەكەن، ئەوانەی سەروەریی عێراق پێشێل دەكەن، بەرلە هەموویان ئەم گرووپانەن كه ناهێڵن سەرۆك وەزیران كاری خۆی بكات وەك فەرماندەی گشتيی هێزە چهكدارهكان. ئەوانهی كە هەم لە ناوەوە و هەم لەنێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا عێراق بێ بەها دەكەن، بەداخەوە هەر ئەو كردەوانەن كە ئەم گرووپانە ئەنجامی دەدەن. پرسیار: ئايا دۆخی هەرێمی كوردستان كاتى رووبەڕووبوونەوەی داعش، یان لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی ئێستادا لە درۆن و رۆكێتى ئێران و ئەو گرووپانهى باسیان دەكەن و لەلایەن ئەوانەوە پشتگیری دەكرێن، دژوارتره؟ چۆن رووبەڕووی ئەم ئاڵنگاری و هەڕەشانە دەبنەوە؟ نێچيرڤان بارزانى: داعش یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیر كردبوو، بەڵام سەنگەرەكان دیار بوون. ئەمە داعش بوو، ئەمانەش ئەو هێزانە بوون كە بەرامبەريان وەستا بوون، هێزهكان سوپای عێراق بوون، پێشمەرگە بوون، حەشدی شەعبی بوون. بە بۆچوونی من ئەوەی ئێستا هەیە زۆر سهختتره لەوكات، چونكە هەڕەشەكە لە دەرەوە نییە، هەڕەشەكە لەنێو ماڵی خۆتە، هەڕەشەكە لە گرووپێكهوهيە كە پارە لە حكومەتی عێراق خۆی وەردەگرێت. ئەمە زۆر خراپترە لەوی دیكە و ناشزانی چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەی؟ نە سەنگەرەكە دیارە، نه دیاره لە كوێوه شەڕت لەگەڵدا دەكات! بە بۆچوونی من ئەوەی ئێستا دەكرێت و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، زۆر زۆر سهختتره لە بابهتى داعش. پرسیار: ئێوە وەك هەرێمی كوردستان چۆن رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە دەبنەوە كە گوتتان لهوهى داعش سهختتره؟ نێچيرڤان بارزانى: هەرێمی كوردستان بە تەنیا ناتوانێت ئەوە بكات. ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی عێراقه، بۆيه بهرهنگاربوونهوهيان ئهركى حكومەتی عێراقە، ئهركى سەرۆك وەزیرانی عێراقە وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان. مادام ئێمە لە جوگرافیای عێراقدا دەژین و بەشێكین لەم وڵاتە، پاراستنی هەرێمی كوردستانیش دەبێت بەشێكی بنەڕەتی بێت لە سیاسەت و روانگهى بەغدا. ئەم پرسە تەنیا پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەمە پەیوەندیی بە بەغداوە هەیە. حكومەتی عێراق دەبێت رۆڵی بنەڕەتیی خۆی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان بگێڕێت. پرسیار: ئایا ئێوە رازین لەو مامەڵەیەی حكومەتی عێراق لەگەڵ ئەو هەڕەشانەدا دەیكات، كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، چ ئەوانەی لە ئێران و چ ئهوانهيشى له توركیاوهن؟ سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: وەك سەرۆك وەزیران، وەك كهسی خۆی و فەرماندهی گشتیی هێزە چەكدارەكان، هەڵوێستی زۆر باشی هەبووە، چ دەربارەی ئێران و چ دەربارەی وڵاتانی دیكەش كە كێشە بۆ عێراق دروست دەكەن، بەڵام ڕاستییەك و پرسيارێك هەیە، ئهويش ئەوەیە: ئایا عێراق لەمە زیاتری پێدەكرێت یان نا؟ بە بۆچوونی من عێراق دەبێت هەوڵبدات زیاتر لەمه بكات. بۆ نێوبانگی عێراق دروست نییە لەنێو عێراقدا چهند كۆمهڵێك چەكدار هەبن، هەڕەشە لە بەشێكی ئەم وڵاتە بكەن، ئەوانیش ئهو گرووپانهن. عێراق و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرپرسیاريهتييان لهسهره. دەبێ كۆتایی بەم پرسە بهێنێت كه لە زیان زیاتر هیچ خێرێكی نە بۆ عێراق و نە بۆ هەرێمی كوردستان تێدا نییە. مەترسیی هەرێمى كوردستان لهوەوە دەستپێدەكات، ئەگەر عێراق هەرێم نەپارێزێت، ئەگەر بە جددی بەغدا بهرگرى له هەرێم نهكات، ئەو كاتە هەرێم دەبێت بیر لە شتێكی دیكە بكاتەوە، چونكە لە ئەنجامدا پاراستنی هەرێم بۆ ئێمە كارى لهپێشێنهى بنەڕەتییە، ئهوهش ئهركى بەغدايه. من لهو بڕوايهدام بەڕێز سەرۆك وەزیران درێخى ناكات و ئەوەی لە توانایدایە بۆ ئەم مهبهسته دهيكات. پرسیار: چەند جارێك لە قسەكانتاندا دووبارەتان كردەوە كە ئەمە بەرپرسیاريهتیی سەرۆك وەزیرانە، ئایا سەرۆك وەزیران دهتوانێ لە حاڵی ئێستادا لەمبارەیەوە چی بكات؟ سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: سەرۆك وەزیران دەبێت هەوڵێكی جددی بدات، ئەم گرووپانەش دەبێت بە قسەی بكەن، چونكه ئهوهى ئەمڕۆ ئەو گرووپانه دەیكەن، عێراق لەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ بەها دەكات. دەبێ دەرفەت بدەن سەرۆك وەزیران وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان ئەركی خۆی جێبەجێ بكات. زوو یان درەنگ، دەبێ سنوورێكيان بۆ دابنرێت. پرسیار: ئايا ئێران دراوسێ، هاوڕێیهكى چاك، یان دوژمنه؟ سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێراندا، پەیوەندییەكی كۆنە، ئێران دراوسێیەكی گرنگی ئێمەیە و ناتوانین ئەو جوگرافیایە تێكبدەین. پێش ئەو ڕووداوانە با باسی پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ ئێراندا بكەین. پێمانوابوو پەیوەندییەكی زۆر باشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ئهگهر لەلایەنی ئابووريیەوە سەیری ژمارەكان بكەین، لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە ژمارەكان بەرەو بەرزبوونەوە دەڕۆیشتن. بۆ دووەم ساڵ بوو لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتمان دەدا ئەوانەی دەچوونه كەربەلا و نەجەف لە هەرێمی كوردستانەوە تێپەڕ بن. لەسەر دۆسیهی ئەمنی، پێشكەوتنی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ ئێراندا. كە دەڵێم ئێمە، مەبەستم عێراق و هەرێمی كوردستانە بەیەكەوە. بۆیە بۆ ئێمە ئێران دراوسێیەكی گرنگە، بەڵام پرسیار ئەوەیە: كه بە ڕۆكێتی كرووز لە ماڵێكی سڤیل بدەن، ئايا دەتوانی بهمه بڵێی دۆستایەتی؟ چ ناوێكى لێ دهنێى كاتێك به پاساوى ئەوەی گوايه ئەمە بارەگایەكی ئیسرائیله، ئهمه دهكهيت! ماڵێكی سڤیل لەنێو هەولێر بۆردوومان بكەيت و سێ، چوار كەس شەهید بكهيت كه یەكێكيان منداڵێكی زۆر بچووكه، بە ڕاستی ناتوانی ئهمه بخەیتە نێو خانەی دۆستایەتييهوه! ئەگينا ئێمە هەمیشه هەوڵمانداوە، هەوڵیش دەدەین ببینە فاكتەری ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا، لەگەڵ ئێرانیشدا پێشتر هەر بەو شێوەیە بووە. ئێمە سەرچاوەی هەڕشە نین بۆ سەر ئێران، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێراندا، پەیوەندییەكی كۆنی مێژووییيە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: بەڕاستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆچى ئەمەی لهگهڵ هەولێردا كرد، لە كاتێكدا ئێمه ئێران بە دراوسێیەكی گرنگ دەزانین؟ ئێران بە دۆست دەزانین، پێشتر بينيمان كه دۆستى ئێمهيه، بۆچى ئەمەیان كردووە؟ جێی پرسیارێكی زۆر زۆر گەورەیە! پرسیار: پەیوەندیتان بە تەلئەڤیڤەوە چییە؟ ئەی چی دەربارەی بوونی بارەگای مۆساد لە هەرێمی كوردستان؟ بێگومان پرسیارهكهم بەستراوەتەوە بەو تۆمهته ئێرانيانهى ئاراستەی ئێوە دەكرێت و لەسەر ئەو بنەمایە وەك ئەوان دەڵێن، هەرێمی كوردستانیان كردووهتە ئامانج؟ سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: پێش هەموو شتێك سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، ئێمه پابەندین بە سیاسەتی عێراقهوه وەك دهوڵهت. عێراق هەر شێوهيهك بۆ سیاسەتى دەرەوە پهيڕهو بكات، هەرێمی كوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە دەكات، نە جیا و نه پێچهوانهى بەغدا. هیچ پەیوەندییەك و هیچ بارەگایەكی مۆساد لە هەولێر نییە، ئەمە هەمووی بیانووە، ئەوەی ئێران ئەنجامی دا وەك دراوسێی عێراق كە خۆی بە دۆستیش دەزانێت، گەورەترین پێشێلكردنی سەروەریی عێراق بوو. ئەگەر بە ڕاست ئێرانییەكان زانیارییان هەیە كە ئەو شوێنە بارەگای مۆساد بووە، دەیانتوانی بە شێوەیەكی دیكە مامەڵە بكەن. دەیانتوانی بێ هەرێمی كوردستان بچن لەگەڵ بەغدا قسە بكەن، ئەو بەڵگانەی هەیانە كە گوايه ئەو شوێنە بارەگای ئیسرائیل بووە، ڕادەستی بەغدای بكەن، لە هەمان كاتدا داوای لێكۆڵینەویەكی هاوبەش بكەن. ئێران دەیتوانی ئەوە بكات. تەحەدا دەكەم هیچ بارەگایەكی مۆساد یان ئیسرائیل لە هەولێر نییە. پێشتریش زۆر جار ئەم شتانە لەسەر هەرێمی كوردستان باس كراوە. هەرێمی كوردستان وا وێنا كراوە، وا باس كراوە كە ئەوە ئیسرائیلە، بۆچى ئیسرائیلە؟ بۆچى ئێمه فەلەستین نین، ئێمە بۆچى ئیسرائیل بین؟ مافەكانمان پێشێل دەكرێت، ماف و شايستهكانمان نادرێت! جا بۆچى هەرێمی كوردستان فەلەستین نییە؟ پرسیار: كەواتە بۆچی ئێران ئەم هێرشانەی كردە سەر هەرێمی كوردستان؟ سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: هیچ لێكدانهوهيهكى بۆ نابینم جگە لەوە نهبێت كە ڕۆكێتيان ههيه و دەتوانن لێمان بدهن و دەیكەین! ئەگينا هیچ پاساوێك و هیچ بەڵگەیەك بۆ ئەمە نییە! ئەگەر ئێرانییەكان زانیارییان هەیە كە ئەو شوێنە بارەگای مۆساد بووە، ئەمە كارهساته بۆ دەزگاكانی هەواڵگریی ئێران و دەبێت پێداچوونەوە بە هەموو دەزگا ئەمنییەكانی خۆیاندا بكەنەوە. پێشتر لە سهردهمى شەهید قاسم سولەیمانی، هەمان كێشە هەبووە و خوا لێی خۆش بێت جارێكیان لەگەڵ كۆمهڵێك كهس لە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران، هاتنه لام. گوتیان زانیاریی دەزگاكانی هەواڵگریی ئێمە ئەوەیە كە ئێوە لە شوێنێك لە كوردستانهوه چاودێریی ئێران دەكەن! یەكسەر پێمگوت جەنەراڵ ئێستا ئێمە لێرە دانیشتووین، ئەوانەی ئەمە دەڵێن با هەر ئێستا بڕۆن لێكۆڵینەوە بكەن و بزانن ڕاستە یان نا؟! بهڕاستيش وايانكرد و ئاشكرا بوو كه هیچ ڕاستى و بنهمايهكى بۆ نەبوو! ئەمجارەش دەمانتوانی ئەو كێشانە بەو شێوەیە چارەسەر بكەین. پرسیارێك كه زۆر جێى سهرسوڕمانه بۆ ئێمه، ئەوەیە: ئێران بۆچى وای كرد؟ هۆكار؟ تا ئێستاش ئەو هۆكارە نازانین، بەڵام ئێمه بهتهواوى دڵنياين كه هيچ بارهگايهكى ئيسرائيلى و هيچ كهسێكى ئيسرائيلى لهوێ نهبووه. پرسیار: ئایا دوای ئەو ڕووداوە هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئێوە و ئێراندا دروست بوو؟ سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: نەخێر، سەرۆكی دەزگای ئاسايشى نهتهوهييى ئێران سەردانی بەغدای كردبوو، لەگەڵ بەڕێزان سەرۆك وەزیران و قاسم ئەعرەجی قسەی كردبوو، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئێمەدا نەبووە. پرسیار: ئایا هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان هەولێر و ئەنقەرەدا هەیە كاتێك توركیا له پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان دهدات؟ سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: پەكەكە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق سەرئێشەیەكی گەورەیە. ئەمانە هیچ بههايهك بۆ دامهزراوه ڕهواكانی هەرێمی كوردستان دانانێن، لەنێو خاكی ئێمەوە هەڕەشە لە توركیا دەكەن. بهتهواوى ئهو پرهنسيپه ڕهتدهكهينهوه و قبووڵمان نییە خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانمان، جا ئەو دراوسێیە چ توركیا بێت، یان ئێران. ناكرێت ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتانە هەرێمی كوردستان وەك ناوچهيەكی ئەمنی سەیر بكەن بۆ دروستكردنی كێشە لەو وڵاتانەدا. زۆر بەداخەوە پەكەكە ڕۆڵێكی زۆر خراپ لەوڕووەوە دەگێڕێت. ناوچە شاخاوییەكانی ههرێمى كوردستان بەكاردەهێنێت و هەوڵ دەدات كێشە بۆ توركیا دروست بكات. ئەمە بەلای ئێمەوە به هيچ شێوهيهك قبووڵكراو نییە. پرسیار: لە چوارچێوەی قسەكانتاندا سەرنجی ئەوەم دا كە ڕێزێكی زۆرتان بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئهلسوودانی هەیە. چەند ڕۆژێك بەرلە ئێستا كە بینیم، ئەویش بە هەمان شێوە ڕێزی بۆ ئێوە هەبوو. پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بە پەیوەندیی زۆر چاك ناوزهد كرد، بەڵام بۆچی تائێستا كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر نەكراون؟ نێچيرڤان بارزانى: گومان لهوهدا نييه كه سەرۆكوەزیرانی عێراق نیەتی خێری بۆ هەموو عێراق هەیە بە كورد و بە عەرەب، بە مەسیحی و بە هەموو پێكهاتەكانهوه. یەكێك لەو كەسانەیە كە دوای ئەوەی بوو بە سەرۆكوەزیران، قورسايى داوهته سەر خزمەتگوزاری و چۆنیەتیی پێشكەوتنی ئابووری لە وڵات. ئەمە دوو شتی بنەڕەتین بۆ عێراق، دیدگاكەشی زۆر ڕوونە كە دەیەوێت عێراق بەرەو قۆناغێكی جیاواز ببات، بەڵام چەند یارمەتیی سەرۆكوەزیران دەدرێت؟ بە بۆچوونی من، زۆر كەم یارمەتیی سەرۆكوەزیران دەدرێت. ئێمە وەك كورد یارمەتیمان داوە، بەردەوامیش دەبین، چونكە دیدگای سەرۆكوەزیران خزمەتی هەموو عێراق دەكات. پرسەكە تهنيا كورد نییە، ئەو دیدگایە لە خزمەت هەموو پێكهاتەكانی عێراقدايە. ئەوەی لە سەرۆكوەزیران دەیبینین، جیاوازی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراقدا ناكات. عێراق كێشەیەكی گەورەی متمانهى هەیە. دوای ساڵی 2003 ئێمه له عێراق سیستمێكمان دروست كرد، گوتمان سیستمێكی فیدراڵین، بەڵام ئەمڕۆ دوای ساڵی 2003 تائێستا كە دهورى بیست ساڵ تێدەپەڕێت، بە ڕاستی خۆشمان نازانین سیستمی عێراق و سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق چییە؟! مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم زۆر ناوەندى و زیاد لە پێویست ناوەندییە. دوای بیست ساڵ، تا ئێستا سیستمی فیدراڵی لە عێراق وەك سیستمێكی بەڕێوەبردن جێبەجێ نەكراوە! هۆكارى چارهسهرنهبوونى ئەم كێشانە كهسهكان نین، كێشهكه لە بنەڕەتدا بيركردنهوهيه! سيستم له دهستووردا فيدراڵييه، بهڵام لە جێبهجێكردندا زۆر زۆر ناوەندییە، دەبێ ئەمە یەكلابكرێتەوە. ئەوەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكرێت، هیچ پەیوەندییەكی بە هیچ جۆرە سیستمێكی فیدراڵییەوە لە جیهاندا نییە! كێشەكە لێرە دەستپێدەكات، ساڵی 2003 دوای ڕووخانی سەددام ئەوەی ئێمە پێمان كرا وەك كورد، چ جەنابی خوالێخۆشبوو مام جەلال، چ جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی كرديان بۆ ئەوەی عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە، تا ڕادەیەك هێزەكانی پێشمەرگەمان نارد تا لەو كاتە سەختانەدا ئاسايشى بەغدا بپارێزن. ئەوەشمان كرد، بەڵام ئەمڕۆ لە كوردستان پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئێمە بەرەو كوێ؟ داهاتووی ئەم وڵاتە بەرەو كوێ دەڕوات؟ ئەو دۆخەی ئێستا هەمانە لە عێراق، پێش ساڵی 2003يش هەمان دۆخمان هەبوو، بەڵام ئەمریكا بە ئێمەی گوت فیدراڵى و دیموكراسی دێته ئاراوه، ئێمەش وەك كورد ئهوهى پێویست بوو بۆ عێراق كردمان. ئێستا برایانی ئێمە لە بەغدا دەبێ زۆر بە جددی بیر لەوە بكەنەوە، بەسە ئەو هەموو تۆمهتباركردنەی لەسەر هەرێمی كوردستان دەیكەن گوایە هەرێم خۆی جیادەكاتەوە، جوداخوازە، هەرێم وايه و وایە! نهخێر، هەرێم نە دەیەوێت لە عێراق جیاببێتەوە، نه جوداخوازیشە، هەرێم مافەكانی خۆی دەوێت. پرسیار: بهڵام ئێوه ڕیفراندۆمی جیابوونەوەتان ئەنجامدا! نێچيرڤان بارزانى: تهنانهت ڕیفراندۆميش كە كرا لە بێهیوایی بوو لە بەغدا. ئەگەر ئهو بێهیوایييه نەبووایە، زۆر شت نەدەكران، ئێستاش ئەوە بێهیواییە هەیە. هەمیشە كه حكومەتێكی نوێ دروست دەبێت، دەبینە بەشێك لەو حكومەتە بەو هیوايهی ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، بەڵام چارەسەر ئەستەمە. سەرۆكوەزیران كارهكان ئاسان دهكات. كه كێشەیەك دێتە پێشهوه، ئێمه به پهيوهندييهكى تەلەفۆنيى نێوانمان چارەسەری دەكەین و هەوڵدەدەین، بەڵام بابەتەكە سەرۆكوەزیران نییە، پرسەكە سیستەمی بیركردنەوەیە! برایانمان لە بەغدا دەبێ گرنگييهكى جددى بەو بابەتە بدهن و كاری بۆ بكەن بۆ یەكپارچەیی عێراق و بۆ پێكەوەژیانێك لەناو ئەو جوگرافیایەدا كە پێی دەگوترێت عێراق، ئێمهش بۆ ئەوە ئامادەین. پرسیار: جهنابى سەرۆك، گەلی كوردستان بەهۆی دواكەوتنی مووچهوە لە دۆخێكی خراپدایە، ئایا هەرێمی كوردستان ئەو پارەیەی نییە كە مووچەكانیان بدات تا باری سەرشانیان سووك ببێت تا ئەو كاتەی كێشەكانتان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەكەن؟ نێچيرڤان بارزانى: لەمڕووەوە تواناى هەرێمی كوردستان زۆر سنووردارە. پێشتر نەوتمان لە كوردستان دەفرۆشت بۆ دابینكردنی مووچە، ئێستا وهك دەزانن ئەو نەوتە نافرۆشرێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە شەفافییەتەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بەغدا كردووە، ئێستا ئەركی بەغدایه كە دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات وەك بەشێك لە عێراق. ئهمه بەرپرسیاريهتیی ئەوانە، سەرۆكوەزیرانیش ئەمە تێدەگات. لە سهردانهكهمدا چهند هەفتهيهك لهمهوبهر بۆ بەغدا، زۆر بە درێژی لەگەڵ سەرۆكوەزیراندا باسمان كرد. دەتوانم بڵێم لە دوا قۆناخداین بۆ ئەوەی پەنا بە خوا بگەینە چارەسەرێك لەسەر ئەم بابەتە. پرسیار: نەوتی پێشوو كە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە هەناردە دەكرا، ئەو پارەیەی دەگەڕایەوە نەدەچووە خەزێنەی حكومەتهوه، بەڵكوو دەچووە گیرفانی تایبەت! عێراق بەم شێوەیە هەرێمی كوردستانى تۆمهتبار دەكرد، ئێوه چۆن وەڵامی ئەم تۆمهتە دەدەنەوە؟ نێچيرڤان بارزانى: ئەوكات سەرۆكوەزیران بووم، نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانهوه دەچووە بەندەری جەیهان. لە بەندەری جەیهانی توركیا كۆمپانیای سۆمۆ ههيه كە ههموو كاری هەناردەكردنی نەوت و پرسی نەوتی عێراق دهكات. لەوێ چاودێریی هەموو بەرمیلێكی دەكرد. ئێمە داوامان كرد كە دەبێ سۆمۆ لەوێ بێت. سۆمۆ هەموو ژمارەكانى تۆمار دەكرد، دوای ئەوە نەوت بە كڕیارەكانی نەوت دەفرۆشرا. ئەو پارەیەی دەهاتەوە، بە ڕێگەپێدانی بانكی ناوەندیی عێراق، دەهاتەوە هەرێمی كوردستان. ئەو كاتە كە ئێمە بودجهمان لە بەغدا نەبوو، ئەو پارەیە بۆ مووچە خەرج دەكرا. ئەم پرۆسەیە هەمووی لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتیيهكانهوه وردبینی بۆ دەكرا. كۆمپانیا نێودەوڵەتييهكان سەیری هەموو ئەو ژمارانەی دەكرد، ئێستاش ئەو ژمارانە هەموويان هەن. ئەمانەمان هەمووی بە وردی داوەتە بەغدا و داومانەتە پەرلەمانی كوردستان. هەر كەسێك بیەوێ زانیاری لەسەر ئەو دۆسيهيه هەبێت، بەوپەڕى شەفافییەتەوە هەموو شتەكان هەن. ئەم تۆمهتانه بێ بەڵگەن و ڕاست نین. فرۆشتنی نەوت شتێك نییە بتوانی بیفرۆشی و بیخەیتە گیرفانی خۆتهوه. شتی وا مومكين نييه! زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە هەرێمی كوردستان یەكلایەنە نەوتی فرۆشتووە. ئێمە یەكلایەنە نەوتمان نەفرۆشت، عێراق شوباتى ساڵی 2014 بودجهى هەرێمی كوردستانی بڕی، ئێمە مانگی ئايارى هەمان ساڵ دەستمان بە هەناردەكردنی نەوت كرد. پێشتر لەگهڵ عێراق رێككەوتنمان هەبوو، ئەگەر ئەوان بودجەمان نەدەن كە ئەوكاتە مالكی سەرۆكوەزیران بوو، مافی خۆمانە نەوت هەناردە بكەین. پرسیار: سهبارهت به ئێستاى پەیوەندیی كوردى ـ كورديى پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چيمان پێدەڵێن؟ نێچيرڤان بارزانى: گومان لەوەدا نییە كە ناكۆكیمان هەیە، چونكە ئێمە دوو حیزبی جیاوازین، یەك حیزب نین، بەڵام له ئاستى كهسيدا ئەوەندە نیگەران نیم لەوەی ئەو پەیوەندییە بەرەو خراپتر بڕوات. كاتێك كێشهيهك لهم پهيوهندييهدا دێتە پێشەوە، هەوڵدەدەین چارەسەری بكەین. كە هەڵوێستێك هەیە، هەوڵدەدەین هەماهەنگی لهبارهيهوه بكەین. ئەم پەیوەندییە شتێك نییە هەڕەشەیەكی گەورە بێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بێگومان دەبێ ئەو پەیوەندییە لەوەی كە ئێستا هەیە، باشتر ببێت، چونكە ئەوەی ئێستا هەیە حاڵەتێكی تەندروست نییە بۆ هەرێمی كوردستان. بێگومان دەبێت هەوڵی هەردوولا ئەوە بێت كە ئەم پەیوەندییە باشتر ببێت. پرسیار: جەنابتان سەرقافڵەی پرۆسەی هەستانەوەی هەرێمی كوردستان بوون. من لە ساڵی 2007ـەوە سەردانی هەرێم دەكەم، دەزانم ئەوكات كە هاتم، فڕۆكەخانە تەنیا ژوورێكی بچووك بوو، هەولێر تەنیا خانوو بوو، هیچ باڵەخانهيهكى ههوربڕى تێدا نەبوو، ڕێگەی دهۆك هیچ ڕووناكییەكی تێدا نەبوو، لانى كهم چوار كاژێری دەخایاند تا دەگەیشتین. ئێستا هەولێر لەڕووی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئاوەدانكردنەوە، شارێكی پێشكەوتووە. ئێستا چۆن ئەو ئەزموونە هەڵدەسەنگێنن، بەتایبەتی دۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنیی ئێستا؟ نێچيرڤان بارزانى: لە ڕاستیدا ئاوەدانیی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005ـەوە وردە وردە دەستیپێكرد، بهڵام بەداخەوە داعش پرۆسەی ئاوەدانكرنەوەی هەرێمی كوردستانی زۆر دواخست. سوپاس بۆ خوا ئێمە دۆخێكی ئەمنیی زۆر باشمان هەیە، لەڕووی ئەمنییەوە لە كوردستان كێشەیەكی وا نییە كە پێی بڵێین كێشەیە، بهڵام لەڕووی ئابوورییەوە بەداخەوە لەبەر پرسی هەناردەنەكردنەوەی نەوت و بابهتى مووچە، ئێستا ئێمه لە دۆخێكی سهختى ئابووريداين. لهوهشدا تهنيا ئێمه نين، لەبەرئەوەی تائێستا بەغدا بەجددی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی چارەسەر نەكردووە، عێراق بە شێوەیەكی گشتی تائێستا نزیكەی حەوت ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە. پرسەكە تهنيا هەرێمی كوردستان نییە، عێراقه بە شێوەیەكی گشتی. كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی زۆری هەیە. ئەمڕۆ ئەگەر هەولێر و شارەكانی دیكەی ههرێمى كوردستان ببینی، جووڵەیەكی زۆر جدديی ئابووری هەیە، بەڵام ئەگەر پرسی هەناردەكردنی نەوت و مووچە لەگەڵ بەغدادا چارەسەر بكرێت، داهاتوويهكى زۆر باش لەڕووی ئابوورییەوە بۆ هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكەم. پرسیار: (كاك نێچیرڤان، دڵی شێرە) بەو شێوەیە نزیكەكانتان ناوتان دەهێنن، تا چەند ئامادەن ئەو دڵەتان بۆ بەرگریكردن لەو هەرێمە و دهستكهوتهكانى بەكاربهێنن؟ نێچيرڤان بارزانى: ئەمە ئهرك و بەرپرسیاريهتییە. بێگومان ئەوەی پێم بكرێ و لە توانامدا بێت بۆ ئهم بهرژهوهندييه، بۆ چاكه بۆ هەموو عێراق، بۆ چاكه بۆ هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق و بۆ هەموو عێراقییەكان، ئەوەی پێم بكرێ، دەیكەم. پرسیار: دهربارهى ئهو كێشە زۆرانهى له ناوچەكەدا ههن، لەوانەش شەڕی غەززە و ترسی ئەوەی ئەم ناكۆكييه ببێتە شەڕێكی هەرێمی، دیدگای بهڕێز نێچیرڤان بارزانى بۆ چارهسهر چییە؟ نێچيرڤان بارزانى: ئێمە وەك كورد ئەزموونێكمان هەیە، ئەزموونی ئێمە زۆر دوورودرێژە لە پرسی شەڕدا. لە ئەنجامدا ئەم جۆرە كێشانە دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن. پرسی فەلەستین پرسێكی رهوا و پرسی گهلێكه، پرسی حزبێك نییە، پرسێكی ئایدۆلۆجیش نییە. پرسی گەلێكە، ئەم گەلە مافی خۆیەتی كە دەبێت كێشەكهى چارەسەر ببێت. بێگومان بە هیچ شێوەیەك شەڕ كێشەكە چارەسەر ناكات. شەڕ چەند بەردەوام بێت، لە ماڵوێرانی زیاتر هیچ شتێكی دیكە بەرهەم ناهێنێت. لە ئەنجامدا ئەم كێشەیە دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. بە بۆچوونی ئێمە، ئەم گفتوگۆیە ئێستا دهرفهتێكه، ڕاستە ئێستا كێشەیەكی گەورە لە غەززە هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا هیوادارین ئەمە سەرەتای دەرفەتێكیش بێت، ئەگەر نەڵێم كۆتا دەرفەت بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە بە شێویەك كە خەڵكی ناوچەكە بتوانن بە ئارامی و بە خۆشی لەگەڵ یەكتريدا بژین.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/21022024
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رۆژی دووشەممە 26-06-2023ی نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتەکەی دەڵێت، راوێژکاری وڵاتەکەی "تایبەت ئەو کاتە تەرخان دەکات بۆ ئەو کۆبوونەوەیە" و "سەردانێکی لەڕادەبەردە گرنگە." لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئاڵا شاڵی لەگەڵی کردووە، ئەنگێشکا بروگەر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا قسەی کرد و گوتی، "زۆر کۆبوونەوەیەکی گرنگە و هەروەها پێزانینێکی زۆر هەیە بۆئەوەی راوێژکاری فیدراڵیی ئەڵمانیا، تایبەت ئەوکاتە تەرخان دەکات بۆ ئەو کۆبوونەوەیە؛ بە مانای ئەوەی کە ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندییەکان و گفتوگۆ کردن، کە گرنگی بە دۆخی شوێنەکە دەدرێت." هەر لەوبارەیەوە، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا گوتیشی، "بە دڵنیاییەوە ئەمە سەردانێکی لەڕادەبەدەر گرنگە، کە هەموومان بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی دەکەین و دڵخۆشین بەو سەردانە." لەبارەی هەڕەشەکانی داعش، بروگەر ئاماژەی بەوە کرد، "هەڕەشەی داعش ماوە، ئەندامەکانیان ماون، ماوە ماوە هێرش دەکەن، بۆیە ناتوانین بڵێین کۆتاییهاتووە، بە پێچەوانەوە دەبێت ئێمە پێکەوە بەردەوام بین لە کارکردن لە ناوچەکە، چالاک بین و هاوکاربین و شتەکان لەبیر نەکەین." دەقی هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لەگەڵ ئەنگێشکا بروگەر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا: رووداو: سڵاو بەڕێز خاتوو ئەنگێشکا بروگەر، سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. ئەنگێشکا بروگەر: بە خۆشحاڵییەوە. رووداو: بەڕێز بروگەر، با پرسیاری یەکەمم لە خەڵکی کوردستانەوە بێت کە بەڕاستی خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ ئەڵمانیا هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەڵمانیا هاوکاریی پێشمەرگەی کرد لە شەڕی دژی داعش. ئێوە پەیوەندیی کوردستان و ئەڵمانیا و هەروەها لەسەر ئاستی سیاسی لەگەڵ پارتی سەوزەکان چۆن دەبینن؟ ئەنگێشکا بروگەر: پەیوەندییەکان زۆر زۆر چڕوپڕن، چونکە زۆر بەها هەن کە ئێمە یەکدەخەن، هەروەها من وەکو جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوزەکان بەرپرسیارم لە تەواوی سیاسەتی نێودەوڵەتیی سەوزەکان، بە زەحمەت خەڵکی هەرێمێکم بینیوە کە هێندە بەشدارن لە سیاسەتی پارتی سەوزەکان لەسەر ئاستی گەنجانی سەوزدا لەسەر پەرلەمانی هەرێمەکان، هەروەها وەکو ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ، بەڕاستی پەیوەندییەکی زۆر باش هەیە و هاودەنگییەکی زۆر باش هەیە و بەرژەوەندییەکی هاوبەشمان هەیە، ئەوەش هەمیشە گەنجینەی گەورەیە بۆ ئێمە. زۆر کورد سەردانمان دەکەن و گفتوگۆی زۆر دەکەین. ئاگاداری دۆخەکەین و دەمانەوێت لە کێشەی خەڵکی ناوچەکە ئاگاداربین و گرنگە لامان، هەروەها زۆر شت هەن نیگەرانمان دەکات و ئێمە دەمانەوێت هاوکار بین بۆ چارەسەرکردنیان. رووداو: بەڕێزتان ئاگادارن وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی کوردستانی کرد و لە شنگال لە نزیکەوە لەگەڵ کوردانی ئێزدی کۆبووەوە. پاش ئەوەی ئەڵمانیا ئەو کۆمەڵکوژییەی بە جینۆساید ناساند، ئێوە دەتانەوێت بە جیددی چی بکەن بۆ کوردانی ئێزدی؟ ئەنگێشکا بروگەر: بەڵێ، تەنیا بەو شتە هەموو شتێک چارەسەر ناکرێت، هەرچەندە ئەم هەنگاوە هێندە گرنگ بوو، تەنانەت لە ماوەیەکی تاڕادەیەک کورتدا دوای ئەو تاوانە گەورەیە زۆر روون بوو بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا کە دەبێت وەکو کۆمەڵکوژی بیناسێنێت، هەموو پارتەکان بە یەکگرتووییەکی گەورەوە دەنگیان دا، بەڵام بێگومان ئەوە تەنیا کردەوەیەکی رەمزی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی و پابەندبوونێکیش دروست دەکات. لە داواکارییەکەدا تەنیا باس لە دانپێدانان ناکەین، بەڵکو پەیوەندیی بە پشتگیریی زیاترەوە هەیە، زۆر کەس هێشتا بەدەست ئەو تاوانە باوەڕپێنەکراوەوە دەناڵێنن و پێویستیان بە پشتیوانییە. هێشتا زۆر کەس ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لە کەمپەکانن. چارەنووسیان هێشتا نادیارە. ئاسۆی ژیانی ئەم کەسانە هێشتا روون نییە و گرنگترین شت ئەوەیە هەمیشە هۆشیار بکرێنەوە، بەڵام دواتر هاوکارییان بکرێت بە شێوەیەکی زۆر کردەیی. هەروەها وەکو بینیمان وەزیری دەرەوە کاتێکی زۆری لە گەشتەکەیدا تەرخانکرد بۆ کوردستان. ئەوە نیشانەیەکی گەورەیە بۆ هاودەنگی و هاوسۆزی؛ بەڕاستی ئەو سێ رۆژ مایەوە و خۆی هەندێکجار لە ماوەی سێ رۆژدا سێ وڵات دەگەڕێت، بەڵام ئەوە تەنانەت وەکو ئەندامێکی ئاسایی پەرلەمان، پێشتریش زۆر پابەند بووە بە پرسی ژنانەوە و خۆی بە دڵ و بە گیان بۆ ئەو پرسانە کات تەرخان دەکات، کە مەبەستی هاوکاریکردنێکی جیدییە. رووداو: باشە، بەڵام پارتەکەی بەڕێزتان دەیەوێت ئێستا چی بکات بۆ کوردانی ئێزدی، بۆ ئەوەی چیدیکە لە کەمپەکاندا ژیان بەسەرنەبن بەڵکو بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟ یەکەم هەنگاوتان چییە؟ ئەنگێشکا بروگەر: پێویستە گفتوگۆی جیدی بکرێت، لەوانەش گفتوگۆی رەخنەگرانە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق، چونکە لە کۆتاییدا کۆمەڵێک کێشە هەن کە دەبینن؛ ئەمەش هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە، ئەم نیگەرانییەش زۆر رەوایە؛ دەبینین لە باکووری عێراقەوە، لە کوردستانەوە، کە بەڕاستی دەبێت چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە پرسەکانی دابەشکردنەوە هەیە و هەروەها سەبارەت بە ئاشتەوایی و رێکارەکانی چاودێریکردنی مرۆڤەکان و پاراستنیان، چونکە باوەڕم وایە ئەگەر لێرەدا هیچ نەکەین و بە لایەکی دیکە سەیر بکەین، چونکە زۆر قەیرانی دیکە لە جیهاندا هەن، ئەوا یەکەمجار ئێمە نادادپەروەری لەگەڵ خەڵک دەکەین و لە لایەکی دیکەوە ئەو ئازارە بێ ئەندازەیە لەبیر دەکەین کە ئەوان ئەزموونیان کردووە. هەروەها زەمینەسازی دەکەین بۆ زیادبوونی کێشە و قەیرانی زیاتر، بۆیە ئەڵمانیا پشتگیریی ئەو خەڵکانە دەکات و دەیەوێت بە جیدی هاوکاری پێشکێش بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. رووداو: بەڕێز بروگەر، ئێوە لەو باوەڕەدان کە هێشتا داعش مەترسییە و دەبێت هاوپەیمانیی نێودەڵەتی دژی داعش بەردەوام بێت؟ پارتەکەی ئێوە و ئەڵمانیا دەتانەوێت بەردەوام بن لە هاوکاریی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر؟ ئەنگێشکا بروگەر: بەڵێ، کێشەی داعش لەژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی نەماوە، ئەوە نەما، لەبەر ئەوەی بە خۆشحاڵییەوە پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە رووبەڕوویان بوونەوە و دەریانکردن و ئەو ناوچانەی داگیریان کردبوون، لێیان سەندنەوە؛ بەڵام لە کۆتاییدا هەڕەشەی داعش ماوە، ئەندامەکانیان ماون، ماوە ماوە هێرش دەکەن، بۆیە ناتوانین بڵێین کۆتاییهاتووە، بە پێچەوانەوە دەبێت ئێمە پێکەوە بەردەوام بین لە کارکردن لە ناوچەکە، چالاک بین و هاوکاربین و شتەکان لەبیر نەکەین. رووداو: وەکو بەڕێزتان ئاگادارن، رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە. ئێوە ئەم کۆبوونەوە چۆن دەبینن، چەند گرنگە بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و هەروەها بۆئەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بەردەوام بن و ئەڵمانیا بتوانێت زیاتر پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بکات؟ هەروەها نێوەندگیری بکات لەنێوان هەولێر و بەغدا؟ ئەنگێشکا بروگەر: زۆر کۆبوونەوەیەکی گرنگە و هەروەها پێزانینێکی زۆر هەیە بۆئەوەی راوێژکاری فیدراڵیی ئەڵمانیا، تایبەت ئەوکاتە تەرخان دەکات بۆ ئەو کۆبوونەوەیە؛ بە مانای ئەوەی کە ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندییەکان و گفتوگۆ کردن، کە گرنگی بە دۆخی شوێنەکە دەدرێت. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی کەشوهەوا و دڕندەیی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، چونکە کێشەکان دوورن لە چارەسەر، خەڵک هێشتا پێویستیان بە پشتیوانی و یارمەتییە و بە دڵنیاییەوە ئەمە سەردانێکی لە رادەبەدەر گرنگە، کە هەموومان بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی دەکەین و دڵخۆشین بەو سەردانە. رووداو: باشە پرسیارێکی دیکەم ئەوەیە، هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکی ئابووریی خراپدایە و گەنجەکانی زۆر هەوڵدەدەن کۆچ بکەن. بەهۆی سکاڵای حکومەتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، خەڵک بێومێدە، بەغدا هەوڵی بچووککردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان دەدات، ئێوە چۆن دەتوانن بەردەوام بن لە هاوکاری و نێوەندگیری بۆئەوەی گەنجی کوردستان بێ ئومێد نەبن؟ ئەنگێشکا بروگەر: ئەڵمانیا ناوبانگێکی زۆر زۆر باشی هەیە لە ناوچەکەدا، بە گشتی و بێگومان پەیوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ حکومەتی عێراقیشدا هەیە، ئەم پرسیارانەش رۆڵیان هەیە دووبارە و سێبارە و دەبێت حکومەتی ناوەندیی عێراق لە ئاست بەرپرسیارێتیی خۆیدا بێت بۆ ئەوەی بەڕاستی ئاشتەوایی لە وڵاتدا بتوانێت سەرهەڵبدات، بۆئەوەی هەموو کەسێک هەست بەوە بکات کە لێرەدا دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بۆئەوەی گەنجان بەتایبەتی، ئاسۆی ژیانیان هەبێت لە وڵاتی خۆیاندا، چونکە ئێمە نەک تەنیا بەرپرسیارێتیمان هەیە، بەڵکو ئەو رووداوانەش لەبەرچاو دەگرین کە روویان داوە. هەروەها لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە کە خەڵک یارمەتیی بدرێت بۆئەوەی لەو شوێنە بمێننەوە کە دەیانەوێت؛ ئەویش زێدی خۆیانە. بێگومان بڕیارنامەکە پێشنیازی پشتگیریی زۆر کۆنکرێتی دەکات و دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی ئەو کێشانەی هەن سەبارەت بە پرسی پەنابەران و هاوکاریکردنیان. نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەنیا جێناهێڵدرێت لەو پرسەدا، بەڵکو ئەوە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە. هەروەها ئەڵمانیاش بەرپرسیارێتیی هەیە، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنمان لێرە و ئەمانە ئەو شتانەن کە بەڕاستی لەنێو پەرلەمانەوە پێوەی سەرقاڵین. رووداو: باشە ئەی پەیوەندیی پارتەکەی ئێوە و هەرێمی کوردستان چۆنە؟ ئەنگێشکا بروگەر: ئەو پەیوەندییە زۆر زۆر چڕوپڕە، چونکە بەڕاستی زۆر هاوکارم هەیە کە گەشت دەکەن بۆ ئەو هەرێمە، هەست بە پەیوەندییەکی زۆر دەکەن، ناتوانن واز لەم بابەتانە بهێنن، چونکە زۆر کەس دەناسن لەوێن هاوبەشییان هەیە لەگەڵیاندا، لە مافی مرۆڤەوە بگرە تاوەکو داهاتووی ئەو هەرێمە و هەروەها رۆڵی ژنان. هەربۆیەش ئەم ناوچەیە بە تایبەتی بۆ ئێمە گرنگە و لە ناخی دڵماندایە. رووداو: پارتەکەی ئێوە چۆن دەڕوانێتە پرسی کورد لە تورکیا و ئایا چۆن کاری لەسەر دەکەن؟ ئەنگێشکا بروگەر: بێگومان ئەوەش هۆکارێک بوو بۆئەوەی وەزیری دەرەوە پەیامی زۆر روونی هەبێت لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، هەمیشە دژی ئەو تووندوتیژییەیە کە هەیە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. بێگومان ئەوەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. ئێمە بەردەوام دەبین لە چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و هەر ئەمەش وایکرد؛ بۆ نموونە هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا رابگرین، چونکە کاتێک حکومەتێک بەو جۆرە هەنگاو بەرامبەر بە خەڵکی خۆی دەگرێتەبەر، ناتوانرێت لەلایەن ئەڵمانیاوە لەو بوارەشدا پشتیوانیی لێبکرێت. رووداو: بەڕێز خاتوو بروگەر، زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/24062023
هەڤپەیڤین بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ رووداو. prev next وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت، ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی هەشت بەنداوە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا 11 بەنداوی دیکە دروست دەکەن. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە 11یەمین لووتکەی حکومەتەکان کە لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت. لە هەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ رووداو باسی لە گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو لووتکەیەدا کرد و گوتی، "بەشداریکردن لەو جۆرە کۆنفرانسانەدا زۆر گرنگە". بێگەرد تاڵەبانی هەروەها لەبارەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "لە 3 بۆ 4 ساڵی رابردوو لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەنداوی مامناوەندمان دروست کردووە. هەشت بەنداومان هەیە و 11ی دیکەش دروست دەکەین... ئەو بەرەکەتەی خودای گەورەش، کە باران باریوە هۆکاری ئەوە دەبێ بەشێک لە بەنداوەکانمان پڕ ببن". دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی: رووداو: بەشداری ئێوە وەکو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا بۆ بەشداریکردنە، یان هاتوون شتێک لەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی وڵاتان لەگەڵ خۆتان ببەنەوە؟ بێگەرد تاڵەبانی: بێگومان وەک خۆتان دەزانن، ئەو کۆنفرانسە، کۆنفرانسێکی گەورەیە و ساڵانە دەکرێت. ئەوانەی کە بەشداری دەکەن سەرۆکی حکومەتی وڵاتانن لەگەڵ تیمی هونەریی وەزارەتەکانیان. ئەو کەسانەی لە کۆنفرانسەکە پانێلیان هەیە، خەڵکانی پسپۆڕن. بێگومان بەشداریی ئێمە، هەم لە رووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ ئەو شوێنانەی ئێمە لێرە بە یەکەوە پەیوەندی دەکەین و یەکدی دەبینین. هەمیش لە رووی پێگەی هەرێمی کوردستانەوە ئەم جۆرە کۆنفرانسانە گرنگن. جەنابی سەرۆکوەزیران وەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کراوە، تیمێکی لەگەڵ خۆی هێناوە. تیمەکە وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنانە. ئێمە بۆ ئەوە هاتووین هەریەکەمان لە بەشێکی پانێلەکان دابەشبووین، بەپێی پسپۆڕیی خۆمان. چونکە کۆمەڵێک بابەتی تێدایە. لە هەمووی گرنگتر بابەتی گەشەسەندنی ئابوورییە. بۆ ئێمە کاریگەرە، ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کە کاروباری خۆمان رێکبخەینەوە. تاوەکو ئەوەی بتوانین بەپێی سێکتەرە جیاوازەکان، ئەزموون وەربگرین و بگوازینەوە و سوودی لێ ببینین. لەبەرئەوە، تەنیا بەشداریکردن نییە، وەرگرتنی ئەزموونە، وەرگرتنی زانیارییە. دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئەو نێوەندانەی لەو کۆنفراسانە بەشدارن و بتوانین سوود لە ئەزموونیان وەربگرین. رووداو: ئێستا هەرێمی کوردستان ساڵانە بەشداری چەندین کۆڕ و کۆڕبەند و لووتکەی جیهانی دەکات لە سەرانسەری جیهاندا، ئایا سوودتان لێ بینیوە؟ هەر بەڕاستی هیچ هێندراوەتەوە بۆ کوردستان؟ ئەوەی کە جەنابت باسی دەکەیت، لە رووی ئابوورییەوە بەنموونە کشتوکاڵیش بنەمایەکی سەرەکیی ئابووریی وڵاتە، ئەگەر لەسەر وەزارەتەکەی جەنابت قسە بکەی، سوودتان لەو کۆڕبەندانە وەرگرتووە؟ بێگەرد تاڵەبانی: یەکەم هەنگاو کە لێرە دەستپێدەکەی کە دێتە نێو ئەو لووتکەی کۆنفراسە جیهانییانە، پەیوەندی دروست دەکەیت کە پەیوەندی دروست بوو، ئەو پەیوەندییانە بەردەوام دەبن و دەکەوێتە سەر وەزارەتەکان. ئێستا ئێمە لەگەڵ بەشێکی زۆری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندییەکی باشمان هەیە لە کردنەوەی خول و رەخساندنی دەرفەتی خوێندن، لە بەشداریکردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان، تایبەت ئەوانەی کە لە بواری کشتوکاڵی و ئەو بەرەوپێشچوونەی لە بوار تەکنەلۆژیادا روو دەدات، هەموو ئەوانە کاریگەریی خۆیان هەیە بەدڵنیاییەوە. لێرە وەکو گوتم خاڵی پەیوەندیی نێوان وڵاتەکانە لەگەڵ یەکدیدا. بۆ نموونە من لێرە کە لەگەڵ وەزیرێکی هاوشێوەی خۆم یەک دەناسین، بە دڵنیاییەوە باسی کۆمەڵێک بابەت دەکەم کە پێویستیی وەزارەتەکەی من و حکومەتی هەرێمی کوردستانە. رووداو: قەت هەبووە دوایی سوود لەو پەیوەندییە وەربگرن و لەگەڵ ئەو وەزیرەی هاوتای جەنابت هیی وڵاتێکی دیکە پەیوەندییەکە درێژخایەن بێت و سوود لە یەکدی وەربگرن؟ بێگەرد تاڵەبانی: بەشێک لەو وڵاتانەی کە خواستی ئەوەیان هەیە خۆیان بۆ نموونە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانیان بەردەوام بێت، بێگومان ئەو پەیوەندییە چووەتە پێشەوە. توانیویشمانە سوود لە یەکدی وەربگرین. رووداو: وەزیری وڵاتانی دیکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکەن؟جەنابت دەزانیت عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر تووندە، زۆرجار دەگوترێ ئەوەی لە عێراق هەیە دەیەوێت هەرێمی کوردستان نەمێنێت. حکومەتەکەی بێکاریگەربێت، وەزیرەکانی بێکاریگەربن، ئەوە کاریگەریی هەیە، یان نا؟ بێگەرد تاڵەبانی: دەزانی چۆنە، ئێستا ئێمە ئەمڕۆ لەو لووتکەیە کە بەشدارین، عێراق خۆی بەشداری نەکردووە. جەنابی سەرکوەزیرانی عێراق سەردانەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، بە هەر هۆکارێک بێت من نازانم، بەڵام ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقدا بەشداریمان کردووە، بۆ نموونە سەرۆکوەزیرانی گوتاری خۆی هەبوو. جگە لەوە ئێمە لە پەراوێزی وتار و پانێڵەکاندا، وەک هەمیشە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ زۆربەی وەزیران و کاربەدەستانی وڵاتان هەبووە. ئەمساڵ من هەست بە جیاوازییەک دەکەم بەراورد بە ساڵانی رابردوو، دەکرێ بڵێم وڵاتەکان شوێنی تایبەتی خۆیانیان نییە. بەڵکو بەشدارییە لەو پانێلانەی کە دانراوە بۆ خەڵکی شارەزای وڵاتان لە هەموو بوارەکاندا، ئەو کەسانەی کە پانێڵەکان پێشکەش دەکەن زۆربەیان بۆ ئەوەیە کە ئەزموونەکان وەربگرن. بۆیە لە هەر کۆنفرانسێک کە دەبەسترێت بێگومان ئاراستە و سیاسەتی ئەو کۆنفرانسە حوکم دەکات، تۆ تاوەکو چەند دەتوانیت خۆتی تێدا بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت پەیوەندییەکانت ببەیتە پێشەوە. بەڵام بۆ ئێمە، خۆتان دەزانن ئێمە دەوڵەت نین، جەنابیشت ئاماژەت پێدا، دۆخی سیاسی و ئابووری ئێمە لە دۆخێکی زۆر هەستیار و ناخۆشدایە، بەڵام لە کاتێکدا تۆ کە بانگهێشتی لووتکەیەکی وا گەورەی جیهانی دەکرێی، کە سەرۆکی وڵاتان تێیدا بەشداری دەکەن، ئەمە خوێندنەوەیە بۆ هەرێمی کوردستان. رووداو: هێشتا هەرێمی کوردستان حیساباتێکی سیاسی، یان بابڵێین قورسی بۆ دەکرێ لە ناوچەکە؟ بێگەرد تاڵەبانی: بەدڵنیاییەوە خۆی بەشداری پێکردنت، بانگکردنت، کەواتە پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ئەو هاوکێشەیە، کە پێیدەگوترێ هاوکێشەی نێودەوڵەتی؛ خوێندنەوەی هەیە، بۆیە بەشداری پێ دەکرێ. رووداو: ئەمساڵ بارانێکی باش باریوە لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو هەوڵتانداوە چەندین بەنداو دروست بکەن، سوودی هەبووە؟ ئاوی باش گلدراوەتەوە بۆ هاوین؟ بێگەرد تاڵەبانی: سوپاس بۆ خوای گەورە، بەدڵنیاییەوە حیسابی ئەوە بکە دروستکردنی بەنداو کاتی زۆری پێویستە، لە 3 بۆ 4 ساڵی رابردوو لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەنداوی مامناوەندمان دروست کردووە. خۆتان دەزانن خەڵک قسەی لەسەر ئەوە هەیە کە هەقی خۆشیەتی، دەڵێ بۆ لە جیاتی دروستکردنی بەنداوێکی مامناوەند بەنداوێکی گەورەی ستراتیی دروست ناکەن؟ بەڵام ئێمە سەرەرای بوونی قەیرانی دارایی، سەرەڕای بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ بودجەیەکی تەرخانکراومان نییە، هەموو جارێک کە نووسراو دەکەین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سوپاسەوە وەڵامی نووسراوەکانمان لە بابەتی دروستکردنی بەنداو وەڵامدانەوەی باشی هەبووە. لەبەرئەوە، لە زۆربەی ناوچەکان ئەو بەنداوانەی دروستمان کردوون، دەبێتە 8 بەنداو، ئەو 8 بەنداوە بەڵێ بوونەتە هۆکاری گلدانەوەی ئاو، بەتەماین لە ئایندەیەکی نزیکتریش 11 بەنداوی دیکە دروست بکەین، بەس تەمویلە داراییەکە نەوەستێت ئەو یانزەی دیکەش تەواو دەبێت. من پێموایە بەڵێ هەنگاوی باش نراوە، ئەو بەرەکەتەی خودای گەورەش، کە باران باریوە هۆکاری ئەوە دەبێ بەشێک لە بەنداوەکانمان پڕ ببن. رووداو: هەرێمی کوردستان لە وشکەساڵی دەرچووە، هاوینی داهاتوو تووشی وشکەساڵی نابێت؟ تووشی کەمئاوی نابێ؟ بێگەرد تاڵەبانی: ئیشاڵڵا تووشی کەمئاوی نابین، بەڵام بابەتی وشکەساڵی لەبەرئەوەی لە ساڵانی رابردوودا ئێمە چەندین ساڵ بەسەریەکەوە دۆخێکی وشکەساڵیی زۆرمان هەبوو، کە کاریگەریی زۆری لەسەر خاکی ئێمە دانا، دەکرێ بڵێم هێشتا لە پێویستی کۆگاکردنی ئاو کەموکوڕیمان زۆرە. واتە ئەگەر بەنداوە ستراتیژییەکانمان حیساب بکەین هەست دەکەین چارەکێک ئاومان گلداوەتەوە. بەراورد بەوەی کە لە هەندێک ساڵدا رێژەی بارانمان زۆر بووە، ئێمە بەنداوە ستراتیژییەکانمان سەرڕێژ بوونە. ئێمە پێویستمان بەوەیە کە ئاوی زیاتر گل بدەینەوە، ناشکرێ بڵێم مەترسی ئەوەمان لەسەر نەماوە کە وشکەساڵیمان تێپەڕاندووە. بەڵام دۆخی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە عێراق، سوپاس بۆ خوای گەورە باشترین.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1202202414
وەزیری دەرەوەی عێراق لە وەڵامی رووداو رایگەیاند سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتنەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەت بە پرسی مووچە بەگشتی، مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی سێ و هەژماری من ـی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی دایەوە. لە وەڵامی پرسیاری "کەی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دەنێردرێت بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات؟" فوئاد حوسێن رایگەیاند گفتوگۆکان بەردەوامن "تاوەکو ئەو ساتە چارەسەر نەبووە، بەڵام بزانین سبەی، دووسبەی چی دەبێت." دوایین جار بەغدا 37 ملیار و 123 ملیۆن دیناری مووچەخۆرانی نارد و، کۆی ئەو پارەیەی تائێستا نێردراوە 600 ملیار دیناری تێپەڕاندووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کورتهێنانی هەیە و بە گەیشتنی پارەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە دەتوانن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات بکەن بکەن. لەلایەکی دیکەشەوە ترسی لە ناردنی پارە هەیە لە بەغداوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار، سەبارەت بەو پرسەش فوئاد حوسێن بە رووداوی راگەیاند "ئێمە، باسی مانگی دوو دەکەین، بەڵام ئەوەی من لە سەرۆکوەزیران تێگەیشتم ئەوەیە، دەڵێ مووچەی مانگی سێ دەنێرین." پرسیاری رۆژنامەڤانان و وەڵامەکانی فوئاد حوسێن: پرسیار: باسی پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کرا؟ د. فوئاد حوسێن: بەڵێ باسی ئەم رەهەندە کرا، بێگومان لەچوارچێوەی لیژنەی باڵای سەربازیی لە گەڕی دووەمدا کۆبوونەوە کراوە، ئێستا گفتوگۆی ئەم بابەتە کراوە و لە کارنامەی خشتەی کارەکانی سەردانەکەی بەڕێز سەرۆکوەزیران دەبێت، واتە گفتوگۆکان لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمنی و سەربازی و چۆنییەتی رێککەوتن لەبارەی شێوازی داهاتووش بەردەوامە. پرسیار: کەواتە تەنیا گفتوگۆ هەیە و نەگەیشتوون بە رێککەوتنێکی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکان یان گۆڕینی تەواوی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق؟ د. فوئاد حوسێن: نا، ئێمە پرۆسەی گوتوێژ و دانووستانمان دەستپێکردووە، ئەو پرۆسەیەش پێویستی بە کاتە، چونکە کشانەوەی هێزەکان یەکەم پێویستی بە ماوەیە، چۆن و کەی؟ چۆنیێتی هێزەکان و چۆن دەکشێنەوە، بۆیە هەموو ئەو پرسیارانە پێویستییان بە وەڵامە، وەڵامەکانیش پێویستە لە هەردوولاوە بێت، لە ئەنجامدا رێککەوتن لەنێوان هەردوولا لایەنی ئەمریکی و عێراقی دەبێت و، بەپێی رێککەوتنی هاوبەش سیاسەتی نوێ پەیڕەو دەکرێت. پرسیار: سەبارەت بە دۆسییەی دارایی، کۆبوونەوەت لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەبوو، گەیشتنە (رێککەوتن) بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر بانکەکانی عێراق؟ فوئاد حوسێن: کۆبوونەوەی راشکاومان لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا هەبوو، ئەوان باسی سزاکانی سەر بانکەکانی عێراق ناکەن، ئەوان باس لە گرتنەبەری هەندێک رێکار دەکەن، لە راستیشدا ئەوان باسی چاکسازی لە سیستەمی بانکی لە عێراق دەکەن، ئەوە بەشێک بوو لە گفتوگۆکان و بەردەوام دەبین. پرسیار: ئەوە لە تەوەرەکانی گفتۆکانی سەرۆکوەزیرانیش دەبێت؟ د.فوئاد حوسێن: بێگومان شاندی یاوەری بەڕێز سەرۆکوەزیران گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، بەڵام پێویستی روونی بکەینەوە، پێش هاتنی سەرۆکوەزیران چەند لیژنەیەکی جیاواز دەبێت، لیژنە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی وزەوە، کە باسی وزە دەکەم، باسی نەوت و گاز و کارەبا دەکەم، لیژنە لەبارەی دۆسییەکانی دارایی، بانکی و دارایی، لیژنە لەبارەی چۆنیێتی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری لەبارەی گواستنەوە و بوارەکانی دیکە، لیژنە لەبارەی خوێندنی باڵا و تەندروستی، کەواتە لیژنەی جیاواز هەیە، ئەو لیژنانە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی کۆدەبنەوە، لایەنی ئەمریکی لەلایەن ئەنتۆنی بلینکنەوە (وەزیری دەرەوەی ئەمریکا) سەرکردایەتی دەکرێت و لایەنی عێراقیش لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراقەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کەواتە ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران لەبارەی هەموو ئەو بابەتانەوە لەرێگەی ئەو لیژنە تایبەتمەندانەوە پێش چەند رۆژێک لە گەیشتنی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن دەکرێت. پرسیار: جەنابی وەزیر، پەیوەست بە غەززە و بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەوبارەیەوە، ئایا باسی ئەوە لەگەڵ ئیدارەی کۆشکی سپی دەکرێت؟ د. فوئاد حوسێن: پرسی غەززە و شەڕ لە غەززە بەشێک بووە لە گوتوێژەکان و بەشێک لە گوتوێژەکانی رۆژی سێشەممە دەبێت. من، رۆژی سێشەممە دوایین کۆبوونەوەم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەبێت، باسی کۆبوونەوەی دووقۆڵی و دۆخی ناوچەکەش دەکەین، کاتێک باسی دۆخی ناوچەکە دەکەین، باسی شەڕی غەززە دەکەین، سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی ئاسایش، وەزارەتی دەرەوە پشتیوانی لە بڕیارەکە کرد و پشتیوانی ئەو بڕیارە بووین. دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی: رووداو: بەڕێزتان وەک جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، هیچ باستان لەگەڵ بانکی فیدراڵی و گەنجینەی ئەمریکا کردووە لەسەر نەهێشتنی کێشەکانی هەناردنی پارە و کاری بانکی لە عێراق؟ د. فوئاد حوسێن: بەڵێ، وەکو گوتم بەشێک لە گفتوگۆکان لەگەڵ گەنجینە بوون نەوەکو لەگەڵ بانکی فیدراڵی، بەڵام لەگەڵ گەنجینە پەیوەندی هەبووە بۆ بابەتەکانی دارایی و ئابووری و بابەتی بانکەکانی عێراق. رووداو: فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کێشەیەکی گەورەدان. کەی تەواوی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بۆ دابەشکردنی مووچەی شوبات؟ د. فوئاد حوسێن: ماوەیەکە لەدەرەوەم، لەکەنەدا بووم و ئێستا لێرەم (ئەمریکا)، بەڵام هەر لەپەیوەندی بووم لەگەڵ بەغدا، ئەو گفتوگۆیانە بەردەوامن، لایەنی حکومەتی فیدراڵی یان دارایی لە حکومەتی فیدراڵی داوای ناوەکانیان کردبوو، وابزانم ئەوانیش کاریان کردووە لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە دیارە چارەسەر نەبووە، با بزانین سبەی و دوو سبەی چۆن چارەسەر دەبێت. رووداو: مووچەی مانگی سێ بەتەواوەتی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن؟ د. فوئاد حوسێن: مووچەی مانگی سێ؟ رووداو: بەڵێ د. فوئاد حوسێن: باسی مانگی دوو دەکەین، ئەوەی کە ماوە، بەڵام ئەوەی من لە سەرۆکوەزیران تێگەشتم دەڵێت، مانگی سێ دەنێرین. رووداو: عێراق ئەوەی بەناوی 'هەژماری من' لە هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، قبوڵ دەکات؟ د. فوئاد حوسێن: نازانم، وابزانم ئێستە شاندێک لە بەغدایە، لە گفتووگۆدان لەگەڵ لایەنی فیدراڵی، نازانم ئەو گفتووگۆیانە چۆن دەڕوات لە بەغدا. رووداو: گەشبینیت بەوەی کە رازیبن و وەریبگرن؟ د. فوئاد حوسێن: دەڵێم نازانم گفتووگۆکان چۆن دەڕوات، بەڵام بە هەرحاڵ، پێویستە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بگەنە رێککەوتن لەسەر ئەو بابەتە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/business/26032024
سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق دەڵێت، ئەو کۆمپانیا بیانییانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی کڕین و فرۆشتنی پشک لە بۆرسەکانی جیهان کار دەکەن، هیچ مۆڵەتێکی فەرمی و هیچ گەرەنتییەکیان نییە و بەشێکیان کۆمپانیای وەهمین و هاووڵاتییان خۆیان بەرپرسن لە فەوتانی پارەکانیان. فەیسەڵ هەیمەس، سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی بەرزبوونەوەی بەهای پشکی کۆمپانیاکان لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق و مەترسیی ناجێگیری بەهای دۆلار و کاریگەریی لەسەر وەبەرهێنان دەکات. لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێت، "پلان هەیە بۆ کردنەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی هەولێر و کردنەوەی لقی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە سلێمانی." دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: دەستەی کاخەزە داراییەکان کاری سەرەکیتان گرەنتیکردنی پارەی وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان و هاوکاریی کۆمپانیاکانە لە عێراق، تێڕوانینێک هەیە لە حکومەتەکانی رابردوو لە عێراق، ئەویش بەرفراوانکردنی وەبەرهێنان و کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنانە، ئایا ئێمە گەیشتووینەتە ئاستێک بە جۆرێک لە جۆرەکان جێگەی هیوا بێت بۆ بابەتی وەبەرهێنان لە عێراق؟ فەیسەڵ هەیمەس: تێڕوانینی حکومەت تێڕوانینێکی بەرفراوانە بۆ راکێشانی سەرمایە لە دەرەوە، بە دڵنیایی چەند بوارێکی زۆری رەخساندووە بۆ وەبەرهێنانی بیانی. لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق دەرفەتی زۆر هەن بۆ وەبەرهێنەران جا لە دەرەوە بن یان لە نێوخۆی عێراق. چاومان لەوەیە هاتنەناوەوەی نوێ هەبێت بەپێی پلان یان تێڕوانینی حکومەت بۆ پاڵپشتیی وەبەرهێنان، وەکو دەشزانن لیژنەیەک پێکهێنراوە بە چاودێری سەرۆکوەزیران بۆ دووبارە پێداچوونەوەی هەیکەلی کۆمپانیا گشتییەکان، بە دڵنیایی ئەوە کارێکی تایبەتمەند دەبێت بۆ هاتنەناوەوەی زیاتری کۆمپانیاکان بۆ بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق، جووڵەی بازاڕ زیاد دەکات و وەبەرهێنەرانی نێوخۆ و دەرەکی زیاتر رادەکێشێت بۆ وەبەرهێنان. لەبارەی دەستەی کاخەزە داراییەکان بە دڵنیایی جگە لە چالاکی بنەڕەتیمان کە چاودێریی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق و پاراستنی وەبەرهێنەرانە، چالاکی دیکەشمان هەن وەکو چالاکی هاوبەش لەگەڵ بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق بۆ بازاڕ دۆزینەوەی وەبەرهێنەران جا وەبەرهێنەری ناوخۆ بن یان بیانی، یان لە رێگەی ئەو کۆنفرانسانەی ئێمە بەشدارییان تێدا دەکەین لەسەر ئاستی ناوخۆ لەپاڵ ئەوەشدا کۆنفرانسەکانی دەرەوە هەن، کە ئێمە بەشدارییان تێدا دەکەین، هاوکات چالاکی نوێمان هەیە وەکو پەیوەندی و قسەکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی یان پارێزگا وەبەرهێنەکان تاوەکو بزانین ئاستەنگەکانی بەردەمیان چین و چارەسەری بکەین، هەموو ئەمانە پشتیوان بە خودا وادەکەن بازاڕەکە بەردەوام بێت لە سەرکەوتن رووداو: باست لە ئاستەنگەکان کرد، قسەیەک بەردەوام دەکرێت ئەویش رۆتین و بیرۆکراتییەتە، لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی کەمکردنەوەی ئەو بیرۆکراتییەتە هاتووە، چی کراوە تاوەکو ئێستا؟ فەیسەڵ هەیمەس: ببینە بە دڵنیاییەوە ئێمە بێ ئەوەی کەس قسەی لەبارەوە بکات ئێمە وەکو هاووڵاتیان لە سەردانمان بۆ هەر لایەنێک جا لایەنی حکومی یان تەنانەت هەندێ لایەنی ناحکومیش دەبینین بیرۆکراتییەت و رۆتینێکی کوشندە هەیە، بەڵام سرووشتی کارەکەی ئێمە لە دەستەی کاخەزە داراییەکان دەزانی ئەو کارانەی لە نێوخۆی بازاڕی عێراق دەکرێن کاری هەنووکەیین، بۆ نموونە ئەمڕۆ بڕیارێک دێت یان پێویستە بڕیارێک بدرێت پێویستە بڕیارەکە خێرابێت، ئێمە لە دەستەی کاخەزە داراییەکان و ئەو کەشەی کاری تێدا دەکەین، هەر بڕیار یان هەر روونکردنەوەیەکمان بۆ بێت هەمیشە وەڵامدانەوەمان بۆی خێرایە، لەبەر ئەوە هەستیارییەک هەیە لە ئاڵوگۆڕی پشکەکان. بەتایبەت بەلای پارێزگایەکی بیانییەوە کە وەبەرهێنەکانی مامەڵە لەگەڵ بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق دەکەن وەکو لە یادمانە مامەڵە لە بازاڕەکەدا بەشێوەیەکی خێرایە، بەڵام بە هەمانشێوە کاتێک دەتەوێت پارە رەوانەی دەرەوە بکەیت بیرۆکراتییەت لە بانکەکان هەیە، هەندێکجاریش ناچار دەبیت بگەڕێیتەوە بۆ لایەنی دیکە و رەزامەندیی وەربگریت، هەموو ئەمانە وادەکەن لایەنێک لێکی بداتەوە ئەو کاتەی بەفیڕۆی دەدات لەگەڵ ئەو سوودەی دەیکات ئایا بەراستی سوودە یان نا، ئەمە هاوکێشەیەکە پێویستە هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان سەرنجیان لەسەری بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو رۆتینە کوشندەیە کە لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی عێراقە. رووداو: ئێستا قەبارەی سەرمایە چەندە لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق، یان بەهای ئەو پشکانە چەندە کە ئێستا دەستاودەست دەکەن؟ فەیسەڵ هەیمەس: دەستاودەستکردنی رۆژانە لە بازاڕ دەگۆڕێت لە رۆژێکەوە بۆ رۆژێکی دیکە هەندێک رۆژ 5 ملیار و هەندێک رۆژیش 10 ملیار دینار یان زیاترە، دەزانی کە ئەوە پشتدەبەستێت بە خواست وەبەرهێنەران بۆ گواستنەوە یان کڕین و فرۆشتنی پشک، ئەمە لەبارەی دەستاودەستی رۆژانە، ئێمە لە راستیدا نزیکەی 9 گیرفانی بیانیمان هەیە گەورەترینیان گیرفانی فوراتە کە وەبەرهێنان دەکات لە بازاڕی عێراق بە قەبارەی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار، گیرفانی لەوەش بچووکتر هەن کە وەکو بەردی بناخەی بازاڕەکە وان چونکە وەکو دەزانن هەر کۆمپانیایەک لە بازاڕەکەدا کاربکات لەگەڵ خۆیدا ئاڵوگۆڕ و جوڵەی پارە دەهێنێت لە نێوخۆدا و لەنێو وەبەرهێنەرە نێوخۆییەکان. رووداو: ئایا کۆمپانیای بیانی هەن لەناو بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق؟ فەیسەڵ هەیمەس: کۆمپانیا هەن کە هاتوونەتە ناوەوە، خاوەندارێتییەکەیان هاوبەشە، بۆ نموونە عێراقی و عەرەبین بۆ نموونە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، وەکو دەزانن کۆمپانیایەکە بەشێکی سەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی فارووقە، هاوکات هاوبەشی عەرەبی هەیە کە کۆمپانیای ئۆریدۆری قەتەرییە، ئەوە پشکی هاوبەشە بۆ نموونە، لەنێوان کۆمپانیایەکی عەرەبی و کۆمپانیایەکی نێوخۆیی.. بە دڵنیایی ئێستا بۆ نموونە بانکێکی نوێ هەیە کە لەقۆناخی دروستکردندایە، بانکێکە بە سەرمایەیەکی عەرەبی دێتە بازاڕەکە و داواکاریی پێشکێش کردووە بۆ هاتنەناو بازاڕی کاخەزە داراییەکان. رووداو: ئەگەر باسی پشکەکان بکەین لە بازاڕی عێراق، گرانترین و هەرزانترین پشکەکان کامانەن بۆ نموونە ئێستا؟ فەیسەڵ هەیمەس: کەرتی پەیوەندیکردن، پشکی گەورەمان هەیە بۆ نموونە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە جۆرێک لە جۆرەکان زیاتر لەوانی دیکە، کۆمپانیای دیکە هەن پشکەکانی زیاترن، بەڵام خواستی کڕین و فرۆشتنیان لەسەر نییە، بۆ نموونە کۆمپانیا بانکییەکان بەهای پشکەکانیان بە بڕێکی زۆر دابەزیوە لەم دوو ساڵەی رابردوودا، پێموایە ئێستا لەگەڵ رێنماییەکانی بانکی ناوەندی، بۆ زیادکردنی سەرمایە و یەکگرتنی کۆمپانیاکان رەنگە جووڵەیەک بخاتە ئەو بانکانەوە و بە دڵنیایی نرخیان بەرزببێتەوە. رووداو: چۆن هاووڵاتیەکی عێراقی یان خاوەن کۆمپانیایەک بێتە نێو بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق؟ فەیسەڵ هەیمەس: زۆر بە سانایی کەسێک یان کۆمپانیایەک کەسێکی مەعنەوی یان نامەعنەوی پەیوەندی دەکات بە کۆمپانیای نێوەندگیر، کە کۆمپانیایەکی رێگەپێدراوە لەلایەن دەستەی کاخەزە داراییەکان، کۆمپانیا نێوەندیکارەکە بەڵگەنامە پێویستەکان وەردەگرێت لەگەڵ داوای کردنەوەی ژمارەی وەبەرهێنەر بۆ ناوەندی کارگێڕی لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق، ئەوە لەماوەی 10 خوولەکدا ئامادە دەبێت، دوای ئەوە وەبەرهێنەر دەبێتە خاوەنی ژمارەی وەبەرهێنەر کە وەکو هەژمارێک وایە، هەژماری دەستاودەستکردن، تاوەکو بزانێت کاتێک پارە دەدات و پشک دەکڕێت بۆ نموونە کە ئەو پشکانە دەخرێنە هەژمارێکەوە کە ژمارەی وەبەرهێنەرەکەیە، لەبەر رۆشنایی ئەوە دەتوانن دەستبکەن بە دەستاودەستکردن لەرێگەی نێوەندگیرێکەوە. رووداو: هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێت دەستاودەستکردن بکات، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە، دەتوانن دەستاودەستی پشک بکەن یان بەشدار بن؟ فەیسەڵ هەیمەس: ئێمە حەز دەکەین بێن و زیاتر بن، هەربۆیە بیرۆکەیەکمان هەبوو بۆ کردنەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی هەولێر، تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هاوکات بیرۆکەیەکمان هەبوو بۆ کردنەوەی لقێکی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە سلێمانی و گفتوگۆکانمان بەردەوامن لەوبارەیەوە. رووداو: قازانجێکی باش هەیە لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق؟ فەیسەڵ هەیمەس: ئەمساڵ قازانجی زۆری تێدابوو بۆ وەبەرهێنەران، هەندێک کۆمپانیا و بانک هەبوون بەهای پشکەکانیان نزیکەی 900 فلس بوو، ئێستە گەیشتووەتە 3 دینار بۆ هەر پشکێک، هەموو سەوداکارانی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق بە روونی هەست بەو گەشە خێرایە دەکەن بۆ بەرفراوانکردنی وەبەرهێنانەکانیان، بازاڕ هەمیشە دەرفەت دەڕەخسێنێت، بەتایبەت لە کەرتەکانی پەیوەندی، بانک و هۆتێل تاوەکو دوایی.. رووداو: ئێوە ئێستا هەوڵدەدەن ئەو بازاڕە گەورە بکەن، بەڵام رەنگە دەیان ملیۆن دۆلار و رەنگە زیاتریش نازانم، دەبرێتە دەرەوەی عێراق لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەموو شارەکان بڵاوبوونەتەوە، لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش بە هەمانشێوە، بۆ بازاڕە جیهانییەکان، دەستاودەست لە رێگەی فۆرێکس و هیچ رێکارێکیش نییە، ناوبەناو دەبیستین ملیۆنەها دۆلار فەوتان، هاووڵاتی یان وەبەرهێنەریش نازانێت رووبکاتە کوێ بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی، ئایا شێوازێک هەیە یان ئایا هیچ رێکارێک هەیە لە عێراق لەبارەی ئەوەی پەیوەندی بەو کۆمپانیایانە هەیە یان دەستاودەستکردن لە بازاڕە جیهانییەکان؟ فەیسەڵ هەیمەس: ئەوە بابەتێکی زۆر گرنگە، وەکو گوتت. هاووڵاتی هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بە گشتی کە دەبنە قوربانی ئەو کۆمپانیایانە، ئەو کۆمپانیایانە ئێمە ناڵێین هەموویان کۆمپانیای وەهمین یان کۆمپانیای تاوانبارن، بەڵام زۆرینەیان بەو جۆرەن، هەموویان بێ مۆڵەتی دەستەی کاخەزە داراییەکان کاردەکەن. ئەو بابەتە یەکەمجار لە ساڵی 2020 لەلایەن ئێمەوە بەرزکرایەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و داوامان کرد لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندن و رێگەپێدانی ئەم کۆمپانیایانە لەپێناو ئەوەی لانیکەم دەستەکە ببێتە جۆرێک لە گرێنتی بۆ ئەم پارانە لە ئەگەری خراپ بەکارهێنان، لیژنەکە پێکهێنرا بە سەرۆکایەتی من وەکو سەرۆکی دەستەکە و نوێنەرانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی ناوخۆ و هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی تادوایی، دوای ژمارەیەک کۆبوونەوە گەیشتینە کۆمەڵێک راسپاردە بۆ ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران، راسپاردەکان لەلایەن ئەمیندارێتی گشتییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. ئێستا گەیشتووینەتە خاڵی کۆتایی کە پشتیوان بە خودا بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت، دەسەڵات و توانا دەداتە دەستەکەمان بۆ رێگەپێدان و چاودێریی کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە لەپێناو ئەوەی گرەنتی هەبێت بۆ رێگەپێدانی ئەو کۆمپانیایانە لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ. لە چوارچێوەی یاساکەی ئێستای دەستە، رێگەدراوە کە ئەو مۆڵەتانە بدەین، بەڵام پێویستە بڕیارێک لەلایەن حکومەتەوە بدرێت تاوەکو رێگەمان پێبدات کارەکە بکەین. رووداو: بە کورتی هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کاردەکەن لە بواری فۆرێکس و ئاڵوگۆڕی جیهانی، کە ئێستا رادەگەیێندرێت مۆڵەتیان نییە؟ فەیسەڵ هەیمەس: بەهیچ شێوەیەک، هیچ گرێنتییەک نییە لە هیچ لایەنێکەوە تەنانەت لەلایەن خودی کۆمپانیاکەوە، خودی کۆمپانیاکەش گرێنتی هیچ وەبەرهێنانێک ناکات، ئێمە هەمیشە لە دەستەی کاخەزە داراییەکان هاوئاهەنگی دەکەین لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن ناوبەناو کورتەنامە دەنێرین و هۆشداریی دەدەین لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە و لەسەر پەڕەی وێبسایتی دەستەکەشمان هەیە و لە هەموو دیدارەکانیشمان باس لە نەبوونی مۆڵەتی ئەو کۆمپانیایانە دەکەین و بەرپرسیارێتی وەبەرهێنان لەو کۆمپانیایانە دەکەوێت ئەستۆی خودی خاوەنی پارەکە. ساڵی 2018 یان 2019 بوو کۆمپانیایەک کە ئێمە سکاڵامان لەسەر تۆمارکرد بە نوێنەرایەتیی هاووڵاتییان، بەڵام وەکو تۆ گوتت خاوەنی کۆمپانیاکە ون بوو و چووە دەرەوەی عێراق. رووداو: ئەگەر بڕیارەکە دەرچوو و ئێوە ئەو لایەنە بوون کە مۆڵەت دەدەن بەو کۆمپانیایانە، بابەتی گەرەنتی زۆر گرنگە بۆ هاووڵاتییان لێرەدا، ئەو گەرەنتییانە چۆن دەبن؟ فەیسەڵ هەیمەس: رێگەپێدان کۆمەڵێک مەرجی هەیە، یەکێک لەوانە مێژووی ئەو کۆمپانیایە و ئەزموونی لەو کارەدا، رێگەی گەیشتنی بە نێوەندگیریی لەنێوان وەبەرهێنی ناوخۆیی و بازاڕە دەرەکییەکان، واتا ئایا لە رێگەی نێوەندگیرێکی دیکەوە پێکیان دەگەیەنێت یان هێڵێکی راستەوخۆی هەیە، ئەوە جگە لە گەرەنتی دارایی داواکراو، ئێمە تاوکو ئێستا ژمارەکەمان دەستنیشان نەکردووە، یان چۆنێتی وردەکارییەکەی، ئایا گەرەنتییەکە بە پارەی کاش بێت یان لە رێگەی بانکی، هەرکات رێگەپێدانمان وەرگرت دەتوانین ئەو مەرجانە دەستنیشان بکەین و بە دڵنیایی ئەوکات رادەگەیەنرێت کە هەر کەسێک بیەوێت مۆڵەتەکە وەربگرێت دەبێت ئەو مەرجانەی تێدابێت، دواتر مۆڵەتی دەدرێتێ لەلایەن دەستەکەوە، کە دەبێتە جۆرێک لە گەرەنتی تا ئاستێک بۆ ئەمجۆرە وەبەرهێنانە و هەموو مەرجەکان روون دەبن بەوپەڕی شەفافییەتەوە لەپێناو ئەوەی وەبەرهێن یان هاوڵاتیی زانیاریی هەبێت کە ئەم وەبەرهێنانە مۆڵەتپێدراو و یاساییە و گرێنتی گونجاوی تێدایە. رووداو: بابەتی بەهای دۆلار و ناجێگیری، چۆن کاریگەریی دروستکردووە لەسەر بازاڕەکان؟ فەیسەڵ هەیمەس: ئەمساڵ بە جۆرێک لە جۆرەکان نرخەکەی جێگیربوو، نرخی دۆلار کاریگەریی نەرێنی هەبوو، لەکاتێکدا بەهای دیناری عێراقی بەرزبووەوە، بەلای وەبەرهێنەرانی بیانییەوە، لەبەرئەوەی وەکو دەزانن پارەکانیان بە دینار نایەت، ئەگەر بەهای دینار بەرزببێتەوە و جیاوازییەکە زۆر بێت رەنگە وەبەرهێنانەکانیان کەمبکەنەوە، ئەو رەنگدانەوەیە بە دڵنیایی رەنگدانەوەیەکی نەرێنی دەبێت لەسەر بازاڕ، بەڵام ئێستا نا، وەکو دەگوترێت ئەو شۆکەی تووشمان بوو کەمبووەتەوە بەراورد بە سەرەتا، جۆرێک لە سەقامگیریی پەیدا بووە، ئێستا بەرز و نزمییەکی کەم روودەدات، ئەوەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدان، ئەوە کاریگەریی هەبووە لەسەر بەهای دراو لە وڵاتانی دیکەش نەک تەنیا لە عێراق، بەتایبەتی بەهای دراوەکان بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، رەنگە ئەوەش زیاتر بێت ئەگەر لێکەوتەی نوێ هەبێت لەو شەڕ و جەنگانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە کە رەنگە قەبارەی وەبەرهێنان کەمببێتەوە. پێموایە بەمنزیکانە ناسەقامگیریمان هەبێت لە بەهای دراودا، چونکە دەزانن کە کێشە هەیە لەم ناوچەیە بەتایبەت ئەگەر قەیرانی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڵکشانی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، رەنگە کاریگەریی لەسەر ناوچەکە بە گشتیی دروستبکات، ئەم فاکتەرانە وادەکەن پێموابێت لە کاتێکی نزیکدا بەرز و نزمی رووبدات لە بەهای دراودا تاوەکو دۆخەکە هێوردەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر رێچکەی خۆی، کە بەهای دۆلار نزیکبێت لە نرخی فەرمی.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/business/020520242
رێکخەری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی موسڵمانان دەڵێت، لە ئەوروپا زۆر جار رق و کینە دژی موسڵمانەکان بە باشی تۆمار نەکراون و بە تەواوەتی راپۆرتیان لەسەر نەکراوە. ماریون لالیس، رێکخەری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی موسڵمانان لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، لە ئەوروپا "زۆر جار موسڵمانان متمانەیان بە لایەنەکانی جێبەجێکردنی یاسا نییە". دەشڵێت، لەوکاتەوەی دەستبەکاربووە کار لەسەر راهێنانی سەیپڵ دەکات، کە دەزگایەکە سەر بە لایەنەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسایە، "ئێمە سەیری ئەو راهێنانانەمان کردووە کە پێشکێش بە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی یاسا دەکرێن بۆ ئەوەی دڵنیا ببین لەوەی کە بۆ نموونە بۆ هەر پۆلیسێک ناچارییە بە بەرنامەیەکدا تێبپەڕێت کە مافە بنەڕەتییەکان و دژە نەژادپەرستی و بەرەنگاربوونەوەی دژی رق و کینە دژی موسڵمانان و دژی سامیبوون لە خۆ بگرێت". دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماریون لالیس، رێکخەری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی موسڵمانان رووداو: خاتوو لالیس زۆر سوپاس کە لەگەڵمانیت. پێم وایە کەم کەس ئاگاداری کاری ئێوەیە وەک رێکخەری یەکێتیی ئەوروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی موسڵمانان. ئایا تۆیش هەمان بۆچوونی منت هەیە؟ لالیس: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە تا بتوانم باسی کارەکەم بۆ بینەرانتان بکەم و ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ پیرۆزبایی لە رووداو کە 10 ساڵە لێرە ئامادەیە. وەک گوتت، رەنگە پۆستەکەم ئەوەندە بەناوبانگ نەبێت، بەڵام ئەگەر ناچار بم لەنێوان بەناوبانگبوون و کاریگەربوون هەڵبژێرم، پێم باشە چالاک و کاریگەر بم. کارەکەم لە ساڵی 2015دا دروستکراوە و تەنیا شتێکی هێمایی کۆمیسیۆن نییە بۆ دروستکردنی پۆستێکی رێکخەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژەسامیبوون و دروستکردنی پۆستێکی دیکەی رێکخەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی رق و کینە دژی موسڵمانان، ئەوە پابەندبوونێکی راستەقینە بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە. لەم دواییانەدا لە کانوونی دووەمی 2023دا کۆمیسیۆن جەختی لەم پابەندبوونەی بەردەوامبوونی کردەوە. رق و کینە قەدەخە و ئەوروپا لە دژی رق و کینە یەکگرتووە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی رق و بە تایبەتی رق و کینە دژی سامیبوون و دژی موسڵمانان هەوڵەکانمان زیاد کردوون. کاتێک دەڵێم ڕق و کینە دژی موسڵمانەکان، ئەوە تەنیا پەیوەندیی بە موسڵمانانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەو کەسانەشەوە هەیە کە وا هەست دەکرێت موسڵمان بن کە لە ڕاستیدا ڕەنگە لەسەر باوەڕێکی جیاواز بن، رەنگە کریستیان، ئێزدی، بەهایی یان بێباوەڕ بن. گرنگ ئەوەیە کە ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە لەسەر ئەوەی خەڵک پێیان وایە سەر بە موسڵمانانن. ئەوان پێیان وایە کە کۆمەڵەیەکی هاوچەشنن. ئێمە لێرەین بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییە موسڵمانەکانمان. کەواتە ئەم پۆستە تەنیا هێما نییە، بەڵكو پابەندبوونێکی ڕاستەقینە. لەوەتەی لە پارەوە دەستم پێکردووە، ئێمە لە بەرەی جیاوازدا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەرەکی لە دژی ئەم جۆرە لە رق و کین شەڕ رابگەیەنین. رووداو: دەتوانن هەندێک لە چالاکییە جیاوازەکانی خۆتانمان بۆ باس بکەن؟ لالیس: بە خۆشحاڵییەوە. یەکێک لە بوارەکان کۆکردنەوەی زانیارییە بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە ئێمە لە جەوهەری ڕق و کینە دژی موسڵمانەکان تێبگەین. پشتگیری لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەکەین بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر قسەی ڕقاوی، تاوانی ڕق و جیاکاری دژی موسڵمانان بە ئۆفلاین و بە ئۆنلاینیش. ئەوەش ئاڵنگارییەکی ڕاستەقینەیە. زۆر جار ڕق و کینە دژی موسڵمانەکان بە باشی تۆمار نەکراون و بە تەواوەتی راپۆرتیان لەسەر نەکراوە. بۆیە یەکێک بووە لە بوارە سەرەکییەکانی کارەکەم. هەروەها ئەوە بۆ دروستکردنی متمانەیە لەنێوان هاووڵاتیانی موسڵمان و دامەزراوەکاندا. زۆر جار موسڵمانان متمانەیان بە لایەنەکانی جێبەجێکردنی یاسا نییە. بۆیە من لەو کاتەوە کار لەسەر راهێنانی سەیپڵ دەکەم. سەیپڵ دەزگایەکە سەر بە لایەنەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا. ئێمە سەیری ئەو ڕاهێنانانەمان کردووە کە پێشکەش بە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی یاسا دەکرێن بۆ ئەوەی دڵنیا ببین لەوەی کە بۆ نموونە بۆ هەر پۆلیسێک ناچارییە بە بەرنامەیەکدا تێبپەڕێت کە مافە بنەڕەتییەکان و دژەنەژادپەرستی و بەرەنگاربوونەوەی دژی رق و کینە دژی موسڵمانان و دژی سامیبوون لە خۆ بگرێت. رووداو: پێت وایە یەکێتیی ئەوروپا باش کاری کردبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی رق و کینە دژی موسڵمانان؟ یان پێویستە کاری زیاتر بکرێت؟ ئایا پێویستە هەر وڵاتێکی ئەندامی یەکێتییەکە راسپێردراوێکی تایبەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رق و کینە دژی موسڵمانان هەبێت؟ لالیس: پێموایە لە یەکێتیی ئەوروپادا وڵاتی ئەنداممان هەیە کە بەهێزە و هەیشە لاوازە، بەڵام لێرەدا باس لە بەرزکردنەوەی ئاست دەکەین بۆ لووتکە، کە هەر وڵاتێکی ئەندام دەتوانێت شتێکمان فێر بکات، جا ئەڵمانیا بێت، فەرەنسا بێت، یان هۆڵەندا، هەروەها وڵاتە ئەندامە بچووکترەکانیش کە کۆمەڵگەی گەورەی موسڵمانیان هەیە، وەک قوبرس و بولگاریا. هەریەکەیان بەهێزی و لاوازیی خۆیی هەیە. ئێمە لێرەین بۆ پشتگیریکردنی وڵاتانی ئەندام و هاوئاهەنگکردنی هەوڵەکانیان. دیارە دەتوانم چەند نموونەیەکی زۆر باش بهێنمەوە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک شارەزای سەربەخۆی راسپارد ڕاپۆرتێکی جەوهەری لەسەر ڕق و کینە دژی موسڵمانان بنووسن، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی زانیارییە بۆ ئێمە. جگە لەوەش، دەتوانم باس لە هەوڵەکانی ئیسپانیا بۆ کۆکردنەوەی خەڵک پێکەوە و ژیانی ئاشتییانە و هەبوونی ژمارەی فریاگوزاری بکەم کە دەتوانیت ڕاپۆرت لە ڕووداوەکان بدەیت. دەتوانم باس لە فەرەنسا بکەم کە گروپێک هەیە کە لەژێر ئیسلامێکی فەرەنساییانەدا کار لەسەر کردەی دژی موسڵمانان دەکەن، ئەوەیش دەبێتە مایەی دروستکردنی دامەزراوەیەک. دەتوانم باس لە هۆڵەندا بکەم کە رێکخەری بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و نەژادپەرستیی هەیە کە تیمێکی شارەزای بواری رق و کینە دژی موسڵمانانن. دیاری زۆری دیکەیش هەن، وەک سوێد کە بەرنامەیەکی کردەیی لەسەر ئیسلامۆفۆبیا هەیە کە بەڵگەنامەیەکی تایبەتە بۆ ئەم بابەتە. زۆری دیکەیش هەن کە ئێستا هەموویانم بیر نییە. رووداو: کاتێک باس لە رق و کینە دژی موسڵمانان لە یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت، زۆر نموونە لە ئەڵمانیا، فەرەنسا یان وڵاتانی دیکەی یەکێتییەکەدا هەن کە دەکرێت باسیان بکرێت. بۆ نموونە ئافرەتان رێگەیان نادرێت لە قوتابخانە و کەرتی گشتیدا سەرپۆش بکەن. پێت وا نییە کە یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ هاووڵاتییانی موسڵماندا دۆست نین؟ لالیس: لێرەدا دوو بابەتی جودامان هەیە. بابەتێکیان سەرپۆش و عەبا یان هەر پۆشاکێکە کە ئایینییانە دەر بکەوێت، بابەتەکەی دیکەیش یاسایە لە وڵاتانی ئەندامدا کە ئاخۆ دژی موسڵمانان جیاکاری دەکەن یان نا. لە بارەی پۆشاکەوە، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هیچ قسەی لەسەری نییە و برەو بە جۆرێکی تایبەتی پۆشاک نادات. بە گشتی، یەکێتیی ئەوروپا پێی وایە دەبێت ئافرەتان ئازاد بن نەک ئەوەی پۆشاکێکی تایبەت بپۆشن. بڕیارەکە بە دەستی ئافرەتەکە خۆیەتی. ئەوە شتێکە دەکەوێتەوە سەر وڵاتانی ئەندام کە بڕیاری لەسەر بدەن. دیارە ئەوانیش لە هەندێک کەیسی یاسایی و دادگاییدا لە دادگەی ستراس بۆرگ و لوکسۆمبۆرگ لەو بابەتەدا پەیڕەوییان لە دادگەی نیشتمانی کردووە. ئەوانە کەیسی تایبەتن کە رێی تێ دەچێت نەک تەنیا سەرپۆش، بەڵکو هەر هێمایەکی ئایینی یاساغ بکەن. ئەوە تەنیا موسڵمانانی بە ئامانج نەگرتووە، بەڵکو بۆ هەموو ئایینەکانە. شتی وایش لە دۆخی زۆر تایبەتدا کە کۆدێکی بێلایەنی لە کەرتی گشتیدا هەبێت، رێی تێ دەچێت. ئەمە مانای وا نییە کە ئەگەری جیاکاری دژی هەر ئافرەتێکی موسڵمان هەیە، ناشکرێت شتی وا هەبێت، چونکە کاتێک سەیری ئامارەکان دەکەین، ئافرەتانی موسڵمان لەناو کۆمەڵگەی موسڵمانانی وڵاتانی ئەندامدا زۆرترین زیانی جیاکارییان بەر کەوتووە. بە داخەوە لێکجیاکردنەوە هەیە و ئافرەتانی موسڵمانیش کە رەنگە لە نەژاد و پاشخان و نەتەوەی دیکە بن، زیاتر لە هەر کۆمەڵێکی دیکە جیاکارییان بەرامبەر کراوە. رووداو: ئایا دەزانن چەند موسڵمان لە یەکێتیی ئەوروپادا دەژین؟ یان ئەوە چەندە بە لای ئێوەوە گرنگە کە چەند کەس لە جیهانی ئیسلامییەوە هاتوونەتە یەکێتیی ئەوروپا یان چەند کەس لە ئەوروپا موسڵمانن؟ لالیس: ئەوە لە ئەرکی من نییە بزانم چەند موسڵمان لە ئەوروپا دەژین. وەک دەزانن، موسڵمانان بەشێکی جیانەکراوەی ئەوروپان. گەلێک سەدەیە ئیسلام لە ئەوروپا هەیە، بەڵام هەندێک خەمڵاندنمان هەیە و دەزانین کە موسڵمانان گەورەترین کۆمەڵگەی کەمینەن. زۆربەی خەڵک کریستیانن. بۆ نموونە، ناوەندی لێکۆڵینەوە لە 2016دا خەمڵاندوویەتی کە موسڵمانان 4.9٪ی دانیشتووانی ئەوروپان کە لەنێوان 20 بۆ 26 ملیۆن کەسدان و، پێشبینییش دەکرێت گەشە بکەن. ئێستا بە لای ئێمەوە ئەوە مایەی نیگەرانی نییە، چونکە ئێمە سەرنجمان لەسەر یەکسانی و جیاکارینەکردنە بە چاوپۆشین لە لایەنی ئایینی و نەژادی و نەتەوەیی و حەزی سێکسی. ئێمە لێرەین بۆ بەهێزکردنی مادەی دووی پەیماننامەی یەکێتیی ئەوروپا و تا کەمینەکان و هەمووان و لەناویشیاندا بنەمای جێندەری بپارێزین. رووداو: نەک تەنیا لەناو کۆمەڵگەی موسڵمانی ئەوروپادا، بەڵکو لەناو کۆمەڵگە ئایینییەکانی دیکەیشدا ئەو نیگەرانییە هەیە کە هێرشیان دەکرێتە سەر. ئێمە دەبیستین یان لە راپۆرتەکاندا دەبینین کە باس لەوە دەکرێت هێرش دەکرێتە سەر ماڵ و کاریان. یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت چۆن بەرەنگاری راستڕەوەکان ببێتەوە تا ئەو هێرشانە کەم ببنەوە؟ لالیس: وەک دەزانین لە سەردەمی قەیراندا موسڵمانان و کۆمەڵگە نەژادییەکانی دیکە وەک مەڕی قوربانی بەکاردەهێنرێن و گرنگە ئەم دیاردەیان لە بیر بێت. جا ئێمە لێرەین بۆ پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو دانیشتووانی یەکێتیی ئەوروپا و هەرگیز ماندوو نابین. ناتوانین بێخەم بین. شەڕێکی رۆژانەیە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمە هاوڕێکانم چەند رێسایەکیان لەسەر شەفافیەت و بانگەشەی سیاسی و دەستتێوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا داناوە تا دڵنیایی بدەن کە هاووڵاتییان بتوان لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵ و هەموو ئەوانەی داهاتووشدا دەستنیشانی بکەن دەنگەکانیان بە کێ بدەن. هەفتەی پێشوو لە پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ گەنجاندا قسەم دەکرد و دانیشتنێکمان لەسەر نەژادپەرستی هەبوو. گرنگە گەنجان دەنگ بدەن، چونکە نوێنەرایەتیی داهاتوومان دەکەن و ئەوان بە گشتی زیاتر لە نەوەی کۆن لێبووردەترن. رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. لالیس: زۆر سوپاس بۆ ئێوەیش.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/29042024
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق دەڵێت، بەبێ هەڵبژاردن دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان "رەوایەتیی دیموکراتییانەیان نابێت.. چاکسازی بەبێ پەرلەمانێکی یاسایی ناکرێت." لەبارەی عێراقەوە دەڵێت، بەرەو کەرتی تایبەت هەنگاو دەنێت. تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو تاوتوێی چەند پرسێکی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق و کرد، لەوانە: هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا. تۆماس سیلەر باسی لە گرژییەکانی نێوخۆی عێراق کرد و گوتی کە ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان زۆرن. رۆژی 13ـی نیسانی ئەم ساڵ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەمریکا و تا 20ـی مانگ لەوێ بوو. لەو ماوەیەدا، سوودانی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە کۆبووەوە و 26 یاداشتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتەکە واژۆ کرد. باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا بە "زۆر ئەرێنی" دەبینێت و دەڵێت، "ساڵانێکە هاوبەشی ستراتیژیی ئەمریکاین." لەبارەی هەرێمی کوردستان، سیلەر گوتی: "بۆ ئێمە عێراق هەیە و لەنێویشیدا کوردستان.. ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستانیشدا کاردەکەین." هاوکات، باسی لە بەرەپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد: "گەشەسەندنی پەیوەندیی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا بەرز دەنرخێنم." رۆژی 10ی 6ی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دانراوە، بەڵام بەهۆی بڕیاری بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ناکۆکی لەبارەی هەلومەرجی پرۆسەکە، ئەگەری دواخستنی بۆ چەند مانگێکی دیکە لە ئارادایە. لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیشەوە گوتی، بەبێ هەڵبژاردن دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان "رەوایەتیی دیموکراتییانەیان نابێت.. چاکسازی ناکرێت ئەگەر پەرلەمانێکی یاسایی نەبێت.. و بەبێ پەرلەمانێکی یاسایی شکستێک لە سیستەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق: رووداو: سڵاوتان لێ بێت. نمە نەبەزم لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، بەڕیز تۆماس سیلەر. زۆر سوپاس کە داواکەمت قبووڵ کرد بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. دەمەوێت راستەخۆ دەست پێبکەم و قسە لەسەر سەرنجی ئەرکەکەت لە عێراق بکەم. بە تایبەتی سەرنجت لەسەر چ کەرتێکە؟ تۆماس: سەرەتا سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە لەم هەڤپەیڤینەدا. دەبێت ئاماژە بەوە بدەم کە زۆر خۆشحاڵم کە لە دیداری سلێمانیم کە دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ سیاسی و هزرمەند و دیپلۆماتەکان و کۆمەڵگەی سڤیل. لەبارەی هاوکارییەکانمانەوە لەگەڵ عێراقدا، سەرنجمان زۆر بە روونی لەسەر هەر شتێکە کە پەیوەندیی بە چاکسازی و گۆڕانکاری و بونیاتنانی دەوڵەتەوە هەبێت. عێراق لە وڵاتێکی نەوتییەوە کە بە زۆری پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و داهات لە نەوتدا خەرج دەکات، بەڕێوەیە بەرەو کەرتی تایبەت. زۆر بەرەو کەرتی تایبەت دەچێت. بۆیە وەڵامی یەکەم بۆ پرسیارەکەت بریتییە لەوەی کە فرەچەشنکردن یارمەتیی عێراق دەدات کەرتێکی تایبەت بونیات بنێت شایانی جیهان بێت و تاکەکانی کۆمەڵگەکەی و کۆمپانیاکان بەهێز بکات و ئافرەتان بتوانن لە کەرتی تایبەتدا کۆمپانیا دابمەزرێنن. هاوکات ئەوەی گرنگە کارکردنە لەسەر بونیاتنانی دەوڵەت. رەنگە زۆرێک لە بینەرانمان نەزانن مانای گواستنەوەی کۆمەڵگە بۆ سیستمێکی ئابووری چییە. دەبێت لەسەر بونیاتنانی دەسەڵاتێکی رێکخستن بەردەوام بین، بۆ نموونە بۆ فڕۆکەوانی، تۆڕی ئاو و کارەبا. رووداو: باشە ئێوە چۆن ئەو پرۆژانە جێبەجێ دەکەن؟ ئایا ئێوە لە هێنانی یارمەتیی دارایی ئەوروپاییدا هاوکاری دەکەن یان بە راوێژپیدان یارمەتیی دەدەن یان بە دروستی چ جۆرە پشتیوانییەک دابین دەکەن بۆ گواستنەوە و هەمەچەشنکردنی ئابووری و بونیاتنانی دەوڵەت؟ تۆماس: تۆ هەر خۆت باست کرد. ئێمە شارەزایی دەهێنین و پارە دابین دەکەین، بەڵام ئێمە شارەزای خزمەتگوزاریمان نییە، بەڵکو شارەزای سیستمی بانکی و سیستمی رێکخستن و وزە و کشتوکاڵ دەهێنین. پارەیان دەدەینێ، ئەوانیش خولی راهێنان دەکەنەوە، پشتیوانی دەکەن و شتەکان بۆ حکومەت و کۆمەڵگەی سڤیل روون دەکەنەوە. رووداو: ئەی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە؟ یەکێتیی ئەوروپا چ جۆرە پرۆژەیەکی لە هەرێمی کوردستان هەیە؟ تۆماس: پێویستە بڵێم، ئێمە لە سەرانسەری وڵاتدا لەنێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکی دیکەدا جیاوازی ناکەین. ئێمە پرۆژە و بەرنامەمان بۆ تەواوی وڵاتەکە هەیە کە بە دڵنیاییەوە چەند ناوچەیەک هەن کە لە هەرێمی کوردستاندان. ئەوانی دیکەیش بۆ ناوچەکانی دیکەن. هێشتا پشتیوانییەکی زۆر گەورەمان بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان هەیە. ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێکەوە بەرنامەکەمان پەرەپێدەدەین بۆ پشتیوانیی ئەو کەسانەی کەمپەکان جێدەهێڵن تا ژیانێکی نوێ بونیات بنێن، چ لە زێدی خۆیان بێت یان لە ناوچەیەکی تازە. ئێمە دەمانەوێت یارمەتیی خیزانەکان و گەڕاوەکانی کەمپەکان بدەین تا بتوانن دیسانەوە خانوو دروست بکەنەوە و منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندن. رووداو: با بگەڕێینەوە سەر ئەرکەکەتان لە عێراق بە گشتی. چۆن سەیری عێراق و دۆخەکەی و ئابوورییەکەی و ئاسایشەکەی دەکەن؟ بە گشتی چۆن لە دۆخی ئێستای عێراق دەڕوانن؟ تۆماس: دەمەوێت ئاماژەی بە گوتەیەکی سەرۆکوەزیران سوودانی بکەم کە بەر لەوەی بچێت بۆ واشنتن قسەیەکی کرد کە زۆرم بە دڵ بوو، گوتی: "ئێمە ئامادەین عێراق وەک دەوڵەتێکی هاوچەرخ بونیات بنێینەوە. دەبێت هەموو ئاڵۆزییەکانمان لە بەرچاو بگرین." ئەوە قسەکەی بوو. راستییەکەی، ئەوە ئەو خاڵەیە کە ئێمەیش دەیبینین. ئاڵنگارییەکە، بەڵام پێکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا ئاڵنگارییەکە دەکەین. ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان زۆرن، وەک فرەچەشنیی وڵاتەکە، ناوچەی جیاواز و جوگرافیای جیاوز و ئایینی جیاواز و کەمینەکان. هەموو ئەمانەیە پێکەوە. ئێمە دەبێت ئەمە وەک ئاڵنگارییەک وەربگرین نەک وەک قورساییەک، ئەوجا دەتوانین سەرکەوتوو بین. رووداو: باشە. ئاماژەت بە قسەیەکی سەرۆکوەزیران سوودانی کرد. با باسی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا بکەین. ئێستا ئەو خەریکی سەردانێکی فراواندایە. چاوی بە ژمارەیەک بەرپرس دەکەوێت و ژمارەیەک رێککەوتن واژۆ دەکات کە دەکرێت بۆ عێراق سوودبەخش بن. نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق چۆن لەو سەردانە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکادا دەڕوانێت؟ تۆماس: ئێمە ئەم سەردانە زۆر بە ئەرێنی دەبینین. یەکێتیی ئەوروپا بەندە لەسەر بیرۆکەی گفتوگۆ و گەنگەشە و تاوتوێ و پاشان دۆزینەوەی چارەسەر. ئێستا ئەوەی لەنێوان عێراق و ئەمریکادا روودەدات رێک ئەوەیە. هەر چەند مانگ لەمەو پێش دۆخەکە گەلێک خراپ بوو. ئێمە ساڵانێکە هاوبەشی ستراتیجیی ئەمریکاین. بۆیە تەنیا دەتوانم ئەو سەردان و گفوگۆیانەی لەوێ دەکرێن بنرخێنم. ئەوەندەی من ئاگادارم ئەو رێککەوتنانەی واژۆ کراون بە هەمان رێرەو و ئاراستەی ئەوەدا دەڕۆن کە ئێمە دەیکەین. ئەگەر رێککەوتن لەسەر کارەبا و لێکۆڵینەوە کرابێت، ئەوا یارمەتیی ئێمە دەدات و ئێمەیش لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا قسە دەکەین بۆ ئەوەی هەوڵ و کاریگەرییەکانمان نەبنە دوو هێندە. بەڵێ، بە گشتی سەردانێکی ئەرێنییە. رووداو: وەک دەزانیت، پەیوەندیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا بۆ دۆخی عێراق بە گشتی زۆر گرنگە. هەروەها سەرۆکی تورکیایش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات و دێتە بەغدا و ئەگەری هەیە بێتە هەولێریش. ئەم سەردانە چۆن دەبینیت؟ تۆماس: پێموایە ئەوە دەستپێشخەرییەکی باشە لەلایەن هەردوو لاوە. پرسیاری کراوە لەنێوان هەردوو وڵاتەکەدا دەبن. ئەوەی لەبارەی ئەمریکاوە گوتم دووپاتەی دەکەمەوە. ئێمە وەک ئەوروپاییەکان پشتیوانیی گفتوگۆ دەکەین و حەزمان لە ئاڵوگۆڕی سیاسییە. من ناتوانم بڵێم تورکیا دەبێت لەم کێشەیەدا لەگەڵ عێراقدا ئەمە یان ئەوە بەو جۆرە چارەسەر بکات. تەنانەت من ناتوانم بڵێم لەم لایەنەوە کێشە هەیە. بەڵام پێم وایە، بۆ نموونە ئەگەر پرۆژەی فراوانی پەرەپێدان لە بەرچاو بگریت، ئەوا برەوی پێدەدرێت. ئەمە بەرەو کوێ دەڕوات؟ بەرەو تورکیا. بۆیە کێشە دەبن کە پێویست دەکات گفتوگۆ بکرێن. جا لە دیدگای گەشەسەندنی ئابوورییەوە پێموایە سەردانێکی زۆر ئەرێنییانەیە. هیوادارم بە باشی بڕوات. رووداو: دەمەوێت دیدگای یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەمە بزانم: عێراقێکی بەهێز بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان چ مانایەکی هەیە؟ ئایا پێتانوایە کە بەهێزکردنی عێراق هەرێمی کوردستانیش بەهێز دەکات یان لاوازی دەکات؟ تۆماس: با تەواو روون بیڵێم، بۆ ئێمە عێراق هەیە و لەنێویشیدا کوردستان. ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا کاردەکەین، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا کاردەکەین. بۆ ئێمە "ئەم یان ئەو" نییە. بۆ ئێمە "هەردووکیان" هەیە. مادەم ئاماژەت بەمە کرد، با جەختیش لەوە بکەمەوە کە من گەشەسەندنی پەیوەندیی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا زۆر دەنرخێنم کە تاکە رێگەچارەی نزیکی کێشەی مووچەیە. رووداو: باشە. لەبارەی سەردان و دیدارەکانی ئەم دوواییەی هەردوو حکومەتەوە: ئێوە سەرنجی سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیتان بۆ بەغدا داوە. پێتوایە ئەنجامەکانی دوایین سەردانی بۆ بەغدا چی دەبن؟ تۆماس: پێموایە بەر لە هەر شتێک سەردانەکە دەبێتە مایەی زیادبوونی دۆخێکی باش کە هەر خۆی لەنێوان بەغدا و هەولێردا هەیە. من زۆر خۆشحاڵم کە سەرۆک نێچیرڤان ئەم ئەرکەی جێبەجێ کرد. تێیشدەگەم کە دەبێت پەیوەندییەکان زۆر و زووزوو بن تا لە پێناو چارەسەری کێشەکاندا گفتوگۆی زۆر هەبن. بەڵێ، من زۆر لایەنگری ئەم گفتوگۆ بەردەوامانەم تا باشترین چارەسەری گونجاو بۆ هەردووکیان هەبێت. رووداو: لەو کاتەوەی لە سلێمانیت، پێموایە چاوت بە زۆر کەسایەتیی دیار و سەرکردەی سیاسیی کورد کەوتووە. بە دڵنیاییەوە باسی هەڵبژاردنتان کردووە و لەو دیدارانەدا گفتوگۆی هەموو شتێکتان کردووە. جا پێتوایە لە هەرێمی کوردستان کەی هەڵبژاردن دەکرێت؟ تۆماس: با شتێکت زۆر بە روونی پێبڵێم: لەو کاتەوەی لیرە دەستم بە ئەرکەکەم کردووە، یەکێتیی ئەوروپا بۆ سەپاندن و بڕیاردان و پێکردن لێرە نییە. تەنانەت لە سەرەتاوە دوودڵ بووم لەوەی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ هەموو هاوتاکانمدا مامەڵە بکەم، بەڵام پاشان پرسیارم کرد، ئیدی دواتر نەمتوانی ئەمە رەت بکەمەوە. ئێستا پێویستە بڵێم کە خۆشحاڵم ئەم هەموو بانگهێشت و گفتوگۆیانەم پەسەند کردوون. هێشتا دانوستاندنەکان بەردەوامن. حەز ناکەم ئەمە بە ئاشکرا باس بکەم: من زۆر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردە تایبەتەکەیان، خاتوو پلاسخارت و وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپادا کار دەکەم، وەک ئیتاڵیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و، هەروەها لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی هەولێریشدا. من دەلاقەیەکی جیددیی دەرفەت بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەبینم، بەڵام ئێمە و سیاسییەکانی ئێرەیش دەبێت لەم گفتوگۆیە بەردەوام بین. بەڵام ئەوەی حەز دەکەم لە پشتی پرسیارە راستەقینەکەوە بیڵێم کە ئێستا هەمووانی خەریک کردووە کە کەی هەڵبژاردن دەکرێت و بە چ شێوازێک دەکرێت و کێ دەیکات و لە کوێ دەکرێت، دەمەوێت شتێک روون بکەمەوە: بەبێ هەڵبژاردن دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان رەوایەتیی دیموکراتییانەیان نابێت. ئەوە مانای چییە؟ زۆر لەمەو پێش باسی چاکسازی و گۆڕانکاریمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. چاکسازی ناکرێت ئەگەر بە شێوەیەکی دیموکراتییانە پەرلەمانێکی یاسایی نەبێت کە یاسا دەربکات و حکومەت جێبەجێیان بکات. نموونەیەکی بەرجەستەتان دەدەینێ، ئێمە بەم تازەییانە لە بەغدا زۆر تاوتوێی پێویستیی یاسای دژەگەندەڵیمان کردووە. ناتوانین بەدەر لە کوردستان و تەنیا لە عێراق جێبەجێیان بکەین. بەڵام بەبێ پەرلەمانێکی یاسایی دیموکراتییانە، ئەوا شکستێک لە سیستەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت. جا کاریگەریی ئەوەی کە زیاتر لە دوو سالە هەڵبژاردن نەکراوە دواجار بە زیانی خەڵک کۆتایی دێت. ئێمەیش ئەوەمان ناوێت. رووداو: با لە بابەتی سیاسەتی ناوخۆ تێبەپڕین. وەک هەموومان و تەواوی جیهانیش دەزانین، کۆچی نایاسایی بۆ یەکێتیی ئەوروپا بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا ئاڵنگارییەکە بۆ تەواوی وڵاتانی ئەوروپا، جا گەلێک خەڵک لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەوڵ دەدەن نایاساییانە بۆ وڵاتانی ئەوروپا کۆچ بکەن. ئایا ئێستا هیچ رێککەوتنێک هەیە لەنێوان نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا و حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ ئەوەی لەم وڵاتە رێگە لە کۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا بگرێت؟ تۆماس: ئێمە گەلێک شت لەنێوان هەردوو لادا تاوتوێ دەکەین، بەڵام لێرەدا هەنگاوێک دەچمە پێشەوە و، بەر لەوەی باسی کۆچی نایاسایی و گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە بکەین، ئەوەی دەمانەوێت سەرەتا بیکەین ئەوەیە هۆکاری ریشەیی کۆچ دەستنیشان بکەین. لە راستیدا بۆچی خەڵک کۆچ دەکەن؟ بۆچی دەیانەوێت وڵاتەکەیان جێبهێڵن؟ ئایا لەبەر دۆخی ئابوورییە؟ ئایا هۆکاری سیاسییە؟ هۆکارەکە چییە؟ بۆیە دەبێت سەرەتا سەیری هۆکارە ریشەییەکان بکەین. بۆ ئەمە یەکێتیی ئەوروپا پلان بۆ بەرنامەیەکی پشتیوانیی ئابووریی گەورەتر دادەنێت بۆ ئەوەی زۆر روون دەستنیشانی بکات هەژاری لە کوێ هەیە و ناوچە و شار و گوندە بێبەشەکان لە کوێن و بۆچی خەڵک دەیانەوێت زێدی خۆیان جێبهێڵن. باشترە لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە. ئیدی دوای ئەوە دەتوانین باسی کۆچی نایاسایی بکەین. ئێمە لە گفتوگۆداین. بەڵام دەیڵێمەوە، بەر لەوەی باسی ئەوە بکەین چەند کەس دەڕۆن و چەند کەس دەگەڕێنەوە، کاری لەپێشینەم ئەوەیە لەگەڵ هەموو حیزبەکاندا تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی هۆکارە ریشەییەکان بکەین. رووداو: بابەتێکی دیکە هەیە: بەم دواییانە حیزبە راستڕەوەکان لە وڵاتانی ئەوروپاییدا کاریگەرییان زیاد دەبێت. ئەمە لە داهاتوودا چۆن کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی کۆچ و سیاسەتەکانی دیکەتانەوە دەبێت؟ سیاسەتەکانتان چۆ دەگۆڕێن؟ یان لەوانەیە چۆن بگۆڕێن؟ تۆماس: سەرنجەکەت دروستە. من پێشبینی ناکەم کاریگەرییەکی قورسی لەسەر ئەم بابەتە هەبێت. ئەگەر لە هاوڕێ ئیتاڵیایی و یۆنانی و ئیسپانیاییەکانم بپرسیت، ئەوان دەڵێن بەڵێ وا دەکات مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەرە نایاساییەکان سەخت بێت. بە شێوەیەکی بابەتی، شتەکە بەم جۆرەیە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئێمە لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەوروپامان هەیە. زۆر سەرنجڕاکێشە کە لە کوردستان بە بایەخەوە باسی ئەوە دەکەین. پێویستە بزانین ئەنجامی هەڵبژاردنەکە چی دەبێت. بە گشتی، تەنانەت پێم وانییە زیادبوونی خێرای حیزبە راستڕەوەکان لە بەشدارییان لە پەرلەمانەکەماندا گۆڕانکارییەکی گەورە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانماندا دروست بکات. سیاسەتی راستڕەوەکان بە زۆری کێشەیەکی خۆجێیی ناوخۆی یەکێتیی ئەوروپایە و بەو جۆرە نییە کە زۆر پەیوەندیی بە سیاسەتی دەرەوەمان هەبێت. رووداو: باشە. ئایا ئێوە بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکان یارمەتیی پەنابەرە کوردەکانی سووریا و ئێران دەدەن؟ ئەو پەنابەرانەی بە دوای ئەوەوەن لە هەرێمی کوردستان یان رەنگە لە ئەوروپا مافی پەنابەرێتییان بدرێتێ. ئایا ئێوە هیچ پرۆژەیەکی تایبەتتان بۆ یارمەتیدانیان هەیە کە شتەکانیان بۆ ئاسانتر بکەن؟ تۆماس: بەر لە هەر شتێک، ئەگەر داوای پەنابەرێتی دەکەن، ئەوا پرۆسەیەکی رێکوپێک هەیە کە چۆن ئێمە لە ئەوروپا پەنابەر وەردەگرین. داواکانیان پشتڕاست دەکرێنەوە. ئەگەر رەوا بوون، ئەو کاتە دەتوانن بمێننەوە. ئینجا لە هەر وڵاتێکی ئەندام بن بەرنامەیەکی هاوکاری هەیە. ئەوجا کە باس دێتە سەر دۆخی ئێرە، ئێمە پشتیوانیی بەرنامەکان دەکەین بۆیان. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتەی پێشتر گوتم. بە زۆریی پەیوەندیی هەیە بە پشتیوانیی پەناگەکان و خێزانەکان و خواردن و تەندروستی و پەروەردەوە. رووداو: بەڵام ئایا هیچ شتێکی جیاواز دەکەن؟ خۆی ئێوە پرۆژەتان بۆ ئاوارە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئەو پەناخوازانەی لە سووریا و ئێرانەوە هاتوونەتە ئێرە کە بۆ نموونە کەیسی سیاسییان هەیە، ئایا یەکێتیی ئەوروپا هیچ شتێکی جیاوازیان بۆ دەکات؟ شتێک کە تایبەت بێت بەوان؟ تۆماس: بە لای ئێمەوە، تاوەکو ئەوان لە عێراقدا بن، ئەوان لەو کۆمەڵانە دەبن کە ئامانجی بەرنامەی پشتیوانییەکەمانە. ئێمە جیاوازی ناکەی لەنێوان ئەوەی لە کوێوە هاتوون، چ سووریا بێت یان هەر جێیەکی دیکە. هەر ئەوەندەی لە عێراقدا بن، ئیدی بە لای ئێمەوە لەنیو خەڵکە ئاوارە نێوخۆییەکەدا ئەژمار دەکرێن و مافی ئەوەیان هەیە بە یەکسانی سوود لە پشتیوانییەکانمان وەربگرن. رووداو: باشە. ئەی لە بارەی ئێزدییەکانەوە؟ ئایا یەکێتیی ئەوروپا ئێستا هیچ جۆرە پشتیوانی یان یارمەتی یان پرۆژەیەکی تایبەتی بۆیان هەیە؟ تۆماس: ئێمە لە رابردوودا وەک یەکێتیی ئەوروپا بە شیوەیەکی زۆر فراوان بەرنامە و پرۆژەمان بۆ ئێزدییەکان هەبووە. هاوئاهەنگیمان لەنێوان بەخشەرەکاندا هەبوو بۆیان. لەگەڵ وڵاتانی ئەندامماندا رێککەوتین وڵاتانی ئەندام بەشێکی گەورەی ئەم پارە دابینکردن و پشتیوانییە لە ئەستۆ بگرن. دەزانم ئەڵمانیا لەمەدا زۆر جالاکە. تەنانەت پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات بە جینۆسایدی ناساند. ئەڵمانیا هاوکاریی زۆر دابین دەکات. ئێمە رازی بووین کە ئەمە بە گشتی لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە بکرێت. هێشتا ئەگەر خێزانی ئێزدی هەبن کە ئاوارەی ناوخۆیی بن، ئەوا بە یەکسانی دەکەونە ناو ئەم بەرنامەیەوە کە پێشتر روونم کردەوە. دەبێت وریا بین کە دوو جار یان سێ جار هاوکاریی دارایی و پشتیوانیی هەمان کەس نەکەین. ئەوەیش لەبەر رێکخستنی کارەکە. رووداو: زۆر باشە. بەڕێز تۆماس زیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، سوپاس بۆ پەسەندکردنی داواکەم. زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. تۆماس: سوپاس. رووداو: سوپاس بۆ ئێوەش کە بینەر بوون.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/270420249
گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، داواکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دانانی چەک و راگرتنی جووڵە سەربازییەکانیان لە ناوچە سنوورییەکان پێویستی بە گرێنتی پاراستنی ئاسایشی کەمپەکان و لایەنگرانیان و دامەزراوەکانی حیزبەکەیان هەیە، ئەوان چەک بۆ بەرگری لەخۆیان بەکاردەهێنن، نەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی: لەکاتێکدا کە لەنێوخۆی ئێران جموجۆڵێکی بەرفراوانی مەدەنی و یاسایی و جەماوەریی هەیە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هیچ پێویستی بەوەنییە پێشمەرگە بنێرێتەوە. دەشڵێت: "پرسی کورد لە ئێران لە رێگەی سەربازییەوە چارەسەر ناکرێت." سەبارەت بە دانانی چەک، کە داواکاریی ئێرانە، عەزیزی گوتی: "تائێستا رێککەوتنێک کە نییە کۆتایی بە دۆسێیەکە بهێنێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداش لەسەر هێڵین، رێگەچارەی جۆراوجۆر باسدەکرێت، ئێران کۆمەڵێک داوای هێناوەتە ئاراوە." دەشڵێت: "نامانەوێت خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەینە سەنگەری شەڕ لەگەڵ ئێران." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رووداو: شەش هەفتە ماوە بۆ تەواوبوونی ئەو وادەیەی کە ئێران دەستنیشانی کردووە، کە ئەگەر عێراق نەتوانێت هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کۆنترۆڵ بکات و داواکارییەکانی تاران جێبەجێ بکات ئەوا ئۆپەراسیۆنی فراوان دەستپێدەکات لەنێو هەرێمی کوردستاندا، چیتان کردووە ئەو هێرشە نەکرێت؟ خالید عەزیزی: تاوەکو ئەو شوێنەی، کە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە چ سەرکردایەتی و ئەندامان و چ دامەزراوەکانی حیزب، کە بەشی زۆریان مەدەنین لە خاکی کوردستان و خاکی عێراقدا هەوڵمانداوە دەستوەردان لە کاروباری عێراقدا نەکەین، رێز بۆ سەروەری خاکی عێراق و یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابنێین، لەژێر رۆشنایی ئەو سیاسەتە گشتگیرەدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تێدەکۆشێت کە رێگەچارەیەک ببینێتەوە بە هاوئاهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە هەمان کاتیشدا سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق لە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانیدا نادیدە نەگرێت. بەشێک لە بیانووەکانی ئێران ئەوەیە کە ئێمە لێرەوە هێزی پێشمەرگە دەنێرینەوە و کردەوەی سەربازی دەکەین، لەکاتێکدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەر لەبنەمادا دروستبوونەکەی وەک هێزی چەکدار نەبووە و هێزێکی سیاسی بووە، دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستانی ئێران و سەرنەکەوتنی لێکتێگەیشتنەکانی ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، خەڵک بەرگری لەخۆی کرد و ئەو هێزە چەکدارە دروستبووە، لەکاتێکدا کە لەنێوخۆی وڵات جموجۆڵێکی بەرفراوانی مەدەنی و یاسایی و جەماوەریی هەیە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هیچ پێویستی بەوە نییە پێشمەرگە بنێرێتەوە، ئێمە پێمانوایە چارەسەریی کێشەی کورد لە ئێراندا چارەسەری سەربازی نییە، ئێمە بەم دواییانە نە پێشمەرگەمان ناردووەتەوە و نە پێشمەرگە دەنێرینەوە، نە لە هەرێمی کوردستانیشەوە هەوڵمانداوە خوانەخواستە هەرێمەکە و خاکی عێراق بکەیەنە سەنگەری شۆڕشی خۆمان، بۆیە لەرووی مەیدانییەوە ئێمە داواکانی ئێرانمان جێبەجێ کردووە، کاتێک ئێران لەگەڵ حکومەتی عێراق باسی کردووە و بەغداش لەگەڵ حکومەتی هەرێم باسی کردووە و ئەم داواکارییە هاتووەتە ئاراوە، ئێمە هەموو ئەوانەمان بەجێگەیاندووە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی عێراق بڕیاریداوە پاسەوانی سنوور لە سنوورەکاندا جێگیربن. رووداو: چۆن لە وەڵامی حکومەتی عێراق دەڕوانن بۆ ئێران کە پاسەوانی سنوور زیادبکات؟ خالید عەزیزی: ئێمە زۆر پێمان ئاساییە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیانە هەر بڕیارێک بدەن لە خاکی عێراقدا و ئێمە دەستوەردان ناکەین، لەهەر ناوچەیەکی سنووری پاسەوانی سنوور و هێزی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێبێت زۆر ئاساییە و هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ جێگیربوونی پاسەوانی سنوور نییە، ئێمە رێز بۆ ئەوە دادەنێین بەڵام بیانووی ئێران ئەوە نییە، چونکە ئێمە مادام هێرش ناکەینە سەر هێزەکانی ئێران لەناوخۆی ئێراندا، مادام پێشمەرگە نانیرێنەوە، مادام هەنگاوی سەربازی نانێین و هەمووی بیانووە، ئامادەین بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک ببینینەوە کە لەچوارچێوەی سیاسەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بۆ رەواندنەوەی شەڕێک، کە ئێران ئێستا بیانوو دەگرێت بە بەغدا و بە هەرێمی کوردستان و بە ئێمە. رووداو: یەکێک لە داواکارییەکانی ئێران لە بەغدا ئەوەیە، کە ئێوە چەک دابنێن، ئێوە دەتوانن بێ چەک بن؟ خالید عەزیزی: عێراق خۆی لە دۆخێکدایە هەموو کەس چەکدارە، لە عێراق گرووپی جۆراوجۆری چەکدار هەیە، ئەمریکا چەکدارە، عێراق چەکدارە، هێزە کوردییەکان چەکدارن، چەکداربوونی ئێمە بۆ بەرگریی لە خۆمانە، ئەگەر ئاسایش بەرقەراربێت حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پێشمەرگەکانی و کادیرەکانی و دامەزراوە حیزبییەکانمان لێرە کە بەشی زۆریان کامپی مەدەنین، ئەوانە ئاسایشیان پارێزراوبێت، ئەوەش قابیلی گفتوگۆیە، چەک لەدەست پێشمەرگەی دیموکراتدا چوارچێوەیەکی بەرگریکردنی هەیە هەمووی بۆ بەرگری لە خۆمان بووە، ئێمە بە روونی دەیڵێین هەنگاوی سەربازی نانێین و پێشمەرگە نانێرینەوە و پێمانوایە رێگەی سەربازیی چارەسەر نییە، ئەوە دەتوانرێ لە چوارچێوەی عێراقدا باسی لێبکرێت. رووداو: لەم ماوەیەدا عێراق کە لە گفتوگۆدا بووە لەسەر پرسێکی پێوەندیدار بە ئێوە، بەرپرسان یان حکومەتی عێراق هیچ پێوەندییەکیان بە ئێوەوە کردووە بۆ ئەم مەبەستە؟ خالید عەزیزی: ئێمە لە رابردوودا خۆمان پەیوەندیمان بە حکومەتی عێراقەوە کردووە، لەو پەیوەندییانەشدا بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بازمان نەداوە، بەڵام نیەتی خێرمان هەبووە، من خۆم یەکێک لە سەرۆکوەزیرانەکانی عێراقم لە بەغدا بینیوە، گوتومانە ئێوە رابردووی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەزانن، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە لێرەین ئێمە هیچکات لەگەڵ دروستکردنی کێشە و دەستوەردان لە کاروباری ئێرەدا نین، تەنانەت ئەگەر قسەی خێرتان بۆ کێشەی کورد لە ئێران و حیزبی دیموکرات لەگەڵ تاران بۆ دەکرێت فەرموو بەدوایدا بڕۆن، حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی ئاشنان بە جوڵانەوەی کوردی لە ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، من پێموایە بەغدا تا رادەیەکی زۆر دەزانێت سیاسەتەکانی ئێمە چۆنە، ئێمە حیزبێکی ئاشتیخوازین ئێمە رێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرین، بۆیە هەمیشە هەوڵمانداوە کە ئێمە نەبینە سەرچاوەی کێشە بۆ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. رووداو: بۆچوونی ئەو سەرۆکوەزیرانەی کە بینیت چۆن بوو لەسەر ئێوە و چالاکییەکانی ئێوە؟ خالید عەزیزی: ئێمە نەچووینە نێو وردەکارییەوە، بەڵام وەک ئاماژەم پێدا ئەوان تا رادەیەکی زۆر ئاشنان بە سیاسەتەکانی ئێمە، چونکە من بە وردی بۆم باسکردن کە دوای ئینقیلاب حیزبی دیموکرات و لایەنەکانی دیکە لە رێککەوتن و لێکتێگەیشتندا بوون لەگەڵ تاران، بەداخەوە ئەو رێککەوتنە سەری نەگرت، دوای ئەوەش د.قاسملو لە ئەوروپا لەگەڵ ئەواندا لە رێککەوتندا بوو ،بەڵام لەبری رێککەوتن شەهیدیان کرد، هەمووان ئاشنان بەوەی بەسەر ئێمەدا هێنراوە، من پێموایە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق کەم و زۆر بە مێژووی ئێمە و نیەتی ئێمە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئێمە ئاشنان کە ئێمە بەدوای رێگەچارەی ئاشتیدا دەڕۆین و پێمانوانییە کێشەی ئێمە لەگەڵ تاراندا بە رێگەی چەکداری چارەسەر بێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە تائێستا نە تاران ئێمەی پێ لەناوچووە و نە ئێمە تارانمان بۆ رووخاوە و 40 ساڵیشە لە شەڕداین. رووداو: کەواتە چارەسەر چییە کە وەکو خۆت دەڵێی نە تاران ئێوەی بۆ لەناوچووە و نە ئێوە تارانتان بۆ رووخاوە، پێشتریش بەرپرسانی حیزبی دیموکرات باسی ئەوەیان کردووە کە ئەوان نابنە ئەڵتەرناتیڤ بۆ تاران؟ خالید عەزیزی: بیرۆکەی دروستبوونی حیزبی دیموکراتی ئێران، مەسەلەی کوردایەتی بووە، چارەسەری ئەو کێشەیە لەوەدا دەبینێت کە چۆن لە ئێراندا دیموکراسی هەبێت، جا جیاواز لەوەی کە داهاتووی ئێران چی دەبێت ئێمە ئێستاش لەو باوەڕەداین کە تاران رێز لە مافەکانی ئێمە بگرێت و لانی کەمی داواکارییەکانمان جێبەجێ بکرێت، چونکە تاران پایتەختی ئێرانە و لە ئێرانیش هەموو کەس وەک کۆماری ئیسلامی بیرناکاتەوە، رەنگە لەنێو کۆماری ئیسلامیشدا خەڵکانێک هەبن وەکو سوپای پاسداران بیرنەکەنەوە، پێیانوایە ئەو سیستەمە کێشەی زۆری بۆ ئێران دروستکردووە، کوردی ئێرانی تووشی کێشە کردووە و خۆشیانی تووشی کێشە کردووە، من پێموایە ئەو گفتوگۆیانە لە داهاتوودا دێتە ئاراوە و ئەو عەقڵییەتە دێتە ئاراوە، دیسان دووپاتی دەکەمەوە شەڕ و موشەکباران و درۆن ناردن و کوشتن و لەسێدارەدان و تیرۆرکردن، رێگەچارە نین. پێشتر کۆمار رووخا، بەڵام جوڵانەوەکە هەر هەبوو، رێککەوتن سەری نەگرت و هێرشکردن دەستیپێکرد، بەڵام جووڵانەوەکە هەر هەبوو، رێبەرەکانمان تیرۆر دەکرێن، بەڵام ئەو جووڵانەوەیە و ئەو حیزبە هەر ماوە، مادام ئەوە دەمێنێتەوە مەسەلەکە یەک حیزب و دوو حیزب نییە و مەسەلەی میللەتە، لە جووڵانەوەی ژینادا دەستیپێکرد و داواکاری خۆی هەیە، بەدوایدا دەڕوات و کاری بۆ دەکات. رووداو: لەم ماوەیەدا کۆبوونەوەتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا هەبوو، ئەوان داوای چییان لێکردوون؟ خالید عەزیزی: پێمخۆشە لێرەدا شتێک بڵێم، پێش هەموو شتێک حیزبی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەگەڵ خەڵکی کوردستانی عێراق پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە زۆریان بە مێژووی رەوایەتی ئێمە ئاشنان لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا لەگەڵماندا بوون لە تەواوی ئەو ماوەیەدا، بۆیە جێگەی رێز و سوپاسن، ئەوەشی پێوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پێموایە هەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەم سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا کردووە، بەڵام ئەمە کێشەیەکە هەم بەغدا، هەم حیزبی دیموکرات هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموویان لەسەر هێڵن، هەمووان بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێن کە لەو چارەسەرەدا هەموو لایەک پێیان خۆش بێت، خاڵێکی سازش هەبێت و بەرژەوەندییەک بێت کە هیچ لایەنێک زیانی زۆری تێدا نەکەن و ئارامییەک لە ناوچەکەدا بێتە ئاراوە کە تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، وەک حیزبی دیموکراتی ئێران، ئێمە رێز بۆ یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەروەریی عێراق دادەنێین و بە ئاسایی دەزانین کە ئێمە لەچوارچێوەی ئەو رێز و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەدا ئێمەش بەدوای چارەسەریدا بگەڕێین. رووداو: هەرێمی کوردستان داوای لێکردوون چەک دابنێن؟ خالید عەزیزی: هەموو ئەوانە دەگەڕێتەوە بۆ داواکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، بەغداش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەوەی باسکردووە و ئەوە یەکێک لە بابەتەکان بووە، وەک ئەوەی ئاماژەم پێدا ئێران دەڵێت نابێ هێرش بکرێتە سەر ئێمە لە خاکی عێراقەوە و دەبێت بەرەوپێشچوونی سەربازییان نەبێت، پێشمەرگە نەنێرنەوە، لەگەڵ ئەملا و ئەولا لە دژی ئێمە رێکنەکەون، کە ئێمە هەموو ئەوانەمان کردووە. رووداو: ئەمە داواکارییەکانی ئێرانە، بەڵام ئەی ئەوەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە چییە، ئەو رێککەوتنەی عێراق و ئێران بە ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان لەسەر ئێوە کردوویانە چییە؟ خالید عەزیزی: تائێستا رێککەوتنێک کە کۆتایی بە دۆسێیەکە بهێنێت، نییە، بەڵام هەم ئێمە لەسەر هێڵین، هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە، هەم بەغدا لەسەر هێڵە، رێگەچارەی جۆراوجۆر باسدەکرێت، ئێران کۆمەڵێک داوای هێناوەتە ئاراوە و لەگەڵ بەغدا باسی کردووە، بەغداش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی کردووە، تاوەکو ئەم ساتەی کە من لێرە دانیشتووم گفتوگۆی بەردەوام هەیە، بەڵام وەکو ئاماژەم پێدا ئێمە وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە بەرپرسیارانە لەو بابەتە دەڕوانین. رووداو: ئایا داوای ئەوە کراوە کەوا چەک و پێشمەرگەکانی ئێوە بخرێنە کامپی داخراوی دوور لە کامپەکانی خەڵکی سڤیل؟ خالید عەزیزی: یەکێک لە داواکانی ئێران ئەوەیە کە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات کە ئێستا لە سنوورەکانە لەوێ نەمێنن، بێنە خوارەوە، لە حاڵەتێکی وادا دەکەوێتە سەر حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە چ رێگەچارەیەک دەدۆزنەوە. رووداو: بەڵام ئەوەی کە داواکراوە ئەوەیە کە چەک و مەشقی سەربازیی لەناو کامپەکاندا نەمێنێت، بەوە رازین؟ خالید عەزیزی: بۆ ئاگاداری هەموو لایەک لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کە هێرشکراوەتە سەر ئێمە پێشمەرگەکانی ئێمە لە ناوچە سنوورییەکان بوون، ئەو شوێنانە هێرشیان نەکراوەتەسەر، کە پێشمەرگەی لێبوون، هێرشەکان بەداخەوە کرانە سەر بنکە و بارەگا مەدەنییەکانی ئێمە، کە پێشمەرگەی تێدا نەبووە، ئەگەر ئێمە بگەینە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا، شێوازێک بدۆزرێتەوە بۆ مانەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان و لە خاکی عێراقدا، ئەوکات ئێمە تێدەکۆشین ئەو رێکارانە لەبەرچاو بگرین. رووداو: بەرپرسی رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەکرد کە کێشەیان لەگەڵ هەندێ کامپی پەنابەران لە عێراق ئەوەیە کە کاری سەربازیشی تێدا دەکرێت، ئێوە چۆن دەتوانن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، ئەمە خاڵێکە کە نەتەوە یەکگرتووەکانیش قسەی لەسەری هەیە؟ خالید عەزیزی: نازانم نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتەکەی چۆنە و مەبەستی کام کامپەیە و مەبەستی لە بوونی سەربازی و کاری سەربازی چییە، بەڵام ئێمە بە راشکاوی دەڵێین لە کامپەکانی پەنابەراندا کاری سەربازی ناکەین، کامپەکانی پەنابەرانی ئێمە هەر لە مووشەکبارانکردن و بریندار و کوژراوەکاندا دەردەکەوێت کە زۆرینە زۆریان دامەزراوەی مەدەنی حیزب بووە، ئاماژەم بەوەدا کە ئەگەر بڕیاربێت حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەنگاوی سەربازی بنێت، خەڵکانێکی زۆر لە نێوخۆی وڵات هەن چەکیان هەیە و ئامادەییان هەیە و داوایان لە ئێمە کردووە، کە ئێمە ئەوە بکەین، بەڵام نەمانکردووە، ئەوە بەلای ئێمەوە باوەڕە و نامانەوێت هەرێمی کوردستان بکەیەن بە سەنگەری شەڕ و کێشەی خۆمان لەگەڵ ئێران. رووداو: بابەتی کشانەوەی ئێوە لەسەر سنوور یەکێکە لە داواکارییەکانی ئێران، بەڵام وەکو باستکرد کە هێزتان لەسەر سنوور نییە و کێشەشتان نییە لەوەی پاسەوانی سنوور بێت و هیچ چالاکییەکی سەربازیتان نەمێنێ، چۆن دەتوانن ئەم گرێنتییە بدەن؟ خالید عەزیزی: سیاسەتی گشتی ئێمە وەک حیزبی دیموکرات ئەوەیە لە چوارچێوەی خاکی عێراق و خاکی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک مامەڵە بکەین، کە ئەم کێشەیە چارەسەر بێت، ئێستا ئەو باسە لەگەڵ ئێمەدا دەکرێت، کە هێزەکانمان لەسەر سنوور بێنینە خوارەوە. رووداو: هێزەکانتان دەهێننە خوارەوە؟ خالید عەزیزی: ئێمە لە گفتوگۆداین، داوایەک کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە هاتووەتە ئاراوە ناتوانین نادیدەی بگرین، ئەگەر بڕیاربێت ئەو هێزانە لە سنوور بێنە خوارەوە و پاسەوانانی سنوور لەوێ جێگیر بن، مانای وایە ئەو داوایەی ئێران کە دەڵێت لەوێ نەمێنن و هێرش نەکەن و ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بێت، کەوایە نابێت چیدیکە ئێرانیش هێرش بکاتە سەر ئێمە و درۆن بنێرێت و دەست بە تیرۆر و کوشتن بکات. رووداو: ئێوە چەکتان هەیە هەم لە بنکەکانی پێشمەرگە لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان و لە ناوچە سنوورییەکانیش، ئێوە هێرشی چەکداری دەکەنە سەر ئێران؟ خالید عەزیزی: نەخێر، زۆر بە راشکاوی دەڵێم نەخێر، سەرکردایەتیی حیزبی دیموکراتیی کوردستانی ئێران، بڕیاری تەواوی خۆی داوە، وەک ئاماژەم پێدا لەکاتێکدا لە ناوخۆی ئێران ئەو جموجوڵە هەیە، ئێمە بۆ بچین کردەوەی سەربازی بکەین و ئەو جووڵەیە بەلاڕێدا بڕوات، خەڵک لەناوخۆی وڵات لە جوڵانەوەی ژینادا داوایان لە ئێمە دەکرد و دەیانپرسی بۆ پێشمەرگە نانێرینەوە، بۆ هەنگاوی سەربازی نانێن، گوتمان نەپێویستمان بەوە هەیە و نە سیاسەتی ئێمە ئەوەیە و نە ئێوە پێویستتان بەوەیە، ئەوە باوەڕە لای ئێمە. رووداو: کەواتە ئاساییە ئەگەر چەکتان پێنەبێت، بەو مەرجەی کە گرێنتیتان هەبێت و دڵنیابن لە سەلامەتی خۆتان؟ خالید عەزیزی: زۆر ئاساییە لەسەر ئەوانە قسە بکرێت، چەکی ئێمە و پێشمەرگەی ئێمە لە پێگەی بەرگریدایە، وەک ئاماژەم پێدا دامەزراوەکانی حیزبی دیموکرات و خەڵکی سەر بە حیزبی دیموکرات دەبێت لێرە پارێزگارییان لێبکرێت، ئەگەر بڕیاربێ ئەو چەکانە لەدەستی ئێمەشدا بمێنێت هیچکات بۆ ئەو مەبەستە نییە، کردەی سەربازی پێبکرێت. رووداو: ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای دانوستاندنتان لەگەڵدا بکات ئامادەن؟ خالید عەزیزی: ئێمە هەرگیز دانوستاندنمان وەلانەناوە، دانوستاندن زۆر ئاساییە لەنێوان جوڵانەوەی کورد و حیزبی دیموکراتی ئێران لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ئێراندا هەبێت، بەڵام داواکە چییە و چۆنە، کێ دەیهێنێت و گرێنتی شێوازی داواکە، شوێنی دانوستاندنەکە، ئەو لایانە تەکنیکییانەیە، کە هەمیشە مایەی مشتومڕە، دەنا حیزبێکی سیاسی لەکاتی خەبات و تێکۆشاندایە کاتێک بەرامبەری داوای دانوستاندنی لێدەکات بەهیچ جۆرێک ئەوە رەتناکاتەوە. بەڵام دەبێت بزانین ئەو پەیامە چییە و چۆنە و بەکێدا دەینێرن، ئێمە لە رابردووشدا دانوستاندنمان کردووە دانوستاندنێک کە لە ڤیەننا کرا د. قاسملو تێیدا شەهید بوو، دانوستاندنێک، کە چوار ساڵ پێش ئێستا لە نەرویج کرا دەستەیەکی باڵای کۆماری ئیسلامی هاتن و چەندین دانیشتنیشمان پێکەوە هەبوو، بەڵام بە هیچ رێککەوتنێک نەگەیشتین، بۆیە ئێمە ئەو پاشخانە و ئەو ئەزموونەمان لە سیاسەتی دانوستاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە لە مێشکدایە. رووداو: تورکیا هێرشدەکاتە سەر بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەنێو هەرێمی کوردستان، راستییەکەش هیچ لایەنێک ناڕەزایی دەرنابڕێت، پێتوایە ئێران دەتوانێت بە هەمانشێوە هێرشبکاتە سەر ئێوە؟ خالید عەزیزی: ئێران تائێستا هێرشەکانی کردووە، درۆنەکانی ئێران لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا هێرشی کردووەتە سەر ئێمە، بەڵام پەکەکە لە هاوکێشەیەکدایە کە لایەکی ئێرانی تێدایە، جا لە داهاتوودا چۆن دەبێت و چۆن مامەڵە دەکەن ئێمە دەبێت چاوەڕوان بین. رووداو: ئێوە بەردەوام سەردانی ئەوروپا و ئەمریکاش دەکەن وەکو حیزب، پێشتریش لەوێ کارتان کردووە و پەیوەندیتان هەیە، بیرتان لەوە کردووەتەوە کە لەبری هەرێمی کوردستان خەباتی سیاسیتان بگوازنەوە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا؟ خالید عەزیزی: ئێمە لە ژیانی سیاسی و حیزبایەتی خۆماندا هیچکات لە هەوڵ و تێکۆشان و لۆبیکردن لە ئەوروپا و ئەمریکا دانەبڕاوین، بەردی بناغەی حیزبی دیموکرات د. قاسملوو لە پاریس داینا، ئەو عەقڵییەتە گەشەی پێدرا و ئێستا بەرهەمی بۆ کوردستان هەیە، لە ئەمریکا تاوەکو ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە چارەسەرییەکانەوە هەیە و تاوەکو ئەو شوێنەی کە گوێ بدەنە ئێمە حیزبی دیموکراتیان بەلاوە حیزبێکی گونجاوە، حیزبێکە کە دژی تیرۆریزمە و بڕوای بە دیموکراسییە و لایەنگیری ئیدارەی هەمەلایەنەی ئێرانە، بۆیە زۆر دامەزراوە لە ئەمریکا گرنگی دەدەن بە ئێمە، ئێمەش هەوڵمانداوە لەوێ خەڵکێکی زۆر پەیدا بکەین، کە دۆسیەی ئێمە و مافەکانی ئێمە لە ئێراندا نادیدە نەگیرێت، بەڵام ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەداخەوە زۆر سەرقاڵە بە پرۆژەی ئەتۆمی ئێران لە لایەک و لەلایەکیش بە کێشەی ئۆکراینیا، بۆیە رەنگە دۆسیەی ئێمە لەم کاتەدا بە جیدی بڕیاری لێنەدرێت. رووداو: لەم مانگەدا سێ ئەندامی ئێوە بەشێوەی جیاجیا کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا لەناو هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا لێکۆڵینەوەکان هیچیان دەرنەخستووە، لێکۆڵینەوەی فەرمی، ئێوە خۆتان چیتان دەستکەوتووە و لێکۆڵینەوەکانتان بەکوێ گەیشتن؟ خالید عەزیزی: هەر تیرۆرێک کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت دەبێت دەزگا کارگێڕی و ئەمنی و دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی بۆ بکەن، لێکۆڵینەوەی ئێمە هەر بۆ ئەوەیە کارئاسانی بکەین چۆن ئەو بەدواداچوونە یاساییە بکرێت، کاتی خۆی لە نەوەدەکانیشدا زۆر لە ئەندامان و بەڕێوەبەران و لایەنگرانی حیزبی دیموکرات و لایەنەکانی دیکە تیرۆر کراون، ئەوە ئەو نیگەرانییە دەردەخات کە لە داهاتووشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەک لە ئەوروپا و ئەمریکا و زۆر شوێنی دیکە خەریکە ئەو بەرنامانە جێبەجێ دەکات، لە هەرێمی کوردستانیش پۆلێک و شەپۆلێک لەو جۆرە سیاسەتانە بخاتەڕێ، ئێمە نیگەرانیمان هەیە و هیوادارم هەم حکومەتی بەغدا و هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە لەسەر هێڵ بن، چونکە ئێمە کاتێک باسی ئەوە دەکەین کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە چارەسەریی کێشەکانیان لەگەڵ ئێران داواکارییەکانیان لەبەرچاو دەگرین، ئەوانیش دەبێت بیرێک لە ئاسایشی دامەزراوەکانمان و کامپەکانمان و خەڵکی ئێمە بکەنەوە. رووداو: بەپێی رێککەوتنی هەردوو دیموکرات، دەبێت لەماوەی ساڵێکدا کۆنگرە ببەسترێت، لەم دۆخەدا دەتوانن کۆنگرە ببەستن؟ خالید عەزیزی: ئێمە لە رابردووشدا یەکێک لەو حیزبانە بووین لە دۆخی زۆر ناخۆش و نالەباردا هەوڵمانداوە کۆنگرەکانی خۆمان ببەستین، هەوڵمانداوە ژیانی حیزبایەتیمان پەکی نەکەوێت، ئێستا کە ئەو رێککەوتنەمان کردووە و یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە کۆنگرە ببەسترێت ئێمە بەردەوام بەدواداچوون دەکەین و تاوتوێی دەکەین، بزانین کۆنگرە بە چ شێوازێک ببەستین، دەتوانین ئێستا کۆنگرە بکەین یان میکانیزمی دیکە هەیە، بەڵام ئێمە بڕیارمانداوە ژیانی حیزبایەتی ئێمە بەردەوام بچێتە پێشەوە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو فاکتەرە ئەمنییانە. رووداو: لە ماڵپەڕی ناوەندی حیزب، وێنەی دوایین کۆبوونەوەی حیزبتان بڵاوکراوەتەوە، لە وێنەکەدا وێڕای یەکگرتنەوەتان هێشتا هەردوو حیزبی دیموکرات کە دوو ریزی جیاوازدا دانیشتوون، لە دەرەوە یەکتانگرتووەتەوە بەڵام لەسەر کۆبوونەوەکانتان بەرەیەکی دیموکرات لەمبەر و بەرەیەکیش لەوبەرەوەن هۆکارەکەی چییە؟ خالید عەزیزی: ئەو وێنەیە کاتێک گیراوە کە هێشتا تێکەڵ نەبووبووینەوە و نەبووبوویەوە یەک حیزب، ئەو وێنەیە بە هیچ جۆرێک گوزارشت لە ئێستای واقیعی حیزبی دیموکرات ناکات. رووداو: ئامادەن کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە ناوەندی هاوکاری وەربگرنەوە؟ خالید عەزیزی: ئەوان وەکو حیزبێک مافی خۆیانە داوا بکەن، وەرگرتنەوەی ئەوان لە ناوەندی هاوکاری پەیوەستە بەوەی حیزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا دەکەن، بۆیە زووە ئێستا بڕیار بدەین، بەڵام ئەوان مافی خۆیانە داوا لە ئێمە بکەن و بڕیارەکەش چی دەبێت ئەوا دەکەوێتە سەر ئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی حیزبی دیموکراتی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/24072023
بەربژێری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بۆ سەرۆکی شارەوانیی شرنەخ بە رووداوی راگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا "بەڕاستی گەلی کوردی زۆر خۆشدەوێت، تەنانەت زۆر ئێوەی خۆشدەوێت، کوردستانی عێراقی خۆشدەوێت." مەهمەت یارکا، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکی شارەوانیی شرنەخ لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداودا لە شرنەخ بە نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری بەرنامەکەی راگەیاند، ساڵی 2019 ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شرنەخ براوە بوو و لەوکاتەوە دەستیکردووە بە خزمەتکردنی شارەکە و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش پاڵپشتیکارێکی گەورە بووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆجێیی بتوانێت بە سەرکەوتوویی کارەکانی راپەڕێنێت. بەربژێرەکەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوە کرد کوردە و شانازی بە کوردبوونییەوە دەکات و گوتی، "چوومە بەلجیکا و گوتم کوردم و لە هەڵبژاردن دا لەسەر لیستی ئاکپارتی سەرکەوتنم بەدەستهێناوە، بەڵام بڕوایان نەدەکرد". لەبارەی ئەگەری بایەخدانی زیاتر بە زمانی کوردی، مەهمەت یارکا رایگەیاند "ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ زمان نییە. ئەگەر بچیت بۆ دادگە، بچیت بۆ داواکاری گشتی، دەتوانیت بە کوردی قسە بکەیت؛ هیچ کێشەیەک نییە. لە هەندێک لە زانکۆکان دا خوێندنی کوردی هەیە و هیچ کێشەیەکی زمان نییە". دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: رکابەریی تووند لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شرنەخ هەیە. پڕۆژەتان بۆ خەڵکی شرنەخ چییە؟ مەهمەت یارکا: سەرەتا تۆ و تیمەکەی کە لەگەڵتن، تیمی تۆڕی میدیایی رووداو، زۆر بەخێربێن. ناوچەی شرنەخ 5 ساڵ پێش ئێستا زۆر کێشەی هەبوو بە جۆرێک 65٪ـی شرنەخ وێران ببوو. هاتنی ئێمە بۆ شرنەخ لە ساڵی 2019ـدا بوو. لە هەڵبژاردنی 2019 خەڵک دەسەڵاتی بە ئێمە دا. کارەساتی زۆر گەورە روویاندا، چ لە تورکیا و چ لە جیهان. ئەو هەموو کارەساتە روویاندا، بەڵام ئێمە لە شرنەخ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە بە تەواوی پشتگیریمان لێ کرا. شارەوانیی پێشوو هیچ خزمەتێکی نەکرد. رووداو: بەڕێز مەهمەت، بۆ یەکەمین جار ئاکپارتی لە شرنەخ شارەوانی بەدەستهێنا لە سەردەمی تۆدا بوو کە ساڵی 2019 بوو. ئەوکات، تەنانەت بە بیرم دێت رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر دڵخۆش بوو و گوتی، ئیستەنبووڵ چوو، بەڵام شرنەخمان بەدەستهێنا. بۆچی شرنەخ ئەوەندە بۆ ئاکپارتی گرنگە؟ مەهمەت یارکا: ئێستا ئاکپارتی... با بەم شێوەیە بڵێم، سەرۆککۆمارمان بەڕاستی گەلی کوردی زۆر خۆشدەوێ، تەنانەت زۆر ئێوەی خۆشدەوێت، کوردستانی عێراقی خۆشدەوێت. هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان هەموو کەسی خۆشدەوێت. شرنەخ چەندین ساڵ بەهۆی تیرۆرەوە دواکەوت، بەڵام حکومەتی ئاکپارتی هیچ کاتێک ئەوەی نەگوتووە کە ئەو کەسەی دەنگی نەدا بە من، ئەو کەسە لەگەڵم نییە. ئاکپارتی لە هەر کوێ بووبێت خزمەتی کردووە. پێشتر خزمەتی ئێرە دەکرا، بەڵام بەداخەوە نەیاندەهێشت، کێشەیان دروست دەکرد و خەڵکیان دەترساند؛ ئێستا کێشە نەماوە. ئێستا شرنەخ بووەتە شوێنێکی ئارام. رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمارمان دەڵێت، دوای ئەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕایەوە، پێویستە کەموکورتییەکان و کێشەکانی خەڵکیش چارەسەر بکەین. بۆچی لە قەیسەری، ئەدەنە، مێرسین، ترابزۆن، ئاماسیا و چۆرووم خۆشی هەبێت، بەڵام لە ناوچەکەی ئێمە ناخۆشی هەبێت؟ چەندین ساڵ بوو ئەم خەڵکە دەنگی بەو کەسانە دەدایەوە؛ هەدەپە بوو، زۆر ناویان گۆڕی، ئێستا دەم پارتییە. بە بۆچوونی من، ئەوانە بۆ ئەم کارە نابن. رووداو: دەم پارتی لێرە لە شرنەخ رکابەرێکی بەهێزە. لەو بڕوایەدان لەم هەڵبژاردنەدا سەردەکەونەوە؟ مەهمەت یارکا: ئێمە سەرکەوتوو دەبین؛ ئەوان سەرکەوتوو نابن. رووداو: هۆکاری ئەو بڕوابەخۆبوونەی ئێوە چییە؟ کە دەڵێن سەرکەوتوو دەبین. مەهمەت یارکا: بە رۆژ و بە شەو تاوەکو کاژێر 2 یان 3ی بەرەبەیان لەنێو خەڵک دا لە شرنەخ دەگەڕێین. خەڵک دەڵێت، 'ئیدی بەسە.' خەڵک کار و خزمەتی ئەم پێنج ساڵەی لەبیرە کە پێشکێشمان کردووە. بۆ نموونە، کاتێک لە گەڕەکێکەوە دەچینە گەڕەکێکی دیکە و شتێکی نوێ روویداوە، دەی خەڵک دەزانن و پێم دەڵێن. ئەوان تاقی کرانەوە و هیچ خزمەتێکیان نەکرد. خەڵک چاوی کراوەیە و دەڵێن، پێویستیمان بە ئایدیۆلۆژیا نییە بەڵکو خزمەتمان دەوێت. سەیربکەن، 94٪ـی خەڵکی شرنەخ گازی سرووشتیی هەیە، ئەمەش رێژەیەکی بەرزە. دووبارە دەیڵێمەوە، خودا لە سەرۆککۆمارمان رازی بێت، لە شرنەخ زۆر پشتگیری ئێمەی کرد. ئێستا دەبینین دۆخمان زۆر جیاوازە و ئەوەش خەڵک وادەڵێت، نەوەک ئێمە. کاتێک دەچینە نێو خەڵک، پێمان دەڵێن، هەر لەئێستاوە بەخێر و خۆشی بێن؛ پێمان دەڵێن ئەگەر هیچ کارێکیش نەکەن، هەر بەخێر و خۆشی بێن، بەڵام ئێمە وا ناکەین؛ ئێمە هاتووین خزمەت بکەین. ئێستا شارەوانی ئەوەیە و ئەرکیشی هەیە. شارەوانی ئەوە نییە بچیت شوێنێک خراپ بکەیت، شوێنێک تێکبدەیت، شتی ناپەیوەندیدار بکەیت. بەردەوام دەڵێم، لە شارەوانی دا ئەگەر دەسەڵات پشتیوانیت بکات، دەتوانی کار بکەی؛ ئەگەر پشتیوانیت نەکات، ناتوانی کاری باش بکەیت. داهاتی شارەوانیی شرنەخ لە حکومەتی ناوەندییەوە دێت؛ هەروەها بە پڕۆژەکانمان خزمەت پێشکێشی شارەکە دەکەین. رووداو: باشە، ئێوە بەنیازن شتێک بۆ زمانی کوردی بکەن؟ بینیم ئەم باڵەخانەیە نوێیە و بە کوردی لەسەری نووسراوە شارەوانیی شرنەخ. ئێوە وەک سەرۆکی شارەوانی لە ساڵانی رابردوودا هیچ پڕۆژەیەکتان بۆ زمان هەبووە؟ هەروەها بۆ ساڵانی داهاتوو پڕۆژەتان بۆ زمانی کوردی دەبێت؟ بەنیازن شتێک بۆ زمانی کوردی بکەن؟ مەهمەت یارکا: برای بەڕێز، ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ زمان نییە. ئەوەتا من پێت دەڵێم، منیش کوردم و چوومەتە ئەورووپا، چوومە بەلجیکا و گوتم کوردم و لە هەڵبژاردن دا لەسەر لیستی ئاکپارتی سەرکەوتنم بەدەستهێناوە، بەڵام بڕوایان نەدەکرد. شانازی بە کوردبوونمەوە دەکەم و ئەمڕۆ لە هەموو دەزگە فەرمییەکاندا لە تورکیا، ئەگەر بچیت بۆ دادگە، بچیت بۆ داواکاریی گشتی، دەتوانیت بە کوردی قسە بکەیت؛ هیچ کێشەیەک نییە. لە هەندێک لە زانکۆکان دا خوێندنی کوردی هەیە و هیچ کێشەیەکی زمان نییە. ئەوانی دیکەن بابەتی زمان گەورە دەکەن، بەڵام ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەو بوارەدا نییە؛ نە خۆمان و نە پارتەکەمان. رووداو: با بچینە سەر نەخشەی شرنەخ. پێش چوار ساڵ کە بوویت بە سەرۆکی شارەوانی، شرنەخ چۆن بوو و ئێستا چۆنە؟ مەهمەت یارکا: شرنەخی کۆن دیارە. زۆر شوێن و گەڕەکی نوێ دروستکراون. پێشتر لە دەوروبەری شاری شرنەخ پڕۆژە و بیناسازی نەبوو، بەڵام ئێستا لەو شوێنانەش هەیە. هەندێک شوێنی نوێ هەن لێرە (لەسەر نەخشە) دیار نین، لەبەرئەوەی هێشتا نەخشەکەمان نوێ نەکردووەتەوە. ئێستا شرنەخ زۆر گەورە بووە و زۆر پێشکەوتووە، خەڵک خانوو دروست دەکات، وەبەرهێنان دەکات و ئەوانەی پێشتر لەبەر کێشە دەچوونە دەرەوە، ئێستا لە ئەدەنە، ئەنقەرە، مێرسێن و لە ئیستەنبووڵەوە دەگەڕێنەوە، چونکە ئەمڕۆ توانای ئابووری لێرە بەرزە؛ لێرە نەوتمان هەیە. کواڵێتی نەوتی کەرکووک 41 گراڤیتە، ئەوەی باتمان 15 و ئەوەی ئێمە 46 دەبێت. ئێستا بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە شرنەخ دەگاتە نزیکەی 40 هەزار بەرمیل، پشت بەخودا تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ واتە ساڵی 2024، ئامانجمانە بیگەیێننە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا. رووداو: خێر و سوودی نەوتەکە بۆ خەڵکی شرنەخیش دەبێت؟ مەهمەت یارکا : زۆر. شتێک گەلەکەمان داوای بکات، ئێمە دەیکەین. ئەمە وێنەی ساڵی 2016ـی شرنەخە (وێنەکە پیشان دەدات)؛ ئەمە لەبیر ناکرێت، ماڵمان وێران بوو. لەبەر ئەمەیە گەل دەڵێت 'ئیدی بەسە.' خەڵک دڵخۆشی دەوێ، ئارامی دەوێ؛ ئەو دڵخۆشی و ئارامییەش بە ئێمە دەکرێت. رووداو: بەڕێز یارکا، خۆت ویستت ببیتە بەربژێر بۆ سەرۆکی شارەوانی یان ئاکپارتی داوای لێکردی؟ مەهمەت یارکا: گەلی ئێمە داوای کرد و منیش پەسندم کرد.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/18032024
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت وڵاتەکەی نیگەرانە لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئێرانی لە ناوچەکە و لەگەڵ حکومەتی عێراقیش کاردەکات بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی چەکی نایاسایی، لەنێو ئەو چەکانەشدا چەکی سەرشان هەیە، کە دەتوانێت فڕۆکە بخاتەخوارەوە. کارین چاندلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی و سەربازی بە وەکالەت، هەروەها بەڕێوەبەری نووسینگەی نەهێشتنی چەکی نایاسایی و قەدەخەکراو لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو لەبارەی مین، چەکی نایاسایی، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و بڵاوبوونەوەی چەکی ئێرانی بە ناوچەکە، هەروەها کارەکانیان بەگشتی لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەزگای گشتیی کاروباری مین، قسە دەکات. عێراق و هەرێمی کوردستان لە ریزی پێشەوەی هەموو وڵاتانی جیهاندان کە زۆرترین مینی چێنراو و پاشماوەی جەنگییان تێدایە، کارین دەڵێ لەڕێگەی هاوبەشەکانیانەوە شوێنی بە مین چێنراو دیاریدەکەن و دواتریش بەپێی دەزگای گشتیی کاروباری مین کە شوێنی لەپێشینە دیاریدەکات، دەست بە پاککردنەوە دەکەن و دواتر زەوییەکە دەگەڕێننەوە بۆ خەڵک لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا کارین چاندلەر رایگەیاند ئەوان شایەتی بڵاوبوونەوەی چەکی ئێرانین بە سەرانسەری جیهان و ئەوەی مایەی نیگەرانیی ئەمریکاشە وەک ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی دەکات ئەوەیە کە پێی دەڵێن ''مووشەکی سەرشان'' کە بەهۆیەوە "دەتوانن فڕۆکەی سڤیل و فڕۆکەکانی دیکە بخەنە خوارەوە." دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی چاودێریی نێودەوڵەتی مینە چێنراوەکان، عێراق و هەرێمی کوردستان لە ریزی پێشەوەی هەموو وڵاتانی جیهاندان کە زۆرترین مینی چێنراو و پاشماوەی جەنگیان تێدایە، ئاگاداری ئەوەشم کە ئەمریکا لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کار بۆ پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین دەکات، دەتوانیت وردەکاریی زیاترم پێبدەیت لەسەر بەرنامە و هاوکارییەکانتان کە ئێوە لەگەڵ حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەتانە بۆ پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین؟ کارین چاندلەر: بە دڵنیاییەوە. ئەمریکا زۆر خۆشحاڵە کە بتوانێت لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەزگای مینی هەرێمی کوردستاندا لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان کار بکات. کارەکانمان بۆ ئەوەن خەڵک بتوانن لە رێگەی هاوبەشە جێبەجێکارەکانمانەوە بچنە دەرەوە کە هاوبەشەکانمان بە گشتی رێکخراوە ناحکومییەکانن و جاروباریش بەڵێندەرانن. ئیدی دەچنە دەرەوە و رووپێوی دەکەن تاوەکو بزانن پیسبوون و مینە چێنراوەکان لە کوێی زەوییەکەدایە. ئەوان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگای گشتیی کاروباری مین کاردەکەن بۆ دیاریکردنی ئەو شوێنە پیسبووانەی دۆزیویانەتەوە تاوەکو بزانن ئەو ناوچانە کامانەن، کە دەزگای گشتیی کاروباری مین پێی خۆشە بۆ پاککردنەوە بە لەپێشتریان دابنێت. ئەوەی هاوبەشە جێبەجێکارەکانمان دەیکەن ئەوەیە؛ لەلایەن حکومەتی عێراق و دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێمی کوردستانەوە ئەرکی دیاریکراو وەردەگرن و دەزانن دەبێت لە کوێ کاری پاککردنەوەی زەوییەکی دیاریکراو بکەن، چ زەوییەکی گرنگی ژێرخانی وڵات بێت چ زەوییەکی کشتوکاڵی یان زەویی خەڵک بێت. ئەوە دەزگای گشتیی کاروباری مینە کە لەپێشترینەکان دیاری دەکات، پاشان دەردەچن و دەست بە پاککردنەوە دەکەن. زەوییەکە پاک دەکەنەوە و دەیگەڕێننەوە بۆ خەڵک تاوەکو بتوانرێت لە بەرژەوەندیی گشتیدا بە کار بهێنرێتەوە. یەکێک لەو شتانەی ئێمە بەنرخمان زانیوە، کارکردن بووە لەسەر شتانێکی وەک بونیاتنانەوەی ژێرخانە گرنگەکان و قوتابخانەکان و کەرتەکانی وزە و زەوییە کشتوکاڵییەکان، چونکە ئەمە کاریگەریی لەسەر رێژەی نیشتەجێبووانی دەرەوەی وڵات و ناوچەکان دەبێت، بەڵام خەڵکیش لە ناوچەکەدا بۆیان دەرکەوتووە داعش بۆمبی چێنراوی لە ماڵەکانیاندا داناوە، کە ئەوەش رێیان لێ دەگرێت بگەڕێنەوە و بچنەوە ماڵەکانیان. بۆیە ئەوانیش کاری پاککردنەوە دەکەن. رووداو: رووبەری ئەو ناوچەی بە مین و پاشماوەی جەنگی لە ناوچەکەدا دیاریکراوە، رووبەرێکی گەورەیە کە نزیکەی 650 ملیۆن مەتر دووجا دەبێت. کارین چاندلەر: بەڵێ. رووداو: هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ کاری ئەو رێکخراوانە چییە، کە هەوڵدەدەن ئەو ناوچانە لە مین و پاشماوەی جەنگی پاکبکەنەوە، چەند کاتی پێویستە تاوەکو ئەو مینانە هەڵدەگیرێنەوە، کە لە شەڕی عێراق – ئێران تاوەکو شەڕی داعش چێندراون؟ کارین چاندلەر: هەواڵە ناخۆشەکە لەو بارەیەوە ئەوەیە؛ کردنی کارێکی لەم جۆرە کاتی زۆری پێویستە. هەروەها کاری رووپێوی بۆ زانینی ئەو شوێنەی دەبێت کاری پاککردنەوەی تێدا بکرێت زۆر خاوە. پەیوەندیشی بە جۆری پیسبوونەکەوە هەیە، کە ئاخۆ زەوییەکی بە مین چێنراوە یان بە بۆمب چینراوە، یان تەقەمەنییەکە کە ناتەقێتەوە، یان تەقەمەنیی پاشماوەی جەنگە. ئەوە کاتێکی زۆر دەخایەنێت. یەکێک لە گرنگترین شتەکان کە دەتوانرێت بکرێت بریتییە لە رۆشنبیری لە بارەی مەترسیی تەقەمەنییەکان. لەمەدا تۆ هەمیشە لە کار لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێییەکان و قوتابخانەکان و رێکخراوە مرۆییەکاندا دەکەیت تاوەکو یارمەتیت بدەن بۆ خەڵکی روون بکەنەوە، مەترسییەکانی ئەم تەقەمەنییانە چین. بۆ نموونە منداڵێک نەچێتە زەوییەکەوە، ئەگەر شتێکی پلاستیکیی لەو زەوییەدا بینی هەوڵنەدات هەڵیبگرێتەوە و وەک گەنجینەیەک بیباتەوە بۆ ماڵەوە. هەموومان دەزانین و هەرکەسێکیش منداڵی هەبێت دەزانێت کە منداڵان وا دەکەن. بۆیە دەبێت فێربکرێن تا بزانن، نابێت دەست لەو شتانە بدەن و دەبێت کەسانی گەورە بۆ یارمەتی بانگ بکرێن. ئەو کاتە گەورەکە دەتوانێت پەیوەندی بە دەسەڵاتی شوێنەکەوە بکات تاوەکو بێن و هەڵیبگرنەوە. ئێمە لە وڵاتانی دیکە بەرەوپێشچوونی زۆر بەرچاومان بینیوە، بۆ نموونە لە ڤێتنام، یەکێک لەو شارانەی زۆرترین زەویی پیسبوو بە مین و تەقەمەنیی لە جیهاندا تێدایە تا کۆتایی ئەم دەیەیە پاک دەکرێتەوە. بەڵام ئەوە کاتێکی زۆری پێویستە، چونکە دەبێت سەرنج بخەیتە سەر ئەو شوێنەی زۆر گرنگ و لەپێشترە کە مینی تێدا هەڵبگیردرێتەوە. هەروەها لە لایەنی رۆشنبیریی لەسەر مەترسیی تەقەمەنییەکانیش وا لە خەڵکی بکەیت پارێزراو بن لە کاتێکدا چاوەڕێن ئەو هەڵگرتنەوە و پاککردنەوەیە دەستپێبکات. ئێمە زۆر شانازی بەو کارە دەکەین کە لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەزگای گشتیی کاروباری میندا کردوومانە، چونکە توانیومانە هاوبەشایەتییەکی زۆر بەهێزمان هەبێت. ئەوە یەکێکە لە گەورەترین بەرنامەکانمان لە جیهاندا. پار نزیکەی 40 ملیۆن دۆلارمان وەک هاوکاری بە عێراق دا، کە بە سەرانسەری وڵات دابەش کرا. ئەوان دەتوانن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشەوە بچن، ئەوەش پێویستی بە هاوکارییەکی باشی حکومەتی خانەخوێ هەیە. رووداو: وەک باست لە هاوکارییە داراییەکان کرد بۆ حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، ئێوە لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2025 داوای چەند پارەتان کردووە بۆ بەرنامەکانتان لە هەرێمی کوردستان؟ کارین چاندلەر: راستییەکەی ئەوە شتێک نییە کە بتوانم باسی بکەم، تاوەکو کۆنگرێس بڕیار لەسەر بودجەکە نەدات. رووداو: زۆر باشە، لە دوای شەڕی عێراق – ئێران تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار کەس بە رووداوی مین گیانیان لەدەستداوە، بە هەزارانیش بریندار بوون، ئێوە جگە لە پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین و هۆشیارکردنەوە، هیچ هاوکاری و بەرنامەیەکتان بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانە هەیە کە بەهۆی مین لە ناوچەکەدا بریندار بوون؟ کارین چاندلەر: "USAID" بەرنامەیەکی بە ناوی "سندووقی قوربانییانی شەڕی لەیهی" و ئەوان هاوکاری بۆ قوربانییان دابین دەکەن. هەروەها رێکخراوی جیاوازمان هەن کە کار لەسەر ئەوە دەکەن هاوکاری بۆ قوربانییان دابین بکەن تاوەکو یارمەتییان بدات ئامادەیان بکاتەوە و راهێنانی کار و ئەو شتانەیان پێبکات. جا ئەمانە لە رێگەی هاوبەشە جێبەجێکارەکانمانەوە کراون، ئێمە لەم رێگەیەوە پارە دابین دەکەین. رووداو: زۆر باشە، لە عێراق، ژمارەیەکی زۆر گرووپی میلیشیای پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێرانەوە هەن، بەشێکی ئەو گرووپانە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقی دان و گرووپەکان خاوەن هاوەن و چەکی نایاسایی و درۆنیشن، هەندێکجار هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ئەمریکاش و ئاسایشی ناوچەکەش دەکەن، ئێوە هیچ بەرنامەیەکتان لەگەڵ حکومەتی عێراق دا هەیە بۆ چەککردنی ئەو گرووپانە یانیش بەلایەنی کەمەوە هیچ نیگەرانییەکتان لە داهاتووی ئاسایشی ناوچەکە هەیە بەهۆی ئەم گرووپە میلیشیایانەوە؟ کارین چاندلەر: بەڵێ، ئەوە شتێکە مایەی نیگەرانییەکی زۆرە. بە دڵنیاییەوە گەواهیدەری بڵاوبوونەوەی چەکی ئێرانیین بە سەرانسەری جیهاندا. ئەوە نیگەرانییەکی زۆر جیدییە. یەکێک لەو شتانەی بە لای ئێمەوە زۆر مایەی نیگەرانییە ئەوەیە کە زۆر جار خەڵک پێی دەڵێن 'مووشەکی سەرشان' یان 'سیستەمی بەرگریی هەوایی هەڵگیراو بە مرۆڤ'. نووسینگەکەی ئێمە هێزێکی ئەرکی مووشەکی سەرشانی هەیە کە تێیدا بە تایبەتی سەیری ئەوە دەکەین؛ چۆن بتوانین رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە چەکانە بگرین تاوەکو نەگەنە دەستی تاوانباران و گرووپە تیرۆریستییەکان. بەهۆی ئەو مووشەکە سەرشانییانەوە دەتوانن فڕۆکەی سڤیل و فڕۆکەکانی دیکە بخەنە خوارەوە. بۆیە لە 2018ـوە لەگەڵ حکومەتی عێراق کارمان کردووە بۆ ئەوەی مەشقیان پێ بکەین تاوەکو بتوانن ئەم جۆرە چەکانە بناسنەوە، تەنانەت ئەگەر هەڵوەشێنرابێتنەوە بۆ پارچە پێکهێنەرەکانیشی، تاوەکو یارمەتییان بدەین رێگە لە بەقاچاخبردنیان بگرن. بە دڵنیاییەوە چالاکییەکی زۆر باشی ئاسایشیشمان لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە. جا ئەمە گرفتێکە کە ئێمە زۆر بە جیدی وەریدەگرین و، نەک تەنیا لەگەڵ عێراق، بەڵکو لەگەڵ حکومەتەکانی تەواوی ناوچەکە و رێکخراوی فڕۆکەوانیی سڤیلی عەرەبیدا کار دەکەین بۆ مەشقکردن بە خەڵک تاوەکو لە کاتی بەقاچاخهێنانیاندا بزانن ئەم چەکانە چۆنن. رووداو: دواین پرسیارم، ئاگادارم کە حکومەتی عێراق نامەیەکی دڵنیایی بە حکومەتی ئەمریکا داوە، بەجۆرێک ئەو چەکانەی ئەمریکا پێیی دەفرۆشێت یانیش پێی دەدات، یەکەم لە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکارناهێندرێن، دووەم نادرێنە گرووپە چەکدارەکان، بەڵام ئێمە بینیمان لە ساڵی 2017 هەندێک لەو چەکانەی ئەمریکا بە حکومەتی عێراقی دابوون، لەلایەن ئەو گرووپانەوە لە دژی هەرێمی کوردستان بەکارهاتن، ئێستا ئێوە چ دڵنیاییەکتان هەیە کە ئەو چەکانەی بە حکومەتی عێراقی دەدەن، لە کۆتاییدا ناکەونە دەست ئەو گرووپە میلیشیانە و دواتریش لە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێکهاتەکانی ناوچەکە بەکارناهێندرێن؟ کارین چاندلەر: یەکێک لەو شتانەی سەرۆک داوای دەکات لەژێر سیاسەتی ئاسایی گواستنەوەی چەکی ئەمریکادا بێت بریتییە لەوەی سوود لە هەر جۆرە هاوکارییەکی ئەمنیی ئەمریکا وەربگیرێت، چ فرۆشتنی چەک بێت چ ئەو چەکانە بن، کە ئێمە بە حکومەتەکانی دیکەی دەدەین یان ئەو چەکانەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بەکاردەهێنرێن. ئێمە حکومەتەکان بۆ ئەوە بە بەرپرسیار دەزانین. بۆیە ئەگەر بۆمان دەربکەوێت کە ئەوان ئەم جۆرە چەکانە بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەکارناهێنن، چ مانای ئەوە بێت خەڵکی سڤیل بکەنە ئامانج یان چەک بۆ کەسێک دابین بکەن کە بەکارهێنەرێکی رێگەپێدراو نییە، ئەوا ئێمە بەردەوام نابین. سەرەتا لێکۆڵینەوە دەکەین، بەڵام ئەگەر لێکۆڵینەوەکە ئەوە دەربخات، ئەو کاتە لەسەر ئەو هاوکارییە ئەمنییە بەردەوام نابین. ئێمە داوای ئەم دڵنیاییدانە لە حکومەتی عێراق دەکەین. هەروەها هەر کاتێک نیگەرانییەک هەبێت کە بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەکارنەهێنرێن، ئەو کاتە وا دەکات لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە بکەین. رووداو: گوتم دوایین، پرسیار بەڵام پرسیارێکی دیکە زیاد دەکەم. کارین چاندلەر: زۆر باشە. رووداو: ئێوە هیچ نیگەرانییەکتان هەیە، یان هیچ ترسێکتان هەیە کە حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەو گرووپانە هاوئاهەنگ نابێت، چونکە خۆت دەزانی ئێران هەژموونی تەواوی بەسەر عێراق دا هەیە و کاریگەری زۆری لەسەر حکومەتی عێراق هەیە، ئێوە هیچ ترس یان نیگەرانییەکتان هەیە کە ئەو چەکانەی ئێوە بە عێراقی دەدەن، ناکەونە دەست ئەو گرووپە میلیشیایانە؟ کارین چاندلەر: پێم وا نییە بتوانم بە تایبەتی قسە لەسەر ئەوە بکەم. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە، کاتێک ئەمریکا چەک بۆ حکومەتی عێراق دابین دەکات، ئێمە دڵنیاییمان دەدرێتێ کە ئەو چەکانە بۆ ئەو مەبەستانە بەکاردەهێنرێن کە ئێمە مەبەستمانە بۆیان بەکاربهێنرێن، هەروەها بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەکاردەهێنرێن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/07042024
وەزیری دادی عێراق دەڵێت، هەفتەی داهاتوو رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە رەوانەی وەزارەتەکەیان دەکرێن و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقدا بڵاودەکرێنەوە و دوای ئەوە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رۆژی سێشەممە، 18-7-2023، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات لەبارەی چەندین بابەت قسەی کرد. خالید شوانی لە بەشێکی بەرنامەکەدا گوتی، رێنماییەکانی تایبەت بە یاسای بودجە دەرچوون و لەوانەیە "رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو بگەنە وەزارەتی داد و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاویان دەکەینەوە. ئیدی رێوشوێنە یاساییەکان هەموویان تەواو دەبن. پێم وایە تائەو کاتەش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووی تەکنیکییەوە کارەکانیان تەواو دەکەن. ئەوکات یاسای بودجە جێبەجێ دەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستانیش رەوانە دەکرێت". لەبارەی زەویی جووتیارانی کورد و تورکمانیش لە سنووری پارێزگای کەرکووک، خالید شوانی رایگەیاند، ئەمڕۆ "لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس لەبارەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک پەسندکرا". دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خالید شوانی: رووداو: پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس واتای چییە کە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا؟ خالید شوانی: بەدڵنیایی دۆسێیەکە دۆسێیەکی گرنگە، چونکە بەپێی ئەم بڕیارانە لەدوای ساڵی 1975ـەوە زیاتر لە 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی کورد و تورکمان داگیرکراوە و کراون بە ناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە، وەکو وەزارەتەکانی نەوت و بەرگری و دارایی و کشتوکاڵ. لەدوای ساڵی 2003 زۆر هەوڵدرا بۆئەوەی ئەو زەوییانە بگەڕێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و یاسای دەستەی ناکۆکی موڵکداری دەرچوو، دواتر یاسای داوای خاوەندارێتی دەرچوو، بەڵام ئەو دەستەیە نەیتوانی ئەم کێشەیە یەکلایی بکاتەوە؛ دواتر لە ساڵی 2012 پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەرچوو و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی کاروباری باکووریش ژمارە 29ی ساڵی 2012 دەرچوو. بەو هۆکارە سیاسییانەی کە هەبوون و ئەو رێگرییانەی کە دەکران بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و پرۆژەیاساکان، ئەوانە وەک خۆیان مانەوە و جێبەجێ نەکران. دەرئەنجامیش زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمان جارێکی دیکە کەوتنەوە ژێر هەڕەشەی بەعەرەبکردن و داگیرکردنەوە، بە تایبەتی ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە لە دادگەکانەوە دەردەچوێنرێن بۆ داگیرکردنی ئەو زەوییانە و دوورخستنەوەی کورد و تورکمان لەسەر زەوییەکانی خۆیان. ئێمە هەر لە سەرەتای یەکەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ساڵی 2006ـەوە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، دواتر لە رێگەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـەوە ئەم دۆسێیە ئامادەکرا و زۆر ئاستەنگیشی بۆ دروستکرا تاوەکو لە دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی ناوەندی، پڕۆژەکەمان پێشکێش بە لایەنەکانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد و توانیمان هاوئاهەنگی لەسەر بکەین و مەرجێکمان دانا کە دەبێت ئەم پڕۆژەیاسایە بە هاوئاهەنگی پێکهاتەکانی کەرکووک تیبەڕێت. لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی ئەم حکومەتەشدا و لەسەر بنەمای کارنامەی حکومەتەکە و بەوپێیەش کە من شارەزایم لە دۆسێیەکەدا هەیە و هاوکات وەزیری دادی عێراقم، هەموو وەزیرە کوردەکان ئەرکەکەیان پێ سپاردم و سوپاسیان دەکەم کە ئەو متمانەیان پێم هەبوو؛ سەرئەنجام ئەو پڕۆژەیەی کە هەبوو هەندێ گۆڕانکاریمان تێدا کرد و لێکتێگەیشتن و سازانی لەسەر دروستبوو لەنێوان پێکهاتەکاندا. چەندجارێک ئەم بابەتە خرایە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و لە کارنامەکە لادەبرا یان دوادەخرا بە هەندێک هۆکاری سیاسی و هەندێ لە پێکهاتەکانی سوننە پێیان وابوو پێویستە ئەم یاسایە لە کاتێکی گونجاودا دەربکرێت. دەرفەتی زۆرمان پێدان و پشوودرێژ بووین لەگەڵیان تاکو هەفتەی رابردوو لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیراندا گفتوگۆمان کرد و بە راشکاوی پێمان گوت کە دواخستنی ئەم دۆسێیە گەیشتووەتە ئاستێک چی دیکە قبووڵ ناکرێت و مەترسی هەیە پێکدادان دروستبێت لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک و خەڵک و جووتیاران و هێزە سەربازییەکاندا. سەرۆکوەزیران تێگەیشتنێکی زۆر باشی هەبوو و پشتیوانی داواکارییەکەی کردین و بڕیاریدا کە بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و لە بڕگەی یەکەمدا دانرابوو؛ هەربۆیە بێ مشتومڕ و بە کۆی دەنگ پەسندکرا و رەوانەی پەرلەمان کرا. وردەکاریی پرۆژەکە هەڵوەشاندنەوەی 9 بڕیارە کە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعسن کە بەپێی ئەم بڕیارانە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمان لە ناوچەکانی مەخموورەوە تاکو دووزخوورماتوو دەگرێتەوە. بەپێی بڕگەی یەکەمی ئەم پرۆژەیەش هەموو ئەو زەوییانە دەگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان. لەبەرئەوەی پرۆژەیاساکە بە رێککەوتنیش دەرچووە بەو ئاراستەیە داڕێژراوە ئەو عەرەبانەی کە خەڵکی کەرکووکن نەک هاوردە، ئەگەر زەوییەکانیان لێ وەربگیرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان، ئەوا بە زەوییەکی دیکە کشتوکاڵی یان قەرەبووی دارایی قەرەبوو دەکرێنەوە. رووداو: باسی سوننەکانت کرد کە هەندێک تێبینییان هەبووە لەسەر پڕۆژەیاساکە. گەرەنتیی تەواو لە سوننە وەرگیراوە کە کێشەی بۆ دروست نەکەن؟ چونکە لە رابردوودا زۆرجار سوننە گرفتی بۆ چارەسەری کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان دروستکردووە. خالید شوانی: ئێستا دۆخەکە هاوشێوەی جاران نییە. لە رابردوودا کاتێک ئەم بڕیارانە دەردەچوون سوننە بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکرد، بۆیە کە پڕۆژەکە دەهاتە پەرلەمان و بڕیارەکان دەچوونە دامودەزگاکانی دیکە، ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی کە بەدەست سوننەوە بوون دژی بوون و نەیاندەهێشت رێوشوێنەکان بگەنە کۆتایی، بەڵام ئەمجارە لایەنە سوننەکان لەناو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتدان، چ لەکاتی پێکهێنانی حکومەت و چ ئێستاش لەناو حکومەتەکەدا. چۆن ئێمە داواکاریمان هەیە لەم حکومەت و پەرلەمانە، ئەوانیش بە هەمانشێوە داواکارییان هەیە، واتە ئێمە لە هەندێ دۆسێیەدا پشتیوانی ئەوانمان کرد و ئەوانیش لە بەرامبەردا رەزامەندییان لەسەر هەندێ دۆسێیە و داواکاریی ئێمە دەربڕی. ئەم حکومەتە حکومەتێکی هاوپەیمانییە و پێویستە هاوکاری یەکدی بین؛ بۆیە ئەمجارە ئەوانیش لەگەڵ ئێمەدا دەنگیان دا بێ بەرهەڵستی، چونکە پێشتر لێکتێگەیشتنمان هەبوو. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە هەندێ کارتی دیکە هەن وەکو تاکتیک ئێمە دەتوانین بەکاریان بهێنین، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی کە بەلای سوننەوە گرنگن و پێویستیان بە دەنگی کوردە، دەتوانین لەناو پەرلەمانیشدا هاوشێوەی حکومەت ئەم ئەزموونە دووبارە بکەینەوە و هاوکاری یەکدی بین.دەتوانرێت ئەم پرۆژەیە تێپەڕێندرێت، چونکە لایەنە شیعەکان پشتگیری دەکەن؛ کورد و تورکمان پشتگیری دەکەن؛ عەرەبی سوننەش دژی نین و لەگەڵماندا رێککەوتوون. بۆیە گەشبینم کە ئەمجارە لەناو پەرلەماندا تێدەپەڕێ، بەڵام پێش هەموو شتێک پێویستمان بە کۆدەنگی هێزە کوردستانییەکانە. رووداو: چەند جارێک جەختت لە یەکهەڵوێستی هێزە کوردستانییەکان کردەوە. پێویستە لایەنە کوردستانییەکان چی بکەن بۆ پڕۆژەیاسایەکی لەمجۆرە کە دەبێتە بەشێک لە جێبەجێکردنی مادەی 140؟ خالید شوانی: بەداخەوە، ئەو ژانەی کە خەڵکی کەرکووک هەیەتی لەلایەک و کەمتەرخەمی هێزە کوردستانییەکانیش لەلایەکی دیکە؛ هیچکات خەڵکی کەرکووک وەک ئێستا رەوشی خراپ نەبووە و هیچکاتیش هێندەی ئێستا خەڵکی کەرکووک چاوەڕێی ئەوە نییە کە هێزە کوردستانییەکان یەکگرتوو بن، چونکە کەرکووک رووبەڕووی کۆمەڵێک پرسی گرنگ و هەستیار دەبێتەوە کە بەرپرسیارێتی مێژوویی لەسەر شانی ئەم هێزە کوردستانییانەیە بەداخەوە دۆسێیەکی گەورەی وەکو کەرکووک کە لە هەموو شۆڕشەکاندا کاری لەپیشینەمان بوو، ئێستا کە رووبەڕووی هەڵبژاردن دەبینەوە هەموو هێزەکانی دیکە خۆیان ئامادە دەکەن بەڵام هێزە کوردییەکان ئەوەندەی خەریکی رکابەری یەکدین ئەوەندە ئامادەنین یەکڕیز و تەبا بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی کورد. ئێستا دەڵێین دیفاکتۆیەک دروستبووە کە هێزی سەربازی لە کەرکووکە و ئیدارەکە ناشەرعییە، بەڵام ئەگەر ئێمە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و هەڵبژاردندا ئەوشارە بدۆڕێنین بەهۆی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، ئەوا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەکەوێتە سەر شانی هێزە کوردییەکان کە بەمشێوەیە مامەڵە بکەن لە کەرکووک. پێویستە هەمووان یەکڕیز بن چ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کە تاقیکردنەوەیەکی قورسە و پێویستمان بە یەکگرتوویی هەیە، گوناهە ناکۆکی و ململانێیەکانی هەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ کەرکووک و بەمشێوەیە لەدەستی بدەین. کاتی ئەوەیە ناکۆکییەکانمان وەلابنێین. هەموومان رەخنەمان لە یەکتر هەیە، بەڵام کەرکووک لە هەمووان گەورەترە. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە هەموو هێزە کوردستانییەکان لە بابەتی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی بەعسدا پێکەوە کار بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەکەن، چونکە بابەتێکی نیشتمانییە. رووداو: کەی ئەم پڕۆژەیاسایە لە پەرلەمان تێدەپەڕێت؟ خالید شوانی: با ئەم وەڵامە بمێنێ بۆ برادەرانی پەرلەمانتاران و ئەوان باشتر شارەزاری دۆخی ناو پەرلەمانن ئێستا. کاتێک پرۆژەکە بە فەرمی گەیشتە پەرلەمان، کاتی ئەوەیە ئەوان قسەی لەسەر بکەن و هەوڵی جیدی بدەن بۆ دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی لەبارەیەوە. ئەم پرۆژەیە بۆ ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەیە کە نزیکەی 400 هەزار دۆنم زەوییە و لەبارەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعسە، بەڵام ژمارەیەک بڕیاری لیژنەی کاروباری باکووریش هەن، لە ماوەی رابردوودا دوور لە چاوی راگەیاندنەکان کارمان لەسەر کردوون لە وەزارەتی داد و گەیشتوونەتە ئەنجامێکی باش و دەستمان کردووە بە رێوشوێنەکانی جێبەجێکردن، بەڵام لە ئێستادا لەمە زیاتر باس ناکەین لە راگەیاندندا. رووداو: جیاواز لەم مژارە، بەو پێیەی ئێوە لە ئەنجوومەنی وەزیرانن هیچ هەواڵێکی نوێ لەبارەی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا هەیە؟ خالید شوانی: ئەوەی پەیوەندی بە بودجەوە هەیە ئەوە بودجە تێپەڕیوە و پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و سەرقاڵی دانوستاندنن و هەنگاویان بڕیوە و چەند لێژنەیەکی لاوەکییان دروست کردووە. ئەوەی ئێمە لەگەڵ بەرێز سەرۆکوەزیراندا باسمان کردووە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین، سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە کە هەموو کارئاسانییەک بکرێت بۆئەوەی رێککەوتنی کۆتایی بکرێت و لێژنەکان بە پەلە کارەکانی خۆیان تەواو بکەن تاکو پشکی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە خەرج بکریت. رووداو: ئەی تاوەکو دەرچوواندنی رێنمایی و رێککەوتن بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، بەغدا بە قەرز پارە دەدات بە هەرێمی کوردستان؟ خالید شوانی: رێنماییەکان دەرچوون و رەنگە بۆ رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو بگەنە وەزارەتی داد و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاویان دەکەینەوە، ئیدی رێوشوێنە یاساییەکان تەواو دەبن. پێم وایە تا ئەو کاتەش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرووی تەکنیکییەوە کارەکانیان تەواو دەکەن. پێم وا نییە ئاستەنگی زۆر گەورە هەبێت لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە، بەتایبەتی کە ئەوەندەی من ئاگادار بم حکومەتی عێراق رێنمایی سیاسیی داوەتە تیمەکەی کە ئەوپەڕی کارئاسانی بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکان و لەسەر هەندێ وردەکاری گرفت دروست نەکرێت. لەگەڵ زۆر لایەنیاندا قسەمان کردووە کە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی زۆر ناهەموارە و چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. ئێستا هەرێمی کوردستان نەوتیش هەناردە ناکات و بە پێی یاسا نەوتەکە رادەستی عێراق کراوە؛ بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بە ئەرکەکانی خۆی هەستێ. ئەوان تێگەیشتنی تەواویان هەیە و لەگەڵ ئەوەدان بڕگەکانی بودجە جێبەجێ بکرێن. دەمێنێتەوە سەر ئەوەی لیژنە تەکنیکییەکان کارەکانیان تەواو بکەن و پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/18072023
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هاووڵاتییان دڵنیادەکەمەوە هاتنی مووچە تەنیا لەسەر کات ماوە و دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا لە بەغداوە بێت، بەڵام من لە جێگەی سوودانی ناتوانم کاتەکەی بڵێم." ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵیدا ئەنجامیدا باسی لە ناردنی مووچە لە بەغداوە و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران کرد. لەبارەی دابەشکردنی دوو مووچەوە، ئاوات شێخ جەناب گوتی، بەغدا دوو مووچە قەرزداری هەرێمی کوردستانە و چاوەڕوانن پارەکە بنێرێت. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رووداو: لێدوانێک بۆ رووداو کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە کاتێک گوتت پرسیاری مووچە لە بەغدا بکەن، ئەم لێدوانە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا مەبەستت چی بوو لەو قسەیە؟ ئاوات شێخ جەناب: لەو بارەیەوە من رەخنەم لە رووداو هەیە چونکە قسەکانی منی هەمووی نەگواستەوە، هەندێک لایەنی سیاسی وەکو 'لاتقرب السلاە" قسەکانی منیان لێکدایەوە، لەو قسەیەدا من گوتم هەرێمی کوردستان هەرچی ئەرکی هەیە جێبەجێیکردووە ئێستا تۆپ لە ساحەی عێراقە، بەپێی دواین رێککەوتن کردوومان دەیسلەمێنم کە ئەوانەی لەم دوایانەشدا سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کردووە کەسیان نە وادەیەکیان وەرگرتووە نە بڕەکەشیان وەرگرتووە، بە ئێمەشەوە. نە کاتی ئەو ئاگەدارکردنەوەی بۆ بانکی ناوەندی دەنێردرێت نە بڕی ئەو پارەیەی بۆ ئێمە دەنێردرێت دیار نییە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی پێشانداوە و پێنج شەممەی پێشوو شاندی ئێمە لە بەغدا گەڕاوەتەوە، چوار بەرێوەبەری گشتی وەزارەتی دارایی لە شاندەکەی هەرێمی کوردستان بووە، جگە لە وەزارەتی سامانەسروشتیەکان و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، شاندێکی گەورەی هەرێمی کوردستان لەوێ بوون، ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەو دانوستاندنەی نەکردووە کێ کردوویەتی؟ ئەو 48 مانگەی پێشوو کێ مووچەی دابەشکردووە؟ ئەوەی چووەتە بەغدا دانووستاندنی لەسەر بودجە کردووە کە هەمووی چاوەڕێیە جێبەجێبکرێت کێ کردوویەتی ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی نەبووە؟ هەرچەندە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە قسەدەکەن بەڵام قسەکانی هەمووی دروشمە و قسەکانیش خەڵکی بێ نارەحەت دەکەن و خەڵکی پێدەوروژێنن و یاریکردنە بە هەست و سۆزی خەڵک، مووچە دواکەوتووە بەڵام ئێمە هۆکارەکەی نین لەو رۆژەوەی هەناردەی نەوت راگیراوە داهاتی نەوت نە هاتووەتە وەزارەتی داراییی تاوەکو ئێمە بیدەین بە مووچە، داهاتی نێوخۆ لە مەودوا هەموو بەپێی یاسای بوودجە دەچێتە سەر ئەژمارێکی بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، لە 1/8/2023 دەسەڵاتی بەکارهێنانی داهاتی نێوخۆمان نامێنێت، هەمووی دەچێتە سەر ئەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق دواتر جارێکی دیکە بۆ ئێمە خەرجدەکرێتەوە، وادەی ناردنی مووچە دیار نییە رۆژی پێنج شەممە کە شاندی ئێمە لە بەغدا گەڕانەوە دەبوو رێکارەکانی ناردنی بوودجە دەستیپێبکردایە، ئەو دوا کەوتنەی ئەم چەند رۆژە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستان نییە. رووداو: هۆکاری دواکەوتنەکە چییە؟ ئاوات شێخ جەناب: لە نێو حکومەتی فیدراڵی هەندێک گرفت هەبووە، گرفتەکان یەکێکیان ئەوەیە بەپێی یاسای بودجە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە وەزارەتی دارایی بڵێت کە من نەوتم وەرگرت، وەزیری نەوت بە فەرمی لە راگەیاندنەکانەوە دەڵێت بەڵی نەوتمان وەرگرتووە، بەڵام بە نووسراو نەیناردووە، بڕیارە ئەمڕۆ لە لیژنەی باڵای ئابووری ئەو گرفتە هونەرییانە چارەسەر بکرێت، کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، ئەو قسانەی بە ناوی هەرێمی کوردستانەوە کرا کە هەرێمی کوردستان گوتویەتی بەرپرس نیم لە مووچە، وانییە، هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە هەموو ئەو گرفتەکان لە ماوەی پێشوشدا خۆی لەو بەرپرسیارێتیە نە شاردووەتەوە، بەڵام راستیەک هەیە دەبێت بیزانین ئەوەیە کە ئەو گرفتانەی هەن هەمووی لەم کابینەیە دروست نەبووە، ئەگەر دروشمی سیاسی'پۆپۆلیستی' نەبێت هەموومان دەزانین چ لایەنێکی سیاسی لە کابینەی هەشت بەشداربووە، پاشەکەوتی مووچە و گرفتەکانی دیکەش لە کابینەی هەشت و کابینەکانی ترەوە بۆمان ماوەتەوە، ئێمە لەگەڵ خۆمانا نەمانهێناوە، تاوەکو بەرپرستارێتی هەموو ئەو گرفتانە هەڵگرین، لە ئابووری سەربەخۆوە تاوەکو ئەوەی ئەمڕۆ پێیگەیشتووین. لە مانگی 7/2019 خۆمان بە بەرپرسیاری هەموو ئەو کێشانە دەزانین کە هەبوون و لە هەموو کەس زیاتر خۆمان بە خاوەنی ئەو میللەتە دەزانین و ئەوەی کردومانە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین و هیچ منەتی تێدا نییە. رووداو: دەگوتریت هەرێمی کوردسیان پابەند نابێت بە رێککەوتنەوە، نەوت و داهاتی نێوخۆ رادەست ناکات پابەند نابێت بە یاسای بودجەوە. ئاوات شێخ جەناب: بە راستی ئەوەی دەگوترێت 'نیفاقی سیاسییە' بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە پێنج شەممەی رابردوو لە 27/7/2023 لە نێوان شاندی هەرێمی کوردسیان و حکومەتی عێراق واژۆ کراوە لە بڕگەی پێنجەمدا کە ئەمە وەک وەڵامێکە بۆ ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن، لە بڕگەی پێنجەمدا هاتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردسیان لە 26/6/2023 بە تەواوی پابەند بووە. رووداو: باشە ئەوان بۆ پابەند نابن؟ ئاوات شێخ جەناب: ئەوە ئەو پرسیارەیە دەبێت لە وەزارەتی دارایی عێراق و حکومەتی عێراقی بکرێت بۆ پابەند نابن ئێمە لە 26/6/2023 پابەندبووین و هەموو ئەرکەکانمان جێبەجیکردووە. رووداو: نەوت رادەستکراوە؟ ئاوات شێخ جەناب: زۆر لەوە پێشتر کردومانە، بەڵام هەندێک گرفتی هونەری هەبوو بۆ نموونە کام داهات فیدراڵیە کام داهات فیدراڵی نییە. رووداو: عێراق داوای هەموو شتێک دەکەن؟ ئاوات شێخ جەناب: بەڵی داوای هەموو شتێکیان کردووە و ئێمە رەزامەندیشمان داوە ئەوانەی ئەوان داوای دەکەن رادەستیان دەکەین دواتر لیژنەیەکی باڵا هەیە لە نێوانی ئێمەدا لەگەڵ هەردوو سەرۆکوەزیران باس دەکرێت ئەگەر چارەسەر نەبوو لە دادگەی فیدراڵی یەکلادەکرێتەوە، لەسەر ئەم گرفتانە نابێت یاسای بودجە رابگیرێت و ناردنی پارە رابگیرێت، ئێمە لە یاسای بودجەدا وامانکردووە کە مووچەی فەرمانبەران دووربێت لە هەموو مەترسییەک. رووداو: مەبەستت چی بوو کە گوتت لە 1/8/2023ـەوە داهاتی نێوخۆ لە دەستی ئێمەدا نامێنێت؟ ئاوات شێخ جەناب: هەموو داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر ئەژمارێکی بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەش بەپێی یاساکەو جارێکی دیکە بۆمان خەرجدەکرێتەوە'تەمویل'. رووداو: بەپێی یاسای بودجە 50٪ دەگەڕێتەوە؟ ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ رووداو: کێشەکە لەسەر ئەوەیە کامەی دەگەڕێتەوە و کامەی ناگەڕێتەوە؟ ئاوات شێخ جەناب: نەخێر لە 26/6/2023 ئەو گرفتە نەماوە. رووداو: دەگوترێت بەغدا داوای هەموو داهاتی نێوخۆ و دەروازە سنوورییەکان دەکات؟ 50٪ ئەو داهاتانە دەگەڕیتەوە؟ ئاوات شێخ جەناب: کێشە لەسەر ئەوانە هیچی نەماوە، لە بڕگەی پێنجی رێککەوتنەکەدا بە روونی باسکراوە، هاتنی مووچە وبودجە تەنیا لەسەر کات وەستاوە و دەبێت ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بێت. رووداو: کەی دێت؟ ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی یاری بە رستەکانی من کردووە لەسەر ئەو 'کەی'ە، من ناتوانم لە جێگەی تەیف سامی بڕیار بدەم، لە جێگەی سوودانی من ناتوانم پێت بڵێم کەی، دەبێت ئەوان پێمان بڵین کەی، هەرکات ئەوان پارەکەیان خستە سەر ئەژماری بانکی هەرێمی کوردستان لەلای ئێمە روون دەبێتەوە کەی مووچە دابەش دەکرێت، چاوەڕوان دەکەین ئەمڕۆ بێت ئەگەر وەک پێنج شەمەی لێنەکرێت. رووداو: ئەمڕۆ لە پەیوەندیدا دەبن لەگەڵیان ئاوات شێخ جەناب: لەو کاتەوەی ئەم گرفتە هەیە پەیوەندی لە نیوان هەردوو سەرۆکوەزیران، هەردوو وەزارەتی دارایی، وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەیە، لە رێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەیوەندی هەیە و ئێستا تیمی وەزارەتی دارایی لە بەغدان. رووداو: تیمێکی هەرێمی کوردستان بڕیار وابوو بچیتەوە بەغدا رۆشتوون؟ ئاوات شێخ جەناب: بڕیارە چوار نوێنەری ئێمە تەنسیب دەکرێن و لە وەزارەتی دارایی عێراق دەوام دەکەن بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی دێنە پێش راستەوخۆ چارەسەر بکرێن و شوێنیش بۆ ئەو نوێنەرانەی ئێمە دیاریکراوە. رووداو: ئەوە پارەیەی دێت مووچەی مانگی چەندە؟ ئاوات شێخ جەناب: ئێمە چاوەڕوانی مووچەی مانگی 6 و 7 دەکەین، ئێمە چاوەڕوانین بزانین بڕیارەکەی ئەوان چیە. رووداو: ئێوە چاوەڕێن دوو بڕە پارە لە بەغداوە بێت؟ ئاوات شێخ جەناب: ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین، لای ئێمە بەغدا قەرزاری دوو مووچەیە چاوەڕوان دەکەین هەردوو مووچەکە بنێردرێت، بەپێی یاسای بودجەش دەبێت بنێردرێت. رووداو: ئێستا بایکۆت دەستی پێکردووە پەیامی ئێوە چییە؟ ئاوات شێخ جەناب: کەی پارە بێتە سەر ئەژماری بانکی مووچە دابەش دەکەین و تەنیا لەسەر کات ماوە. رووداو: دابەشکردنی مووچە دواناکەوێت؟ ئاوات شێخ جەناب: نەخێر دواناکەوێت پێشتر چاوەڕوانی کۆکردنەوەی داهاتی نێوخۆ دەکرا بۆیە کاتی پێویست بوو رووداو: ئەو بڕە پارەیەی دێت بڕەکەی چەندە؟ ئاوات شێخ جەناب: تاوەکو ئێستا نازانرێت بڕەکە چەندە چونکە نازانرێت لەو 50٪ چەند دەمێنێتەوە و حکومەتی عێراقی چەندی بۆ دیاریکردووین بەڵام لەم مانگەوە دەردەکەوێت مانگانە چەند بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. رووداو: ئەم رێکەوتنە بۆ یەک مانگە یان بۆ ساڵەکە هەموویەتی؟ ئاوات شێخ جەناب: رێکەوتنەکە بۆ هەموو مانگەکانە. رووداو: رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت گرفت نامێنێت؟ ئاوات شێخ جەناب: نەخێر نامێنێت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/business/010820231
دیپلۆماتێکی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رووداوی راگەیاند، واشنتن دەیەوێت لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا یارمەتیی عێراق بدات. ئاماژەی بەوەش کرد نابێت یارمەتییەکان تەنیا لە رووی داراییەوە بن، بەڵکو دەبێت تەکنیکیش بن. ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە، لە شاری دوبەی ئیماراتەوە لە بووڵتەنی نیورۆژی رووداو کە نمە نەبەز پێشكێشکیکرد، بەشدار بوو. وێربێرگ، لە رێگەی پەیوەندیی سەتەلایتەوە قسەی بۆ رووداو کرد و باسی لەوە کرد "پەیوەندییەکی پتەو و بەهێز" لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا هەیە و دەیانەوێت لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، هاوئاهەنگی بکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشداریکردنی عێراق لە 28ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا "زۆر زۆر گرنگە. چونکە دەزانین و بینیومانە لە چەندین ساڵی رابردوودا ئەم وڵاتە چۆن بەهۆی بەبیابانبوون، نەمانی دارستان و وشکەساڵی زیانی بەرکەوتووە." بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراقی خاوەن پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوت، پێنجەم زیانمەندترین وڵاتە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا. رێکخراوی ئەنجوومەنی نەرویجیی (NRC)ـی پەنابەرانیش لە دوایین راپۆرتی خۆیدا دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوای عێراق "خێراترە لەوەی دانیشتووانی بتوانن خۆیانی لەگەڵدا بگونجێنن." بەگوێرەی ئەو راپۆرتە کە 26ـی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، 60٪ـی جووتیارانی ئەنبار، کەرکووک، نەینەوا و سەڵاحەدین لە وەرزی کێڵانی ساڵی 2023 ناچاربوون چاندن و بەکارهێنانی ئاو کەمبکەنەوە، لە 12 مانگی رابردوودا لە هەر پێنج کەس، چواریان ناچاربوون خەرجیی خۆراک کەمبکەنەوە، دەشتی نەینەوا ئاماژەی ئەوەی لێ بەدیدەکرێت ببێتە یەکێک لە شوێنەکانی چڕبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، چونکە دۆخی کەشوهەوا، ئاشتی و ئاساییشی ناوچەکە متمانەی لای خەڵکەکە نەهێشتووە، هەروەها لە هەر چوار جووتیاری شنگال و بەعاج، یەکێکیان ئەم ساڵ ناچار بووە واز لە کشتوکاڵکردن بێنێت. لە 30ـی تشرینی یەکەمەوە سەرکردەی وڵاتان و رێکخراوەکان لە دوبەین بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پلانەکانی بەرەنگاربوونەوەیان. ئیماراتی وڵاتی میونداری لووتکەکە سندووقێکی 30 ملیار دۆلاریی راگەیاند بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو وڵاتانەی بەهۆی وشکەساڵی، لافاو، گەرما و لێکەوتەکانی دیکەی گۆڕانی کەشوهەواوە زیانیان بەرکەوتووە. ساموێل وێربێرگ راگەیاندنی ئەو سندووقە بە "دەستکەوتێکی گەورە" ناودەبات. گوتیشی ئەمریکا لەسەر ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی، یارمەتیی وڵاتان دەدات، لەنێویاندا عێراق، بەڵام روونیشیکردەوە "یارمەتیدان تەنیا رووی دارایی ناگرێتەوە، بەڵکو یارمەتیی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا پێویستە لایەنی تەکنیکیش بگرێتەوە." ئەو دیپلۆماتە ئەمریکییە باسی لەوە کرد، عێراق "توانای گەورەی" هەیە بۆ دەستبەردان لە وزەی نەریتی و رووکردنە وزەی سرووشتی، بەتایبەت وزەی خۆر. وێربێرگ هۆشداریشی دا کە گۆڕانی کەشوهەوا، کاریگەریی لەسەر ئاڵنگارییەکانی دیکەی وەک بەرەنگاربوونەوەی سەرڵهەدانەوەی داعش و قەیرانی ئاوارەکان دەبێت. بەپێی راپۆرتەکەی NRC "بۆ 1.2 ملیۆن کەس کە هێشتا بەهۆی ململانێکانەوە لە ئاوارەییدا دەژین، هەروەها بۆ ملیۆنان کەس کە گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان، یان نیشتەجێ کراونەتەوە، یان گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، خەریکە وشکەساڵی، زەحمەتیی دابینکردنی بژێوی و تێکچوونی ئاساییشی خۆراک، دەبنە لەمپەر لەبەردەم باشبوونەوە و هەستانەوەیان دوای چەندین ساڵی ململانێ." نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ئابی ئەمساڵدا باسی لەوە کرد پێنج هەزار تاوەکو حەوت هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا ماون. وێربێرگ دەڵێت "هەموو ئەم ئاڵەنگارییانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە." دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامی ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: رووداو: بە بڕوای ئێوە سەرکردەی وڵاتانی جیهان دەتوانن چی بکەن بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنانەی لە کۆپ 28 دەدرێن، بکرێنە کردار؟ ساموێل وێربێرگ: سەرکردەی هەموو وڵاتان، لەنێویاندا ئێمە لە ئەمریکا، لەم رۆژانەدا لە کۆپ28 سەرنجمان لەسەر چەند کارێکی لەپێشینەی گرنگە، لەوانەش، یەکەم: هەڵسەنگاندنی جیهانی؛ واتە چەندین ساڵ دوای رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس، پێویستە سەیربکەین و بزانین چیمان بەدەستهێناوە و چی لە پێشمان ماوە بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا بەدەستیبێنین. واتە هەڵسەنگاندنی جیهانی، کاری لە پێشینەی یەکەمە. دووەمیشیان سندووقی زیانەکانە، کە خۆشحاڵییەوە لە رۆژی یەکەمەوە دەستکەوتێکی گەورەمان بەدەستهێنا کاتێک د. سوڵتان جابر لە لایەنی ئیماراتی دانان و جێبەجێکردنی سندووقێکی نوێی راگەیاند، کە هەموومان لە ساڵی رابردوو لە کۆپ 27 لە شەرمشێخ کارمان لەسەری دەکرد. واتە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەبوو لە رۆژی یەکەمدا. سێیەمیشیان بریتییە لە هەوڵەکان بۆ ئەوەی لە قۆناخی وزەی بەردینی دەربازبین بۆ قۆناخی وزەی نوێ. رووداو: بەشداریکردنی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا چۆن دەبینن؟ ساموێل وێربێرگ: ئێمە بەشداریی هەموو وڵاتێک بە گرنگ دەبینین و بەشداریی عێراقیش زۆر زۆر گرنگە. چونکە دەزانین و بینیومانە لە چەندین ساڵی رابردوودا کە چۆن ئەم وڵاتە، واتە عێراق، بەهۆی بەبیابانبوون، نەمانی دارستان و وشکەساڵی زیانی بەرکەوتووە. گرنگە گوێبیستی ئەو وڵاتانەی وەکو عێراق بین کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئێمە وەک ئەمریکا، پێشوازی لە بەشداریی بەهێزی عێراق دەکەین. رووداو: ئەمریکا چۆن یارمەتیی ئەو وڵاتانە دەدات کە گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین زیانی پێگەیاندوون، بۆ نموونە عێراق و هەرێمی کوردستان؟ ساموێل وێربێرگ: توانای ئەوەمان هەیە لە چوارچێوەی پەیوەندیی دووقۆڵی یارمەتی پێشكێش بکەین، بۆ نموونە یارمەتیی هەر وڵاتێک بدەین، لەوانەش عێراق. ئێمە ئەو توانایەمان هەیە، بەڵام لەوە زیاتر، ئێستا هەموو ئەم دەستپێشخەرییە نوێیانەمان هەیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وەک ئەم سندووقە نوێیە کە سەرۆکی کۆپ 28 رایگەیاندی. سندووقی زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاشکرایکرد. هەروەها سندووقی کەشوهەوای سەوز و چاڵێنجی مانگی سەوزمان هەیە. لەسەر ئاستی پەیوەندیی دووقۆڵیش، ئێمە وەک ئەمریکا یارمەتیی وڵاتان دەدەین. واتە توانای گەورەمان هەیە، بەڵام پێویستە بزانین کە یارمەتیدان تەنیا رووی دارایی ناگرێتەوە، بەڵکو یارمەتیی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا پێویستە لایەنی تەکنیکیش بگرێتەوە. رووداو: بەهۆی وشکەساڵی، دیاردەی کۆچ لە عێراق زیادیکردووە، ئەمریکا لەو بارەیەوە هیچ هاوئاهەنگیێکی لەگەڵ عێراق هەیە؟ ساموێل وێربێرگ: رەنگە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە من باشتر زانیاریی هەبێت، بەڵام بە گشتی، ئێمە دەمانەوێت یارمەتیی پێویست پێشكێش بکەین، ئێمە پەیوەندیێکی تۆکمە و بەهێزمان هەیە لەنێوان ئەمریکا و عێراق و دەمانەوێت هەموو یارمەتیێکی پێویستی پێشكێش بکەین تاوەکو لەگەڵ حکومەتی عێراق هاوکار و هاوئاهەنگ بین لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەموو ئاڵەنگارییانەدا. ئاماژەتان بە خاڵێکی گرنگ دا. چۆن گۆڕانی کەشوهەوا کار دەکاتە سەر ئاڵەنگاڕییەکانی دیکە و چۆن ئاڵەنگارییەکانی دیکەی وەک گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک داعش و هەروەها ئاوارەکان کاریگەرییان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەبێت؟ هەموو ئەم ئاڵەنگارییانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. رووداو: لە بواری وزەی نوێبووەوە ئەمریکا هیچ پڕۆژەیەکی هاوبەشی هەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان؟ ساموێل وێربێرگ: ناتوانم بە ناوی حکومەتی عێراقەوە قسە بکەم، بەڵام وەک حکومەتی ئەمریکا، ئێمە توانایەکی گەورە دەبینین ئەگەر سەیری ئەو رۆژانە بکەین کە لە عێراق خۆرەتاون. ئێمە دەزانین هەموو ئەم وڵاتانەی ناوچەکە رۆڵێکی گەورەیان دەبێت لە بەرهەمهێنانی وزەی خۆردا. دەمانەوێت لەگەڵیاندا کار و هاوئاهەنگی بکەین لەسەر ئەم بابەتە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0212202323
بەربژێری پارتی دۆزی ئازاد- هوداپار بۆ گەورە شارەوانیی ئێلێهـ دەڵێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژی 31-3-2024دا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا بایەخ بە دوو شت دەدات؛ خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری. سەرکان رامانلی، بەربژێری هوداپار بۆ گەورە شارەوانیی ئێلێهـ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری ئێلێهـ لە باکووری کوردستان لەبارەی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پەیوەندییەکانی نێوان هوداپار و ئاکپارتی، خوێندن بە زمانی کوردی، بۆچوونی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە لەبارەی پرسی کورد و زۆر بابەتی دیکە قسەی کرد. ئەوەی کە پەیوەندی بە خوێندن و بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە هەیە، سەرکان رامانلی گوتی، لە ئەگەری بوونی بە سەرۆکی شارەوانیی ئێلێهـ دەتوانێت سێ کار بکات. "یەکەم، خزمەتگوازی بە زمانی دایک دەبێت و پێویست ناکات تەنیا و تەنیا بە زمانی تورکی بێت. دووەم شت، پەیمانگەی بەدیعوزەمان دادەمەزرێنین" و تێیدا منداڵی کورد بە ژیان و ژیاننامەی کەسایەتییە دیارەکانی گەلی کورد بە زمانی کوردی ئاشنا دەکەن. "سێیەمین شتیش کە بۆ منداڵەکانمان دەیکەین ئەوەیە کە باخچەی منداڵان دەکەینەوە و مامۆستاکانمان بێ بەرامبەر منداڵەکان فێری زمانی خۆیان دەکەن، هەروەها فێری ئایینەکەیان دەکەن". پارتی دۆزی ئازاد کە ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردستانییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. هوداپار تائێستا بەشداری لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییی تورکیا لە 2018دا 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا کە رێژەی 0.31%ـی دەنگەکانی تورکیا بوو. ئەوکات هوداپار نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەرلەمان مسۆگەر بکات، بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی سەرکردایەتی دەکات، هوداپار بەشداری لە هەڵبژاردندا کرد و چوار کورسیی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئێلیهـ و دیلۆک بردەوە. لەم هەڵبژاردنەدا هوداپار لە بەشێک لە شارەکان سەربەخۆ بەشداری دەکات، بەڵام لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە پاڵپشتی لە بەربژێری ئاکپارتی دەکەن. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەرکان رامانلی، بەربژێری هوداپار بۆ گەورە شارەوانیی ئێلێهـ رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بانگەشەی هەڵبژاردنتان چۆن بەڕێوەدەچێت؟ سەردانی کوێ دەکەن؟ سەرکان رامانلی: سڵاو، زۆر بەخێر بێن. لە شارێکدا کە دانیشتوانەکەی نیو ملیۆن کەسە کات بەشمان ناکات؛ دەمانەوێت بچینە لای هەموو کەس؛ دەمانەوێت رووبەڕوو خەڵک ببینین و ئامانجەکانمان بۆیان باس بکەین؛ هەروەها باسی پرۆژەکانی خۆمان بکەین؛ دەمانەوێت دەنگی هەمووان بەدەستبێنین. رووداو: وەک هوداپار، تەنیا 4 پەرلەمانتارتان هەیە و لە حکومەتیش یارمەتیی دارایی وەرناگرن. چۆن بەردەوامی بە بانگەشەی هەڵبژاردنتان دەدەن؟ سەرکان رامانلی: چاومان لە گیرفانی هاوڕێیانمانە. هاوپەیمان و هاوڕێیانمان ئێمەیان خۆشدەوێت و دەست بۆ گیرفانیان دەبەن و یارمەتیمان دەدەن. کاتێک کەشی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، هەر کەس بە گوێرەی توانای خۆی یارمەتیمان دەدات. بەو شێوەیە بەردەوامی بە بانگەشەکەمان دەدەین. رووداو: لە ساڵی 2018ـەوە هوداپار بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکی نەکردووە. لە 2019دا لەگەڵ ئاکپارتی بوون و لە ساڵی 2023ـش بە هەمان شێوە. ئەم جارەش دەگوترا لەگەڵ ئاکپارتی پێکەوە دەبن. بۆچی ئەم جارە هاوپەیمانیتان لەگەڵ یەکدی نەکرد؟ سەرکان رامانلی: ئێمە ویستمان (پێکەوە بین)، بەڵام ئەوان نەیانویست؛ بۆیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشداریمان لە هەڵبژاردن کرد. رووداو: بۆچی نەیانویست؟ سەرکان رامانلی: جاری پێشوو ئاکپارتی پێشنیازی بۆ کردین کە پێکەوە بین و ئێمەش قبووڵمان کرد و رێککەوتین. ئێمە خێرمان لەوە دیت، سەرۆککۆماریش خێری لەوە دیت، ئاکپارتیش بە هەمان شێوە، لەو بڕوایەداین کە میللەتەکەشمان خێری لەوە بینیوە. ئەم جارە ئێمە پێشنیازمان کرد و گوتمان دەمانەوێت ئەم جارەش هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ یەکدی بکەین. مەبەستمان بوو بزانین کە ئەگەر ژمارەیەک شارەوانی ببەینەوە، ئایا دەتوانین دۆخی شارەکان باشتر بکەین؛ ئایا دەتوانین خزمەتی گەلی خۆمان بکەین یان نا؟ گوتمان با خەڵک تاقیمان بکاتەوە. بەداخەوە، شاندەکەی ئاکپارتی گوتیان، ئێمە لە هیچ شوێنێک ناتوانین سەرۆکایەتیی شارەوانیتان پێ بدەین و تەنیا دەتوانین ئەندامی ئەنجوومەنی شار و ناوچەکانتان بدەینێ، ئەویش تەنیا 8 ئەندامی ئەنجوومەن لە هەموو تورکیا. ئێمەش بەوە رازی نەبووین و گوتمان بە کەڵکی ئێمە نایەت. دەتوانم ئەوەش بڵێم، لە ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر و بورسا لەسەر داوای سەرۆککۆمار، بەربژێرمان بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانییەکان دانەنا، بەڵام گوتمان لە شوێنەکانی دیکە هەر لایەنێک سەربەخۆیانە بەشدار دەبێت. رووداو: واتە لەو چوار شارە (ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر و بورسا) پشتگیری ئاکپارتی دەکەن؟ سەرکان رامانلی: بەڵێ، لەو چوار شارە پشتگیریی ئاکپارتی دەکەین. رووداو: بەڵێنەکانی سەرکان رامانلی بۆ خەڵکی ئێلێهـ چین؟ دەتانەوێت چۆن خەڵک رازی بکەن دەنگتان پێ بدات؟ سەرکان رامانلی: ئێستا زۆر کەس هەن دەڵێن، هەشت مانگ لەمەوبەر تۆمان هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببیت بە نوێنەرمان و ئێستا پەرلەمانتاری، بۆچی ئێستا داوای سەرۆکایەتیی شارەوانی دەکەیت؟ منیش دەڵێم، ئەوە هەشت مانگ تێپەری و هەندێک ئەزموونم بەدەستهێنا. دەسەڵاتی جێبەجێکارییم نییە؛ لە وەزارەت نیم؛ پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی نیم. لە هەشت تاوەکو نۆ مانگی رابردوودا بینیم زۆر شت بە دڵی ئێمە نییە یا کردنیان زۆری پێدەچێت. رووداو: واتە بیرۆکراسی دەبێتە رێگر؟ سەرکان رامانلی: بەڵێ، بیرۆکراسی دەبێتە رێگر. ئەگەر بتوانین بە دەستی خۆمان خزمەتی گەلی خۆمان بکەین باشترە و پێویست ناکات سەر بۆ کەس دانەوێنین. گوتەیەک هەیە دەڵێت، ئەوەی چاوی لە دەرگە بێت، قوڕبەسەر دەبێت. بە دەستی خۆمان پشتی خۆمان بخورێنین باشترە. ئێستاش ئێلێهـ پێویستی بە خزمەتێکی یەکجار زۆر هەیە. پڕۆژەمان هەیە بۆی. رووداو: ئەگەر سەرکان رامانلی ببێتە سەرۆکی شارەوانیی ئێلێهـ، چ جیاوازییەکی دەبێت لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی ئاکپارتی و سەرۆکی شارەوانی دەم پارتی؟ چی دەکەن بۆ ئەم شارە؟ سەرکان رامانلی: پرسیارێکی باشە. کاتێک لە ساڵی 2014 بۆ یەکەم جار بووین بە بەربژێری بۆ شارەوانی لە ناوچەکەی خۆمان، گوتمان هەندێک پارتی وەک دەم پارتی دەڵێن، "ئێمە داوای زمانی خۆمان دەکەین، داوای ناسنامەی خۆمان دەکەین؛ کاتێک بردمانەوە چاوەڕی نەبن خزمەتگوازیتان بۆ بێنین"؛ بۆیە تائێستاش خزمەتی کەسیان نەکردووە. ئاکپارتیش دەیگوت، "داوای زمانتان مەکەن؛ داوای ناسنامەی خۆتان مەکەن؛ بۆ ئەو شتانەش مەیەن بۆ لامان؛ خزمەتگوزاریتان پێشکێش دەکەین؛ رێگەکانتان چاک دەکەین؛ رێگەکان قیرتاو دەکەین؛ بە هەموو شێوەیەک خزمەتگوزاریتان بۆ دابین دەکەین، بەڵام داوای زمانی خۆتان مەکەن". ئێمە گوتمان، "ئەو دوو شتە جێگرەوەی یەک نین، بەڵکو هەردووکیان لەگەڵ یەکدی دەبن. ئێمە داوای زمانی خۆمان دەکەین و داوای ناسنامەی خۆیشمان دەکەین؛ خاوەندارێتی لە خۆمان دەکەین؛ خزمەتگوزاریش پێشکێش دەکەین". رووداو: پڕۆژەی گەورەتان بۆ ئێلێهـ چییە؟ چ شتێک هەیە باسی بکەی؟ سەرکان رامانلی: دەتوانم باسی سێ شت بکەم. یەکەم، مافی دروستکردنی خانوو و باڵەخانە لە شوێنی نوێ هەیە، بەڵام لە شوێنی کۆن ئەو مافە نییە. ئەوە جیاوازی دروست دەکات. شوێنە کۆنەکان هەژارنشینن و شوێنە نوێیەکان دۆخیان باش و خەڵکەکەی دەوڵەمەندن. ئەگەر سەرنجت دابێ، دەوروبەری پاسەوانێ هەمووی زەوییە، زەوی بەپیت. دەزانیت چی دەکەن؟ زەوییە بەپیتەکان تەخت دەکەن و دواتر باڵەخانەیان تێدا دروست دەکەن. ئەمڕۆ لەوانەیە خۆشحاڵ بین بەم کارە، بەڵام 50 ساڵی دیکە پەشیمان دەبینەوە. لەبەرئەوەشە کە نزیکەی 70 ساڵە زۆر شوێن کراونەتە کۆنکرێت و ناتوانی لەو شوێنانەدا کشتوکاڵ بکەیت. ئێمە ئاوەدانکردنەوە دەبەینە ئەو شوێنە کۆنانە. مافی دروستکردنی خانووی چەند نهۆمی بە خاوەنەکانیان دەدەین. کاتێک ئەوە کرا، ئیدی هەژاری نامێنێت و جیاوازی لە نێوانمان نامێنێت. ئەگەر گەل خێری لە شتەکانیان بینی، زەوی و خانووەکانیان بەنرخ بوون، گیرفانیشیان پڕ لە پارە دەبێت. کاتێک هەژاری نەما، دزیکردن نامێنێت، مادەی هۆشبەر نامێنێت، منداڵەکانیشمان رووناکەنە لای شتە قەدەخەکراو و ناشەرعی. ئەو کاتە منداڵەکانمان دزی ناکەن، کەس فریو نادەن، نابن بە چەتە. ئێستا منداڵەکانمان، ژن و بەساڵاچووەکانمان ناتوانن بچن بۆ پارکەکان و پشوویەک بدەن، چونکە لەوێ چەتە زۆرن و مادەی هۆشبەریش زۆرە. ئێمە ئەو شوێنانە لەو شتە خراپانە پاک دەکەینەوە و پارێزگاری لە پارک، بازاڕ و قوتابخانەکانیشمان دەکەین. هەر کەس ئارامی لە خەڵکی ئێمە تێکبدات، ئارامی بۆ ناهێڵین. رووداو: بەپێی سەرژمێری، ژمارەی دانیشتوانی ئێلێهـ نزیکەی 650 هەزار کەسە. بەپێی دەزگەی ئاماری تورکیا- تویك نزیکەی 40٪ی دانیشتوانی پارێزگاکە لە ژێر تەمەنی 18 ساڵیدان، واتە یەکێک لە پارێزگا هەرە گەنجەکانە، بەڵام یەکێک لەو شوێنانەیە بەرزترین رێژەی بێکاری لێیە؛ هەروەها لە رووی دامەزراندنی فەرمانبەرانیشەوە، کەمترین رێژە لە ئێلێهـە. لەگەڵ ئەوەی میزۆپوتامیا زەویی کشتوکاڵی زۆرە، گەنجینەیەکی وەک نەوتی هەیە، چیای وەک رامانی هەیە، بەڵام سوود لەو سەرچاوانە وەرناگیرێت. ئەگەر براوە بن، بۆ رێگریکردن لە کۆچی گەنجان و چوونیان بۆ شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ چی دەکەن؟ ئایا بۆ زیاترکردنی دەرفەتی کار پرۆژەیەکتان هەیە، بەتایبەت بۆ گەنجان؟ سەرکان رامانلی: لە هەڵبژاردنی رابردوودا گوتمان 40 هەزار دامەزراندن بۆ سەر دامەزراندنی ئێلێهـ زیاد دەکەین، ئەوەش لە رێگەی دامەزراندنی هەندێک کارگەوە. ئەو پرۆژەیە ئێستا جێبەجێ دەکرێت و پێم وایە لە سێ ساڵدا تەواو بێت. لە رێگەی وەزارەتەوە خەریکە ئەو کارە دەکەین؛ ئەوە شتێکی سەرنجراکێش و گەورەیە و پشت بەخودا تێیدا سەرکەوتوو دەبین. ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە ببەینەوە، چی دەکەین؟ بۆ هەر پارکێک پاسەوانێک دادەمەزرێنین؛ ئەو گەنجانەی دەیانەوێت کار بکەن، ئێمە دەبینە رێگەپیشاندەریان بۆ ئەوەی بزانن لە کام کەرتدا کار دەکەن؛ ژنان شەو و رۆژ لە ماڵەوەن و خەریکی خاوێنکردنەوەی ماڵ و ئامادەکردنی خواردنن کە کارێکی زەحمەتە. ئەوان شەممە و یەکشەممەیشیان نییە و کاتێک دەڕۆن راپۆرتی دەستەی تەندروستی وەربگرن، کەس پێیان ناڵێت هەفتەیەک پشوو بدەن. ژنان دەرفەتی پشوودانیان کەمە. پێویستە کاریان بۆ ئاسان بکەین. چۆن؟ شوێنێکیان بۆ تەرخان دەکەین بۆ ئەوەی لەگەڵ دراوسێکانیان کاتی تێدا بەسەر ببەن. ئەو کەسانەش کە منداڵیان هەیە، منداڵەکانیان لە رووی زمانەوە پەروەردە دەکەین و فێری پەروەردەی ئایینیشیان دەکەین. زۆر مامۆستای کوردی هەن کە دەیانەوێت وانە وەربگرن. لە هەموو گەڕەکێک کارئاسانی بۆ ئەو مامۆستایانە دەکەین بۆ ئەوەی منداڵەکانمان فێری زمان بکەن. رووداو: بەو جۆرە تێگەیشتم کە ئێوە لە هەر گەڕەکێکدا باخچەی منداڵان دروست دەکەن و ئەو مامۆستایانە دەخەنە سەر کار کە مامۆستای کوردین و دانەمەزراون ؟ سەرکان رامانلی: بەڵێ، باخچەی منداڵان دەکەینەوە. بۆ مامۆستاکانیش بەڵێ، ئەو کەسانە دەخەینە سەر کار کە هێشتا دانەمەزراون. رووداو: مافی پەروەردە بە زمانی دایک مافێکی سرووشتی و رەوایە، بەڵام لە تورکیا ئەو مافە نادرێت. ئێوەش ئەم ساڵ لە کاتی بانگەشەکردن بۆ وانەی بژاردەی کوردی، لە زۆرێک لە شارەکانی وەک ئێلێهـ و ئامەد گوتتان، لەپێناو زماندا رێپێوان دەکەن. ئەگەر سەرکان رامانلی ببێتە سەرۆکی شارەوانیی ئێلێهـ ، چ خزمەتێک بە زمانی کوردی دەکات؟ سەرکان رامانلی: گوتوومانە دەتوانین سێ شت بکەین. یەکەم، خزمەتگوازی بە زمانی دایک دەبێت و پێویست ناکات تەنیا و تەنیا بە زمانی تورکی بێت. لە ماڵپەرەکەمان، لە بڵاوکراوە و نووسراوەکانیشماندا زمانی دایک بەکاردەهێندرێت. ئەوەندەی من بزانم، لە باتمان کورد، عەرەب و تورک دەژین. ئێمە دەتوانین بە هەر سێ زمان خزمەتگوازی پێشکێشی خەڵکی خۆمان بکەین. دووەمین شت، پەیمانگەی بەدیعوزەمان دادەمەزرێنین. چەندین رێبەر، سەرکردە، پێشەوا و زانای کورد هەن، هەر لە جابانی کوردییەوە بگرە کە یەکەمین سەحابەی کوردە تاوەکو دەگاتە سەلاحەدینی کوردی (ئەیوبی)، شێخ سەعید، شێخ بەدیعوزەمان، قازی محەممەد، مەلا مستەفا بارزانی، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، مەحموود بەرزنجی. لەو پەیمانگەیەدا منداڵەکانمان بە ژیان و ژیاننامەی ئەو کەسایەتییانە بە زمانی کوردی ئاشنا دەکەین؛ هەروەها منداڵەکانمان فێری ژیاننامە و هەڵبەستی شاعیرە ناودارەکانمان وەک مەلای جزیری و فەقێ تەیران دەکەین بۆ ئەوەی بزانن گەلەکەیان کامەیە و رەگ و ریشەیان چییە و مێژوو لەبارەیانەوە چی دەڵێت. سێیەمین شتیش کە بۆ منداڵەکانمان دەیکەین بۆ ئەوەی فێری زمانمان بن ئەوەیە کە باخچەی منداڵان دەکەینەوە و مامۆستاکانمان بێبەرامبەر منداڵەکان فێری زمانی خۆیان (کوردی) دەکەن، هەروەها فێری ئایینەکەیان دەکەن. رووداو: وەک سیاسەتمەدارێکی گەنج بەو جۆرە دەردەکەویت کە کەسێکی ئاسایی نیت، چ لە نێو کۆمەڵگە، چ لە بانگەشەی هەڵبژاردن و چ لە پەرلەمان. ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی دەکەی، هەمان سیاسەتی هوداپاریشە؟ سەرکان رامانلی: من یەکێک لە دامەزرێنەرانی هوداپارم و لە سەرکردایەتییەکەی تاوەکو دەگاتە ئاستی گوتەبێژ، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی و زۆر لە کار و خەباتی هوداپار بەشدار بووم، تەنانەت لە نووسینی بەرنامە و پەیڕەوی هوداپاردا بەشداریم کردووە. هوداپار سەرکان رامانلییە و سەرکان رامانلیش هوداپارە. دەتوانم ئەوە بڵێم. بەڵام ئەوەش هەیە کە هەر کەس بەپێی توانای، بەپێی دەرفەتەکانی، بەپێی بۆچوونەکانی هەندێک شت دەکات. یونس ئەمیرئۆغلۆ (یاریدەدەری سەرۆکی هوداپار) چۆن هوداپارە، سەرکان رامانلیش بە هەمان رادە هوداپارە؛ فارووق دینچ (سەرۆکی رێکخستنەکانی هوداپار لە ئامەد) چەند هوداپارە، شەهزادە دەمیر (سکرتێری گشتیی هوداپار)یش بە هەمان رادە هوداپارە. رووداو: لە شاری قوبین سەردانی نووسینگەی چەندین پارتی جیاوازتان کرد و یەکێک لەوان دەم پارتی بوو. لەوێ گوتتان، "پێویستە یەکترمان خۆش بوێت، خێر و سوودی یەکترمان بوێت، هەرچەندە پارتەکانمان لە یەکدی جیاوازیش بن، ئەوەی لە دڵماندایە وەک یەکە و دۆزەکەشمان وەک یەکە". دۆزەکەی ئێوە و ئەوەی لە نێو دڵتاندا چییە؟ سەرکان رامانلی: ئەو رۆژە کاتێک بە نێو بازاری قوبیندا تێپەڕیم، سەرەتا لەسەر رێگەمان نووسینگەی ئاکپارتی هەبوو. ئەوان سەردانیان کردبووین و منیش سەردانم کردنەوە. دواتر کە گەڕاین ئۆفیسی یەنیدەن رەفاهیش هەبوو؛ دواتر نووسینگەی دەم پارتیش لەسەر رێگەمان بوو و سەردانی ئەوانیشمان کرد. ئێستا دۆزی تەواوی ئێمەی کورد ئاشتی، دادپەروەری و یەکسانییە؛ هەموومان داوای ئەوە دەکەین. بۆیە دەڵێم، ئەوەی لە دڵماندایە یەک شتە. ئێمە نامانەوێت ستەم بکەین؛ ناشمانەوێت ستەم لە ئێمە بکرێت. ئێمە داوای ئاشتی دەکەین؛ داوای سەلامەتی دەکەین و داوای خزمەتکردنی گەلی خۆمان دەکەین. ئەوە ئامانجی ئێمە و هەموو سیاسەتمەدارێکە. بەڵام ئەوەش هەیە کە هەر کەس بۆ خۆی رێگەیەک و پارتێکی هەڵبژاردووە. ئێمە دەڵێین، پارت هەن کە تاوەکو ئێستا تاقی کراونەتەوە و هیچ ئەنجامێکیان نەبووە و ناشبێت؛ ئێمە دەڵێین ئەم جارە هوداپار هەڵبژێرن و ئێمەش تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئارامی، دادپەروەری، برایەتی و یەکسانی و خۆشویستنی یەکدی، پشت بەخودا، بە ئێمە بەدی دێت. رووداو: وەڵامێکی راشکاوانەم لە ئێوە دەوێت. ئایا دەتانویست لەگەڵ دەم پارتی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن؟ سەرکان رامانلی: ئەوان بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن و ... رووداو: قسەی تۆم مەبەستە. ئێوە دەتانویست هاوپەیمانیتان لەگەڵ دەم پارتی هەبووایە؟ سەرکان رامانلی: ئێستا ناکرێت. ئێمە لەسەر ئەو شتانە قسە دەکەین کە دەکرێت جێبەجێ بکرێن. پێویست بەوە ناکات هەموو کەس وەک ئێمە بیر بکاتەوە و وەک ئێمە بێت. ئێمە باسی شتێکی لەو جۆرە ناکەین، بەڵام دەڵێین با کەس دژی ئیسلام قسە نەکات و دژایەتییمان نەکات. ئەگەر لایەنێک داوای شتێک دەکات، با بە چەک و پێکدادان نەبێت و نەڵێت، ئەوەش رێگەیەکە. رووداو: وەک دەزانیت لەیلا زانا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، با سەرۆککۆمار رەجەب تەییب ئەردۆغان پرۆسەی چارەسەری لە ساردکەرەوە دەربهێنێت، دواتر سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی، ئەگەر دەم پارتی و ئاکپارتی کۆبوونەوە نەکەن، کارێکی هەڵە دەکەن. ئەحمەد تورک گوتی، ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بکرێت، تەنیا ئەردۆغان دەتوانێت ئەو کارە بکات. بە بۆچوونی ئێوە، پرسی کورد چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت؟ سەرکان رامانلی: دەتوانم ئەوە بڵێم کە پرسی کورد پرسی زمانە، پرسی ناسنامەیە و دواجاریش جیاوازی نێوان شارەکانە؛ شارەکان لە ئانادۆڵ و شارەکانی گەلی کوردستان، چونکە دەوڵەمەندی لەوێ زیاترە و لێرە کەمە؛ خزمەتگوازی لەوێ زۆرە، بەڵام لێرە کەمە. ئەگەر ئەو کێشانە لەو سێ چوار بوارەوە چارەسەر بکرێن، کێشەی کوردیش نامێنێت. ئێمە دەڵێین، کوردیش وەک تورکەکان دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتەن و پێویستە قبووڵ بکرێن، ئەوە یەکەمین شت. دووەم، دەبێت ناسنامەی کورد لە دەستووری تورکیادا بنووسرێت. من باسی پێناسەی هاووڵاتیبوون دەکەم و پێویستە زمانی ئێمەش ببێتە زمانی فەرمی و زمانی ئێمە ببێتە زمانی پەروەردە. چی دەبێت با ببێت، بەڵام پێویستە پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لەم بوارەدا هەنگاوی ئەرێنی نەنێت بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەم دۆزە تا هەتایە بەردەوام دەبێت. ئێمە ئەوەش دەڵێین، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە حکومەت و ئەردۆغانیش ناچار نین لەگەڵ لایەنێکی دیاریکراو قسە بکەن و ئەو قسەکردنە لەگەڵ ئێمەش پێویست نییە. دیارە کێشەکە هەیە و رێگەی چارەسەرکردنیشی روونە. تەنیا ئەوە دەمێنێت کە ویستێک هەبێت. با ویستی حکومەت و دەوڵەت هەبێ و ئەم پرسە چارەسەر بکەن، ئەو لایەنەش کە دەبێت حکومەت لەگەڵی بدوێت گەلی کوردە. رووداو: چەند رۆژێک لەمەوبەر تولای هاتەم ئۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە شاری ئامەد لە کاتی خوێندنەوەی راگەیێندراوی نەوروزدا رایگەیاند، پرسی کورد کێشەی نەبوونی قەوارەیە و تورکیا هەروەک چۆن خاوەندارێتی پرسی فەلەستین دەکات، پێویستە لە بابەتی عەفرین و رۆژئاوایشدا بە هەمان شێوە مامەڵە بکات. چی دەڵێی لەم بارەیەوە؟ سەرکان رامانلی: ئەو دوو بابەتە وەک یەک نین، بەڵام ئەوەش دەڵێین، پێویستە جیهانی ئیسلامی کێشەکانی بێ چەک چارەسەر بکات؛ پێویستە بە دانوستاندن، بە کۆبوونەوە و بە یەکدی ناسین کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام ئێستا ئەو دەرفەتەمان لەبەر دەستدا نییە. لە لایەک دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، ئەوان (هەسەدە) دەبنە هەڕەشە بۆ من و دەبنە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەم، بۆیەش ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەکەم، لە لایەکی دیکە خەڵکی ئەو شوێنانە (عەفرین و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان) دەڵێن، ئەوێ خاکی ئێمەیە، خاکی باو و باپیرانمانە و دەوڵەتی تورکیا بە چ مافێک دێت و لەو شوێنانە ئۆپەراسیۆن دەکات؟ ئێمە دەڵێین، پێویستە ئاسایش لە لایەن هەردوو لاوە دابین بکرێت و ئەو ئۆپەراسیۆنانەش نەگەنە ئەو ئاستە کە خەڵک لە گوندەکانیان، لە شارەکانیان دووربکەونەوە و خەڵکێکی دیکەش شوێنیان بگرنەوە. رووداو: لەو کاتەوەی چوونەتە پەرلەمان، مشتومڕێک لەنێوان ئێوە و جەهەپەدا هەیە؛ ئێوە بە پشتگیریکردنی حیزبوڵڵا تۆمەتبار دەکرێن. بەربژێری جەهەپەش لە شاری ئافیۆن بۆرجۆ گۆکسەل گوتی، "ئەگەر وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرێم، دەرگەکان لەسەر هوداپار و دەم پارتی دادەخەم". ئێوە بەنیاز بوون سەردانیان بکەن؟ بابەتەکە چییە؟ سەرکان رامانلی: بەخودا ئەوان بەرگەمان ناگرن. ئەو نەژادپەرستییەی لە جەهەپەدا هەبوو، هێشتاش بەردەوامە و هەربۆیە بەرگەمان ناگرن. رووداو: بەڕێز زەکەریا یاپیجی ئۆغلۆ (سەرۆکی هوداپار) دەڵێت، کەس ناتوانێ بەهۆی کارەکانی پەکەکەوە دەم پارتی تۆمەتبار بکات و کەسیش ناتوانێت بەهۆی کارەکانی حیزبوڵڵاوە هوداپار تۆمەتبار بکات. ئایا روانگە و هەڵوێستێکی جیاوازتان لەم بارەوە هەیە؟ سەرکان رامانلی: راستە، بەو جۆرەیە. پێویستە ئێمە ئەوە قبووڵ بکەین کە پارتە سیاسییەکان بەپێی یاساکان دادەمەزرێن. لایەنێک بە کردەوەی 20 ساڵ لەمەوبەر تۆمەتبار بکرێت، کەس ئەوە قبووڵ ناکات؛ ئەوە یاسایی نییە، دادپەروەرانە و ویژدانیش نییە. رووداو: چەند مانگێکە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوامن و زیاتر لە 30 هەزار کەس کوژراون. ئێوەش پشتگیری حەماس یان خەڵکی غەززە دەکەن. ئێوە ئەمە وەک ئەرکێکی ئایینی دەکەن یان وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی؟ سەرکان رامانلی: هەردووکیان. لەبەر ئەوەی ئێمە موسڵمانین، ئەركێکی ئایینییە بۆ ئێمە، بەڵام ئەوانەی کە موسڵمانیش نین، ئەرکێکی مرۆڤایەتییە. ئەم دۆزە دۆزێکی مرۆڤایەتییە، موسوڵمانانیش بەشێکن لە مرۆڤایەتی؛ بۆیەش ئەو کەسانەی پابەندی ئایین نین، دیندار یان موسوڵمان نین، دەکرێ ئەرکیان یەک شت بێ. ئەوەی ئێمە دوو شت. رووداو: دوای گشتپرسی باشووری کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لاواز بوون. ئێوە ئێستا ئاستی پەیوەندییەکان چۆن دەبینن؟ سەرکان رامانلی: بەرەو باشبوون دەڕۆن. بۆ ئەوەی بەرەو باشبوونیش بڕۆن، ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان، ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر ئێمە، دەمانەوێت بیکەین و دەشیکەین. رووداو: لە پەرلەمان دانوستاندنەکانتان لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدار چۆنن؟ سەرکان رامانلی: راستییەکەی ئێستا پەیوەندی زۆر بەهێزمان نییە. کاروباری ئێمە، خەباتی ئێمە، چی ئەوانەی هەڵبژاردن و چی ئەوانی پارتەکە بەگشتی، زۆرن. لەراستیدا دانوستاندنەکانمان و کۆبوونەوەکانمان بە دڵی ئێمە نین، بەڵام دەمانەوێت بە هەموو شێوەیەک بەرەوپێشەوە بڕۆین، لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان و ئەو حیزبانەی لە پەرلەمانی کوردستانن، پەیوەندییەکی قووڵ و تەندروست بەرقەرار بکەین. رووداو: پەیامێکتان بۆ دەنگدەران بە گشتی، نەوەک تەنیا دەنگدەرانی ئێلێه هەیە؟ سەرکان رامانلی: ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنی پڕ لە کێبڕکێیە بۆ خزمەتکردن؛ پێیان دەڵێین ئەو کەسەی دەتوانێت باش خزمەتتان بکات و خاوەندارێتی ئێوە بکات، بە ئازارەکانتان خەمبار دەبێت و بەکەڵکتان بێت، دەنگی پێ بدەن. من ناڵێم تەنیا و تەنیا دەنگتان بدەن بە هوداپار. دەڵێم، ئەگەر بەربژێری دیکە لە من باشتر، بەتواناتر هەیە و زیاتر بە کەڵکتان دێت، دەنگ مەدەن بە من و بیدەن بەو کەسە، بەڵام ئەگەر گوتتان لە من باشتر نییە، دەنگی خۆتان بدەن بە من. رووداو: زۆر سوپاس سەرکان رامانلی: سەر سەر و سەر چاوان.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/200320241
گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، "لەبارەی بودجە و هەناردەکردنی نەوت پەیاممان داوەتە کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران". ئاشکراشی دەکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی کۆشکی سپی کراوە و "پێموایە دوای مانگی رەمەزان سەردانەکەی بکات." مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵی کردووە، دەڵێت، "تێبینیی ئەوەمان کردووە کە حکومەتی عێراق دەیەوێت هەرێمی کوردستان سەرکوت بکات." پێشبینیش دەکات "گەڕێکی نوێی دانووستاندن لەنێوان واشنتن، هەولێر و بەغدا بەڕیوەبچێت." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور: رووداو: لە کاپیتۆڵ هیڵ چاوت بە کەسانی جیاواز لە هەردوو حیزب کەوت و باسی کێشەی راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانتان کرد. لەو بارەیەوە چییان پێت گوت؟ مایڵز کاگینز: ئەم هەفتەیە لە واشنتن بووم، شەڕم بۆ خەڵکی کوردستان دەکرد. پەیامێکمان بۆ سەرۆکی کۆنگرێسی ئەمریکا و ئەنجوومەنی پیران و خانەی نوێنەرایەتییەکان برد، تاوەکو لەبارەی ئەم کێشە گرنگەوە ئاگاداریان بکەینەوە، کە کاریگەریی لەسەر خەڵكی هەرێمی کوردستان داناوە. دوو کێشەی گەورە هەن: یەکێکیان بودجەیە. ئێمە دەزانین کە بەغدا نەیکردووە بە یاسا و، بودجەی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دانەناوە. کێشەی دووەم نەوتە. دەمانەوێت کۆنگرێسی ئەمریکا گوشار لە بەغدا بکات و هەروەها بە کۆشکی سپی بڵێت کە پێویستە بەغدا رێگە بە بەرهەمهێنان و هەناردەی تەواوەتیی نەوت بدات. رووداو: دەمەوێت بزانم کە کۆنگرێسی ئەمریکا لەم کێشەیەدا چەندە کاریگەریی هەیە. پار شایەتی ئەوە بووین و لە مانگەکانی پێشوویشدا نێردراویان بۆ وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی نارد، بەڵام هێشتا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێتەوە. کەواتە کۆنگرێس چۆن دەتوانێت لەم کێشەیەدا یارمەتیدەر بێت؟ مایڵز کاگینز: کۆنگرێسی ئەمریکا بەرپرسی دانانی بودجەیە. ئێمە بەمە دەڵێین تەرخانکردنی پارە. جا ساڵانە لە بودجەدا پارە بۆ عێراق دیاری دەکرێت. ئێستا لە 2024دا عێراق زیاتر لە ملیارێک دۆلاری بۆ بابەتی هاوکاریی سەربازی و ئەمنی دەدرێتێ. هەروەها نزیکەی 400 ملیۆن دۆلاریشی بۆ کاروباری هاوکاریی مرۆیی و جێگیرکردن و گەشەپێدان دەدرێتێ. ئەپیکور کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەوە مایەی قبووڵ نییە بەغدا دۆلاری باجی ناوخۆی ئەمریکا وەربگرێت لە کاتێکدا رەتی دەکاتەوە پارەی خۆی لە رێگەی هەناردەکردنی نەوی هەرێمی کوردستانەوە بە دەست بخات. رووداو: ئەی کاردانەوەیان بۆ ئەوە چییە؟ مایڵز کاگینز: کاردانەوەیەکی باشمان هەبووە و لە هەردوو لایەنی کۆنگرێسەوە، دیموکرات و کۆمارییەکانەوە، بە باشی وەرگیراوە. ئەم هەفتەیە چوومەتە نۆ نووسینگەی جودا. هەموو ئەم نووسینگانە دەڵێن کە ئەوان پشتیوانی کێشەی کوردن. رووداو: ئەگەر باسی ئەم کێشەی نەوتە بکەین، ئایا بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەزیری نەوتی عێراق ببینیت تاوەکو ئەو کێشەیەی لەگەڵ باس بکەیت؟ مایڵز کاگینز: کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان و ئەپیکور هەمیشە ئامادە بوون و ویستوویانە لە بەغدا وەزیری نەوت و لە هەرێمی کوردستان وەزیری سامانە سرووشتییەکان ببینن. رووداو: ئایا هیچ دیدارێک لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقدا لە بەرنامەی کاردا هەیە؟ مایڵز کاگینز: ئێستا هیچ دیدارێک لە بەرنامەی کاردا نییە، بەڵام ئێمە زۆر راگەیێندراو لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دەبینین دەڵێن کە پرۆپۆزەڵ لەسەر مێزە و، جارێکیش وەزیری نەوتمان بینی گوتی لە سێ رۆژدا نەوتەکە دەڕوات. ئێمە لە ئەپیکور دەزانین کە سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بانگهێشت کراوە بۆ کۆشکی سپی و پێمان وایە ئەو سەردانە دوای رەمەزان لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاردا دەبێت. جا بەر لەوەی بێت بۆ واشنتن، پێویستە سەرۆکوەزیران بودجەیەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابنێت و سیاسەتێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوە و ناردنەوەی نەوت دابنێت. ئەمەیش باوەڕێکە کە زۆر دووبارە کراوەتەوە و لەلایەن گەلێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکاوە پشتیوانی کراوە. رووداو: باشە، کێشەی سەرەکیی ئێوە لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا چییە؟ بۆچی دەڵێن نەوت لە سێ رۆژدا دەڕوات، بەڵام دوای سێ رۆژەکە ئەوە روو نادات؟ کێشە سەرەکییەکە چییە؟ بۆچی ئێوە ناتوانن لەگەڵیاندا چارەی بکەن؟ مایڵز کاگینز: حکومەتی ناوەندیی عێراق ئەوەی پیشان داوە کە دەیەوێت هەرێمی کوردستان سەرکوت بکات. ئێمە ئەمە بە چەند شێوەیەکی جیاواز دەبینین. ئەمە لەلایەن ئەوانەوە دەبینین کە بودجە دانانێن. کارمەندان مووچەیان نادرێتێ کە ئەوەیش زیان بە ئابووری دەگەیەنێت. بێتواناییان لە دانانی چارەسەرێک بۆ رۆیشتنی نەوت لە بۆریی عێراق-تورکیاوە زیان بە ئابووریی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. دواجار بینیمان کە گرووپە میلیشیاییە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران بە درۆن هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و بە دڵنیاییەوە کوشتنە کارەساتبارەکەی پێشڕەو دزەیی و منداڵەکەیشیمان بینی. رووداو: ئایا پێم دەڵێیت کە حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات پاساو بهێنێتەوە و هەموو ئامرازێک بەکار دەهێنێت تا نەهێڵێت هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە نەوت هەناردە بکاتەوە؟ ئەوەیش لەبەر ئەوەیە کە دەیانەوێت گوشار لە هەرێمی کوردستان بکەن یان لەبەر ئەوەیە دەیانەوێت ئەم کێشەیە جارە بکەن؟ مایڵز کاگینز: ئێمە گەلێک قسە وبۆچوونمان لە بەغداوە بیستووە. ئێمە ئامادەین کە ئەو گوتانە ببنە کردار، چونکە دەبێت وەڵامەکە سادە بێت. ساڵیک لەمەو بەر کاتێک نەوت لە بۆریی عێراق-تورکیاوە دەڕۆیشت هەموو شتێک باش بوو. مانگانە ملیارێک دۆلار بۆ عێراق دەهات. پارە بۆ بودجە هەبوو. کەچی ئێستا دوای ساڵێک زیانەکە زیاد بووە، زیاتر لە 10 ملیار دۆلار لە دەست دراوە. هەزاران کەس کە لە هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەنوتدا کاریان دەکرد بێکار بوون و کاریان نەماوە. جا بە فرۆشتنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە دەتوانرێت هەر کێشەیەکی بودجە چارەسەر بکرێت. رووداو: با بێینەوە بۆ واشنتن. ئایا لەسەر ئەو کێشەیە لە رۆژانی داهاتوودا چاوەڕێی هیچ نامە یان نێردراوێکی کۆنگرێس بۆ کۆشکی سپی و کۆنگرێس دەکەن؟ مایڵز کاگینز: نووسینی نامە کاری ئەندامانی کۆنگرێسە، بەڵام لە رێگەی هەندێک لە دیدارەکانمەوە دەزانم کە هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس قسەیان لەسەر ئامادەکردنی نێردراو بۆ کۆشکی سپی کردووە. جا ئەمەیش پرسێکە پەیوەندیی بە هەردوو حیزبەکەوە هەیە. کۆمارییەکان و دیموکراتەکان گرنگیی پێدەدەن. بینەرانتان، ئەو کەسانەی لە سلێمانی و هەولێر و چۆمان و ئامێدییەوە سەیری رووداو دەکەن، دەبێت ئەمە بزانن کە ئێمە لە کۆنگرێسی ئەمریکادا زیاتر لە 40 ئەنداممان هەیە کە پێیان دەگوترێت کوتلەی کوردی. ئەمانە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکان کە بایەخ بە خەڵکی کورد و کاروباری کورد دەدەن. ئەوانە پشتیوانی ناردنی پارەن بۆ پێشمەرگە. ئەوان پشتیوانی وەبەرهێنان و وەبەرهێنانی ئابوورییانەی ئەمریکان لە هەرێمی کوردستان. جا ئێمە قسە لەگەڵ هەر هەموویان دەکەین و هانیان دەدەین نامەیەک ئامادە بکەن و راگەیێندراویان هەبێت و بۆ پشتیوانیی خەڵكی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانیی سەرۆکوەزیران و کۆشکی سپییەوە بکەن. رووداو: ئایا پێت وایە ئەم شەڕە شەڕێکی دۆڕێنراوە؟ یان هێشتا هیوا هەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتووی نزیک یان ناوەند یان دووردا نەوت هەناردە بکاتەوە؟ مایڵز کاگینز: ئێمە هەموو رۆژێک دەجەنگین لە پێناو ئەوەدا هەرچی زووە نەوت بچێتەوە ناو بۆرییەکان. جا ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە ئێمە پێمان وایە ئەمە پرسی مافەکان و رێزگرتن لە دەستوورە. دەستووری عێراق کە دەڵێت هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئابوورییەکی بەهێزی هەبێت و هەموو خەڵکی عێراق بەشداری پێبکات. لەلایەن کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکانەوە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە. ئەو کەسانەی تەمەنیان هەیە و سەیری تەلەڤزیۆنەکەتان دەکەن دەزانن کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان هیچ ئابوورییەکی نەوت نەبوو. جا کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە و ئەوەیش یارمەتیی هەرێمەکەی داوە بگەشێتەوە و، ئێمەیش دەمانەوێت ببینین هەرێمی کوردستان لە گەشەکردن بەردەوام بێت و لە ناوچەیەکدا کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرنجڕاکێشە، ببێتە منارەیەکی رووناکی. رووداو: دوایین پرسیارم دەپرسم. لە رۆژانی داهاتوودا جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا تەیلەر، سەردانی عێراق دەکات. چی لە سەردانەکەی چاوەڕێ دەکرێت؟ ئەی دەتەوێت وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ هەریەکە لە هەولێر و بەغدا و ئەنقەرەدا چی بکات بۆ ئەوەی چارەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە؟ مایڵز کاگینز: ئەم هەفتە لە واشنتن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کە هات، سەردانی وەزیری دەرەوەی کرد. هەروەها دیداری لە کاپیتۆڵ هیڵ و کۆشکی سپییش هەبوو. پێم وایە لەگەڵ پنتاگۆنیش هەیبوو. هەروەها دەبینین کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و سیناتۆرەکان دەچنە بەغدا و هەولێر. بۆیە گفتوگۆی زۆر هەیە و، ئێمەیش پێمان وایە تا گفتوگۆی زیاتر لەنێوان واشنتن و بەغدا و هەولێردا هەبێت، چارەسەری زیاتر دەبێت. بۆیە پێم وایە سەردانی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە نیشانەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا پێداگرە لەسەر هەبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا. رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز مایڵز کاگینز کە لەگەڵمان بوویت. مایڵز کاگینز: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/04032024
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بە رووداوی راگەیاند، وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێی راگەیاندووە، بەمنزیکانە گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی نێوان هەولێر - ئامەد دەستپێدەکاتەوە. محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، میوانی بووڵتەنی ئەمڕۆ 16ـی شوباتی 2024ـی باکووری کوردستان و تورکیای رووداو بوو و لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتیی راستەوخۆی ئاسمانیی نێوان هەولێر- ئامەد، هەناردەی ئامەد بۆ باشووری کوردستان، ئاڵنگارییەکانی بەردەم بازرگانیی نێوان باکوور- باشووری کوردستان و ڤیزە و چەندین پرسی دیکە دوا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. محەممەد کایا بە رووداوی راگەیاند، بەمنزیکانە گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی نێوان هەولێر و ئامەد دەستپێدەکەنەوە و کارئاسانی زیاتر لەبارەی بازرگانیکردنی نێوان ئامەد و هەولێر دەکرێت؛ باسی لەوەشکرد بۆ نەهێشتنی ڤیزە یان کەمکردنەوەی نرخەکەی و ئاسانکردنی پێدانی ڤیزە، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا راستەوخۆ گفتوگۆ دەکات و بۆ چارەکردنی ئاڵنگارییەکانی بازرگانیی نێوان باکوور و باشووری کوردستان، لەگەڵ جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا قسە دەکات. دەقی هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد: رووداو: دوای هەوڵێکی زۆر بڕیاردرا گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی نێوان هەولێر- ئامەد دەست پێبکاتەوە. کەی دەستپێدەکاتەوە؟ محەممەد کایا: تاوەکو ئێستا رۆژێکی دیاریکراوی بۆ دانەنراوە، بەڵام لە دیدارمان لەگەڵ وەزیرمان، زانیاری پێداین کە بەمنزیکانە دەست پێدەکاتەوە. رووداو: دیدارێکی تایبەتتان لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆککۆمار هەبوو، جەودەت یڵماز چ بەڵێنێکی پێدان؟ محەممەد کایا: ئێوەش دەزانن، بەڕێز جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمارە و بەرپرسی دێسکی ئابوورییە. بەڕێزیان کەسی دووەمی تورکیان و کەسایەتییەکە زۆر شارەزای ناوچەکەیە و پێشتریش پەرلەمانتار بووە لە بازنەی دیاربەکر و وەزیری پێشووتر بووە لە کابینەی حکومەت؛ زۆر بە ئاسانی گفتوگۆ و دیالۆگمان لەگەڵ بەڕێزیان دەبێت؛ هەروەها بەڕێزیان باش دەزانن کە 55٪ـی کۆی هەناردەی ئامەد بۆ هەرێمی کوردستانە و باش دەزانێت زۆربەی بازرگانەکانمان وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان هەیە. لەپاڵ ئەوەش، باش دەزانێت کە بازرگانانی کورد کە بۆ کارکردن دێنە دیاربەکر و ئەم ناوچەیە، بەتایبەتی گەشتیاریی تەندروستی بەردەوام کێشە و گرفتیان هەیە و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەی کردووە و دەکات. بەسوپاسەوە، هەمیشە گوێ لە گرفت و ئاستەنگەکان دەگرێت و ئەمڕۆش کە سەردانی دیاربەکری کرد، لەنێو گوتارەکەیدا موژدەی ئەوەی پێداین کە سەرجەم گرفتەکان چارەسەر دەکات. ئێمەش لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەڕێز جەودەت دەکەینەوە و مژاری دیدارەکەمان تایبەت دەبێت بە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر- دیاربەکر و پێکەوە باس لە میکانیزمی زیادکردنی قەبارەی بازرگانی و هەناردەکاریمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین. رووداو: پێشتر ئەم گەشتە ئاسمانییانە هەبوون. هۆکاری هەڵوەشاندنەوەیان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ محەممەد کایا: بێگومان لە ئاداری 2019 دەستیپێکردەوە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام نەبوو. چەند هۆکارێکی تایبەتی هەبوون کە ئەرکی ئێمەشە بە وردی چاودێری هۆکارەکان بکەین، بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە بە ئاستەنگ. هۆکاری یەکەم؛ خشتەی کاتی گەشتە ئاسمانییەکان بوو، نە بۆ بازرگانەکانی ئێمە و نە بۆ بازرگانەکانی هەرێمی کوردستان، کاتەکە گونجاو نەبوو. هۆکاری دووەم؛ پێویستە پاڵپشتی لەم جۆرە گەشتە ئاسمانییانە بکرێت، بە واتایەکی دیکە پێویستە ئەو فڕۆکانەی لەنێوان هەولێر و دیاربەکر گەشتەکان ئەنجام دەدەن، ئەو فڕۆکانە بن کە دەتوانن گەشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتیش بکەن، بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان بکرێت کاتێک ئەو فڕۆکەیە بەکاردەهێنن، بتوانن لە هەولێرەوە بچنە دیاربەکر، ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ و ئەڵمانیا بۆ نموونە. ئەگەر ئەوە نەکرێت، هەمیشە رووبەڕووی کێشە دەبینەوە. هۆکاری سێیەم؛ ڤیزەیە. کاتێک بازرگانێکی هەولێر و هەرێمی کوردستان دەیەوێت بچێتە نەخۆشخانەیەکەی دیاربەکر، پێویستە لە دەروازە سنوورییەکاندا کارئاسانی زۆری بۆ بکرێت و ڤیزەی خێرا بە خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی بدرێت. نابێت مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزە درێژخایەن و بێزارکەر بێت. هۆکاری چوارەم؛ گواستنەوە و گەیاندنە. پێویستە لێرە بۆ هەولێر و پێچەوانەکەشی لە رووی گواستنەوە و گەیاندن ئاسانکاریی زۆر بکرێت بە رادەیەک کارگۆی ئاسمانیشی بۆ دابین بکرێت و بەمەش بازرگانەکانی هەردوولایەن ئاسوودە دەبن و بیر لە ئەڵتەرناتیڤی دیکە ناکەنەوە. لە گەشتە ئاسمانییەکانی پێشوودا هەموو ئەم بابەتانە فەرامۆش کرابوون و ئەوەش نیگەرانی لای بازرگانییەکان دروست کردبوو و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان. لێرەوە بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بە پێشهاتە سیاسییەکان ناکەم، بەم دواییانە بەهۆی گشتپرسییەوە پەیوەندییەکان لە ئاستێکی خراپدا بوون، بەڵام ئێستا لە قۆناخێکی زۆر باشدان و پەیوەندییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدا دەبینرێن. هەردوولایەن سەردانی یەکدی دەکەن و ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە. دەبێ ئەم پەیوەندییە باشەی ئێستا بقۆزرێتەوە بۆ چارەکردنی ئەو هۆکارانەی بوونە ئاڵنگاری و کێشە لە بەردەم کاروبارەکانمان. ئەگەر هەموو ئەو بابەتانە رێکبخرێنەوە، بە دڵنیاییەوە گەشتە ئاسمانییەکانیش رێکدەخرێنەوە و بێ هەڵوەشاندنەوەیان بەردەوام دەبن. ئێمەش وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دیاربەکر، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوامبوونی گەشتە ئاسمانییەکان رادەگەیێنین و هەر شتێک بە ئێمە بکرێت بۆ باشترکردنی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان، بە سوپاسەوە دەیکەین. ئەگەر بێتوو گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی نێوان هەولێر و دیاربەکر بەردەوام بن، ئێمەش ئامانجە بازرگانییەکانمان دەپێکین و دەگەینە لووتکە و بازنەی مامەڵە بازرگانییەکانمان فراوانتر دەکەین. رووداو: نرخی ڤیزەی تورکیا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڤیزەی شنگن گرانترە، چ هەوڵێکتان هەبووە بۆ چارەکردنی پرسی ڤیزە؟ محەممەد کایا: لە راستیدا دوای ئەم لێدوانە یەکەم هەنگاومان بەو ئاراستەیە دەبێت. پێشتریش لەگەڵ وەزیری دەرەوەمان، گفتوگۆمان لەسەر ئەم بابەتە کردبوو. ئەمڕۆ هاووڵاتیانی وڵاتانی باڵکان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەدیرنە و تەکیرداغ زۆر بەشێوەیەکی رێکخراو و ئاسان هاتووچۆ دەکەن. پێویستە لەگەڵ وڵاتی برا و دۆستمان کە عێراق و هەرێمی کوردستانە، هەمان ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی هاتووچۆ رێکخراو بێت. بەمنزیکانە داوای دیدارێکی تایبەت لەگەڵ بەڕێز وەزیری دەرەوەمان دەکەین و لەگەڵ بەڕێزیان رووبەڕوو گفتوگۆ لەبارەی ئاسانکردنی پێدانی ڤیزە دەکەم؛ گرنگی و بایەخی ئاسانکردنی ڤیزە بۆ هەرێمی کوردستان روون دەکەمەوە و پێی دەڵێم، هەولێر لە هەموو روویەکەوە شارێکی زۆر گونجاوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ دیاربەکر. خەڵکی هەولێر پێیان باشترە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکانیان سەردانی نەخۆشخانەکانی دیاربەکر بکەن، نەک ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ. ئەوان بە زمانێکی هاوبەش پێکەوە ئاخاوتن دەکەن و لەیەکدی تێدەگەن و ژینگەیەکی گونجاوی هاوبەشیان هەیە؛ بۆ کاری بازرگانیش بەهەمان شێوە بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکیان هەبێت، سەردانی دیاربەکر دەکەن و لەگەڵ بازرگانانی دیاربەکر کاردەکەن. بۆیە زۆر گرنگە بە زووترین کات پرسی ڤیزە چارەبکەین. ئێمەش دەزانین بۆ وەرگرتنی ڤیزەی ئاسایی و ڤیزەی نەخۆشیش کێشە هەیە و بە مامەڵەیەکی زۆر قورس و درێژخایەن تێدەپەڕێت. هەروەها بەڵگەی زۆرمان لەبەر دەستە کە پێدانی ڤیزە چەند دواخراوە. سەرجەم بەڵگەنامەکان دەخەمە پێش وەزیری دەرەوە و راستەوخۆ داوای لێدەکەم ئەم کێشەیەمان بۆ چارەبکات. ئەگەر ئەم کێشانە چارەبکەین، دەتوانین کێشەی گەشتە ئاسمانییەکانیش کۆتایی پێ بهێنین و گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی زیندوو بکەینەوە و بەردەوامیشی پێ بدەین. لەم نێوەندەشدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەناردەکاریشمان زیاتر دەبێت. رووداو: هەوڵەکانتان بۆ نەهێشتنی ڤیزەیە یان کەمکردنەوەی نرخەکەی؟ محەممەد کایا: پرسی ڤیزە زۆر گرنگە، ئەگەر بێتوو ڤیزە نەمێنێت و رێکارێکی زۆر ئاسانی بۆ دابنرێت، بۆ هەردوولامان زۆر باش دەبێت. ئەگەر بێتوو سەرەتا ئێمە بێ ڤیزە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین، دەتوانین لە بەرامبەردا بەبێ ڤیزە بازرگانانی هەرێمی کوردستانیش بێنە دیاربەکر. راستە ئەم بابەتە لەم قۆناخەدا بەهۆی کێشەی کۆچ و پەنابەرانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سەختە، بەڵام لانیکەم وەک بەڕێزتان ئاماژەتان پێکرد، پێدانی ڤیزە هەرزان و ئاسان بکرێت. لە رابردوودا ئەمە کرا، لە دەروازە سنوورییەکاندا مامەڵەیەکی زۆر خێرا و ئاسان و بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم ڤیزە بە هاووڵاتییان دەدرا. ئەم پرسە بە رێککەوتنی هاوبەشی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەکرێت چارەی بۆ بدۆزرێتەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین، بتوانین رێکارێکی جیاواز بگرینەبەر بۆ هەرزان و ئاسان دابینکردنی ڤیزەیە. رووداو: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەولێر-ئامەد چەندە؟ کرانەوەی گەشتە ئاسمانییەکان تا چەند هۆکارە بۆ باشکردنی کاری بازرگانی و بازرگانان؟ محەممەد کایا: سەیربکەن، ئێمە لەگەڵ هەولێر و هەرێمی کوردستان دوو جۆر بازرگانیمان هەیە. یەکەمیان؛ هەناردەی راستەوخۆیە. ئاماری کانوونی دووەمی هەناردەکاری ئامەد راگەیێندرا. سەرباری ئەوەی هەناردەکاریمان لەو ماوەیەدا بەرێژەی 20 ٪ دابەزیووە، بەڵام قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی زیادیکردووە. 55٪ـی کۆی گشتیی هەناردەی کاڵای دیاربەکر بۆ هەرێمی کوردستانە. دەرەنجام ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن کە عێراق و هەرێمی کوردستان ئامانجی یەکەمی بازرگانیی دەرەوەی دیاربەکرن و پێویستە ئەم رێژەیە زیاد بکەین و دڵنیام دەتوانین زیادی بکەین. دووەمیان؛ کاتێک سەیری بازاڕی هەولێر دەکەین، زۆربەی براندە بەناوبانگەکانی تورکیا و دیاربەکر لە هەولێر بەدی دەکرێن. کۆمپانیاکان لقیان لە هەولێر هەیە و کاری زۆر باش دەکەن. ئەگەر تۆ پێنج کاژێر یان 10 کاژێر بازرگانی هەرێمی کوردستان لە دەروازەی خابوور و لە بەرامبەردا بازرگانی ئێمە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل رابگریت و بە مامەڵەیەکی زۆر قورس و ئاڵۆز تێپەڕێت، دڵنیابن قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییمان هەرگیز فراوان نابێت و گەشە ناکات. زۆر بەداخەوە، یەک دەروازەمان هەیە و ناچارین تەنیا بەو دەروازەیەدا هاتووچۆ بکەین. هەرچەندە نیازپاکی زۆر نیشان دەدەین، بەڵام ناتوانین ئەم دۆخە خراپە تێپەڕێنین. بۆیە کارگۆی ئاسمانی رێگەخۆش دەکات بۆ گەشەکردنی ئابووری و بازرگانەکانمان لقی زیاتر بۆ کۆمپانیاکان و کۆگانیان دەکەنەوە و بازنەی چالاکییە بازرگانییەکانیشیان فراوانتر دەکەن. ئاسانکردنی هاتووچۆ، زەمینە بۆ گەشەپێدانی ئابووری خۆشتر دەکات. با نموونەیەکی دیکەت بۆ باس بکەم، بازرگانێکی ئامەد بۆ ئەوەی سەردانی هەولێر بکات، دەبێ بچێتە ئیستەنبووڵ، شەوێک لەوێ بمێنێتەوە و بۆ رۆژی دواتر نیوەی شەو دەگاتە هەولێر. بۆ گەڕانەوەش هەمان شت دەکات و سێ رۆژ تەنیا لە رێگە بەسەر دەبات. بەڵام ئەگەر بێتوو گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی هەولێر- دیاربەکر کارا بکرێتەوە، هاتووچۆ زۆر ئاسانتر دەبێت و هەردوولایەن ئاسوودەتر دەبن. رووداو: دەروازەی رووبارۆک لە جۆلەمێرگ کراوەتەوە کە تەنیا بۆ هامووشۆی گەشتیارانە. ئەگەر لە داهاتوودا بایەخی زیاتر بەم دەروازەیە درا، ئەرکی دەروازەی خابوور سووک ناکات؟ محەممەد کایا: بە تەنیا زیادکردنی ژمارەی دەروازەکان کێشەکە چارەسەر ناکات. هەردوو وڵات پلانی تایبەتی هاتووچۆی نێوانیان هەیە. ئەگەر بێتوو هاتووچۆی بازرگانی لەگەڵ پلانی هاتووچۆی نێوان هەردوو وڵاتدا نەگونجێندرێت، بەدڵنیاییەوە تەنیا بە زیادکردنی ژمارەی دەروازەکان، بازرگانی گەشە ناکات. دەکرێ ئەم بابەتە بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوولا باشتر بکرێت، بەڵام سوودی بۆ بازرگانیی گشتیی نێوانیان نابێت. گرنگ ئەوەیە هەردوو وڵات بەپێی پلانێکی هاوبەشی خۆیان دەروازەیەکی نوێ بکەنەوە. ئێستا لە جۆلەمێرگ دەروازەیەکی سنووری بکرێتەوە و هەوڵ بدرێت هاونیشتمانیان پێیدا تێپەڕن و هاتووچۆی بارهەڵگرەکان رێکبخەن، ئەمە لەم قۆناخەدا زۆر ئەستەمە، چونکە لێرەدا نرخی شتەکان زیاد دەبێت و ئەمەش زیان لە کاڵاکان دەدات. بۆیە هاونیشتمانییان و بازرگانان زۆر بایەخ دەدەنە ئەو دەروازە سنوورییانە کە راستەوخۆ بیانگوازێتەوە زاخۆ، دهۆک و ئەو ناوچانەی مەبەستیانە و پێچەوانەکەشی راستە. بەڵام دەروازەیەک لەم هەموو خزمەتگوزارییە بێبەشت بکات، ئەوە سوودی نابێت و تەنیا سوودی بۆ ناوچە هاوسنوورەکان دەبێت. ئەگەر نیاز هەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی دەروازە سنوورییەکان، پێویستە بەرپرسانی هەردوولایەن کۆک بن لەسەر ئەوەی دەروازەیەکی سنووری نوێی نزیک لە خابوور- ئیبراهیم خەلیل بکەنەوە بۆ ئەوەی قەرەباڵخییەکەی سەر خابوور-ئیبراهیم خەلیل کەم بێتەوە. رووداو: فراوانکردنی دەروازەی خابوور باشترە یان کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی نزیک لە خابوور؟ محەممەد کایا: مەرجە دەروازەی خابوور فراوانتر و گەورەتر بکرێت. ئێستا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بەتێکڕا لەگەڵ عێراق 14 ملیار دۆلارە و بەردەوام لە رێگەی رووداو پێداگری لەم بابەتە دەکەم و گوتوومە، ئەم گوژمەیەی ئێستا لە ساڵی 2014 تۆمارمانکردووە و دوای 10 ساڵ دووبارە توانیومانە بیگەیێنینە ئەم ئاستە. دووپاتی دەکەمەوە، لە تواناماندایە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان بگەیێنینە 50 ملیار دۆلار. ژێرخانی هەردوو وڵات بۆ گەیشتن بەم ئاستە زۆر گونجاوە. ئەگەر بێتوو سەیری هاوردەکارییەکانی تورکیا بکەین لە عێراق و بەپێچەوانەشەوە هەناردەکاریی تورکیا بۆ عێراق لێکدانەوەی وردیان بۆ بکەین، دەتوانین بیگەیێنینە ئەو ئاستەی کە مەبەستمانە. ئەگەر بێتوو توانای فراوانکردن و گەورەترکردنی خابوور دەستەبەر نەکرێت، مەرجە دەروازەیەکی نوێ لە نزیک خابوور بکرێتەوە. ئێستا دەروازەی خابوور بۆ کرانەوەی بازرگانەکانمان بە رووی عێراق و هەرێمی کوردستان گونجاوترین دەروازەیە. کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی نوێی نزیک لە خابوور، باشترین و گونجاوترین چارەیە. بەپێچەوانەوە، کاڵایەک لە غازی عەنتاب و مەرسین و کۆنیا بەڕێبکەوێت و بەرەو جۆلەمێرگ بیگوازیتەوە و لەوێش بیگوازیتەوە هەرێمی کوردستان، ئەوە لە رووی لۆجیستییەوە زیان و بەسەربردنی کاتێکی زۆرە و دەستی رکابەرەکانی تورکیا بەهێزتر دەکات، دەرەنجام ناتوانین کاڵای زیاتر بەرەو کوردستان بنێرین. بۆیە هەمیشە پێداگری لە کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ لە نزیک خابوور دەکەین. باشتر وایە لە پاڵ فراوانکردنی خابوور، دەروازەیەکی نزیکیش لە خابوور بکرێتەوە. رووداو: هەرێمی کوردستانیش دەخوازێت دەروازەی خابوور-ئیبراهیم خەلیل فراوان بکرێت، بەڵام لایەنی تورکیا بە نیازە دەروازەیەکی ئەڵتەرناتیڤ بکاتەوە و هەرێمی کوردستان فەرامۆش بکات. بۆچی تورکیا قبووڵ ناکات دەروازەی خابوور فراوان بکرێت؟ محەممەد کایا: بەڵێ راستە، وایە. ئێمەش گوتوومانە دوای گشتپرسی ئەو هەڵوێستەی تورکیا راست نەبوو. هەروەها پەیوەندییە سیاسییەکانیش نەگەیشتنە ئەو ئاستەی هەمووان پێشبینییان بۆ دەکرد و چاوەڕێی بووین. ئەگەر بێتوو دەروازەیەکی سنووری نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا بکرێتەوە، هەردوولایەن قازانجی زیاتر دەکەن. ئەگەر بیر لەوە بکرێتەوە تەنیا لایەنێک قازانج بکات و لایەنی بەرامبەر سوودمەند نەبێت، هەرگیز ناگەینە ئەو خاڵە و ئامانجەی مەبەستمانە. ئێستا بەمدواییانە هەنگاوێکی تۆکمە هەیە بۆ گەیاندنی کاڵای چینی بۆ تورکیا و گواستنەوەی بۆ هەموو جیهان، ئەویش لە رێگەی کردنەوەی رێگەیەکی نوێی وشکانییەوە. پێش تەواوبوونی ئەم رێگەیە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا لەسەر ئەوە رێکبکەون کە دەروازەیەکی هاوبەش بکەنەوە و سوود لەم رێگە نوێیەی وەربگرن و پێکەوە قازانج بکەن. ئێمەش دەستمانکردووە بە کۆبوونەوە و دیداری تایبەت و پێداگری لەوە دەکەین کە هەرگیز نابێت دەروازەیەک بکرێتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرامۆش بکات، ئەمەش راست نییە. ئێستا بارهەڵگرەکان لە خابوورەوە بەرەو ئیبراهیم خەلیل و بەپێچەوانەشەوە بێ هیچ کێشەیەکی ئەمنی و بەشێوەیەکی زۆر رێکخراو تێدەپەڕن و هامووشۆی یەکدی دەکەن و کاڵاکان دەگەنە ئەو شوێنەی بۆیان دیاریکراوە. ئەم ژینگە سەقامگیرەی ئێستا بەردەستە، بۆچی دەست بۆ کارێکی مەترسیدار ببرێت کە رەنگدانەوەی خراپ و نەرێنی لەسەر دۆخی بازرگانی ئێستاش هەبێت؟ بازرگان لە ژینگەیەکی نائارام کارناکات و دەیەوێت دڵنیاببێتەوە لەو کاڵایەی دەینێرێت. بۆیە پێویستە هەردوولایەن کۆک بن لەسەر شێوازێکی نوێ کە لە بەرژەوەندیی هەردوولایەندا بێت بەپێچەوانەوە کارێکی هەڵە دەبێت و ئەم هەڵەیەش لە رابردوودا کراوە و زیانی بە ئابووری هەردوولایەن گەیاندووە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/16022024
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، پێویستە پارتی و یەکێتی وردتر لە گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی بە لێکتێگەیشتن بگەن هەروەها باس لەوە دەکات ئەوان لەگەڵ ئەوەدان "پێداچوونەوە بە رێککەتنەکانیشدا بکرێت و زەمینەسازی بۆ رێککەتنێکی نوێتر بۆ کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بۆ بابەتی پێکەوەبوون یان جۆرێک لە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ قۆناخی دوای هەڵبژاردنیش لەگەڵ برایانی بەڕێزی یەکێتی ئەنجام بدرێت". ئەمڕۆ (شەممە 15-07-2023) هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ''پێویستە لەگەڵ یەکێتی وێڕای ناکۆکی و جیاوازییەکانمان، بەردەوام لە پەیوەندییدا بین و لێکتێگەیشتن و گفتوگۆمان هەبێت و بتوانین خاڵە هاوبەشەکانمان زیاتر بکەین''. دوایین ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی دوای ئەوەی دێت، کە بافڵ تاڵەبانی و شاندی یەکێتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان 9-7-2023 چوونە پیرمام، ئەجێندای کۆبوونەوەکەشیان نزیکبوونەوەی رێککەوتن بوو لەسەر لیستێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی هەمان رۆژی کۆبوونەوەکە، میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند "یەکێتی نە قەوارەی وەک جاران ماوە، نە کیانەکەی لە رووی سیاسییەوە، نە قەبارەی وەک جاران و نە دەنگی"، ئەم گوتانەش بافڵ تاڵەبانیان توڕە کرد و بەئاشکرا بە پارتی گوت "چیدیکە بێدەنگ نابین و قبووڵی ناکەین". چارەسەرنەبوونی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەکاتێکدان، بڕیار بوو 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، کۆمسیۆن و ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان، دواتر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، کە ئەویش لە 30-5-2023 دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا درێژکردنەوەکە نادەستوورییە، بۆیە ناکۆکییەکانیان هەتاوەکو ئێستا بەردەوامن. سەبارەت بەوەی کۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی کوردستان بکات، هێمن هەورامی دەڵێ "با بە فەرمی پێکەوە داوا لە کۆمیسیۆنی عێراق بکەین کە بیانووی تەکنیکیی نابەجێ نەهێننەوە، چونکە ئێمە پێمانوایە ئەوەی کە باس لەوە دەکات، ناتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا لە 18ـی مانگی 12 بکرێت، بیانوویەکی سیاسییە". ئاشکراشی دەکات "سبەی (یەکشەممە، 16-7-2023) بەپێی زانیاریی ئێمە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوەیان لەسەر ئەو نامەیە هەیە، کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاراستەی کردوون". دەشڵێ "بەڕێز سەرۆکی کۆمیسیۆن دیارە کە نزیکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی کۆمیسیۆن با بفەرموون بە ئەرێنی وەڵامی ئەم نامەیەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدەنەوە، بیانووی سیاسی لەژێر ناوی بیانووی تەکنیکی نەهێننەوە". دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان: رووداو: هیچ هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی لە داهاتووی نزیکدا کۆببنەوە؟ هێمن هەورامی: من، لەگەڵ ئەوەدا نیم کە کۆبوونەوەکان تێکچووبێتن، راستە رەنگە هەندێک بۆچوونی جیاواز لە کۆتایی (دوایین) کۆبوونەوەکەدا دروست بووبێت، بەڵام بەشی هەرە زۆری کۆبوونەوەکە خاڵی زۆر ئەرێنی و رێکوپێکی تێدابوو و گفتوگۆی زۆر بنیاتنەرانە لەنێوان شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کراوە، جۆرێک لە نیگەرانی هەبووە لە هەندێک لێدوانەکان، بەڵام چارەسەر کراوە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، چونکە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان سیاسەتی لاپەڕەی نوێیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەگشتی و لەگەڵ یەکێتی بەتایبەتی و، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان، بەڵام بۆ ئەوەی کە بڵێم کاتێکی دیاریکراو هەبێت، تاوەکو ئەم دەقەیەی کە قسە لەگەڵ جەنابت دەکەم، هێشتا کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو نییە، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە، سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان سیاسەتی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەردەوامیی گفتوگۆکان و دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان و لێکنزیککردنەوەی سەرجەم لایەنەکانە. رووداو: ئێستا کێشەی پارتی و یەکێتی لەسەر چییە؟ هێمن هەورامی: بێگومان پارتی و یەکێتی دوو حیزبی گەورەن و ئێمە دوو سیاسەت و بۆچوونی جیاوازمان هەیە و یەک نین؛ لەبەرئەوەی یەکیش نین، بێگومان جیاوازییەکیش هەیە لەسەر کۆمەڵێک لە مەلەفەکان، بەڵام ئێمە لە پارتی، پێمانوایە ئێستا هەرێمی کوردستان بەگشتی، مەسەلەی کورد لەناوچەکە بەتایبەتی، تایبەتتریش بابەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە قۆناخی دوای تێپەڕاندنی بودجە بۆ ئەم دۆخەی بینیومانە، پێویست بەوە دەکات کە پارتی و یەکێتی لەسەر ئەم مەلەفانە وردتر، رژدتر و باشتر گفتوگۆی بنیاتنەرانە بکەن، بۆ ئەوەی ئەو خاڵانە بدۆزینەوە کە دەکرێت پێکەوە کاریان لەسەر بکەین، رەنگە بۆچوونی جیاوازمان لەوەدا هەبێت کە لە کوێوە دەستپێبکەین، چونکە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، پێمانوایە لە بابەتە ستراتیژییەکانەوە دەستپێبکەین کە بابەتی (حەتمەن) ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە و (حەتمەن) یەکخستنی زیاتری هێز و توانای خەڵکی کوردستانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی لە بەغداوە زیاتر رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە و، بینیمان لە بابەتی گفتوگۆکان لەسەر بودجە هاتوونەتە ئاراوە. رەنگە برایانی بەڕێزی یەکێتی هاوڕا بن لەسەر ئەوەی ئەمانە گرنگن، بەڵام رەنگە ئەوان پێیانوابێت، کە دەبێ لە خاڵی دیکەی پەیوەست بە نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بێت؛ ئێمە لەگەڵ ئەوەداین خاڵەکانی نیوخۆی هەرێمی کوردستانیش گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و پێداچوونەوە بە رێککەتنەکانیشدا بکرێت و زەمینەسازی بۆ رێککەتنێکی نوێتر بۆ کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بۆ بابەتی پێکەوەبوون یان جۆرێک لە لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ قۆناخی دوای هەڵبژاردنیش لەگەڵ برایانی بەڕێزی یەکێتی ئەنجام بدرێت. رووداو:یەکێتی دەیەوێت لە کوێوە دەستپێبکەن؟ هێمن هەورامی: نامەوێت وردەکاریی نێو کۆبوونەوەکە باس بکەم، بەڵام ئەوەی گرنگە، دەبێت بەردەوام بین، نابێ بێ ئومێد ببین، دەبێ بەردەوام بین لەسەر گفتوگۆکان. ئێمە، پێمانوایە بەردەوامیی گفتوگۆکان میکانیزمێکی باشترە بۆ زەمینەسازی، دروستکردنی خاڵی هاوبەش، نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان لەسەر ناوەڕۆکی میکانیزمی چۆنییەتی گەیشتن بەو رێککەوتنانە، پیداچوونەوە بە رێککەوتنەکان و ئەو مەلەفانەی دیکەش کە لەبەردەمماندا هەن، بۆیە با ئەم وردەکارییانە دووبارە بۆ شاندی باڵای هەردوو لایەن جێبهێڵم، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە؛ سیاسەتی ئێمە بەردەوامیی گفتوگۆکان و لێکنزیککردنەوەی هەموو لایەنەکان بەگشتی و بەتایبەتی لەگەڵ برایانی بەڕێزی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە. رووداو: دوای دوایین کۆبوونەوە، هەندێک راگەیێندراوتان بەرامبەر بە یەکدی دەرکردووە، دۆخەکە هێدی بووەتەوە یان هێشتا گرژی هەیە؟ هێمن هەورامی: شتێک هەیە لە سیاسەت پێی دەگوترێت، (یەکبوون و ململانێ، یەکبوون و کێبڕکێ)؛ پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای یەکبوون و ململانێ، یەکبوون و کێبڕکێ دروستبووە، واتا ئێمە لەو قۆناخانەی کە پێویست دەکات، دەبێ جۆرێک لە نزیکبوونەوە و یەکبوونمان هەبێت، بەڵام ئێمە لەبەرئەوەی دوو حیزبی سیاسیی جیاوازین، هەندێک جار ململانێش هەیە، هەندێک جار کێبڕکێش هەیە، بۆیە زۆر ئاساییە، لەڕووی سیاسەتی راگەیاندن و هەڵوێستەوە، کە هەڵوێستێک لەلایەنی بەرامبەرت دەبینیت و پێویست بە روونکردنەوە یان راستکردنەوەی بۆچوونە هەڵەکانی نێو ئەو لێدوانانە دەکات، پێویست دەکات رای گشتیی کوردستانی لێ ئاگادار بکرێتەوە، بەڵام ئەم لێدوانانە و ئەم وەڵامانە نابنە رێگر لەوەی، ئێمە نیازی بەردەوامنەبوونی کۆبوونەوەکانمان هەبێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین، یەکبوون و ململانێ بکەینە یەکبوون و کێبڕکێ، بۆ ئەوەی بتوانین هەندێک بابەت کە لە پارتی و یەکێتی گەورەترە و مەبەست لە بابەتە سەرەکییەکەش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەمە و چۆنییەتی مامەڵەی کوردە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بابەتی پووچەڵکردنەوەی ئەو مینانەی لەنێو یاسای بودجەی عێراقدایە بەو جۆرەی کە تێپەڕیوە؛ هەروەها ئەوەیە کە چۆن هەرێمی کوردستان بتوانێت قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی خۆی بپارێزێت و خۆی بۆ قۆناخەکانی دیکەی داهاتوو ئامادە بکاتەوە. بابەتی ئەو گۆڕانکارییانە لەسەر ئاستی هەرێمی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و کاریگەری لەسەر ئاستی هەرێمی لەسەر نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستانیش جێدەهێڵێت، لێرەدایە، پێویست دەکات وێڕای ناکۆکی و جیاوازییەکانمان، بەردەوام لە پەیوەندیدا بین و لێکتێگەیشتن و گفتوگۆمان هەبێت و بتوانین خاڵە هاوبەشەکانمان زیاتر بکەین و خاڵە ناکۆکەکانمان کەم بکەینەوە یان هەندێکیان پارچەپارچە بکەین و لە بەشێکیان بتوانین چارەسەر بدۆزینەوە، بەڵام نەبینە دیلی ئەوەی کە ئەگەر هەموو بە یەک پاکێج چارەسەر نەکرا، نابێت خاڵەکانی دیکەش دەستیان بۆ ببرێت. رووداو: خاڵی هاوبەشتان لەگەڵ یەکێتی هەیە؟ هێمن هەورامی: ئێمە و یەکێتی دوو هێزی جیاوازین و خاڵی هاوبەشمان ئەوەیە کە دەبێ باوەڕمان بەوە هەبێت قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بپارێزین، دەبێ باوەڕمان بەوە هەبێت؛ یەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت، دەبێ باوەڕمان بەوە هەبێت کە ئەگەر کێشەیەک هەیە، لە نێوخۆی خۆماندا چارەسەری بکەین، نەک بیبەینە بەغدا و بیبەینە، چاتام هاوس و شوێنەکانی دیکە؛ پێموانوایە ئەم خاڵە هاوبەشانە دەبێ جەختیان لێ بکرێتەوە، دەبێ ئێمە پێکەوە پێناسەیەکی هاوبەشمان بۆ قۆناخی ئێستا، شایستەکانی ئێستا و چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییەکان هەبێت، کە ئەمەش بە لێکتێگەیشتن و بە گفتوگۆی بەردەوام دەکرێت و بە دڕدۆنگیی بەرامبەر بە یەکدی ناکرێت. رووداو: بافڵ تاڵەبانی لە چاتام هاوس دەڵێت، دەستی راستی پارتی کارێک دەکات کە دەستی چەپی ئاگای لێ نییە؛ پارتی دەستی چەپ و دەستی راستی هەیە؟ هێمن هەورامی: ئەوەی کە پێویست بکات بەڕێز گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوە و وەڵامدانەوەی داوە، بەڵام شتێک هەیە پێی دەڵێن خەیاڵ پڵاوی؛ لەنێو پارتیدا راست و چەپ نییە، پارتی یەک مەرجەع، یەک بڕیار و یەک مەرجەعییەتی هەیە کە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانییە و راستە لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستاندا پێش وەرگرتنی بڕیاری سیاسی زۆر جار تەتەڵەی زۆر دەکرێت، گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرێت، رەهەندەکانی لێکدەدرێتەوە، خاڵی ئەرێنی و نەرێنی لە وەرگرتنی بڕیارێک یان لە واژۆکردنێکی تایبەتدا هەموو لێکدەدرێتەوە، بەڵام کە بووە بڕیاری سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرجەم پارتی لەژێر چەتری جەنابی سەرۆک و مەرجەعییەتی سەرۆک بارزانیدا مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارە سیاسییە دەکەن، بۆیە من دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوەی، پێیوابێت یان پێشتریش پێیوابووبێت، ناکرێ لە خۆیانەوە سەیری پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن، پارتی یەک مەرجەع و یەک سەرۆکی هەیە. رووداو: یەکێتی دەڵێت هەر کاتێک لێکنزیکبوونەوە دەبێت، بە لێدوانی کەسێک لەلایەنی پارتی لێکنزیکبوونەوەکە تێکدەدرێتەوە، ئەوە راستە؟ هێمن هەورامی: نەخێر راست نییە، سیاسەتی پارتی یەک سیاسەتە و سیاسەتی پارتی سیاسەتی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنە، بۆیە وەکو بەڕێز گوتەبێژی پارتی لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە، ئەگەر ئێمەش حیساب بۆ لێدوانی جیاوازی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی برایانی بەڕێز لە یەکێتی و سەرکردایەتییەکانیان، خەڵک و جووڵەکانیان لە بەغدا و شوێنەکانی دیکە بکەین، نەدەبووایە هیچ کات لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوەمان کردبووایە، بەڵام ئێمە پێمانوایە لەلایەن پارتییەوە سیستمی بەرگریی لەشی پەیوەندیی پارتی و یەکێتی پێویستی بە ڤیتامینی زیاترە و ئێمە هیواخوازی ئەوەین سیستمی بەرگریی ئەم پەیوەندییە لەلایەن برایانی یەکێتیش ڤیتامینی زیاتری پێبدرێت بۆ ئەوەی نەکا ئەگەر لە حاڵەتێکدا بێت، بە ڤایرۆسێکی بچووک یان ئەنفلەوانزایەک کاریگەری لەسەر کۆی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی دروست بێت. ئێمە، پێمانوایە پارتی و یەکێتی دوو حیزبی بەرپرسیاری گەورەن و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی گەورەترمان لەسەر شانە و پێویست بەوە دەکات بە تێگەیشتنی باشتر لە قووڵایی ئەم بەرپرسیاریێتییە مێژووییە، بەرگریی لەشی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لەوە بەهێزتر بێت، کە ئەگەر لێرە و لەوێ بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ کرا، ئیدی کۆی ئەم پەیوەندییانە نەکەوێتە مەترسییەوە، نابێت رێگە بدەین بەوەی کۆی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی وای لێبێت کە خەڵکی کوردستان زیانمەندی سەرەکی بن تێیدا. رووداو: ئەگەر هەموو لایەنەکان ویستی هەڵبژاردنیان هەیە، بۆچی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ناکرێت؟ هێمن هەورامی: من، ناگەڕێمەوە بۆ قۆناخەکانی رابردوو، بەڵام باشترین شت ئێستا کە تۆپەکە لە گۆڕەپانی لایەنە سیاسییە بەڕێزەکانی دیکە و لە گۆڕەپانی کۆمیسیۆنی عێراق و یونامییە، ئەوەیە بەڕێز جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 10ـی مانگی حەوت، نامەیەکی فەرمی بۆ کۆمیسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ناردووە و داوایان لێدەکات لە 18ـی مانگی 11ـدا کە پێشتر بڕیاری لەسەر داوە، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، یان ئەگەر ناتوانن لە 18ـی مانگی 11، بێت، با لە رۆژی 18ـی مانگی 12 لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێت. هەر لایەنێکی سیاسیی دیکەی بەڕێز لە کوردستانیش ئەگەر بەڕاستی وەکو پارتی کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێگری سەرۆکی پارتییە، دەیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، با بفەرموون بە بەیاننامەیەکی فەرمی پشتیوانی لە نووسراوەکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەن و با بە فەرمی پێکەوە داوا لە کۆمیسیۆنی عێراق بکەین کە بیانووی تەکنیکیی نابەجێ نەهێننەوە، چونکە ئێمە پێمانوایە ئەوەی کە باس لەوە دەکات کە ناتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 18ـی مانگی 12 بکرێت، بیانوویەکی سیاسییە، سبەی بەپێی زانیاری ئێمە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوەیان هەیە لەسەر ئەو نامەیەی، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاراستەی کردوون، بەڕێز سەرۆکی کۆمیسیۆن دیارە کە نزیکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی کۆمیسیۆن با بفەرموون بە ئەرێنی وەڵامی ئەم نامەیەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدەنەوە، بیانووی سیاسی لەژێر ناوی بیانووی تەکنیکی نەهێننەوە، چونکە ئێمە پێمانوایە هیچ بیانوویەکی تەکنیکی نییە، نەک ئێمە یونامیش پێیوایە کە لایەنی تەکنیکی هیچ رێگر نییە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بەهۆی ئەوەی کە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق 18 نووسینگەی لە نێو پارێزگاکان هەیە و نووسینگەی دهۆک، هەولێر و سلێمانیی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق سەرقاڵی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق نابن، لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان ناکرێت، کەواتە ئەم سێ نووسینگەیە دەتوانن هاوکار بن لە جێبەجێکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆمان بۆ نووسراوەکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یونامی و سەرجەم لایەنە سیاسییە بەڕێزەکانی دیکە دەکەین پشتیوانی ئەم نامەیە بن، چونکە ناکرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەمە زیاتر دوابکەوێت لەبەر ئەوەی کاریگەری زۆری لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان دەبێت. رووداو: بیانووی سیاسی لە بەغدا ئاراستە دەکرێت یان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە؟ هێمن هەورامی: لە هەر لایەکەوە بێت، ئەگەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بیانوویان ئەوە بێت، هیچ دەرفەتێک بۆ ئەم بەڕێزانە نەماوە، چونکە لەڕووی تەکنیکییەوە هیچ رێگرییەک نییە، لەڕووی یاساییەوە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە بە روونی لەبەر ئەوەی ئەوان قسەیان لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق کردبوو، کۆمیسیۆن بانگهێشتی هەرێمی کوردستان کرابوو و لێرە لەگەڵ یونامی کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ کردبوون و یونامیش پاڵپشت و پشتیوانییەتی، بۆیە ئێستا هیچ بیانوویەکی سیاسی، حەقیقی نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت، بیانووی تەکنیکیش نییە، بەڵام ئەگەر بیانەوێت لەژێر پەردەی بیانووی تەکنیکیدا بڵێن ناتوانین هەڵبژاردنەکان بەڕێوەببەین، ئەمە شەڕپێفرۆشتنێکی سیاسی و بیانووی سیاسییە کە هیواخوازین بە پشتیوانیی لایەنە سیاسییەکانی نێو هەرێمی کوردستان بۆ نامەکەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەو بیانوویە سیاسییە نەدرێتە دەست کۆمیسیۆنی عێراق بۆ ئەوەی ئەوانیش بیانووی تەکنیکییەکە نەکەنە بیانوویەک بۆ ئەوەی رێگر بن لە هەڵبژاردن. رووداو: بۆچوونێکی دیکەش هەیە ئەگەر کۆمیسیۆنی عێراق وەڵامی نەداوە، دادوەرەکان لە هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە بکەن؛ ئەوە دەکرێت؟ هێمن هەورامی: ئێمە، یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانمان هەیە، بەڵام ئێستا بژاردەی ژمارە یەکی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە، چونکە ئێستا پەرلەمان نەماوە، کە ئەویش نەمابێت کەواتە ئێمە لە بۆشایی پەرلەمان داین و لە بۆشایی پەرلەمانیش یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان روون و ئاشکرایە، مادەی 10، بڕگەی پێنجەمی روون و ئاشکرایە، بەڵام ئێمە پێمان باشە و کار لەسەر ئەوە دەکەین، ئێستا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەژێر چاودێریی یونامی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە هەموو رێگرییەکان بۆ ئەوە بێت، کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، سیاسەتی پارتی ئەوەیە؛ نابێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لەوە دوابکەوێت و دەبێ ئەگەر لەو دوو وادەیەی کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نامەکەی بۆ کۆمیسیۆنی عێراق داوای کردووە، ئەنجام بدرێت. ئەگەر کۆمیسیۆن لەم بابەتە هەر نەیەتە پێش، ئەوکاتە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان هەر بڕیارێک پێویست بێت بۆ گەڕاندنەوەی رەوایی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی، بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی پەکی نەخرێت، پێویست بەوە بکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات، هەر میکانیزمێکی یاسایی و سیاسی پێویست بکات، بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای ژمارە یەکی هەڵبژاردن و یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییە بەڕیزەکانی دیکە دەیگرێتەبەر. رووداو: گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەسەر ئەم بابەتە؟ هێمن هەورامی: ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆکانمان لەگەڵ برایانی بەڕێزی یەکێتی و لایەنەکانی دیکە، چونکە دەبێ بیخەینەڕوو، دوو رێگەمان لەبەر دەمە، یان کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بیکات، یان بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان هەنگاوی دیکە بگرێتەبەر. بژاردەی ژمارە یەکی ئێمە ئەوەیە، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەژێر چاودێریی یونامی بە بەکارهێنانی تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتریی عێراق بۆ ئەوەی رەوایی زیاتری ئەم پرۆسەیە هەبێت، هەموو لایەنەکان بە شێوەیەکی شەفافانە بەشدار بن، ئەگەر زانیمان ئەمە رێگریی سیاسی لەسەرە، ئەوکاتە بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان ئەو شتەی کە پێویست بێت، لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەبێ بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی بۆشایی نەبوونی پەرلەمانی کوردستان لەوە زیاتر درێژە نەکێشێت. رووداو: یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق داوای یەک لیستی دەکات، پارتی بۆچی نایەوێت لەگەڵ یەکێتی لە یەک لیستدا بەشدار بێت؟ هێمن هەورامی: بابەتی یەک لیستی بابەتێک نییە کە یەکێتی داوای کردبێت، پارتی لەگەڵ ئەوەیە ناسنامەی کوردستانیی ئەو ناوچانە بپارێزرێت، گرنگ ئەوە نییە پارتی چەند کورسی دێنێت و یەکێتی چەند زەرەر دەکات یان یەکێتی چەند کورسی دێنێت و پارتی چەند زەرەر دەکات، گرنگ ئەوەیە رێژەی دەنگەکانی لیستی پارتە کوردستانییەکان کە لەو ناوچانە بە دەستی دەهێنن، سەلمێنەرەوەی کوردستانیبوونی ئەم ناوچانە بێت، ئەمە بۆ ئێمە گرنگە. لە پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کات قسەمان لەسەر ئەوە نەکردووە ئایا لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پارتی کورسی زیاتر دێنێتەوە یان یەکێتی، یان لە موسڵ پارتی کورسی زیاتر دێنێت یان یەکێتی نایهێنێت، لە دیالە یان لە دوزخورماتوو؛ بۆ ئێمە گرنگە رێژەی سەدیی پارتە کوردستانییەکانە کە پێکەوە جارێکی دیکە سەلمێنەری ئەوە بن، ئەم ناوچانە کوردستانین و مادەی 140 کە جێبەجێ نەکراوە و وێڕای پێشێلکردنی خاڵەکانی، بەڵام کوردستانیبوونی ئەم ناوچانە بسەلمێندرێتەوە، بۆیە ئەمە بژاردەی یەکەمی ئێمەیە. رووداو: بە فرەلیستی، ئەوە دەکرێت؟ هێمن هەورامی: نەتهێشت تەواوی بکەم. لێرە دوو بژاردە هەیە، سیستمی هەڵبژاردنی ئەمجارە لەبەر ئەوەی سانت لیگۆی 1.7ـە، ئەمە کاریگەری دادەنێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین لایەنە تەکنیکییەکانی ئێمە لە بەشی هەڵبژاردنەکانمان، چونکە ئەم بابەتە تەکنیکییە پێش ئەوەی بابەتێکی سیاسی بێت، ئایا یەک لیستییە یان دوو لیستی یان سێ لیستی، تێیدا زەرەرمەند دەبین یان سوودمەند، گرنگ ئەوەیە لایەنە تەکنیکییەکانمان ئەم بابەتانەمان بۆ یەکلایی بکەنەوە، ئەگەرنا لەڕووی سیاسییەوە هەموومان دەبێ کۆک بین لەسەر ئەوەی ناسنامەی کوردستانیی ئەم ناوچانە بپارێزرێت، چۆن ئەم ئامانجە دەهێنرێتە دی، ئێمە ئامادەین و کراوەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەری. رووداو: ئەگەر وا پێویست بوو لەڕووی تەکنیکییەوە لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە یەک لیست بن، چۆن دەبێت؟ هێمن هەورامی: دووبارە جەخت دەکەمەوە؛ ئێمە، هیچ هێڵێکی سوورمان بۆ گفتوگۆکردن و رێککەوتن نییە، بەڵام پێویست بەوە دەکات کۆبوونەکانی هەردوو مەکەتبی سیاسی بەردەوام بن و ئەم بابەتانە بەوردی قسەی لەسەر بکرێت، چونکە تەنیا ئەوە گرنگە بە حیسابێکی ساردی کوردستانییانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بە بەرگێکی حیزبییانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، چونکە بەپێی ئەم سیستمەی هەڵبژاردن کە ئێستا هەیە سانت لیگۆی 1.7، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا یەک لیستی دەتوانێت قازانج بکات؟ چونکە هەندێک شارەزای هەڵبژاردن پێیانوایە یەکلیستی بە حوکمی ئەوەی ئەم سانت لیگۆی 1.7ـە هەیە، ناتوانێت ئەو ئامانجە دەستەبەر بکات کە ئێمە دەمانەوێت و زۆرینەی دەنگ یان زۆرینەی کورسیی ئەو ناوچانە بەدەستبهێنین و رەنگە فرەلیستیش زیانێکی گەورەی هەبێت، بۆیە پێویست بەوە دەکات جۆرێک لە تێگەیشتن هەبێت، (توزیعی ئەدوار) هەبێت و پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش، بەرگە حیزبییەکان فڕێ بدەن و بزانن بۆ کوردستانیبوونی ئەم ناوچانە، چۆن قازانج دەکات، بە یەک لیستییە یان دوو لیستی یان سێ لیستی، یاخود چوونە نێو هاوپەیمانیێتی لەگەڵ ئەو لایەنە عەرەب و تورکمانانەی باوەڕیان بە پێکەوەژیان و جێبەجێکردنی مادەی 140 هەیە، بۆیە ئەم بابەتە وردەکاریی تەکنیکیی زیاتری پێویستە، کە ئێمە هیوادارین لە ماوەی داهاتووی نزیکدا، ئەم بابەتە پێش 31ـی مانگی حەوت یکلایی بکەینەوە. رووداو: کێن ئەوانەی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت شێوەی قسەکردنیان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕاوە؟ هێمن هەورامی: لە بەیاننامەکەمان (راگەیێندراوی دوایین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان) زۆر روون و ئاشکرایە، ئەو رێککەوتنەی واژۆکراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتیی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، رێککەوتن و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی پێ دروستکراوە و لەنێو ئەم هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە (رێککەوتن) واژۆ کراوە، کە کۆمەڵیک خاڵی سەرەکی لەخۆگرتووە. خاڵە هەرە سەرەکییەکان ئەوە بووە؛ ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان بە رێککەوتن لەگەڵیان لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران تێپەڕێندرێن و لە پەرلەمانی عێراقدا پشتیوانیی لێ بکرێت، رێککەوتن لەسەر ئەوە کرابوو، کە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، رێککەوتن لەسەر ئەوە کرابوو؛ بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەو ناوچە کوردستانییانە بگەڕێنەوە، رێککەوتن لەسەر ئەوە کرابوو؛ بابەتی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی دەستبەکاربوونی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بڕواتە ئەوێ، رێککەوتن لەسەر ئەوە کرابوو؛ پێداچوونەوە بە دادگەی فیدراڵیدا بکرێت و دادگەی فیدراڵی لەسەر بنەمایەکی نوێتر و بە تێپەڕاندنی یاساکەی لە پەرلەمانی عێراق بنیات بنرێت، رێککەوتن لەسەر زۆر بابەتی دیکە کرابوو، بەڵام بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی هیچ کوتلەیەکی نییە و تەنیا یەک پەرلەمانتاری لەنێو پەرلەمانی عێراقدا هەیە، کەسێکی راستگۆ بووە، ئەوەی توانیویەتی ئەنجامی بدات، بە راستگۆیانە بە ئێمەی گوتووە، دەتوانم ئەمە ئەنجام بدەم شتێکی نەتوانێت ئەنجام بدات، پێی گوتووین، ناتوانێت ئەمە ئەنجام بدات، گلەییەکانی ئێمە ئاراستەی پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، کە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانیان لەنێو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لیژنەکانی دیکە و پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەکی زۆرتر هەیە، ئەوان پابەندی ئەم جۆرە رێککەوتنە نەبوون و گلەییەکەی ئێمە زیاتر لەسەر پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، نەک سەرۆکوەزیران. رووداو: پێنجشەممەی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی لای سەرۆک بارزانی بوو، ئەم گلەییانەتان لێکردووە؟ هێمن هەورامی: وەکو باسمان کرد، سەردانەکە سەردانێکی نافەرمی بوو، بۆیە من ناچمە نێو وردەکارییەکانەوە. رووداو: ئایا پێشبینی گەڕێکی دیکەی کێشە لەگەڵ بەغدا دەکەن؟ هێمن هەورامی: ئەوەی پێیوابێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کێشە دروست نابێت، پێموانییە واقیعبین بێت، لەبەرئەوەی لە بەغدا جۆرێک لە پاشەکشێ لە جێبەجێکردنی دەستوور هەیە، رێککەوتنەکان وەکو خۆیان جێبەجێ ناکرێن، واقیعێکی تازەتر لە بەغدا دروستبووە کە پێیانوایە دەتوانن دەستووریش پێشێل بکەن و بۆشیان بچێتەسەر، بۆیە ئەوەی پێیوابێت کێشەکان بەمزووانە بە تەواوی هەمووی چارەسەر دەبن و هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە بۆ قۆناخەکانی پێشووتر، پێموانییە ئەمە بۆچوونێکی واقیعبینانە بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا دەکەین، بۆیە ئەوەی گرنگە؛ ئێستا لەسەر ئاستی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بودجە دروستکراوە و لەلایەن حکومەتی عێراقیش لیژنەیەک لەنێو نووسینگەی بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە بۆ بەدواداچوونی چۆنییەتی جێبەجێکردنەکەی. گرنگە ئێمە لە هەوڵەکانی خۆمان بەردەوام بین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لێکتێگەیشتن لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، نزیکبوونەوەی زیاتری پارتی و یەکێتی و مامەڵەمان پێکەوە و دەرهێنانی ئەو بابەتانەی کە پێویست دەکات، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی هەندێک دۆخی نێوخۆیی هەیە کە ئەم گلەییەمان لە برایانی بەڕێزی یەکێتی هەیە کە هێنانی بەغدا و دادگەی فیدراڵی بۆ کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان یارمەتی بەهێزبوونی پێگەی هەرێم کوردستان بەرامبەر بە بەغدا نادات، بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو تەنگەژانەی لە بەغداوە بۆ کۆی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، چونکە ئەو تەنگەژانەی لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، تەنیا بەرامبەر بە پارتی و هەولێر ناکرێن، بەڵکو بەرامبەر بە کۆی خەڵکی کوردستانن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/150720231
بەربژێری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بۆ سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانیی مێردین دەڵێت تورکیا لە سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغان دا زۆر هەنگاوی ناوە و "لەگەڵ هاتنی سەرۆککۆمارمان، هیچ بەربەستێک لەبەردەم برا کوردەکانمان نەما بۆ ئەوەی لەگەڵ کەلتوور، زمان و کەلەپووری کوردی بژین". عەبدوڵڵا ئەرین، بەربژێری ئاکپارتی دەسەڵاتداری تورکیا بۆ سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانیی مێردین لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو دا کە نوێنەر فاتیح لە شاری مێردین پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لەو کاتەوەی لە سەرەتای ئەم سەتەیەوە پارتی داد و گەشەپێدان بووەتە دەسەڵاتداری تورکیا، زۆر هەنگاوی بە ئاراستەی نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەلی کورد ناوە و گوتی "لێرە لە مێردین زانکۆی ئارتوکلو هەیە. لەو زانکۆیەدا بەشی کوردولۆژیمان هەیە و خوێندکارەکان لەژێر چاودێریی مامۆستا پسپۆڕەکان دا فێری مێژوو، زمان، وێژە و هونەری کوردی دەبن". سەبارەت بە قوتابیان لە قۆناخی بنەڕەتی، عەبدوڵڵا ئەرین گوتی "منداڵەکانمان دەتوانن وانەی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە هەڵبژێرن". ئاکپارتی لە مێردین رکابەری سەرەکیی دەم پارتییە و، بەپێی راپرسییەکان دەنگەکانی ئاکپارتی 32 و دەنگەکانی دەم پارتی 56 لەسەتە. دەم پارتی، ئەحمەد تورک و دەڤریم دەمیری بۆ هاوسەرۆکایەتی شارەوانی مێردین بەربژێر کردوون. عەبدوڵڵا ئەرین، کە باوکی کوردە و دایکی عەرەبە، بە تورکی وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە و، لەبارەی رکابەرایەتییەکەیان لەگەڵ دەم پارتیش قسەی بۆ رووداو کرد. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: بەڕێز عەبدوڵڵا ئەرین، پێشتر تۆ پارێزگاری سەمسوور و رووها بوویت. تۆ کەسێکی تەکنۆکراتی و ماوەی سێ ساڵیش راوێژکاری وەزیری ناوخۆی تورکیا بوویت. بەڵێنەکانتان بۆ خەڵکی مێردین چین؟ عەبدوڵڵا ئەرین: دوای پارێزگاری ئورفا، سەرۆککۆمارمان بە گونجاوی زانی کە ببمە بەربژێری سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی مێردین. پڕۆژە و بەرنامەکانمان چی بن، بۆ خەڵکی خۆمان رایان دەگەیێنین. بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان خێراتر گەشە بکات و بەرەوپێشەوە بڕوات و ئەو کەموکوڕیانەی هەن چارەسەر بکرێن، سەرەتا دەمانەوێت لە مێردین و ناوچەکانی زیاتر کار بکەین. ئێوە دەزانن لە مێردین کولتوور و خاوەن بیروباوەڕی جیاواز دەژین؛ کولتووری جیاواز هەن، شوێنکەوتەی ئایینی جیاواز و بیروباوەڕی جیاواز هەن؛ کەسانێک لە نەتەوەی جیاواز لەم خاكەدا پێکەوە دەژین. باوکم کوردە، دایکم عەرەبە، هەموو گەنجێتیم لەنێو ئەو فڕەرەنگییە کولتوورییەدا بەسەربرد. لەپێناو پاراستنی ئەم فرەڕەنگییەدا بەبێ ئەوەی هیچ جیاکارییەک لەنێوان خەڵکی ئێمەدا هەبێت، بەڕێکەوتین. زانیاریی تەواومان لەبارەی شارەکەمان هەیە، کەموکورتییەکانی دەزانین، ئەوەش دەزانین ئەو کەموکورتیانە چۆن چارەسەر دەکرێن و لەم بوارەشدا ئەزموونمان هەیە. لەوانەیە ئەو پرسیارەم لێ بکرێت؛ تۆ کە پارێزگار بوویت، بۆچی داوای سەرۆکایەتیی شارەوانی دەکەیت؟ یەکەم لەپێناو خودا و دووەمیش بۆ ئەوەی بتوانم خزمەتی ئەو شارە بکەم کە تێیدا لەدایکبووم و زۆر کەموکورتی تێدایە. لە مێردین لە دوای 1ـی نیسانەوە 470 پڕۆژەمان دەبن. لەو نووسراوەی لە دەستی ئێوەشدا هەیە، نێوەڕۆکی ئەو پڕۆژانە هەن. 10 ناوچە هەن و لە هەر ناوچەیەک ژمارەی پلاکی مێردین 47ـە، بۆ هەر ناوچەیەک بەڵێنی جێبەجێکردنی 47 پڕۆژەی نوێ دەدەم. ئێمە سیاسەتی خزمەتکردن جێبەجێ دەکەین. ئەمە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانە و بۆ ئەوەش بژاردەی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی هەڵنابژێرین. لەم وڵاتەدا هەموومان خوشک و براین، هەزاران ساڵە بەوشێوەیە بووە. برا کوردەکانمان برای ئێمەن لە ماف دا و ئەوانیش وەک تورکەکان خاوەنی مافی یەکسانن. هەموویان پێکەوە خاوەنی تاپۆی ئەم وڵاتەن. ئێمە سیاسەت لەسەر بنەمای ناسنامە ناکەین. ئەو سیاسەتەی کە لە ساڵانی رابردوودا لەسەر بنەمای ئیتنی کراوە، زیانی بۆ برا کوردەکانمان زیاد بووە و ئەوەمان پێکەوە ئەزموون کردووە. رووداو: رکابەرتان لێرە دەم پارتییە. بڕواتان بەوە هەیە دەتوانن سەرکەوتن بەسەر دەم پارتیدا بەدەستبێنن؟ ئەوان بەربژێرەکەیان بەهێزە و پێشتر دوو جار بووەتە سەرۆک شارەوانی. ئایا ئێوە سەرکەوتن بەدەستدێنن؟ عەبدوڵڵا ئەرین: بەڵێ، جیاوازییەک هەیە، بەڵام هاووڵاتیان تاقیان کردەوە. بۆ ماوەیەکیش شارەوانییان بەڕێوەبرد. بە برا کوردەکانمان و هەموو خەڵکی دەڵێم، ئایا تاوەکو ئەمڕۆ بۆ ژنان، بۆ گەنجان، بۆ کشتوکاڵ، بۆ پیشەسازی و بازرگانی و پێشکەوتن و بەرەو پێشبردنی شارەکە، پڕۆژەیەک و خزمەتێکیان هەبووە؟ نەبووە. بەڵام ئێمە دەڵێین، ئێمە خزمەت دەکەین. بێگومان کەموکورتی هەیە و ئێمەش نایهێڵێن؛ بەڵینەکانمان جێبەجێ دەکەین. سیستمێک کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان مامەڵە بکات، دادەمەزرێنین. ئێمە جیاوازی ناکەین، هەر کەسێک چۆن دەیەوێت با بەوشێوەیە بژی. کۆمەڵگە ئەوکاتە جوان دەبێت. پێویستە مرۆڤەکان بەشێوەیەکی جیاواز بیربکەنەوە، چونکە ئەگەر هەموویان وەک یەک بیربکەنەوە، ئەوە نابێت. رێز لە هەموو رەنگەکان دەگرین و ئەوەی بۆ مێردینیش پێویستە ئەوەیە. ئێمە دەڵێین، ئەوانەی پێشتر هەڵتانبژاردوون و تاقیتان کردوونەتەوە، دووبارە تاقییان مەکەنەوە، چونکە هیچ ئەنجامێکی نابێت. شارەکانی دیکە خێرا پێش دەکەون، بەڵام ئەو شتەی کە بووەتە هۆکار مێردین لەنێو کێشەکانیدا بخنکێت، ئەو هۆکارەیە. پێویستە ئیدی بژاردەیەک هەبێت. کارەکە رادەستی ئەو کەسە بکرێت کە لێی تێدەگات. ئەوە لۆژیکی و راستە. وانییە؟ خوداش واناڵێت؟ دەڵێت، کارەکە لێبگەڕین بۆ خاوەن کارەکە. رووداو: دوا پرسیارم، ئەگەر ئێوە لە هەڵبژاردن دا سەرکەوتن و ببنە سەرۆکی شارەوانی، ئایا پڕۆژە و پلانتان بۆ زمانی کوردی، کولتووری کوردی و چالاکییە کوردییەکان دەبێت؟ عەبدوڵڵا ئەرین: سەبارەت بە کوردی، بە هاتنی سەرۆککۆمارمان، هیچ بەربەستێک لەبەردەم برا کوردەکانمان نەما بۆ ئەوەی لەگەڵ کولتوور، زمان و کەلەپووری کوردی بژین. پێویستە ئەمە ببینرێت. بەڵێ ئەو شتە پێشتر هەبوو، لە تورکیای پێشوودا هەبوو. بۆ ئەوەی بمتوانیایە گوێ لە کاسێتەکانی شڤان پەروەر بگرم، دەمشاردنەوە؛ بەڵام ئەو سەردەمەمان تێپەڕاند. ئەوە لە تورکیای جاران دا بوو و لەوەی ئێستادا نییە. لێرە زانکۆی ئارتوکلو هەیە؛ لەو زانکۆیە بەشی کوردولۆژیمان هەیە، لێرە خوێندن بە زمانی کوردی هەیە. لە خوێندنی باڵادا خوێندکاران و گەنجەکانمان ئەوانەی دەیانەوێت، لە ژێر چاودێریی مامۆستا پسپۆڕەکان فێری مێژوو، زمان، وێژە و هونەری کوردی دەبن. سەیربکەن، لە قوتابخانەکاندا لەگەڵ زمانە بیانییەکانی دیکە وەک عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی، منداڵەکانمان دەتوانن وانەی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە هەڵبژێرن. هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئەوەدا نییە. لە قوتابخانەکان و زانکۆکان، رۆڵەکانمان ئەوانەی دەیانەوێت کوردی فێر ببن، فێر دەبن. لە هەر شوێنێک، بۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بە زمانی کوردی بدرێت، کۆرس دەکرێتەوە و هیچ بەربەستێک لەبەردەمیاندا نییە. ئەمڕۆ لە مێردین یان لە هەر شوێنێکی دیکەی تورکیا، ئەگەر کەسێک تورکی نەزانێت و بیەوێت بە کوردی باسی کێشەکەی خۆی بکات، هیچ بەربەستێک لەبەردەمیدا نییە. ئەو بەربەستانە لە تورکیای پێشوودا بەجێمان و لە تورکیای ئێستادا نابیندرێن. هیچ کەسێک بەهۆی ئەوەی کوردە، رووبەڕووی جیاکاری نابێتەوە و شتێکی لەو جۆرە نەماوە. شتێک کە نییە، پێم بڵێن منیش ئەوکات دەڵێم بەڵێ راستە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت، بەڵام دۆخێکی لەم شێوەیە نییە. من وەک کوردێک دەمەوێت بڵێم، هەندێک کەس بە مەبەست ئاژاوە دەخەنە نێوان کورد و تورکەوە. وەک کوردێک قوتابخانەی ئامادەییم تەواو کردووە، دواتر چوومەتە زانکۆ و بوومە سەرۆک شارەوانی.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/17032024
عوسمان گەلش، سەرۆکی ژووری پیشەسازی شرناخ لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند "ئێستا رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی هەرە باش لە شرناخ و گابار بەرهەم دێت. تاوەکو کۆتایی مانگی 12ـی 2024، بڕەکە دەگاتە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێک دا". ئەوە لە کاتێکدایە زۆرترین بێکاری لە هەردوو پارێزگای شرناخ و جۆلەمێرگە لەسەر ئاستی هەموو تورکیا. سەرۆکی ژووری پیشەسازی شرناخ دەڵێت بوومەلەرزە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی خراپی هەبوو لەسەر دۆخی شرناخ " لە شرناخیش لەنێوان ساڵەکانی 2015-2016 بوومەلەرزەیەکی بێدەنگ روویدا. ناخۆشییەکی گەورەمان تێپەڕاند. 70٪ی شرناخ ئەوکات وێران بوو". عوسمان گەلش، لەوباوەڕەدایە کە هاوبەشیی نێوان شرناخ و هەرێمی کوردستان سوودێکی هاوبەشی بۆ ئابووری و گەنجانی هەردوولا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای هاوبەشی و هاوئاهەنگییەکی هەمەلایەنە دەکات و رەخنە لە زانکۆکانی شرناخ و هەولێر دەگرێت " ئەمڕۆ خەمساردی لەلایەن زانکۆکانیشمانەوە هەیە. ئەوەی شرناخ، هەروەها ئەوەی هەولێر. پێویستە زانکۆکانمان شەش مانگ جارێک کۆبوونەوە بکەن". دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: زۆر لایەنی سیاسی شرناخم بینی، زۆر خەڵکم بینی، هەموویان باسی ئابووری شرناخ دەکەن، وەک سەرۆکی ژووری بازرگانی شرناخ بارودۆخی شارەکە چۆن دەبینن؟ ئێستا لە شرناخ بارودۆخ چۆنە؟ عوسمان گەلش: سەرەتا بەخێربێن. سڵاوی گەرممان لە شرناخەوە، لە هەرێمی جودییەوە بۆ هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سلێمانی دەنێرین. بە دیتنتان زۆر خۆشحاڵ بووین. ئێمە هەردوولا زۆر نزیکین لە یەکدی، بەڵام لە لایەنی ئابوورییەوە زۆر لێک دوورین. ئەمە کەموکورتی ئێمەیە. لەو هەرێمەدا ئەگەر لە بواری بازرگانی دا دەست بخەینە نێو دەستی یەکتر، لە بەرژەوەندی ئێمەدا دەبێت و هەروەها گەنجەکانیشمان، کچ و کوڕانمان، دەرفەتی کاری زیاتریان دەبێت. لەم بوارەدا کەموکورتی لە هەردوولامان دا هەیە. دەمانەوێت هەردوولامان دەست بخەینە نێو دەستی یەکدی. بۆ هەردوولامان شتی ناخۆش هەبووە. لەلای ئێمەش و لەلای ئێوەش. ئەمە بووەتە کەموکورتی بۆ ئێمە و بەهۆیەوە پیشەسازی لە ناوچەکەمان دواکەوت. کە پیشەسازی کەم بوو، کەموکورتی لە کارەکانمان دا دروست بوو. سوپاس بۆ خوا ئەمە 7-8 ساڵە ئێمە لە شرناخ ئاسوودەین و هیچ کێشەیەکمان نییە، ئێمە کاری خۆمان دەکەین. لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی، ئێمە و پارێزگاری شرناخ دەمانەوێت لە سلۆپی دوو هەرێمی پیشەسازی سیڤیل بکەینەوە. رووداو: لە سلۆپی؟ عوسمان گەلش: بەڵێ لە سلۆپی، لە نزیک دەروازەی سنووریی خابوور (ئیبراهیم خەلیل)، بابەتی زەوییەکانیش چارەسەرکراوە. ئێمە دەمانەوێت ئەو وەبەرهێنەرانەی لە سلۆپی، شرناخ، هەزەخ و لە جزیرێ چوونەتە شوێنی دیکە، بگەڕێنەوە ناوچەی خۆیان و کارگەکانیان لە ناوچەکەیان بکەنەوە، ئێمەش دەبینە خزمەتکاریان. بەپێی ئامارەکانی حکومەت، لە بواری بێکاری دا لەسەر ئاستی تورکیا ئێمە و جۆلەمێرگ لە پلەی یەکەمداین. لە رێگەی کەنالەکەتان، ئێمە بە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێین، با براکانمان بێن و پێکەوە کاربکەین. ئێمە لە خزمەتتانداین. مرۆڤ دەتوانێ ببێتە هاوبەشی یەکدی، دەست بخاتە نێو دەستی یەکدی و پێکەوە کار بکات. سنوورەکانمان پێکەوەن، ئێمە کەسوکاری یەکترین، پووری من لە زاخۆیە. ئەمڕۆ جزیر و سلۆپی پێشکەوتوون و بۆ پێشکەوتنی زیاتریش ئامادەن. ئەمە 20 ساڵە دێمە هەولێر، زاخۆ و دهۆک، بە پێشکەوتنی ئەوێش زۆر خۆشحاڵین. پێشتر کە دەهاتین بۆ هەولێر، رێگەکانی زۆر خراپ بوون، ترافیک لایت نەبوو. نەتدەزانی بۆ کوێ بڕۆی؟ ئێستا رێگەکانی باش بوونە. لەم 5-6 ساڵەی دواییدا هەولێر زۆر پێشکەوتووە. ئێمە بە پێشکەوتنی هەولێر زۆر خۆشحاڵین، خوا دەرفەت بدات. بەڵام ئابووری شتێکی جیاوازە، دەبێ ئێمە ئابووریمان بەهێز بکەین. هەرێمی کوردستان و ئێمەش، پێویستە ئابووریمان بەهێز بکەین. ئەمڕۆ لە جیهان دا قەیرانێکی ئابووری هەیە، بەڵام من دەڵێم، ئەگەر دەست بخەینە نێو دەستی یەکدی، ئەم قەیرانە کاریگەری نابێت لە سەر ئێمە و بەسەرماندا تێدەپەرێت. ئەمڕۆ سوپاس بۆ خوا، لە هەرێمی کوردستان، لێرە، لە گابار نەوت هەیە. ئێستا رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی هەرە باش لە شرناخ و گابار بەرهەم دێت. تاوەکو کۆتایی مانگی 12ی 2024، بڕەکە دەگاتە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێک دا. ئەمە بۆ پێشکەوتن زۆر باش دەبێت. ئەو کەرتانەی لە بواری نەوت دا کار دەکەن، ئەوکات دێنە ئێرە. پێویستە ئێمە هاوکاری یەکتر بکەین و رێگەمان رووناکە. من هیوام هەیە. پێویستە هیوامان هەبێت و هاوکاری یەکدیش بکەین. ئێمە دەمانەوێت دانوستاندنمان لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستان زیاتربێت و زانکۆکانمان لەسەر کەرتەکانمان کار بکەن و رێنماییمان بکەن. ئەمڕۆ خەمساردی لەلایەن زانکۆکانیشمانەوە هەیە. ئەوەی شرناخ، هەروەها ئەوەی هەولێر. پێویستە زانکۆکانمان شەش مانگ جارێک کۆبوونەوە بکەن. ئێمە دەبینین تەماتەمان لە ئەنتاڵیا و مێرسینەوە بۆ دێت، پێویستە ئێمە لە سلۆپی و زاخۆ تەماتە بەرهەم بێنین. ئەمڕۆ ئەگەر دەست بخەینە نێو دەستی یەکدی و زانکۆکانیشمان ببنە رێنیشاندەری بازرگانان و ژوورە بازرگانییەکانمان، تاوەکو رادەیەک پێشکەوتنمان دەبێت. ئێمە بە هاتنتان زۆر دڵخۆشین و دەمانەوێت زیاتر سەردانی یەکتری بکەین و یەکدی ببینین و رێگەی دروست پێشانی یەکدی بدەین. رووداو: بەڕێز عوسمان، شرناخ لە رێژەی بێکاری دا یەکەمە. هۆکارەکان چین؟ چەند ساڵە لە شرناخ شەڕ نەبووە، بارودۆخێکی باش هەیە، شوێنێکی خۆشە بۆ گەشتیاری، بۆچی شرناخ لەڕووی بێکارییەوە یەکەمە؟ عوسمان گەلش: برا، پیشەسازی لە کاتێکی کەم دا پێشناکەوێت ، لە کاتێکی کەم دا پێشکەوتن لە کەرتی گەشتیاری دا روونادات. سەیرکە، شوێنەکانی وەک گەبزە، کۆجائێلی و ئەنقەرە، لە ماوەی 30-40 ساڵ یان 50 ساڵ دا پێشکەوتوون. ئەوەی لە 2015-2016 روویدا، خوا بەسەر کەسیدا نەهێنێ. پار لە مەرەش بوومەلەرزە روویدا. لە شرناخیش لە نێوان ساڵەکانی 2015-2016 بوومەلەرزەیەکی بێدەنگ روویدا. ناخۆشییەکی گەورەمان تێپەڕاند. 70٪ی شرناخ ئەوکات وێران بوو. بازرگانەکان ناچنە ئەو شوێنانەی ناخۆشی لێ بێت و لەو شوێنانە کار ناکەن، دەچنە ئەو شوێنانەی ئارامن و لەوێ کار دەکەن. رووداو: تائێستاش ئابووری شرناخ باجی بارودۆخی 2015-2016 دەدات؟ عوسمان گەلش: ئەم کێشە و ئاستەنگانە بوونەتە هۆی ترساندنی بازرگانەکان، کاتێک بازرگان بترسێت، نایێتەوە، بەڵام کاتێک ببینێت ئارامی هەیە دێتەوە و ژێرخانی ئامادە دەکات و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات. سەیر دەکات چ شتێک پێویستە؟ گەنجەکان دەتوانن چ بکەن؟ دوای ئەم لێکۆڵینەوانە دەست بە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان دەکات. ئەمە لە کاتێکی کەم دا روونادات، بەڵام لەو بڕوایەدام تاوەکو پێنج ساڵی دیکە کەس هەرێمەکەمان نەناسێتەوە. پشت بە خوا، گەنجەکانیشمان کاری خۆیان دەبێت. پێویستە گەنجەکانمان خۆیان فێری کار بکەن. هیچ کەسێک ناتوانێت هەموو کارێک بکات. بۆ کارپێکردنی ئامێری گەورە دەبێت کارمەندەکان خاوەنی بڕوانامە بن. هەر کارێک بکەی، ئەگەر لێی تێنەگەیت، کەسی خاوەنکار وەرتناگرێت. رووداو: ئێستا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان نزیک بووەتەوە. لایەنە سیاسییەکان، لە بەرنامەیاندایە و باسی بێکاری و دۆخی ئابووری شرناخ دەکەن. هەڵوێستتان لەسەر ئەو بەرنامە و پڕوپاگەندە ئابوورییانە چییە؟ عوسمان گەلش: ئێستا لەسەر هەڵبژاردنەکان نموونەیەک دەهێنمەوە. نەخۆشخانە لەسەر جەستەی مرۆڤ دروست دەبێت. شارەوانیش نەخۆشخانەی ئەم ناوچەیەیە. بۆ ئاوەکەمان، بۆ پارکەکەمان، کاری ئەوانە. پێویستە دڵخۆشییەک بدەنە ئەم میللەتە. ئەمڕۆ پێویستە لە شارەوانی دا سیاسەت نەبێت، هەر کەسێک باش بێت، هەر کەس بتوانێت خزمەتی ئەم میللەتە بکات، پێویستە میللەت بژاردەی خزمەتکردن هەڵبژێریت. شارەوانی بۆ خزمەتە نەک بۆ سیاسەت. هەڵسەنگاندن کاری میللەتە و گەل متمانەی بە کێ هەبێت، دەنگ دەداتە ئەو کەسە. هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، هەڵسەنگاندن کاری میللەتە و گەل متمانەی بە کێ هەبێت، دەنگ دەداتە ئەو کەسە، بەڵام بە بڕوای من، لە شوێنێک ئەگەر خزمەت هەبێت، بۆ میللەتیش باشتر دەبێت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/130320241
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان دەڵێت، پارێزگای وان دیمەنی سەرنجڕاکێشی هەیە، بەڵام نەبوونی ژێرخان و ئاگادارنەبوونی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکەی تورکیا و جیهان وایکردووە، گەشتیاری زۆر رووی تێنەکەن. نەجدەت تاکوا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، لە ساڵی 2015ـەوە بایەخ بە کەرتی گەشتیاری دەدەن و لە چەندین ساڵی رابردوودا تەنیا سەرنجیان لەسەر گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووە، بەڵام پلانیان هەیە لەمەودوا کار لەسەر راکێشانی سەرنجی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەو چوارچێوەیەشدا دوای جەژنی رەمەزان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. نەجدەت تاکوا باسی لەو ئاستەنگانە کرد کە وایانکردووە وان لە بوارە جیاوازەکانەوە پێشکەوتنی کەم بەدەستبێنێ و دەڵێت، هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ نەهێشتنی ئەو ئاستەنگانە و لەوبارەوە قسەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش کردووە. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: سڵاو و رێز بەڕێز نەجدەت تاکوا. کەشی شاری وان ساردە و شاخەکانی بە بەفر داپۆشراون. ئێستا بینەرەکانمان لە هەرێمی کوردستان دەمانبینن و دەڵێن، خۆزگە لەوێ بوواین. نەجدەت تاکوا: گامێش قڕان تازە کۆتاییهاتووە. بەم کاتە دەڵێین گیسکێ پێرێ و لەم کاتەدا کەشوهەوا لە وان ساردە. کاتێک شاخەکانی دەوروبەری شاری وان بە بەفر دادەپۆشرێن، سەرمای بەفرەکە بەرەو شارەکە دێت. پێمان وایە لە 10 رۆژی دیکەدا کەشەکە دەگۆڕێت. رووداو: کاتێک باسی وان دەکەین، ئاو هەیە، شاخ هەیە و سرووشتێکی زۆر جوان دەبینین، واتە هەموو شتێک لە وان هەیە. وان یەکێکە لە شارە هەرە خۆشەکانی کوردستان. ئەی دۆخی بازرگانی چۆنە؟ نەجدەت تاکوا: لەراستی دا ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەراورد بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی شارەکانی دیکەی تورکیا بەرز نییە. بازرگانی لێرە بەرەو پێش نەچووە و شارەکە زۆر بەڕووی دەرەوەدا نەکراوەتەوە. داوا و هیوامان ئەوەیە کە وان لەگەڵ هەموو شوێنێکی جیهان بکەینە دۆست و پەرە بە بازرگانی و ئابووریی شارەکە بدەین. ئێمە لە ئێرانەوە نزیکین و بە دووری 180 کیلومەتر سنووری هاوبەشمان هەیە و دەروازەشمان هەیە کە دەکەوێتە سنووری شاری خۆی؛ هەروەها لەگەڵ شاری ورمێ لەلای گەڤەرەوە لە جۆلەمێرگ سنوورمان هەیە. تاوەکو ساڵی 2015 نەماندەزانی گەشتیاری ئێرانی بۆ ئێمە دەوڵەمەندییە، واتە لەڕووی گەشتیارییەوە لە بایەخەکەی تێنەگەیشتبووین. لە ساڵی 2015ـەوە بایەخی زۆر بە کەرتی گەشتیاری و گەشتیاری ئێرانی بەتایبەتی دەدەین. بەوجۆرە پێشکەوتنمان بەدەستهێنا. لە ساڵی 2023ـدا نزیکەی 800 هەزار گەشتیاری ئێرانی سەردانی وانیان کرد و لێرە کاتیان بەسەربرد. بۆیە دەبێت بڵێم، کەرتی گەشتیاری گەشەیەکی کردووە و دۆخی باش بۆ بازرگانیی وان دروستبووە. زۆر دڵخۆشین بەوە، بەڵام ئەوەی بەدەستهاتووە کەمە. نابێت وان لە بواری گەشتیاری دا تەنیا پشت بە ئێران ببەستێت؛ لە پلانماندایە کار لەسەر هەرێمی کوردستانیش بکەین. ئێمە و هەرێمی کوردستان بە هەمان زمان قسە دەکەین؛ یەک گەلین؛ دەمانەوێت خەڵکی وان سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و خەڵك لە هەرێمی کوردستانەوە بێن بۆ شاری وان. بۆ ئەم ساڵ ئەوەمان لەبەرچاوە، پڕۆژەمان هەیە و هەوڵەکانمان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن. بە بۆچوونی من، دوای رەمەزان و جەژنی رەمەزان، دەچین بۆ هەرێمی کوردستان و هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ ئەوەی بزانین بەربەستەکانی بەردەم بازرگانیی نێوانمان چین تاوەکو دۆخێک بۆ بازرگانیی هەرێمی کوردستان و شارەکەمان دروست بکەین کە کاریگەر بێت. لەنێو 81 پارێزگای تورکیادا، شاری هەرە هەژار لەڕووی ئابوورییەوە وانە. ئەوەش شتێکی سەیرە بەڕاستی. هەندێک بەربەست هەن؛ بەربەستی هەرە گەورە بریتییە لە روانگەی دەسەڵات بۆ وان، واتە بەرپرسەکانمان بۆ پێشکەوتنی وان هەوڵی باش نادەن. ئێمە هەموو رۆژێک رەخنە لەو شتانە دەگرین؛ رەخنەشمان بۆ بەرژەوەندی و دەوڵەمەندی گەلەکەمانە. ئەگەر پشتیوانیی دەسەڵات نەبێت، شارەکەمان گەشە ناکات. بەربەستەکان زۆرن و ئێمەش دەمانەوێت بناخەیەک دابنێین بۆ گەشەکردنی شارەکە. دەبێت ئاستەنگەکانی وەک رێگەوبان نەهێڵدرێن، چونکە ئەگەر ئەوانە چارەسەر نەکرێن، ئابووری گەشە ناکات. پێویستە لەسەر ئەو بناخەیە ئابوورییمان گەشە پێ بدەین. ئەو بناخەیەش پێویستە بە پشتیوانی دەسەڵات و ئەنقەرە ئامادە بکرێت. پێویستە خەڵکی وان هێزی خۆی یەکبخات و بەوجۆرەش بناخەی ئابووری دابنێت و بتوانین گەشە بە بازرگانیمان بدەین. دووەمین شت ئەوەیە کە نزیکەی 40 ساڵ شەڕ هەبوو و ئەوەش ئاستەنگی گەورە بوو. ئێستا دۆخەکە باشە و ئێمەش بەوە دڵخۆشین. وان دەرفەتی زۆری لە بواری گەشتیارییەوە هەیە، بەتایبەت کاتێک دەبینین هەموو شت لە وان هەیە. بەربەستێکی دیکە زۆریی ژمارەی کۆچبەرانە لە وان. لە ساڵی 2010ـدا ژمارەی دانیشتووانی وان لەنێوان 900 هەزار تاوەکو 950 هەزار بوو؛ لە ساڵی 2011 دوو بوومەلەرزە لە وان روویاندا و دوای بوومەلەرزەکانیش ژمارەی دانیشتووانی وان بەرزبووەوە بۆ یەک ملیۆن و 100 هەزار کەس. ئێستاش ژمارەی دانیشتووان دەگاتە سەرووی یەک ملیۆن و 150 هەزار کەس. ژمارەیەکی زۆری کەس هاتن بۆ وان، بەڵام بە توانای کەسی و بە پڕۆژەوەوە نەهاتن. گەنجەکانمان و ئەوانەی خوێندەواریان نییە، بێکار ماون، هەرچەندە هەندێکیان ئێستا چوونەتە رۆژئاوای تورکیا و لەوێ کار دەکەن. رووداو: وان شارێکی گەشتیارییە و کارتان زیاتر بە گەشتیارییەوە گرێدراوە. لەڕووی پیشەسازییەوە دۆخەکە چۆنە؟ ئایا لێرە پیشەسازی هەیە؟ شتێک بەرهەم دەهێنرێت؟ نەجەت تاکوا: بەڵێ، ناوچەی پیشەسازی هەیە کە ناوچەی پیشەسازیی ئۆرگانیزە. ئێستا لە ناوچەی پیشەسازیی وان نزیکەی 200 کارگە هەن کە لە کەرتی بیناسازی، خۆراک، ئاژەڵداری و چەندین کەرتی دیکەدا خەریکی کار و چالاکین. ئەگەر سەیری قەڵای وان بکەی، لەوبەری قەڵاکە ناوچەی بازرگانی و پیشەسازی هەیە کە نزیکەی 200 کارگەی تێدایە. ناوچە پیشەسازییەکە هێشتا بە تەواوی ئامادە نەکراوە و زۆر کەموکورتی هەیە، تەنانەت لە بناخەکەشیدا زۆر کەموکورتی هەن. کارگەی خۆشم لەوێیە؛ دەرفەتی زۆر هەیە کە بەرەو پێشەوە بڕوات. کەموکورتی هەیە و پێویستە خەڵک لە دەوروبەرەوە بێن و سەیری دەرفەتەکانی بەردەم پێشکەوتنی وان بکەن. ئێمە هەمیشە داوا لە خاوەنکار و بازرگانان دەکەین کە بێن و سەیری دەرفەتەکانی بەردەم وان بکەن؛ ئەوان پێویستە شارەزای وان بن و دواتر بڕیارێک لەسەر کارێک یان بازرگانییەک بدەن. پێویستە زیاتر کار بکەین بۆ ئەوەی زیاتر شارەکەمان بناسێنین. رووداو: ئێوە دوای رەمەزان دەچنە هەرێمی کوردستان. چ پەیوەندییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و شاری وان هەیە؟ لە چ کەرتێکدا دەرفەتی وەبەرهێنان لەوێ هەیە کە ئێوە بتوانن هاوکار بن؟ نەجدەت تاکوا: سەرەتا پێویستە چەندین ساڵ هاتووچۆمان هەبێ بۆ ئەوەی شارەزای هەرێمی کوردستان بین و لە دەرفەتەکانی ئاگاداربین. پێویستە بازرگان و خاوەنکارانیش لەوێوە بێنین بۆ ئێرە تاوەکو سەیری دەرفەتەکانی بەردەمیان بکەن. بازرگانان کەسانی ژیرن و ئەگەر نەزانن دۆخەکە چۆنە و دەکرێت لە داهاتوودا چی رووبدات، کار ناکەن. سرووشتی مرۆڤ وایە. ئێمە بەگشتی کار لەسەر کەرتی گەشتیاری دەکەین. کاتێك خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری دەرفەتەکانی ئێرە دەبن و خەڵکی پارێزگای وان و دەوروبەریشی شارەزای هەولێر، دهۆک، زاخۆ، سلێمانی و شارەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبن، لەو بڕوایەدام ئیدی لەنێوان دوو تاوەکو سێ ساڵ دا پەیوەندییەک لە نێوانیاندا دروست دەبێت. گەشتیاری بناخەی هەموو کەرتەکانە. ئەگەر بازرگانەکان بێن بۆ ئێرە، دەتوانن بە سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر کارێک بکەن؛ بە سوود وەرگرتن لە ئاو کارێک بکەن؛ لەڕووی گەشتیارییەوە کارێک بکەن. بۆ نموونە، وان لەنێو ئاناتۆڵیادا پێش ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە پایتەخت بووە. باسی ئەوە دەکرێت ئەم شارە حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا پایتەخت بووە، واتە بناخە و کولتوورێکی لەو شێوەیەی هەیە. لەسەر ئێمە پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەین و ئێرە بە گەلانی دیکە بناسێنین. بە بڕوای من، دراوسێ هەرە نزیکەکانی وان بریتین لە هەرێمی کوردستان، ئێران و ئەرمینیا. خۆزگە دەمانتوانی شارەکەمان بە خەڵکی ئەو شوێنانە بناسێنین. ئێمە و هەرێمی کوردستان یەک گەلین، ئەوەش دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئێمە و هەرێمی کوردستانیش. رووداو : باست لەوە کرد کە بەربەستی زۆر گەورە هەبوون و بۆ چەندین ساڵ لێرە شەڕ هەبوو. ئێستا شەڕ لە ناوچەکەدا نەماوە، بەڵام سەقامگیری سیاسیش نییە. ئەوە چەند ساڵە هەڵبژاردن دەکرێت و سەرۆکی شارەوانی هەڵدەبژێردرێت، بەڵام کیشەی سیاسی هەر هەیە و قەییووم دادەنرێت. ناسەقامگیریی سیاسی لەنێو شار تاوەکو چەند کێشەیە بۆ ئێوە، بازرگان و پێشکەوتنی پیشەسازی وان؟ نەجدەت تاکوا: ئەو شتانەی باسیان دەکەیت کێشەی هەرە گەورەن بۆ شارەوانی و دەسەڵاتی خۆجێیی. 15 ساڵە قەییووم دادەنرێت. بۆ نموونە، لە شارەکانی خۆتان وەک سلێمانی و هەولێر، کاتێک بەربەستێکتان هەبێت، دەچن بۆ لای سەرۆکی شارەوانیی خۆتان کە دەیناسن، بەڵام ئێمە ئەو دەرفەتەمان نییە. لە 10 ساڵ دا شەش قەییووم دانراون، واتە هەر قەییوومێک تێکڕا ماوەی ساڵ و نیوێک لە دەسەڵات دا بووە. هەر کاتێک قەییووم دەگۆڕدرێت، سەرۆکی شارەوانیش دەگۆڕدرێت. هەردوو پۆست بە یەک کەس بەڕێوەدەبردرێن. قەییوومەکان کێن؟ یان پارێزگارەکانن یانیش قایمقامەکانن. ئەوانیش دوو تایبەتمەندییان هەیە. یەکەمین شت ئەوەیە کاری خۆیان دەکەن و دووەم شتیش ئەوەیە کاروباری شارەوانی بەڕێوەدەبەن. کاتێک قەییووم دەگۆڕدرێت، سەرۆکی شارەوانیش دەگۆڕدرێت. کە سەرۆکی شارەوانیش گۆڕدرا، پڕۆژەکان دەگۆڕدرێن، گۆڕانکاری بەسەر روانگەکان دا دێت و هەموو شت دەگۆڕدرێت. 15 ساڵە بەم شێوەیە بەربەستمان لە پێشە و پێشنەکەوتووین. ئەگەر پڕۆژەیەک ببەیت بۆ لای سەرۆکی شارەوانی یان بۆ لای قایمقامی شارەکەت، هێشتا لە پڕۆژەکە و بنەماکەی تێنەگەیشتووە دەگۆڕدرێت و ئیدی هەموو شتێک دەمێنێتەوە. کاتێک قەییوومێکی نوێ دادەنرێت، ئەو کەسە تاوەکو لەگەڵی رادێت، دەگۆڕدرێت. ئەمە کێشە و بەربەستێکی زۆر گەورەیە لەبەردەم پێشکەوتنی شارەکان. ئەگەر سەرۆک شارەوانییەک بۆ پێنج ساڵ هەڵبژێردرا، پێویستە بۆ پێنج ساڵ خزمەتی شارەکەی و خەڵکەکەی بکات. ئەگەر ئەو کارە نەکات، پڕۆژەکە سەرناگرێت. پێویستە گەل ئەم بەربەستانە ببینن و بڕیاری خۆیان بۆ شارەکەیان بدەن. بە چ شێوەیەک بڕیار بدەن؟ بەردەوام دەڵێم، سیاسەت، ئایین و مەزهەب نییە، بەڵکو دەگۆڕدرێت. رووداو: ئەنقەرە تاوەکو چەند هاوکاریی وان دەکات بۆ ئەوەی خێراتر پێشبکەوێت؟ بە بیرم دێت لە ساڵانی رابردوودا بۆردێک لێرە هەبوو، وەک بۆردی ناوچەی خابوور، شرنەخ و شوێنی دیکە... ئایا هیچ هاوکارییەک لەلایەن ئەنقەرەوە بۆ وان هەیە؟ نەجدەت تاکوا: ئێستا ناتوانین بڵێین پشتگیری، هاوکارییەکی دیار بۆ وان هەیە، لەڕاستی دا ئەوە تاوەکو ئێستاش نییە. بەڵام ئەوان ناچارن رۆژێک دەرفەتەکانی بەردەم شارەکە ببینن، چونکە دەسەڵاتدارن. کەموکورتییەکان زۆرن. پڕۆژەیەک هەیە بەناوی رێگەی گەشەپێدان؛ رێگەکە دەیان ساڵە تەواو نەکراوە. ئەو رێگەیە ئیبراهیم خەلیل-خابوور تاوەکو وان و لە وانیشەوە تاوەکو دەریای رەش دەڕوات. ئێستا لە وان دوو رێگەمان هەن کە ئەگەر بمانەوێت بەرەو هەرێمی کوردستان بڕۆین یان لە هەرێمی کوردستانەوە بێن بۆ وان بەکاردەهێندرێن. یەکێکیان رێگەی چەلێ و دەروازەی سنووریی سەرزێڕە کە ئەویش لەڕووی ژێرخانی رێگەوبانەوە کێشە و کەموکورتی هەیە. ئەوی دیکەشیان لە رێگەی ئیلێهەوەیە کە دێت بۆ دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل کە لانیکەم شەش کاژێر کاتی پێویستە تا وەکو گەیشتنە سنوورەکە. ئەگەر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق، تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وان و ناوچەکانی دەوروبەری سوودی زۆری دەبێت. ئەو رێگەیە پڕۆژەیەکی ستراتیجییە. بێگومان ئەگەر تورکیا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکات و رێگەکە بە تەواوی بکرێتەوە، ئەو شەش کاژێرەی نێوان وان و ئیبراهیم خەلیل بۆ دوو کاژێر و لەوانەیە کەمتریش کەم بێتەوە. ئەگەر رێگەی دەروازەی سنووریی سەرزێڕیش ئامادە بکرێت و فراوانکردنی تەواو بکرێت، لەو رێگەیەوە بە سێ کاژێر دەتوانی بگەیە وان. ئەو رێگەیەش بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام بە کردنەوەی پڕۆژە نێودەوڵەتییەکە گۆرانکارییەکی گەورە بۆ وان روودەدات. چەند رۆژێک پێش ئێستاش کە سەرۆککۆمار هات بۆ وان، یەکەمین و سەرەکیترین داواکاریمان لێی ئەو رێگەیە بوو؛ داوامان کرد کە سەرۆککۆمار ئەو رێگەیەمان بۆ ئامادە بکات، واتە ئێمە هەموو سەرنجمان خستووەتە سەر ئەو پڕۆژەیە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/26032024
لە تایوان رزگاربوویێکی کیمیابارانی هەڵەبجە میدیا و دامەزراوەکانی وڵاتەکە ناچار دەکات ئاڵای کوردستان بەکاربهێنن. عیماد مەهدی کە نۆ زمان دەزانێت، میوانی دیاسپۆرا بوو. تایوان ئێستا لەڕووی تەکنەلۆژیاوە لە ژاپۆن پێشکەوتووترە. کوردێک لە تایوان خەریکی دکتۆراکەیەتی لەسەر تەکنەلۆژیا. ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە. عیماد مەهدی لە شۆیە بەنێوبانگەکانی تایوان دەبێتە میوان و باسی کوردستان و کوردیان بۆ دەکات. ئەو کە پاش کیمیاباران هەڵەبجەی بەجێهێشتووە، زۆر نیگەران دەبێت کە سەرەتا تایوانییەکان نایانەوێت ئاڵای کوردستان لە بەرنامەکانیاندا پیشان بدرێت، بۆیە ناچاریان دەکات کە ئەگەر دەیانەوێت ئەو میوانیان بێت، دەبێت بە ئاڵای کوردستانەوە بیناسێنن. ئێستا لە زانکۆکانی تایوانیش ئەو گەنجە کوردە بانگهێشت دەکرێت و لەسەر کوردستان سیمیناریان بۆ دەدات. لەبەر جیاوازیی کات لەنێوان ئەڵمانیا و تایوان، هێمن عەبدولڵا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کردووە. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: چی تۆی گەیاندە تایوان بۆچی تایوانت هەڵبژارد؟ عیماد مەهدی: سوپاس بۆ ئێوە خۆشحاڵم، بەڕاستی خۆشم بڕوام نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان بێمە تایوان، لە سلێمانی لە کۆمپانیایەکی خێرخوازی ئەمریکی کارم دەکرد، دواتر دەرفەتێکم بۆ هەڵکەوت بۆ ئەوەی بچمە تایوان، کەسێک بە ناوی کاک نازم کە سەرپەرشتیارمان بوو لە کۆمپانیا هات پرسیاری لێکردم گوتی کاک عیماد زەمالەیەکی خوێندن هەیە لە تایوان ئایە حەز دەکەی بچی لەوی بخوێنی؟ منیش گوتم بەڵێ ئاسایە، هەرچەندە هیچم لەبارەی تایوانەوە نەدەزانی. رووداو: ئەمە چەند ساڵ پێش ئێستا بوو؟ عیماد مەهدی: ساڵی 2010 بوو، بەشداریم کرد لە و یەکەم کەس بووم کە وەرگیرام و ئیتر گەیشتمە تایوان، باوەڕکە تاوەکو نەگەیشتمە تایوان باوەڕم نەدەکرد کە شتەکە راست بێت. رووداو: لە کویێوە چووی بۆ تایوان و چەندی پێ چوو، ئەگەر باسی رێگەکەم بۆ بکەی؟ عیماد مەهدی: بەڵێ لە سلێمانییەوە رۆیشتم بۆ ئەردەن، چونکە تایوان وەکو وڵاتێک نییە بتوانێت باڵیۆزخانەی لە وڵاتان هەبێت، بەڵکو تەنیا ئۆفیسی هەیە، لە عەممان ئۆفیسێکی بچووکیان هەبوو و چووینە ئەوێ، لەوێ پێیان گوتین دەچنە تایوان و لەوێ خوێندن بە زمانی چینیەو خوێندنتان قورس دەبێت، پێشتریش لەکاتی پڕکردنەوەوی زەمالەی خوێندن بۆ تایوان پێیان گوتین کە خوێندنەکە قورسە و ئاسان نییە، ئێمەش بە گاڵتە دەمانگوت ئاسانە و دەتوانین بە شەش مانگ کتێبێک لەسەر کورد بە زمانی چینی بنووسین، دوای رۆژ مانەوەمان لە عەممان بە فرۆکە چووینە بانکۆکی پایتەختی تایلاند و لەوێشەوە راستەوخۆ بە فرۆکە چووینە تایپێی پایتەختی تایوان و کە گەیشتین وامان دەزانی ئێرە هەسارەیەکی دیکەیە، چونکە لەهەموو روویێکەوە جیاواز بوو. رووداو: دوو هەفتەی یەکەمت لە تایوان چۆن بەسەر برد چۆن خۆت گونجاند، پەشیمان نەبوویەوە؟ عیماد مەهدی: کاتێک لە ناوچەیەک دەچی بۆ ناوچەیەکی جیاواز و جیاوازییەکان کەم بن مێشک توانای بیرکردنەوەی هەیە، بەڵام کە جیاوازییەکان زۆربن و گەورەبن ئەوا چەند هەفتە و مانگێک میشک توانای لێکدانەوەی ئەو هەموو جیاوازییانەی نەبێت، بەهەر حاڵ دوای چوار رۆژ گەیشتنمان بە تایوان، دەسمان بە خوێندنی و فێربوونی زمانی چینی کرد، سەنتەرێکمان بۆ ئامادەکرابوو، دەبوایە ماوەی ساڵێک هەموو رۆژێک سێ کاژێر زمانی چینی بخوێنین، ئینجا چەند کاژێرێک لە ماڵەوە یان دەرەوە پرۆڤەی پێبکەین، بۆیە کاتێک هاتین گوتیان ئێوە نەهاتوون بۆ گەشت ئێوە خوێندکارن و دەبێ زمان فێربن و بخوێنن. رووداو: سەرەتا پەشیمان نەبوویەوە و نەتگوت دەگەڕێمەوە سلێمانی؟ عیماد مەهدی: پێموابێ لەسەرەتادا تاوەکو رۆژەکان تێدەپەڕین خوێندکە زۆر قورستر بوو لەوەی چاوەڕێمان دەکرد و گوتمان ئەگەر وازبێنین و بڕۆینەوە سەرکەوتوو نابین و ئەو پارەیەی خەرجمان کردووە بەفیڕۆدەچێت و نابێ بە ئاسانی وازبێنین، بۆیە بەردەوام بووین و سەرکەوتووبووین. رووداو: دوای 13 ساڵ چیت بەدەستهێنا لە تایوان؟ عیماد مەهدی: دوای ساڵێک خوێندنی زمانی چینی، دەستمان بە خوێندنی بەکالۆریۆس کرد لە بواری میدیا و تەکنەلۆژیا، لەو کاتەدا هەندێک زانکۆ هەبوون خوێندن بە زمانی ئینگلزی بوو، لە هەندێکیان تێکەڵ بوو لە ئینگلیزی و چینی، بەڵام بڕیارمدا بە زمانی چینی بخوێنم، دوای تەواوکردنی بەکالۆریۆسەکە هەم زمانی چینیمان زۆر باش بوو، هەمیش خەڵکێکی زۆر باشمان ناسی و متمانەیەکم لەلا دروست بوو کە دەتوانم هەرشتێکم بوێ بیکەم و سەرکەوتوودەبم، دواتر بڕیارمدا ماستەریش لە هەمان بواردا کە میدیا و تەکنەلۆژیایە بە چینی بخوێنم و ئیتر دەستمان پێکرد، بەڵام ئەمجارە وردتر بوو، بۆ نموونە چۆن بتوانی ئەپێک دروست بکەی بەتایبەتی لەڕووی فێرکاری و فێربوون، ماستەرەکەشم تەواو کرد و ئێستا خوێندکاری دکتۆرام. رووداو: ئێستا خوێندکاری دکتۆرای بۆچی لە میدیاکانی تایوان بانگهێشتت دەکەن لەسەر کورد و کوردستان، دەیانەوێت چی بزانن و تایوانییەکان چییان پێ گرنگە لەسەر کوردستان بیزانن؟ عیماد مەهدی: بەسەر هاتێکی زۆر خۆش بوو، لەبەر ئەوەی لەسەرەتادا ژمارەی بیانییەکان لە تایواندا زۆر زۆر کەم بوو، بەتایبەتی ئەو بیانییانەی دەیانتوانی بە زمانی چینی قسە بکەن، بۆیە میدیاکان بەدوای ئەوانە دەگەڕان کە زمانی چینی دەزانن، بۆ نموونە بەرنامەیەکی ئاوا کە باسی کولتوور و خواردن و نەریتی گەلانی دیکە بکەن، دوای ئەوەی ساڵ و نیوێک بوو زمانی چینیم خوێندبوو پەیوەندیان بە منەوە کرد و ترسام دەمگوت قورسە لە ناو بەرنامەی ئاوا بەناوبانگ قسە بە چینی بکەم کە زۆر جیاوازبوو لەو چینییەی لەگەل هاوڕێکانم و مامۆستاکانم دەمکرد، لەگەڵ ئەوەی دەبوایە وەڵامەکان بە خێرایی و کورتی وەڵام بدەمەوەو لەسەرەتدا تەنیا بەشداریم لەهەندێ بەرنامەدا کرد کە تایبەت بوو بە کولتوور و خۆراک و نەریت و ئەو شتانە ، لەنێویاندا خەڵکی ئەڵمانیا و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی دیکەی تێدابوو قسەمان لە بارەی کولتوور و زمان و خواردن و ئەو شتانەی خۆمان دەکرد، ئینجا لێیان پرسیم خەڵکی کوێی گوتم خەڵکی کوردستانم، گوتیان ناتوانین ئاڵای کوردستان بەکابهێنین، چونکە کوردستان وڵات نییە، لەسەرەتادا رازیبووم ئاڵای عێراق بەکاربێنن، بەڵام لە ناو بەرنامە دەمگوت راستە ئەمە ئاڵای عێراقە بەڵام من خەڵکی کوردستانم و ئاڵای خۆمان هەیە، ئیتر دوای حەوت بۆ هەشت بەرنامە خەڵک سەیریان پێدەهات ئەمە کوردە و باسی کوردستان دەکات و زیاتر پەرۆش بوون شتی دیکەی لەسەر بزانن، دوای ئەوە متمانەم زیاتر بەخۆم پەیاکرد و بڕیارمدا و پێم گوتن ئیتر نامەوێ ئاڵای عێراق بەکاربێنم و دەبێ تەنیا ئاڵای کوردستان بێت، گوتیان نابێت و چۆن شتی وا دەبێت، لەسەرەوە پێمان گوتراوە کوردستان وڵات نییە و ناتوانین بەکاری بهێنین، ئیتر راشکاوانە پێم گوتن یان نایەم یاخود بێم دەبێ ئاڵای کوردستان بەکار بهێنن. رووداو: لە تایوان چەند کورد دەژین جگە لە تۆ کەسی دیکەشی لێیە؟ عیماد مەهدی: بەڵی ژمارەیەکی کەمی کوردی لێیە سوپاس بۆ خوا هەموویان سەرکەوتوون و نموونەن لە بوارەکانی خۆیاندا، ئەوەندەی ئاگاداربم نزیکە 10 بۆ 20 کورد لە تایوان دەژین. رووداو: ئاگاتان لەیەکتر هەیە لەگەڵ یەک کۆدەبنەوەو یەکتر دەبینن؟ عیماد مەهدی: بەڵێ بەڵێ، بەڵام بەپێی کات، چونکە هەریەکەمان لە شار و ناوچەیەکی جیاوازین، هەریەکەمان لە بوارێکی جیاوازدا کاردەکەین بەپێی توانا پەیوەندیمان هەیە پێکەوە. رووداو: تایوان چ شتێکی هەیە کە کوردستان باشتری لەو هەبێت کە وات لێبکات بیری کوردستان بکەی؟ عیماد مەهدی: لەبەر ئەوەی ئێرە وڵاتێکی پیشەسازییە و زۆربەی خۆراکەکانی لە دەرەوە دێت و لە مێژووی چینیشدا خەڵکی ئێرە ترسی خواردنیان هەبووە و خەڵکەکە رەخنە لە خۆراک ناگرن خۆش بێت ناخۆش بێت قبووڵی دەکەن و دەیخۆن، گەورەترین کێشەم ئەوەیە دەچمە هەر خواردنگەیەک ناتوانم خواردنەکەم تەواو بکەم، چونکە بە دڵم نییە و لە کولتووری ئەوانیش تەواونەکردنی خۆراک بێڕێزییە. رووداو: نۆ زمان دەزانی ئەو زمانانە کامانەن و خەڵک چۆن دەتوانێ فێری ئەوەندە زمان بێت و وەک خۆت دەڵێی فێری ئەو چینییە قورسە بووی؟ عیماد مەهدی: راستەکەی، ئێمە ماڵمان لە هەڵەبجە بوو لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، دوای کیمیابارانەکە لەگەڵ خەڵکەکە رۆیشتین بۆ ئێران و ماوەی 10 ساڵ لە ئێران ماینەوە، لە ماڵەوە بە کوردی قسەمان دەکرد و لە دەرەوەش بە فارسی بە باشی فێربووین دوای گەڕانەوەشمان لە زانکۆی سەڵاحەدین فێری زمانی ئینگلیزی و تورکی بووم، کە هاتم بۆ تایوان چەند زمانێکم دەزانی، بەڵام هیچ زمانێک هێندەی زمانی چینی هیلاکی نەکردم، تێگەیشتم هەر کەسێک بتوانێت زمانی چینی فێربێت، دڵنیام دەتوانێت هەر زمانێک بیەوێ فێری ببێت، دوای ئەوەی فیڕی زمان و کولتووری چینی و تایوانی بووم، بڕیارمدا فێری زمانەی وڵاتانی دەروبەری تایوان بم ئیتر هەوڵمدا و خۆم فێری زمانی کۆری و ژاپۆنی کرد، دواتر هەستم کرد زۆرترین ئەو کەسانەی دێنە تایوان ئیسپانی زمان بوون لە دوای ئینگلیزی، بۆیە هەستم کرد زمانی ئیسپانی زۆر زاڵ بوو و عەشقی زمانی ئیسپانی بووم و خۆم فێر کرد، گرنگترین شت بۆ فێرببوونی زمان ئارەزووە، هەر کەسیک بیەوێ فێری هەر زمانێک بێت دەتوانێت و مەحاڵ نییە، هەرچەندە قورس بێت، بەڵام بەردەوام بی ئەوا فێر دەبیت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/18082023
سەرۆکى هاوپەیمانیى رافیدەین رایگەیاند، لەو بڕیارەی لە دادگەی فیدراڵی دژی نەمانی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان دەرچوو، دادگەکە "بە لاڕێدا براوە و بەشێک لە یاساکەیان لێ شاردراوەتەوە". بۆیە بڕیاریانداوە لەگەڵ دادگەکە کۆببنەوە. یونادم یوسف کەنا، سەرۆکى هاوپەیمانیى رافیدەین، کە میوانی بووڵتەنى کاژێر 11:00ى کەناڵی رووداو بوو، رایگەیاند، نەمانی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە ئەنجامی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی بوو، کە نەیانتوانی لەسەر یاسای هەڵبژادن رێکبکەون، سەرەنجام گەیشتە سکاڵا تۆمارکردن لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق. سەرۆکى هاوپەیمانیى رافیدەین پێیوایە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارەکەیدا دەچێتەوە و گوتی: "پشتیوان بە خوا لە چەند رۆژى داهاتوودا دادگە مافەکانمان پێدەداتەوە". یونادم یوسف کەنا دەڵێت، ئەگەر دادگە لە بەرژەوەندیی ئەوان بڕیار نەدات، ئەوە وەکو کریستیانەکان بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، چونکە ناتوانن کێبڕکێی لیستە گەورەکان بکەن و کورسیی بەدەستبهێنن. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یونادم یوسر کەنا: رووداو: بڕیارە ئەمڕۆ کۆمەڵێک حیزبی کریستیان لە هەولێر کۆببنەوە هەڵوێستان رابگەیەنن، چاوەڕێ دەکرێت چى هەڵوێستێکیان هەبێت؟ یونادم یوسف کەنا: دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق جێگەى تانەلێدان نییە. ئەوە دەرهاویشتەى ناکۆکییەکان بووە لە هەرێمى کوردستان، ناکۆکى بووە لە نێوان هەولێر و سلێمانی، لەدواى ئەوەى سەرکردایەتیى سیاسی نەیانتوانى ئەو کێشەیە چارەسە بکەن و پەرەیسەند و گەیشتە سکاڵاکردن لە دادگەى باڵاى فیدراڵى. چەندین ساڵە داوامان دەکرد هاوڵاتیانى کریستیان بەگوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرانیان هەڵبژێرن، بەڵام وادیارە دەسەڵاتداران یان لایەنە سیاسییەکان کاردانەوەیان بۆ ئەو داواکارییەمان نەبوو. سەرەنجام گازندەیەکى بەردەوام هەبوو لە سلێمانییەوە دژ بە هەولێر، لەکۆتاییدا پەنایان بۆ دادگەى فیدراڵى برد. بەداخەوە کە دەڵێم بەگوێرەى تایبەتمەندییەکانى دادگە، ئەو ناکۆییە ناکۆکیی نەبوو لە نێوان دادگە و دادگەیەک یان دەسەڵاتى فیدراڵى خۆجێی، لەگەڵ ئەوەشدا سکاڵاکار دادگەى فیدراڵیی بەلاڕێدا بردووە لە رێگەى شاردنەوەى بەشێک لە یاساکە کە تایبەتە بە کورسیی کۆتاکان، کە ئەوەش ئەوەیە بڕیارى سیاسی بۆ کۆتا لەهەمان رۆژدا و هەمان کاتى دەنگداندا بووەتە یاساکە، کە ئەو کات ئێمە دەسەڵاتى دیفاکتۆ بووین. وەک سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی و دەسەڵاتى دیفاکتۆ یاسایەکى دانا، بەڵام ناونانرێت یاسا، بەڵکو سیستمێک بوو کە لەرێگەیەوە لە ساڵى 1922 یەکەم پەرلەمانى کوردستانمان هەڵبژارد، دواى ئەوەى کە چووینە پەرلەمان دەنگمان لەسەردا و بووە یاسا، کە ئەم کورسییانەى کۆتاشی تێدابوو، ئەوەى کە پێشکێش بە دادگە کراوە، کورسییەکانى کۆتای تێدا نەبووە، بەوپێیە من وایدادەنێم، کە بەلاڕێدابردنى دادگەى فیدراڵى بووە لە رێگەى پێنەدانى سەرجەم بەڵگەنامەکان. ئێمە گومانمان لە دادبینیی دادگە نییە، پشتیوان بە خوا لە چەند رۆژى داهاتوودا دادگە مافەکانمان پێدەداتەوە، ئەوەى کە پەیوەندارە بەوەى کە برایانمان لە پارتەکان هەڵوێستیان چى دەبێت، بە دڵنیاییەوە ئەو پرسە رەتکراوەیە، ئێمە 33 ساڵە پیادەى ئەو مافەمان کردووە، تەنانەت ئەگەر یاساش نەبووبێت، بووەتە عورفێک لە ناوچەکە و مافى پێهکاتەکان بایۆمەترى دیموکراسییە، ئەگەر مافەکانیان گەرەنتی نەکرابێت، دیموکراسی نییە. رووداو: بڕیاری دادگە لەبارەی کورسیی کۆتاکان بۆچی نادەستوورییە؟ یونادم یوسف کەنا: جگە لە کورسیی کۆتاکان، بڕیارەکانى دیکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى لە ئەنجامى ناکۆکى بوو، ئایا ئەو ناکۆکییەکانە لە تایبەتمەندى دادگە بوو؟ من دەڵێم نەخێر، کە رەنگە هەڵەش بم، ئەمە ناکۆکییەکى خۆجێیە، مادەى 120ى دەستوور دەسەڵاتى تایبەتمەندى فیدراڵى دیاریکردووە کە ئەم پرسە لەو نۆ مادەیەدا نییە کە تایبەتن بە دەسەڵاتى تایبەتمەندى فیدراڵى، هەروەها مادەى 115 ئەوەى دیاری کردووە کە ئەگەر ناکۆکى هەبوو، کە روونە و دەڵێت هەر دەسەڵاتێک لە دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانى فیدراڵى نەبوو، بە دەسەڵاتى خۆجێیی دادەنرێت. هەروەها مادەى 130ى دەستوور بەدیاریکراوى دەڵێت هەر یاسایەک پێشتر پەسند کرابێت، کارى پێدەکرێت، ئەگەر بەگوێرەى دەستوور هەموار نەکرابێتەوە یان هەڵنەوەشێندرابێتەوە، مادەى 141 بەهێزترینە کە دەڵێت ئەو یاسایانەى لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 1992ـەوە گەڵاڵە کراون، کارکردن پێیان بەردەوام دەبێت و هەموو بڕیار و سزاکان کارا دەبن ئەگەر بەگوێرەى یاساکانى هەرێمى کوردستان هەموار نەکرابن یان هەڵنەوەشێندرابنەوە، واتە پەرلەمانى کوردستان مافى هەموار و هەڵوەشاندنەوەى هەیە و نەک ئەوە لە تایبەتمەندى دادگەى فیدراڵى بێت، وابێت لێرەدا جێگەى تایبەتدمەندیی پەرلەمانى هەرێمى کوردستانە، شەش بۆ حەوت مادەى دیکەش هەن کە پێموایە جۆرێک لە چەواشەکردنى دادگەى فیدراڵى هەبووە، یان زانیارى سەرلێتێکدەر بوون کە وایکردووە دادگە بەو ئاراستەیەدا بڕیار بدات، من دەڵێم کە بەمنزیکانە دیدارێک لە نێوان ئێمە و برایانمان لە دادگەى فیدراڵى هەیە. رووداو: مەبەست لە مادەى 49 چییە؟ یونادم یوسف کەنا: مادەى 49 روونە بەدەستى خۆمان دامانڕشت کە نوێنەرایەتیی پێکھاتەکان لە پەرلەمان لەبەرچاو دەگیرێت، ئەو مادەیە باس لە ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق دەکات، کە بە نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانى گەلى عێراق لە پەرلەمان کۆتایی دێت، ئەمەش مادەیەکى دەستوورییە، بەڵام یاساکانى هەرێمى کوردستانیش بە دەستوورى دادەنرێن. وەک ئەوەى باسمکرد بەگوێرەى مادەى 141 ئەگەر لە پەرلەمانى کوردستان هەموار نەکرابێت یان هەڵنەوەشێنداربێتەوە و ئەمانە هەمووى جەختکردنەوەیە لەسەر دەستوریبوونى ئەو کورسییانە، بەڵام جارێکى دیکە دەیڵێمەوە کە دادگە چەواشەکراوە یان ئەگەر هەیە بەمەبەست یان بێ مەبەست بەلاڕێدا برابێت و دادگە پێیوابووە کە ئەو بڕیارە سیاسیى بووە و لەکاتێکدا ئەو بڕیارە سیاسیى نەبووە، تەنانەت یاسای هەڵبژاردنى ساڵى 1992 بڕیارى بەرەى کوردستانى بووە لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى دیفاکتۆ بوو و لەسەر ئەو بنەمایە هەڵبژاردنمان کرد و دواتریش لە پەرلەمان بە تێکڕا دەنگمان لەسەر دا، بە کورسیى کۆتاکانیشەوە. چەواشەکارى یان روونتر، بەلاڕێدابردن هەبووە، کە وایکرد بەو ئاستەیەدا بڕوات، ئێمە متمانەمان بەوە هەیە کە برایانمان لە دادگەى فیدراڵى لە دژى مافى پێکهاتەکان نین، بەویستى خوا بەمنزیکانە چارەسەر دەکرێت. رووداو: کێ بە هۆکاری نەمانی کورسیی پێکهاتەکان دەزانن؟ یونادم یوسف کەنا: هۆکارەکە ئەوەیە کە برایانمان لە سلێمانى گلەیی لە پارتى دەکەن کە گوایە دەستى بەسەر کورسیی کۆتاکاندا گرتووە و ویستیان دابەشی بکەن بەسەر سلێمانى و هەولێر و دهۆک. بەگوێرەى دانیشتووانى کورد نەک بەگوێرەى مافەکانمان، بەگوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە ئێران، ئوردن، ئۆکراینا، رۆمانیا، خەڵکى کۆتاکان نوێنەرەکانیان هەڵدەبژێرن، بەڵام ئێمە نوێنەرانمان هەڵنەدەبژارد، لە بەغداش دۆخەکە بە هەمانشێوەیە، بۆیە ئەمە دەستگرتنە بەسەر مافى ئەم پێکهاتانەدا، کە وا دەکات رێگە نەدات بە رۆڵەکانى ئەو پێکهاتەیە نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن، بۆچى؟ لەبەر ئەوەى زۆرینە بازنەى هەیە برایەکمان لە بازنەیەکە و یەکێکى دیکە لە بازنەیەکى دیکەیە، کە مافى ئەوەى نییە دەنگ بدات، بەڵام هاووڵاتیانى کوت و بەسرە و ناسڕیە دەتوانن دەنگ بەو کورسیانەى کۆتا بدەن کە بەگوێرەى یاسا بۆى دیاریکراون، نەک بۆ یەکێکى دیکە، ئەمە پێشێلکردنێکى گەورەیە، ئەمە ئەوەیە کە سلێمانى گلەیی لێدەکرد و نەتوانرا دۆخەکە چارەسەر بکەن و پەرەیسەند تاوەکو گەیشت بەوەى ئێستا ، ئەمڕۆ ئێمە باجى ململانێى برایانمان دەدەین لە هەرێمى کوردستان. رووداو: گلەییەک هەیە کە گوایە ئەو کورسیی کۆتایانە لەسەر پارتى هەژمار دەکرێن؟ یونادم یوسف کەنا: پارتە دەسەڵاتدارەکان نەک لە کوردستان لە عێراقیش هەموویان ئەوانە دەهێنن کە وەلائی بۆیان هەیە و دەست بەسەر مافى پێکاتەکاندا گیرا. لەمەودا پێکهاتەکان مافیان نییە، ئەمەش گەورەترین ئاماژەى نەرێنییە لە دژى دیموکراسی و هاوبەشی نیشتمانى و دادوەرى و یەکسانى لە وڵات. رووداو: بەشداری هەڵبژاردن دەکەن بەو شێوەیەی ئێستا بڕیاری لێدراوە؟ یونادم یوسف کەنا: نەخێر بەشداری ناکەین، چونکە ژمارەى ئێمە بە سەتان هەزارانە لەکاتێکدا ژمارەى پێکھاتە گەورەکان ملیۆنانن، بەدڵنیاییەوە دەرفەتى هاوسەنگ نابێت لە رکابەرى وەک ئەوەى لە مادەى 16ى دەستوور هاتووە، کریستیانەکان بەشدارى ناکەن، بەردەوام دەبین لە خەباتمان بۆ راستکردنەوەى هەڵەکان، ئەم هەڵانە پێشێلکرددنى مافى پێکھاتەکانە. رووداو: ژمارەی کرستیانەکان هێندەیە لە هەرێمی کوردستان بتوانن کورسی بەدەست بێنن؟ یونادم یوسف کەنا: بەدڵنیاییەوە بەشی ئەوە ناکات، بۆیە پەنامان بۆ کۆتا برد لەبەر ئەوەى دابەشبوونەکانى جیهان کاریگەرییان لەسەر عێراق هەیە و دابەشبوونەکانى ناو عێراقیش کاریگەرییان لەسەر گەلەکەمان هەیە، تەنانەت کاریگەریشی لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، دابەشبوونەکانى هەرێمى کوردستانیش کاریگەریی لەسەر ئێمە هەیە، بەدڵنیاییەوە ئەم پێکھاتەیە پەرشوبڵاو دەبێتەوە و ناتوانێت ئەو دەنگە بە دەستبهێنن کە بتوانێت ببێتە خاوەنى کورسی، بەڵام بەشێک لە برایان دەستیان بەوە کردووە کە کەسانێک دەهێنن بۆ ناو لیستەکانیان کە وەلائیان بۆیان هەیە تاوەکو نوێنەرایەتیمان بەسەردا بسەپێنن، ئەمەش دەستبەسەرداگرتنى ئیرادەى ئەم پێکھاتەیەیە، دەستگرتنە بەسەر مافى سرووشتى خۆى بۆ هەڵبژاردن. رووداو: ژمارەى کریستیانەکان لەهەرێمى کوردستان چەندە؟ یونادم یوسف کەنا: ئامارێکى ورد نییە، بەڵام لە 150 هەزار کەس کەمتر نییە، بەوانەى پەرتەوازەبوون یان کۆچیان کردووە بۆ هەرێمى کوردستان. هەتا ئێستا نازانرێت لە هەرێمى کوردستان چەندن، سەرژمێری نییە، وەک خەمڵاندن نزیک دەبێتەوە لە 150 هەزار کەس. رووداو: بەهۆی نەمانی کۆتا، هەستدەکەن پشتیوانییتان نەماوە؟ یونادم یوسف کەنا: پرسەکە لە هەرێمى کوردستانەوە نەبوو، بەڵام هەرێمى کوردستان بە دەنگمانەوە نەهات بۆ هەموارکردنى یاساکە تاوەکو وەک 1992 بێت کە لەلایەن رۆڵەکانى پێکھاتەوەکەوە نوێنەرى کۆتاکان هەڵبژێردرێت، بەڵێ ئێستا هەمووى هەست بە ستەم دەکات نەک لە هەرێمى کوردستان، بەڵکو لە هەموو عێراق، تەنانەت لە بەغداش کورسیی کۆتا هیچ بەهایەکى نابێت ئەگەر سنووردار نەکرێت بۆ دەنگدانى پێکھاتەکە. رووداو: نەبوونی نوێنەرایەتی لە پەرلەمانى کوردستان واناکات کریستیانەکان بیر لە کۆچکردن بکەنەوە؟ یونادم یوسف کەنا: بەڵێ بەدڵنیاییەوە، دەیڵێمەوە کە ئەمە تەنیا لە هەرێمى کوردستان نییە کاریگەریی زۆر نەرێنیی دەبێت لە رووى هەستکردن بە ستەم و دەستگرتن بەسەر ئیرادەدا، ئەگەر لە پەنات دانیشتووم و هاوبەشتم، ئەگەر رێگەم لێدەگری، ئەمە وادەکات کە زیاتر کۆچ بکەن، وەک ئەوەى دەگوترێت سیاسەتێکى نەرێنیى نەرم لە دژى پێکهاتەکانى ئەم گەلە هەیە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/23022024
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، بانگەشەیەکی چڕی هەڵبژاردن دەکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنن. ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە شاری ئامەد لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەی، ئامانجەکەیان دوای هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەسەڵاتدار و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی گەورە ئۆپۆزیسیۆن کرد. گوتەبێژەکەی دەم پارتی رەتیکردەوە هیچ جۆرە دانوستاندنێکی نهێنییان لەگەڵ ئاکپارتی و جەهەپە یان هەر لایەنێکی دیکە بۆ قۆناخی دوای هەڵبژاردنەکە هەبێت و پاڵپشتیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلو، بەربژێری جەهەپەیشی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019 لەلایەن هەدەپەی ئەوکاتەوە بە هەڵە ناونەبرد. ئایشەگول دۆغان بە رووداوی گوت، ئەوان بۆ مافەکانی گەلی کورد و مافی "گەلانی دیکەی بندەست" تێدەکۆشن و جەختی لەوەش کردەوە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە دیالۆگ رێگەی گونجاوە. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: بەڕێز ئایشەگول، دۆخی بانگەشە و هەڵبژاردن بەگشتی چۆنە، بە تایبەت بۆ ئێوە وەک دەم پارتی؟ ئایشەگول دۆغان: دۆخەکەمان لە شرنەخ زۆر باشە. ئەوانەی لە شرنەخ دەترسن، با هەندێکی دیکەش بترسن؛ بۆیە هەر لە ئێستاوە دەڵێم، ئێمە لە شرنەخ براوە دەبین؛ قلەبان (شارێکی ویلایەتی شرنەخە) وەردەگرینەوە؛ ئەلکیش (شارێکی شرنەخە) وەردەگرینەوە. دەمەوێ ئەوە ببەستەمەوە بە دۆخی سیاسیی پارتەکەمان. نازانم لە چ روویەکەوە پرسیار دەکەی، بەڵام ئەوەی مەبەستمانە تەنیا سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئاداردا نییە، بەڵکو دەمانەوێت سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبێنین. ئێمەش وەک هەر پارتێکی سیاسی بۆ ئەوە هەوڵدەدەین، بەڵام بیر لە دوای 31ی ئاداریش دەکەینەوە؛ دەمانەوێت ئەنجامێکی سیاسیشمان دەستبکەوێت؛ دەمانەوێت بە سەرکەوتنمان لە هەڵبژاردنەکان دا ئەنجامێکی سیاسی بهێنینە کایەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە گۆڕەپانداین و کار و خەبات دەکەین. ئەوەی کە بە کار و چالاکییەکانمانەوە دیارە، هەروەها بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە کە دەکرێن، ئێستا هەموو کەس باسی دەم پارتی دەکات. ئەو کەسانەی بە مەبەستێکی خراپ باسی دەکەن، بەخۆیان خۆیان ئاشکرا دەکەن و من باسی ئەوانە ناکەم. بەڵام ئەو کەسانەی هیوایان لەسەر دەم پارتی هەڵچنیوە، ژمارەیان لەزیادبووندایە. ئێمە ئەوە دەبینین. ئێوارەی رۆژی 31ی ئادار دەبینین کە چی روودەدات؛ دەبینین کە لە رۆژی 1ی نیسان ئەنجامەکان بە چ شێوەیەک دەبن. رووداو: ئێوە زۆرجار دەڵێن، دەرگەتان بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ کراوەیە. ئایا دەسەڵات هیچ وەڵامێکی بۆ دانوستاندن و گفتوگۆ هەبووە؟ مەبەستم ئاکپارتییە. ئایشەگول دۆغان: ئێمە پارتێکین بۆ مافی گەلی کورد و مافی گەلانی دیکە کە لە تورکیادا دەژین و مافەکانیان پێشێل دەکرێن، هەروەها بۆ مافی گەلانی بندەست، بۆ یەکسانی، ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی، تێدەکوشین. لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوانیش (دەسەڵات) دەڵێین، ئێمە پارتێکی لایەنگری دیالۆگ، دانوستاندن و گفتوگۆین و ئەمەش شتێکی نوێ نییە، بەڵکو 40 ساڵە هەیە؛ دەیان ساڵە هەیە. زۆر لە پارتەکانمان داخران، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسەکانمان کوژران، تەنیا دەستبەسەرکردن و دوورخستنەوە نا، بەڵکو کوژران. لە ساڵانی نەوەتەکان دا پەرلەمانتارێکی ئەم وڵاتە کوژرا کە مەهمەت سنجار بوو لە ئێلێــه. ئەم پارتە لەپێناو ئەوەی رێگەی دیالۆگ، دانوستاندن و گفتوگۆ بکرێتەوە باجێکی گەورەی داوە، هێشتاش باجەکە دەدات و هێشتاش تێدەکوشێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاکپارتی تەنانەت هەنگاوێکیش بەرەو ئێمە نەهاتووە، ئەوە یەکەمین شت. دووەمین شت ئەوەیە، هیچ جۆرە دانوستاندنێکی نهێنی و لە پشت دەرگە داخراوەکانەوە نەبووە. لە پشت دەرگە داخراوەکانەوە هیچ کۆبوونەوەیەکمان نییە، نەوەک تەنیا لەگەڵ ئاکپارتی، بەڵکو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش. ئێمە نەخشەرێگەیەکی نوێمان هەیە. چی دەکەین؟ بۆ گەلان و بە تایبەت بۆ گەلی کورد و هەموو کەسێک دەڵێین، سیاسەت بە ئاشکرا دەکەین و شتێکمان نییە بیشارینەوە. داواکارییەکانمان دیارن و لە بەرنامەی پارتەکەمان و پەیرەوکەماندا هەن. سەڕەرای ئەوە، ئێمە لە هەموو شوێنێک باسی داواکارییەکانمان دەکەین؛ لە بانگەشەکان باسیان دەکەین، لە کۆبوونەوەی پەرلەمان باسیان دەکەین و بۆ میدیاش باسیان دەکەین. هەموو رێگەیەکی دانوستاندن و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دیالۆگەوە بەهۆی ئێمەوەیە. بناخەی پارتەکەمان لەسەر ئەوە دامەزراوە. هەموو رێگەیەک لەسەر گەلی کورد داخراوە کە دەیان ساڵە بۆ پاراستنی ناسنامەکەی، کولتوور، هونەر و زمانی خۆی هەوڵدەدات. بۆیە ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە هەبووایە، خۆمان دەمانگوت. زۆر باسی مافی سرووشتییەکانمان دەکەن؛ هەندێکیان بە خراپی باسیان دەکەن. چییە ئەو شتەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت؟ بۆ نموونە دەڵێن، بۆچی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ بەربژێری دیاری کرد؟ رووداو: ئەمە نموونەیەکی گەورەیە، چونکە دیاریکردنی بەربەژێر لەلایەن ئێوەوە لە بەرژەوەندی ئاکپارتی دایە؟ چی دەڵێن لەسەر ئەمە؟ ئایشەگول دۆغان: ئێمە بۆ بەرژەوەندی هیچ کەسێک لە هیچ شوێنێک بەربژێرمان دیاری نەکردووە و دیاریش ناکەین. ئێمە بۆ بەرژەوەندی خۆمان، بەرژەوەندی گەلان و بەرژەوندی پارتەکەمان بەربژێر دیاری دەکەین و بۆیەش لە هەموو ناوچەکانی تورکیا بەربەژێرمان دیاری کرد، لە 77 شار بەربژێرمان دیاری کرد و من خۆم راگەیێندراوەکەم خوێندەوە. لەوێ [ئیستەنبووڵ] کێ زەرەرمەند دەبێت و کێ سوودی لێ دەبینێت، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. هیچ کەسێک ناتوانێت تۆمەتبارمان بکات؛ هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە لەبارەی مافەکانمانەوە قسەمان لەسەر بکات. پارتێک بۆچی بەربژێر بۆ هەڵبژاردن دیاری دەکات؟ بۆ ئەوەی سەرکەوێت. سەرکەوتن چییە؟ سەرکەوتن تەنیا بردنەوە و بەدەستهێنان شارەوانی نییە. ئێمە دەڵێین، سەرکەوتن لەوە گەورەترە، بەڵێ ئێمە شارەوانییەکانمان وەردەگرینەوە؛ ئەو شارەوانییانەی بە زۆر لێیان وەرگرتین. ئێمە ئیرادەی گەل رادەستی گەل دەکەینەوە. گەل خۆی ئیرادەکەی وەردەگرێتەوە. بەڵام سەرکەوتن و دەستکەوتی گەورە لە ئیستەنبووڵ چییە؟ هەموو کەس باسی ئەوە دەکات. وا نییە؟ دەتەوێ رێکخستنەکەت بەهێز بکەیت؟ دەتەوێ خۆت بناسێنی؟ ئەو شتانەی لە کوردستان باسیان دەکەیت، بۆچی دەبێت لە شارەکانی دیکەدا باسیان نەکەیت؟ بۆچی لە شار و شارۆچکەکان لە بەڕێوەبردن دا مافت نەبێ؟ ئەمە ئەوە ناگەیێنت کە ئێمە لەگەڵ هەندێک لایەن و پارت لەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکان رێککەوتبین. بە ئاشکرا دەڵێم، شتی وا نییە. هەندێک کەس کە لە دەسەڵاتەوە نزیکن یان هەندێک کەس کە لە نەژادپەرستەکانەوە نزیکن، ویستیان شتێکی لەم جۆرە لەبارەی ئێمەوە دروست بکەن و بڵاوبکەنەوە، وەک ئەوەی کە لە هەندێک شوێن لەگەڵ هەندێک لایەن دانوستاندنمان هەبووە. ئەگەر شتێکی لەو جۆرەشمان ویستبێ، ئەوە شتێکی سرووشتییە، بەڵام بۆچی ئەو نموونەیە دەهێنمەوە؟ میدیای نزیک لە دەسەڵات و میدیای نزیک لە ئۆپۆزیسیۆنیش، کاتێک مژار دەبێتە کورد، دەبنە یەک و دژی کورد و مافەکانی کورد دەوەستن؛ لەبەر ئەوەش دەمانەوێت دەستکەوتەکانمان لە هەموو شوێنێک زیاد بکەین، رێکخستنەکانی خۆمان بەهێز بکەین، جۆش و خرۆشی گەلەکەمان زیاتر بکەین، دەستکەوت و سەرکەوتن بۆ ئێمە ئەوەیە. رووداو: روونە کە لە ئیستەنبووڵ بەربژێرتان هەیە. ئایا ئەمە ئەوە دەگەیێنێت کە سیاسەتی ئێوە لە ساڵی 2019دا هەڵە بوو؟ ئایشەگول دۆغان: نەخێر ئەو واتایە ناگەیێنێت. بۆچی؟ ئەوکاتیش گوتمان، ئێمە ئەو هەڵوێستەمان بۆ دیموکراسیی تورکیا، بۆ ئازادیی گەلانی تورکیا، بۆ ئازادیی گەلی کورد پیشان دا. ئێمە داوای چی دەکەین؟ ئێمە دەڵێین، لە وڵاتێکی دیموکراسی دا پێویستە پرسی کوردیش چارەسەر بکرێت. پرسی دیموکراسی و کورد ناکرێ لە یەکدی جیابکرێنەوە. پێویستە ئەم سیستمە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی ئەم کۆمارە، ئەم سیستەمە ببێتە سیستمێکی دیموکراسیی ئەوتۆ کە دان بە مافەکانی مرۆڤ دابنێت، دان بە مافی گەلان دابنێت؛ مافی خاوەن بیروباوەڕی جیاواز، ئایینی جیاواز، ناسنامەی جیاواز بدرێت. ئەگەر رەخنەیەکیش گیرا، پێویستە مرۆڤ قبووڵی بکات. بینیمان کە دوای هەڵبژاردنەکانی 14 و 28ی ئایار، پارتەکەمان لە رێگەی ئەو کۆبوونەوانەی کە لە سەرانسەری تورکیا کران، هەستی بەوە کرد کە پێویستی بە چاوخشاندنەوە و تەنانەت رەخنەگرتن لە خۆی هەیە. ئەگەر پرۆسەکە لە 2013ەوە وەربگرین، لە پڕۆسەی چارەسەرییەوە تاوەکو ئێستا، چی بوو؟ چی روویدا؟ چۆن روویدا؟ هەستی گەل چۆن بوو؟ رەخنەگرتنێک سەبارەت بەم خاڵانە هەبوو، بەڵام بە تایبەت بۆ ساڵی 2019 ناتوانین بڵێین هەڵە کرا (لە پاڵپشتیکردنی بەربژێری جەهەپە لە ئیستەنبووڵ). بە پێچەوانەوە، ئەوکات سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار کرا. 25 ساڵ بوو حیزبێک ئیستەنبووڵی بەڕێوەدەبرد، بە هێزی پارتەکەمان گۆڕانکاری بەسەر ئەوەدا هات لە بەرژەوەندی حیزبێکی دیکە. ئەوە پیشاندەری چییە؟ ئەوە هێزی پارتەکەمان پیشان دەدات. ئێستاش ئەو حیزبە (دەم پارتی) دەیەوێت وەک ئەوکاتە بە هەمان هێزی خۆی بۆ دیموکراسی، ئازادی، ئاشتی و یەکسانی، درێژە بە خەباتی خۆی بدات. ئێستاش (دەم پارتی) دەڵێت، نە کارێکی وەها دەکەم کەسێک بدۆڕێنێ، نە کارێکی وەها دەکەم کەسێک قازانج بکات و دەڵێت، خۆم براوە دەبم، خۆم سەرکەوتوو دەبم و سەرکەوتنەکانم گەورەتر دەکەم. رووداو: ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن بە دەم پارتی، ترسیان هەیە و دەڵێن، دەنگ دەدەین و سەرۆکی شارەوانی هەڵدەبژێرین، بەڵام دوو رۆژ دواتر دەسەڵات قەییووم دادەنێت. ئێوە چی دەکەن بۆ پاراستنی مافی خەڵک و دەنگدەرانتان بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە وەک قەییووم دەستنیشان نەکرێت؟ ئایشەگول دۆغان: بۆ ئەوەی جارێکی دیکە قەییووم دانەنرێت، پێویستە لە تەواوی تورکیادا دەنگی زیاتر بێنین. پێویستە دەنگدەرەکانی دەم پارتی بزانن کە هەر دەنگێک گرنگە. لەوانەیە ئێوەش پرسیارتان کردبێ، کاتێک لە دەنگدەران و لایەنگرانی دەم پارتی دەپرسن، لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە کێ دەدەن یان دەنگ دەدەنە کام پارتی؟ دەڵێن "دەنگ دەدەینە خۆمان و هیچ حیزبێکی دیکە نییە نوێنەرایەتی ئێمە بکات". ئێمەش مرۆڤین و ئەم پارتەش دەکرێ تووشی کەموکورتی و لاوازی بێت و حیزبەکەشمان هەر خۆی باسی ئەو شتانە دەکات. من لە کولتوورێکەوە هاتووم کە کولتووری رەخنەگرتن و رەخنەوەرگرتنە؛ هەر بەو کولتوورەش گەورە بووم؛ هەنگاو بە هەنگاو هاتووم و گەیشتووم بەم ئاستە و بەم قۆناخە. دووەم خاڵ باسی بکەم ئەوەیە، ئەگەر بە هێزەوە نوێنەرەکانمان بنێرینە ئەو شوێنانەی کە هەن، ئەوا ناگەڕێندرێنەوە. سێەم خاڵ، پارتەکان بەتایبەتی لە جوگرافیای کوردستان کارێک دەکەن. بۆ نموونە، جەهەپە دەڵێت، دەنگتان مەدەنە ئەوان (دەم پارتی) و تەنانەت ئەگەر دەنگیشیان بدەنێ، دواتر قەییووم لە شوێنیان دادەنرێت. ئەوە دروست نییە. ئاکپارتیش دەڵێت، ئەگەر دەنگیشیان بدەنێ (بە دەم پارتی)، ئێمە هەر قەییووم دادەنێین. بەم شێوەیە لە بەرامبەر ئیرادەی کورد هاوبەشن. ئایا ئێوە لە هەموو شوێنێک لێرە دەتوانن بێ ترس پرسیار بکەن؟ نەخێر. خەڵکیش ناتوانێت باسی بۆچوونی خۆی بکات. هیچ کەس سوود لەو ترسە نابینێت؛ ئاکپارتیش سوودی لێ نابنێت؛ جەهەپەش سوودی لێ نابینێت؛ حیزبەکانی دیکەش سوودی لێ نابینن. زۆر پارت هاتن و چوون؛ زۆر سەرۆککۆمار هاتن و چوون؛ زۆر سەرۆکوەزیر هاتن و چوون؛ چیرۆکی کەس بۆ ئێمە لە چیرۆکی کەسێکی دیکە جیاواز نییە، ئەگەر پرسی کوردی چارەسەر نەکردبێت و سەبارەت بە پرسی کورد بەرپرسیارێتی هەڵنەگرتبێت، ئینجا دەسەڵاتدار بێت یان ئۆپۆزیسیۆن. لەبەرئەوە ئەگەر لایەنێک بیر لە بەژەوەندییە گشتییەکانی تورکیا بکاتەوە، دوا بانگەوازمان بۆی ئەوەیە کە پێویستە دەست لەو شتە دژە دیموکراسیانە هەڵبگرێت؛ ئەو شتانەی لە دیموکراسی دوورن. بە دانانی قەییووم، بە ترس و قەدەخەکردن، بە نەناسینی زمانێک، وڵاتێک نەوەک تەنیا ئاوەدانتر نابێت، بەڵکو لەڕووی ئابووریشەوە باشتر بەڕێوەناچێت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/28032024
سەرۆکی رێکخراوی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق دەڵێت، ساڵی داهاتوو سەرژمێریی گشتی لە عێراق دەکرێت. دەشڵێت، گەشەی دانیشتووان لە عێراق ساڵانە 870 هەزار کەس و لە هەرێمی کوردستانیش 130 هەزار کەسە. نێستەر ئۆوموهانجی، سەرۆکی رێکخراوی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق (UNFPA) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژ عەلی زاڵە لەگەڵی ئەنجامی دا، لەبارەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمبوونەوەی ئاو و کێشە خزمەتگوزارییەکان قسەی کرد. نێستەر ئۆوموهانجی لە بەشێکی قسەکانیدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە ساڵی داهاتوو سەرژمێریی گشتی بکات، چونکە عێراق لە ساڵی 1987ـەوە سەرژمێریی تەواوی دانیشتووانی نەکردووە. گوتیشی، لەو سەرژمێرییەدا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ئەو بڕگەیە لە پرسیارەکاندا لاببرێت کە کێ کورد و کێ عەرەبە، حکومەتی عێراق دەیەوێت ئاماری سەرژمێریی گشتی دەستبکەوێت. سەرۆکی UNFPA لە عێراق باسی لەوە کرد، نزیکەی چارەگێکی ژنانی عێراق نایانەوێت منداڵیان ببێت. گوتیشی، بەگشتی دانیشتووانی عێراق بە گەنج ئەژمار دەکرێن. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەرۆکی UNFPA لە عێراق: رووداو: زۆر سوپاس کە لەگەڵمانیت. دەمەوێت لە پرسەکانی ئەمساڵتانەوە دەست پێ بکەم کە ژنان و گۆڕانی کەشوهەوایە. بۆچی عێراق ئەم بابەتەی هەڵبژاردووە و یو ئێن ئێف پی ئەی چۆن لەم بابەتەدا هاوکار دەبێت؟ نێستەر ئۆوموهانجی: خۆی لە ئاستی جیهاندا، یوئێن ئەمساڵی بۆ رۆژی جیهانیی ژمارەی دانیشتووان هەڵبژاردووە وەکو بابەتێکی بەهێزکردنی ژنان. هێزی ژنان یان یەکسانیی جێندەری ئازاد دەکات. جا عێراقیش هەر بە راستی وایە و گۆڕانی کەشوهەوای کردووەتە کاری لەپێشینەی. وا دەردەکەوت کە پێویست بێت گۆڕانی کەشوهەوا وەکو کاری لەپێشینەی پەیوەند بکرێت لەگەڵ یەکسانیی جێندەرییدا و دان بەوەدا بنرێت کە یەکسانیی جێندەری بە دی نایەت ئەگەر کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا چارەسەر نەکرێن. حکومەت ژیرانە بەدوایدا چوو کە دەبێت بابەتێکمان هەبێت پەیوەندی بە ژنان و گۆڕانی کەشوهەواوە هەبێت. ئێمە وەک یوئێن ئێف پی ئەی پشتیوانیی ئەو بابەتە دەکەین کە پەیوەندیی بە بابەتی جیهانییەوە هەبێت، چونکە ئێمە لەگەڵ حکومەتدا کار لەسەر دیاریکردنی کێشەکان یان گۆڕانی کەشوهەوا دەکەین هاوتەریب بە پرسی ژنان. جا ئێمە تازەکی دەست پێدەکەین و خەریکی چەند لێکۆڵینەوەیەکین، بۆ نموونە لە زۆنگاوەکاندا تا سەیری کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژنان بکەین، کە روونن. ئەمە دەستپێکە، چونکە دەمانەوێت کاریگەرییەکە بزانین تا بتوانین بچینە پال حکومەت بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین بە راستی وا بکەین ژنان مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی کەشوهەوادا بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە پێشهاتەکانی داهاتوو بپارێزن. رووداو: باشە، یو ئێن ئێف پی ئەی کار لەسەر ژمارەی دانیشتووان و کێشەکانی دەکات. تێگەیشتنتان بۆ ژمارەی دانیشتووانی عێراق چییە؟ چ ئامارێکتان لە بەردەستدایە. هەروەها هەندێک راپۆرت هەن باس لەوە دەکەن کە ژمارەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان هاوشانی عێراق زیاد ناکات بە تایبەتی لە لایەنی رێژەی لەدایکبوونەوە. بۆیە ژمارەی دانیشتووانی کەم دەکات و، لە عێراقیش زیاد دەکات یان هاوشانی یەک زیاد ناکەن. ئێوە لەوە چۆن تێدەگەن؟ نێستەر ئۆوموهانجی: بە گشتی دانیشتووانی عێراق بە گەنج ئەژمار دەکرێن. لە بنچینەدا گەنج بەو مانایە دێت کە وەک پێشبینییەک بۆ داهاتوو ژمارەی ئەو خەڵکەی لە دایک دەبن زیاد دەبێت. جا خەمڵێنراوە کە دانیشتووانی عێراق بە رێژەی نزیکەی 3.6٪ گەشە دەکات، بەڵام لە راستیدا ئەوە بەو مانایە نییە کە زۆر بێت. بەو مانایەیە کاتێک ئەو کەسانەی ئەم وڵاتە جێ دەهێڵن و ئەو کەسانەی دەمرن ئەژمار بکەیت و، ئەو لەدایکبووان و ئەوانەی دێنە ناو عێراقەوە بخەیتە سەری، ئەوا ساڵانە ملیۆنێک کەس بۆ ئەم وڵاتە زیاد دەبن. رووداو: ساڵانە ملیۆنێک؟ نێستەر ئۆوموهانجی: ساڵانە ملیۆنێک کەس زیاد دەبن بە شێوەیەکی رێژەیی ژمارەیەکی زۆرە، چونکە بە پشتبەستن بە رەوتی پلاندانان، ئەوا دەبێت پلان بۆ ملیۆنێک زیاتر و ئەوانەیش کە هەتن دابنێیت. دەبێت بۆ هەردووکیان پلان دابنێیت. دانیشتووانی زۆر بە هیچ شێوەیەک کێشە نییە، کێشەکە تەنیا لەو کاتەدایە کە ئەوانەی نایانەوێت منداڵیان ببێت، کەچی دەیانبێت لەبەر ئەوەی هیچ بژارەیەکیان نییە. جا ئێمە لە رێگەی داتاکانمانەوە دەزانین کە هەموو پێنج بۆ 10 ساڵ جارێک کۆیان دەکەینەوە، لە راستیدا نزیکەی چارەکێکی ژنانی عێراق نایانەوێت منداڵیان ببێت، کەچی هیچ بژارەیەکیشیان نییە. نازانن لە کوێ ئامڕازی رێگری لە منداڵبوون پەیدا بکەن یان خۆیان لە سکپڕی بپارێزن، یان بژارەیان نییە، چونکە مێردەکانیان یان کەسوکاریان داوای منداڵیان لێ دەکەن. جا نیگەرانییەکە لێرەدایە، بەڵام خودی ژمارەکان کێشە نین. ئێستا تۆ باسی کوردستان دەکەیت. رووداو: بەڵێ، راستییەکەی، ئایا ئێمە دەزانین کە چ ناوچەیەک ئەو ملیۆنە زیاد دەکات؟ نێستەر ئۆوموهانجی: ئەوە پەیوەندیی بە فەرهەنگەوە هەیە و دەتوانم پێت بڵێم، ئەگەر هیی کوردستانت دەوێت، ئەوە نزیکەی 130 هەزارە، ساڵانە ئەوەندە بۆ دانیشتووانەکەی زیاد دەبێت. رووداو: یانی کوردستان ساڵانە 130 هەزار زیاد دەکات بۆ ژمارەی دانیشتووانەکەی و، ئەو 900 هەزارەی دیکە؟ نێستەر ئۆوموهانجی: 870 هەزاری هیی عێراقە. رووداو: باشە، ئەوە ناهاوسەنگییەک لە پرسی زۆربوونی دانیشتوواندا دروست ناکات؟ نێستەر ئۆوموهانجی: بە هیچ شێوەیەک، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو خاڵەی کوردستان بەرامبەر بە عێراق، ئەوە راستە کە گەشەی دانیشتووانی کوردستان لە چاو عێراقدا کەمێک رێژەکەی کەمترە. نزیکەی 3.6٪ بۆ وڵاتەکە و 3.4٪ بۆ کوردستان. ئەوە جیاوازییەکی زۆر کەمە. لە لایەنی گەشەوە ئەوە جیاوازییەکی زۆر کەمە، بەڵام ئەوەیش دەزانین کە هەرێمی کوردستان کە تۆزێک زیاتر دەگەشێتەوە و ئەوی پێی دەگوترێت گواستنەوەی دیموگرافی، ئەو وڵاتانەی لە لەدایکبوون و مردنی زۆرەوە دەگوازرێنەوە بۆ لەدایکبوون و مردنی کەم هەمیشە لە ژمارەی زیادبوونی خەڵکیاندا کورتهێنانیان دەبێت. جا کوردستان لەم لایەنەوە لە تەواوی عێراق خێراتر دەڕوات. ئەمە شتێکی نەرێنی نییە، ئەمە شتێکی ئەرێنییە، چونکە شتێکی پەیوەندیدارە. تەنانەت لە خودی عێراقیشدا دەتوانین لەم ژمارە زۆرەی دانیشتووانەوە کە شەش کەسە بۆ خێزانێک بچین بەرەو چوار یان سێ و نیو و شتێکە کە مسۆگەر روودەدات، چونکە ئەوە جیهانییە و جیهان بەو ئاراستەیە دەچێت. نیگەرانییەکە لە کوێدایە؟ نیگەرانییەکە لەوێدایە ولاتێکت هەبێت نەتوانێت شوێنی خۆی پڕ بکاتەوە. بۆ نموونە تۆ ژن و مێردێکت هەیە و ناتوانن شوێنی خۆیان پڕ بکەنەوە. جا ئێمە کڵێشەیەکی جیهانیمان بۆ گەشە هەیە کە 2.1ـە. بۆیە پێویستە رێک لەو ئاستەدا گەشە بکەین کە بتوانین شوێنی خۆمان پڕ بکەینەوە. جا عێراق نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە، پاکستانیش نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە. بۆیە ئەوە کێشە نییە. کێشەکە ئەوەیە کە ئایا ئێمە دەتوانین لەوە دڵنیا ببینەوە کە ئەم خێزانانە پشتیوانیی خۆیان بکەن و لەسەر رێڕەوی داهاتوو بڕۆن؟ رووداو: بەڵام ئەوە، دەکرێت بڵێین کە عێراق هەندێک کاتی پێ دەچێت تا دەگاتە ئەو ئاستە. جا دەزانین کە عێراق دۆخێکی سیاسیی زۆر ناسکی هەیە. زۆربوونی دانیشتووان بەم رێژەیەی کە ئێستا هەیە، پێتان وایە کە هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەهۆی ئەو ناهاوسەنگییەوە دروست ببێت؟ نێستەر ئۆوموهانجی: پێموایە، ئەوەی زیاتر بیری لێ دەکەمەوە ئەوەیە کە پێشتر لە عێراق بووم لە 2014 و 2018دا و ئێستایش ئەوە وەک نوێنەری یو ئێن ئێف پی ئەی گەڕاومەتەوە، کێشەی قەبارەی دانیشتووان لە چاو جاراندا لە هەرێمەکان و پارێزگەکاندا زیاتر لێی تێدەگەن، بۆیە وا نابینم لە داهاتوویەکی نزیکدا سیاسەت لە دەوروبەری ژمارەی دانیشتوواندا هەبێت. لە راستیدا بە هاوڕێکانمم دەگوت کە ئەوە عێراقە زۆر دیموگرافی دەناسێت، زیاتر لە زۆر وڵاتی دیکە نزیکەی هەموو کەسێک دەزانن دیموگرافی چییە، بۆیە پێم وایە ئەم پرسیارە لەبارەی دیموگرافییەوە زیاتر لێی تێدەگەن، چونکە لە کۆتایی رۆژەکەدا خەڵکی دەگەنە هەمان چینی هەژاری، خەڵک دەگەنە هەمان چینی خۆشبژێوی. ئەمە پەیوەندیی بەوەوە نییە کە تۆ لەو کەسانەیت لەوانی دیکە دەوڵەمەندترن. کاریگەرییەکانی تیرۆر و داعش کاریان لە هەمووان کردووە نەک تاکەکەس. بۆیە لەوە تێدەگەن و بڕوام وایە تا پلانەکان لە هەموو بوارەکاندا کار لە دانیشتووان بکەن، تا گەشەکردن بۆ هەمووان بێت، لە داهاتوودا ئەم پرسیارە نابێت و کێشەی سیاسەت بە دەوری ژمارەی دانیشتوواندا سەر هەڵنادات. رووداو: باشە، پێشتر گوتت کە ساڵانە ملیۆنێک کەس بۆ ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاد دەکات. ئەوەش 130 هەزاری لە کورستان و 870یەکەی دیکە لە عێراق. ماوەیەکی زۆرە لە عێراق سەرژمێری نەکراوە. ئێوە ئەم ئامارەتان لە کوێوە هێناوە؟ نێستەر ئۆوموهانجی: وایە. کاتێک ئاماژە بەم کڵێشانە دەکەین، ئەوانە نزیکەیین و لەسەر بنەمای پێشبینییەکانن. جا ئێستە ئەوەی مایەی داخە ئەوەیە کە لە راستیدا عێراق لە ساڵی 1987ـەوە سەرژمێریی تەواوەتیی دانیشتووانی نەکردووە. ئەو کاتە سەرژمێری لە تەواوی وڵاتدا کراوە. ساڵی 1997ـیش هەوڵێکی سەرژمێریی دیکە دراوە، بەڵام بەبێ لەخۆگرتنی هەرێمی کوردستان، چونکە هەرێمەکە ئامادە نەبووە و هیچ رێککەوتنێک نەبووە لەسەر ئەوەی چۆن ئەم سەرژمێرییە بکرێت. بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەو کڵێشانەی دەیاندەین نزیکەیین و لەسەر پێشبینی بەندن کە ئێمە لەو سەرژمێرییانەی ساڵانی پێشووەوە بە رێژەیی شکاندووماننەتەوە. رووداو: راستە، ئاشکرایە کە پێویستییەکی زۆر بۆ کردنی سەرژمێرییەک هەیە، یو ئێن ئیف پی ئەی، چۆن دەتوانێت هاوکاریی عێراق بکات لە کردنی؟ نێستەر ئۆوموهانجی: خۆشحاڵم کە ئاماژەت بەو پێویستییە کرد. سەرژمێری پێویستە، چونکە هەرکەسێک کە سەیری ئەم بەرنامە یان هەڤپەیڤینە دەکات، رەنگە ئەوە بڵێت، بەڵام ئێمە پێویستمان بە سەرژمێری نییە و ئەم شتە چییە؟ سەرژمێری ژمارەی تەواوەتیی خەڵکە. تۆ ناتوانیت پلان بۆ وڵاتێک دابنێیت ئەگەر نەزانیت چەند کەست هەیە، لە کوێ نیشتەجێن، پێکهاتەی دانیشتووان چۆنە، چەندیان منداڵن، چەنیان گەنجن، چەندیان ئافرەتن، چەندیان پیاون و چ خزمەتگوزارییەک بەردەستە، بۆیە سەرژمێری دەرفەتت دەداتێ هەموو ئەمانە بزانیت، بەڵام لەناو سەرژمێرییشدا لیستی خزمەتگوزارییەکانی دەوروبەری خەڵک هەیە. کاتێک سرووشتی خانووەکان دەزانیت، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان دەزانیت و هەموویان تۆمار دەکرێن، ئەوا دەتوانیت بزانیت چەندە نەخۆشخانەت هەیە، چەندە قوتابخانە و وێستگەی ئاوت هەیە و سرووشتی خانووەکان چۆنە و سرووشتی قەبارەی دانیشتووان بەپێی خێزان چۆنە، بۆیە تۆ وەک وڵات پێویستت بەمەیە. ئێستا سەرژمێری ئەم شتە گرنگەیە، بەڵام سەرژمێری هەر ئەو رۆژەی دەکرێت، بەسەر دەچێت، لەبەر ئەوەی لە رۆژی سەرژمێرییەکەدا حکومەت داوا لە هەمووان دەکات کە تکایە لە ماڵەوە بمێننەوە، چونکە سەرژمێرنووسانێک دێن چێکتان دەکەنەوە. رۆژێک دوای سەرژمێرییەکە، هەموو شتێک دەگۆڕێت. خەڵک لە وڵات دەچنە دەرەوە، خەڵک کۆچ دەکەن، منداڵ لە دایک دەبن، خەڵک دەمرن. سەرژمێری بۆ پێشبینی گرنگە. جا سەرژمێری بۆ هەر پلاندانەرێک گرنگە، چونکە بەندە لەسەر ئەو ژمارانەی کە تۆ دەتوانیت لە رێیەوە پێشبینی بکەیت لە فڵان رۆژدا چەند کەس هەن، چەند کەس لە دایک دەبن، چەند کەس منداڵن. ئەو شتە گرنگەیە. جا من زۆر خۆشحاڵم کە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە کە کاری لەپێشینەیە لە بودجەی ئەمساڵدا و دەبێت ساڵی داهاتوو سەرژمێری بکرێت و لە مانگی کانوونی یەکەمدا ژمارەی تەواوەتی هەبێت. جا ئێمەیش هەموومان دڵخۆشین. رووداو: پێتوایە ساڵی داهاتوو سەرژمێری بکرێت؟ نێستەر ئۆوموهانجی: بڕوام وایە سەرژمێری دەکرێت. پێشتر کە لێرە بووم، بڕوام نەدەکرد. ئێستا بە تەواوەتی بڕوا پێیەتی. قسەم لەگەڵ وەزیری پلاندانان و نووسینگەی سەرژمێریی فیدراڵی کردووە، قسەم لەگەڵ وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستاندا کوردووە، قسەم لەگەڵ سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کردووە، کاک سیروان. من دڵنیا کراومەتەوە کە سەرژمێری دەکرێت، چونکە پرسیاری هەستیاری نەژادی یان لابراون و لەسەریان رێککەوتوون، کە ئەوەیش کێشەیەکی سەرەکی بوو. بۆیە سەرژمێری بۆ مەبەستی پلاندانان و مەبەستی گەشەکردنە نەک بۆ مەبەستی سیاسی. بۆیە بڕوام وایە ساڵی داهاتوو سەرژمێری دەکرێت. رووداو: باشە، بەڵام پێموایە سەرکردە عێراقییەکان دەزانن کە سەرژمێرییەک پێویستە بۆ ئەوەی بزانن کە چ پێویستییەک هەیە و دەبێت کار لەسەر چی بکرێت، بەڵام کێشەکان چی بوون؟ دەزانم هەندێک کێشەی سیاسی هەبوون، بەڵام جگە لەو کێشانە، بۆچی سەرکردە عێراقییەکان دوای ئەو هەموو ساڵە ئێستا بڕیاریان داوە سەرژمێری بکەنە یەکێک لە پێشینەی کارەکانیان؟ نێستەر ئۆوموهانجی: راستییەکەت پێ بڵێم؟ پێم وایە حکومەتەکانی پێشوویش کردوویانەتە کاری لەپێشینەیان. کاتێک ساڵی 2014 هاتم و پێنج ساڵ لەمەو پێشیش هاتم، بڕیار بوو ساڵی 2019 سەرژمێری بکرێت. ئەوە بوو هەندێک کێشە سەریان هەڵدا. ساڵی 2020ـیش هەوڵێک هەبوو کە سەرژمێری بکرێت، کۆرۆنا هات. بۆیە هەر پێداگری هەبووە کە سەرژمێری بکرێت. جگە لە کۆرۆنا، لە لایەنی کۆدەنگییەوە چەند کێشەیەک هەبوون لەنێوان سەرکردە سیاسییەکاندا کە باسیان نەکرا، وەک ئەوەی چ پرسیارێک بکرێت، چ زانیارییەک وەربگیردرێت. ئەوەی ئێستا باوەڕم پێیەتی ئەوەیە ئەو پرسیارانە دیاری کراون و هەر بۆیە من زۆر ئەرێنیم کە ساڵی داهاتوو سەرژمێری دەکرێت. رووداو: باشە، لە راستیدا ئەوە جێگەی سەرنجە. تۆ دەڵێیت کە پرسیاری ئەوەی کە کێ کوردە و کێ عەرەب لە سەرژمێریدا نابێت، بەڵام دەیان ساڵە کورد چاوەڕێن کە بزانن ژمارەیان چەندە. یانی کە وابێت ئەوە لە سەرژمێرییەکەدا نابێت؟ نێستەر ئۆوموهانجی: دەیڵێمەوە، ئەوەی دەیڵێم ئەوەیە لە حکومەتەوە دەرچووە، چونکە وەک سیستەمی یوئێن، ئێمە دیاری ناکەین کە چی بپرسرێت. بۆیە من ئەوە ملە حکومەتەوە زانیوە و هیوادارم ئەوە راست بێت.لە لایەنی زانینی نەژادی دیاریکراویشەوە، دەکرێت پرۆسەیەکی جەدا بێت. ئەگەر ئێمە باسی کڵێشەکان بکەین، ئەوە دەبێت بۆ گەسەپێدان بن. پێم وایە ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە کە بزانێت بە راستی چەند کەس لە هەرێمەکەدان و سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەردەگرن و پێویستیان بەوەیە لە هەرێمەکەدا پشتیوانییان بکرێت بەبێ ئەوەی بڵێی خەڵکی کوێن و بزانیت چەندە ئۆگەندایی لە کوردستاندان. پێم وایە ئەوە زانیارییەکی گرنگە، بەڵام بۆ گەشەپێدان نا. هیوادارم ئەم سەرژمێرییە بۆ گەشەپێدان بێت. هەر بە راستی پێویستمان بەوەیە بزانین لە هەرێمی کوردستاندا چەند کەس سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەردەگرن. کە دەبێت ئەوە پلانی بۆ دابنرێت، نەک ئەوەی بتەوێت بزانیت لە کوێ لە دایک بوون و هی کامە دایکن. رووداو: باشە، یو ئێن ئێف پی ئەی هاوکاریی حکومەتی عێراق بوو لە مانگی تەممووز بۆ دەرکردنی دۆکۆمێنتی سیاسەتی نیشتیمانیی دانیشتووان، ئەوە چییە؟ چی دەکات بۆ عێراق؟ نێستەر ئۆوموهانجی: من زۆر خۆشحاڵم کە حکومەتی عێراق سیاسەتی نیشتمانیی گەشەپێدانی دانیشتووانی کردووەتە کاری لەپێشینەی. رەنگە تێگەیشتنی ئاسان نەبێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کاتێک تۆ داوا لە پلاندانەران دەکەیت کە پلانێک بۆ بودجە دابنێن، دەتوانن گەلێک شێواز بە کار بهێنن. دەتوان هەڵاوسان بەکاربهێنن. بۆ نموونە لە ئاستی ئێستای هەڵاوساندا ئێمە زۆربەی توانای کڕین لە دەست دەدەین. پێویستمان بەوەیە بەپێی ئەمە پلان دابنێین. دەتوانن شێوازی دامەزراندن بەکاربهێنن، ئەوا سیاسەتی نیشتمانیی دانیشتووان بە شێوەیەکی بنچینەیی بە حکومەت و پلاندەنەران و کەرتە جیاوازەکان دەڵێت کە ئێمە لە ناوەندی هەر شتێکدا پلانی بۆ دادەنێن خەڵکمان هەیە. نەک تەنیا هەڵاوسان و دامەزراندن و گەشەکردن و جی دی پی، بەڵکو بە راستی تۆ خەڵکت هەیە. جا ئەم خەڵکەیش پێویستیان بە ئاو و خزمەتگوزاریی تەندروستی و خوێندنە. بۆیە سیاسەتی دانیشتووان هەموو ئەم توخمانە لە دەوری خەڵک کۆدەکاتەوە و کار دەکاتە سەر هەر شتێک لەسەر ئەم خەڵکە پلانی بۆ دابنێیت و چۆن وەبەرهێنان لە خەڵکدا بکەیت. جا بۆیە سیاسەتی دانیشتووان هەموو ئەمانە لەخۆدەگرێت. بۆیە ئەو سیاسەتە تەنیا بۆ کەرتێک نییە، بەڵکو بۆ هەموو کەرتەکانە کە لە بنچینەدا وەکو تاک یارمەتیی تۆ دەدات کاتێک هەمووان پلان بۆ هەموو شتیک دادەنێن. کە پلان بۆ تۆ وەک تاکێک دادەنێت. جا ئەو سیاسەتە دەڵێت، سەر باری هەموو ئەو شتانەی دەیانکەیت، ئەم کەسانە بکە کاری لەپێشینەت ک ەلە کوێن و چییان پێویستە. رووداو: باشە، با بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەو پرسانەی کە ئەم ساڵ هەڵبژێردراون. پێشتر باسی رێژەی لەدایکبوون و توانای وەچەخستنەوەت کرد. یو ئێن ئێف پی ئەی چ شتێک دەکات بۆ باشترکردنی خزمەتگوازارییە تەندروستییەکانی تایبەت بە وەچەخستنەوە و رێژەی دانیشتووان؟ نێستەر ئۆوموهانجی: خۆی سیستەمی یوئێن بە شێوەی فرەحکومەتی رێکخراوە. یوئێن رێکخراوێکی فرەحکومەتییە. ئێمە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە پێکهێنراوین و عێراقیش یەکێکە لە وڵاتە ئەندامەکان. جا ئێمە رێکخراوی ناحکومی نیین، لە راستیدا ئێمە رێکخراوێکی حکومیین. بۆیە کاتێک ئێمە دێینە وڵاتێکەوە ئەوەی وەک سیستەم دەیکەین پێدانی راوێژی تەکنیکییە. راوێژ بە وڵاتان دەدەین کە پێویستە چی بکەن، بەڵام وڵاتان ناچار ناکەین ئەوە بکەن کە دەمانەوێت بیکەن. جا لە عێراق ئێمە زۆر دڵخۆشین کە بۆ نموونە وەزیری تەندروستی پلانی خێزانی کردووتە کاری لەپێشینە و بە گشتی تەندروستیی وەچەخستنەوەی بە کاری لەپێشینە داناوە کە کێشەی دایکان و کچانە. جا پشتیوانیی حکومەت دەکەین لە پرسەکانیدا، شارەزا تەکنیکییەکانمان لەسەر ئاستی جیهاندا بە کار دەهێنین و خۆبەخشەکان دەگەیەنین تا بە شێوەیەکی بنچینەیی پشتیوانیی کارە لەپێشینەکانی حکومەت بکەن. ئینجا بەر لەوەی پشتیوانیی تێچووی زۆر پرسی مرۆیی بکەین، پشتیوانیی ئەو خزمەتگوزارییانەمان دەکرد کە حکومەت نەیدەتوانی دابینیان بکات کە بەپەلە بوون. بەڵام ئێستا کاری بەپەلە تا رادەیەک تەواو بووە. بۆیە ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی لاواندا ئامادە دەبین بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر ئەو سیاسەتانە کاریان لەگەڵدا بکەین کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر گۆڕانی ژمارەی دانیشتووان هەبێت. رووداو: هەروەها پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و ژن، گۆڕانی کەشوهەوا چ کاریگەرییەکی لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ژنان هەیە؟ ئینجا زۆر بوونی ژمارەی دانیشتووان، ساڵانە ملیۆنێک کە زیاد دەکات، ئەوە کاریگەریی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا چییە؟ نێستەر ئۆوموهانجی: وەڵامە ئاسانەکە ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵک زیاتر بە کار دەهێنن. کاتێک بەکارهێنانی زیاترت هەبوو، ئەوا کاریگەریی لەسەر ژینگە دەبێت. بەڵێ، ئەوە وەڵامە ئاسانەکەیە. وەڵامە راستییەکە ئەوەیە ئەم ژمارانە هەردووکیان مانای زۆر دەگەیەنن، چونکە نوێگەری هەیە، زانست هەیە، رێگەی زۆر بۆ قەرەبوو هەن. ئەو کێشەیەی لە عێراق بە تایبەتی لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا هەمانە ئەوەیە دەجووڵێت. کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە رێژەیەکی خێراتر لەوە دەجووڵێن کە ژمارەی دانیشتووان لە توانایدایە. هەر لە زۆنگاوەکانەوە بیگرە تا زۆر ناوچە کە هاوینان ئاوێکی کەمیان هەیە کە خەڵکی زێدی کەلتووریی خۆیان بەرەو شارەکان جێدەهێڵن کە پێیان رانەهاتوون و دەکەونە هەژاریی تەواوەتییەوە. ئێستا کێشەی ژنان ئەوەیە ژنان بناخەی خێزانن، بۆیە کاتێک خێزان لە بنچینەدا لە هەموو شتێک بێبەش دەکرێت، زیاتر کاریگەریی لەسەر ژنان دەبێت، چونکە ئەوان دەبێت ئاگایان لە منداڵان و مێردەکانیان بێت. جا ئا لەوێدا ئێمە دێینە ناوەوە. رووداو: پێم وایە کاتم بۆ یەک پرسیاری دیکە ماوە، بەڵام پرسیارێکی چەند لقی دەپرسم. یەکسانی جێندەری شتێکە کە یو ئێن ئێف پی ئەی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گشتی، کاری لەسەر دەکات. یو ئێن ئێف پی ئەی لە عێراق لەسەر کێشەکانی تایبەت بە یەکسانیی جێندەری چ شتێک دەکات؟ دەزانین لەم ساڵانەی دواییدا ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گرووپی پەلکەزیڕینە هەبوو. بۆچوونی یو ئێن ئێف پی ئەی لەسەر ئەو پرسە چییە؟ نێستەر ئۆوموهانجی: دەیڵێمەوە، سیستەمی یوئێن گەلێک رێکخراوی هەیە کە پەیوەندییان بە زۆر کێشەوە هەیە. بۆیە وەک یوئین ئێف پی ئەی نیگەرانی گەورەمان ئەوەیە ژنان بتوانن بڕیار بدەن کەی منداڵیان ببێت و ئەو منداڵانە بە پارێزراوی ببێت. جا بەو جۆرە توانای گەنجانیش دەردەکەوێت. ئینجا بۆ ئەوەی ئەوە رووبدات، دەبێت یەکسانی لەنێوان هەردوو رەگەزەکەدا هەبێت، ئەوی پێی دەڵێین ژن و پیاو، بە تایبەتی ژنان پێویستیان بەوەیە بڕیار بدەن کە بچن بۆ لای پزیشک. ئەگەر نەڕوات، ئەوا ساغلەمیی وەچەخستنەوەی دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە ئێمە لێرەدا لە یەکسانیی جێندەری نزیک دەبینەوە. ئێمە ئەوە وەک ئامانجێکی کۆتایی بۆ باشترکردنی بەهێزکردنی ژنان لە خودی خۆیاندا ناکەین، بەڵکو بەهێزکردنی ژنان گرنگە، چونکە وای لێ دەکات بژارەکانی هەبێت. بۆیە نیگەرانیمان لە یو ئێن ئێف پی ئەی دڵنیابوونەوەی لەوەی ژنان بتوانن بڕیار بدەن. ئینجا لە لایەنی مافەکانی دیکەوە، یو ئێن ئێف پی ئەی لەگەڵ حکومەتدا کار دەکات وەک ئەوەی دیاری کراوە. ئێمە وەک سیستەمی یو ئێن هاتووین لەگەڵ وڵاتاندا کار بکەین، چونکە ئێمە رێکخراوی ناحکومی نیین. لەگەڵ راوێژپێداندا داکۆکییش دەکەین، پشتیوانیی سیستەمەکە دەکەین بۆ ئەوەی گەشە بە سیاسەتەکانی و یاساکان بدات. ئەمە پشتیوانییە، مانای ناچارکردن یان ئەوە نییە کە خۆمان بیکەین. جا ئێمە مافی مرۆڤ بە گشتی لە بەرچاو دەگرین نەک تاکە مافێکی تایبەت. جا ئەوەندەی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ کە هەمانن داکۆکی دەکەن و زمانحاڵی ئەو کارانەن کە دەیانکەین. ئێمە وەک سیستەم کار لەگەڵ کەرتە جیاوازەکاندا دەکەین تا دڵنیا بین لەوەی ئەم مافانە لە یاساکان و سیاسەتدا رەگیان داکوتاوە. رووداو: کاتم نەما، بەڵام ئەو یەکسانیی رەگەزییەی کە یو ئێن ئێف پی ئەی کاری لەسەر دەکات و هاوکاریی حکومەتی عێراق دەکات، تەنیا لەسەر یەکسانیی نێوان پیاو و ژنەی نەک رەگەزەکانی دیکە، ئەوە دروستە ئەگەر وا بڵێم؟ نێستەر ئۆوموهانجی: ئەوە تەواو راستە، بێجگە لەوەی کە ژنان زیاتر بێبەش بوونە. بۆیە ئێمە زۆر جەخت لە ژنان دەکەینەوە، بەڵام ئەوە بۆ یەکسانییە بۆ هەردووکیان. رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. نێستەر ئۆوموهانجی: زۆر سوپاس. دەزانیت، تۆ زۆر زمانپاراویت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/11072023
رامۆن هانسمایەر، پسپۆڕی کۆچبەریی لە ئەڵمانیا دەڵێت، وەکو هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەتوانن بەبێ گرتنەبەری رێگەی قاچاخ و بەشێوەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا و پاش رێکارەکان داوای مافی پەنابەری بکەن. رامۆن هانسمایەر، کە لە هەمان کاتدا مامۆستای زانکۆی پادەربۆرنە لە ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی پێویستی بە کرێکاری زۆرە، چونکە گەنجانی ئەڵمانیا حەزناکەن کار بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ پێدانی مافی پەناخوازی، وڵاتەکەی جیاوازی لەنێوان پەناخوازانی وڵاتە جیاوازەکاندا ناکات". هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هانسمایەر لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، گوتی، "یاسایەکی نوێ هەیە، کە ئێستا لە پەرلەمان [ـی ئەڵمانیا] رەزامەندی لەسەر دراوە و قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت و رێگە بە کۆچبەرە یاساییەکان دەدات و ئاسانکارییان بۆ دەکات بۆ ئەوەی بچنە ئەڵمانیا". لەبارەی جیاوازیی لەنێوان ئەو کۆچبەرانەی کە خاوەن وڵاتینامەی جیاوازن، ئەو مامۆستایەی زانکۆی پادەربۆرن گوتی، "هەموو وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا وەکو یەک وان و هەڵگرانی هەر پاسپۆرتێک وەکو یەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، تەنیا جیاوازییەکی بچووک هەیە، بۆ نموونە ئەگەر وڵاتێک لە لیستی رەشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت و نەتەوە یەکگرتووەکان رێگە نەدات پەرستارانی ئەو وڵاتە دابمەزرێندرێن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هیچ جیاوازی نییە لەنێوان هەڵگرانی پاسپۆرتی سووریایی، پاسپۆرتی تورکی، یاخود هەرێمی کوردستان یان بەغدا". دەقی پرسیار و وەڵامەکانی هانسمایەر لەگەڵ رووداو رووداو: کەسێک چۆن دەتوانێت بەشێوەی یاسایی بۆ کار بێت بۆ ئەڵمانیا؟ رامۆن هانسمایەر: زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنی من بۆ ئێرە، دڵخۆشم کە هەلی ئەوەم هەیە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم، هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە ئەڵمانیا لە کۆتاییدا لەوە تێدەگات کە وڵاتێکە کۆچی بۆ دەکرێت و دەبێت یاساکان ئاسان بکەن بۆ ئەوەی رێگە بە کۆچبەرە یاساییەکان بدرێت بێنە ناو ئەڵمانیا بۆ چەند مەبەستێکی جیاواز، لە چەند دەیەی رابردوودا پرۆسەکە جیاواز بووە، ئێستا یاسایەکی نوێ هەیە، کە ئێستا لە پەرلەمان رەزامەندی لەسەر دراوە و قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێت و رێگە بە کۆچبەرە یاساییەکان دەدات و ئاسانکارییان بۆ دەکات بۆ ئەوەی بێنە نێو ئەڵمانیا بۆ چەند پێداویستییەکی پیشەیی. رووداو: ئایا مەرجی تەمەن هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بێت بۆ ئەڵمانیا؟ رامۆن هانسمایەر: داواکاری جیاواز بۆ مەرجی تەمەن هەیە و دەکەوێتە سەر جۆری ئەو پیشەیە؛ ئەو شتە بنەڕەتییەی کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە کە دەبێت کەسەکە چەند ساڵێکی مابێت بۆ ئەوەی پارە بدات بۆ سیستمی خانەنشینی و پشت بە سیستمی سۆشیال نەبەستێت، کە بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان 40 بۆ 45 ساڵییەوە و دوای ئەو تەمەنە پرۆسەکە قورس دەبێت. رووداو: کەسەکە دەبێ تاوەکو چ ئاستێک زمانی ئەڵمانی فێرببێت بەر لە رۆیشتن بۆ ئەڵمانیا؟ رامۆن هانسمایەر: دەبێت پێش ئەوە بڕیار بدەی کە دەتەوێت لەسەر چ بنەمایەکی یاسایی بچێتە ئەڵمانیا، ئێستا چەندین بنەمای یاسایی هەن، لەنێویاندا ئەگەر بتەوێت بچیتە ئەڵمانیا بۆ خوێندن، یاخود بۆ ئەوەی پڕۆگرامێکی پەروەردەیی وەربگریت، کە من زۆر پێشنیازی دەکەم و بۆ وڵاتێکی وەکو عێراق زۆر ئاسانکاری کراوە، یاخود بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ئەندازیاریدا هەیە، یاخود تۆ شۆفێری بارهەڵگری، بۆیە تۆ دەبێت سەرەتا خۆت بڕیار بدەیت کە لەسەر چ بنەمایەک دەچیتە ئەڵمانیا و ئەوەش ئەوە دیاری دەکات کە پێویستت بە چ ئاستێکی زمانی ئەڵمانی هەیە، لەوانەیە تەنیا ئەی 1 بەس بێت بۆ شارەزایانی ئای تی، بەڵام لەوانەیە بۆ پەرستاران زیاتر لە بی 2 پێویست بێت. رووداو: ئەوانەی چانسی کار بۆ دۆزینەوەیان ئاسانە پزیشکن یان ئەندازیار یاخود دەرچووی بوارێکی دیکە؟ رامۆن هانسمایەر: پێویستە جیاوازی لەنێوان دوو شتدا بکەین، یەکەم، گۆڕانکارییەکی گەورەی دیمۆگرافی لە ئەڵمانیا روویداوە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە پێویستمان بە کرێکارێکی زۆرە، چونکە گەنجانی ئەڵمانیا حەزیان بەوە نییە کە کار بکەن، گەنجانی ئەڵمانیا حەزیان بەوە نییە لە بوارەکانی ئەندازیاری، بیرکاری و ئەو شتانەی کە قورسن بۆ خوێندن کار بکەن، بۆیە دەرفەتی زۆر هەیە لە بواری ئەندازیاری، هەروەها لە بواری پزیشکیش دەرفەتی زۆر هەیە بۆ پزیشکان و پەرستاران، هەروەها لە بواری بازرگانیش وەکو بواری لۆجیستیکی و هەموو بوارەکانی کارکردن، لە بواری کانزادا دەرفەتی زۆر هەن؛ هەموو ئەو سێکتەرانەی کە نەوەی تازە حەزیان بە کارکردن نییە تێیدا، هەلی زۆر لەو بوارەدا هەیە لە ئەڵمانیا. رووداو: ئەوانەی لێرەوە دەچن دەبێ خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، یاخود کوردی پارچەکانی دیکە کە هەڵگری وڵاتینامەی سووری، تورکی و ئێرانیش بن دەتوانن خۆیان فێری ئەڵمانی بکەن و بچن؟ رامۆن هانسمایەر: ئێستا لەرووی یاساییەوە هیچ جیاوازییەکی گەورە نییە؛ هەموو وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا وەکو یەک وان و هەڵگرانی هەر پاسپۆرتێک وەکو یەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، تەنیا جیاوازییەکی بچووک هەیە، بۆ نموونە ئەگەر وڵاتێک لە لیستی رەشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت و نەتەوە یەکگرتووەکان رێگە نەدات پەرستارانی ئەو وڵاتە دابمەزرێندرێن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هیچ جیاوازی نییە لەنێوان هەڵگرانی پاسپۆرتی سووریایی، پاسپۆرتی تورکی، یاخود هەرێمی کوردستان یان بەغدا، هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوانیاندا. رووداو: کەسێک هیچ بڕوانامەیەکی نەبێت، دەتوانێت خۆی فێری ئەڵمانی بکات و بە یاسایی بچێت بۆ ئەڵمانیا؟ رامۆن هانسمایەر: بەڵێ، هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە دەتوانن بڕۆنە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندن بدەن، تاکە داواکاریش ئەوەیە کە بڕوانامەی ئامادەییان هەبێت، یاخود بڕوانامەیەکی هاوشێوەی ئەوەیان هەبێت کە بەراوردی بڕوانامەی قوتابخانە ناوەندییەکانی ئەڵمانیا بێت کە لە ئەڵمانیا 10 ساڵە و دەکاتە 12 ساڵی خوێندنی قوتابخانە لە عێراق؛ ئەگەر تۆ 12 ساڵی قوتابخانەت لە عێراق خوێندووە؛ دەتوانیت داواکاری پێشکێش بکەیت و لە ئەڵمانیا خوێندن تەواو بکەیت و دوای سێ ساڵ بڕوانامەیەکی زۆر بەرز لە ئەڵمانیا بەدەست دەهێنیت و لەسەر ئەو بنەمایەش دەتوانیت کارێک بدۆزیتەوە و دوای ئەوەش دەتوانیت داوای پاسپۆڕتی ئەڵمانی و مافی مانەوەی هەمیشەیی بکەیت بەشێوەیەکی یاسایی. رووداو: ئەوانەی بەوشێوەیە دەچنە ئەڵمانیا دەتوانن داوای وڵاتینامەی ئەڵمانی بکەن دوای پێنج ساڵ؟ رامۆن هانسمایەر: بەڵێ، ئەوە شتێکی زۆر ئاسانە، کاتێک کە تۆ بەشێوەیەکی یاسایی لە ئەڵمانیا وەکو کارمەندێکی تۆمارکراو پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەدەیت، دوای پێنج ساڵ دەتوانیت داوای پاسپۆڕتی ئەڵمانی بکەیت، ئەوە پڕۆسەیەکی ئاساییە و دەتوانیت پاسپۆڕتەکە بەدەست بهێنیت، بەڵام نابێت هیچ تاوانێکت کردبێت و وەکو کەسێکی ئاسایی هەڵسوکەوتت کردبێت و هەموو یاساکانت جێبەجێ کردبێت، بەدڵنیاییەوە وەڵاتینامەی ئەڵمانیا وەردەگریت. رووداو: پرۆسەکەت لێرە لە هەرێمی کوردستان بینی، لە مانێلاش خۆت ئەو کارەت کردووە، چ جیاوازییەکی هەبوو؟ رامۆن هانسمایەر: کەمێک جیاوازی لە کولتوورەکاندا هەیە، عێراق نەوت هەناردەی دەرەوەی دەکات، لە فیلیپین جیاوازە و ئەوان سەرچاوەی مرۆیی رەوانەی دەرەوە دەکەن؛ فیلیپینییەکان کەسانی راهێندراون و کولتوورییان ئەوەیە کە خەڵک رەوانەی دەرەوە بکەن بۆ ئەوەی لە دەرەوە کار بکەن، بەڵام لە عێراق ئەوە تۆزێک کەمترە، ئەوە یەکێکە لە جیاوازییە گەورەکە، یەکێکی دیکە لە جیاوازییەکان ئەوەیە کە لە فیلیپین پرۆسەکە زۆر رێکخراوە و تۆزێک قورسترە و لە فڕۆکەخانەکان خەڵک رادەگیرێن و دەسەڵاتدارانی فیلیپین ئەگەر هەموو داواکارییەکان جێبەجێ نەکرێن ئەوا راتدەگرن و رێگە نادەن سەردانی ئەڵمانیا بکەیت؛ پێموایە کە بۆ هاووڵاتییانی عێراق ئاسانترە سەردانی ئەڵمانیا بکەن، چونکە بەرپرسانی نێوخۆیی عێراق ئاسانکاری بۆ خەڵک دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک بڕۆنە ئەڵمانیا و لەوێ کار بکەن، لە بوارەکانی دیکەش پێموایە کە لە فیلیپین خەڵک زیاتر دەیانەوێت لە بوارەکانی دەریاوانی، هۆتێل و رێستورانتەکان کاربکەن، بەڵام لێرە خەڵک بیر لە بوارەکانی پزیشکی و ئەندازیاری دەکەنەوە. رووداو: خەڵک لە هەرێمی کوردستان یان لە فلیپین زیاتر هەوڵی چوونە ئەڵمانیا دەدەن؟ رامۆن هانسمایەر: فیلیپینییەکان زیاتر بەشێوەیکی یاسایی کۆچ دەکەن، نزیکەی 10 ساڵ دەبێت کە ئەڵمانیا وەبەرهێنان لە بواری دامەزراندن لە فیلیپین دەکات و هەوڵدەدات کە خەڵکی پسپۆڕ بەتایبەت پەرستاران لە فیلیپین بهێنێت، بەڵام ئەوە لە عێراق نەکراوە، بەداخەوە بە هۆی شەڕ و ئەمنی ئەڵمانییەکان کەمێک دوودڵ بوون و ئێستاش هەمان ئەو وێنە کۆنەی عێراق لای ئەڵمانیا ماوە، کە پێیان وایە شەڕ و تیرۆر لە عێراق هەیە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا لە پیشەسازی سەرنج نەخاتە سەر عێراق، ئێمەش لێرەین بۆ ئەوەی ئەو وێنەیەی بگۆڕین.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/09112023
"لە 8 ساڵی رابردوودا عێراق زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی پێگەیشتووە"، ئەمە گوتەی غوڵام ئیسحاق، جێگری نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی کاروباری مرۆیی و نیشتەجێبوونە لە عێراق کە ئاشکراشی دەکات "هەندێک لە بەخشەرەکان پارەکانیان بۆ عێراق کەمکردووەتەوە." لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکێشکاری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو، غوڵام ئیسحاق، جێگری نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی کاروباری مرۆیی و نیشتەجێبوون لە عێراق باسی ئەوە دەکات ''قەبارەی کاری مرۆیی بەراورد بە 20 ساڵی رابردوو، 10 هێندە زیادی کردووە'. دڵنیاییش دەدات لەوەی "رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق جێناهێڵن". ئێستا ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق بە گوتەی غوڵام ئیسحاق گەیشتووەتە ملیۆنێک و 200 هەزار عێراقی کە دەشڵێ "ئێمە نزیکەی 170 بۆ 180 هەزار ئاوارەمان لە 25 کەمپی هەرێمی کوردستاندا هەیە." دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: 19ـی مانگی ئاب رۆژی کاری مرۆییە، ساڵانە ئەو یادە دەکرێتەوە، گرنگی ئەو رۆژە چییە و چ گۆڕانکارییەکی دروستکردووە؟ غوڵام ئیسحاق: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان. 19ـی ئاب رۆژێکی زۆر گرنگە بۆ جیهان و بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان. بە داخەوە رۆژێکە کە تێیدا 22 هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکانمان لە بۆردوومانی کەناڵ هۆتێلدا لەدەست دا لە ساڵی 2003 و 100 کەسیش بریندار بوون. ئەم کارەساتە بەتەواوەتی تێڕوانینی بۆ شێوەی کاری مرۆیی و چالاکیی کاری مرۆیی لە گرووپێکی رێزلێگیراوەوە بۆ گرووپێکی بەئامانجگیراو گۆڕی. ئەم کارەساتە بوو وای لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، رۆژی 19ـی ئاب وەک رۆژی کاری مرۆیی دیاری بکات. ئامانجی سەرەکیی؛ زیادکردنی هۆشیاری بوو لە بارەی کارەکەوە، کارێکی زۆر سەخت کە خۆبەخشە مرۆڤدۆستەکان لە جیهاندا دەیکەن. ئەو پشتیوانی و خزمەتگوزارییانەی ژیان دەپارێزن، بە ملیۆنان کەسی داماو دەگەیەنن. ئەوە، هەروەها رۆژێکە کە تێیدا رێز لە قوربانیدانی ئەو کەسانە دەگرین، کە بۆ پاراستنی ژیانی کەسانی دیکە، گیانی خۆیانیان سپارد. بەداخەوە ئەوەی دەیبینین ئەوەیە؛ قەبارە و ئاڵۆزییەکانی کاری مرۆیی لە 20 ساڵی رابردوودا گۆڕاون. ئێستا زیاتر لە 250 ملیۆن کەس پشت بە هاوکاریی مرۆیی دەبەستن. ئەمەش بەراورد بە 20 ساڵ لەمەوبەر، 10 هێندە زیادی کردووە. بەدڵنیاییەوە ئێمە لە عێراق بە درێژایی 20، ساڵ پشتیوانیی مرۆییمان بۆ ئەو عێراقییانە دابین کردووە، کە پێویستییان پێیەتی. رووداو: لە عێراقدا هاوکاریی کاریی مرۆیی لەگەڵ کەمبوونەوەی بودجە کەمدەبێتەوە؟ یاخود بە کەمبوونەوەی بودجە، رێکخراوەکانی تایبەت بە هاوکاریی مرۆیی عێراق جێدەهێڵن و چالاکییەکانیان دەوەستن؟ غوڵام ئیسحاق: با بەم جۆرە بیخەمەڕوو؛ سەرەتا لە عێراق کەمبوونەوەی هاوکاریی مرۆیی بە زۆری پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی پێویستبوونییەوەیەتی. ئەگەر سەیری پێنج ساڵ لەمەوپێش بکەین، دوابەدوای شکاندنی داعش، زیاتر لە 11 ملیۆن عێراقی هاوکاریی مرۆییان پێدەگەیشت. ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ دوو ملیۆن کەمبووەتەوە، کە هێشتا پێویستیان بە هەندێک جۆر هاوکارییە، هەروەها لە هەشت ساڵی رابردوودا عێراق بایی زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی پێ گەیشتووە. زۆربەیان لەلایەن رێکخراوە مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوون. گەرچی ئیدی ئەو پێویستییە نەماوە، بەڵام دەبینین کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک زیاندمەندن و زۆربەیشیان ئەوانەن کە لە ناوخۆدا ئاوارە بوون و ئێستا گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان. هەروەها عێراق پەرەی بە توانای خۆی داوە تا بەرپرسیاریێتیی زیاتر لە ئەستۆ بگرێت تاوەکو پشتیوانیی مرۆیی بۆ خەڵکی نیازمەند دابین بکەن. هەروەها دەبینین لە ئاستی جیهانیدا بارودۆخی دابینکردنی پارە زۆر گژنێی لە بەردەمدایە. هەندێک کاری لەناکاو لە سەرانسەری جیهاندا هەن کە پێویستییان بە هاوکاریی مرۆییە، هەر بۆیە هەندێک لە بەخشەرەکان پارەکانیان بۆ عێراق کەمکردووەتەوە. بەڵام وێڕای کەمبوونەوەی پارەی بەخشراو رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق جێناهێڵن. رێکخراوە مرۆییەکان عێراق جێناهێڵن. تەنیا ئەوەندەیە کە ئێمە سەرنجمان لە هاوکاریی مرۆییەوە دەگۆڕین بۆ چارەسەری جێگیر و بەردەوام و درێژخایەن. رووداو: واتە بودجەکەتان بەشی ئەوە دەکات ئێوە بەردەوامبن لە هاوکاری و کاری مرۆیی لە عێراق و هیچ کەموکوڕییەک و ئاستەنگێکتان بۆ دروست نابێت؟ غوڵام ئیسحاق: وەک ئاماژەم پێ دا، کاتێک نیازمەندی هەیە، ئێمە هەوڵی گەیاندنی سەرچاوەکان دەدەین، بەڵام نیازمەندی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و، ئێستا ئێمە داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەین بەرپرسیاریێتیی هەندێک لەو پێویستییان لە ئەستۆ بگرن کە ماون، بەڵام دەیڵێمەوە، دوای هەشت ساڵ لە ئاوارەبوون، چارەسەرەکە پشتیوانیی مرۆیی نییە. چارەسەرەکە ئەوەیە پێویستە ئەم خەڵکە بگەڕێنینەوە بۆ شوێنی خۆیان و لەناو ئەم سیستەمی گەیاندنی خزمەتگوزارییەی ئێستا و ئەو پشتیوانییانەی دیکەدا کە هەر عێراقییەک پێی دەگات، ئاسایی بکرێنەوە. بۆیە پێویستە سەرنج بگۆڕین بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بەردەوام بۆ ئەم ملیۆنێک و 200 هەزار خەڵکە ئاوارەیە بدۆزینەوە. رووداو: ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی کوردستان و هەندێ ناوچەی دیکەی عێراقن، ئێوە هاوکارییان دەکەن، ئایە هیچ پلانێکتان هەیە ئێوە ئەو ئاوارانە بگەڕێننەوە شوێنەکانیان، هیچ ئاستەنگێک هەیە بۆ گەڕانەوەیان؟ غوڵام ئیسحاق: زۆر راستە. وەک گوتم، لەکاتێکدا ژمارەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، هێشتا دەبینین کە بە لایەنی کەمەوە لە تۆمارەکانماندا ملیۆنێک و 200 هەزار عێراقی بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاوارەن و بە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە. هێشتا زۆربەیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمیدان، بەڵام ئێمە نزیکەی 170 بۆ 180 هەزار کەسمان لە 25 کەمپی هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئێستا لەلایەنی پشتیوانییەکانمانەوە، کاتێک ئێمە پشتیوانییە مرۆییەکانمان کەمکردەوە، خۆ بە شەو و رۆژێک نەمانکردووە. ئەمە بە شێوەیەکی تەواو بەرەبەرەیی کرا. لە دوو ساڵی رابردوودا ئێمە قسەمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە کە چۆن دڵنیاببینەوە ئەم گۆڕانکارییە نەرم بێت و کاریگەریی لەسەر هاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان نەبێت. بۆیە بە دوو پلان گەیشتین، یەکەمیان ئەوە بوو؛ پار دەستمان پێکرد، بریتییە لە "تێڕوانینێکی گشتی بۆ گواستنەوەی مرۆیی"، کە ئێمە وەک پێویستیی ماوەی ئاوارە ناوخۆییەکان دەیناسێنین، کە هێشتا پێویستیان بە هاوکاریی حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکانە. جا لێرەدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەین تاوەکو هەندێک بەرپرسیاریێتی لەئەستۆبگرێت و، زۆر خۆشحاڵین کە بڵێین لە هەندێک بواری وەک ئاو و پاکوخاوێنی و پەروەردە و تەندروستییەوە بەرەو پێشەوە چووە و، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە هەندێک لەم بوارانەدا بەرپرسیاریێتیی لەئەستۆگرتووە. هەروەها لە عێراقی فیدراڵیشدا لەگەڵ حکومەت کارمان کردووە تاوەکو دڵنیاببینەوە لەوەی زۆرینەی ئاوارە ناوخۆییەکان جۆرێک بەڵگەنامەی شارستانییان هەبێت، چونکە ئەوە بەڵگەنامەی شارستانی و ناسنامەیە، کە رێگە دەدات دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان بگات، چ چوونە قوتابخانە بێت، چ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی و چ قەرەبووکردنەوە و هاوکاریی ماددی و هاوکاریی حکومەت بێت. بۆیە ئەوە ئەو پشتیوانییەیە کە ئێمە لە لایەنی پاراستن و ئاسانکاریی کارلێکی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت لەگەڵ ئاوارەکاندا هێشتا دابینی دەکەین. راوێژی یاساییان دەدەینێ، بە چەندین رێگە پشتیوانییان دەکەین. لە عێراقی فیدراڵدا لە لایەن رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئەمە بە شێوەیەکی فراوان کراوە، وەک یوو ئێن ئێچ سی ئاڕ، هەروەها لە عێراقی فیدراڵدا ئای ئۆ ئێمیش گەلێک هاوکاریی دابین کردووە لە لایەنەکانی کاڵا و پەناگەوە. ئەوان پشتیوانیی نزیکەی 54 شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمی یان کەمپ دەکەن، کە نزیکەی 20 هەزار کەس لەخۆدەگرن. ئینجا هەندێک کات ئەو پشتیوانییە درێژ دەبێتەوە بۆ یارمەتیدانیان تا لە شوێنی سەرەکیی خۆیان نیشتەجێ ببنەوە، لە رووی بژێوییەوە هەندێک هاوکاری و دەرفەتیان بۆ دابین دەکرێت و راهێنانی کارامەییان پێ دەکرێت. هەروەها لە هەندێک دۆخدا بەیارمەتیی دەسەڵاتی ناوچەیی، یارمەتییان دەدەین لە ناوچەکانی خۆیاندا نیشتەجێ ببنەوە. جا تۆ ئاماژەت بە گژنێیەکان (تحدیات)ـدا، بەدڵنیاییەوە گژنێ هەن و ئەوە رێ لە گەڕانەوەیان دەگرێت و هەندێکیشیان سیاسین، هەندێکیان تەناهی، بەڵام هەندێک لە گژنێیەکان کارگێڕین کە دەکرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێن. ئەوە لە لایەنی گەڕاندنەوەوە، بەڵام ئێمە لە رێگەی دووەمماندا لەگەڵ حکومەتدا کاردەکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئەو شتەی پێی دەڵێین ستراتیجی یان پلان بۆ چارەسەری بەردەوام. ئێمە باوەڕمان وایە، زۆرینەی ئەم ئاوارە ناوخۆییانە نابێت زۆر لە کەمپدا بمێننەوە. پێم وایە پێویستیان بەوەیە ئاسایی بژین و بگەڕێنەوە و تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە و وەک عێراقییەکانی دیکە دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان بگات. جا ئەو کارە بەردەوامە بۆ ئەوەی کۆتایی پێبهێنین و قۆناخی ئاوارەی ناوخۆیی لە عێراقدا تەواو بکەین. رووداو: زیاتر لە نۆ ساڵە ئاوارەکانی شنگال لەژێر چادرگەکان بە کوڵەمەرگی لە ئاوارەییدا دەژین، بۆ باشترکردنی ژیانی ئەوان هیچ ستراتیژییەکی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە، هەرچەندە هەندێکیان گەڕانەوە بەڵام بەهۆی خراپی ژیان لەوێ گەڕانەوە ژێر چادرەکانیان، ئێوە پلانێکتان هەیە بۆ گەڕاندنەوەیان و باشترکردنی دۆخی شنگال؟ غوڵام ئیسحاق: بەدڵنیاییەوە ئەوە دۆخێکی ناخۆش بوو بۆ بەشێکی زۆری ئەم ئێزدییانە کە بوونە قوربانیی تووندوتیژی و ململانێ. ئەوان ئێستا شایانی ئەوەن بە شکۆ و پارێزراوییەوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. من، نامەوێت لە لایەنی سیاسییەوە بچمە ناو تەواوی دۆخی شنگالەوە، چونکە زۆر ئاڵۆزە و، لەو بڕوایەدام پێویستی بە کارکردنە لەگەڵ حیزبە جیاوازەکاندا تاوەکو دڵنیا ببیتەوە کە دۆخەکە گونجاوە بۆ ئەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان بە پارێزراوی و رێکوپێکی بگەڕێنەوە، بەڵام با هەندێک راستی بڵێم لە بارەی ئەوەی یوو ئێن لە چوار بۆ پێنج ساڵی رابردوودا کردوویەتی. نۆ رێکخراوی یوو ئێن خەریکی دابینکردنی هاوکاریی جۆراوجۆر بوون بۆ خەڵکی شنگال. زیاتر لە 450 هەزار کەس لە شنگال لە پشتیوانییەکانمان سوودمەند بوون. زیاتر لە سێ هەزار پەناگەمان نۆژەن کردووەتەوە یان پەناگەی نوێمان دروست کردووە بۆ ئەوانەی دەگەڕێنەوە. هاوکاریمان بۆ نۆژەنکردنەوەی بنکەکانی چاودێریی تەندروستی دابین کردووە. رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەلێک بینای حکومییان نۆژەن کردووەتەوە. لە راستیدا پار خۆم بۆ کردنەوەی بنکەیەکی پۆلیس لەوێ بووم کە بە هاوکاریی یوو ئێن نۆژەن کرایەوە. تەنانەت ئێمە بە درێژایی 45 کیلۆمەتر لە بەنداوی موسڵەوە کارەبامان راکێشا. هەندێک (پڕۆژەی) خزمەتگوزاریی ئاویمان نۆژەن کردنەوە تاوەکو دڵنیاببینەوە کە خەڵک ئاویان پێ دەگات. هەروەها هەڵمەتی کوتان و بەرگریی منداڵان، خولی رۆشنبیری و راهێنانی پیشەییمان کردووەتەوە. بۆیە ئێمە بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری وەبەرهێنانی زۆرمان کردووە تاوەکو هانی ئەو کەسانە بدەین، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەوێ بژین. لەگەڵ ئەوەشدا، پێموایە پرسە سەرەکییەکە ماوە کە ئەوەیە؛ دۆخی شنگال لە لایەنی حکومەتی یەکگرتوو و ئاسایشی ناوچەیی هەندێک ئاسایی بکرێتەوە و فەرمانگە حکومییەکان رێکبخرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن جڵەوی دۆخەکە بکەن و پشتیوانیی بەردەوام دابینبکەن، چونکە وەک گوتم، پشتیوانیی ئێمە وەک یوو ئێن کاتییە، تەنیا بۆ ئەوەیە یارمەتییان بدەین لە کەمپەوە بگوازنەوە بۆ ژیانی ئاسایی، بەڵام ئەم خەڵکە پێویستیان بە پشتیوانیی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وەک رابردوو دەست بە ژیانیان بکەنەوە. ئینجا من ناتوانم زیادەڕەوی بکەم لە جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال کە یوو ئێن زۆر پشتیوانیی دەکات تاوەکو حیزبەکان بگەنە ئەنجام. رووداو: تاوەکو ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێنەکراوە، جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنە چ کاریگەرییەکی بەسەر ئەو ئاوارانەوە هەیە کە گەڕاونەتەوە شنگال؟ غوڵام ئیسحاق: پێموایە، پێشتر ئاماژەم بە هەندێک کاریگەری دا، بەڵام با زۆر راشکاویش بین، کە جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال ژینگەیەکی لەبار بۆ گەڕانەوەی پارێزراوانەی ئاوارە ناوخۆییەکان دروست ناکات. هێشتا لەوێ نیگەرانی لە بارەی ئاسایش و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە هەیە. پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەک هەبێت کە سەرۆکی شارەوانی سەرۆکایەتیی بکات. دەبێت سەرۆکی شارەوانی هەبێت. بەدڵنیاییەوە نەبوونی ئەم توخمانە باوەڕبەخۆبوون بە ئاوارە ناوخۆییەکان و ئێزدییەکان نابەخشێت، کە بگەڕێنەوە. من ناڵێم کە خەڵک ناگەڕێنەوە، هەندێک کەس گەڕاونەتەوە، بەڵام بۆ ئێمە کە هانی ژمارەیەکی زۆر خەڵک بدەین تاوەکو بگەڕێنەوە، پێم وایە پێویستی بەوەیە رێککەوتنی شنگال بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت. رووداو: ئاستی هاوکاریی ئێوە چەندە و چۆنە بۆ ئەو پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستانن، بەتایبەت لەلایەنی گەشەپێدانی پەروەردەیی، بۆ نموونە بۆچی ناتوانرێت مووچەی ئەو مامۆستایانە دابین بکرێت، کە وانە بە خوێندکارانی رۆژئاوای کوردستان دەڵێنەوە؟ پلانێکتان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی ئەو کێشەیە؟ غوڵام ئیسحاق: سەرەتا با بە راستی ستایشی ئەو میواندۆستییە جوان و پشتیوانییەی خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم و بەرزی بنرخێنم کە پێشوازییان لە پەنابەرە سوورییەکان کرد و گرتنیاننەخۆ. من لە زۆر شوێنی جیهان بووم و کۆژان و دۆخی پەنابەرانم بینیوە و، ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا بینیم بە راستی نموونەیەکە بۆ ئەوەی دەبێت چۆن ئەو پەنابەرانە بە ئەرێنی و رێزەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت. بۆیە پێموایە بە راستی ئەوە یەکێکە لە گرنگترین و ئەرێنیترین توخمەکان. پاشان، کاتێک شتەکە پەیوەندیی بە پشتیوانیی یوو ئێنەوە هەیە، دەزگای سەرەکی لە رێگەی یوو ئێن ئێچ سی ئاڕەوە پشتیوانیی پەنابەران دەکات و یوو ئێن ئێچ سی ئاڕ لەم ساڵانەی دواییدا زۆر لە هەرێمی کوردستان ئامادەبووە و پشتیوانیی پاراستنی بۆ پەنابەران دابین کردووە. هەروەها لە ئاستێکی فراوانیشدا سەروکاریان هەبووە لە بەڕێوەبردنی ئەم کەمپانەدا و لە چەند ساڵی رابردووشدا بە ئاشکرا لە لایەنی تەندروستی و پەروەردە و ئاو و پاکوخاوێنی و شتی دیکە و مووچەی دیاریکراوەوە، پشتیوانییان کردووە. من، ئەوەندە دەزانم و، دەیڵێمەوە، شارەزا نیم و هەموو وردەکارییەکانم لا نییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مامۆستاکان دەدات، لە راستیدا یوو ئێن مووچەی مامۆستایان نادات. هەروەها زۆر دڵخۆش بووم کە زانیم حکومەتی هەرێمی کوردستان یان وەزارەتی پەروەردە لە پرۆگرامێکی پەروەردەییدا زیاتر لە 400 مامۆستای پاڵێوراوی سووریایی وەرگرتووە تاوەکو ببنە مامۆستا و ئەو پشتیوانییەی کردوون. دەیڵێمەوە؛ پشتیوانییەکانمان بە زۆری بەندن بە بڕی ئەو پارەیەی بەردەستن و، بۆ فراوانکردنی بەردەستبوونی ئەو پارەیەش، پێویستە ئێوە ئەم کارانە هاوبەشی پێ بکەن بۆ ئەوەی بزانرێت، دەتوانرێت چی دابین بکرێت. هێشتا یوو ئێن هەندێک هاوکاری بە بڕە پارەی کاش و راوێژی یاسایی و ناوتۆمارکردن و پاراستن لە تووندوتیژی دابین دەکات، بەڵام دەیڵێمەوە، پێم وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەنی کارەبا، ئاو و هاتووچۆی خۆڕاییەوە هاوکاری و پشتیوانییان دەکات کە ئەوەیش گرنگترین بەشی ژیانی هەر پەنابەرێکە تاوەکو بتوانێت لە وڵاتی خانەخوێدا بژی. رووداو: ئێوە چ هاوکارییەک بۆ پەنابەرانی کەمپی مەخموور دابین دەکەن، ئایە چارەنووسی ئەو پەنابەرانە و کەمپی مەخوور چییە؟ غوڵام ئیسحاق: با لەبارەی کەمپی مەخموورەوە راشکاو بم، پێشتریش نوێنەری یوونیسێف قسەی کردووە، راستییەکە ئەوەیە ئێمە لەوێ پشتیوانیمان نییە. وەک دەزانن، لەبارەی سرووشتی سیڤیلیی کەمپەکەوە نیگەرانی هەیە. سوودمەندبوون لە دۆخی پەنابەری یان پەناگە، تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە لە تووندوتیژی و پێکدادان هەڵدێن، بۆیە بۆ ئێمە سەختە دەستەبەریی ئەوە بکەین، کە کەمپی مەخموور کۆمەڵەی چەکداریی تێدا نەبێت و ئەو کەسانەی تێدا بێت، کە سرووشتە سڤیلییەکەی دەستەبەر بکەن. بۆیە لە ئەنجامدا، ئێمە لە کەمپی مەخموور نین و پشتیوانیی ناکەین. رووداو: لە رۆژی جیهانیی کاری مرۆیی چ پەیامێکت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە؟ غوڵام ئیسحاق: پێمخۆشە جارێکی دیکە رێز و پێزانینم بۆ هەموو عێراقییەکان دەرببڕم بۆ پیشاندانی ئەو خۆڕاگرییە بەهێزەیان بەرامبەر ئەو ماوەی 20 ساڵی رابردوو. بەدڵنیاییەوە زۆر عێراقی ژیانی خۆیان بەخت کرد و پێویستە ئەوە بەرز بنرخێنرێت و، ئێمە رێزی دەگرین و قوربانیدانەکەیان بەرز دەنرخێنین. پەیامی من ئەوەیە کاری مرۆیی لەسەر بنەمای هاوسۆزی، بێلایەنی، سەربەخۆیی، بەزەیی و پشتیوانییەوە بەندە. بۆیە دەبێت ئەو گیانە بپارێزین، کاری مرۆیی بە دوای ململانێدا دێت لە کاتێکدا کە ململانێکە خەریکە دەگاتە کۆتایی. مرۆڤ ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی ئیدی کارەساتی سرووشتی یان شتی دیکە روونادەن، بۆیە پێویستی بە هاوکاری مرۆیی دەبێت. بۆیە ئێمە لەم رۆژی جیهانییەی کاری مرۆییدا هەمووان بانگ دەکەین رێز لەو کەسانە بگرن، کە کاری مرۆیی دەکەن و بیانپارێزن. رێیان بدەن بە باشترین شێوە کارەکانیان بکەن، چونکە بە لای منەوە، ئەوانە فریشتەی بێدەنگن کە ژیانی خەڵک دەپارێزن و لە کاتی پێویستیدا خەڵک دەپارێزن. رووداو: بەڕێز غوڵام ئیسحاق، جێگری نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی کاروباری مرۆیی و نیشتەجێبوون لە عێراق زۆر سوپاس. غوڵام ئیسحاق: زۆر سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/19082023
د. رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، یەکێک لە ئامادەبووانی 16ـەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بوو و دەڵێت، خوێنەرێکی باشە و لە 15 ساڵییەوە دەستی بە کتێب خوێندنەوە کردووە، یەکەم کتێبیش کە خوێندبێتییەوە رۆمانی "دایک" بووە. لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی رووداو لەگەڵ د. رێواز فایەق لە نێو پێشانگەی کتێبدا لە هەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئێستا زیاتر لە هەردوو بواری یاسایی و سیاسی دەخوێنێتەوە، دوایین کتێبیش خوێندبێتییەوە لەبارەی بەرپرسیاریەتی شارستانی بووە کە کتێبێکی یاساییە. روونیشیکردەوە، جگە لەوەی کەسێکی سیاسییە، لە هەمانکاتتدا توێژەرە و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بوای یاسادا و ناتوانێت لەو بوارە داببرێت، بۆیە ئەو کتێبانەی پێویستییەتی دەیانکڕێت. لەبارەی نووسینەوەی یادەوەرییەکانی، گوتی، کاتێک سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بووە، ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵدا لە پەرلەمان روویداوە، چەند قۆناخێکی جیاواز بووە و لای خۆی کردوویەتی بە چەند دۆسییەک، کۆپی هەموو بەڵگەکانیشی لەلای خۆی پاراستووە، هێڵە گشتییەکانی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی دەستپێکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە بواری نووسینەوەی بیرەوەری پسپۆر نییە، بۆیە پێویستی بە راوێژە لەگەڵ ئەو کەسانەی لەو بوارەدا پسپۆرییان هەیە. رووداو پرسیاری ئەوەی لە د. رێواز فایەق کرد، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وەک باوکیان دەخوێننەوە و گرنگی بە خوێندنەوە دەدەن، لە وەڵامدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەگەڵ ئەواندا باسی کتێبیان نەکردووە و زانیاری لەمبارەیەوە نییە، بەڵام لەو بڕوایەدا نییە کە ئەوان وەک جەلال تاڵەبانی گرنگی بە کتێب بدەن و رەنگە هەل و مەرجەکە جیاواز بێت. لەبارەی خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ژیانیدا تەنیا یەک رۆمانی خوێندووەتەوە، ئەویش رۆمانی "دایک"ـە و خوێنەرێکی باشی شیعریش نییە، رەنگە ئەمەش زۆر خراپ بێت، ئەگەر خوێنەری شیعر بووایە، رەنگە ئێستا گەنجتر دەرکەوتبایە. 16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، لەلایەن دەزگەی مەدا بۆ میدیا، رۆشنبیری و هونەر بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رێکخراوە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/24042024
نوێنەری باڵای UNHCR لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پێشوازیکردنیان لە 300 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا. دەشڵێت لەگەڵ حکومەت کار دەکەن بۆ ئەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەران دابین بکەن. جۆن نیکۆلا، نوێنەری باڵای ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەفپەیڤینێکدا لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکێشکاری رووداو کە رۆژی 27ـی حوزەیران پەخشکرا، گوتی: "بە درێژایی پێنج ساڵی رابردوو پارەمان بۆ پەنابەران تەرخان کردووە" و پەنابەران هاندەدات منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە. نوێنەری باڵای ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، عێراق و حکومەتی کوردستان دڵنیاییان داوە چاویان لە ئاوارە ناوخۆییەکان بێت و "ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پەناگە و ئاسایشیان دەستکەوتووە" ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کرد کە "10 بۆ 15 هەزار کوردی تورکیا و ئێرانیش لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن". جۆن نیکۆلا سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کرد کە رێگەیداوە منداڵانی پەنابەر لە قوتابخانە گشتییەکان بخوێنن و "دەرفەت بە مامۆستا سوورییەکان دراوە لە قوتابخانە گشتییەکان دابمەزرێن". لەبارەی کەمپی مەخمووریش کە تایبەتە بە ئاوارەکانی باکووری کوردستان و بەمدواییە لەدوای هاتنی سوپای عێراق بۆ دەوروبەری، گرژی لێکەوتەوە؛ نیکۆلا دەڵێت، "نیگەرانیی خۆمان لە رەوشی خەڵکی سڤیلی کەمپی مەخموور داوەتە حکومەتی بەغدا". کەمپی مەخموور تایبەتە بە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور دروستکراوە. بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەمپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا دەڵێت ئەو کەمپە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە. نوێنەری باڵای ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە گوتی، "دانیشتووانی کەمپی مەخموور سڤیلن" و "حکومەتی عێراق دەیەوێ کەمپی مەخموور ببێتە کەمپێکی سڤیل". لەبارەی ناردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق نیشتەجێن، نیکۆلا گوتی کە "ساڵانە باسی 10 هەزار کەس دەکەین کە پێویستە بنێردرێن بۆ وڵاتی سێیەم". هاوکات گوتیشی کە دۆخی سووریا بۆ گەڕانەوەی پەنابەران "هاوکار نییە". هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن نیکۆلا، نوێنەری باڵای UNHCR لە عێراق و هەرێمی کوردستان رووداو: بەڕێز نیکۆلا رەوشی دارایی رێکخراوەکەتان UNHCR لە عێراق و هەرێمی کوردستان چۆنە؟ جۆن نیکۆلا: بە نیازین یادی رۆژی جیهانیی پەنابەران بکەینەوە کە لە بارەی لەخۆگرتنی پەنابەران و هیوا پێدانیانەوەیە لەو ماوەیەی لە تاراوگەن. جا دەبێت دەستخۆشی لە هەریەکە لە دەسەڵاتی کوردی و بە تایبەتی خەڵکی کورد بکەم کە پێشوازییان کرد لە نزیکەی 300 هەزار پەنابەری سووری کە خۆیان کوردن و لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە هاتن و لە خۆیان گرتن. بە درێژایی پێنج ساڵی رابردوو تا ئەو جێیەی پەیوەندیی بە یوئێن ئێچ سی ئاڕەوە هەیە، لە بەرامبەر ئەم لەخۆگرتنەدا هەمان بڕە بودجەمان بۆ پشتیوانیی دەسەڵاتداران و دانیشتووان تەرخان کردووە کە خەرج دەکرێت بۆ یارمەتیی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و تێکەڵکردنی منداڵانی پەنابەران بە قوتابخانە گشتییەکان و هەروەها بۆ رەخساندنی دەرفەتی پالاوتنی مامۆستا پەنابەرە سوورییەکان تا لەو قوتابخانە گشتییانەی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ببنە مامۆستا. کارمان لەگەڵ حکومەت و کۆمەڵگەکاندا کردووە تا دڵنیا ببینەوە هیوا بۆ پەنابەران بگەڕێنینەوە کە لە تاراوگەدان. تا ئەو جێیەیشی پەیوەندیی بە یوئێن ئێچ سی ئاڕەوە هەبێت، بە درێژایی پێنج ساڵی رابردوو هەمان بڕە پارەمان تەرخان کردووە. رووداو: ئێستا خزمەتگوزارییەکانی ئێوە بۆ ئەو پەنابەرانەن کە لە دەرەوەی عێراقەوە هاتوون یان بۆ ئاوەرەکانی نێوخۆی عێراقن؟ جۆن نیکۆلا: ئێمە دوو بەرنامەمان هەیە: بەرنامەی سەرەکیی UNHCR، ئاژانسی پەنابەرانی یوئێن، لە بارەی پەنابەرانەوەیە. بۆیە راستییەکەی ئێمە باسی ئەو سووری و تورک و ئێرانییانە دەکەین کە زۆربەیان بە بنەچە کوردن و لە هەرێمی کوردستان پەناگەیان دۆزیوەتەوە کە ئێستا 300 هەزاری لێیە. ئێمە لەگەڵ حکومەتدا مۆڵەتی نیشتەجێبوون کە پێی دەگوترێت مۆڵەتی مرۆیی نیشتەجێبوون، دابین دەکەین. پشتیوانییان دەکەین کە منداڵەکانیان بخەنە قوتابخانە و دەستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی بگات. پشتیوانییان دەکەین لە بازاڕی کاردا تێکەڵ ببن تا بتوانن پارەی خۆیان دەربهێنن و بتوانن بکڕن و خۆیان خۆیان بژیێنن. بەڵام بەرنامەی دووەمیش بۆ ئەو عێراقییانەیە کە بەهۆی داعش و تووندوتیژییەکانیەوە ئاوارە بوون. ئێستا دوای نزیکەی حەوت ساڵ لە رووخاندنی داعش لەلایەن هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانانەوە، زۆربەی عێراقییەکان توانییان بچنەوە ماڵەکانیان لە موسڵ و سەڵاحەدین و ئەنبار و بەغدا. هەندێکیش هێشتا ئاوارەن. 180 ئاوارەمان لە کەمپە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن کە زۆربەیان لە دهۆکن. کۆمەڵگەی ئێزدیمان هەیە کە لەنێوان هەولێر و موسڵدان، هەندێک کەمپمان هەن کە عەرەبی سونییان تێدایە لە ناوچە کێشەلەسەرەکانن. هەندێک کۆمەڵەی کریستیانمان هەن کە هێشتا لە هەولێر ئاوارەن. جا ئێمە لە ئاژانسی پەنابەرانی یوئێن بەردەوامین لە پشتیوانیی ئەوانە، بەڵام دەیڵێمەوە کە حکومەت لە پێشەنگی هەوڵەکاندایە کە خزمەتگوزاری بە وعێراقییانە دەگەیەنێت کە لە بنچینەدا سەر بە حکومەتەکەی ئەو نین، بەڵام هەموویان خەڵکی عێراقن و خزمەتگوزارییە گشتی و ئەمنییەکان دەیانگرێتەوە. دەیڵێمەوە، عێراق و بە تایبەتی حکومەتی کوردی کارێکی زۆر باشیان کردووە و دڵنیاییان داوە کە ئەم ئاوارە ناوخۆییانە بە باشی چاودێری بکرێن. ئەوەندە بەس نییە و هیوادارین رۆژێک لە رۆژان بتوانن بە پارێزراوی و شکۆوە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان یان رەنگە هەندێکیشیان، چونکە ئەوانە هاووڵاتیی عێراقین و دەیانەوێت تێکەڵی ئەو کۆمەڵگانە ببن کاتێک داعش ئاوارەی کردن، ئەوان پێشوازییان لێ کردوون. رووداو: ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە دەرەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و عێراق چەندن؟ جۆن نیکۆلا: بەڵێ، 300 هەزار پەنابەر لە دەرەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و پەناگە و پارێزراوی و ئاسایشیان دەست کەوتووە کە لە پارێزگەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانین. زۆربەی زۆریان کوردی سووریان کە 240 هەزار دەبن و لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە هاتوون. لەبەر دۆخی ئەو ناوچەیە و شەڕ و تووندوتیژیی چەکدارییش ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. ئینجا نزیکەی 10 بۆ 15 هەزار کوردی تورکیا و ئێرانیشی لێیە. هەروەها بەنابەری دیکەمان لە هەرێمی کوردستان دۆزیەوەتەوە، بەڵام ئەوانە هیی دوو نەوە لەمەو پێشن و لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا ساڵانێکی زوو هاتوون. لە 2011وە لە دەستپێکی شەڕی سووریاوە، لەو کاتەوەی سوورییەکان هاتوون، بە گشتی 300 هەزار پەنابەر لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون. کە لە لایەن خڵک و حکومەتەوە پێشوازییان لێ کراوە. جا یوئێن ئێچ سی ئاڕ نەک هەر پێی خۆشە سوپاسی حکومەت بکات بۆ هەموو ئەو کارانەی بۆ پەنابەرانی کردوون، بەڵکو پیرۆزباییان لێ دەکات بۆ ئەو پێشکەوتنەیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و دابینکردنی هەلی بژێوی و دڵنیاییدان لەوەی بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەگەرچی پەنابەریش بن. ئەمە ئەو شتەیە کە جیهان دەیەوێت لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە بیزانێت. ئەو هەموو دەستکەوتە بە پشتیوانیی UNHCR و یونیسێف و WFP و UNDP و هەموو رێکخراوە ناحکومییە هاوبەشەکانمانەوە لە نموونەی تێسۆس و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی و زۆری دیکە و گەلێک لایەنی نێودەوڵەتی و رێکخراوە کوردییەکان بە دەست هاتوون کە پشتیوانی پەنابەران و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری پەنابەران دەکەن. رووداو: گرەنتی ئێوە بۆ پەنابەرە ئحێرانییەکان چییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق نیشتەجێین کە هێج زیانێکیان پێنەگات؟ جۆن نیکۆلا: پەناگە بۆ خەڵکی سڤیلە. ئەو پارێزراوییەی لەلایەن حکومەتی کوردییەوە بۆ پەنابەرە کورد و سووری و تورک و ئێرانییەکان و نەتەوەکانی دیکە دابین کراوە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ئەوانە سڤیلن و لە تووندوتیژیی چەکداری و چەوساندنەوە هەڵهاتوون، ئیتر بەهۆی باوەڕ، ئایین، بۆچوونی سیاسییەوە بێت یان ئەوەی بیانەوێت لە کۆمەڵگەدا چی بن، وەک پیشە. بۆ نموونە وەک رۆژنامەڤان. بۆیە ئەوانە بە یاسای نێودەوڵەتی پارێزراون و هەر بە راستییش لە لایەن حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە پارێزراون و رێگەیان دراوە لە خاکی کوردستان و عێراقدا بمێننەوە. هیچ هۆیەک نییە کە بکەونە بەر هێرش. ئەوەی قسەی لەسەرە، ئەوەیە کە پەناگە بۆ چەکدار نییە. پەناگە بۆ ئەو کەسانە نییە کە تووندوتیژیی چەکدارییان کردووە. جا ئەوە بەرپرسیارێتیی حکومەتە کە دڵنیا ببێتەوە لەوەی ئەوانەی لە خاکی عێراق یان هەرێمی کوردستاندان کەسانی سڤیل بن و چەکدار نەبن. ئەمە بەرپرسیارێتیی UN یان UNHCR نییە. بەڵام ئەمە بە تەواوەتی بەرپرسیارێتیی حکومەتە و ئێمە دەزانین و متمانەمان پێیانە کە کارە راستەکە بکەن و دڵنیایی بدەن کە پەناگە و پاراستنی پەنابەران تەنیا بۆ خەڵکی سڤیلە. رووداو: ئایا بۆ ساڵی داهاتوو پلانتان هەیە کە منداڵانی پەنابەرانی ئێرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان وەک ساڵی رابردوو لە خوێندن بێبەش نەبن؟ جۆن نیکۆلا: ئێمە زۆر لە نزیکەوە کار لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەکەین و پێویستە پیرۆزبایی لە خودی وەزیر بکەم کە بڕیاری دروستی داوە بۆ دڵنیاییدان لەوەی هەموو منداڵانی پەنابەر بتوانن لە قوتابخانە گشتییەکاندا لە ئاستی یەکەوە تا چوار ناو تۆمار بکەن و هیوادارین ئاستی پێنج تا شەشیش لە قوتابخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا تۆمار بکرێن. ئەمە شتێکە لە زۆر وڵاتی جیهاندا روو دەدات. کە پەنابەر دەگەنە وڵاتەکە، پێویستیان بە بە فێربوونی زمانی ئەو وڵاتەیە و پێویستیان بەوەیە خۆیان لەگەڵ پرۆگرامی خوێندنی ئەو وڵاتەدا بگونجێنن. بەڵام منداڵان تێکەڵ بە قوتابخانەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەکرێن، قوتابخانە گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەی تێیدا گیرساونەتەوە. جا لە کۆتایی ئەمساڵدا لە جنێڤ دیداری جیهانیی پەنابەران ساز دەکەین. شتێک کە وەزیری پەروەردە کردی و زۆر سەرنجراکێش بوو ئەوە بوو وەزارەت و وەزیری پەروەردە بڕیاریان دا مامۆستا پەنابەرە پاڵێوراوەکان لەگەڵ قوتابخانە گشتییەکاندا تێکەڵ بکەن، بۆیە دەرفەتیان بۆ مامۆستا سوورییەکان رەخساند، بە تایبەتی ئەوانەیان پاڵێورابوون و هەمان ئاستی خوێندن و بڕوانامەی مامۆستا کوردەکانیان هەبوو تا بتواننن لە قوتابخانە گشتییەکاندا دابمەزرێن. جا ئەمە لە جیهاندا زۆر ناوازەیە، بە راستی وابەستەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشان و خەڵکی کورد لەگەڵ پەنابەراندا دەدات. ئەوە دڵنیایی دەدات کە کۆمەڵگە یەکدی دەناسن و بۆ داهاتووی منداڵەکانیان پێکەوە کار دەکەن. هەروەها دەرفەتی بژێوییش بەو مامۆستا پەنابەرانە دەدات کە پاڵێوراون تا بتوانن نان و رۆنێک بکڕن و بژین و لە کۆمەڵگەی کوردیدا گەشە بکەن. رووداو: ئێوە وەک رێکخراوی UNHCR چیتان کردووە بۆ ئەو پەنابەرانەی تورکیا کە نیشتەجێی کەمپی مەخموورن؟ جۆن نیکۆلا: کێشەی دانیشتووان لە کەمپی مەخموور یەکێکە لەوانەی پێشتر ئاماژەم پێدا. ئەوە لەسەر حکومەتە دڵنیایی بدات کە ئەو پەناگەیە بۆ سڤیلەکان بمێنێتەوە. بۆ ئەو کەسانەی چەکدار نین و هیچ هێرشێکی چەکدارییان نەکردووە و لە تووندوتیژیی چەکدارییەوە نەگلاون. ساڵانێکە لەبارەی خەڵکی سڤیلی کەمپی مەخموورەوە نیگەرانیی خۆمانمان گەیاندووەتە حکومەتی بەغدا. هەر بۆیە یو ئێن ئێچ سی ئاڕ لەم کاتەدا ئەوە لە بەرچاو ناگرێت و گەرەنتیی تەواوەتیمان بۆ پاراستنی دانیشتووانی کەمپی مەخموور هەیە. دانیشتووانی کەمپی مەخموور سڤیلن، بۆیە مافی ئەوەیان هەیە پەنابەر بن. رووداو: ئێوە هەوڵتانداوە بۆ لابردنی ئابڵووقەی هێزەچەکدارەکانی عێراق لەسەر کەمپی مەخموور؟ جۆن نیکۆلا: ئەوە دەسەڵاتی حکومەتە کە رێکاری یاسایی تووندوتۆڵ بگرێتە بەر کە بە پێویست دادەنرێن بۆ دڵنیاییدان بە خەڵکی سڤیلی کەمپی مەخموور. UNHCR هەمیشە لە سەرانسەری جیهاندا بووە و ئەوەی بۆ حکومەتەکان دیاری کردووە کە ئەرکی سەرەتاییان ئەوەیە دڵنیا ببنەوە لەوەی لەناو پەنابەراندا چەکدار نییە، کەسانێک نین کە چەکیان هەبێت و جلوبەرگی سەربازی بپۆشن و لە کەمپەوە کردەی چەکدارانە بکەن. ئەمە دەسەڵات و مافی حکومەت. ئینجا حکومەتی عێراق چەند رێکارێکی گرتووەتە بەر کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دێنەوە بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە کە کەمپی مەخموور بە تەواوەتی ببێتە کەمپێکی سڤیل بۆ پەنابەران. ئەو شتێکی پێویستە کە ئەمە بە کاری لەپێشینەی حکومەتی عێراق بمێنێتەوە. ئەوە گرنگە، نەک لە لایەنی ئەو شتەوەی رەنگە لە دۆخی مەخمووردا رووبدات، بەڵکو زۆر گرنگە بۆ خەڵکی ناو کەمپەکە کە بزانن ئەوان تەنیا سڤیلن. ئەوەیش بۆ ژنان و منداڵان و گەنج و پیر و بۆ هەمووان لە کەمپەکەدا گرنگە کە دڵنیایی بدەن کەمپەکە کەڵکی خراپی لێ وەرناگیردرێت، چونکە پەناگە تەنیا بۆ خەڵکی سڤیلە. رووداو: پرۆسەی ناردنی پەنابەرانی سووری لە عێراق بۆ وڵاتی سێیەم بە کوێ گەیشتووە؟ جۆن نیکۆلا: پێموایە بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو پەنابەرانەمان کردووە بە سێ هێندە کە توانیویانە نیشتەجێ ببنەوە، ناردوومانن بۆ وڵاتی سێیەم، چونکە نەماندەتوانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پشتیوانییان بکەین. ئەمە باسی دۆخێکی زۆر تایبەت دەکەم لێرە. باسی ئەو کەسانە دەکەم کە کێشەی تەندروستییان هەبوو و نەدەتوانرا لە هەرێمی کوردستانی عێراق چارەسەر بکرێن. باسی ئەو کەسانە دەکەین لە تووندوتیژی و تووندوتیژیی سێکسی رزگاریان بووە. باسی پێکهاتەکان دەکەین کە لە دەستپێکردنەوە بە ژیانێکی نوێ و ئاسایدا لە تاراوگە وەک پەنابەر تووشی سەختی دەبوون. ئەوە ژمارەیەکی زۆر زۆر بچووکە، بەڵام توانیومانە. سوپاس بۆ بەخشندەیی و پاڵپشتیی وڵاتانی رۆژئاوا: ئەمریکا، کەنەدام وڵاتە ئەوروپییەکان و، بە تایبەتی ئوسترالیا. توانیومانە ژمارەیەکی زۆر سووری و پەنابەری دیکە بۆ ئەو وڵاتانە بنێرین. بەڵام دیڵێمەوە، ئەمە چارەسەر نییە بۆ ئەو 300 هەزار پەنابەرە. ئەمە چارەسەرە بۆ ئەوانەی بە راستی لە ژیانیاندا دۆخێکی زۆر تایبەتیان هەیە و ناتوانن لە هەرێمی کوردستان چارەیەک بدۆزنەوە و جارەسەرەکە لە وڵاتی سێیەمە، وەک جیهانی رۆژئاوا، ئەمریکای باکوور، ئەورووپا و ئوسترالیا، جا ئێمە لەم بەرنامەیە بەردەوام دەبین، بەڵام بەرنامەیەک نییە بۆ یارمەتیدانی 300 هەزار کەس. بە گشتی، لەنێو هەر کۆمەڵە خەڵکێکی پەنابەری جیهاندا کەمتر لە 1٪ی پەنابەران لە دووبارە نیشتەجێکردنەوە، لە هەلی ناردن بۆ وڵاتێکی دیکە سوودمەند دەبن. کەمتر لە 1٪. رووداو: هیچ ئامارێکت لەبەردەست هەیە لەبارەی ژمارەی ئەوانەی ناردووتانن بۆ وڵاتی سێیەم؟ جۆن نیکۆلا: کێشەکە رەوانەکردنە. ئێمە فایلەکان ئامادە دەکەین، پێشکەشی وڵاتانیان دەکەین، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە هەموو شتێک دواخرا. گەشتکردن نەبوو، فڕۆکە هەڵنەدەفڕی. بە راستی ئەوانەش کێشە بوون بۆ ئەو کەسانە کە بگەنە ئەو وڵاتانە. بۆیە لە لایەنی جێهێشتنی هەرێمی کوردستانەوە کەمێک دواکەوتین، بەڵام ئێمە ساڵانە باسی 10 هەزار کەس دەکەین کە دەڕۆن، چونکە پێویستی و دۆخی زۆر تایبەتی ژیانیان هەیە کە مانای وایە پێویستیان بەوەیە لە وڵاتی سێیەم چارەسەر بدۆزنەوە. بۆیە ئەوە ژمارەیەکی کەم نییە. لە راستیدا بەراورد بە تەواوی خەڵکی پەنابەری هەرێمی کوردستان ئەمە یەکێکە. یەکێکە لە زۆرترین رێژەکان لە سەرانسەری جیهاندا. باسی ژمارەیەکی زۆر دەکەین کە لێرە بەراورد بە لوبنان و ئەردەن و تورکیا ژمارەیەکی زۆر زیاتر سووری دەژین. رووداو: رەوشی سووریا گونجاوە کە وڵاتانی دراوسێ پەنابەرانی بگەرێنێتەوە ئەو وڵاتە؟ جۆن نیکۆلا: یوئێن بە گشتی و UNHCR پێی وایە دۆخی سووریا بۆ گەڕانەوەی پەنابەران هاوکار نییە. پێمان وایە تووندوتیژیی مرۆیی و ناسەقامگیری هەیە کە خەڵک ناتوانن بە پارێزراوی بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی سەرەکیی بونیاتنانەوەی سووریا هەیە. بگەڕێنەوە بۆ چی؟ بگەڕێنەوە بۆ گوندە رووخێنراوەکان، بۆ نەخۆشخانە و قوتابخانە و کارگە رووخێنراوەکان و کێڵگەی مین و کێڵگە تێکدراوەکان؟ بۆیە دۆخەکە بۆ ئەوان هاوکار نییە کە بگەڕێنەوە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان، پشت بە خوا، دۆخەکە دەگۆڕێت، سەقامگیری دەبێت، گەڕانەوەی خەڵک بۆ سووریا دەستەبەر دەکرێت و کەس پەراوێز ناخرێت و تۆڵەی لێ ناسەندرێتەوە و دەتوانن بچنەوە خانووەکانیان و سەر زەوییەکانیان و دەتوانن منداڵەکانیان بخەنە قوتابخانەوە. کاتێک نەخۆش دەکەون دەتوانن چارەسەری پزیشکی دەست بخەن. بەڵام لەم کاتەدا ئەو دۆخە لەو نییە، بە تایبەتی بۆ پەنابەرە سوورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، چونکە ئەوانە 99٪یان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە هاتوون و هەر کەسێک سەیری هەواڵەکانی رووداو لە بارەی سووریاوە بکات زۆر باش دەزانێت کە لەوێ دۆخەکە سەقامگیر نییە. قامشلۆ شوێنێک نییە کە هەر دایک و باوکێک بیانەوێت منداڵەکانیانی بۆ ببەن تا لەوێ بژین. بۆیە لەم کاتەدا ئەوە زۆر گرنگە کە ئەو پەنابەرانە مافی ئەوەیان بدرێتێ لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە پارێزراوی بمێننەوە، دەیڵێمەوە، حەز دەکەم سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بکەم کە ئەم پێشوازییەیان لە پەنابەران کرد و جێیان کردنەوە و تا ئێستا پاریزگارییان لێ کردوون تا رۆژێک بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. ئێمە کە دوور لە وڵات دەبین لە رێگەی ئەم لەخۆگرتنەوە پێویستمان بە پارێزگاری کردنە لەم هیوایە. هەر ئەم شتەیە کە لە 20ی حوزەیراندا لە رۆژی جیهانیی پەنابەراندا ئاهەنگی بۆ دەگێڕین، ئێمە زۆر شانازی دەکەین کە بتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان و عێراق و خەڵکەکەیان و دامودەزگاکان کارێکی سەرنجراکێشیان کردووە و دەبێت جیهان وەک دەستکەوت و وانەیەک سەیری بکات کە لە لایەن زۆر وڵاتی دیکەی جیهانەوە چاوی لێ بکرێت. رووداو: دڵخۆشبووم کە لە بەغداوە لەگەڵم بووی و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی منت دایەوە، زۆر سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/28062023
ئاندی ئۆگڵز، کۆنگرێسمانی ئەمریکی دەڵێت، رووسیا و سعودیە بەرهەمهێنانی نەوتیان کەمکردووەتەوە و ئەوەش نرخی سووتەمەنی بەرزکردوەتەوە. بۆیە "گرنگە رێگە بە گەلی کورد بدرێت بەرهەمی خۆی هەناردە بکات، ئینجا هەرچییەک بێت، بە تایبەتی نەوت لەم کاتە قەیراناوییەدا". رۆژی هەینی، 9ـی ئەیلوولی 2023، ئاندی ئۆگڵز، کۆنگرێسمانی ئەمریکی لە هەڤپەیڤینێکدا لە ناشڤیڵ لە ویلایەتی تێنیسی رایگەیاند، "هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ گەلی کورد بۆ ئەمریکا گرنگە و گرنگیشە دیموکراسی لە هەر کوێیەک هەبێت، گەشە بکات." هەڤپەیڤینەکە دوای کۆبوونەوەیەکی کۆنگرێسمانەکە لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بوو و لەو بارەیشەوە گوتی، باسیان لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق کردووە و گوتی، "لە داهاتوودا بە وردەکاریی زیاترەوە لەو پرسە دەڕوانین". لەبارەی خۆپێشاندانەکەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی شاری کەرکووک کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 4 هاونیشتمانی، ئاندی ئۆگڵز گوتی، "بە دڵ و نزا لەگەڵ خێزانی ئەو کەسانەدام کە لەو رووداوەدا بەئامانجکران" و دەشڵێت، "بەدواداچوونێکی فەرمی دەکەم بۆ رووداوەکان بۆ ئەوەی بزانم چی و بۆچی روویداوە و دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێگری لە دووبارەبوونەوەی دوژمنکاری لەو شارە بکەین". دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئاندی ئۆگڵز، کۆنگرێسمانی ئەمریکا: رووداو: پرسیاری یەکەمم ئەوەیە کە کۆبوونەوەی ئێوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر چۆن بوو؟ ئەمە دووەم جارە ئێوە لەگەڵی کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە چۆن بوو؟" ئاندی ئۆگڵز: شەرەفمەند و دڵخۆش بووم کە بۆ دووەم جار کۆبووینەوە. کاتێک کە ئێمە بۆ یەکەمجار کۆبووینەوە، من سەرۆکشارەوانی بووم و نزیک بووم لەوەی ببمە ئەندامی کۆنگرێس. ئێستا ئەندام کۆنگرێسم. هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ گەلی کورد گرنگە بۆ ئەمریکا. گرنگە دیموکراسی لە هەر کوێیەک هەبێت، گەشە بکات. هەر وڵات و نەتەوەیەک هەوڵ بدات هێرشبکاتە سەر دیموکراسی، هێرشکردنە بۆ سەر هەموومان. بۆیە زۆر گرنگ بوو کە دووبارە کۆبووینەوە و گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەوەی کە چۆن ئێمە، ئەمریکا و گەلی کورد دەتوانین پێکەوە کاربکەین. رووداو: لەبەر ئەوەی تۆ ئەندامی کۆنگرێسی، دەمەوێت باس لە هەندێ پرس بکەم سەبارەت بە ناوچەکە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. ئێوە دەزانن کە بەغدا ئامادە نییە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بنێرێت و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەندێ جار دەڵێن، بەغدا بودجە وەک چەکێک بەکاردێنێت بۆ گەورەکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەندێ دەستکەوتی ستراتیجی بەدەستبێنێت. ئێوە چۆن لەم کێشانە دەڕوانن و چی بە حکومەتی وڵاتەکەتان دەڵێن بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی بکات بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێک لە نێوان ئەو دوو حکومەتە؟ ئاندی ئۆگڵز: لە کۆبوونەوەکەماندا باسمان لەم پرسە کرد و لە داهاتوودا بە وردەکاریی زیاترەوە لێی دەڕوانین. بە راشکاوی، من نیگەرانیم هەیە لە بارەی رۆڵ و رادەی هەژموونی ئێران کە رەنگە لەسەر ئەم گفتوگۆیەی پرسی بودجەش هەیبێت. خۆشگوزەرانیی ئابووری و ئازادی رێگەی خۆشگوزەرانیی هەموو دیموکراسییەکە. ئەوەی کە لە سەرانسەری جیهان بینیومانە دەریدەخات کە ئێران لە هەرشوێنێک بتوانێت زیان بە دیموکراسی بگەیێنێت، ئەوا دەیکات؛ بۆیە هێرش دەکەنە سەر ئەمریکییەکان، هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیلییەکان، هێرش دەکەنە سەر خەڵکی کورد، بۆیە گرنگە دژی حکومەتی ئێران یەکبگرین لە هەر شوێنێک هەوڵ بدەن هەژموونیان هەبێت. رووداو: پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییی کەرکووک. رەنگە ئێوە ئاگادار بن و گفتوگۆشتان لەبارەوە کردبێت. خۆپێشاندانێک هەبوو، هەندێ لە عەرەبەکان رێگەیەکیان داخست و رێگریان لە گەڕانەوەی پارتێکی سیاسیی کوردستانی کرد بۆ کەرکووک بۆ شوێنەکانیان. لە کاردانەوەی ئەوەدا خۆپێشاندانی کورد دروستبوو کە داوایان کرد ئەو رێگەیە بکرێتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەرانی کورد و چوار خۆپێشاندەریان کوشت و دەیانی دیکەیان دەستگیرکرد و هەندێکیشی بریندارکرد. ئێوە چۆن لەو پرسە دەڕوانن و دەتوانن چی پێشنیازی حکومەتەکەتان بکەن بۆ ئەوەی هەندێ رۆڵی هەبێت بۆ ئەوەی جۆرێک لە رێککەوتن لە نێوان کورد و عەرەب، هەولێر و بەغدادا دروستبێت بۆ ئەوەی ئەو ناکۆکیە لە مێژەییانە چارەسەر بکەن؟ ئاندی ئۆگڵز: بەڵێ ئەو شوێنە لەم کاتەدا ناکۆکی لەسەرە. من بەدواداچوونێکی فەرمی دەکەم بۆ رووداوەکان بۆ ئەوەی بزانم چی و بۆچی روویداوە و دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێگری لە دووبارەبوونەوەی دوژمنکاری لەو شێوەیە بکەین. بێگومان بە دڵ و نزا لەگەڵ خێزانی ئەو کەسانەدام کە لەو رووداوەدا بەئامانجکراون یان زیانیان بەرکەوتووە. هەرکاتێک خەڵک پێکەوە گردببنەوە، بە ئاشتیانە خۆپێشاندان بکەن، مافی خۆیانە خۆپێشاندان بکەن. ئەوەی گرنگە خۆپێشاندانی ئاشتیانەیە. بەڵام ئەگەر حکومەتێک هەبێت تەقە لە خۆپێشاندەرانی ئاشتیانە بکات، وەک کە بۆ من باسکراوە، کێشەم لەگەڵ ئەوەدا دەبێت. رووداو: ئێوە ئەم هێرشانە سەرکۆنە دەکەن؟ ئاندی ئۆگڵز: ئێمە بە شێوەیەکی فەرمیتر بەداواداچوون دەکەین بۆ ئەوەی هەموو وردەکارییەکانمان دەستبکەوێت، بەڵام نەخێر. هەر کاتێک، هێرش بکرێتە سەر خەڵکی بێتاوان، گرنگ نییە لە هەر کوێیەکی جیهان بن، قبووڵ ناکرێت. رووداو: بەڵێ، حکومەتی ئەمریکاش سەرکۆنەی کرد. ماوەی چەند مانگێکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە و ئەوە کێشەیەکی گەورەیە چونکە هەندێ کۆمپانیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و رووبەڕووی بەربەستی گەورەبوونەتەوە بەو هۆیەوە. هەروەها داوایان لە کۆنگرێس و حکومەتی ئەمریکا کردووە کە رۆڵیان هەبێت. کۆنگرێسی ئەمریکا دەتوانێت چ رۆڵێکی هەبێت بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە داهاتووییەکی نزیکدا دەستپبکاتەوە؟ ئاندی ئۆگڵز: ئەوە یەکێکە لەو شتانەی کە پێویستە لەگەڵ حکومەتی عێراق کاری لەسەر بکەین، واتە لەسەر هەناردە و هەروەها بە راشکاوی، هاوردەی کەلوپەلیش. ئێمە دەبینین، لە سەر ئاستی جیهان، رووسیا و سعودیە ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمکردووەتەوە، سەرەنجام نرخی سووتەمەنی لە بەرزبوونەوەدایە کە ئەوە کاریگەری نەرێنی لە سەر هەموو جیهان هەبووە. بۆیە گرنگە رێگە بە گەلی کورد بدرێت بەرهەمەکانی خۆی هەناردە بکات، جا هەر چییەک بێت، بە تایبەتیش نەوت لەم کاتە قەیراناوییەدا. رووداو: پرسیاری کۆتاییم، ئایا هیچ پلانت هەیە لە داهاتوویێکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەیت؟ کۆنگرێسمان: بەڵێ، هەمە و کار لەسەر وردەکارییەکانی دەکەم. گەلی کورد بۆ من گرنگە و بەشێکی گرنگی ناوچەکەمە. هیچ شتێک لەوە زیاتر دڵخۆشم ناکات کە بێم سەردانی بکەم. ئەوان هەروەها پارێزگارمان بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی سەردانی واشنتن دی سی بکات و سەردانی مۆزەخانەی کۆنگرێس بکات بۆ ئەوەی کەمێک لە مێژووی ئێمە ببینێت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/080920231
دکتۆرای هەیە لە ئەدەبی جیهانی، بەڵام حەز ناکات بە دکتۆر بانگی بکەن، تەنانەت حەز ناکات ناوی راستەقینەشی بهێنن، بە 'باڤێ نازێ' ناسراوە و هەر ئەو ناوەش لەسەر بەرگی رۆمان و کورتە چیرۆکەکانیەتی. باڤێ نازێ نووسەرێکی ناسراوی کوردە، ساڵی 1986 کە ئۆلف پاڵمە، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی سوێد تیرۆر کرا، ئەو بە کوشتنەکەی تۆمەتبار کرا، لەسەر ئەو رووداوە رۆمانێکی بە ناوی 'ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ' نووسیوە. دواجار نەخۆشییەکەی فریای کەوت و لەو تۆمەتەی درابووە پاڵی، بێتاوان دەرچوو. باڤێ نازێ دەڵێت: "هەشت مانگ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردم. جارێکیان لە کۆمەڵەی کوردان هەبوو، گوتم پۆلیسی سوێدی مێشکیان نییە، گوتیان بۆچی؟ گوتم نەخۆشیی دڵم هەیە، ئەو قادرمەیەی بکوژەکە بەسەریدا سەرکەوتبوو 150 پلیکانە بوو. من چۆن دەتوانم پێیدا سەربکەوم، گوتیان باڤێ نازێ کاخەزەکانت لەلایە لەبارەی ئەو نەخۆشییە؟ گوتم بەڵێ. گوتیان باشە تۆ مێشکت نییە، یان سوێدییەکان نییانە. تۆ چۆن تائێستا پێشانت نەداون. دەستبەجێ تەلەفۆنییان بۆ پۆلیس کرد، گوتیان با بیهێنێت. دوای ئەوەی کاخەزەکانم پیشان دان و ئەوانیش تەماشایان کرد، پاسپۆرتەکەیان دامەوە و لێکۆڵینەوە تەواو بوو". دلبخوین دارا لە شاری دهۆک، هەڤپەیڤێنێکی لەگەڵ باڤێ نازێ کردووە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی: رووداو: ئەمڕۆ میوانێکی تایبەتم هەیە. میوانێكی زۆر تایبەتە، ماوەیەکی زۆرە دەمویست هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ بکەم، باڤێ نازێ، رۆماننووسێکی ناسراوە، نووسەرێکی ناسراوە، وەرگێڕێكی ناسراوە، هەتا نەڵێی باڤێ نازێ کەس نایناسێت. بە هەندێک بەرهەم زۆر ناودار بووە. یەکێک لەو بەرهەمانەی پێی ناودار بووە، "ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ". رۆمانێكی دیکەش کە زۆر ناسراوە "چیاکانی بە خوێن ئاودراون". رۆمانی "ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ" باسی چیرۆکی خۆی دەکات. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی باڤێ نازێ ـی رۆماننووسی کورد لە ساڵی 1986 ـدا بە کوشتنی ئۆڵف پاڵمە سەرۆکوەزیرانی سوێد تۆمەتبار کرابوو. زۆر مژارمان هەیە ئەمڕۆ لە دهۆک لەگەڵ باڤێ نازێدا گفتوگۆ بکەم. باڤێ نازێ بەخێرهاتی. باڤێ نازێ: خێری خودا لە تۆ بێت. زۆر بەختەوەرر دەبم بتوانم بەگوێرەی هەستی خۆم هەڵوێستی خۆم دەرببڕم. رووداو: دەزانی هەردەم مەراقم بوو تۆ ببینم و هەڤپەیڤینێکت لەگەڵ بکەم، بەڵام تۆ ونیت باڤێ نازێ. تۆ ونیت، لە کوێیت؟ بۆچی ونیت؟ بۆچی ئێمە تۆ نابینین؟ باڤێ نازێ: لەوەتەی 78 رۆمانم بڵاوکراوەتەوە هەتا ئەمڕۆ... رووداو: بەر لە 46 ساڵ؟ باڤێ نازێ: 46 ساڵ. رووداو: یەکەمین رۆمانت 46 ساڵ بەر لە ئێستا نووسراوە؟ باڤێ نازێ: بەڵێ، بەڵێ راستە. سەرنجراکێشترین شت ئەوەیە، تەنیا یەکجار لە باتمان 20 ساڵ بەر لە ئێستا بانگهێشتکرام وەک میوانی شەرەف. لەوە بترازێ بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک لە بواری زمان ئەدەب، رۆمان، کورتەچیرۆک نەکراوم، رۆژێک لە رۆژان کەس بانگهێشتی نەکردووم بۆچوونی خۆم بڵێم، نە لە باکوور، نە لە باشوور، نە لە رۆژئاڤا و نە لە هیچ شوێنێك. لەبەر ئەوە من بە تەنیام. تەنیایی منیش وا دەکات تووشی زۆر گرفت بم، دەتوانم هەندێکیان چارەسەر بکەم و هەندێکیانم پێ چارەسەر نەکرێت. هەندێکجار لە ژیان دوورم دەخاتەوە و هەندێک جاریش پڕم دەکاتەوە، ئەوە پرسێكی تایبەتە و نامەوێت لەسەر پرسی تایبەت بدوێم. من دەمەوێت ئەو شتەی زۆرتر بۆ من بە ئازارە باسی بکەم، پرسی زمانی ئێمەیە. رووداو: کەوابوو، تۆ تووڕەیت لەبەرئەوەی بانگهێشت ناکرێیت؟ تووڕە بوویت؟ باڤێ نازێ: نا بابەتەکە تووڕەبوون نییە. بۆ نموونە تۆ باسی کوشتنی سەرۆکوەزیرانی سوێدت کرد. سوێدییەکان ویستیان فیلمێک لەسەر من بەرهەم بهێنن و بەرهەمیشیان هێنا. ئەوە 40 ساڵ بوو، لە 86 ـەوە دەکاتە نزیکەی 38 ساڵ. 38 ساڵە رۆژێک لە رۆژان نە رۆژنامەڤانێکی کورد، نە تەلەڤزیۆنێکی کورد نەهاتووە و لێی نەپرسیووم باڤێ نازێ تۆ چۆن تۆماتبار کرای بە کوشتنی سەرۆکوەزیر، رۆژێک ئەو پرسیارە نەکراوە. ئەمە چۆن وا دەبێت؟ رووداو: ئەو پرسیارە دەکەم. ئەوە زۆر گرنگە ئەو پرسیارەت لێدەکەم. رۆمانەکەت بەناوی "ستۆکهۆڵم تۆ چیت بینیوە بیڵێ"... باڤێ نازێ: چۆن هزی رۆمانەکەم بۆ هات کە بینووسم، تێدەگەیت؟ رووداو: ئەوە زۆر گرنگە. باڤێ نازێ: ئەو شتانە وا دەکات ئازار بچێژم. رۆمانێکم هەیە لە ساڵی 1983ـدا دەستم بە نووسینی کرد و لە 2016 تەواوم کرد. 33 ساڵە من دەمەوێ بەسەرهاتی خۆم بنووسمەوە، بۆ ئەوەی نووسەرانی ئێستا تێبگەن چییە؟ چ ئازارێک هەیە؟ چ کۆسپێک هەیە؟ رۆژێک لە رۆژان رۆژنامەڤانانی کورد ئەو پرسیارەیان لە من نەکرد تاوەکو بتوانم ئەم گوتانە بڵێم، ئەوە ئازاربەخشە بۆ من. رووداو: یەکێکی دیکە لە رۆمانە ناسراوەکانی باڤێ نازێ "مردووی حەرام" ـە. مردووی حەرام ئەویش زۆر سەرنجڕاکێشە. با ئەوەتان پێ بڵێم، باڤێ نازێ 9 رۆمانی نووسیوە. دوو پەرتووکی کورتەچیرۆکی نووسیوە، هەروەها لە بیرتان نەچێت باڤێ نازێ دکتۆرای لە ئەدەبیاتی جیهاندا هەیە، بەڵام خۆی وەک دکتۆر ناداتە پێش. تۆ رۆماننووسیت و حەز ناکەیت کەس پێت بڵێ دکتۆر. باڤێ نازێ: حەز ناکەم بڵێن دکتۆر، باڤێ نازێ ـم. رووداو: با بێینە سەر بابەتێک کە بەلاتەوە زۆر گرنگە قسەی لەسەر بکەیت، ئەویش زمانە. زمانی کوردی. تۆ دەڵێیت زمانی کوردی لە مەترسیدایە و وەک پێویست خزمەت نەکراوە، کورد لە یەکدی تێناگەن؟ باڤێ نازێ: نا رووداو: کێشەی زمانی کوردی چییە، باڤێ نازێ؟ باڤێ نازێ: کێشە و ئاریشەی هەرە گەورە بۆ زمانی ئێمە ئەوەیە، کە ئەو رەگەزانەی پێویستە بۆ ئەوەی زمانی ئەدەبی لەسەر بنیات بنرێت لای ئێمە هێشتا دروست نەبووە. بیری لێ بکەوە، بۆ ئەوەی باڵەخانەیەک دروست بکەی، چوار دیواری پێویستە. زمانی ئەدەبیش چوار ستوونی هەیە. ئەو چوار ستوونە بۆ زمانی ئەدەبیی ئێمە تائێستا بنیات نەنراوە. ئەو چوار ستوونە چین؟ ئەلف و بێی یەکگرتوو، پەیوەست بەو ئەلف و بێیە رێنووسەکەیەتی، لەگەڵ شێوازی دەربڕینی گوتەکان بەو جۆرەی دەخوازرێت. یەکێتیی رێزمان، فەرهەنگێک بۆ داهێنان و وەرگێر. هەموو ئەدەبی جیهان، زمانی ئەدەبی ئەووروپی بەرلەوەی زمانیان یەکبخرێت و ببێت بە ستاندارد، لە وەرگێڕانەوە دەستیپێکردووە. لەبەر ئەوە ئێمە ئەلف و بای یەکگرتوومان هەیە؟ نەخێر، رێزمانێکی یەکگرتوومان هەیە؟ نەخێر. فەرهەنگێکی یەکگرتوومان هەیە؟ نەخێر. وەرگێری سیستماتیکمان هەیە؟ نەخێر. کەوا بوو زمانێكی ستانداردمان نییە. ئێمە دەبێت لە زمانی یەکدی بگەین، ئەگەر فەرهەنگێکمان هەبێت لە یەکدی تێدەگەین. ئێستا ئەگەر فەرهەنگێک لە چوار زاراوەی ئێمە دروست بکرێت، لە ئایندەدا لە یەکدی تێدەگەین. رووداو: کێشە لە نێو شێوەزارە کوردییەکاندا کێشە هەیە؟ باڤێ نازێ: مەبەستم ئەوەیە کاتێک دەڵێم، شێوەزار، کرمانجی، سۆرانی، زازاکی و هەورامییە. لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی ئێستا کە هەیە، ئینتەرنێت و مۆبایل هەیە، ئەو نووسینانەی دەنووسرێن، هیچیان لە یەک ناچن. رووداو: بەڵام وەکو جاران نییە باڤێ نازێ. لە جاران زۆر باشترە. باڤێ نازێ: بڕوانە، هەندێكجار گوتەکانت دەبڕم. پرۆفیسۆرێکمان هەبوو، گوتارێكی لە گۆڤارێکدا بڵاوکردووەتەوە. گوتارەکەی لەسەرەتا تاوەکو کۆتایی یەک خاڵی هەبوو. رووداو: ئەو مرد. باڤێ نازێ: من پێمگوت چ دووژمنایەتییەکت لەگەڵ خاڵدا هەیە؟ بیر بکەوە، ئەو کەسە بووە سەرۆکی لیژنەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان. رووداو: مادام باسەکەت هێنایە سەر شێوزاری کوردی، هەورامی لە مەترسیدایە؟ لەبەر ئەوەی ئێستا بە هەورامی زۆر نانووسرێت و ناخوێندرێتەوە، مەترسی لەسەر نەمانی شێوەزاری هەورامی هەیە یان نییە؟ باڤێ نازێ: دەزانی کاک دڵبخوین داوای لێبووردن دەکەم کە باس لە بوارێک بواری من نییە. بواری من ئەدەبە، زمانناس نیم. رووداو: راستە. باڤێ نازێ: کاتێک دەستم بە نووسینی رۆمانی دووەم کرد لە ساڵی 1983 ـدا قارەمانەکەم کەسێكی نەزانی لادێیی بوو کاتێک دەڵێت "پەپووک رەبەنێ" و دەگری، کە بە عەرەبی نووسیم، نووسیم "یالەلهەول" دەزانی "یالەلهەول" بە زمانێکی عەرەبی پەتییە. یەکسەر پێنووسەکەم دانا، کچی کورد گوتی "یالەلهەول"، "پەپووک رەبەنێ"، گوتم نا، لەمڕۆ بەدواوە چیدیکە بە عەرەبی نانووسم، بە کوردی دەنووسم. لێرەوە دەستمپێکرد و خۆم فێری کوردی کرد. سەرنج بدە "چیاکان بە خوێن ئاودراون" لە ساڵی 1978 بە زمانی عەرەبی چاپکرا، بە زمانی رووسی لە 1981 چاپکرا، بە زمانی کوردی لە 1988 . بۆیە داوای لێبووردن دەکەم، "چەتۆ" و "گولێ" سەرەتا بە عەرەبی قسەیان کرد، دواتر بە رووسی و ئینجا بە کوردی قسەیان کرد. بۆیە کاتێک من رۆمانەکەم کردە کوردی و ناردم بۆ سوێد، بە سەعیدی هاوڕێ و ئامۆزام گوت بیخوێنەوە بزانە چۆنە. گوتی خوێندمانەوە، زمانەکەی هەڵەی زۆری تێدایە. گوتم نا، هیچ هەڵەیەکی زمانەوانی تێدا نییە. گوتی چۆن؟ گوتم یەک هەڵەی تێدا نییە خۆم نووسیومە و دەزانم. دوای شەش مانگ کە هاتمە سوێد و دوای ساڵێک کە ئەو شتانەی بۆم ناردبوون خوێندمەوە، رستەیەکی راستی تێدا نەبوو. رستەیەکی دروستی نەبوو نە لەبواری رێنووس و نە لە بواری رێزماندا. ئەو مرۆڤەی نەزانە، نەزانی خۆی نابینێت. پرسی سەرەکی ئێمە ئەمەیە. ئەمڕۆ لە بواری زماندا من زمانناس نیم، پێویست ناکات ئێستا نەزانی خۆم بە بینەران پیشان بدەم، بەڵام ئەو بوارەی چوومەتە نێوی و لێکۆڵینەوەم لەسەر کردووە زمانی ئەدەبی پێویستە چۆن ستاندارد بکرێت. رووداو: باڤێ نازێ، تۆ لە ساڵی 1986 ـدا بە کوشتنی ئۆڵف پاڵمە سەرۆکوەزیرانی سوێد تۆمەتبار کرابووی، بۆچی؟ باڤێ نازێ: سێ مانگ بەرلە کوشتنی ئەو، رۆژنامەڤانانی سوێدی بڵاویان دەکردەوە، کە کورد ئۆڵف پاڵمە دەکوژن. لەبەر چی؟ لەبەر ئەوەی کاتێک پەکەکە هاوڕێکانی خۆی کوشتن و سوێد بە تیرۆریستی ناساندن، ئەوانیش گوایە هەڕەشەیان کردووە، لەبەر ئەوەش ئەو قسانە کران. لە پاڵمەیان پرسی کورد دەتکوژن، خۆت دەپارێزیت؟ گوتی نا. ئێمە شاندی خۆمان نارد بۆ لای رۆژنامەڤانانی سوێدی و گوتمان بۆچی ئەو پڕوپاگەندانە لەسەر ئێمە دەکەن، شتێکی لەو جۆرە نییە. گوتیان ئێمە وڵاتێکی دیموکراسین و چیمان بوێت دەینووسین. کاتێک پاڵمە کوژرا، بەبێ بەڵێ و نەخێر ئەو باوەڕە لەلای خەڵک دروست بوو، کە کورد پاڵمەی کوشتووە. لەبەر ئەوە دیارە ئەوانەی بکوژەکەیان بینیبوو پرسیاریان لێکردبوون شێوەی چۆن بوو؟ ئەو شێوەیەی کێشایان بەهەموو شێوەیەک هەوڵیان دا نزیک بێت لە کورد. وێنەی دروستکراوی ئەو کەسەی لە تەلەڤریۆنەکاندا بڵاویانکردەوە کۆپییەک بوو لە من. کاتێک دراوسێکەم دەموچاوی بینیم راستەوخۆ تەلەفۆنی بۆ پۆلیس کرد و گوتی بکوژەکە لەلای منە. منیش ئەو رۆژە کە پاڵمە کوژرا بڕیارم دابوو لە ماڵەکەی بچمە دەرەوە، چونکە کەسێکی زۆر خراپ بوو. لەوێ پێمگوت ئەمڕۆ هەینییە دەڕۆم و دووشەممە دێمەوە کەلوپەلەکانم دەبەم. هەر بۆیە رۆژی دووشەممە کە چووم بۆ ئەوێ، کردی بە هاوار و گوتی من مەکوژە، پۆلیس بەدواتدا دەگەڕێت. گەورەترین هەڵە کە لایەن کوردەوە بەرامبەر بە من کرا، چییە؟ دەستنووسی رۆمانەکەم "چیاکانی بە خوێن ئاودراون"بوو، کاتێك تایپ دەکرا من شوێنەکەم نەدەناسی، ئەو ژمارە تەلەفۆنەی کە هەبوو لێمپرسی شوێنەکەت لە کوێیە و چۆن بۆت بهێنم؟ پۆلیس لە منی پرسی ئەو ژمارەیە هی کێیە؟ رووداو: پۆلیس تۆیان گرت؟ باڤێ نازێ: دەفتەرەکەمیان بە تەواوەتی برد و کاتێک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم. کاتێك چووم و راستەوخۆ تەلەفۆن بۆ پۆلیس کرا و پۆلیس هات و لێکۆڵینەوەیان کرد. لێیان پرسیم ئەمە ژمارە تەلەفۆنی کێیە؟ گوتم ببوورە دەتوانم تەلەفۆنی بۆ بکەم. گوتیان فەرموو. تەلەفۆنم بۆ کرد گوتم تۆ کێیت؟ گوتی ئەی من میوانی فڵانە کەس بووم، تۆ پەرتووکەکەی خۆت هێنابوو. گوتم بەڵێ بەبیرم هاتەوە، سوپاس. پێمگوتن من رۆمانەکەی خۆم بردبوو و بۆم تایپ بکەن، حاڵ و مەسەلەکە بەو شێوەیەیە. چەند رۆژێكی پێ نەچوو ئەو کەسە هات و گوتی باڤێ نازێ داوای لێبووردنت لێ دەکەم. رووداو: کورد بوو؟ باڤێ نازێ: گوتم بۆچی؟ گوتی پۆلیس لێی پرسیوم باڤێ نازێ دەناسیت؟ گوتوومە نایناسم. رووداو: کورد بوو؟ باڤێ نازێ: کورد بوو. گوتبووی نە بینیومە و نە دەیناسم. بەو هۆیەوە پۆلیس گەیشتە ئەو بڕوایەی بکوژ منم. رووداو: بکوژ تۆی. باڤێ نازێ: رۆژنامەڤانانی سوێدی بەمدواییانە پێیانگوتم ئەو ئەگەرەی وایکرد کە دەستگیرنەکرێیت، ئەو کەسە بوو کە ئێوارەکەی لە ماڵەکەیان بوویت. لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرد، تۆ گوتت ئێوارەکە لە فڵان ماڵ بووم. پشتڕاستیانکردەوە کە شەو لەوێ نووستووی. رووداو: دەستگیرنەکرایت؟ باڤێ نازێ: هەشت مانگ لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کرا. سوێدییەکان دیموکراسییەتیان لەوەدا بوو. رووداو: هەشت مانگ؟ باڤێ نازێ: هەشت مانگ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردم. ئەو ئەگەرەی وایکرد ئازادم بکەن چی بوو؟ جارێکیان لە کۆمەڵەی کوردان دانیشتبووم، گوتم پۆلیسی سوێدی مێشکیان نییە، گوتیان بۆچی؟ گوتم نەخۆشیی دڵم هەیە، ئەوسا دڵم نەخۆش بوو، ئەو قادرمەیەی بکوژەکە بەسەریدا سەرکەوتبوو 150 بلیکانیە بوو. من چۆن دەتوانم پێیدا سەرکەوم. گوتیان باڤێ نازێ کاخەزەکانت لەلایە لەبارەی ئەو نەخۆشییە؟ گوتم بەڵێ. گوتیان باشە تۆ مێشکت نییە، یان سوێدییەکان!. تۆ چۆن تائێستا پێشانت نەداون. دەستبەجێ تەلەفۆنیان بۆ پۆلیس کرد، گوتیان با بیهێنێت. دوای ئەوەی کاخەزەکانم پیشان دان و ئەوانیش تەماشایان کرد، پاسپۆرتەکەیان دامەوە و لێکۆڵینەوە تەواو بوو. رووداو: دوای ئەوەی خەڵکی پێیانوابوو کە تۆ بکوژی ئۆلف پالمەیت، دەتتوانی بچیتە دەرەوە و هاتووچۆ بکەی؟ باڤێ نازێ: خۆی مەسەلەکە لێرەدایە، دۆست و هاورێیانم بە منیان گوت، مەترسی هەرە گەورە ئەوەیە، ترسیان ئەوە بوو کە میتی تورکیا بمکوژن. گوایە کورد خۆیان یەکدییان کوشتووە، بۆیە بە منیانگوت ئەگەر لە دەرگەی ماڵەکەتیان دا، دەرگەیان لێمەکەوە، ئاگات لە خۆت بێت، بە تەنیا هاتووچۆ مەکە. بەڵام شتێک کە نەیهێشت من ئازار بکێشم، 3ی ئادار لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کرا، 8ی ئادار دەستم بە رۆمانەکەم کرد، "لە ستۆکهۆڵم چیت بینی". رووداو: هەر خۆت قاڕەمانی رۆمانەکەی؟ باڤێ نازێ: بە تایبەت ئەم پرسە زۆر لە جێی خۆیەتی..، هەر بەرهەمێکی ئەدەبی کە هەیە، بێگۆمان بەشێکی ژیانی نووسەرەکەی تێدایە، ئەمە هیچ گومانێکی تیدا نییە. رووداو: باڤێ نازێ ئێستا سەردان و هاتووچۆی سوێد دەکەی؟ ئایا قەدەخەت لەسەر هەیە بچیتە سوید؟ باڤێ نازێ: ڤێزەیان نەدا بە من. نەیاندا نا، پرسێک کە دەمویست لەسەری بدوێم لە رۆمانەکەدا، پرسێک لە ژیانمدا هەیە، بۆچی؟ مژارێکی سەرەکی هەیە، کە زۆر هەوڵم داوە پێشانی بدەم، ئەویش ئەوەیە، ئەورووپییەکان هەرچەندە خۆیان وەک دیموکراتی و شارستانی ناوزەد دەکەن، بەڵام دڕەندەیی هەرە گەورەی سەردەمی نزیک لەلایەن ئەوانەوە کراوە. دوو شەێی گەورەی جیهانی کە لە ساڵی 1914 و 1939 دەستیپێکرد، 70 ملیۆن کەس بە دەستی ئەوان کوژران. گوتم، هەرچەندە ئێمە قژمان رەش بێ و دڕندە بین، بەڵام ئەوەندە مرۆڤمان نەکوشتووە. ئەو دایکەی کە ئەو زوڵمەی بینیبوو، لە شەش ساڵیدا بێکەس مایەوە، هەموو ئەندامانی خێزانی کوژران لە کۆمەڵکۆژی ئەرمەنەکان. رووداو: دایکت ئەرمەن بوو؟ لە کوێ ستەمی لێکرابوو و بۆچی؟ باڤێ نازێ: ئەرمەن بوو، لە 1915 لە کۆمەڵکۆژی ئەرمەنەکاندا هەموو ئەندامانی خێزانەکەی کوژران. دایکم دەگێرایەوە کە دایکی دەستی ژنێکی گرت و لێی پارایەوە و گوتی، بیکە لە رێی خوادا کچەکەم ببەن (لەگەڵ خۆتان) با نەیبینێ چۆن دەمکوژن. دەیگوت، لە زمانی (ژنەکە) تێنەدەگەیشتم، ژنەکە دەستی منی گرت و منی برد. دەیگوت حەوت رۆژ لە کولانەی مریشکەکاندا ماومەوە، ئاو و نانیان پێدەدام، دوای حەوت رۆژ دەستی منیان گرت و منیان دەرهێنا. دەیگوت، هەر ئاسەوارێک هەبوو ماچم دەکرد لەبەر ئەوەی پێموابوو ئاسەواری دایکمە. دەگێرایەوە کە دوای ئەوە منیان بردە ماڵی شێخی گوندەکە و لەوێ شێخەکە منی بەخێو کرد. لە 16 ساڵیدا شێخەکە زەواجی لەگەڵ دەکات و شێخەکەش مامی من بوو. دوای ساڵێک کە دایکم کوڕێکی دەبێ، شۆڕشی شێخ سەعید دەستپێدەکات، دوای تێکچوونی شۆڕشەکە، ئەو کەسانەی کە سەرکردایەتی شۆڕشیان کردبوو دەچنە گوندی مامم و ئەویش پێشوازیان لێدەکات و ئەوانیان پاراست. سوپای تورکیا دەچنە نێو گوندەکە و گەماڕۆی دەدەن و 87 کەسی لەو گوندە لەسێدارە دەدەن، مامی منیش یەکێک بووە لەو کەسانە. دایکم لە تەمەنی 17 ساڵیدا بووە بێوەژن. باوکم وەک برای بچووک، هاوسەرگیری لەگەڵ دایکم کردووە. دایکم بەردەوام چیرۆکەکەی بۆ ئێمە دەگێرایەوە و ئێمە منداڵ بووین و دەترساین، بە ئێمەی دەگوت، مەترسن، هەمیشە خەڵکی چاک لە خەڵکی خراپ زیاترن، تەنیا چاکە بکەن. ئینجا دەمەوێ ئەم چیرۆکە کە دایکم بۆ ئێمەی دەگێرایەوە، لە رۆمانەکەدا باسی بکەم، ئەو دایکەی ئەو هەموو زوڵمەی بینیوە، ئەو دایکەی ئەوەندە میهرەبانە، ئایا کوڕەکەی دەتوانێ کەسێک بکوژێت؟ رووداو: دایکت پێیخوشبوو ببێت بە چی، داوای دەکرد ببێت بە چی؟ باڤێ نازێ: جارێک دایکم..، دایکم زۆرجار نەخۆش دەبوو، دایکم جارێک نەخۆش بوو، گوتی کوڕم کەی دەبیتە پزیشک و چارەسەرم دەکەیت؟منیش گوتم، دایکە نابمە پزیشک، دەبمە نووسەر و چیرۆکی ژیانت دەنووسمەوە. رووداو: بوویت بە نووسەر و لەبارەی ژیانی دایکیشت نووسی.. باڤێ نازێ: بەڵی، یەکەمین کتێبیشم پێشکەشی ئەو کرد. رووداو: باڤێ نازێ ژیانی تۆش زۆر سەرنجراکێشە بە راستی، عەرەبێ شەمۆت بینیوە... باڤێ نازێ: کەسێک هەیە کە نەمبینیبێ..(بە پێکەنینەوە)، عەرەبێ شەمۆ لە ساڵی 1970دا هاتبوو بۆ شاری لینینگراد و من ئەو کات قوتابی بووم. قوتابییە کوردەکان، ویستمان عەرەبێ شەمۆ ببینین. ئەو کات ویستێکم هەبوو، من رۆژنامەڤانیش نەبووم، قوتابی بووم. ویستمان هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ بکەین، پرسیارەکانم ئامادە کرد و نووسیم بۆ خۆم و پرسیاری کۆتاییم ئەوە بوو، ئامۆژگاریت بۆ ئێمە چییە؟ گوتی، کوڕەکانم بخوێنن، گوتم ئامۆژگاریی دووەمت چییە؟ گوتی، بخوێنن. گوتم ئەوەی سێیەم چییە؟ گوتی، بخوێنن. رووداو: ئامۆژگاریت بۆ نووسەرە گەنجە کوردەکان چییە؟ باڤێ نازێ: یەکێک لە رەخنەکانی من لە یەکێتی نووسەران ئەوەیە، ئەرکی یەکێتی نووسەران چییە؟ لێکۆڵینەوە بکات لەوەی کە ئەو گەنجانە چی دەنووسن، لە چ ئاستێکدان و بە چ شێوەیەک دەتوانێت هاوکارییان بکات، واتە ئەو نووسینانەی کە دەنووسنەوە، پێویستە نووسەر بخوێنێ و هەر شتێک کە پێویست بێ بۆی دیاری بکات، کەموکورتییەکانی بۆ دەستنیشان بکات، باشییەکانی چین، ئینجا رۆمانەکەی، چیرۆکەکەی بڵاو بکاتەوە. ئەو کاتەی قوتابی بووین هەموو ساڵێک راگری کۆلێژ دەهات و دەیگوت: ئەمساڵ دەتانەوێت کام نووسەر و شاعیر ببینن؟ دەمانگوت، فلان و فلانە نووسەر.. بەرهەمی ئەو کەسەمان دەخوێندەوە، ئەویش دەهات و پرسیارمان لێدەکرد، ئەویش باسی لەوە دەکرد چۆن بووەتە نووسەر و چۆن ئەو کارە دەکات. رۆژێک لە رۆژان نە زانکۆی دهۆک، نە زاخۆ، هیچ زانکۆیەکی دیکە نەهاتن بڵێن، وەرە لە ساڵێکدا دوو جار، سێجار و چوار جار بۆ قوتابییەکان باسی چیرۆکی ژیانت بکە. چوون بوون بە نووسەر، چۆن دەستتانپێکرد، شتێکی وا نییە. رووداو: بە گشتی بۆ گەنجان چی دەڵێیت، تەنیا بۆ گەنجان، لە دەرەوەی یەکێتی نووسەران و زانکۆکان؟ باڤێ نازێ: گوتەی عەرەبێ شەمۆ دووبارە دەکەمەوە، خوێندن. سێ فاکتەر بۆ هەر نووسەرێک پێویستە، واتە نووسەرێک بۆ ئەوەی ببێتە نووسەر، دەبێ سێ شتت تێدا بەرجەستە بن، یەکێک لەو شتانە بەهرەیە، ئەو بەهرەیەی کە لە سرووشتەوە بۆی هاتووە، ئەوەی دووەم بەسەرهاتی ژیانیەتی، لە ژیانیدا چی بینیوە ئەوە گرنگە، ئەوەی سێیەمیش خوێندنی بەردەوام و بێ وەستان و خەباتی بێ وەستان لەسەر خۆی و بەرهەمەکانی. پێویستە ئەم هەر سێ تایبەتمەندییە لە نووسەرێکدا هەبن بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە نووسەر. رووداو: زۆر سوپاس بۆ تۆ کە کاتت دا بە ئێمە و زۆر شتی نوێت باسکرد. دوایین شت کە بتەوێ باسی بکەی چییە؟ باڤێ نازێ: سوپاستان دەکەم کە دەرفەتتان بە من دا. ویستەکەم ئەوە بوو هەروەک لە پرسیارە سەرەکییەکەتدا پرسیت، کە هۆکاری نووسینی ئەو رۆمانەی کە 33 ساڵ کارم لەسەر کرد، چی بوو؟ رۆمانی مردووە حەرامەکانم لە 15 رۆژدا نووسی، یەکێکیان لە 33 ساڵدا و ئەوەی دیکە لە 15 رۆژدا. لە ستۆکهۆلم چیت بینی، لە شەش مانگدا نووسیم. رووداو: باڤێ نازێ هێشتاش شت دەنووسیت؟ باڤێ نازێ: ساڵێکە نەمتوانیوە بنووسم، چوار کورتە چیرۆکی نوێم نووسیوە، دوو شانۆم نووسیوە، بەنیازم هەندێک شتی دیکەش بنووسم. ئینجا دەتوانی بیر لەو بکەیتەوە ئێمە چۆن دەتوانین لە رێگەی ئەدەبەوە، جیا لە رووداوەکان، رەسەنایەتی نەتەوەیی پێشان بدەین. چۆن؟ دەمویست ئەگەر کات هەبووایە، سێ شت دیار بکەم، ئەو گوتنانەی کە تەنیا لە زمانی ئێمەدا هەن ئەوانە بەکار بێنم. گوتەی 'پەپووک رەبەنێ' وایکرد واز لە زمانی عەرەبی بهێنم و شت بە زمانی کوردی بنووسم. کاتێک پرۆفیسۆر شەرەف عەشیریان کۆچی دواییکرد، کوڕەکەی نەیگوت مرد، گوتی لێمان زیز بوو و رۆیشت. رووداو: ئێستا کلەکوێ دەژیت؟ لە کوردستان یان لە رووسیا؟ باڤێ نازێ: زۆربەی کات لە رووسیام، ئێستا بە میوانی لە کوردستانم. کاتێک بمەوێ بنووسم پێویستیم بە کەشێکی تایبەت هەیە رووداو: باڤێ نازێ، زۆر سوپاس، خۆشحاڵ بووم، هیوای تەندروستییەکی باشت بۆ دەخوازم. باڤێ نازێ: منیش سوپاستان دەکەم کە دەرفەتتان دا قسە بکەم. داڕشتنەوەی هەڤپەیڤین: هەوار ئیسماعیل و سیان سۆما
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/230520241
روودا دیجیتاڵ گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاید، ئەندامانی ئەپیکور لە کارەکانیان بەردەوامن، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنن، هەر بەرمیلێکیش لەو نەوتە بە 40 دۆلار دەفرۆشن. دەشڵێت یەک ملیار دۆلار شایستەی داراییان لەلای حکومەتی عێراقە. رۆژی 11-05-2024، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور میوانی بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. کاگینز رایگەیاند سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هەروەها سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کاریگەریی خۆیان لەسەر گفتوگۆکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت هەبووە. پێشبینیش دەکات لە داهاتوودا ئەمریکییەکان لەسەر ئاستی باڵا سەردانی عێراق بکەن. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی ئەپیکور: رووداو: سێ کارتمان لەبەردەستدا بوو؛ سەردانی سوودانی بۆ کۆنفرانسی میونشن، سەردانی سوودانی بۆ واشنتن و سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغدا. کارتی دیکە ماوە چاوەڕێ بکەین بۆ ئەوەی بزانین کەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێتەوە؟ مایڵز کاگینز: باسی ئەو سەردانە گرنگانەت کرد، سەرۆکوەزیران سوودانی چووە واشنتن. سەرۆکوەزیران سوودانی و سەرۆک بایدن راگەیێندراوێکیان هەبوو، هەردووکیان گوتیان گرنگە هەناردەکردن لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا دەستپێبکاتەوە. هەروەها، سەرۆک ئەردۆغان هاتە ئێرە، هەرچەندە مەبەستی ژمارە یەکی سەردانەکەی نەبوو، بەڵام ئەو و تورکیا گوتیان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. بێگومان هەروەک دەزانی، سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی باسیان لە گرنگیی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کردووە. رووداو: هیچ کارتێکی دیکەمان ماوە رایبکێشین بۆ ئەوەی بزانین کەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە؟ سەردانی سوودانی بۆ ئەمریکا و سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق وەکو کارتێک تەماشا دەکران، هیچ دەرفەتێکی دیکە ماوە؟ هیچ ئومێدێک هەیە؟ مایڵز کاگینز: شتێک هەیە دەبێت بینەرانتان بیزانن؛ ئێمە پێشبینی دەکەین سەردانی زیاتر لەسەر ئاستی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ببینین بۆ بەغدا و هەولێر. جێگری وەزیری دەرەوە هاتە بەغدا، هەولێر و ناوچە ئێزدییەکان. لەم سەردانە باڵایانە هەمیشە باسی نەوت دەکرێت. رووداو: ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا کێ بوون، کە هاتوونەتە عێراق و هەرێمی کوردستان؟ لە چ ئاستێکدا بوون؟ مایڵز کاگینز: جێگری وەزیری دەرەوە هات، پۆستەکەی دوو پلە لە ژێر وەزیر بلینکنە. ئەو هاتە عێراق و باسی ئاڵوگۆڕی کولتوور، مێژوو و سیاسەتی ئابووریی کرد. هەروەها لەبارەی پەنابەرانەوە قسەیکرد. پێشبینی دەکەین سەردانی دیکە لەسەر ئاستی باڵا بکرێن کە سەرنجیان لەسەر ئابووری و بەرهەمهێنانی نەوت بێت. ئەوان پەیام لەلایەن سەرۆک بایدنەوە لەگەڵ خۆیان دەهێنن بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکەن و بڵێن 'با نەوت بگەڕێنینەوە بۆرییەکان.' رووداو: واتا دۆسیەی نەوت لە کاری پێشینەیان بووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان؟ مایڵز کاگینز: بەڵێ، پرسی نەوت بێگومان کاری لەپێشینە بووە ئەمەش لەبەر ئەوەی ئێمە وەکو کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە کۆنگرێس، کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەمان گوت؛ ئەمە پرسێکی زۆر گرنگە بۆ بەهێزیی ئابووریی عێراق، بێگومان کە ئابوورییەکی بەهێز هەبوو، ئاسایشێکی باشتریش دەبێت؛ هەربۆیە واشنتن ئەو پەیامە دەهێنێتە هەولێر و بەغدا. رووداو: لەدوای سەردانەکەی بەڕێز سوودانی بۆ ئەمریکا، راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراقمان بینی؛ هەستدەکەم گەڕاینەوە بۆ چوارچێوەی یەکەم و پاشەکشەمان لە کۆبوونەوە و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت کرد. مایڵز کاگینز: ئێمە وەزیر عەبدولغەنیمان لە وەزارەتی نەوتی بەغدا بینی، ئەو گوتی دوو لیژنە لەنێوان هەولێر و بەغدا دەبێت. ئەو لیژنانە گفتوگۆ لەسەر هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنی ناوخۆ و بودجە دەکەن. ئێمەش لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ هاوڕێیانمان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، دەزانین کە دکتۆر ئومێد (ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان) و تیمەکەی هەوڵی کارکردن دەدەن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. ئێستا کاتی ئەوەیە بە کاخەزەوە بچینە سەرمێز، شتێک بنووسین و رێککەوتنێکی نوێ بکەین. رووداو: تائێستا کە دانیشتوون بە کاخەز و قەڵەمەوە چوونەتە سەرمێز، یان هەر قسەی ئاسایی بووە و کردووتانە؟ باسی نرخی نەوت و تێچووی بەرهەمهێنانتان کردووە؟ دیارترین ئەو خاڵانە چین کە ئێستا خاڵی ناکۆکین؟ مایڵز کاگینز: چەندین بەڵێنمان لە وەزیری نەوتەوە بینی. بڕوامان وایە ئێستا ئەوان ئامادەن کاخەزێک بهێنن و دەست بە گفتوگۆی جیدی بکەن لەسەر رێککەوتنی نوێ، کە ببێتە جێی رەزامەندی لەلایەن حکومەتی بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان. هەر یەکێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەگەر رێککەوتنی هەبێت، هەریەکێک لەو کۆمپانیایانە دەبێت رازی بن بە گۆڕانکاری لە مەرج و خاڵەکان. رووداو: ئێستا دیارترین خاڵ چییە کە لێکنزیکن لەسەری رێکبکەون، ئەو خاڵانە کامانەن کە هۆکاری ناکۆکیی نێوان ئەپیکور، هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقن؟ مایڵز کاگینز: دەمەوێت سەرەتا ئەوە بڵێم ئەو گرێبەستانەی ئێستا لە نێوان کۆمپانیاکانی ئێمە و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەن، لەلایەن کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە یاسایی دادەنرێن. رێککەوتنەکان لەلایەن دادگەی ناوبژیوانیی لەندەنەوە دانی پێدانراوە و دەڵێن رێککەوتنی باشن. بەغدا دەڵێت رێککەوتنەکان دەستووری نین و دژی ئەو گرێبەستانەن کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکاندا هەن. هەر رێککەوتنێکی نوێ دەبێت ئەمانە لەخۆبگرێت: یەکەم، کۆمپانیا نەوتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە رێککەوتنی نوێ لەگەڵ بەغدا رازیبن. دووەم، کۆمپانیاکان پارەی گەرەنتیکراویان دەوێت، کۆمپانیاکان دەبێت بزانن ئەو پارەیە لە کوێوە دێت و کەی پارەی فرۆشتنی نەوت دەگات. سێیەم، دەبێت رێککەوتنە نوێیەکان هەمان مەرجەکانی داراییان تێدابێت. ئەو کۆمپانیایانەی من کاریان لەگەڵدا دەکەم، دەیانەوێت هەمان رێکخستن و مەرجی داراییان لە رێککەوتنە نوێیەکان هەبێت. ئەگەر ئەمڕۆ لە هەر بەرمیلێک 50٪ وەردەگرن، بەیانیش لە ئەگەری رێککەوتنی نوێ، دەبێت 50٪ وەربگرن. رووداو: بڕی ئەو نەوتە چەندە کە رۆژانە ئەپیکور بەرهەمیدەهێنێت؟ مایڵز کاگینز: ئێمە چەند راپۆرتێکی قازانجمان بینیوە، مەبەستم راپۆرتی دارایی چارەگییە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، بەشێک لە ئەندامەکانمان ئەم هەفتەیە باسیان لەوە کردووە قازانجیان هەیە، فرۆشتن نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا و ئەمەش راپۆرتی فرۆشتنی نەوتە لە نێوخۆ. ئێمە ئەو نەوتەمان هەیە کە لە کوردستان بەرهەمدێت، نەوتی خاو، نەوتی رەش، ئەم نەوتەش دەفرۆشرێتە پاڵاوگە نێوخۆییەکان؛ بەڵام نرخەکە زۆر نزمە. نرخی نەوتی فرۆشراو لەنێو هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. نرخی نەوتی فرۆشراویش کە لە رێگەی بۆرییەوە هەناردە دەکرێت، 85 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. رووداو: راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن 36 بۆ 40 دۆلار نرخی فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوتە، بەڵام شاماران، گەنەل ئینێرجی و دی ئێن ئۆ بە گەشبینییەوە باسی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن لە هەرێمی کوردستان. کەواتە ئەگەر بە نرخێکی کەمیش نەوت بەرهەمبێنن ئەو کۆمپانیایانە هەر قازانجیانە. نرخی نەوت ئێستا لە بازاڕەکانی جیهان لەسەرووی 80 دۆلارە، بەڵام ئەمان بە 40 دۆلار دەیفرۆشن، چۆن هەر قازانج دەکەن؟ مایڵز کاگینز: با کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بڕی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت کردووە. چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەردانی چەند کێڵگەیەکی نەوتیم کرد لە نزیک دهۆک و زاخۆ و پێشابوور، بۆ ئەوەی بۆرییە نەوتییەکان ببینم. چوومە هەر شوێنێک، پیاو و ژنی کوردم بینی لە کێڵگە نەوتییەکان کاریان دەکرد. کۆمپانیاکانی ئێمە پابەندن بەو هەرێمە، ئێمە پابەندین بە کارمەندەکان و دەمانەوێت دەرفەتی ئابووری درێژخایەن ببینین. رووداو: من، دەمەوێت ئەوە بزانم، نهێنیی چییە کۆمپانیا نەوتییەکان بە 80 دۆلار نەوت نافرۆشن بە 40 دۆلار نەوت دەفرۆشن، بەڵام هەر قازانجیشیان کردووە. بۆ نموونە، شاماران دەڵێت 18 ملیۆن دۆلار قازانجمان کردووە. ئەو قازانجەیان لەکوێ هێناوە؟ چۆن دەتوانن بە نەوتی 36 دۆلاری قازانج بکەن؟ مایڵز کاگینز: تێچووی بەرهەمهێنان کەمترە لە 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەمجۆرە کەمێک قازانجیان دەستدەکەوێت. قەبارە و بڕی بەرهەمهێنانیش کەمتر بووەتەوە. ئێمە پێشتر زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتمان بەرهەمدەهێنا لە هەرێمی کوردستان، هەشت کۆمپانیاکانی نێو ئەپیکوریش بەرپرسن لە 60٪ـی ئەو بەرهەمهێنانە. کۆمپانیاکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بەرهەمهێنانی تەواوەتی. شتێکی دیکە کە گرنگە، کۆمپانیاکانی ئێمە وەبەرهێنانی دیکەشیان دەکرد، کێڵگە نەوتییەکان پێویستییان بە بیرە نەوتی نوێیە بۆ ئەوەی نەوتی دیکە لە ژێر زەوی بدۆزنەوە. دەبێت ئامێری نوێیان هەبێت بۆ ئەوەی سووتەمەنییەکە ئامادەبکەن، ئاو و گازی لێدەربکەن بۆ ئەوەی نەوتەکە ئامادەی فرۆشتن بێت، ئەمەش وەبەرهێنانی زیاتری پێویستە. کۆمپانیاکانی ئێمە 400 ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنانیان راگرتووە، چونکە نازانن کردنەوەی بۆرییە نەوتییەکان چەند کاتی دیکەی پێدەچێت. لەبەر ئەوەی ئێمە ئەو وەبەرهێنانەمان راگرتووە، بەمجۆرە کەمێک قازانجمان کردووە، ستافمان کەمکردووەتەوە و وەبەرهێنان لە ئامێرە باشەکان ناکەین بۆیە بەمشێوەیە دەتوانین کەمێک قازانج بکەین. رووداو: لە سەدا چەند ستافتان کەمکردووەتەوە؟ مایڵز کاگینز: بۆ هەر کۆمپانیایەک دەگۆڕێت، کۆمپانیا هەبووە ٪50ـی کارمەندانی کەمکردووەتەوە. کاریگەرییەکی گەورەتریش هەیە، پارە خەرجکردن لەسەر کێڵگە نەوتییەکان کەمکرایەوە بۆیە هەندێک لەو کۆمپانیا خزمەتگوزارییانە ناتوانن ئەو تەندەرانە وەربگرن کە پێشتر هەبوون. ئەمەش جێگەی داخە؛ ئێمە ناچاربووین هەندێک کارمەند بنێرینەوە و بەڕێیان بکەین. رووداو: ئەو داتایانەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە بڵاویانکردوونەتەوە، بەشێکیان پەیوەندییان بەوەوە نییە ئەمانە لە بازاڕە داراییەکاندا پشکیان هەیە و نایانەوێت بەهای پشکەکانیان بێتە خوارەوە، بۆیە بەو جۆرە راپۆرتەکان بڵاودەکەنەوە؟ مایڵز کاگینز: بەشێک لە کۆمپانیا ئەندامەکانی نێو ئەپیکور بە ئاشکرا لە بازاڕەکانی بۆرسە مامەڵە بە پشکەکانیان دەکرێت، چونکە بەپێی رێکخستنەکانی بازاڕی بۆرسە، ئەوان دەبێت بە شەفاف و ئاشکرا راپۆرتەکانی قازانجی خۆیان بڵاوبکەنەوە. راپۆرتەکانی قازانجیش باس لە قازانجەکانی ئێستا دەکەن، هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکەش هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت لەبارەی داهاتووەوە. دەکرێت ئەمە کاریگەریی لەسەر نرخی پشکەکان هەبێت، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە، خاوەن بەرژەوەندییەکان دەیانەوێت قازانج بکەن، دەیانەوێت ببینن کە وەبەرهێنان بووەتە هۆی فرۆشتنی نەوتی زیاتر و قازانجی زیاتر بۆ کۆمپانیاکان. کاتێک کۆمپانیاکان قازانج دەکەن، هەموو خەڵکی عێراق قازانج دەکات. بۆیە ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆکردن لەسەر بۆریی نەوت. رووداو: حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند قەرزاری ئێوەیە؟ مایڵز کاگینز: هەر رێککەوتنێکی نوێ کە لەنێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوت، سۆمۆ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت تیشک بخەنە سەر ئەو یەک ملیار دۆلارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاری کۆمپانیاکانی ئەپیکورە. دەکرێت ئەمەش لە رێگەی کاشەوە بدرێت، یان فرۆشتنی نەوت، تۆ نەوتت هەیە، دەیفرۆشی و پارەت دەستدەکەوێت و بەمجۆرە هەموو لایەک یەکسان دەبن. رووداو: کۆمیتەکەی ئێوە بەس کۆمپانیا نەوتییەکانە یان کۆمپانیا گازییەکانیشی تێدایە؟ هەوڵنادەن کەرتی گازیش بهێننە نێو کۆمیتەکەتان؟ مایڵز کاگینز: ئەپیکور زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکرد، ئامانجی پلە یەکی ئێمە ئەوە بوو، پەرە بە هەرێمی کوردستان بدەین وەک ناوچەیەکی باشی نەوت و گاز بۆ کۆمپانیاکان و بۆ وەبەرهێنان. ئێمە نوێنەرایەتیی پیشەسازییەکە دەکەین. دەزانم زۆر زۆر باسی بۆریی نەوتمان کرد، بەڵام ئێمە داهاتوویەک دەبینین کە هەرێمی کوردستان لەلایەن جیهانەوە وەک شوێنێکی گرنگ و باڵا دانی پێدادەنرێت بۆ وەبەرهێنانی نەوت و گاز تێیدا. ئێمە پێشوازیی لە کۆمپانیاکانی گاز دەکەین بێنە نێو ئەپیکورەوە. رووداو: تاکەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەوجۆرە دەتوانن بەردەوامبن؟ بەنیاز نین بچنە دادگەیەکی نێودەوڵەتی، ئەگەر حکومەتی عێراق بەردەوام بێت لەسەر نواندنی سستی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و رێککەوتن لەگەڵ ئێوە؟ مایڵز کاگینز: پێمانوایە بەرەوپێشچوونێکی ئەرێنی لە گفتوگۆکاندا هەیە. بڕوامان وایە بەمزووانە دانوستاندن بکرێت، بەڵام نازانم تا چەند زوو، هەفتەیەکی دیکە یان مانگێکی دیکە. دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران سوودانی، گوێمان لە هەموو لایەنەکان بوو کە بە جیدیتر قسە و گفتوگۆیان لەسەر دانانی کاخەزێک لەسەر مێزەکە و گفتوگۆیەکی جیدی دەکرد. رووداو: کەی کاریگەرییەکانی سەردانەکەی سوودانی دەردەکەون؟ مایڵز کاگینز: ئێمە زۆرمان پێخۆشە کاتێکی دیاریکراو هەبێت، ساڵێک و دوو مانگ لەمەوبەر دەستمانپێکرد. ئەوەی ئێمە دەیزانین، لەدوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران سوودانی، بەرپرسانی دیکەی واشنتن دێنە ئێرە و دەڵێن، بەڕێز سەرۆکوەزیران تۆ گوتت ئەمە گرنگە، ئێستاش دەبێت هەنگاو بنێیت. ئەمریکا نایەوێت بەغدا و هەولێر هەراسان و کۆنترۆڵ بکات. ئەمریکا دەیەوێت هەردوولا کۆببنەوە و رێکبکەون بۆ سوودگەیاندن بە هەموو عێراق. رووداو: ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێت دەستکاریی گرێبەستەکانتان بکات، جۆرێک لە گرێبەست هەیە پێیدەگوترێت هاوبەشیی لە قازانج کە لە عێراق کاری پێدەکرێت، ئەگەر حکومەتی عێراق پێشنیازی گۆڕینی گرێبەستەکانتان بۆ بکات، رازی دەبن؟ مایڵز کاگینز: ئەگەر هەموو لایەنەکان رازی بن، ئێمەش رازی دەبین. ئێمەی ئەندامانی ئەپیکور و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان چاوەڕێی بانگهێشتنامەیەک دەکەین بۆ ئەم گفتوگۆیانە. هەر رێککەوتنێکی نوێش پێویستیی بە رازیبوون و هاوکاریی ئێمە هەیە. نامەوێت پێش گفتوگۆکان بدەمەوە، بەڵام گرنگە ئەو خەڵکەی ئێستا سەیرمان دەکەن، بزانن کە ئێمە هەرچییەکمان پێبکرێت دەیکەین. رووداو: هیچ پێشنیازێکتان بۆ کراوە گرێبەستی هاوبەشیی لە بەرهەمەوە بکرێ بە گرێبەستی خزمەتگوزاری وەکو ئەوەی عێراق یان گرێبەستی هاوبەشی لە قازانج، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، هاوبەشیی لە بەرهەمە، بەڵام لەوێ هاوبەشییە لە قازانج، رازی دەبن جۆری گرێبەستەکان بگۆڕن؟ مایڵز کاگینز: هیچ پێشنیازێکمان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەبینیوە، دەتوانم بڵێم کە هەرسێ لایەنەکە دەتوانن پێشنیاز بکەن. رەنگە لەکاتێکدا پێشنیازێک بخرێتەڕوو، هەرسێ لایەنەکە کۆببنەوە و گفتوگۆی لەسەر بکەن. رووداو: جۆری گرێبەستەکان یەکێکە لە رێگرەکانی بەردەمتان، تێچووی بەرهەمهێنان یەکلابووەتەوە ئێوە داوای چەند دەکەن و حکومەتی عێراق چەند دەڵێت؟ مایڵز کاگینز: جۆری جیاوازی گرێبەست هەن، هاوبەشیی لە قازانج و هاوبەشیی لە بەرهەم. ئەندامانی ئەپیکور لە گرێبەستەکانی داهاتوو، دەیانەوێت هەمان مەرج و رێکخستنە داراییەکانی پێشوو جێبەجێبکەن. دەکرێت ناوی گرێبەستەکە جیاواز بێت، بەڵام بەهەمان مەرج و خاڵ. هەریەک لە کۆمپانیاکان رێکخستنی تایبەت بەخۆیان دەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. رووداو: ئێوە داوای چەند دەکەن لەیەک بەرمیل نەوت، حکومەتی عێراق پێشنیازی چەندی کردووە؟ مایڵز کاگینز: گرێبەستەکانی ئێستا بە جۆرێک رێکخراون، بۆ نموونە با ژمارەکان ئاسان بکەینەوە، 100 بەرمیل بەرهەم دەهێندرێت. هەریەک لە گرێبەستی هاوبەشیی قازانج رێژەیەکی سەدیی نەوت دیاریدەکات کە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێت. دەکرێت ئەو ژمارانە بۆ هەر کۆمپانیایەک بگۆڕێن، بەڵام وەک ژمارەی سادە، با بڵێین کۆمپانیاکە 50 لەو 100 بەرمیلە دەبات و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش 50. ئێمە گرێبەست و رێکخستنی هاوشێوەمان دەوێت لە داهاتوودا، تەنانەت ئەگەر لایەنی کۆنترۆڵکەری گرێبەستەکان بەغداش بێت، ئێمە هەمان مەرج و خاڵمان دەوێت کە بتوانێت سوود بە کۆمپانیاکان، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بگەیەنێت. رووداو: گفتوگۆیەک هەبوو گوایە کۆمپانیا نەوتییەکان، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر لێک نزیکبوون، بەڵام دواتر لە بابەتی تێچووی گواستنەوەی نەوت کێشە دروستبوو، بۆیە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستی پێنەکردەوە. مایڵز کاگینز: کرێ و پرۆسەکردنی فرۆشتنەکان کە ئێمە پێیدەڵێین (هەڵگرتن) کێشەی دووەمە. کێشە و پرسی یەکەم بریتییە لە دانانی چوارچێوەی گرێبەستەکە، دوای ئەوە گفتوگۆ و دانوستاندن دەبێت لەسەر پارەی کرێ و باج لەنێوان بەغدا و هەولێر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. پێش هەموو شتێک ئێمە دەبێت پەیکەری گرێبەستێکمان هەبێت کە هەموو لایەنەکان قبووڵی بکەن. رووداو: واتا هیچ لێکنزیکبوونەوەیەک لەنێوان ئێوە و حکومەتی عێراق لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت رووینەدا؟ مایڵز کاگینز: لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی ئەپیکور لە زۆر گفتوگۆ بەشداریم کردووە، ئەوان پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەیە و پەیوەندییەکە زۆر باشە. کێشەی یەکەم پێکهاتە و پەیکەری گرێبەستەکانە، دانوستاندن لەسەر ئەو کرێیانە کراوە، 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک یان 20.6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بۆ نموونە. لە هیچ شوێنێکی جیهان سنووردارکردنی دارایی لەو شێوەیەمان نەبینیوە، ئێمە پێمانوانییە ئەمە کێشەی بەغدا بێت، پێمانوایە کێشەکە ئەوەیە کێ کۆنترۆڵی ناردنی نەوتەکە دەکات و یەکەم کەس پارەکە وەردەگرێت. ئێمەش دەمانەوێت دڵنیابینەوە کە هەموو لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دەبن و ئێمەش رێکخستن و لێکتێگەیشتنمان هەبێت لەسەر ئەوەی بەبێ رەچاوکردنی شێوازی هاتووچۆی پارەکە، هەموو لایەک پارەی خۆیان وەردەگرن؛ چونکە ئەمە بازرگانییە. رووداو: ئێوە پیاوێکی سەربازی و راستخوازن، بەدەر لە هەموو شتێک، گەشبینی بەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە چەند مانگی داهاتوودا دەستپێبکاتەوە؟ مایڵز کاگینز: من دەبێت گەشبین و واقیعبین بم، چونکە من کەسێکی راستیخوازم، ناتوانم بێم و بەڵێنت پێبدەم کە نەوت دەگەڕێتەوە. من قوتابییەکم، سیاسەتی عێراق لە نێوان هەولێر و بەغدا دەخوێنم، بەڵام ئەوە دەزانم کە کۆمپانیاکانی ئەپیکور دەیانەوێت ئاستی هەناردەکردن فراوانبێت. ئێمە هەروەها دەمانەوێت پشتگیریی لە ئامانجەکانی سەرۆکوەزیران سوودانی بکەین. ئەوان دەڵێن دەیانەوێت بەغدا رۆژانە 6 ملیۆن بەرمیلی هەبێت، ئەگەر عێراق بەنیازە 6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەمبهێنێت، پێویستە ئێمە چەندین بەرمیل بەنێو هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکەین. من وەک خۆم، گرنگیی بە خەڵک و هاوڕێیانی ئەم هەرێمە دەدەم. شایەتی گەشەی ئابووری ئەم هەرێمەش بوومە، کەرتی نەوت و کەرتی گاز بۆ هەموو خەڵکی ئەم هەرێمە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانییەکی باش و بەهێزیان هەبێت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/11052024
چین لەبەرامبەر کڕینی نەوت لە عێراق قوتابخانە دروستدەکات، باڵیۆزی عێراق لە چین دەڵێ "دروستکردنی قوتابخانە بەشێکە لەو رێککەوتنەی کراوە کە لە کۆتاییدا دەگاتە هەشت هەزار قوتابخانە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە." لەم هەڤپەیڤینەدا شۆڕش خالید، باڵیۆزی عێراق لە چین کە لە پەکینەوە قسەی بۆ رووداو کرد، باسی چەندین بابەتی جیاواز لە پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، لەوانە ئاڵوگۆڕ بازرگانی، پەیوەندیی ئەمنی، ئۆتۆمبێلی چینی و دروستکردنی قوتابخانە. شۆڕش خالید گوتی "پەیوەندیی نێوان عێراق و چین رۆژ بەڕۆژ باشتر دەبێت و بەمنزیکانە وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی چین دەکات." سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2023، شۆڕش خالید گوتی "زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بوو و ئەمساڵیش دەگاتە 55 ملیار دۆلار." کڕینی نەوتی عێراق لەلایەن چینەوە تاوەکو ئێستا بە دۆلارە، باڵیۆزی عێراق لە چین باس لەوە دەکات، بەڵام "هەموو کەسێک دەتوانێت بازرگانی بە یوان یان دۆلار بکات." لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد "چین هەشت هەزار خوێندنگە لە عێراق دروستدەکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە." شۆڕش ئیسماعل لەم هەڤپەیڤینەدا کە ئەمشەو، لە 11ـەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی تەلەڤیزیۆنی رووداو پەخشکرا، گوتی "کردنەوەی نووسینگەی رووداو لە چین بۆ کاری دیپلۆماسیی ئێمە زۆر باشە. رووداو پردێکە لەنێوان چین و عێراق و هەرێمی کوردستان." دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: عێراق و چین پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە، بەڵام بۆچی هیچ کۆبوونەوەیەک یان سەردانێک لە ئاستی باڵا ئەنجام نادرێت؟ شۆڕش خالید: پەیوەندی نێوان عێراق و چین رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو باشتر دەچێت، چەند جارێک سەرکردایەتیی عێراق سەردانی چینیان کردووە، لە مام جەلالەوە بگرە تاوەکو نووری مالیکی، حەیدەر عەبادی و دوایین سەردانیش لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراقەوە، هاتنی عادل عەبدولمەهدی بوو وەکو سەرۆکوەزیران بۆ پەکین، بەدەر لەمەش سەتان سەردان لە ئاستی وەزیر و بەرپرسی دیکەی عێراق ئەنجامدراوە. هەرچەند کۆرۆنا کاریگەرییەکی زۆری لە پەیوەندییەکان کرد، ماوەی سێ ساڵ چین سنوورەکانی بەرامبەر هەموو چالاکییە سیاسی و ئابوورییەکاندا داخست، ئەمەش کاریگەری هەبوو بۆ ئەوەی هەم لە لایەنی عێراق و هەمیش لە لایەنی چینەوە لە ئاستی باڵادا سەردانی یەکدی نەکەن. بەڵام بەخۆشییەوە لەدوای کۆتاییهاتنی کۆرۆنا، دووبارە ژیانی سیاسی و چالاکی دیپلۆماسی لە چین دەستیپێکردووەتەوە و لەلایەن وەزیرانی عێراق چەند سەردانێک ئەنجامدراوە، لەوانەش وەزیری پیشەسازی، ئەمساڵیش کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگمان هەبوو، بۆ گفتوگۆکردنی سیاسی لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی چین و تاوتوێی کۆمەڵێک کێشە کرا کە ئێستا لە ناوچەکە و جیهان هەن. رووداو: هیچ پرۆژەیەکی گەورە و دیار لە ساڵی 2024 لە نێوان عێراق و چین دەبێت؟ شۆڕش خالید: چەند کارێکی باش کراون، یەکەمیان کردنەوەی کۆنسووڵخانەی چین بوو لە بەسڕە، لە ساڵی 2014ـەوە کۆنسووڵخانەی چین لە هەولێر هەیە، هاوکات کۆنسووڵخانەی عێراق لە کوانجۆ کرایەوە و وەکو ئاماژەم پێدا راوێژ و گفتوگۆی سیاسی لەنێوانماندا هەیە، چاوەڕێش دەکرێت کۆمەڵێک سەردانی گەورە بکرێت، ئەگەری زۆرە ئەم ساڵ وەزیری دەرەوەی چین سەردانی بەغدا بکات، لەبەر ئەوەی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە فەرمی وەزیری دەرەوەی چینی بانگهێشت کردووە، ئەو بانگهێشتە قبوڵ کراوە، بەڵام دیار نییە کەی کاتەکە دیاری دەکرێت. لەوانەیە چەند رۆژی دیکە د. فوئاد حوسێنیش سەردانی چین بکات. لەبارەی پرۆژەکان، بەڵێ، چەند پرۆژەیەک ئامادەن بۆ ئەوەی واژۆ بکرێن، یەکەمیان رێککەوتنێک لە نێوان دەستەی دەستپاکی هەردوو وڵات هەیە، هاوکات رێککەوتنێک لەنێوان هەردوو وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق و چین هەیە، بەدەر لەمەش پرۆژەیەک لە نێوان ئەکادیمیای دیپلۆماسی چین و وەزارەتی دەرەوەی هەیە کە لەوانەیە ئەمساڵ و لە چەند هەفتەی داهاتوودا واژۆ بکرێت. رووداو: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین بۆ ساڵی 2024 لە چ ئاستێک دەبێت؟ شۆڕش خالید: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق و چین بۆ ساڵی 2023 زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بوو، بۆ ئەمساڵ بەپێی ئەو بەڵگانەی لای ئێمە هەیە، بەتایبەتی لە سێ مانگی رابردوو، ئەگەری ئەوە هەیە ئەمساڵ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە پار زیاتر بێت و پێشبینی دەکەم بگاتە زیاتر لە 55 ملیار دۆلار، لەبەر ئەوەی کۆڤید نەما، رێگەکان کرانەوە و هێڵی ئاسمانی نێوان بەغدا کوانجۆ کرایەوە، بڕیاریشە هێڵی ئاسمانی نێوان بەغدا و پەکینیش بکرێتەوە، ئەوانە هەموویان رۆڵیان دەبێت بۆ ئەوەی ئاستی بازرگانی نێوان عێراق و چین زیاد بکات. رووداو: کڕینی نەوتی عێراق لەلایەن چینەوە بە دۆلاری ئەمریکییە یان بە یوانی چینی؟ شۆڕش خالید: تاوەکو ئەمڕۆ هەر بە دۆلار بووە. رووداو: هیچ پلانێک هەیە چین بە یوان نەوت لە عێراق بکڕێت؟ شۆڕش خالید: جارێ لەبارەی ئەم پرسە گفتوگۆ نەکراوە، بەڵام لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، هەندێک بازرگانی ناحکومی بە یوانی چینی مامەڵە دەکەن، ئەمەش سوودێکی زۆر باشی هەبوو بۆ ئەم بازرگانانە، وەک دەزانن کێشەیەک لە ناردنی دۆلار بە حەواڵە بۆ دەوڵەتان لە عێراق هەبوو، ئەمەش وای کرد بازرگانان نەتوانن بە خێرایی پارەکانیان لە بەغداوە بۆ چین حەواڵە بکەن، بەڵام دوای ئەوەی رێککەوتن کرا کە چەند بنکەیەک لە بانکەکانی عێراقی بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی یوانەوە بێت، ئەمە کارئاسانییەکی زۆر باش بوو بۆیان، ئێستا بە رۆژێک تاوەکو دوو رۆژ پارە لە عێراقەوە حەواڵە دەکرێت. رووداو: کەواتا ئێستا کێشەی بانکی نییە لە عێراقەوە بۆ چین ئەگەر بازرگانەکان بتوانن شت بکڕن؟ شۆڕش خالید: نەخێر ئێستا هیچ کێشەیەک نییە و هەموو کەسێک دەتوانێت بازرگانی بە یوان یان دۆلار بکات. رووداو: ئەو مامەڵەیەی چین لە کڕینی نەوت لەگەڵ عێراق دەیکات، لە بەرامبەردا قوتابخانە دروستدەکات، ئایا هەر قوتابخانەیە یان پرۆژەی دیکەش هەن؟ شۆڕش خالید: هەر قوتابخانە نییە، کۆمەڵێک پرۆژە هەن، راستە قوتابخانە بەشێکە لەو رێککەوتنەی کراوە، بەڵام پرۆژەکە هەزار قوتابخانەیە لە هەنگاوی یەکەمدا و دواتر دەبێت بە دوو هەزار و لە کۆتاییدا دەگاتە هەشت هەزار قوتابخانە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. جگە لەمە کۆمەڵێک پرۆژەی زۆر گەورە هەن، وەکو ئاگادارن چەند رۆژ لەمەوبەر شەش کۆمپانیای چینی توانیان لە گەڕی تازەی گرێبەستە نەوتییەکان رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ بکەن کە پەیوەست بە دەرهێنانی نەوت و گەشەپێدانی ژێرخانی بیرە نەوتەکانە، جگە لەمەش کۆمپانیایەکی گەورەی بواری فڕۆکەوانی لە چین فڕۆکەخانەی ناسڕیە فراوان دەکاتەوە، هاوکات کۆمەڵێک وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە گازوایل و گاز و وزەی خۆر کار دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەوانەدا چەندین گرێبەستی دیکە هەن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری عێراق. ئەگەر بڕوانینە کەرتی هاتووچۆ لە بەغدا، ئێستا کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی چینی کار دەکەن بۆ جوانکردنی بەغدا و دروستکردنی رێگەوبان و پرد لە بەغدا و شارەکانی دیکە. رووداو: زۆرترین هەناردەی چین بۆ عێراق چییە؟ شۆڕش خالید: لە پلەی یەکەمدا ئاسن لە چینەوە هەناردەی عێراق دەکرێت، دواتر سەرجەم کەلوپەلەکانی نێوماڵ، دواتر بەرهەمەکانی پەترۆکیمیایی و قڕکەرە کشتوکاڵییەکان و هەروەها کەرەستەی بیناسازی لە کاشییەوە بگرە تاوەکو هەموو ئەو کەرەستانەی بۆ بیناسازی بەکاردەبرێت، لە چینەوە هەناردەی عێراق دەکرێن. رووداو: جگە لە نەوت، چین چ شتێکی دیکە لە عێراقەوە هاوردە دەکات؟ شۆڕش خالید: جگە لە نەوت لە عێراقەوە خورما، پێست و مافوور و ئەو بابەتانە هەناردەی چین دەکرێن. رووداو: لە چەند ساڵی دواییدا عێراق ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی چینی هاوردە کردووە، هیچ ئامارێک هەیە بزانرێ ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە چەندە؟ شۆڕش خالید: بەداخەوە ئامارێکی لەم شێوەیەمان بەردەست نییە بتوانین بڵێین چەند ئۆتۆمبێل هەناردەی عێراق کراوە، لەبەر ئەوەی ئەم بازرگانییە لەم دوو ساڵەی دواییدا پەرەی سەندووە و چین زۆر بە هێزەوە هاتە نێو بازاڕی ئۆتۆمبێلی جیهانەوە. رووداو: بەشێک لەو ئۆتۆمبێلە چینییانەی ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، لە چین نایانبینم، کوالیتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەی عێراق دەکرێن، هەمان کوالیتی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە لە چین بەکاردێن؟ شۆڕش خالید: خۆتان دەزانن کە ئەمە بزنسە لە نێوان ئەو بازرگانانەی کاری ئۆتۆمبێل دەکەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، بەڵام بۆ کوالیتییەکەیان، ئەم ئۆتۆمبێلانەی ئەمڕۆ لە عێراقن، هەمان ئەو ئۆتۆمبێلانەن کە لە چین هەن، لەبەر ئەوەی مۆدێلەکانیان جۆراوجۆرە، بۆ نموونە هاڤاڵ لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆری لەسەرە، هەمان ئۆتۆمبێل لە چینیش هەیە، جیڵی و براندەکانی دیکەش هەر وا. بەڵام لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا خەڵک متمانەی ئەوەی لا دروست نەبووە کە ئۆتۆمبێلی چینی بکڕن، دەستی بە کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلە چینییانە کردووە کە زۆر گران نین و بە نرخێکی کەم ئۆتۆمبێلێک دەکڕێت بۆ ئەوەی تاقیبکاتەوە. دەزانین چین تەکنەلۆجیایەکی زۆر پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل. چەند رۆژ لەمەوبەر بەشداری لە پێشانگەی ئۆتۆمبێلی پەکین کرد، لەو پێشانگەیەدا دەردەکەوێت کە چین لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلدا زۆر پێشکەوتووە، بەڵام هەموو ئۆتۆمبێلەکانیان هەرزان نییە، رەنگە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەمڕۆ ئامادە نەبن پارەیەکی زۆر بە ئۆتۆمبێلێکی وەکو جێلی بدەن کە نرخەکەی سەروو 60 هەزار دۆلارە، یان ئۆتۆمبێلی تانک کە نرخەکەی نزیکەی 80 هەزار دۆلارە، بەڵام باوەڕم وایە دوای چەند ساڵێکی دیکە ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانەش دێنە نێو بازاڕەکانی عێراق و جیهان. چین ئێستا زۆر بە هێزەوە کەوتووەتە بازاڕی ئۆتۆمبێلی جیهانەوە. رووداو: لە پرۆژەی پشتێنەی نوێی چین دا عێراق بەشدارە؟ شۆڕش خالید: ئەمە پرۆژەیەکە کە چین دەستپێشخەریی بۆ کردووە، عێراق لە ساڵی 2015ـەوە چووەتە نێو ئەو دەستپێشخەرییەوە، لەڕووی یاساییەوە کاری زۆر کراوە و زۆر پرۆژە هەیە کە لە عێراق دەکرێن و بەشێکن لەو دەستپێشخەرییە گەورەیە، عێراقیش دەستپێشخەرییەکی نوێی دیکەی هەیە بەناوی رێگەی گەشەپێدان و لە ساڵی پارەوە رایگەیاندووە، ئەویش پرۆژەیەکی زۆر ستراتیجی و گرنگە و دەکرێت لە دواڕۆژدا ئەم پرۆژەیە بە پرۆژەکەی چینەوە ببەسترێتەوە و سوودێکی زۆری بۆ عێراق و چین و سەرجەم ئەو وڵاتانە دەبن کە دراوسێی عێراقن. رووداو: بۆچی لە زۆربەی پرۆژەکانی عێراق هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و لە خواروو و نێوەڕاستی عێراق جێبەجێدەکرێن؟ شۆڕش خالید: چەند پرۆژەیەک لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام دەبێ ئەم پرسیارە لە وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بکرێت، لەبەرئەوەی دابەشکردنی قوتابخانە و پرۆژەکان دەکرێت لە رێگەی گفتوگۆکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بێت، ئێمە وەکو باڵیۆزخانە هیچ دەستێکمان نییە لەوەی ئەم رۆژەیە لەم شوێنە بکرێت یان لە شوێنێکی دیکە. پێدەچێت گفتوگۆکردن لەنێوان ئەم وەزارەتانەی سەرپەرشتی ئەم بابەتانە دەکەن، زۆر کەم بێت. رووداو: هیج زانیارییەکتان هەیە کە لە داهاتوودا یەک لەم پرۆژانە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت؟ شۆڕش خالید: ئەو قوتابخانانەی چین دروستیان دەکات، دەبێ هەموو شارەکانی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام من هێشتا نایبینم. لەگەڵ ئەوەش کۆمەڵێک یارمەتی چین بۆ هەرێمی کوردستان لەڕووی تەکنەلۆژیا و تەندروستییەوە هەیە، چەند جار چین وەکو دیاری ڤاکسینی کۆرۆنا و تاقیگەی داوەتە هەرێمی کوردستان و چەند پرۆژەیەکی باشی دیکە هەن کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێن. بابەتێکی گرنگی دیکەش هەیە کە راهێنانی کادرەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە لە چین بۆ کادری وەزارەتەکانی پیشەسازی، تەندروستی، خوێندنی باڵا، چەند رۆژ لەمەوبەر شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چین بوون و بەشدارییان لە چەند خولێکی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی خوێندن کرد. هەموو ئەو هاوکارییانەش بۆ دەستپێشخەرییەکەی چین دەگەڕێتەوە کە دەیەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانە پتەو بکات کە لە دەستپێشخەرییەکەدا بەشداری دەکەن. رووداو: بەپێی زانیارییەکان، لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، 30 سەربازی هەواڵگریی عێراقی لە چین بوون و بۆ ماوەی سێ مانگ، راهێنانیان پێ کرا، ئەمە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنیدا بوو؟ شۆڕش خالید: هیچ رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و لایەنە ئەمنییەکانی چین واژۆ نەکراوە، بەڵام ئەم خولانە هەر بەردەوامن، وەکو گوتم هەر لە ئەم ساڵەوە چەند خولێک کراوەتەوە، ئەم خولەی کە کراوەتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش بەشێکە لە ئەمانە کە کۆمەڵێک ئەفسەری عێراقی و هەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کردووە، بەر لەوەش خولێک کرابووەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پەکین بۆ ئەو کادرانەی کە لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک کار دەکەن لەڕووی بەڵگەنامە و پاسپۆرت، کارتی نشینگە و ئەو شتانەی پەیوەندییان بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە هەیە. رووداو: رۆژانە شاندی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لێرە دەبینرێن، دەکرێ زیاتر لەوبارەوە بدوێی؟ شۆڕش خالید: عێراق زۆر چالاکانە هاتووەتە نێو ئەو پڕۆسەیە، چینییەکان بۆخۆیان دەرگەیان کراوەیە بۆ ئەوەی کە خولی جۆراوجۆر بکەنەوە بۆ دەوڵەتان؛ لەوبارەیەوە هەرێمی کوردستان دەبینین کە هەفتانە یان مانگانە کۆمەڵێک خەڵک دێن لە زانکۆکانەوە، لە بواری راگەیاندن و تەندروستی بەشداری لەم پڕۆسەیەدا دەکەن و زۆریش پڕۆسەیەکی باشە و سوودێکی زۆر باشی دەبێت بۆ ئەو کادرانەی کە لە دەزگە حکومییەکانی عێراق کار دەکەن. لە شارەکانی دیکەی عێراقیش بە هەمانشێوە زۆر چالاکانە کار دەکرێت، بەشداری لەو خولانەدا دەکەن. خولەکانیش زۆر جار ئێمە ئاگادار نابین کە ئەم شاندانەی هاتوون لە بەسڕەوەن یان لە هەرێمی کوردستان؛ کاتێک ئێمە دەزانین، کە کێشەیەکی لۆجستی بۆ شاندەکە هەبێت، یان پاسپۆرتیان ون کردبێت، یان کێشەی نانخواردنیان بێت و لە رێگەی کۆمەڵێک لەو کێشەی رۆژانەوە دەبیستین کە ئەم شاندە هاتووە و ژمارەشیان زیاتر دەبێت لە 15 یان 20 کەس. شتێکی زۆر زۆر باشن، دەبینین کە جۆرێک پەیوەندی نێوان عێراق و چین فراوانتر بووە، بۆ ئەوەی ئێمە تێبگەین کە دەبێ پەیوەندی هەبێت لە نێوان عێراق و چین؛ ئەمەش وای کردووە کە ئەم خولانە زیاتر بکرێنەوە و چینییەکانیش زۆر دڵخۆشن کە ئەم کادرانەی دێن بۆ چین یان بۆ شارە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە، زۆر چالاکانە بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن، زۆر جاریش هەیە ئەگەر لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە بەراوردی بکەین، دەبینین کادری عێراقی چی کورد و چی عەرەب نمرەی زۆر بەرز لەم خولانەدا دەهێننەوە، ئەمەش شتێکی دڵخۆشکەرە. رووداو: پەیوەندییەکانیی عێراق و ئەمریکا رێگری لە فراوانبوونی پەیوەندیی نێوان عێراق و چین کردووە؟ شۆڕش خالید: عێراق دەوڵەتێکی زۆر گرنگە، لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە، بۆیە هەموو ئەو دەوڵەتە زلهێزانە دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ عێراق هەبێت. بە رای من، پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئەمریکا، چین یان هەر دەوڵەتێکی دیکە، نابێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنێکی دیکە کەمتر ببێتەوە. بەپێچەوانەوە من وا تێدەگەم کە چەند پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بەهێزتر بێت، چین هێندە زیاتر دێتە پێشەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق زیاتر بکات، رووسیا و یەکێتیی ئەورووپاش بە هەمانشێوە. چەند مانگ بەر لەوەی کە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات، سەردانی رووسیای کرد، لەگەڵ پووتین کۆبووەوە، چەند جار پەیوەندیی راستەوخۆ و سەردانی هەبووە بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا، بۆیە دەبینین عێراق پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ دراوسێیەکانی هەیە. عێراق لەگەڵ ئەمریکا، رووسیا، چین، یەکێتیی ئەورووپا پەیوەندی بەهێزە، ئەمەش وای کردووە کە رۆڵێکی باشتری لە ناوچەکەدا هەبێت. رووداو: ئەم ستراتیژییەی کە عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەکاری دەهێنێت بۆ چینیش گونجاوە؟ شۆڕش خالید: بەڵی. تاوەکو ئێستا بەو شێوەیە بووە، لەبەر ئەوەی کۆتایی ساڵی رابردوو ئێمە کۆنفرانسێکمان هەبووە، کۆنفرانسی نوێنەرانی عێراق (مئتمر سفرای عراق) لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق. دووبارە جەخت لەوە کرایەوە کە سیاسەتی عێراق ئەوەیە بەشداری لە هیچ بەرەیەکدا دژی بەرەیەکی دیکە نەکەین. ئێمە وەکو عێراق سیاسەتی تایبەت بە خۆمان دەبێت و پێمانخۆشە پەیوەندیی فراوانمان لەگەڵ هەموو ئەو دەوڵەتانە هەبێت، ئەمەش وای کردووە کە عێراق رۆڵێکی باش ببینێت. رووداو: عێراق دەیەوێت چین رۆڵی هەبێت لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا؟ شۆڕش خالید: بێگومان. دەبینین چین لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر گرنگی بە پەیوەندیی دیپلۆماسی و سیاسی دەدات، نەک هەر ئابووری. بۆخۆتان دەزانن کە چین ساڵانێکی زۆر گرنگی بە پەیوندیی ئابووری و بەهێزکردنی لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە دەدا، بەڵام ئێستا دەبینین کە چین لە رووی دیپلۆماسی و سیاسیشەوە زۆر چالاکانە هاتووەتە پێشەوە و رۆڵێکی باشی هەبووە لە رێککەوتنی نێوان سعوودیە و ئێران، راستە پێنج کۆبوونەوە لە بەغدا کران، بەڵام دەبینین دواتر کۆبوونەوەکان لە پەکین کران و لە ئەنجامدا ئێران و سعوودیە توانیان کێشەکانیان تا رادەیەکی زۆر کەمبکەنەوە. دبینین ئەمڕۆ چین دەستی هەیە لەوەی نێوماڵی فەلەستین باشتر بکات، دوو هەفتە لەمەوپێش کۆبوونەوەیەکی زۆر ئەرێنی لە نێوان رێکخراوی تەحریری فەلەستینی و حەماس هەبوو، دەیانەوێت مانگی داهاتووش کۆببنەوە؛ رۆڵی چین لە رووداوە گەورەکانی غەززە زۆر بەرچاوە و زۆر جاریش دەبینین نزیکە لە بۆچوونی عێراق یان ئەو دەوڵەتانەی کە درواسێی عێراقن. رووداو: ژمارەی دانیشتووان یان ئەو رەوەندە عێراقییە لە چین چەندە؟ شۆڕش خالید: بەپێی ئەم ئامارانەی کە لای ئێمە هەن، ئەو کەسانەی کە ناویان لە بەشی باڵێۆزی عێراق لە چین نووسیوە، نزیکەی هەزار کەس دەبن، هەندێکیان دەڕۆن و سەردانی وڵات دکەن و دێنەوە، هەندێکیان دەچنە وڵاتی دیکە و نایەنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی هەزار کەس دەبن کە لەم وڵاتە کاری بازرگانی دەکەن یان موقیم و دانیشتوون و خێزانیان هەیە و لێرە دەژین. کورد بەرامبەر بە شارەکانی دیکە یان هەرێمی کوردستان بەروارد بە شارەکانی دیکەی عێراق چەندە، زیاتر لە 40٪ـە. واتا زیاتر لە 40٪ـی ئەو کەسانەی کە عێراقین و لەو وڵاتەن، خەڵکی هەرێمی کوردستانن و کاری جۆراوجۆر دەکەن. لە رووی بازرگانییەوە من دەبینم کە ئەو کەسانەی هاتووچۆی باڵیۆزخانە دەکەن، کوردەکان زیاترن لە برا عەرەبەکان، کەواتە بەشێکی زۆری ئەو بازرگانانەی ئەمڕۆ کار دەکەن، لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون. رووداو: خوێندکاران دوای تەواوکردنی خوێندنیان لە چین، دەبێ بۆ راستکردنەوەی بڕوانامەکانیان بگەڕێنەوە بەغدا، ئێوە وەکو باڵیۆزخانە چیتان کردووە بۆ ئەو قوتابیانە کە نەگەڕێنەوە بەغدا؟ ئەمە لەکاتێکدا ئەمانە سکۆلەرشیپیان لە کۆنسووڵخانەی چین لە هەولێر وەرگرتووە. شۆڕش خالید: ئەم کێشەیە لە کۆنەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هەیە؛ ئەو کەسانەی لە دەرەوە خوێندن تەواو دەکەن، کە دەگەڕێنەوە، شەهادەکانیان چۆن بەراورد دەکرێت. من بۆخۆم دوو یان سێ ساڵ کاتم ویست بۆ ئەوەی بەراوردی (موعادلەی) شەهادەی خۆم بکەم، لە هەرێمی کوردستان بە سێ هەفتە ئەم کارەم کرد، بەڵام حکومەتی فیدراڵی دانی بە بەراوردی شەهادەی مندا نەنا کە لە هەرێمی کوردستان کراوە. ئەم کێشانە لە نێوان وەزارەتەکانی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێن. دەکرێ بە زووترین کات لە نێوان ئەم دوو لایەنە گفتوگۆ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەم کێشانە چارەسەر بن. بەداخەوە کۆمەڵێک مادە هەن لە دەستووری عێراقدا کە تاوەکو ئێستاش کاریان پێ نەکراوە، دەستووری عێراق لەوبارەوە زۆر روونە و لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دان نراوە بە هەموو دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی زیاتر لە 10 ساڵە ئێمە خەریکی کێشەی مووچە و بودجەین، کۆمەڵێک خاڵی دیکە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق هەن کە چارەسەر نەکراون. چەندە پەیوەندی نێوان وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکرێت، کێشەکان زیاتر چارەسەر دەکرێن و ئاسان دەکرێنەوە. بۆ نموونە سەیر دەکەم وەزارەتی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی سەردانیان زۆرە، پەیوەندیی زۆر باشیان هەیە، کێشەیەکی ئەوتۆ لە نێوانیان نییە، هەروەها پەیوەندیی وەزارەتەکانی ناوخۆ زۆر زۆر باشە، هەموو کات پەیوەندییان هەیە، لە نێوان هەردوو وەزارەت هێڵی گەرم هەیە، چەندە ئەم پەیوەندییە بەهێزتر بێت، کێشەکان کەمتر دەبنەوە؛ بەڵام لە وەزارەتەکانی دیکە بەو شێوەیە نییە. با ئێمە سەیر بکەین، چەند جار وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە، من ئامارێکی تەواوم لا نییە، بەڵام دەبینم زۆر زۆر کەمە. یان وەزارەتەکانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن چەندە هاتووچۆی یەکدیان کردووە. چەندەی ئەم کێشانە زیاتر بن، دەبێتە کێشەیەکی زۆر گەورە بۆ هاووڵاتیان. رووداو: هیچ چالاکییەکی کولتوورییتان لە پلاندا هەیە کە لە باڵیۆزخانە ئەنجامی بدەن؟ شۆڕش خالید: چالاکیی کولتووریی زۆر دەکرێت، ئێمە زۆر جار لەگەڵ باڵیۆزخانەکانی دیکە لە وەزارەتی کولتووری چین و لەگەڵ رێکخراوی جۆراوجۆر کە لێرە هەن، بەشداری دەکەین. هەندێک رۆژمان داناوە کە تایبەتن بە کولتوور، ئێمە بەشداری تێدا دەکەین و لەگەڵ هونەرمەندانی بەناوبانگی ئەم وڵاتە و دامەزراوەکانی دیکەی کولتووری چەند پێشانگەیەکی باشیشمان کردووتەوە، کورد و ئەو خوێندکارانەی کە ئێستا لێرە دەخوێنن، یادی نەورۆز دەکەنەوە. ئێمە بەردەوام بەشداریمان کردووە، یەکێک لە دیپلۆماتەکان بەشداری کردووە یان ئەگەر دەرفەت هەبووبێت، خۆم بەشداری دەکەم. کاری کولتووری لەم وڵاتە زۆر و چالاکە، نەک هەر لە پەکین، بەڵکو لە شارەکانی دیکەی چینیش. رووداو: هیچ هێمایەکی کوردی یان هەرێمی کوردستان لە باڵیۆزخانەکەتاندا نابینم. شۆڕش خالید: هەر ژوورەکەی من، لە ژووری باڵیۆزدا دەبینی تابلۆیەکی هونەری زۆر جوان هەیە و یەک لە گەورەترین تابلۆی ئێمەیە لە باڵیۆزخانەکەدا کە بازرگانی کوردن دانیشتوون، تابلۆیەکی دیکەش هەیە کە کچی کوردن لە کاتی نەورۆزدا شایی دەکەن؛ کۆمەڵێک لەو شتانە هەن. ئێمە ساڵانە رۆژنامەیەک دەردەکەین، لەم رۆژنامەیەدا ئەگەر سەیری بکەیت، بەڵام دیارە بەڕێزتان سەیری ناکەن، ئەگەرچی من هەموو کاتیش دانەیەکت بە دیاری دەدەمێ کە سەیری بکەیت، دەبینیت کە چەند لاپەڕەیەکی ئەم رۆژنامەیە لەسەر هونەری کوردی، جلوبەرگی کوردی و شارەکانی کوردستانە. چەند رۆژ لەمەوپێش ئاهەنگێکمان هەبوو لەبارەی کردنەوەی هێڵی ئاسمانی نێوان بەغدا و پەکین، فیلمێکمان پێشکێشکرد کە 10 خولەک بوو، وابزانم چوار یان پێنج خولەکی هەر لەسەر هەرێمی کوردستان، بیناسازی و شایی کوردی بوو. کۆمەڵێک لەم هێمایانە هەن و هیوادارین زیاتریش بێت، بەڵام کێشەمان ئەوەیە کە مادە خامەکەمان نییە و رەنگە لە دەزگاکانی دیکەی دوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کەمتەرخەمییەک هەبێت و بتوانن هەندێک شتمان بۆ بنێرن، ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لەو چالاکییە کولتوورییانەی کە پێشکێشی دەکەین، دونیای دەرەوەی پێ بناسێنین. رووداو: چۆن دەڕواننە کردنەوەی نووسینگەی رووداو لە چین؟ شۆڕش خالید: بە جیددی ئەمە بۆ راگەیاندنی عێراقی بەگشتی، راگەیاندنی هەرێمی کوردستان و بۆ کاری دیپلۆماسیی ئێمەش هەنگاوێکی زۆر پیرۆز و باشە. کێشە لە جیهان ئەوەندە زۆر بووە، کە رۆژانە ئەم پرسیارانەی لە گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی چین دەکرێت، زۆرجار لەسەر کێشەی دیکەن، کێشەی فەلەستین، رووسیا و ئۆکراینا، کێشەی تایوان و زۆر کێشەی دیکە، بەڵام لەو کاتەی کە دەبینین رووداو نووسیگەی فەرمیی خۆی کردووەتەوە، زۆر پرسیار دەکرێت لەسەر عێراق، لەسەر هەرێمی کوردستان، کە ئەمە شتێکی زۆر باشە؛ یان زۆر شت هەیە کە رووداو دەتوانێت بۆ بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستان روونیان بکاتەوە، کەواتە ئێوە رۆڵێکی زۆر گەورە دەبینن کە پردێکە لە نێوان چین و عێراق و هەرێمی کوردستان. ئێوە ئاسانکارییەکی زۆر گەورە بۆ کارەکانی ئێمە دەکەن، هیوادارین راگەیاندنەکانی دیکەی عیراقیش بتوانن نووسینگەیان [لە چین] هەبێت بۆ ئەوەی چالاکانە کارەکانی خۆیان بکەن. ئێوە دەزانن کە چین دەوڵەتێکی زۆر گەورەیە، چی لەڕووی قەبارەی جوگرافییەوە و چی لەرووی قەبارەی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی، بۆیە من لەو باوەڕەدام کە چین جێگەیەکی باشە بۆ ئەوەی راگەیاندنەکانی عێراق تێیدا کار بکەن، نەک لە رووی هەواڵەوە، بەڵکو لەڕووی کولتووری و ئابوورییەوە. چینییەکانیش زۆریان پێخۆشە و دەرگەشیان کراوەیە و ئێوەش ئەم ئەزموونەتان هەیە کە هەموو ئاسانکارییەک پێشکێش دەکەن بۆ ئەوەی کە کار بکرێت. رووداو: زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز شۆڕش خالید، باڵیۆزی عێراق لە چین. شۆڕش خالید: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش، هیوادارم سەرکەوتوو بن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/29052024
کۆنسووڵی گشیی فەرەنسا لە هەولێر دەڵێ وڵاتەکەی ئاسانکاریی زۆری کردووە بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان داوای ڤیزەی فەرەنسا بکەن، "دەمانەوێت خزمەتگوزارییەکانمان باشتر بکەین... ئێستا لەچاو پێشوو ڤیزەی زیاتر دەدەین." یان برێم، کۆنسووڵی فەرەنسا لە هەولێر لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو باسی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، ئاستی بازرگانی و وەبەرهێنانی فەرەنسا، بوارەکانی خوێندن و پێدانی ڤیزەی فەرەنسا دەکات. یان برێم دەڵێ فەرەنسا نزیکەی 40 کۆمپانیای لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها "بە بەهای سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی راستەوخۆی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە." لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، کۆنسووڵەکەی فەرەنسا ئەوە ئاشکرا دەکات "فەرەنسا گەورەترین نەمامگە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە هەولێر دروست دەکات." یان برێم سەبارەت بە پێدانی ڤیزەی وڵاتەکەی بە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات "دەمانەوێت ژمارەی پێدانی ڤیزەی فەرەنسا زیاد بکەین." دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ یان برێم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر: رووداو: با بە پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دەستپێبکەین. پەیوەندیی نێوانیان چۆن دەبینیت؟ یان برێم: پەیوەندیی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی درێژخایەن بووە. بەرلەوەی باسی ئێستا یان داهاتوو بکەین، با تۆزێک بگەڕێمەوە بۆ رابردوو. لە دەیەکانی 60 و 70ـی سەدەی پێشوودا ژمارەیەک فەرەنسایی هاتنە هەرێمی کوردستان کە رۆماننووس و کەسانی پەیوەست بە کاروباری مرۆیی بوون. بەڵام کاتێک دانیال میتران، کە لێرە پێیدەڵێن "دایکی کورد"، هاتە کوردستان، شێوەی ئەم پەیوەندییە بە تەواوی گۆڕا. ئەو، سەرۆک فرانسوا میتران، سەرۆکی ئەوکاتەی فەرەنسای قایل کرد لە کاروبارە ناوچەییەکان و کەیسی کوردستان، بەشداربێت کە لەو سەردەمەدا سەدام حوسێن ژمارەیەک تاوانی دەکرد. سەرۆک میترانیش زۆر بەشداری کرد. ئەو دەستپێشخەری و پێشنیازی دەستتێوەردانی مرۆیی و مامەڵەی سیاسی و دیپلۆماسیی کرد، کە لە ساڵی 1991ـدا بووە هۆی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایش کە رێگەی بە ئۆپەراسیۆنی گەڕاندنەوەی هیوا و "ناوچەی نەفڕین" بەسەر کوردستاندا دا. بەدڵنیاییەوە دانیال میتران لەم لایەنەوە لەگەڵ ژمارەیەک چالاکڤانی فەرەنساییدا هاوکاریی زۆریان کرد، وەک بێرنارد کوشنەر، کە چالاکڤانێکی مرۆیی بوو، هەروەها وەزیری دەرەوەیش بوو. هەروەها کەسانی وەک کانداڵ نازان کە سەرۆکی پەیمانگەی فەرهەنگی کوردیی-فەرەنساییە لە پاریس. جا بەڕاستی ئەوە پەیوەندییەکانی ئێمەی گۆڕی. سەرۆک میتران یەکەمین سەرۆکی دەوڵەت بوو کە ساڵی 1992 لە پاریس پێشوازیی لە مام جەلال و کاک مەسعود کرد. ئێستاش بە درێژایی ساڵەکان پەرەمان بەم پەیوەندییە داوە. بە دڵنیاییەوە بینیوتانە کە سەرۆکەکەمان بەردەوام گفتوگۆ و پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆک، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی هەیە. جا ئەم پەیوەندییانە لە هەموو بوار و ئاراستەکاندان، فەرەنساییەکان سەردانی هەولێر دەکەن و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەردانی پاریس دەکەن. ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین، کە دەمانەوێت بەشداریمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاد بکەین. ئێمە لە کۆنسووڵخانە تیمێکین، کە من سەرۆکایەتیی دەکەم، هەروەها تیمێکی تەواوییش لە پەیمانگەی کولتووریی فەرەنسی لە هەولێر (CFF) هەیە، ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و دوو قوتابخانەی فەرەنسایی لە هەولێر و سلێمانی و دەزگایەکی گەشەپێدانیش هەن، جگە لەوەی مامەڵەی بازرگانیمان هەیە. بۆیە هەموو ئەمانە گفتوگۆ و هاوکاریی زۆر گرنگ و بەرهەمدار دروست دەکەن. رووداو: زۆر زانیاریی گرنگت پێدام و دەیکەینە پرسیار و دابەشی دەکەین بەسەر ئەو بابەتانە کە باستکردن. با بە پەیوەندیی بازرگانیی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دەستپێبکەین. چەند کۆمپانیای فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن؟ بەتایبەتی سەرنجیان لەسەر چ کەرتێکە؟ یان برێم: نزیکەی 40 کۆمپانیامان هەن کە لە کوردستان یان لەگەڵ کوردستان کار دەکەن. ئێمە لە رێگەی سێ کەناڵی سەرەکییەوە بەشدارین؛ وەبەرهێنانی راستەوخۆ، کە بڕەکەی سێ ملیار دۆلارە و کۆمپانیای گەورەمان هەیە... رووداو: سێ ملیار دۆلار لە وەبەرهێنانی راستەوخۆدا! یان برێم: لە وەبەرهێنانی راستەوخۆدا لە هەرێمی کوردستان. ئێمە کۆمپانیای گەورەمان هەیە، وەک کارفوور کە ژمارەیەک لقی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک هەیە. هەروەها کۆمپانیای دیکەی وەک دانۆنمان هەیە کە بەرهەمە شیرەمەنییەکانی (ئەلسافی) بەرهەمدەهێنێت کە لە هەولێرە. کۆمپانیای دیکەیش هەن. هەموو ئەم کۆمپانیایانە بە نوێترین تەکنەلۆجیا کار دەکەن. هەروەها دووەم جۆری مامەڵەی بازرگانی کە هەمانە بریتییە لە گواستنەوەی تەکنەلۆجیا و زانست. ژمارەیەک کۆمپانیای ئێمە کارەکە دەکەن، لە نموونەی (کلێیا) کە لە چەمچەماڵە و رۆژانە 1200 تۆن خشتی مادەی بیناسازی بەرهەمدەهێنن. کۆمپانیامان هەیە لە فڕۆکەخانەی هەولێر چالاکە. هەروەها پلان دادەنێین گەورەترین نەمامگە لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست بکەین کە لە سنووری هەولێر دەبێت. ئێستا چاوەڕێی پەسندکردنی کۆتایی دەکەین. شێوازی سێیەمی بازرگانیشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بازرگانیی راستەوخۆیە. لە نموونەی ئەو براندە فەرەنسییانەی لێرە بڵاون کە هەموو کەرتەکان دەگرنەوە، وەک ئۆتۆمبێلی رینۆ و جلوبەرگ، کە دەتوانی لە بازاڕی هەرێمی کوردستان دا بیانبینی، هەروەها بەرهەمەکانی وەک خۆراک و بەرهەمەکانی پاراستنی پێست و جوانکاری. بۆیە دەشێت بەرهەمەکان لە سنوورێکی فراواندا ببینرێن. رووداو: باشە. جگە لە بازرگانی، لە چ بوارێکی دیکەدا فەرەنسا دەیەوێت یان پلان دادەنێت کە پەیوەندی یان هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێز بکات؟ یان برێم: ئەوەی راستی بێت، دەمانەوێت لە هەموو کەرتەکان گەشەی پێبدەین. رووداو: باسی پەیمانگەی کولتووریشت کرد؟ یان برێم: کولتوور بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە ئەم پەیمانگە کولتوورییە فەرەنساییەمان هەیە کە لە هەولێرە. پێشانگە، کۆنسێرت، دیدار، کۆڕی میوزیک و شیعر سازدەکات، بەڵام لە بواری دیکەیش دا هەین، وەک پەروەردە کە دوو قوتابخانەمان هەیە منداڵانی کورد وەردەگرن و لەسەر بەرنامەی فەرەنسی دەڕۆن و رێگە بە قوتابییانی کورد دەدەن بۆ خوێندن بچنە فەرەنسا، هەروەها دەتوانن لە هەرێمی کوردستانیش بخوێنن. لە هەرێمی کوردستان مامۆستایانی فەرەنسی رادەهێنین تاوەکو لە قوتابخانەکان فێربوونی زمانی فەرەنسی زیاتر بکەن. هەروەها لە کەرتی دیکەی وەک شوێنەوارناسی هەین. شوێنەوارناسی بۆ ئێمە کارێكی لەپێشینەیە. ئێستا لە قەڵای هەولێر بە تیمێکی پسپۆڕەوە خەریکی هەڵکۆڵینین کە هەندێک شوێنەواری گرنگیان دۆزیوەتەوە و لە داهاتوودا پیشان دەدرێن، هیوادارم زوو بیکەن. ئەوە یەکەمین و تەنیا تیمی نێودەوڵەتییە کە لە قەڵای هەولێر کار دەکات. هەروەها لە ئامێدی پەرە بە چەند پڕۆژەیەک دەدەین بۆ ئەوەی ژمارەیەک شوێنەواری مێژوویی نۆژەنبکەینەوە کە گەشتیاران هاندەدات سەیری کەلەپووری کولتووری ئەم ناوچەیە بکەن کە کەلەپوورێکی کولتووریی زۆر گرنگە. ئێمە زۆر شانازی بەوەوە دەکەین. دوایەمینیشیان ئەوەیە؛ ئێمە لە رێگەی هاوکاری داراییەوە هێشتا بەردەوامین لە دابینکردنی پشتیوانی بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان کە ئامانجیان یارمەتیدانی کەسانی زیانمەندە، وەک ئاوارەکان و پەنابەران لە کەمپەکان و شوێنە جیاوازەکان. رووداو: ئایا ئەو پارەیە دەدەنە رێکخراوە ناحکومییە نێوخۆییەکان یان خۆتان رێکخراوی ناحکومی فەرەنساییتان هەن، کە لە هەرێمی کوردستان کار بکەن؟ یان برێم: هەردووکیان. ئێمە هەوڵدەدەین بەڕاستی لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییە نێوخۆییەکان پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین. رێکخراوە ناحکومییە فەرەنساییەکانیش لێرەن، هەیانە لە هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە لێرەیە و هێشتا زۆر چالاکن. ئەوان لە پێگەیەکدان کە هەوڵدەدەن لەگەڵ کۆمەڵگەی سیڤیلی نێوخۆییدا پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن. هەروەها ئێمە لە بواری مافەکانی ئافرەتان کار دەکەین. لە هەموو کەرتەکاندا دەتوانین یارمەتیی زیانمەندان بدەین تاوەکو کەمێک هەست بە باشی بکەن. رووداو: ئاماژەت بە بواری پەروەردە دا و باست لە قوتابخانەی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان کرد. ئەی خوێندنی باڵا؟ ئایا ئێستا هیچ خوێندکارێکی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی باڵا لە فەرەنسایە؟ بۆ نموونە بۆ ماستەر و دکتۆرا. ئێوە یان حکومەتەکەتان چۆن یارمەتیان دەدەن؟ چۆن رێنوێنی و هاوکارییان بۆ دابین دەکەن؟ یان برێم: بە دڵنیاییەوە خوێندکاری کورد لە فەرەنسان. لە پاریس، لیل، ڤیشی و بۆردۆ هەن. بەڕاستی ئێمە تامەزرۆین لەگەڵ زانکۆی زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین. زانکۆی کوردستان-هەولێر هەندێک خوێندکار بۆ پاریس دەنێرێت بۆ کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە پاریس، کە یەکێکە لە کۆلێژە زۆر دیارەکانی سیاسەت لە فەرەنسا. خوێندکار هەن چوون بۆ بۆردۆ. لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین. هەروەها لە زۆر بواردا مامۆستا و پرۆفیسۆری فەرەنساییمان هەن، هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، وەک مامۆستایانی شوێنەوارناسی، زانست، بیرکاری، جوگرافی و زانستە سیاسییەکان. ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەم بوارەیە. بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە وەک پەیمانگەی فەرەنسایی پلانی تایبەتمان بۆ یارمەتیدانیان هەیە. بەرنامەی (کامپەس فرانس)ـمان هەیە کە خوێندکاران دەتوانن بێن لەسەر جۆرەکانی خوێندن و ئەو پشتیوانیانەی دەتوانن لە حکومەتی فەرەنسای وەربگرن، داوای زانیاری بکەن، چونکە هەندێک هاوکاری داراییمان هەن کە زۆریش نییە، بەڵام هەندێکمان هەیە. هەروەها لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس دەمانەوێت پێکەوە یاوەری کەرتی تایبەتیش بکەین، کە ئەمانیش زۆر یارمەتییان داوین. زۆر بە بەهێزی پێکەوە کار دەکەین. رووداو: باشە. فەرەنسا وڵاتێکی جوانە و زۆر کەس لە سەرانسەری جیهان حەز دەکەن هیچ نەبێت بۆ جارێکیش بێت، بیبینن، بەڵام ئەوە بۆ خەڵکی کورد قورسە کە ڤیزەی هەر وڵاتێکی ئەورووپایی و لەنێویشیاندا ڤیزەی فەرەنسا بەدەستبێنن. بۆچی ئاوایە؟ هۆی چییە؟ یان برێم: من، بە ناوی هاوکارە ئەورووپاییەکانی دیکەمەوە قسە ناکەم، بەڵام ئەوەندەی پەیوەندیی بە فەرەنساوە هەیە، بەڕاستی ئێمە دەمانەوێت خزمەتگوزارییەکەمان بۆ ئەو کەسانە باشتر بکەین کە دەیانەوێت بچن بۆ فەرەنسا و ژمارەی ئەو ڤیزەیانە زیاد بکەین کە دەیاندەین. ئەوەی راستی بێت، لە سەرەتای کانوونی دووەم لەگەڵ هەریەکە لە بەڕێزان سەفین دزەیی و ئومێد خۆشناو ناوەندێکی نوێی ڤیزەمان لە هەولێر لەگەڵ کۆمپانیایەک بە ناوی TLS کردەوە، بەڕاستی خزمەتگوزارییەکانمان بۆ داواکاران باشتر کرد و زۆر خشتەی چاوپێکەوتنمان داناون، کە دەتوانین بە ئۆنلاین بیانکەین. پیویست ناکات بچیت بۆ نووسینگەی گەشتیاری. خەڵک دەتوانن راستەوخۆ بە ئۆنلاین چاوپێکەوتن بکەن. دەتوانن بە دیناری عێراقی پارە بدەن کە ئەوە بۆ هەموو وڵاتێک بەوجۆرە نییە. هەروەها ئاسانکاریمان کردووە بۆ پۆست مەیڵ و زانیاری و بەڵگەنامەکان. ئەوەندەی پەیوەندیی بە ژمارەوە هەبێت، ئێستا لەچاو پێشوو ڤیزەی زیاتر دەردەکەین. رێژەی رەتکردنەوەی ڤیزەی فەرەنسا لە 60٪ـەوە بۆ 40٪ کەمی کردووە کە ئەوەش زۆر گرنگە. بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت ژمارەی ڤیزە زیاد بکەین. دەمانەوێت لە فەرەنسا گەشتیارمان هەبێت. هەروەها بۆ بازرگانان پەرەمان بە پلانەکانمان داوە کە دەتوانن بچنە فەرەنسا و لەگەڵ کۆمەڵگەی بازرگانیی ئێمە گفتوگۆ بکەن، بەڵام پێویستە لەسەر ئەم کێشەیە راشکاوبم، ئێمە لەگەڵ ژمارەیەک کەس و کۆمەڵەی تاوانکاریدا تووشی سەختی دەبین، کە بە قاچاخ خەڵک بۆ فەرەنسا دەبەن. ئەوە پرسیارێکی جوان و هەستیارە، چونکە ئەو کەسانەی قوربانیی ئەم جۆرە چەتە قاچاخچییانەن ئەمە کاریان تێدەکات و کاریش لە ئاسایشی فەرەنسا دەکات. بۆیە لە پرۆسەی ڤیزەی ئێمەدا پێویستیمان بەوەیە زیاتر هۆشیار بین تاوەکو دڵنیاببینەوە لەوەی ئەو کەسانەی داوای ڤیزەی فەرەنسا دەکەن، بەڕاستی بۆ ئەو مەبەستە بۆ فەرەنسا دەچن کە لە فایلەکەیاندا بە ئێمەیان گوتووە. رووداو: با کەمێک بچینە سەر گرفتە سیاسییە نێوخۆییەکان. چۆن گرفتی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینن؟ هەروەها سەردانی ئەم دواییەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چۆن دەبینن؟ یان برێم: بەڕاستی ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر باش بێت و دەمانەوێت هەرێمێکی کوردستانی سەقامگیر و گەشاوە و عێراقێکی سەقامگیر و گەشاوە هەبێت. ئەمە هێڵی سەرەکیمانە کە لەگەڵ باڵیۆزدا گفتوگۆی دەکەین کە زوو زوو دێتە ئێرە بۆ گفتوگۆی بابەتەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. ئەوە کاری لەپێشینەی دیپلۆماسیەتی فەرەنسایە کە دڵنیاببێتەوە لەوەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا باشە، ئەوەش لەبەر هۆی ئابووری و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە و هۆکاری ئەمنی. بۆیە گفتوگۆ لەم بوارەدا زۆر گرنگە. دەبێت هانی هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە بدەین کە وادەکەن سەرکردە سیاسییەکان پێکەوە گفتوگۆ بکەن و چارەسەری کۆنکرێتی و شوێنی هاوبەش بدۆزنەوە تاوەکو دڵنیاببنەوە لەوەی گرفتەکان ناهێڵرێن. لەم بوارەدا هەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان و هەوڵەکانی هەموو سەرکردە سیاسییەکان مایەی دەستخۆشین و خۆم و باڵیۆز و سەرکردە سیاسییەکانمان لە پاریس پشتیوانییان دەکەین. رووداو: هەڵوێستتان لەبارەی دواخرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان چییە؟ یان برێم: بەڕاستی ئێمە بیرۆکەی هەڵبژاردن دەنرخێنین. بۆ ئێمە ئەوە ئامانجێکی سەرەکییە کە هەڵبژاردن بکرێت تاوەکو رەوایی زیاتر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات و بتوانێ بەسەر ئەو گرفتانەدا زاڵ بێت کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و جیهان هەن. تۆ تەنیا سەیری ناوچەکە بکە، پێکدادانی ناوچەیی و گرفتی ئەمنی و قەیرانی کەشوهەوا و گرفتی ئابووریمان هەیە. بۆیە حکومەتێکی شەرعی بەڕاستی دەتوانێت لە چارەسەری ئەم گرفتانەدا بەشداربێت. ئێمە لە دیدگەی سیاسییەوە زۆر پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکەین، هەروەها لە دیدگەی ئابوورییشەوە پشتیوانی دەکەین، چونکە نیو ملیۆن یۆرۆمان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخانکردووە تاوەکو پشتیوانی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن. ئەوەی راستی بێت، ئێمە زۆر پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی یاسایی دەکەین. دەمانەوێت هەر کە دۆخەکە گونجاو بوو، هەرچی زووە بکرێت تاوەکو رێگە بەم پرۆسە گشتگیرە و هەڵبژاردنێکی دادوەرانە و ئازادانە بدرێت. رووداو: فەرەنسا لە سەرانسەری جیهان بە مێژووە دەوڵەمەندەکەی و کولتوورەکەی و زۆر چالاکیی جیاواز بەنێوبانگە، کە ساڵانە لە وڵاتەکەدا دەکرێن. ئەم ساڵ چ رووداوێکی گەورە چاوەڕێی فەرەنسا دەکات؟ یان برێم: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. بە دڵنیاییەوە ئێمە مانگە پڕ لە چالاکییەکانمان لە پێشن. سەرەتا لە 6ـی حوزەیران 80ـیەمین ساڵیادی D-dayـمان هەیە لە نۆرماندی کە ئاهەنگێکی گەورە سازدەکرێت و سەرکردەکانی دەوڵەت دێن، بەڵام بەر لە هەر شتێک، یارییەکانی ئۆڵۆمپیادمان هەیە کە لە 26ـی تەممووزدا دەستپێدەکەن و، رووداوێکی جیهانییە، دەستپێکەکەی نمایشە لەنێو شاری پاریس لای رووباری سێن. سەیرکە، 300 هەزار سەردانیکەر، 10 هەزار وەرزشڤان لە رووباری سێنەوە دەکەونە رێ و بە لای کەنیسەی نۆتردام دا دەڕۆن بۆ مۆزەخانەی لوڤر، لەوێشەوە بۆ لای بورجی ئێفێل و باڵەخانەی ترۆکادێرۆ. بۆیە رووداوێکی کاریگەر دەبێت. بەڕاستی ئێمە تامەزرۆین گەشتیاری زیاتر بێن. ئەم هاوینە پێشبینیی هاتنی ملیۆنان گەشتیار دەکەین بۆ فەرەنسا و، بەدڵنیاییەوە یارییەکان لە سەرانسەری جیهاندا پەخش دەکرێن. پێموایە چێژی زۆری لێ وەردەگرین. رووداو: ئێمەش لەوێ دەبین. پەیامنێرمان لە فەرەنسا دەبێت. هیوای بەختێکی باش بۆ ئێوە و وڵاتەکەتان دەخوازم لەم رووداوە گەورانەی ئەم ساڵ روودەدەن. باسی زۆر شتی گرنگمان کرد. دوایین پرسیارم ئەوەیە: چ هەستێکت هەیە کە نوێنەری فەرەنسایت لە هەولێر و هەرێمی کوردستان؟ یان برێم: ئەمە بەرپرسیاریێتیێکی زۆر گرنگە. پێشتر باسی رابردووی پەیوەندیی نێوان کورد و فەرەنساییەکانمان کرد. بۆیە ئەمە بەرپرسیاریێتیێکی زۆر گەورەیە. هەروەها من سەرۆکی تیمێکی کارمەندی فەرەنساییم، بەڵام کوردیش لەگەڵمان کار دەکەن و کارێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەکەن. ئەمە بەرپرسیاریێتییە، بەڵام شانازییشە، چونکە پەیوەندییەکانمان زۆر بەهێزن. سەرکردەکانمان پەیوەندیی بەردەوامیان هەیە. هەروەها لەو پەیوەندییانەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان هەمبووە، وەک کاک مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەموو سەرکردە سیاسییەکانی دیکە، زۆر هەستم بە گەرموگوڕی کردووە بۆ هەر شوێنێک چووبم. بۆیە زۆر دڵخۆشم کە لێرەم. خەڵكی زۆر میواندۆستن. ئەمە بەرپرسیاریێتیێکی گەورەیە، هەروەها مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە. رووداو: باسی ئۆڵۆمپیادمان کرد کە ئەمساڵ لە فەرەنسا دەکرێت. ئەم ساڵ چ پلانێکی دیاریکراوتان بۆ ئۆڵۆمپیاد هەیە؟ یان برێم: با شتێکت پیشان بدەم کە هێمای یارییە ئۆڵۆمپییەکانە کە گوزارشتە لە کڵاوی (فریجن) کە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە لەسەر دەکرا ... رووداو: واتە ئەمە کڵاوێکی سیمبوولییە. یان برێم: زۆر راستە. ئەمە لەلایەن شۆڕشگێرانی ساڵی 1789ـەوە لە سەر دەکرا. ئەمە بۆ ئێمە گرنگییەکی زۆر گەورەی هەیە. شتێکی زۆر جوانە. رووداو: بەڕاستی جوانە. دەتوانم بیبینم ...
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/08052024
پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان رایگەیاند، بۆ پرسی کورد کۆمەڵێک پرۆژەی نوێ پێشنیازکراون. هەروەها پشێبینی دەکات ئەمجارە ئاکپارتی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بباتەوە. عەزمی ئاکنجی، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان لە بازنەی ئیستەنبووڵ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە سەنگەر عەبدولرەحمان لە ستۆدیۆی رووداو لە ئیستەنبووڵ لەگەڵی کرد، باسی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و رکابەریی نێوان ئاکەپە و جەهەپە لەسەر شارەوانیی ئیستەنبووڵ و پرۆسەی ئاشتی کرد. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەزمی ئاکنجی: رووداو: بەڕێز عەزمی ئاکنجی تاوەکو پار، تیۆرییەک هەبوو دەیگوت 'براوەی ئیستەنبووڵ براوەی تورکیایە' بەڵام ئاکپارتی بە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023 ئەو تیۆرەی هەڵوەشاندەوە. ئەی ئێستا ئەو ویستە زۆرەی ئاکپارتی سەرچاوەکەی لە کوێوە گرتووە، بۆ بردنەوەی سەرۆکاییەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ؟ عەزم ئاکنجی: بەر لە هەر شتێک سڵاوی خۆم دەگەینمە بینەرانی رووداو. دواتریش بەهۆی مانگی رەمەزانەوە دەمەوێ پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم موسڵمانانی جیهان بکەم. بەڵێ پرسیارەکەت راستە، تاوەکو پارساڵ بۆچوونێکی وەها هەبوو. بەڵام سەرباری ئەوەی ساڵی رابردوو ئیستەنبووڵ لە دەستی جەهەپەدا بوو، ئێمە براوەی تورکیا بووین. بۆیە ئەم تیۆرییە لایەنە هەڵەکانیشی بەدیارکەوتن. بۆیە دەبێت بە شێوازێکی دیکە لە دۆخەکە بڕوانین. ئیدی لەم هەڵبژاردنەوە دەتوانین بڵێین لە تەواوی تورکیادا فەرهەنگ و کولتووری سیاسیی کۆمەڵگە شوێنی خۆیان گرتووە. لە دامەزراندنی ئاکپارتییەوە تاوەکو ئەم هەڵبژاردنە، نزیکەی 17 هەڵبژاردنمان کردووە. پەنا بە خوا ئەم هەڵبژاردنەش بەبێ هیچ کێشە و ئاریشەیەک دەکەین. گەلەکەشمان بۆچوونی دیموکراسیی خۆی رادەگەیەنێت. دەبێت هەموو لایەکیش رێز لە بۆچوون و بڕیاری گەل بگرێت. ئەگەر لە پەنجەرەی ئیستەنبووڵیشەوە سەیری دۆخەکە بکەین، من پێموایە ئێمە دەبینە براوەی ئیستەنبووڵ و سەرۆکایەتیی شارەوانی بۆخۆمان دەبێت. هەموو لایەک دەزانن و ئاگادارن، پێنج ساڵ تێپەڕی، بەڵام بۆ ئیستەنبووڵ بە پێنج ساڵی ونبوو و لەدەستچوو دادەنرێت. ئەوکاتەی ئاکپارتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستەنبووڵی لەلا بوو، ئیستەنبووڵ وەک پایتەختێکی لێهاتبوو. من، کەسێکم زۆر لەمێژە لەو شارەدا دەژیم و شارەزای رابردووی ئەم شارەم. ساڵی 1987 کاتێک لە زانکۆ وەرگیرام، هاتمە ئەو شارە. ئەوسا لە سەمسوورەوە هاتمە ئیستەنبووڵ، یەکەم شتێک کە رووبەڕووی بوومەوە، بۆنی ناخۆشی دەریاچەی هەلیچ بوو. حەوت ساڵ بە ناچاری ئەو بۆنەمان لە ئیستەنبووڵ هەڵمژی. ساڵی 1994 کاتێک بەڕێز سەرۆککۆمارمان بووە سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، سەردەمێکی تازە دەستیپێکرد، ئەو پێشکەوتنەی ئەمڕۆ لە ئیستەنبووڵ هەیە، ئەو بناخە بەهێزەیە کە ئاکپارتی ژێرخانەکەی دانا. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردووشدا سەرجەم ئەو پڕۆژە و کارانەی بۆ ئەو شارە کرا، هەمووی راوەستاون و تووشی کێشە بوون. بەشێکیشیان بەداخەوە هەر داخران و رووناکییان نەبینی. گەلەکەشمان ئەوە دەبینن، بۆیە بۆ داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان و ئیستەنبووڵ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی جیاوازی سیاسی، ئیستەنبووڵ دەگەیەننەوە بە موڕادەکەیان، واتا موڕاد کورووم دەکەن بە سەرۆکی شارەوانیی ئەو شارە. رووداو: ئەو راپرسیانەی بڵاودەکرێنەوە، بە بۆچوونی ئێوە چۆنن؟ عەزمی ئاکنجی: ئەنجامی راپرسییەکان ئەوە دەردەخەن کە جیاوازییەکی زۆر کەم لەنێوان جەهەپە و ئاکەپە هەیە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی ئیستەنبووڵ، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین، لە ماوەی چەند هەڵبژاردنی رابردوودا ئەوەشمان بینی، راپرسییەکان هەمان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نادەن بە دەستەوە. دۆخی کۆمەڵایەتی گۆڕانیی بەسەردا هاتووە. هاووڵاتی ئەو وەڵامە ناداتەوە کە خۆی دەیەوێت. واتە وەڵامی راستیی راپرسییەکان نادرێتەوە. بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردن و راپرسییەکان لە یەکدی جیاواز دەردەکەون. لە هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆکاییەتیی کۆماری تورکیا و پەرلەمان لە ساڵی رابردوو. لەوێش کۆمپانیاکانی راپرسی نەیانتوانی راستییەکان پێشبینی بکەن. راستە ئێستا لە ئیستەنبووڵ بەربژێری ئاکەپە و جەهەپە زۆر لە یەک نزیکن، بەڵام وەکوو برایەکتان کە لەنێو سیاسەتم، بە ئاشکرا هەست بەوە دەکەم موڕاد کوڕوم لەناو خەڵک لایەنگر و دەنگدەری زیاترە. بۆیە لەو باوەڕەم؛ ئەو سەردەکەوێت. رووداو: چاوەڕوان دەکەن لەو هەڵبژاردنەدا ئاکپارتی چەند سەرۆکشارەوانی شارەکان بباتەوە؟ عەزمی ئاکنجی: رەنگبێت نەتوانم ژمارەیەک بڵێم، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 زیاتر دەبەینەوە، وەک چۆن لەنێو ئیستەنبووڵیش کە ئێمە 24 سەرۆکشارەوانیی ناوچەکانمان لەلایە، مەهەپەش وەک هاوپەیمانمان یەک دانەی هەیە، واتا 25، بەڵام لەو هەڵبژاردنە لەو باوەڕەم بتوانین 28 سەرۆکشارەوانی ناوچەکان ببەینەوە. رووداو: ئەگەر ئاکپارتی سەرۆکی شارەوانی بباتەوە، ئایا هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری هەیە بۆ زمان و فەرهەنگی کوردی لە ئیستەنبووڵ؟ بۆ نموونە دابینکردنی وەرگێڕ بۆ ئەو بەتەمەنانەی تەنیا کوردی دەزانن؟ عەزمی ئاکنجی: لە ئیستەنبووڵ دەنگدەری کورد زۆر زۆرە، بۆیە کاتێک دەڵێن گەورەترین شاری کوردی تورکیا کامەیە، هەموو لایەک دەڵێت ئیستەنبووڵە. نزیکەی 5 ملیۆن کورد لە ئیستەنبووڵ هەن. وەک خۆشتان باستان لە ژمارەیەکی زۆری کورد کرد لەو شارە، لە سەردەمی ئاکپارتی، هیچ دەنگدەرێکی کورد، رووبەڕووی جیاکاریی و پەراوێزخستن نەبووەتەوە، بەپێچەوانەوە، سەرجەم شارەوانییە کوردییەکانیان وەکو شارەوانیی خۆیان زانیووە. منیش وەکو کوردێک، کە سیاسەت دەکەم، گەواهیدەری ئەو راستییەم. هەر بۆیەشە لەنێو ئاکپارتی کاری سیاسی دەکەم. بۆیە تاوەکو ئێستا لەلایەن هیچ شارەوانییەکی ئاکپارتییەوە، هیچ جیاکارییەک نەکراوە. سەبارەت بە پرسی وەرگێڕان و خزمەتگوزارییەکانیش، ئەم هەنگاوە لە تورکیا، لە سەردەمی ئاکپارتی بۆ یەکەمجار یاسای دابینکردنی وەرگێڕ دەرکرا. ئێستا لە دادگاکان و چەندان شوێنی خزمەتگوزاری وەکو نەخۆشخانەکان خزمەتگوزاری وەرگێڕ پێشکەش دەکرێت. لە هەر شوێنێکیش پێویست بێت، وەرگێر دابین دەکرێت. بۆیە ئەمە بۆ ئاکپارتی کێشە نییە، چونکە ئەمە هەم لە رووی مرۆڤایەتی هەم لە رووی ئیسلامییەوە لەگەڵ بەهاکانی ئێمە دێتەوە. 22 ساڵیشە ئێمە ئاوا کارمان کردووە و هەر ئاواش کار دەکەین و بەردەوام دەبین. رووداو: باس لەوە دەکرێت ئەگەر ئاکپارتی، ئیستەنبووڵ بباتەوە، حکومەت لەگەڵ لایەنی کوردی و دەم پارتی پێڤاژوویەکی نوێ دەستپێدەکات؟ عەزمی ئاکنجی: ئەو هەڵبژاردنانە هەڵبژاردنی خۆجێین، لەو هەڵبژاردنانەشدا ئەو جۆرە پرسانە کەمتر باس دەکرێن. شوێنی تاوتوێکردنی ئەو پرسەش ئەگەر هەبێت پەرلەمانی تورکیایە. ناوە ناوە ئەو مژارە دەبنە رۆژەڤ و لەلایەن چەند کەسێکی نێو ئاکپارتی و دەم پارتی یان هەدەپەی پێشوو، باس لە هاوێشتنی هەنگاوێکی وەها دەکرێت. بەڵام دەبێت وەکو کوردێک ئەوە بڵێم، لەمڕۆ بە دواوە شتێک نایەتە بوون وەکو پرس و دۆخی سەردەمی پێڤاژووی ئاشتی، ئاکپارتی تاقیکردنەوەیەکی کرد و جارێکی دیکە نایەوێت پەنجە بە کونێکدا بکاتەوە، کە پێشتر مار پێی وەداوە. دووبارەکردنەوەشی راست نییە. بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد، کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ پێشنیازکراون. بۆیە دیسان ئەوەی ئەو کێشە چارەسەر بکات، هەر ئاکپارتییە، بەتایبەتیش بوونی بەڕێز سەرۆککۆمارمان لەو بارەیەوە زۆر گرنگە. بۆیە بەشێک لەو کەسانەی لەنێو دەم و هەدەپە سیاسەتیان کردووە، ئەو بڕوایەی ئەوان بە بەرێز سەرۆککۆمارمان هەیانە و ناوە ناوە دووبارەی دەکەنەوە، پێشوەچوونی جوانن و دەرخەری نیەتی باشین، بەڵام دوای ئەو لێدوانانەی باسمان کردن، هەندێک کەسانی دیکە لەنێو دەم پارتی و شوێنی دیکە، رەخنە لەو کەسانە دەگرن کە بڕوایان بە سەرۆککۆمارمان هەیە. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە، دەم پارتی لەلای دیکەوە بۆچوونی دیکە و جیاوازی بۆ دێت. وەک چۆن دەرخەری ئەوەیە لەنێو خۆشیان کێشە و رووبەڕووبوونەوەیان هەیە. بۆیە پرسی کوردیش وەک ئامانجێکی سیاسی بەکاردێنن. منیش وەکو کوردێک گەواهی لەسەر ئەوە دەدەم. رووداو: پێتوایە لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئامەد، وەڵامی دەستپێشخەریی سیاسەتمەدارە ناودارەکانی کورد بدرێتەوە، سەبارەت بە دەستپێکی قۆناخێکی تازە لە پرسی کورد؟ عەزمی ئاکنجی: بەڕێز سەرۆککۆمارمان، هەر کاتێک بچێتە ئامەد، سەبارەت بە گەلی کورد و دۆخی ئاکپارتی بۆچوونی خۆی دەربڕیوە. بەر لەم هەڵبژاردنەش چەندان جار چووەتە ئامەد. وەک چۆن باسی لەوەش کردووە ساڵی 2005 چیم گۆتبێت لە ئامەد، ئێستاش لەسەر هەمان بۆچوونم. بۆیە ئێوەش بڕۆن لە برادەرانی دەم پارتی بپرسن، کێ پێڤاژووی ئاشتی تێکدا؟ ئێمە دەزانین، بەڵام با ئەوان خۆیان بیڵێن. ئێمە دەزانین کێ ویستی تێکدانی دۆخەکە و پێڤاژووەکەی هەبوو. نەک هەر ئەوەندە، ناو بە ناو دەزانین کێ رۆڵی هەبوو لە تێکچوونی پێڤاژووی ئاشتی. ئەوەی پێڤاژووی ئاشتی تێکدا و بووە هۆی ئەوەی پرسی کورد لە تورکیا بخرێتە نێو رەفەکانەوە، بەشێک لەوانە بوون کە بە دۆخەکە نیگەران بوون. دەتوانم ئەوانە بە هێزی دەرەکی ناو بنێم، وەک چۆن بە درێژکراوەی هێزە دەرەکیەکانیش دەتوانین ناویان بنێین. بەڵام لە سەرووی هەموویانەوە، ئەوەی ئەو دۆخەی تێکدا خودی قەندیل بوو. ئەوان ئەو نامەی بەڕێز ئۆجەلانیشیان، کە لە نەورۆزی ساڵی 2013ـی ئامەد خوێندرایەوە، بە تەواوی جێبەجێ نەکرد. هەروەها بوونە هۆکاری ئەوەی قسەکانی ئۆجەلان نەگەنە شوێنی خۆیان. ئەوەشیان بەوە پشتڕاست دەکردەوە، کە نابێت بە قسەی کەسێکی زیندانیکراو جووڵە بکەین. لەکاتێکدا ئامانجی قەندیل چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ئامانجی کۆمەڵێک وڵاتی زلهێزی جیهانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/27032024
خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی فارووق و كۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەڵێت، لە داهاتوودا دوو کۆلێژ لە بوارەکانی کارگێڕی و پەرستیاری لە سلێمانی دەکاتەوە، گوتیشی، ''کۆلێژەکان بەمەبەستی قازانج ناکەمەوە، هەوڵدەدەم لەگەڵ ئەوانی دیکەدا جیاواز بن.'' رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ فارووق مەلا مستەفا، خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی فارووق و کۆمپانیای ئاسیاسێڵ کرد، کە لە 239ـیەمین ساڵیادی بنیاتنانی سلێمانی پەخشکرا، تێیدا باس لە پڕۆژەکانی ئەو سەرمایەدارە کوردە بۆ هەرێمی کوردستان و سلێمانی کرا. فارووق مەلا مستەفا سلێمانی بە جوانترین شار پێناسە دەکات و ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەم شارە جیاواز لە ژیانی کۆمەڵایەتیی هەموو وڵاتان و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەزانێت. ''کەرتی پەروەردە و تەندروستی ژێرخانی هەر وڵاتێکن'' وەک ئەو سەرمایەدارە دەڵێت، ناوەندی رۆشنبیری و شاری پزیشکیی فارووق لە سلێمانی کە دوو لە گەورەترین پڕۆژەکانی خۆینی، لای ئەو ''خۆشەویستترین''ـن و کەرتی تەندروستی و پەروەردە بە ژێرخانی ئابووریی شارە گەورەکان ناو دەبات، کە پڕۆژەی دیکەیان لەسەر دادەمەزرێت. فارووق مەلا مستەفا باسی لەوە کرد، لە هەندێک لە پڕۆژەکانیدا وەکو شاری پزیشکیی فارووق، نەک تەنیا قازانجی نەکردووە، بەڵکو مانگانە زیانیشی بینیوە، ''بەڵام لەبەر ئەوەی گەورەترین خزمەتی خەڵکی تێدا دەکرێت، لە پڕۆژەکانی دیکەوە پارەی بۆ دابین دەکەم.'' شاری پزیشکیی فارووق لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی فارووق لە سلێمانی لە ساڵی 2014 کراوەتەوە، بەپێی ئامارەکانی خۆیان، 210 جێگەی نەخۆشی تێدایە، نزیکەی 190 پزیشکی بە ئەزموون و خاوەن بڕوانامەی باڵا کاری تێدادەکەن و شاری پزشکیی فارووق خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ سەرجەم دانیشتووانی عێراق و ناوچەکە دابین دەکات. هاوکات لەگەڵ کەرتی پەروەردە و تەندروستی، ئەو سەرمایەدارە ئاماژەی بەوە کرد، دەبێ گرنگی بە کەرتی پیشەسازیی سلێمانیش بدرێت، ''بە جۆرێک کە پڕۆژەکان سوودیان بۆ زۆربەی خەڵکی دەڤەرەکە هەبێت.'' یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی فارووقی مەلا مستەفا، پڕۆژەی ئاسیاسێڵە کە لە عێراق ''زیاتر لە 170 هەزار کەس'' پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە هەیە (لێی سوودمەند دەبن) و لە سلێمانیش ''نزیکەی 20 هەزار بۆ 30 هەزار کەس'' لە پڕۆژەکانی سوودمەند دەبن، وەک باسیش دەکات، ''بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، مۆبایلم هێناوەتە عێراق و لە سلێمانییەوە دەستیپێکردووە و تائێستاش ناوەندەکەی (ئاسیاسێڵ) هەر لە سلێمانییە.'' ئەو سەرمایەدارە زیاتر گرنگیی کەرتی پەروەردە و رۆشنبیری دەخاتەڕوو و دەڵێت، تائێستا زیاتر لە 100 کتێبی (بێبەرامبەر) بۆ هاووڵاتییان چاپکردووە. فارووق مەلا مستەفا جەختی لەوە کردەوە ئەگەر سەرمایەدارێک لە پڕۆژەکانیدا جگە لە پارە هیچ بنەمایەکی دیکەی نەبێت، سەری لێ تێکدەچێت، گوتیشی، ''کەم سەرمایەدار هەن، لە بزووتنەوە سیاسییەکاندا کە قورساییان هەیە، بەشدار بن.'' بەگوتەی ئەو سەرمایەدارە، سەرجەم پڕۆژەکانی لە سلێمانی دامەزراندووە (جگە لە ئاسیاسێڵ کە لە عێراقە بەڵام ناوەندەکەی لە سلێمانییە) و لە دەرەوەی وڵات هیچ وەبەرهێنانێکی نەکردووە. ئامۆژگارییەک بۆ گەنجان فارووق مەلا مستەفا ئامۆژگاریی ئەو گەنجانە دەکات کە دەیانەوێت پڕۆژەکانیان سەربکەوێت و ببنە سەرمایەداری دیار، دەڵێت ''دەبێ بەر لە هەموو شتێک گرنگی بە خوێندەواری بدەن، ئەزموونی کەسانی دیکە لە وڵاتان لەبەرچاوبگرن، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیان بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی خەڵکانی سەرکەوتوو هەبێت.'' ئەو سەرمایەدارە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، سەرکەوتن لە پڕۆژەکاندا تەنیا پارە نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ پڕۆژە لە خزمەتی وڵاتەکەیدا بێت. ''دووبارە سلێمانی بووژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت'' فارووق مەلا مستەفا ئاماژەی بەوەدا، ''ئومێدم هەیە سلێمانی دووبارە گەشەکردنێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام بەر لە هەر شتێک، دەبێ دەستنیشانی ئەوە بکرێت، کە هۆکارەکانی پاشەکشێی ئابووری و پیشەسازی لەم شارەدا چین.'' ئەو سەرمایەدارە کوردە پێیوایە، چارەسەری ''گەندەڵی'' لە هەرێمی کوردستان و سلێمانی یەکێک لە رێکارەکانی بووژانەوەی ئابووری و پیشەسازین، دەشڵێت، بنبڕکردنی گەندەڵی بەبێ بوونی دیموکراسییەت لە هەرێمی کوردستان ناکرێت. دروستکردنی دوو کۆلێژی جیاواز فارووق مەلا مستەفا ئەوەشی خستەڕوو، کۆلێژە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان و سلێمانی ''دواکەوتوون'' و ئاشکرای کرد، پڕۆژەی کردنەوەی دوو کۆلێژی پەرستاری و کارگێڕی بەدەستەوەیە، کە تێیاندا لە ئاستێکی پێشکەوتوو راهێنان بە خوێندکاران دەکرێت. ئەو سەرمایەدارە گوتی، ''لەبارەی کردنەوەی ئەم دوو کۆلێژە، قسەم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی کردووە و دیزاینەکانیان ئامادەیە، ئەگەر رێگەم لێ نەگرن، ئەم دوو کۆلێژە دەکەمەوە.'' فارووق مەلا مستەفا دەڵێ کۆلێژەکان بە مەبەستی ''قازانجکردن'' ناکاتەوە و هەوڵ دەدات لە بواری زانستی و تێچووی خوێندنەوە جیاوازی لەگەڵ کۆلێژەکانی دیکە هەبێت. پڕۆژەی شاری گەشتیاریی دووکان لە قەزای دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی شارێکی گەشتیاریی گەورە بە سەرمایەی ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلار لەلایەن فارووق مەلا مستەفاوە دروستدەکرێت. پڕۆژەکە توانای پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە 100 ھەزارەوە بۆ یەک ملیۆن گەشتیار زیاددەکات، ھەلی کاریش بۆ 26 ھەزار کەس دەڕەخسێنێت. شاری گەشتیاریی دووکان، لە ساڵی 2013ـەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دروستکردنی داوە، بەڵام کێشەی موڵکایەتی و قەرەبوونەکردنەوەی خاوەن زەوی و موڵکەکان، کارەکانی سستکردووە، ئەو سەرمایەدارە لەوبارەوە گوتی، ''هەندێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کاروباری پڕۆژەکانم رایی ناکەن و کاری دوو رۆژ دەکەن بە ساڵێک و دوو ساڵ.'' فارووق مەلا مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگی بە پڕۆژەی گەشتیاریی شاری دووکان داوە و سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکانیشی تەواو بوونە، گوتیشی، هەر لە درێژەی پڕۆژەکەدا پێشنیازیکردووە رێگەیەکی بەرفراوان هاوشێوەی رێگەی چینییەکان لە نێوان هەولێر و دووکان دروست بکرێت کە مەودای نێوانیان بۆ 45 خولەک کەم بکاتەوە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/19112023
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ناردنی کەشتیگەل و فڕۆکەی شەڕکەر لەلایەن وڵاتەکەیەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی ئەمریکا و هاوپەیمان و هاوبەشانیانە لە ناوچەکە. دەشڵێت، بەڵگە نییە ئێران لەپشت هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بووبێت. ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لە کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە رۆژی پێنجشەممە 13-10-2023 کاژێر 23:00 پەخشکرا، ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی نیازی نییە هێزی سەربازیی شەڕکەر بنێرێتە ناوچەکە؛ وڵاتەکەی وەکو "گرووپێکی تیرۆریستی" لە بزووتنەوەی حەماس دەڕوانێت. هەروەها حەماس بە هۆکاری هەڵگیرساندن و دەستپێکردنی شەڕ دەزانێت و دەڵێت، هەموو کارێک دەکەن بۆ ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان لەلای حەماس. سەبارەت بەو دەنگۆیانەشی باس لە دەستهەبوونی ئێران لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن، ساموێل وێربێرگ گوتی، هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ئێران لەپشت هێرشەکەوە بووبێت. رووداو: رۆڵی ئێستای ئەمریکا تەنیا پشتگیریکردنە لە ئیسرائیل، یان راگرتنی ئەو شەڕە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەمریکا و هەنگاوی دیپلۆماسی لەو پێناوەدا دەنێت؟ ساموێل وێربێرگ: هەندێک لەپێشترێتیمان هەیە، یەکەم ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان ئەمریکییەکان، وەکو ئەمریکا پێویستە کار بکەین و هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانمان، هەروەها بارمتەکانی دیکەی وەکو ئیسرائیلییەکان، تایلەندی و فەڕەنسییەکان، دووەم هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی پەیامێکی روون بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستە (حەماس) بنێرین بۆ راگرتنی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی دەیکات لە رێگەی مووشەکەوە لە دژی ئەو شوێنانەی خەڵکی سڤیلیان تێدایە لە ئیسرائیل، سێیەم هاوئاهەنگیکردن تایبەت بە هەوڵە پێویستەکان بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەلەستین و ئەگەری کردنەوەی هەر رێڕەوێکی مرۆیی کە رۆڵی هەبێت لە سووککردنی ئەو دۆخە مرۆییەی هەیە بۆ گەلی فەلەستین. رووداو: لەگەڵ کوژران و برینداربوونی ئیسرائیلییەکان بەهۆی هێرشەکانەوە، رۆژانە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلیش سڤیل دەکوژرێت، ئەمریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەکات؟ ساموێل وێربێرگ: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وای دەبینێت کە دەوڵەتی ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە، ئەمریکا ئەوە بەسەر ئیسرائیلدا ناسەپێنێت کە چۆن ئەو کارە دەکات، چۆن ئیسرائیل خۆی لە دژی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە دەپارێزێت، هێشتا لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانەوە ئەو هێرشە مووشەکییە بەردەوامانە دەبینین کە حەماس دژی شوێنە مەدەنییەکان دەیانکات، کەوایە ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو یارمەتییەکی پێویست، لە یارمەتیی ئەمنی و سەربازی بۆ بەرگریکردن لە خۆی پێشکێشی ئیسرائیل دەکات، لە هەمان کاتدا ئێمە لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبین لەبارەی گرنگیی پاراستنی هەموو مەدەنییەکان، مەدەنیی ئیسرائیلی بێت یان فەلەستینی، بەڵام پێویستە بەرپرسیارێتی لە شوێنی گونجاو دابنێین، بزووتنەوەی حەماس، ئەو بزووتنەوە تیرۆریستییە بەرپرسە لەو هەموو پشێوی و وێرانکاری و کوشتنە لە ناوچەکەدا، ئەو دەستیکرد بەو هێرشە تیرۆریستییانە لە ناوچەکدا پێش چەند رۆژێک، هەر ئەو بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە مرۆییە لە ئەستۆ دەبێت کە لە کەرتی غەززە هەیە. رووداو: ئیسرائیل هەوڵی لاوازکردن و لەناوبردنی حەماس دەدات، ئەمریکاش دەیەوێت ئەو کارە بکات، واتە سەرچاوەکانی دارایی وشک بکات، واتە رەفتاری ئەمریکا لەگەڵ حەماس وەکو مامەڵەیە لەگەڵ گرووپێکی تیرۆریستی دەبێت؟ ساموێل وێربێرگ: چەند ساڵێک لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو گرووپەی واتە حەماس بە گرووپێکی تیرۆریستی پۆڵێن کردووە، کەواتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ پێویستی بە گرتنەبەری هەنگاوی نوێ نییە بۆ پۆڵێنکردنی ئەو گرووپە، لەلای ئەمریکا گرووپەکە گرووپێکی تیرۆریستییە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی رێگری ناکەین، چونکە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەو گرووپە تیرۆریستییە (حەماس) نییە، بەڵام ئەو بەرپرسە لە دەستدرێژیکردن و رفاندنی بارمتەکان، بۆیە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشانمان لەناوچەکەدا لە پەیوەندیدا دەبین، هەندێک لەو وڵاتانەش لە وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، هۆکارێک لە هۆکارەکانی راسپاردنی بلینکنی وەزیری دەرەوەش بۆ ناوچەکە بۆ ئەوەیە بچینە گفتوگۆ و پەیوەندییەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا هەیە، چونکە پێویستە پەیامی روون بۆ بزووتنەوەی حەماس بنێرین لەبارەی گرنگیی ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانی ئەمریکا و بارمتەکانی دیکەش. رووداو: ئەگەر لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنان یان لە شوێنی دیکە بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکرێتەوە، هەڵوێستی ئەمریکا چی دەبێت؟ ساموێل وێربێرگ: ئەوە هۆکارێکە لە هۆکارەکان بۆچی ئەمریکا دەستیکرد بە گواستنەوەی هەندێک لە کەشتیگەلی هەڵگری فڕۆکەی شەڕکەر و کەرەستەی سەربازی و بەرگریی دیکە بۆ ناوچەکە، چونکە ئەمریکا نایەوێت هیچ فراوانبوونێکی ئەو ناکۆکییە بۆ ناوچەی دیکە ببینێت، ئێمە داوا لە هەموو لایەنەکان لەناوچەکە دەکەین گرژییەکان کەمبکەنەوە، ئێمە پێمانوایە هەندێک لایەن وەکو حیزبوڵڵا، رژێمی ئێران هەوڵدەدەن ئەو کارانە بقۆزنەوە، کەواتە ئەمریکا دەیەوێت زۆر روون بێت لەبارەی پشتیوانیکردنمان بۆ هاوپەیمان و هاوبەشانمان لە ناوچەکە، بۆیە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری سەرجەم رێوشوێنەپێویستەکان بۆ پاراستنی خۆمان و پاراستنی هاوپەیمان و هاوبەشانمان لە ناوچەکەدا. رووداو: ئەگەری هەیە رەوشەکە وای لێبێت ئەمریکا سەرباز بۆ ئیسرائیل بنێرێت، واتە ئەگەر ئیسرائیل داوا لە ئەمریکا بکات، ئەمریکا سەرباز دەنێرێت بۆ ئیسرائیل؟ ساموێل وێربێرگ: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تائێستا هیچ نیازێکی بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ ناوچەکە نییە، ئێمە هاوئاهەنگیی وردمان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان هەیە، هاوئاهەنگی دەکەین لەبارەی ئەوپەڕی توانامانەوە بۆ رزگارکردنی ژیانی سەرجەم بارمتەکان، ئێمە هەندێک بیرۆکە و تەکنەلۆژیا و توانای هەواڵگریی و شتی دیکە دەدەینە ئیسرائیلییەکان، ئەمریکا پێیوایە تائێستا هیچ پێویست بە دەستوەردانی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە لە کەرتی غەززە و ناوچەی دیکە ناکات. رووداو: ئێران بە تێوەگلان لەو هێرشانەی حەماس تۆمەتبار دەکرێت، ئەمریکا تەواو یەکلایی بووەتەوە کە ئێران رۆڵی لەو هێرشانەی حەماسدا نەبووە؟ ساموێل وێربێرگ: تائێستا گوێمان لە سەرۆک بایدن و وەزیر بلینکن بووە کە بەڵگەمان لەبەردەستدا نییە رژێمی ئێران راستەوخۆ دەستی لەو هێرشی تیرۆریستییانە لەلایەن حەماسەوە هەبووبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە رژێمی ئێرانی بەرپرسیارێتیی ناکەوێتە ئەستۆ، چونکە ساڵانێکە دەبینین کە چۆن یارمەتی وەک چەک و پارە و راهێنان دەداتە حەماس، حیزبوڵڵا و سەرجەم گرووپە تیرۆریستییەکان، بەڵێ لە کۆتاییدا پێمانوایە ئێران تێوەگلاوە و بەرپرسیارێتی هەیە، بەڵام لەبارەی ئەم هێرشانەوە بە دیاریکراوی، تائێستا بەڵگەمان لەبەردەستدا نییە کە حکومەتی ئێران یان رژێمی ئێران راستەوخۆ دەستی هەبووبێت، بەڵام هێشتا زانیاری و وردەکاری کۆدەکەینەوە. رووداو: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەسەڵاتیان هەیە پارەکانی ئێران کە بەمدواییانە ئازادکران بلۆک بکاتەوە، ئەمریکا کەی دەسەڵاتەکانی بۆ بلۆککردنەوەی پارەکانی ئێران بەکاردەهێنێت؟ ساموێل وێربێرگ: کەواتە یەکەم پێویستە جەخت بکەینەوە تائێستا رژێمی ئێران نەگەیشتووە و ناگاتە یەک دۆلار لەو پارانە، ئەمریکا بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ قەتەر توانای چاودێریکردنی ئەو هەژمارانەی لە بانک لە قەتەر هەیە، هەموو توانایەکمان هەیە بۆ ئەوەی ئەوە ببینین، بەگشتی پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ ئەوەی وردەکاریی زیاترتان هەبێت، بەڵام هەموو توانایەکمان هەیە لە راگرتنی وەرگرتنی ئەو پارانەوە لەلایەن رژێمی ئێرانی، بەڵام پێویستە بڵێین رژێمی ئێران توانای وەرگرتنی ئەو پارانەی نییە تەنیا بۆ بابەتی مرۆیی و خۆراک نەبێت، بۆیە ئەمریکا چاودێریی بابەتەکە دەکات و لەوە زیاتر نامەوێت قسە بکەم، چونکە وردەکاریی یاساییە. رووداو: عێراق پشتیوانی خۆی بۆ فەلەستین نیشانداوە، ئەمریکا چۆن لەو بابەتە دەڕوانێت؟ ساموێل وێربێرگ،: بەشێوەیەکی گشتی ئەمریکا پشتیوانی هەر گەلێک لە گەلان دەکەین بۆ ئەوەی خۆپێشاندانی ئاشتییانە و ناڕەزایەتی ئاشتیانە بکات، ئەمریکا دژی ئەوە نییە، بەڵام با بپرسین ئایا ئێمە بە کردەیی پشتیوانی گەلی فەلەستینی دەکەین، ئایا ئەو لایەنانە پشتیوانی لە گەلی فەلەستینی دەکەن، چونکە کێ لە دژی گەلی فەلەستینی دەوەستێت، بزووتنەوەی حەماس ئەو بزووتنەوە تیرۆریستییە بەرپرسیارێتی خراپیی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە دەگرێتە ئەستۆ، کەواتە ئەگەر هەر لایەنێک لە هەر وڵاتێک بیەوێت کە پشتیوانی لە گەلی فەلەستینی بکات، باشترین رێگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتە ئەوەیە هەڵوێستێکی زۆر روونی هەبێت و سەرکۆنەیەکی زۆر روونی لە دژی حەماس هەبێت. رووداو: ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراق هەڕەشەی ئەوەیان کردبوو ئەگەر ئەمریکا بچێتە نێو ئەو شەڕەوە بنکە و بارەگاکانیان لە عێراق دەکەنە ئامانج، هەڵوێستتان چییە؟ ساموێل وێربێرگ: نامەوێت بچمە وردەکارییەکان و پێشبینی ئەنجامەکان، بەڵام دەکرێت ئەوە دووپاتبکەمەوە کە هاوئاهەنگی و پەیوەندیی تەواومان لەگەڵ هەموو دەسەڵاتەکانی ناوەندی و خۆجێی لە عێراق هەیە، لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، هێزە کوردستانییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوئاهەنگیی باش و بەهێزمان لەگەڵ سەرجەم دەسەڵاتەکانی عێراق هەیە و هەموو رێکاری پێویست بۆ پاراستنی خۆمان دەگرینەبەر، سوپا و هێزە ئەمریکییەکان تەنیا بۆ هۆکاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی عێراق لەوێن سەبارەت بە شەڕی دژ بە داعش، کەواتە ئێمە لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەوێین.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/13102023
جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە ماوەیەکی نزیکدا کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک چارەسەر دەبێت و راگرتنی پەیوەندییەکانی ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ تۆڕەکانی دیکە "ستەم و بڕیارێکی بەپەلە" بووە. د. ئیبراهیم میرانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق لە چارەسەر نزیکبووەتەوە و ئێستا هەردوولا لەسەر کۆمەڵێک خاڵ رێککەوتوون، چاوەڕوان دەکرێت بەمنزیکانە کێشەکە چارەسەر بکرێت و پەیوەندییەکان ئاسایی ببنەوە. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پەرلەمانی عێراق، هەندێک کەس و لایەن "رۆڵی خراپیان" لە ئاڵۆزکردنی کێشەکانی نێوان کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان بینیوە. دەڵێت، "بابەتەکە پەیوەندی بە کێشەی سیاسیی و بازرگانییەوە هەبوو، لە کاتێکدا پێشتر دادگە دوو بڕیاری لە بەرژەوەندیی کۆڕەک دەرکردبوو و کاریان پێنەکرا، بەڵام یەک بڕیاری لە بەرژەوەندیی دەستەی پەیوەندییەکان دەرکرد و راستەوخۆ جێبەجێکرا." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق: رووداو: لیژنەیەکتان هەیە لەماوەی رابردوودا ئەم لیژنەیە چی کردووە لەنێوان کۆمپانیای کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان لە عێراق؟ د. ئیبراهیم میرانی: پێشەکی دەمەوێت دڵنیایی بدەمە 7 ملیۆن بەشداربووی کۆڕەک کە ئەم کۆمپانیایە یەکەمبوو لە بوارەکەی خۆیدا، پەیوەندییەکان جیهانێکی بەرفراوانە و وەزارەتێکیش هەیە وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەستەیەکیش هەیە دەستەی پەیوەندییەکان، بەشی سێیەمیش کۆمپانیاکانە، سەرەتا کێشەی هەرە گرنگ لەنێو یاسای پەیوەندییەکاندا هەبوو کێشەی زۆر گەورە لەنێوان وەزارەت و دەستەکەدا هەبوو، دەسەڵاتەکانیان تێکەڵ دەبوو و تەنانەت کێشەکە گەیشتە سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئەم کێشەیە تەنیا کێشەی کۆڕەک نەبوو بەڵکو کێشەی کۆمپانیاکانی پێوەندیکردن بوو لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکان و وەزارەت، کۆمپانیاکانی "ئێرس لینک، ئاسیاسێڵ، زەین"و هەندێک کۆمپانیای بچووکی ئینتەرنێت کێشە بەردەوام هەبووە، لەبارەی کێشەی کۆڕەک، کێشەی کۆڕەک لە 2015ەوە کەڵەکەبووە لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکان، کۆڕەک کاتی خۆی گرێبەستێکی روون و راشکاوی هەبووە لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکان ئەویش کۆدی (0790) لە گرێبەستەکەدا دەستەکە پابەندکراوە کە ئەو کۆدە کۆمپانیای کۆڕەک بەکاریبهێنێت، کۆدەکەیان نەدا و ئەم کێشەیە لەسەرئەوە سەریهەڵدا دوای ساڵێک کۆڕەک دووجار چووە دادگە و دوو بڕیاری بەدەستهێنا کە ئەمە مافی کۆڕەکە و دەبێت ئەو کۆدە بۆ کۆڕەک بێت، ئەم کێشەیە ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو تاوەکو لە کۆتایدا لیژنەکەی ئێمە وەکو چاودێریی چووە ناو کێشەکەوە تاوەکو بزانین کام لایەن خاوەن مافە، زیاتر لە ساڵێکە ئێمە وەکو لیژنەی پەیوەندیدار لە گفتوگۆداین لەنێوان کۆمپانیای کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان. رووداو: ئەو گفتوگۆیانە چۆن بەڕێوەچوون لەنێوان کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان؟ د. ئیبراهیم میرانی: من وەکو جێگری سەرۆکی لیژنە و وەکو نوێنەری خەڵکی هەرێمی کوردستانیش کە ئەو کۆمپانیایە کوردستانییە رۆڵمان هەبووە، میوانداریی وەزیری پەیوەندییەکانمان کردووە، هەروەها چەندجارێک میوانداریی سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان و ئەنجوومەنی ئەمیندارانمان کردووە لەبارەی کێشەکان بە گشتیی و کێشەی کۆڕەک بە تایبەتی، تاوەکو ئەو کاتەی دادگە بڕیارێکی دەرکرد کە دەبێت کۆمپانیای کۆڕەک شایستەکانی بدات پێش چەند مانگێک، لەکاتێکدا پێشتر کۆڕەک دوو بڕیاری هەبوو کە دەبێت شایستەکانی پێبدرێت بەڵام بەداخەوە ئەو بڕیارانە جێبەجێنەکران بەڵام ئەم بڕیارەی کۆتایی کە لە بەرژەوەندی دەستەی پەیوەندییەکان بوو رژدبوون لەسەر جێبەجێکردنی و داوایانکرد کۆڕەک وەکو کۆمپانیاکانی دیکە ئەو بڕە پارانە بدات کە لە ئەستۆیەتی، کۆمپانیای کۆڕەکیش گوتی پابەند دەبین بە بڕیاری دادگە بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەمە بڕێک یان دوو بڕی دیاریکراو نییە بەڵکو چەندین بەشە و پێویستە هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر بکرێن بۆ نموونە هەندێک بڕگە تایبەتە بە سوودی قەرزەکان و لەسەر کۆمپانیای کۆڕەک وەکو قەرز هەژمارکراون کۆڕەک گرفتی نەبوو لە گەڕاندنەوەی قەرزەکان بەڵام چەندین ساڵە سوودی سەر قەرزەکان هەژمارکراوە هەربۆیە ئێمە وەکو لیژنەی پەیوەندیدار لیژنەیەکی لاوەکیمان دروستکرد بۆ چاودێری گفتوگۆکانی کۆڕەک و دەستەی پەیوەندییەکان و چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەردوولایان ئەنجامدا و گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی لە هەندێک بڕە پارەی کەڵەکەبوودا ستەم لەم کۆمپانیایە کراوە، بەرپرسانی کۆڕەکیش چەندجارێک جەختیانکردووەتەوە کە هیچ گرفتێکیان نییە لە پێدانی ئەو بڕە پارانە بە دەوڵەت، بەڵام هەندێکیان پێویستە دادگە یەکلایی بکاتەوە، دەمەوێ بە کورتی بڵێم ئێمە دەیان کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەردوولا ئەنجامداوە من وەکو سەرۆکی لیژنەی لاوەکی و جێگری سەرۆکی لینەی پەیوەندییەکانیش بەڵگە و دۆکیۆمێنت و کۆنووسی کۆبوونەوەکانمان بۆ جەنابی محەممەد شیاع سوودانی ناردووە وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق و راسپاردەکانی خۆمانمان بەرزکردووەتەوە کە مافی کۆڕەک ئەمەیە و مافی دەستەی پەیوەندییەکانیش ئەوەیە هەردوولاش خپشحاڵ بوون کە ئێمە بەشێوەیەکی یاسایی و پیشەیی راسپاردەکانی خۆمانمان نووسیوە. رووداو: هیچ بڕیارێک لەبارەی ئەم دۆسێیە دەرچووە؟ د. ئیبرهیم میرانی: چەندین بڕیار دەرچووە، بڕیاری یەکەم دەستەی پەیوەندییەکان گوتی بەشێوەیەکی گشتی ئەم راسپاردانەی لیژنەکە دادپەروەرانەیە ئەگەرچی لە هەندێکیان ناڕازین بەڵام لەسەر بنەمای ئەم راسپاردانە لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک دادەنیشین، لەکاتێکدا پێشتر دەیانگوت ئێمە هیچ دانیشتنێک ناکەین و ئەمە بڕیاری دادگەیە و کۆڕەکیش دەیگوت ئێمەش دانانیشین و چاوەڕیی بڕیاری دادگە دەکەین، ئێمە گوتمان تاوەکو کەی ئەم دۆسێیە بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە چونکە دەوڵەتیش زیانمەندە و ئەم بڕەپارانە لە دەستی دەوڵەت دەچێت، هەروەها بەشداربووانیش زیانمەند دەبن و کاریگەریی لەسەر کۆمپانیاکە و بەشداربووانی هەیە لەسەر ئەو بنەمایە گەیشتینە چارەسەری گونجاو لەسەر هەندێک بڕەپارە کە هەردوولا پێی رازین وەکو دەستپێکی پاکتاوکردنی پارەکان و ئەو بڕە دەستنیشانکراوانە چووە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەوانیش گوتیان ئەمە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییە و هیچ گرفتێکمان نییە، دۆسیەکە چووە وەزارەتی دارایی و چەند تێبینییەکیان هەبوو، دواتر وەزارەتی دارایی دۆسیەکەی ناردەوە بۆ دەستەی پەیوەندییەکان و دەستەی پەیوەندییەکانیش بە فەرمی وەزارتی ئاگەدارکردەوە کە ئەمانە راسپاردەی لیژنەی پەرلەمانین و دواین نووسراویش لە 7 ئایار وەزارەتی پەیوەندییەکان ناردوویەتی بۆ دەستەی پەیوەندییەکان پێش 4 رۆژ پەیوەندیمان بە دەستەی پەیوەندییەکان کرد و گوتیان نووسراوەکەمان پێگەیشتووە بەڵام سەرۆکی دەستە گەشتێکی کاری ئەنجامداوە، ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێکی باش. رووداو: وەکو گوتت ئێستا کۆڕەک رەزامەندیی نیشانداوە قەرزەکانی بداتەوە، ئێستە خاڵی ناکۆک چییە؟ د. ئیبراهیم میرانی: خاڵی ناکۆک بڕیارەکانی دادگەیە، ئەمە کێشەیەکی یاساییە لەبارەی بڕەپارەیەک لەنێوان دەوڵەت و کۆمپانیایەک هەربۆیە ئێمە وەکو لیژنەی پەرلەمانی هاتینە ناو کێشەکە تاوەکو ئەو کاتەی کێشەکە لەرووی یاساییەوە یەکلایی دەبێتەوە هیچ لایەک زیانمەند نەبێت. رووداو: کێشەکە ئێستا لەسەر سوودی قەرزەکانە؟ د. ئیبراهیم میرانی: بەڵێ سوودی قەرزەکانە، کۆڕەک هیچ گرفتێکی نییە لەبارەی گەڕاندنەوەی قەرزەکان بەڵام لەکاتێکدا چاوەڕوانی بڕیاری دادگە بوو سوود لەسەر قەرزەکان دانراوە؟ رووداو: بڕی قەرزەکە چەندە و سوودەکەی چەندە؟ د. ئیبرهیم میرانی: ئەمانە ژمارەی وردن پێویستە ژمێریاری کۆڕەک بڕە پارەکان دەستنیشان بکەن چونکە بەش بەشن هەندێکیان رۆتینین و تاوەکو ئێستاش کۆڕەک رادەستیان دەکات، هەندێک بڕیان پێویستە پاکتاو بکرێن. رووداو: وەکو قەرز باس لە سنووری ملیارێک دۆلار دەکرێت، ئەو ژمارەیە دروستە؟ د. ئیبرهیم میرانی: کەمترە لە ملیارێک دۆلار، چونکە لەنێو ئەو بڕەدا هەندێک بابەتی رۆتینی هەن وەکو باجی مانگانە و شێوازی دیکەی باج کە بەردەوام کۆڕەک دەیاندات بە حکومەت، بەڵام ئەوە ستەم بوو لەو کۆمپانیایە کرا، تەنانەت ئەنجوومەنی ئەمیندارانیش گوتیان ئەوە ستەمە بڕیاری دادگە روونکردنەوەی نەداوە لەبارەی سوودی قەرزەکان لەکاتێکدا لەسەر بڕیاری دادگە ئەم قەرزانەی نەداوەتەوە کۆڕەک هەندێک دژیەکیش هەبوون پێشتر هەندێک کەس موزایەدەیان لەسەر بابەتەکە دەکرد و هەندێک کەسیش هەوڵیان دەدا کێشەکە ئاڵۆزتر بکەن سوپاس بۆ خودا ئەو شتانەمان چارەسەرکرد. رووداو: خاڵێک بۆ خەڵک زۆر گرنگە، زیاتر لە 7 ملیۆن کەس بەکارهێنەری کۆڕەک تیلیکۆمن و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕەکانی دیکە ئاسایی ببێتەوە، ئەم کێشەیە کەی چارەسەر دەبێت؟ د. ئیبرهیم میرانی: لەبارەی راگرتنی پەیوەندی کۆڕەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە بڕیارێکی زۆر بەپەلە بوو و تەنانەت دەستەی پەیوەندییەکانیش پەشیمان بوون و دانیان بەوەدا نا کە پەلەیان لەو بڕیارەدا کردووە، هۆکاری هاتنەناوەوەی لیژنەی پەرلەمانیش بۆناو ئەم کێشەیە ئەوەیە کە 7 ملیۆن کەس بەشداربووی ئەم کۆمپانیایەن و هەزاران کەس کاری تێدا دەکەن لەکاتێکدا کە کۆڕەک کۆمپانیایەکی عێراقییە، پشتیوان بە خودا لە ماوەیەکی کەمی داهاتوو بڕیار دەدرێت بۆ چارەسەری کێشەکان، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان بگەڕێتەوە و بڕیارێک بدرێت ئێمە پەیوەندیمان بە هەموو لایەنەکانەوە کردووە و چاوەڕێین سەرۆکی دەستە بگەڕێتەوە و پشتیوان بە خودا گەیشتووینەتە قۆناخی بڕیاردان. رووداو: پێشبینی دەکەن بڕیارەکە چی بێت؟ د. ئیبرهیم میرانی: وەکو کەسێک کە ئاگەداری وردەکارییەکانم بڕیاری دادگە و یاساکان روونن، ئێمە وەکو لیژنەی پەرلەمانی پابەندین بەوەی داکۆکی لە مافی 7 ملیۆن بەشداربوو بکەین، پشتیوان بە خودا بڕیارەکە دەدرێت چونکە ئەو بڕیارەی پێشتر ستەم بووە و ئەگەر بڕیارێکی گونجاو نەدرێت ئێمەو وەکو لیژنەی پەرلەمانی لێی بێدەنگ نابین. رووداو: پێشتر دەگوترا کۆمپانیای کۆڕەک دادەخرێت، یان دەگوترا کۆمپانیاکە بەهۆی ئەم گوشار و سزایەوە بە یەکجاریی دەفرۆشرێت، ئەمانە تاوەکو چەند راستن؟ د. ئیبرهیم میرانی: راستی سۆشیال میدیا و بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندنیش رۆڵێکی باشیان نەبوو، هاوڕێیەکی ئێمە گوتی ئەگەر کۆڕەک بڕیارەکان جێبەجێ نەکات بە یەکجاریی دادەخرێت، لەماوەی 24 کاژێردا گرنگییەکی زۆری میدیایی پێدرا دیاربوو کە بابەتەکە بابەتی سیاسیی و بازرگانییە داوا لە راگەیاندنەکان و سۆشیال میدیا دەکەم کە ئەگەر هەواڵێکیان بڵاوکردەوە پیشتر دڵنیا ببنەوە دواتر بڵاوی بکەنەوە چونکەوە ئەوە بەرژەوەندی و نێوبانگی خەڵکی تری پێوەیە، هەندێکجار ئێمە لێدوانێک دەدەین نابینین راگەیاندنەکان گرنگی پێبدەن، بەڵام هەر هەمان رۆژ هەڤاڵێکی ئێمە "عەقیل فەتلاوی" لە فەرمانگەی راگەیاندن لێدوانێکی دابوو گرنگی زۆری پێدرا کە گوتبووی ئەگەر کۆڕەک پابەندییەکانی جێبەجێنەکات مۆڵەتەکەی لێوەردەگیرێتەوە گرنگییەکی زۆری راگەیاندنی پێدرا، بەداخەوە ئەمانە بابەتی سیاسیی و بازرگانین و خۆشتان ئاگەدارن لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەندێک کێشە هەن و هەندێک کەس و راگەیاندن و لایەن دەیانەوێت بەردەوام سوود لەو گرفتانە وەربگرن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/290520247
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، زانیارییەکانی لەبارەی پرسی کوردەوە تەواو نین، هەروەها بەڵێن دەدات لە پاش هەڤپەیڤینەکە زیاتر لەبارەی کوردەوە شارەزا ببێت. کۆماری مۆزەمبیق دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا. ئەم مانگە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات. پێدرۆ ئەفۆنسۆ، نوێنەری مۆزەمبیق کە ئەم مانگە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات لە بارەگای سەرەکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زانیارییەکانمان لەسەر پرسی کورد روون و تەواو نین"، بەڵام بەڵێنی بە پەیامنێری رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا کە "دوای ئەم هەڤپەیڤینە تەماشای بابەتەکە دەکەم و زیاتر دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی زانیارییەکانم سەبارەت بەو پرسە باشتر بکەم و راوێژ بدەمە حکومەتەکەم". پێدرۆ ئەفۆنسۆ، نوێنەری مۆزەمبیق رۆژی 24ی نیسانی 2024 لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا سەبارەت جێبەجێنەکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە گوتی، "دەمانەوێ بڕیارەکە بەزووترین کات لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و گرووپی حەماسەوە جێبەجێبکرێت"، لەو باوەڕەشدایە ئیسرائیل لەو قۆناخەدا چارەسەری دوو دەوڵەت قبوڵ ناکات. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پێدرۆ ئەفۆنسۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رووداو: زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵمانی. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: زۆر سوپاس رووداو: دەمەوێت لە بڕیاری چەند هەفتەی رابردووەوە دەستپێبکەم، چاوەڕێ دەکەن کەی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت؟ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بەوانەی کە بڕیارەکەیان لەسەر دراوە. لەم کەیسەدا، دەمانەوێ بڕیارەکە بەزووترین کات لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و گرووپی حەماسەوە جێبەجێبکرێت. ئێمە لەوە تێدەگەین کە بۆ ئەوە پێویستە گفتوگۆ بکرێت و پێمانگوتراوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن. ئەنجوومەنی ئاسایش کۆنترۆڵی بەسەر پێشڤەچوونەکانی ئەو گفتوگۆیانە دا نییە، بەڵام چاوەڕوانیمان هەیە کە هەمووان رێز لە ئەنجوومەنی ئاسایش بگرن و پابەندبن بە بڕیارەکانییەوە، چونکە بڕیارەکان رەتنەکراوەن. رووداو: وەکو ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایش، پێتوایە کە ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێ ئیسرائیل رازی بکات بە چارەسەری دوو دەوڵەت؟ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: لەم قۆناخەدا نا، بەڵام چارەسەرکردنی دوو دەوڵەت هەر لەسەرەتاوە لە ساڵی 1948 دەستیپێکرد. ئەو هەڵوێستەش لەلایەن ئەنجوومەنە یەک لە دوا یەکەکانەوە قبووڵ کراوە، لەنێویاندا بڕیاری 242 لە ساڵی 1967 کە کۆتایی بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێنا. بێگومان بڕیارەکە دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی تێدابوو. بە تێپەڕبوونی کات، بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری چارەسەرکردنی دوو دەوڵەت، زۆر دەستپێشخەری لەو شێوەیە هەبوون. ئەوەش هۆکاری کۆبوونەوەی ئێمە بوو بۆ قبووڵکردنی ئەندامێتی دەوڵەتی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا. رووداو: ئێستا پرسیارێک لەسەر کورد دەکەم؛ ئێمە باسی زیاتر لە 40 ملیۆن خەڵک دەکەین، ئێوە دەزانن کە ئەوان دەوڵەتیان نییە، پێتوایە ئەوە دادپەروەرییە؟ ئەوان تەنانەت کورسیشیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا نییە. پێتوایە ئەوە دادپەروەرییە بۆ 40 ملیۆن کەس کە دەوڵەتیان نییە؟ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: کاتێک گفتوگۆمان دەکرد، پێموابێ رۆژی 18ی نیسان پێنجشەممە یاخود هەینی بوو، بۆ قبووڵکردنی ئەندامێتی دەوڵەتی فەلەستینی لەنێو کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دا. مۆزەمبیق ئەوەی روونکردەوە کە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆمان، خەباتێکی درێژخایەنی بەدەستهێنانی ئازادیمان کرد کە زیاتر لە 10 ساڵی خایاند، بەڵام داگیرکاریی پورتووگالی زیاتر لە 500 ساڵ درێژەی کێشابوو. بۆیە وڵاتان و هیچ رێکخراوێک تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین و سەروەری نادەن. ئەوانە پێویستییەکن دەبێ لەلایەن ئەو خەڵکانەوە بەدەستبهێنرێن کە خەباتی بۆ دەکەن، وەکو ئەوەی ئێمە کردمان لە مۆزەمبیق، لە ئەنگۆلا، کەناری عاج و وڵاتانی دیکەش. بە درێژایی مێژوو، هەندێک لە وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، لەوانی دیکە خۆشبەختتر بوون. بۆ نموونە لە ساڵانی شەستەکان زۆر لە کۆلۆنییەکانی فەرەنسا و بەریتانیا، بەپێی بڕیاری 1514ی نەتەوەیەکگرتووەکان سەربەخۆییان پێدرا. ئەو بڕیارە داوایکرد کە مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی بدرێت بەو گەل و وڵاتانەی لەژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم دا بوون. بۆیە دەبینی ژمارەیەکی گەورەی وڵاتان لە شەستەکان دا بە رێگەی ئاشتییانە سەربەخۆییان بەدەستهێنا، بەڵام ئێمە لە مۆزەمبیق هاوشێوەی ئەنگۆلا شەڕمان بۆ سەربەخۆیی کرد. رووداو: مانگی داهاتوو (ئایار) مۆزەمبیق دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، چاوەڕوانیی ئێمە چی بێت، مژارە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش چی دەبن؟ هیچ بڕیارێکی تایبەت بە کورد یاخود پرسی دیکەی نێودەوڵەتی دەبینین؟ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی تایبەت بە کورد لە ئەجێندای ئەنجوومەنی ئاسایش دا نییە، بەڵام چەندین مژاری گرنگمان هەیە کە دەبنە جێگەی سەرنجی ئەنجوومەنی ئاسایش. پێش ئەوەی بچمە نێو ئەو بابەتە با ئەمە بڵێم؛ زۆر مژار و نیگەرانیی نێودەوڵەتی پەیوەست بە خەڵک و وڵاتان هەن کە لە ئەجێندای ئەنجوومەنی ئاسایش دا نین، ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەوانە گرفت نین و نابێ رێزیان لێبگرین. ئەوانە کێشەن، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایش قسە لەسەر هەموو مژار و گرفتێکی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی ناکات. رووداو: پێتوایە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش، یاخود ئێوە وەکو نوێنەری مۆزەمبیق ئاگاداری پرسی کوردن؟ پێتوایە کە کێشەیەکی گەورەی نێودەوڵەتییە؟ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: دەبێ دان بەوە دابنێم کە زانیارییەکانمان لەسەر پرسی کورد روون و تەواو نین. دەتوانم بەڵێنی ئەوە بدەم کە دوای ئەم هەڤپەیڤینە تەماشای بابەتەکە دەکەم و زیاتر دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی زانیارییەکانم سەبارەت بەو پرسە باشتر بکەم و راوێژ بدەمە حکومەتەکەم. رووداو: بەپێی راپۆرتە هەواڵییەکان، دۆخێکی مرۆیی لە مۆزەمبیق هەیە. ئایا دۆخی مرۆیی و هاوکارییە مرۆییەکان چۆنن؟ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: بەڵێ ئێمە دۆخێکی مرۆیی زۆر جددیمان هەیە. هۆکاری بنەڕەتیش تیرۆریزمە لە مۆزەمبیق. تیرۆریزمێک کە لە نێوخۆوە دروست نەبووە، بەڵکو لە دەرەوە هاوردەکراوە، لە کۆنگۆی دیموکراتی و سۆماڵیاوە. ئێمە بڵاوبوونەوەی تیرۆر لە ئەفریقا دەبینین، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئێستا لەسەر بە ئەفریقاییکردنی تیرۆریزم گفتوگۆ دەکەین. گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لیبیا رێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی تیرۆریزم پێگەی خۆی لە ئەفریقا دروست بکات. بەهۆی بڵاوبوونەوەی تیرۆر لە مۆزەمبیق، ژمارەیەکی زۆر خەڵک ئاوارە بوون، چونکە تیرۆریستەکان هێرش دەکەنە سەر گوندەکان و شارە بچووکەکان و ژیانی ئاسایی خەڵکیان تێکداوە. ئەوەش هۆکاری ئەو دۆخە مرۆییە سەختەیە. ئێمە چەند هەنگاوێکمان دەستپێکردووە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تیرۆریزم و لەوەدا سەرکەوتوو بووین. بەڵام ناکرێت بە تەواوی کۆنترۆڵی تیرۆریزم بکرێت، دۆخەکە بەوشێوەیە. لەلایەکی دیکەوە دەمەوێ بڵێم پشتیوانییەکی زۆر لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ پێویستییەکانمان هەیە، لەڕووی مرۆیی و لە شەڕی دژی تیرۆریش دا. رووداو: زۆر سوپاس. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش: زۆر سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/020520241
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، دۆسیەی ئاو، پڕۆژەی 'رێگەی گەشەپێدان' و چەند پرسێکی دیکەیش کراوە. دەشڵێت، تورکیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە پشتیوانیی هەر رێگەیەک بکات کە ببێتە هۆی سوود گەیاندن بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات و لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا بە "قووڵی" باسیان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کردووە. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە سەردان و کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیادا لەگەڵ بەپرسانی حکومەتی عێراق، هەردوولا کۆمەڵێک دۆسیە و بابەتیان تاوتوێکرد کە پەیوستبوون بە ئاو، فراوانکردنی وەبەرهێنان، ئابووری و گەشەپێدان، ئاڵوگۆڕ و هاوکاری و هاوئاهەنگی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا، پێدانی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵات بۆ پیاوانی کار و وەبەرهێنەران، رێکاری پێدانی ڤیزا بۆ تەواوی گەشتیارانی عێراقی و تورکیا. گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی دۆسیەی ئاو لەنێوان هەردوو وڵات گوتی، لە کۆبوونەوەکاندا "بە چڕی باسکراوە. لە رێگەی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردووڵات بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. لایەنی تورکیا باسی لەوەکرد، کە دیدگەی حکومەتی تورکیا بریتییە لە پشتیوانیکردنی عێراق و دووپاتیان لە قووڵایی ئەو پەیوەندییانە کردەوە، پێویستە هەموو ئاستەنگەکان لاببرێن لە هەموو دۆسیە هاوبەشەکاندا، بە دیاریکراویش دۆسیەی ئاو." لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، "گفتوگۆیەکی تەکنیکیی قووڵ لەسەر ئەوبابەتە کراوە، لیژنەیەکی تایبەتمەند هەیە کە تاوتوێى ئەوە دەکات، لە سەردانی ئەم دواییانەی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت بۆ ئەنقەرە بە وردی باسی ئەم بابەتە کراوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندار." دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی چی کراوە و تورکیا چ داوایەکی لە عێراق هەبووە؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هەردوولا کۆمەڵێک دۆسیە و بابەتیان تاوتوێکرد کە پەیوستبوون بە ئاو، فراوانکردنی وەبەرهێنان، ئابووری و گەشەپێدان، ئاڵوگۆڕ و هاوکاری و هاوئاهەنگی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا، لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پێدانی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵات بۆ پیاوانی کار و وەبەرهێنەران، رێکاری پێدانی ڤیزا بۆ تەواوی گەشتیارانی عێراقی و تورکیا. رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەش کە بەدواداچوون بۆ هەموو دۆسیە لاوەکییەکان دەکات کە گرنگ و پەیوەندیدارن و رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندیی نێوان هەردولا دەبێت، بەهێزکردنی ئەو لیژنەیە لە رێگەی بەدواداچوونی چڕ لەلایەن هەردوو بەڕێزان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات. گفتوگۆکان ئەرێنی بوون، بەڵام پێویستمان بە رێچکە و هەنگاوێکە کە مۆرکێکی یاساییان هەبێت. دیدگەیەکی روون هەبوو سەبارەت بە 'رێگەی پەرەپێدان' کە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، لایەنی تورکی خواست و ئامادەیی و هیوای دەربڕیوە کە بەشێکی چالاک و پشتیوانی رێچکەی ئەو کارە بێت. هەروەک بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانیی وڵاتەکەشی دەربڕی بەشێوەیەکی سیاسی و بەردەوام بۆ حکومەت و گەلی عێراق و ئاماژەی بە پەیوەندیی برایانە دا کە هەردوو وڵاتی دراوسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە. رووداو: عێراق بۆ دۆسیەی ئاو داوای لە تورکیا هەیە، تورکیا ئاوی زیاتر بۆ عێراق بەردەداتەوە؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئەم دۆسیە بە چڕی باسکرا، لە رێگەی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردووڵات بەدواداچوونی بۆ دەکرێت کە دروست دەکرێت بە ئامانجی هاوئاهەنگی لەبارەی ئەو دۆسیانەی کە مۆرکێکی تەکنیکی و پسپۆڕییان هەیە بۆ کەرتە هاوبەشەکان لەنێوان هەردوولادا. لایەنی تورکیا باسی لەوەکرد، کە دیدگەی حکومەتی تورکیا بریتییە لە پشتیوانیکردنی عێراق و دووپاتیان لە قووڵایی ئەو پەیوەندییانە کردەوە، پێویستە هەموو ئاستەنگەکان لاببرێن لە هەموو دۆسیە هاوبەشەکاندا، بە دیاریکراویش دۆسیەی ئاو. رووداو: بۆ مەسەلەی پەکەکە تورکیا چ داوایەکی لە عێراق هەبوو؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: عێراق هەنگاوی ئەرێنیی دیاریکراو و بەرنامە داڕێژراوی گرتووەتەبەر لە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی بە درێژایی هێڵی سنووری نێوان هەردوولا، ئەوەی تایبەتە بە خاکی عێراقەوە، عێراق لە رێگەی بەڕێز فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە بەردەوامە لە دووپاتکردنەوە لەوەی کردەوەی سەربازیی تاکلایەنە زیان بە بنەمای دراوسێیەتیی باش دەگەیێنێت و دۆخی ئەمنی ئاڵۆزدەکات، کاری لەپێشینەی هەوڵی هاوبەش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە و بەرەنگاربوونەوەی توخمەکانیەتی. هەردوولا رێککەوتن لەسەر دیدگەیەکی هاوبەشی ستراتیژیی کە رێچکەی خۆی بگرێت لەماوەی کەمی داهاتوودا بە ئامانجی چارەسەری هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان هەردوولا لەبارەی هەموو پرسەکان. رووداو: وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە عێراق کردووە کە پەکەکە بخەنە نێو لیستی تیرۆر؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدا باسی ئەوەی کرد. بەڕێز فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، 'دەستووری عێراق باس لەوە دەکات کە نابێت خاکی عێراق ببێتە شوێنێک یان رێڕەوێک بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ'، عێراقیش پابەندە بەو بۆچوونە و جێبەجێکردنی ئەم دیدگەیەش پێویستی بە هاوکاری و ئاهەنگیی نێوان هەردوولا هەیە نەک پەنا بۆ هیچ کردەوەیەکی تاکلایەنە ببرێت کە زیانی مرۆیی لێدەکەوێتەوە لە رۆڵە خۆشەویستەکانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و زیانی مادی بە ژێرخان و دامەزراوەکان بگەیێنێت، ئەو کردەوانە رەتدەکرێتەوە، چارەسەر بۆ رووبەڕبوونەوەی بریتییە لە هاوئاهەنگی و هاوکاریی زیاتر لەگەڵ ئاماژەدان بە پەیوەندیی پتەو کە هەردوولا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، حەوت هەزار عێراقی لە شار و ناوچە جیاجیاکانی تورکیا دەژین و سەرووی 850 کۆمپانیای وەبەرهێنان و ئابووریی تورکی لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق کاردەکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری سەرووی 20 ملیار دۆلارە، هەموو ئەم توخمانە هێزن و بنەمایەکی ئەرێنی دەسەپێنێت، بەتایبەتی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئاڵنگارییەکان بکرێت کە رووبەڕووی هەردوولا دەبێتەوە و وەڵامی دەرفەتەکان بدرێتەوە کە رەنگدانەوەی بۆ سەر بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دراوسێ بێت. رووداو: ئایا عێراق هیچ کاردانەوەیەکی لە بەرامبەر پەکەکە دەبێت؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: عێراق پابەندە بە دیدگەی دەستووریی خۆی کە نابێت خاکی عێراق بکرێتە شوێنێک بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێ، پێمانوایە ئاسایش و سەقاگیریی ناوچەکە بە هەموو شێوەیەک ئاسایش و سەقامگیریی عێراقە، بۆیە پەیوەندییەکان ئەندام و پێکەوەییە لە ئاستی جەماوەری و ئاستی بەرژەوەندیی ستراتیژی، ئاسایش چەمکێکە دابەش ناکرێت، حکومەتی عێراق هەنگاوی تووندی گرتووەتەبەر بۆ بەهێزکردنی ئاسایش درێژایی هێڵی سنووری نێوان هەردوولا، هاوئاهەنگیش لەگەڵ لایەنی تورکی بەردەوامە لە رێگەی هاوکاریی ئاڵوگۆڕی زانیاری، عێراق داوای لەلایەنی تورکی کردووە هەنگاوی روونتر بگرێتەبەر لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان لە رێگەی رێکاری هاوبەشی حکومیی نێوان هەردوولا نەک لە رێگەی کاری تاکلایەنە. رووداو: کەی دەست بە دروستکردنی رێگەی گەشەپێدان دەکرێت؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی لیژنەی باڵای ستراتیژی بۆ بەدواداچوون لە هەموو کار و پرس و دۆسیانە لەگەڵ کەرتە جیاوازەکانی نێوان هەردوو وڵات، پشتیوانی کاری ئەو لیژنە تەکنیکی و پسپۆڕییانە بکرێت کە رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لە رووی پەرەپێدان و ئابووری هەردوو وڵاتانی دراوسێ. رووداو: بۆ مەسەلەی نەوت، وەزیری دەرەوەی تورکیا هیچ داخوازییەکی لە عێراق هەبوو؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت لە سەردانی فەرمیی چەند رۆژەی بۆ تورکیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تورکیا کۆبووەوە و ئەو بابەتەی بە وردی باسکرد. عێراق پابەندە بە دیدگەی خۆی کە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ تورکیای دراوسێ دەکات لە رێگەی لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندیی هاوبەش بەشێوەیەک رەنگدانەوەی هەبێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و دەرفەت بدرێتە کەرتەکان بۆ ئەوەی سەرکەوتووانە رۆڵی خۆیان بگێڕن. بەرێز فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەم خاڵە دا، لایەنی تورکیا پابدبوونی خۆی دەربڕی بەوەی پشتیوانی هەر رێگەیەک بکات کە ببێتە هۆی هاوکاری زیاتر لەو بوارەدا. رووداو: عێراق ئامادەیە سکاڵای دووەمی خۆی لە دادگەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2018 بۆ 2022 بکشێنێتەوە؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: عێراق ئێستا دانوستاندن و لێکتێگەیشتن و سەردانی دوولایەنەی چالاک دەکات لە هەموو دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات و لیژنەی تەکنیکیی پسپۆڕ هەن لە هەموو کەرتەکاندا پسپۆڕانە بەداداچوون دەکەن کە پاڵ بە دۆسیەکانەوە دەنێت بە ئاراستەى دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان و خزمەتکردنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کە ئاسایش و سەروەریی هەردوو وڵاتی دراوسێ بەهێز بکات، دیالۆگ تاکە رێگەی سوودبەخشە، عێراق لە رێگەی بەڕێز فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە تێڕوانینى سەروەریی نیشتمانیی خۆی دەربڕیوە کە سنووردار ناکرێت لە پێکهاتەیەک یان پارێزگایەک یان لایەنێک، دیالۆگەکان گوزارشت بوون لە تێکڕاى نیشتمانى عێراقى بەرامبەر بە تیکڕاى نیشتمانى تورکى، هەرلایەک گوزارشت لە بەرژەوەندیی سەروەری و تایبەتمەندیى خۆی دەکات و عێراق پابەندە بەو تێڕوانینە و هەوڵدەدات بە هاوبەشی بەدی بهێنێت. رووداو: ئایا عێراق بە فەرمی داوای لە تورکیا کردووە کە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: گفتوگۆیەکی تەکنیکى قووڵ لەسەر ئەوبابەتە کراوە، لیژنەیەکی تایبەتمەند هەیە کە تاوتوێى ئەوە دەکات، لە سەردانی ئەم دواییانەی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت بۆ ئەنقەرە بە وردی باسی ئەم بابەتە کراوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندار، پێمانوایە رێچکەیەکی روون هەیە کە مافی عێراق بەهێز دەکات، هەروەها پەیوەندیی هاوبەشیش بەهێز دەکات لەو بوارەدا، هەموو هەنگاو دەنێین بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی بەبێ زیانگەیاندن بە دیدگەی حکومەتی عێراقی بەبێ ئەوەی هیچ کەموڕکییەک، گوزارشتکردن لە بەرژەوەندیی عێراق لەوپەڕی کاری لەپێشینەدایە، سیاسەتی دەرەوەی عێراق هەوڵی بەدیهێنانی دەدات. رووداو: کەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا دەکات؟ ئایا سەردانی هەولێریش دەکات؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: سەردانی چاوەڕوانکراوی بەڕێز ئەرجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق بە وردی باسکرا لەگەڵ سرووشتی ئەو دۆسیانەی باس دەکرێن لەوانە کە پەیوەندیدارن بە دۆسیەی ئاو، دۆسیەی وزە، کشتوکاڵ، پەرەپێدان، وەبەرهێنان، ئابووری، رێگەی پەرەپێدان و دۆسیەی ئاسایشی سنووری هاوبەش لەنێوان هەردوولا، هاوئاهەنگی دەکرێت لەنێوان فەرمانگەی مەراسیمەکان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و هاوتاکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، دواتر لەکاتی خۆید وادەی سەردانەکە رادەگەیێندرێت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/24082023
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، ئایینی ئیسلام بنەمایەکی جێگیری هەیە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئایینەکانی دیکە و شتێکی ئاساییە ئەگەر کریستیانەکان یاسای باری کەسێتیی تایبەت بە خۆیان هەبێت. کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی دەوروبەر لە هەولێر کۆبوونەتەوە و داوای ئەوە دەکەن یاسایەکی تایبەت بە باری کەسێتی کە پەیوەندی بە هاوسەرگیری، میرات و جیابوونەوە هەیە، تایبەت بە ئەوان دابنرێت. ئەوان دەڵێن، یاسای باری کەسێتی کە ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، بەپێی شەریعەتی ئیسلام دانراوە و لەگەڵ دەستوور و ئایینەکەی ئەوان یەکناگرێتەوە. د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان گوتی: لە هاوسەرگیری، تەڵاق و میرات کریستیانەکان دەتوانن بەپێی ئایینی خۆیان بڕیار بدەن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە هەرێمی کوردستان ئازادیی سیاسی و ئایینیی کریستیانەکان پارێزراوە. سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند: زانایان کۆدەنگن کە کریستیانەکان مافی خۆیانە یاسایەکی تایبەت بە خۆیان هەبێت. بەڵام دەڵێت، هەر یاسایەکی باری کەسێتی کە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق گونجاو نەبێت، سەرکەوتوو نابێت. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان: رووداو: چۆن دەڕوانیتە داوای کریستیانەکان کە دەڵێن با یاسایەکی باری کەسیی تایبەت بە خۆمان هەبێ؟ د. عەبدوڵڵا وەیسی: ئایینی ئیسلام بنەمایەکی گشتگیری هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناموسڵمانان، دەستووری مەدینە کە یەکەمین بەڵگەنامەی مێژوویی نووسراوە و پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت لەسەر ئەو دەستوورە کۆمەڵگەی نوێی موسڵمانانی دروستکرد کە ناموسڵمانانیش بەشێک بوون لەو کۆمەڵگە نوێیە. لەسەر بنەمای هاونیشتمانیبوون و مرۆڤایەتی نووسراوەتەوە. ناموسڵمانەکان وەکو هاونیشتمانی سەیر دەکرێن. بۆیە لە مەسەلەی بابەتە کەسییەکان یان یاسای باری کەسی، ئەگەر هاتوو ئەوان بە ئارەزووی خۆیان بە یاسای موسڵمانان رازی بوون ئەوا بە یاسای موسڵمانان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەگەر رازی نەبوون، زۆربەی زانایان دەڵێن لە هەموو بابەتەکانی کاروباری کەسیی خۆیان بەپێی ئایینی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئیمامی مالیک زۆر بە روونی دەڵێ: لە کاروباری کەسیی خۆیان مافێکی دیاریکراویان هەیە. تەنانەت ئیبن قەییم کە حەنبەلییە و لایەنێکی تووندی وەرگرتووە دەڵێ: "لهم الحرية كاملة في مسائلهم الأحوال الشخصية." کەواتە ئێمە کۆدەنگییەکی زانایانمان لەبەردەستە کە مافێکی سرووشتی و ئاسایی خۆیانە لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە کاروباری کەسی، یاسایەکی تایبەت بە خۆیان هەبێ. وەکو بەڵگەنامەی مێژوویی، سەڵڵابی باسی دەکات و دەڵێ: ئیمامی عومەر کە قودسی فەتح کرد و چووە ئەوێ، ژمارەیەک ناموسڵمانی لێبوو، مەسیحی و جوولەکە بوون، قازی تایبەتی بۆ دانان بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانیان. بۆیە بوونی یاسایەکی تایبەت بە کاروباری کەسیی مەسیحییەکان و هەر ئایینێکی دیکە، شتێکی زۆر زۆر ئاساییە و حەقێکی سرووشتی خۆیانە. رووداو: کەواتە هیچ گرفتێکی تێدا نییە بە یاسایەکی تایبەت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت؟ د. عەبدوڵڵا وەیسی: بە دڵنیاییەوە وایە، باشە ئێمە مسوڵمانین؛ چۆن دەبێ یاسای باری کەسیی خۆم بسەپێنم بەسەر کەسێکی مەسیحی بۆ هاوسەرگیری لەسەر رێنماییەکانی ئیسلام؟ ئەوە ناگونجێ، ئەویش ئایینێکی تایبەت بەخۆی هەیە. خۆی دوو جۆرە حوکممان هەیە: حوکمی گشتی و حوکمی تایبەت. حوکمە گشتییەکە بابەتی تاوان و کوشتن و ئەو بابەتانە دەگرێتەوە. ئێمە لەگەڵ نامسوڵمانان ئەرک و مافمان هەیە، یەکێک لەو ئەرکانە کە دەکەوێتە سەر شانی نامسوڵمان لەنێو کۆمەڵگەی مسوڵمان، پابەندبوونە بە یاسا، بەڵام چ جۆرە یاسایەک؟ ئەو یاسایانەی کە گشتین. بەڵام لە ژیانە تایبەتەکەی خۆی؛ بەپێی ئایینی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەگەر تەماشای فراوانی ئایینی ئیسلام بکەین دەڵێ: ئەگەر کەسێکی مەسیحی مرد و کەس نەبوو بینێژێت، واجبە مسوڵمانان بیشۆن، کفنی بکەن و بەخاکی بسپێرن. ئیسلام دەڵێ: کە ئەوان بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستان، مسوڵمان ئیشی ئەوانیش بکات. بۆیە لە مەسەلەکانی هاوسەرگیری، جیابوونەوە و میرات، ئەوانە چەند دەقێکی ئایینییان هەیە؛ ئەو پرسانە ئایینین. مسوڵمان ئەو مەسەلانە بەپێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێکدەخات، مەسیحیش بەهەمانشێوە بەپێی ئایینی خۆی و جوولەکەش بەهەمانشێوە. رووداو: کەواتە ئەم یاسایەی ئێستا کە کرۆکەکەی شەریعەتی ئیسلامە، لە رووی شەرعەوە ناکرێ بەسەر ئەواندا بسەپێنرێت؟ د. عەبدوڵڵا وەیسی: بوونی نامسوڵمان لە کۆمەڵگەی مسوڵمان ئێستا نییە و دەمێکە هەیە، لە سەرەتای دروستبوونی مسوڵمان، نامسوڵمان لەگەڵیدا ژیاوە، بۆیە لەوکاتەوە رەچاو کراوە و پێویستە لە داڕشتنەوەی یاساکانیش (بەتایبەت ئەوانەی رەهەندێکی ئایینییان هەیە) رەچاوی هەموو ئایینەکان بکرێ. رووداو: چۆن دەڕواننە بابەتی منداڵان، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش باسی کرد. دەڵێن: ئەگەر دایک یان باوک بوونە مسوڵمان، منداڵەکانیان راستەوخۆ نەکرێنە مسوڵمان، کە ئێستا یاسا وا مامەڵە دەکات. نەرینی ئێوە؟ د. عەبدوڵڵا وەیسی: ئەمە بابەتێکی تایبەت نییە بە کوردستان، دەبێ دەرچەیەکی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە، لەبەرئەوەی ئێمە لە عێراقدا دەژین، ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە، دەبێ دەرچەی شەرعی بۆ بدۆزرێتەوە. پێویستە گەورە زانایانی سوننە تەنانەت شیعە و یاساناسەکانیش، ئێمە لە کوردستانەوە هاوکار دەبین بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی بگەینە داڕشتەیەک. دەبێ کەسانی تایبەتمەند کاری لەسەر بکەن. رووداو: تایبەتمەندەکان کێن؟ د. عەبدوڵڵا وەیسی: فوقەهای شەریعە لەگەڵ فوقەهای قانوونی ئیسلامی. ئەوانە لەگەڵ یەکدی، لەگەڵ برا مەسیحییەکان دابنیشن. ئێمە نەسی شەریعەت و رووحی شەریعەتمان هەیە، شتێکی وا بدۆزنەوە لەگەڵ رووحی شەریعەت بگونجێت، بۆ ئەوەی تەبایی ناو کۆمەڵگە پتەوتر بێت و لەگەڵ یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان ئیسلام بگونجێت. رووداو: لە قورئاندا هاتووە دەڵێ: " لا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ" ... د. عەبدوڵڵا وەیسی: لێرەدا مەسەلەکە " لا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ " نییە و نامەوێ زۆر قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەم. هەموو مەسیحییەک بیروباوەڕی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا پارێزراوە، ئازادی ئایینی و سرووشە ئایینییەکانیش پارێزراوە. مافی سیاسی لە کۆمەڵگەی موسڵمانان بۆ ناموسڵمانان پارێزراوە. لێرە قسەکردنە لەسەر ئایندەی منداڵێک، کە ئەو منداڵە موکەلەف نییە و توانای بڕیاری نییە، چونکە لە رووی شەرعی و یاساییەوە منداڵ توانای بڕیاری نییە، دەکرێ مافی بپارێزرێ، بەڵام توانای بڕیاری نییە تاوەکو دەگاتە تەمەنی بلوغ، ئەمە قسەکردنە لەسەر کەسێک کە ئەو شتەی نوقستانە. بە دڵنیایی ئێمە وەکو مامۆستایانی ئایینیی کوردستان، چۆن لە رابردوو هاوکاربووینە بۆ دابینکردن و پاراستنی مافی هەموو ئایین و پێکهاتەکان کە وەکو برا لەگەڵمان دەژین، لە داهاتووش هاوکار دەبین بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک. رووداو: من لەگەڵ دادوەرێک لە بەغدا قسەمکرد و گوتی: هەموو منداڵێک تا دەگاتە 18 ساڵ بە موسڵمان حساب دەکرێ، بەڵام کە گەیشتە 18 ساڵ، دەتوانێت ئایینێکی دیکە هەڵبژێرێت. ئەمە دەرچەیەکی دروستە؟ د. عەبدوڵڵا وەیسی: من دەڵێم، ئەو دەرچانە دەرچەی ئیعلامی نین. نامەوێ لە ئیعلام ئەو بابەتە بورووژێنرێ. دەرچە زۆرن گەر بەدوایدا بگەڕێین. فیقهی ئیسلام چییە؟ بە مانای تێگەیشتنە. ئەو خەڵکەی ئێستاش بووەتە سیمبولی دینی چ لە کوردستان یان عێراق، زیاتر بەرەو عەقڵیەتێکی کراوە دەڕۆن، زیاتر بەرەو تێگەیشتن لە رووحی شەریعەت دەڕۆن و دەرچە دەدۆزنەوە. بۆیە زۆر زۆر ئاساییە دانیشتنێک لەگەڵ خەڵکی تایبەتمەند بکرێت. ئێستا زۆر زۆر گرنگە ئێمە بزانین برا مەسیحییەکان جگە لە بابەتەکانی میرات، تەڵاق و هاوسەرگیری، چ گرفتێکی دیکەیان هەیە؟ تائێستا ئەوان راشکاوانە ئەو بابەتانەیان لەگەڵ ئێمەدا نەورووژاندووە. ئەگەر بێتو ئێمە لە کوردستانیش چارەسەری بکەین، مادام لە عێراقدا دەژین، کەسێک گرفتی هەبێ، پەنا بۆ یاسای عێراقی دەبا. بۆ نموونە: ئێستا لە یاسای هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک مەرجی زۆر تووند بۆ هاوسەرگیریی دووەم دانراوە، تەقریبەن برای قەدەخەیە، بەڵام ئەوەی دەیەوێ هاوسەرگیریی دووەم بکات، لە هەرێمی کوردستانیش بێت، دەچێتە دادگەیەکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. کەوابوو هیچ نەکرا. بەدڵنیاییەوە دەیڵێم: ئیسلام ئەوپەڕی رێز لە ناموسڵمان دەگرێت و مافیشی دەپارێزێ، هەر گرفتێکی هەبێ بۆی چارەسەر دەکات. ئەو بابەتە ئەوەندە گەورە نییە دەرچەی بۆ نەدۆزرێتەوە، گرنگ ئەوەیە تێکنەدرێ. راگەیاندن با بە ناڕێکی نەیورووژێنێت. خەڵکی ناشارەزا قسەی لەسەر نەکات. رووداو: بۆچی لە کۆنفرانسەکە ئامادە نەبووی؟ باجەکەتم بینی بەڵام خۆت لەوێ نەبووی! د. عەبدوڵڵا وەیسی: ئەو برا بەڕێزانە خۆیان دەزانن، ئێمە پێشتریش ئاگادارمان کردبوونەوە، ئەوکاتە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک دکتۆر سیمپۆزیۆمێکمان هەبوو لەبارەی کۆمەڵێک بواری فیقهی، لەسەر منداڵی بلووری، دکتۆری پسپۆڕمان لە ئوردن و میسر بانگکردبوو، بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، ئەوەش تا دوای عەسر بەردەوام بوو. رووداو: هەڵوێستت هەیە بەرامبەریان؟ د. عەبدوڵڵا وەیسی: نەخێر! هەموویان برای منن، بەڵام پێشتریش بە کاک ئەمیرم گوت کە راوێژکاری ئایینی مەسیحییەکانە لە وەزارەتی ئەوقاف، کە داوای لێبوورن دەکەم و ناتوانم ئامادەبم. زۆرم پێخۆشبوو ئامادەبم و لە زۆربەی زۆری مەراسیمی برا مەسیحییەکان ئامادە بوومە. رووداو: دوێنێ لویس ساکۆ قسەیەکی کرد، پێمخۆشە بۆچوونی بەڕێزت لەبارەیەوە بزانم. گوتی، داوا دەکەم هاوسەرگیریی مەدەنی هەبێت. رای ئێوە؟ د. عەبدوڵڵا وەیسی: ئەمە رای کەسیی خۆیەتی. رێزی لێ دەگیرێ و زۆر ئاساییە، بەڵام لای ئێمەی موسڵمان زەواج وەسیقەیەکی زۆر زۆر پیرۆزە. پرۆسەیەکی ئایینییە، مەسەلەی میراتی دێتە ناو، مەسەلەی نەسەبی دێتە ناو. خوای گەورە مەسەلەی هاوسەرگیری بە گرێیەکی تووند لە قەڵەمداوە. بۆیە کۆمەڵگە جگە لە زەواجی شەرعی هیچی دیکەی قبووڵ نییە. زەواج پرۆسەیەکی ئایینییە. زەواجی نائایینی رەتکراوەیەوە و قبووڵ ناکرێ. رووداو: بۆچی شەرعی نییە؟ د. عەبدوڵڵا وەیسی: زەواجی شەرعی، بریتییە لەو کۆمەڵە مەرجانەی کەوا ئیسلام دایناون. رازیبوونی دایک و باوک، بوونی دوو شاهێد، خوێندنی سرووت لەلایەن مامۆستایەکی ئایینی. ئێمە تەنانەت لەگەڵ زەواجی میسیاریش نەبووین، چونکە لەگەڵ عورفی کۆمەڵگەی کوردی ناگونجێ. زەواج لە دەرەوەی ئەو پرۆسەیە، دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی خێزان.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/28052024
کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەڵێت، "سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران و پێشوازیی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی باڵادا، نیشاندەری پەیوەندیی دێرینی نێوانیانە و ئەم سەردانانە دەتوانێت بیرهێنەرەوەی پەیوەندییەکان بێت و پەرەیان پێبدات". نەسروڵڵا رەشنوودی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا کە نوێنەر فاتیح، پێشکێشیکرد رایگەیاند، "ئێمە هەر بەو شێوەیەی سەرۆکی هەرێم گوتی، لە سەرجەم ئاستەنگەکاندا لەگەڵ یەکدی بووینە و دەکرێ بەردەوامیش بین". رەشنوودی لەبارەی کاریگەریی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی، "بەشی هەرە زۆری هاوسنووریی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و پەیوەندییەکی کۆن و کاریگەرمان پێکەوە هەیە، ئەو پەیوەندییانە رێکخراون و هیوادارین کە سەرپەرشتی نوێی وەزارەتی دەرەوە و سەرپەرشتی نوێی دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەر بەو شێوەیە بڕۆنە پێش و هەوڵبدەن ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت". کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، لە وەڵامی پرسیارێکی نوێنەر فاتیحدا گوتی، "ئینشائەڵڵا لەکاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن دەکرێت. لە ئێستاوە رێکارەکان گیراونەتەبەر و من ئەمڕۆ لەوبارەوە پەیامێکم پێگەیشت کە بۆ هەڵبژاردن ئامادەکاری بکەین، لە ئێستاوە دەستبەکار بوونە و ئینشائەڵڵا لە کاتی گونجاودا پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت." دەقی هەڤپەیڤینەکەی نەسروڵڵا رەشنوودی لەگەڵ رووداو رووداو: تێڕوانینی ئێوە لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو رووداوە چییە؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: زۆر سوپاس، بەناوی خودا، سەرەتا بۆ شەهیدبوونی سەرۆککۆماری شەهیدمان و هەروەها رێزدار، وەزیری دەرەوەش، شەهید ئەمیرعەبدوڵڵاهیان و هاوڕێیانیان سەرەخۆشی لە هەموو گەلی خۆشەویست و هاووڵاتییانی ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستان دان و هەموو لایەنگران و هەموو ئەوانەی کە بەشدارییان کرد لە پرسەکەمان و لە تیانووسی یادەوەرییەکاندا، یاداشتی خۆیان نووسی. ئەمڕۆ ئێمە پرەسە و یادکردنەوەی شەهیدانمان لە کۆنسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە هەولێر بەڕێوەبرد و لە یەکەم کاژێرەکاندا بەرپرسانی بەڕێز، گەورەپیاوان، مامۆستایانی زانکۆ و کەسایەتیی جۆراوجۆر سەردانیان کردین و لە خزمەتیاندا بووین. کۆنسوڵی جیاجیا لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ توانییان ئامادە بن و ئێمە ماوەی سێ رۆژ رێوڕەسممان دەبێت، لە کاژێر 9ـی بەیانی تاوەکو 4ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەر بەو شێوەیەی کە ئاماژەت پێدا، بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان و بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە رێوڕەسمەکەی ئێمەدا ئامادە بوون و شاندێک لە لایەن بەڕێز بارزانی بە سەرپەرشتیی بەڕێز فازڵ میرانی سەردانیان کردین. گەورەپیاوانی دیکە و سەرۆکی لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکان، بزووتنەوەی ئیسلامی، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی و زۆربەی لایەنەکانی دیکە. گرووپە تورکمانەکان ئەمڕۆ سەردانیان کردین و ئامادە بوون لە نوێنەرایەتی و هاوخەمی خۆیان دەربڕی. هاوخەمی ئەو هاوڕێیانە نیشاندەری پەیوەندیی باشی نێوان ئێمە و هەرێمی کوردستانە. لە کاژێرەکانی یەکەمی ئەم رووداوە کە هێشتا روون نەبوو سەرنشینی هێلیکۆپتەرەکە شەهیدبوونە، پەیامێکی زۆرمان بۆ هات کە نزای تەندروستییان بۆ دەکردن و لە کاژێرەکانی یەکەمی دوێنێ کە هەواڵی شەهیدبوونی سەرنشینەکانی هێلیکۆپتەرەکە گەیشت، پەیامی هاوخەمییان گەیشتە دەستمان، بەتایبەتی بەڕێز مەسعود بارزانی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و هەروەها کاک مەسرور بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی وەکو یەکێتیی نیشتمانی و سەرجەم ئەو لایەنانەی کە ناوم هێنان و ئەو لایەنە سیاسییانەی کە رەنگە من ناویانم لەیاد کردبێت. ئەو هاوخەمییە نیشاندەری پەیوەندیی باشی دوولایەنەیە. رووداو: سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یاداشتەکەیدا چی نووسی؟ لە راستیدا من لەوێ وەستابووم، بەڵام تەماشام نەکرد کە ئەو چی دەنووسێت، چونکە رەنگە دوور لە رێز (ئەدەب) بێت کە من راستەوخۆ لە سەر سەری بوەستم و تەماشای بکەم، بۆیە تەماشام نەکرد، هێشتاش نەمخوێندووەتەوە کە بەڕێزیان چییان نووسیوە، بەڵام بێگومان هاوخەمیی خۆی دەربڕیوە و هاتوون خۆیان لەو کارەساتە بە هاوبەشی ئێمە زانیوە و هیوادارین کە بتوانین لە خۆشییەکانیاندا قەرەبووی بکەینەوە. رووداو: لە تاران پرسەیەکی گەورە بەڕێوەدەچێت، ئەو رێوڕەسمە چۆن دەبێت؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: سبەی پێشنیوەڕۆ لە تاران رێوڕەسم و پرسەی گشتییە و لە زانکۆی تارانەوە تاوەکو گۆڕەپانی ئازادی، تەرمی شەهیدان لەلایەن خەڵکەوە پرسەی بۆ دەکرێت، دوانیوەڕۆی سبەی لە کاژێر 14:00ـوە تاوەکو 20:00 شاندی بیانی لە شوێنی کۆنفرانسی ئیسلامی ئامادە دەبن و لە پرسەکەدا بەشدار دەبن، بە جیا لەگەڵ بەڕێز موخبر دیداریان دەبێت، هەرکامەیان بە جیا پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستە دەکەن و رێوڕەسمەکە لە کاژێر 20:00 تەواو دەبێت. رووداو: لە هەرێمی کوردستان و عێراق کێ بەشداری لە پرسەکەدا دەکات لە تاران؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: لە هەرێمی کوردستان شاندێک بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەشدار دەبن، ئامادەکاری سەردانەکانیشیان رۆیشتوون. ئینشائەڵڵا لە کاتی گونجاودا دەچن و هاوئاهەنگیی پێویست کراوە. باڵیۆزخانە هاوئاهەنگی بۆ شاندی عێراقی دەکات و من ئاگاداری نیم، چونکە ئەمڕۆ کاتم نەبوو و لە خزمەت میوانەکان و ئامادەبووانی پرسەکەدا بووم و پرسیارم نەکرد. رووداو: لە تاران رێبەر بەشداری لە رێوڕەسمەکە دەکات؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: لەو جۆرە بەخاکسپاردنانەدا، بەڕێزیان نوێژی مردوویان لەسەر دەخوێنێت، بەڵام لە رێوڕەسمی رێزگرتن لە شەهیدان لە هۆڵی کۆنفرانسی ئیسلامیدا، بەڕێوەبەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەڕێز موخبر میوانداری دەکات و ئینشائەڵڵا بەشداربووان بە خزمەت بەڕێزیان دەگەن. رووداو: بڕیار بوو سەرۆککۆماری ئێران لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، ئەو سەردانە چی بەسەر دێت؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: بەڕێز سەرۆککۆماری شەهیدمان بڕیار بوو سەردانی عێراق بکات. لە سەردانەکەی بەڕێز بارزانی بۆ تاران، بانگهێشتی بەڕیزیانی کرد و قبووڵی کرد سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات، بۆیە ئامادەکاری بۆ سەردانەکە کرا، بڕیاربوو بەڕێزیان لە هەفتەی داهاتوودا بێن کە قەزا و قەدەر ئەوە بوو کە ئەم سەردانە نەکرێت، بەڵام ئەوەی کە ئەم سەردانە لەلایەن بەڕێز موخبر دەکرێت یان نا، هێشتا لەو دۆخەدا نین کە پێشبینی بکەین، بەڵام بێگومان پەیوەندیی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکە کە سەردان و هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە بەردەوام دەبێت و لە کاتی گونجاودا ئینشائەڵڵا لە کاتی بەڕێز موخبردا [سەردانەکە] رووبدات، یان دوای بەڕێزیان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ. نەسروڵڵا رەشنوودی: سبەی پێشنیوەڕۆ لە تاران رێوڕەسم و پرسەی گشتییە و لە زانکۆی تارانەوە تاوەکو گۆڕەپانی ئازادی، تەرمی شەهیدان لەلایەن خەڵکەوە پرسەی بۆ دەکرێت، دوانیوەڕۆی سبەی لە کاژێر 14:00ـوە تاوەکو 20:00 شاندی بیانی لە شوێنی کۆنفرانسی ئیسلامی ئامادە دەبن و لە پرسەکەدا بەشدار دەبن، بە جیا لەگەڵ بەڕێز موخبر دیداریان دەبێت، هەرکامەیان بە جیا پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستە دەکەن و رێوڕەسمەکە لە کاژێر 20:00 تەواو دەبێت. رووداو: لە هەرێمی کوردستان و عێراق کێ بەشداری لە پرسەکەدا دەکات لە تاران؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: لە هەرێمی کوردستان شاندێک بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەشدار دەبن، ئامادەکاری سەردانەکانیشیان رۆیشتوون. ئینشائەڵڵا لە کاتی گونجاودا دەچن و هاوئاهەنگیی پێویست کراوە. باڵیۆزخانە هاوئاهەنگی بۆ شاندی عێراقی دەکات و من ئاگاداری نیم، چونکە ئەمڕۆ کاتم نەبوو و لە خزمەت میوانەکان و ئامادەبووانی پرسەکەدا بووم و پرسیارم نەکرد. رووداو: لە تاران رێبەر بەشداری لە رێوڕەسمەکە دەکات؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: لەو جۆرە بەخاکسپاردنانەدا، بەڕێزیان نوێژی مردوویان لەسەر دەخوێنێت، بەڵام لە رێوڕەسمی رێزگرتن لە شەهیدان لە هۆڵی کۆنفرانسی ئیسلامیدا، بەڕێوەبەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەڕێز موخبر میوانداری دەکات و ئینشائەڵڵا بەشداربووان بە خزمەت بەڕێزیان دەگەن. رووداو: بڕیار بوو سەرۆککۆماری ئێران لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، ئەو سەردانە چی بەسەر دێت؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: بەڕێز سەرۆککۆماری شەهیدمان بڕیار بوو سەردانی عێراق بکات. لە سەردانەکەی بەڕێز بارزانی بۆ تاران، بانگهێشتی بەڕیزیانی کرد و قبووڵی کرد سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات، بۆیە ئامادەکاری بۆ سەردانەکە کرا، بڕیاربوو بەڕێزیان لە هەفتەی داهاتوودا بێن کە قەزا و قەدەر ئەوە بوو کە ئەم سەردانە نەکرێت، بەڵام ئەوەی کە ئەم سەردانە لەلایەن بەڕێز موخبر دەکرێت یان نا، هێشتا لەو دۆخەدا نین کە پێشبینی بکەین، بەڵام بێگومان پەیوەندیی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکە کە سەردان و هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە بەردەوام دەبێت و لە کاتی گونجاودا ئینشائەڵڵا لە کاتی بەڕێز موخبردا [سەردانەکە] رووبدات، یان دوای بەڕێزیان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ. رووداو: ئەم رووداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: بێگومان سیاسەتی بەڕێز د. رەئیسی و بەڕێز وەزیری دەرەوە، پەرەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ درواسێکانمان بوو، ئەمە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی بەڕێز رەئیسی بوو و گرنگییەکی تایبەتی پێدەدا، بە تایبەتی عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان. بەشی هەرە زۆری هاوسنووریی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و پەیوەندییەکی کۆن و کاریگەرمان پێکەوە هەیە، ئەو پەیوەندییانە رێکخراون و هیوادارین کە سەرپەرشتی نوێی وەزارەتی دەرەوە و سەرپەرشتی نوێی دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەر بەو شێوەیە بڕۆنە پێش و هەوڵبدەن ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت. پەیوەندیی ئێمە هەمووکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باش بووە، لەگەڵ عێراقیش بە هەمانشێوە، کە پەیوەدنییەکی رێکخراو و سەقامگیرە و هەوڵدەدەین ئەمە بەردەوام بێت. رووداو: لە دوێنێوە هەواڵ و زانیاریی زۆر لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە هەیە. ئایا لای ئێران هیچ گومانێک لەبارەی رووداوەکە هەیە؟ نەسڕوڵڵا رەشنوودی: زانیارییە سەرەتاییەکان دەرخەری ئەوەن کە بەهۆی خراپیی کەشوهەوا نیشتنەوەیەکی سەختی هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە دڵنیا بینەوە لە شێوەی کارەساتەکە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی دەرکردووە لیژنەیەک پێکبهێنرێت و ئێستا بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن کە فاکتەرە جیاجیاکانی ئەم بابەتە لەبەرچاو دەگرن و لە داهاتوودا ئەنجامەکەی بە گەلی خۆشەویستمان رادەگەیێنرێت. رووداو: کێ یەکەمجار شوێنی فڕۆکەکەی دۆزییەوە؟ نەسڕوڵڵا رەشنوودی: لایەنی سەرەکیی گەڕان، لیژنەی بەڕێز کۆلیوەند، بەرپرسی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران بوو. سەرجەم کارەکان کە لەم پەیوەندییەدا کران و لەژێر چاودێریی ئەودا بوون، بەگوێرەی قسەکانی بەڕێزیان، درۆنەکانی مانگی سوور توانیویانە شوێنەکە دەستنیشان بکەن. رووداو: هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ لە ماوەی 50 رۆژدا دەکرێت؟ نەسڕوڵڵا رەشنوودی: ئینشائەڵڵا لەکاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن دەکرێت. لە ئێستاوە رێکارەکان گیراونەتەبەر و من ئەمڕۆ لەوبارەوە پەیامێکم پێگەیشت کە بۆ هەڵبژاردن ئامادەکاری بکەین، لە ئێستاوە دەستبەکار بوونە و ئینشائەڵڵا لە کاتی گونجاودا پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت. رووداو: ئایا رێگە دەدرێت ریفۆرمخواز و میانڕەوەکان بەربژێریان هەبێت؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: کۆماری ئیسلامی حکومەتێکی فرەلایەنە، هەر کامەیان بە جۆرێک هەوڵدەدەن ئەم مادەیەی دەستوور لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، رەنگە کێبڕکێ لەنێوان بەرەی جیاجیادا بکرێت و ئەوانە لە کاتی بەربژێربوون و ئامادەبوونی بەربژێران دیاری دەکرێت، بەڵام ئەوەی کە کێ رێگە بدات و کێ رێگە نەدات، بەو شێوەیە نییە، کۆماری ئیسلامی خاوەن بڕیار و هێزە و هەڵبژاردنەکانی تاوەکو ئێستا یەک رۆژیش دوانەکەوتووە، لە 45 ساڵی رابردوودا هیچ هەڵبژاردنێکی کۆماری ئیسلامی یەک رۆژیش دوانەکەوتووە، بۆیە ئینشائەڵڵا ئەم جارەش لە کاتی خۆیدا دەکرێت و خەڵکیش بەباشی بەرەو پیری دەچن. رووداو: ستراتیژیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکانتان چی بەسەر دێت؟ نەسڕوڵڵا رەشنوودی: ئەو ستراتیژییە بەو مانایە نەبوو کە لەگەڵ وڵاتانی دیکە پەیوەندیمان نەبێت، نەخێر، ستراتیژیی بەڕێز رەئیسی ئەوە بوو کە پەیوەندیی لەپێشینەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت، ئەم سیاسەتە رێکخراوە و ئێستا کۆماری ئیسلامی جەختی لێ دەکاتەوە، ئینشائەڵڵا هەر ئەو سیاسەتەش دەگرینەبەر. رووداو: کاریگەریی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران چی بوو؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: بێگومان هەر سەردان و دیدارێک کاریگەریی تایبەتی خۆی دەبێت و سەردانەکەی بەڕێز بارزانی بۆ ئێران و پێشوازیی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی باڵادا، نیشاندەری پەیوەندیی دێرینی نێوانیانە و ئەم سەردانانە دەتوانێت بیرهێنەرەوەی پەیوەندییەکان بێت و پەرەیان پێبدات، هەروەها خاڵە ئەرێنیی و بەهێزەکانی زیاتر دەربخات. ئێمە هەر بەو شێوەیەی سەرۆکی هەرێم گوتی، لە سەرجەم ئاستەنگەکاندا لەگەڵ یەکدی بووینە و دەکرێ بەردەوامیش بین. هیوادارم لە داهاتووشدا ئەم پەیوەندییە بەردەوام و سەقامگیر بێت. رووداو: تورکیا وا نیشانی دەدات کە ئەوان فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە، ئایا بەو شێوەیە بووە؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: ئێمە ئەو هەواڵەمان لە میدیا بیستووە، بەڵام بابەتێک کە بەڕێز کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سوور و بەرپرسی گەڕان بەدوای هێلیکۆپتەرەکە ئەمەی راگەیاندووە و ئێمە پشت بە قسەکانی ئەو دەبەستین. بۆیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ قسەکانی بەڕێزیان. رووداو: بۆچی دۆزینەوەی فڕۆکەکە ئەوەندەی خایاند؟ نەسروڵڵا رەشنوودی: بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و سەختی و شاخاویبوونی شوێنەکە و دارستان و تەمومژێکی خەست لە ناوچەکە، هاوکات بارانبارین و بەربڵاوبوونی ناوچەی رووداوەکە، هۆکار بوو بۆ ئەوەی دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکە کات بوێت و تاوەکو کاژێر 05:00ـی بەیانی خایاند. رووداو: بەڕێز رەشنوودی، کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر سوپاس کە لەگەڵمان بووی. نەسروڵڵا رەشنوودی: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش کە لەم چەند رۆژەدا زۆر ماندوو بوون و لە پرسەکەی ئێمەدا ئامادە بوون. زۆر سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2105202420
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ لە عێراق "شتێک نییە بەناوی حکومەتی ناوەندی"، لە هەرێمی کوردستانیش هیچ گرووپێکی تیرۆرستی نییە. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 17-4-2024) لە پانێڵێکدا لە دیداری سلێمانی وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و جەختی کردەوە لەوەی "هیچ گرووپێکی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان دا نییە. لە ناوچە سنوورییەکانیش هیچ گرووپێکی تیرۆریستی نییە. هەندێک وڵات دەستەواژەی تیرۆر بۆ هەندێک گرووپ بەکاردێنن و ئەوەش سەرچاوە دەگرێت لە بۆچوون و سیاسەتی وڵاتەکان." دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی لە رۆژانی 17 و 18ـی نیسان بەڕێوەدەچێت و ئەمڕۆ کاژێر 10:00 دەستیپێکرد. بەشداربووانی دیدارەکە تیشک دەخەنە سەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و سیاسییەکان، لێکۆڵەران و چالاکڤانان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت گفتوگۆی راستەوخۆ لەبارەی پرسە جیاوازەکانەوە بکەن. یەکێک لەو بابەتانەی ئەمڕۆ رێبەر ئەحمەد لە پانێڵەکەدا جەختی لێ کردەوە "کێشەی کورد" بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی "کێشەیەک بە ناوی کێشەی کورد هەیە، بە ناوی کێشەی کوردستان. کەس ئامادە نییە خۆی لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشەیە بدات. ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان دەبێت زۆر بوێرانە و دلێرانە کێشەی خۆمان ببەینە پێش." دەقی بەشێکی پرسیار و وەڵامەکانی رێبەر ئەحمەد لە پانێڵەکەدا: پرسیار: هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی زۆر گرنگە، هاوکات گوشارێکی زۆریشی لەسەرە بەتایبەتی لەسنوورەکانی لەگەڵ هەر سێ وڵاتی دراوسێدا بەهۆی جموجووڵی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بە رێکخراوی تیرۆریستی دەناسرێن. چۆن دەتوانن ئەم گوشارانە چارەبکەن؟ ئایا دەتوانن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان هاوئاهەنگی بکەن؟ رێبەر ئەحمەد: پێش هەموو شتێک دەمەوێ شتێکتان بۆ راست بکەمەوە. بە پێی دەستووری عێراق شتێک نییە بەناوی حکومەتی ناوەندی؛ بە پێی دەستوور، حکومەتێکی فیدراڵی هەیە؛ دەستەواژەی ناوەند لە هیچ شوێنێک لە دەستووردا نەهاتووە و داوا لە هەموو سیاسییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن دەکەم، کە خۆیان لە بەکارهێنانی دەستەواژەی حکومەتی ناوەندی بپارێزن، چونکە ئەم دەستەواژەیە لە دەستووری عێراقدا نییە. دەستووری عێراق دەڵێت 'عێراق لە حکومەتێکی فیدراڵی، حکومەتە هەرێمییەکان و حکومەتی پارێزگاکان پێکدێت'؛ بۆیە بەکارهێنانی دەستەواژەی ناوەندی لە هزرێکی ناوەندییەوە دێت، کە ئەمە کێشەیەکی هەرە گەورەی عێراقە و بەدەست هزری ناوەندیێتییەوە دەناڵێنێت. باستان لەوە کرد لە هەرێمی کوردستان گرووپی تیرۆریستی هەن؛ دەمەوێت ئەوەشتان بۆ راست بکەمەوە. هیچ گرووپێکی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان دا نییە. لە ناوچە سنوورییەکانیش هیچ گرووپێکی تیرۆریستی نییە. هەندێک وڵات دەستەواژەی تیرۆر بۆ هەندێک گرووپ بەکاردێنن و ئەوەش سەرچاوە دەگرێت لە بۆچوون و سیاسەتی وڵاتەکان. ئێمە، لە عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ یەک لەو رێکخراوانە وەک... پرسیار: ئەو گرووپانە کێن بەردەوام هەڕەشە دەکەن و هەمیشە دەبنە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوانەوە لە باکوور بێت یان رۆژهەڵات، بۆردوومان و مووشەکباران بکرێت؟ کێن ئەوانەی هەمیشە هێرشی سەربازی دەکەن و ئاسمان پێشێل دەکەن؟ رێبەر ئەحمەد: کێشەکە ئەوەیە؛ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کێشەیەک بە ناوی کێشەی کورد هەیە، بە ناوی کێشەی کوردستان. کەس ئامادە نییە خۆی لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشەیە بدات. ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان دەبێت زۆر بوێرانە و دلێرانە کێشەی خۆمان ببەینە پێش، هەروەک چۆن رێز لە کێشەی هەموو میللەتان دەگرین، دەبێت کێشەی خەڵکی کوردستانیش چارەسەر بکرێت. کۆمەڵێک حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە عێراق بوون، پێش 2003 و پێش 1991ـیش. ئەوان لە لایەن وڵاتی ئێرانەوە ناویان لێدەنرێت تیرۆریست، بە لای ئێمەوە ئەوانە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنن. بە نیسبەت پەکەکە، لەولاوە وڵاتی تورکیا بە پێی بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناویان لێناون تیرۆریست، بەڵام لە عێراق تاوەکو ئێستا ئەم حیزبە وەک تیرۆریست نەناسراوە. هەرچەندە ئێمە رازی نین لە بوونی هیچ یەکێک لەو گرووپە چەکدارییانە بە ناوی گرووپی چەکدار، حیزبی چەکدار لە خاکی عێراق، لە خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەر لایەنێک ئازادە چ ناوێک لەو گرووپە چەکدارانە دەنێت. ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ناوێکی فەرمی هەیە بۆ ئەو گرووپانە کە جیاوازە لەگەڵ بووچۆنی وڵاتانی دەوروبەر. لە رێگەی رێککەوتنێکی ئەمنی کە لەنێوان تاران و بەغدا واژۆکراوە، بابەتی هەبوونی هێزی چەکدار لە سنووری ئێران چارەسەر کراوە و لە ماوەکانی رابردوودا لە کەمپی مەدەنی شوێنی ئەو چەکدارانە کراوەتەوە، ئێستاش بە شاهێدیی هەموو دەسەڵاتەکانی عێراق لە بەغدا و شاهێدی ئێرانییەکان خۆیان، هیچ هێزێک لەو سنوورانەدا نییە، بەڵام بەداخەوە بە بیانووی جیاجیا هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و بە مووشەک و درۆن لە هەرێمی کوردستان دەدرێت، کە هەموویان لەسەر بنەمایەکی راست و دروست نین و هەموو ئەو کەڤەرانەی (بیانووانەی) بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، هیچ بنەمایەکیان نییە و لە کۆبوونەوەکانی دووقووڵی لە تاران، بەغدا، هەولێر و سلێمانی ئەو بابەتانە شیکراونەتەوە. پێشتر قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق باسی ئەو بابەتەی کرد و منیش جەخت لەو بابەتە دەکەمەوە کە هیچ مەترسییەکی سەربازی-ئەمنی لە هەرێمی کوردستان رێگەپێدراو نییە، نە لە بەرامبەر ئێران و نە لە بەرامبەر تورکیا. ئەمە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەسەر ئەو سیاسەتەش لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین، بەڵام بەداخەوە بە بیانووی جیاجیا هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان کە ئەمە لە دابونەریتی دراوسێیەتیدا قبووڵ ناکرێت و دەبێت کۆتایی بەم بابەتە بهێنرێت. پرسیار: نامەوێ باس لە ناونانی گرووپەکان بێنم بەهۆی جیاوازی بیرکردنەوەی هەر لایەنێک و هەر وڵاتێک، بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەگەر هاوئاهەنگی لە نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێم هەبێت، سرووشت و میکانیزمی ئەو هاوئاهەنگییە چییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانەی هەمیشە نیگەرانی ئەمنی بۆ هەرێم دروست دەکەن؟ رێبەر ئەحمەد: بە دڵنیاییەوە، هەبوونی هەر هێزێکی چەکدار، چی ئەو هێزە هێزی دەرەوەی عێراق و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بێت، یان هێزێکی چەکداری عێراقی بێت، کە کێشە بۆ ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکات، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەم هێزانەدا نییە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر دەبینەوە کە یەکێک لەوان هەبوونی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە کە خۆشبەختانە بەپیر داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون و ئێستا ئەو شوێنانەی لەسەر سنوور بوون چۆڵکراون، ئەوەش وەک باسم کرد بە لێکتێگەیشتن و لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی ئەمنی کە هەرێم و بەغدا لەگەڵ تاران واژۆیان کردووە. ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ کراوە و هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ هیچ نائەمنی و نائارامییەک لەسەر سنوورەکان. هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لەسەر ئەو بابەتە نییە و ئێمە لەگەڵ دامودەزگەکانی حکومەت و دامودەزگەکانی ئاسایش لە بەغدا هاوکارییەکی باشمان هەیە. لەگەڵ برای بەڕێزم وەزیری ناوخۆی عێراق، بەڕێز عەبدولئەمیر شەمەری لە زۆر بواری وەک رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، رووبەڕووبوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان و رووبەڕووبوونەی تیرۆر، کاری هاوبەشمان لەگەڵ دامودەزگەکانی هەواڵگری لە عێراق ئەنجام داوە؛ ئەو جۆرە هاوکارییانە رۆژانەیە و شتێکی نوێ نییە. لەدوای 2003ـوە کە لە دەستووردا دانی بەوەدا نا هەرێمی کوردستان دامودەزگە، دەزگەی هەواڵگری و ئاسایشی سەربەخۆی دەبێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگەکانی حکومەتی فیدراڵ کار دەکەن. ئەم هەماهەنگییە بەردەوامە و لە ئاستێکی زۆر باشدایە لە رووی ئەمنییەوە، بەڵام کێشە و ئاڵنگاری رووبەڕووی ئێمە دەبنەوە وەکو دەزگە ئەمنییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە ئەنجامی پرۆسەی سیاسی و بڕیاری سیاسیی نابەجێ کە لە لایەن هەندێک لە دامودەزگەکانی فیدراڵییەوە هەندێک بریار دەدرێت کە لەگەڵ دەستوور ناگونجێن و دەبنە هۆی کێشە. پرسیار: ئێوە وەک حکومەتی هەرێم ئەو هەنگاوانە چین دەیگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم لەبەرامبەر مەترسییەکان؟ رێبەر ئەحمەد: ئاسایش لە عێراق یەک پاکێجە و ناکرێت لە یەک جیابکرێتەوە؛ ناکرێت بەشێکی عێراق ئاسایشی هەبێت و بەشێکی دیکە نەیبێت. لە هەر شوێنێک لە عێراق ئاسایش بەرقەرار نەبوو، کاریگەری دەبێت لەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق. ئەوەی کە بینیمان کاتێك داعش هات و ناوچەکانی پارێزگای موسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین و بەشێکی کەرکووک و بەشێکی دیالەی (خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی)، هەموو عێراق ئاسایشەکەی تێکچوو و ئاسایشی کەوتە مەترسییەوە. ئێمە ئەو کاتە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان، هەروەها لەگەڵ هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئیشی باش کرا و شەڕێکی زۆر گەورە کرا؛ بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی پێشمەرگە، ئەفسانەی داعش تێکشکێندرا؛ دواتر هەموو هێزەکانی دیکە، چی نێودەوڵەتی و چی عێراقی توانیان لەسەر بنەمای ئەو دەستکەوتانەی پێشمەرگە، ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری موسڵیش ئازاد بکەن. ئێمە ئەزموونێکی باشمان هەیە لە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و لەگەڵ دامودەزگای ئەمنی. هیوادارم ئەم ئەزموونە بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت. چەند ساڵێکە خەریکین دوو لیوای هاوبەش دروستبکەین بۆ ئەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنییان هەیە لەنێوان هێزەکانی هەرێم لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵ. بۆشاییەکی ئەمنی لە چەند شوێنێک هەیە؛ لە چەند شوێنێک دەگاتە 12 تاوەکو 20 کیلۆمەتر و گرووپە تیرۆریستییەکان سوود لەو بۆشاییە وەردەگرن. ئەم دوو لیوایە فەرمانی دامەزراندنیان و راهێنانیان تەواو بووە و ماوەتەوە بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام بە داخەوە ئەم بابەتە زۆر دواکەوتووە. ئەوەی کە پەیوەندی بە چۆنییەتی مامەڵەکردنی هەرێم لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان هەیە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی نێوخۆ و پێشمەرگە هەماهەنگییەکی زۆر باشمان هەیە لەم بابەتەدا؛ لەگەڵ دامودەزگای ئاسایش، دامودەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە چەترێکی هەموو دامودەزگاکانە لە هەرێمی کوردستان، هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە. گرنگترین شت لەو بوارەی کە چۆن هەرێمی کوردستان بپارێزین، بە راستی سەرچاوەکەی لەوەوە دەستپێدەکات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان خەڵکێکی ئاشتیخوازن؛ حەزیان لە ژیانە؛ حەزیان لە پێشکەوتنە؛ حەزیان لەوەیە کە سەقامگیری هەبێت و حەزیشیان لەوەیە کە هاوکاری هەموو کەسێک بکەن کە لە کاتی تەنگانە و پێویستدا پێویستیان بە هاوکارییە؛ لە هەمان کاتیشدا هاوکارییەکی زۆر باشی دامودەزگاکانی ئەمنی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ خودی هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان هاوکارێکی زۆر باشە؛ کولتووری پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و کولتووری جیاوازییەکان کە لەنێو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوە شتێکە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرز باوەڕیان پێی هەیە. خەڵکی ئێمە باوەڕی وایە پێکەوەژیان بنەمای ئاسایش و سەقامگیرییە. بۆیە دەمانەوێت ئەم ئەزموونە بگوازینەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق و لەم روانگەیەوە هاوکارین لەگەڵ دامودەزگاکان لە پارێزگاکانی نزیک هەرێمی کوردستان، وەک موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە و کەرکووک، هەروەها لەگەڵ بەغدا. پرسیار: ئێوە، وەک حکومەتی هەرێم ئەو هەنگاوانە چین دەیگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم لەبەرامبەر مەترسییەکان؟ رێبەر ئەحمەد: ئاسایش لە عێراق یەک پاکێجە و ناکرێت لە یەک جیابکرێتەوە؛ ناکرێت بەشێکی عێراق ئاسایشی هەبێت و بەشێکی دیکە نەیبێت. لە هەر شوێنێک لە عێراق ئاسایش بەرقەرار نەبوو، کاریگەری لەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق دەبێت. ئەوەی کە بینیمان کاتێك داعش هات و ناوچەکانی پارێزگای موسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین و بەشێکی کەرکووک و بەشێکی دیالەی (خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی)، هەموو عێراق ئاسایشەکەی تێکچوو و ئاسایشی کەوتە مەترسییەوە. ئەو کاتە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان، هەروەها لەگەڵ هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئیشی باش کرا و شەڕێکی زۆر گەورە کرا؛ بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی پێشمەرگە، ئەفسانەی داعش تێکشکێندرا؛ دواتر هەموو هێزەکانی دیکە، چی نێودەوڵەتی و چی عێراقی، توانییان لەسەر بنەمای ئەو دەستکەوتانەی پێشمەرگە، ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری موسڵیش ئازاد بکەن. ئێمە ئەزموونێکی باشمان لە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و لەگەڵ دامودەزگای ئەمنیدا هەیە. هیوادارم ئەم ئەزموونە بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت. چەند ساڵێکە خەریکین دوو لیوای هاوبەش دروستبکەین بۆ ئەو شوێنانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە لەنێوان هێزەکانی هەرێم لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵ. بۆشاییەکی ئەمنی لە چەند شوێنێک هەیە؛ لە چەند شوێنێک دەگاتە 12 تاوەکو 20 کیلۆمەتر و گرووپە تیرۆریستییەکان سوود لەو بۆشاییە وەردەگرن. ئەم دوو لیوایە فەرمانی دامەزراندن و راهێنانیان تەواو بووە و ماوەتەوە بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە زۆر دواکەوتووە. ئەوەی کە پەیوەندیی بە چۆنییەتی مامەڵەکردنی هەرێم لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان هەیە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی نێوخۆ و پێشمەرگە هەماهەنگییەکی زۆر باشمان لەم بابەتەدا هەیە؛ لەگەڵ دامودەزگای ئاسایش، دامودەزگاکانی دژەتیرۆر و ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە چەترێکی هەموو دامودەزگاکانە لە هەرێمی کوردستان، هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە. گرنگترین شت لەو بوارەی کە چۆن هەرێمی کوردستان بپارێزین، بە راستی سەرچاوەکەی لەوەوە دەستپێدەکات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان خەڵکێکی ئاشتیخوازن؛ حەزیان لە ژیانە؛ حەزیان لە پێشکەوتنە؛ حەزیان لەوەیە کە سەقامگیری هەبێت و حەزیشیان لەوەیە هاوکاری هەموو کەسێک بکەن کە لە کاتی تەنگانە و پێویستدا پێویستیان بە هاوکارییە؛ لە هەمان کاتیشدا هاوکارییەکی زۆر باشی دامودەزگاکانی ئەمنی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ خودی هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان هاوکارێکی زۆر باشە؛ کولتووری پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و کولتووری جیاوازییەکان کە لەنێو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوە شتێکە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرز باوەڕیان پێی هەیە. خەڵکی ئێمە باوەڕی وایە پێکەوەژیان بنەمای ئاسایش و سەقامگیرییە. بۆیە دەمانەوێت ئەم ئەزموونە بگوازینەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق و لەم روانگەیەوە هاوکارین لەگەڵ دامودەزگاکان لە پارێزگاکانی نزیک هەرێمی کوردستان، وەک موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە و کەرکووک، هەروەها لەگەڵ بەغدا. پرسیار: ئایا ئەمە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت؟ ئایا بە کردەیی هەمان رێکارەکان جێبەجێ دەکرێن یان جیاوازن؟ رێبەر ئەحمەد: لە رووی ئاسایشەوە، دامودەزگاکانی ئەمنی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زۆر پیشەییانە کاردەکەن. هەر ئەوەش سەرچاوەی ئەوەیە کە ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان بەرقەرارە. لەسەر ئەو بنەمایەش هەر مەترسی و هەڕەشەیەک وەک ئاست و قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. خاڵی دووەم کە دەمویست ئاماژەی پێ بکەم لە دوای هاوکاریکردنی خەڵک، یەکدی قبووڵکردن و پێکەوەژیان، بریتییە لە چالاکیی دەزگا ئەمنییەکان، شەونخوونی دەزگا ئەمنییەکان و خوشک و برا پێشمەرگەکان. پێکەوە توانیومانە زانیاری لە کاتی پێویست کۆبکەینەوە و چالاکی ئاسایش و ئۆپەراسیۆنی ئاسایش (ئەنجام بدەین) بۆسەر ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی لە دەوروبەری هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە یان هەندێک جار هەوڵیان داوە بێنە نێو هەرێمی کوردستان و هەندێک گرووپ دروستبکەن بۆ هاوکاریکردنی یەکدی و بۆ بابەتی لۆجیستی، خۆشبەختانە دەزگاکانی ئێمە زۆر سەرکەوتوو بوون و هیوادارم کە هەرێمی کوردستان هەر بەو شێوەیە بە سەقامگیری بمێنێتەوە و بە لانکەی پێکەوەژیان بمێنێتەوە، چونکە خۆتان دەزانن هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوو و ئێستا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەرمان هەیە کە لە ئەنجامی ناسەقامگیری لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. هیوادارین ئەم بابەتە چارەسەربکرێت. ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵی هەماهەنگین بۆ ئەوەی دۆخێک بڕەخسێنین کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەتایبەتی خوشک و برا ئێزدی و کریستیانەکان؛ هەروەها هەموو ئەو پێکهاتانەی دیکە کە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن و لە هەرێمی کوردستانن. دەشزانن ئێمە نزیکەی 250 هەزار پەنابەری سوورییمان لە هەرێمی کوردستان هەیە. ئەمانە هەموویان ئاڵنگاری و ئاستەنگی ئەمنیین، بەڵام خۆشبەختانە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرگەکانیان کراوە بوون بۆ هەموو ئاوارە و پەنابەرێک. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشت بووە؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تاوەکو ئاستێکی باش هاوکار بوون؛ داوا دەکەین حکومەتی فیدراڵی لەم بوارەدا زیاتر بێتە پێش و هاوکارییەکی باشترمان بکات لە بابەتی حەوانەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان، چونکە دواجار ئەمانە هاووڵاتی عێراقین و کێشەیەکی ئەمنی هەیە لە ناوچەکانیان و دەبێت چارەسەر بکرێت. کێشەی خزمەتگوزاری هەیە، کێشەی هەلی کار هەیە، هیوایان ئەوەیە کە داهاتوویەکی باشتریان لە ناوچەکانی خۆیان بۆ بڕەخسێندرێت. ئەو ئاڵنگارییانەی لەم بوارەدا رووبەڕووی ئێمەش دەبنەوە بە راستی لە هەندێک لەو شوێنانە گرووپی چەکدار هەن. پرسیارت لە بەڕێزان کرد، ئەو گرووپانە لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت کار دەکەن، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا، لە شنگال ئەو گرووپانە و پەکەکە، ئەمانە فاکتەری ناسەقامگیرین کە بەپێی رێککەوتنی واژۆکراو لە نێوان هەولێر و بەغدا ناسراو بە رێککەوتنی شنگال، پێویست بوو ئەم هێزانە لەوێ دووربخرێنەوە و بەشێکیشە لە کارنامەی حکومەت لە ئەجێندای سیاسی کە هەموو هێزە سیاسییەکانی براوە لە هەڵبژاردنی عێراق لەسەری رێککەوتوون و هیوادارین رێگە بدرێت حکومەتی فیدراڵی، رێککەوتنەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئیمە کێشەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نییە، حکومەتی فیدراڵی رێککەوتنەکان واژۆ دەکات و لەگەڵ حکومەت، لەگەڵ دامودەزگەکان (کێشەمان نییە)، بەڵام خەڵکانێکی دیکە لە دەرەوەی چواچێوەی دەوڵەت و حکومەت هەن کۆسپ دروست دەکەن، کە گرووپی نێوخۆیین و دەسەڵاتیان لە رووی سەربازی و سیاسی بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق نەتوانێت پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بێگومان هەموومان بەشدارین لە کابینەی بەڕێز سوودانی و هەمووشمان بەردەوامین لە پشتگیریی بەڕێزیان و هیوادارین لە ئەجێندای خۆیدا سەرکەوتوو بێت، کە ئەجێندای هەر هەموومانە، بەڵام ئەرکی بەڕێز سوودانی زۆر قورسە، لەبەر ئەوەی ئاڵنگاریی سیاسی، ئەمنی، ئابووری ئێجگار گەورە رووبەڕووی ئەو کابینەیە بوونەتەوە و هەموو کێشەکانی 20 ساڵی رابردوومان لە کارنامەیەکدا کۆکردووەتەوە و دەمانەوێت لەم کابینەیەدا چارەسەریان بکەین، کە بەداخەوە هەم فاکتەرە نێوخۆیی و هەم فاکتەرە هەرێمییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە هاوکار نین، بەڵام ئەگەر هەموومان بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، هەر وەک ئەمڕۆ لە گوتاری زۆربەی بەڕێزان ئاماژەی پێدرا، دەستوور ببێتە حەکەم لە نێوان هەموومان، وا بزانم ئیدارەکردنی عێراقێکی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی مرۆیی و سرووشتی، تەنیا ئیدارەیەکی باشی دەوێت، ئیدارەیەکی باشی سەرچاوەکانی مرۆیی و سرووشتی بکرێت، بە رای من عێراق لە قۆناخێکی زۆر باشتردا دەبێت و ئاڵنگاریی ئەمنیش کەمتر دەبێت. من دەمەوێت تۆزێک بە راشکاوی قسە بکەم، ئەگەر سەیری سەد ساڵی رابردووی دەوڵەتی عێراق بکەین، لە 20 ساڵی رابردووش و بەر لەوەش هەرچی گفتوگۆیە لەسەر ئەوە بووە کە عێراقێکی نوێ دروست بکەین، عێراقێک لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە، لەسەر بنەمای هاوسەنگی و رێککەوتن، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەم کێشانە چارەسەر نەبوونە و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بەرهەمی ئەو کێشە سیاسییانەن. تاوەکو کێشە سیاسی و ئابوورییەکان وەکو پێویست چارەسەر نەکرێن، هەمیشە ئاڵنگاریی ئەمنی دەبێت. پرسیار: بەبۆچوونی ئێوە ئەو خاڵە سەرەکییە چییە کە بەربەست لەبەردەم ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دروست دەکات؟ رێبەر ئەحمەد: گرنگترین خاڵ لەو بابەتەی کە باستان کرد، جێبەجێکردنی دەستوورە. دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و جیاوازییەکان لە نێوان پێکهاتەکان لە عێراق وەکو خۆی رێزی لێ بگیرێت، ئەوەی کوردە دەبێ وەکو کورد رێزی لێ بگیرێت، ئەوەی عەرەبە وەکو عەرەب، ئەوەی شیعەیە وەکو شیعە، ئەوەی سوننەیە وەکو سوننە، مەسیحی، تورکمان، هەموو دەبێ وەکو خۆیان (رێزیان لێ بگیرێت). بەداخەوە زۆر جار دەست بۆ تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەکان دەبرێت لە عێراق، ئەمە هۆکاری سەرەکیی نائارامییە، بڕیاری سیاسیی نادروست دەبێتە هۆی ئاڵنگاریی ئەمنیی گەورە. ئەگەر زۆر دوور نەچین هۆکاری سەرهەڵدانی داعش لە ناوچە سوننەکان بەشێکی بۆ مامەڵەی ناتەندروستی بەغدا دەگەڕێتەوە بەرامبەر بە ئەم ناوچانە، بەشێکیشی بۆ خودی خەڵکەکە دەگەڕایەوە کە نەیویست بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا بکات و هەڵەیەکی مێژووییان کرد، بۆیە گرنگە لە عێراق هەموو پێکهاتەکان بەڕێزەوە وەکو هاووڵاتیی پلە یەک سەیر بکرێن و هاوبەشییەکی راستەقینە هەبێت و هاوسەنگی و رێککەوتن هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵات، ئەمە فاکتەری سەرەکییە بۆ ئەوەی کە عێراق سەقامگیر بێت و سەرچاوەکانی داهاتی عێراقیش بە یەکسانی، دادپەروەری دابەش بکرێن لە نێوان هەموو پێکهاتەکان و پارێزگاکانی عێراق. ئەمە بابەتێکی گرنگە، بۆیە گوتم لە 10 ساڵی رابردوودا عێراق سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە و ئێمە لە هەموو کۆڕ و سیمینارێکدا هەمان شتەکانی پار دووبارە دەکەینەوە، ئەگەر سەیری قسەکانی پارمان بکەین بە جۆرێکی دیکە، هەمان قسەیە کە ئێستا دەیڵێن، 10 ساڵ لەمەوپێشیش هەر وا بووە، گرنگە لە عێراق گرنگی بە دروستکردنی دامەزراوەی دەوڵەت بدرێت. دامەزراوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای دەستوور، نەک لەسەر بنەمای هێز، کام پێکهاتە هێزی لەدەستدایە ئیرادەی بەسەر پێکهاتەکانی دیکە بسەپێنێت، بە رای من ئەمە خاڵی سەرەکییە؛ ئەوەی دیکە کات پێویستە بۆ گۆڕینی بۆچوونی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی یەکدی قبووڵ بکەن و جیاوازییەکان وەکو خۆی رێزی لێ بگیرێت. من دەمەوێت لەسەر بابەتێک کە لە سەرەتا پرسیارت کرد، تۆزێک روونکردنەوە بدەم، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە باستکردن، ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و پەکەکە، بێگومان دەمەوێت بۆ هەموو بەڕێزان روون ببێتەوە، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و (پەکەکە)، چونکە ئەوان بەپێی ئەو رێککەوتنە بە پیل داواکاریی ئێمەوە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هاتن و چەکی خۆیان دانا و ناوچە سنوورییەکانیان چۆڵکرد. بەڵام پێچەوانەی ئەوە، پەکەکە رۆژ بە رۆژ خۆی چەکدار دەکات و یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ناسەقامگیریی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران. لە شنگال، مەخموور، باشووری کەرکووک و زۆربەی ئەو شوێنانەی کە پەکەکەی لێیە فاکتەری ناسەقامگیرییە، بۆیە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەو دوو گرووپانە هەیە، ویستم ئەمە روون بکەمەوە. سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1704202414
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق دەڵێت، ئۆکراینا بە بایەخەوە دەڕوانێتە بازاڕی هەرێمی کوردستان، "کۆمپانیا ئۆکراینییەکان خواستی کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق زۆرە." لە هەڤپەیڤینێکی رووداوی ئەمڕۆ، ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق باس لە زۆر پرسی هەنووکەیی دەکات لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا و کاریگەریی ئەو شەڕە لەسەر دۆخی خۆراک و برسێتی لە جیهان. دەقی هەڤپەیڤینی ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئۆکراینا لە عێراق: رووداو: لە سەردانتان بۆ ژووری بازرگانیی هەولێر گفتوگۆی چیتان کرد؟ پەیوەندی بازرگانیی نێوان ئۆکراینا و هەرێمی کوردستان چۆنە؟ ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: ژووری بازرگانی بۆ برەودان بە بازرگانییەکی پارێزراو زۆر گرنگە بەر لە شەڕ، واتە بەر لە پەلاماری رووسیا بۆ ئۆکراینا لە 2022، ئێمە رێژەیەکی تەواو ئەرێنیمان لە بازرگانی هەبوو کە زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بوو. بێگومان شەڕ کاریگەریی هەبوو، سەرەتا لەسەر کەلوپەل و شتومەک. ئینجا هەمووان دەزانن کە زیادبوونی نرخ هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئەو شتانە. ئەوەیش بەر لە هەر شتێک پەیوەستە بە دەستدرێژیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا. بەڵام لێرە لە ژووری بازرگانی گفتوگۆی بژارە و دیدگاکانمان کرد، چونکە لێرە کۆمپانیا ئۆکراینییەکان لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانیاندا کاردەکەن. بۆ نموونە، کۆمپانیایەکی زۆر بەناوبانگی خۆراکی ئۆکراینی لێرە لە عێراق هاوبەشێکی هەیە کە نووسینگەکەیان لە هەولێرە. هەولێر بۆ بازرگانیکردن شوێنێکی پارێزراوە و ئەوەیش کۆمپانیا ئۆکراینییەکان پێیان باشە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە عێراق کاربکەن و نووسینگەیان هەبێت. ژووری بازرگانیش گەرەنتی دەدات کە برەو بە بازرگانیی دووقۆڵی بدات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو قەبارە بازرگانییەی پێشوومان. رەنگە لەم بارەیەوە ئێستا نا، بەڵام بەم زووانە سەرکەوتوو ببین. هەروەها ئەوەیش گرنگە کە سەردانەکەم چارەسەری نوێی بۆ بازرگانیی دووقۆڵی بە دوای خۆیدا هێنا. سەردەمی کۆرۆنا، ئێمە لە ئۆکراینا و بە تایبەتی دوای دەستدرێژیی رووسیا، پەرەمان بە شێوەیەکی دیجیتاڵیی بازرگانی دا. جا من بابەتێکی دیجیتاڵیم پێشکەش بە ژووری بازرگانی کرد. پەیوەندیی هاوبەشمان دروست کرد کە رێگە دەدات بە پەیوەندیی راستەوخۆی بازرگانانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئۆکراینا و تەنانەت لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئۆکرینییانەی کە لەو ناوچانەن ئێستا بە شێوەیەکی کاتیی لەلایەن رووسیاوە داگیرکراون، ئەوە چارەسەرێکە. هەروەها سەردانەکەم پەیوەندیشی بە ئاڵوگۆڕی تەکنەلۆجیای نوێوە هەیە، ئەگەر بشێت وا بڵێم. من سەردانی پەیمانگەی داهێنانی کوردییشم کرد کە زۆر سەرنجڕاکێشە و ئەوەی لەوێ دەیکەن بۆ شێوازی نوێی بازرگانی زۆر گرنگە. رووداو: ئامەژەت بە نیو ملیار دۆلار بازرگانی کرد کە ئەمە لەگەڵ هەموو عێراقدایە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، شەڕ تاوەکو چەند کاریگەریی کردووەتە سەر ئەمە؟ ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: یەکێک لە بەرهەمە سەرەکی و بەنرخەکان شیشی کۆنکرێتی بیناسازی بوو کە ئێستا هەناردەی وەستاوە، ئێمە ئەم بەرهەمەمان بۆ سەرپێخستنەوەی ئابوورییەکەمان دەوێت. هەروەها هەندێک بنچینەی لۆجیستیکی کاریان تێکراوە. لە راستیدا بەو جۆرەیە. ئێستا ئێمە بۆ شێوازی نوێی چالاکی دەگەڕێین و دەبێت بڵێم کە زۆر گرنگر ئەو شێوازە نوێیەی چالاکی بهێنرێتە عێراق و هەرێمی کوردستانیش. بۆ نموونە کۆمپانیای ئالتکۆمی ئۆکراینی لێرە بەناوبانگە و لە هەولێر نووسینگەیان هەیە. ئەم کۆمپانیایە تایبەتمەندی پرۆژە ژێرخانییەکانە و چەند هەفتەیەک لەمەو بەر لە بەغدا پردی قورتوبە کرایەوە کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەکەی بوو. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە کوالیتی و شیوازی ئەو پڕۆژەیە کە لەلایەن ئەو کۆمپانیا ئۆکراینییەوە دروست کراوە زۆر سەرنجڕاکێشە و دەستخۆشییەکی زۆری لە کاری کۆمپانیاکە کرد. ئینجا پڕۆژەی دواتریش بەم زووانە لە ناوچەی رۆستەمییەی بەغدا دەکرێتەوە. بەڵام ئەوەی پێویستە جەختی لێ بکرێتەوە، ئەوەیە کە ئەمە هەر بە تەنیا کاری کۆمپانیایەکی ئۆکراینی نییە، بەڵکو زۆربەی کرێکار و کارمەندەکان و ئەندازیارەکان عێراقین و کوردیشیان تێدایە. هەندێک ئەندازیاری ئۆکراینیشمان هەن کە جاروبار دێن سەرپەرشتی هەندێک پڕۆژە دەکەن، بەڵام زۆربەیان و تەنانەت بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە خەڵکی نێوخۆی عێراقە و تەکنەلۆجیای نوێ لە پرۆژەی پاشخاندا بەکاردێنن و پرۆژەی گەورە دروستدەکەن، بە تایبەتی لە بواری رێگەوباندا. ئەوە زۆر سەرنجڕاکێش و گرنگە. خەڵکی نیوخۆیی نەک تەنیا دوایین بەرهەمیان پێدەگات. ئەم کارە بەر لە هەر شتێک بە خەڵکەوە بەستراوەتەوە. جا عێراقییەکان و خەڵکی کورد لێزانن و ئەزموونیان هەیە بۆ کارکردن لەسەر ئەو تەکنەلۆجیا نوێیە و بەکارهێنانی ئەو ئامێرە هاوچەرخانەی ئێمە دەیانهێنینە ئێرە. رووداو: بە گشتی چەند کۆمپانیای ئۆکراینی لە عێراقدا کار دەکەن؟ ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: بەگشتی ئێمە کۆمپانیای زۆرمان لە عێراق نییە؛ ئەوەی پێمخۆشە بیڵێم، ئەو کۆمپانیایانەی لێرە هەمانە هەموویان بەگوێرەی یاسای عێراقی تۆمارکراون هەر بۆیە پرسیارکردن لەبارەی کۆمپانیا ئۆکراینییەکانەوە پرسیارێکی یاساییە و بە گشتی کۆمپانیاکانمان، بۆ نموونە، کۆمپانیا بازرگانییەکان، لێرە نوێنەری رێگەپێدراویان هەیە، کە بەفەرمی کۆمپانیای خۆجێی کوردین هەندێک جار، بەڵام ئەوانە تاکە نوێنەری بەرهەمێک یان دووانن. بەرهەمی ئۆکراینی هەندێک کارگەی ئۆکراینی بەپێی داواکاریی هاوبەشە نێوخۆییەکانی ئێرە بەرهەم دروستدەکەن. ئینجا ئەگەر هەندێک جۆری بەرهەم بەکارهێنانی نەبێت، ئەوا ئەوان بە شێوەیەکی کاتیی دروستکردنی ئەو بەرهەمە رادەگرن. ئەوەیش مانای وایە کە بازاڕی کوردستان و عێراق بە لای کۆمپانیاکانمانەوە گرنگن. رووداو: ئۆکراینایش بۆ بازاڕی عێراق گرنگە، چونکە بیرمە دوای شەڕ دەستبەجێ خەڵکی ئێرە شەڕەکە و دۆخی ئۆکراینا کاری لێکردن. بینیمان نرخی زۆر جۆری ڕۆن و هەروەها دانەوێڵە و چەند بەرهەمێک 200٪ بۆ 250٪ زیاد بوو. هەندێک بەرهەمیش گەیشتە 400٪ لە نرخدا. ئەوە تەنیا لە دوو هەفتەدا رووی دا. ئەوە واتای وایە کە ئۆکراینا چەندە گرنگە بۆ بازاڕی نیوخۆیی عێراق. لەو کاتەوە تائێستا چۆن کاردەکەن بۆ ئاسانکاری و هێنانی ئەو بەرهەمانە لە ئۆکرایناوە بۆ بازاڕی عێراق؟ ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: ئەمە پرسیارێکی گرنگە؛ نەک تەنیا لەبارەی عێراقەوە، بەڵکو بۆ زۆر وڵاتی دیکەیش. ئۆکراینا یەکێک بوو و یەکێکە و یەکێک دەبێت لە پێنج وڵاتە یەکەمەکەی بەشدار لە ئاسایشی خۆراکی جیهانیدا. ئەگەر ئێوە لە عێراق هەستتان بە زیادبوونی نرخ کردووە، ئەوا لە هەندێک شوێنی وەک ئەفریقا بەبێ خۆراک و دانەوێڵەی ئۆکراینا لە لێواری برسێتیدابوون. بە راستی ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورە بوو و، ئەگەر ئێمە سەرنج بخەینە سەر ئەم پرسیارە، ئەوا حەز دەکەم جەخت لەوە بکەمەوە کە لەژێر بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکاندا تورکیا پرۆژەی دانەوێڵەی ئۆکراینای رێکخستەوە و توانیمان لە رێگەی تورکیاوە دانەوێڵە رەوانەی بازاڕی جیهانی بکەین. لەو کاتەدا رووسیا دەریای رەشی داخست کە ئەوە هەڕەشەی برسێتی بوو لە هەندێک وڵات. خۆشبەختانە دواتر رووسیا ئەم پرۆژەیەی جێهێشت و بەردەوامە لەوەی خۆراک وەک چەکێک دژی هەندێک وڵات بەکاربهێنێت. ئۆکراینایش بڕیاری دا ئەم کێشەیە بە رێگەی سەربازی چارەسەر بکات. ئەوە بوو هێزی دەریایی و سەربازیمان کەشتیی سەربازیی رووسیایان نوقم کرد و رێگەیان کردەوە. ئێستا ئێمە دەتوانین کارەکە سەرپێ بخەینەوە، بەڵام نەک بە تەواوی، بە لایەنی کەمەوە دەتوانین رێڕەوێک سەرپێ بخەینەوە تا خۆراک و کەلوپەل لە ئۆکرایناوە هەناردە بکەین. ئەوە یارمەتیدەرە، بەڵام لە لایەکی دیکەیشەوە، ئێستا رووسیا بە مووشەک بەندەر و ناوەندی خۆراکی نێودەوڵەتی دەکاتە ئامانج. لەگەڵ ئەوەی دەتوانین بەو رێڕەوەدا خۆراک رەوانە بکەین، بەڵام ئەوان هەوڵ دەدەن تێکی بدەن و ناوەندەکە لە بەندەری ئۆکراینا بسووتێنن. ئەوەیش ئەنجامێکی خراپی بۆ دۆخی ئاسایشی خۆراک دەبێت. هەر بۆیە عێراقیش دەبێت لەوە تێبگات. وێڕای ئەگەری رەوانەکردنی هەندێک شت، بەڵام خۆراک و شتومەکی نێودەوڵەتی لەژێر مەترسیی رۆژانەدایە. رووداو: لە سەرەتای ئایارەوە دۆخی شەڕ لە ئۆکراینا چۆنە؟ چۆنی هەڵدەسەنگێنیت؟ ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: لە ئەنجامی دەستدرێژیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە 2014وە، لەبەر ئەوەی دەبێت تێبگەین کە شەڕ دوو ساڵ لەمەو بەر دەستیپێنەکرد، بەڵکو لە 2014 دەستیپێکرد ئەو کاتەی رووسیا ناوچەیەکی لە رۆژهەڵاتی خاکی ئۆکراینا و کریمیای داگیر کرد، لەو کاتەدا نزیکەی 26٪ی خاکی ئۆکراینا داگیرکراوە. بە کریمیا و بەشەکانی دیکەی ئۆکرایناوە. بەڵام لە دوای 24ی شوباتی 2022ەوە 50٪ی ئەو خاکەی لەلایەن رووسیاوە داگیرکرابوو، لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە ئازاد کراوە. ئێمە هێشتا پێویستمان بە چەک و پشتیوانییە. ئەگەر سەیری نەخشە و قەبارە و سەرچاوەکان و شتەکانی دیکەی رووسیا و ئۆکراینا بکەین، ئەوە روونە دەتوانیت تێبگەیت کە ئەمە تەنیا شەڕە دژی گەورەترین وڵاتی جیهان. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سوپاس بۆ ئازایەتیی خەڵکی ئۆکراینا؛ رووسیا نەیانتوانی پلانی دوو ساڵ لەمەو بەریان جێبەجێ بکەن. ئێستا ئێمە گەرمترین ناوچەمان هەیە، ناوچەی شەڕ. هاوکات، درێژیی بەرەکانی شەڕ زیاتر لە هەزار و 200 کیلۆمەترە. تەواو قورسە ئەوە بپارێزرێت. ئەوێ ناوچەیەکی گەرمە. بەڵام ئەگەر هەندێک شوێن لەبەرچاو بگرین، وەک باکوور، کە دەبێت بۆ بەرگریکردن هێزەکانمان بهێڵینەوە. ئەوەیش زۆر گەورەیە. هەندێک لە شوێنە گەرمەکانی شەڕ وەک "کوپیانسک، لیمان، کراماتۆرسک، سیڤێرسک، پۆکرۆڤسک"، ئەگەر کەسێک حەز بکات دەتوانێت لەسەر نەخشە بزانێت دەکەونە کوێ. ئۆکراینا توانیویەتی دەست بەسەر دوورگەی نەستریادا بگرێت. ئەمە دوورگەیەکە لە باشووری ئۆکراینا لە رووباری نیپرا. ئێمە لەوێ سەرکەوتنمان بەدەستهێنا. دەستمان بەسەر ئەو دوورگەیەدا گرتەوە، بەڵام رووسیا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەری. ئەوان سەرچاوەی مرۆیی پێویستیان هەیە، هەروەها هێزی سەربازییان هەیە. هەروەها گرنگە ئەوەیش لەبەرچاو بگیردرێت کە ئێستا دۆخەکە زۆر مەترسیدارە، چونکە هێشتا توانای رووسیا تەواو مەترسیدارە. رووداو: ئایا هێزەکانی سوپای ئۆکراینا دەتوانن بەر بە هێزەکانی سوپای رووسیا بگرن؟ ئۆلێکساندەر: ئەوە دووەم ساڵە شەڕ دەکەین و بەرەو سێ دەچین، ساڵانێک لەمەو بەر، ئۆکراینا سێیەم وڵات بوو لە جیهاندا کە جبەخانەی ئەتۆمیی هەبوو. ئێمە رەتمانکردەوە کە ببینە هێزێکی ئەتۆمی. جبەخانە ئەتۆمییەکەمان تێکدا یان گواستمانەوە بۆ وڵاتانی دیکە لەنێویاندا رووسیا. ئێمە لەو سەردەمەدا گەرەنتیمان بۆ پاراستنی ئاسایش و یەکێتیی خاکەکەمان لە هەندێک وڵات و لەنێویاندا لە رووسیا هەبوو. ئێمە ساڵانێک سوپامان بۆ هێرشکردنە سەر هیچ شوێنێک دروست نەکرد. ئێمە سوپامان دروست کرد و لە دروستکردنیشی بەردەوامین، ئەوەیش بۆ پاراستنی خاکەکەمانە، بەڵام لە دەیەی پێشوودا مەترسییەکی راستەقینەمان لەسەر نەبوو. ئەگەر بە روونی قسە بکەم، هەر بۆیە سوپاکەمان لە ئاستی پێویستدا نەبوو کاتێک رووسیا هێرشی کردە سەرمان لە 2014دا. زۆر کەسی خۆبەخش و سەربازی پێشوو چوونە سوپا. لەو کاتەوە ئێمە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەزموون و سوپا دەدەین. کاتێک سەرۆک زیلێنسکی هاتە سەر حوکم هەوڵی جیددیی پێکهێنانی سوپاس دەستی پێکرد. بە دڵنیاییەوە کەس پێشبینیی ئەوەی نەدەکرد کە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، هەرچەندە چەند ساڵ لەوەو پێش گەرەنتییان دابوو هەرگیز ئەوە روونادات. ئەوە نەک تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هاوپەیمان و دراوسێکانیشمان کێشەیە. بە دڵنیاییەوە ئێمە چەکی پێویستمان نییە، چەکی پێشکەوتوومان نییە بۆ ئەوەی لە بەری رۆژهەڵاتەوە بەرگری بکەین. دەزانی، هەموو یاسا و رێسا سەربازییەکانی ئۆکراینا لەسەر شەڕی رووسیا بونیات نەنراون، بە تایبەتی لە هێزی دەریاییدا لە دەریای رەش. ئەو شەڕەی دەریای رەش ئێمەیش و هاوپەیمانەکانمانیشی تاساند. هێشتا پێویستمان بە چەکی زیاتر پێشکەوتووە. مەشقمان کردووە. بەڵێ، ئەمە شەڕە و لە شەڕیشدا لە هەر کاتێکدا چەکت کەم دەکات. رووداو: ئایا پێتوایە رووسیا هەرگیز هێرشی بکردایە یان بیری لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا بکردایەتەوە ئەگەر ئۆکراینا جبەخانە ئەتۆمییەکەیی بهێشتایەتەوە؟ ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: دەبێت لە شتێک تێبگەین. ئێستا لای رووسیا هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی و بەهایەکی مرۆیی نییە. ئۆکراینا ئەزموونێکی خراپی لەگەڵ چێرنۆبڵدا هەبوو کە ساڵی 1986 روویدا. تەقینەوەی تەنیا وێستگەیەکی ئەتۆمی بووە مایەی کێشە و لێکەوتەی زۆر بۆ هەموو جیهان. ئێمە دەزانین کە نابەرپرسیارێتی چییە. دەزانین خراپ بەڕێوەبردنی وێستگەیەکی ئەتۆمی چییە. ئۆکراینا هێشتا کار لە وێستگە ئەتۆمییەکانی وزەدا دەکات. یەکێک لەم وێستگە ئەتۆمییانەی وزە وێستگەی زاپۆریژایە کە لە ئەوروپادا گەورەترینە و لەلایەن رووسیاوە داگیر کراوە. ئەوان هەوڵ دەدەن ئەم وێستگە ئەتۆمییەی وزە بەڕێوەببەن، بەڵام رێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم تیمی تایبەت دەنێرێت بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەم وێستگە ئەتۆمییەی وزە. رووسەکان ناتوانن و نازانن ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە بەڕێوە ببەن و، بە داخەوە ئۆکراینایش دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. ئەمەیش مەترسییەکی نەک تەنیا لەسەر ئۆکراینا، بەڵکو لەسەر ناوچەکە و جیهان دروست کردووە. چەند رۆژ لەمەو بەر لە رووداوێکدا چەند درۆنێک لە وێستگە ئەتۆمییەکە کەوتبوونە ناو ریاکتۆرێک. بە راستی ئەوە هەڕەشەیە و خەڵک دەبێت لەوە تێبگەن ئەگەر کارەساتی ئەتۆمی رووبدات، ئەوا مەودایەکی زۆر دوور لە ناوەندی شاری پیتێنەر دەڕوات. رووداو: لە دیدگەی ئۆکرایناوە، ئاشتی چییە؟ ئۆلێکساندەر بورڤچێنکۆڤ: دیدگەی ئۆکراینا تەواو ئاسان و روونە. مانگێکی دیکە لە سویسرا لە رۆژانی 15 و 16ی حوزەیراندا یەکەمین لووتکەی سەرکردەی وڵاتانی جیهان ساز دەکرێت کە سویسرا و ئۆکراینا پێکەوە رێکی دەخەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جەخت بکەینەوە لە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و دادپەروەریی درێژخایەن لە ئۆکراینە و دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک. عێراقیش یەکێکە لەو 147 وڵاتەی کە لە بەرژەوەندیی ئەم بڕیارنامەیە دەنگی دا. لەو کاتەدا تەنیا حەوت وڵاتی جیهان دژی بڕیارنامەکە بوون کە رووسیا و چەند وڵاتێکی دیکە بوون. لەم هاوکێشەیەدا لەلایەن سەرۆک زیلێنسکییەوە ئاشتی بۆ ئۆکراینا بە روونی دیاری کراوە. چەند مانگێک لەمەو بەر لە لووتکەی "G10"دا سەرۆک زیلێنسکی گوتارێکی هەبوو، باسی لە هاوکێشەکەی بۆ ئاشتی کرد. 10 خاڵ لە خۆ دەگرێت. هەموو شتێکی روون و یاساییە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە و دەنگی پێدراوە. ئەم دیدارە جیهانییە لە سویسرا دەبێت. دوای ئەمە، رەنگە رووسیا لە لووتکەی دووەمدا بانگهێشت بکرێت بۆ ئەوەی بەشداری بکات. ئەوە رێگەیەکی یاساییە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی. هاوکات، ئەوە تاکە هاوکێشەیە کە لەلایەن سەرۆک زیلێنسکییەوە پێشکەش کراوە و نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانیشەوە بە یاسایی کراوە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/17052024
سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق دەڵێت، بەهای 100 دۆلار ناگاتە 200 هەزار دینار و پێویستیش ناکات پێداچوونەوە بە شێوازی پێدانی دۆلار لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە بکەن. فەیسەڵ هەیمەس، سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، دەرکردنی 14 بانکەکەی عێراق لە لیستی ئەو بانکانەی دەتوانن دۆلار لە بانکی ناوەندی وەربگرن، کاریگەریی لەسەر سرووشتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی هەبووە و زەنگی مەترسییە بۆ عێراق. ئەو بەرپرسە دەشڵێت، لە کۆی نزیکەی 71 بانک لە عێراق، 18ـیان مامەڵەیان بە دۆلار لێ قەدەخەکراوە. هەیمەس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، شاندێکی دەستەکەیان سەردانی سلێمانیی کردووە، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، لقی دەستەی گشتی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە سلێمانی دەکەنەوە. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلار زۆر دابەزی، بەشێک لە شارەزایان هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 14 بانکی لە لیستی ئەو بانکانە دەرکرد کە دۆلاریان پێدەدرێت، بەشێکیش بە زەنگێکی مەترسیدار ناوی دەبەن، تۆ چی دەڵێیت؟ فەیسەڵ هەیمەس: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، سوپاس بۆ میوانداریکردنم و پێدانی ئەم دەرفەتە. ئێوەش دەزانن، ئێمەی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان، لایەنی پەیوەندیدارین بە بازاڕی پشکەکان و قەواڵەکانی عێراق. بابەتی دۆلار ئێوەش دەزانن بابەتێکی راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە بانکی ناوەندی، بەڵام وەک وەڵامێک بۆ پرسیاری بەڕێزتان، رێگریی لەم 14 بانکە بۆ دەستبردن بە سەکۆی مامەڵەکردن بە دۆلار، بەدڵنیاییەوە کاریگەری بەسەر سرووشتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و دینار دەبێت. ئێمەش لە ماوەی رابردوودا ئەمەمان بەدیکرد، بەڵام ئێوەش دەزانن هەوڵی حکومی هەیە بە چاودێری بانکی ناوەندی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ دانانی نەخشەڕێگایەکی دیاریکراو بۆ کەرتی بانکی. لە چەند رۆژی رابردووشدا بینیمان هەڵمەتێک لەدژی قاچاخچییەکانی دۆلار لەناو بازاڕەکاندا دەستیپێکرد. پشت بەخوا ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ رێکخستنی کاری بانکی لە عێراق و پرۆسەی کارکردن لە سەکۆی دراوەکان. دەرەنجام کار بۆ ئەوە دەکرێت سەقامگیری بۆ دۆخی ئابووری و بەهای ئاڵوگۆڕی دراوەکان بەدی بکرێت. هاوکات رێگری لە هەڵاوسان بکرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان کە راستەوخۆ قووتی هاووڵاتییان بە ئامانج دەگرێت. رووداو: بەڕێز هەیمەس، تۆ پێتوایە دەرکردنی ئەو 14 بانکە زەنگێکی مەترسیدارە؟ فەیسەڵ هەیمەس: بەدڵنیاییەوە، لە ساڵی رابردوودا بینیمان چوار بانک لە عێراق مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ قەدەخە کرا. بەمدواییانەش 14 بانکی دیکە قەدەخەکران. ئەم جۆرە رێکارانە، بەگوێرەی روونکردنەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیارەکە بۆ تۆکمەترکردنی پرۆسەی کاری بانکی لە عێراق دەکات. هەروەها جەختیان لەوەکردەوە، کە ئەم رێکارانە سزا نین، بەڵکو تەنیا مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ قەدەخە کردووە. بانکی ناوەندی عێراقیش تاکە لایەن و سەرچاوەیە بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن بە بانک و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی سیاسەتی دارایی و بانکی عێراقدا کاربکەن. هەر خۆیشی دەسەڵاتی قەدەخەکردن و هەڵوەشاندنەوەشی هەیە. ئەم بڕیارە، قەدەخەکردنێکی کاتییە بۆ گەیشتنیان بە پرۆسەی مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنی دراوەکان. ئەگەر بانکەکان خۆیان رێکخستەوە و پابەندی تەواوی رێنماییەکان بوون، دەکرێ دووبارە بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان لە کڕین و فرۆشتنی دۆلار. رووداو: لە رووی پراکتیکییەوە جیاوازیی چییە لەنێوان ئەوەی ئەو 14 بانکە خرابێتنە لیستی رەش یان لە لیستی ئەو بانکانە دەرهێنرابن کە دۆلار وەردەگرن؟ بۆچی پێتوایە بابەتەکە کاتییە؟ فەیسەڵ هەیمەس: نەخێر، بابەتەکە روونە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بانکی ناوەندی روونیکردەوە. پێموایە ئەمە بابەتێکی کاتییە، بۆ ئەوەی بانکەکان کارەکانیان سەرلەنوێ رێکبخەنەوە و لەگەڵ رێنماییەکانی کڕینی دۆلار خۆیان بگونجێنن کە دەبێ تەنیا لە چوارچێوەی شەرعییەوە بکرێت و بازرگانیی یاسایی و رەوایی پێ بکرێت. بەدڵنیاییەوە پێویستە بانکەکان زانیاری زۆر وردیان هەبێت لەبارەی کارەکانیان و رەزامەندیی لایەنە فەرمییەکانیان پێ ببەخشرێت و ئاگاداری ورد و درشتی هەموو هەنگاوەکانی ناو ئەم پرۆسەیە ببن. دەکرێ ئەم بانکانە چاو بە رێکارەکانیان بخشێننەوە و دەست لەسەر هەڵەکان دابنێن بۆ دووبارە نەکردنەوەی. رووداو: بەڕێز هەیمەس، دەگوترێت لە داهاتوودا 10 بانکی دیکە لە لیستی ئەو بانکانە دەربهێنرێن کە دۆلار وەردەگرن؟ مەترسییەکی لەم شێوەیە هەیە یان تەنیا پڕوپاگەندەیە؟ فەیسەڵ هەیمەس: دوای دەرچوونی بڕیاری راگرتنی مامەڵەکردن لە سەکۆی کڕینی دۆلار بۆ ئەم 14 بانکە، زۆر کەس دەستیان بەقسەکردن و پڕوپاگەندەی جیاواز کرد. ئەمەش وایکرد بەهای دۆلار بەرامبەر دینار هەڵبکشێت. گومان لەوەشدا نییە، زۆر کەس سوود لە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە دەبینن. پێموایە زێدەڕۆیی بۆ ئەم بابەتە دەکرێت. پێویستە ئەم بابەتە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بهێڵدرێت بەتایبەتیش بانکی ناوەندی و کەرتی بانکی و حکومەت بۆ ئەوەی کارەکانیان بە باشترین شێوە بکەن بە ئاراستەی دروست رێکبخرێتەوە. گرنگ ئەوەیە بەهای دینار سەقامگیر بکرێت بەو ئاست و ئاراستەیەی بانکی ناوەندیی دەیەوێت بە ئامانجی بگرێت. ئەم هەنگاو و کارانەش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و لە سوودی هاووڵاتییانی ئاسایی دەبن. رووداو: ناو بە ناو حکومەتی عێراق دەڵێت، باندێکی یاریکردن بە بەهای دینار و دۆلارمان دەستگیرکرد کە هۆکاری پشێوی بوون لە بازاڕەکان. ئەو باندانە بە چ شێوەیەک دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە دروستکردنی پشێوی لە بازاڕی دۆلار و دینار؟ تا چەند ئەمە متمانە بۆ بازاڕی دۆلار و دینار دەگەڕێنێتەوە؟ فەیسەڵ هەیمەس: ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، ئێوەش دەزانن لەماوەی رابردوودا ئەم باندانە بڕێکی زۆر دۆلاریان بۆ وڵاتانی دراوسێ و نزیکی عێراق گواستەوە. ئەم کردەوانە زیانی زۆریان بە ناوبانگی کەرتی بانکی عێراقی گەیاند و دەرەنجام وەک باسمان کرد، بووە هۆی راگرتنی چالاکییەکانی 14 بانکی ناوخۆ بۆ مامەڵەکردنیان لە سەکۆی دراوە بیانییەکان. ئەم رێکارانە راستییەکەی رێکاری زۆر پێویستن، چونکە بەر لە هەر جۆرە بەقاچاخبردنی دراوەکان دەگرن کە بە رێگای نایاساییەوە ئەم کارە دەکەن. مەرجە حکومەت بەرپەرچیان بداتەوە و ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە و چارەسەری بکات بۆ ئەوەی هاووڵاتیی لەم نێوەندەدا سوودمەند بێت، نەوەک چەند کەسانێک بە رێگەی نایاسایی. رووداو: بەڵام کێشەیەک هەیە؛ لە ماوەی ساڵی رابردوو تاوەکو ئێستا بانکی ناوەندی دەیان رێکاری گرتووەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دینار و دۆلار، بەڵام تا ئاستێک سەرکەوتوو نەبووە؛ پێتوایە تا چ ئاستێک لەمەدا سەرکەوتوو بووە؟ ئەگەر ئەو رێکارانە نەبوونایە، ئێستا بەهای 100 دۆلار بە چەند دەبوو؟ ئەلهەیمەس: ئێوەش دەزانن، بەمدواییانە بانکی ناوەندی پاکێجێکی نوێی رێنماییەکانی بڵاوکردەوە کە پەیوەندییان بە بازرگانە بچووکەکانەوە هەیە بەبێ ئەوەی خاوەن کۆمپانیا بن و بەشداریکردنیان لە سەکۆی کڕینی دراو بۆ ئەوەی دۆلاریان دەستبکەوێت بۆ پارەدارکردنی بازرگانییە دەرەکییەکانیان، پێموایە ئەم رێکارانە بۆشایی نرخەکان پڕدەکاتەوە لەنێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی رەش. ئەم رێکارانەش وەک باسمکرد، بانکی ناوەندی دەستنیشانی دەکات. رووداو: شێوازی سوودوەرگرتنی بازرگانە بچووکەکان چۆنە لەو 100 هەزار دۆلارەی مانگانە پێیاندەدرێت؟ ئەو بەڵگەنامانە چین، کە دەبێت پێشکێشی بکەن؟ فەیسەڵ هەیمەس: بانکی بازرگانیی عێراق، دەستپێشخەرییەکی بۆ بازرگانە بچووکەکان هەیە بۆ ئەوەی دۆلاریان دەستبکەوێت ئەویش لە رێگەی پێشکێشکردنی بەڵگەنامەکانی وەک پسووڵەی کڕین و فرۆشتنی کاڵاکان و تۆماری ئەندامیێتییان لە ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی عێراق لەو پارێزگایەی تێیدا دەژیت. هەروەها بازرگانەکە لە رێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە دەتوانێت دراوی بیانی و دۆلاری لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق دەستبکەوێت. رووداو: باشە، بەڵام هیچ مەترسییەک نییە ئەمە دووبارە بەهەدەردان و گەندەڵیی تێبکەوێت؟ کۆمەڵێک کەس بێنە نێو ئەم بابەتەوە کە بازرگان نەبن و بەڵگەنامەی ساختە پێشکێش بکەن؟ فەیسەڵ هەیمەس: نەخێر، نەخێر پێموانییە، بانکی بازرگانی عێراق (تی بی ئای) یەکێکە لە بانکە هەرە بەهێزەکان و تۆڕێکی زۆر فراوانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەیە. هەروەها پابەندییەکان بۆ ئەم بانکە لە ئاستێکی زۆر باڵادایە و رێکار و رێوشوێنەکانی زۆر سەخت و چڕن. هەموو ئەمانە وایانکردووە لەو توانایەدا بێت ئەم کارە بکات. ئەو بازرگانانەی مامەڵە لەگەڵ ئەم بانکەدا دەکەن گەواهی رێکارە تووندەکانی دەکەن. ئەمە جگە لەوەی بانکەکە رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکی زۆری ئابووری بۆ دەوڵەتی عێراق. رووداو: پێتوانییە پێویست بێت بانکی ناوەندی، حکومەت و دامەزراوە داراییەکان دەستکاری و گۆڕانکاری لە شێوازی خستنەڕوو پێدانی دۆلار بکەن؟ هەست ناکەن [سەکۆی ئەلیکترۆنی] پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە؟ فەیسەڵ هەیمەس: نەخێر، ئێوەش دەزانن، رێککەوتنێک لەنێوان بانکی ناوەندی و بانکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکی هەیە بۆ کارکردن لە رێگەی سەکۆکان. پرۆسەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و باشترین رێگایە بۆ پارەدارکردنی بازرگانە شەرعییەکان بە دراوی بیانی، بە مەبەستی هاوردەکردنی کاڵاکانیان بۆ ناو بازاڕەکان. ئەمڕۆ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی هەیە، رێککەوتنی لەگەڵ بانکی ناوەندی کردووە بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵە بازرگانییەکانی بازرگانەکان و ئەمەش رێگەخۆش دەکات بۆ پارەدارکردنی بازرگانەکانی عێراق بۆ کڕینی کاڵاکان و هاوردەکردنیان. پێموایە ئەمە باشترین رێگایە بۆ ئەم جۆرە مامەڵانەی دەیکەن. هەروەها ئەم کارانە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی ئابووری و بازرگانیی عێراق کراون. رووداو: بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو بازرگانانە زۆر کەمن کە سوودمەندن لە سەکۆی ئەلیکترۆنی بانکیی ناوەندیی عێراق، تەنانەت لە عێراقیش. چی بکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین بازرگانی 'راستەقینە' دەستیان بە دۆلاری هەرزان بگات بۆ ئەوەی کاڵا و شتومەک بە هەرزان هاوردە بکەن؟ فەیسەڵ هەیمەس: نەخێر، لەم بابەتەدا لەگەڵ بەڕێزتان هاوڕانیم، لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەم سەکۆیەدا سوودمەند دەبن، بەوەی ژمارەی بازرگانەکان لەم بوارەدا کەمە. دەبێ ئەوە لەیاد نەکەین، سەرجەم بانکە ناوخۆییە چالاکەکان ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ سەکۆکە دەکەن، لە هەرێمی کوردستانیش هەن، وەک چۆن لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەشدا هەن. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی مامەڵە لەم سەکۆیەدا بکەن و رۆژانە مامەڵەکانیان بکەن. وەک روونە بانکی ناوەندیی رۆژانە لەنێوان 200-220 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت. ئەمە ژمارەیەکی زۆر گەورەیە و دەرخەری ئەوەیە کە ئەم سەکۆیە پلاتفۆرمێکی شەرعییە و پێداویستییەکانی بازرگانان بەدی دەکات لە کڕینی کاڵاکانیان لە دەرەوە و هاوردەکردنیان بۆ عێراق. رووداو: قسە و باس لەسەر ئەوە دەکرێت کە بەهای 100 دۆلار دەگاتە 200 هەزار دینار؛ پێموایە لەگەڵ ئەو رایەدا نیت، بەڵام مەترسی هەیە بەهای دینار بەو ئاستە دابەزێت؟ فەیسەڵ هەیمەس: سەیرکە، ئەو رێکارانەی بووە هۆی راگرتنی مامەڵەی کاری ئەم 14 بانکە، بەدڵنیاییەوە کاریگەری خستە سەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار. ئەمەش لە ئەنجامی ئەو سوپرایزە بوو سەریهەڵدا. لە پاڵ ئەمەش ئەو پشێوی و پرۆپاگەندانەی کە باسمان کرد رۆڵی خۆیان گێڕا بۆ ئەوەی بەهای دینار دابکشێت. لە دوو رۆژی رابردوودا بینیمان دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی، بەهای لەدەستدا. پێموایە هاوئاهەنگیی زۆر لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراقی و حکومەتی عێراقی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکی و بانکی فیدراڵی ئەمریکی هەیە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن. من گەشبینم و راستییەکان دەبینم بەوەی زۆر ئەستەمە بەهای دۆلار بگاتە 200 هەزار دیناری عێراقی. ئەمە بە دوور دەزانم، رەنگە ناسەقامگیری دروست ببێت، بەڵام ناگاتە ئەم ئاستە و حکومەت و بانکی ناوەندی هەمیشە لە هاوئاهەنگیدان بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە کە رێگەدەدەن بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابکشێت. رووداو: پێشبینی ناکەیت لە مەودانزیکدا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کەمێک زیاتر دابەزێت؟ بۆ نموونە بەهای 100 دۆلار بگاتە 160 هەزار دینار؛ پێشبینی شتی لەمجۆرە دەکەیت؟ فەیسەڵ هەیمەس: سەیرکە، ئێستا لەرینەوە و ناسەقامگیری بەهێز هەیە، لە دابەزین و هەڵکشاندا. پێموایە ئەو رێکارانەی بانکی ناوەندی گرتوویەتەبەر، رێگەخۆش دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییانە. بۆیە پێموایە لەمەودوا داکشان روو دەدات، نەک هەڵکشان. رووداو: رۆڵی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق چییە لە راگرتنی هاوسەنگی بازاڕی دۆلار و دینار و رێکخستنی کاروباری بازرگانان؟ فەیسەڵ هەیمەس: ئێمە، وەک بەڕێزتان دەزانن دەستەکەمان رۆڵی چاودێر بەسەر بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراقدا دەگێڕێت. هاوکات سەرپەرشتیی کارەکان و پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕیان دەکەین. هەوڵیش دەدەن پەرەی زیاتری پێبدەین و هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لقەکانی دەستەکەمان لە سەرجەم پارێزگاکاندا بکەینەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەفتەی رابردووش، شاندێکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق بەمەبەستی کاری هاوبەش و ئەنجامدانی هاوئاهەنگیی، سەردانی سلێمانیمان کرد بۆ دروستکردنی هۆڵێکی ئاڵوگۆڕکردن لە سلێمانی و پشت بەخوا بەدواداچوون بۆ ئەم هەوڵانە دەکەین بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا بوونمان هەبێت لەپێناو پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانمان لە هەرێمی کوردستان، بۆ دەستکردن بە مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراوەکان لە سلێمانی. رووداو: کەی ئەو بازاڕە لە سلێمانی دەکرێتەوە؟ فەیسەڵ هەیمەس: پشت بەخوا، پێش کۆتایی ساڵ. رووداو: ئەی لەبارەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە هەولێر؟ چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕیار بوو بکرێتەوە، ماوەی رابردووش هەمان پرسیارم لە بەڕێزتان کردەوە؛ ئەو پرسە بەکوێ گەیشت لە هەولێر؟ فەیسەڵ هەیمەس: ئێمە لە ساڵی 2014دا مۆڵەتی کارمان بە هەولێر دا بۆ ئەوەی ئەوانیش بنکەیەک بکەنەوە و بەفەرمی کاربکەن و لایەنە فەرمییەکانیش لە هەولێر دەستپێشخەربوون بۆ کردنەوەی کۆمپانیایەک بۆ بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکان و ئێمەش مۆڵەتمان پێدان. زۆر بەداخەوە رووداوەکانی موسڵ و سەرهەڵدانی داعش و قەیرانەکان وایکرد ئەم کارانە دوابکەوێت. ئێستاش لەگەڵ برایانمان لە هەولێر پەیوەندیمان هەیە، ئەمڕۆش پێویستمان بەوەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکەین بۆ کاراکردنەوەی ئەم بازاڕە. رووداو: هەست دەکەم لەوەی هەولێر بێئومێد بوون، بۆیە هاتوون لە سلێمانی بیکەنەوە؛ ئایا بێئومێد بوون لە دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە هەولێر یان ئەو بابەتە هەر ماوە؟ فەیسەڵ هەیمەس: نەخێر نەخێر، هێشتا ماوە و پێشوازی دەکەین لەوەی بازاڕێکمان هەبێت لە هەولێر و سلێمانیش بەهەمانشێوە، بەڵام بەمدواییانە داوایەکمان پێشکێش کرا بۆ ئەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە سلێمانی بکەینەوە. لەسەر خواستی ئەوان، ئێمەش دەستمان بەرێکارەکان کرد بۆ ئەوەی پێگەمان لە هەرێمی کوردستانیش هەبێت کە سوودی بۆ هاووڵاتییانمان دەبێت لە هەرێمی کوردستان. رووداو: حەز دەکەم روونتری بکەینەوە لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر گوێمان لێدەگرن و دەمانبینن؛ کردنەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە عێراق، لە هەولێر و سلێمانی چ سوودێکی بۆ هاونیشتمانییان هەیە؟ بۆ ئەوەی خەڵک بزانن کردنەوەی ئەو بازاڕە چ سوودێکیان پێدەگەیێنێت. فەیسەڵ هەیمەس: ئێوەش دەزانن، بۆ مامەڵەکردن لە بازاڕی ئاڵوگۆڕکردن بە پشک و قەواڵەکان پێویستی بە هەژماری وەبەرهێنەر هەیە. هاووڵاتییەک ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بیەوێت هەژمارێک بکاتەوە بۆ دەستکردن بە مامەڵەکردن، دەبێ سەردانی بەغدا بکات و لەوێ ئامادە بێت بۆ ئەوەی مامەڵەی کردنەوەی هەژمارەکانی رایی بکات. کردنەوەی ئەم بازاڕە، کۆتایی بەم رێکارە قورس و سەختە دەهێنێت و ئاسانکاری زۆر بۆ برایانمان لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی بچنە بازاڕەکان یان لقی دەستەکە لە هەولێر و سلێمانی بۆ کڕینی پشک و قەواڵەکان. ئێوەش دەزانن کڕینی پشک و قەواڵەکان پرۆسەیەکە لە کاتی دابەشکردنی قازانجەکان، وەبەرهێنەریش سوود لە قازانجەکان وەردەگرێت. بە هەڵکشانی پشکەکانیش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی بەهاکانی زیاد بکات. رووداو: ژمارەی ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانە چەندە کە لە دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان ناویان تۆمارکراوە، چالاکییان هەیە و مامەڵە بە پشکەکانیان دەکرێت؟ فەیسەڵ هەیمەس: ئێستا ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی لە دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق تۆمارکراون و لەناو پڕۆسەی کڕین و فرۆشتنی پشک و قەواڵەکاندا کاردەکەن، 103 کۆمپانیان. رووداو: چالاکترین کۆمپانیاکان کامانەن؟ لە کام کەرتن؟ فەیسەڵ هەیمەس: زۆرن، وەک ئاسیا سێل وەک کۆمپانیای بەغدا بۆ خواردنەوە گازییەکان. بانکەکان و زۆر کۆمپانیا هەن بەشدارن. هەروەها پێنج پارێزگای بیانیشمان هەن و بەشدارن لە پرۆسەی وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی عێراق کە رۆڵیان هەیە بۆ بازاڕکردن و قەبارەی وەبەرهێنانەکان دەگەنە 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. رووداو: دیارترین ئەو بانک و دامەزراوانە کامانەن کە پەیوەندیتان لەگەڵیان هەیە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن؟ فەیسەڵ هەیمەس: لەبارەی بانکەکان، پێنج بانک هەن لەسەر ئاستی هەرێمی بەشدارن وەک بانکەکانی ئوردنی، ئیماراتی، قەتەری و بەحرەینی. ئێمەش وەک دەستە چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەدای کارەکانیان دەکەین. لەبارەی پەیوەندییە دەرەکییەکانمان، ئێمە ئەندامی دەستەی کاخەزە داراییەکانی عەرەبین. هەروەها ئەندامی دەستەکانی کاخەزە داراییە نێودەوڵەتییەکانین (ئەیاسکۆ) هەروەها چالاکی و هاوئاهەنگی زۆرباشمان هەیە بەتایبەتی لەبارەی ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان و گرتنەبەری پێوەر و ستاندەری نوێخوازی زیاتر و پێشکەوتوو لەسەر ئاستی جیهان. هەروەها خولی راهێنانی هاوبەشی بەردەوامیش لەنێوانماندا هەیە. ئەم هاوئاهەنگییانە بەردەوامن و ئێمەش هاوکات ئەندامین لە لیژنەی هاوبەشی کاری عێراقی، ئوردنی، میسری لەبارەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی نێوانمان. جگە لەمەش ئەندامی لیژنەی هاوبەشی کار و هاوئاهەنگین لەگەڵ سعودیە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/09082023
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لادانی کورسیی کۆتاکان یەکلاکەرەوەیە و تانەی لێ نادرێت، گوتیشی: ''بەهۆی چەندین جار دواخرانی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەترسیی جددی لەسەر رەوایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە''. رۆژی پێنجشەممە، 22-02-2024، رێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە، میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد و لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لادانی کورسیی کۆتاکان رایگەیاند، ''نەدەبوو نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ببنە بەشێک لە ململانێی سیاسی." ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی: ''کە سەرۆکی پەرلەمان بووم، بە شێوەی داواکاری، تکا و ئامۆژگاری، زیاتر لە جارێک قسەم لەگەڵ پێکهاتەکان کردووە و تکام لێکردوون کە یەکێتی وەکو خۆی بخوێننەوە، بەڵام بەداخەوە گوێیان پێ نەدام و ئەم رۆژەیان لەبەرچاو نەگرت''. رێواز فایەق لەبارەی کاریگەریی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی دەڵێت، ''هیوادارم کاریگەریی نەبێت، ئێمە ئێستا لە قۆناخێکی نوێداین و دەبێ ئارامتر بیربکەینەوە و ئامادەکاری بۆ ئەوە بکەین کە هەڵبژاردن لە سەرەتای مانگی شەشدا بکرێت." بڕیارە لە سەرەتای مانگی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەوبارەوە گوتی، بەهۆی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مەترسیی جددی لەسەر رەوایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ''بۆیە دەبێ هەموو لایەنەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشکی ئەوانە، پەرۆشی ئەوە بن، کە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت.'' رۆژی چوارشەممە، دوای 11 جار دواخستنی بڕیاردان، دادگەی فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاییکردەوە، 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی کەمکردەوە و رایگەیاند، نابێ کورسییەکان لە 100 زیاتر بن و بازنەکانی هەڵبژاردنیش لە 4 کەمتربن. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێواز فایەق: رووداو: ئایا بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بە دڵی ئێوە بوو، ئەوەی کە ئێوە چاوەڕوانتان دەکرد هەر ئەوە بوو؟ رێواز فایەق: ئەم کاتەتان باش، راستییەکەی ئێمە هێشتا وەکو حیزب کۆبوونەوەیەکی دیاریکراومان نەکردووە تاوەکو من بتوانم قسە لەسەر ئەوە بکەم، کە ئایا وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەواوی نێوەڕۆکی بڕیارەکەمانی پێ باشە یان نا، بەڵام لە بنەڕەتدا یەکێتی لە رێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەکەی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تانەی لە هەندێک لە مادەکانی یاسای هەڵبژاردن دا و بەشێک لەو بڕیارانەی کە دەرچووە، نێوەڕۆکی بڕیارەکە ئەو داواکارییانەیە کە ئێمە پێشکێشمان کردبوون و بەشێکی دیکەی رەنگە بابەتی دیکە بن کە 100٪ ئێمە بەو شێوەیە داوامان نەکردووە، بەڵام دواجار ئەمە دەسەڵاتی بڕیاردانی دادگەیە و بەو شێوەیە بڕیاری لەسەر داوە و بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیە و جارێکی دیکە تانەی لێ نادرێت. قسەکردن لەسەر قبووڵکردن یان قبووڵنەکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لۆژیکی نییە، لەبەر ئەوەی دادگەی فیدراڵی کە بڕیاری دا، بڕیارەکانی بەپێی دەستووری عێراق بۆ هەموو لایەنێک پابەندکەرە و حیزبی سیاسیی و حیزبەکەی ئێمە یان هەر حیزبێکی دیکە، رەنگە زۆر تەندروست نەبێت کە باس لەوە بکات بڕیارەکەی قبووڵە یان نا، تەنیا دەتوانێت باس لەوە بکات کە ئایا نێوەڕۆکەکەی لەگەڵ خواستەکان و ستراتیژییەکانیان و ئەو چاوەڕوانییەی کە لە یاسای هەڵبژاردن هەیانبوو، دەگونجێت یان نا. رووداو: زۆر جار دەگوترێت ئەم بڕیارانەی دادگەی فیدراڵی بە مەبەستی بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانن، رای ئێوە لەوبارەوە چییە؟ رێواز فایەق: هەر کەسێک ئازادە چۆن رای خۆی دەرببڕێت، بەڵام قسەکردن لەسەر ئەوەی کە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی نادەستوورییە، ئەوە خودی دادگەکە بەرپرسە لەوەی کە بڕیار بدات یاسایەکی دیاریکراو دەستوورییە یان نا، قسەکردن لەسەر ئەوەی کە ئایا بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەستوورییە یان نا، لە راستیدا لە فیقهی یاسادا شتێکی وا نییە کە ناوی ئەوە بێت، دەتوانیت بڵێیت یاسایەک نادەستوورییە یان مادەیەکی یاسا نادەستوورییە، بڕگەیەکی یاسایی نادەستوورییە، بەڵام بڵێیت بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نادەستوورییە لەکاتێکدا ئەو خۆی دادگەیەکی تایبەتمەندە بە بڕیاردان لەوەی کە بابەتێکی دیاریکراو بە دەستووری ئەژمار دەکرێت یان نا، شتی وا لە فیقهی یاساییدا نییە و منیش حەز ناکەم قسەیەک بکەم کە لە نێو یاسادا بوونی نەبێت. رووداو: ئەو بۆچوونە یاساییەش هەیە کە ئەوەی دادگەی فیدراڵی کردی کارێکی نادەستووری بوو و پەیوەندی بە ئەوەوە نەبوو بڕیاری لەسەر بدات. رێواز فایەق: شیکردنەوەی منیش لەسەر ئەوەیە، ناتوانیت بڵێیت دادگەی فیدراڵی شتێکی نادەستووریی کردووە، لەبەر ئەوەی ئەو خۆی لایەنی تایبەتمەندە کە دەستووریبوونی بابەتێک یەکلایی بکاتەوە، ئەو قسەیە بۆ من نابێت و ناتوانم لەم جۆرە قسانە بکەم. رووداو: بڕیاری دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمان هێنا، رای ئێوە چییە لەسەر ئەم بابەتە؟ رێواز فایەق: رای کۆتاکانم گوێ لێبووە کە نیگەرانن و کۆنگرەی رۆژنامەڤانییان کردووە و قسەی خۆیانیان لەو بارەوە کردووە؛ وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئێمە پێناسەمان بۆ پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەوەیە کە ئەوانە [پێکهاتەکان] پێکهێنەری سەرەکیی بنچینەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردستانین و یەکێتیش پابەندە و خۆی پابەند کردووە بە رێزگرتن و پاراستنی مافەکانیان، پەیوەست بە زمان و کولتووریان بە مافە سیاسییەکانیان بە هەر شتێک کە مافی ئەوانە وەکو پێکهاتەیەکی گەلی کوردستان. ئێمە ئەوان بە [هاووڵاتیی] پلە دوو نابینین، بەڵکو یەکێتی ئەوان بە پێکهێنەری بنەڕەتیی کۆمەڵگەی کوردستانی دەبینێت، ئەوان رای خۆیان هەیە و ئێمەش بۆچوونی خۆمانمان هەیە، سەبارەت بەوەی کە ئەوان وەکو کۆتا نەمێنن، ئەمە بابەتێکە کە دادگە بڕیاری لەسەر داوە و دادگە پێیوایە ئەم جۆرە لە کۆتا نادەستوورییە رەنگە پەیوەست بێت بە چەند بنەماوە؛ پەیوەستبوونەکە ئەوەیە کە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانیدا پێکهاتەی دیکەش هەن، پێکهاتەی ئایینی و پێکهاتەی نەتەوەیی دیکە؛ ئەگەر بڕیار بێت کە کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان کورسییان هەبێت، دەبێ بە جۆرێک بێت کە بتوانن داکۆکیکارێکی راستەقینە بن بۆ خواستی خودی پێکهاتە و کۆمەڵگەکانیان، بۆ ئێزدییەکانیش.... رووداو: ئایا ئەوە کاری دادگەی فیدراڵییە بزانێت کە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەیان هەیە یان نا؟ رێواز فایەق: لە یاساکانی عێراقدا بڕیاری سزادان [حوکمی جەزایی] هەیە لەسەر هەر کەسێک کە قسە لەسەر دادگەکان بکات، بەو جۆرە من خۆم ناخەمە دۆخێکەوە کە قسە لەسەر بڕیارەکانی دادگە و دەسەڵاتی بڕیاردانی دادگە بکەم. رووداو: پێکهاتەکان دەڵێن خەتای یەکێتی بوو کە کورسیی کۆتا نەمان. رێواز فایەق: ئەوە بۆچوونی خۆیانە و یەکێتی سەیری بەرژەوەندیی گەلی کوردستان دەکات، یەکێتی لە روانگەی ئەوەی کە باوەڕی بەوە هەیە دەبێ یاسایەک هەبێت کە دادپەروەری و نوێنەرایەتیی بۆ هەموو ناوچەکان و هەموو پێکهاتەکان بێنێتەدی؛ وا سەیری یاساکە دەکات و مەرجیش نییە بڕیارێک دەردەچێت، هەموو لایەنەکان رەزامەندییان لەسەری هەبێت. بە بۆچوونی من باشتر بوو بۆ ئەو کاتەی ئەو بەڕێزانە ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوون، ئەوەیان لەبەرچاو گرتبا کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێزێکی سیاسییە کە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و خاوەنی شۆڕشی نوێ، هەزارن شەهید، پێگەیەکی سیاسی، نێودەوڵەتی و هەرێمییە کە جیاوازە لە هەر هێزێکی دیکەی سیاسی؛ نەدەبوو ببنە بەشێک لە جۆرێک لە ململانێی سیاسی کە لە نێوان دوو گەورەترین هێزدا هەیە لە هەرێمی کوردستان و دەبووایە ئەم رۆژەیان لەبەرچاو گرتبایە. لە شوێنی دیکەش گوتوومە کە سەرۆکی پەرلەمان بووم، هەم لە شێوەی داواکاری و تکا و هەم لە شێوەی ئامۆژگاری زیاتر لە جارێک قسەم لەگەڵ کردوون و تکام لێکردوون کە تکایە ئەمەتان لەبەرچاو بێت کە یەکێتی وەکو خۆی بخوێننەوە، یەکێتی نوێ، سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی وەکو خۆی بخوێننەوە، ئەمە زەمەنێکی نوێیە بۆ ئێمە و ئێمەتان لەبەرچاو بێت. رووداو: ئەمە هۆشدارییە بۆ پێکهاتەکان؟ رێواز فایەق: نەخێر، لەو جۆرە کەسە نیم و هۆشداری نادەم بە کەس، بەڵام بە شێوەی تکا و داواکاری و ئامۆژگاری گوتوومە. رووداو: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەبێت؟ رێواز فایەق: هیوادارم کاریگەریی نەبێت، ئێمە ئێستا لە قۆناخێکی نوێداین و دەبێ ئارامتر بیر بکەینەوە و ئامادەکاری بکەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە سەرەتای مانگی شەشدا بکرێت و ئەو مەترسییەی کە ئێستا لەسەر رەوایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هەن، مەترسییەکی جددین و رێکنەکەوتنی ئێمە و نەگەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش سەبارەت بەوەی کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئێمەی گەیاندە ئەم قۆناخە، هەموو لایەنێک بە یەکێتییەوە کە خۆی بە براوەی ئەم دۆسیە دەزانێت و بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە پشکی ئەوانە، لە هەموو لایەنێک دەبێ زیاتر پەرۆشی ئەوە بن کە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی سێیەمدا بکرێت کە بریتییە لە سەرەتای مانگی شەش. دەبێ هەموومان ئارامتر بیر بکەینەوە و وێنە گەورەکە ببینین کە ئەویش شایەستە و مافەکانی هەرێمی کوردستانە، دەبێ بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئاسانکاری بۆ بکەین کە ئەمە واقیعێکی نوێیە و دەبێ هەموومان لەگەڵ ئەم واقیعە نوێیە مامەڵە بکەین. دەزانم بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دوا وێستگە بوو، واتا ئەگەر دادگەی فیدراڵی داواکەمانی رەتکردبایەوە و پابەندی کردباین بە یاساکە وەکو خۆی، ئێمە هەر لەکاتی خۆیدا، لە دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ئامادە بووین بچینە بەردەم ویژدانی خەڵکی کوردستان بۆ هەڵبژاردن، بۆیە دەبێ هەموو لایەنێک وێنا گەورەکە ببینین. رووداو: ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو؟ رێواز فایەق: بێگومان؛ دەتوانم بڵێم ئێمە لە هەموو هێزەکانی دیکە زیاتر ئامادەین بۆ هەڵبژاردن. رووداو: بەڵام لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەدا نین؟ بۆ نموونە کاک لاهوور لیستی راگەیاندووە، ئەمە کاریگەری لە یەکێتی ناکات؟ رێواز فایەق: ئێمە خۆمان دەبینین؛ جگە لە ئەوان خەڵکی دیکەش لە گۆڕەپانەکەدا پێشبڕکێ دەکەن و هەندێکیان ئێستا دیارن، رەنگە هێزی دیکەش دروست بکرێن، رەنگە لیستی دیکەش بخرێتە ئاراوە، بەڵام یەکێتی پشتئەستوورە بە بەرنامەی خۆی، بە پلانی خۆی، بە خەباتی خۆی و دیدگای خۆی؛ ئێمە تەنیا خۆمان دەبینین. رووداو: بۆ پێشتر لەگەڵ پارتی لەسەر ئەم بابەتەی کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لەسەردا، رێکنەکەوتن؟ رێواز فایەق: بەڕێزت یەکێکی لەو رۆژنامەنووسانەی کە رەنگە زیاتر لە خەڵکێکی دیکە ئاگاداری پەرلەمان بیت، ئێمە زۆر هەوڵمان دا لە نێو پەرلەمانی کوردستان ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت، بە درێژایی ساڵێکی تەواو ئێمە لەگەڵ هاوکارانمان لە پارتی هەم لە دەستەی سەرۆکایەتی، هەم لە فراکسیۆنەکان پێکەوە هەوڵمان دا کە لەسەر بابەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن قسە بکەین، ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون هەتا دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئینجا هاتن گوتیان ئێمە دەستپێشخەریمان هەیە و دەستپێشخەرییەکەشمان ئەوەیە کە پڕۆژەیەکمان هەبێت بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئامادەین قسەی لەبارەوە بکەین. ئێمە لە سەروبەندی ئەوەدا بووین کە قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین و چەندین کۆبوونەوەی سیاسی کرابوو، بەڵام کارکردن بۆ ئەوەی کە کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و کاراکردنەوەکەی پێش بابەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بخرێت و بەکارهێنانی زۆرینە لە رێگەی پێکهاتەکانەوە رێگرییەکی سیاسیی دروستکرد و دواتریش بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ بە نادەستووری ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئاستەنگییەکی یاسایی و دەستووریی دروستکرد کە ئێمە نەمانتوانی ئەرکە پێویستەکانمان لە پەرلەمان جێبەجێ بکەین، ناچار بووین هانا بۆ دادگەی فیدراڵی ببەین. رەنگە بەشێکی ئەم بابەتە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە بەشێک لە هاوکارانمان لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان و تیمەکەی پارتی لەنێو پەرلەمان سەرکەوتوو نەبوون لە گەیاندنی جددییەتی فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان وەکو یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، بەوەی کە ئەم یاسایە کەڵکی ئەوەی نەماوە هەڵبژاردنێکی دیکەی پێ بکرێت و هەندێکجاریش نەگەیاندنی دۆخ و پەیام وەکو خۆی، رەنگە سەرکردایەتیی سیاسی بە ئاراستەی بڕیارێک ببات کە لە بنەڕەتدا لەگەڵ واقیعدا گونجاو نییە، بۆیە نەمانتوانی لە پەرلەمان ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەین بەداخەوە. رووداو: ئایا بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی نابێ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەبێت؟ رێواز فایەق: ئەو بابەتە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، چونکە ئەوەی کە من بینیم جگە لەوەی کە مادەی شەش و حەوتی یاسای هەڵبژادنی هەڵوەشاندووەتەوە کە پەیوەندیدارە بە ئەو دامەزراوەیەی هەرێمی کوردستان کە هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات، هەر دوو مادەکەی بە تەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە؛ لە هەمانکاتدا پەیوەست بە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش کە ئێستا بوونی هەیە و لە ساڵی 2015 لە پەرلەمانی کوردستان پێکهێنراوە و دەنگی لەسەر دراوە، بە دیاریکراوی هاتووە کە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق شوێنی ئەم بڕگەیە دەگرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و نەگوتراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. واتا ئەگەر لە روانگەی یاساییەوە بیخوێنینەوە، ئەم مادەیە زۆر رەهایە و مەبەستی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆمیسیۆنی عێراق شوێنی کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەر ئەو بڕیارە وەکو خۆی بخوێندرێتەوە مانای ئەوەیە کە کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان نەماوە، یان لانیکەم بۆ بابەتی پەرلەمانی کوردستان. رووداو: واتە دەبێت هەڵبوەشێتەوە و بەیەکجاری کۆتایی بە کارەکانی بهێندرێت؟ رێواز فایەق: ناتوانم وا بڵێم، پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەو کۆمیسیۆنە ناتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، مەگەر هەلومەرجێک بێت کە دادگە باوەڕێکی دیکەی هەبێت سەبارەت بەو بابەتە، باسی هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنەکە ناکات، بەڵام لەو شوێنەی کە باس لەوە کراوە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان پڕۆسەکە بەڕێوەدەبات، لادەبرێ و [کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق] شوێنی دەگرێتەوە. رووداو: بڕیارەکە دەڵێت دروستکردنی نادەستوورییە؟ رێواز فایەق: دەقەکە وا ناڵێت، بە دیاریکراوی وا ناڵێت، بەڵکو دەڵێت لەو شوێنەی کە باسی کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستان کراوە، لادەبرێ و کۆمیسیۆنی عێراقی شوێنی دەگرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە دیاریکراوی ئەوە دەڵیت، واتا خولی شەشەم و هەموو خولەکانی دیکەش؛ واتا ئەو کۆمیسیۆنە ئەگەر بمێنێتەوەش، ناتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات. رووداو: لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیدا هاتووە کە بڕیاردانی پەرلەمان لەسەر رێککەوتنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشە چارەنووسسازەکانی گەلی کوردستان دژی دەستوورە، بۆچی ئەم بابەتە خراوەتە نێو بڕیارەکەوە؟ رێواز فایەق: ئەم بابەتە لە نێو داواکەی یەکێتیدا باس نەکراوە و وەکو کوردێک و یەکێتییەک قسە لەسەر ئەم بابەتە دەکەم، دەکرێ بڵێیت بەشێکی ئەم بڕگەی دووەمە نادەستوورییە، باقی بڕگەکە نادەستووری نییە، ئەویش ئەوەیە کە بڕیاردانە لەسەر رێککەوتنەکان. واتا پەسندکردنی رێککەوتنەکان یەکێکە لە دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی فیدراڵی، دەکرێ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەم بڕگەیە دابڕێژێتەوە و تەنیا ئەو بەشەی لابدات کە باس لە بڕیاردان لەسەر رێککەوتنەکان دەکات، چونکە ئەگەر مەبەست لە بڕیاردان لە رێککەوتنەکان، بڕیاردان لە پەیماننامەکانە کە عێراق وەکو حکومەت ئەنجامی دەدات، بەڵێ راستە نادەستوورییە، بەڵام بەشەکەی دیکەی بڕیاردان لە چارەنووسی گەلی کوردستان و پەیوەندیگرتن بە حکومەتی فیدراڵییەوە لە راستیدا ئەمە دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستانە و دەبێ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە ئەم بڕگەیە دابڕێژێتەوە و تەنیا ئەو بەشەی لێ دەربێنێت کە باس لە بڕیاردان لە رێککەوتنەکان دەکات. ئێمە ئەم مادەیەمان بەکارنەهێنا، بەڵام لە یادمە زیاتر لە جارێک ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی کوردستان باسیان لەوە دەکرد، ئەگەر مەبەست لە بڕگەکە رێککەوتنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵییە، بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو رێککەوتنانەی دەیانکات نایانهێنێتە پەرلەمان کە ئێمە پەسندی بکەین؛ و ئەگەر مەبەستەکە رێککەوتنی دیکەیە، بۆ نموونە پێیاندەگوتین کوا رێککەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ حکومەتی تورکیا، رێککەوتنی دیکەش رەنگە هەبن و ئێمە لێی ئاگادار نەبین. مادام ئەم بابەتە بابەتێکی فیدراڵییە و پابەندبوونێکە کە حکومەتی فیدراڵی دەبێ جێبەجێی بکات، ئەو بەشەی دەکرێ لێبکرێتەوە، ئەو دوو وشەیە [بڕیاردان لە رێککەوتنەکان]، ئەوەی دیکەی مافی پەرلەمانی کوردستانە و مافی گەلی کوردستانە و دەبێ جارێکی دیکە پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت. رووداو: تورکیا پاڵپشتیی تورکمانەکان دەکات و بەگوتەی ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، تورکیا نیگەرانە لە بڕیارەکە، ئێوەش پەیوەندیتان لەگەڵ تورکیا باش نییە، ئەمە دۆخەکە خراپتر ناکات؟ رێواز فایەق: قسەم لەسەر ئەو بابەتە نییە، باوەڕ ناکەم دەوڵەتێک زۆر دەستوەردان بکات لە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی دەوڵەتێکی دیکە، چونکە خۆتان دەزانن هەر ئەم دادگەیە کاتی خۆی بڕیاری دا کە جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان نابێ نەوتەکەی بنێرێتە دەرەوە و ئەوە زیانێکی ئابووریی گەورە بوو بۆ حکومەتی تورکیا؛ رەنگە ئەوکاتیش زۆر [بڕیارەکەیان] پێ خۆش نەبووبێت، بەڵام دادگەی فیدراڵیی هیچ حکومەتێک لەسەر ئەوە ناوەستێت کە بزانێت حکومەتێکی دراوسێی پێیخۆشە بڕیار بدات یان نا، و ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتییەوە نییە. رووداو: دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک گەیشتە کوێ؟ کەی پارێزگارێک دیاری دەکەن؟ رێواز فایەق: دوێنی لە رێگەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی عێراقی کۆبوونەوەیەک کراوە و لە کۆبوونەوەکەدا هەڤاڵ بافڵ ئامادە بووە و نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەموو هێزە براوەکانی هەڵبژاردن لە کەرکووک ئامادە بوون و بێگومان یەکێتی لەوێ ئامادە بووە و پارتی لەوێ ئامادە بووە و رێککەوتوون لەسەر میکانیزمێکی دیاریکراو، یەکێتی پابەندی ئەو میکانیزمە دەبێت کە خۆی رەزامەندیی لەسەر داوە. رووداو: میکانیزمی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک چۆن دەبێت؟ رێواز فایەق: هەم لە دەزگاکانی راگەیاندن و هەم لە هەواڵی کۆبوونەوەکشدا باس لەوە دەکرێت کە داوا کراوە چۆن ئێستا هێزە براوەکانی عێراق شتێکیان دروستکرد و ناویان نا هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، شتێک دروست بکرێت ناوی بنرێت هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک و لەسەر بنەمای شایستە و مافی هەر لایەنێک لە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن، پۆستەکانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک دابەش بکرێن و ئەمە رەنگە پێویستی بە دانوستاندن هەبێت و هەڤاڵانی ئێمە پەیوەست بە ئەم دۆسیەیە زیاتر دەتوانن لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەن، لەبەر ئەوەی ئێمە کارەکانمان لە نێوان خۆماندا دابەشکردووە سەبارەت بە ئەم دۆسیەیە ناتوانم قسەی زیاتر بکەم.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/220220241
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا دەڵێت، لەنێو تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا "کەم پێکهاتەی دەوڵەتی سەقامگیر هەیە"، بەڵام هەرێمی کوردستان توانیویەتی لەو چوارچێوەیەدا دەبچێت و نموونەی "حکومەتێکی کارگێڕیی سەقامگیر دروست بکات." لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و هەولێر و پێشوازیکردنی ئولاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیڵس شمیت، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەمانەوێت سەرۆک بارزانی بتوانێت گەشەپێدانی باش لە هەرێمەکەی رێکبخات؛ بۆ ئەوەش پاڵپشتی ئابووری و هاوکاری ئاوەدانکردنەوە دەکەین بۆ ئەو ناوچانەی کە داعش وێرانی کردبوون؛ هەروەها دەزانین کە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە حکومەتی ناوەندی و لە پەرلەمان لە بەغدا." نیڵس شمیت، هەرێمی کوردستان بە شوێنێکی جیاواز لە بەشەکانی دیکەی عێراق ناودەبات و دەڵێت، سەقامگیرترە و "گرنگییەکی زۆر دەدەین بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە باکووری عێراق، چونکە دەبینین ئەو هەرێمە تاڕادەیەک سەقامگیرە و لەوێ چانسی ئەوە هەیە وەبەرهێنان لە بواری ژێرخانی ئابووری و ژێرخانی کۆمەڵایەتی بکەین. ئێمە دەمانەوێت خەڵکی ئەوێ بتوانن بە ئاشتی بژین." سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەڵمانیا گوتەکانی ئەو بەرپرسەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 25-06-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەڵمانیا و بڕیارە ئەمڕۆ 26-06-2023 لەگەڵ ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆببێتەوە. نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی باڵای دیکەی ئەڵمانیادا کۆدەبێتەوە. گرنگترین ئەو بابەتانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا تاوتوێیان دەکات، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەرلینە لە بواری سەربازی و مرۆییدا. هەروەها هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی جیاوازییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر ئەو پرسە، لە مژارە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبن لەگەڵ شۆڵتز و بەرپرسانی دیکەی ئەڵمانیا. هاوئاهەنگییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای ئەڵمانیا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و پلانی داهاتووی راوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا لە راوێژکاری و پەرەدان بە تواناکانی هێزی پێشمەرگە بەشێکی دیکە لە گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبن. دۆخ و ژیانی کوردانی ئێزدی مژارێکی سەرەکی گفتوگۆکانی نێچیرڤان بارزانی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا. هاوئاهەنگیی ئەڵمانیا و کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش د. نیڵس شمیت، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا کە ئێستا پارتەکەی لە دەسەڵاتدایە و راوێژکاری ئەو وڵاتەش ئەندامی پارتەکەیە، بە ئاڵا شاڵی گوت، حکومەتی وڵاتەکەی هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگەی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش کردووە و ئەوە وایکردووە، نزیکبوونەوە لە نێوان بەرلین و هەولێردا دروست ببێت. لەبارەی رۆڵی ئەڵمانیاوە لە شەڕی دژی داعش کە هێزی پێشمەرگە رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا، شمیت ئاماژە بەوەدەکات، بۆ ئەوان گرنگە داعش بەیەکجاری لەنێوبچێت؛ بۆیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا لە چوارچێوەی راوێژکاری و راهێناندا درێژکردووەتەوە. نیڵس دەڵێت، راهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن راوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیاوە وایکردووە، "ئێستا هێزە ئەمنییەکانی کورد خۆیان دەتوانن زۆر شت بکەن. دەمانەوێت بەردەوام بین لەوە، چونکە دەزانین کە داعش بە تەواوی شکستی نەهێناوە." سیاسەتی ئەڵمانیا بە ئاراستەی نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناڕەزایی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، نیڵس شمیت دەڵێت، لە ئەڵمانیاش هەرێمەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا ئەو کێشانەیان هەیە، بەڵام ئاماژە بەوەدەکات، "فیدراڵیزم لە عێراق نوێیە و سازشکردنی نێوان هەولێر و بەغدا بەراورد بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکانی ئەڵمانیا سەختترە، بەڵام پێویستترە." نیڵس شمیت دەڵێت، ئەوان ئامادەن بەو ئەزموونەی لە ئەڵمانیا هەیانە، هاوکاری هەولێر و بەغدا بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؛ شمیت باس لەوە دەکات، "گرنگە کێشە داراییەکان چارەسەر بکرێن"؛ دەشڵێت، ئەوە روونە "هەرێمەکان پێویستیان بە پارەیە، چونکە زۆر نزیکن لە ژیانی خەڵک و چەندین ژێرخانی گرنگی خزمەتگوزاری گشتی دابین دەکەن." هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوکات لەبارەی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و خواستی ئەڵمانیا لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، شمیت گوتی، "دەتوانین داوابکەین لە هەردوولا کە قسەی لەسەر بکەن و رێکبکەون؛" هەروەها باسی لەوەکرد، "دابەشکردنی داهاتی نەوت پرسێکی ناوەندییە کە پێویستی بە چارەسەرکردنە لە عێراق لە نێوان هەولێر و بەغدا؛ دەبێت چارەسەربکرێت." شمیت پێیوایە، کێشە لە هەموو وڵاتێکدا لە نێوان ناوەند و هەرێمەکاندا هەیە و دەڵێت، پێویستە گفتوگۆی بەردەوام هەبێت بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن. شمیت لەبارەی هاوکارییکردنی ئەڵمانیا بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتی، "بە شێوەیەکی درێژخایەن و بەردەوام پشتگیریی گەشەپێدانی ئابووری دەکەین لە رێگەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری. مەبەستمانە سیستمی پەروەردە بەهێز بکەین." بە گوێرەی ئەو بەرپرسەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان، ئەڵمانیا ئەو کارانە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژیانیان دەکات؛ هەروەها تاوەکو بتوانن هەست بە هەبوونی ژیانێکی شایستەتر بکەن. شمیت دەڵێت، هەرێمەکان لە ئەڵمانیا رۆڵی گەورەیان هەیە و دەتوانن ئەزموونی بەڕێوەبردنیان ببەنە هەرێمی کوردستان. دۆزی کورد رۆژئاوا و باکووری کوردستان بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا لەبارەی کوردانی ئێزدی دانیشتووی شنگالەوە دەڵێت، لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەکاردان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کوردانە بۆ زێدی "باووباپیرانیان"؛ ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەرکی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراقە سەقامگیری و ئاسایش لە شنگال بەدیبێنن تاوەکو کوردانی ئێزدی بتوانن بە ئازادی و سەلامەتی بژین. لەبارەی دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، شمیت دەڵێت، "دەمانەوێت پشتگیری هەسەدە بکەین لە بەڕێوەبردنەکەی." رووداو هەروەها پرسیاری لەبارەی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان لە شمیت کرد و ئەویش دەڵێت، هەرچەندە "سەرۆک ئەردۆغان پرۆسەی ئاشتیی پچڕاندووە"، بەڵام کورد دەبێت لە پەرلەمان بە ئاشتییانە و بە گفتوگۆ کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی تورکیا چارەسەر بکات. دەقی هەڤپەیڤینی د. نیڵس شمیت، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان: رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. د. نیڵس شمیت: بە خۆشحاڵییەوە. رووداو: د. شمیت، خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ ئەڵمانیا هەیە، کاتێک دەگەڕێمەوە کوردستان هەموو کەس ئەو هەستەی خۆی بە من دەڵێت، پارتی سۆسیال دیموکرات و ئێوە لە پەرلەمان چۆن دەڕواننە هەرێمی کوردستان؟ د. نیڵس شمیت: ئەمە پەیوەندییەکی چڕوپڕ و تایبەتە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی زۆر کەس هەن لە ئەڵمانیا دەژین یان پێشتر لە ئەڵمانیا ژیاون، کاتێک گەشت دەکەم بۆ هەولێر، هەمیشە کەسانێک دەبینم کە بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن و کاتەکانیان و یادەوەرییەکانیان لە ئەڵمانیا لەبیرە، هەروەها ئێمە هاوکاریی زۆرمان پێشکێش بە هەرێمی کوردستان کردووە، پشتگیریی سەربازی لەلایەن هێزی سوپای بوندسڤێری ئەڵمانیاوە نێردراوە، هەروەها لەو رێگەیەوە چەکمان ناردووە بۆ بەرەنگاربوونەوە داعش، ئەمەش بێگومان لەیەکمان نزیک دەکاتەوە، هەروەها ئێمە میوانداریی گەرمی خەڵکی هەرێمی کوردستان و میهرەبانییان بەرز دەنرخێنین. رووداو: ئەی لەسەر ئاستی سیاسی؟ د. نیڵس شمیت: پەیوەندیی سیاسیمان زۆر بەهێزە، ئێوە دەزانن عێراق هەر وەک ئەڵمانیا دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە، بۆیە گرنگییەکی زۆر دەدەین بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە باکووری عێراق، چونکە دەبینین ئەم هەرێمە تاڕادەیەک سەقامگیرە و لەوێ چانسی ئەوە هەیە وەبەرهێنان بکەین لە بواری گەشەپێدانی بەردەوام لە بواری ژێرخانی ئابووری و ژێرخانی کۆمەڵایەتی بکەین، ئیمە دەمانەوێت خەڵکی ئەوێ بتوانن بە ئاشتی بژین، هەروەها ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بۆ هەموو عێراق فەراهەم ببێت. رووداو: بەڕێزتان باسی خەڵکی هەرێمی کوردستانتان کرد، خۆشەویستیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا دوای شەڕی داعش زۆر فراوان بوو، هەموو کەس باسی کاریگەریی چەکی میلان دەکات لە تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلە خۆکوژییەکانی داعشدا. ئێستا ئەڵمانیا چۆن دەیەوێت بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی پێشمەرگەدا لە شەڕی تیرۆردا؟ د. نیڵس شمیت: ئێمە ماوەی بوندسڤێرمان درێژکردەوە لە شەڕی دژی داعش، ئەمەش پاڵپشتیکردنی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە لە کوردستانیش دەگرێتەوە، ئێستا هێزە ئەمنییەکانی کورد خۆیان دەتوانن زۆر شت بکەن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەڵمانیا مەشق و راهێنانی بە راهێنەران کردووە، هاوکاریی دروستکردنی قوتابخانە سەربازییەکانیان کردووە، واتە چالاکن و رۆڵی راوێژکاریی بەهێز دەبینن، دەمانەوێت بەردەوام بین لەوە، چونکە دەزانین کە داعش بە تەواوی شکستی نەهێناوە و هێشتا چالاکن، داعش هێشتا بەردەوام پێکەوەژیانی خەڵک لە سەرتاسەری عێراق تێکدەدات، بۆیە دەمانەوێت ئاسایش و سەقامگیری دروست بکەین بە راهێنانی هێزەکانی کورد، بێگومان هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ناوەندیش بە باشی، بۆئەوەی جارێکی دیکە داعش نەتوانێت ناوچەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. رووداو: ئەوە پرسیارێکی دیکەی من بوو، ئایا ئێوە پێتانوایە داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە و دەبێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوام بێت؟ د. نیڵس شمیت: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش گرنگە و پێویستە بەردەوام بێت، مەترسییەکە بەردەوامە، داعش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئێستا گۆڕاوە و چیدیکە دەوڵەتێک یاخود ئیدارەیەکی یەکگرتوو لەڕووی خاکییەوە نەماوە، بەڵام هێشتا ئەو تیرۆریستانە ماون و هەمیشە هەوڵدەدەن کەسانی نوێ وەربگرن، یاخود هێرشی تیرۆریستی رێکبخەن، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی داعش بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لە عێراق بەردەوام بێت. رووداو: دکتۆر شمیت وەکو بەڕێزتان ئاگادارن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە، ئەوە بۆ ئێوەی سۆسیال دیموکراتەکان چەند گرنگە کە ئەو پەیوەندییە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهێز ببێت؟ د. نیڵس شمیت: بۆ ئێمە گرنگە، بۆ سۆسیال دیموکراتەکان لە ئەڵمانیا و هەروەها بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی ئەڵمانیاش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق، بەتایبەتی لەگەڵ کوردستانی عێراق گرنگە، چونکە دەبینین ئەو ناوچەیەی دەوروبەری کەنداوی فارس و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گێژاودایە، کەم پێکهاتەی دەوڵەتی سەقامگیر هەیە و لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی حکومەتێکی کارگێڕیی سەقامگیر دروست بکات، ئاسایش و سەقامگیرییان بەدەسهێناوە. بە هەمان شێوە حکومەتی ناوەندیش، ئەوانیش هەوڵدەدەن بۆ دروستکردنی سەقامگیری، ئێمەش وەکو حکومەتی ئەڵمانیا دەمانەوێت بێگومان لەگەڵ وڵاتە هاوبەشە ئەوروپییەکانمان ئەم پەرەسەندن و بەرەپێشچوونە بە بەردەوامی پشتگیری بکەین، ئەڵمانیا هاوکارییەکی زۆری مرۆیی و ئابووری بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، هەروەها لە سەرتاسەری عێراق خەرج دەکات، چونکە دەزانین عێراق رۆڵێکی سەرەکیی هەیە، لەبەر ئەوەی دەزانین هەرێمی کوردستان ئەم رۆڵە سەرەکییەی هەیە، چونکە ئەگەر پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوا لە هەموو عێراقیشدا تیشک دەداتەوە، بۆیە ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئێمە. رووداو: وەک ئاگادارن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو کەسێکی چارەسەرکاری کێشەکان تەماشا دەکرێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە وڵاتێکی پڕ کێشەی وەکو عێراق دا. ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا تاوەکو چەند دەتوانن هاوکاری نێچیرڤان بارزانی بن لەو بوارەدا؟ د. نیڵس شمیت: ئێمە دەمانەوێت سەرۆک بارزانی بتوانێت گەشەپێدانی باش لە هەرێمەکەی رێکبخات، بۆ ئەوەش ئێمە پاڵپشتیی ئابووری و هاوکاریی ئاوەدانکردنەوە دەکەین بۆ ئەو ناوچانەی کە داعش وێرانی کردبوون و هەروەها دەزانین کە لایەنە سیاسییە کوردییەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە حکومەتی ناوەند و لە پەرلەمان لە بەغدا، واتە گرنگ بوو کە دوای هەندێک گفتوگۆ حکومەتێک لە بەغدا دامەزرا کە سەرۆکێک هەڵبژێردرا، واتە سیاسەتمەدارە کوردەکان رۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە ژیانی سیاسیی عێراق بەگشتی، ئەم بەشدارییە بەرز دەنرخێنین، ئێمە دەمانەوێت عێراق ئاییندەیەکی باشی هەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەوێ دەژین، بێگومان بە کوردیشەوە. رووداو: بەڕێزتان ئاماژەتان بەوە کرد کە ئەڵمانیا وڵاتێکی فیدڕاڵە، عێراق فیدڕاڵییەکی تەمەن 20 ساڵە، بەڵام هێشتا سیستمێکی فیدڕاڵیی جێگیری نییە. هەرێمی کوردستان ئێستا هەستدەکات بەغدا دەیەوێت دەسەڵاتەکانی کەم بکاتەوە و پێگەکەی لاواز بکات، هەرێمی بەهێز گرنگن بۆ وڵاتە فیدڕاڵەکان؟ ئێوە دۆخەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ د. نیڵس شمیت: کێشەیە، کە من زۆر ئاشنا نیم، چونکە ئێمە لە ئەڵمانیا گفتوگۆی هاوشێوەمان لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و ویلایەتەکاندا هەیە، چەندین جار حکومەتی هەرێمەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە حکومەتی فیدڕاڵی دەستدرێژی دەکاتە سەر کارامەییەکانیان و زۆرجاریش کێشە و رووبەڕووبوونەوە لەسەر پارە هەیە، ئەوە تەواو کێشەیەکی کلاسیکییە بۆ سیاسەتی ئەڵمانیا، هەرێمەکان ناڕازین لە سیاسەتی باج و هەروەها لەگەڵ یەکسانکردنی دارایی، واتە چۆن باجەکانی کۆکراوە لەنێوان ئاستە جیاوازەکانی حکومەت و لەنێوان وڵاتەکاندا دابەشدەکرێن، ئەمە ناکۆکییەکی زۆر تایبەتە بۆ وڵاتێکی فیدڕاڵی، بەڵام ئێمە لە ئەڵمانیا دەتوانین ئەم ناکۆکییە بە شێوەیەکی زۆر رێکخراو بەڕێوەببەین و حکومەتی فیدڕاڵی و ویلایەتەکان بە باشی لەگەڵیدا رێکبکەون، فیدڕاڵیزم لە عێراق تاڕادەیەک نوێیە و سازشکردن لەنێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی قورسە، بەڵام دەبێت رێکبکەون، گرنگە کێشە داراییەکان چارەسەر بکرێن، ئێمە تەنیا دەتوانین بە ئەزموونەکەمان هاوکاریاین بکەین، بەڵام ئەوەی روونە هەرێمەکان، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا، پێویستیان بە پارەیە، چونکە زۆر نزیکن لە ژیانی خەڵک و چەندین ژێرخانی گرنگی خزمەتگوزاریی گشتی دابیندەکەن، بۆیە گرنگە لە عێراق رێکبکەون پێکەوە هەولێر و حکومەتی ناوەند بگەنە ئەنجام. رووداو: بەڵام هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکی ئابووریی خراپدا دەژی و گەنجەکانی زۆر هەوڵدەدەن کۆچ بکەن، بەهۆی سکاڵای حکومەتی عێراق لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە راگیرا، ئێستا عێراق داوا لە تورکیا دەکات رێگە بدات نەوتەکە هەناردە بکرێتەوە، لە هەمان کاتدا سکاڵایەکی تازەی لەسەر رێگەدان بە هەنارکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر تورکیا تۆمار کردووە، بۆ بۆچوونی ئێوە ئەوە هەڵسوکەوتکردنێکی دروستە لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان؟ د. نیڵس شمیت: بێگومان نەوت سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی داهاتە بۆ عێراق و هەروەها بۆ هەرێمی کوردستان سامانە، نەوتیش سامانێکە چەند ساڵی داهاتوو پێویست دەبێت، بەڵام دابەشکردنی داهاتی نەوت پرسێکی ناوەندییە کە پێویستی بە چارەسەرکردنە لە عێراق لەنێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت چارەسەر بکرێت. تەنیا دەتوانم هیوای ئەوە بخوازم کە گفتوگۆی باش لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، ئێمە ناتوانین زۆر هاوکاربین، بەڵام دەتوانین داوا بکەین لە هەردوولا قسەی لەسەر بکەن و رێکبکەون. رووداو: باشە، بەڵام پێویستە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ د. نیڵس شمیت: دەبێت گفتوگۆ بکەیت، ئەوەی خۆی سەلماندووە ئەوەیە کە یاسایەک دانرێت کە چەند لە داهاتەکە بۆ کێ تەرخان دەکرێت، ئەوەندە پەیوەست نییە بەوەی کە داهاتی راستەقینەی چەند بەرزە بۆ دانانی یاسایەک کە بەو پێیەی دەپێورێت کە کێ کام ئەرک ئەنجام دەدات. حکومەتی ناوەندی چ ئەرکێک دەگرێتە ئەستۆ، چ ئەرکێک هەرێمی کوردستان دەیگرێتە ئەستۆی، بەڵام ئەمانە پرۆسەی دانوستانن کە هەر وڵاتێک بە سرووشتی بۆ خۆی ئەنجامی دەدات. ئێمە لە ئەڵمانیا زۆرجار گفتوگۆی زۆرمان کردووە، شەڕمان کردووە، وەکو گوتیشم دۆسیەی دادگاش هەبووە لەسەر کێشەکان، گرنگ ئەوەیە لە کۆتاییدا هەمیشە بگەنە رێککەوتن، هەروەها ئەو رێککەوتنە و ئەو سازشکرنە قبووڵ بکرێت و جێبەجێ بکرێت. رووداو: بێگومان بۆ ئابووریی کوردستان گرنگە.. د. نیڵس شمیت: بۆ گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ هەموو وڵاتەکە لەڕادەبەدەر گرنگە، چونکە ئێمە دەرفەتی گەشەسەندنی ئابووریشمان هەیە، چونکە دوای ئەوەی داعش پاڵی پێونرا بۆ دواوە لە بەشێکی زۆری عێراقدا و، پلەیەکی دیاریکراو ئاسایش گەڕاوەتەوە، کەواتە دەرفەتێکی نوێ هەیە بۆ گەشەسەندنی ئابووری، لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە کە پرسی دابەشکردنی داهاتی نەوت چارەسەر بکرێت. رووداو: باشە ئەڵمانیا چۆن دەتوانێت هاوکاریی گەنجانی هەرێمی کوردستان بکات، کە رێگەی قاچاخ نەگرنەبەر بۆ کۆچکردن و لە کوردستان بمێننەوە؟ د. نیڵس شمیت: ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی ئابووری، چیتر نەک تەنیا هەوڵی پێشکێشکردنی هاوکاریی مرۆیی دەدەین بەهۆی پاشهاتەکانی شەڕی ناوخۆ، بەڵکو دەبێت ئێمە بە شێوەیەکی درێژخایەن و بەردەوام پشتگیریی گەشەپێدانی ئابووری بکەین لە رێگەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، مەبەستمە سیستمی پەروەردە بەهێز بکەین، چونکە ئێمە پێویستمان بە راهێنراوی پیشەگەری باش لە کوردستان و عێراقیشدا هەیە، چونکە لێهاتوویی گەنجان داهاتووی ئابووری پێکدەهێنن. رووداو: باشە ئەڵمانیا دەتوانێت هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات لەو بوارەدا؟ د. نیڵس شمیت: ئێمە ئەزموونی باشمان لەگەڵ سیستمی راهێنانی پیشەیی هەیە و بێگومان هیوادارین بتوانین ئەم ئەزموونە بگوازینەوە، لێرەدا هەرێمەکانی ئەڵمانیا رۆڵێکی گەورەیان هەیە، بۆیە دەزانم بادن-ڤورتمبێرگ زۆر چالاکە، تەنانەت لە باکووری عێراقیش لە شاری دهۆک ئۆفەری گەورە هەیە کە ئەزموونی ئێمە لەگەڵ راهێنانی پیشەیی دەگوازرێتەوە بۆ کوردستان. رووداو: د. شمیت، بەڕێزتان دەزانن پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری لەسەر بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دەرکرد، ئێستا ئەڵمانیا بۆ جێبەجێکردنی چی دەکات بۆ ناوچەی شنگال و ئاوارەکانی ئێزدی لە کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردیی ئێزدی لە ئەڵمانیا؟ ئەڵمانیا دەیەوێت بە جیدی چی بکات بۆ ئێزدییەکان؟ د. نیڵس شمیت: ئێمە بێگومان یارمەتیی ئەو ئێزدیانە دەدەین کە ئاوارەن و لە کەمپەکانی پەنابەرانن، هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانیی دژی داعش دەمانەوێت بەشداری بکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان بۆ شنگال، چونکە ئەوە ماڵی باوباپیرانیانە، بەڵام هێشتا زۆر ئاڵۆزە، ئێستا سەلامەتی و ئاسایش گەرەنتیی نییە، ئێمە ئاواتەخوازین بتوانن بگەڕێینەوە، لە کوێدا ئێمە زۆر یارمەتیدەرین لە پشتگیریکردنی ژنانی ئێزدی کە بوونەتە قوربانیی دەستدرێژیی تاوانکاری، ئەو هاوکارییە بەردەوام دەبێت، بەڵام شتە چارەنووسسازەکە بەڕاستی دۆخی ئەمنیی شنگالە. لەوێ دەبێت هەم هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ناوەند و هەم پێشمەرگە و هەمووان پێکەوە کار بکەین بۆئەوەی سەقامگیری و ئاشتی بۆ شنگال بگەڕێتەوە تاوەکو ئێزدییەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. رووداو: باشە با بێینە سەر پرسی رۆژئاوای کوردستان؛ ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان (باکووری رۆژهەڵاتی سووریا) دەکەن، کە بەڕێوەبەرایەتییەکی ئۆتۆنۆمی لەوێ هەیە، بەڵام سووریا دانی پێدانانێت؟ ئایا ئەڵمانیا لە رێگەی رێکخراوە ناحکومییەکانەوە چ کارێک لەوێ دەکات؟ د. نیڵس شمیت: ئێمە زۆر چالاک دەبین لەوێ بە هاوکاریی مرۆیی و بە یارمەتیی دروستکردنی خانوو و بەردەوام دەبین لە دڵنیابوون لەوەی ئەو کەسانەی لەوێ دەستبەسەرن و هاووڵاتیی ئەوروپین بیانهێنینەوە ئەوروپا، بەڵام ئەوە رێگەیەکی زۆر دوور و درێژە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت لەگەڵ ئەسەد کار بکەین، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت پشگیری لە DSDf بکەین لە پێکهاتە حوکمڕانییەکانیان. رووداو: بەڕێز د. شمیت، پارت و فراکسیۆنەکەی ئێوە چۆن دەڕوانێتە کێشەی کورد لە تورکیا و ئێستا چۆن لەسەر ئەو کێشەیە کار دەکەن؟ د. نیڵس شمیت: پرسی کورد لە تورکیا دەبێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە چوارچێوەی پەرلەماندا چارەسەر بکرێت و لە چوارچێوەی دەستووری کۆماری تورکیادا زۆرێک لە لایەنەکان ئامادە بوون ئەو کارە بکەن، بەداخەوە سەرۆک ئەردۆغان پرۆسەی ئاشتیی پچڕاند، هیوادارم دوای هەڵبژاردنەکان گفتوگۆی نوێ بکرێت، بەڵام ئەوە دەبێت لە پەرلەمان بە شەفافییەت بۆ هەمووان ئەنجام بدرێت، بەڵام روونە کە ئەم پرسیارە تەنیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت و نابێت بە تیرۆر و تووندوتیژی وەڵام بدرێتەوە. رووداو: دوایین پرسیارم لە بەڕێزتان ئەوەیە، کورد بوونەتە بەشێکی دیار و تێکەڵ لە کۆمەڵگەی ئەڵمانی و بەشێکیان دەنگدەری پارتەکەی ئێوەن، ئێوە چی هاوکارییەکی یاسایی و کرداری دەکەن بۆئەوەی کورد بتوانن زمان و کولتووری خۆیان لە ئەڵمانیا بپارێزن؟ د. نیڵس شمیت: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە دەبینین ژمارەیەکی زۆر کۆمەڵەی رۆشنبیری کوردی هەیە لێرە، ئێمە لێرە ئازادییەکی تەواومان هەیە، ئازادیی رێکخراوەکان و ئازادیی رێکخراوی ئایینی، بۆ نموونە چەندین کۆمەڵەی عەلەوی هەن لێرە، لە ئەڵمانیا کورد دەتوانێت زۆر بە ئازادانە زمان و کولتووری خۆی بپارێزێت و هیوادارم هەم بتوانن خۆیان لێرە بگونجێنن و لە هەمانکاتدا دەرفەتی بەردەوامبوون زمان و کولتووری کوردی خۆشیان بپارێزن. رووداو: زۆر سوپاس بۆ بەڕێزتان.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/26062023
بەربژێری دەم پارتی بۆ پۆستی گەورە شارەوانیی ئامەد دەڵێت، هەر کاتێک دەسەڵاتیان لە شارەکە گرتەوە دەست، بایەخ بە زمانی کوردی دەدەنەوە. دۆغان هاتون بیرۆکەی ئەنجامدانی گشپرسی کە ماشاڵڵا دەکاک لە پرسیارێک دا بۆی دەخاتەڕوو بۆ گەڕاندنەوەی ناوی ئامەد و ناوە کوردییەکانی ناوچە و گوند و گەڕەکەکان بە "سەرنجڕاکێش" ناودەبات، بە هۆکاری ئەوەی دەستووری تورکیا رێگەی داوە گشتپرسی بۆ بابەتی لەو جۆرە بکرێت و دەڵێت، "لەگەڵ دەپرسین" بۆ ئەوەی بزانن چی دەوێت. ماشاڵلا دەکاک، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئامەدی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەڤپەیڤێنیک دا لەگەڵ دۆغان هاتوون، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد، ژمارەیەک پرسیاری پەیوەست بە ئامەد و کورد دەورووژێنێت. دۆغان هاتون تەنیا بەربژێری ئەو پارتە نییە بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد، بەڵکو سەرا بوجاکیش بەربژێرە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو پارتە سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو دەکات. ماشاڵڵا دەکاک لە دۆغان هاتون دەپرسێت، ئەو سێ هۆکارە چین کە پاڵ بە هاونیشتمانیانەوە بنێت لە رۆژی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دا لە رۆژی 31-3-2024 دەنگ بە بەربژێرانی هاوپەیمانیی دەم پارتی بۆ گەورەی شارەوانیی ئامەد بدەن و ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، "یەکەم، ئێمە دەڵێین ئامەد پایتەختی ئێمەیە. پێویستە تاوەکو هەزار ساڵی دیکەش هەر پایتەختی کورد بێت. پێویستە زمانی بازاڕی ئەم شارە بە تەواوی بکەینە کوردی؛ ناوی کووچە و کۆڵانەکانمان بە تەواوی بکەینە کوردی. دووەم، ئەوان لەو هەشت ساڵەی رابردوودا زمانی کوردییان نەهێشت. دەبینین هیچ چالاکییەکی کولتووری و زمانی کوردی لەم شارە رێگەپێدراو نییە. سێیەمیش، ئێمە خۆشەویستی بۆ ئەم شارە دەگەڕێنینەوە. ئێمە یەکدیمان خۆشدەوێت." دۆغان هاتوون لەبارەی زۆر بابەتی پەیوەست بە ئامەد پرسیاری لێکرا و ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە. ئەمەش دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداوە لەگەڵ دۆغان هاتوون: رووداو: با یەکسەر لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەم. هەموو حیزبەکان بە یەک بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردن دا دەکەن، بەڵام دەم پارتی بە دوو بەربژێر، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سیستمی هاوسەرۆکایەتی هەیە. ئێوە چۆن ئەو سیستمە پەیڕەو دەکەن؟ هیچ کێشەیەک روونادات؟ دۆغان هاتون: لەراستی دا لە ساڵی 2014 دا پارتەکەمان سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو کرد، نەوەک تەنیا لە شارەوانییەکان، بەڵکو لە هەموو دامەزراوەکانی. ئەو سیستمە گونجاوە، ئەوەش بە بۆنەی رێکخستنی کاروباری ژنان و تێگەیشتنی پیاوان. فێربوون لە یەکتر شتێکی زۆر باشە. لەنێو کۆمەڵگەیشدا ئەم سیستمە وەک باش لێی دەڕوانرێت. جێبەجێکردنی ئەو سیستمە وادەکات رێکخستنی ژن بەهێزبێت و پیاویش زیاتر لە ژن تێبگات، واتە سیستمەکە وەک ژیانێکی هاوبەش دەبینرێت. رووداو: هەر کامتان ببێتە سەرۆک شارەوانی، هیچ جیاوازییەک بۆ ئێوە دروست ناکات؟ چونکە لەم وڵاتەدا یاسا رێگە بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی نادات. دۆغان هاتون: ئەم فەرمیبوونە تەنیا لای دەوڵەت هەیە و بۆ ئێمە گرنگ نییە؛ فەرمیبوون لای پارتەکەی ئێمە هیچ بایەخێکی نییە. ئێمە بە یەکسانی لە دۆخەکە دەڕوانین. من یان ئەو (سەرا بوجاک) یان هەر کەسێک ببێتە سەرۆک شارەوانی، بۆ ئێمە کێشەیەک نییە. ئێمە بەو سیستمە دڵخۆشین. رووداو: کاتێک تۆ و سەرا بوجاک دەستبەکار دەبن، یەکەمین کارتان چی دەبێت؟ دۆغان هاتون: بەڕاستی ئێوەش دەزانن کە هەشت ساڵە شارەوانی لەدەست قەییووم دایە و ئەوەش نە لە خزمەتی گەل دا بووە و نە بە ویستی گەل بووە. کاتێک شارەوانی لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بوو، بۆ نزیکەی 15 ساڵ لە بوارەکانی زمان، کولتوور، هونەر و ژن و لە بوارە تەکنیکییەکانیشدا خزمەتێکی باشی شارەکە کرا و زۆر شت کران. ئەگەر بڵێی هەموو شت 100٪ تەواو بوو، نەخێر بەو جۆرە نەبوو. ئێمەش کەموکورتیمان هەبوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵ لە سەرەتاوە دەستمان پێکرد؛ لە ساڵی 1999ەوە تاوەکو ئێستا چیمان کردووە؛ چیمان نەکردووە؛ لە کوێدا کەوتینە بۆشاییەوە؛ چ کەموکورتییەکمان هەبووە؛ ئێـمە لەنێو خۆماندا رەخنەکانمان تاوتوێ کردن. رووداو: ئێوە چوونەتە هەڵبژاردنەوە. ئەگەر سەربکەون، یەکەم کارتان چی دەبێت؟ دۆغان هاتون: مرۆڤ ناتوانێ بڵێت یەکەم، دووەم و سێیەمین کار ئەوە دەبێت، چونکە تۆ ناتوانی زمان، کولتوور و هونەر لە یەکدی جیابکەیتەوە؛ ئەوانە دەبێت پێکەوەبن. ئەو بەڵێنەمان بە خۆمان داوە کە ئەگەر نەتوانین زمان، کولتوور و هونەری کوردی لەم شارەدا جێگیر بکەین، بەڕێوەبردنی کاروباری شارەکە وەرنەگرین. ئەوە سیاسەتی بنچینەیی ئێمەیە، بەڵام کاری دیکەش هەن بیانکەین. بۆ نموونە، ئەو چڵک و بۆگەنە لادەبەین کە لە قەییوومەکانەوە ماوەتەوە. ئەمڕۆ چوومە چنگووش و کاسبکارێک کە گوێی لە گوتەکانم ببوو، هات و ئەم گسکەی بە دیاری پێدام کە ئێستا بەدەستمەوەیە و گوتی، بەمە قەییوومەکان راماڵە. ئەمە پەیامێکە لەلایەن گەلەکەمانەوە دەدرێتە ئێمە. ئەم گسکە تاوەکو 5 ساڵ دیاری دەبێت لە دەستی ئێمەدا بۆ ئەوەی ئێمەش پیس نەبین. رووداو: سێ هۆکارم پێ بڵێ کە بۆچی دەبێت خەڵکی ئامەد دەنگ بە تۆ و خاتوو سەرا بدەن؟ دۆغان هاتون: یەکەم، ئێمە دەڵێین ئامەد پایتەختی ئێمەیە؛ پێویستە تاوەکو هەزار ساڵی دیکەش هەر پایتەختی کورد بێت؛ پێویستە زمانی بازاڕی ئەم شارەش بە تەواوی بکەینە کوردی؛ ناوی کووچە و کۆلانەکانمان بە تەواوی بکەینە کوردی. دووەم، ئەوان لەو هەشت ساڵەی رابردوودا زمانی کوردییان نەهێشت؛ دەبینین هیچ چالاکییەکی کولتووری و زمانی کوردی لەم شارە رێگەپێدراو نییە. سێیەمیش، ئێمە خۆشەویستی بۆ ئەم شارە دەگەڕێنینەوە؛ ئێمە یەکدیمان خۆشدەوێ. رووداو: گوتت زمانی کوردییان لەم شارە نەهێشت. گوتت بایەخ بە زمانی کوردی دەدەنەوە. بەنیازی چین؟ باخچەی منداڵان دەکەنەوە؟ گرووپی شانۆ دادەمەزرێنن؟ چالاکی، فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی کوردی ساز دەکەن؟ بەنیازی چین؟ دۆغان هاتون: 10 تاوەکو 12 رۆژ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن فیستیڤاڵێکی شانۆ هەیە. لەو فێستیڤاڵەدا چالاکییەکیی شارەوانی نییە، بەڵام لەوێوە گوێی خۆمان بۆ بیستنی زمانی کوردی دەکەینەوە. زمانی سەرەکیی چالاکییەکە کوردی دەبێت. پێویستە ئەوە بڵێم کە ئێمە دژی هیچ زمانێکی دیکە نین و بێگومان زمانەکانی تورکی و عەرەبیشی تێدا دەبێت. هەر کەس ئارەزوو دەکات بە هەر زمانێک قسە بکات، با بیکات، بەڵام لەم شارەدا زمانی سەرەکی کوردی دەبێت، لە باخچەی منداڵانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە زمانی نێو فیستیڤاڵ، قوتابخانە و بوارە تەکنیکییەکانیش. بە گشتی چالاکییەکانمان بە زمانی کوردی دەبن. رووداو: ئێوە قوتابخانەی کوردی دەکەنەوە؟وەک قوتابخانەی فەرزاد کەمانگەر؟ دۆغان هاتون: بەڵێ، قوتابخانەکانی زمانی کوردی کە داخراون، دەیانکەینەوە، بۆ نموونە، قوتابخانەی فەرزاد کەمانگەر؛ قوتابخانە و باخچەی منداڵان لە هەر 17 گەڕەکەکەی ئامەد دەکەینەوە؛ ئەوە 100٪ بەڵێنە، بەڵام تەنیا بەڵێنیش نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییە؛ بەڕاستی ئەگەر منداڵ بە بچووکی فێری زمانی دایکی خۆی نەبێت، کە گەورە بوو درەنگ فێر دەبێت. بۆیە پێویستە منداڵ ئەوکاتەی کە زۆر بچووکە فێربوون لە زمانی دایکەوە دەست پێبکات. ئێمە خاوەندارێتی لە زمانی دایک دەکەین؛ خاوەندارێتی لە دایکان و منداڵەکانیشیان دەکەین. رووداو: زمانی خزمەتکردنتان چی دەبێت؟ دۆغان هاتون: ئێوەش دەزانن کە زمانی فەرمی بریتییە لە تورکی، بەڵام گوتوومانە کە دەبێت لەنێو گەل دا لانیکەم دوو زمان هەبن، ئەوانیش کوردی و تورکین. دەزانین کە ژمارەیەکی زۆر کەس لە ئامەد هەن بە زازاکیش قسە دەکەن؛ هەربۆیە شێوەزاری زازاکیش دەبووژێنینەوە. رووداو: ئایا کۆرسی زمان دەکەنەوە؟ دۆغان هاتون: بەڵێ دەیکەینەوە، نەوەک تەنیا بۆ شارەوانی، بەڵکو بۆ خەڵکیش؛ کۆرسی کرمانجی و زازاکی دەکەینەوە. رووداو: کاتێک باسی شارەوانی دەکەین، سەرەتا قەییووم دێتە بیری دەنگدەرانی دەم پارتی؟ دۆغان هاتون: قەییووم بە تەنیا نایەتە بیری دەنگدەرانی دەم پارتی، بەڵکو بیری ئەوانی دیکەش دەکەوێتەوە. ئاکپارتیش گوتبووی، "قەییوومان ناوێ"، واتە بیری ئاکپارتیش دەکەوێتەوە. پرسیار: ئایا دەتوانن ئەم جارە خۆتان لە قەییووم رزگار بکەن؟ دۆغان هاتون: راستە قەییووم لەبواری خزمەتگوزاری، هونەر و کولتووردا زیانێکی زۆری لە خەڵک و شارەکە دا ، بەڵام قەییووم لە ئێمە زیاتر زیانی بە ئاکپارتی و مەهەپەش گەیاند. چۆن زیانی بەوانیش گەیاند؟ چونکە قەییووم هیچ کات لە کوردستان دانەبڕاوە. دوای رووداوەکەی شێخ سەعید، پشکنەرانی گشتی دانران. ئەوان ئەوکات خەڵکیان دەربەدەرکرد. ئەو پشکنەرانە وەک قەییووم بوون. کاتێکیش لە ساڵانی نەوەتەکان دا گوندەکانیان سووتاند، پارێزگاری باری نائاسایی هەبوو. ئەویش وەک قەییووم بوو، واتە تەنیا ناویان دەگۆڕن، ئەگینا سیستم هەمووی یەکە. رووداو: کاتێک قەییووم هات، سەرەتا ناوی ئامەدی لەسەر تابلۆی شارەوانی لابرد. ئەگەر ئێوە بچنەوە سەر دەسەڵات، ئایا ناوی ئامەد دەخەنەوە سەر تابلۆی شارەوانی؟ دۆغان هاتون: ئەگەر ئەو کارەمان نەکرد، ئەوە بۆ ئێمە شەرمەزارییە. نەک تەنیا لەسەر تابلۆی شارەوانی، بەڵکو زۆر رێکخراومان هەبوون وەک ئەحمەدی خانی کە تابلۆکانیان لابردن. ویستیان ناوی جگەرخوێنیش بگۆڕن. لە گەڕەکەکانمان زۆر ناوی کەسانی پێشەنگ هەبوون کە گۆڕدران و یەکێکیان بریتی بوو لە پارکی ڤەدات ئایدین کە ناوەکەیان گۆڕی. لە کوێ دەرفەتمان هەبوو، لە کوێ شەقامێکی نوێمان کردەوە، ناوی کەسانی پێشەگەکامانمان لێیان دەنێین. دەکرێت ئەو کەسە نووسەرێک بێت، هەڵبەستڤانێک بێت یان هەر کەسێکی دیکە. کێ پێشەنگ بێت، ناوی سەرەکی دەبێت. رووداو: ئایا بیر لەوە دەکەنەوە کە لە رێگەی گشتپرسییەوە ناوی ئامەد بگەڕێننەوە؟ دۆغان هاتون: کاتێک لە داوودەزگاکان کارمان دەکرد، هەرچەندە ناوە تورکییەکەی دیاربەکر بوو، بەڵام هەمیشە لە نێو خۆماندا ئامەدمان بەکاردەهێنا. پلاتفۆرمێکمان هەبوو و ئەویش ناوی ئامەد بوو. لەراستی دا وەک گشتپرسی هەرگیز بیرم لێنەکردبووەوە کە شتێکی زۆر سەرنجڕاكیشە، بەڵام پێویستە پێشەنگایەتی ئەم بابەتە بکەین، چونکە لە دەستووریش دا شتێکی وا هەیە کە گشتپرسی بکرێت. دەکرێت ناوی ناوچە و گەڕەکەکانیش بە ئەنجامدانی گشپرسی بگەڕێندرێنەوە. بۆچی نەکرێت؟ ئێمە دەبێت ئەوە بکەینە رۆژەڤ و ئەگەر گەلی ئێمەش وەک گشتپرسییەک ئەوەی ویست، ئەوا دەیکەین. ئێمە لەنێو رای گشتی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش لە گەل دەپرسین کە چییان دەوێ. ئەگەر شتێکی وەها هەبوو، ئەوا دەتوانین پێشەنگایەتی بکەین. رووداو: باشە، با پرسیاری ناوی شێخ سەعیدیش بکەم. شەقامێکی ئامەدیان بەناوی شێخ سەعید کرد و زۆر قسەی لەبارەوە کرا. هەڵوێستتان بەرامبەر شێخ سەعید و ناوی شێخ سەعید چییە؟ شێخ سەعید بۆ ئێوە چ واتەیەکی هەیە؟ ئایا لە چالاکییەکانتان دا گرنگی بە ناوەکەی دەدەن؟ دۆغان هاتون: شێخ سەعید پێشەنگی گەلی کوردە؛ ئامانجی ئەو، هەڵویستی ئەو، خەباتەکەی تاوەکو شەهیدبوونی؛ هێشتاش کە دەڕۆی بۆ ناوچە و زۆر لە گوندەکان، هەموو کەس دەڵێن، ئەو پێشەنگی گەلی کوردە. ئێمەش بەو کولتوورە گەورە بووین. کاتێک کەسێک پێشەنگی گەلەکەی لەبیر بکات، بەهای نامێنێ. پێویستە خاوەندارێتی لەو بکەین. ئێمە خاوەندارێتی لە هەموو پێشەنگەکانی گەلەکەمان دەکەین، نەوەک تەنیا شێخ سەعید. خاوەندارێتی هەمووان دەکەین. هەر کەسێک تەنانەت هەنگاوێکی بچووکیشی بۆ گەلی کورد هاوێشتبێت، ئێمە خاوەندارێتی دەکەین. شێخ سەعید نەک تەنیا هەنگاوێکی بچووکی نا، بەڵکو شۆڕشێکی کرد؛ شۆڕشێکی گەورە. هەر کەس هەر چییەک دەڵێت با بڵێت، ئەنجامەکەی مردنیش بێت، دیسانەوە خاوەندارێتی دەکەین. رووداو: کاتێک دەڵێین ئامەد، پێویستە کەمێک باسی تەلارسازییەکەی بکەین، چونکە شارێکی زۆر دێرینە؛ باسی 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەکرێت. لە مەروانییەکانەوە بیگرە تاوەکو میتانی و میدیەکان، لە عوسمانییەکانەوە تاوەکو ئارتوکییەکان... ئێوە بە چ شێوەیەک درێژە بەم تەلارسازییە دەدەن؟ دۆغان هاتون: لەوانەیە لە 12 هەزار ساڵیش کۆنتر بێت. سەیرێكی باڵەخانە، شورە و قەڵاکەی بکە. لە ساڵی 2014 لە لیستی یۆنسکۆدا تۆمار کرا. کاتێک یۆنسکۆ ئەم جۆرە شوێنە مێژووییانە دەخاتە ژێر سەرپەرشتیی خۆییەوە، ئیدی شوێنەکە دەبێتە میراتی مرۆڤایەتی، دەبێتە میراتی هەموو جیهان. بۆیەش شورەکەی زۆر گرنگە. لە ساڵانی 2015-2016 شەڕ لەنێو شاردا هەڵگیرسا. ئەو کاتە دەبووایە ژمارەیەکی زۆر باڵەخانەی مێژوویی پارێزرابان، بەڵام دوای شەڕ هەموویان رووخێندران؛ هەموویان تۆمارکرابوون، بەڵام خاپووریان کردن. ئێستاش ئەگەر بیانەوێت دەتوانن چاکیان بکەنەوە، چونکە هەر بەردێک، هەر شوێنێکی مێژوویی، تەلارسازییەکەی و هەموو شتەکانی دیارن. وەزارەتی کولتوور لەوە بەرپرسە. ئەگەر لە دەستی شارەوانی دا بووایە، وڵات بە وڵات دەگەڕاین و پارەمان کۆ دەکردەوە و دروستمان دەکردەوە، بەڵام لە ژێر دەستی وەزارەتی کولتووردایە. من 8 ساڵ سەرۆکی ژووری ئەندازیاری و بیناسازی بووم. ئەم بابەتە باش ئاگادارم. ئەو کولتوورەی کە ئێمە لە ئەندازیاری و بیناسازی وەرمانگرتووە، زۆر گرنگە. لە هەر شوێنێک بەردێکی مێژوویی هەبێت، ئێمە خاوەندارێتی دەکەین. رووداو: کاتێک لەگەڵ بەربژێرەکەی ئاکپارتی قسە دەکەیت، دەڵێت "ترام دەهێنم بۆ ئامەد؛ پڕۆژەی گەلی دیجلە جێبەجێ دەکەم". پڕۆژەکانی ئێوە چین؟ دۆغان هاتون: سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم؛ ئامەد هەشت ساڵە لە دەستی قەییوومدایە، بۆچی ئەو پڕۆژانەیان جێبەجێ نەکردن؟ هەشت ساڵە هەموو شت لە دەستی قەیوومەکاندایە، بۆچی نەیانکردن؟ ئەگەر باسی شەمەندەفەر و ترام بکەین، رێگەوبانی ئامەد پێویستی بەم پڕۆژانە هەیە. ئەوە کاری ئێمەیە. ئێمە باش لەو جۆرە شتانە تێدەگەین. ترام گرنگە و شارەکە جوان دەکات و کولتوورێکیش دروست دەکات. پڕۆژەمان بۆ دروستکردنی هەیە. رووداو: ئەو پرۆژەیە لە سەردەمی بایدەمیریش هەبوو. دۆغان هاتون: لە سەردەمی بایدەمیر، لە سەردەمی گوڵتان کشاناک و سەلچوک مزراکلیش هەبوو. ئەو کاتەی شارەوانی لە دەستی ئێمەدا بوو، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە پارە لە وڵاتانی دیکە وەرگیرا، بەڵام دەوڵەت رێگەی نەدا پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەوەی بتوانی لە دەرەوەی وڵات پارە بۆ پڕۆژەیەک بهێنیت، پێویستە وەزیرە پەیوەندیدارەکەی حکومەت ئەو پڕۆژەیە پەسند بکات. تاوەکو وەزیر پەسندی نەکات، ناتوانی لە دەرەوە پارە وەربگریت. رووداو: لە کاتی بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردوودا زۆر ماندوو بوویت. ئێستا دەبێ لە هەموو کەسێک زیاتر ئاگاداری راستییەکانی بوومەلەرزە بیت. چی دەکەیت بۆ ئەوەی خانووەکانی ئامەد لە بوومەلەرزەدا وێران نەبن؟ دۆغان هاتون: ئەو باڵەخانانەی لە شار دروست دەکرێن، تەنانەت ئەگەر یەک نهۆمیش بن، ئەگەر هەموو شتێکیان بەپێی تەکنیکی بوومەلەرزە نەبێت، رێگە نادەین دروست بکرێن؛ ناهێڵین تەنانەت یەک خانووش دروست بکرێت. دەزانی کە خانووەکەی منیش رووخا؟ رووداو: خانووی تۆش رووخا؟ دۆغان هاتون: بەڵێ، خانووی منیش رووخا. رووداو: لە لایەن تۆکییەوە خانووت بۆ تەرخانکرا؟ دۆغان هاتون: نەخێر و ناشمەوێت. شتێکم لێیان ناوێت. دەزانم ئەو کەسانەی خانووەکانیان رووخان و زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، لە چ دۆخێکدان. لە دۆخی دایکیمەوە دەزانم، چونکە خانووی ئەویش رووخا. ئێمە بۆ گەلی خۆمان خانوو دروست دەکەین، ئەوەش بەپێی توانای بەردەستی شارەوانی. پڕۆژەی دروستکردنی خانوومان هەیە؛ سەرەتا دوو هەزار خانوو لە شاری ئامەد دروست دەکەین. بە پارتەکەی خۆشمان گوتووە کە دەبێت لە هەموو شارەکان خانوو دروست بکەین. رووداو: باشە، پرسیاری کۆتایی؛ کاتێک دەستبەکار دەبن، ئایا ئێوەش وەک قەییوومەکان خەڵک لە کار دەردەکەن؟ دۆغان هاتون: ئەو کەسانەی خزمەتکارن، کرێکارن، کاری خۆیان دەکەن و بە ماندووبوونی خۆیان چوونەتە ئەو شوێنە، جێگەیان لەسەر سەر و سەر چاومانە. ئەگەر ئەوان بۆ گەل خزمەت بکەن و شایستەی مووچەکانیان بن، هیچ کەسێک دەرناکەین، بەڵام ئەو کەسانەی وەک بیرۆکرات کاریان کردووە، کاریان لەگەڵ قەییوومەکان کردووە، ستەمیان کردووە و بیرکردنەوەیان وەک بیرکردنەوەی قەییوومەکانە، ئەوانە پەسندکراو نین. لەو بڕوایەشدام ئەوان لەگەڵ ئێمە کار ناکەن. ئێمە لە چوارچێوەی یاسا و رێساکاندا دژی یەک بە یەکیان سكاڵا تۆمار دەکەین. بریاری دادگەکان گرنگە و پێویستە وەک بنەما وەریانبگرین، بەڵام رێگە نادەین ئەو گەندەڵانە لەگەڵمان کار بکەن.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/13032024
باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا دەڵێت، ئەڵمانیا خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئابووری، سیاسی و سەربازییەکانییەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، کۆچبەرانی کورد و عێراقی لەو وڵاتە بەشێوەیەکی باش تێکەڵی کۆمەڵگەی ئەڵمانی بوون. لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکی 'رووداوی ئەمڕۆ'، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی، نزیکەی 400 هەزار کۆچبەری عێراقی لە ئەڵمانیان لەو ژمارەیە دەیان هەزار کەسیان مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشێکیان داوای مافی پەنابەری سیاسییان کردووە، "لەکاتێکدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئازادی هەیە و هیچ کەسێک بە هۆکاری سیاسی ناچاری کۆچکردن نییە." لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا جگە لە پرسی کۆچ باس لە کۆمەک و هاوکارییەکانی ئەڵمانیا دەکات بۆ گەشەپێدان لە عێراق و خواستی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بۆ وەبەرهێنانی گەورە و ئاستەنگەکانی بەردەمیان روون دەکاتەوە و دەڵێت: "لە عێراق بابەتی وەبەرهێنان پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی راستەقینەیە، کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا ژینگەیەکی هێمن و پارێزراویان دەوێت، ئەگەر کێشەیەک دروستبوو بتوانرێت بە یاسا چارەسەر بکرێت، گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی شەفاف بێت و گەندەڵی تێدا نەبێت، ئەوان داوای ژینگەی ئارامی وەبەرهێنان دەکەن." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا: رووداو: بابەتی گرنگ بەلای خەڵکەوە بابەتی کۆچە، کە مایەی نیگەرانییە هەم لای وڵاتانی ئەوروپا و هەم لای حکومەتی عێراق، بە گشتی سیاسەتی ئەڵمانیا بەرامبەر کۆچ و بەتایبەت کۆچبەرە عێراقییەکان چۆنە ئێستا؟ لوقمان فەیلی: من لە گفتوگۆیەکدا گوتم نزیکەی 400 هەزار کۆچبەری عێراقی لە ئەڵمانیان لەو ژمارەیە دەیان هەزار کەسیان مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە یان بڕیارەکە لە دادگە پلەی کۆتایی وەرگرتووە یان دۆسیەکەیان لە دادگەی پێداچوونەوەیە و بڕیاری رەتکردنەوەیان دراوە، لەلایەکی دیکەوە کۆچبەرمان هەیە لە ناوچە جیاوازەکانی ئەڵمانیا رۆڵی کاریگەر و چالاکی هەیە لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا و تێکەڵی کۆمەڵگەکە بووە، حکومەتی ئەڵمانیا بەهۆی ئەو گرفتانەی هەیانە لە ئابووری و ئەو گۆڕانکارییانەی روویاندا، دوای ساڵی 2015 و زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەری سووری رووی تێکرد، بۆ خێراکردنی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە، هەندێ گۆڕانکاریی لە یاساکاندا کراون، ئاستی توانستی زمان دابەزێندراوە، کەمتر گرنگی بە بڕوانامە دەدرێت لەپێناو خێرا تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانی، لە بەرامبەردا گوشاری کۆمەڵگەکە خۆی هەیە و لە هەڵبژاردنەکاندا ئۆپۆزیسیۆن دەنگ و کورسی زیاتری بەدەستهێنا، ئاڵنگاری لە ناوخۆدا هەیە، کە پێوەندی بە دۆخی ناوخۆی ئەڵمانیاوە هەیە و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتە داناوە، ئاڵنگارییەکی دیکەش پێوەندی بە ژمارەی کۆچبەرانی عێراق و مافی پەنابەرییان هەیە، سەرنجێکی دیکەش ئەوەیە ئەڵمانیا لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپایە، کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی لە چوارچێوەی یەکێتییەکەدا لەسەرشانە و رەنگە یەکێتیی ئەوروپا پابەندی بکات بە هەندێک سیاسەتی دیاریکراو لەنێویشیاندا پرسی کۆچبەران. رووداو: بۆچوونێک هەیە لای گەنجانی عێراق بە گشتی، ئەوەیە هەرچییەک بێت، بەڵام بگەیتە ئەڵمانیا بە جۆرێک لە جۆرەکان مافی پەنابەرێتی وەردەگریت لە کۆتاییدا و ئایندەت دەبێت، ئەو بۆچوونە هەڵەیە؟ لوقمان فەیلی: ئەم وێنەیە سۆزدارییە زیاتر نەک راستەقینە، کارکردن لە ئەڵمانیا ئاسان نییە و بۆ بژێوی داوات لێدەکرێت کاربکەی، داوات لێدەکەن زمان فێرببی، داوای بڕوانامەی تایبەت و لێهاتوویی کارت لێدەکرێت، تەنانەت ئەگەر بتەوێ وەکو کرێکار لە کارگەیەکدا کاربکەی پێویستت بە 3 بۆ 4 ساڵە تاوەکو فێردەبی و ئەوەش پێویستی بە هەوڵدانە، لەلایەکی دیکەوە خوێندنەوەیەکی سۆزدارییانە هەیە بۆ هەندێ شت. وەرگرتنی مافی پەنابەری شتێکی ئاسان نییە، بەڵێ سیستمی کۆمەڵایەتی لە ئەڵمانیا مووچە و فێرکردن و تەندروستی دابیندەکات، بەڵام بەو ئاسانییە نییە وەک ئەو وێنە رۆمانسییەی باسی دەکەن، لە بەرامبەردا ئێمە وەکو دەوڵەت وەکو کۆمەڵگە ئازادی گەشتکردنمان هەیە و لە دەستووردا هاتووە، بەڵام بەرپرسیارێتی هەموو عێراقییەکە ئاگاداری خۆی و خێزانەکەی بێت، جێگەی داخە بۆ ئێمە هەندێ کات حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی گەنجان لە یەکێک لە دارستانەکان بەهۆی سەرما و دۆخی ناتەندروست و خنکان و شتی دیکە دەبیستین، ئەمە دۆخێکی ناخۆشە، کۆمەڵگە پێویستی بەوەیە گەنجەکانی بگەڕێنەوە ئێمە وەکو باڵیۆزخانە دەرگامان بۆ هەمووان کراوەیە هەر کەسێک بیەوێت بگەڕێتەوە یان بەڵگەنامەکانی گرفتی تێدا بێت هاوکارییان دەکەین، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە بۆ ئاسانی کۆچکردن و مانەوە، ژیان قورسترە لەوە، گوتم کە دەیان هەزار کەس پێدانی مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە و لە کۆتاییدا دەردەکرێن جا سبەینێیە یان دواتر ئەوەش بەهۆی رێکارە ناوخۆییەکانی ئەڵمانیاوەیە، کە سەروەریی خۆی هەیە و ئێمە ناتوانین دەستوەردان لە سەروەرییەکانی ئەو وڵاتەدا بکەین. رووداو: نییەتێکی راستەقینە لای حکومەتی ئەڵمانیا هەیە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران و دیپۆرتکردنەوەیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان؟ لوقمان فەیلی: نا بڕیارێکی یەکێتیی ئەوروپا هەیە لەبارەی ئەوە، ئایا عێراق هاوکاریانە یان نا؟ بۆ ئەمە گفتوگۆ هەبوو لەنێوان عێراق و یەکێتیی ئەوروپا و رێککەوتن هەیە، ئێمە وەکو دەوڵەت بەرپرسین لە هاووڵاتییەکانمان ئێمە ناتوانین بە هاووڵاتییەک بڵێین مافی ئەوەت نییە بگەڕێیتەوە، ئێمە لە ئەنجامدا پێشوازی لە هەر هاووڵاتییەکی عێراقی دەکەین کە بگەڕێتەوە. لە هەمانکاتدا ئەو خزمەتگوزارییانەیان پێشکێش دەکەین، کە دەتوانین، هاوئاهەنگی دەکەین لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بۆ رێکخستنی کاروباری عێراقییەکان. لە بەرژەوەندیی ئێمە نییە کەسێکی خاوەن بڕوانامە بڕوات و بچێتە وڵاتێکی دیکە و لەوێش نەتوانێت کاربکات بەهۆی راستاندنی بڕوانامە و هەندی شتەوە، بەڵام پێویستمان بە پێداچوونەوەیەکی ورد هەیە و دەبێت لە خۆمان بپرسین بۆچی گەنجانی عێراق کۆچ دەکەن. رووداو: بەپێی زانیارییەکانی ئێوە، گەنجانی کام ناوچەی عێراق زیاتر کۆچ دەکەن؟ لوقمان فەیلی: لە هەموو ناوچەکان، بەشێکیان لە هەرێمی کوردستانەوە دێن، بەشێکیان لە ناوچە جیاوازەکانی دیکەوە دێن بۆ ئەڵمانیا تێکەڵن، بەڵام زۆرترینیان لە هەرێمی کوردستانەوە دێن. هەندێ کەس باسی رەهەندی سیاسیی دەکەن، ئەڵمانییەکان ئاگاداری ئەو ئازادییەن کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەر بۆیە ئەو کەسە بە کۆچبەرێکی ئابووری دادەنێن نەک سیاسی، پێویستە جیابکرێتەوە کەسێک داوای مافی پەنابەری سیاسی بکات و دۆسیەکەی ئابووری بێت، تەنانەت ئەگەر کۆچبەرێکی ئابووری بیت بە دروستی داواکارییەکەت پێشکێش بکە و وەکو هەموو ئەو کەسانەی دیکە راستاندن بۆ بڕوانامەکەت بکە و خۆت فێری زمان بکە و داواکاری پێشکێشی باڵیۆزخانەکان بکە ئەم هۆکارانە دەبنە کێشە بۆ کۆچی عێراقییەکان بەرەو ئەڵمانیا. رووداو: واتا مافی پەنابەری نادرێت بە هۆکاری سیاسی؟ لوقمان فەیلی: نەخێر بەشێوەیەکی گشتی، چونکە ئازادی هەیە بۆ نموونە دۆخی کوردانی ئێزدی دۆخێکی تایبەتە و ئەڵمانیا بە چاوی هاوسۆزی و هاوکاری لێیاندەڕوانێت، یاسایەکیش هەیە لە ئەڵمانیا و ئەو تاوانەی بە (جینۆساید) داناوە، لەکاتی دەرکردنی یاساکەدا تەنانەت راستڕەوەکانی ئەڵمانیاش دەنگیان پێدا، زیاتر لە 100 هەزار بۆ 115 هەزار ئێزدی عێراقی لە ئەڵمانیان و هێندەی ئەو ژمارەیەش ئێزدی وڵاتانی دیکەی لێیە، ئەو دۆسێیە تایبەتمەندی هەیە و ئەڵمانیا وا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، کە کەمینەیەکن و ستەمیان لێکراوە، بەتایبەت لە سەردەمی داعشدا، بەڵام لە هەمان کاتدا تێڕوانینێکی گشتی هەیە، کە ئەم کۆچە ئەگەر سیاسییە ئەوا ئازادی هەیە لە عێراق، ئەگەر کۆچێکی ئابووری و ئاساییە ئەوا پێویستە بە رێکارە یاساییەکاندا بڕوات. رووداو: عێراق زۆر هاوکاری دەکرێت لەلایەن ئەڵمانیاوە، بۆ نموونە رێکخراوی (giz) زۆر شت پێشکێش دەکات لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش، ئێستا ئەم هاوکارییانە چۆنن؟ لوقمان فەیلی: عێراق وەکو پێشتر نەماوە و وڵاتان چەکی بانکی کراوەی بۆ واژۆ بکەن، ئەو شێوازە نەماوە لە جیهاندا ئەڵمانیا لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە، کە بەخشندەیە لە بواری گەشەپێدان، گەشەپێدان بە شێوەی جیاواز و لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق، خەرجییەکانی لە عێراق چەند سەد ملیۆنێکە و کەمە، چونکە دەوڵەتێکی بەخشندەیە بەرامبەر عێراق، ئەو دەیەوێت ببینێت ئایا پرۆژەکانی عێراقی بردووە بەرەو باشتر ئایا شەفافیەت دروست بووە، ئیدارەدانێکی باش هاتووەتە ئاراوە بابەتەکانی پەیوەست بە دیموکراسی تا چەند بەهێز بوون کۆمەڵێک بنەمای هەیە بۆ گەشەپێدان و ئەو بنەمایانە جیهانین و ناسراون لەو لایەنەوە هەنگاو دەنێت و هەڵسەنگاندنی هەیە، هاوکات رۆڵ و بوونی هەیە لە گۆڕەپانەکەدا، تائێستا ئاسوودەن بە کارکردن لە عێراق، پێیانوایە پەیوەندییەکەیان بەرهەمدارە، گەلی عێراق بەخشندە و سنگفراوانن، بیرکردنەوەی عێراقی بەرامبەر ئەڵمانیا ئەرێنییە وای نابینین کە ئەمە دەوڵەتێکی داگیرکەرە یان ئەجێندایەکی تایبەتی هەیە سوپاس بۆ خودا ئەوە شتێکی باشە، بەڵام ئایا عێراق سوودمەند بووە پێموایە تائێستا گفتوگۆی راستەقینە لەگەڵ ئەڵمانیادا نەکراوە لەوبارەیەوە، پرۆژەکانی سەریکێشاوە بۆ خوێندنی ئەڵمانی، کە پێموایە عێراق پێویستی بەوە نییە و پێویستە عێراق پێداچوونەوەی گشتی بکات و سەرنجی لەسەر ئەوە بێت کە چی پێویستە لە چوارچێوەی گەشەپێداندا ئەو 100 ملیۆن دۆلار یان 200 ملیۆن یۆرۆیەی کە دەخوازن لە عێراق خەرجی بکەن تا چەند بەکەڵک دێت، ئایا بابەتی دیموکراسی گرنگترین شتە بەلامانەوە، گەشەپێدان، دادگەکان، شەفافیەت، سیستمی بانکی کامیان پێویستترن، ئەوان بە سروشتی خۆیان نایانەوێت خواستی خۆیان بسەپێنن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێیانوایە عێراق پێویستی بە پاڵپشتییە و ئامادەن پاڵپشتی بکەن، بەڵام پێویستە عێراق پێداچوونەوە بکات بە پێداویستییە لەپێشینەکانی، بابەتی گەندەڵی کە شتێکی ئاشکرایە و بە ئاماژەیەکی خراپ دادەنرێت، داوای شەفافیەتی زیاتر دەکەن، داوادەکەن مافی مرۆڤ پارێزراو بێت لە عێراق، گەشەپێدانی کۆمەڵگە و ئەو گۆڕانکارییانەی روو دەدەن لە هەرێمی کوردستان یان لە بەغدا. رووداو: ئەمریکا وردە وردە ئاراستەی گرنگیپێدانی دەگۆڕێت بۆ چەند دۆسێیەکی دیکە دوور لە رۆژهەڵاتی ناوین بۆ نموونە چین، بابەتی رووسیا، ئۆکراینا، هەمان تێڕوانین لە ئەوروپاش هەیە؟ لوقمان فەیلی: جۆرە جیاوازییەک هەیە، لەوەی بابەتی کۆچ بابەتێکی بنچینەییە لە ئەوروپا و ئەمە پێوەندی بە ئەمریکاوە نییە، ئەمریکا کێشەی کۆچبەرانی نییە، ئەگەر هەشیبێت لە مەکسیکەوە هەیەتی نەک لە عێراق ئەمە لەلایەک، هاوکات پرسی کۆچبەران پێوەندی بە باش یان خراپ بەڕێوەبردن و ئاسایشی ناوخۆیی هەیە راستەوخۆ، ئەمە مایەی هەڵوەستەکردنە لەلایەن ئەوروپاوە، هاوکات هەندێک گۆڕانکاریی هەن لە ناوخۆی ئەوروپا، کە پێوەندییان بە گۆڕانی دیمۆگرافیاوە هەیە، خێرایی تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی لە ئەمریکا جیاوازە، من لە ئەمریکا ژیاوم لە ئەمریکا هەست ناکەی بیانیت، چونکە هەموویان بیانین، لە ئەوروپا وانییە و دیارە کە تۆ بیانیت، تێکەڵاوبوون و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە کاریگەریی هەیە، لە بابەتەکانی جێندەر و (LGBT) و ئەوانی دیکە، ئەوروپا بەشێوەیەکی دیکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، تەنانەت تێڕوانینی بۆ ناوچەی ئێمە زیاتر لەسەر بنەمای جوگرافیایە یان لەسەر بنەمای وزەیە، پێیوایە ئەو وزەیەی لە ناوچەی ئێمە هەیە دەبێتە جێگرەوەی وزەی رووسی لە باکووری ئەفریقا و ناوچەکانی دیکەش، بۆیە لایەنی جوگرافیا خۆی سەپاندووە بەسەر بابەتەکەدا. رووداو: ماوەی رابردوو زۆر گفتوگۆ لەبارەی گرێبەستەکانی سیمنس کران، ئەم دۆسیەیە بەکوێ گەیشتووە؟ لوقمان فەیلی: قۆناخی یەکەمی تەواوبوو و لە قۆناخی دووەمدا چەند پێشینەیەکی دراوە، گفتوگۆی راستەوخۆ هەیە لەگەڵ سیمنس لە رێگەی وەزارەتەکانی عێراقەوە، ئاسوودەیی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا، لەم ساڵەی کۆتاییدا بەرێز سەرۆکوەزیران سەرنجی خستە سەر ئەڵمانیا وەکو وڵاتێکی گرینگ و هاوبەشێکی ئەوروپایی گرینگ و چەند دیدارێکی ئەرێنی هەبوون لەنێوان بەرێز سەرۆکوەزیران و راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەرلین و لە نیویۆرک مانگی رابردوو، عێراق گرنگی دەدات بە بابەتی سیمنس، بەڵێ خواستی عێراق لە سیمنس زیاترە لەوەی ئێستا، بەڵام بەپێی تواناکانی بەردەست باشە، هاوکات خواستی سیمنس بۆ باشترکردنی بیرۆکراتییەتی عێراق و ئاسانکردنی مامەڵەکان هێشتا لە گفتوگۆدایە. سیمنیس کار لەسەر پرۆژەکان دەکات، سیمنس ئاسوودەیە لە کارەکان و گرێبەست و شایستە داراییەکان و رێکارەکان، خواستی عێراق زیاترە، ئەوە پەیوەندی بە سیمنسەوە نییە، بەڵکو خواستی عێراق زیاتر لەوە، پێویستی عێراق بە کارەبا زیاتر لە سیمنس و پێویستی بە چاوخشاندنەوەیە بە بیرۆکراتییەتی عێراقدا، بابەتەکە ئەوەیە ئەو وڵاتانە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کێشەکە لە عێراق خۆیدایە کە پێوەندیدارە بە بیرۆکراتییەت و چەند بابەتێکی دیکە و پێویستیان بە چارەسەرە، ئێمە پێویستمان بەوەیە خۆمان خۆمان چارەسەر بکەین و پێمانوانەبێت خەڵکی دیکە چارەسەرمان بۆ دەکات. رووداو: عێراق کاردەکات لەسەر راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا، کە یەکێکە لە ئابوورییە بەهێزەکانی جیهان، ئایا تێڕوانینێکیان هەیە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق یان مەترسییان هەیە؟ لوقمان فەیلی: من وەکو کەسێک قسە دەکەم کە لە ژاپۆن کارم کردووە، کە دووەم دەوڵەتی ئابووریی بوو ئەوکاتە، لە ئەمریکا کارم کردووە، کە بەهێزترین ئابوورییە و لە ئەڵمانیاش، پاشخانێکی کاروباری بازرگانیم هەیە مەبەستم کارکردنە لە کۆمپانیاکان، لە عێراق بابەتی وەبەرهێنان پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی راستەقینەیە، وەبەرهێنان واتای چی لەم وڵاتانە، بۆ نموونە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان ژینگەیەکی هێمن و پارێزراویان دەوێت، پارێزراو نا لە رووی ئەمنییەوە، بەڵکو پارێزراو بێت و ئەگەر کێشەیەک دروستبوو بتوانرێت چارەسەر بکرێت بە خێرایی، گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی شەفاف بێت گەندەڵی تێدا نەبێت، ژینگەی ئارام ئەوەیە کە دەبێت ئێمە بیری لێ بکەینەوە بۆ راکێشانی کۆمپانیاکانی جیهان، تائێستا ئێمە وەکو کۆمەڵگە نازانین تەنانەت دەوڵەتیش نازانێت دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ کۆمپانیاکان چەند گرنگە، من پێوەندیدارم بە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەم کۆمپانیایانە ناچارنین لە عێراق وەبەرهێنان بکەن، پارەی هەیە و دەتوانێت لە وڵاتێکی دیکە وەبەرهێنان بکات، تەنانەت لە وڵاتانی نزیک لە عێراق بەڵام دەبینن کە لە عێراق دەرفەت هەیە و ئامادەن چاوپۆشی لە چەند شتێکی بیرۆکراتییەتی عێراق بکەن، بەڵام ناڕوونی سیستمی عێراقی، ناڕوونی میکانیزمەکانی پارەدان و جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی و ئەوانی دیکە، ئەم دۆخە جێگەی نیگەرانییە، لە کۆتاییدا کاردەکاتە سەر وەبەرهێنان و تەنیا چەند وەبەرهێنانێکی بچووک دەمێننەوە، ئەم گرفتە گرفتێکی عێراقییە لە مامەڵەکردن. دووبارە دەڵێم ئەم قسانەم وەکو کەسێکە کە لە ئەمریکا و ژاپۆن و ئەڵمانیا کارمکردووە دەرئەنجام ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی جیهان گرفتیان هەیە لە وەبەرهێنان لە عێراق، ئەمە پێویستی بە پێداچوونەوە و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانە، ئایا پەیوەندی بە ئیدارەدانەوە هەیە، ئایا پەیوەندی بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی دیکە هەیە، ناتوانرێت زانیارییەکان بە رێگایەکی دروست بگەیێندرێن، ئایا هەڵە تێگەیشتن هەیە و ئێمە چارەسەرمان نەکردووە، کێشەی کۆن هەیە و چارەسەرمان نەکردووە، ئەمە پێموایە پێویستی بە هەنگاونانی عێراقە، نەک تەنیا دەوڵەت یان سەرۆکوەزیران، ئەم بابەتە پێوەندی بە سەرۆکوەزیرانەوە نییە، بەڵکو پێوەندیدارە بە هەموو پەیکەری کاری عێراقەوە. رووداو: راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان تێبینییان لەسەر مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لە عێراق هەیە، نێوبانگی عێراق لەبارەی پاراستنی ماف و ئازادییەکان لە ئەوروپا چۆنە؟ لوقمان فەیلی: بەشێوەیەکی گشتی لە خۆرئاوا خوێندنەوە و تێڕوانینەکان هاوبەشن لەم بابەتەدا، هەڵوەستەیەکی نێودەوڵەتی هەیە لەبارەی عێراق، ئایا عێراق بەرەو دیموکراسی هەنگاو دەنێت بەشێوەیەکی گشتی وەکو کۆمەڵگە و یاساکان، دیکتاتۆرییەت تەواو بووە دوای 20 ساڵ، ئەگەر گرفتێک هەبێت بەپێی تێڕوانین و هەڵسەنگاندنەکانیان، ئایا گرفتەکە پەیوەندی بە کۆمەڵگەکەوە هەیە یان پەیوەندی بە دەسەڵاتدارەکانەوە، ئایا کێشە لە یاساکانە یان کۆمەڵگە مامەڵەی لەگەڵدا ناکات، بۆیە ئێستا هەڵوەستەیەک هەیە لە خۆرئاوا بۆ مامەڵە لەگەڵ عێراقدا، تەنانەت هەڵوەستەیەکی عێراقی هەیە بۆ مامەڵە لەگەڵ خۆرئاوا لە بابەتی جێندەر بۆ نموونە، لە بابەتی هەندێک یاسا کە ئێستا لە خۆرئاوا کاری وردیان لەسەر دەکرێت. پێموایە ئەمە شتێکە پەیوەندیی بە شارستانییەتەوە هەیە، پێویستە گفتوگۆی راستەقینەیان لەبارەوە بکرێت دوور لە چاوی میدیاکان، گفتوگۆی راستەقینە لەنێوان دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگە، پێموایە دەبێ هەڵوەستە بکەین، تاوەکو بزانین ئەو تێڕوانینەی خۆرئاوا بۆ ئێمە راستە یان نا، یان پەیوەندی بە کۆمەڵێک داواکاریی هەیە، کە لەگەڵ بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی ئێمە و ئاینەکەماندا ناگونجێت من نازانم، بەڵام پێویستمان بەوەیە، کە گفتوگۆ بکەین و لێکتێبگەین ئەگەر زانیارییەکانیان هەڵە بێت، ئەی راستەکە چۆنە؟ من تێبینییەکم هەیە لەم بابەتەدا، خێرایی لە دەرچوواندنی یاساکان لە عێراق بەلای هەندێکەوە پێویستی بە پێداچوونەوەیە، چونکە کۆمەڵگە تێنەگەیشتووە لەو یاسایانە، ژێرخانێکی باشی پێویستە تا ئەو یاسایانە جێبەجێ بکرێن، وەکو ئەوەی کە ئەو یاسایانە تەنیا بۆ دەنگدانەوە بن نەک بۆ جێبەجێکردن لە واقیعدا، پێویستە عێراق بە پەلە خۆی لەم تێبینییانە رزگار بکات، پێویستە بەرووی خۆرئاوادا کرانەوەی زیاترمان هەبێت لە رێگەی گفتوگۆ و داتاوە بۆ داکۆکی لە بەها باڵاکانی خۆمان، بابەتەکە کەللەرەقی نییە و بۆ سەپاندنی بۆچوون نییە. ئەگەر بە خواستی خۆرئاوا بێت دەیەوێت تێڕوانین و بۆچوون و رۆشنبیری خۆی لێرە کۆپی بکات، ئێمە گرفتمان لەوەدا نابێت بە لەبەرچاوگرتنی کەسایەتی و بەها کۆمەڵایەتییەکانمان نکۆڵی ناکەین، کە ئێمە خۆرهەڵاتین و پابەندین بە شارستانییەتی خۆمانەوە، بەڵام پێویستمان بەوەیە کە گفتوگۆمان هەبێت لەگەڵ خەڵکی دیکە لە بەرامبەردا تێبگەین و بزانین چۆن کاریگەریی لەسەر بەرامبەرەکەمان دروستبکەین، هەزاران کۆچبەرمان لە وڵاتان هەیە دەتوانین بەکاریان بهێنین بۆ ئەوە، بۆ نموونە لە بابەتی سووتاندنی قورئاندا لەکاتێکدا ئێمە هەزاران هاووڵاتیمان لەو وڵاتە هەن و بەشێکیان زۆر دیبلۆماسی و چالاکن، بۆچی بەکارمان نەهێنان بۆ گەیاندنی بۆچوونی خۆمان بەشێوەیەکی دروست و دروستکردنی کاریگەریی لەسەر ناوەندەکانی بڕیار و کۆمەڵگەکەیان، ئەمەیە کە دەڵێم پێویستی بە پێداچوونەوەیە، کۆچبەرەکانمان قووڵایی ستراتیژی ئێمەن لە وڵاتانی دەرەوە و نەمانتوانیوە سوودیان لێ وەربگرین.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/23102023
سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، دەبێت عێراق شانازی بە شەفافیی پرۆسەی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوتەکەیەوە بکات؛ دەشڵێت، "نەوتی عێراق لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکا بە نزیکەی 50 کۆمپانیا دەفرۆشرێت." د. فەلاح عامری، سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای سۆمۆ و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵی ئەنجامی دا، باسی لەوەکرد، فرۆشتنی نەوت لە سۆمۆ دەستنووسی نییە و تەواوی مامەڵەکانی لە رێگەی ئیمێڵەوەیە. سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکە نەوت بە بازاڕەکانی دەرەوە و نێوخۆ دەفرۆشێت و گوتیشی، فرۆشتنەکە بەشێوەیەکە تەنانەت ئەگەر وەزیری نەوت بۆ کۆمپانیایەک بڕی نەوت زیاد بکات، دەبێت بە قەڵەمی سوور بینووسێت بۆ ئەوەی دواتر بەرپرسیارییەتییەکەی لەئەستۆ بگرێت. لە بارەی ئەو نرخەی لە بازاڕەکاندا بۆ نەوتی عێراق دیاری دەکرێت، فەلاح عامری گوتی، بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق، تێکڕای نەوتی دوبەی و عەمان هەژمار دەکرێت، چونکە عێراق فرۆشتنی نەوتی رۆژانەی نییە و پێنوێنی تایبەت بە نەوتەکەی نییە، بەڵام کە خواست لەسەر نەوتەکەی زیادبێت نرخەکەی بە نزیکەی دۆلارێک بەرزدەبێتەوە. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: د. فەلاح ئەلعامری بەخێربێی بۆ کوردستان د. فەلاح ئەلعامری: زۆر سوپاس رووداو: سەرەتا دەمەوێ لەبارەی میکانیزمی بەبازاڕکردن و نرخاندنی نەوت لە عێراق بپرسم، ئەو میکانیزمە چۆنە؟ د. فەلاح ئەلعامری: سوپاس بۆ ئەم داوەتە و پشتیوان بەخوا زانیاری وردتان دەربارەی ئەو بابەتە دەدەمێ. میکانیزمی بەبازاڕکردن و نرخاندنی نەوت لە عێراق یەکێکە لە میکانیزمە گرنگ و شەفاف و پێشکەوتووەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە. ئەم میکانیزمەش، نرخاندن و بەبازاڕکردن و تەرخانکردنی بڕ، بەڕاستی بڵێم رێزێکی داوەتە عێراق لەلایەن کڕیارەکانەوە، ئەوانەی لەماوەی ئەم 15 ساڵەی رابردوو نەوتی عێراقیان کڕیوە. ئەو کۆمپانیایانەی لە 2007 بەدواوە مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە کردووە و نەوتی عێراقیان کڕیوە، نزیکەی 28 کۆمپانیا بوون لە سەرانسەری بازاڕەکاندا، ئێستا سوپاس بۆ خوا گەیشتووەتە نزیکەی پەنجا کۆمپانیا. کەواتە ئێمە کڕیارێکی زۆرمان هەن لە هەموو بازاڕەکاندا، یەکێ لە هۆیەکانی ئەمەش حەزکردن بووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ئەو شەفافیەتەی لە فرۆشتن و نرخاندنی نەوتی عێراقیدا هەیە. میکانیزمی بەبازاڕکردن بەجۆرێکە، هەموو ئەو بڕانەی بۆ هەناردەکردن دانراون دابەشی سەر سێ بازاڕ دەکرێن: بازاڕی رۆژهەڵات کە بریتییە لە ژاپۆن و کۆریای باشوور و... رووداو: رۆژهەڵاتی ئاسیا بەگشتی.. د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ رۆژهەڵاتی ئاسیا.. لەوانەش چین و هیندستان و کۆریای باشوور لە هەموویان گرنگترن بۆ ئێمە. بازاڕێکی دیکە کە نەوتی ئێمەی بۆ دەڕوات بازاڕی ئەوروپایە، ئەم بەشە جا یان لە کەناڵی سوێسەوە رۆیشتووە، یان لە بەندەری جەیهانەوە و هەروەها لە سووریاشەوە. بازاڕێکی دیکەی ئێمە کە بازاڕێکی دوورە، بازاڕی ئەمریکایە. ئەمە بازاڕێکی تەقلیدی و کۆن بووە بۆ ئێمە، بەڵام بە کەشتیی گەورە دەگوازرێتەوە.. رووداو: مەبەستت چییە کە دەڵێی تەقلیدی؟ د. فەلاح ئەلعامری: مەبەستم ئەوەیە بازاڕێکی نوێ نییە، چین و هیندستان، یان با بڵێم چین بازاڕێکی نوێیە، بەڵام ئەمریکا لە کۆنەوە کۆمپانیای زەبەلاحی هەبووە و هاردەکردن و هەناردەکردنی نەوتی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان هەیە، بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ هەموو کۆمپانیا جیهانییەکان ناکەین، یان با بڵێم هەموویان نەوتی عێراقی ناکڕن، ئێمەش هەوڵ دەدەین هاوسەنگیی نێوان بازاڕەکان راگرین و زیاتر گرنگی بەو بازاڕانە بدەین کە بازاڕی مژدەبەخشن و عێراق دەتوانێ قازانجی زیاتریان تێدا بکات، بۆیە بەلای ئێمەوە بازاڕی رۆژهەڵات باشترین بازاڕە. ئەو بڕە نەوتەی لە 2007 بۆ ئەو بازاڕە دەچوو رێژەکەی 28٪ بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 70٪. کەواتە هەوڵمان داوە هێواش هێواش نەوتەکەمان بەرەو ئەو بازاڕە ببەین چونکە بۆ ئێمە داهاتی زیاترە و سەقامگیریشە، بەڵام بازاڕی ئەمریکی... رووداو: هۆی ئەو سەقامگیرییە چییە؟ د. فەلاح ئەلعامری: چونکە دەوڵەتانێکن لەڕووی ئابوورییەوە تازە پێدەگەن و پێویستیان بە بڕی زەبەلاح لە نەوت هەیە. لە هەمان کاتدا ژمارەی دانیشتووانیشیان زۆر زۆرە. چین ملیار و نیوێکە و هیندستانیش نزیکەی ملیار و نیوێکە. تەنیا چین و هیندستان بە رێژە نزیکەی 45٪ پێکدێنن، بۆیە پێویستیان بە بڕێکی زۆر لە وزە هەیە، سەرباری ئەوەش لەڕووی ئابوورییەوە تازە پێدەگەن، بڕۆ تەماشای ئەو قەڵەمبازە گەورەیەی چین بکە لە بواری ئابووری. بۆیە ئێمە هەمیشە وا سەیر دەکەین کە چۆن نەوتی عێراقی بنێرینە بازاڕەکان و دەبێ دووریش بڕوانین کە چۆن بتوانین پارێزگاری لەو بازاڕە بکەین، چاودێری دەکەین هەرکاتێ کێماسییەک لەو بازاڕەدا پەیدا بوو، بڕەکە کەمی کرد یان شتی لەوجۆرە، خێرا چارەسەری بکەین. دەبێ هۆیەکەی دەستنیشان بکەین و هێندەی دەتوانین چارەسەری بکەین، چونکە شتەکە بۆ ئێمە ئەوە نییە بەشی ئەمساڵ نەوت هەناردە بکەین، دەبێ وا تەماشای بکەین کە هەتا ئەوکاتەی جیهان سوود لە نەوت دەبینن. سەبارەت بە بازاڕی ئەمریکی، رێژەکەی لەنێوان 10 بۆ 15٪ دەبێت، واتە ئەو 30٪ـەی دەمێنێتەوە دابەشی سەر بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا دەبێت. بێگومان جاری وا هەیە دەگاتە 35٪ و جاریش هەیە دەگاتە 25٪ بەگوێرەی بازاڕ. بۆ نرخیش هەر بازاڕێک نرخێکی هەیە. نەوتێکیشمان هەیە پێیدەڵێین نەوتی ئاماژە، ئەمە ئەو نەوتەیە کە رۆژانە دەفرۆشرێ، ناسراوە و لە جۆری نەوتی سووکە، ئەمە چییە؟ دەبلیو تی ئای و برێنت. ئەم دوو جۆرە مەرجەعی نرخاندنی نەوتی ئێمەن. ئەو نەوتە لە جۆری سووکە و ترش نییە. نەوتی ئێمە لە عێراق، لە باشوورەوە هەتا باکوور، لە نەوتی جۆری ترشە، واتە لەو جۆرەیە کە کبریتی تێدایە، رێژەی کبریتەکەی بەرزە. هەندێ جار رێژەی ئەم کبریتە دەگاتە 2.5. واتە 2.5٪ی کبریتە. ئەی پی ئایەکەشی، ئەی پی ئای واتە رێژەی لیقییەکەی، نەوتەکە چەندە لیق بێت نرخەکەی ئەوەندە کەمتر دەبێتەوە.. رووداو: بۆ نموونە چ نەوتێک؟ د. فەلاح ئەلعامری: ئێمە لە عێراق هەندێ نەوتمان هەیە، بۆ نموونە ئەوەی گەیارە، نەوتێکی قورسە، ئەی پی ئایەکەی دەگاتە 17٪، 16 یان 17٪ دەبێت، ئەمە نەوتێکی زۆر قورسە و مادەی نەفتا و بەنزینی وەکو پێویست لێ دەرنایەت. رووداو: کەواتە نرخی نەوتی گەیارە کەمترە؟ د. فەلاح ئەلعامری: بە دڵنیاییەوە.. بە دڵنیاییەوە، بۆیە من لە سیمینارەکەشدا گوتم دەوڵەتان وردە وردە فۆکەس دەخەنە سەر نەوتی سووک، بەتایبەتی لەم کاتەدا دەبێ فۆکەس بخەنە سەر نەوتی سووک. رووداو: بەڵام لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا پاڵاوگەی گەورە هەن کە نەوتی قورس دەکڕن، وایە؟ د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ، لەبەر ئەوەش بوو کە روومان کردە بازاڕی رۆژهەڵات. بازاڕی رۆژهەڵات تەنانەت لە پاڵاوگەشدا نوێیە، دەیانەوێ لەڕووی پاڵاوگەشەوە پەرە بستێنن. ئەمانە پاڵاوگەی زۆر ئاڵۆزن هەندێکیان پێیان دەڵێن یورۆ فایڤ، یورۆ فایڤ زۆر پێشکەوتووە. ئێستا ئێمە پاڵاوگەی کەربەلامان هەیە، باشترین پاڵاوگە لە مێژووی عێراقدا پاڵاوگەی کەربەلایە، رەنگە خەڵک ئەمە نەزانن، بۆچی؟ چونکە وەزارەت کاتێ پاڵاوگەیەکی نوێ دادەنێ دەبێ پاڵاوگەیەک بهێنێ کە دوایین ئاستی پاڵاوگە بێت. پاڵاوگەکانی کە پێشتر هەمانبوون لەوانەن کە تەکنۆلۆژیای پاڵاوگە لەوکاتەدا نەگەیشتووە ئەوەی ئێستا هەیە. رووداو: ببوورە دکتۆر، کۆمپانیای سۆمۆ، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقە بۆ دەرەوە یان بۆ ناوخۆش؟ د. فەلاح ئەلعامری: کە دەڵێی بەبازاڕکردن واتە بۆ دەرەوەیە. بەڵام ئێمە دەڵێین، ئەم نەوتە عێراقییەی کە دانراوە بۆ بازاڕ، بەشێکی بۆ بازاڕی ناوخۆیە و بەشێکیشی بۆ بازاڕی دەرەوە. رووداو: هیچ جیاوازییەک لەنێوان نرخی دەرەوە و نێوخۆ هەیە؟ بۆ نموونە حکومەتی عێراق دەیەوێ نەوت بداتە پاڵاوگەی کەربەلا، نرخەکەی کەمترە؟ د. فەلاح ئەلعامری: نا، بڕوانە، بۆ بازاڕی نێوخۆیی، خۆی دوو جۆرمان هەن: کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، مەبەستم لە پاڵاوگەکان. کەرتی تایبەت لەوانەیە لە سۆمۆی بکڕێ، بەڵام پاڵاوگەکانی دیکە، رەنگە کۆمپانیای پەیوەندیدار خۆی... بۆ نموونە کۆمپانیای نەوتی بەسرە دەیەوێ نەوت بداتە شعێبە، دەبینی چۆنە؟ ئەوە ئیدی کڕین و فرۆشتنەکە لەنێوان خۆیانە و نرخەکەشی جیاوازە، نرخی پاڵپشتە. رووداو: کەواتە حکومەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتە لۆکاڵەکان و کۆمپانیا نێوخۆییەکان دەکەن؟ د. فەلاح ئەلعامری: ئەو شەفافیەتەی کە حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت لە فرۆشتنی نەوتی خاودا کاری پێدەکەن، بەڕاستی دەڵێم، ئەگەر عێراق بیەوێ شانازی بە شتێکەوە بکات، ئەو شتە پرۆسەی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقە. چونکە هیچ دەستێوەردانێکی تێدا نییە. هیچ کەموکووڕییەکی تێدا نییە. هەمووی بەگوێرەی میکانیزمێک لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان و بازاڕەکانی جیهان رێکخراوە. هیچ جۆرە کاریگەرییەک لەسەر کاری سۆمۆ نییە و پەرەسەندنەکەی بەردەوامە، ئەمە لەو رووەوە کە پەیوەندی بە نەوتی خاوەوە هەیە، بەردەوامە بەگوێرەی پێوەرگەلێک کە کەس ناتوانێ دزە بکاتە ناوی، چونکە هەر دزەکردنێک بەمانای ئەوەیە کە لە کێشەیەکی مەترسیدارداین. بۆیە نەوتی عێراق، سوپاس بۆ خوا بەگوێرەی کۆمەڵە پێوەرێک بەڕێوەدەچێ کە پێموایە لە 2007 دانراوە و تا ئێستاش لەسەر ئەوە دەڕوات. رەنگە زۆر کەس ئەو میکانیزمە نەزانن کە هەموو پەیوەندییەکان و گرێبەستەکانی ئێمە و داواکردنی نەوت، هەمووی بە ئیمەیڵە. رووداو: بە ئیمەیڵە؟ د. فەلاح ئەلعامری: بە ئیمەیڵە و هیچی بەدەستنووس نییە، بە دانیشتنی رووبەڕوو نییە. داوا دەکەین بڕی داواکراوی خۆیان بۆ ساڵی داهاتوو دیاری بکەن. داخوازییەکان لە مانگی حەوت یان هەشت وەردەگرین. کۆمپانیا کۆدەبێتەوە، دەستەی فرۆشتن سەرەتا خشتەی داخوازییەکان ئامادە دەکات، پاشان دەخرێتە بەردەمی لیژنەیەک کە بەڕێوەبەری گشتی سەرۆکایەتی دەکات، ئەو تەماشای دەکات و لەگەڵ چوار لایەنی دەرەوەی کۆمپانیا گفتوگۆی دەکەن بۆئەوەی شەفاف بێت، پاشان ئەم بڕی ساڵانەیە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی کارگێڕی، واتە فڵان کۆمپانیا چەندی بۆ تەرخان کراوە و کام کۆمپانیا نوێیە و کام کۆمپانیا دەرچووە، کام کۆمپانیا داوای پێشکەش کردووە و مەرجە پێویستەکانی تێدا نییە.. پاشان هەموو ئەمانە دەخرێنە بەردەم کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بە سەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری نەوت و تیمەکەی خۆی، ئەمانەش پشکنەری گشتیی تێدایە و فەرمانگەی ئابووری و فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان و تەکنیک و ئەمانە هەموو بەشدار دەبن. لەوێ چ بڕێک دەدرێتە کام کۆمپانیا و چۆن دابەش دەکرێ، هەمووی دەخرێتە بەر باس. بۆ نموونە کۆمپانیایەک کە توانایەکی بەرزی پاڵاوتنی هەیە، با بڵێین کۆمپانیایەک یەک پاڵاوگەی هەیە و دەتوانێ 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بپاڵێوێ، بەڵام کۆمپانیایەکی دیکە دەتوانێ رۆژانە حەوت ملیۆن بپاڵێوێ، ئایا ئەم دووە لەڕووی بڕی نەوتەوە یەکسان دەبن؟ نەخێر رووداو: کەواتە میکانیزمی مامەڵەکە ناڕاستەوخۆیە نەک راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتەکان؟ د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ وەک گوتم کۆمپانیاکان بە ئیمەیڵ بۆمان دەنێرن، ئەو گەنجانەی لەوێ کار دەکەن ئیمەیڵەکان وەردەگرن و کارەکان بۆ بەڕێوەبەری دەستە رێکدەخەن و ئەویش دەیداتە بریکاری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری نەوتی خاو.. هەتا ئێرە هێشتا بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکی بە کارەکەوە نییە، ئەوە ئیشی ئەو گرووپەیە، واتە بەڕێوەبەری گشتی لەناو کارەکە نییە، ئەمەیە پێوەرەکە. بەڕێوەبەری گشتی دەست لە تەرخانکردنی بڕی نەوت وەرنادات، تەنیا چاودێری دەکات. ئەو تەنیا چاودێریی ئەوە دەکات ئەم بڕە چۆن تەرخان کراوە، ئەوەی دی بۆچی تەرخان نەکراوە و بەوجۆرە. پاشان کارەکە دەخرێتە بەر وردبینی، بۆیە کارەکە زۆر بە رێکوپێکی دەڕوات. رووداو: شەفافیشە؟ د. فەلاح ئەلعامری: شەفافە و هیچ کەسێک دەستی تێوەرنادات، تەنانەت ئەگەر وەزیریش هات و لەبارەی بڕە تەرخانکراوەکان پرسیاری کرد و ویستی بەشی کۆمپانیایەک زیاد بکات، دەڵێین فەرموو بە قەڵەمی سوور زیادی بکە، ئەگەر قەناعەتت وایە ئەو بەشە دەبێ زیاد بکرێ ئەوە بڕیاری تۆیە، بۆ نموونە کۆمپانیایەک 250 هەزاری بەرکەوتووە، ئەو دەڵێ نا بیکەنە 300، دەڵێین باشە فەرموو بینووسە و ئەویش دەیکاتە 300 هەزار لە رۆژێکدا، ئەمە بۆئەوەی کە ئەگەر رۆژێک لایەنێک هات، خۆت دەزانی لە عێراقدا تۆمەتبارکردن زۆرە.. تۆمەتبار دەکرێی.. رووداو: تۆمەت وەکو چی؟ د. فەلاح ئەلعامری: بۆ نموونە دەڵێن دیارە نێوەندگر هەیە. خۆی لە نرخەکە بۆ هەر کۆمپانیایەک بە نرخێکە.. بڕەکان لەلایەنی دیکەوە تەرخان دەکرێن و پاشان بەو قۆناغانەدا دەڕوات و پاش ئەوەی جەنابی وەزیر و دوو ئەندامی لیژنەی وەزاری پەسەندیان کرد، واتە بڕی تەرخانکراوی ساڵانە بۆ ساڵی داهاتوو پەسەند دەکەن، پاشان بەڕێوەبەری گشتی دەنووسێ: بۆ بەڕێوەبەری دەستەی نەوتی خاو، کاری پێویست بکرێ بەگوێرەی رەزامەندیی جەنابی وەزیر. رووداو: باشە با باسی نرخ بکەین، مەسەلەی نرخاندن، جیاوازی چییە لەنێوان نرخی نەوتی عێراقی و نەوتی... د. فەلاح ئەلعامری: ئێستا دەمویست باسی بکەم، تۆ پرسیارێکت کرد و... رووداو: بەگوێرەی نرخی برێنتە؟ د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ روونە... ئێمە، کەمێک پێش ئێستا گوتم، نرخێکمان هەیە پێیدەڵێن نرخی ئاماژە، ئەوەی کە ئێمە پشتی پێدەبەستین. بۆ نموونە: من گوتم سێ بازاڕمان هەن، با باسی بازاڕی ئەمریکی بکەین. بازاڕی ئەمریکی دەبلیو تی ئایی هەیە. دەبلیو تی ئای لە راستیدا نرخ بۆ نێوخۆ دادەنێ، نرخەکانی بۆ نێوخۆی ئەمریکایە، بەگوێرەی بۆرسەکانی نێوخۆ نرخ دادەنێ، بەڵام بەوەدا کە هیچ نەوتێک لە جیهاندا نییە هێندە باش بێت و میکانیزمی خۆی هەبێ، کۆمپانیا جیهانییەکان ناچارن ئەوە بەکاربێنن، دەبینی چۆنە؟ چونکە ئەمە بەپێی بۆرسەیە. جا دەبلیو تی ئای، با وای دابنێین، ئەمڕۆ وەکو سەیرم کرد نرخەکە 85ـە، بە گوێرەی دەبلیو تی ئای، برێنت کە لە دەریای باکووری بەریتانیا بەرهەم دێت، ئەمڕۆ رەنگە 88 یان 89 بێت، هەمیشە جیاوازییەکی هەیە، ئێمە بەنیسبەت خۆمان کە دەمانەوێ نەوت بۆ ئەمریکا بنێرین، یەک بار نەوت چۆن حیساب دەکرێ؟ چونکە یەک بار حیساب دەکرێ نەک هەمووی، بارەکە ئەمڕۆ دەرچووە، چ مانگێکە؟ مانگی دەیە... رووداو: بۆ نموونە برێنت.. د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ باسی برێنت دەکەم.. بارەکە لە بەسرە دەرچووە، دەچێ بۆ فەرەنسا، یان بۆ بەریتانیا، تێکڕای مانگانەی برێنت، نا ئێمە گوتمان ئەمریکا یان... ئا .. لێرەدا هاوکێشەیەک هەیە، هەرچەندە نامەوێ بینەریش هیلاک بکەین بە باسی ئەم میکانیزم و شتانە، بەڵام هەر بازاڕێک میکانیزمی خۆی هەیە، نرخاندنیش هەمووی هاوکێشەیە، ئێمە کە بارێک رەوانە دەکەین دەڵێین نرخاندنی ئەم بارە ئاوا دەبێت: نەوتی برێنت کە دەڕوات بۆ ئەوروپا، یان نەوتی دەبلیو تی ئای کە دەچێ بۆ ئەمریکا، یان تێکڕای نرخی عومان و دوبەی، چونکە ئەم دوو وڵاتەش رۆژانە نەوت دەفرۆشن، تێکڕای هەردووکیان وەردەگرین، دوبەی بڕێکی کەمتر بەرهەم دێنێ و ئەوانی دیش نزیکەی 900 ، ئەوان نرخیان رۆژانەیە و ئەمانیش رۆژانەیە، دوو بازاڕە، ئێمە تێکڕای هەردووکیان وەردەگرین، هەروەها تێکڕای مانگانەیان، ئینجا دەڵێین ئەم بارە نرخەکەی بە تێکڕای نرخی نەوتی عومان دوبەیە زائید ناقیس، ئەم زائید ناقیسە ، بازاڕ چیمان پێدەڵێ لەو مانگەدا؟ رەنگە بڵێن چین یان هیند داوای بڕێکی زۆری نەوتیان لە بەسرە کردووە با نرخەکەی زیاد بکەین، ئێمەش نرخەکەی 50 سەنت یان دۆلارێک، دۆلار و نیوێک دەبەینە سەرەوە. لە گرێبەستەکەشدا هەندێ بابەت هەن کە بەرزی و نزمی بە نرخ دەکەن، ئەمانە هەموو پێکەوە، چ زیادی و چ کەمی، پێنج لەسەت زیاتر پێکناهێنن لە نرخی هەر یەکەیەک، بەڵام 95٪ی کە دەمێنێتەوە کام نرخە؟ تێکڕای نرخی عومان دوبەی، جا ئەگەر تێکڕای نرخی عومان دوبەی گوتی نرخی ئەم مانگە با بڵێین 80 بووە، ئەم هەشتایە بە زیادبوون و لێدەرچوونی، زیاتریش لێی دەردەچێ چونکە وەکو گوتمان نەوتی عێراقی جیاوازە لە نەوتی شوێنێکی دیکە و نرخ لە کۆمپانیایەک بۆ کۆمپانیایەکی دیکە و بەوجۆرە هەندێکی لێ دەردەچێ، بەوجۆرە رەنگە جیاوازییەکە ببێتە سێ یان چوار لەو مانگەدا، لە هەندێ مانگی دیکەدا رەنگە ببێتە کۆ یەک.. کەواتە ئەو بارە کە ئەو رۆژە دەرچووە، بەپێی تێکڕای عومان دوبەی دەبێ بە شتێک زیاد و کەمەوە. رووداو: بۆچی پێنوێنێکمان نییە، بۆ نموونە نەوتی سەڵتەنەتی عومان یان دوبەی، وەکو بەسرە ئیندێکس؟ د. فەلاح ئەلعامری: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، بۆچی؟ چونکە عێراق نەوت بە رۆژانە نافرۆشێ، عێراق بڕەکە تەرخان دەکات. ئێمە بازاڕێکمان نییە رۆژانە نەوتی خۆمانی تێدا بفرۆشین، بۆچی؟ چونکە بازاڕە جیهانییەکان قەبووڵی ناکەن، چونکە نەوتی ئێمە حکومییە. پێتدەڵێن نەوتی حکومی لە بازاڕدا ئازاد نییە، لەوانەیە حکومەت دەستی تێوەربدات یان وەزارەتی نەوت. بەیانی دێن دەڵێن نرخی بازاڕ چەندە؟ دەی بیکە 70، بیکە 87 ، بۆیە پێوەری بازاڕە جیهانییەکان ئەوە قەبووڵ ناکات. من خۆم کارم لەسەر کردووە، زۆر کارم لەسەر ئەوە کرد کە ئێمە ببینە نەوتی ئاماژە، بەڵام بۆ ئەوە دەبێ بەشێکی ئەو بڕە ئازاد بکەین و رۆژانە بیفرۆشین، دەبینی چۆنە؟ کاری زۆرمان لەسەر ئەوە کرد و گەنجەکانمان ئەگەر لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکەن و بتوانن رەزامەندی وەرگرن، رەنگە بتوانین بەشێکی نەوتەکەمان بەشێوەی رۆژانە بفرۆشین. ئەم بارە کە دەڕوات، ئەگەر چوو بۆ ئەوروپا، نەوتی ئاماژەکەی برێنت دەبێت و ئەگەر رۆیشت بۆ ئەمریکا، نەوتی ئاماژەکەی نرخی ئەمریکی دەبێت. بۆیە هەر بارێک نرخەکەی جیاواز دەبێ لەگەڵ بارێکی دیکە. رەنگە بارێکمان هەبێ، بۆ نموونە ئەمڕۆ تێکڕای نرخ بووە بە 85، ئەو بەشەی دەڕوات بۆ ئەمریکا رەنگە نرخەکەی لە 80 راوەستێ، رەنگە ببێتە 79، هەر بارێک رەوش و بارودۆخی خۆی هەیە و کارەکەش زۆر شەفافە. دووەمیش تۆ کە نرخی مانگانە دادەنێی، دەڵێی من نرخی ئەو نەوتەی بۆ رۆژهەڵات دەڕوات پێنج سەنت زیاد دەکەم، ئەوەی دەڕوات بۆ ئەمریکا 10 سەنت زیاد دەکەم، ئەمە نرخاندنێکە پێیدەڵێین نرخاندنی سۆمۆ. ئەو نرخاندنەی بازاڕ بۆ نەوتی ئاماژە و کۆ یان کەمی نرخاندنی سۆمۆ، دەکاتە نرخی ئەو بارە نەوتە. نرخی نەوتی عێراقیش مانگانە بە تێکڕایەکی هاوسەنگ پێوانە دەکرێ. رووداو: فاکتەری بنچینەیی، یان با بڵێم جیاوازی چییە لەنێوان برێنت و دەبلیو تی ئای و سۆمۆ، فاکتەرە سەرەکییەکە چییە؟ د. فەلاح ئەلعامری: فاکتەری سەرەکی فاکتەری جوگرافیا و تراسپۆرتەیشنە... رووداو: مەبەستت تێچووی گواستنەوەیە.. د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ تێچووی گواستنەوە و هەروەها... رووداو: کواڵیتی.. رەنگە کواڵیتی نەوتەکەش د. فەلاح ئەلعامری: بێگومان جۆری نەوتەکەش، ئەی پی ئای، ئەی پی ئایی نەوتی ئێمە دەگاتە 30٪. واتە لینجییەکەی دەگاتە 30٪. رووداو: ئەی برێنت؟ د. فەلاح ئەلعامری: برێنت دەگاتە 38٪. باشە نەوتەکەی ئێمە کبریتی تێدایە، بەڵام برێنت کبریتی تێدا نییە. ئەمانە دوو فاکتەری سەرەکین کە نزیکەی 80 یان 90٪ی نرخی نەوتی لەسەر بەندە، بۆیە ئەوانەیان بۆچی هەڵبژاردووە؟ بۆچی بوون بە نەوتی ئاماژە و هەموو جیهان پشت بەوە دەبەستن؟ لەبەر ئەو هۆیانەیە. باقی نەوتەکانی دیکە هەموو پشت بەوە دەبەستن، من چۆن بتوانم نرخی نەوتەکەم دابنێم، یانی بەیانی لەخەو هەستم و بڵێم دەمەوێ بە 90 بیفرۆشم، یەکێ پێتدەڵێ بۆچی بە 90؟ کەواتە تۆ چیت هەیە؟ نەوتی ئاماژەت هەیە و ئەو رێگە دەدات نرخ دیاری بکەی. رووداو: وەکو پێشتریش چەند جارێک بینیومانە، سعودیە دەیەوێ بۆ مانگی ئۆکتۆبەر نەوتەکەی بە سێ دۆلار زیاتر بە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بفرۆشێ، وەک نموونە دەڵێم... د. فەلاح ئەلعامری: ئێ ئەوە ئێستا... رووداو: مانگانە مەبەستم، هۆی ئەو جیاوازییە چییە؟ د. فەلاح ئەلعامری: سعودیەش بە هەمان شێوەیە رووداو: عێراقیش هەر هەمان میکانیزمە؟ د. فەلاح ئەلعامری: هەمان میکانیزمە، عێراق و سعودیە و کوێت و.. رووداو: بەڵام رۆژانە نرخ دەگۆڕێ... د. فەلاح ئەلعامری: نا رۆژانە نییە... ئێمە... رووداو: نا مانگانە و بەگوێرەی وڵاتەکان... د. فەلاح ئەلعامری: مانگانە.. مانگانە.. سعودیەش پێموانییە بازاڕێکی هەبێ رۆژانە نەوت بفرۆشێ، بۆیە پشت بە نرخاندنی مانگانە دەبەستن.. ئێمەش رۆژانە نایفرۆشین، بڕی ساڵانە تەرخان دەکەین و بەگوێرەی نرخی مانگانە دەیفرۆشین. نرخاندنەکە مانگ بە مانگە. پاشان نرخی بنچینەیی.. نرخە گەورەکەی 95٪ـەکە دەکەینە نەوتی ئاماژە، بەڕاستی کە دەڵێم 95٪، ئەو کێشانەی لێ لادەبەم کە پەیوەندییان بە گواستنەوە و کواڵیتیی نەوتی عێراقەوە هەیە، ئەوانەی لێ دەردەکەم، ئینجا جیاوازییەکە لەنێوان نەوتی عێراقی و ئەو دوو جۆرەی دیکە بە گشتی لەنێوان 3 بۆ 6 بۆ 7 دەبێت و لە مانگێکیشەوە بۆ مانگێکی دی دەگۆڕێ. رووداو: بەڵام هەندێ جار نرخی نەوتی سووکی بەسرە بەرزترە لە نرخی برێنت.. د. فەلاح ئەلعامری: نا ئەوە هەڵەیە... رووداو: هەڵەیە؟ نا هەر گوێی مەدەرێ. ئێمە پێمانگوتن ئێوە کە هەناردە دەکەن و مەزەندە دەکەن... هەمان لایەن رووداو: هۆیەکەی چییە؟ د. فەلاح ئەلعامری: مەزەندەکردن... بەڵام لە واقیعدا نەخێر، واقیعەکە ئەوەیە کە ئێمە دەیزانین، نامەشمان بۆ ئەو لایەنە نارد، گوتمان ئەوەی ئێوە دەیکەن هەڵەیە، نەوتی ئێمە هەمیشە یان هاوشانە یان کەمترە، ئەوان زۆر گرنگی بەم وردەکاریانە نادەن کە بۆ تۆم باسکرد، مەسەلەی نرخ و جۆرەکەی و شتەکانی دیکە، ئەمانە لەبەرچاو ناگرن، وا تەماشا دەکەن وەک بڵێی ئێستا نەوتی عێراق لە بۆرسەدایە و بە نرخی ئەوەندە دەفرۆشرێ، لەکاتێکدا تۆ کە دادەبەزیتە بۆرسە، تۆ سەیری ئەمریکا بکە.. ئەمریکا نزیکەی 35 جۆر نەوتی هەیە بۆ فرۆشتن، بەڵام لە دنیادا چەند کەس ئەمە دەزانێ؟ تەنیا دەبلیو تی ئای، بەڵام تۆ دەزانی ئەمریکا 35 یان 40 یان 25 جۆر نەوتی هەیە؟ ئەوە ئەمریکایە ئیدی نەوتی ئاوای هەیە. نەوتی هەیە ئەی پی ئایەکەی 30٪ـە، بەڵام ئێمە لەڕووی مێژووییەوە ، واتە لە 30- 40- 50 ساڵ لەمەوبەرەوە بەدوای ئەوەدا رۆیشتووین. هاتووین بینیومانە دەبلیو تی ئای مەرجەعە و بینیومانە سعودیەش ئەوەی تەبەنی کردووە، برێنت بە هەمان شێوە، بەڵام خۆ هەر یەک جۆر نەوتمان نییە رەنگە سەرووی 200 جۆر نەوت لەم جیهانەدا هەبێ، بەڵام ئەو نەوتەی بووە بە بازاڕ و بە بۆرسە، ئەوەیە کە لە بەریتانیا هەیە. ئێستا ئەڵمانیا بۆرسەی هەیە، ئەگەر نەوتی هەبێ و رۆژانە بفرۆشێ دەبێتە بۆرسە. ئێمە کاتی خۆی بۆ چینییەکانیشمان پێشنیاز کرد کە بۆرسەی شەنگهای بکەنەوە، چونکە ئەوانیش نەوتیان هەیە، تۆ دەزانی چین رۆژانە 4،5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێ، ئێستا وا خەریکە 200 هەزارێک کەم دەکات، بەڵام رۆژانە 12 بۆ 13 ملیۆن بەرمیل بەکاربردنی هەیە، بۆیە پێویستی بەوەیە رۆژانە نەوت بکڕێ. رووداو: دکتۆر فەلاح ئەلعامری، راوێژکاری جەنابی سەرۆکوەزیران زۆر سوپاس. د. فەلاح ئەلعامری: سوپاس بۆ ئێوە و هیوادارم وەڵامی هەموو پرسیارەکانم دابنەوە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/22102023
سەرۆکی بەشی بۆچوون و سەلامەتیی رۆژنامەڤانان لە یونیسکۆ بە رووداوی راگەیاند یونیسکۆ لەم چەند ساڵەی دواییدا لە سەرانسەری جیهاندا چاودێریی پەرەسەندنی دۆخی ئازادیی رۆژنامەڤانی و ئازادیی رادەربڕینی کردووە "بە داخەوە ئاماژەکان بە هیچ شێوەیەک باش نین." گیلیرمێ کانێلا، سەرۆکی بەشی رادەربڕین و سەلامەتی رۆژنامەڤانان لە یونیسکۆ لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو، دەڵێ "لە دوایین راپۆرتی جیهانیماندا لە بارەی ئازادیی رادەربڕین و گەشەسەندنە پێویستەکانەوە، بۆمان دەرکەوت 85٪ـی دانیشتووانی جیهان لەم پێنج ساڵەی دواییدا کەمبوونەوەی ئازادیی رادەربڕینیان ئەزموون کردووە." سەبارەت بە خەڵاتی شیفا گەردی، کە تۆڕی میدیایی رووداو ساڵانە لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی شیفا گەردی پێشکێشی ژنە رۆژنامەڤانێکی دەکات، بەرپرسەکەی یونیسکۆ دەڵێ "زۆر گرنگە" بۆ نرخاندنی کاری رۆژنامەڤانان و "یادکردنەوەی ئەوانەی بەداخەوە گیانیان لەدەستداوە تەنیا لەبەرئەوەی کاری خۆیان کردووە." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گیلیرمێ کانێلا، سەرۆکی بەشی رادەربڕین و سەلامەتی رۆژنامەڤانان لە یونیسکۆ: رووداو: دۆخی ئازادی رۆژنامەڤانی لە سەرانسەری جیهاندا چۆنە؟ گیلێرمێ کانێلا: سڵاوتان لێبێت، خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم بۆ قسەکردن لەسەر هەندێک دۆخی خراپی تایبەت بە ئازادیی رادەربڕین بەگشتی و ئازادیی رۆژنامەڤانی بەتایبەتی. یونسکۆ لەم چەند ساڵەی دواییدا لە سەرانسەری جیهان دا چاودێریی پەرەسەندنی دۆخی ئازادیی رۆژنامەڤانی و ئازادیی رادەربڕینی کردووە. بەداخەوە ئاماژەکان بەهیچ شێوەیەک باش نین. بۆ نموونە، لە دوایین راپۆرتی جیهانیمان دا لە بارەی ئازادیی رادەربڕین و گەشەسەندنە پێویستەکانەوە، بۆمان دەرکەوت کە 85٪ دووبارەی دەکەمەوە 85٪ـی دانیشتووانی جیهان لەم پێنج ساڵەی دواییدا کەمبوونەوەی ئازادیی رادەربڕینیان بینیوە. ئەمە نیشاندەرێکی جیهانییە کە بەداخەوە پیشانی دەدات، ئێمە لە هەموو شوێنێکدا لە لایەنی ئازادیی رادەربڕینەوە گرفتمان هەیە. ئەی ئەم گرفتانە چین؟ ئەو گرفتانەن کە ئێمە پێیان دەڵێین 'زریانی تەواو.' لە چەند گۆشەیەکەوە گرفت هەن، هەر لە سەلامەتیی رۆژنامەڤانانەوە وەک لە دیمەنەکاندا ئێستا دەیانبینن، تاوەکو گرفتەکانی تایبەت بە توانای ئابووریی راگەیاندنەکان و دۆخی راگەیاندنە هەواڵییەکان بۆ مانەوە و گرفتی رێکارە خراپەکان، ئەو رێکارانەی لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ئازادیی رادەربڕیندا یەکناگرنەوە. لە نێوەندی گەورەترین شەپۆلی زانیاریی ناڕاست و زانیاری لاڕێکەر و بیردۆزی پیلانگێڕیدا کە لە ژینگەی دیجیتاڵیدا هەمانە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی بەربەستی زیاتر لەبەردەم ئازادیی رادەربڕین و دەستگەیشتن بە زانیارییەکان. بۆیە بە کورتی و پووختی؛ دوای ساڵانێک پێشکەوتن لە پاراستن و پێشخستنی ئەم مافانەدا، ئێستا لەنێو بەربەستی زۆر راستەقینەی بەردەم ئازادیی رادەربڕینداین. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە؛ ئایا ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت تەنیا ترێندێکە یان هەر گرفتێکی کاتییە؟ کەس وەڵامی ئەم پرسیارەی لەلا نییە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لێی دڵنیابینەوە ئەوەیە؛ ئەم گرفتە کاتییە لە لایەنی بەربەستی بەردەم ئازادیی رادەربڕینەوە نەبێتە ترێندێکی هەمیشەیی. ئەمە ئەو شتەیە کە یونسکۆ و هاوبەشەکانمان هەوڵدەدەن بیکەن بۆ ئەوەی ئەم بنەما سەرەکییانەی ماف و دیموکراسی و پاراستنی هەموو مافەکانی مرۆڤ زیاتر بەهێز بکەین و بیانپارێزین و پێشیان بخەین. رووداو: بەڕێز کانێلا، ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ کاردانەوەیەکی دژی ئەو وڵاتانە دەبێت کە رێگری لە ئازادیی رۆژنامەڤانی دەکەن؟ گیلێرمێ کانێلا: خۆی یەکەم شت کە لەبارەی ئازادیی رۆژنامەڤانییەوە دەیکەین هۆشداریدان و زەنگی ئاگادارکردنەوەیە، بەڵام گرنگە تێبینیی ئەوەش بکرێت؛ ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر ئازادیی رۆژنامەڤانی هەر تەنیا حکومەتەکان نین؛ لە جیهاندا تاوانی رێکخراو و کەرتی تایبەت و دامودەزگای دیکەیش هەن کە هێرش دەکەنە سەر ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەڤانی. ئێمە لەلایەنی خۆمانەوە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بەگشتی و یونسکۆ بە تایبەتی، بۆ نموونە لە لایەنی پارێزراویی رۆژنامەڤانەوە پلانێکی جیهانیمان هەیە. پلانی کردەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی رۆژنامەڤانان و کێشەی لێبوردن لە سزا. ئەوەی لێرەدا دەیکەین بەڕاستی هەوڵدانە بۆ بەهێزکردنی هەموو ئەوانەی پێویستە کرداریان هەبێت بۆ زیاتر پاراستنی ئازادیی رادەربڕین، بۆ ئەوەی بتوانن کرداریان هەبێت. با نموونەیەکی بەرجەستە بهێنمەوە، کارەکتەری سەرەکیی لەم بوارەدا سیستەمی دادوەرییە. دادوەران و داواکارانی گشتی نەخشێکی زۆر گرنگیان لە پاراستنی ئازادیی رادەربڕیندا هەیە. هەر بۆیە یونسکۆ بەرنامەیەکی جیهانیی بۆ بونیاتنانی تواناکانی دادوەران و داواکارانی گشتی هەیە تاوەکو بتوانن باشتر لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەڤانی تێبگەن. ئەوەش لەپێناو ئەوەدا لە وڵاتانی جیاوازی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە زیاتر ئەو مافانە بپارێزرێن. رووداو: بەڕێز کانێلا، ساڵی رابردوو ژمارەیەک رۆژنامەڤان لە سەرانسەری جیهاندا کوژران. ئێوە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن لە کوشتنی رۆژنامەڤانان لەلایەن دەوڵەتەکانەوە دەتوانن چ بکەن؟ گیلێرمێ کانێلا: وەکو گوتم، هەر تەنیا حکومەتەکان نین کە دەستیان لەو کوشتنانەدا هەیە. هەرچەندە هەندێک کەیس هەن کە بەرپرسانی حکومی تێیوەگلاون، بەڵام لە زۆربەی کەیسەکاندا، ئەوانەی تاوانی رێکخراون، لایەنی جیاوازی دیکە تێیوەگلاون. بۆیە ئێمە لە یونسکۆ و ئاژانسەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانێکی زۆرە کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی ئەوەی کە پێیدەڵێین 'سیاسەتی سێ رێچکە' ئەویش بریتییە لە رێگریکردن و پاراستن و بەدواداچوونی یاسایی ئەو تاوانانە. یەکەم شت کە زۆر گرنگە ئەوەیە؛ هەموو کۆمەڵگە و دانیشتووان لە گرنگیی ئازادیی رۆژنامەڤانی بۆ ئازادیی خۆیان و بۆ مافەکانیان و گەشەسەندن، تێبگەن. بۆیە کۆمەڵگە هەمیشە دەتوانێت زۆر راشکاوبێت و دەنگی بەرزبێت، ئەوەش بۆ پاراستنی ئازادیی رادەربڕین بەگشتی و ئازادیی رۆژنامەڤانی بەتایبەتی هەر زۆر گرنگە. ئەمە بۆ رێگریکردن لە تاوان زۆر گرنگە. ئینجا بۆ پاراستنیش، لەو دۆخانەدا کە روونە هەندێک هەڕەشە لە رۆژنامەڤانان دەکرێت، هەڕەشەی جۆراوجۆر، هەڕەشەی جەستەیی تاوەکو هەڕەشەی ئۆنلاین، ئەوە زۆر گرنگە کە رێکاری پاراستن هەبێت. سێیەمیشیان، ئەگەر ئێمە شەڕی لێبووردن لە سزا نەکەین، ئەگەر بەدواداچوون بۆ تاوان نەکەین، ئەوا سووڕی تووندوتیژی دەخەینە کار. ئێمە زۆر وەبەرهێنان دەکەین لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بەخشین لە سزای تاوان دژی رۆژنامەڤانان. بۆیە لەلایەنی تووندوتیژی دژی رۆژنامەڤانانەوە کاتێک سەیری ئەم سیناریۆیانە دەکەین کە تۆ باستکردن، ئەوەی ئێمە هەوڵدەدەین بیکەین ئەوەیە؛ پشتیوانیی ئەو سیاسەتانە بکەین کە گشتگیرن، ئەو سیاسەتانەی پەیوەندییان بە رێگریکردن و پاراستن و بەدواداچوونی یاسایی تاوانەوە هەیە. رووداو: وەک دوایین پرسیار، بەڕێز کانێلا، ساڵانە تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی شیفا گەردی دەبەخشێت تێیدا یادی شیفا گەردیی رۆژنامەڤان و پێشکێشکاری رووداو بەرز رادەگرێت، کە لە رووماڵی شەڕی داعشدا شەهید بوو. خەڵاتەکە سەرنجی لەسەر لێهاتووییەکانی رۆژنامەڤانانی ئافرەتە. ئەو خەڵاتە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ گیلێرمێ کانێلا: خەڵات بۆ رۆژنامەڤانان ئامرازێکی گرنگە بۆ نرخاندن و یادکردنەوەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بۆ هۆشیارکردنەوەی ئەوانەی لە دۆخێکی مەترسیداردان. بۆیە خەڵاتی جۆراوجۆری رۆژنامەڤانان، بۆ نموونە، خەڵات بۆ ئەو رۆژنامەڤانانەی ئێستا لە زینداندان وا دەکات سەرنج بۆ سەر کەیسەکانیان رابکێشرێت. هەروەها خەڵات گرنگە بۆ ئەو رۆژنامەڤان و دەزگایانەی بەشدارییەکی گرنگیان لە پاراستنی ئازادیی رۆژنامەڤانیدا هەیە. بۆیە خەڵات بنەمایەکی گرنگە بەتایبەتی لەلایەنی رێگریکردن، یەکێک لەو سێ شتەی باسم کردن. بۆ نموونە یونسکۆ تاکە دەزگای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە کە خەڵاتی فەرمیی بۆ رۆژنامەڤانان هەیە بە ناوی خەڵاتی جیهانیی یونسکۆ/گیلێرمۆ کانۆ. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم خەڵاتە زۆر بایەخی هەبووە لە ئازادکردنی بە لانی کەم هەشت رۆژنامەڤان لە زیندان دوای ئەوەی خەڵاتەکەیان پێبەخشراوە. بۆیە بۆ وەڵامی پرسیارەکەت 'بەڵی' زۆر گرنگە ئامرازێک دابمەزرێنرێت وەکو خەڵات بۆ نرخاندنی کاری رۆژنامەڤانان و یادکردنەوەی ئەوانەی بەداخەوە گیانیان لەدەستداوە تەنیا لەبەرئەوەی کاری خۆیان کردووە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/25022024
موجتەبا جوویا، خوێندکارێکی ئەفغانییە، لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ماستەر دەخوێنێت و دەڵێت، کولتوور و زمانی کوردی و ئەفغانی زۆر لەیەکەوە نزیکن و "زۆر ئاسوودەم". نمە نەبەز، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ ئەو خوێندکارە ئەفغانییە کردووە کە بەهۆی شەڕی وڵاتەکەیەوە چووەتە سلێمانی، باسی ژیانی خۆی و خوێندنی لە سلێمانی دەکات و دەڵێت، زۆر ئاسوودەیە کاتێک دەبینێت خەڵکی سلێمانی رێز لە میوانەکان دەگرن. موجتەبا لە مانگی 10ـی 2021ـەوە لە سلێمانییە، لەوبارەوە دەڵێت، "کە وڵاتەکەمان کەوتە دەستی تاڵیبان، بەهۆی ئەوەوە ئێمە گوازراینەوە بۆ کوردستان تا لەم زانکۆیە [زانکۆی ئەمریکی] درێژە بە خوێندن بدەین." دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: یەکێک لەو شتە سەرنجڕاکێشانەی سلێمانی ئەوەیە زۆر بیانی وایان هەست کردووە شاری خۆیانە و لەڕووی فەرهەنگییەوە ئاسوودەییبەخش و گەرموگوڕە کە ئەوان ساڵانێکە لێرە دەخوێنن و هەندێکیان ساڵانێکیشە کار دەکەن. یەکێک لەو کەسانەی زیاتر لە ساڵێکە لە سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی دەخوێنێت، موجتەبا جوویایە کە خەڵکی ئەفغانستانە. وایە؟ موجتەبا: بەڵێ. رووداو: لە کەیەوە لێرەیت؟ موجتەبا: لە مانگی 10ی 2021ـەوە لێرەم. ئەوە زیاتر لە دوو ساڵە لێرەم. رووداو: ئایا بە مەبەست بڕیارت دا کە بێیت لە سلێمانی بخوێنیت یان تەنیا هەڵکەوت بوو؟ موجتەبا: هەڵکەوت نەبوو. راستییەکەی، کە وڵاتەکەمان کەوتە دەستی تاڵیبان، بەهۆی ئەوەوە ئێمە گوازراینەوە بۆ کوردستان تا لەم زانکۆیە درێژە بە خوێندن بدەین. رووداو: چۆن لە ئەفغانستان زانیت لە سلێمانی زانکۆی ئەمریکی هەیە؟ موجتەبا: راستییەکەی، ئێمە نەمادەزانی ئەم زانکۆیە هەیە. زانکۆکەمان ئاگاداری کردینەوە کە لە کوردستان زانکۆیەک هەیە کە زانکۆیەکی ئەمریکییە و زۆر هاوشێوەی زانکۆکەی خۆمانە لە ئەفغانستان. هەر بۆیە بڕیارمان دا بێین بۆ ئێرە تاوەکو درێژە بە خوێندنەکەمان بدەین. رووداو: کوالێتیی خوێندنت لەم زانکۆیە بەلاوە چۆنە؟ موجتەبا: کوالێتییەکەی زۆر هاوشێوەی ئەوەی زانکۆکەی وڵاتی خۆمانە. رەنگە هەندێک شت جودا بن، هەندێک بواری خوێندن.. رووداو: تۆ بەکالۆریۆست تەواو کردووە؟ موجتەبا: بەڵێ. رووداو: ئێستا ماستەر لە بازرگانیدا دەخوێنیت؟ موجتەبا: ئێستا ماستەر لە بەڕێوەبردنی بازرگانیدا دەخوێنم. بەکالۆریۆسم لە یاسادا خوێند. راستییەکەی پەیوەندییان نییە. رووداو: چۆن بڕیارت دا لە یاساوە بچیت بۆ بازرگانی؟ موجتەبا: راستییەکەی، بڕیارم نەدابوو بازرگانی بخوێنم. رووداو: بەڵام دەتویست ماستەر بخوێنیت؟ موجتەبا: بەڵێ، دەمویست بەڕێوەبردنی گشتی بخوێنم. هەروەها حەزم لە پەروەردە هەبوو، بەڵام لێرە ئەو بوارانەیان نەبوو، ئیتر لەبەر ئەوە بوو. رووداو: وەک خوێندکارێک تاوەکو ئێستا ئەزموونی ژیانت لە سلێمانی چۆنە؟ موجتەبا: وەک خوێندکارێک ئەزموونێکی زۆر ئەرێنیم هەبووە بەهۆی خەڵکەکە و ستافی زانکۆوە. بەڵێ، زۆر یارمەتییان داوین، بە تایبەت خەڵکەکە، نەک تەنیا لەناو زانکۆدا، بەڵکو لە دەرەوەیش. رووداو: ئایا لەگەڵتاندا دۆستانەن؟ موجتەبا: بەڵێ، زۆر دۆستانەن. رووداو: خەڵکی سلێمانی بەوە بەناوبانگن کۆمەڵایەتی و کراوەن. موجتەبا: بەڵێ، بەڵێ. پێم وایە دووەم یان سێیەم رۆژ بوو لە زانکۆ چوومە دەرەوە، قسەمان لەگەڵ شۆفێری تاکسییەکاندا کرد کە زمانی کوردییشمان نەدەزانی، بەڵام هەرچۆنێک بێت توانیمان کارەکەمان رایی بکەین، چونکە زمانی ئێمە فارسییە و زۆر لە کوردییەوە نزیکە. رووداو: وایە؟ موجتەبا: بەڵێ، زۆر لە کوردی نزیکە. هەندێک وشە وەک یەکن. رووداو: ئایا زۆر جار لە کاری رۆژانەدا ئەو وشە هاوشێوانەی کوردی لە زمانەکەتاندا بەکاردەهێنن؟ موجتەبا: بەڵێ، ئەگەر شارەزای فارسی بیت، ئەوا هەندێک وشە دەزانیت. وشەی دیکەیش چوونیەکن. رووداو: ئەی چەندە تێدەگەیت؟ موجتەبا: رەنگە بتوانم 10٪ تێبگەم کە خەڵكی چی دەڵێن. هەروەها لە کوردستان خەڵک گوێ لە گۆرانیی فارسی و ئێرانی دەگرن کە ئەوانیش شارەزای زمانەکەمانن. رووداو: هیچ کوردی فێربوویت؟ موجتەبا: هەندێک وشە فێربووین. رووداو: چی دەزانیت؟ موجتەبا: بۆ نموونە کە دەست بە قسە دەکەیت… هەندێک لە دەستەواژە سەرەتاییەکان فێربووین. رووداو: هاوڕێکانی ئێرەت بەدڵن؟ موجتەبا: هەر زۆر. رووداو: ئایا زۆر ئەزموونی فەرهەنگی ئێرەت کردووە؟ چ شتێکت بە تەواوەتی ئەزموون کردووە؟ لەو کاتەوەی لێرەیت، سەرنجڕاکێشترین سیمای فەرهەنگی ئێرە بە لاتەوە چییە؟ موجتەبا: یەکەمیان زمانەکەیە، چونکە زۆر لە زمانی خۆمان دەچێت. هەروەها شێوازی جلوبەرگی خەڵک و شێوازی گفتوگۆی خەڵک و دۆستانەبوونیان. رووداو: لەبارەی جلوبەرگی خەڵکی ئێرەوە چی دەڵێیت؟ موجتەبا: هەر زۆر لە جلی ئەفغانی دەچێت. هەندێک کەس حەزیان لە جلوبەرگی نەتەوەییانە، ئێمەیش لە ئەفغانستان حەزمان لێیەتی. هەروەها حەزیشمان لەوەیە دۆستانە بین، چونکە.. رووداو: خەڵکی ئەفغانستان جلوبەرگی نەتەوەییان زیاتر لەبەر دەکەن یان خەڵکی کوردستان؟ موجتەبا: پێم وایە ئێستا خەڵک لە ئەفغانستان زیاتر جلوبەرگی نەتەوەیی لەبەردەکەن تا خەڵکی ئێرە، بە تایبەتی گەنجان. رووداو: ئایا حەزت لە جلوبەرگی کوردی هەیە؟ موجتەبا: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. راستییەکەی، هاوڕێیەکم هەیبوو، ویستم ئەوەی ئەو تاقی بکەمەوە، بەڵام بۆم نەبوو، بەڵام زۆر لە جلوبەرگی ئەفغانی دەچێت. رووداو: گوتت شتی هاوشێوە زۆرن لەنێوان زمانی فارسیی ئەفغانی و زمانی کوردی، بەڵام جگە لە زمان، چ سیمایەکی فەرهەنگیت بەلاوە هاوشێوەی ئەوەی خۆتانە؟ موجتەبا: بۆ نموونە، خەڵک، خواردەمەنی، خواردنەوەکان، وەک چای کە لە ئەفغانستان زۆر دەیخۆینەوە، هەرچەندە ئێمە چایی سەوز دەخۆینەوە، بەڵام لە کوردستان خەڵک چایی رەش زۆر دەخۆنەوە. ئیتر ئەوانە هەندێک لە هاوشێوەکانن. رووداو: ئەگەر هەلت بۆ بڕەخسێت، دوای ئەوەی بڕوانامەکەت وەرگرت، حەز دەکەیت لێرە بمێنیتەوە و کار بکەیت و خێزانەکەت بهێنیت بۆ ئێرە؟ موجتەبا: پێم وایە بەڵێ. زۆر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم کە لێرە کار بکەم بە تایبەتی ئەگەر خێزانەکەم لێرە بن، ئەوەیش لەبەر ئەو فەرهەنگە هاوبەشەی هەمانە. ئێمە بەهای هاوشێوەمان هەیە. پێم وایە گواستنەوەیەکی ئاسان دەبێت. رووداو: تائێستا گوێت لە هیچ گۆرانییەکی کوردی گرتووە؟ موجتەبا: بەڵێ. رووداو: گوێت لە کێ گرتووە؟ هیچ گۆرانیبێژێکی کورد دەناسیت؟ موجتەبا: راستییەکەی هیچ گۆرانیبێژێک ناناسم، بەڵام هەر کاتێک گوێ لە گۆرانی دەگرین لە تەکسیدا، یان کاتێک هاوڕێکانم گوێی لێ دەگرن، منیش حەزم لە ریتمی گۆرانیی کوردی دەبێت. رووداو: حەزت لە ریتمی گۆرانیی کوردییە؟ موجتەبا: ریتمێکی زۆر شادە. ئەوە هۆیەکە. رووداو: ئایا هیچ چوونیەکییەک لەنێوان میوزیکدا هەیە؟ موجتەبا: بەڵێ. ئێمەیش میوزیکی نەتەوەیی و میوزیکی شادمان هەیە و خەڵک لەگەڵ میوزیکدا سەما دەکەن. لێرەیش خەڵک حەز لە هەڵپەڕکێ دەکەن ... رووداو: هەڵپەڕکێی کوردی. موجتەبا: هەڵپەڕکێی کوردی کە بە ریزە. راستییەکەی لێرە زۆر ئەزموونمان هەبووە، بە تایبەتی لە رۆژی فەرهەنگیدا کە خەڵک هەڵدەپەڕن. منیش هەوڵم دا لەگەڵیاندا هەڵپەڕم، تۆزێک فیر بووم. رووداو: ئایا خواردنێکی کوردی هەیە کە دڵخوازت بێت؟ موجتەبا: خواردنی کوردیم زۆر نەخواردووە، بەڵام لە رێستۆرانتەکاندا کە لیرە پێیان دەڵێن چێشتخانە کەبابم خواردووە. برنجیشم تاقی کردووەتەوە. بە دڵم بوون. ئەوانی دیکەم نەخواردوون، بەڵام دەمەوێت بیانخۆم. رووداو: موجتەبا جوویا، خوێندکاری ئەفغانی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. خۆشحاڵ بووم. موجتەبا: سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/22112023
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، "رەوا نییە" مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدرێت، چونکە ئەوە "مافی هەموو کەسێکە." جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەشداری لە بەرنامەی بێستوون تۆک کرد و لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، ریفراندۆم، هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر عێراق و رۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەی کرد. لەبارەی دوایین رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، پلاسخارت گوتی، "ئەم رێککەوتنە باشترین بژاردە بوو وەک چارەسەرێکی کاتی، مانای ئەوەیە ئەم رێککەوتنە دەبێت بە هەناسەیەک، بەڵام بەهیچ شێوەیەک چارەسەرێکی درێژخایەن نییە لە دوورمەودادا." جێنین پلاسخارت لەبارەی رۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دامەزراوەیەکی گرنگە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان و بۆ پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا." دەقی هەڤپەیڤینی جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە بێستوون تۆک بێستوون: بەخێربێن. بەخێربێن خوێندکارانی خۆشەویستی زانکۆی سۆران. شەرەفمەند و دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لە سۆرانی خۆشەویست، لە سایەو سێبەری هەندرێنی سەربڵند و هەندرێنی خۆڕاگر، لێرە کۆبووینەتەوە، ئەڵقەیەکی نوێی بێستوون تۆک تۆمار دەکەین. بێگومان پێش ئەوەی باسی ئەم ئەڵقەیە بکەم، حەزەکەم ئەم قەڵەمەتان پێ بناسێنم. برایەکمان لە باکووری کوردستانەوە، لە ئامەدەوە، کە بینەری بەرنامەکەیە، بەتایبەتی ئەم دیارییەری بۆ ناردووین. دیاریەکی هێندە گرینگە لە دڵی مندا، کە حەزم کرد ئەمڕۆ بیهێنمە بەرنامەکە لەگەڵ خۆم. بێستوون تۆک ئێستا نەک تەنیا لە باشووری کوردستان، بەڵکو ئەو سنوورانەشی بڕیوە کە 100 ساڵ پێش ئێستا ئەم نیشتمانەی پارچە پارچە کرد. لە قامیشلۆ، لە کۆبانێ، لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە مەهاباد، لە سنە، لە مەریوان، و لە مێردین و دێرسیم و ئامەدەوە تەماشا دەکرێت. رێگەم بدەن لێرەوە، بەناوی ئێوەوە، بەناوی سۆرانی خۆشەویستەوە، بەناوی سۆرانی خانزاداوە، بەناوی سۆرانی ئیبن و ئادەمەوە، سڵاو بنێرم بۆ هەموو کوردستان، بۆ هەموو ئەو هەموو کوردستانییانەی کە لەدەرەوەی کوردستانیش لەگەڵمانن و تەماشامان دەکەن. خۆشەویستان، بێگومان بەردەوام دەبین. شار بە شار، شارۆچکە بە شارۆچکە، بست بە بستی باشووری کوردستان دەگەڕێین و سیاسییەکان و بەرپرسەکان، دبلۆماتە بیانییەکان، هەروەکو ئەوەی کە ئەمڕۆ دەیکەین، دەهێنینە سەر ئا ئەم کورسییە و رووبەڕووی پرسیارەکانی ئێوەیان دەکەینەوە. وا بڕیاربوو ئەڵقەیەک لە سلێمانی تۆمار بکەین و بەڕێز کاک فازڵ میرانی میوانمانبێت. بەداخەوە میوانە بەڕێزەکەمان نەیتوانی ئامادەبێ و درەنگی خست. بەڵام، کوردەواری گوتوویانە "قەرز کۆن دەبێت، نافەوتێت." قەیچیەکە، با کاک فازڵ قەرزداری ئێمە بێ. من بەناوی ئەوەوە، داوای لێبوردن لە خوێندکارانی ئازیزی زانکۆی کۆمار و هەموو رایگشتی کوردستانیش دەکەم، کە زۆر دەمێک بوو چاوەڕێی ئەو بەرنامەیە بوون. بەڵام، هەر دەیکەین. هەر دەیکەین. و بەنیازی خودا کاک فازڵ میرانی دەبێتە میوانمان لە زانکۆی کۆمار لە سلێمانی و رووبەڕووی پرسیارە ئازا و ئازادەکانی کوڕان و کچانی سلێمانی دەبێتەوە. بەڵام ئەمڕۆ لێرەین. لە سۆرانی خۆشەویست و میوانێکمان دەبێ کە لێرە رووبەڕووی پرسیارە ئازا و ئازادەکانی ئێوە دەبێتەوە. ژنێک، کە چەند گرنگە بەشداری ژنان وەکو پیاوان لە کۆمەڵگەدا، لە بواری کاردا، لە سیاسەتتدا و لە دبلۆماسییەتدا. ئەگەر من تا ئەم هەفتەیەش ئومێدم کەمێک سیسی پێوە دیار بووبێ، ئەم هەفتەیە کە لە زانکۆی سۆران بردمە سەر، ئارەزووم ناسی، لاڤینم ناسی و هەموو ئەو خوشک و برایانەی دیکەم ناسی، جارێکی دیکە ئومێد لە دڵمدا دروستبووەوە کە کوردستانیش دەکرێ رۆژێ لە رۆژان کەسایەتی هێندە گەورە پێبگەیەنێت لە کچانی و لە کوڕانی کە لە هەموو جیهاندا ببن بە مایەی سەربەرزی بۆ هەر هەموومان. ئەو میوانەی کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵمان دەبێ و رووبەڕووی بێژنگی پرسیارەکانی ئێوە دەبێتەوە کەسێکە کە لەڕاستیدا من ساڵی 2021 ناسیم. بەهاری 2021، بە دیاریکراوی لە 21ی مایسی 2021 ناسیم. کۆنفرانسێک هەبوو لە هەولێر، کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور. ئەویش میوان بوو. بۆ یەکەمجار قسەیەکی گوت کە ئەمڕۆ زۆر باس دەکرێ لە هەرێمی کوردستاندا. هەرچی تەلەفزیۆنێک دەکەیتەوە باسی مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات. بەڵام ئەو دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا پێی گوتین، لەو کۆنفرانسەدا. گوتی: "وامەزانن ئەو نیمچە سەربەخۆییەی کە ئێستا هەتانە لە هەرێمی کوردستاندا، بەخۆڕا دەستتان کەوتووە. ئەگەر زۆر زۆر ئاگادار نەبن لە یەکڕیزیی خۆتان و لە پاراستنی یەکڕیزیی خۆتان، ئەگەری هەیە لەدەستی بدەن." ئەوڕۆژ چەند کەس لە پەیامەکەی تێگەییشتن؟ ئەگەر لە براتان بپرسن، ئەوانەی کە لێیی تێگەیشتن لە چەند پەنجەیەکی یەک دەست تێناپەڕن. خەمخۆرەکانی نیشتیمان ئەوڕۆژ لێی تێگەیشتن. بەڵام ئەمڕۆ وابزانم هەموو سیاسییەکان کە وردە وردە مەترسییەکە لە کورسییەکەی ژێر خۆیاندا هەست پێدەکەن، دەنگیان بەرز کردووەتەوە و دەڵێن شتێکی وا هەیە. چی بوو ئێمەی لەوڕۆژەوە گەیاندە ئەمڕۆ؟ دووساڵ و نیو پێش ئێستا ئەو ئاگاداری کردینەوە، ئەو میوانەی کە ئەمڕۆ لێرە دەبێت، دڵنیام پرسیارتان لەسەر ئەمانە هەر هەمووی زۆرە لێی. کەوابوو با زیادتر چاوەڕێمان نەکات. لەگەڵ من ئێوەش پێکەوە پێشوازی لە بەڕێز جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بکەین. زۆر زۆر سوپاس. جێنین: زۆر سوپاست دەکەم بۆ پێشوازی کردنم لێرە. سڵاو، زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم. بێستوون: بەخێربێیت جێنین: سوپاست دەکەم بێستوون: وەرگێڕانت هەیە. ژمارە 3. خۆشحاڵم بە میوانداری کردنت لە کوردستان، بە تایبەتیش لە سۆران. پێمبڵێ هەست بەچی دەکەیت سەبارەت بە ئەمڕۆ و هەموو ئەم خوێندکارە گەنجە؟ جێنین: من زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم. با بەم قسەیە دەست پێبکەم. ئەمە یەکەم سەردانمە بۆ سۆران. دانیشتنم لەگەڵ ئێوە شەرەفێکی گەورەیە، لەبەر ئەوە زۆر دڵخۆشم کە لەگەڵتانم ئەمڕۆ. سوپاست دەکەم کە بانگهێشتت کردم. بێستوون: سوپاس بۆتۆ. با بە پرسیاری یەکەم دەست پێبکەین. کێ باشترین پرسیاری هەیە؟ بەڵێ. ئالان: سڵاو!. من ناوم ئالانە. خوێندکارم لێرە، لە بەشی ئەدەب و زمانی ئینگلیزی دەخوێنم. پرسیارەکەم بۆ بەڕێزتان ئەوەیە: خانمەکەم، وەکو بەڕێزیشت دەبێت ئاگاداربیت، لە هەرێمی کوردستان سیستمی ئابووریمان وابەستەیە بە دەرەوە، کە دەتوانی بڵێیت لە دوو ساڵی رابردوودا هەوڵێک هەبووە بۆ کەم کردنەوەی ئەو وابەستەییە. بەڵام هێشتا هەر ئەوە دۆخەکەمانە. بێگومان ئەوە کاریگەری نەرێنی زۆری هەیە. بۆ نموونە، وەکو گەنجانی ئەم وڵاتە، وەکو تاکەکانی کۆمەڵگە زیاتر پشت دەبەستین بە حکومەت لەبری توانا تاکە کەسییەکانی خۆمان بۆ دامەزراندنی کار و پشتبەستن بە خۆمان. پرسیارەکەی من ئەمەیە: پێویست دەکات چی بکرێت و تا ئێستا چی کراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو وابەستەییە و بەرەوپێش بردنی سیستمێک کە هەریەکێکمان لەسەر بنەمای توانا تاکە کەسییەکانی خۆی برەو بەخۆی بدات و گەشە بکات؟ سوپاس. جێنین: بێگومان، ئەمە پرسیارێکە کە نابێت لەمنی بکەیت. باشتر وایە ئەم پرسیارە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا بکەیت. لەگەڵ ئەوەدا، دەتوانم بڵێم تۆ راست دەکەیت! تەنیا هەرێمی کوردستانیش نییە، هەموو عێراقە. گەنجانی عێراق کاتێک دەگەنە تەمەنی کارکردن پشت دەبەستن بە کەرتی گشتی کە بە بەردەوامی لە گەورەبووندایە وەکو میزەڵانێکی لێ هاتووە. بەڵام ئەو کەرتە گشتییە ناتوانرێ بەردەوامی پێبدرێ و درێژەی پێبدرێت. لە کۆنترۆڵ دەرچووە. لەبەر ئەوە هیچ رێگەیەک نیە لەبەردەم عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بێجگە لە وەبەرهێنان لە گەشەپێدانی کەرتی تایبەرتدا. ئەگەر هەڵە نەبم وابزانم دوو رۆژ پێش ئێستا بوو، شتێکم خوێندەوە دەربارەی دەستپێشخەرییەکی نوێ لێرە لە هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیری کردنی بزنسی بچووک و مامناوەند، کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا رێگەیەکی زۆر دوور و درێژ ماوە لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، بۆ ئەوەی بیبڕن. کەوابوو تۆ لەسەر حەقیت کە ئەم پرسیارە دەکەیت و پێویستە داوا لە لایەنە پەیواندیدارەکان بکەیت بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن. ئەمە ئەو وەڵامەیە کە من دەتوانم بتدەمەوە. بێستوون: فەرموو. خوێندکار: پرسیارەکەی من ئەوەیە: بە لەبەرچاو گرتنی گوتەکانی ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، کە لەم دواییانەدا لە لێدوانێکیدا گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان رەنگدانەوەی واقیعی ئێستای جیهان نییە." ئایا تۆ وەکو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کوردستان بەو ئەرکانە هەستاویت کە لە ئەستۆت دایە؟ ئەگەر وایە، چۆن گرەنتی وەستاندنی دەست تێوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێ دەکەن، لەبەرچاو گرتنی ئەوەی هەموو رۆژێک بە درۆن سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل دەکرێت؟ زۆر سوپاس. جێنین: نازانم باسی کام لێدوانەی سکرتێری گشتی بەڕێز ئەنتۆنیۆ گوتێرێز دەکەیت، بەڵام زۆر باش ئاگاداری دوایین هەڤپەیڤینیم لەگەڵ کەناڵی CNN، زۆر بە روونی باسی ئەو ئاڵنگاری و سەختییانەی کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان رووبەڕووی دەبێتەوە بەهۆی کاریگەرییە سیاسییەکان لەسەر کۆمەڵێک دۆسییە لە ئەنجوومەنی ئاساییش. ئێستا تۆ پرسیار لەمن دەکەیت دەربارەی ئەوەی ئایا من چی دەکەم بەرامبەر پێشێلکارییەکانی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکە لەسەر یەک پارچەیی و سەروەریی عێراق. نازانم ئاگاداریت و تەماشای لێدوانەکانی پێشووم و گوتارەکانمت لە ئەمجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە یان نا کە چوار مانگ جارێک تیایاندا باس لە بەرەوپێشچوونەکان دەکەم لە عێراقدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەگەر هەبن. من زۆربەی جار لەو لێدوان و گوتارانەدا باسی پێشێلکارییە بەردەوامەکان دەکەم لەسەر یەک پارچەیی و سەروەریی عێراق. داوای لێبوردن دەکەم ئەم مێشە تێم ئاڵاوە. ئەگەر بینیتان جووڵەی سەیر و سەمەرە دەکەم، هۆکارەکەی ئەو مێشەیە. با بە ئێران دەست پێبکەم. لە ماوەی رابردوودا پێکەوە کارمان کرد لەگەڵ بەغدا و دەسەڵاتەکانی ئێرە لە هەولێر بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی، بە ئامانجی رێگری کردن لە مووشەکبارانی زیاتر بۆسەر ئێرە. ئەگەر باسی تورکیاش بکەین، لە ناخی دڵمانەوە ئومێدمان وایە بتوانین رێچکەیەکی هاوشێوە بگرینە بەر لە ئاییندەیەکی نزیکدا. لەبەر ئەوەی ئەوە باش دەزانین لەوێشەوە بە بەردەوامی پێشێلکاری هەیە بۆ سەر یەکپارچەیی و سەروەریی عێراق. راستە هەموو وڵاتێک مافی خۆیەتی نیگەرانی رەوای هەبێت دەربارەی ئاساییشی خۆی، بەڵام ئەمە [ئەو رێچکەیەی تا ئێستا گیراوەتە بەر] رێچکەیەک نییە کە بتوانرێ بەردەوامی پێ بدرێت، لەبەر ئەوەی لەڕاستیدا ئەنجام و کاریگەریی پێچەوانە دروست دەکات. دووبارەی دەکەمەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحری بەدەستەوە نییە. ئێمە ناتوانین موعجیزە بخوڵقێنین، لەماوەی یەک شەودا، ئەوە هەر هیچ ناتوانین. دواجار ئەوە لایەنە فەرمییەکانن کە پێوسیتە کاری لەسەر بکەن. ئەوەی ئێمە دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە کار لەگەڵ ئەو لایەنە فەرمییانە بکەین لێرە لە هەرێمی کوردستان و لە هەموو عێراقیش، بەهەموو توانای خۆمانەوە بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری بکەین لە بنیاتنانی ژینگەیەکی ئاشتییانە، تا چیدی مووشەک روو لێرە نەکات و سنوور بەزاندن روونەدات. بێستوون: زۆر باشە، فەرموو. خوێندکار: زۆر سوپاس کاک بێستوون کە ئەم دەرفەتەت رەخساند بۆ ئێمەی گەنج تا بتوانین پرسیارەکانمان بگەیەنین بە دەسەڵاتداران. پرسیارەکەم لێرەدا ئەوەیە: لە بڕگەی دووەامی مادەی یەکەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە مافی چارەی خۆنووسین کراوە، بەڵام وەکو دەزانین گەلی کوردستان مافی سەربەخۆیی لێ زەوت کراوە و نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ یەک پارچەیی عێراقدان. پرسیارەکەم لێرەدا ئەوەیە: بۆچی سیاسەتی برسی کردنی گەلی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە پەیڕەو دەکرێت و هیچ پشتگیرییەک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بەدی ناکرێت بۆ ئەوەی کورد بە مافی رەوای خۆی بگات و لە چوارچێوەی عێراقدا بگات بە مافەکانی؟ جێنین: با وەڵامێکی دیبلۆماسسیانەت بدەمەوە. ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ گەلی کورد لە وڵاتەکانی دیکە، لە تورکیا و ئێران و سوریا. دەبینین کە لێرە زۆر شت بەدەست هاتووە. راستە پێدەچێت ئەوەی کە بەدەست هاتووە ئەو وێنە نموونەییە نەبێت کە ئێوە خوازیارین. بەڵام بیرتان نەچێت کە زۆر زۆر ئاسانە تەنیا سەرنج چڕبکرێتەوە لەسەر ئەو شتانەی کە بەدەستتان نەهێناوە. لەبەرامبەردا، شتە راستەکە ئەوەیە دان بە ئەو دەسکەوتانەدا بنێن کە لێرە لە باکووری عێراق هاتوونەتە دی. کاتێک دێینە سەر بابەتی بودجە، پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ مێژوو. بگەڕێینەوە بۆ ئەوکاتەی دەستووری عێراق نووسرایەوە و تەماشای ئەو 18ساڵە بکەین بزانین چی روویداوە. راستییەکە ئەوەیە کە شتی زۆر روویان نەداوە. کاتێک تەماشای بەشێک لە بڕگەکانی دەستووری عێراق دەکەیت دەبینیت زمانێکی گشتگیر بەکارهێنراوە و ماف و ئەرکەکانی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بەڕوونی دیاری نەکراون. کەوابوو، ئەمڕۆ لە ساڵی 2023دا، دوای 18 ساڵ، دەتوانم بڵێم کە داڕشتنی بنچینەکانی سیستەمی فیدراڵی، کە ئەوکات بڕیاریان لەبارەوە درابوو، هێشتا درووست نەبوون. تێپەڕینی 18ساڵ بەبێ هەبوونی رێککەوتنێکی کۆنکریتی، شتێکی باش نییە، نەک تەنیا لەسەر بابەتی بودجە، بەڵکو لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان و بابەتی دیکەی وەک سەرچاوە سرووشتییەکان و زۆر بابەتی دیکەش کە دەتوانم وەک نموونە باسیان بکەم. لەبەر ئەوە، ئەمانە هۆکاری گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرن. وەکو ئەوەی گوتم و دووبارەی دەکەمەوە راستتر وایە چاو ببڕنە دەسکەوتەکانی خۆتان لەبری سەرقاڵبوون بەو شتانەی نەتانتوانیوە بەدەستیان بهێنن. ئێستا دەبێت تەماشای ئەوە بکەین کە پێویست دەکات چی بکرێت. پێویستە لەسەرمان هەوڵ بدەین چارەسەری درێژخایەن بدۆزینەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ. ئەم بابەتە هەمیشە وەکو بابەتێکی سیاسی دەمێنێتەوە بەڵام بێگومان ئەوەی کە روودەدات رەوا نییە دەرحەق بە خەڵکی کوردستان. ئەگەر تەماشا بکەیت، دەرحەق بە هیچ کەسێک رەوا نییە مووچەی پێ نەدرێت لەکاتێکدا کە ئەویش چاوەڕێی ئەوەیە داهاتی خۆیی هەبێ و ژیانێکی شاییستە بژی. ئەوە مافی هەموو کەسێکە. ئەگەر تەماشای دوایین رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بکەیت لەسەر بودجە، گوێت لە هەندێک کەس دەبێت کە بە دەسکەوتێکی گەورەی لە قەڵەم دەدەن. گوێت لە هەندێک کەسی دیکەش دەبێت کە ئەسڵەن بە دەسکەوتی نازانن. بەڵام وابزانم راستییەکە ئەمەیە، کەسێکیش هەر ئەمەی بەگوێی مندا چرپاند، منیش هەر باوەڕم وایە، کە ئەم رێککەوتنە باشتریین بژاردە بوو وەک چارەسەرێکی کاتی. ئەمە مانای ئەوەیە ئەم رێککەوتنە دەبێت بە هەناسەیەک، بەڵام بەهیچ شێوەیەک چارەسەرێکی درێژخایەن نییە لە دوورمەودادا. کەوابوو، کاری زۆرمان لەبەردەمدایە و رێی زۆرمان لەبەردەمدا ماوە بیگرینە بەر. وابزانم کاتی ئەوە هاتووە بۆ هەردوو بەغدا و هەولێر کە چیدی پشت نەبەستن بە پەیوەندییە تایبەتییەکانیان، بەڵکو دوای 18 ساڵ بگەنە ئەو دەرەنجامەی کە پەیوەندییەکانیان دامەزراوەیی بکەن. بێستوون: سیستمی فیدراڵیش بە دامەزراوەیی بکەن. جێنین: بەڵێ! پێکەوە کاربکەن بۆ بەهێکردنی سیستمی فیدراڵی لەبەر ئەوەی ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، لە 2005ەوە تا ئێستا. لە هەموو گوتارەکانی رابردوومدا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، باسی ئەم بابەتەم کردووە. ئەمەش تەنیا شتە کە لەدەستم دێت. دواجار منیش عاسای سیحریم پێ نییە، تەنیا دەتوانم چاودێری بارودۆخەکە بکەم و تیشک بخەمە سەر ئەو بابەتانەی کە گرنگن. بێستوون: بەڵێ فەرموو. کەیهان: بەخێربێی بۆ شاری سۆران. دوو پرسیار ئاراستەی جەنابتان دەکەم. یەکێکیان ئەوەیە: یەکێک لە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە دانیشتووان لە هەموو شوێنێک لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بن. بەڵام بینیمان لە کۆتایی مانگی هەشتی ئەمساڵدا لە کەرکوک خۆپێشاندان ئەمجامدرا و شەقامی نێوان هەولێر و کەرکوک داخرا. بەداخەوە پێنج شەهیدی لێکەوتەوە کە ئەوانیش هەر یەک لە شەهیدان: هاوکار شوانی، هەڤاڵ ستار، حسێن سابڕ و سەمەد محەممەد بوون. یەکێک لە ئەرکەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە عێراقدا جێبەجێکردنی مادەی 140ـە. ئایا ئێوە هەڵوێستتان چی بووە و چی دەبێت؟ پرسیاری دووەم: ئەم خاکەی کە ئێستا جەنابتان لێی دانیشتوون بە ئارامی، بە خوێنی هەزاران رۆڵەی کورد بەرهەم هاتووە. بەڵام ئێستا دەبینین هەڕەشەیەکی جدی هەیە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئێوە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستتان چییە؟ ئەگەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکرێتەوە ئایا ئێوە رەزامەند دەبن یاخود نا؟ زۆر سوپاس. جێنین: با بە کەرکووک دەست پێبکەم. من 5 ساڵ پێش ئێستا هاتم بۆ عێراق و لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی پێکهاتەکانی کەرکووکم هان داوە بۆ ئەوەی لەسەر یەک مێز کۆببنەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش کارئاسانی بکات بۆ گفتوگۆی نێوانیان. چەند جارێک گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە خەریکین دەگەینە ئەنجام بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی سەقامگیرمان هەبێت لەسەر شێوازی ئیدارەدانی شارەکە و دابینکردنی ئاساییشی. بەڵام تاکو ئێستا لایەنە کەرکوکییەکان نەیانتوانیوە بگەن بە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆتایی. ئەمە جێی داخە و من سکم پێیان دەسوتێت. ئەمە لەبەر ئەوە ناڵێم کە لایەنێکی دیاریکراو هەبێت بمەوێت بەرپرسیارییەتەکە بخەمە ملی. ئەوە سرووشتی پرۆسەکەیە، کە ئەم ئەنجامەی بەرهەم هێناوە. وەکو لە وەڵامی پرسیارێکی رابردوودا گوتم لە 2005ەوە تا ئێستا کۆمەڵێک ناڕوونی هەن. بەدەر لەوەش حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانمان هەن کە لەوکاتەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەن بە رێککەوتنێک لەسەر مادەی 140. کەوابوو، بێگومان کاری زۆرمان لەپێشە ئەنجامیان بدەین. بەڵام ئەوە بزانن کە بە سەردانێکی تایبەت لێرە و پەیوەندییەکی تایبەتی نێوان دوو کەس لەوێ، ناتوانن بگەن بە ئەنجام. پێویست دەکات پەیوەندییەکانتان بە دامەزراوەیی بکەن و سیستەمی فیدراڵی بەهێز بکەن. گەر وانەکەن، دڵنیابە دوای 20 ساڵی دیکە من و تۆ یەک دەبینینەوە و هەر هەمان هەمان ئەم قسانە دەکەینەوە. کاتێک تەماشای پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا دەکەین، زۆر گرنگە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە بابەتەکە بە شێوەیەک نەبینین کە ئێوە دوژمنێکتان هەیە لە بەغدا دانیشتوە بۆتان. کاتێک کە کێشەیەک هەبێ، راستتر وایە تەماشای هەردوولا بکەین. راستییەکە ئەوەیە بزانین چی هەیە لە بەغدا بتوانین باشتری بکەین، بەڵام چیش هەیە لە هەرێمی کوردستان بتوانین باشتری بکەین! زۆر بەداخەوە، لە هەرێمی کوردستان دابەشبوون و کەرتبوون و شەڕێکی سیاسی دەبینین، کە ئەمە بەهیچ شێوەیەک کەڵکتان پێ ناگەیەنێت کاتێک دانووستاندن لەگەڵ عێراقی فیدڕاڵ دەکەن. کەوابوو، ئەرکی یەکەمتان ئەوەیە کە بەسەر کەرت و پەرتبوونی نێوخۆیی خۆتاندا سەرکەون و یەکگرتووبن تا بتوانن خزمەتی خەڵکی عێڕاق بکەن بە هەرێمی کوردستانیشەوە. تەنیا شتێک کە من بتوانم بیکەم ئەوەیە کە جەخت بکەمەوە لە گرنگیی هەبوونی پەیوەندیی سەقامگیر لە نێوان بەغدا و هەولێر. لەبەر ئەوەی دڵنیام ئەو سەقامگیرییەیە دواجار خزمەتی بەرژەوەندی ئێوە دەکات. ئێستا دەبینین کەش و هەوایەکی باش دروست بووە و رێککەوتنێکیش هاتۆتە ئاراوە، دووبارەی دەکەمەوە، رێککەوتنێکی ئەرێنییە بەڵام رێککەوتنێکی کاتییە. ئەم رێککەوتنە مانای ئەوە نیە کێشەکانتان چارەسەر بووە. هەر بۆیە بە بەردەوامی داوا لە عێراقی فێدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکەم پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەری درێژخایەن و دوورمەودا. بێستوون: جێنین، تۆ یەکەم کەسبووی باسی ئەم ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەی هەرێمی کوردستان بکەیت. مایسی 2021 بوو کاتێک ئاماژەت بەوەدا ئەگەری هەیە ئەم ناکۆکییە کاییگەری هەبێت لەسەر ئەو نیمچە سەربەخۆییەی لە هەرێمی کوردستان هەمانە. مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەم بابەتە، کەسانێک هەن پێیان وایە سەرچاوەی مەترسییەکە کەسانێکن کە لە بەغدا دانیشتوون یان لە تاران، یان لە پایتەختەکانی دیکە، هەوڵی بچووک کردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن. بەڵام کەسانێکی دیکەش هەن پێیان وایە سەرچاوەی لاوازبوون و بچووکبونەوەی قەوارەکە ئەو ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەی خودی هەرێمی کوردستان خۆیەتی. لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت دوو پرسیار بکەم. یەکەمیان: ئایا ئەگەر بەراوردێک بکەیت لە نێوان دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا، 21ی مایسی 2021 کە ئەو قسەیەت تێدا کرد لەگەڵ ئەمڕۆ، ئایا بەرەو کوێ چووین؟ ئایا دۆخمان بەرەو خراپتر چووە؟ ئایا گەیشتووین بەو دۆخەی کە ئەوڕۆژە تۆ ترست لێی هەبوو بێتە دی؟ پرسیاری دووەمیش: ئایا تۆ سەرچاوەی ئەو مەترسییە بەچی دەبینیت بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان؟ جێنین: زۆر سوپاس بێستوون! بەم پرسیارەت هیچ ژیانم ئاسان ناکەی. کاتێک یەکەم جار ئەم بابەتەم وروژاند، بەڕاستی نیگەران بووم، لەبەر ئەوەی ئەوڕۆژە دەمتوانی کاریگەرییەکانی شەڕی سیاسی ببینم لەسەر هەرێمی کوردستان. هەموومان مێژووی هەرێمی کوردستان دەزانین. هەموومان دەزانین قۆناخێک هەبوو کە لێکتێنەگەشتنی زۆر تووندی تیادابوو. تەماشاکە، زۆر ئاساییە لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەمووشتێک رێکنەکەون، بەڵام ئەگەر دەتانەوێ خزمەتی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بکەن، پێویستە یەکگرتووبن وە پێکەوە کاربکەن. زۆر روونە کە ساڵی 2021 ئەم یەکگرتووییە نەبوو. راستت دەوێت ئێستاش دۆخەکە زۆر باشتر نییە لەوکات، هەرچەندە لێرە و لەوێ جاروبار تروسکاییەکی ئومێد هەن. ئەمڕۆ کە لێرە دانیشتووم وە سەرقاڵی گفتوگۆم لەگەڵ سەرکردەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە و ئەم هەرێمە، پێویستە ئەوە بڵێم کە، زۆر گرنگە هەموو لایەنەکان کۆببنەوە لەسەر یەک مێز، مەرج نییە لەسەر هەمووشتەکان رێکبکەون بەڵام مەرجە لەسەر بەرژەوەندیی تاکە بە تاکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگەن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش. دەربارەی پرسیاری دووەم، هەروەک لە مایسی 2021یش گوتم: هەرێمی کوردستان و عێراق لە ژینگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گەلێک ئاڵۆزدا دەژین. دراوسێی زۆرتان هەن، وڵاتانی زۆر هەن کە هەوڵدەدەن کاریگەرییان هەبێت لەسەر بارودۆخەکە. رەنگە مەرج نەبێت بە مەبەستەوە ئەو دەست تێوەردانە بکەن، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هەژموونیان هەیە. لەیەک ئاڵۆزکانی ئەو هەموو هەژموونە جودا جودایانە، بێگومان هاوکارتان نابن. بەڵام مادام ئێوە بە ئاگان لەو ژینگەیەی کە تیایا دەژین، دەبێت زۆر باشتر لە گرنگی ئەوە تێبگەن کە پێویست دەکات یەکگرتووبن لە بڕیاردان و کارکردنتاندا. بێستوون: ئەمڕۆ لە دۆخێکی خراپترداین؟ جێنین: پێموایە دوای قسەکانی من، بەرەو خراپتر رۆشت. بەداخەوە، من پێموابوو قسەکانم یاریدەدەر دەبن، بەڵام هیچ بەرەو باشی نەچوو، پێچەوانەکەی روویدا. ئومێدەوارم ئێستا لە گەڕانەوەدا بین بەرەو رێگە راستەکە. ئەمە ئومێدی منە. بێستوون: ئومێدی منیشە. زۆر باشە کی هەڵبژێرین؟ حەزدەکەم ئەو کوڕە هەڵبژێرین کە دەستی ئاوا لێدەکات... مەعاز: پرسیاری یەکەمم سەبارەت بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە. کاتێک ساڵی 2017 ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان بڕیارماندا بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، چونکە مافێکی نەتەوەیی و کلتوری خۆمان بوو. ئێمە پێش 2017 پێگەیەکی سیاسی زۆر بەهێزمان هەبوو لەنێو وڵاتاندا، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە توانیمان رێکخراوی تیرۆرستی داعش تێک بشکێنین و هێزەکەی لاواز بکەین. هەموو نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دەرەوە پاڵپشتمان بوون. بەڵام کە هاتینە سەر مافی خۆمان و 2017 بڕیارمان دا، هیچ لە وڵاتان پشتگیریان نەکردین. هۆکار چیبوو؟ ئایا خاوەن ماف نین؟ خاوەن کلتوور نین؟ خاوەن مێژوو نین؟ هەرچی دەتەوێت هەمانە. باشە هۆکار چیبوو کە گوتتان کاتی نییە؟ ئەی ئەگەر کاتی نەبوو ئەوکات، کەی کاتیەتی؟ جێنین: 2017 من لێرە نەبووم. بەڵام لەوکاتەدا نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دۆستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕوونی ئەوەیان گووت کە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبوو. بێگومان کۆمەڵێک هۆکاری زۆریان هەبوو. وەک لە وەڵامی پرسیارێکی پێشوتریشدا گوتم، تکایە بیرتان نەچێ تەماشای ئەو شتانە بکەن کە هەتانە و بەدەستتان هێناوە، لەبری سەرنج خستنە سەر ئەوانەی کە نیتانە. زۆر بە باشی لێتان تێدەگەم. من کورد نیم. بەڵام ئەگەر کورد بوومایە، هەروەکو ئێوە دەبووم و هەمان شتم دەگوت. مێژووی کورد مێژوویەکی زۆر گەورە و زۆر ئاڵۆزە. روونە ریفراندۆمەکەی 2017 خزمەتی دۆزەکەتانی نەکرد. من لە هەستی تۆ تێدەگەم، لە سۆزیشت تێدەگەم. بەڵام با ئەوە لەبیر نەکەین کە ئەمڕۆ چیتان هەیە. راستتر وایە بڵێم با ئەوە لەبیر نەکەین کە ئەمڕۆ هەیە. ئەوەشمان لەبەرچاوبێت کە لە وڵاتانی دیکە روودەدەن، وەک ئێران و سوریا و تورکیا. یەکەم شت کە ئێوە دەبێت بیکەن ئەوەیە کە ئەوەی هەتانە بیپارێزن. ئەوەش بە یەکخستنی هەموو لایەنەکان دەبێت لە هەرێمی کوردستان. ئەگەر نەتانتوانی ئەوە بکەن، ئەوا پێویستتان بە کەسی دیکە نییە لەناوتان بەرێت. ئەوەش بزانن کە زۆر دەسکەوتتان هەیە کە دەکرێ لە دەستی بدەن. بێستوون: کەوابوو پێمان دەڵێیت پێش هەمووشتێک کارێک بکەن پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی پێکەوە کار بکەن،... جێنین: تەنیا ئەوە نییە. ئاسانە بابەتەکە بچووک بکەیتەوە لە پارتی و یەکێتیدا، راستە ئەوان کاریگەرن بەڵام ئەوەی کە من دەیڵێم لەوە زیاترە. ئەوەی کە پێویستە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان یەک بگرێت و یەکگرتووانە هەنگاو بنێت. ئەمە زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی دەستکەوتی دیکەی زۆر هەن کە چاوەڕێتان دەکەن، ئێوەش تەنها بە یەکگرتووی دەتوانن بەدەستی بهێنن. بێستوون: ئۆکەی، با ئەوانەی پشتەوەش ببینم. چونکە لێرەوە دیار نین. بەڵێ، فەرموو. دهۆک: من دهۆک بارزانیم. دەرچووی زانستی کۆمەڵناسیم. رۆڵی نێچیرڤان بارزانی چۆن هەڵدەسەنگێنی لە سیاسەتی رۆژگاری ئەمڕۆی کوردستاندا؟ چی دەگوزەرێت لەپشت پەردەی رەشەوە؟ هاتنی قائانی بۆ بەغدا و هاتنی هێزێکی زۆری ئەمریکا بۆ کوردستان. ئایا ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی هەیە لە نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی کوردستان دەست پێبکاتەوە؟ بێستوون: دهۆک، با من لە پرسیارەکانت تێبگەم. یەکەم شت پرسیار دەکەی لەسەر رۆڵی سەرۆکی هەرێم. بۆ ئەوەی من تێبگەم. چونکە تۆ زۆر بە ئەدەبییاتەوە دەیڵێی. با بە ئاسانتر من پێی بڵێم. دووەمیان باسی بابەتی ئێران و ئەمریکا: جوڵەی هێز. ئۆکەی، پرسیاری دواییت. دهۆک: تۆ لایەنگری حکومەتی یان دەسەڵات، یان پشتیوانی دەنگی شەقامی عێراقیت؟ لە کۆتاییدا چاڵنجێک بۆ بێستوون تۆک، بەڕاستی با هەموومان چەپڵەییەکی بۆ لێبدەین چونکە سیاسسیەکان دەخاتە بەر بێژینگی هاوڵاتییان. ئەمە جێی دەستخۆشییە. سوپاس بۆ بێستوون تۆک، سوپاس بۆ رووداو. هیوادارم پڕۆگرامی داهاتوو ژدهۆکا داسنیا بیت یان ژ زاخۆکا دەلال بیت. سوپاس بۆ هەموو لایەک. بێستوون: سەرچاڤا سەرسەرا، لێ سلێمانی لبەندا کاک فازڵیە. هون ب کرمانجی ب کاک فازڵی بێژن هەرە سلێمانیێ داوی وێ ئەمێ بێنە دهۆک و زاخۆیێ... باشە. کەواتە یەکەم پرسیار دەربارەی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی بوو. جێنین: هەرگیز بۆچوونی خۆم لەسەر کەسەکان ناڵێم. بەڵام دەتوانم قسە لەسەر پێگە و دامەزراوەکان بکەم. سەرۆکایەتیی هەرێم دامەزراوەیەکی گرنگە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان. نەک تەنها بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ پەیوەندییەکانی هەولێریش لەگەڵ بەغدا گەلێک گرنگە. تەماشاکەن، ئەگەر بتانەوێ من زۆر بە راشکاوانە وەڵامتان بدەمەوە، کە هەر واشم کردووە تا ئێستا، دەبێت ئەوەتان لەیادبێت کە من وەکو نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لێرەم و سنوردارم بەو ئەرکەم. لەبەر ئەوە راممەکێشن بۆ نێو بابەتی شەخسی، لەبەر ئەوەی ناتوانم وەڵامتان بدەمەوە. داوای لێبووردن دەکەم. دووەمیان: پرسیاری لەسەر ئێران و سەردانی قائانی کرد. بێستوون: نیگەرانییەکەی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکایە؛ لەگەڵ زیادبوونی سەردانی ئێرانییەکان بۆ عێراق. دەپرسێت کە ئایا مەترسیی جەنگێکی نوێ هەیە لە عێراقدا؟ جێنین: نەخێر. منیش ئەو ویتی ویتییەم بیستووە. چەند کەسێکیش پرسیارییان لێ کردم. با ئێمە ئومێد بکەین شتێکی وا لەگۆڕێ نیە. بەدەر لەوەش من هیچ ئاماژەیەک نابینم بۆ دروستبوونی جەنگێکی نوێ لەسەر خاکی عێراق. ئەوەی ئێمە دەیڵێین ئەوەیە کە پێویستە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان بەڵکو هەموو عێڕاق ببێت بە سەکۆیەک بۆ دایەلۆگ و وەبەرهێنان، بۆ وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئێران و تەنانەت وڵاتانی دیکەش، نەک ببێت بە سەکۆیەک بۆ کێبڕکێی هەژموون و هێزی وڵاتان. بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئەوە دۆخەکە بووە. راستە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئەوە دۆخەکە بووە، بەڵام پێم وایە ئێستا لەگەڵ سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی و دەسەڵاتەکانی هەولێر، عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە لەو دۆخە دوور بکەوێتەوە کە وڵاتەکە دەکات بە سەکۆیەک بۆ کێبڕکێی هەژموونی وڵاتانی سێیەم، لەبری ئەوە عێراق دەیەوێت ببێت بە گۆڕەپانێک بۆ گفتووگۆ و وەبەرهێنانی وڵاتانی سێیەم. ئەمە کت و مت قسەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە لە هەموو گفتوگۆیەکانیدا کە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت وڵاتانی دووریش ئەنجامی داوە. بەراستی پێموایە کە دەبێت ئەمە رۆحییەتەکە بێت. ئەگەر قسەبکەین لەسەر... پرسیاری سێیەم چی بوو؟ بێستوون: پرسیاری لێ کردن سەبارەت بە هەڵوێستی ئێوە. ئایا ئێوە بۆ پشتگیری حکومەتی عێراق لێرەن یان بۆ پشتگیری خەڵکی عێراق؟ جێنین: بەڵێ! زۆرجار هەڵە تێگەیشتنێک هەیە لەسەر ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان چی دەکات لە عێراق. بیرتان دەخەمەوە کە ئێمە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لێرەین. بۆ ئەوە هاتووین خزمەتی حکومەتی عێراق بکەین بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بێگومان ئەمە دام و دەزگا حکومییەکان و خەڵکیش دەگرێتەوە. ئێمە بێلایەنین، ئەوە دەبێت روون بێت، ئێمە دەست تێوەردان ناکەین. ئێمە تەنیا یەک بەرژەوەندیمان هەیە ئەوەش بەشداری کردنە لە دابینکردنی سەقامگیری بۆ عێراق. ئەمە هۆکاری بوونمانە لێرە. کەوابوو ئەرکی ئێمە ئەوە نییە پشتگیری لە شەقام بکەین یان پشتگیری لە حکومەت بکەین، بەڵکو کاری ئێمە ئەوەیە چاودێری دۆخەکە بکەین و هەوڵ بدەین بەشداری بکەین لە دابینکردنی سەقامگیریدا. شیرین: ناوم شیرین داودەیە، لە بەشی کارگێڕی کار دەخوێنم. زۆر خۆشحاڵم کە رووبەڕوو دەتبینم جێنین: زۆر سوپاس بۆ تۆ. شیرین: پرسیارەکەی من کەمێک شەخسییە، بەس زۆریش نا. تایبەتە بە کارەکەت. وەکو ژنێک لە پۆستێکی باڵادا، هەست دەکەیت ئەم ئەزموونە چۆن کاریگەری هەبووە لەسەر تێگەیشتنت دەربارەی دبلۆماسییەت و دانوستاندن. بەتایبەتیش لە کایەیەکدا کە زیاتر بە کایەیەکی پیاوسالار ناوزەند دەکرێ؟ زۆر سوپاست دەکەم. جێنین: لەڕاستیدا پرسیارێکی زۆر گرانە. باشتر وایە لە هاوکارەکانم بپرسیت. راستە من ژنم، بەڵام راهاتووم لەسەر ئەو کارەی دەیکەم. نازانم ژن بوونم چ سوودێک یان چ زیانێکی هەیە بۆ کارەکەم. ئەوەی دەیزانم ئەوەیە کە کاتێک دیاریکرام وەک نوێنەری تابەتی سکرتێری گشتی، خەڵکێکی زۆر پێیان گوتم تۆ دەبیتە یەکەم ژن لەو ئەرکەدا، ئەگەری ئەوە هەیە قبووڵت نەکەن. ئەمە بڕیاردانی پێشوەختە بوو. پێیان دەگوتم توشی شەڕی زۆر دەبیت. بەڵام ئەمە هیچی وا دەرنەچوو. بەخێرهاتنم لێکرا و باوەشم بۆ کرایەوە. بێگومان جیاوازی هەن، جا لەهەر شوێنێکی عێراق بێت. نازانم، رەنگە هەندێک جار باش بێ کە وەکو ژنێک لەو بوارەدا کاربکەیت، لە دنیای پیاواندا. نازانم... تەنیا شتێک کە لێی دڵنیام ئەوەیە کە بۆ هەر شوێنێک چووبێتم، جا لە باشوور بێ لە بەسرە، یان لە پایتەخت بێ لە بەغدا، یان لێرەبێ لە هەرێمی کوردستان، چ پیاو چ ژن میوانداریان کردبێتم باوەشیان بۆ کردوومەتەوە. راستە جیاوازی و رێکنەکەوتنمان هەیە. راستە ژن بوونم لە دژی من بەکارهێنراوە. هەڵمەتم لە دژ کراوە. بیرتان بێت دوای هەڵبژاردنەکان چی روویدا. یان هەر چ کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان بەبەرپرسیار لەقەڵەم دەدەرا، بۆ هەر شتێکی خراپ کە روویدەدا، یەکسەر من دەکرامە ئامانج. بەڕاستی ئەوە قێزەوەنە. دەزانی ئەوە ئاسانە ژنێک بە جادووگەر وێنا بکرێت. هەرگیز نابینیت هەڵمەتێکی ناو زڕاندن لە سۆشیال مێدیا دژی پیاوێک هەڵبگیرسێندرێت و بە جادووگەر وێنا بکرێت. بەڵام بۆ ژنێک بەلایانەوە ئاسانە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، وەکو ژنێک ئەگەر بتوانی خۆڕاگر بیت و نەترسیت، زۆر بەلاتەوە ئاسایی دەبێت. گرنگ ئەوەیە، بۆ هەرچ شوێنێک چووبم پێشوازیم لێکراوە و ئامێزم بۆ کراوەتەوە، ئینجا لە لایان شیعەکان، سوننەکان، کوردەکان، یان کریستیانەکانەوە بووبێت. شیرین: زۆر سوپاس. بێستوون: ئەو کاریکاتورەم بیر دێت کە دوای هەڵبژاردنەکان بڵاو کرایەوە. جێنین: بەڵێ. زۆرم هەن. کاریکاتوری هەزەلی زۆرم هەن. بێستوون: ئەمڕۆ ئێمەش کاریکاتوریستێکمان لەگەڵدایە لێرە، کاریکاتوری هەردووکمان دروست دەکات. جێنین: ئومێدەکەم کاریکاتورێکی جوان بێت. ئۆۆۆۆه-. زۆر سوپاس. سوپاس. بێستوون: ئۆکەی، بەس شیرین، حەزەکەم کەمێک گوێم لە چیرۆکی خۆت بێ. چونکە وابزانم چیرۆکێکت هەیە. کوای شیرین با بتبینم. شیرین یەکێکە لە خوێندکارە کریستیانەکانی زانکۆکە. جێنین: وااو بێستوون: پێکهاتەی کریستیانمان هەن، کە لە دیانا دەژین. بۆچی باسی ئەوەمان بۆ ناکەیت شیرین؟ شیرین: دەتوانم لەسەر ئەوە پرسیار بکەم؟ ئۆکەی. هەڵوێستی یۆنامی چییە لەسەر دابینکردنی ئاساییش و ژیانی شایستە بۆ دوایین پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان لە عێراقدا. ئەگەر بتوانی وەڵامی ئەوە بدەیتەوە، لە دڵەوە سوپاست دەکەم. جێنین: بێگومان، دەزانی، هەرکاتێک باسی پێکهاتەکانی وەکو ئێزیدی، کریستیان، یان تورکمان دەکەین، بە روونی کەمبوونەوەی ژمارەیان دەبینین لەسەر خاکی عێڕاق. من زۆر نیگەرانم بەوە لەبەر ئەوەی ئەوانە بەشێکن لە ناسنامەی عێراق، DNAیی عێراق. ئومێد دەکەم بتوانین ئەو ترێندە پێچەوانە بکەینەوە. من بەتەنیا نا، وەکو گووتم نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحری پێ نییە. ئومێد دەکەم ئەو ترێندە پێچەوانە ببێتەوە. لەبەر ئەوەی بوونی ئەو پێکهاتانە مانایەکی تایبەتیان داوە بە عێراق و پاراستن و باوەش بۆ کردنەوەیان ئەرکی سەر شانی هەموو لایەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئەمە بەشێکە لە کاری رۆژانەی ئێمە، من بە بەردەوامی سەرقاڵم بەمەوە. کۆمەڵێک نموونەی زۆرجوانمان هەن کە خاڵکانێک دەگەڕێنەوە، نموونەی زۆر جوانمان هەن کە خاڵکانێک شەڕ دەکەن بۆ ئییندەی خۆیان لەم وڵاتەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆموڵێک نموونەی زۆر خەمناکیشمان هەن. ئەزانم هەڵگەڕاندنەوەی ئەو ترێندە ئاسان نابێت. بەڵام یومێد دەکەم بتوانین. لەبەر ئەوەی ئەوان بەشێکن لە DNAیی ئەو وڵاتە و بەشێکن لە DNA ی ئەو هەرێمە. پێویست دەکات سەربەرزبین پێیانەوە. لەبەر ئەوەی ئەوانن عێراق دەکەن بەوەی کە هەیە. دڵنیام وەڵامەکەم وەڵامێکی باش نییە بۆ تۆ لەبەر ئەوەی دۆخەکە بەڕاستی جێگەی نیگەرانییە. شیرین: سوپاس. بێستوون: دەستخۆش. ئەو خاتوونە. دوو کەس پشت تۆ. بەڵێ. نانانانا پێشت. بەڵێ. مزگین: سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە گەورەیە و بەخێربێی بۆ سۆران. دوور لەو پرسیارە سیاسییانە، من تەنیا دەمەوێت هەڵوێستی تۆ بزانم لەسەر گۆڕانی کەش و هەوا و بەرز بوونەوەی پلەکانی گەرما و دەمەوێت چاڵنجی هەردووکتان بکەم بۆ چاندنی دوو داری زەیتوون، لە کۆتایی بەرنامەکەدا لەبەردەم ئەم باڵەخانەیەدا لەدەرەوە. لەبەر ئەوەی من ئێستا کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکەم لەژێر ناونیشانی هەزار دار. لەنێو کەمپی زانکۆی سۆران. بۆیە دەمەوێت چاڵنجی هەردووکتان بکەم بۆ چاندنی دوو دار. ناوی هەردوو دارەکە دەنێین کاک بێستوون و جێنین. بێستوون: من ئامادەم! جێنین: منیش ئامادەم. بێستوون: مادام ناویان دەنێن بێستوون و جێنین. مزگین: زۆر سوپاستان دەکەم. دوای بەرنامەکە لەدەرەوە چاوەڕوانتان دەبین. هەمووشتێک ئامادەیە ئێوە تەنها ئەوەتان لەسەرە دارەکان ناو بنێن. جێنین: ئۆکەی، بابەتەکە تەنیا ئەوەیە کە من کاتێکی دیاریکراوم هەیە. ئەگەر بێستوون توانی لەکاتی خۆیدا لەم ژوورە بمباتە دەرەوە، من ئامادەم دارەکە بچێنین. ئێستا هەموو قورساییەکەم خستە سەر شانی بێستوون. مزگین: سزایەکمان داناوە بۆ بێستوون. ئەگەر دارەکەمان بۆ نەچێنێ خۆمان دەزانین چی لێدەکەین. بێستوون: ئای هاوار! جێنین: من زۆر خۆشحاڵ دەبم بەشداری بکەم. بێستوون، کارێک بکە ئەمە رووبدات. بێستوون: بان دییەم. جێنین: دەربارەی گۆڕانی کەش و هەوا، ئەمە پرسیارێکی گرنگە. تەنانەت لە وڵاتی خۆم لە هۆڵەندا، خەڵکی جاری وا هەیە باسی ئەم بابەتە بە جۆرێک دەکەن وەک بڵێی رووی نەدابێت. بەڵام روویداوە. با پێت بڵێم ئەوە نییە بڵێی لەبەر دەرگای ماڵماندایە. هاتووەتە ژوورەوە. لەنێو ماڵەکەدایە. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە ئەم لەسەر ئەو بابەتە بکەین. ئێستا لە سەرتاپای عێراق کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبینیت، بەتایبەتی لە باشوور، بە بیابان بوون بە روونی هەستی پێدەکرێت و بووەتە هۆکاری دروستبوونی کۆچ. ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەمە نەدۆزرێتەوە، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ناسەقامگیریی زیاتر. گۆڕانکاری کەش و هەوا بە نسبەت عێراقەوە هەڕەشەیەکی حەقیقییە. من ئاگادارم کە حکومەتی ئێستای عێراق بە سەرکردایەتیی محەممەد شیاع سوودانی سەرنجی زۆری لەسەر دۆزینەوەی چارەسەر هەیە بۆ ئەم دۆخە. بەڵام بە سرووشت ئەم کێشەیە شتێک نییە بڵێی ئەمڕۆ چارەسەری بۆ دەدۆزیتەوە و سبەی کۆتایی پێدێت. کۆتایی پێ نایەت. چارەسەرەکە ئەوەیە لەمڕۆوە هەڵسەنگاندن بکەیت بۆ ئەو مەترسییانەی کە لە بەرۆکیدایە و کارێک بکەیت ئەو مەترسییانە وەرچەرخێنیت بۆ دەرفەت. زۆرجار خەڵک وادەزانن کە ئەمە کۆتایی دنیایە. نەخێر! ئەگەر بتوانین ئەو مەترسییە وەرچەرخێنین بۆ دەرفەت و سەرنج بخەینە سەر ئەو داهێنانانەی بەڕێوەن لەگەڵ ئەو داهێنانانەی کە ئێستا هەن، دۆخەکە جیاواز دەبینین. ئەم زانکۆیە بە نموونە وەربگرن. کەمێک پێش بەرنامەکە باسی ئەو داهێنانانەیان بۆ کردم کە ئەم زانکۆیە کردوویەتی. ئەمانە زۆر ئومێد بەخشن. ئەو داهێنانانەی زانکۆی سۆران کە پەیوەستن بە وزەی خۆر و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا. من وردەکارییەکانیان زۆر باش نازانم، ئەوان زۆر جوان بۆیان باس کردم. راستییەکە ئەوەیە کە زۆر شتی گرنگ هەن روودەدەن، بەوانەی ئێرەشەوە. پێم وایە پێویست دەکات خۆمان دوور بخەینەوە لەوەی گۆڕانی کەش و هەوا بە کۆتایی دونیا بزانین. پێویست دەکات بگەینە ئەو قۆناخەی ئەمە وەکو دەرفەتێک ببینین و بەکاریبهێنین. بەو شێوەیە، دەرگای زۆرمان بەسەر روودا دەکرێتەوە. بەڵام، دووبارەی دەکەمەوە: گۆڕانکاری کەشوهەوا هەیە و پێویستە هەنگاو بنێین، بۆ رووبەڕووبوونەوەی. مزگین: زۆر سوپاس. جێنین: شایانی نییە. بێستوون: فەرموو، بەڵێ. ئەحمەد: من ناوم ئەحمەد سەلمانە. لە زانکۆی سۆران دەخوێنم لە بەشی سیاسەت و پەیوەندیی نێودەوڵەتی. پرسیارەکەم ئەمەیە: بارودۆخی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەوانی چۆن هەڵدەسەنگێنیت، لە هەرێمی کوردستانی عێراق؟ بەتایبەتیش، دوای کەیسی رۆژنامەوانانی بادینان. جێنین: زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکەت، پرسیارێکی زۆر گرنگە. دەکرێت باسی بابەتی مووچە بکەین، باسی گۆڕانکاریی کەشوهەوا بکەین، دەتوانین باسی هەموو ئەم بابەتانە بکەین، لەبەرئەوەی هەموو پەیوەستن بە کولیتیی ژیانی خەڵکەوە، بەڵام ئازادیی رادەربڕین و ئازادی جووڵەش هێندەی ئەوانە گرنرن. ئەگەر هەر یەکێک لەمانە پشتگوێ بخرێن، کاریگەرییان لەسەری ئەوانی دیکە دەبێت و دواجار، کاریگەرییان لەسەر کوالێتیی ژیانی مرۆڤەکان دەبێت. من ئێستا لێرەدا، قسە لەسەر کەیسێکی دیاریکراو ناکەم. بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کە لە رابردوودا راپۆرتمان بڵاوکردەوە لەسەر ئازادی رادەربڕین لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هاوکات گوزارشتیشمان کرد لە نیگەرانییەکانی خۆمان. باسمان لەوەش کرد کە هاوڕا نین لەگەڵ چەند سیاسەتێکی دیاریکراوی حکومەتەکان، جا هی ئێرە بێت، یان هی بەغدا. ئێمە کاتێک ئەمانە دەڵێین، مانای ئەوە نییە هەڕەشەیەک درووستبکەین بۆ سەر سەقامگیری. ئەوەی ئێمە دەیڵێین مانای ئەوەیە کە هەمیشە دەبێت بوارێک هەبێت بۆ دیبەیت. دەکرێت بۆچوونی زۆر جیاواز هەبن، بەڵام رێگە راستەکە ئەوەیە کە هەموو ئەو بۆچوونە جیاوازانە کۆکەیتەوە و بڕیاربدەیت لەسەر باشترین بژاردە بۆ رۆشتن بەرەو پێشەوە. ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا، بابەتێکی بنچینەییە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان. بێستوون: ئایا هەرێمی کوردستان لە بابەتی ئازادی رادەڕبڕیندا لە بەرەو خوارکەدایە؟ جێنین: بەشێکی زۆر لە راپرسییەکان ئەوەت پێدەڵێن کە بەڵێ دابەزینێک لەئارادایە لە ئازادییەکان و مافە بنەڕەتییەکان، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە هەرێمی کوردستانیش. بێستوون: بیرت دێ، لە 2005، 6 و 7، ئەم دەستەواژەیە بەکاردەهێنرا. دەیانگوت کوردستان عێراقەکەی دیکەیە. ئایا ئێستاش هەر عێراقەکەی دیکەیە، یان بووە بە عێراقەکەی دیکە بە واتا پێچەوانەکەی؟ جێنین: دەزانم، دەزانم، پێت خۆشە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. بەڵام، من وا ناکەم. پێم وایە، پێم وایە هەموومان زۆر خەمی ئەو ژینگەیەمانە کە تیایدا دەژین. زۆر زۆر زۆر گرنگە ئەوە دەستکەوتانە بپارێزن کە تا ئێستا بەدەستتان هێناون. لەدەستدانیان زۆر ئاسانە. ئازادی رادەڕبڕین و ئازادیی کۆبوونەوە، مافی بنچینەیین بۆ هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی. پێویستە کە زۆر پارێزگاری لەم مافانە بکەن. بێستوون: ئۆکەی زۆر باشە. با تەماشایەک بکەین، یەکێک هەڵبژێرین کە، ئا.. ئەو کوڕە... چاکەت رەشەکە، بەڵێ... محەممەد: سڵاو. جێنین: سڵاو. محەممەد: من ناوم محەممەدە. جێنین: سڵاو محەممەد. محەممەد: بەشی دەروونزانی دەخوێنم، لێرە لە زانکۆی سۆران. کەمێک کەشوهەواکە دەگۆڕم... کامیان گرانترە؟ دایکایەتی یان کاری سیاسی؟ جێنین: چی؟ محەممەد: کامیان گرانترە؟ دایکایەتی یان کاری سیاسی؟ جێنین: من مۆدێڵ نیم... سیاسەتڤانیش نیم... بێستوون: نا، نا، دایکایەتی... جێنین: ئۆ؟ بێستوون: دایکایەتی... جێنین: ئا، دایکایەتی! داوای لێبوردن دەکەم.. چیدیکە سیاسی نیم، کاتی خۆی سیاسەتڤان بووم. پەرلەمانتار بووم لە پەرلەمانی هۆڵەندا و دواتر لە پەرلەمانی ئەوروپا و دواتریش وەزیری بەرگری بووم. زۆر جیاوازن... باوەڕناکەم، بتوانی بڵێیت، کامیان گرانترن... لەبەر ئەوەی کاتێک منداڵەکەت نەخۆشە یان خەمیتە، دڵت دەشکێ. بەڵام لە سیاسەتیشدا، دەکرێ بابەتێک زۆر دڵگرانت بکات، لە دیبەیتێکی سیاسیدا یان لە پرۆسەیەکی بڕیارداندا. زۆر گرانە بەراورد لەنێوان ئەو دووانە بکەیت. تەنیا شتێک کە من حەزم لێی نییە ئەوەیە کە کاتێک تۆ سیاسەتڤان بیت و کەسایەتییەکی گشتی بیت، هەموو دنیا رایەکیان هەیە لەسەرت. جاری واش هەیە ئەو بۆچوونانە گەلێک قێزەونن. بێگومان ئەوە کاریگەریی دەبێت لەسەر خێزانەکەشت لە ماڵەوە. ئەوە یەکێک بوو لەو ئەزموونانە کە کردم. کاتێک کە سیاسەتڤان بوویت، بتەوێ و نەتەوێ، کارەکەت دەبەیتەوە ماڵەوە لەگەڵ خۆت و کاریگەریشی لەسەر خێزانەکەت دەبێت. بێستوون: با من پرسیارەکەت بەم شێوەیە لێ بکەمەوە. کامیان گرانترە؟ ئەو کاتەی کە لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیت وتارێک دەدەیت دەربارەی عێراق، یان ئەو کاتەی لە نانخواردنێکی خێزانیت و هەوڵ دەدەیت کوڕەکەت قایلبکەیت لە چ زانکۆیەک بخوێنێت؟ جێنین: دوو دنیای گەلێک جیاوازن. هەردووکیان زۆر گرانن. کاتێک لە ماڵەوە کێشەت هەیە، ناچاریت مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، بەڵام ئەوەش گەلێک گرانە کە پێویستە لەسەر شانت لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتار بدەیت. بەڵام، راستییەکەی ئەوەیە کە دوو دنیای جیاوازن و بۆ منیش شتێکی ئاسان نییە بتوانم باڵانسێک درووستبکەم لەنێوانیاندا. بێستوون: زۆر باشە. ئینجا خاتوونێک. لەبەر ئەوەی دوو کوڕ قسەیان کرد. بۆ ئەوەی خاتوونێک قسەبکات، دێمە ئێرە. ئێستا پێویستت بە وەرگێڕانەکە دەبێت. جێنین: ئۆکەی.. نیان: ئەم کاتەت باش، من نیان ئەبوب لە بەشی دەروونزانی، قۆناخی چوارەم، زانکۆی سۆران. پرسیارەکەم ئەوەیە: سۆران ناوچەیەکی سەر سنوورە. دەبینین لەلایەک تورکیا بۆردومانی گوندەکانی سەر سنوور دەکات و لەلایەک ئێران. زۆربەی ئەو خەڵکانەی لەو ناوچانەدا دەژین، تووشی PTSD دەبن. ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان چ رۆڵێکی هەیە لەم بارودۆخانەدا و چی کردووە بۆ ئەم کەسانە؟ زۆر سوپاس. جێنین: کۆمەڵێک بەرنامەمان هەن بۆ ئەو کەسانەی تووشی تێکچوونی باری دەروونی دەبن دوای کارەسات، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە، پرسیارەکە ئەوەیە، بڵێین حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان چییان کردووە و دەیکەن بۆ ئەوە؟ لەبەر ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو دەسەڵاتی جێبەجێکردنەی نییە، کە هەندێک جار خەڵک پێیان وایە هەمانە. ئێمە خەمی دۆخەکە دەخۆین و کۆمەڵێک ئاژانسمان هەن پێوەی سەرقاڵن و کۆمەڵێک بەرنامەشمان هەیە. بەڵام ئەوە گرنگە کە کێشەکە بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێت، ئەوەش لەلایەن دەسەڵاتەکانی وڵاتی خۆتانەوە ئەنجامدەدرێت. هەندێک جار، منیش سەرم لێ دەشەوێ، منیش تووشی ئەو هەستە دەبم کە هەر کێشەیەک هەبێت و هەر کاریگەرییەکیان هەبێت لەسەر کۆمەڵگە، پێویستە دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان بێتە سەر هێڵ. راستە، بەڵام بەبەردەوامی دەبێت بە هاواهەنگی کردن بێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. دەزانی، ئێمە تەنیا ئەمەندەین لە وڵاتێکی گەلێک گەلێک گەورەدا و لە ژینگەیەکی گەلیک ئاڵۆزدا. ئێمە کۆمەڵێک بەرنامەی تایبەتمان هەیە سەبارەت بەم بابەتە کە تۆ وروژاندت، بەرنامەی پشتگیریی کۆمەڵایەتی و دەروونی. بەڵام دواجار، دەبێت ئەوە لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە بن کە وەڵامێکیان پێبێت بۆ ئەو دۆخە. بێستوون: لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی رابردوودا لەسەر رێککەوتنی عێراق و ئێران لەسەر حیزبە کوردییەکان، ئەوانەی ئێران، باسی تورکیات کرد. جێنین: قسەکەی من لەسەر حیزبەکان نییە. قسەی من لەسەر جووڵەی کەسانی چەکدارە لەنێوان سنوورە نێودەوڵەتییەکاندا. بێستوون: بەڵێ. بەڵام لە رای گشتیی کوردستاندا بەم شێوەیە ناودەبرێت. پرسیارەکەی من ئەوەیە: ئایا ئەگەری درووستبوونی رێکەوتنێکی هاوشێوە هەیە لەنێوان عێراق و تورکیا لەسەر پەکەکە؟ جێنین: وەکو گوتم، ئەمەیان ئاڵۆزترە. بەڵام لە دڵەوە ئومێد دەکەم عێراق و تورکیا ئەو رێچکەیە بگرنە بەر. بێستوون: ئایا ئەمە بەشێكە لە ئەجێندای یونامی رۆڵ ببینین لە ئاسانکاریکردن بۆ ئەو پرۆسەیە؟ جێنین: ئێمە ئامادەین و دڵخۆشیش دەبین بە ئەنجامدانی ئەو ئەرکە، بەڵام ئەوەش کاتێک دێتەدی کە هەردوو وڵات ئامادە بن. بێستوون: بەو شێوەیەی لەگەڵ ئێران و عێراق.. ئەم دۆسیەیە لەسەر مێزەکەتانە؟ جێنین: با چاوەڕێکەین و ببینین.. بێستوون: ئۆکەی، پرسیاری داهاتوو.. بەڵێ.. فەرموو.. بەڵێ، جەنابت.. خوێندکار: سڵاو، بەخێربێیت خاتوو جێنین... پرسیارەکەی من دەربارەی بەڕێز سەید عەلی حوسێن سیستانییە، لەگەڵ ئێوەی بەڕێز... ئەم بەڕێزە گەورەترین مەرجەعی شیعەکانە لە جیهاندا. لە ٢٠١١ ەوە لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی سیاسی کۆنەبووەتەوە. بەڵام دەبینین، زوو زوو لەگەڵ ئێوەی بەڕێز کۆدەبێتەوە. ئایا هۆکاری پشت ئەو کۆبوونەوانە چییە و لەو کۆبوونەوانەدا باسی چی دەکرێت؟ ئایا ئێمەی کورد و بەتایبەتی لەم سەردەمەدا و لەم چەند ساڵەی دواییدا، لە کوێی گفتوگۆی ئێوە و بەڕیز سیستانیداین؟ یەعنی کاتێک گفتوگۆ لەبارەی کوردەوە دەکرێن، ئایا کوردەکان لە گفتوگۆکانی ئێوەدا هەن یا نا؟ چونکە زۆر جاران راگەیاندنەکاندا بڵاودەکەنەوە، بەڵام نێوەڕۆکی بابەتەکان روون نییە بۆ هاوڵاتیان. پرسیارێکی دیکەش کە وەڵامی یەکێک لە بەڕێزەکانت داوە، ئەوە بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان عاسای سیحریی نییە. بەڵام ئەگەر ئێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان عاسای سیحریتان نەبێ، کێ عاسای سیحریی هەیە؟ گەورەترین زلهێزەکانی جیهان ئەندامی ئێوە، ئێوە خاوەنی ئەنجوومەنی ئاسایشن. ئەدی کێ، کوردەکان و حیزبەکان، کێ عاسای سیحریی هەیە؟ زۆر سوپاس.. بێستوون: رەنگە وەڵامەکە ئەوە بێت کە عاسای سیحری هەر نییە لە دنیادا. جێنین: با سەرەتا بە سەماحەتی ئایەتوڵا عەلی سیستانی دەستپێبکەم. بەداخەوە، هیچ کاتێک ناتوانم وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوانمان باسبکەم، لەبەردەم رایگشتی. لەبەر ئەوەی، ئەوە زیان بەو متمانە و پەیوەندییە دەگەیەنێت کە لە نێوانماندا هەیە، لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و سەماحەتی ئایەتوڵا. بەڵام ئەوەی کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە سەماحەتی ئایەتوڵا یەک ئاواتی هەیە، ئەوەش هەمان ئاواتە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیەتی. ئەوەش سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانییە بۆ عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئومێد دەکەم ئەم وەڵامە بەس بێت بۆ دڵنیابوونەوەتان. داوای لێبوردن دەکەم، ناتوانم لەبەردەم رایگشتی وردەکاریی زیاتر لەوە بدرکێنم. پرسیاری دووەم چی بوو؟ بێستوون: گوتی "ئەگەر ئێوە عاسای سیحریتان نەبێ، کێ هەیەتی؟" منیش پێم گوت رەنگە راستییەکە ئەوە بێت کە عاسای سیحری هەر نییە لە دنیادا. جێنین: راستە، عاسای سیحری هەر نییە. بەڵام دەتوانم بڵێم گەل ئەو سیحرەیە... هەرگیز توانای گەلی هیچ وڵاتێک بە کەم مەزانن. بێستوون: ئۆکەی، فەرموو.. ماردین: من ماردین خالیدە، لە بەسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسییەت. ئێوە لە ماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشداریتان داوەتە هەرێمی کوردستان لەڕووی لەنێوچوون یان هەڵوەشانەوە، هەروەها یەکنەگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە و کێشە نێوخۆییەکان. بەڵام بۆچی هۆشداری نادرێتە عێراق لەسەر برسیکردن و نەناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان؟ سوپاس.. جێنین: هۆشداریم داوە. ئەگەر بگەڕێیتەوە و تەماشای هەموو وتارەکانم بکەیت کە لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشم کردوون، لە چوار ساڵ و نیوی رابردوودا، ئەوە دەبینیت. بەس دەبێت ئەوە بزانیت کە نەتەوە یەکگرتووەکان لایەنگیری ناکات. ئێمە بێلایەنین. وەکو هاوبەشێکی بێلایەنی عێراقیش، دەتوانم پێت بڵێم، کە ناتوانم گوزارشت بکەم، چەندێک دۆخەکە خراپە و خراپتر دەبێت بۆ سەقامگیریی عێراق، ئەگەر کۆی کێشەکانی پەیوەندیدار بە بودجە بەتەواوەتی چارەسەر نەکرێت بە زووترین کات. بەڕاستی ئەمە ناکرێ... ئەمە وا ناڕوا... مامۆستاکانی ئێوە و خەڵکانی زۆری دیکەی و وەکو ئەوان چەندین مانگە مووچەیان وەنەگرتووە... خۆڕاگرییەکەیان نموونەییە، بەڵام ئەوە بابەتەکە نییە... بە کورتییەکەی ئێوە فەرمانبەری حکومەتن لە دەوڵەتی عێراقدا و پێویستە مووچەکانتان وەربگرن.. قسەکەم روونە، بێستوون؟ بێستوون: بۆ من روونە.. نازانم ئەگەر بۆ تۆش روون بێت؟ جێنین: بۆ تۆش روونە؟ هە؟ ئۆکەی، زۆر باشە.. لاڤین: بەناوی خودای گەورە. من لاڤین رەشید... بێستوون: وەرگێڕان! جێنین: بێگومان... لاڤین: خودای گەورە یاریدەیدەر بێت، ئەم ساڵ یەکەم قۆناخی زانکۆمە. خۆزگە یەک زمان دەبوویت، تا راستەوخۆ لە ئازارەکان و دڵ و دەروونمان تێگەشتبایت. ئوستاز، زۆر زۆر سوپاسی، یەعنی لەناخەوە سوپاسی جەنابتان دەکەین کە دوای دوو ساڵ ئومێدێک گەڕایەوە کە گەنجیش بوونی هەیە. بۆیە خولەکێکم پێ مەدە. ئازارەکانی ئێمە و کۆمەڵگە هێندە کەم نییە، تاکو من لە خولەکێکدا کورتی بکەمەوە. رێگەم بدە. بێستوون: باشە، بەس زۆر درێژی مەکەوە. لاڤین: ئۆکەی... باوکی من 33 ساڵ پێشمەرگە بووە. خزمەتی کوردستانی کردووە بە شانازییەوە. دوای 33 ساڵ خزمەتکردن، مافی ئەوەی هەبوو خانەنشین ببێت. بڕیاری دا خانەنشین ببێت و دواتر، من وەکو کچە پێشمەرگەیەک، بیرم کردەوە و گوتم "ئۆو، واو!" باوکی من کە خانەنشین دەبێت، کەمتر لە جاران ماندوو دەبێت، کەمتر لە جاران لێمان بەدوور دەبێت، نەمزانی هەموو ئەوانەی دەیکەم، تەنیا خەیاڵێکە. بۆ؟ لەبەر ئەوەی وەڵامی حکومەت و دەسەڵاتدار و بەرپرس بۆ باوکی من، بۆ هەموو ئەوانەی وەک باوکی من، ماوەی هەشت مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە. باشە. بەڕێزتان وەکو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق نا، جەنابی سەرۆکی هەرێم وەکو ئەرکەکەی نا، هەموو بەرپرس و دەسەڵاتدارەکان وەکو ئەرکەکەیان نا، وەکە ئەوەی یەک دڵۆپ ویژدان و مرۆڤایەتی لە ناختدا هەبێت، بڕیاربدە، ئایا ژیانکردن لە ماوەی هەشت مانگ بە چوار قوتابی زانکۆ و دوو قوتابیی قوتابخانەوە و خەرجییەکانی ژیان، ئایا چۆن دەکرێت بەبێ هەبوونی مووچە؟ باوکیشم نا، هەموو ئەوانەی وەکو باوکم. هەیە ناتوانێ... دەزانێ ئێستا باوکم لە کوێیە، لەپێناوی ئەوەی ئێمە داهاتوویەکمان هەبێ؟ لە شاخە، کشتوکاڵ دەکات. کەوایە، پرسیاری من بۆ بەڕێزتان: ئایا میلەتە داماو و قوڕبەسەرەکەی کورد، بڕیارە لەڕووی مووچەوە چی لێبەسەر بێ؟ تا کەی مانگێک مووچە دەدەن و دوای دوو مانگی دیکە بیردەکەنەوە، مووچەیەکی دیکە بنێرن؟ من وەکو کچە گەنجێک نا، وەکو مرۆڤێک داواتان لێدەکەم: مردن هەڵدەبژێرم، تەنیا پیربوون و سپیبوونی سەری باوکمم ناوێ، بەبێ ئەوەی تەمەنی بگاتە کاتی خۆی. نامەوێ رووخساری دایکم زووتر لە تەمەنی خۆی پیرببێ. ئێوە دەڵێن "کورد و عەرەب یەک نەتەوەیە و خوشک و براین و نازانم چی..." بۆ بۆت بسەلمێنم کە ئێمە ئێرە و ئاسمان لە یەک دوورین. بێستوون: دەزانی چی، لاڤین قسەکانت زۆر زۆر باش بوون. تەواوی کە.. لاڤین: ئۆکەی خەڵاس.. کۆتا قسەم.. عەرەبێک بهێنە کە لە خراپترین دۆخی داراییدا بێت، عەرەبێک کە زۆر خۆشەویستیشە لەلام، بیهێنە بزانە لە کوردستان خۆشترین ژیان دەکات [یان نا]؟ بەڵام کوردێک 250ی تەبعی پێ نییە بەرگێک بۆ منداڵەکەی بکڕێت. هیچی دیکەم نییە و شانازی دەکەم و شەرەفمەندیشم بەوەی کە کەسایەتییەکی وەکو بەڕیزت لێرە ئامادە بوو. زۆر زۆر بەخێربێیت، هەر ساخ و سەلامەت بیت. بێستوون: وەکو بەرپرسی یونامی پرسیارت لێناکات، وەکو مرۆڤێک پرسیارت لێدەکات. دەڵێ باوکی هەشت مانگ پێش ئێستا خانەنشین کراوە، دوای 33 ساڵ لە خزمەتی گشتی و.. جێنین: تێدەگەم... پێم گوتن کە من لێرە وەک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی [نەتەوە یەکگرتووەکان] قسە دەکەم، نەک وەکو خۆم. بەڵام، وەکو مرۆڤێک، وەکو مرۆڤێکی ئاسایی ئەگەر قسە بکەم... رەنگە کەمێک گران بێت بۆ من... بەڵام وەکو گوتم، هەم وەکو نوێنەری تایبەت و هەم وەکو مرۆڤێکیش دەیڵێمەوە: پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەهۆی کێشە پەیوەندیدارەکان بە بودجە لەنێوان بەغدا و هەولێر جێگەی قبووڵ نییە! من شەرم ناکەم لە گوتنی ئەم راستییە لەبەردەم رایگشتیدا. بەڵام ئومێد دەکەم، ئەوە بزانن کە مەسەلەکە ئەوە نییە بڵێیت هەمووی خەتای ئەو کەسانەیە کە لە بەغدا دانیشتوون، یان ئەوانەی لە شارێکی دیکە دانیشتوون لە عێراق یان ئەو عەرەبانەن دژی کوردن. مەسەلەکە ئەوەیە کە لەلایەک عێراقی فیدراڵ و لەلاکەی دیکە هەرێمی کوردستانت هەیە و لە هەردوولا کۆمەڵێک شت هەن پێویستە ئەنجامبدرێن، بۆ ئەوەی بتوانن بگەن بە رێکەوتنێکی درێژخایەن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەبەردەوامی رێگەچارەی بۆ پێشنیازکردوون، چوارچێوەی کار و نەخشەڕێگای بۆ پێشنیازکردوون. دوای هەژدە ساڵ، ئەمڕۆ دەتوانم پێت بڵێم کە بەشێکی کەم لەوانە بوون بە کردار. ئەمە ئەو داواکارییەیە کە جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە، لە وتارەکەشم لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیڵێمەوە (رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر،) ئەمە تەنیا شتە کە دەتوانم بیڵێم. وەکو مرۆڤێکیش، دڵگرانم، خەجاڵەتم و هەست بە شەرمەزاری دەکەم کە هەموو ئەم شتانە روودەدەن. بێستوون: مایکیشت پێویستە.. لاڤین: نا... هەموو مەبەست و ئامانجی من ئەوە بوو کە [بڵێم] بۆچی ئێمە سزایەک وەربگرین کە تاوانەکەیمان ئەنجام نەداوە؟ زیاترم ناوێ... بۆچی؟ لەکوێی دونیا بووە؟ زیاترم ناوێ... ئەو شتە بووە؟ لەکوێی دونیا بووە؟ زیاتر نا... زۆر سوپاس.. جێنین: حەبیبتی.. لێت تێدەگەم.. لێت تێدەگەم.. لە هەست و سۆزت و لە تووڕەییەکەشت تێدەگەم... ئەگەر منیش لەجێی تۆ بوومایە، هەر وەکو تۆ دەبووم... پێم وایە پێویستە رۆژێک لە رۆژان بیر لەوە بچیتە نێو سیاسەتەوە. بەڵام دەبینم ئەوە ئەو ئازارەیە کە دەیچێژیت بووەتە هۆی ئەو سۆزە قووڵەت کە ئێستا لەگەڵ من بەشی دەکەیت. نەخێر! خەڵکی کوردستان، خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێ سزا بدرێن... بەهیچ شێوەیەک. دەسەڵاتدارەکان، ئەکتەرە سیاسییەکان و بەرپرسە فەرمییەکان پێویستە سەربکەون بەسەر بێتواناییەکانیان بۆ ئەوەی بەتەواوەتی کۆتایی بەو مۆتەکەیە بێنن کە ئێخەی تۆ و باوکت و خەڵکانی دیکەی زۆریش گرتووە، لەم هەرێمەدا. بێستوون: بێ لەوە، لاڤین زۆر حەزی لە تۆپی پێیە و زۆر سەرکەوتووشە تیایدا. جێنین: زۆر باشە.. بێستوون: دوێنی بۆی باسکردم. ئا، ئەمەش دیاری ئەوە بۆ من... دوێنێ ئەو دیارییەی دا پێم تا ئەمڕۆ منیش هەڵیسێنم بۆ پرسیارکرد و ئەویش ئەمە بکا کە کردی... زیرەکە! جێنین: ئەوەی کە کردتت راست بوو... تۆ راستەکەت کرد... دەزانی بۆ؟ لەبەر ئەوەی هەندێک جار سیاسییەکان شتێک لەبیردەکەن، منیش جاران کە سیاسی بووم، ساڵانی رابردوو... ئێستا وەکو مرۆڤێک قسە دەکەم، نەک وەکو نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان. منیش ساڵانێک لە سیاسەتدا بووم و یەکێک لەو شتانەی تێبینیم دەکرد ئەو کاتە، ئەوە بوو کە زۆر جار لە دیبەیتی سیاسیدا هەست و سۆز غایبن، هەست و سۆزی راستەقینەی مرۆڤ... ئەو هەست و سۆزەی کاتێک خەڵک گوێی لە قسەکانت دەبێ، هەستت پێدەکات. ئەوەی کە تۆ ئێستا کردت، رێک ئەوە بوو و من لەڕادەبەدەر شانازی دەکەم بەو ئاڵوگۆڕی هەست و سۆزەی لەگەڵ تۆ کردم.. بێستوون: دوو گروپ میوانی تایبەتمان هەیە. کاک ئارۆ دانا لێرەیە، لەگەڵ سەنتەری رۆشنبیریی سۆرانیش لێرەن، لەکوێدان سەنتەری رۆشنبیریی سۆران؟ دەتوانم بتانبینم؟ هەه، لەوێدان... بۆچی وا خۆتان شاردووەتەوە؟ کوا کاک رێژیار کوا؟ ئێستا دەمەوێت مایکەکە بدەم بە ئارۆ. ئارۆ دانا. ئارۆ زۆر ناسراوە لە هەرێمی کوردستان، تەنانەت لە عێراقیش. جێنین: ئۆوو.. بێستوون: ناسراوە بۆ توانا لەڕادەبەدەرەکانی لەبواری تەکنەلۆژیادا. ئارۆ ئەو کەسە بوو کە زمانی کوردیی سۆرانیی خستە گووگڵەوە. ئەمڕۆ لەسەر دەعوەتی خۆمان لێرەیە. ئارۆ: سوپاس کاک بێستوون بۆ ئەو ناساندنە. جێنین: دەتوانم سەرەتا من پرسیارێک بکەم؟ ئارۆ: بەڵێ. جێنین: ئێستا من لە هەوڵی ئەوەدام ئاپێک یان بەرنامەیەکی ئۆنلاین بدۆزمەوە بۆ فێربوونی زمانی کوردی. بێگومان ئاسان نییە... لەبەر ئەوەی، یەکەمیان زمانێکی یەکگرتوو نییە. دووەمیشیان ئەوەیە کە هیچ ئاپێک یان پلاتفۆرمێک نییە کە شتی بنچینەیی تیادا بێت بۆ من و کەسانی وەکو من تا فێر ببین. ئایا هیچ شتێکت لە خەیاڵدایە بۆم پێشنیاز بکەیت؟ ئارۆ: باشترین بژاردە کە ئێستا هەبێت گووگڵ ترانسلەیتە، کە وەرگێڕان لە هەموو زمانەکانەوە بۆ کوردی سۆرانی دابیندەکات و رۆژانە بەرەوپێش دەبرێت. بەبەردەوامی لەلایەن مامۆستایانی زمان و پرۆفیسۆر و خوێندکاران و پسپۆڕانی زمانەوە چێک دەکرێتەوە. جێنین: بەڵام ئایا ئەوە؟.. بێستوون: رێکلام بۆ کارەکەی خۆت مەکە! کۆرسێکی زمانی کوردیی بۆ بدۆزەرەوە. جێنین: ئایا ئەوە فێری کوردیم دەکات؟ ئایا پلاتفۆرمێکە بۆ فێربوونی زمان یان تەنیا بۆ وەرگێڕانە؟ ئارۆ: لەسەر کۆرسی زمانی کوردی، هیچ زانیارییەکم نییە لەسەر ئەوە! جێنین: ئۆکەی، ئێستا کێشە نییە. بەڵام دواتر یارمەتیم بدە. بۆم بدۆزەرەوە. زۆر گرانە دۆزینەوەی و ئەگەر بتانەوێ زمانی کوردی بڵاوبکەنەوە، پێویستتان بەوە دەبێت. ئارۆ: بێگومان وایە! ماوەیەک پێش ئێستا، زانکۆی هارڤارد کۆرسی زمانی کوردی کردەوە، وەکو یەکێک لە کۆرسە بژاردەکان کە خوێندکاران دەتوانن وەریبگرن. جێنین: زۆر باشە، بەڵام ئێستا من کاتم نییە بچم بۆ هارڤارد. ئارۆ: ئەوە تەنیا بژاردەیەکە... بێستوون: رازیت بەوەی لە ئوترێخت فێری بوویت. جێنین: لێرەم لە عێراق دەژیم... ئۆکەی... سەکۆکە هی تۆیە ئێستا... بێستوون: ئەوە ئیلۆن مەسکی داهاتووە... لە کوردستانەوە.. ئارۆ: با سەلامێک لە ئیڵۆن بکەم، دڵنیام تەماشای ئەم بەرنامەیە دەکات بەهۆی کاک بێستوون و خاتوو جێنینەوە. دەمەوێت سڵاو لە ئیڵۆن بکەم و لێی بپرسم پرۆژەی نیرۆلینگ چۆن دەڕوا؟ ئاگادارم کە تێست لەسەر مێشکی مرۆڤ دەکەن. ئایا پلانتان هەیە ئەو پرۆژەیە بگاتە عێراقیش؟ لەبەر ئەوەی 10 ساڵی دیکە، کاتێک من 26 ساڵ دەبم، پێویست دەبێت سەردانێکی کوردستان بکەیت، چونکە سیلیکۆن ڤالێی داهاتوو لێرە دەبێت. جێنین: یێی... بێستوون: ئەی هیچ پرسیارێکت نییە بۆ جێنین؟ هەمووی بۆ ئیلۆن مەسکە؟ ئارۆ: یەک پرسیاریشم هەیە بۆ خاتوو جێنین. پێش هەموو شتێک بەخێربێیت. دەمەوێت ئەوەت لێبپرسم کە ئایا یونامی چۆن دەتوانێ هاوکاریی گەنجانی کورد بکات کە لە بواری تەکنۆلۆژیادا کاردەکەن یان حەز دەکەن لەو بوارەدا کاربکەن و دەیانەوێت کوردستان وەرچەرخێنن بۆ سیلیکۆن ڤالێی داهاتوو؟ چۆن دەتوانن یارمەتیمان بدەن لەوەدا؟ جێنین: لەڕاستیدا ئەوە شتێکە کە یونامی نایکات... نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک زۆر بەرنامەی هەیە و فەندیشی هەیە. ئەگەر پەیوەندیدار بێت بە دامەزراندنی کۆمپانیای تەکنۆلۆژیا و ستارتئەپ ئەوانە هەن. ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی بزانین چی هەبێت بتوانین بیکەین، هاوکار بین تیایدا. بەڵام ئەوە ئەرکی سەرشانی حکومەتە بۆ ئەوەی کارەکانتان بەرەوپێش بەرێت. ئەوە ئەوانن کە دەبێ ژینگەیەکی دروستتان بۆ فەرهەم بهێنن بۆ دەستپێکردنی پرۆژە و دامەزراندنی کار و کۆمپانیا نەک نەتەوە یەکگرتووەکان. راستە نەتەوە یەکگرتووەکان لێرەیە و رۆڵێک دەگێڕێت، ئەوەش بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی لە 20 ساڵی رابردوودا هەبوون. بەڵام من لە ناخی دڵمەوە ئومێد دەکەم ئەو رۆژە ببینم کە هیچ رۆڵێک نەماوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان تا بیگێڕێ لە عێراقدا. کەوابوو، بەتەواوەتی ئەرکی سەرشانی حکومەتەکانی خۆتانە کە ئەو ژینگە درووستە فەراهەمبکەن و ئامێزبگرنەوە بۆ ئەو دەستپێشخەرییانە. ئۆکەی؟ ئارۆ: زۆر سوپاس، و زۆر سوپاس کاک بێستوون. بێستوون: ئارۆ خوێندکاری ئەو دواناوەندییەیە کە من لێم دەخوێند... تەماشاکەن خەڵک دەبێ بە چی و من لەکوێم؟ ئۆکەی... کێی دیکە؟ با بچمە ئەولاوە. لەبەر ئەم پایەیە، کەس نابینم لەمدیو. ئۆکەی... بۆی مافی ئەو خەڵکە نەخۆین... بەڵێ خوێندکار: بەخێرهاتنت دەکەم بۆ زانکۆی سۆران. من قوتابییەکی زانکۆی سۆرانم. پرسیارەکەم سەبارەت بە داهاتووی هەرێمی کوردستانە. ئێمە دەزانین کە هەرێمی کوردستان ئابووریی سەربەخۆی نەماوە و نەوتەکەی رادەستی بەغدا کراوە، بەڵام بەغدا بودجە و مووچە و شایستە داراییەکان وەک پێویست نانێرێت. هەر جارەو بیانوو و ئاستەنگێک درووستدەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی چییە لەو نێوەندەدا؟ ئایا داهاتووی ئابووریی هەرێم هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت؟ زۆر سوپاس. بێستوون: ئەم پرسیارە دووبارەیە... تکایە هەمان پرسیارەکان دووبارە مەکەنەوە... دەزانم زۆربەتان هەمان پرسیارتان هەیە... بەڵام دەکرێ لایەنێکی ئەم پرسیارە هەبێت کە بتەوێ وەڵامی بدەیتەوە، ئەویش دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتە لەڕێگەی تورکیاوە. جێنین: ئێمە هەموومان چاوەڕێی ئەوەین هەناردەکردنی نەوت لەڕێگای تورکیاوە دەستپێبکاتەوە. من ئاگادارم کە هەردوو، عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەست لەنێو دەست کاردەکەن لەو پێناوەدا، لەبەر ئەوەی ئەمە خاڵێکی بنچینەییە بۆ هەرێمی کوردستان، تا بتوانێت ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێبکات لە چوارچێوەی رێکەوتنی بودجەدا لەگەڵ بەغدا. بێستوون: تکایە پرسیاری دووبارە مەکەنەوە. ئەگەر هاوڕێیەکتان پرسیارەکەی ئێوەی کردووە، بەجێی بهێڵن، وازی لێبهێنن. ئۆکەی، بەڵێ. زەکەریا: ناوم زەکەریایە، قوتابیی قۆناخی دووەمی بەشی یاسام لە زانکۆی سۆران. سێ پرسیارم هەیە. بێستوون: دەیبینی؟ جێنین: بەڵێ ئێستا دەیبنم.. زەکەریا: پرسیاری یەکەمم، بەڕای تۆ لەسەر چ بنەمایەک ئەو پێنج وڵاتە زلهێزە کە ئەمریکا و رووسیا و فەرەنسا و بەریتانیا و چینن بوونەتە ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایش؟ بۆچی هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەندامی هەمیشەیی نییە لەم ئەنجوومەنەدا؟ پرسیاری دووەمم، ئێوە بە دەیان جار بەیاننامەتان دەرکردووە لەسەر دۆخی ئۆکرانیا و رووسیا، بەڵام بۆچی؟ چەند جار کردووتانە لەسەر کوردستان و عێراق کە چەندەها جار سەروەریی مە پێشێل کراوە و خەڵکی مەدەنی کراوەتە ئامانج، لەلایەن وڵاتێکی زلهێزەوە؟ بۆچی راستەوخۆ پشتیگیریی ئۆکراینا دەکەن دژی رووسیا، بەڵام پشتگیریی کوردستان ناکەن دژی وڵاتێکی وەکو تورکیا و ئێران؟ کۆتا پرسیارم سەبارەت بە پرسی ژینگەیە. بەداخەوە ئێمە یەکێکین لەو وڵاتانەی کە ژینگەمان بووەتە قوربانی داگیرکاریی بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا. ئێوەش یەکێک لە ئامانجەکانتان گرینگیدانە بە بواری ژینگە. دەتوانی بە داتا پێم بڵێیت ماوەی ئەو چەند ساڵەی لە عێراقن چیتان کردووە بۆ ژینگە پارێزیی کوردستان و عێراق؟ زۆر سوپاس. بێستوون: ئۆکەی... و تکایە لە ئێستا بەدواوە یەکی یەک پرسیار.. جێنین: تەماشا کە، تۆ قسە لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتی دەکەیت تەنیا بۆ عێراق، قسە لەگەڵ ئەنجموونی ئاسایش ناکەیت. پێم خۆش دەبێت گفتوگۆ لەسەر بابەتی رووسیا و ئۆکراینا بکەین، بەڵام ئەوە دەمانباتە دەرەوەی بابەتەکەی ئەمڕۆمان. دڵنیام کە وەرگێڕانەکە زۆر باشە، بەڵام هێشتا گرانە بۆ من لە قسەکەت تێبگەم... باسی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەندامەکانی دەکەیت، لەو حاڵەتەدا ناچارم دەعوەتت بکەم بۆ ئەوەی کەمێک بخوێنیتەوە لەسەر مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەچاوی خۆت ببینیت کە چۆن درووست بووە. دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ رووداوەکانی جەنگی جیهانیی دووەم لە ئەوروپا. ئەوەشت بیر بێت کە عێراق بۆ خۆی یەکێک بووە لە ئەندامانی بنیادنەری نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەگەر پرسیارەکەت لەسەر ئەوەیە کە بۆچی ئەو پێنج وڵاتە ئەندامی هەمیشەیین، بێگومان ئەوە هۆکاری خۆی هەیە، کە بە خوێندنەوەی مێژوو لەو هۆکارە تێدەگەیت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئایا ئێستا کۆی ئەو سیستمە رووبەڕووی ئاڵنگاری نەبووەتەوە؟ بەڵێ رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە! بێجگە لەوەش ئەوە بزانە کە بێ لە ئەندامە هەمیشەییەکان، ئەندامی کاتیشمان هەن کە وڵاتانی ناوچەکەشی تیادایە و دەکرێ عێراقیش خواستی ئەوەی هەبێت ببێت بە ئەندامی کاتیی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەویش دەتوانێت ببێ. راستە چەند دەیەی رابردوو باشترین کاتەکان نەبوون بۆ عێراق بۆ ئەوەی ببێ بە ئەندامی کاتیی ئەنجوومەنی ئاسایش. بەڵام ئێستەودوا بۆ نا؟ بۆ نموونە ئێستا ئیمارات ئەندامە. وڵاتانی دیکەش دەتوانن ببن بە ئەندام. فەرموو، هۆڵەندا ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە. لەبەر ئەوە هانت دەدەم کەمێک زیاتر مێژوو بخوێنیتەوە. هاوکات زانیاریش کۆکەیتەوە لەسەر پێکهاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەدەر لەوەش، لەسەر رووسیا و ئۆکراینا، با من هیچ لەسەر خودی پێکدادانەکە نەڵێم، بەڵام ئەگەر دەتەوێ بڵێیت، ماوەیەکە هەموو سەرنجەکان چوونەتە سەر رووسیا و ئۆکراینا، لەکاتێکدا کە چەندین شوێنی دیکە و ناوچەی گەرم هەن لە جیهاندا و پێویستییان بە سەرنجی ئێمەومانان هەیە، ئەگەر ئەمە پەیامەکە، بەڵێ منیش لەگەڵتدام. بێستوون: ئۆکەی... فەرموو.. ئارەزوو: بەخێربێیت بۆ شارەکەمان و بەخێربێیت بۆ زانکۆی سۆران. هەموومان خۆشحاڵین بە بینینی تۆ لێرە. پرسیارێکم هەیە. بۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت پارێزگاری لەو نەتەوانە بکات کە دەوڵەتیان نییە، بۆ نموونە نەتەوەی کورد؟ زۆر سوپاس... جێنین: خۆزگە بمتوانیایە وەڵامی تەواوت بدەمەوە... بەڵام دووبارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژوو. دەبێت باسی ئەو وڵاتانە بکەین کە پەیمانیان دا و دوایی پەیمانەکان نەبرانە سەر. دەزانم ئەوە چەند گرانە... وابزانم پێویست دەکا پێکەوە قاوەیەک بخۆینەوە بۆ ئەوەی باسی ئەوە بکەین. وابزانم خۆشت وەڵامی پرسیارەکە دەزانیت، بەڵام دەتەوێ بە دەنگی من گوێت لێبێ... ناتوانم ئەو وەڵامەت بدەمەوە... دەزانم ئەو پەیامە چییە کە دەتەوێ بیگەیەنیت. بەڵام با من هەر بگەڕێمەوە بۆ ئەو قسەیەی خۆم کە پێشتر کردم. لێرە لە باکووری عێراق زۆر دەستکەوتتان بەدەستهێناوە. باسی ئەوە دەکەم کە بوونەتە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ. با ئەوەشمان هەرگیز لەبیر نەچی کە لەدەستدانی ئەو دەستکەوتانە زۆر ئاسانە. ئێستا ئێوە لەو دووڕیانەدان. دووڕیانێکی ئاسان نییە. شەڕ بکەن لەپێناوی ئەو دەستکەوتانەدا کە هەتانە، تکایە.. بێستوون: ئەو، بەڵێ، فەرموو.. محەممەد: ئێوارەتان باش، من محەممەد سدیق، قوتابیم لە زانکۆی سۆران، بەشی کۆمەڵناسی، قۆناخی چوارەم. پرسیارەکەی من لەسەر جینۆساید و ئەنفالکردنی کوردە. ئێمە ئەگەر سەیری بکەین لە رابردوودا، جینۆسایدی کورد، لەلایەن رژێمی بەعسەوە بەسەرمان کراوە. ئێوە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان چیتان کردووە بۆ جینۆسایدی کورد، بۆ هەوڵدان بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد؟ بۆچی تا ئێستا بە جیهانتان نەناساندووە؟ خۆ جینۆسایدی کورد هیچی کەمتر نییە لە جینۆسایدەکانی دیکە کە ناسێندراون. بێستوون: ئۆکەی، پرسیارەکەت گەشت... کات زۆر کەم ماوە. 30 خولەک ماوە، با هیچ نەبێ 10 خوێندکاری دیکەش پرسیار بکەن. وا نییە؟ جێنین: بەڵێ، ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. لەبەر ئەوەی، وا بزانم ساڵی رابردوو بوو، گوتارێکم پێشکەشکرد لێرە لە هەولێر لەسەر ئەنفال و کارەساتەکانی دیکە. سەبارەت بە هەڵمەتی ئەنفال کە جینۆساید بوو، دووبارە ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ مێژوو، دەبینیت کە دادگایی کردنی سەدام دەرفەتێک بوو کە لەدەستچوو. ئێمە ئێستا لێرە هێشتا هەوڵدەدەین بۆ بەدەستهێنانی ئەو ناساندنە. من لێرە لە کوردستان پەیمانم دا بە یەکێک لە سەرکردەکان کە شەڕبکەم لەپێناوی ناساندنی ئەنفال وەکو جینۆساید، ئەگەر لەم پۆستەدا بم کە ئێستا هەمە یان دواتریش لە هەر شوێنێکی دیکە بم. کەوابوو، لەگەڵتام و لەگەڵ هەموو قسەکانتام. بێستوون: دێمە کوێ؟ دێمە ئێرە... نا، ئەو کوڕە، کوڕەکە جارێ... دەستخۆش... بەهزاد: بەهزاد محەممەد... بێستوون: بەهزاد هەستە سەر پێ با بتبینین. بەهزاد: بەڕاستی ئێمە داخێکمان لە دڵدایە و بەڕاستی داخی دڵی گشت کوردێکە. وا بزانم لێرەش ئەو شتەت ئاگا لێبوو. رەنگ بێ بێزاریش بووبێتیت کە زۆر دووبارە بووەوە، ئەوەش پرسی سەربەخۆیی کوردە. بەڕێز پلاسخارت، بیانوو دەهاتەوە کە گوایە کاتەکە گونجاو نەبوو. باشە بەڕای ئێوە، ئەگەر تەماشای هەر چوار وڵاتی دراوسێمان بکەیت، ئێران گەمارۆی لەسەر بوو، عێراق لە لاوازیدا بوو، ئەوەی کە هەبوو، تەنیا تورکیا بوو لە کاتی ریفراندۆمەکە، ئەویش کێشەی هەبوو لەگەڵ ئەوروپا. لەو باوەڕەدا نین کە ئەوە هەنجەتێک بووبێت بۆ ئەوەی ئێوە بڵێن لەگەڵ ریفراندۆم نەبووین. یان ئەگەر بڵێن سەرکردەکانتان خراپ بوون، ئەدی بۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی باشووری سوودانیان کرد، پاڵپشتیی ئێمەیان نەکرد؟ خۆ پێش ساڵی 2016 بینیمان چ ئابڕوچوونێکیان بەیەکدی کرد. خۆ لەنێو کورددا ئەوە نەبووە. من تۆ زۆر بە دۆستی کورد دەزانم و لە یەکێک لە قسەکانیشتدا باسی ئەوە دەکەیت، دەڵێیت "دۆست ئەوەیە بتگرێنێ" دەمانەوێت بمانگرێینی بەڵام پێمان بڵێیت ئەو برینە چییە کە لە کورددا هەیە نەیتوانیوە ببێت بە دەوڵەت؟ پێمان بڵێ بە راشکاوی. زۆریش دەزانم کە راشکاویت، بەڵام دەکرێت راستەوخۆ ئەو پرسیارەت ئاراستە نەکرابێت کە برینی ئێمەی کورد لە کوێدایە کە ناتوانین [ببین بە دەوڵەت]؟ ئەوە سەدەیەکە لەژێر ژێردەستەیی و چەوساندنەوەداین، بە ئەنفال و کیمیابارانکردنەوە هەموو دەردەسەرییەکمان دیوە. دەمانەوێ برینەکەمان پێ بڵێی، تا چارەسەری بکەین و کاری لەسەر بکەین و وەکو هەموو گەلێکی دنیا ببین بە دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆمان بەدەستبهێنین. زۆر زۆر سوپاس، یاخوا بەخێربێیت. جێنین: گەلێک سوپاس. هەست و سۆزە گەرمەکەتم زۆر بەدڵە. لەبەرئەوە تۆش رەنگە پێویست بکات، رۆژێک لە رۆژان، بچیتە سیاسەتەوە. بەڵام، لەگەڵ رێزمدا، سێ جاران هەوڵمدا وەڵامی ئەم پرسیارە بە سێ شێوازی جیاواز بدەمەوە. ئەگەر باس لە کوردستان بکەین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، و پرسیار لەو هۆکارانە بکەین کە بۆچی ئەوە نەهاتە دی، دەبێت دووبارە بگەڕێینەوە بۆ مێژوو. دەبێت باسی ئەو پەیمانانە بکەین کە ئەورۆژ پێدان دران، ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان نەبوو کە ئەو پەیمانانەی دا، ئەوە من نەبووم کە ئەو پەیمانانەم دا، بەڵکو خەڵکانی دیکە بوون ئەو پەیمانانەیان دا و نەیانبردە سەر. ئێوە باجی ئەوە دەدەن... تا ئەمڕۆ باجی ئەوە دەدەن. دەتوانین دانیشین باسی ئەوە بکەین کە بۆچی 2017 ئەوە نەهاتە دی، دەتوانین دانیشین باسی ئەوە بکەین بۆچی کاتەکەی گونجاو نەبوو. بۆچی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کاتەکەی بەلاوە گونجاو نەبوو. تەنیا تورکیا نەبوو ئەوەی ناڕازی بوو. ئەگەر هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشت دەوێ، دەبێ باڵیۆزی ئەمریکا داوەت بکەیت. ئەگەر ئێمە، ئەگەر ئێمە سەرنج بخەینە سەر ئەو دەستکەوتانەی لێرە لە باکووری عێراق بەدەستتان هێناوە، ئەو نیمچە سسەربەخۆییەی کە هەتانە، ئەوە شتێکە کە هەرگیز تەسەورت نەدەکرد. بەڵام باوەڕکە ئەم دەستکەوتەی ئێرە زۆر زۆر گەورەیە، کاتێک بەراوردی دەکەیت بە کورد لە وڵاتەکانی دیکە. من ناڵێم بێوێنە و بێهاوتایە، نەمگوتووە هاوسۆزیم نییە بۆتان، بەڵام بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی تۆ دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ نزیکی سەدەیەک پێش ئێستا. بەداخەوە، ئەوەش شتێک نییە کە من ئەمڕۆ بتوانم بیگۆڕم. دووبارەی دەکەمەوە. زۆر ئاسانە چاو ببڕیتە ئەو شتانەی کە تا ئێستا بەدەستت نەهێناوە، بەڵام ئەوە بزانن کە تا ئێستا زۆرتان بەدەستهێناوە و دەستکەوتەکانیان کەم نین. لەبەر ئەوە زۆر شتتان هەیە لەدەستی بدەن. سەرەتا بەوە دەستپێبکەن کە پارێزگاری لە دەستکەوتەکانتان بکەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر سەرکەوتوو نەبن لە پاراستنی ئەو دەستکەوتانە، ئەوانیش لەدەست دەدەدن. بێستوون: ئۆکەی.. فەرموو... جێنین: دەزانم ئەمە ئەو وەڵامە نییە کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێی... دەزانم.. بەڵام ئەوە ئەو وەڵامە راستگۆیانەیەیە کە من دەتوانم لە دڵەوە بیدەمەوە بەرامبەر بەو هەست و سۆزە قوڵەی کە تۆ هەتە. ئۆکەی؟ دێرسیم: ناڤێ من دێرسیم محەممەدە. ئەز خوێندکارا زانستا کیمیایێمە ل زانکۆیا سۆران. وەکو بخۆ ئاگاداری، ل دواین کۆبوونەوا کۆمەڵەیا گشتییا نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وڵاتێت وەکی ئیسرائیل و سعودیە رایانگەیاند کو زۆر نزیکن ل واژوکرانا رێکەفتنناما ئاشتی و ئاساییکردنەڤەیا پەیوەندییەکانیان. ئایا ب رایا تە، عێراقژی وەکی دەوڵەتێت عەرەبییت دیکە دێتوانیتن ببیتە یێکێ لوان وڵاتێت عەرەبی رێککەوتننامەیا ئاشتی لگەڵ ئیسرائیل واژو کەت و دۆخەکە ئاسایی بکەتەوە؟ تو وەکی نوێنەرا تایبەتییا سکرتێرا گشتییا نەتەوە یەکگرتووەکان، ئایا تو پاڵپشتیا وێ دۆخێ دێکەی؟ و هەڵوێستا تە دێ چ بیتن بەرامبەر وێ رێکەوتنێ؟ زۆر سوپاس.. جێنین: پرسیارێکی باشە، بەڵام من هیچ ئاماژەیەک نابینم کە لە داهاتووی نزیکدا شتی وا رووبدات. بێگومان ئێمە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبین لەسەر هاندانی وڵاتان بۆ بنیادنانی پەیوەندیی دیپلۆماسی، گرنگ نییە چەند گران بێ. بەڵام ئەمەی تۆ پرسیاری لەسەر دەکەیت، بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە و من بە هیچ شێوەیەک پێشبینی ناکەم لە داهاتوویەکی نزیکدا شتی وا رووبدات. بێستوون: فەرموو... ئەو، سمێڵەکە... زۆر ستایلشە... جێنین: دەدرەوشێتەوە.. شێردڵ: زۆر باشە، سڵاو خاتوو جێنین پلاسخارت. زۆر بەخێرهاتن بۆ ئێرە. من شێردڵ چەتۆ رەسووڵ. من خوێندکارم لە زانکۆی سۆران، لە بەشی زمانی ئینگلیزی. من پرسیارێکم هەیە، بەڵام خۆشبەختانە پرسیارەکەم وەڵامیشی هەیە. سوپاس بۆ خودا. لەبەر ئەوە کۆمێنتێکیشم هەیە. دەمەوێ دیدگەی بەڕێزت بزانم لەسەر هاوڕەگەزخوازی. پێت وانییە هاوڕەگەزخوازی دەبێتە هۆکاری لەناوبردنی یەکێک لە پایە گرنگەکانی کۆمەڵگە؟ دەبێ ئەوەمان لەیاد بێ کە کۆمەڵگەیەکی تەندروست تەنیا لەڕێگەی بنیادنانی خێزانێکی تەندروستەوە بەدیدێ. زۆر سوپاست دەکەم. جێنین: پرسیارەکەی چی بوو بە دیاریکراوی؟ بێستوون: ناوت چی بوو؟ ناوت چی بوو؟ شێردڵ: ناوم شێردڵ چەتۆ رەسوڵە. پرسیارەکەشم.. بێستوون: چی؟ شێردڵ: شێردڵ چەتۆ رەسووڵ. بێستوون: شێردڵ... ئەها.. شێردڵ: بەڵێ... جێنین: بەس پرسیارەکەت چییە، بەدیاریکراوی؟ شێردڵ: دەمەوێت دیدگەی تۆ بزانم لەبارەی هاوڕەگەزخوازییەوە. سوپاس.. جێنین: لە چ چوارچێوەیەکدا؟ شێردڵ: تەنیا پێم بڵێ، چ مانایەکی هەیە بۆ تۆ؟ وەکو ژنێک، وەکو.. جێنین: من نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیم... بەس دەمەوێ بزانم.. شێردڵ: کەوابوو؟ جێنین: مەبەستم ئەوەیە کە ناتوانم وەکو ژنێک وەڵامت بدەمەوە.. دەبێت کەمێک چوارچێوە و سیاقم پێ بڵێیت، مەبەستت چییە؟ شێردڵ: تەنیا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە هاوڕەگەزخوازی کاریگەری لەسەر خێزان دەبێت لە کۆمەڵگەدا. دەبێتە هۆی داڕمانی یەکێک لە گرنگترین پایەکانی کۆمەڵگە کە خێزانە. لەبەر ئەوەی هەرگیز ناتوانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستت هەبێ، هەتا... جێنین: ئۆکەی، بۆیە پرسیارم لێکردیت. کەوابوو، بۆچوونی تۆ وایە کە هاوڕەگەزخوازی دەبێتە مەترسییەک بۆ سەر ژیانی خێزان؟ شێردڵ: ببوورە؟ جێنین: تۆ پێتوایە کە دەبێتە مەترسییەک بۆ سەر ژیانی خێزان؟ شێردڵ: بەڵێ، بێگومان. دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر مرۆڤایەتی و بۆ سەر کۆمەڵگەش. جێنین: ئۆکەی، من پێم وایە.. شێردڵ: زۆر سوپاس. جێنین: من پێم وایە کە یەکسانی و مافی ژیان بۆ هەموو کەسێکە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە تۆ پیاوێکت خۆشدەوێ یان ژنێک. رێگە بدەن بە خەڵک، با هەبن. رێگەیان پێ بدەن. ئەگەر رێگەیان پێبدەن هەبن، نابن بە هەرەشەیەک نە بۆ سەر تۆ نە بۆ سەر خێزانەکەت. شێردڵ: زۆر پێزانینم هەیە بۆت. بێستوون: دوایین 20 خولەک... 20 خولەکمان ماوە.. جێنین: پێنج خولەک. بێستوون: چی؟ جێنین: پێنج خولەک. بێستوون: پێنج خولەک؟ جێنین: تیمەکەم دەڵێن پێنج خولەک. بێستوون: ئەی هاوار... باشە، ئێرە... کچە جل سوورەکە. ئیمان: من ئیمان میعاد، قوتابیم لە بەشی یاسا. پرسیارەکەم ئەوەیە: ئایا تۆ بەگشتی رات چییە لەسەر دادگەی فیدراڵی؟ ئایا تۆ تا چەند بێلایەنی دەبینیت لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، بەتایبەتی لەو بڕیارانەیدا کە پەیوەندیدارن بە پرسی کوردەوە؟ سوپاس. جێنین: زۆر باش لە پرسیارەکەت تێدەگەم. بەڵام من هیچ کۆمێنتێک نادەم لەسەر بێلایەنی و سەربەخۆیی دادگەی باڵای فیدراڵی. پێم وایە دەبێت ئەو بڕیارانەی دادگەی باڵای فیدراڵی دەریان دەکات بە شێوەیەک بن، کەس نەتوانێ تانەیان لێبدات... تەماشاکە! لە کەش و دۆخێکی سیاسیی ئاساییدا هەرگیز تووشی ئەمە نابیت. بەڵام لە کاتێکدا کە لایەنە سیاسییەکان بۆ پرسی سیاسی پەنا دەبەن بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمە ئەنجامەکەی دەبێت. کەوابوو ئەگەر ئێوە سیاسییەکانتان، دامودەزگە فەرمییەکانتان و سەرکردەکانتان بتوانن بۆخۆیان یاساکان دەرکەن و بڕیار لەسەر چارەسەری کێشەکان بدەن، لەو کاتەدا پێویستیتان بەوە نابێت هەموو شتێک بەرنە بەردەم دادگە. خۆت دەزانی ئەو دۆخە ئێستا کاریگەریی پێچەوانەی درووست کردووە. دادگاکە زۆر جار تووشی فشار دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی کەیسی زۆریان دەچێتە بەردەم، و ئەوان پێویستە بڕیار لەسەر ئەو کەیسانە بدەن. لێرەدا دووبارە ئەوە دەبینینەوە کە باشتر وایە بۆ سیاسییەکان خۆیان کاربکەن و بگەنە ئەنجام، لەبری ئەوەی چاوەڕێ بکەن دادگەیەک بڕیاریان بۆ بدات. بێستوون: ئۆکەی، ئە لێرە.. نەستەرەن: ئێوارەتان باش. خۆشحاڵین بە ئامادەبوونتان لێرە. من ناوم نەستەرەنە. ساڵی 2003 لەدایکبووم، حەوت مانگ دوای شەڕی ئەمریکا. کاتێک خوێندکاری پۆلی یەکەم بووم، رۆژێکیان پۆلەکەمم لێ تێک چوو. زۆر گەڕام، بەڵام بۆم نەدۆزرایەوە. کەسیش لەوێ نەبوو رزگارم کات و بمباتە پۆلەکەی خۆم. ئیدی خۆم بڕیارم دا کە ژوور بە ژوور بگەڕێم، تا پۆلەکەی خۆم دەدۆزمەوە. ئەو رۆژە وانەیەک فێربووم... فێربووم کە خۆم قارەمانی خۆم بم. خۆم رزگارکەری خۆم بم. لەبەر ئەوە دەمەوێت لە دڵەوە داوات لێبکەم کە ئامۆژگاریمان بدەیتێ، بە من و هەموو ژنە گەنجەکانی ئێرە، بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ بێنە جێگەکەی تۆ، یان ببن بە سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق. زۆر سوپاس. جێنین: واو! پێش هەموو شتێک، هەرگیز شەرم مەکەن لە دەربڕینی ئاواتەکانتان. تۆ ئەو شەرمەت نەبوو. تۆش نەتبوو. ئێستا تۆش پێشانت داین کە ئەو شەرمەت نییە. تەنانەت ئەگەر ئاواتەکانت شەخسین و بۆ خێزانەکەی خۆتن، یان دەربارەی بابەتی دیکەن کە تۆ خاوەنی هەست و سۆزیت بۆیان. دەزانی هەندێک کەس وا بیردەکەنەوە... تەماشاکە، کە من منداڵ بووم، دایکم هەمیشە پێی دەگوتم "ئەگەر بتوانیت خەون بە شتێکەوە ببینیت، دەتوانیت ئەو شتە بهێنیتە دی." دەبێ ئەمە بکەیت بە ئەڵقە و بیکەیتە گوێت. دەبێت هەمیشە بزانیت چیت دەوێ، هەمیشە لە بیرت بێ و ئەگەر توانیت خەونی پێوە ببینیت، ئەوە دڵنیابە ئەو خەونەت دێتەدی. تەنیا شتێک کە لەسەر شانتە ئەوەیە رێگە راستەکە بدۆزیتەوە بۆ گەشتن بەو شوێنەی دەتەوێ. با پێت بڵێم، منیش بە نەستەلە بەخێونەکراوم. پێویست بوو زۆر کاربکەم، تا بگەم بە ئەمڕۆ. مەرج نییە، هەموو کەسێک هەمان شت بەدەستبهێنێت لە ژیاندا، بەڵام دڵنیام کە بە خۆیەکلاکردنەوە و بە زانینی ئەوەی کە چیت دەوێ لە ژیان و بە باسکردنی خەونەکانت لەگەڵ خەڵک، تۆش دەگەیتە ئەو شوێنەی کە مەبەستتە. بەڵام بێگومان دەبێ خۆڕاگر بیت، بە چاوتروکاندنێک ناگەیت. نازانم ئەگەر ئەم قسانەم بە وەڵامێکی باش بزانیت یان نا، بەڵام دەتوانم زۆر رێگەت پێشان بدەم، ئەگەر رۆژێک لە رۆژان بتەوێ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاربکەیت، یان بچیتە سیاسەتەوە. دەزانی، دەبێ زۆر رووقایمیش بیت. دەبێت قیرسچمە بیت. لەبەر ئەوەی، دەمی خەڵکت پێ ناگیرێ... قسەکانیشیان ئازارت دەدەن. من خۆم بەو قۆناخانەدا رۆشتووم. بەڵام دوایی دێیتەوە سەر خۆت و دەڵێیت، گرنگ نییە، دەبێ من سەرنج بخەمە سەر ئەو ئامانجەی خۆم دەمەوێ پێی بگەم. پرسیارێکی باش بوو، بێستوون، وا نییە؟ بێستوون: پرسیارێکی جوان بوو.. و چیرۆکەکەت کە باسی منداڵیی خۆتت دەکرد... ئۆکەی... بەڵێ.. حەلیمە: سەرەتا دەمەوێ بەخێرهاتنن بکەم. زۆر بەخێرهاتی بۆ زانکۆی سۆران. پرسیارەکەم لەبارەی ئەوەیە کە 2012 ئەو کاتەی کە نووری مالیکی سەرۆکوەزیران بوو لە عێراق، ئیدی رێگری کرا و هیچ دەرفەتێک بە قوتابییانی کوردستان نەدرا کەڵک وەربگرن لە سکۆڵەرشیپەکانی خوێندن. ئێوە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان چ رۆڵیکتان هەیە بۆ ئەوەی دەرفەت بدەن بە قوتابیانی زانکۆی سۆران و دەوروبەر و هەموو کوردستان بۆ خوێندن و بودجەشیان بۆ دابینبکرێت. ئەگەر ئیزن هەبێ، بێستوون، پرسیارێکی دیکەشم هەیە. بێستوون: زوو، زۆر زوو.. حەلیمە: ئێوە زۆر سوورن بۆ ئەوەی هێزە کوردییەکان لە 25-2 هەڵبژاردن بکەن. مەبەستتان لەو سوور بوونە چییە؟ بۆچی دەتانەوێ ئیلا 25-2 هەڵبژاردن بکرێت؟ هەروەها لە بابەتی کەرکووکیش.. بێستوون: تەواو... تەواو... تەواو.. جێنین: پێت دەڵێم بۆچی! زۆر بەلامەوە سەیرە کە پێشتر ئەم پرسیارە نەکرا. بێستوون: بێگومان، ئەمە پرسیارێکی گرنگە.. جێنین: بەڵێ، زۆر گرنگە ئەو پرسیارەی پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەکانەوە هەیە. لەسەر پرسیارەکەی دیکەت کە پەیوەندیی بە سکۆڵەرشیپی خوێندنەوە هەیە، پێویستە بەدوایدا بچم. ئێستا هیچ وەڵامێکم پێ نییە بۆت، نازانم چی روویداوە لە زەمانی مالیکیدا، بەدوایدا دەچم و دواتر لەڕێگەی بێستوونەوە وەڵامەکەت دەدەمەوە. لەبەر ئەوەی کەمێک پێش دەستپێکردنی بەرنامەکە گفتوگۆیەکی هاوشێوەمان هەبوو لەسەر ئەو بابەتە. لەبەر ئەوە دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکەم بۆ ئەوەی بزانین کەیسەکە چییە و چۆن دەتوانین کاری لەسەر بکەین. ئەگەر ئەوە بخەینە ئەولاوە و بێینە سەر باسی هەڵبژاردنەکان، ئەوەی راستی بێت، من زۆر بەلامەوە سەیر بوو، سەرم سوڕما لەوەی بۆچی کەستان پرسیارتان نەکرد لەسەر هەڵبژاردنەکان. لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن بەردی بناخەی هەموو سیستمێکی دیموکراسییە و ئەوەندەی من دەزانم هەرێمی کوردستان خۆی بە سیستمێکی دیموکراسی ناوزەد دەکات. سەرەتا ئۆکتۆبەری پار دیاریکرا بۆ رۆژی هەڵبژاردن، دوای ئەوە دواخرا بۆ نۆڤەمبەری ئەمساڵ و ئێستاش خرایە شوباتی ساڵی داهاتوو. کەوابوو، دواکەوتنێکی زۆر هەیە، بەبۆنەی ئەو شەڕە سیاسییەی کە هەبوو. ئەمە چۆن دەبێ؟! ئێوە ئێستا حکومەتێکی کاربەڕێکەرتان هەیە. حکومەتی کاربەڕێکەریش ناتوانێ بەو ئەرکانە هەڵسێت کە پێویستن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئێوە. پێویستتان بە هەڵبژاردن هەیە، بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە، بۆ دووبارە خۆ ریسێتکردنەوە. ئەوە مانای ئەوە نییە کە رۆژێک دوای هەڵبژاردنەکە ژیانتان زۆر خۆشتر دەبێت، بەڵام مانای ئەوە، هیچ نەبێت لاپەڕەیەکی نوێ دەکەنەوە، لە پێناوی بەدیهێنانی ئەو خۆڕێکخستنەوەیە. لەبەر ئەوە زۆرم پێخۆش بوو کە تۆ ئەو پرسیارەت کرد، لەبەر ئەوەی لە دڵی خۆمدا دەمگوت "مەسەلە چییە؟ هەر باسی رابردووم لەگەڵ دەکەن!" تێدەگەم لەوە، لەبەر ئەوەی دەزانم رابردوو ئامادەیە لە دەمی ئێستادا. بەڵام من شتێکی دیکەتان پێدەڵێم... دەڵێم، دەستکەوتی زۆرتان هەیە و وا خەریکە هەمووی لەدەستدەدەن! باش بزانن کە هەڵبژاردنەکان زۆر گرنگن لەم چوارچێوەیەدا. لەبەر ئەوە، تکایە، هەمووتان ماڵەکانتان جێبڵێن و بچن دەنگ بدەن. هەمووتان! 25 شوبات! دواتر نا.. بێستوون: کەوابوو دڵنیا بین لەو رۆژە، ئەوەش درەنگ ناخەن؟ جێنین: منیش هەر هێندەی تۆ دڵنیام. تەنیا شتێک کە بتوانم بیکەم، ئەوەیە کە جەخت بکەمەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا. ئێستاش کە 25ی مانگ دیاریکراوە، من تەنیا دەتوانم ئومێد بکەم کە ٢٥ ی مانگ ئەنجام بدرێت. لەبەر ئەوەی درەنگخستنی هەڵبژاردنەکان خزمەتی کەس ناکات، نە بە ئەوانەی چاوەڕێی مووچەن، نە بە ئەوانەی چاوەڕێی بە جینۆساید ناساندنی ئەنفالن، نە بە ئەوانی دیکە... حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت ئەو بابەتانە یەکلاکاتەوە، بەتایبەتی کە کەسانێکیش هەبن لەولاوە، بیانەوێت کەڵک لەو دۆخە وەربگرن. بێستوون: تۆ رۆڵێکی گرنگت بینی لە کارئاسانیکردن بۆ گفتوگۆکردنی حیزبەکان بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردنەکان. ئەوە زۆر گران بوو، ئەو رۆژانەم بەبیر دێ. ئەو پرۆسەیە چۆن چوو بەڕێوە؟ ئەو کۆدەنگییە چۆن هاتە کایەوە؟ جێنین: هیچ کۆدەنگییەک نەبوو. گەر هەبووایە درەنگیان نەدەخست. بێستوون: مەبەستم ئێستایە. ئێستاش کۆدەنگییەکمان نییە؟ جێنین: پێم وایە کە ئێستا هەیە. بێستوون: ئەدی ئەو کۆدەنگییە چۆن دروست بوو؟ جێنین: باشتر وایە هەستی ئەو رۆژانە دووبارە نەهێنینەوە نێو دڵی خۆمان... بەڵام وابزانم کات، کات رۆڵی خۆی بینی. وابزانم ئەو تێگەشتنەش کە تێپەڕینی کاتی زیادتر کاریگەریی پێچەوانەی دەبێت لەسەر هەمووان. بێستوون: جەماعەت، بابەتێکی دیکەش کە وابزانم پێویست بوو پرسیاری لەسەر بکەن، دۆسیەی نوێنەرایەتیی کردنی کرستیان و تورکمانە لە پەرلەمانی کوردستان. جێنین، هیچت نییە لەسەر ئەو بابەتە بیڵێیت؟ جێنین: هەموومان چاوەڕێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵین لەو بارەیەوە. نموونەیەکی دیکەی ئەوەی کە دادگا بڕیاردەدات لەسەر بابەتێک، لەبەر نەبوونی رێکەوتن، لەنێوان پارتە سیاسییەکان. ئەوەش مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی هەندێک خەڵک ئەو بڕیارەیان بەلاوە باش دەبێت، هەندێکی دیکەش بەلایانەوە باش نابێت و هەندێکیان دەکەونە لۆمەکردنی دادگەکە. بەڵام کاتێک ورد دەبیتەوە لە دۆخەکە، دەبینیت کە هۆکاری هەموو ئەمانە ئەوەیە کە سیاسییەکان لە کاتی خۆیدا رێکنەکەوتوون و بابەتەکەی خۆیان کردووەتە دۆسیەیەک و خستوویانەتە بەردەم دادگا. بێستوون: ئێرە.. ڤینۆس: شەرەفمەندین بە هاتنتان بۆ ئێرە. من ناوم ڤینۆس موشیرە. یەکێکم لە لێکۆڵەرە گەنجەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستیی زانکۆی سۆران. هاوکات بەڕێوبەری سەنتەری گەشەپێدانی کاری زانکۆکەم. ئەگەر رێگەم پێبدەن، حەزدەکەم پرسیارەکەم بە کوردی بکەم. جێنین: بێگومان... دەبێ سەربەرز بیت کە بە زمانی خۆت قسە دەکەیت. ڤینۆس: لەڕاستیدا، وەک ئافرەتێک، زۆر خۆشحاڵم لە سۆران لەبەرامبەر ئافرەتێکی کاریگەر و کەسایەتییەکی کاریزماتیک راوەستاوم کە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە عێراق و کوردستاندا. بەندە کچی دامێنی ئەو چیایانەم. شاخەکانی یەکێک لە ناوچە دوورەدەستەکانی کوردستانە؛ ئەو شاخانەی سێ دەیە پێش ئێستا بۆمبا و ناپاڵم و چەکی قەدەخەکراو و چەکی فۆسفۆری تیا بەکارهێنرا لەدژی خەڵک، لەلایەن رژێمی سەدام حسێنەوە. بەندە لەنێو گڕ و دوكەڵ و سەختیی ئەو ژیانەدا پێگەیەوم و لەژێر هەژموونی سیستمی دیکتاتۆریدا هاتووین، زانکۆی سەڵاحەددین بەشی فیزیام تەواو کرد و دواجار لە دوو ژووردا لە زانکۆی سۆران کە تەمەنی کەمترە لە 15 ساڵ، دەرفەتم بۆ رەخسا کە ماستەر لە بواری نانۆ تەکنەلۆژیدا بەدەستبهێنم. هاوکات توانیم لە فەزایەکی ئەوپەڕی بێ ئیمکانییەتیدا پاتێنتێک لە بوارەکەدا لە وڵاتی ئوستورالیا تۆماربکەم، داهێنانێک ئەنجام بدەم. لەگەڵ ئەوەدا چەندان توێژینەوەی گرنگمان لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوکردەوە کە خاوەنی (ئیمپاکت فاکتەر)ی بەرزن. لێرەدا دەمەوێت لە جەنابتان بپرسم، ئێوە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، چیتان لەدەستدێت بۆ پشتگیریکردنی سەنتەری توێژینەوەی زانستیی زانکۆی سۆران کە پێویستی بە باڵەخانە و ئامێر و تاقیگەی پێشکەوتوو هەیە، لەکاتێکدا کە چەندان سەرمایەی مرۆیی گەورەی هەیە. ئێوە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لە حەوت ئامانجەکانی بواری پەروەردەتاندا فەندتان بۆ ئەو بابەتە داناوە. بێستوون: من چەپڵە بۆ ئەمە لێدەدەم. جێنین: ئەمە ئەرکێکی سەرەتایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ حکومەتی عێراق، نەک نەتەوە یەکگرتووەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان باڵەخانە دابین ناکات. بەڵام، وەکو پێش ئەم بەرنامەیەش، کاتێک لەگەڵ ئێوە بەتایبەت دانیشتم پێم گوتن، بێگومان هەموو هەوڵێکی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین هاوکاریی ئەم زانکۆ ناوازەیە بکەین. دڵنیام دەرفەتی زۆر هەن و هەر رێگەیەک ئەگەری هەبێت تاقی دەکەینەوە. باشە؟ بەڵام، هەرگیز ئەوە لەیادمەکەن کە گەلێک ئاسانە رووبکەیتە نەتەوە یەکگرتووەکان و پێی بڵێیت ئەمە و ئەوە و ئەوەم دەوێ، لەکاتێکدا کە ئەمە بەرپرسیارییەتییەکی گەلێک گەلێک گەلێک سەرەتایی هەر حکومەتێکە کە ئاگای لە زانکۆکانی بێت. ئۆکەی؟ بێستوون: خانمێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتمان لەگەڵە، لێرەدا دانیشتووە بەرامبەری خۆت. پێم خۆشە مافی دواین پرسیار بدەین بەو. جێنین: فەرموون.. زیبە: سڵاو، ئێوارەتان باش، من زیبە نایف، دەرچووی کۆمەڵناسیی زانکۆی سۆران. هەڵبەت سێ پرسیارم هەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی کات یەک پرسیار ئاراستەی ئەم خاتوونە بەڕێزە دەکەم. بەخێربێیت بۆ زانکۆی سۆران... چۆن دەتوانین وانەیەک یان ئەزموونێک لە ئێوە وەربگرین، وەک نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە بەکەڵکی خوێندکاران بێت کە دەیانەوێت بەشداریی کارایان هەبێت لە گەشەی کوردستاندا؟ بێستوون: دەستخۆش.. جێنین: هەفتەیەک کاتت هەیە؟ لەبەر ئەوەی پرسیارێکی هێندە فراوانە، رەنگە نەتوانم وەڵامی دیاریکراوم هەبێت. وابزانم باشترین وەڵام ئەوە بێت بڵێم، تواناکانی خۆتان بەکەم مەبینن. چاوەڕێی کەسانی دیکە مەکەن بێن کێشەکانتان بۆ چارەسەر بکەن، هەوڵ بدەن خۆتان بەو کەرەستانەی بەدەستی خۆتانەوە هەیە تا چەند دەتوانن لەگەڵ چارەسەری کێشەکانتاندا بڕۆن. لەبەر ئەوەی هەموو بەشداریکردنێک، هەرچەندە کەمیش بێت، بەهای خۆیی هەیە. باسی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستانت کرد. ئێمە کۆمەڵێک چالاکیمان هەن لە سەرتاپای عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. دەمەوێت هەموویت بۆ باسکەم. وابزابن پێویستمان بەوە دەبێت گفتوگۆیەکی تایبەتمان هەبێت پێکەوە. دووبارەی دەکەمەوە کە تواناکانی خۆتان بەکەم مەبینن و مەترسن لەوەی دەنگ هەڵبڕن و قسە بکەن، قسەکردن هەنگاوی یەکەمە. بێستوون: بێ لە کاریکاتوورەکەی خۆمان، تۆش شتێکت کێشاوە؟ دەتوانی پیشانمان بدەیت؟ خوێندکار: بەخێربێن بۆ زانکۆی سۆران. من سورپرازێکم بۆ ئێوە هەبوو. رەسمێکی تۆ و رەسمێکی کاک بێستوونم درووست کردووە! هیوادارم بە دڵت بێ. بێستوون: بیهێنە.. ئەمە کاریکاتورەکە نییە. جێنین: واو! زۆر زۆر سوپاس... زۆر سوپاس... سوپاس... بێستوون: ئەمە وێنە باشەکەیە... با ئێستا کاریکاتوورەکەش ببینین... جێنین: ئۆو... واو! لەمەیاندا لە فریشتە دەچم... بێستوون: ئەمەیانم بدەرێ... جێنین: سوپاس... بێستوون: من چی دەکەم لێرەدا؟ جێنین: هێشتا تەواوت نەکردووە؟ کاریکاتوریست: وامزانی کاتی زیاترمان هەیە.. جێنین: ئێستا دەبێت ئێستا بڕۆمەوە من... کاژێر چەندە ئێستا؟ تەماشاکەن... من بەڕاستی داوای لێبوردنتان لێدەکەم... ئێمەش لە وڵاتی خۆمان بەرنامەیەکی هاوشێوەی ئەم بەرنامەیەمان هەیە. بەڵام ئەوەی ئێمە، تۆمارکردنەکەی ئەوپەڕی یەک کاژێری پێدەچێت، بەڵام لێرە لە عێراق هەموو شتێک کاتی زیادتری دەوێ. ئێستا وابزانم نزیکی دوو کاژێرە بەیەکەوەین... بێستوون: نزیکی دوو کاژێرە.. جێنین: وابزانم هەمووشمان گەرمامانە. من خۆم زۆرم گەرمایە. زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەم دەرفەتەم هەبوو ئێوەم ناسی... چاوت لێیە؟ ئەوانیش گەرمایانە. هەموو پێویستمان بە هەوا و ئاو هەیە... مادام وایە، با بڕۆین، دارەکەمان بڕوێنین و دوای ئەوە پێویستە بەپەلە ئێرە جێبهێڵم، لەبەر ئەوەی ئیلتیزاماتی دیکەم هەیە. ئومێد دەکەم دانیشتنەکەتان بەلاوە باش بووبێت، من خۆم زۆر دڵم پێی خۆش بوو و لە دڵەوە ئومێدەوارم جارێکی دیکە بتانبینمەوە. زۆر سوپاس. بێستوون: سوپاس بۆ تۆ... یەک هەنگاومان ماوە. هەنگاوی کۆتایی... خوێندکارەکان داوایان لێکردم کە داوا لە تۆ بکەم لێرەوە ناوی سێ سیاسەتمەداری عێراقی یان کوردستانی بهێنیت کە پێت وایە پێویستە بێنە ئەم بەرنامەیەوە. دوای ئەوەش سێلفییەکی خێزانی دەگرین و دوای ئەوە تەواو بووین... جێنین: ئاخر بیرت بێ من دەبێ دارێکیش بڕوێنم، پەیمانم دا.. بێستوون: دەیکەین، خەمت نەبێ.. بەڕای تۆ، کام سیاسەتمەدارانە پێویستە بێنە ئەم بەرنامەیەوە؟ جێنین: ئەم بەرنامەیە؟ بێستوون: بەڵێ.. جێنین: بۆ ئەوەی لەگەڵ هەمووتان ئەوە بکە کە من کردم؟ بێستوون: بەڵێ. جێنین: لەگەڵ ئەم خوێندکارانە، یان خوێندکارانی دیکە؟ بێستوون: هەموو خوێندکارانی کوردستان. جێنین: یەکێک لە خوێندکارەکان پرسیاری سەرۆکی هەرێمی لێ کردم.. کێ بوو ئەو خوێندکارە؟ بێستوون: وابزانم ئەم کوڕە بوو.. جێنین: ئۆکەی، وابزانم یەکەم کەس، پێویستە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بانگهێشت بکەن، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ئەم زانکۆیە وەکو رۆڵەی خۆی وایە.. ئەوە یەک.. دوای ئەو، بەدڵنیاییەوە پێویستە هەردوو سەرۆکوەزیرانەکە دەعوەت بکەن. سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکوەزیرانی خۆتان، محەممەد شیاع سوودانی و بێگومان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاک مەسرور. تکایە، ئێوە دەعوەتیان بکەن، منیش ئومێدەوارم دەعوەتەکانتان قبووڵ بکەن. من خۆم کە ئێستا ئەزموونم پەیداکرد لەگەڵتان، دەتوانم ئەوە بڵێم کە ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ ئێوە چەند بەچێژ بوو... بێگومان خۆشم ئەمەیان پێ دەڵێم.. بێستوون: گەلێک سوپاس. ئێستا سێڵفییەکە.. جێنین: تەماشای ئێرە کەن... چۆن بیکەم.. بێستوون: ئاوا.. جێنین: پەنجە بەمەدا بنێم؟ ئەی هاوار.. وەرن... وەرن... وەرن... وەرن.. بێستوون: هەستەکەم، ئاوا ئاسانتر بێ.. جێنین: نا، من دەستم پیای ناگات... خۆت بیکە.. وەرە... وەرە... وەرە... بێستوون: ئۆکەی... سوپاس..
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/171020231
بەڕێوەبەری هەرێمیی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت هۆشداری دەدات لەوەی توێژینەوەکان ئەوە پێشان دەدەن کە "ئەم ناوچەیە لە ریزبەندی پێشەوەی ئەو ناوچانەیە کە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەریی زۆری هەیە." هانی شاعیر، بەڕێوەبەری هەرێمیی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باس لە کاری رێکخراوەکەی دەکات، هەروەها ئەو مەترسیانەش باس دەکات کە لە بواری گۆڕانکاری کەشوهەوا لەم ناوچەیە روودەدات. لەبارەی ستراتیژی وڵاتانی ئەو ناوچەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەڵێت: "گاڵتەدەکەم ئەگەر بڵێم ستراتیژی هاوبەشیان هەیە". یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت رێکخراوێکی ژینگەییە لەسەر ئاستی جیهان و نووسینگەی هەرێمیی لە عەممان هەیە، ئامانجی سەرەکیی یەکێتییەکە هاوئاهەنگییە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی لەبارەی پاراستنی ژینگە. دەشڵێت، ئەم کاریگەرییە ژینگەییانە رۆڵیان هەیە لە "لەنێوچوونی چەندین خەسڵەتی ژینگەیی کە کاریگەریی لەسەر ژیانی مرۆڤ دروست دەکەن، لەلایەکی دیکە ئەو سیاسەتانەی پیادە دەکرێن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر بنەمای تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە بونیادنراون." دەقی هەڤپەیڤینەکە: هانی شاعیر: سڵاوتان لێبێت.. رووداو: ئێوە چاودێریی سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن لەبارەی کەشوهەوا و رووبەڕوو بوونەوە یان بابڵێین خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، چونکە بووەتە راستی و پێویستە خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین، سیاسەتەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسیی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ئایا ئەم سیاسەتانە بە قەبارەی مەترسییەکانە؟ هانی شاعیر: رێگەم بدە لە سەرەتاوە قسە لەبارەی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت بکەم کە رێکخراوێکی ژینگەییە لەسەر ئاستی جیهان و نووسینگەی هەرێمیمان لە عەممانە، ئامانجی سەرەکیمان هاوئاهەنگییە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی لەبارەی پاراستنی ژینگە، لە چوارچێوەی ئەو کارتێکەرە گەورانەی کە بواری گومانیان تێدا نەماوە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە وڵاتانی هەرێمی، توێژینەوەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت ناو بەناو ئەنجام دەدرێنەوە و نیشاندەرەکان تێیاندا وان کە ئەم ناوچەیە لە ریزبەندی پێشەوەی ئەو ناوچانەیە کە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەریی زۆری هەیە، ئەم کاریگەرییە ژینگەییانە رۆڵیان هەیە لە لەناوچوونی چەندین خەسڵەتی ژینگەیی کە کاریگەریی لەسەر ژیانی مرۆڤ دروست دەکەن، لەلایەکی دیکە ئەو سیاسەتانەی پیادە دەکرێن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر بنەمای تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە بونیادنراون، خۆتان دەزانن لێرە وڵاتانی نەوتی هەن، وڵاتانی نەوتی هەوڵ دەدەن رێژەی دەرهاویشتە کاربۆنییەکان کەمبکەنەوە و پشت دەبەستن بەو چەمکەی پێی دەگوترێت ئابووریی سەوز و وزەی نوێبووەوە، وڵاتانی کشتوکاڵیی کە رووبەڕووی وشکەساڵی بوونەتەوە هەوڵ دەدەن بەپێی توانا رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببنەوە لە رێگەی بەکارهێنانی میکانیزمە نوێیەکانی کۆکردنەوەی ئاو و ئیدارەدانی ئاو بە رێگەیەکی سەردەمی، وڵاتانی کەناراوەکانیش کە لەسەر دەریاکانن هەوڵ دەدەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بە رێگریی لە دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاکان، کە هەموو ئەوانە کاریگەریی زۆر نەرێنییان هەیە لەسەر وڵاتانی ناوچەکەمان، وڵاتانی کەم گەشەسەندووش لەم ناوچەیە هەن بە هەمانشێوە کێشەیان هەیە لە بەردەوامیی گەشەپێدان، هەربۆیە ئەم ناوچەیە یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زۆرترین کاریگەریی لەسەری دروستکردووە. رووداو: بەڵام ئەو سیاسەتانەی کە هەن، یان با پرسیارەکە دابڕێژمەوە بەمشێوەیە، تۆ سەردانی عێراق دەکەیت راستە بارەگاکەتان لە ئوردنە، بەڵام کارەکەتان تەنیا لە ئوردن نییە و چاودێریی ناوچەکە دەکەن، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دیاردەیەکە وڵاتان ناناسێت و سنوورەکان نازانێت، ئایا هاوکاریی هەیە بۆ نموونە باس لە ناوچەکە دەکەین بە گشتی کە حکومەت و دەوڵەتی زۆر هەن تێیدا، ئایا هاوئاهەنگی هەیە لەنێوان ئەم وڵاتانە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یان لانی کەم سیاسەتێکی هاوبەش و ستراتیژییەتێکی هاوبەش بۆ رووبەڕوو بوونەوەیان؟ هانی شاعیر: ستراتیژی هاوبەش لەنێوان ئەم وڵاتانە گاڵتە دەکەم ئەگەر بڵێم هەیە، ئێمو پێویستمان بەوەیە ئەم ئاراستەیە پتەو بکەین بۆ دانانی پلانێکی هاوبەشی کارکردن لەنێو وڵاتانی هەرێمیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەڵام هاوکاریی هەیە، هاوکارییەکی گەورە هەیە لە ئاڵوگۆڕی پسپۆڕییەکان پەیوەست بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، چەند پرۆگرامێکی راهێنانی هاوبەش هەن چەند پرۆژەیەکیی هەرێمیی هاوبەش هەن، ئامانجی یەکێتیی نێودەوڵەتی پاراستنی سرووشت رەخساندنی ئەم جۆرە پرۆژانەیە، بۆ نموونە ئێمە لە کۆنگرەی چواری ئاو لە بەغدا، یەکێک لەو پرۆژانەی کە ئێمە چاودێریی دەکەین لەنێوان ئوردن و کۆماری عێراق پرۆژەیەکی تایبەت بە ئاو و میکانیزمەکانی کشتوکاڵە، کە لە ناوچەکانی زۆنگاوەکان کاری تێدا دەکرێت و خزمەتی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەکات، کە هەموومان دەزانین زۆنگاوەکان لە گرنگترین ناوچەکانی جیهانن و کەلەپوورێکی جیهانییە، لەلایەکی دیکەوە بەو ئاراستەیە دەڕۆین کە سیاسەتەکانی کشتوکاڵ بگۆڕین و ئێمە کار لەسەر ئیدارەدانی ئاو دەکەین و ئاڵوگۆڕی ئەو پسپۆڕییانەمان کردووە، کە سوود دەگەیەنێت بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە، ئەمە یەکێکە لە هاوئاهەنگییەکانی نێوان دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە لەرێگەی یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت، من زانیاریم هەیە لەنێوان بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی ئاڵوگۆڕی پسپۆڕییەکان هەیە، کە هەندێک وڵات سوود لە وڵاتی دیکە وەردەگرن لەبارەی بەبیابانبوون، گەورەترین نموونەشمان پرۆژەیەکمانە وەکو یەکێتی نێودەوڵەتی کە بە هاریکاریی 3 وڵاتی ناوچەکە ئەنجامدەدرێت و هاوکاریی دوو دەوڵەت دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون و بەدەنگەوەچوونی خەڵکی ناوچەکە. رووداو: دۆخەکە لە ئوردن بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە وشکەساڵی و باش ئیدارەدانی ئاو هەیە، دۆخەکە چۆنە ئێستا؟ هانی شاعیر: ئەمە یەکێکە لە گرنگترین پرسیارەکان، ئوردن بارەگای یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشتە و نووسینگەی رۆژئاوای ئاسیای لێیە، ئوردن یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کێشەی ئاوی هەیە، پێداویستیی و میکانیزمی نوێی زۆرمان پێ ئاشناکردوون بۆ ئیدارەدانی ئاو، لەماوەی 3 ساڵی رابردوودا کارمان بۆ پرۆژەیەکی کشتوکاڵیی کردووە، کە پەیوەستە بە ئیدارەدانی ئاو، ئەویش بەکارهێنانی ئاو بۆ چاندن نەک خاک، کە دەتوانین زۆرترین بەروبووممان دەستبکەوێت لەرێگەی ئامێرە نوێیەکانەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک، هاوکات هەوڵ دەدەین هاریکاریی خەڵکی ناوچەکە و وەزارەتی کشتوکاڵ بکەین بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییەتەکەی، هاوکات دوای سەرکەوتووبوونی ئەو ئەزموونە دەتوانین بیگوازینەوە بۆ عێراق، ئەوە ئەو بیرۆکەیەیە کە یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت کاری لەسەر دەکات، چونکە لە کۆتاییدا یەکێتییەکە یەکێتی نێوان هەموو وڵاتان و کۆمەڵگە و پسپۆڕییەکانە. هاوکات خەڵکانێک هەن کە پێویستیان بە چارەسەری ئەم کێشانەیە و لەسەروو هەموویانەوە کێشەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا. رووداو: ئەوەی پەیوەندی بە هاریکاریی هەیە لە نێوان ئوردن و عێراق ئێستا، جگە لەوەی باستکرد لەبارەی زۆنگاوەکان، ئایا بواری دیکە هەن لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هاریکاریی لەبارەوە بکەن؟ هانی شاعیر: من پێموایە زۆر بوار هەن بۆ هاریکاریی لەنێوان ئوردن و عێراق بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەپێی ئەو کۆبوونەوانەی کە بەشێوەی خول بەڕێوەدەچن لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی چەندین پرۆژەی هاوبەش هەن و پێموایە هاریکارییەکە بەهێزتر دەبێت لە رێگەی رێکخراوە ناحکومییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان و فاو و هەموو ئەو رێکخراوانەی کاردەکان بۆ پاڵپشتیی ئەم حکومەتانە و پێموایە ئەم پاڵپشتییانەش زیاتر دەبن. رووداو: پێموایە هەزاران پسپۆڕ هەن لەژێر چەتری ئێوەدا، بەڵام کاری پسپۆڕەکان پێدانی راستییەکان و دەرخستنی راستییەکانە، بەڵام ناوەندەکانی بڕیار لە ناوچەکە بە دەستی حکومەتەکانە، رادەی وەڵامدانەوە یان بابڵێم هەستکردن بە مەترسییەکان لەلایەن حکومەتەکانی ناوچەکە بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا چەندە؟ هانی شاعیر: لە ناوچەکە هەموومان هەست بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکەین جا لەرووی پلەکانی گەرما یان زریانەکان بێت، پێموایە زۆرینەی بڕیاربەدەستان ئێستا هەست بە پێویستی رووبەڕووبوونەوە یان زیاترکردنی بەرگریی بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکەن، هەندێک لە وڵاتانی کەناراوی هەست بە مەترسییەکە دەکەن پێش ئەوەی رووبدات، هەندێک لە وڵاتان هەوڵ دەدەن پشتێنەی سەوزایی دروست بکەن و دەستمان هەیە لەم پرۆژە گەورانەی کە لە ناوچەکە هەن، هاوکات رۆڵمان هەیە لەو پرۆژانەی رووبەڕووی بەبیابانبوون و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەبنەوە لەگەڵ ئەو زریان و رەشەبا و هەڵکشانی ئاستی دەریاکان کە کاریگەریی کردووەتە سەر دانیشتووانی کەناراوەکان. لەلایەکی دیکە من لەیادمە لە یەکێک لەو وۆرک شۆپانەی ئەنجامماندا لە گوندێک کەسێک هەستا گوتی "دوو کیلۆ توێژینەوە"مان بدەنێ، ئەوە پەیامێک بوو لە خەڵکی ناوچەکە و گوتیان ئێوە توێژینەوەی زانستیی ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەوە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵکە، کە رەنگە لە زۆنگاوەکانیش وابێت، ئێمە پێویستە زیاتر سەرنجمان لەسەر داواکارییەکانی خەڵک بێت، کە پەیوەستە بە سیاسەت و رێکارەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان، کە ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکدایە بۆ خزمەتکردن بەو ئاراستەیە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1305202434
هوو چی وەی، مامۆستای زانکۆیە لە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین. لە بەراوردکردنی زمانی کوردی و چینی دەڵێت، زمانی کوردی زمانی پیتە، چینی زمانی کارەکتەرە. هەروەها دەڵێت، رەنگە لە داهاتوودا خەڵکی چینی فێری زمانی کوردی بکات. رووداو: بەر لە هەر شتێک دەمەوێت بپرسم: پەیوەندیی نێوان زمانی کوردی و زمانی چینی چییە؟ لە یەکدییەوە نزیکن؟ هوو چی وەی: تۆزێک جیاوازە. زمانی کوردی زمانی پیتە، چینی زمانی کارەکتەرە، ئەوە وەک پیت بۆ خوێندنەوەی بەکاردەهێنین. هەندێک کەس وا هەست دەکەن قورسە. لەم چەند ساڵەدا کە خەریکی فێربوونی کوردیم، بۆم دەرکەوتووە مانای هەندێک وشەی کوردی بە نزیکەیی وەک چینییەکەیە، وەک "پیاز. ئێمەیش بە چینی دەڵێین "پیاز". هەروەها "حەوشە"یش بە چینی پێی دەڵێین "هاوچ". رووداو: واتە هەمان وشەمان بۆیان هەیە. هوو چی وەی: بەڵێ. هەروەها لە رووی رێزمانییشەوە زۆر نزیکن. بۆ نموونە، ئەگەر بڵێین رێزمانی ئینگلیزی، رێزمان مانای چییە؟ پێویستە بە بیرمانی بهێنینەوە، بەڵام لە کوردیدا "رێزمان" واتە رێگەی زمان. لە چینییشدا ئێمە پێی دەڵێین "یووفا"، "یوو" واتە "زمان" و "فا" واتە "رێگە". پێکهاتەکەیان بە هەمان شێوەیە. من ئێستا زیاتر فێر دەبم و رەنگە لە داهاتوودا خەڵکی چینی فێری کوردی بکەم. پلانم بۆ ئەوە هەیە. رووداو: باشە. دەتوانیت هەندێک وشەی چینیم پێ بڵێیت کە بە کوردییش هەمان شت بن، وەک "پیاز"؟ وشەی دیکەی لەو جۆرەمان هەیە؟ هوو چی وەی: بەڵێ، "بازاڕ". لە هەندێک شوێنی چین لە باکووری رۆژئاوا لە شاری "شین جین" هەر دەڵێین "بازاڕ". هەموو کەس دەزانێت بازاڕ چییە. هەمان ئەو وشەی ئێرەیە بە هەمان گۆکردنەوە. لە خواردنیشدا بە "نان" هەر دەڵێین "نان". هەمان شتە. رووداو: ئێوەیش بە چینی دەڵێن "نان". هوو چی وەی: بەڵێ. ناوەکە هەمان شتە. رووداو: ئەی رێزمان چۆنە؟ هوو چی وەی: هەندێک یاسای رێزمان بە نزیکەیی وەک یەکن. وەک "رێزمان" کە بە چینی "یووفا"یە و بە مانای "رێگەی زمان" دێت. هەروەها هەندێک لایەنی رێزمانی وەک یەکن. رووداو: دەتوانیت رەوشی ئەو خوێندکارە کوردانەی بەشی زمانی چینیی زانکۆی سەڵاحەدینم پێ بڵێیت؟ گرنگیی کردنەوەی بەشی زمانی چینی لە کوردستان چییە؟ هوو چی وەی: ئێمە پێنج ساڵ لەمەو پێش بەشی زمانی چینیمان دامەزراند. هەر ئەو کاتەی کە پێنج ساڵ لەمەو پێش هاتم. ئەگەر خەڵکی ئێرە زمانی چینی بزانن، ئەوا هەلی زۆر باشیان دەبێت بۆ ئەوەی کاری باش بە مووچەی باشەوە پەیدا بکەن. لایەنی بازرگانیی چین لەگەڵ کوردستان و عێراق بە خێرایی گەشە دەکات. کۆمپانیا چینییەکان زیاتر و زیاتر بۆ یارمەتیدانی کوردستان و عێراق دێن بۆ ئەوەی دەرفەتی ژیانێکی باشتر بڕەخسێنن. بەڵام ئەو کۆمپانیایانە زمانی ئێرە نازانن و زۆر پێویستیان بەو کەسانەیە کە کوردی و چینی دەزانن. ئێستا دوو خوێندکاری کورد لە پەکینن بۆ خوێندنی ماستەر لە زمانی چینیدا لە زانکۆی زمانە بیانییەکان. هێشتا ئەوە بەس نییە. ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین خوێندکاری شایستە ببەین بۆ ئەوەی فێری چینی ببن. ئەگەر چینی بزانیت، پێموایە داهاتوویەکی پڕشنگدارت دەبێت. ئەو کاتە پردێک لەنێوان چین و عێراق و، چین و کوردستاندا دەبێت. رووداو: یانی پێتوایە فێربوونی زمانی چینی بۆ کورد و زمانی کوردی بۆ چینییەکان دەبێتە پردێک لەنێوان چین و کوردستاندا بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باش لەنێوانیاندا دروست بکات. دەمەوێت دوایین پرسیارم بپرسم: زۆر خوێندکاری کورد چوون بۆ چین بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا. دەتەوێت لەبارەیانەوە چی بڵێیت؟ هوو چی وەی: دەزانی، لە سەرەتادا دەبێت بڵێم زمانی چینی ئەو قورسە نییە، ئەگەر بتەوێت زیاتر زمانت رەوان ببێت، ئەوا دەبێت دڵی بدەیتێ. ئەوان پێویستە بزانن ئەو تەنیا نوێنەری بەشی زمانی چینی و زانکۆکەیان نیین، بەڵکو نوێنەری کوردستانن. بۆیە دەبێت زۆر هەوڵ بدەن. من وەک خۆم کە فێری کوردی دەبم، لە سەرەتادا قورس بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، بۆم دەرکەوت ئەو قورسەیش نییە. لەگەڵ خەڵکی ئێرەدا قسەی پێدەکەم. هەروەها کە بە منداڵان دەگەم، شتی سادەیی زمانی چینییان فێر دەکەم. ئەوانیش من فێر دەکەن. رۆژانە کە تەکسی دەگرم، شتی سادەی چینییان فێر دەکەم، وەک "نیهاو" واتە "سڵاو". ئەوانیش بە باشی دەتوانن گۆی بکەن. منیش ئەوەندەی بتوانم فێری کوردی دەبم. دەزانم خەڵکی ئێرە زۆر میواندۆستن. رووداو: لە دەرەوەی زانکۆ هیچ پلانێکت هەیە وانەی فێربوونی زمانی چینی بڵێیتەوە؟ هوو چی وەی: بەڵێ، بەڵێ. رووداو: مەبەستم لە دەرەوەی زانکۆیە. هوو چی وەی: من خوێندکارێکی ئۆنلاینم هەیە. نزیکەی 100 مەترێک لێمەوە دوورە. رووداو: کوردە؟ هوو چی وەی: بەڵێ، کوردە. ئەوە دوو ساڵە. ئێستا زۆر بە باشی بە چینی قسە دەکات. ناسناوی باڵیۆزی زمانی چینییم لێ ناوە. هەر ئەم ساڵ دەچێت بۆ چین. رووداو: زۆر باشە. سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/09062024
هەڤپەیڤین : سیما ئابخێزر وەرگێڕانی : بژار زوبێر وەرگێڕانی : بژار زوبێر دۆگلاس سیڵێمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا گوتی " هەندێ لایەنی نێوخۆیی عێراق و لایەنی نێودەوڵەتیش هەن هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان و ئۆتۆنۆمییەکەی لاواز بکەن". چارەسەرەکەیش لەوەدا دەبینێت کە "سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا لە پەیوەندی دا بمێننەوە بۆ ئەوەی پشتیوانیی بۆ خۆیان کۆبکەنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی لەو هێزانەش تێبگەن کە وادیارە هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان لاواز بکەن." باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، ئێوارەی رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2023 لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو دا، لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشکێشکاری رووداو سیما ئابخێزردا گوتی لەو بڕوایەدایە کە "کۆمەڵێکی بەهێزی شيعەی نەتەوەپەرستی عێراقی" هەیە "دەیانەوێت پێکهاتە کەمینەییەکان و هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر هەژموونی بەغدا." دۆگلاس سیڵێمان، کە لە ماوەی نێوان 2016 تاوەکو 2019 باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە عێراق و ئێستا سەرۆکی پەیمانگەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداوە لە واشنتن، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو دا سەبارەت بە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا باسی لە نامەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەش هەر لەبارەی ئەو نامەیە گوتی "من خۆم نامەکەم بە تەواوی نەبینیوە، بەڵام راپۆرتی میدیاییم لەسەر نامەکە بینیون. وەک گوتم، کڕۆکی ئەو نامەیەی کە کاک مەسرور بۆ سەرۆک بایدنی ناردووە، ئەوەیە کە خۆبەڕێوەبەریی کوردستان لە مەترسیدایە و هەندێ هێز لە بەغدا و لە ئێران و شوێنەکانی دیکە هەن کە رەنگە بیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. پێموایە ئەوە پەیامێکە کە سەرۆک بایدن تێیدەگات و پێزانینی بۆی دەبێت." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دۆگلاس سیڵێمان رووداو: ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی پێکەوە سەردانی بەغدایان کرد، ئایا کاتێک ئەمریکا سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران پێکەوە دەبینێت، باشتر پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات؟ باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق: ئەمە پرسیارێکی باشە. ئێستا کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە. هەروەک سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانی هەفتەی رابردوو لە نامەکەیدا بۆ واشنتن باسی کردبوو، ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی عێراق دا لە ژێر هێرشدایە. وادیارە هەندێ لایەنی نێوخۆیی عێراق و لایەنی نێودەوڵەتیش هەن هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان و ئۆتۆنۆمییەکەی لاواز بکەن، بۆیە بە بڕوای من، پێویستە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا لە پەیوەندی دا بمێننەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ خۆیان کۆبکەنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی لەو هێزانەش تێبگەن کە وادیارە هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. هەروەها بیرۆکەیەکی باش دەبێت ئەگەر سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی دا بمێننەوە. رووداو: ئەو لایەنانە کێن کە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن؟ باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق: بە بڕوای من ژمارەیەک لایەن لە چەند شوێنێکی جیاواز هەن. لەنێو عێراق دا، بڕوام وایە کە کۆمەڵێکی بەهێزی شيعەی نەتەوەپەرستی عێراقی هەیە، کە لەو خەڵکانە پێکدێن کە پێیانوایە دەبێت عێراق بەشێوەیەکی زاڵ لەلایەن شيعەوە بەڕێوەببردرێت و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش لەو چوارچێوەیەدا کار بکەن. ئەوان دەیانەوێت پێکهاتە کەمینەییەکان و هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر هەژموونی بەغدا. هەروەها پێموایە کە تاوەکو رادەیەک ئێرانیش خواستێکی لەوجۆرەی هەیە. ئێران پەیوەندیی بەرهەمدار و لەمێژینەی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵام بەگشتی وەک لەکاتی چەند هێرشێکی سەربازیی ئێران دا بۆ سەر کوردانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بینیمان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، ئێران دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی کە هەرێمی کوردستان هیچ شتێک ناکات کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئێران بگەیێنێت، لەوانەش دابینکردنی پەناگەیێکی ئارام بۆ دژبەرانی رژێمی تاران. رووداو: 13ی ئەیلوول، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێدانی زانیاری بە حکومەتی عێراق زۆر روون بووە، بەڵام بەغدا بەشێوەیەکی فیدراڵی هەڵسوکەوت ناکات؛ ئایا ئەمریکا هێشتاش سەقامگیربوونی سیستمی فیدرالی لە هەرێمی کوردستانی بەلاوە مەبەستە؟ باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق: سەقامگیریی کوردستان بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە. راستییەکەی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی دوای ساڵی 2003، بەڵکو بەڕاستی دەگەڕێتەوە بۆ پێش رووخاندنی سەدام حوسێن و دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا کە بووە هۆی رووخاندنی سەدام حوسێن. بۆ ئێمە، هەرێمی کوردستان دۆست بووە، هەرێمی کوردستان پشتیوانکار بووە، ئێمە هەموومان وەک ئەمریکییەکان دەرفەتی بازرگانیمان لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە، گرێبەستی باشتر و بەقازانجتر و ژینگەیەکی بازرگانی زۆر باشترمان لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە. سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی عێراق بەگشتی وهەرێمەکەش گرنگە، ئەمەش بۆ ئیدارەی واشنتن زۆر گرنگە. کێشەکە بە بڕوای من ئەوەیە کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، هیچ کات ئەو هێزەی بەکارنەهێناوە کە لەنێو دەستووری عێراق دا بە هەرێمی کوردستان دراوە وەک هەرێمێک و کوردیش وەک گەلێک. بۆ ماوەی چەندین دەیە، ناکۆکی هەبووە لەنێوان بەشە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها لەنێوان لایەن جیاجیاکانی دا. هەندێجاریش بەغدایان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خۆیان بەسەر لایەنێکی دیکەی کوردی دا بەهێز بکەن. بۆیە، بە بڕوای من، رەنگە باشترین ستراتیجی بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەبێت کە بەدەنگێکی یەکگرتوو لەگەڵ بەغدا قسە بکات. ئەگەر کاک نێچیرڤان یان کاک مەسرور بچنە بەغدا، گرنگە کە یەک پەیامیان پێبێت، هەروەها سەرکردەکانی دیکەی کوردیش لە بەغدا پێویستە پەیامی ئەوتۆیان پێبێت کە لە نزیکەوە هاوئاهەنگیی لەسەر کرابێت بۆ ئەوەی بیاندەنە حکومەتی بەغدا. رووداو: هەر کاتێک هەرێمی کوردستان هەست بکات کە مافەکانی لە بەغدا پارێزراونابن، چاوی لە یارمەتیی ئەمریکایە، ئایا راستە ئەو چاوەڕوانیانەی لە ئەمریکا هەبن؟ باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق : پێموایە ئەوە بەندە لەسەر ئەوەی کە مەبەستت لە مافەکان چییە. بێگومان ئەمریکا دەیەوێت جێبەجێکردنی ئەو بەشانەی دەستووری عێراقی ببینێت کە پشتیوانی لە ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی باش لەنێوان حکومەتی هەولێر و حکومەتی بەغدا دەکەن. بێگومان کاتێک کە من لە بەغدا بووم، زوو زوو سەردانی هەولێر و سلێمانیم دەکرد، زۆر هەوڵم دەدا هاوئاهەنگیی لەسەر ئەو یاسایانە دروست بکەم کە لە دەستووری عێراق دا هاتوون. پێموایە ئەگەر کوردانی عێراق بڕوایان وابێت کە ئەمریکا بەشێوەی سەربازی، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان، دەستوەردان لە دژی بەغدا دەکات، ئەوا ئەوە زۆر دوورە لەوەی رووبدات، بەڵام ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژە یارمەتیی سەربازیی زۆر گرنگیی بە پێشمەرگە داوە. بە راشکاوی دەیڵێم، ئێمە وەک حکومەت، بەشێکی بەرچاووی مووچەی پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەکان دەدەین. کێشەی دووبەرەکیی بەردەوامی نێوان هەولێر و سلێمانی وایکردووە کە تەنیا چەند بەشێکی پێشمەرگە بچنە ژێر چەتری ئەم لیوا هاوبەشانەوە، هەروەها بەشەکانی دیکەی کوردستان پێشمەرگەی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان هەیە کە هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئەم لیوا یەکخراوانەدا یان بەشەکانی دیکەی کوردستاندا نییە. بۆیە، تەنانەت لە روانگەی ئەمنیشەوە، دووبەرەکیی نێو سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان وایکردووە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەسەر پرسە ئەمنییەکان زۆر زەحمەتتربێت بۆ قسەکردن لەسەر پرسە ئەمنییەکان لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆی عێراق، وەزارەتی بەرگریی عێراق، حەشدی شەعبی یان یەکە نیمچە سەربازییەکانی دیکە. ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە؛ پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە، بەڵام دووبارە لەوبڕوایەدام کە پێویستە هاوئاهەنگی لەنێوان سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دا هەبێت بۆ ئەو سەرچاوانە بە شێوەیەکی گونجا و کاریگەر بەکاربێنن. رووداو: بە پێی ئەوەی لە راپۆرتێکی پێگەی ئەلمۆنیتەردا هاتووە، نامەیەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ جۆ بایدن نێردراوە، چ زانیاریەکتان لەسەر ئەو نامەیە هەیە؟ باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە بەغدا: بەڵێ، من خۆم نامەکەم بە تەواوی نەبینیوە، بەڵام راپۆرتی میدیاییم لەسەر نامەکە بینیون. وەک گوتم، کڕۆکی ئەو نامەیەی کە کاک مەسرور بۆ سەرۆک بایدنی ناردووە، ئەوەیە کە خۆبەڕێوەبەریی کوردستان لە مەترسیدایە و هەندێ هێز لە بەغدا و لە ئێران و شوێنەکانی دیکە هەن کە رەنگە بیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. پێموایە ئەوە پەیامێکە کە سەرۆک بایدن تێیدەگات و پێزانینی بۆی دەبێت، بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، هەرچەندە زۆر کورد دان بەمە دانانێن، بەڵام واشنتن بەردەوام دەبێت لە سەیرکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی عێراق. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەها وەک گوتم، بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و، هەوڵدەدەین هاوکاری سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بکەین کە پەیامی باشتر و هاوئاهەنگتریان هەبێت لەگەڵ بەغدا. بەڵام پێویست دەبێت کارەکە لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە بکرێت. ئەمریکا ناتوانێت ئەوە بەسەر بەغدا بسەپێنێت کە چ بەرامبەر هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ئێمە زۆر پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین لەسەر داهاتی نەوت، لەسەر ئەو پارەیەی کە بەغدا وەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەینێرێت، لەسەر هاوئاهەنگیی نێوان هێزە ئەمنییەکان. واتە ئەمریکا حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە. رووداو: بەڵام ئەمریکا لە ساڵی 2005ـەوە بۆ پاراستنی سیستمی فیدراڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، گەرەنتیکار بووە، ئایا هێشتاش وەک گەرەنتیکار رۆڵ دەگێڕێت؟ دەتوانێت ئەو سیستمە بپارێزێت؟ باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە بەغدا: وەڵامە راشکاوەکە ئەوەیە کە ئەو شتەی دەگوترێت بریتییە لە گەورەکردنی لە رادەبەدەری ئەرکی ئەمریکا. ئێمە هیچ پەیمانێکمان لەگەڵ عێراق یان کوردستانی عێراق دا نییە بۆ پاراستنی سیستمەکە بەشێوەی سەربازی؛ ئەو شتەمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەشمان نییە لە ناوچەکە، نە سعودیە، نە ئیسرائیل و نە ئیمارات، پەیوەندی وامان لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا نییە جگە لەوانەی کە لە هاوپەیمانیی ناتۆدان. بۆیە کوردانی عێراق پێویستە چاوەڕێی ئەوە نەبن کە ئەمریکا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە بە هانای کوردستانەوەبێت. ئێمە لەگەڵ هەولێر کار دەکەین، لەگەڵ سلێمانی کاردەکەین، لەگەڵ بەغدا کار دەکەین و هەوڵدەدەین کارئاسانی بۆ گفتوگۆ بکەین و ببینە هاندەر بۆ رێککەوتنی باشتر بۆ کوردستان، بەڵام دەمێنتەوە سەر حکومەتی کوردستانیش کە دڵنیابێتەوە لەوەی بە نیازپاکییەوە مامەڵە دەکات، هەروەها دەمێنێتەوە سەر حکومەتی بەغدا کە ئەوانیش دڵنیابنەوە لەوەی بە نیازپاکییەوە مامەڵە دەکەن، ئەمە بە دیاریکراوی لە بەغدا شتێکی زەحمەتە، چونکە چەندین لایەنی جیاجیا لە حکومەتی عێراق و سیاسەتی عێراق دا هەن کە پەیوەندیی جیاجیایان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی کوردستان دا هەیە. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کارئاسانیکردن بۆ گفتوگۆ بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە ئەم ناخۆشییەی لەنێو پەیوەندییەکان هەیە، هەروەها تۆمەتبەخشینەوەکانی هەردوولا دژی یەکدی، چارەسەر دەکرێن. ئەمریکا ناتوانێت هیچ چارەسەرێک بەسەر هەولێر یان بەغدادا بسەپێنێت. رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز سیڵێمان. باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە بەغدا: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/15092023
تارۆ کەی بەهار، ئەکتەرێکی گەنجە، باوکی کوردە و دایکی بەریتانییە، بەڵام هەنگاوی باشی لە جیهانی سینەما و درامادا ناوە، یەکێک لەو بەرهەمانەی تێیدا بەشدارە، زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'Doctors'ـە، پێشتر لە 11 وەرزیدا رۆڵیگێڕاوە و ئێستا دووبارە لە وەرزی 24یدا رۆڵی ئادەم رێنەڵدس دەگێڕێتەوە. ئەو ئەکتەرە هەروەها لە فیلمی 'Code 46' و 'Baghdad in My Shadow' و لە چەندین بەرهەمی دیکە رۆڵی گێڕاوە. بانوو دڵشاد، پێشکێشكاری هونەری، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵدا کردووە. رووداو: ژیان لە نێو دوو کولتووری جیاوازدا چۆنە؟ باوکێکی کورد و دایکێکی بەریتانی؟ تارۆ بەهار: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە. رەنگە بتوانم لەم بارەیەوە کتێبێکت بۆ بنووسم، بەڵام ئەوەندە دەڵێم کە سەرنجڕاکێش بووە. شتێکی زۆر خۆشە کە سەر بە دوو فەرهەنگ بیت، چونکە ئاشکرایە هەردوو فەرهەنگەکە لە هەڵسوکەوت و تێڕوانینیان بۆ جیهان و شتەکانی دیکەی وەک خێزان و هاوڕێیان و شێوازی ژیاندا شێوازی جیاوازی خۆیانیان هەیە. جا ئەوەی دەستت بە هەردووکیان بگات خەونێکی راستەقینەیە کە بە دی هاتووە، چونکە من تواناییم بەسەر هەردووکیاندا هەیە، کۆمەڵێک خێزانی جوانی کورد و کۆمەڵێک خێزانی جوانی ئینگلیزم هەن. جا من لەم لایەنەوە زۆر بەختەوەرم. رووداو: هیچ هاتوویت بۆ کوردستان، سەردانی کوردستانت کردووە؟ تارۆ بەهار: بەڵێ، بەڵێ، لە ژیانمدا پێنج جار هاتووم. دوایین جار کە لەوێ بووین مانگی کانوونی یەکەمی پار بوو. چووین بۆ هەولێر و وێنەی کورتەفیلمێکمان گرت. هەفتەیەک لەوێ بووین. فیلمەکە ناوی گەڵا بوو و باوکم، کەیبەهار، دروستی کرد. منیش رۆڵم تێدا گێڕا و هەفتەیەکی هەر زۆر خۆش بوو. پلانم وایە کە بگەڕێمەوە و ماوەیەکی زیاتر لە کوردستان بەسەر ببەم. خەڵکەکە و فەرهەنگەکەیم خۆش دەوێن کە ئەوەندە میواندۆست و کراوە بوون و پێشوازی لە هەموو کەسێک دەکەن. زۆر جادوویی بوو. بۆیە بە راستی دەمەوێت زیاتر سەردانی بکەم. رووداو: پێمخۆشە باسێکی ئەو زنجیرەیە بکەین کە 'Doctors'ـە و ناوبانگییەکی باشت لە رێگەیەوە پەیدا کردووە، زنجیرەیەکی بەناوبانگە، تەنانەت بە زمانی دیکەش بەرهەمهاتووە، لەوانە زمانی تورکی. پێشتر لە چەند وەرزێکدا بەشداربوویتە و بەم دواییە لە وەرزی 24میندا بەشداربوویتە، بۆم باس بکە هۆکاری چی بوو گەڕایەوە نێو زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکە، هەستت چۆنە لە زنجیرەیەکی لەم شێوەیەدا و بەو هەموو وەرزەوە بەشداریت؟ تارۆ بەهار: بەڵێ، راست دەکەیت. یەکەم جار کە لەگەڵیان بەشدار بووم شەش ساڵ پێش ئێستا بوو و کارێکی باشم لەگەڵدا کردن لە 'Doctors' کە زۆر ناوازە بوو. جا دیسانەوە تاقییان کردمەوە و کارەکتەرێکی نوێیان هەبوو و بە هیچ جۆرێک پەیوەندیی بەوەی پێشووەوە نەبوو کە لەگەڵیان کارم کردبوو. کارەکتەرە نوێیەکە کوردە، کۆچبەرێکە و لەبەر ئەو دۆخە سەختەی لە تورکیا تێیدا بووە هاتووە بۆ بەریتانیا. جا من لە رێگەی باوکم و زۆرێک لە ئەندامانی خێزانەکەمەوە خێرا لەگەڵ کارەکتەرەکەدا تێکەڵ بووم. هەستم وابوو لە من و ماڵمانەوە نزیکە. ئەوە بوو تاقیکردنەوەکەم کرد و پێداگر بوون کە منیان لەگەڵ بم و، منیش زۆر سوور بووم لەسەر ئەوەی کاریان لەگەڵ بکەم. ئەمەیش بە جۆرێک لە جۆرەکان باش سەری گرت. رووداو: باشە ئەو رۆڵەی باست کرد کە لە زنجیرەکەدا گێڕاوتە، هەمان رۆڵی پێشوو دەگێڕیتەوە؟ تارۆ بەهار: خۆی ئەمەیان کارەکتەرێکی جودایە. جاری پێشوو رۆڵی گەنجێکی ئینگلیزیم دەبینی، بەڵام ئەم جارەیان کارەکتەرەکە کوردە. بە راستی شتێکی خۆش بوو کە گەڕامەوە، چونکە لەگەڵ هەندێک لەو ئەکتەرانەدا کارم دەکرد کە هەموو ماوەکە بەشدار بووبوون، هەر بۆیە دوای شەش ساڵ بینیمیانەوە کە دواجار کەمێک گەورە بووم و هەندێک ڕیشم هاتووە. بۆیە بە راستی زۆر خۆش بوو کە گەڕامەوە بۆ کارکردن لەگەڵیان. بە راستی کەسان و تیمێکی زۆر جوانن. کاستەکە و کارمەندەکان تەواو جددین و لە کاری خۆیان زۆر باش دەزانن. زۆر خێرا کار دەکەن. بۆیە ئێمە دەستبەجێ کار دەکەین. ئەوە ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش بوو و پێم خۆشە لە داهاتوودا جارێکی دیکەیش لە خاڵیکدا بۆی بگەڕێمەوە. رووداو: بێگومان ئەوە خۆشترین شتە کە لەگەڵ ستافێکدا کار بکەیت، پێش هەموو شتێک کەیفخۆش و دڵخۆشبیت و ئاسوودە بیت لەگەڵیاندا؟ تۆش ئاسوودە دیاریت. پێمخۆشە باسی باوکت بکەین کە کەی بەهارە، ئەو هاندەرت بووە بچیتە نێو جیهانی سینەما، یاخود هۆکاری دیکە هەبووە، یاخود گوتی، ئیلا و بیلا دەبێت ئیشی سینەما بکەیت؟ تارۆ بەهار: خۆی ئەوە شتێکی زۆر ناوازەیە کاتێک هەوڵ دەدەیت ئەم جۆرە کارە بکەیت، کەسێکی فیلمساز لێتەوە نزیک بێت. من زۆر سوپاسگوزارم. کاتێک منداڵ بووم. وای لێ کردم دەست بە نواندن بکەم. جا من لە تەواوی ژیانمدا بە جۆرێک لە جۆرەکان لێرە و لەوێ نواندنم کردووە. لە راستیدا تەواو بەختەوەرم کە کەسێکم بەو هەموو زانیاری و تواناییەوە هەیە. بۆیە دەستبەجێ لە سوودی زۆر بەهرەمەند دەبیت. جا ئێمە بە درێژایی ساڵان دەبوو چەند سنوورێک دابنێین و بڵێین بەڵێ، بەڵام ئێستا لە بارەی کارەوە قسە دەکەین. ئینجا هەر کوڕ و باوکین و هەر خێزانین. دەزانی، دەبێت جۆرە هێڵێک لەنێوانیاندا بدۆزیتەوە، چونکە دەکرێت هەموویان تێکەڵ ببن و ببنە یەک شت، بەڵام من لە کار و نووسینەکانیدا یارمەتیی دەکەم و ئەویش یارمەتیم دەدات. جا ئەمەیش پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕیی زۆر باشە و من زۆر بەختەوەرم کە هەمە. رووداو: ئینجا دەبێت چی لەوە خۆشتر هەبێت کە تۆ لەگەڵ باوکت کارەکانت ئەنجام بدەیت، پێشیگوتووی باوک و کوڕایەتی لە لەلایەک و کار بەملاوە. کار و پڕۆژەی هاوبەشتان پێکەوە نابێت؟ چونکە وەک خۆت باست کرد هەر پێکەوە بوونە و فێری ئەکتەری کردووی، بەنیاز نین لە فیلمێکی هاوبەشدا پێکەوە کار بکەن؟ تارۆ بەهار: بەڵێ، خۆی ئێمە کار لەسەر چەند پرۆژەیەکی جودا دەکەین. فیلمێکی فیچەریمان هەیە کە باوکم هەوڵ دەدات دەستی پێ بکات و ناوی رۆمیۆ و جوولێت و کوردستانە. جا لەم ساتەدا هەوڵ دەدات دروستی بکات و منیش کاری لەسەر دەکەم. سەرەرای ئەوە، من نووسەریشم و دیارە ئەویش شتی خۆی دەنووسێت. جا ئەگەر بیرۆکەیەکی هەبێت بۆم دەنێرێت. ئێمە کاری لەسەر دەکەین. ئەگەر تێیدا رۆڵێک بۆ من هەبێت ، ئەوا گفتوگۆی لەسەر دەکەین. ئەو هەمیشە تاقیم دەکاتەوە. هەموو کاتێک وەک کار چاوپێکەوتنم لەگەڵ دەکات. بۆیە هەر ئەوە نییە کە ئیتر کارت هەبێت، ئەوەیش باشترێکە. جا ... بەڵێ، ئەوە دۆخێکی باشە. هەندێک بیرۆکە و پلانمان هەیە و با بزانین چی روو دەدات. رووداو: کاتێک هاتییەوە بۆ کوردستان، هیچ فیلمێکی کوردیت بینی، پڕۆژەی فیلمی کوردیت هەیە؟ فیلمی کوردیت لە رێگەی ئۆنلاین و فێستیڤاڵەکانەو نەبینیوە؟ تێڕوانینت لەبارەی فیلمە کوردییەکان چییە؟ تارۆ بەهار: خۆی دوایین جار کە لە هەرێمی کوردستان بووم، وەک گوتم تەنیا هەفتەیەک مامەوە. زۆر پەلە بووین و تا رادەیەک هەموو رۆژێک وێنەمان دەگرت. بەڵام لەو لایەنەوەی کە خەڵکی کورد چۆنن، وەک گوتم هەر زۆر کراوە و گەرموگوڕ و میواندۆستن. بە دڵنیاییەوە ئەوەم بە دڵە و پێم خۆشە کاریان لەگەڵدا بکەم. لە لایەنی چیرۆک و بیرۆکە و پیشەسازیی فیلمەوە پێم خۆشە و هیوادارم لە کوردستان بەشێک بم لە پیشەسازیی راستەقینەی فیلم. جا بە دڵنیاییەوە مێژووی کورد گەلێک چیرۆکی بە دۆخی جیاوازەوە تێدایە کە دەتوانیت بیانگێڕیتەوە؛ گەلێک تراژیدیا و کاتی خۆشمان هەن. مەبەستم ئەوەیە دنیایەک چیرۆکمان هەیە. جا بۆ من گێڕانەوەی بەسەرهاتی کوردی زۆر گرنگە، بە تایبەتی کە لەم بەشەی جیهاندا بیت، هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم کە پاڵ بە هەندێک بەسەرهاتەوە بنێم بۆ ناو ناوەندەکە و میدیاوە و وا بکەم لە زۆر شوێنی جیهاندا گفتوگۆی کوردی دروست ببێت. بۆیە زۆر تامەزرۆم کە لەو ئاراستەیەدا کار بکەم. رووداو: ئەمە شتێکی زۆر زۆر باشە، دەستخۆشی کارەکانت لێدەکەین، دەبێت چەند شتێکی خۆش بێت کە تۆ سەیری زنجیرەیەکی بەریتانی بکەیت و یەکێک لە ئەکتەرەکان کورد بێت و رۆڵی کارەکتەرێکی کوردیش بگێڕێت. دەمەوێت زۆر زۆر سوپاست بکەم، تارۆ بەهار کە میوانی ئێمە بوویت. تارۆ بەهار: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. رۆژ باش، رۆژێکی خۆش.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/22072023
جەلیل کاکەوەیس، نووسەر وەرگێڕ، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو، لەپاڵ ئەوەی باسی لە گرنگی کردنەوەی 16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب کرد، باسی لە ئاستی کتێبەکانی پێشانگاکە، لە پاڵ هەڵسەنگاندن بۆ پەرتووکی وەرگێڕ و نووسەرە گەنجەکان کرد. کاکەوەیس، باسی لە گرنگی بایەخدان بە زمانی دایک کرد و گوتی "زمان کۆڵەکەی مانەوەی هەر میللەتێکە. بەداخەوە ئێمە لە باشووری کوردستان، هێندەی گرنگی بە زمانی عەرەبی، فارسی و تورکی دەدەین، هێندە گرنگی بە زمانی کوردی نادەین، لە کاتێکدا ئێمە زمانێکی تۆکمەمان هەیە". ئەو نووسەر و وەرگێڕە کوردە، نزیکەی 33 پەرتووکی نووسراو و وەرگێڕدراوی هەیە و بەم زوانەش رۆمانێکی وەرگێڕدراوی بڵاو دەبێتەوە. بە بڕوای جەلیل کاکەوەیس بۆ مانەوەی ماڵبات چەند کۆڵەکەیەکی گرنگ هەن، "یەکەم ناوند بۆ مانەوە زمانە، دەبێت ماڵباتەکانمان لە ناوخۆ و دەرەوە بەردەوام منداڵەکانیان بە زمانی کوردی پەروەردە بکەن، لە دوای ماڵباتیش قوتابخانە رۆڵێکی باڵا لە پاراستنی زمان دەگێڕیت، لە دوای ئەوەش ئەرکی نووسەرانە بەرگری لە مانەوەی زمانی کوردی بکەن". 16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، لەلایەن دەزگەی مەدا بۆ میدیا، رۆشنبیری و هونەر بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رێکخراوە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی پێشانگەکەیە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/20042024
رووداو - بەرلین پیتەر هایت، بەرپرسی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە پارتی لیبراڵی ئەڵمانیا، رایگەیاند پەناخوازان لە ئەڵمانیا نانێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان، جگە لەوانەی تاوان و پێشێلکاریی یاساییان کردووە. پیتەر هایت کە ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیایە و پارتی لیبراڵەکان بەشێکە لە هاوپەیمانیی پێکهێنەری حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە بەرلین قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند هیچ جیاوازییەک لەنێوان پەناخوازێکی خەڵکی عێراق و هیچ وڵاتێکی دیکەدا ناکرێت لە ئەڵمانیا. پارتی لیبراڵ 92 ئەندامی هەیە لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، پیتەر هایت ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی پەروەردە و تەکنەلۆجیایە. دوای پەسەندکردنی بڕیاری مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پڕۆژە بڕیارەکە دەچێتە پەرلەمان و، بەرپرسی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە پارتی لیبراڵی ئەڵمانیاش دەڵێ باوەڕ دەکات هەموو پەرلەمانتارانی حیزبەکەی دەنگی پێدەدەن، هەروەها دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت بەمە پەیامێک بگەیێنین کە ئاسایش، بەتایبەتیش لە باکووری عێراق چەند گرنگە بۆ ئێمە". دەقی هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ پیتەر هایت، بەرپرسی دۆسیەی مافی مرۆڤ لە پارتی لیبرالەکان لە ئەڵمانیا: رووداو: کەسانێکی زۆر پرسیارمان لێدەکەن، کوردانی ئێزدی و زۆر عێراقی هەن کە دەیانەوێت بزانن چارەنووسیان چی لێدێت. کێ مافی پەنابەری وەردەگرێت، بۆچی زۆربەیان دیپۆرت دەکرێنەوە؟ پیتەر هایت: ئێمە لە کۆتایی ساڵی رابردوو یاسای چانسی مانەوە لە ئەڵمانیامان دەرکرد بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆرە لە ئەڵمانیان، تاوەکو رادەیەکی باش خۆیان گونجاندووە و دەتوانن بە زمانەکە قسە بکەن، رەنگە پیشەیەکیش فێربووبن یان کارێکیان هەبێت لە ئەڵمانیا، مافی مانەوەیەکی مسۆگەر بەدەستبێنن، بەڵام پێویستە بەپێی ئەم یاسا نوێیە داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن. بۆیە من لەو باوەڕدام خەڵکێکی زۆر هێشتا نازانن، لەبەرئەوە من تەنیا دەتوانم لێرەوە ریکلام بکەم کە دەمەوێت خەڵک ئەم یاسایە قبوڵ بکەن، داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن. هەروەها ئێمە بە بەرپرسانی فەرمانگەی کۆچبەرانمان گوتووە؛ تکایە زۆر بە ئەرێنی وردبینی بۆ داواکارییەکان بکەن و بە ئەرێنی بڕیار بدەن بۆ ئەوەی بە جۆرێک هەوڵنەدرێت داواکان رەتبکرێنەوە، تکایە بەشێوەیەکی ئەرێنی داواکارییەکان پەسند بکەن و مافی مانەوەی مسۆگەر بدەنە ئەو کەسانە. رووداو: بەڵام ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر هەن کە کار دەکەن، یاخود فێری پیشەیەک دەبن، بەڵام مافی پەنابەریان وەرنەگرتووە؟ پیتەر هایت: رەنگە پێویست بکات داواکارییەکی نوێ پێشکێش بکەن، چونکە یاسای کۆن باش نەبوو، ئێستا گۆڕانکاریمان کردووە و باشترمان کردووە، بۆیە باشتر وایە لە سەرەتاوە داواکارییەکی نوێ پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی بتوانن مافی مانەوەیەکی مسۆگەر بەدەستبێنن. رووداو: کاتێک سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەڵمانیای کرد، راوێژکاری ئەڵمانیا خۆی داوای لێکرد ئەو عێراقییانەی مافی مانەوەیان نییە لە ئەڵمانیا وەریانبگرنەوە؛ ئەوانە کێن؟ پیتەر هایت: ئەوانە، لەوانەیە ئەو خەڵکانەبن لێرە تاوانێکیان کردووە، ئێمە دەمانەوێت ئەو خەڵکانەی دێنە ئەڵمانیا بنەما بنەڕەتییەکانی ئازادی و دیموکراسییەکەمان قبوڵ بکەن. هەروەها هیچ تاوانێک نەکەن. لەمەدا پرسەکە ئەوە نییە پێشێلکارییەکی یاسایی هاتووچۆبێت یاخود بە نموونە جارێک لە ترافیکلایتی سوور تێپەریبێت، بەڵکو بەڕاستی تاوانی کردبێت و دادگا ئەوانەی بە تاوانێک حوکمدابێت، ئەم جۆرە کەسانە مافی مانەوە وەرناگرن؛ ئەمەش بۆ هەموو کەسێکە نەک تەنیا عێراقییەکان، بەڵکو هیندییەک و کەسێکی خەڵکی ئەمریکای باشووریش دەگرێتەوە… هتد. هەر کەسێک تاوانێکی کردبێت، رێگەی پێنادرێت لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە. رووداو: بەڕێزتان بەرپرسیاری دۆسیەی لیژنەی مافی مرۆڤن لە پەرلەمانی فیدراڵ و سەر بە پارتی لیبراڵەکانن، ئەڵمانیا دەیەوێت ئێزدیان دیپۆرت بکاتەوە؟ پیتەر هایت: رێگە نادرێت ئێزدییە ئاساییەکان دیپۆرت بکرێنەوە، تەنانەت ئەگەر مافی مانەوە (ئیقامە)یێکی هەمیشەیشیان نەبێت، بەڵام ئەو ئێزدییانە دیپۆرت دەکرێنەوە کە لە راستیدا بە یاسا بەرکارەکان، سەلمێنراوە تاوانێکیان کردووە؛ لێرەدا قسە لەسەر ژمارەیەکی زۆر کەم دەکرێت کە بەڕاستی ئەوانە دەگرێتەوە. رووداو: ژمارەی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەتان لایە کە لە لیستی دێپۆرتکردنەوەدا ناویان تۆمارکراوە؟ پیتەر هایت: ئێمە لە ناوەند، هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەمە نییە، چونکە مژاری دیپۆرتکردنەوە بەرپرسیاریێتی هەرێمە فیدراڵییەکانە؛ بۆ نموونە ئێستا هەرێمی هێس یان بادن-ڤورتمبێرگ؛ پێویستە لە هەر یەکێک لەوانە بپرسێت، چەند کەس لەلایان هەن کە پێویستە دیپۆرت بکرێنەوە. رووداو: ئەو کۆچبەرە کوردانەی بە ئێزدیشەوە کە لە ئەڵمانیا دەژین و مافی پەنابەرییان وەرنەگرتووە و هیچ تاوانێکیشیان نەکردووە، ئەوانە چارەنووسیان چی دەبێت؟ پیتەر هایت: دەزانی؛ ئێمە ناتوانین وەک ئەندام پەرلەمان بە تەنیا یارمەتی تاکە کەسەکان بدەین، بەڵام بێگومان هەمیشە گرنگە پەیوەندی بکەن، نامە بنێرن کە بزانین دەتوانین یارمەتیان بدەین، یان بۆ لیژنەی مافی مرۆڤ و لیژنەی داواکاری لە پەرلەمان بنووسن، چونکە بێگومان دەکرێت هەڵە لە ئیدارەیەکدا کرابێت. لە ئەڵمانیاش ئەمە هەیە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت هاوکاری یاسایی وەربگرێت؛ پارێزەری باش لە ئەڵمانیا هەن کە دەتوانن پشتگیری بکەن. هەروەها لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی راوێژکاری ئێزدیان بەڕێز ئۆرتاج لە پەیوەندیداین؛ هەفتەی داهاتوو یاخود هەر لەم هەفتەیەدا دێتە بەرلین بۆ ئەوەی قسەمان لەگەڵدا بکات. لەگەڵ من و هەروەها لەگەڵ هاوکارەکەم دەریا تورک-ناخباوەر لە پارتی سۆشیال دیموکراتەکان قسە بکات، چونکە دەمانەوێت ئاڵوگۆڕیێکی نزیکمان هەبێت، ئەو دەیەوێت سەردانی عێراق بکات لەگەڵماندا. دەمانەوێت بزانین ئێمە لە ناوەندەوە دەتوانین چ بکەین بۆ یارمەتیدانی کورد و ئێزدییەکان لێرە لە ئەڵمانیا. رووداو: بڕیارە لەگەڵ شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی بزانن رێککەوتنی شنگال گەیشتووەتە کوێ. ئێوە چۆن دەتوانن هاوکاربن بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت؟ پیتەر هایت: لە ساڵانی رابردوودا ئەڵمانیا نزیکەی دوو ملیار یۆر و پاڵپشتی عێراقی کردووە، دەمانەوێ ئەوە فراوانتر بکەین. ئەمساڵ پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژی ئێزدییانی بە جینۆساید ناساند، ئەم بڕیارە زۆر خاڵی تێدایە، بۆیە من لەگەڵ هاوپیشەکانم لە هاوپەیمانی پارتەکانی نێو حکومەت سەردانی عێراق دەکەین. بەڕێز فرانک شواب سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات و دەمانەوێت بزانین بە کۆنکرێتی چ کێشەیەک لەسەر ئەرزی واقعدا هەیە و، ئێمە وەک ئەندامێکی پەرلەمانی فیدرال دەتوانین بە حکومەت بڵێین 'ئێوە دەتوانن ئەمە و ئەوە بکەن'. ئێمە هەروەها دەمانەوێت لەگەڵ کورد لەوێ قسە بکەین و بزانین لە کوێ دەتوانین پشتگیریان بکەین، چونکە پێمانوایە دەبێت دەرفەت بدرێتە ئێزدییەکان بتوانن بە دڵنیاییەوە لە زێدی خۆیان نیشتەجێ ببنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی بژین، هەروەها دەبێت ئاسۆیەکیان بۆ ژیانی خۆیان هەبێت. ئەوە ئامانجمانە، بۆیە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر و سەرەتای نۆڤەمبەر بڕیارە سەردانەکەمان بکەین. رووداو: بەرێزتان ئاگادارن حکومەتی ئەڵمانیا گلۆپی سەوزی بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵکرد. ئێوە لە پەرلەمان کەی دەنگی پێدەدەن و ئایا ئەو بڕیارە پەسند دەکەن؟ پیتەر هایت: ئێمە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا یاخود دوو هەفتەی دیکە بڕیارەکە دەردەکەین؛ دوو هەفتە کاتمان لە بەردەستە بۆ ئەمە، پێویستە تەماشا بکرێت بۆ کەی و لە کوێ شوێنی بۆ دادەنرێت. ئێستا کار بۆ وردەکارییەکانی کارنامەی پەرلەمان دەکرێت. لەبەر ئەوەشە کە زۆر گرنگە و ئێمە دەمانەوێت پەیامێک بنێرین، وەک هەمیشە، بەرژەوەندییەکی گەورەمان لە گەشەسەندنی ئاشتییانەی عێراقدا هەیە، کە دەمانەوێت پشتگیریی عێراق بکەین و دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی ئارامی لەوێ بەرقەرارە و لە هەمان کاتیشدا ئەمە پەیامێکە بۆ ئێران، کە بەردەوام ئێمە سەقامگیری عێراقمان لەلا گرنگە. ئێمە هەست دەکەین ئێران هەندێکجار بە خراپی کاریگەری لەسەر عێراق دروست دەکات. رووداو: پارتەکەی بەڕێزتان دەنگی پێدەدات؟ پیتەر هایت: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە پەسەندی دەکەین، بەدڵنیاییەوە لەنێو پەرلەمان فراکسیۆنەکان دەبێت دەنگی پێبدەن. من، بڕوایەکی زۆرم بەوە هەیە کە هەموو هاوکارەکانم لە فراکسیۆنەکەم رازی دەبن بە 'بەڵێ' دەنگ بدەن، چونکە ئەمە بۆ منیش وەک کەس زۆر گرنگە. مەشق و راهێنانی پێشمەرگە، شتێک بووە، هەمیشە لای ئێمە جێگەیەکی گرنگی هەبووە و بۆ ئەوەش کارمان کردووە. هاوڕێیەکم، کاتی خۆی لە عێراق گیانی لەدەستداوە، مردنێکی سرووشتی بوو، سەرەڕای ئەوەش زۆر کاریگەری لە من دەکات. هەفتەی رابردوو سەردانی مۆنۆمێنتێکی سوپای ئەڵمانیام کرد لە شڤیلۆزێ (Schwielowsee). ناوی ئەویش لەوێ هاتووە. من باوەڕم وایە، ئێمە دەمانەوێت بەمە پەیامێک بگەیێنین کە ئاسایش، بەتایبەتیش لە باکووری عێراق چەند گرنگە بۆ ئێمە. ئێمە بەرپرسیاریێتیمان لەسەر شانە و ئێمە لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ زۆر زۆر بە خۆشحاڵییەوە ئەو بەرپرسیاریێتییە جێبەجێ دەکەین.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/19092023
لە ئەڵمانیا ساڵانە رۆژێکی تایبەت هەیە بۆ کۆچبەری. لەو رۆژەدا کەسانی ئەکادیمی و شارەزا باسی ئەزموون و پێشنیازەکانیان بۆ دۆزی کۆچبەری دەکەن. کاربەدەستانی باڵای ئەڵمانیا وەکو وەزیری ناوخۆ، لەو بۆنەیەدا ئامادە دەبن و گوێ لە قسەکەرەکان دەگرن. یەکێک لەوانەی لەوێ بووە ئەکادەمیسیەن و پسپۆڕێکی کوردی بواری کۆچبەرییە. 20ی حوزەیرانی 2023، حکومەتی ئەڵمانیا لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ و بە ئامادەبوونی هۆست زیهۆفەر، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە رێورەسمێکی تایبەتی بۆ بیرهێنانەوە قوربانییانی کۆچبەری سازکرد. نوێنەری کۆچبەران کە ئەزموونی خۆی لەو رێوڕەسمەدا پێشکێشکرد، گەنجێکی کوردی رۆژئاوای کوردستان بوو کە لەو وڵاتەدا دەژی، ئەو گەنجە کوردەی کە ئەزموونێکی دوورودرێژی هەیە لە کاری رێکخراوەیی و سڤیلدا و کەسێکی ئەکادیمییە کە عەبدولعەزیز رەمەزانە. زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ عەبدولعەزیز رەمەزان کردووە. ئەو هاونیشتمانییە باسی ئەزموونی خۆی لە بواری کۆچبەر دەکات، هەروەها دەشڵێت، پڕۆژەی جیاوازی داوەتە ئەڵمانیا لە بواری کۆچبەر. دەشڵێت، لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان چەندین پڕۆژەی جیاوازی هەیە. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدولعەزیز رەمەزان: رووداو: لە گوتارەکەتدا باسی ئەوەت کرد لە 2014 بەشداریت لە خۆپێشاندانی حەسەکە کرد دژی رژێم، دواتر هاتیتە ئەڵمانیا، پێتوایە لەوکاتەوە لە ئەڵمانیا دەژی، مافەکانت وەک پەنابەر بەتەواوی پێدراون؟ عەبدولعەزیز رەمەزان: لە ئەڵمانیا ئێستا ماف هەیە، بەڵام پێشتر نەبوو، یەکێک لەو مافانە مافی ناسنامەی کوردی بوو، لەبەر ئەوە لە دەستپێکی قسەکانمدا لەوێ باسی سەرهەڵدانی قامیشلۆم کرد لە 2014 کە لەپێناو ناسنامە و زمانی کوردی بوو، بۆئەوەی نەترسێت بلێت بە چ زمانێک قسە دەکات، ئێستا لە ئەڵمانیا دەتوانرێت ئەو کارە بکەین و ناسنامەی خۆمان دەربخەین و یاسا هەیە و ماف هەیە، بۆیە دەمویست لە گوتارەکەمدا باسی ئەو داخوازی و ویستە بکەم کە لە 2014 لە قامیشلۆ و حەسەکە خەڵکەکە داوایان دەکرد. رووداو: کێ بە جەنابتی گوت وەرە بە ناوی کۆچبەرانەوە لە رێوڕەسمەکەدا قسە بکە؟ عەبدولعەزیز رەمەزان: لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیاوە بانگهێشتکرام لە نووسینگەی توێژینەوە سیاسییەکانی وەزارەتەکە، ئەو نووسینگەیە منیان هەڵبژارد، کە ساڵانە چەندین ناوەندی ئەڵمانیا چەندین کەس بەربژێر دەکەن و ناوەکانیان بۆ ئەو نووسینگەیە دەنێرن، دواتر نووسینگەکە مانگێک پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمەکە کەسێکیان هەڵدەبژێرن، ئەوەبوو ئەوان منیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی بەناوی کۆچبەرانەوە قسە بکەم، منیش قبووڵم کرد. رووداو: لە رێوڕەسمەکەدا وەزیری ناوخۆ خۆی ئامادەبوو و گوێی لە قسەی ئێوە گرت، تۆش لە گوتارەکەتدا باسی ئەزموونی خۆت و هەروەها کوردبوونی خۆت کرد و هەروەها باسی قوربانیانی کۆچبەریت کرد بە فراوانی، بۆچی لە ساڵی 2014 رێکخراوێکی نێودەوڵەتیت دروست کرد بە ناوێکی کوردی (دۆست) ئێوە دەتانویست چی بکەن؟ عەبدولعەزیز رەمەزان: ناوی دۆست بەلای ئێمەوە زۆر گرنگ بوو کە وشەیەکی کوردییە، هۆکاری سەرەکیی دروستکردنی رێکخراوەکەش دەمانویست دەزگایەکی کوردی دروست بێت کاری رێکخراوەیی و سڤیل بکات، بەڵام کاریگەریی سیاسیشی هەبێت لە جیهاندا، کە ناسنامەی کوردیشی هەبێت، ئەوکات هیچ دەزگا و رێکخراوێکی سڤیل لای ئێمە نەبوون، کە چالاکوانان بیانەوێت تێیدا کاربکەن، بۆیە لە 2014 رێکخراوی دۆستمان لە رۆژئاوای کوردستان دروستکرد بۆ هاوکاریی مرۆیی و سڤیل، جگە لە رۆژئاوا لە باشووریش کاری دەکرد و هەروەها لە ئەڵمانیاش کاردەکەین و کوڕ و کچی زۆر روومان تێدەکەن کە کورد و عەرەب و بیانین کار دەکەن. رووداو: ئێستا پڕۆژەتان لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان هەن؟ عەبدولعەزیز رەمەزان: بەڵێ ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان هاوکاریی سێکتەری کشتوکاڵ دەکەین، چونکە داهاتی سەرەکیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کشتوکاڵە، هەندێکجاریش لەڕووی ئاژەڵداریش، لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان و هەروەها دابینکردنی ئاو بۆ زەوییەکان و تەنانەت بە بازاڕکردنیش، هەندێکجاریش هاوکاریی ماددی و پەینیش بە جووتیاران دەدەین، لە هەندێک حاڵەتیشدا خوولی فێربوون بۆ گەنج و لاوان دەکەینەوە بۆئەوەی بتوانن فێری پیشەیەک بن وەک کارەبا، ئاو و پیشەی دیکە بۆئەوەی بتوانن خۆیان بژیێنن، لە باشووری کوردستانیش پڕۆژەکانمان زۆر گەورە نین، زیاتر لەنێو کەمپەکانی دانیشتووانی رۆژئاوای کوردستانن، بەتایبەت کەمپی کەورگۆسک. رووداو: باسی ئەوەت کرد هاوکاریی ئەو کۆچبەرانە دەکەن چۆن بتوانن تێکەڵ بە حیزب و لایەنە سیاسییەکان بن، ئەمە چۆنە بۆم باس بکەی؟ عەبدولعەزیز رەمەزان: ئەو پڕۆژەیەمان بۆ ئەو کۆچبەرانەن کە لە دوای 2015ـەوە هاتوونەتە ئەڵمانیا، ئێمەش پڕۆژەکەمان لە ساڵی 2015ـەوە دەستپێکرد، پڕۆژەکەمان بۆ ئەوەیە چۆن ئەو کۆچبەرانە بتوانن تێکەڵ بە هێز و حیزبە سیاسییەکانی ئەڵمانیا ببن، خول و راهێنانمان بەو کەسانە دەکرد و دەمانبردنە ناوەندەکان بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان ببین کاری حیزبی چۆنە و چۆن دەکرێت و کەسە سیاسییەکانیان دەبینی و قسەیان لەگەڵ دەکردن و هەروەها بەشداریمان لە وۆرکشۆپەکان پێدەکردن، ئەو چالاکییانە لە نێوان سێ بۆ شەش مانگی دەخایاند، دواتر کۆنتاکمان بۆ دروست دەکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، کاتێک ئەو لایەنە سیاسییانە کەسانی گەنج و لێهاتوویان پێویست بووایە ئەوا لەو کەسانەیان هەڵدەبژاردن و دەیانبردنە نێو پارتەکانیان واتە ئێمە رێگەکەمان بۆ دەکردنەوە. رووداو: ئامۆژگاریت بۆ ئەو گەنجانەی کورد چییە کە دێنە ئەڵمانیا و لێرە چۆن دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن؟ عەبدولعەزیز رەمەزان: گرنگترین شت ئەوەیە ناسنامەی خۆیان لەبیر نەکەن، نابێت وابیربکاتەوە بە زمانی ئینگلیزی یان ئەڵمانی زیاتر بەرەوپێش بچێت، نابێت لەبیر بکەن کە ئەوان کوردن، ئەوان لە وڵاتێکی ئەوروپی یان ئەمریکا بن، نابێت ناسنامەی خۆیان بشارنەوە، دووەم ئەگەر ئەو کەسانە لە کوردستان باوەڕیان بە کاری سیاسی و پەیوەندیکردن بە لایەنە سیاسییەکان نەمابێت، لێرە جیاوازە و دەتەوانێت کاری سیاسی بکات و تێکەڵ بە پارتە سیاسییەکان بێت و کار بکات و ئەمە کارێکی ئاسانە، بەڵام پێشتر دەبێت بروانامەی زانکۆ بەدەستبێنێت و پسپۆڕییەک بۆ خۆی هەڵبژێرێت ئەگەر دوای بەدەستهێنانی بەکالۆریۆس بتوانن بڕوانامەی ماستەریش بەدەستبێنن ئەوا باشتریش دەبێت و پاشان لە بواری خوێندنەکەیان کاربکەن و بۆئەویە شارەزایی و ئەزموون وەربگرن، بۆ نموونە کەسێک لە بواری سیاسی بخوێنێت باشترە پەیوەندی لەگەڵ لایەنێکی سیاسی هەبێت، ئەمەش کارێکی ئاسانە لێرە کارئاسانی بۆ دەکرێت، ئەمە ئامۆژگاری منە. رووداو: ئێستا تۆش ماستەر دەخوێنێت؟ عەبدولعەزیز رەمەزان: بەڵێ. رووداو: جەنابت نموونەیەکی سەرکەوتووی کوردی لێرە، بۆیە ئەڵمانیا تۆی هەڵبژارد، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم، سوپاس
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/07072023
راوێژکاری سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئێران 48 ناوچەی ئازاد و تایبەتیی ئابووری هەیە کە 1٪ـی خاکی ئێرانیان لەخۆگرتووە و ناوچەکان لێخۆشبوونی باج و گومرگیان بۆ کراوە. لەبارەی دەستبەکاربوونی سێ ناوچەی ئازاد لە سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیش، ئەو راوێژکارەی سەرۆککۆماری ئێران گوتی، بەم نزیکانە بەڕێوەبەر و دەستەی بەڕێوەبەرایەتییان بۆ دەستنیشان دەکرێت و دەستبەکار دەبن. حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی، راوێژکاری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ناوچەی ئازادی بازرگانی - پیشەسازی و ئابووریی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: چوار ناوچەی ئازادی پەسندکراومان لە سنووری ئێران و عێراق هەیە کە یەکیان لە نزیک بەسرەی باشووری عێراقە و سێ ناوچە ئازادەکەی دیکە، کە ساڵی رابردوو رەزامەندییان بۆ دەرچووە، واتا میهران، قەسری شیرین و بانە - مەریوان، پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەیە. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی، راوێژکاری سەرۆککۆماری ئێران رووداو: بەڕێز عەبدولمەلیکی بەخێربێن. حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. سڵاوم هەیە بۆ ئێوە و هاوکارانت و سەرجەم بینەرانی ئازیزی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەر کەسێک کە ئەو بەرنامەیە دەبینێت. سوپاسی ئەو میواندارییەی هەرێمی کوردستان دەکەم، هەم بەرپرسانی هەرێم و هەم خەڵکی شەریفی هەرێمی کوردستانی عێراق. رووداو: لە ئێران چەند ناوچەی ئازاد هەیە و چەندیان لە رۆژهەڵاتی کوردستانن و چەند ناوچەی تایبەتی دیکە هەن، چەندە هەلی کار و داهاتیان هەیە بۆ ئێران؟ وابزانم ئەو ناوچە ئازادانە 1%ی خاکی ئێرانیان لەخۆگرتووە و کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جیاوازیان هەیە، ئێوە لە پلەیەکی گرنگی ئابوورین و بەوە ناسراون کە یەک لە داڕێژەرانی ئابووریی ئێرانن، ئەگەر وردەکاریی کۆی ناوچە ئازادەکانی ئێرانمان بۆ باس بکەیت، هەم وەکو زەوی، ژمارەی دانیشتووان و ژمارەی هەلی کار و کۆی هەناردە و داهاتەکانیان؟ حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: ئێمە لە ئێران 15 ناوچەی ئازادی ئابووری و 33 ناوچەی تایبەتی ئابووریمان هەیە. بەسەریەکەوە 48 ناوچەی ئازاد و تایبەتی ئابوورین. ناوچە ئازادەکان ئەو ناوچانەن کە لێخۆشبوونی باج و داشکاندنی گومرگی دەیانگرێتەوە، ناوچە تایبەتە ئابوورییەکانیش هەر هەمان شتن، بەڵام هەندێک تایبەتمەندییان کەمترە، بۆ نموونە لێخۆشبوونی باج لە ناوچە ئازادەکانی ئێران بۆ 20 ساڵە، بەڵام لێخۆشبوونی باج لە ناوچە تایبەتەکان لەنێوان حەوت بۆ 13 ساڵە، بەڵام ئەوانە لە ناوەڕۆکدا یەک جۆرن و لە دنیادا بە هەموو ئەوانە دەڵێن ناوچەی ئازاد. ئێمە لە ئێران 48 ناوچەی ئازاد و ناوچەی تایبەتی ئابووریمان هەیە کە لەڕووی پانتاییەوە نزیکەی 1%ی کۆی خاکی ئێرانیان پێکهێناوە، بەڵام کاریگەریی یەکجار زۆریان لەسەر ئابووریی ئێران هەیە. بۆ نموونە، ئەو ناوچانە زیاتر لە 18 ملیار دۆلار هەناردەیان لە یەک ساڵدا هەیە، هەناردەی نانەوتی، ئەوەش واتای ئەوەیە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی هەناردەی نانەوتیی ئێران پێکدەهێنن. یان ئەوەی کە زیاتر لە 80%ی ترانزێتی دەریایی ئێران لە رێگەی ئەو ناوچە ئازاد و تایبەتانە دەکرێن، نزیکەی 700 هەزار کەس لەو ناوچە ئازاد و تایبەتانە کار دەکەن، لە کاتێکدا رێژەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار کەسە. واتا ئەو ناوچانە دەرفەتی کاری یەکجار زۆریان دروستکردووە و هێزی کار لە ناوچە و پارێزگاکانی دیکەوە هاتوونەتە ئەو ناوچانە و لەوێ خەریکی کارکردنن. دوو هەزار و 500 کۆمپانیای مامناوەند و گەورە لەو ناوچانە چالاکی دەکەن و 100 هەزار یەکەی بچووکی ئابووری لەو ناوچانە چالاکن. ناوچە ئازاد و تایبەتە ئابوورییەکانی ئێران لە سەرەتا و کۆتایی سەرجەم کۆریدۆرەکانی ترانزێتیی ئێران لە باکوورەوە بۆ باشوورە، لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، لە باکووری رۆژهەڵاتەوە بۆ باشووری رۆژئاوا، لە باکووری رۆژئاواوە بۆ باشووری رۆژهەڵات، لە هەموو ئەو شوێنانە ناوچەی ئازاد و تایبەتی ئابووریی ئێران هەیە. هەروەها بەشێکی زۆر لە هاوردە و هەناردەی ئێران کە تایبەت بە ناوچە ئازادەکان نین، یان تایبەت بە ناوچە تایبەتەکان نین، بەڵام لە کەناڵ و لە رێگەی ناوچە ئازاد و تایبەتە ئابوورییەکانەوە دێنە نێو وڵاتەوە. ناوچە ئازاد و تایبەتەکانی ئێمە تایبەتمەندیی زۆر باشیان هەیە و ژێرخانی زۆر باشیان هەیە، لەڕووی گواستنەوە و هێڵی شەمەندەفەر، فڕۆکەخانە، بەندەر و رێگەوبانی باشیان هەیە، تۆڕی ئاو و کارەبای یەکجار باشیان هەیە و تۆڕی وزەی وەکو بەرهەمە نەوتییەکان و تۆڕی گازیشیان هەیە، هەربۆیە بەهەشتی سەرمایەگوزاری ئێرانن، ئەوانە ئەو ناوچانەن کە سەرمایەگوزاری لێیان زۆر بەسوودە و هەڵسەنگاندنەکانی ئێمەش لەسەر بنەمای شێوازەکانی بانکی جیهانی پێماندەڵێت، ئاستی ئاسانکاری کار لە ناوچە ئازادەکانی ئێران چەندین جار لە ناوچەکانی دیکەی ئێران باشترە و ئەگەر هەریەک لە ناوچە ئازادەکانی ئێران وەکو وڵاتێک سەیر بکەین، دەچنە ریزی یەک لەسەر سێی وڵاتە هەرە باشەکانی دنیا لە روانگەی ئاسانکاری کارەوە. رووداو: ئەو وڵاتانەی زۆرتر پەیوەندییان لەگەڵ ناوچە ئازادەکانی ئێوەدا هەیە کام وڵاتانەن، ئەو سزا و گەمارۆیانەی ئەمریکا خستوویەتیە سەر ئێران چەند قەبارەی بازرگانی ئەو ناوچە ئازادانەی کەم کردووەتەوە؟ هەوڵێک هەبوو بۆ دروستکردنی چەند ناوچەیەکی ئازادی دیکە کە یەک لەوانە لە سنووری بانە و مەریوانە، ئەمە چەند جارێکیش بڕیاری دروستکردنی دەرچوو، بەڵام نەکرایەوە، لەگەڵ عێراق ئەو ناوچە ئازادانە چەند گرنگن و لەگەڵ سووریاش پلانتان چییە، بەڵام سەرەتا پێم بڵێ کاریگەریی سزاکانی ئەمریکا و دۆستەکانی لەسەر ئەو ناوچە ئازادانە چی بووە و چەندە لە قەبارەی هەناردەکردن و بازرگانی تێیاندا کەمیکردووە و چ وڵاتێکیش زیاترین پەیوەندی و هەماهەنگیی لەگەڵ ناوچە ئازادەکانتان هەیە؟ حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: یەک لە پلانەکانی ئێمە لە ناوچە ئازاد و تایبەتە ئابوورییەکانی ئێران بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو ناوچانەیە. ئەو ناوچانە ئێستاش سەرپەنجە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن بۆ ئامادەبوون لە ئابووریی جیهانیدا، هەر ئەوەی کە گوتم، زیاتر لە یەک لەسەر سێی هەناردەی وڵات لە رێگەی ئەوانەوەیە و 80%ی ترانزێتی وڵات و زۆربەی هاوردە و هەناردەی وڵات لە رێگەی ئەوانەوە دەکرێن، تەنانەت دەتوانین بڵێین سەرپەنجە سەرەکییەکانی ئێران بۆ ئامادەبوون لە ئابووریی جیهانیدا، ناوچە ئازاد و تایبەتە ئابوورییەکانی ئێرانن. ئەو پرسیارە زۆرکات لە میدیا بیانییەکانی دیکەشەوە لە ئێمە کراوە کە کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کاری ناوچە ئازادەکانی ئێران چی بووە؟ ئێمە دەڵێین، یەکەم شت ئەوەیە کە هەرچۆنێک بێت کاریگەریی خۆی هەر بووە، ئەمریکا هەموو هەوڵی خۆی دا و وڵاتانی ئەوروپاش هاوکارییان کرد بۆئەوەی ئابووریی ئێران ئیفلیج بکەن، لەو رووەوە زیانەکان گەیشتوون، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە رێچکەی بەرەوپێشچوونی ئابووری وڵاتمان، هەروەها بەرەوپێشچوونی ئابووریی لە ناوچە ئازاد و تایبەتە ئابوورییەکان، سەرباری هەموو ئەو گەمارۆیانەی ئەمریکاییەکان خستوویاننەتە سەرمان، نەوەستاوە و تەنانەت خاویش نەبووەتەوە، ئێمە لەو کاتەی کە ئەوپەڕی گەمارۆکانی ئەمریکامان لەسەربوو، قەبارەی بازرگانیمان لە ناوچە ئازادەکان بەرەوپێش چوو، واتا قەبارەی هەناردەکردنی کاڵا لەو ناوچانەوە لە قەبارەی هاوردەکردنی کاڵا زیاتر بوو لە ساڵی رابردووی هەتاوی. بەگشتی ئەوە بزانین، هەموو خەڵکی ئێران و هەموو پسپۆڕان، هەموو خەڵکی دنیا و هەموو پسپۆڕانی دنیا ئەوە بزانن کە گەمارۆکانی ئەمریکا نەک ئابووری ئێرانی ئیفلیج نەکرد، بەڵکو نەیتوانی راشیبگرێت. ساڵی رابردووی زاینی ئابووریی ئێران زیاتر لە 200 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بیانی هەبووە، واتا کۆی ئەو هەناردە و هاوردانەی کردوویەتی، ئێمە ئێستا هەرچەندە نەوتێک کە بەرهەمی دەهێنین، دەتوانین بیفرۆشین و بۆ فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان هیچ کێشەیەکمان نییە. هەروەها لە بابەتی هەناردەکردنیش. گەمارۆکانی ئەمریکا دەتوانین بڵێین کاریگەرییەکانی لەدەستداوە، وەبەرهێنەرێکی زۆر لە وڵاتانی جیاوازەوە دێن و پەیوەندی بە ناوچە ئازادەکانمانەوە دەکەن، لەوانە وەبەرهێنەرانی وڵاتانی دراوسێی وەکو ئیمارات، وەکو سلێمانی عێراق و وەکو عومان و وەکو وڵاتانی رووسیا و وڵاتانی باکووری ئێران، هەموو ئەوانە لەگەڵ ئەو راستییە رووبەڕووبوونەتەوە کە گەمارۆ لەسەر ئێران هەیە، بەڵام بەگشتی دنیا و وڵاتانێکی زۆر کە حەزیان لە هاوکاری لەگەڵ ئێران هەیە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو گەمارۆیانە ئیتر وردە وردە کاریگەرییان کەمبووەتەوە یان هەر کاریگەرییان نەماوە. سەرباری ئەوەی کە ئەمریکاییەکان رکەبەرایەتی دەکەن و دەست لە گەمارۆکانیان هەڵناگرن، ئێمە رێچکەی بازرگانی و پەرەپێدانی ئابووری و سەرمایەگوزاریمان خەریکە شوکر بۆ خودا بەرەوپێش دەبەین. هەر لەو دۆخی گەمارۆ ئابوورییەدا ناوچە ئازاد و تایبەتە ئابوورییەکانی ئێران هاوکارییەکی زۆر گەورەی ئابووریی ئێرانیان کرد و لە رێچکەی بەرەوپێشچوونی ئابووری ئێراندا یەکجار کاریگەر بوون. لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هاوکارییە بیانیی و نێودەوڵەتییەکانی ناوچە ئازاد و تایبەتە ئابوورییەکانی ئێراندا، ئێمە لەگەڵ 21 وڵات لە دانوستانداین بۆ دروستکردنی ناوچەی ئازادی هاوبەش، ئەو وڵاتانە زۆربەیان وڵاتانی دراوسێی ئێمەن، بەڵام وڵاتانی دوورتری وەکو چینیش لە بەریتانیا هەن، وڵاتانی وەکو عێراق، سووریا، عومان، قەتەر، پاکستان، ئەفغانستان، رووسیا و وڵاتانی دوورتری وەکو چین، ئەو بەرنامانەی کە ئێمە خەریکین لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەرەوپێشیان دەبەین، ئەوەیە کە ناوچەی ئازادی هاوبەش لەنێو خاکی ئێران و لە خاکی ئەو وڵاتانە دروستبکەین، کە لەبارەی عێراقیشەوە، لە دەرەوەی هەرێم و لەنێو خاکی عێراق، بەڕێز سەرۆکوەزیران سوودانی کۆمەڵێک نووسراوی لەگەڵ ئێمە گۆڕیوەتەوە و هەندێک ناوچەی راگەیاندووە وەکو ناوچە پێشنیازکراوەکانی خۆیان بۆ ئەوەی ناوچە ئازادە هاوبەشەکانی ئێران و عێراق لەو شوێنانە دروستبکرێن و ئێمەش خەریکی هەڵسەنگاندنین بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا ناوچەیەک هەڵبژێرین. لە سووریاش بە هەمان شێوە، وڵاتی سووریاش سێ خاڵی بۆ ئێمە پێشنیاز کردووە بۆ ئەوەی ناوچەی ئازادی هاوبەشیان لێ دروستبکەین، بۆ ئەوانیش خەریکی هەڵسەنگاندنین و پێموایە هەر ئەمساڵ ئێمە ناوچەکانمان لە عێراق و سووریا دەستنیشان دەکەین. لەگەڵ عومان و ئۆزباکستانیش لێکتێگەیشتنمان واژووکردووە و پشت بە خودا ناوچەکانی ئەوێش دەستنیشان دەکەین. رووسیاش زۆر حەزدەکات و هەر ئێستاش رووسەکان لە ناوچە ئازادە جیاوازەکانی ئێران چالاکن. رووداو: پرسیارم سەبارەت بەو ناوچە ئازادانە کرد کە بڕیاربوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروستبکرێن، بەتایبەت لە بانە و قەسری شیرین؟ بۆچی تاوەکو ئێستا نەکراونەتەوە؟ حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: ئێمە چوار ناوچەی ئازادی پەسندکراومان لە سنووری ئێران و عێراق بەگشتی هەیە کە یەکیان لە نزیک بەسرەی باشووری عێراقە بە ناوی ناوچەی ئازادی ئەروەند کە دەکەوێتە پارێزگای خوزستان و چالاکە، سێ ناوچەی ئازادی پەسندکراوی دیکەمان هەیە کە ساڵی رابردوو رەزامەندییان بۆ دەرچووە و هەرسێکیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەیە. میهران، قەسری شیرین و بانە-مەریوان. ئەوانە هەموو رێکارە یاساییەکانیان تەواو بووە و ئێمە خەریکی هەڵبژاردنی بەڕێوەبەر و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو ناوچانەین و هەر لەم رۆژانەدا خەریکە کارە ئیدارییەکانیان بەڕێوەدەچێت. هەرکات دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان جێگیر بکرێن، کە من پێموایە لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی هەرسێ ناوچەکەی میهران، قەسری شیرین و بانە-مەریوان کارەکانیان دەستپێدەکەن، دەستبەجێ ئەو ناوچانە وەکو ناوچەی ئازاد و بە یاساکانی ناوچەی ئازاد دەستبەکار دەبن و لێخۆشبوونی باج و گومرگ تێیاندا جێبەجێ دەبێت. ئەوەی سەرنجڕاکێشە، ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە سەرمایەداران هەم لە ئێران و هەم لە کوردستانی عێراق و هەم وەبەرهێنەرانی بیانی لە ناوچە و وڵاتانی دیکە ئامادەباشی خۆیان پێشانداوە کاتێک ئەو ناوچە ئازادە نوێیانەی لە سنووری نێوان ئێران و کوردستانی عێراق دروستکران، لەگەڵ ئەوەی کارەکانیان دەستپێبکەن، ئەوان ئامادەن بۆ ئەوەی بێن و وەبەرهێنانەکانیان دەستپێبکەن. ئێمە پێشبینی گەشەکردنێکی ئابووری ئێجگار گەورە لە ساڵانی داهاتوو لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ناوچە ئازادانەی کە خەریکن دروستدەبن. هەڵبەت ئێمە پێشنیازێکیشمان بۆ دەوڵەتی ناوچەیی هەرێمی کوردستان هەیە، کە ئێمە دەتوانین ناوچەی ئازادی هاوبەشیش دروستبکەین، هەم لە سنوورەکان دەتوانین دروستیانبکەین و هەم لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ویستیان لەسەر بوو، دەتوانین هاوکات هەڵسەنگاندن بۆ ئەمەش بکەین. رووداو: ئەو ناوچە ئازادانەی ئێران چەندە گرنگن بۆ دەستکەوتنی دۆلاری ئەمریکی، لەبەرئەوەی ئێران پێویستی بە دۆلار هەیە و یەک لەو کێشانەی دوای گەمارۆکانی ئەمریکا دروستبووە، دەستڕاگەیشتنی کەمتری ئێرانە بە دۆلار، ئەو ناوچانە چەندە گرنگن بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێران بە دۆلار و بەتایبەت ئەگەر باسی هەرێمی کوردستان و سلێمانیش بکەین، چەند گرنگن دۆلاریان تێدا دەستبخەن؟ حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: لە بەشی پێشوو باسمکرد کە داهاتی دۆلاری ئێران لەدوای گەمارۆکان کەم نەبووەتەوە، ئێمە لە قۆناخێک فرۆشتنی نەوتمان دابەزی و هەر بەو هۆیەش سەرچاوە دراوییەکانمان کۆمەڵێک ئاستەنگیان بۆ دروستبوو، بەڵام ئێستا ئێمە خەریکین تاوەکو سەقفی ئەو تواناییەی بۆ وەبەرهێنان هەمانە، بەدەر لەو نەوتەی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانی وڵات دەنێردرێت، ئەویدیکەی هەناردە دەکەین و بە هەر دراوێکی بمانەوێت دەتوانین نەوتەکەمان بفرۆشین، بۆیە بەگشتی ئێستا داهاتە نەوتییەکانمان و داهاتە دراوییەکانمان لەژێر کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکادا نییە، هەندێک تێچووی گواستنەوەی پارە بۆ ئێمە زیادیکردووە کە ژمارەکەی کەمتر لە 1٪ە، بۆیە هیچ کێشەیەکمان لە داهاتی بانکیدا نییە، بەڵام ناوچە ئازاد و تایبەتە ئابوورییەکان لە دوو رووەوە هاوکارن بۆ دابینکردنی دراو و داهاتی دراویی وڵاتەکەمان، یەکەمیان کە خودی ئەوانە پێگەیەکن بۆ هەناردەکردن، کاتێک کاڵایەک بەرهەمدێت و هەناردە دەکرێت، سەرچاوەی دراویی باشیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، دووەم ئەوەیە کە ئێمە دامەزراوەی دارایی لەو ناوچانە جێگیر دەکەین، کە سەرباری گەمارۆکان، بە شێوازگەلی نوێ و هەڵسوکەوتی نوێوە ئاڵوگۆڕی دارایی نێودەوڵەتی دەکەن و گەمارۆکاران ناتوانن بەئامانجیان بگرن، لەو رووەوە ئەو ناوچانە یارمەتیدەری داهاتە دراوییەکانی وڵاتن. رووداو: لە کابینەی ئیبراهیم رەئیسی نزیکەی 300 رۆژ وەزیری کار بووی، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەت چیبوو و چ شتێکی زۆر گرنگ هەبوو کە لەو ماوەی 300 رۆژەدا توانیت بیکەی؟ دەمەوێ بزانم هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەت چەندە پەیوەندی بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەبوو؟ حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: سەیرکە، وەزارەتی هاوکاری و کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو وەزارەتە بەرپرسیارێتییەکی زۆر قورسی لەسەر شان بووە، ئێوە ئەگەر ئاگاداربن، ئەو وەزارەتخانەیە تاوەکو 10 ساڵ لەمەوبەر سێ وەزارەت بوون، کە 10 ساڵ لەمەوبەر ئەو سێ وەزارەتخانەیە تێکەڵکران و بوونە یەک وەزارەتخانەی زۆر گەورە. لەوێ ئێمە بەرنامەی زۆرمان لەبواری خۆشبژێوییەوە بەردەستبوو کە لە بواری دامەزراوەی نیڤشکانان و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بەدواداچوون دەکات، پرسی دەستی کار و دامەزراوەی کار و پیشە کە راهێنانی پیشەیی بۆ دروستکردنی هەلی کار دەکات، پرسی دەرمان و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بیمەی کۆمەڵایەتی و بەگشتی خانەنشین بوونیان و سەرجەم سیستمی خانەنشینی وڵات. لەو ماوەیەی کە دەرفەتێک هەبوو لە حکومەتدا کاربکەم، دوو بۆ سێ کاری گرنگم کرد، یەکەمیان ئەوەبوو کە توانای کڕینی کرێکارانی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی لانیکەمی دەرامەت، توانیمان بیگەیێنینە ئاستی هەڵاوسانەکان، هەموو ساڵێک بە رێژەی مامناوەند لە ماوەی 30 بۆ 40 ساڵی رابردوو تێکڕا رێژەی هەڵاوسان لە زیادکردنی مووچەی کرێکاران زیاتر بووە و هەندێک ساڵیش هاوتەریب بووە، بەڵام ئێمە دواکەوتنێکمان هەبوو، لە یەکەم ساڵی حکومەتی ئایەتوڵا رەئیسی، ئاستی لانیکەمی مووچەیەک کە بۆ کرێکاران دەستنیشان دەکرا، 15٪ زیاتر بوو لە رێژەی هەڵاوسان، واتا ئەوساڵە هەڵاوسان 42٪ بوو و مووچەی کرێکاران 57٪ زیادیکرد، واتا 15٪ زیاتر لە نرخی هەڵاوسان داهاتی کرێکاران زیادیکرد کە ئەوە بووە هۆی رەزامەندییەکی یەکجار گەورە لەنێو چینی کرێکاراندا، خودی کرێکاران و خانەنشینانی کرێکار 65٪ـی خەڵکی ئێران پێکدەهێنن. رەزامەندییەکی زۆر باش دروستبوو و ئەو دواکەوتنانەشیان لە خۆشبژێوی بەرزبوویەوە و لە هەمان ساڵدا پێوانەکانی گەشەی بەرهەمهێنان بەرزبوویەوە، ئێمە گەشەیەکی ئابووری زیاتر لە 4٪مان ئەزموونکرد کە یەک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهرەکانی هێزی کار بوو، لەبەر ئەوەی داهاتیان زیادیکردبوو، هێزی کار بە ورەیەکی زیاترەوە درێژەیان بە کارەکانیان دەدا، ئەوە هەم کاریگەری لەسەر خۆشبژێوی کرێکاران دانا و هەم کاریگەری ئەرێنی لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان و گەشەی ئابووری وڵات دانا. ئەوە یەکێک لەو کارانە بوو کە بەلای منەوە کارێکی ئەرێنی بوو، بە پاڵپشتی بەڕێز سەرۆککۆمار کرا. کاری دووەم ئەوەبوو کە مۆدێلێک بۆ چارەسەری کێشە ریشەییەکانی سندوقی خانەنشینی ئامادەکرا و لە ئەنجوومەنی حکومەتدا پەسندکرا و لە ئەنجوومەنی باڵای سەرۆکایەتی دەسەڵاتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش تێیدا ئەندامن، لەوێش خرایە بەرباس و لە کۆتاییدا بەهۆی ئەوەی من گواسترامەوە بۆ بەشێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتی ئابووری، درێژەدان بە پرۆژەکە درایە دەست وەزیری دوای من. ئەوانە ئەو رووداوانە بوون کە لەو قۆناخەدا بەگشتی روویاندا. جگە لەمە لە بواری هەلی کاردا ئێمە کاری زۆر باشمان کرد و لە هەمان قۆناخدا رێژەی بێکاری لە ئێران لە هاوینی ساڵی 1401... رووداو: ئێستا لە ئێراندا چەند ملیۆن کەس بێکارە و چەند کەس بەدوای کاردا دەگەڕێت و دڵنیایە لەوەی کە کاری دەستناکەوێت؟ باس لە دوو بۆ سێ ملیۆن کەس دەکرێت؟ حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: نزیکەی دوو ملیۆن و 200 بۆ 300 هەزار کەسی بێکارمان هەیە. رووداو: لەو دوو ملیۆن کەسە چەندیان لە رۆژهەڵاتی کوردستانن؟ حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: من ئێستا ئامارم لا نییە، بەڵام بەگشتی کوردستانی ئێران نزیکەی 3٪ـی کۆی ئێرانە، ئەگەر بێکارییەکەش بە هەمان رێژە بێت، 3٪ لەو دوو ملیۆن و 200 بۆ 300 هەزار کەسە لە ناوچەی کوردستانی ئێرانن، بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە کە لە هەمان خولی حکومەتی ئایەتوڵڵا رەئیسی، رێژەی بێکاری گەیشتە کەمترین ئاستی خۆی لە 20 ساڵی رابردوو و ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن دەرفەتی کار رەخساوە کە ئەوەش لە باشبوونی فەزای کاری ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە و هەروەها ئەو سیاسەتە دروستانەی وەزارەتی کار لە بواری رەخساندنی هەلی کار دروستیکردووە. خودی زیادکردنی مووچەی کرێکاران سەرباری ئەوەی هەندێک کەس شرۆڤەیان بۆ دەکرد کە دەبێتە هۆی دروستبوونی بێکاری، لەبەرئەوەی خاوەنکار هێزی کارەکانیان کەمدەکەنەوە و دەریاندەکەن، پێچەوانە بووەوە، بەو ئاراستەیەدا کە ورەیەکی زیاتری بۆ کارکردن دروستکرد و خەڵکێکی زیاتر چوونە نێو بازاڕی کارەوە و لەو یەک ساڵەی من وەکو وەزیر لە خزمەت سەرۆککۆمار بووم، رەخساندنی هەلی کار بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە. رووداو: دەمەوێ لە کۆتا پرسیارمدا باسی سەردانەکەت بۆ کوردستان بکەی، ئەوە یەکەمجارە دێیتە سلێمانی و کوردستان، سەردانەکەتان چۆن بوو و کوێ گەڕان و چیتان بینی؟ چ نزیکایەتییەکت لە نێوان سلێمانی و سنەدا بینی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خۆشت خەڵکی سنەیت؟ حوجەتوڵڵا عەبدولمەلیکی: ئەوە بۆ من سەفەرێکی زۆر دڵگیر بوو، هەرچەند گوشاری کار و کۆبوونەوە و دیدارەکان یەکجار زۆربوون و پێڕانەگەیشتم سەردانی زۆر جێگە بکەم، ئەوە سەفەرێکی کارییە کە ئێمە بۆی هاتووین، بەڵام زۆر دڵخۆشبووم کە ئەو هیوایەی من هاتەدی. ئێمە ساڵیانێکی زۆر لە کوردستانی ئێران لە دراوسێیەتی ئێوە بووین و هەین، بەڵام ئێستا من تەمەنم 42 ساڵە و دەرفەتێک نەڕەخسابوو کە سەفەرێکم بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق هەبێت، ئەو پێشانگە و کۆڕ و کۆبوونەوانە دەرفەتێکی رەخساند بۆ ئەوەی سەفەرێک بکەین و نزیکەی سێ رۆژە لەو ناوچەیەین، لە سلێمانین. خەڵکێکی ئێجگار باش و بەرپرسانی ئێجگار باش و گەرموگوڕن و بەڕێوەبەران و چالاکانی ئابووری زۆر بەتوانا و خوێنگەرمن، هەرچەندە ئێمە لەگەڵ ئەو کولتوورە ئاشناین و خۆشمان لە کوردستانی ئێران لەدایکبووین و ژیاوین. بۆیە دڵخۆشم و دەمێک بوو پێم خۆشبوو سەردانی کوردستانی عێراق بکەم و ئەو سەفەرە کرا، لەگەڵ بەڕێز پارێزگار کۆبوونەوەیەکمان هەبوو و گوتی هیوادارین ئەوە یەکەم و دوایین سەردانتان نەبێت. من گوتم یەکەمین سەفەرمە، بەڵام بەدڵنیاییەوە پشت بە خودا دوایین سەفەرم نابێت. رووداو: زۆر سوپاس
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/26082023
یۆن کریستن رۆزنلەند، وێنەگری سینەمایی نەوریجی، ماوەی 25 ساڵە کاری سینەمایی دەکات و زیاتر لە 30 فیلمی سینەمایی و چەندین فیلمی تەلەڤزیۆنی هەیە. 'Paradise Highway' یەکێک لەو فیلمانەیە کە کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە کە داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا زیاتر لە 222 ملیۆن دۆلارە. رۆزنلەند، بەم دواییە سەردانی باشووری کوردستانی کرد و تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵدا تۆمارکرد. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: بەڕێز یۆن، بەخێر بێت بۆ کوردستان. رۆزنلەند: زۆر سپاس رووداو: چیرۆکی بەڕێزتان لەگەڵ کامێرا کەی دەستی پێکردووە؟ دەزانین کە تۆ کامێرامانێکی بەناوبانگی لە جیهاندا. رۆزنلەند: 35 ساڵ پێش ئێستا دەستی پێکرد. کاتێک ئەکتەر بووم، کە 14 ساڵ بووم، وەک ئەکتەرێکی منداڵ لە شانۆگەرییەکدا دەستم پێکرد. پاشان کارم لەسەر دەنگ کرد. بەڵام هەمیشە خەریکی وێنەکێشان بووم، چونکە دەمویست ببمە سینەماتۆگرافەر، بەڵام دەنگ تۆزێک ئاسانتر بوو. ئەوە بوو بە دەنگ و میوزیک دەستم پێکرد، دواتر وێنەی فیلمی "سووپەر 8"م گرت کە فیلمی خۆم بوو. ئینجا لە 18 بۆ 20 ساڵی دەستم کرد بە کاری پیشەگەرانە. رووداو: چۆن چوویتەتە ناو دنیای پیشەگەرییەوە بۆ کارکردن لە سینەمادا؟ رۆزنلەند: وەک یاریدەدەری کامێرامان دەستم بە کارکرد و چووم بۆ ئەسینا بۆ یۆنان، لەوێ فێربووم ببمە یاریدەدەری کامێرامان و پاشان گەڕامەوە و دەرفەتم بۆ رەخسا لەگەڵ سینەماتۆگرافەرێکی زۆر بەناوبانگی نەرویجی کار بکەم. لەوەوە فێربووم. ئیتر هەموو شتێکم دەکرد کە حەزم لێی بووایە، وەک ڤیدیۆی میوزیکی، پرۆمۆ و بەڵگەفیلم. زۆر بەڵگەفیلمم دروستکردووە. رووداو: لەگەڵ کامیاندا زیاتر خۆت دەبینیتەوە و ئاسوودەیت؟ رۆزنلەند: حەزم لە فیلمی فیچەرییە، چونکە دەتوانم دەقەکە بخوێنمەوە و جیهانی خۆم دروستبکەم، بەڵام زۆر جیاوازە. پێم وایە لەم 15 ساڵەی رابردوودا حەزم لەوە بووە فیلمی فیچەری دروست بکەم. حەزیشم لە درامای تەلەڤزیۆنییە، ئەوەیش ئەو شتەیە کە چیرۆکێکی تێدا دەدۆزمەوە؛ پێم وایە بۆ گێڕانەوە گرنگە. رووداو: دەزانین لە جیهانی سینەمادا فیلمی باشت هەیە و بەناوبانگن و داهاتی باشیان هەیە. پلانت هەیە فیلمی تازە بەرهەمبهێنیت؟ یان هیچ پرۆژەیەکی نوێت بە دەستەوەیە؟ رۆزنلەند: ئێستا لەسەر چەند پرۆژەیەک کار دەکەم، هێشتا فەرمی نین، بەڵام من بەختم هەیە، چونکە دەرفەتی زۆرم بۆ ڕەخساوە و کاری زۆرم هەیە. ئەو پرۆژانەی کاریان لەسەر دەکەم، لەبەر ئەوەی هێشتا رانەگەیەنراون، ناتوانم باسیان بکەم. رووداو: فیلمێکت لەسەر سکرتێری UN بەرهەمهێناوە. باسێکی ئەمەم بۆ دەکەیت؟ رۆزنلەند: ئەوەیان لە کریسمسدا بۆ یەکەم جار پەخش دەکرێت. زۆر شانازی بەوەوە دەکەم، چونکە پێم وایە ئەوە چیرۆکێکی زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی چیرۆکی دووەم سکرتێری UN دەگێڕێتەوە. 'داگ هامارشاڵد' دووەم کەس بووە کە سەرۆکایەتیی UNـی کردووە و ئامانجەکەیشی ئەوە بووە ئەفریقا لە کۆڵۆنیاڵیزم رزگار بکات. جا لەو کاتەدا هەمووان کە سەیریان دەکرد چەپڵەیان بۆ لێدەدا، بەڵام کاتێک پشتیان هەڵدەکرد رقیان لێ دەبووەوە، چونکە ئەوان ئەفریقایان داگیر کردبوو و ئەوەیش مانای وا بوو کۆمەڵگەی رۆژئاوایی لە ئەفریقادا هێزی نەمێنێت، بە دڵنیاییەوە نەیاندەویست هێزیان لە دەست بدەن، نەیاندەویست لە وڵاتانێکدا داهاتەکەیان لە دەست بدەن. بۆیە بۆ کۆمەڵگەی رۆژئاوایی بوو بە هەڕەشە. جا لە چیرۆکەکەماندا ئەو لەناو فڕۆکەکەیدایە و لە ئاسمانی کۆنگۆدا بە مووشەک تێک دەشکێنرێت. بە دڵنیاییەوە هیچ کەسێک بە دڵنیاییەوە نازانێت کە ئاخۆ خراوەتە خوارەوە یان نا، بەڵام خەڵکی ئەوێ تەواو دڵنیان. رووداو: سەردانەکەت بۆ کوردستان چۆن بووە؟ لێرە بە نیازی چیت و چ پرۆژەیەکی سینەماییت لە بەردەستدایە کە بتەوێت لێرە بیکەیت؟ رۆزنلەند: بەڵێ، رەنگە هەمانبێت، با چاوەڕێ بین. رووداو: سوپڕایزە؟ رۆزنلەند: بەڵێ. ئەگەر سەرکەوتوو بین لێرە بیکەین، ئەوە چیرۆکێکی زۆر بەهێز و کاریگەر دەبێت. رووداو: لێرە لەگەڵ هیچ دەرهێنەر و کامێرامانێکی کورددا قسەت کردووە بۆ ئەوەی بزانیت کار و پرۆژەیان چۆنە و پێکەوە کار بکەن؟ رۆزنلەند: بەڵێ، قسەم لەگەڵ خەڵکی جۆراوجۆردا کردووە. چاوم بە کەسانێکی زۆر باش کەوت، ئەوەیش لەبەر ئەوەی وانەیەکم بە 40 سینەماتۆگرافەر گوتەوە. جاوم بە زۆر کەسی سەرنجڕاکێش و شارەزا کەوت. ئەوەیش وای کرد گەشتەکەم زۆر تایبەت بێت، چونکە چاوم بە زۆر سینەماتۆگرافەر کەوت. رووداو: ئاستی زیرەکی و شارەزاییان لە کامێرادا چۆن بوو؟ رۆزنلەند: نازانم [شارەزاییان چۆنە]، بەس تەنیا هەندێک ریپۆرتاژم بینی و ئەوەی بینیم زۆر باشە. کارەکانیان لەوەی پێشوو باشتر بوو. کاتێکیش ریپۆرتاژەکانم بینی، باش بوون. پێم وایە زۆربەی ئەو کەسانەی بینینم [لە ماستەر کڵاسەکەدا] زۆر باش بوون. رووداو: تا چەند دەبێت ئەوانەی دەچنە بواری سینەماوە و دەرهێنەر و وێنەگرن، ئەزموونی زۆر باشیان هەبێت و بە زۆر قۆناخدا تێبپەڕن تا ببنە کەسێکی پیشەگەر؟ رۆزنلەند: وەک گوتم 35 ساڵە ئەمە دەکەم، بەڵام هێشتا دەشڵەژێم، بە شتێک دەگەم کە نایزانم. بەندە لەسەر ئەوەی گەشە بە خۆت بدەیت. ئەوەیش لەم کارەدا شتێکی زۆر جوانە کە هەرگیز لە فێربوون ناوەستیت. سبەینێ شتێکی نوێ هەیە، چیرۆکێکی نوێ هەیە و دەبێت شتێکی تازە فێر ببیت. یان لە لایەنی تەکنیکییشەوە کامێرا و ئامێری تازە دروست دەکرێن کە وا دەکەن ئاسانتر و وردتر چیرۆکەکەت بگێڕیتەوە. بۆیە هەمیشە گەشەکردنە. پێم وایە گرنگترین شت بۆ سینەماتۆگرافەر ئەوەیە هەرگیز لە فێربوون نەوەستێت و هەرگیز لە دۆزینەوە نەوەستێت و هەوڵ بدات رێگەی نوێ بدۆزێتەوە تا بشڵەژێیت. رووداو: ئەو کامێرایەی بە کاری دەهێنیت زۆر گەورەیە. ئەمە کارێکی قورس نییە بۆ تۆ؟ چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن؟ رۆزنلەند: هەموو بەیانییەک 20 خولەک راهێنانی پشت دەکەم. رووداو: لەبەر کامێراکەت؟ رۆزنلەند: بەڵێ، چونکە ئەگەر راهێنان نەکەیت، ئەوا پشتت بەرگەی ناگرێت و دەشكێت. رووداو: یانی ئەوەندە کێشی قورسە؟ رۆزنلەند: بەڵێ. رووداو: رۆژی چەند کاژێر دەتوانیت بەو کامێرا قورسەوە کار بکەیت؟ رۆزنلەند: رۆژانە بە شێوەیەکی ئاسایی 10 بۆ 14 کاژێر کار دەکەین. رووداو: سرووشت و رووناکیی سرووشتی چۆن دەتوانن وێنەیەکی راستەقینە بۆ بینەر بۆ بگوازنەوە؟ رۆزنلەند: پێم وایە ئەو پرسیارێکی زۆر قورسە. پێم وایە بۆ ئەوەی واقیع پیشان بدەیت یان بە جۆرێک هەستی واقیعی بدات، بۆ من زۆر گرنگە تەکنیکاڵ نەبم. پێویستم بەوەیە لە واقیعدا بم و خەڵک ببینم و هەست بە شوێنەکە و کەشەکە بکەم، چونکە تەنیا شتێک کە گرنگە لە کاتی سەیرکردنی فیلمدا بریتییە لە کارەکتەری باش. دەتوانیت تەقینەوە و دیمەنی جوان ببینیت، بەڵام ئەگەر کارەکتەری باش نەبینیت، ئەوا فیلمێکی بێزارکەر دەبێت. بۆیە کارەکەم ئەوەیە کەشێک دروست بکەم کە ئەکتەرەکان باشترین رۆڵی خۆیان بگێڕن. لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت وێنەی جوان دروست بکەم. دەبێت جوان بن بۆ ئەوەی چیرۆکەکە بگێڕمەوە. بەڵام ئەگەر وێنەکە وەلا بنێم و سەیری ئەکتەرەکان نەکەم، ئەوا خەڵک لە دەست دەدەم. ئێوەیش چیرۆکەکەتان لە کیس دەچێت. رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بەخێر بێیت بۆ کوردستان. هیچ شتێکت هەیە لە کۆتاییدا بیڵێیت؟ رۆزنلەند: نەخێر. زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان. زۆر خۆشحاڵ بووم کە لێرەم و زۆر خۆشحاڵ بووم کە لەگەڵ ئەو سینەماتۆگرافەرانەدا بووم. زۆر سوپاس.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/05102023
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، عێراق هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئاشتی بگۆڕێت و "عێراق لە توانایدایە ئارامی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت." ئەم هەڤپەیڤینەی سەنگەر عەبدولرەحمان، پێشکێشکاری رووداو لەگەڵ هیشام رووکابی، راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئەمڕۆ (شەممە، 3-2-2024) لە بووڵتەنی نیوڕۆژ پەخشکرا، پێش هێرشەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا تۆمارکراوە، کە بەپێی حکومەتی عێراق بەهۆیانەوە 16 کەس کوژران و 25 کەسیش بریندار بوون. هیشام رووکابی دەڵێ لەدوای قۆناخی شکستی داعش، عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەما "لە سایەی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییە جیاوازەکانمانەوە، کە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە داعش لەنێوبردرا." راوێژکارەکەی سوودانی لەبارەی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکی - عێراقیش قسەی کرد و رایگەیاند "دوای ئەوەی لیژنەی باڵای سەربازی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد، کارەکانی بەسەر سێ لیژنەی دیکەی لاوەکی دابەشکرد"، روونیشی دەکاتەوە کاری ئەو لیژنە لاوەکییانە چییە. هیشام رووکابی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەبارەت بەو هێرشانەی لە نێوخۆی عێراق بەگشتی و بۆ سەر هەولێر بەتایبەتی دەکرێن کە حکومەتی عێراق ناتوانێت گرووپە هێرشکەرەکان کۆنترۆڵ بکات، لەکاتێکدا ئەم گرووپانە لەنێو خاکی عێراقەوە هێرش دەکەن، شوێنیان دیارە و سەرکردەکانیان دیارن، گوتی "هەر کەسێک ئەم بانگەشەیە بکات، دەبێ بە بەڵگە بیسەلمێنێت. هەر کەسێک قسە لەبارەی ئەوە بکات، کە شوێنەکانیان دیارە و بەڵگەی لەسەر بوونیان هەیە، با بەڵگە پێشکێشی حکومەت بکات." دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: حکومەتی عێراق ئەم ماوەیە بە کەشێکی سەخت، دژوار و پڕ کێشە و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت، بەهۆی ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراق و هێزەکانی ئەمریکا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە لە وەشاندنی گورز بۆ سەر یەکدی. حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکان چی کردووە؟ ئەو هەوڵانەی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان داویەتی، ئەنجامەکەی چی بووە و لەگەڵ کێ قسە کراوە؟ هیشام رووکابی: لەوەتەی دامەزراندنی حکومەتی بەڕێز سوودانی، بەڕێزیان هەمیشە رێگەی گفتوگۆ و دیالۆگی بونیاتنەری لەگەڵ سەرجەم ئەو کێشە و پرسانەی رێگری لە بەجێگەیاندنی ئەرک و چالاکییەکانی حکومەت دەگرن، گرتەبەر. هاوکات نەخشەڕێگەی چارەسەرکردنی هێمنانە دوور لە هەڵکشاندنی گرژییەکان بۆ پرس و ئاڵنگارییە جیاوازەکانی داڕشت بۆ ئەوەی زامنی بەردەوامبوونی سەقامگیریی وڵات بکات. بۆیە لەبارەی پرسی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، وەک لە کارنامەی حکومەتی بەڕێز سوودانیدا ئاماژەی بۆ کراوە و متمانەی لە پەرلەمان بەدەستهێنا، باس لە کشاندنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە عێراق دەکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێویست بە مانەوەیان نەما لەپاش قۆناخی شکستهێنانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە سایەی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییە جیاوازەکانمانەوە، کە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە داعش لەنێوبردرا. بۆیە ئەمڕۆ عێراق لە توانایدایە ئارامی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت و هەوڵدەدات ئاسۆیەکی نوێی پەیوەندییەکان لەنێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و عێراق دروست بکات و گواستنەوەی پەیوەندییەکان لە ئاستی ئەمنییەوە بۆ ئاستی گشتیی کە پێوەرەکەی هاوکاری و هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردن بێت لە سەرجەم بوارەکانی ئابووری و گەشەپێدانەوە. هەر بۆیە ئەمڕۆ ئەم گفتوگۆیانە دەستیان پێکرد و لەلایەن تیمە تەکنیکییە سەربازییەکانەوە هەنگاوی بۆ نرا و بۆ ئەمەش لیژنەیەک بەناوی لیژنەی باڵای سەربازیی پێکهێندرا. کۆبوونەوەی یەکەمی لیژنەکە، لەژێر چاودێریی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەڕێز سەرۆکوەزیرانەوە بەڕێوەچوو. هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاماژەکانی روون و بەرجەستەکراوی رەنگدانەوەی بۆ رای گشتیی هەبێت بەتایبەتی روونکردنەوەی میکانیزمی کشانەوەکان و گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و عێراق. رووداو: یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکی - عێراقی چۆن بوو؟ باسی چی کرا؟ کەی گەڕی دووەمی گفتوگۆکان ئەنجام دەدرێت؟ هیشام رووکابی: دوای ئەوەی لیژنەی باڵای سەربازی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد، کارەکانی بەسەر سێ لیژنەی دیکەی لاوەکی دابەشکرد. لیژنەیەک هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و رەنگدانەوەی هەڕەشەکانی بۆ سەر دۆخی عێراق دەکات. لیژنەی دووەم، لەسەر دۆخی زانیارییەکان کار دەکات لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان لەنێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. لیژنەی سێیەمیش تایبەتمەند دەبێت بە رێکارەکانی بەهێزکردنی زیاتری توانای سەربازیی سوپای عێراقی. ئەم لیژنە لاوەکییانە دید و بۆچوونی خۆیان لە رێگەی راپۆرتێکەوە بۆ لیژنەی باڵای سەربازیی بەرز دەکەنەوە تاوەکو لە رێگەیەوە لیژنە باڵاکە، میکانیزمی چۆنیێتی پرۆسەی کشانەوە دیاریبکات لە کات و شوێن رێکارەکانی دیکەوە، دواتریش هێزە چەکدارەکانمان شوێنەکانیان لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق پڕبکەنەوە. رووداو: دوو بۆچوونی جیاواز لەم بابەتەدا دەبیندرێن؛ ئەمریکییەکان دەڵێن ئەم گفتوگۆیانە بۆ دانانی میکانیزمێکی نوێی مانەوە و کارکردنی هێزەکانی ئەمریکان لە عێراق، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق باس لە کشانەوە دەکات. کامیانە؟ هیشام رووکابی: پێموایە هەڵوێستی حکومەت روونە. راگەیێندراوی حکومەت کە بۆ رای گشتیی بڵاویکردەوە، ئەویش روونە. حکومەت داوای کشانەوە و گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکان دەکات لە پەیوەندیی ئەمنییەوە بۆ پەیوەندیی گشتی. بە واتایەکی دیکە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای هاوکاری و هاوئاهەنگی هاوبەشەوە و رێز لە یەکدیگرتنەوە لەنێوان عێراق و تەواوی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا. ئاستی پەیوەندییەکانیش بۆ ئابووری و کولتووری و بازرگانییەوە بگۆڕدرێت. عێراق سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمریکا زۆر ئەرێنی بن. ئێمەش خوازیارین پەیوەندییەکانمان فرەڕەهەند بکرێن لە سەرجەم سێکتەرە گشتی و تایبەتییەکانیش لەخۆبگرێت کە عێراق سوودی لێ وەربگرێت. رووداو: رەخنەیەک لە حکومەتی عێراق دەگیرێت؛ بەوەی ناتوانێت ئەم گرووپانە کۆنترۆڵ بکات. ئەم گرووپانە لە دەرەوەی حکومەت و دەسەڵات و دەوڵەتن، چەکیان پێیە و هێرش دەکەنە سەر هاوپەیمانان، وەڵامی ئەم رەخنانە چۆن دەدەنەوە؟ بۆچی حکومەتی عێراق ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەم گرووپانە بکات؟ هیشام رووکابی: بەشێک لەم رەخنانە ورد نین و بەشێکیان دروست نین، بەهۆی ئەوەی سەرجەم هەڵوێستەکانی حکومەت و فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رێگری دەکەن لە بوونی هەر گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت. تەنانەت بەکارهێنانی هێز لە هەندێک بواری تایبەت و لە دۆخێکی وەهادا. بۆیە حکومەت لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و سەپاندنی یاسا. توانای هەیە کۆنترۆڵی ئارامی و سەقامگیری نیشتمان بکات و خاوەن ئاسۆیەکی فراوان و توانایەکی بەهێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە ئاڵنگارییەک. لەبارەی هۆکاری گرژییەکان، عێراق هۆشداریی داوە لە هێرشە دوژمنکارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. بەڕێز سەرۆکوەزیرانیش لە کۆنگرەی قاهیرە باسی لە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی ئەم دوژمنکارییە کرد بەوەی پڕووشکی ئاگرەکە تەشەنە دەکات و هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە. بۆیە عێراق پێداگری لە راگرتنی ئەم کارە دوژمندارییانە دەکات بۆ ئەوەی رێڕەوی پارێزراو بکرێنەوە لەپێناو گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە. رووداو: بۆ ئەم هێرشانە لە نێوخۆی عێراق بەگشتی و بۆ سەر هەولێر بەتایبەتی دەکرێن؟ حکومەتی عێراق ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات. ئەم گرووپانە لەنێو خاکی عێراقەوە هێرش دەکەن، شوێنیان دیارە و سەرکردەکانیان دیارن و چەکدارەکانیشیان دیارن، بۆچی حکومەت ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات؟ هیشام رووکابی: هەر کەسێک ئەم بانگەشەیە بکات، دەبێ بە بەڵگە بیسەلمێنێت. هەر کەسێک قسە لەبارەی ئەوە بکات، کە شوێنەکانیان دیارە و بەڵگەی لەسەر بوونیان هەیە، با بەڵگە پێشکێشی حکومەت بکات، بەهۆی ئەوەی حکومەت هەڵوێستی روون و دیارە لەبارەی کۆی رووداوەکان. هەروەها لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر هەولێر، حکومەت چەندین جار قسەی لەبارەیەوە کردووە و لیژنەی پێکهێناوە بەمەبەستی توێژینەوە بۆ لێکەوتەکانی ئەم بابەتە و رێگریکردن. لەئەنجامدا هەر شوێنێک لە خاکی عێراق رووبەڕووی هێرش ببێتەوە، حکومەت سوورە بۆ چارەسەرکردنی. رووداو: کوا ئەنجامی کاری لیژنەکان؟ کاتێک کارێک درایە دەست لیژنە، خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی کردار لە لیژنەکان دەکات؟ هیشام رووکابی: بەڕێزم، حکومەتی بەڕێز سوودانی جیاوازە لە هەندێک حکومەتەکانی دیکە کە لیژنەی پێکدەهێنا و بەبێ ئەنجام دەرگەکانی بە واڵایی دەهێشتەوە. حکومەتی بەڕێز سوودانی بەدواداچوونی بۆ دەکات. حکومەتی بەڕێز سوودانی بەوە ناسراوە سەرۆکوەزیرانێکی چاودێرە و بەدواداچوون بۆ ورد و درشتی هەموو بابەتەکان دەکات، بەڵام هەندێکجار لیژنەکان پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی بەوپەڕی هۆشیاری و وردییەوە کار بۆ چارەکردنی زۆربەی کێشە و ئاڵنگارییەکان بکەن، کە رووبەڕووی عێراق دەبنەوە. بۆیە پێموایە بابەتەکە پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی سەرجەم لیژنە پەیوەندیدارە سەربازی و ئەمنییەکان کارەکانیان تەواو بکەن. ئەم لیژنانە پێویستیان بە کاری وردتر و بەدواداچوونی زیاترە بۆ سەرچاوەی زانیارییەکان و تاوەکو گەشەی زیاتر بە هەوڵە هەواڵگرییەکان بدەن. ئەم دامەزراوانە پێداگرن لە خوێندنەوەی دروست بۆ سەرجەم زانیارییە بەردەستەکان لەپێناو گەیاندنی راپۆرت و زانیارییەکان بەشێوەیەکی دروست بۆ سەرووی خۆیانەوە. رووداو: لە ماوەی رابردوو باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نامەیەکی رادەستی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد و ئەویش رایگەیاند کە نامەیەکەی گرنگی حکومەتی ئەمریکا بە حکومەتی عێراق دراوە. ناوەڕۆکی ئەم نامەیە چییە و بۆچی هێندە گرنگە؟ ئەمریکا چ داواکارییەکی لە عێراق کردووە؟ هیشام رووکابی: ناوەڕۆکی نامەکە بە گشتیی باسی لە ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و عێراق دەکرد و چۆنیەتی داڕشتنی ئاراستە و ئاسۆیەکی نوێ بۆ ئەم پەیوەندییانە و چۆنیێتی بەڕێوەبردنی گفتوگۆکان لەگەڵ تیمە سەربازییەکانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا. هەروەها گرنگیدان بە خشتەی کاتی کشانەوەی هێزەکان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شوێن و کاتی پرۆسەکە بەپێی پێوەری دیاریکراو و گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. رووداو: هەندێک سەرچاوە دەڵێن، ناوەڕۆکی نامەکە زۆر توند بووە و هۆشداری داوەتە حکومەتی عێراق لە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر هاوپەیمانان، ئەمە راستە؟ هیشام رووکابی: زۆرن ئەوانەی باس و خواسی جیاواز دەخەنەڕوو، تەنانەت بەشێکیان بەمەش ناوەستن و لە خەیاڵی خۆیانەوە چیرۆکی سەیر و سەمەرە دەهۆننەوە و بەگوێی رای گشتیدا دەچرپێنن بۆ ئەوەی بازاڕی خۆیان خۆش بکەن. بەدڵنیاییەوە ئەمە وانییە، بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەسەر بنەمای هاوکاری و هاوئاهەنگیی هاوبەشە. لە زۆربەی بۆنەکاندا دەبینن، کە هەڵوێستی ئەمریکا و عێراق زۆر روونن و ئاماژە بە کاری هاوبەش و هاوئاهەنگیی بەردەوام و هاوبەش دەدەن بۆ خوێندنەوەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت لەبارەی دۆخی ناوچەکە و چۆنیەتی کارکردن لەپێناو نزیککردنەوەی دید و بۆچوون و کۆک بوون لەسەر هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە دوور لە گرژی و ئاڵۆزییەکان و زاڵبوونی زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ. ئەمە بنچینەی سەرەکیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/030220241
نەوەیەکی شێخ سەعیدی پیران چیرۆکی ژیانی و کارو چالاکیی خۆی و خێزانەکەی دەگێڕێتەوە، دەڵێت، "لە ساڵانی 1993 ژیتەم و پەکەکە پێکەوە زوڵمیان دەکرد و خەڵکیان ناچارکردبوو کۆچ بکەن." سەبارەت بە ئەردۆغان رایگەیاند، کە ئەردۆغان "سەرۆکێکی دادپەروەر نییە" ئەگەر پشتگیری ئەوان نەبووایە نەدەبوو بە سەرۆکی شارەوانیی و "پیاوێکی بێوەفایە." لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا کە لەلایەن کاوە ئەمینەوە پێشکێش کرا، شێخ عەبدولیلا فرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران سەرگوزەشتەی ژیانی خۆی و خێزانەکەی و خەبات و چالاکییە سیاسییەکانی گێڕایەوە و لەنێوانیاندا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو کە پەیوەندی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان چۆن بووە گوتی، "چەند جارێک بینیومە، کەسێکی بێ باوەڕ بوو، جارێک بۆ پیرۆزبایی دامەزراندنی فیدراسیۆنی رۆشنبیری لە ئەنقەرە چووینە بارەگەی فیدراسیۆنەکە محەممەد لەوێ بوو کوڕێکی بەڕێز بوو و دانیشتین لەگەڵیدا، دوای گفتوگۆ، کاتی بانگ بوو، پێمانگوتن بەرماڵتان هەیە، دەمانەوێت نوێژەکانمان بکەن. بەڵام ئەوان گوتیان "خۆ ئێمە نوێژکەر نین، کەواتە بەرماڵیشمان نییە". ئێمەش چاکەتەکانی خۆمان راخست و دەستمان بە نوێژی جەماعەت کرد. لەو کاتەدا ئۆجەلان هاتە ژوورەوە و لە محەممەد توڕە بوو، گوتی'ئەوە چییە ئەو شەریعەت پەیڕەوانەتان هێناوەتە ئێرە و سەرکردایەتیان دەکەن لە نوێژدا'. خەریک بوو ببێتە شەڕ و لەیەکدی بدەن، بەڵام کەوتنە نێوانیانەوە و نەیانهێشت لەیەکدی بدەن. دواتر میت [دەزگای هەواڵگریی تورکیا] محەممەدیان گرت، زۆریان ئەشکەنجە کردبوو، باشیان لێدا بوو، هەر بەو هۆیەشەوە کۆچی دوایی کرد." شێخ ئەبدولیلا فرات باسی سەردانێکی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەکات بۆ تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو کاتی تورکیا و دەڵێت، "کاتێک من بینیمن، داوای لێکردم بچنە نێو پەرلەمانی تورکیا و من ئەو کات پەرلەمانتار بووم، ئەوانیش هەموویان قیافەیەکی کوردییانەیان هەیە، عەباو جبەی کوردیان لەبەردایە. تورکەکان کاردانەوەی سەیریان بەرامبەر ئەو شتانە هەبوو، وەکو گورگ وابوون، هێرشیان دەکردە سەر خەڵک. ئەوکاتە حوسامەدین جندرۆک سەرۆکی پەرلەمان بوو، قسەم لەگەڵ کرد و گوتم وەفدی پارتێکی تورکمانی عێراق لێرەن، نەدەکرا بڵێم پارتێکی کوردی! گوتی نا! گوتم بەڵێ لێرەن و دەیانەوێت پەرلەمان ببین، بەڵام لەبەرئەوەی وەفدێکی فەرمیین با پۆلیس پاسەوانێتیان بکات." نەوەکەی شێخ سەعیدی پیران باس لەوە دەکات، کە"سەرۆکی پەرلەمان رێبەری پەرلەمانی نارد بەدواماندا کە زمانی عەرەبی دەزانی، کاتێک بەرەو ساڵۆنی خواردنگەی پەرلەمان دەچووین، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرەو روومان هات، ئێستا ناوی ئەو 'تورکە سەگەم' لەبیر نییە، رێگەی لێگرتین و دەستی بەهاوار هاوار کرد، دەینەڕاند، مستەفا کەمال ئەتاتورک تۆ لە کوێی؟ ئەوەتا نەوەکانی شێخ سەعید بوون بە ئەندام پەرلەمان و بەوەشەوە نەوەستاون، هاتوون نوێنەرانی پارتی ئیسلامی کوردستانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و بەناو پەرلەماندا دەیانگێڕن، شاتە شاتی زۆر کرد، گوێمان نەدایە و بەرەو ساڵۆنەکە رۆیشتین." لە درێژەی گوتەکانی عەبدولیلا فرات دەڵێت، "سەیرم کرد ئەرداڵ ئینینۆ کوڕی عیسممەت پاشا هاتە ژوورەوە، گوتم ئینجا نۆرەی ئەمەیە، دەبێت ئەم چی بڵێت! گوتم ئەگەر قسەیەکی خراپی کرد، چی دەبێت با ببێت، کورسییەک دەکێشم بە تەپڵی سەریدا. هات لە پشت ئێمەوە دانیشت، بانگی کردم بەڕێز فرات دەتوانیت دەقەیەک بێیت بۆلام! کە چووم گوتی بیستوومە وەزیری دەرەوە بەرامبەر میوانەکانت کاری نابەجێ و قسەی پیسی کردووە، پێمخۆشە بێم بۆلای میوانەکانت داوای لێبووردنیان لێبکەم. ئەرداڵ ئەوکاتە جێگری سەرۆکی پارتەکەیان بوو، بردمە لای خۆمان و لەگەڵمان دانیشت. داوای لێبوردنی کرد لەوەی کە وەزیری دەرەوە قسەی نابەجێی کردووە و گوتی ئێمە هەموو خەڵکی وڵاتێکین و کەسمان غەریبە نین، هیوادارم لێبووردنەکەم قبووڵ بکەن. شێخ عوسمان شتێکی گوت کە لەبیرم ناچێتەوە "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ تورکەکان وەکو برا بین، ئەوە ئەمریکایە کە تەفرەقە دەخاتە نێوانمانەوە." نەوەکەی شێخ سەعیدی پیران چیرۆکی سەردانیکردنی بۆلای سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەدەپ دەکات و رایگەیاند، "ساڵی 1994، هادەپ 25 ئەندام پەرلەمانی هەبوو، کۆبوونەوە و گوتیان دەمانەوێت بچینە لای سەرۆککۆمار، ئەوکاتە سڵێمان دیمیڕاڵ سەرۆککۆمار بوو، گوتیان، دەچین باسی ئەو زوڵم و زۆرەی بۆ دەکەین کە لە رۆژهەڵات [باکووری کوردستان] دەکرێت، ئەوکاتە لە خەڵک دەدرا، خەڵکیان دەخستە زیندانەوە، زوڵمێکی بێ رادە بەدەریان بەرامبەر کورد دەکرد، من وەکو کوردێکی ناو پارتی رەفا لەگەڵیان چووم، کوردەکانی دیکە نەهاتن، من لە پێش ئەوانەوە گەیشتمە شوێنی دیدارەکە، بەڵام کاتێک چووینە ژوورەوە ئەوان پێش من کەوتن، من لەدوای ئەوانەوە چوومە ژوورەوە، سڵێمان دیمیراڵ بەپێوە وەستابوو، بەخێرهاتنی کردین، کە دانیشتین دمیراڵ گوتی کاک فرات فەرموو جەنابتان وەرنە لای منەوە دابنیشن." هەروەها باسی لەوە کرد، "سەرۆککۆمار رووی لە ئەندامەکانی هادەپ کرد و گوتی، منداڵینە (چوجوقلەر)، ئێوە قەت نابن بە میللەت، لە تورکیا ئەوەی کە زۆرترین خزمەتی بە کورد کردووە شێخ سەعیدە، من دەبینم نەوەی شێخ سەعید لەگەڵ ئێوەدا هاتووە، خۆتان پێشکەوتن و ئەوتان خستە دوای خۆتانەوە، ئەگەر ئێوە میللەتێکی باش بوونایە دەبوو عەبدولیلاتان بخستایەتە پێش خۆتانەوە، ئەوکاتە من زیاتر خۆشحاڵ دەبووم و دەمگوت بزانە ئەمانە قەدری گەورەکانی خۆیان دەگرن، رێزی ئەوانە دەگرن کە خزمەتی میللەتەکەیانی کردووە، بەڵام دیقەتمدا کەستان سڵاوێکتان لە ئەبدولیلا نەکرد.! عەبدلولیلا فرات گوتی، "ئێوە درۆزنن، کورد نین، ئەگەر کورد هەبێت عەبدولیلایە. کەسیان وەڵامیان نەدایەوە. ئینجا باسی مەسەلەی کوردیان کرد. کە تەواو بووین، دیمیراڵ گوتی تۆ بمێنەرەوە، پێی گوتم ئا ئەمە میللەتەکەی ئێوەیە بۆیە نابن بەهیچ، گروپێکی بیست کەسیان دروست کردووە، وەختێک مرۆڤ نەبێت بە مرۆڤ، حیزب بەدەردی چی دەخوات! گوتی ئەگەر ئەوان تورک بوونایە، تۆیان دەخستە پێش خۆیانەوە." دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شێخ ئەبدولیلا فرات، نەوەی شێخ سەعیدی پیران، بەشی دووەم رووداو: سوپاست دەکەم کە لە گفتوگۆکەمان لەگەڵماندا بەردەوامیت. شێخ ئەبدولیلا فرات: منیش سوپاسی ئێوە دەکەم. رووداو: ئێوە لە سورگون (مەنفا) لەدایک بوون؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: بەڵێ، وایە. من لە ژیانی دیلایەتیدا لەدایک بووم، ئازار و ناخۆشییەکی زۆرمان بینی، خێزانەکەمان رووبەرووی برسێتی و هەژاری و دیلێتی بووەوە، پەیوەندییان لەگەڵ کوردستان نەما، لە دۆستەکانیان دابڕان. نەیاندەهێشت کەس قسەیان لەگەڵدا بکات، پەیوەندییەکان بچڕان. کەسوکارمان لەژێر چاودێریی سەربازیدا بوون، نەیاندەهێشت شێخ عەلی رەزا سەردانی مزگەوتیش بکات. دواتر من سەردانی ئەو شوێنەم کرد، میدیە دەکەوێتە سەر کەناری دەریای رەش، ئەوەش بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری و یاداوەریەکان، لەوێ پێیانگوتم سەرەتا بۆ ماوەی دوو ساڵ شێخ عەلی رەزایان هێنایە ئێرە، والی و بەرپرسە سەربازییەکان بە خەڵکەکەیان راگەیاند کە نابێت بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ شێخ عەلی رەزا گرێ بدەن. دوای دوو ساڵ رێگەیاند، شێخ عەلی رەزا سەردانی مزگەوت بکات، نیوەڕۆ و ئێواران دەچووە مزگەوت. خەڵکی تراخێ دەهاتنە بەردەم ماڵەکانیان و تەماشای شێخ عەلی رەزیان دەکرد، ئەوان لەوە تێگەیشتبوون کە زانا و پیاوچاکێکی بەناوبانگە، خەڵک خۆشیان دەویست، دوای ئەوە پەیوەندی شێخ عەلی ڕەزا و خەڵک دروست بوو. ماوەیەک دوای ئەوە، نەخۆشی (لەرز و تا) بڵاو دەبێتەوە و چەند کەسێکیان لێ دەمرێت، بۆیە دەیانگوێزنەوە بۆ گوندێک کە دەکەوێتە ناو دارستانێکەوە، گوندێکی خۆشە، من لەو گوندە لە دایک بووم، دایکم دەیگوت ئەوەندە فەقیربووین، هیچمان نەبوو تێتەوە بپێچین، مەجبوور کراسەکەی خۆمم دڕی و تێمەوە پێچایت. بەو شێوەیە بە هەژاری و نەداری دەستمان بە ژیان کرد. رووداو: تاوەکو کەی لەو شوێنە (کرکلەرێلی) مانەوە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: تا ساڵی 1947، دوای ئەوە بەر لێبوردنێک کەوتین، گەڕاینەوە بۆ وڵات، شێخ عەلی رەزا قوتابخانەکەی خۆی کردەوە و دەستی بە وانە گوتنەوە کرد، بەڵام نەیاندەهێشت شێخ عەلی رەزا بەم لاولادا بڕوات، بۆ نموونە نێوان خنوسێ و قەزاکەمان تەنیا چوار کیلۆمەتر بوو، کاتێک بیویستایە بچێت بۆ ئەوێ، دەبوو موختار خەبەر بە قایمقام بدات، ئەگەر رازی بوایە دەیتوانی بچێت، ئەگەریش رازی نەبوایە نەیدەتوانی لە گوندەکە دووربکەوێتەوە. رووداو: باوکت تێکەڵاوی سیاسەت بوو؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر، خۆی تێکەڵاوی سیاسەت نەکرد. ساڵی 1966 لە ئەرەزرۆم، بوومەلەرزەیەک روویدا، خانووەکانمان رووخان و قوتابخانەکانمان تێکچوو، ناچار روومان لە شاری ئەلعەزیز کرد، رۆژێک نەجمەدین ئەربەکان هات، ئەو خۆی نەناساند، گوتی، ئەگەر رێگام بدەن هاتووم زیارەتی شێخ عەزیز ئەفەندی بکەم! شێخ عەزیز ئەفەندی لێی پرسی تۆ کێیت و بۆچی هاتوویت؟ ئەربەکان گوتی من کوڕی سەبری ئەفەندیم کە لەسەردەمی عوسمانییەکاندا لە ئەرەزرۆم قازی بووە. سەبری ئەفەندی زانایەکی گەورەبووە، قازییەکانی سەردەمی عوسمانی عالم بوون، کاتێک شێخ سەعید ئەفەندی بچووبایەتە ئەرەزرۆم سەردانی دەکرد و گفتوگۆیان دەکرد. شێخ عەزیز ئەفەندی بەو دیدارە خۆشحاڵ بوو. لە ئەربەکانی پرسی، بەچییەوە مەشغوڵی؟ ئەربەکان وەڵامی دایە کە لە زانکۆی ئیستەنبووڵ بەشی تەکنیک دەخوێنێت. هەر ئەوکاتە قایمقام هات بۆلای شێخ. ئەربەکان لە شێخ عەزیز ئەفەندی پرسی، لە ئیسلامدا مافی دارستانە چییە؟ دوای ئەوەی بۆی روونکردەوە، ئەربەکان باسی ریفۆرمی زەوی و زاری کرد، پرسی دەربارەی دابەشکردنی (پێدانی) زەوی بەسەر خەڵکدا چی دەڵێت؟ شێخ ئەفەندی گوتی، کاتێک عومەری کوڕی خەتاب دەبێت بە خەلیفە، دەوروبەری رووباری نیل بەسەر خەڵکیدا دابەش دەکات، خەڵکی ئەو دەوروبەرە هیچیان نەبوو، زەوی بەسەر جووتیارەکاندا دابەش کرد، کەواتە لە تورکیاش ئەگەر زەوی دەوڵەت هەبێت دەتوانێت بیدا بەخەڵک بەو مەرجەی دادپەروەرانە بێت. موناقەشەکە ئاوا بوو. دواتر شێخ عەزیز ئەفەندی بەهۆی نەخۆشییوە چووە ئەنقەرە، ئەوکاتە نەجمەدین ئاربەکان مامۆستای زانکۆ بوو، رۆژێک بەڕێکەوت بینیمان، لێیپرسین هیچ خەبەرێکتان لە جەنابی شێخ هەیە؟ گوتمان ئەوە لێرەیە لە ئەنقەرەیە، زۆری پێخۆش بوو، داوای لێکردم بیبەم بۆ خزمەتی. ئێوارەبوو کە بردم بۆلای شێخ. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شێخ کە لە زاناکانی دیکەی تورکیادا نەبوو، زانیارییەکانی بوو لەسەر سیستمە سیاسییەکانی دنیا، لە کاپیتاڵیستەوە بگرە هەتا کۆمۆنیزم و بیروباوەڕە جیاوازەکانی دیکە، وەختی خۆی شێخ سەعید ئەفەندی وەکو سەرۆکی دەوڵەت پەروەردەی کردبوو. زاکیرەیەکی یەکجار بەهێزیان هەبوو، کتێبیان ئەزبەر کردووە. ئەوکاتەی کە لە تەراغە بوو، کەسێک نامەیەکی بۆ دەنێرێت، لەنامەکەدا شیعرێکی جەلالەدینی رۆمی بۆ دەنووسێت، کاتێک شیعرەکە دەخوێنێتەوە شێخ عەزیز ئەفەندی دەست بە گریان دەکات! کاتێک لێی دەپرسن بۆچی دەگریت؟ لە وەڵامدا دەڵێت، وەختی خۆی باوکم وەسێتی بۆ کردم کە کتێبی مەسنەوی بخوێنەرەوە کە لە 10 بەرگ پێکدێت، ئەزبەری بکەم، بەڵام ئەوەبوو منیان نەفی کرد و ئەو دەرفەتم بۆ نەڕەخسا ئەو کارە بکەم، ئێستا کە ئەو شیعرەم بینی، شێخ سەعیدم بەیادهاتەوە بۆیە گریام. رووداو: باشە، با بگەڕێنەوە سەر ئەربەکان، راستە دەڵێن ئەربەکان کوردە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: دیارە ئەو خۆی سەربە عەشیرەتێکی کوردە، عەشیرەتی خۆزانییەکان. رووداو: ئەو خۆی دەیگوت کە کوردە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: باوکی ئەربەکان گوتبووی کە کوردن، ئەویش دەیگوت، بەڵام بە منی گوت زوڵم و زۆرێکی زۆرمان لێکراوە، کە مردم ئینجا بڵاوی بکەرەوە کە من کورمانجم (کوردم). رووداو: کەواتە ئەو لەلای تۆ ددانی بەوەداناوە کە کوردە، بەڵام کوردی نەدەزانی؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: بەڵێ، وایە، ئەربەکان لە ئیستنەبووڵ گەورە ببوو، باوکیشی قازی بوو لە ئەرەزرۆم. دواتر مستەفا کەمال قانونێکی دەرکرد، شتێک روویدا کە بە یاخیبوونی شەپقە ناوی دەرکرد، نزیکەی 200 بۆ 300 کەسیان کوشت، ئەوەبوو باوکی ئەربەکانیان نەفی کرد بۆ سینۆپ کە لە دەریای رەشەوە نزیکە، لەوێ ژنەکەی دەمرێت و ژنێکی گورجی دەهێنێت، ئەربەکان خوشکەزای گورجییانە، دواتر دەچێتە ئیستەنبووڵ و لەوێ گەورە دەبێت. ئەربەکان زۆر کوردی خۆشدەویست و بەردەوام دەیگوت کە بڕۆن زانا و ئاقڵمەندە کوردەکان بهێننە ناو پارتەکەمانەوە، تەنیا کوردەکانن کە دەنگمان پێ دەدەن، ئەگەر کوردەکان دەنگ بە ئێمە نەدەن، ئەوا زەرەرێکی زۆر لەم حکومەتە دەکەن. رووداو: بەڵام یاشێخ، کورد چ خێرێکیان لە ئەربەکان و حیزبەکی بینی؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەربەکان، زوڵم و زۆری تورکەکانی باس دەکرد، زوڵم و زۆری سوپا و ژیتەمی باس دەکرد، ئەو کۆمەڵکوژییانەی دەیانکردن و ماڵ و حاڵی خەڵکیان تاڵان دەکرد. بۆ نموونە کاتێک من لە ساڵی 1992 بوو یان 1993 بوو، ئەوکاتە ژیتەم لە لایەک و پەکەکەش لەلایەکی دیکەوە زوڵمیان دەکرد، خەڵک ناچاربوون کۆچ بکات. رووداو: بۆچی دەڵێیت پەکەکە زوڵمی دەکرد؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: دەیانگوت دەبێت مەیل بدەن بە ئێمە، ئێ دەوڵەتی تورکیا زۆر زاڵمە، مرۆڤ نەیدەتوانی بە ئاشکرا مەیلداری پەکەکە بێت، دەوڵەت خەڵکیان دەخستە زیندانەوە، وێرانت دەکات، تاڵانت دەکات، ئەوەی پێی دەگوترێت ئینساف و مەرحەمەت لە دەوڵەتی تورکیادا نییە، ئێ تۆ بێیت مەیلت بۆ خەڵکانێک هەبێت کە ئامۆزا و پورزاتبن و پێشتر پەکەکە بووبێتن یان پێشتر هاورێت بوون و پەکەکە بوون، حکومەت دەتگرێت، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە زیندانەکاندا ژیان بەسەر دەبەن. رووداو: باشە یاشێخ ئێوە دەڵێن داواتان دەکرد کورد دەنگتان پێ بدات، ئەی ئێوە لە پەرلەماندا بە قازانجی کورد چیتان کرد، لە لایەنی فەرهەنگی و زمانەوە، هیچتان کرد؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: زۆرجار لە سمینارەکاندا کە سێ مانگ جارێک رێکی دەخست دەیگوت ئەگەر لە کوردستان پیشەسازی پێشبکەوێت، ئەوا دەوڵەت ناتوانێت زۆر زوڵم لە خەڵک بکات، خەڵک گرێدراوی دەوڵەت دەبێت، ئەوانەی کە دەچنە بەر خوێندن زۆرتر دەبن. رووداو: بەڵام ئەمەش جۆرێک لە توانەوە (ئاسیمڵاسیۆن) نییە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: جارێک ئەربەکان لە بینگۆڵ لە گردبوونەوەیەکدا بەشداربوو، منیشی لەگەڵ خۆی برد، بە فرۆکە چووینە ئەلعەزیز لەوێ سواری هەلیکۆپتەرێک بووین، فەرماندەی سوپاشمان لەگەڵدا بوو، بەرپرسی ئیستیخباراتمان لەگەڵدا بوو، فەرماندەی جەندەرمە و ئەمینداری گشتیی وەزیری بەرگریشمان لەگەڵ بوو، هەلیکۆپتەرەکە بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەرۆیشت کە خاکی شێخ سەعید بوو، پالۆ، ئەو شوێنانەم پێشانی ئەربەکان دا کە بە ئاڵای تورکیا داپۆشرابوو، نووسرابوو (خوا تورک رزگار بکات)! کاتێک گەیشتینە بینگۆڵ ئەربەکان لە گوتارەکەیدا گوتی کاتێک بەرەو ئێرە دەهاتین، ئەبدولیلا ئەو شوێنانەی پێشاندەدام کە هەمووی بە دروشمی (خوا تورک رزگار بکات) داپۆشرابوو، داوای کرد شتی وا بەرامبەر کورد مەکەن، لەسەر خاکی ئەوان ئەم شتانە مەنووسن، دەنا ئەوانیش دەڵێن خوا کورد رزگار بکات، ئەوە دەبێتە هۆی ناکۆکی و دووبەرەکی و نەفرەت لەنێوانماندا دروست دەکات، واز لەو کارانە بهێنن! لەسەر ئەو قسانە ئەوەبوو لە پرۆسەی کودەتای 28 شوبات 1997، ئەربەکانیان کەنارگیر کرد و پۆستی سەرۆکوەزیرانیان لێوەرگرتەوە. رووداو: باشە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ئەوکاتەی کە خوێندکار بوویت، ئایا کاتێک خوێندکار بوویت، پەیوەندیت لەگەڵ گروپە ئیسلامی و راستڕەوەکان دا هەبوو؟ کۆمەڵەی خوێندکاران هەبوو؟ شێخ عەبدولیلا فرات: لەو سەردەمەدا رێکخراوی تورکەشچییەکان ئەوانەی سەر بە (مەهەپە) هەبوون، زۆر بەهێز بوون، چەپ و سۆسیالدیموکراتەکانیش هەبوون، لە سەرووی ئەمانەشەوە دۆغو پەرینچەک هەبوو، بەڵام ئەو ئەفسەری هەواڵگری بوو، لەبنەچەدا خۆی فەلەیە، سۆسیالیست هەبوون، پارتی کرێکارانی تورکیا هەبوو. هەروەها خوێندکاری ئایینی کوردیش هەبوون، ئەوە ئێمە بووین، تورکیشمان لەنێودا بوو، پێیان دەگوتین "پەیڕەوانی شەریعەت". ئێمە بەرگریمان لە ئیسلام دەکرد. سیمینار و کۆبوونەوە دەکرا، لەوێدا بیروباوەڕی خۆمان دەهێنایە گۆڕێ، ئەوانیش بۆچوونی خۆیان دەردەبڕی و دەبوو بە مشتومڕمان. رووداو: هیچ رێکخراوێکتان هەبوو؟ عەبدولیلا فرات: رێکخراوی خوێندکاران هەبوو، پارتە سیاسییەکانی وەکو مەهەپە، سۆسیالیست، سۆسیالدیموکراتەکان و لیبراڵەکان هەرەیەکە و لیستی خۆی دیاری دەکرد، هەریەکە کاری بۆ خۆی دەکرد؟ رووداو: ئێوە لیستی سەربەخۆتان هەبوو؟ عەبدولیلا فرات: ئێمەش لیستێکمان دروست دەکرد. لە زۆر شوێندا بەقازانجی ئێمە شکایەوە، ئاخر ئەوان بەگژیەکتردا دەچوون و پەرش بڵاودەبوونەوە و ئێمەش کەڵکمان لێوەردەگرت. رووداو: ئێوە ڕێکخستنێکتان بەناوی (چرا) دروست کرد، ئەوە ساڵی چەند بوو؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: ساڵی 1969 بوو، لەو سەردەمەدا بزووتنەوەی خوێندکاری زۆر بوون. ناڕەزایەتی هەبوو، گردبوونەوە هەبوو، دەستە و تاقم دروست دەبوون. بەهۆی قەدەغەکردنەکانەوە، ناوی ئێمەیان نابوو "گروپی چرا، بە واتایەکی دیکە "رووناکی". بەو شێوەیە خەباتی خۆمان بەڕێوە دەبرد. رووداو: رێکخراوی چرا تەنیا کوردەکان ئەندام بوون تێیدا؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: تورکە شەریعەتچییەکانیشمان لەگەڵ بوو. رووداو: ئێوە لەگەڵ تورکە شەریعەتچییەکاندا چۆن لەسەر مەسەلەی کورد رێکدەکەوتن، دانیان بە مافی کورددا دەنا یان تەنیا شەریعەت کۆیدەکردنەوە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: مەیلیان بەلای ئێمەدا هەبوو، کاتێک هەڵبژاردن دەکرا دەنگی خۆیان بە ئێمە دەدا، ئێمەش مەیلمان بەلای ئەواندا هەبوو. رووداو: لەگەڵ سۆسیالیست و چەپەکاندا بەگژیەکتردا دەچوونەوە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: رووداوی گەورە گەورە روویاندەدا. بۆ نموونە رۆژێک لە دەوام بووین، لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکاران پێکەوە بووین، گوتیان شەڕ قەوماوە. ئێمەش چووین بزانین لە کێ دەدەن، بۆمان دەرکەوت کە خەریکە کەسێک دەکوژن، دڵنیا نەبووین کێیە، بەڵام فریایی کەوتین و رزگارمان کرد. ئەو قوتابییە گوتی فریام بکەون بمخەنە ناو ئۆتۆمبیلەکەمەوە و بمبەن، مارسیدسێکی وەرزشی ئەخیر مۆدیلی پێبوو، گوتمان ئێمە و ئۆتۆمبێل؟ ئێمە شۆفێری نازانین. تەکسییەکمان گرت و سوارمان کرد بۆ نەخۆشخانەمان برد. لەوێ گوتی بەو ژمارە تەلەفۆنە کەسوکارم ئاگادار بکەن با بێن بەلامەوە. تەلەفۆنمان کرد، پۆلیس هاتن بۆ ژوورەکە، هەروەها ژنەکەی دەمیراڵ خاتوو نەزمیش هاتبوو، بەلامانەوە سەیر بوو، ئەو لێرە چی دەکات؟ تێگەیشتین کە ئەو خوێندکارە ژن برای سڵێمان دمیراڵ بوو. بە خوشکەکەی گوت، سوپاسی ئەبدولیلا و جەماعەتەکەی بکە کە فریامان کەوتن، ئەو نەبوایە دەیانکوشتم. دوای ئەوە پزیشکەکان کۆبوونەوە و تیماریان کرد و سواری ئەمبوڵانسێکیان کرد، ئێمەشیان لەگەڵ خۆیان برد و چووین بۆ ماڵی دیمیراڵ. ئەوکاتە خوێندکارەکان هەژار بوون، خواردنێکی خۆشیان بۆ ئامادەکردین و خزمەتیان کردین، خۆشحاڵیان کردین. رووداو: ئەوکاتە دیمیراڵ پۆستی چی هەبوو؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەوکاتە سەرۆکوەزیران بوو، هەر خۆشی هات بۆلامان سوپاسی کردین. پاشان تەلەفۆنی بۆ وەزیرەکەی خۆی کرد و داوای لێکرد کە سەد لە هاورێکانی ئەبدولیلا بکەنە فەرمانبەر، چونکە ئەمانە هەژارن، بەوشێوەیە هاوڕێکانمان بوونە فەرمانبەری حکومی. بەوشێوەیە مەیلیان بۆ ئێمە پەیدابوو، ئێمەش مەیلمان بۆ ئەوان هەبوو، نەماندەزانی ئەوانە کێن، بەڵام نەماندەویست لە زانکۆکەدا زوڵم لە کەس بکرێت. کاتێک بمانبینیایە زوڵم دەکرێت، یەکسەر خۆمان تێهەڵ دەقورتاند، ئەوان نەیاندەوێرا لەگەڵ ئێمە شەڕ بکەن. بۆ نموونە بوڵند ئارنج ، ماوەیەک پەرلەمانتاری ئێمە بوو لە پارتی رەفا. ئەوکاتە ئێمە لە کۆڵێژی حقوق دەمانخوێند، لە مەرحەلەی یەکەمدا بووین، بوڵند لە مەرحەلە دوو دەیخوێند، ئەوکاتە لایەنگری نوورچییەکان بوو، رۆژێکیان قوتابییە سۆسیالیستەکان گرتبوویان تێڕوپڕیان لێدابوو، پەرێشانیان کردبوو، گوتی لە مزگەوت دەریان هێنام و زۆریان لێدام و خراپیان بەسەرهێنام. پێمانگوت با بچین تۆڵەیان لێ بکەینەوە، ئەو قوتابیانەی کە لێیاندابوو پێشان داین، ئێمەشە هەڕەشەمان لێکردن و گەڕاینەوە. ڕووداو: پەنا بۆ بەکارهێنانی چەک دەبرا؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر چەک بەکارنەدەهێنرا، بە دەست و مەچەکمان شەڕمان دەکرد. رووداو: باسی دیدارێکی خۆت و ئۆجەلانمان بۆ بکە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: کۆمەڵە کوردییەکان خەریکی دامەزراندنی فیدراسیۆنی یانەکانی رۆشنبیری بوون. کەسێک هەبوو بە ناوی محەممەد خەڵکی بینگۆل بوو، کوڕێکی زۆر بەڕێز بوو، بڕیار بوو ئەو سەروکاری ئیشەکە بکات. ئێمەش گوتمان با بچین پیرۆزبایی لێبکەین. ئۆفیسەکەیان دەکەوتە سەر شەقامی زیا گۆکاڵپ لە ئەنکارا. ئەوەبوو چووین، پیرۆزباییمان لێکردن و دانیشتین. دوای گفتوگۆ، کاتی بانگ بوو، پێمانگوتن بەرماڵتان هەیە، دەمانەوێت نوێژەکانمان بکەن. بەڵام ئەوان گوتیان "خۆ ئێمە نوێژکەر نین، کەواتە بەرماڵیشمان نییە". ئێمەش چاکەتەکانی خۆمان راخست و دەستمان بە نوێژی جەماعەت کرد. لەو کاتەدا ئۆجەلان هاتە ژوورەوە و لە محەممەد توڕە بوو، گوتی"ئەوە چییە ئەو شەریعەت پەیڕەوانەتان هێناوەتە ئێرە و سەرکردایەتیان دەکەن لە نوێژدا". لە مەحەممەد توڕە بوو، خەریک بوو ببێتە شەڕ و لەیەکدی بدەن، بەڵام کەوتنە نێوانیانەوە و نەیانهێشت لەیەکدی بدەن. دواتر میت (دەزگای ئیستخیباراتی تورکیا) محەممەدیان گرت، زۆریان ئەشکەنجە کردبوو، باشیان لێدا بوو، هەر بەو هۆیەشەوە کۆچی دوایی کرد. کە محەممەد گیرا، ئێمە داوامان لە ژنبراکەی دەمیراڵ کە ناوی عەلی شەنەر بوو کرد کە بەدواچوونێک بکات، بەڵکو محەممەد بدۆزنەوە، ئەوە بوو محەممەدیان لە کونجێکی میت پەیداکرد، بەڵام زۆریان ئەشکەنجەدابوو، پەرێشان بوو، هەرگیز چاک نەبووە، هەر بەو هۆیەشەوە گیانی سپارد. خەزووری عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرپرسی بەشێکی دەزگەی ئیستیخبارات بوو. رووداو: لە نزیکەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلانت دەناسی؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: من تەنیا یەک دوو جار بینیومە. رووداو: ئەوکاتە ئەو چەپ و مارکسیست بوو؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: کەسێکی بێدین بوو. رووداو: بەڵام دەڵێن پێشتر کەسێکی بڕوادار بووە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: درۆ دەکەن. رووداو: لەسەر پەیوەندی (مەهەپە)یەکان و ئیسلامییەکان بەتایبەتی لە شارێکی وەکو بینگۆڵ، دەڵێن پێکەوە کاریان کردووە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: هەندێک مرۆڤی گەمژە و نەزان هەن کە بە تەعەسوبەوە کار دەکەن، وابیردەکەنەوە کە بەو شێوەیە دژایەتیی کۆمۆنیست و بێدینەکان دەکەن، بۆیە دەڵێن هەرچۆنێک بێت ئەگەر(مەهەپە)ییەکان تورکیشبن، تورکێکی موسڵمانن، بۆیە ئەگەر لەگەڵ ئەوان کاربکەین باشترە، ئەوە خەتایەکە و دەیکەن، ئاخر ئەوانە بێشعورن، میللەتێک کە شعوری نەبێت دەکەوێتە هەڵەوە، میللەتێک کە شعوری نەبوو، ناتوانێت دۆست و دووژمنی خۆی لەیەک جیابکاتەوە، بێگومان دەکەونە هەڵەوە. بۆیە ئەو خەتایانە دەکرێن. رووداو: ئەوکاتەی کە ئێوە خوێندکاربوون و خەریکی شەریعەتچێتی بوون، بەدیوەکەی دیکەدا کوردایەتیتان دەکرد یان نا؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: نکۆڵیمان لە کوردبوونی خۆمان نەدەکرد، لەناوخۆماندا بە کوردی قسەمان دەکرد، ئێمە لەگەڵ ئەوەی هاورێی تورکمان هەبوو، بەڵام بەردەوام کە ئەوانیشی لێبوو بە کوردی قسەمان دەکرد. هیچ کاتێک سازشمان لەسەر زمان و داب و نەریت و عەقیدەی خۆمان نەدەکرد. رووداو: گۆڤار و رۆژنامەی خۆتان هەبوو؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر، نەمانبوو. ئێمە ئەو دەرفەتانەمان بۆ پەیدا نەبوو. دواتر پەرش و بڵاوبووینەوە، کە حیزبەکانیش دامەزران، هەریەکەو پەیوەندیمان بە حیزبێکەوە کرد و بڵاوەمان لێکرد. رووداو: ئەوکاتە (حەفتاکان) هیچ حیزبێکی ئیسلامی هەبوو؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەربەکان پەیدا بوو، ساڵی 1971 پارتی رەفا (ژیانێکی ئاسودە) ی دروست کرد. هەڵبەت پێش ئەوەش پارتی رزگاری نیشتمانی هەبوو، دواتر ئەربەکان سەربەخۆیانە کاری کرد و پارتی رەفای دروست کرد. رووداو: کام لە حیزبە تورکییەکان لە کوردستان لایەنگریان زۆرتر بوو؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەربەکان لایەنگری زۆر بوو، سەدی حەفتای لەگەڵ بوو. بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1986 یان 1989 پارتی رەفا زۆرترین دەنگی لە دیاربەکر [ئامەد] هێنا، لە هەموو ناوچەکانی رۆژهەڵات پەرلەمانتارمان هەبوو. دیارە کوردی بەهۆش نەدەهاتنە ناو پارتەکەمانەوە، ئەربەکان دەیگوت بڕۆن لەگەڵیان قسە بکەن و قەناعەتیان پێبهێنن کە بێنە ناو (رەفاوە). بەڵام هەرچییەکمان کرد نەهاتن و نەهاتن، خەڵکە عەوامەکە دەنگیان دەداینێ، بەڵام خەڵکە رۆشنبیرەکە نەهاتنە ناو رەفاوە. رووداو: ساڵی چەند بوویت بە ئەندامی پارتی رەفا؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: من لە ئەندامە سەرەتاییەکانی پارتیم، هەر کاتێک ئەربەکان پارتێکی دامەزراند بێت، من بووم بە ئەندام تێیدا، ئەوکاتە من سەرۆکی یەکێتیی لاوان و خوێندکاران بووم. لە کۆنیا کاندیدێکی سەربەخۆمان هەبوو، چووم بوومە هاوکاری و کارم لەگەڵ کرد، پاشان گوتیان بچۆرە ئەو قەزا و ناحیانەی کە کوردی لێ دەژی، بۆ ئەوەی پشتگیریمان بکەن. رووداو: پارتی رەفا هیچ بەرنامەیەک یان پرۆژەیەکی هەبوو لەسەر دۆزی کورد و چارەسەری، یان لەلایەنی فەرهەنگی و زمانەوە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: خوای گەورە کە نەتەوەکانی دروست کردووە بۆ هەریەکەیان عورف و عادات و زمانێکی تایبەتی پێ بەخشیووە، خۆ ناتوانین بێین زمان و مێشک و سەری خۆمان بگۆڕین، رەفا دەیگوت ئیسلامیەت چ مافێکی دیاری کردووە بۆ گەلان منیش ئەومافانە قبووڵ دەکەم و دەشیکرد. رووداو: لەگەڵ ئەو کوڕانەی کە ئەندام بوون لە پارتەکانی دیکەدا، هاوکاری یەکدیتان دەکرد؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: لە پەرلەمان، دەنگمان بەو پرۆژە یاسایانە نەدەدا کە دژایەتی کوردی بکردایە، دژی دەوەستاینەوە، ئەربەکان پێگوتم کە لەگەڵ مافەکانی کورد بە، بەڵام دەبێت هۆشیاربیت، نابێت نەژادپەرستەکانی ناو پارتەکەمان پێت بزانن، چونکە بزانن دەکەونە دووژمنایەتی کردنت. رووداو: ساڵی 1991 بوویت بە ئەندامی پەرلەمان، چۆن توانیت لە ئەرەزرۆم ئەو دەنگە زۆرە بەدەست بهێنیت؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: پێش ئەوەی رەفا دابمەزرێت، پارتی رزگاری نیشتمانی و نەزمی نەتەوەیی هەبوو. بەرلەوەی ئەرباکان بچێتە ناو سیاسەتەوە یەکترمان بینی بوو. شێخ عەزیز ئەفەندی گوتی پشتگیری بکەن، ئەو کوڕی سەبری ئەفەندییە، دۆستی ئێمەیە، گەنجێکی موسڵمان و دیندارە، بەدڵنیاییەوە پشتگیری لێبکەن. ئەوکاتە شێخ عەزیز ئەفەندی گەورەی خێزانەکەمان بوو و هەروەها باوکم و مامم هانیانداین کە پشتگیری رەفا بکەین، منیش لە ئەنکار چوومە نێو رێکخستنەکانی رەفا. رووداو: بۆچی مەلیک فورات دژایەتی رەفای کرد؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: مەلیک فورات لەناو دیموکراتەکاندا بوو، سەرەتا لەلای موندەریس بوو بە ئەندام پەرلەمان، ئیدی وازی لێنەهێنان. رووداو: کاتێک لە ساڵی 1984 پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی بە خەباتی چەکداری کرد، ئێوە وەکو پارتی رەفا دژیان وەستانەوە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: بەڵێ ئەربەکان بە ئاشکرا دژایەتی کردن، لە ناو پەرلەماندا قسەی کرد، پێی گوتم تۆ قسە نەکەیت باشە، با تووشی سەرئێشە نەبیت، ئێوە بنەماڵەی شێخ سەعیدن ناتوانین پارێزگاریتان لێ بکەین، ئەگەر کاردانەوەی دروست بێت. رووداو: تۆ بۆخۆت دژ بوویت؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: من دژی ستەمکارانم، ناتوانم زاڵمم خۆش بوێت، من دژی هەر کەسێکم کە ستەم بکات. رووداو: مەبەستم ئەوەیە دژی خەباتی چەکداری بوویت؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: من خۆم لەوان نەدەگەیاند و ئەوانیش خۆیان لە ئێمە نەدەگەیاندا. ئەوکاتە قورسایی ئێمە لە هەڵبژاردنەکاندا لە هی ئەوان زیاتر بوو. رووداو: ساڵی 1991 شێخ عوسمان عەبدولعەزیز سەردانی تورکیایی کرد و هاتە ناو پەرلەمانی تورکیاوە، چیرۆکی رووداوەکانی ئەو سەردانە چۆن بوو؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: رۆژێک تەلەفونیان بۆ کردم گوتیان ئەربەکان دەڵێت بەپەلە و بێ وەستان بێت بۆلام، منیش چووم بۆ لای سکرتێرە تایبەتیەکەی، پێم گوت چی روویداوە؟ پێی گوتم وەفدێکی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان میوانی ئەربەکانن، لەبەر ئەوە بانگی کردوویت، کە چووم بینیم هەموو بە جلی نەتەوەییەوە دانیشتبوون، ئەربەکان زۆر بەگەرمی پێشوازی کردن و زۆری رێز لێگرتن، ئەربەکان سەرۆکی حیزبمان بوو. هەستم بە ترسێک لەلایەن ئەربەکانەوە دەکرد، ئاخر سەرۆکی پارتێکی کوردی هاتووە لای. بە ئەربەکانم گوتم، خۆجە، میوانەکان با لەگەڵ ئێمە بن و ئێمە لە خزمەتیاندا دەبین. بە مامۆستا مەلا عوسمانیشم گوت، خەڵکێکی زۆر سەردانی ئەربەکان دەکەن، رەنگە تۆ نەتوانیت زۆر کەڵک لە دیدارەکە وەربگریت، ئەگەر جەنابتان پێتان باش بێت، فەرموو ببنە میوانی ئێمە، دواتر ئەربەکانیش بانگ دەکەین بۆلایی خۆمان و بە ئیسراحەت قسەی خۆتان بکەن. دوای سێ ڕۆژ، شێخ عوسمان گوتی حەزدەکەم بمبەیت بۆ نێو مەجلیسی تورکیا (پەرلەمان)! ئێ ئەوانیش هەموویان قیافەیەکی کوردییانەیان هەیە، عەباو جبەی کوردیان لەبەردایە. تورکەکان کاردانەوەی سەیریان بەرامبەر ئەو شتانە هەبوو، وەکو گورگ وابوون، هێرشیان دەکردە سەر خەڵک. ئەوکاتە حوسامەدین جندرۆک سەرۆکی پەرلەمان بوو، قسەم لەگەڵ کرد و گوتم وەفدی پارتێکی تورکمانی عێراق لێرەن، نەدەکرا بڵێم پارتێکی کوردی! گوتی نا! گوتم بەڵێ لێرەن و دەیانەوێت پەرلەمان ببین، بەڵام لەبەرئەوەی وەفدێکی فەرمیین با پۆلیس پاسەوانێتیان بکات. ئەوەبوو رێبەری پەرلەمانی نارد بەدواماندا کە زمانی عەرەبی دەزانی، کاتێک بەرەو ساڵۆنی خواردنگەی پەرلەمان دەچووین، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرەو روومان هات، ئێستا ناوی ئەو تورکە سەگەم لەبیر نییە، رێگەی لێگرتین و دەستی بەهاوار هاوار کرد، دەینەڕاند، مەستەفا کەمال ئەتاتورک تۆ لە کوێی؟ ئەوەتا نەوەکانی شێخ سەعید بوون بە ئەندام پەرلەمان و بەوەشەوە نەوەستاون، هاتوون نوێنەرانی پارتی ئیسلامی کوردستانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و بەناو پەرلەماندا دەیانگێڕن، شاتە شاتی زۆر کرد، گوێمان نەدایە و بەرەو ساڵۆنەکە رۆیشتین، سەیرم کرد ئەرداڵ ئینینۆ کوڕی عیسەمت پاشا هاتە ژوورەوە، گوتم ئینجا نۆرەی ئەمەیە، دەبێت ئەم چی بڵێت! گوتم ئەگەر قسەیەکی خراپی کرد، چی دەبێت با ببێت، کورسییەک دەکێشم بە تەپڵی سەریدا. هات لە پشت ئێمەوە دانیشت، بانگی کردم بەڕێز فرات دەتوانیت دەقەیەک بێیت بۆلام! کە چووم گوتی بیستوومە وەزیری دەرەوە بەرامبەر میوانەکانت کاری نابەجێ و قسەی پیسی کردووە، پێمخۆشە بێم بۆلای میوانەکانت داوای لێبوردنیان لێبکەم. ئەرداڵ ئەوکاتە جێگری سەرۆکی پارتەکەیان بوو، بردمە لای خۆمان و لەگەڵمان دانیشت. داوای لێبوردنی کرد لەوەی کە وەزیری دەرەوە قسەی نابەجێی کردووە و گوتی ئێمە هەموو خەڵکی وڵاتێکین و کەسمان غەریبە نین، هیوادارم لێبووردنەکەم قبووڵ بکەن. شێخ عوسمان شتێکی گوت کە لەبیرم ناچێتەوە "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ تورکەکان وەکو برا بین، ئەوە ئەمریکایە کە تەفرەقە دەخاتە نێوانمانەوە". ئەرداڵ گوتی من فەرق و جیاوازی ناکەم، بەڵام حیزبەکانی دیکە دەیکەن. سیندۆروک (سەرۆکی پەرلەمان) تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی، باشە کاک فرات تۆ چیت بۆ ئێمە هێناوە، ئەو سەگە (وەزیری دەرەوە) هات بۆ لام، بەسەرمدا قیژانی و دەڵێت، حیزبێکی کوردیتان بۆ هێناوینەتە نێو پەرلەمانەوە! لەناو تورکەکاندا کەسانی بێ ئەدەبی وا هەبوون کە بووبوون بە وەزیری دەرەوە، کەچی لە بەرامبەر شاندێک کە لە دەرەوە هاتبوون، کارێکی وا بێمانایان کرد و دەیکەن بە رۆژی قیامەت. رووداو: ئێوە لەگەڵ تورگۆت ئۆزالیشدا پەیوەندیتان هەبوو، کەسێکی چۆن بوو، ئەویش کورد بوو؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: ئۆزال دایکی کورد بوو. پیاوێکی زاڵم نەبوو و زوڵمی نەدەکرد، مەیلی بەلای کوردیشدا هەبوو. چاکەی بەسەر مام جەلال و مەسعود بارزانییەوە هەبوو، پاسپۆرتی بۆ دابین دەکردن، لەگەڵ کوردی عێراقدا باش بوو. پیاوێکی دیموکرات بوو، نەژادپەرست نەبوو، پیاوێکی ئاقڵ و زانا بوو. لە نەتیجەدا میللەت کە خۆی نەبێت بە میللەت، خێری بۆ خەڵکی دیکەش نابێت. با شتێکت بۆ باس بکەم، ساڵی 1994، هادەپ 25 ئەندام پەرلەمانی هەبوو، کۆبوونەوە و گوتیان دەمانەوێت بچینە لای سەرۆککۆمار، ئەوکاتە سڵێمان دیمیڕاڵ سەرۆککۆمار بوو، گوتیان دەچین باسی ئەو زوڵم و زۆرەی بۆ دەکەین کە لە رۆژهەڵات (باکووری کوردستان) دەکرێت، ئەوکاتە لە خەڵک دەدرا، خەڵکیان دەخستە زیندانەوە، زوڵمێکی بێڕادە بەدەریان بەرامبەر کورد دەکرد، من وەکو کوردێکی ناو پارتی رەفا لەگەڵیان چووم، کوردەکانی دیکە نەهاتن، من لە پێش ئەوانەوە گەیشتمە شوێنی دیدارەکە، بەڵام کاتێک چووینە ژوورەوە ئەوان پێش من کەوتن، من لەدوای ئەوانەوە چوومە ژوورەوە، سڵێمان دیمیراڵ بەپێوە وەستابوو، بەخێرهاتنی کردین، کە دانیشتین دمیراڵ گوتی کاک فرات فەرموو جەنابتان وەرنە لای منەوە دابنیشن! رووی لە ئەندامەکانی هادەپ کرد و گوتی، منداڵینە (چوجوقلەر)، ئێوە قەت نابن بە میللەت، لە تورکیا ئەوەی کە زۆرترین خزمەتی بە کورد کردووە شێخ سەعیدە، من دەبینم نەوەی شێخ سەعید لەگەڵ ئێوەدا هاتووە، خۆتان پێش کەوتن و ئەوتان خستە دوای خۆتانەوە، ئەگەر ئێوە میللەتێکی باش بوونایە دەبوو عەبدولیلاتان بخستایەتە پێش خۆتانەوە، ئەوکاتە من زیاتر خۆشحاڵ دەبووم و دەمگوت بزانە ئەمانە قەدری گەورەکانی خۆیان دەگرن، رێزی ئەوانە دەگرن کە خزمەتی میللەتەکەیانی کردووە، بەڵام دیقەتمدا کەستان سڵاوێکتان لە ئەبدولیلا نەکرد! گوتی ئێوە درۆزنن، کورد نین، ئەگەر کورد هەبێت ئەبدولیلایە. کەسیان وەڵامیان نەدایەوە. ئینجا باسی مەسەلی کوردیان کرد. کە تەواو بووین، دیمیراڵ گوتی تۆ بمێنەرەوە، پێی گوتم ئا ئەمە میللەتەکەی ئێوەیە بۆیە نابن بەهیچ، گروپێکی بیست کەسیان دروست کردووە، وەختێک مرۆڤ نەبێت بە مرۆڤ، حیزب بەدەردی چی دەخوات! گوتی ئەگەر ئەوان تورک بوونایە، تۆیان دەخستە پێش خۆیانەوە. بەداخەوە لەناو کورددا ئەنانیەت و غرور و خۆبەگەورەزانین هەیە، ئەندام پەرلەمانێتی چییە؟ مرۆڤ نابێت عورف و عاداتی خۆی لە بیربچێتەوە. راستییەکەی خۆشەویستی لەنێوانماندا نەبوو، سەرپێی سڵاومان لەیەکتری دەکرد. ئەگەر پرسیەکیان هەبوایە دەچووین، بەڵام تێکەڵاویمان نەبوو. رووداو: بۆچی ساڵی 1997 پارتی رەفا قەدەغەکرا؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: وەکو بۆم باس کردیت، لەسەر قسەکانی ئەربەکان کە لە بینگۆڵ کردی. رووداو: لەسەر عەبدوڵڵا گویل، چی دەڵێیت، ئینکاری هەبوونی کوردی دەکرد؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: هەموویان دەیکەن بە عەبدوڵڵا گولیشەوە. لەناو سەرکردە تورکەکاندا کە دڵسۆزانە پشتیوانی کوردی دەکرد تەنیا نەجمەدین ئەربەکان بوو. دیارە ئەویش خۆی دەپاراست و دەترسا. رووداو: بەڵام ئەویش تەنیا لە دڵی خۆیدا و لەلای خەڵکی وەکو ئێوە بە باشە قسەی لەسەر کورد کردووە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: نەخێر بەو شێوەیە نییە، لەناو پارتەکەشماندا بە ئاشکرا قسەی دەکرد، بەڵام خۆی لە راگەیاندن دەپاراست. ئەو راشکاوانە دەیگوت، ئەگەر بە گوێرەی عەقیدەی خۆم قسە بکەم ئەوا پارتەکە دادەخەن، ئەگەر درۆش بکەم ئەوا لەبەر دەمی خوای گەورەدا خۆم بە بەرپرسیار دەزانم، من لاڵ بووم، نەدەتوانم قسەی راست بکەم، ئێ خۆ ناشکرێت درۆ بکەم، لەنێو دووڕانێکدا بوو. رووداو: باشە ئەوە چ دادپەروەرییەکە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: لەناو تورکدا شتێک نییە بەناوی دادپەروەری، نە هەبووە نە دەشبێت، میللەتێکە هەم زوڵم لە خۆی هەم لە خەڵکی دیکە دەکات. رووداو: بە ئیسلامیەکانیشیانەوە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: رەنگە وەکو تاک هەبێت، بەڵام سیستمی حوکمڕانی ئەوان لەسەر زوڵمە هەڵچنراوە. رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ ئەردۆغان چۆنە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: پێشتر باشم دەناسی و کاریشم لەگەڵ کردووە، بەڵام کە بوو بە سەرۆککۆمار خۆی لێمان نەناس کرد و قسەی لەگەڵ نەکردین. خۆ وەختی خۆی ئەگەر ئێمە نەبوینایە نەیدەتوانی ببێت بە سەرۆکی شارەوانی. سەرۆکێک کە دادپەروەر نەبوو، وەفایشی نابێت. کاتێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان دزی و گەندەڵی بکەن، چاوەڕێ چاکەیان لێناکرێت. رووداو: ئێستا ئەندامی هیچ پارتێک هەیت؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: ئەندامی پارتی سەعادەتم. من لەگەڵ موسڵمان کار دەکەم، هیچ پارتێکی موسڵمانی کوردیش نییە بچمە ناویەوە. سەردەمانێک ویستمان پارتێکی ئیسلامیی کوردی دروست بکەین، بەڵام بۆمان دروست نەکرا؟ رووداو: بۆچی ناتوانن؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: پارەی پێویستە، ئێمەش پارەمان نییە. دروستکردنی پارتێک، سەرمایەی دەوێت، ملیۆنان دۆلاری دەوێت. رووداو: ئەو هەموو زوڵمەی لە باکووری کوردستان دەکرا، بوو بە رۆژەی پارتەکەی ئێوە لە پەرلەماندا؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: لەژێر لێوەوە، هەر ئەوەندە بوو. مرۆڤ لەناو پەرلەمانی تورکیادا شتێکی وابکات، هەموو لێی دەبن بە دووژمن و هێرشی دەکەنە سەر. رووداو: بەڵام جاربەجارێک پارتی هادەپ دەیکەن؟ شێخ ئەبدولیلا فرات: هادەپ هێزیان هەیە، شەست بۆ حەفتا ئەندام پەرلەمانیان هەیە. پەرلەمانتاری بۆ ئەوەیە بەرژەوەندی خۆیانی تێدایە، ئەوان کەڵک لە مەسەلەی کورد وەردەگرن نەک لە دڵەوە بۆ کورد و بیرباوەڕی کوردبوون تێبکۆشن، شتێکی وا لە مەزهەبی هادەپدا نییە. رووداو: رەوشی ئیسلامیەکان لە چیدایە؟ شێخ ئەبدولیلا فرات، دەتوانم بڵێم مەحکومی هەرە گەورە لە تورکیا سەرەتا کورد و پاشان موسڵمانەکانن، بۆ کورد و موسڵمانەکان لەم وڵاتەدا، ماف و دادپەروەری و مرۆڤایەتی نییە. رووداو: یاشێخ زۆر سوپاست دەکەم کە تەڤلی بەرنامەی پەنجەمۆر بوویت. شێخ ئەبدولیلا فرات: شەرەفێکی گەورەیە کە ئێمەتان بەسەرکردەوە، خوای گەورە هەموو باشییەک بەسەر خەڵکی کوردستاندا ببارێنێت. بەهیوای ئەوەی کە ناکۆکی و دوودڵی لەناو کورددا وەکو نەخۆشی کۆرۆنا ببڕێتەوە، بۆ ئەوەش دەبێت دەست لەبەرژوەندی حیزبایەتی بەردەین و یەکێتییەک لەناو نەتەوەکەماندا دروست بکەین کە بتوانین خزمەتی خەڵی خۆمان بکەین.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/20012024
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا بە "زۆر گرنگ" ناودەبات و دەڵێت، سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی فەرەنسایە. دەشڵێت، ئەو سەردانە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت. عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لە هەیڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ فەرەنسا کە شەوی پێنجشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2023 پەخشکرا، گوتی، عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا جێگەی بایەخن و "سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ عێراق و هەرێمی کوردستان نابێت." عەلی دۆلەمەری دەشڵێت، "سەرۆک ماکرۆن پێگە و بایەخی نێچیرڤان بارزانی باش دەزانێت.. و نێچیرڤان بارزانی رۆڵی گرنگی لەپێکهێنانی حکومەتی عێراقدا بینی و دەیەوێت ئاشتی و سەقامگیری لەگەڵ عێراق بەدەستبهێنێت." نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا باس لەوەش دەکات، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا درک بە کاریگەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و سەردانی نێچیرڤان بارزانی کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت. لەبارەی هەوڵەکانی فەرەنسا لە پرسی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، دۆلەمەری گوتی، فەرەنسا بەردەوام بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی هەولێر و بەغدا کاریکردووە و هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت. هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا: رووداو: بینەران و بیسەرانی رووداو سڵاوتان لێ بێت. لە پاریسم، پایتەختی ئەو وڵاتەی کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و پێگەیەکی گرنگی هەیە لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا. بڕیارە جارێکی دیکە، میوانداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. لەمبارەیەوە، لەگەڵ بەڕێز عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، گفتوگۆ دەکەم. کاک عەلی سڵاوت لێ بێت، زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. دەمەوێت بزانم کەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک ماکرۆن کۆدەبنەوە؟ ئامانجی سەردانەکەی و تەوەرە گرنگەکانی گفتوگۆکانیان چی دەبێت؟ دۆلەمەری: بەڵێ، سوپاس بۆ ئێمە و سڵاو بۆ بینەران و بیسەرانی تۆڕی میدیایی رووداو. ئێوەش دەزانن ئەم سەردانە زۆر گرنگە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک ماکرۆن ئەم سەردانە دەکرێت و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی پاریس دەکات و لەگەڵ بەڕێزیان کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکە، بەیانی رۆژی هەینی دەکرێت، کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەبێت. لای هەمووان روونە، ئەمڕۆ جیهان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. چەندین بەرەی شەڕ هەیە، شەڕی ئۆکراینا و رووسیا لە ئارادایە. شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوامە و ئێستاش شەڕێکی نوێ سەریهەڵداوە و لە نزیک ئێمەیە کە شەڕی حەماس و ئیسرائیلە. بۆیە ئەم سەردانە گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە. لەلایەکی دیکەشەوە، بەهۆی کۆرۆناوە پەیوەندیی دەرەوەی کورد لەگەڵ جیهان کەم بووبوو و دواتر شەڕی رووسیا و ئۆکراینا هات. لەم نێوەندەدا فەرەنسا جارێکی دیکە وەک پیشەی هەمیشەییان، بانگهێشتی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ئەوەی باس لە بارودۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکات چونکە هەم عێراق و هەم کوردستان بۆ فەرەنسا جێگای بایەخە و گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە. ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە بەبێ عێراق نە بەبێ هەرێمی کوردستان ناکرێت. بۆیە لەم روانگەیەدا سەرۆک ماکرۆن، پێگە و بایەخی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باش دەزانێت کە دەیەوێت سەقامگیریی و ئاشتیی لەگەڵ عێراق و ناوچەکە بەدەست بهێنێت. هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، لەگەڵ تورکیا و لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش باشە. رووداو: دەمەوێ بزانم، عێراق کێشەی زۆری هەیە و تاوەکو ئێستاش کێشەی زۆری لەگەڵ هەولێر بەهەڵپەسێردراوەیی ماونەتەوە. فەرەنسا چۆن دەڕوانێتە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەم نێوەندەدا بەتایبەتی لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و بەتایبەتیشی لە نێوان هەولێر و بەغدا. دۆلەمەری: وەک روونە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنەکەی لەم پۆستەیدا رۆڵێکی زۆر گرنگی بینی لە زۆربەی کایەکاندا. هەر لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و چارەسەرکردنی کێشە قووڵەکان و دەتوانێت رۆڵی کاریگەر ببینێت بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی عێراق بە شیعە و سوننە و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی عێراق و تەنانەت هەر لە ناوخۆی کوردستانیشەوە پەیوەندی ناوازەی لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان هەیە. لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریش پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە. لەسەر هەمان ئاست لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و هەرێمیش کاریگەری خۆی هەیە. ئیدی سەرۆک ماکرۆن درک بەم کاریگەرییە ئەرێنییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەو رۆڵ و پێگەیەی بەڕێزیان هەیەتی و دەتوانێت جێگای خۆی ببینێت لەو بارودۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت. لانیکەم دەتوانێت رۆڵی کارا بگێڕێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا. رووداو: بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکە چ رۆڵێکی هەیە بەتایبەتی لە گفتوگۆکردنی لەگەڵ بەغدا؟ لەو باوەڕەدان ئەم سەردانانە و گفتوگۆیانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەیکات چەند کاریگەری دەبێت لەبارەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا؟ دۆلەمەری: بێگومان کاریگەری دەبێت. بەڕێزتان لە سەرەتادا باستان لەوەکرد، فەرەنسا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و بەهاوبەشی لەگەڵ ئەڵمانیا سەرکردایەتیی یەکێتیی ئەوروپاش دەکات. بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی وڵاتێکی زلهێزی وەکو فەرەنسا بێگومان کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەوپێیەی ئەمڕۆ هەولێر پشتیوانییەکی زۆر بەهێزی هەیە بۆ نموونە لەگەڵ فەرەنسا و سەرۆک ماکرۆن بەتایبەتی کە لە ساڵی 2017دا رۆڵێکی باڵای گێڕا لە شکاندنی ئەو ئابڵووقە و سزایانەی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپێندرابوو. هەروەها بەردەوام کاریکردووە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئێستاش هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هەردوو پایتەختی فیدراڵ و پایتەختی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، چونکە سەرۆک ماکرۆن دەزانێت، نەبوونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا ئەستەمە ئاسایش و سەقامگیری بەدەست بهێندرێت. رووداو: دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس لە 2019 بوو. ئێمەش رووماڵی سەردانەکەمان کرد. پاریس و هەولێر بوونە دەستەخوشکی یەکدی. لەدوای ئەمە هیچ چالاکییەکی ئەوتۆ لەنێوان پاریس و هەولێر رووینەدا. ئەمە هۆکارەکەی چی بوو؟ دۆلەمەری: نەخێر، بەپێچەوانەوە شتی باش روویداوە، ئەو رێککەوتننامەی لەنێوان هەولێر و پاریس واژۆکرا بۆ ئەوەی پاریس بتوانێت یارمەتی هەولێر بدات. چەند شاندێکی تەکنیکی لە هەولێرەوە سەردانی پاریسیان کردووە، بەتایبەتی لەبوای شارسازیی و بەڕێوەبردنی چەندین پرۆژە. نوێترینیان رێڕەوی پاسکیلسواری کە بەمدواییانە لە هەولێر کرایەوە. هەروەها لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا سەرۆکی شارەوانی پاریس سەردانی هەولێری کرد و بڕیاریدا یەکێک لە خانووە هەرە دێرینەکانی قەڵای هەولێر لەسەر ئەرکی شارەوانیی پاریس نۆژەن بکاتەوە. هەروەها سەرۆکی شارەوانیی پاریس بەفەرمی هەولێری بانگهێشتکردووە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆلۆمپیادی ساڵی 2024 و چەندین کۆبوونەوەی گرنگی دیکەش لەنێوان هەولێر و پاریس لە زۆر بواردا کراون. هەروەها بەشێکیان خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام رەنگە راگەیاندنەکان بەپێی پێویست دەرفەت و بواری رووماڵکردن و گواستنەوەیان نەبووبێت. بۆیە دەڵێم، پەیوەندییەکان لەنێوان هەولێر و پاریس بەردەوامە. رووداو: کەواتە، ئەم پەیوەندییە هەنگاوی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەگوێرەی ئەو چالاکییانەی بەڕێزتان ئاماژەتان بۆ کردووە؟ دۆلەمەری: بەڵێ بێگومان ئەم هەنگاوانە و پەیوەندییانە بەردەوامە. بەتایبەتی لە دوای 2019 کاتێک ئەم رێککەوتننامەیە واژۆکرا کۆرۆنا سەریهەڵدا و دوای ئەوەش شەڕی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد و ئێستاش ئەم شەڕە هاتووەتەکایەوە، بەڵام سەرباری هەموو ئەم ئاڵنگارییانە کەچی هەولێر و پاریس هەمیشە لەسەر هێڵ بوونە چ بە ئۆنلاینەوە بێت چ بە سەردانیکردنی یەکدی بووبیت. رووداو: فەرەنسا بەشدارە لە هەوڵەکانی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام بە گشتیی فەرەنسا و وڵاتانی دیکەش نیگەرانن بەوەی کە پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت. فەرەنسییەکان چۆن بیر دەکەنەوە کە باس لەم پرۆسەیە دەکرێت بەتایبەتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە؟ دۆلەمەری: فەرەنسا دەخوازێت هەمیشە پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت. هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکی باش لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا هەبێت، چونکە یەکگرتوویی پارتە سیاسییەکان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا. بۆیە هەمیشە فەرەنسا بیری ئەوە دەکات کە عێراقێکی بەهێز لەناوخۆدا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەهێزیش هەبێت بۆ ئەوەی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بەدی بکات لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. ئەمە پەیامی سیاسیی فەرەنسایە بۆ ئەوەی کورد بە یەکگرتوویی داوای مافەکانی خۆیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بکەن. هەروەها لەگەڵ حکومەتی بەغدا پەیوەندییەکانیان باش بێت و هەمیشە پشتگیری لەم سیاسەتە دەکەن و لە سەرجەم راگەیێندراوەکانیشیاندا جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێ حکومەتی عێراق سەرجەم مافە رەواکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دابین بکات و لە بەرامبەریشدا داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات یەکگرتووبن و چاکسازی بکەن و سەرجەم دامودەزگاکانیان رێکبخەنەوە بە وەزارەتی پێشمەرگەشەوە. رووداو: بەڵام دەبینین پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت، لەمبارەیەوە فەرەنسا چی دەڵێت؟ دۆلەمەری: تاوەکو ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی لەمشێوەیە نەبووە. وەک بەڕێزتان دەزانن ئەمریکا و بەریتانیا وەک دەسەڵاتی یەکەم لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کار لەسەر ئەم پرۆسەیە دەکەن، بەڵام فەرەنسا هەمیشە پشتگیری کردووە لەوەی کە پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە ریزەکانیان رێکبخەنەوە. نەک هەر ئەمە، بەڵکو هەمیشە داوایکردووە سەرجەم دامودەزگاکانیش رێکبخرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکگرتووییەوە داوای مافەکانی گەلی کورد لە عێراق دابین بکەن. رووداو: با بگەڕێینەوە بۆ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس و کۆبوونەوەی رۆژی هەینی کە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن بەڕێوەدەچێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە شەڕی ئیسرائیل و حەماس زۆر گەرمە و هەموو جیهان دەڕوانێتە ئەم دۆخە نوێیە و هەڵبەت کاریگەری زۆری بەسەر ناوچەکە هەبووە و دەبێت. کاریگەرییەکەشی بەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان دەبێت بەتایبەت لە عێراق. خوێندنەوەی فەرەنسا بۆ ئەم دۆخە چییە؟ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بێلایەنبوونی هەڵبژاردووە! ئایا فەرەنسییەکان چی دەڵێن؟ دۆلەمەری: پێشتریش باسم لەوەکرد، سەرۆک ماکرۆن سەبارەت بەم دۆخە زۆر نیگەرانە بەهۆی ئەو پێشهاتانەی لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس و تەنانەت دۆخی غەززە هەیە. بۆیە سەردانی مەیدانیی کردووە و لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی ناوچەکە وەک ئوردن کۆبووەتەوە. فەرەنسا نایەوێت ئەم شەڕە پەرەبسەنێت، بەهۆی ئەوەی شەڕی داعش هێشتا کۆتایی نەهاتووە کە هەرێمی کوردستان لەم شەڕەدا رۆڵێکی زۆر گرنگی بینی. ئەوەش لەیاد نەکەین فەرەنسا قوربانییەکی زۆریداوە. یەکەم وڵات بوو قوربانیداوە و قوربانی لەناوخۆ و دەرەوەشیداوە. بۆیە سەرۆک ماکرۆن لە دوایین گوتاریدا باسی لەوە کرد کە پێویستە ئێمە هاوپەیمانییەکی دیکە بەکاربهێنین لە دژی گرووپە تیرۆریستەکان لە ناوچەکەدا. بۆیە پێویستیان بە هەرێمی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگەش هەیە چونکە داعش کۆتایی نەهاتووە. راستە هیچ خاکی بەدەستەوە نییە بەڵام ئایدۆلۆژیای داعش و ئەو کەسانەی بۆ داعش دەجەنگن هێشتا بە شاراوەیی ماون. بۆ بنبڕکردنیان پێویست بەچەند ساڵی دیکەش هەیە و فەرەنسا بەردەوام پشتگیری خۆی دووپات کردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بە هاوکاری هێزەکانی دیکە بەتایبەتی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بەردەوام بن لە کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کراوە کە فەرەنساش تێیدا بەشدارە. سیاسەتی فەرەنسا ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو بڕیارەی دەریکردووە کە بێلایەنی خۆی هەڵبژاردووە. راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا زۆر گرنگ بووە کە داوای دەسبەجێ راگرتنی شەڕ و دامەزراندنی دەوڵەت دەکات بۆ فەلەستین کە ئەمە مافی گەلی فەلەستینە بۆ ئەوەی ئەم شەڕە نەبێتە شەڕی نێوان دوو نەتەوە و دوو دەوڵەت. بەڵکو شەڕەکە لەنێوان ئیسرائیل و گرووپی تیرۆریستی حەماسدایە. رووداو: سەرۆکی فەرەنسا لە برۆکسل کە ئێمەش لەوێ بووین بۆ رووماڵی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا، ئاماژەی بەوەدا کە چەند گرنگە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە دژی حەماس پێکبهێندرێت و ئێوەش ئاماژەتان پێدا کە هاوشێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بێت. ئایا ئەم بابەتە لە فەرەنسا چۆن باسی لێوە دەکرێت؟ چونکە لە سیمای سەرۆک ماکرۆن دیاربوو زۆر زۆر نیگەران بووە لەم دۆخە و نیگەرانی مەترسی سەرهەڵدانی هێرشی تیرۆریستی لە فەرەنساشی باسکرد. دۆلەمەری: بێگومان فەرەنسا لە دۆخێکی زۆر ناخۆشدایە بەهۆی ئەو مەترسیانەی لە فەرەنسادا هەیە بەهۆی ئەوەی چەند ملیۆن پەنابەر لە فەرەنسا دەژین و پرۆسەی هاتنی پەنابەرانیش بۆ فەرەنسا بەردەوامە و فەرەنساش نازانێت ئەوانەی دێنە وڵاتەکە کێن، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی شەڕەکە لەمە زیاتر پەرەنەسێنێت بۆ ئەوەی نەبێتە قەیرانێکی دیکە ئەمە لە کاتێکدایە چەندین قەیرانی زۆر گەورەی دیکە هەن بەرۆکی جیهانیان گرتووە. لەلایەک رووسیا و ئۆکراینا لەلایەکی دیکە ئازەربایجان و ئەرمینیا هەیە و ئێستاش حەماس وەک بزووتنەوەیەک شەڕی لە دژی ئیسرائیل راگەیاندووە. ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی کە چەندین گرووپی تیرۆریستی دیکە هاوکاری حەماس بکەن بۆ ئەوەی هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل بەهێز بکەن بەو پێیەی چەندین وڵاتی جیهان وەکو ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە هاوپەیمانی دەوڵەتی ئیسرائیلن بۆ بەرگری لەخۆکردنیدا. بۆیە سەرۆک ماکرۆن ناخوازێت ئەم شەڕە پەرە بسەنێت کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە کە دەبێتە هۆی ئەوەی گرووپە تیرۆریستەکان سوود لەم دۆخە ببینن بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر وڵاتانی ئەوروپا بەگشتیی و فەرەنسا بەتایبەتی کە رۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ نەهێشتنی گرووپە تیرۆریستییەکاندا. بۆیە هەمیشە فەرەنسا ئامانجی تیرۆریستەکانە، بەمدواییانە چەندین هێرشیان پووچەڵ کردەوە کە گرووپەکان ویستیان هێرش بکەنە سەر فەرەنسا هەر لە کۆشکی ڤێرسای و مۆزەخانەی لۆڤەر و تەنانەت تاوەری ئیفێل کە چۆڵکرا دوای گەیشتنی پەیامی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی تێیدا. فەرەنساش نایەوێت ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی و وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپاش بخاتە مەترسییەوە. بەردەوامبوونی ئەم شەڕە رەنگدانەوەی خراپی بەسەر پاریس و وڵاتانی دیکەشدا دەبێت. رووداو: بەڵام لەناوخۆی فەرەنسا چۆن ئەم داواکارییەی سەرۆک ماکرۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا پێیانوایە ئەم داواکارییە گونجاوە؟ دۆلەمەری: بێگومان سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی فەرەنساش لەگەڵ سیاسەتی ماکرۆندان بۆ ئەم پشتگیرییە نێودەوڵەتییەی کە هەم بۆ وڵاتی ئیسرائیلی دەربڕیووە وەکو شەڕکردن لەگەڵ بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی هەروەها پاراستنی سەقامگیری فەرەنسا. خەڵکی فەرەنسا باش دەزانێت ئەگەر بێتوو سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت، ئەوسا کاریگەری راستەوخۆی بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی فەرەنساش دەبێت. رووداو: لە بواری ئابووریدا فەرەنسا دەتوانێت چ رۆڵێک بگێڕێت بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا؟ دۆلەمەری: وەک باسمکرد، فەرەنسا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە لە زۆربەی بوارەکاندا بەتایبەتی لە بواری سیاسییەوە. بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵگەیە بۆ پەیوەندییە بەهێزەکان، ئەمە دەیەمین جارە بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشی کۆشکی ئیلیزێ دەکرێت. هەر لە سەردەمی نیکۆلا سارکۆزی بگرە تاوەکو ئێستاش. هەروەها لە بوارەکانی دیکەشدا پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە لە بواری کولتووری و ئەکادیمی و ئابوورییشەوە. نزیکەی 30 کۆمپانیای فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئەم ژمارەیە زیاتریش دەبوو، بەڵام شەڕی داعش هۆکاربوو بۆ کشانەوەی بەشێکیان و ترسی بەشێکی دیکەیان لە نەهاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان. کۆمپانیاکان ناخوازن وەبەرهێنان لە شوێنێکدا بکەن کە شەڕ و ئاڵۆزی تێیدا بەدی دەکرێت، لەگەڵ ئەمەشدا کۆمپانیاکان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. بابەتی نەوت بابەتێکی ناوخۆیی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە بەڵام فەرەنسا دەیەوێت ئەم کێشەیە لە چوارچێوەی دەستوورەوە چارەسەر بکات و هەمیشە هەوڵی ئەوەیانداوە چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە چونکە زیان بەهەموو پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەگەیێنێت. وەک باسمکرد فەرەنسا دەیەوێت سەقامگیریی و ئاسایشی عێراق لە هەموو روویەکەوە بەدەست بهێنێت. لە رووی ئابووری و سیاسیی و ئەمنییەوە، بۆیە بەبێ سەقامگیری لەنێوان بەغدا و هەولێر ئەستەمە بتوانرێت ئاسایش و سەقامگیری ناوچە بپارێزیت و دەرەنجام ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی بەسەر فەرەنساوە دەبێت. رووداو: گرنگیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا چییە بەتایبەتی بۆ ئێستا؟ دۆلەمەری: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت بۆ هێورکردنەوەی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە بۆ ئەوەی پەرە نەسەنێت و بۆ ئەمەش چەندین جار لە رابردوودا رۆڵێ گرنگی گێڕاوە و رۆڵەکەی لە ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا دەبینین. ئێستا جیهان بە قەیرانێکی زۆر گەورەدا تێدەپەڕێت و بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا خۆی لەخۆیدا دەرخەری ئەوەیە کە بەڵێ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت رۆڵێکی مێژوویی ببینێت بۆ کەمکردنەوە و هێورکردنەوەی گرژی و قەیرانەکان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەمە زیاتر پەرەنەسەنێت. چونکە ئەمە زۆر گرنگە ئەمە، پەیامی سەرۆک ماکرۆنە دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت، شەڕەکە لەم ئاستەدا رابگرێت و لەمە زیاتر پەرەنەسەنێت و لە کۆتاییدا ئاگربەست لەنێوان هەردوو لایەندا رابگەیێندرێت و ناوچەکە تووشی قەیرانێکی خوێناوی نەبێت بەهۆی ئەوەی لە عێراق و سووریا چەندین گرووپی تیرۆیستی هەن و رەنگە بچنە ناو شەڕەکەوە. بۆیە رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگ دەبێت بۆ راگرتنی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/interview/02112023
سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، چاوەڕوانیی ئەوەی دروستکردووە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ئێران باشتر بن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمەی بە رووداو گوت. ئەمڕۆ (دووشەممە، 06-05-2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە تاران کۆدەبێتەوە. دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکە قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ تاران کرد و رایگەیاند، ''سیاسەتی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دراوسێکانی، فاکتەری سەقامگیرییە.'' دڵشاد شەهاب گوتی، ''کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئێمە دەوڵەتێکی گرنگە، سنوورێکی بەرفراوانمان لەگەڵ یەکدیدا هەیە، پەیوەندییەکی ئابووری و بازرگانیی بەهێزمان هەیە و پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی بەردەوام لە نێوانماندا دەبینرێت." گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی''شاراوە نییە لە ماوەی رابردوودا جۆرێک ساردی لەم پەیوەندییانە دروستبوو؛ دەمانەوێت لەم سەردانەدا دڵنیاییەک بدرێتەوە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولامان گەورەترن لەو ئاستەنگانەی کە دێنە [ئاراوە].'' دەقی پرسیار و وەڵامەکانی دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: رووداو: جانتاکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چی تێدایە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی باسیان بکات؟ دڵشاد شەهاب: جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە بڕوای وایە سیاسەتی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ دراوسێکانی فاکتەری سەقامگیری بووە و فاکتەری سەقامگیری دەبێت؛ پەیوەندییەکی مێژوویی گەورە لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە لە کاتی خەباتی دژی دیکتاتۆرییەت کە ئێران پەناگەی دەیان و سەدان هەزار ئاوارەی عێراقی بە شێوەی گشتی و کوردستانی بووە؛ هەروەها بنکە و پەناگەیەکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و هەرێمی کوردستانی بووە تاوەکو رووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە دەستپێکی ئازادیی هەرێمی کوردستاندا پەیوەندییەکی دۆستانە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یەکدی، پەیوەندییەک کە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی گشتی و بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تێدا پارێزراو بووە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەوە بۆ دۆستانی ئێمە دووپات بکاتەوە کە وەکو هەمیشە هەرێمی کوردستان ئەم پێگەیەی هەر پارێزراو دەبێت و فاکتەری سەقامگیری دەبێت و هیچ کات نەبووە و نابێتە فاکتەری هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی دراوسێیەکانی ئێمە بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتیش کۆماری ئیسلامیی ئێران. رووداو: ئەمە بە ئێران دەڵێن، بەڵام داواکاریتان لە ئێران چییە؟ دڵشاد شەهاب: هەموو پەیوەندییەکی باش لەسەر بنەمای رێزگرتنە لە یەکدی و هیچ پەیوەندییەکی باش، یەکلایەنە دروست نابێت. ئەمە دیدگەی هەرێمی کوردستانە و بۆ ئێمە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەوڵەتێکی گرنگە، سنوورێکی بەرفراوانمان لەگەڵ یەکدیدا هەیە، پەیوەندییەکی ئابووری و بازرگانیی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە؛ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی بەردەوام هەیە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران هێزێکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا و کاریگەریی لەسەر عێراق هەیە، لەسەر هەرێمی کوردستانی هەیە؛ لە هەموو کاتە ناخۆشەکاندا ئێمە وەکو دراوسێیەکی نزیک یەکەمین پەیوەندیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بووە. بێگومان دراوسێیەتی و پەیوەندی لەم ناوچەیەدا هەڵبەزین و دابەزینی تێدا دروست دەبێت؛ شاراوە نییە کە لە ماوەی رابردوودا جۆرێک لە ساردی لەم پەیوەندییانە دروستبوو؛ دەمانەوێت دڵنیاییەک بدرێتەوە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولامان گەورەترن لەو ئاستەنگانەی دێنە [ئاراوە]. رووداو: بەرژەوەندییە هاوبەشەکان چین؟ دڵشاد شەهاب: ئێمە، هەولێر و تاران سنوورێکی هاوبەشی گەورەمان هەیە. لە ناوچەیەکداین پڕە لە کێشە و ئاڵۆزی کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. هەموو هێزە عێراقییەکان کە ئێستا لە دەسەڵاتدان، پاشخانێکی پەیوەندیی بەهێز و تووندوتۆڵیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە. وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێکرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران پەناگە و پێگەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بووە و ئەو حوکمڕانییەی ئێستا لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە، دەتوانم بڵێم ویلادەتەکەی لە رۆژێک لە رۆژان ئامادەکارییەکانی لێرەوە کراون. رووداو: سەردانەکە کاریگەریی لەسەر باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت؟ دڵشاد شەهاب: بێگومان هەر ئەم چاوەڕوانییەش هەیە، کە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و لایەنە عێراقییەکانیش (باشتر بێت)؛ بێگومان سەردانەکە رەنگدانەوەی باشی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت. رووداو: لەم بابەتەدا هیچ چاوەڕوانییەکتان لە ئێران هەیە؟ دڵشاد شەهاب: خۆی بیناکردنی پەیوەندی ئەوە نییە ئێمە هاتبین و شتێک واژۆ بکەین و بگەڕێینەوە، بەڵکو گەڕاندنەوەی ئەم پەیوەندییانەیە بۆ رێچکەی سەرەکیی خۆیان، بەتایبەتی کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی گرنگیدان بووە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی، وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێش بەتایبەتی. لە ماوەی رابردوودا سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەڕێزیان (نێچیرڤان بارزانی) دەستپێکی بونیاتی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ وڵاتە دراوسێیەکاندا دەمێکە بناخەی بۆ داڕشتووە. ئەم پەیوەندییانەش لە پەیوەندییەکی دروستی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان، ئینجا پەیوەندییەکی راست و دروست لەنێوان هێزە عێراقییەکان بەشێوەیەکی گشتی و دواتر لەگەڵ دراوسێکانی ئێمە سەرچاوە دەگرێت. بەڵێ ئەمە خۆی لە خۆیدا تەواوکردنی یەکدی دروست دەکات کە لە بەرژەوەندیی هەموولایەکدایە و لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیشدایە و لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی کوردستانیشدایە. رووداو: لە ماوەی رابردوودا بینیمان سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشداری کرد. کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو چارەسەربوون دەچن؟ هیچ بەربەست و کێشە ماون؟ دڵشاد شەهاب: هیچ کۆتاییەک نییە بۆ ئەوەی بڵێین لە خاڵێکدا دەگەینە کۆتایی پەیوەندی لەگەڵ عێراق. ئێمە، لە دەوڵەتێکی فیدراڵی و سیستمێکی فیدراڵیدا دەژین. رووداو: کێشەکان هێندە قووڵن کە نەگەینە خاڵێک کۆتاییان نەیەت؟ دڵشاد شەهاب: نەخێر، نەخێر. مەبەستم ئەوە نییە کە کێشەکان کۆتاییان نایەت، هەمیشە پێویستمان بە بەردەوامیی ئەم پەیوەندییە هەیە و ئەم پەیوەندییە بەردەوام دەبێت؛ هاتووچۆمان دەبێت. مانای ئەوە نییە ئەگەر چووینە کۆبوونەوەیەک، بۆ نموونە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە تێیدا بڕیاردرا گرفتی مووچە چارەسەر بێت، ئیدی کۆتایی پەیوەندییەکان نەبووە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە بەردەوام چارەنووسێکی هاوبەشمان هەیە و بڕیارێکی سەرەکی هەیە بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێ. دەکرێ هەندێک رێکاری تەکنیکی مابن، دوای ئەوەش بڕیاری دادگەی فیدراڵی هەیە بۆ ئەوەی دەبێت پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بە بانکی بکرێت؛ هەروەها پێش ئەو کاتەش بڕیارێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە ئەم بابەتە بەڕێوەببات. رەنگە ئەوە پێویستی بە دانوستاندنی زیاتر و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەسەر پرۆسەکە هەبێت. خۆی ئەم پرۆسەیە لە هەرێمی کوردستان تازەیە و لە عێراقیش تازەیە. رووداو: بەجێکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت؟ دڵشاد شەهاب: بەجێکردن، لە راستیدا من نازانم هەر کەسێک چۆن پێناسەیەک بۆ بابەتی بەجێکردنی مووچە دەکات. ئەگەر پێناسەکەی مەبەست لەوەبێت کە بەبانکیکردن و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بێت، 'بەڵێ' بڕیاردراوە. لە عێراقیش بڕیاردراوە و لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە. رووداو: ئەمە پێناسە گشتییەکەیە. ئەی لەژێر رۆشنایی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی چی؟ دڵشاد شەهاب: لەژێر رۆشنایی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیش بەرەوپێشچوون هەیە. لەم رۆژانەی رابردوودا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندی تەکنیکی نێردراوە. هاوکات نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی کراوە بەوەی بەڵێ هەنگاوەکان دەنرێن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بکرێت. کێشەکان هی ئەوە نین کە ببنە هۆکاری ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گرفتی تێدا بکەوێت. رووداو: بابەتێکی دیکە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە. لەم چەند رۆژەی رابردوودا زۆر باسی ئەوە کراوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسوومێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن یان دیاریکردنی کاتێکی دیکە بۆ هەڵبژاردن دەردەکات. ئەوە راستە؟ دڵشاد شەهاب: ئەگەر پێویست بەوە بکات کە چارەسەر دەرچوونی مەرسووم بێت یان دیاریکردنی کات بێت، هەموو ئەو هەنگاوانەی کەوا سەرۆکایەتی و بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیاننێت دەتوانم بڵێم لە چارەکی یەکەمی 2022ـەوەوە بۆ ئەوە بوون هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت. هەروەها هەڵبژاردنێک کە جێگەی دڵنیایی بێت بۆ هەموو لایەنە بەشداربووەکان و مافی هەمووان تێیدا پارێزراو بێت. ئێستا کۆمەڵێک گرفت لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا هەن؛ ناڕەزایەتی هەیە و هەندێک کێشەی تەکنیکی هەن؛ پرس لەسەر بابەتی گەوهەری هەن کە بێبەشبوونی بەشێکی کاریگەری کۆمەڵگەی کوردستانییە کە پێکهاتەکانن. هەفتەی رابردووش، پێکهاتەکان یاداشتنامەیەکیان داوەتە سەرجەم دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش کە هەموویان لەسەری کۆکن و بە پلە یەک داواکاریی ئێمەشە وەک سەرۆکایەتی کەوا هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بە زامنکردنی کەشێکی گونجاو بە بەشداری هەمووان کە دەرفەتێکی یەکسانیش بۆ هەمووان بڕەخسێنێت، ئەنجام بدرێت. رووداو: ئەو دەرفەتە یەکسانە هەیە بۆ ئەوەی 10ـی 6 (هەڵبژاردن بکرێت)؟ دڵشاد شەهاب: دەرفەتی یەکسان لە مێژوودا نییە؛ دەرفەتی یەکسان لە رێکارەکان و ئەو هەنگاوانەیە کە کۆمیسیۆن دەیانگرێتەبەر؛ لەو یاسا و رێسایانەیە کە هەڵبژاردن بەهۆیانەوە بەڕێوەدەچێت. ئێمە لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان کاری بۆ دەکەین؛ لەگەڵ کۆمسیۆن کاری بۆ دەکەین؛ لەگەڵ لایەنە فیدراڵییەکانیش کاری بۆ دەکەین. هەموویان تێگەیشتنیکی دروستیان هەیە بۆ ئەم بابەتە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێ هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیەش هیچ گرنگییەکی پیرۆز لە مێژوودا نییە، ئەگەر مانگێک زووتر بوو یان مانگێک درەنگتر بوو. رووداو: ئەمە پەیامە بۆ یەکێتی؟ دڵشاد شەهاب: نەخێر، ئەمە پەیام نییە بۆ یەکێتی. رووداو: یەکێتی دەڵێت سوورین لەسەر ئەوەی رۆژی 10ـی 6 هەڵبژاردن بکرێت. دڵشاد شەهاب: هەموو لایەنەکان مافی خۆیانە. بەپێی یاسا تاوەکو ئێستا ئەم بڕیارە بووە و هەر لایەنێکیش ئازادە رەزامەندی خۆی دەردەبڕێ، لایەنێک بایکۆت دەکات، لایەنێک ناو پێشکێش ناکات، لایەنێک تێبینی پێشکێش دەکات. بەڵام ئەوە ئەرکی سەرۆکایەتیی هەرێمە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کە ئەو بۆشاییە زۆرەی لەنێوان بیروبۆچوونەکاندایە لەسەر ئەم پرسە لەیەکدی نزیک بکاتەوە. رووداو: لەنێوان هەموو لایەنەکاندا؟ دڵشاد شەهاب: هەموو کاتێک (بەو جۆرە بووە)؛ لە رابردوویشدا بەر لەوەی کاتی هەڵبژاردن دیاری کرابێت لەگەڵ لایەنەکان کۆبووینەوە. راستە لە میدیاکاندا زۆر ئەم بابەتە دەوروژێندرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێستا دۆخەکە جیاوازە. جاران کاتێک وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکرا، ناکۆکی لەسەر یاسای هەڵبژاردن هەبوو، لەگەڵ چەندین ناکۆکی دیکە. ئێستا ناکۆکی نەماوە؛ راستە رەنگە ئەمە بەدڵی هەمووان نەبووبێت، بەڵام ئێستا یاسایەک هەیە و هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ. ناکۆکی لەسەر کۆمیسیۆن هەبوو؛ ئێستا ناکۆکی لەسەر کۆمسیۆن نەماوە. رووداو: ئەگەر 10ـی 6 هەڵبژاردن نەکرێت، تەمەنی کۆمسیۆن ماوەی بەسەردەچێت... دڵشاد شەهاب: ئەگەر پێویستی کرد و وادەی دیکە دەستنیشانکرا، کێشەی کۆمیسیۆنیش چارەسەر دەکرێت.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/060520241
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای جەژن دانوستاندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێدەکەنەوە. دەشڵێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت ناردنی مووچە لە بەغداوە بەردەوام بێت پێویستە پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ بکات وەکو ئەوەی کە لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هاتووە. د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "حکومەتی عێراق و دادگەی فیدراڵی چاوەڕوانی ئەوەن هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ بکات تاوەکو جارێکی دیکە کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستنەبێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە جێبەجێکردنی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە". سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لەو هەڤپەیڤینەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە وردەکاریی رێککەوتنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەڵێت، دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ناکرێت چیدی مووچەی مووچەخۆران ببێتە هەواڵ، لەکاتێکدا شایستەیەکی یاسایی و دارایی و کارگێڕیی ئاسایی هەر مووچەخۆرێکە. سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران باس لە زۆر دۆسیەی گرنگ و هەنووکەیی دەکات وەکو پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، هاوتاکردنی مووچە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و کەمکردنەوەی باج و رسوومات و دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و دەستپێکردنەوەی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: رووداو: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی مووچە نابێت ببێتە هەواڵ، خەڵکیش بێزاربووە لەوەی مووچە چەند ساڵە دەبێتە هەواڵ و لە ساڵی 2014وە بەردەوام خەڵک هەر چەند مانگ جارێک گوێی لەوەیە دەڵێن هیوایەکی نوێ و رێککەوتنێکی نوێ هەیە، بەڵام هەر شکستی هێناوە، ئایا ئێستا مووچە لە قۆناخی دڵەڕاوکێ تێپەڕیوە؟ ئامانج رەحیم: راستی منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خۆزگە ئەم جۆرە دیدارانەی ئێمە لەبارەی مووچە نەبووایە، چونکە مووچە شایستەیەکی دارایی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر ئەو ئەرکەی جێبەجێی دەکەن، بەڵام لەدوای ساڵی 2014 پێموایە ئەوەی کە زۆر زیانمەندبووە لە قەیرانی دارایی مووچەخۆرانن، ئەمەی کە لە مانگی شوبات و مانگی ئاداریش روویدا ئەمە یەکەمجارە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا حکومەتی فیدراڵی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو لیستانە دەنێرێت کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی دەکرێت، ئەو پرسیارە لە مێشکی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندایە، کە ئایا ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە لەکاتی خۆیدا بەردەوام دەبێت یان نا، بێگومان ئەگەر ئێمە باس لە چوارچێوەی یاسایی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەوا چوارچێوەکە بریتییە لە یاسای بودجەی عێراق، کە 3 مادەی نێو یاساکە پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستان، مادەکانی 11 و 12 و 13، لە سەروبەندی گفتوگۆی رەشنووسی یاساکەش من نووسیم کە ئەم پرۆژەیە کۆمەڵێک کۆت و بەندی تێدایە وا دەکەن هەرێمی کوردستان پشکی خۆی وەرنەگرێت. لەنێو ئەم یاسایە کە ئێستا بەرکارە لە عێراق هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 670 ملیار دیناری بۆ دانراوە وەکو ژمارە، پێویستە مانگانە لانیکەم تریلیۆنێک و 400 ملیار دینار بێت بۆ هەرێمی کوردستان بەڵام ئەوەی وایکرد ئەو بڕانەی کە جێگیریشکراون لەنێو یاسای بودجە نەگەنە هەرێمی کوردستان، بوونی دەستەواژەی 'خەرجی راستەقینە'یە، هەروەها وابەستەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنی داهاتەکان و دانەوەی قەرزەکانی 'تی بی ئای'. لە کۆتایی ساڵی 2023 سەردانێکمان کرد بۆ لای بەرێز سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پێکهاتبووین لە وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و من، لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبووینەوە و بۆمان سەلماند کە ئەم یاسایە بەمشێوەیەی ئێستا و بەم دەستەواژانەوە نابێتە گرەنتی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا ئێمە 16 تریلیۆنمان وەرنەگرتبوو بەپێی خشتەکانی پێشوو بەڵکو 50٪یان ناردبوو، چونکە دەستەواژەی خەرجی راستەقینە هەموو شایستەکانی کردبووە نیوە. 10 تریلیۆن و 800 ملیار دینار دانراوە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان کە ئەمە بەشدەکات ئەگەر خەرج بکرێت، هەربۆیە هەردوولامان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە، لەسەر 3 خاڵی سەرەکی رێککەوتین بۆ هەموارەکە کە بریتی بوون لە یەکەمیان مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مووچەی تەواوی عێراق بخرێنە ناو بودجەی حاکیمە، دووەمیش ئەوەبوو کە خەرجی راستەقینە لەبارەی مووچە نەمێنێت، سێیەمیش لەسەر ئەوە رێککەوتین کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان شایستەیەکی دارایی و یاساییە و نابێت بکرێتە بارمتە لە ناکۆکیی و رێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتەکان، ئەمە کرۆکی رێککەوتنێکی حکومەتی بوو و لێکتێگەیشتنێکمان واژۆکرد و تەنانەت سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش هاتە نێو گفتوگۆکان، بەڵام دواتر بەهۆی رەوشی سیاسییەوە هەندێ گۆڕانکاریی روویدا و سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی نەما و بە جۆرێک لە جۆرەکان کارەکانی پەرلەمان پەکیکەوت و بابەتەکە بەمشێوەیە مایەوە، بۆیە لە مانگی یەکی ئەمساڵیش هەر لەسەر بنەمای خەرجی راستەقینە پارەی مووچە هات بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی 618 ملیار دینار بوو، بەڵام بۆ مانگەکانی دوو و سێ، 949 ملیار دینار هاتووە بۆ هەر مانگێک، ئەگەر هەردووکیان کۆبکەینەوە دەکاتە تریلیۆنێک و نزیکەی 900 ملیار دینار، واتا لەماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. رووداو: کەواتە دادگەی فیدراڵی هاوکێشەکەی گۆڕی؟ ئامانج رەحیم: بە دڵنیایی بەڵێ، راستە لێکتێگەیشتن هەبوو لەنێوان هەردوو حکومەت، بەڵام بەداخەوە رۆشنایی نەبینی، لە 21 شوباتی 2024 دادگەی فیدراڵی بڕیارێکی دا لەبارەی مووچە و بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بە ئاشکرا باسی لەوەکرد بەهیچ جۆرێک نابێت ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمە بووە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تاوەکو لەسەر ئەم بنەمایە لە مانگی شوباتەوە بڕیاربدرێت بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوور لە خەرجی راستەقینە. رووداو: کەواتە ئەوەی ئێوە لە هەمواری یاساکەدا دەتانویست، دادگەی فیدراڵی بۆی کردن؟ ئامانج رەحیم: بەڵێ بە دڵنیایی.. رووداو: بەڵام هێشتا دەستەواژەی خەرجی راستەقینە لە یاساکەدا ماوە.. ئامانج رەحیم: بەڵام بڕیارەکەی دادگەی فیدرالی کە دەرچووە وەکو ئەوە وایە هەمواری مادەی 11 بڕگەی دووەمی کردبێت، کە دەستەواژەی خەرجی راستەقینە نووسراوە، بۆیە ئەگەر لە مانگەکانی دوو و سێ، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەپێی یاسای بودجەی بەرکار کاری بکردایە دەبووایە دیسان 600 ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان. رووداو: کەواتە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق دەستی سەرۆکوەزیرانی واڵاکرد تاوەکو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات؟ ئامانج رەحیم: بەڵێ، خەرجکردنی مووچە لەلایەن سەرۆکوەزیران و دواتریش وەزیری دارایی عێراق بڕیارێکی کارگێڕییە، هەموو بڕیارێکی کارگێڕیی دەبێت چوارچێوەیەکی دەستووری و یاسایی هەبێت، ئەگەر بڕوانینە نووسراوەکانی وەزارەتی دارایش کە باس لە رەوانەکردنی پارەکە دەکات بۆ هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتاکەیدا ئاماژەی بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی داوە. رووداو: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، بۆ ئەم بودجەیە و بودجەی ساڵانی داهاتووشە؟ ئامانج رەحیم: بەڵێ وەکو باسمکرد ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی هەموارکردنەوەی ئەو مادە و بڕگانەی نێو یاسای بودجەی عێراقە کە بووبوونە ئاستەنگی، ئێستا هەمووارەکەش بووەتە پرۆژەیاسا و لە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانە لە بەغدا، دەتوانم بڵێم ئەم بڕیارەی دادگەی باڵای فیدراڵی دوورە لە هەموو ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی، کە لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە، چونکە من خۆیشم وەکو ئەندامێکی شاندی دانوستانکار بەلامەوە ئاسان نەبوو، کە ئەگەر هەموارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش تێبپەڕێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران کێشەی بۆ دروست نەکرێت، بەڵام بەراستی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی وای کرد زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنێت تاوەکو هەرچی زووە ئەم لێکتێگەیشتنە ببێتە بەشێک لە هەمواری یاساکە، بڕیارەکە ئەنجوومەنی نوێنەرانی پابەندکردووە، ئەو بڕگانەی نێو یاساکە بگۆڕن، ئێمەش لە دانوستاندنەکانماندا دەتوانین بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بکەینە بنەمای هەموارەکە، لەپێش هەمووشیانەوە وەکو باسمکرد دەستەواژەی خەرجی راستەقینە، هەروەها بەبارمتەنەگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەردوولا رێکبکەون لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت یان داهاتە نانەوتییەکان. رووداو: چ گرەنتییەک هەیە جارێکی دیکە کۆسپ دروستنەکرێتەوە بۆ مووچە؟ ئامانج رەحیم: بەراستی لە عێراق لەوانەیە گرەنتیدان زۆر ئاسان نەبێت، هەمیشە بڕیارەکان لەبەردەمی هەر گۆڕانکارییەکی سیاسیدان، بەڵام من وەکو کەسێکی تەکنیکی و ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکار دەتوانم بڵێم کۆمەڵێک گرەنتتی هەیە. گرەنتی ژمارەیەک بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییە، راستە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان تێبینی و سەرنج هەبێت لەبارەی بڕیارەکە و خودی دادگەی فیدراڵی، بەڵام بەلای عێراقەوە بڕیاری دادگەی فیدراڵی پابەندی بۆ هەموو دەسەڵاتەکان دروستدەکات، بۆیە ئەم بڕیارە یەکێکە لە گرەنتییەکان، دووەم گرەنتی کە گرنگە بابەتی نەختینەیە لەبەردەستی حکومەتی فیدراڵی، ئەگەر بڕوانینە یاسای بودجە نەوتی خەمڵێندراوی رۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە بە نرخی 70 دۆلار، بەڵام دوێنێ نرخی نەوتی برێنت گەیشتە 90 دۆلار، واتا بۆ هەر بەرمیلێک عێراق نزیکەی 20 دۆلار سوودی هەیە واتا ئێستا عێراق لەرووی داراییەوە لە دۆخێکی زۆر باشدایە و دەکرێت ئەمە ببێتە گرەنتی دووەم، گرەنتی سێیەم کە زۆر گرنگە و لە کۆبوونەوەکان بەدیمانکرد هەم لە وەزیری دارایی و هەم لە راوێژکارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەنانەت پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق تێگەیشتنێکی جیاواز هەیە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە دەبێت بەدووربگیرێت لە ناکۆکییە سیاسییەکان. خاڵێکی دیکەش بابەتی وردبینییکردنە، بۆ یەکەمجار لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە وردبینی کرا و تەنانەت مووچەی هێزە ئەمنییەکان کە کران بە کۆد، ئەویش لەلایەن چاودێری داراییەوە وردبینی کرا، بۆیە دەتوانم بڵێم هاوئاهەنگی نێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی بە جۆرێک لە جۆرەکان دڵنیاییەک دەداتە حکومەتی فیدراڵی لەوەی ئەم پارەیە بۆ مووچەخۆران خەرج دەکرێت. رووداو: عێراق بۆ ئەمساڵیش نزیکەی 80 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە لە بودجە، ئەمە گرفت دروست ناکات بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان؟ ئامانج رەحیم: وەزیری دارایی هەفتەی رابردوو بەشێوەیەکی فەرمی گوتی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی ساڵی 2024 گرەنتیکراوە و هیچ کێشەیەکی نییە. رووداو: سەردانی ئەمدواییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا چ گرێنتییەکی دروستکردووە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؟ ئامانج رەحیم: ئێستا هەموو لایەک گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە چارەسەری کێشەکانی ئێمە لە بەغدایە، دەرکەوت ئەگەر بەراستی پەیوەندییەکی هاوسەنگی دەستووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبێت ئەم کێشانە کێشەی زۆر قوورس نین و شیاوی چارەسەرکردنن لەپێش هەمووشیانەوە بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەم پەیوەندییەی ئێستا هەیە لەنێوان سەرۆکوەزیرانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەکو ئاماژەشت پێدا بەڕێز جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بەردەوام سەردانی بەغدای کردووە، هەروەها سەرکردە سیاسییەکانی دیکەش، بهێزکردن و برەوپێدانی ئەم پەیوەندییە دەتوانین بڵێین گرەنتی بەردەوامیدانە بە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی مووچە. خاڵێکی دیکە کە بەراستی گرەنتییە ئێستا حکومەتی فیدراڵی دەڵێت بۆ دوو مانگ من پابەندی خۆم جێبەجێکرد بەرامبەر هەرێمی کوردستان، گرنگە ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین. رووداو: دادگەی فیدراڵی کۆمەڵێک پابەندیشی داوە بە هەرێمی کوردستان، پابەندنەبوون پێیانەوە کێشە بۆ مووچە دروستدەکات؟ ئامانج رەحیم: مەرجی سەرەکی دادگەی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان بابەتی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بەبانکیکردن بابەتێکی گرنگە هەرێمی کوردستان نزیکەی 6 مانگێک دەبێت دەستیکردووە بە پرۆسەی بەبانکیکردن لەرێگەی چەند بانکێکەوە، بەڵام ئەم بانکانە هیچیان بانکی حکومی نین، بەڵکو بانکەکان بانکی بازرگانی ناحکومین و لەژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانکی ناوەندیی عێراقدان. لەدوا کۆبوونەوەشمان بەرێز پارێزگاری بانکی ناوەندی بەشداربوو و یەکێک لە تەوەرەکان قسەکردن بوو لەبارەی بە بانکیکردن، دادگەی باڵای فیدراڵیش دوای دەرچوونی بڕیارەکە روونکردنەوەیەکی فەرمی دا و گوتی بەوپێیەی بەبانکیکردن کاتی پێویستە رێگەی دا وەزارەتی دارایی بەپێی لیست مووچە خەرج بکات، تاوەکو هەردوو حکومەت پێکەوە رێکدەکەون لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش بۆ بەبانکیکردن، هەم بۆ حکومەتی عێراق و هەم بۆ دادگەی فیدراڵیش ئامانجەکە بەبانکیکردنە نەک میکانیزم و وردەکارییەکەی، بەڕێز هادی عامری لەم رۆژانەدا لە دیداری رافیدەین زۆر بە روونی گوتی بەلای حکومەت و بەلای دادگەشەوە ئامانجەکە ئەوەیە کە بەبانکیکردن بکرێت، واتا مووچە بگاتە دەستی مووچەخۆری شایستە، بۆیە ئێستا بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوئاهەنگییەک دروستبووە لەنێوان هەردوو حکومەت و بانکی ناوەندی راسپێردراوە، کە ئەم هاوئاهەنگییە دروستبکات، دوو هەفتە پێش ئێستا بانکی تی بی ئای بە فەرمی داواکاریی پێشکێشکرد کە بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانکیکردن لە چوارچێوەی هەژماری من. وشەی هەژماری من تەنیا براندە، دەنا کارەکە هەر بانکەکان دەیکەن، چونکە هەژماری من خۆی بانک نییە، ئێستا ژمارەیەک بانکن و ئەگەر تی بی ئای بێتە نێو پرۆسەکەوە دەتوانین بڵێین دەرچەیەک بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە ئارەزووی ئەوە دەکەن مووچەکانیان لە بانکێکی عێراقی وەربگرن ئەوکاتە بژارەی تی بی ئای بەردەستە بۆیان. رووداو: عێراق کێشەی لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من هەیە؟ ئامانج رەحیم: بە بانکیکردن بانک دەیکات و بانکی ناوەندیش دایکی بانکەکانە، پرۆژەی هەژماری من لەژێر چەتری بانکی ناوەندی کراوە، ئەو بانکانەی بەشداری پرۆژەکەن لەژێر چاودێری و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیدان، بۆیە ئەمە بۆ خۆی خاڵێکی بەهێزە، بەڵام لە بڕیاری دادگەی فیدراڵیدا بە فەرمی باسی بانکە حکومییەکان دەکات، بانکە حکومییەکانیش بانکی رەشید و رافیدەن و تی بی ئای دەگرێتەوە، بۆیە ئێستا هەوڵێک هەیە تاوەکو بابەتی بەبانکیکردن جارێکی دیکە نەبێتەوە ئاستەنگ و دڵخۆشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بابەتێکی تەکنیکیی تێکبچێت، بۆیە لێکتێگەیشتنێک هاتووەتەئاراوە و لیژنەیەکمان هەیە لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەم دۆسێیە و وا بڕیارە لەژێر رۆشنایی بانکی فیدراڵی میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی. رووداو: ئەمە لەبارەی مووچە، بەڵام شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان تەنیا مووچە نییە، بەغدا بودجە دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان؟ ئامانج رەحیم: بەپێی یاسای بودجە هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 700 ملیار دیناری هەیە، لەوبڕە 10 تریلیۆن و 800 ملیار دیناری بودجەیە 2 تریلیۆن بودجەی بەکارخستنە و 2 تریلیۆنیان هی پرۆژەکانی وەبەرهێنانە ئەگەر ئەم لێکتێگەیشتنەی ئێستا بەردەوام بێت بە دڵنیایی ئەگەر داواکارییەکانی حکومەتی ناوەندیی لەبەر رۆشنایی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکرێت بە دڵنیایی هەرێمی کوردستان شایستەی بودجەی بەکارخستنیشی دەبێت و شایستەی بودجەی پرۆژەکانیشی دەبێت، کە بە هەردووکیان 4 تریلیۆن دینارە بۆ یەک ساڵ. هاوکات خاڵێکی دیکەش کە وەکو پارێزەر وایە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە هەر لێبڕینێک هەبێت لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت لە بودجەی بەکارخستن و پرۆژەکان بێت، ئەمەش یەکێکە لەو گرەنتییانەی کە دەستکاری دانراوی بانکیی مووچە نەکرێت. خاڵێکی دیکەی گرنگیش پەیوەستە بە خانەنشینی، لە هەرێمی کوردستان خانەنشینی هەیە بڕەکەی 150 هەزار دینارە، بەڵام لە عێراق خانەنشینی لەسەروو 500 هەزار دینارە، بۆ ئەم خاڵەش ئێمە دەتوانین بڕیاری دادگەی فیدراڵی بکەینە ئارگیۆمێنتێک بۆ هاوتاکردنی مووچە و پلە کە ئەوەش خاڵێکی ئەرێنییە. رووداو: ناکۆکییەک هەیە لەبارەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، کە کام داهات ناوخۆییە و کام داهات فیدراڵییە لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەکان و نەوت، لەبارەی نەوت چ بەرەوپێشچوونێک هەیە؟ ئامانج رەحیم: ئەگەر بمانەوێت ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوام بێت دەبێت هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، تاوەکو نییەتپاکی خۆمان بۆ حکومەتی ناوەندی بخەینەڕوو. پێشنیازێکمان ئامادەکردووە و بەنیازین پێشکێشی حکومەتی ناوەندی بکەین کە لەم خاڵەدا هەموو پارێزگەکانی عێراق لەگەڵمانن و داوادەکەین بەشێک لە داهاتی نەوتی بگەڕێتەوە بۆ پارێزگەکان بەمەبەستی خزمەتگوزاریی، لە یاسای بودجەشدا رێگە دراوە، 50٪ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بۆ پارێزگەکان بگەڕێتەوە بۆیە ئەم خاڵە داواکاریی هەموو پارێزگەکانی عێراقە، کە بەشێک لە داهات بگەڕێتەوە و یاسایشە. رووداو: جیاوازییەک هەیە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی باج، ئایا باج کەمدەکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان؟ ئامانج رەحیم: تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە لەبارەی باج، باج لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندا نییە گۆڕانکاریی تێدا بکات، مادەیەکی دەستووری هەیە کە تێیدا ئاماژە بەوەدراوە گۆڕانکاریی لە باج یان سەپاندنی باجی نوێ هەمووی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە و دەبێت بە یاسا رێکبخرێت، واتا ئەنجوومەنی وەزیران و دەسەڵاتی جێبەجێکردن مافی ئەوەی نییە دەستکاریی یاساکانی باج بکات ئەو یاسای باجەش کە کاری پێدەکرێت لە عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش هەر یەک یاسایە، هیچ یاسایەکی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەرنەچووە لەوبارەیەوە، هەندێک گۆڕانکاریی کراوە هەرێمی کوردستان، بەڵام بنەماکەیان هەر یەک بنەمایە. رووداو: لە رسووماتدا جیاوازیی هەیە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، رسوومات لە هەرێمی کوردستان کەمدەکرێتەوە؟ ئامانج رەحیم: بەڵێ رسوومات جیاوازە، ئەگەر بمانەوێت ببینە تەواوکاریی لەگەڵ سیستمی دارایی عێراقی فیدراڵ دەبێت بابەتی رسوومات و باج و ئەو شتانە بە یەک سیستم لە سەرانسەری عێراق رێکبخرێت، لەو پێشنیازەی ئامادەمان کردووە بەشێکی لەسەر ئەوەیە کە ئێمە چۆن وابکەین باج و رسوومات لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بخەیەنە یەک چوارچێوەوە و یەک بڕ و یەک رێژە بن. رووداو: پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران 8 ساڵە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە، ئەگەر دەستپێبکاتەوە خەرجی زیاد دەکات، ئەوە گرفت بۆ مووچە دروستناکات؟ ئامانج رەحیم: پلەبەرزکردنەوە مافێکی یاسایی مووچەخۆرانە بەداخەوە چەند ساڵێکە لێی بێبەشن، ئێستا رێکارەکان دەستیانپێکردووە و هەندێک رێنمایی و گشتاندنی بۆ دەرکراوە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەزارەتی دارایی راسپاردووە کە ئامادەسازیی بکەن و نەخشەیەک ئامادە بکەن کە هەر مووچەخۆرێک لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە شایستەی چ پلەیەک دەبێت، بەڵام بابەتەکە لە وەزارەتێک بۆ وەزارەتێکی دیکە جیاوازە و لە فەرمانبەرێکەوە بۆ فەرمانبەرێکی دیکە جیاوازە هەربۆیە پرۆسەکە کاتی دەوێت. رووداو: دادگەی فیدراڵی و حکومەتی عێراق چەند روونکردنەوەیەکیان داوە لەبارەی نێوەڕۆکی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، چاوەڕوانی هیچ روونکردنەوەیەکی دیکەی دادگەی فیدراڵین؟ ئامانج رەحیم: دادگەی فیدراڵی لە سەرەتای مانگی ئادار روونکردنەوەیەکی دا کە بابەتی بەبانکیکردنی مووچە کاتێکی زۆری پێویستە، وەزارەتی دارایی عێراقی پابەندکرد تاوەکو تەواوکردنی بەبانکیکردن بە لیست مووچە خەرج بکات، ئەمەش دەکرێت وەکو جۆرێک لە گرەنتی سەیربکرێت. رووداو: چارەنووسی 3 مووچەی کۆتایی ساڵی 2023 چی دەبێت؟ ئامانج رەحیم: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئەم مووچانە روونکردنەوەیەکی داوە و دەڵێت ئێمە پابەندین بە یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵی، ئەمەش دەرفەتێک دەڕەخسێنێت کە ئێمە کار لەسەر ئەو مووچانە بکەین. رووداو: پرسیارێک لێرەدا دێتە پێشەوە، حکومەت هەندێکجار پێویستی بەوەیە ژمارەی فەرمانبەرەکانی زیادبکات، یان دامەزراندن بکاتەوە، ئەم دۆخەی ئیستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکاتە دەستبەستراوی بەغدا؟ ئامانج رەحیم: پرسیارێکی بەجێیە، ئەگەر سەیری بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بکەین، بەرپرسیارێتی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خراوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق. خشتەیەک هەیە پێیدەگوترێت خشتەی هێزی کار لە عێراق، ساڵانێکی زۆرە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو خشتەیەدا 681 هەزار و 22 فەرمانبەرن، گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە، چونکە هەرێمی کوردستان تاوەکو مانگی 1ی ساڵی 2014ش تریلیۆنێک و 250 ملیار دیناری لە بەغدا بۆ دەهات، چونکە ئەوکاتە خەرجی راستەقینە نەبوو، ئەمە وای کردبوو هەرێمی کوردستان بەلایەوە گرنگ نەبوو کە ژمارەی مووچەخۆرەکانی چەندن لە خشتەی هێزی کاری عێراق. ئێستا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن مووچەخۆرێک دابنێت پێویستی بە دوو بابەتە، خاڵی یەکەم پێیدەگوترێت پلەی وەزیفی، ئەمەیان بە یاسا دەستنیشان دەکرێت، بۆ نموونە دەڵێیت وەزارەتی تەندروستی – بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر بۆ ساڵی 2025 پێویستی بە 100 فەرمانبەری نوێیە، ئەم 100 فەرمانبەرە دەبێت بخرێنە خشتەی هێزی کارەوە و خشتەکە نوێ بکرێتەوە، لە بەرامبەر ئەوەشدا دەبێت پارەیان بۆ تەرخان بکرێت، تەرخانکراوی داراییش بە یاسای بودجە دەکرێت، کەواتە ئەگەر ئەم پەیوەندی و لێکتێگەیشتنەی ئێستا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت دەکرێ لە یاسای هەمواری یاسای بودجەدا دەستکاریی خشتەکانیش بکرێت، چونکە بۆ نموونە ئەگەر پلەبەرزکردنەوە بکەین ئەوکات ئێمە 949 ملیار دینار بەشمان ناکات، ئەگەر هاوتای مووچەی مووچەخۆران و کەسوکاری شەهیدان لەگەڵ بەغدا بکەین 949 ملیار دینار بەشمان ناکات، ئەگەر ئێمە پابەندییەکانی خۆمان وەکو لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هاتووە و لەپێش هەمووشیانەوە بابەتی بەبانکیکردن چارەسەر بکەین پێموایە بابەتەکانی دیکە چارەسەریان ئاسان دەبێت. چ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و چ ئێمە وەکو شاندی دانوستاندنکار و کابینەکەش پێمانوایە کە نابێت پاساو بدەینە دەست عێراق تاوەکو جارێکی دیکە دواکەوتنی مووچە دووبارە نەبێتەوە و پابەندییەکانمان جێبەجێ بکەین. رووداو: چارەنووسی یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندن چی دەبێت؟ ئامانج رەحیم: من شانازیی دەکەم کە هەمیشە بۆ ئەم پرسە لەسەر هێڵ بووم و ئەوانەشی پێشتر دامەزراون، رۆڵم هەبووە تێیدا، چونکە من خۆم یەکەمی کۆلێژەکەی خۆم بووم، بۆیە دڵنیایان دەکەمەوە لەگەڵ چاکبوونی بارودۆخی دارایی، ئەوان کاری لە پێشینەن، خاڵێکی بەهێز ئەوەیە لە بەغدا ئەم بابەتە بە یاسا رێکخراوە، یاسایەکی تایبەت هەیە بۆ دامەزراندنی دەرچووە یەکەمەکانی کۆلێژەکان لە زانکۆ حکومییەکان، ئەوکات ئەو یاسایەی حکومەتی فیدراڵی دەبێت لە هەرێمی کوردستانیش کاری پێبکرێت، بۆیە لەدوای جەژنەوە لەگەڵ بابەتی پلەبەرزکردنەوە و هاوتاکردنی مووچە ئەم بابەتەش دەخەینە بەرباس و هیوایان هەبێت. رووداو: چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست چی دەبێت، دەکرێنە هەمیشەیی؟ ئامانج رەحیم: لەگەڵ بەڕێزان سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی هەفتەی رابردوو لەگەڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست دانیشتین و ماوەی 45 خوولەک لەگەڵیان کۆبووینەوە رەزامەندی جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەیمان وەرگرتووە، کە دوای پشووەکانی جەژن جارێکی دیکە بابەتی دامەزراندنی مووچەخۆرانی گرێبەست ببەینەوە ئەنجوومەنی وەزیران. بۆ ئەمانیش خاڵی بەهێز ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەکردووین کە ئەو مووچەیەی ئێستا دەدرێت بە مووچەخۆری گرێبەست جیاوازییەکی زۆری نابێت ئەگەر بکرێنە هەمیشەیی، ئەوەی مایەی دڵخۆشیشە لیستی مووچەخۆرانی گرێبەستمان نارد بۆ بەغدا دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە چوارچێوەی لیستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەسندی کردووە و وەزارەتی داراییش پارەی بۆ تەرخانکردوون کە نزیکەی 28 هەزار کەسن. رووداو: وانەبێژەکان چارەنووسیان چی بەسەردێت؟ ئامانج رەحیم: ئەگەر ئێمە هەنگاوێک بچینە پێشەوە لەرووی جێگیرکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، دواتر دەبێت کار لەسەر وانەبێژان بکرێت لە قۆناخی یەکەمدا هیچ نەبێت بکرێنە گرێبەست، کە یەکێک لە داواکارییەکانی وانەبێژان ئێستا ئەوەیە، کە چارەسەری ئەو دۆخەیان بکرێت. رووداو: لە بابەتی نەوتدا یەک خاڵ مایەی ناکۆکیی بوو، ئەویش حەقدەستی کۆمپانیاکان بوو، هیچ رێککەوتنێک لەمبارەیەوە کراوە؟ ئامانج رەحیم: پێش هەموو شتێک هەرێمی کوردستان خاوەنی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت نییە تاوەکو کۆمپانیاکانی خۆی ناچار بکات بەو پارەیە رازی بن، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دەستنیشانکراوە، بۆیە ئەم کێشەیە هێندەی لەنێوان کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراقە لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنان و تێچووی گواستنەوەی نەوت، هێندە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا نییە، لە دوا هەنگاویش نوێنەری هەموو کۆمپانیاکانمان لەگەڵ خۆمان برد بۆ بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوت بە سەرپەرشتی لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووینەوە و هەر دۆکۆمێنتێکیان داواکرد پێشکێشیان کرد، بۆیە کێشەکە ئێستا لەنێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراقە هەرچەندە بەداخەوە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار زیانی بە گەنجینەی عێراق گەیاندووە. رووداو: وەکو تیمی یەکێتی و پارتی لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران ئێستا هاوئاهەنگیتان چۆنە؟ ئامانج رەحیم: من شاهیدی دەدەم وەکو شاندی دانوستاندنکار کەس هەست بەوە ناکات کە کێ یەکێتی و کێ پارتییە، هەموومان پێکەوە یەکدەنگ و یەکدەست کارمان کردووە و ئەوەی لە توانامان بووە کردوومانە. راستە ئێمە رۆڵمان هەبووە، بەڵام ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەتایبەت لە بواری مووچەدا کاری هەموو دڵسۆزانی دیکەشە بەتایبەت بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق، من لەگەڵ هەموو سەرۆکوەزیرانەکانی پێشتری عێراق کارمکردووە دەمێکە لەنێو دانوستاندنەکانم، بەڵام ئەوەی من هەستی پێدەکەم لە بەڕێز سوودانی بە نییەتێکی زۆر جیدییەوە دەیەوێت لەسەردەمی کابینەکەیدا چارەسەری ئەم کێشانە بکات. لە هەمانکاتدا بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەمیشە رێنوێنی ئێمەی کردووە کە هیچ بیانوویەک مەهێڵنەوە لە چوارچێوەی دەستوور و دوای جەژن دەستدەکەینەوە بە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانمان.
هەڤپەیڤین
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0804202434